وتووێژ لەگەڵ پۆل ڤیریلیو

و. ڕێبین هەردی

ڕ، ج: ڕەنگە هێشتا زوو بێت بۆ ئەوەی لەبارەی ڕووداوەکانی ١١ سپتمەبەرەوە ڕا دەربڕین. بەڵام هیچ گومانێک لەوەدا نیە کە لێرە بەداوەوە جەنگ و نەبوونی جەنگ یەک شت دەبێت. بە دەربڕینێکی تر ئێمە لەسەردەمی بان- جەنگدا (hyper-guerre) دەژین.
پ. و) ئەوە ڕاستە، گەیشتوینەتە کۆتای سەردەمی بیرۆکەی سەربازی و سەروکارمان لەگەڵ ڕەهەندێکی تری جەنگدایە. ئەمە وەک بۆمبی ئەتۆمی هیرۆشیمایە. تایبەتمەندی بۆمبی ئەتۆمی هیرۆشیما ئەوە زیانانە نەبوو کە درووستی کرد، بەڵکو ئەو گۆڕانە بوو کە لە ماهیەتی جەنگدا درووستی کرد. پاش هیرۆشیما دەبوو لەنێوان دوو جەمسەرەکە هاوسەنگی ترس و دەسەڵات هەبێت. ڕووداوی ١١ سپتەمبەر لەڕووی سەربازیەوە هەمان گرنگی بۆمبی ئەتۆمی هیرۆشیمای هەیە. کەوابوو لە ئاستی جیهانیدا دەگەڕێینەوە بۆ ئەوەی من ناومناوە (جەنگی پێشهاتەکان). ئێمە دوو جۆر جەنگمان هەیە: جەنگی جەوهەری کە کلاوزیتس تیورە داڕێژەرێتی، کە تیایدا جەنگ درێژەدانە بە سیاسەت، بەڵام جۆرێکی تری جەنگ ڕوداوگەلێکە کە کلاوزیتس زۆر رقی لێیان بوو. شەڕەکانی ناوخۆش شێوەی جەنگی پێشهاتی هەیە، بەو مانایەی پێکهاتەی سیاسی لەناو دەبات. جەنگە دینیەکانیش جەنگی پێشهاتن ، چونکە ئەم جەنگانەش پێکهاتەی سیاسی لەناو دەبەن. لێرەوە ڕووداوی ١١ سپتەمبەر دەرگای بۆ جەنگی پێشهات لە ئاستی جیهانیدا کردەوە. ١١ سپتمەبەر تیرۆریزمە لە ئاستێکی زۆر گەوەرەدا. ئەو تیرۆریزمە بەشێک نیە لەجۆری سپتەمبەری ڕەش یان گەمەکانی ئۆلۆمپیکی میونیخ. ئێستا سەروکارمان لەگەڵ تیرۆریزمێکی مەزندا هەیە کە مەسەلەی هاوسەنگی ئەتۆمی دەخاتە ژێر پرسیارەوە. ترسناکە! هەر لەبەرئەوە دەڵێم هێندەی بۆمبی ئەتۆمی هیرۆشیما گرنگە. لە جێگەیکەدا، لە ئەمەریکا و جیهاندا درزێک درووست بووە. درز و لەرزینی ئابووری سیبرنتیک بە داڕمانی Nasdag کە درزی ڤاڵ ستریتە. هەرەوەها شایەتی درزین لە ستراتیژی سیبرنتیکدا. واتە گۆڕانکاری لە کاروباری سەربازی- لە بەرگری نیشتیمانی National Missile Defense و سەرجەم تیورەی سەربازی -پیشەسازی، کە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی تیرۆریزم خەریکی پەرەپێدانی کەرەسەی نایاب بوو. هەموو ئەمانە بە جوڵەیەکی چاوەڕوان نەکراوی گەورە، بەیەک ڕووداو هەڵگەڕایەوە. لێرەوە ڕووبەڕووی فاکتی نوێ بوینەتەوە کە لە ئاستی جیهانیدا هاوسەنگی هێزەکانی تێکداوە. نەک تەنیا جیۆپۆلۆتیک، بەڵکو نەخشەی دروستکردنی چەکی سەربازی لە سەرەتای دروستبوونی تۆپخانە و ڕەشاشی، بێ پاساو کردووە. دەزانن کە دروستکردنی تۆپخانە پەیوەندیەکانی گۆڕی، قەڵاکان پەکیان کەوت و دەوڵەت نەتەوەکان درووست بوون. ئێستا بە ڕووخانی بورجەکانی نیوێۆرک بونیادی سیاسی جیهان کەوتۆتە ژێر پرسیار. بەڕاستی ڕووبەڕووی ڕووداوێکی مێژوویی گەوەرە بوینەوە، زۆر گرنگتر لە جەنگی کەنداو یان جەنگی یوگسلافیا یان تەنانەت جەنگ لەسەر ڤێتنام.

ڕ. ج: هێرۆشیمایان بە ساڵی سفری پەیوەندی مرۆڤ و تەکنیک زانیووە، ئایا ١١ سپتەمبەریش ساڵی سفری پەیوەندی مرۆڤە بە جیهانەوە؟
پ. ڤ: بەڵێ، ڕێک ساڵی سفرە، نەک لە گەڕانەوەی مرۆڤ بۆ جەنگاوەر (چونکە کامی کاز خۆ جەنگاوەر نیە، ئەو مرۆڤێکە کردەی خۆکوژی ئەنجام دەدات). جەنگاوەر ئەندامی فەرماندەیەتیەکە، ئەندامی گەمەیەک و بدە و بستانێکە، چونکە جەنگ بدەوبستانە. بەڵام ئەمجۆرە جەنگە هاوشێوەی دۆخی ئەتۆمیە، ڕەهەندی خۆکوژی تێدایە. هاوسەنگی ئەتۆمیش خۆکوژی بوو. کەوابوو دەگەین بە کردەی تیرۆریستی بە ڕەهەندی خۆکوژی. لێرەدا ئیدی مەسەلەی هاوسەنگی ئەتۆمیش بێ پاساو دەردەکەوێت. ئەوەمان لەبیر بێت کە هاوسەنگی بەهەرشێوەیەک بووە، ئاشتی دەستەبەر کرد. گەر کەسانی وەک خودی خۆم لە ڕیزی نەیارانی چەکە ئەتۆمیەکاندا بووین، دیسان دانمان بەوەدا دەنا کە گەر ئەروپا لەهێرشی دەبابەکانی سۆڤیەت لە ئەماندایە، دەرئەنجامی هاوسەنگی و ململانێی ئەتۆمی بوو. بەڵام گرفتاری تیرۆریزمی جیهانی گرفتاری کارەساتی لەو شێوەیەیە کە بە وردکردنی پەیکەرەکان بودا لە ئەفغانستان کۆتای نایەت. تەنانەت هاوسەنگی ئەتۆمیش ووردو خاش دەکات، و دوبارە ڕێگە بۆ کردەی تیرۆریستی ترسناک (ئەتۆمی، کیمیایی و بایەلۆجی) خۆشدەکات. بەڕاستی لەبەردەم ڕووداوێکی مێژوویداین کە سنورەکانی قابیلی ئەژمارکردن نیە. لەم ناوەداجێگەی سەرنجە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی، جەنگکردن لەگەڵ تاڵیبان و سەدام حسێندا لەچوارچێوەی سیاسەتی توڵەکردنەوەدا تاوتوێ دەکەن. لەکاتێکدا گەر وەڵامی خێرای توڵەکردنەوە کارەساتئامێز بێت، بەرەو ئاژاوەی سەربازی دەچین. بەو مانایەی لەهەر شوێنێکەوە میرەکانی جەنگ سەربەرز دەکەنەوە. ئەوکات دەکەوینە ناو داوی جۆرێک جەنگی ناوخۆی نێودەوڵەتی و لەم ئاستەشدا ڕەنگە کردەی تیرۆریستی نیوێۆرک وەک کردەی سارایەڕوو (Sarajevo)ی لێبێت کە بۆوە هۆی درووستبوونی جەنگی جیهانی یەکەم. هیچکەس خوازیاری جەنگی ١٩١٤ نەبوو، جەنگ هەمووانی گرتەوە. کردەی تیرۆریستی نیوێۆرک وەک ئەمەیە. گەر وەڵامدانەوەی خراپ بێت، ڕەنگە دنیا بەرەو جەنگ بەرێت. چیدی ناکرێت بڵێین جەنگی جیهانی، بەڵکو دەبێت بگوترێت جەنگی دنیایەکی بەجیهانی بوو، واتە جەنگی ناوخۆی جیهانی کە هەمو خەسڵەتەکانی جەنگی پێشهاتی هەیە. بە ووتەی ناڤیل (Naville) جەنگی هەمووان نیە لەگەڵ هەموواندا. ئاژاوەیە، ئاژاوەی سەربازیە. ئاژاوەی سەربازی لە ڕابردوودا هەبوو. جەنگی نێوان فیودالە گەورەکان، بەو جیاوازیەوە کە هەنوکە فیودالە گەورەکان، کارخانە فرەنەتەوەییەکانن. بن لادن کارخانەیەکی فرە نەتەوەییە. کەوابوو لەبەردەم جۆرێک جەنگداین کە لەشیکردنەوەی سیاسی کلافوزتیسدا بۆ جەنگ نایەتەوە. لەبەرئەوە دەمەوێت بڵێم بیری سەربازی پنتاگۆن درزی تێکەوتووە. ئەم ڕووداوە سەرجەم زانیاریەکانی چاودێری وردی مانگی دەستکرد، و ئاژانسی ئاسایشی نەتەوەیی پوچەڵ کردەوە. لەبەرئەوە ئابووری جەنگ _دۆخی دارایی کۆمەڵەی سیستەمی- پیشەسازی تێکومەکاندا. گەر دوو فڕۆکەی دزراو بتوانێت زیاتر لە ١٥ ساروخی کروز زیان بگەیەنێت، کەوابوو درووستکردنی ساروخی کرۆز چ سودێکی هەیە؟ دەبینین نەک تەنیا هاوڵاتیان، بەڵکو بیرۆکەی جەنگی سیاسیش لەژێر کاریگەری لۆژیکی تیرۆریستیدا دەتۆقێت. ئیدی تاکە شتێک کە ئەم هێرشە کەمی هەیە، زیادکردنی ڕەگەزی دینیە. گەر لەمەشدا سەرکەوتوو بێت، ئیدی هەلەکە لەدەست دەردەچێت. جەنگی ناوخۆی دینی خراپترین جۆری جەنگی پێشهاتە، خۆکۆژیەکی پەتیە، چونکە لە جەنگی ناوخۆی دینیدا دەشێت ژمارەی کوژراوەکان بچێتە سەروو ٢٠ ملێۆن کەس.

ڕ. چ: ئێوە لە نێوان ڕووداوی ١١ سپتەمبەر و جەنگی کەنداوی ١٩٩١ دا کە ناوتان نا (پەردەی سینەمای بیابان) چ جیاوازیەک دەبینن؟
وەڵام: هیچ لێکچونێک نیە. ١١ سپتەمبەر جەنگێکی جیهانی بچوکە، بەڵام جەنگی کەنداو جەنگێکی هەستپێکراوە کە یەکێک هێرش دەکات و ئەوی دی وەڵامی دەداتەوە. بەراورد ناکرێت بەوەی لە نیوێۆرکدا ڕوویدا. جەنگ دژی عێراق، جەنگێکی ناسراو بوو. لەگەڵ ١١ سپتەمبەردا پێمان خستە ناو دنیایەکی نەناسراوەوە.

ڕ. ج: بە گەردوونی بوونی مەتریسەکانی ژینگە و تەکنەلۆژیا و بەجیهانی بوونی پەیوەندیە ئابووریەکان، وێنەی جیهانێکی فراوانتر و کراوەتر دەکێشێت. بەڵام شارستانێتی ئێمە خەسلەتی ئۆرگانیزمی مەرگئاسا لەبەردەمان دەکاتەوە. بە وتەی کلۆد لیڤی شتراوس (جیهان بە مرۆڤ دەستی پێکرد، بەڵام بە بێ مرۆڤ کۆتای دێت).
پ. ڤ: لێرەدا بابەتێک هەیە. لە جیهاندا سێ ساتەوەختی چاوەڕوانی هەبوو. سێ چاوەڕوانی مێژووی سەرەتا چاوەروانی شۆڕش بوو کە لە ئینگلتەرا دەستی پێکرد، و گەیشت بە ئەمەریکا وپاشان بە فەڕەنسا گەیشت. پاشانیش گەیشت بە سۆڤیەت و فاشیزم کە گۆرانکاری گرنگی ئەنجامدا. هەروەها چەندان شۆڕشی گرنگ لە بواری زانستی و گۆرانی تۆڕەکانی بارهەڵگرتن و گواستنەوە ڕوویدا. لە ئەوروپا لەسەدەکانی نۆزدە و بیستدا لە چاوەڕوانی شۆڕشێکی گەورەدا بووین. هەنوکە چیدی چاوەڕێی شۆرش ناکەین، چونکە باوەڕمان پێی نیە. پاشان چاوەڕوانی جەنگ بووین، جەنگی یەکەمی دنیا بەرپا بوو. دوابە دوای ئەوە لە چاوەڕوانی جەنگێکی سەرتاسەری و گشتگیردا بووین، ئەوروپا و ئەمەریکا دژی فاشیزم چوونە جەنگەوە کە ئاشفیتزی بۆ لەناوبردنی مرۆڤەکان داهێنابوو، پاشانیش هیرۆشیما ڕوویدا. هیرۆشیما جەنگی کامڵ کرد. ئاشڤیتز و هیرۆشیما هەردوکیان جەنگ بوون دژی مرۆڤایەتی. پاش هیرۆشیماش جیهان لە چاوەروانی ڕووداوە گەورەکاندا بوو، و کارەساتی چورنۆبیڵ ڕوویدا. ماهیەتی ١١ سپتەمبەریش هەمان شتە. هەمان چێرنۆبیلە بەڵام لە ئاستی سیاسیدا. بیرۆکەی پاراستنی ژینگەش لەسەر بناغەی پێشهاتی ژینگە دامەزراوە.
ئێستا دەگەین بە سێهەم چاوەڕوانی کە پێشهاتی پێشهاتەکانە، دەکرێت ناوی بنێین پێشهاتی بێ هەڵوێست (distopique). پێشهاتێکی زنجیرەییە. ئەم پێشهاتە گەورەیە ڕەمزیەتی هاوسەنگی و ململانێی ئەتۆمی لەناو دەبات. بە بیرتان بێت لە جەنگی کۆسۆڤۆدا ئەمەریکەیەکان ئەو بۆمبایانەیان تاقی کردەوە کە کارەبا دەبڕێت و ناوەندە ئەتۆمیەکان دەتەقێنێتەوە. کەوابوو چیدی لە دنیای ئەمڕۆدا بەدوای ساروخە پێشکەتووە لێزەری و سوپەر لیزەریەکانەوە نین، بەڵکو هاوکات لەسەردەمی چەکخانەی پێشەکەوتووداین. بەدوای پێشهاتەوەین. بۆمبی ئەتۆمی نموونەیەکە، بۆمبی هیرۆشیما ٧٠ هەزار قوربانی بەجێهێشت. گەر دەبینین کە بورجە دوانییەکەی ناوەندی بازرگانی جیهانی تا یەک کاتژمێر نەڕووخا، شتێکی بێ وێنەیە. شتێکی ئاوارتەیە لەبارەی فلزەوە. چونکە فلز لە گەرمادا دەتوێتەوە، بەڵام کۆنکرێت ماوەیەکی زۆر خۆی ڕادەگرێت. گەر بورجەکان یەک کاتژمێر خۆیان نەگرتایە، ٤٠ هەزار کەس دەمردن، بە بێ ئەژمارکردنی ئەوانەی دەبن بە ژێرەوە. کەوابوو شانسیان هەبوو. کەوابوو دەبێت لەهەر بورجێکدا ٤٠ هەزار کۆژراو هەبێت، کە یەکسانە بە زیانەکانی هیرۆشیما. ڕووبەڕووی پێشهاتێکین کە کردنەوەی دەرگایەکە بەڕووی پێشهاتی تردا. ئەمە سێهەم چاوەڕوانی جیهانە. ئاشتیخوازان دەبێت ڕێگەیەکی دی بدۆزنەوە.

ڕ، ج: چۆن وتوێژی نێوان ئاشتیخوازان مومکین دەبێت؟
پ. و: پاپ چەندان گروپی لە دینە جیاوازەکان لە شاری ئاسیزی کۆکردەوە. بۆچی لە ئاسیزی. چونکە ئەوێ زادگای نەریتی فرانسیسی ئاسیزیە. قەشەیەک کە ئاشتیخواز بوو. پاپ ئەوێی هەڵبژارد. چونکە مەترسی جەنگ چیدی جەوهەری نیە. جەنگ چیدی بدە و بستان نیە. لە ڕابردوودا جەنگ لەبەرچەند هۆکارێک قەبوڵکراو بوو. یەکەم ناوچەیی بوو، وە بەرژەوەندی تێدا بوو (وەک داگیرکردنی زەوی و بەدەستهێنانی سەرمایە). ئەمڕۆ چیدی ئەم هۆکارانە بوونی نیە، و ئێمە لەبەردەم ئاژاوەیەکی وێنانەکراودا ڕاوەستاوین کە دەبێتە هۆی مردنی جیهان. پێشهاتی کامڵ، کارەساتی نالۆکاڵی زنجیرەیی بەرهەم دێنێت.

ڕ. ج: ئایا دەکرێت بە مەعنەویات هاوڵاتیان پەروەردە بکرێن؟
پ. ڤ: ناتوانم وا بڵێم. چونکە نامەوێت لە دەوری حواریە تازە مەزهەبیەکاندا دەرکەوم. هەموو شەوێک دوعا بۆ خەڵکی ئەفغانستان و عێراق دەکەم، نەک تەنیا بۆ ئەوان، بۆ هەموو دنیا، چونکە هەموو لەبەردەم مەترسیدان. جەنگی کلاڤزویتسی بدە و بستان بوو، بەڵام لەم سەدەی بیست و یەکدا بدەوبستان لە ئارادا نیە، هەمووان لەناو دەبات، و هەسارەی زەویش لەناو دەبات. ئاژاوەی سەربازی، ئاژاوەیە. هاوڵاتیان خوازیاری ئاژاوە نین. لە ئاژاوەدا هیچ بروایەک نیە، سەرکەوتوویەک نیە.

ڕ. ج: بڕوام وایە پەیامی کەسێکی وەک غاندی دەتوانێت لەم ڕۆژانەدا زۆر هەنوکەیی بێت؟
پ. ڤ: بەڵێ، هەروەها پەیامی مارتین لۆسەر کینگ.

ڕ، ج: واتە لێرە بەدواوە بەهیچ شێوەیەک هاوسەنگیەکی نوێ لەنێوان مرۆڤ، زانیاریەکانی و سروشتدا مومکین نیە. بە پێچەوانەی گوتارە ئارامبەخشەکانی سیاسەتمەدارانەوە، هەلومەرجی ژیانی ڕۆژانەی ئێمە بەبەراورد بە باوانمان بەتەواوی جیاواز دەبێت؟
پ. ڤ: بەڵێ. چونکە لەچاوەڕوانی شۆڕشی زانستیدا، وەهم جێگەی گرتەوە و شۆڕشی زانستی خەریکی درووستکردنی مرۆڤەکانە، واتە گەیشتن بە شێتی ڕەها. لێرەوە زانست بووە بە هەڕەشەیەک بۆسەر مرۆڤایەتی. لەم هەلومەرجەدا ئەوە بیرۆکەی زانستیە کە پشتی کردۆتە خۆی و بەو شوێنە گەیشتووە کە ناوم ناوە (شێتی پەرستی) (philofolie). دەزانین فەلسەفە چ مانایەکی هەیە: عەقڵ دۆستی. عەقڵیش ڕەنگە دیندار بێت(وەک ئەگۆستینی قەدیس) بەڵام (philofolie) (شێتیە) و هەروەها جۆرێک خۆکوژیە. ئەوەمان بەبیر بێتەوە کاتێک ئەمەریکیەکان لە جەنگدا دژی نازیەکان سەرکەوتن، ئەوە عەسکەریەکان نەبوو کە دەیانویست سوود لە بۆمبی ئەتۆمی وەربگرن، بەڵکو زانایان بوون کە سوور بوون لەسەر ئەوەی دەبێت بەکاربهێنرێت و ئەو ڕۆژەی لە ترینتی سایت لە بیابانی مەکسیک بۆمباکەیان تەقاندەوە، ئۆپنهایمەر و زاناکانی دی نەیاندەزانی سنووری تیشکەکانی ئەم بۆمبایە تا کوێیە. کەوابوو بەڕاستی مەسەلەی (شێتی پەرستی) لە ئارادایە. هەنووکە ئێمە هەم فەیلەسوفانمان هەیە و هەم ئارەزومەندانی شێتێتی. هەموو ئەمانە لەسەردەمێکی زۆر مەترسیداردا ڕوودەدەن.

ڕ. ج: کەوابوو ئێستا دوو بنەمای مرۆڤ و مرۆڤایەتی، لەبناغەوە لەژێر هەڕەشەدایە؟
پ. ڤ: بەڵێ، بەتەواوی و فەیلەسوفانیش دەرەقەتی نایەن. ماوەیەک کە سەرۆکایەتی ناوەندی نێونەتەوەیی فەلسەفەم لە ئەستۆ بوو، لەوە حەپەسا بووم هاوکارانم چەند بەرامبەر بە فاکتەکان بێهودەن. هەمووان باسی ئەنتۆلۆجیا و هادیگەر و فۆکۆیان دەکرد، و من بڕوام وابوو کە ڕووداوەکان بانگمان دەکەن و دەبێت بیر و خوێندنەوە لەبارەی ئەم شتانەوە بکرێت. فەلسەفە بە بەراورد بە (شێتی پەرستی) زانستی، زۆر دواکەوتووە.

ڕ. ج: ئێوە عەقڵانیەتی مرۆڤی ئەمڕۆ لەم قەیرانانەدا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
پ. ڤ: خاکیبوون هەقیقەتە. ئەمە وتەی ترزدولیزیو (Therese de Lisieux)یە. قەشەیەکی کارملیت کە پێگەی قەدیسێکی وەرگرت. هەستدەکەم جیهان خاکیبوونی لەدەستداوە و لێرەوەشەوە هەقیقەت. مرۆڤ هیچە و لەبەرئەوەی خۆی بە هیچ دەزانێت، مرۆڤە. گەر بڵێت من هەمووانم ئیتر هیچ نیە. ئەم قسەیە بیری ئەو قسەیەی مارکۆس ئۆرلێۆسی ئیمپراتۆری رۆمم دەخاتەوە کە لەهەمانکاتدا فەیلەسوفیش بوو. مارکۆس ئۆرلیوس گووتبووی (من ئیمپراتۆری ڕۆم، ئەم هەمووە بووم و هیچ بووم). دەمەوێت بڵێم مرۆڤی گەورە کەسێکە دەڵێت من هیچم و بەم قەدرناسیە، ئەو هەمووانە. واتە شایستەی خوداوەندە، چونکە لە هەمان لاوازیدا دەناسرێتەوە. وانەی گرنگ، خاکیبوونە. بێ خاکیبوون هوشیاری نیە و زانست خاکیبوونی لەدەستداوە. نیتچە فەیلەسوفێکە کە (شیتی پەرستی)زانستی بە جیهان ڕاگەیاند.

ڕ. ج: ڕەنگە خاکیبوون هەلی ئەوەمان بۆ بڕەخسێنێت کە لاوازی مرۆڤ ببینین؟
پ. ڤ: بەڵێ. هەورەها مەزنی ئەو. (من هەمووانم و هیچم)، جێگەی سەرنجە ئیپمراتۆر ئەمەی گووتووە. خۆزگە سیاسەتمەردارەکانی ئێستاش ئەم قسەیەیان دەکرد. هەرکاتێک مرۆڤ دەوری خودای بینیووە، کارەساتی بەرهەمهێناوە. غرور شێتێتی ڕەشە.

ڕ. ج: بەداخەوەش هەموو تینووەکانی دەسەڵات لەدنیای ئەمرۆدا غرورێکی زیاد لە خودایان هەیە؟
پ. ڤ: ئەوەی خۆی بناسێت، گەورەیە. گەورە وەک نەریتی فرانسیسی ئەسیزی، وەک گەورەیی قەدیسە موسڵمانەکانی ئێوە کە بە دڵنیایەوە لە ڕووی خاکیبوونەوە دەیانزانی هیچن و بەم زانینەش هەمووان و کامڵ بوون. خاکیبوون پەیوەندی بە مرۆڤەیاتەیەوە هەیە. گەر خاکی بین، دەرگای جیهان بەسەرماندا کراوەتەوە. دەزانی چسترتۆن شاعیر و نووسەری ئینگلیزی چی دەڵێت؟ دەڵێت: (شێت کەسێک نیە کە لۆژێکی لەدەستداوە، شێت کەسێکە هەموو شتێکی لەدەستداوە جگە لە لۆژیکەکەی). شێتەکانی زانست هەموو شتێکیان لەدەستداوە، جگە لە لۆژیکی ماتماتیک. ئەوان دەزانن چۆن گەمە بە هاوکێشەکان بکەن و بۆری تاقیگەکان تێکەڵ بکەن، و هەر لەم سنوورەشدا دەمێننەوە.

ڕ. ج: کەوابوو دەبێت لەناو ئەم قەیرانەی لە سنورەکانی هەقیقەتی زانستی وفەلسەفیدا هەیە، سەرلەنوێ پێناسی هەقیقەت بکرێتەوە؟
پ. ڤ: تایبەتمەندی خاکیبوون، پێناسکردنی هەقیقەتە. قەدر ناسیە. مناڵ
به باوک و دایکی دەڵێت: (من قەدری ئێوە دەزانم). لێرەوە بەشێوەیەک لە شێوەکان خاکیبوون، قەدرناسی مرۆڤایەتیە. لاوازی نیە. بەپێچەوانەوە لەم قۆناغەدا خاکیووبن لە هەموو شوێنێیک بە باشی نەناسراوە، لە سینەماشدا خراپ ناسێنراوە.

ڕ. ج: زۆر سوپاس بەرێز پۆل ڤیریلێۆ

پاریس. ئۆکتۆبەری ٢٠٠١

* سەرچاوە:
رامین جهانبگلو: جهانی بودن: پانزە گفتگو با اندیشمندان امروز جهان-رامین جهانبگلو- تهران. نشر مرکز، چاپ دوم١٣٨٢

وا ساڵانێکە لە کۆڵانەکەمەوە…

هۆنراوەی: بێڵڵا ئەخمەدولینا
و. لە ڕووسییەوە: شیروان مەحمود محەممەد

وا ساڵانێکە، لە کۆڵانەکەمەوە،
هەرترپەی هەنگاوە و دێتە گوێم –
هاوڕیکانمن ئۆغر دەکەن،
بە سەفەری شێنەیی خۆیان،
دڵی تاریکیی ئەودیو پەنجەرەکان خۆش دەکەن

هاوڕێیانم، دەستیان لە هەموو کارێک بەرداوە،
نە ئاوازێکی مۆسیقا دەبیسترێت لە ماڵەکانیانەوە
نە دەنگی گۆڕانییەک دێ لەو ناوە
تەنیا کیژەکانی ”دێگا”ن(١)
وەک جاری جاران ،
پەڕی شینباوی تەنورەکانیان ڕێک دەخەنەوە.

چارچییە، دە با وابێ،
خوا بکات ترس لەم نیوەشەوەدا،
ئێوەی بێ پشتوپەنای بە ئاگا نەهێنابێ
دەزانم، هاوڕێیانی خۆم،
خولیای پڕ ڕازی ناپاکیی،
تەم بە سەر سۆماتاندا دەبارێنێ.

ئای تەنیایی، چ تەبعێکی دژوارت هەیە
چەند خەمساردانە،
بە دەم سوڕی فەرگاڵی ئاسنینتەوە و،
بێ گوێدانە هیچ گفتێکی بێهودە،
تۆ ئەڵقەی بازنە یەک دێنیتەوە.

دەسا بانگمکە لای خۆت و خەڵاتمکە!
منی نازپێدراوی تۆ، منی لاوێندراوی تۆ،
سەبوورییم تەنیا بەوە دێتەوە، سەرم بنێم بە سنگتەوە و
بە زوقمی شینی تۆ خۆم بشۆم وپاکببمەوە.

بهێلە لە دارستانەکەتدا ،
لە سەری ئەوسەری ژێستێکی خاومدا،
لە سەر نووکی پێ بوەستم،
گەڵایەک بدۆزمەوە و،
لە ڕوخسارمی نزیککەمەوە و،
هەتیوکەوتن، وەک خۆشنودیی لێکدەمەوە.

بێدەنگیی کتێبخانەکانت و،
مۆتیڤی سەنگینی ئاهەنگەکانتم پێ ببەخشە و،
منی داناش، ئەوانەی مردوون، یان
ئەوانەی هێشتا لە ژیانیشدان،
لە بیر خۆمیان دەبەمەوە.

ئیتر ئەوسا لە دانایی و لە غەم دەگەم
شتگەل مانای پەنهانی خۆیانم لا دەدرکێنن و
سرووشتیش پاڵ دەدات بە شانمەوە و
نهێنییە مناڵانەکانی خۆیم بۆ بەیان دەکات .

جا ئەو کاتە،
لە ناو جەرگەی فرمێسک و تاریکییەوە،
لە ناخی نەفامیە زەبوونەکەی جارانەوە
ڕوخساری قەشەنگی هاوڕێیانم
پەیدا دەبنەوە و.. سەر لە نوێ دەتوێنەوە

(1) کیژەکانی دێگا: ئاماژەیە بۆ کۆمەڵێک تابلۆی هونەرمەندی فەرەنسی ئێدگار دێگا (Edgar Degas1834-1917) کە تەرخانن بۆ وێنا کردنی کێژانی سەمای بالێت و لە زۆربەیاندا تەنوورەکانیان ڕەنگێکی شینی ئاسمانیان هەیە

جابر عسفور؛ یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ ڕۆشنگه‌رەكانی عه‌رب‌ له‌م سه‌رده‌مه‌ماندا

هاشم ساڵح
له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌: هه‌ورامان وریا قانع

ده‌زانم وشه‌ی له‌ جۆری “ڕۆشنگه‌ریی، ڕۆشنگه‌ر، ڕۆشنگه‌رانی عه‌ره‌ب‌” وایلێهاتووه‌ زۆرێك بێزار ده‌كات. بگره‌ له‌ “ده‌ماغیان” ده‌دات، ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌ربڕینه‌ شیاوبێت. به‌ڵام با بۆ خۆیان باش بزانن، ئێمه‌ له‌مڕۆوه‌ تا په‌نجا ساڵی داهاتوو، هه‌رگیز ده‌ستبه‌رداری ئه‌م جۆره‌ وشانه‌ نابین. خۆ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ ده‌ستبه‌رداریان ببین، ئه‌وا ئه‌وان له‌به‌ر هۆكارێكی زۆر ساده‌، واز له‌ئێمه‌ ناهێنن كه‌ بریتییه‌ له‌وه‌ی ئه‌و وشانه‌: پێداویستییه‌كی گه‌وره‌ی مێژوویی دابین ده‌كه‌ن. لێره‌وه‌ ئه‌وان سه‌ربه‌خۆن و به‌ ته‌واوه‌تی ئێمه‌ تێده‌په‌ڕێنن. ئه‌وه‌ قۆناغه‌ مێژووییه‌كه‌یه‌ كه‌ سه‌پاندوویه‌تی به‌سه‌رماندا، نه‌ك ئه‌وه‌ی ئێمه‌ سه‌پاندبێتمان. ئه‌مه‌ حه‌زێكی كاتی ڕاگوزه‌ر نییه،‌ یان مۆده‌یه‌كی ڕوكه‌شانه‌ی باو نییه‌. ئه‌و سه‌ده‌یه‌ی كه‌ دێت، بمانه‌وێت و نه‌مانه‌وێت، سه‌ده‌ی ڕۆشنگه‌ریی عه‌ره‌به‌. یا ئه‌وه‌تا له‌ خه‌وی قووڵی دۆگمایمان و له‌ عه‌قڵیه‌تی چه‌قبه‌ستوومان خه‌به‌رمان ده‌بێته‌وه‌، یا ئه‌وه‌تا خۆمان له‌ نێو قه‌پێلكه‌ بچووكه‌كانی عه‌قیده‌كه‌ماندا داده‌خه‌ین و سێ به‌شی مرۆڤایه‌تی ته‌كفیر ده‌كه‌ین!
دوای ئه‌م هه‌مو ده‌ستپێكه‌ تووند و ته‌قێنه‌ره‌، ڕێگه‌م بده‌ن ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ بڵێم: ئه‌و پیاوه‌ی چه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌وبه‌ر ماڵئاوایی لێكردین، یه‌كێك بوو له‌ جه‌مسه‌ره‌ گه‌وره‌كانی ڕۆشنگه‌ریی عه‌ره‌بی، ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر جه‌مسه‌ری یه‌كه‌می نه‌بووبێت. ئیمه‌ هه‌ر هه‌مومان، به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان، قوتابی ئه‌و بووین. هه‌مومان له‌ پاڵتۆكه‌ی ئه‌و هاتووینه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌. فه‌زڵ و چاكه‌ی ئه‌و به‌سه‌ر ڕۆشنبیریی عه‌ره‌بییه‌وه‌، تا ئێستاش ئه‌و ڕۆشنبیرییه‌ نه‌یتوانیوه‌ له‌ ڕه‌هه‌نده‌كانی تێبگات.
جابر عسفور به‌ ته‌نها ڕه‌خنه‌گرێكی ئه‌ده‌بی گه‌وره‌ نه‌بوو، به‌ڵكو بیرمه‌ندێكی گه‌وره‌ش بوو، ڕۆچووبووه‌ نێو خه‌م و ئازاری سه‌رده‌مه‌كه‌ی و كێشه‌كانی. توانی له‌لایه‌كه‌وه‌ ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی و له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ڕه‌خنه‌ی فیكری و سیاسی، پێكه‌وه‌ كۆبكاته‌وه‌. من ئاگاداری وتاره‌كانی بووم كه‌ له‌ لاپه‌ڕه‌كانی گۆڤاری “العربی” كوێتی بڵاویده‌كرده‌وه‌. به‌و په‌ڕی سه‌بر و دانبه‌خۆداگرتن، چاوه‌ڕوانی ده‌رچوونی هه‌مو ژماره‌یه‌كی گۆڤاره‌كه‌م ده‌كرد، بۆ ئه‌وه‌ی ته‌نها فیكر و یادگارییه‌كانی بخوێنمه‌وه‌. بۆ ئه‌وه‌ی له‌ میانه‌ی وشه‌كانه‌وه‌ یان له‌ میانه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌كه‌وێته‌ پشتی وشه‌كانه‌وه‌، گوێم له‌ ده‌نگه‌ گه‌رموگوڕه برایانه‌كه‌ی بێت. ئاخر ئه‌و وه‌ك هه‌ر نووسه‌رێكی گه‌وره‌، ده‌نگێكی تایبه‌ت و تامێكی تایبه‌تی هه‌بوو.
ئاشكرایه‌ بابه‌تی ڕۆشنگه‌ریی، خه‌می یه‌كه‌می جابر عسفور بوو. ئێمه‌ پێش ئه‌وه‌ی گوێمان له‌ وشه‌ی ڕۆشنگه‌ریی بێت، ئه‌و هێڵه‌ پانه‌كانی ڕۆشنگه‌ریی ده‌كێشا و به‌درێژایی چه‌ندین كتێبی یه‌ك له‌ دوای یه‌ك، ته‌وه‌ره‌كانی ڕۆشنگه‌ریی گه‌ڵاڵه‌ ده‌كرد و باسی له‌ كێشه‌ و گرفته‌كانی ده‌كرد. لێره‌دا ته‌نها هه‌ر بۆ خۆشی ناوی چه‌ند كتێبێكی ده‌هێنین: “ڕۆشنگه‌ریی ڕوبه‌ڕووی تاریكی ده‌بێته‌وه‌”، “به‌رگری له‌ ڕۆشنگه‌ریی”، “په‌راوێز بۆ ده‌فته‌ری ڕۆشنگه‌ریی”، “ڕووناكی عه‌قل”، “ئاسۆكانی سه‌رده‌م”، “دژ به‌ ده‌مارگیری”، “ڕوبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر”، “ڕۆشنگه‌ریی و ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نی”، “ڕزگاركردنی عه‌قل”، “ڕه‌خنه‌ له‌ كه‌لتوری دواكه‌وتن”، “ده‌رباره‌ی كه‌لتوور و ئازادی”، “به‌رگریكردن له‌ عه‌قڵانییه‌ت”… هتد. له‌وه‌ زیاتر چیترتان ده‌وێت؟ ئایا هیچ به‌شداریكردنێك له‌ جه‌نگه‌ فیكریه‌ وجودییه‌كه‌ی عه‌ره‌ب، له‌م به‌شداریكردنه‌ گه‌وره‌تر هه‌یه‌؟
وه‌ك چۆن ڕۆژێك له‌ ڕۆژن له‌ فه‌ره‌نسا به‌ ڤۆڵتێر-یان ده‌وت: “به‌ ته‌نها هه‌ر خۆی نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌”، ئه‌وا جابر عسفور-یش به‌ ته‌نها هه‌ر خۆی نه‌ته‌وه‌یه‌ك بوو‌. جگه‌ له‌وه‌ جابر ڕۆڵێكی گه‌وره‌ی هه‌بوو له‌ گواستنه‌وه‌ی چه‌ندین كتێبی فه‌ره‌نسی و ئینگلیزی بۆ سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌ش بوو، له‌ قاهیره‌ “سه‌نته‌ری نه‌ته‌وه‌یی بۆ وه‌رگێڕان” دامه‌زراند. دواتر سه‌باره‌ت به‌و پرۆژه‌یه‌، كتێبێكی ته‌واوه‌تی به‌ ناونیشانی : “شه‌مه‌نده‌فه‌ری پێشكه‌وتن، وه‌رگێڕان و كۆمه‌ڵگای مه‌عریفه‌” بڵاوكرده‌وه‌. له‌م لایه‌نه‌وه‌، ده‌كرێت به‌ فه‌یله‌سوفی گه‌وره‌ی فه‌ره‌نسا دیدرۆ-ی بچوێنین. دیدرۆ له‌ میانه‌ی فه‌رهه‌نگه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌یه‌وه‌: “ئینسایكلۆپیدیا”، ڕۆشنگه‌ریی ئینگلیز و مه‌عریفه‌ زۆر زه‌به‌نده‌كه‌ی ئینگلیزی، گواسته‌وه‌ بۆ فه‌ره‌نسییه‌ نه‌زان و دواكه‌وتووه‌كان. دیدرۆ په‌رۆشی ئه‌وه‌ بوو فه‌ره‌نسییه‌كان ڕۆشنبكاته‌وه‌ و له‌ تاریكی ده‌مارگیری و نه‌زانین ده‌ریان بێنێت و بیانخاته‌ نێو ڕوناكی زانست و فه‌لسه‌فه‌. به‌ هه‌مان شێوه‌ جابر عسفور-یش په‌رۆشی ئه‌وه‌ بوو عه‌ره‌ب و موسڵمانه‌كان، نه‌ك ته‌نها میسرییه‌كان، ڕوناكبكاته‌وه‌. ئا له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌ بوو، دیدرۆ هه‌مو مه‌عاریفی سه‌رده‌مه‌كه‌ی، گواسته‌وه‌ بۆ سه‌ر زمانی فه‌ره‌نسی، به‌شی هه‌ره‌ زۆر ئه‌و مه‌عریفه‌یه‌ ئینگلیزی بوو، چونكه‌ ئینگلیز له‌ ڕووی ڕێنیسانس و ڕۆشنگه‌رییه‌وه،‌ ده‌ستپێشخه‌ر بوون و له‌ فه‌ره‌نسییه‌كان باڵاده‌ستتر بوون.
من به‌خت یاوه‌رم نه‌بوو، ته‌نها یه‌كجار ئه‌وم بینی، ئه‌و جاره‌ش له‌ په‌راوێزی یه‌كێك له‌ كۆنگره‌ گه‌وره‌كان بوو كه‌ “ناوه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی بۆ وه‌رگێڕان” به‌ ناونیشانی “وه‌رگێڕان و ئالانگارییه‌كانی سه‌رده‌م” سازیكردبوو. له‌م كۆنگره‌یه‌دا ده‌یان وه‌رگێڕ و ڕۆشنبیری عه‌ره‌ب، له‌ خۆرهه‌ڵاتی عه‌ره‌بییه‌وه‌ بۆ خۆرئاوی عه‌ره‌بی و پارچه‌كانی دیكه‌ی زه‌وی، بانگهێشتكرابوون، منیش له‌سه‌ر داوای ئه‌و بانگهێشتكرابووم، به‌نده‌ له‌و‌ كاته‌دا له‌ پاریسه‌وه‌ هاتبووم. من سه‌باره‌ت به‌و كۆنگره‌ گه‌وره‌ و بایه‌خدار و گرنگه‌، لێره‌، له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌كانی ڕۆژنامه‌ی الشرق الاوسط، له‌ به‌رواری 16 نیسانی ساڵی 2010، وتارێكم به‌م ناونیشانه‌ی خواره‌وه‌ نووسی: “وه‌رگێڕان و ڕۆشنگه‌ریی عه‌ره‌ب”. له‌ قاهیره‌ “ناوه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی بۆ وه‌رگێڕان”، به‌درێژایی چه‌ند ڕۆژێك، به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام وه‌ك پوره‌ی هه‌نگ ئیشی ده‌كرد، له‌ زۆربه‌ی جاره‌كاندا گفتوگۆكان و كۆمێنته‌كان، له‌ ئاستێكی زۆر به‌رزدا بوون. گفتوگۆ و مشتومڕه‌ سه‌ربه‌خۆكانی ده‌ره‌وه‌ی هۆڵه‌كانی كۆنگره‌، ته‌واوكردنی گفتوگۆ و مشتومڕه‌ گه‌رمه‌كانی ناوه‌وه‌ی هۆڵه‌كان بوو. ئێمه‌ له‌و ساته‌وه‌خته‌دا، چركه‌ساتێكی ڕۆشنبیریی چڕ و پڕ ده‌ژیاین، سه‌رده‌می زێڕینی عه‌ره‌ب له‌ ڕۆژگاری خه‌لیفه‌ مه‌ئمون و بیت الحكمه‌ له‌ به‌غداد-ی بیرده‌هێناینه‌وه‌. تا ئێستاش یادی ئه‌و كۆنگره‌یه‌ له‌ خه‌یاڵ و ده‌روونمدا ماوه‌ته‌وه‌.
هه‌مو ئه‌وه‌ مانای چییه‌؟ مانای ئه‌وه‌یه‌ جابر عسفور، ده‌یویست ڕێنیسانسێكی ڕاسته‌قینه‌ له‌سه‌ر خاكی عه‌ره‌ب بێنێته‌ئاراوه‌، ڕێنیسانسێك ده‌ستپێكه‌كه‌ی له‌ قاهیره‌وه‌ بێت. ئه‌و ده‌یزانی ڕێنیسانس پێش ئه‌وه‌ی له‌ كایه‌ی سیاسیدا ڕووبدات، یه‌كه‌مجار ده‌بێت له‌ كایه‌ی ڕۆشنبیریدا ڕووبدات. چونكه‌ فیكر ده‌كه‌وێته‌ پێش سیاسه‌ت و له‌و باڵاتره‌، نه‌ك به‌ پێچه‌وانه‌وه‌. هه‌روه‌ها ده‌یزانی ڕێنیسانس و بوژانه‌وه‌ گه‌وره‌كان، له‌سه‌ر شانی وه‌رگێڕانه‌ گه‌وره‌كانه‌. ئا له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌ بوو “ناوه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی بۆ وه‌رگێڕان” دامه‌زراند. هه‌مومان ئه‌و ڕاستییه‌ ده‌زانین كه‌ ڕێنیسانسی ئه‌وروپی، له‌سه‌ر وه‌رگێڕانی ده‌قه‌ عه‌ره‌بییه‌ گه‌وره‌كانی ئیبن سینا و ئیبن ڕوشد و ئیبن باجه‌ و فارابی… هتد هاته‌ئاراوه‌. ڕێنیسانسی یابانیش له‌ سه‌روبه‌ندی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م و له‌ ڕۆژگاری ده‌سه‌ڵاتی ئه‌لمیجی، له‌سه‌ر شانی وه‌رگێڕانه‌ گه‌وره‌كانی فیكری ئه‌وروپی ڕوویدا، ئه‌لمینجی به‌ مانای حوكمی ڕۆشنگه‌ر دێت.
دیسانه‌وه‌ گه‌ڕاینه‌وه‌ بۆ ڕۆشنگه‌ریی، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان له‌ ده‌روازه‌ی یابان و یابانییه‌كانه‌وه‌. ئه‌وان شه‌رم له‌ وشه‌ی “ڕۆشنگه‌ریی” ناكه‌ن و به‌ چاوێكی سووك لێی ناڕوانن و سوكایه‌تی و گاڵته‌ی پێناكه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ندێك له‌ ڕۆشنبیرانی عه‌ره‌ب یان به‌ناو ڕۆشنبیران ده‌یكه‌ن. هه‌روه‌ها ئه‌وان نكوڵی له‌وه‌ ناكه‌ن كه‌ له‌ خۆرئاوا وه‌ربگرن، له‌ پێناو ئه‌وه‌ی بگه‌ن به‌ خۆرئاوا، بگره‌ له‌ پێناو ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر بكرێت له‌وانیش تێپه‌ڕن. ئه‌گه‌ر تۆ له‌وان دواكه‌وتووتربیت، ئه‌وا شه‌رم و نه‌نگی نییه‌ لاسایی ئه‌وانی دیكه‌ بكه‌یته‌وه‌ و به‌رهه‌مه‌كانیان وه‌ربگێڕیت و سودیان لێوه‌ربگریت. ئه‌وه‌ی عه‌یب و نه‌نگییه‌، ئه‌وه‌یه‌ تۆ به‌داخراوی بمێنیته‌وه‌ و چه‌ق ببه‌ستی و ڕه‌ق هه‌ڵگه‌ڕێیت و به‌وپه‌ڕی لوتبه‌رزییه‌كی به‌تاڵه‌وه‌، نه‌ته‌وێت سود وه‌ربگریت.
جابر عسفور به‌رده‌وامی نه‌وه‌ی یه‌كه‌می ڕێنیسانسه‌ گه‌وره‌كه‌یه‌: نه‌وه‌ی ئه‌حمه‌د لوتفی ئه‌لسه‌ید، جۆرجی زێدان، محه‌مه‌د حه‌سه‌نێن هه‌یكه‌ل، عه‌باس مه‌حمود ئه‌لعقاد، سه‌لامه‌ موسی و چه‌ندین جه‌مسه‌ری دیكه‌ی ئه‌و نه‌وه‌ گه‌وره‌یه‌. خودی جابر عسفور خۆی ددان به‌وه‌داده‌نێت. ده‌كرێ ئه‌م ناوانه‌ی دیكه‌ی بۆ زیاد بكه‌ین: شبلی شمیل، یه‌عقوب صروف، فه‌ره‌ح ئه‌نتوان و ده‌یانی دیكه‌. وه‌لێ ڕێنیسانس پێویستی به‌ چه‌ندین نه‌وه‌ هه‌یه‌، پێویستی به‌ چه‌ندین شه‌پۆلی یه‌ك له‌ دوای یه‌ك هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت سه‌ركه‌وێت به‌سه‌ر هێزه‌ كۆنه‌پارێز و ته‌گه‌ره‌خوازه‌كان كه‌ به‌رده‌وام به‌ره‌وه‌ دواوه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌. لێره‌وه‌ مه‌سه‌له‌كه‌ سه‌خته‌‌، ئاڵۆزه‌، دوور و درێژه‌. مه‌سه‌له‌كه‌ گاڵته‌یه‌كی ساده‌ نییه‌. جه‌نگی ڕۆشنگه‌ریی له‌ جیهانی عه‌ره‌بیدا، جه‌نگێكی سه‌خت و بێئامان ده‌بێت؛ بگره‌ زۆر گه‌رم و بێئامان ده‌بێت و ئێمه‌ هێشتا له‌ سه‌ره‌تای سه‌ره‌تاكانیداین. ئێمه‌ تا ئێستاش شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئه‌ژدیهاكه‌دا ده‌كه‌ین. مه‌به‌ستم ئه‌ژدیهای فێنده‌مێنیتاڵیزمی تاریكبینی داعشه‌ كه‌ له‌ عه‌قڵی ده‌سته‌جه‌معیدا ڕه‌گیداكوتاوه‌، وه‌ك ڕه‌گداكوتانی شاخه‌كان.
لێره‌وه‌ ئه‌ركی ڕۆشنبیری عه‌ره‌بی، ئه‌وه‌یه‌ كۆمه‌ڵگاكانمان له‌م عه‌قڵیه‌ته‌ داخراوه‌ی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست ده‌ربێنێت كه‌ كۆن بووه‌ و باوی نه‌ماوه‌. به‌ڵام كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م عه‌قڵیه‌ته‌، هه‌رچه‌نده‌ عه‌قڵیه‌تێكی دواكه‌وتووی داخراوی خۆجوینه‌وه‌یه‌، كه‌چی تا ئێستاش هه‌ژمونی به‌سه‌ر شه‌قامی عه‌ره‌بیدا هه‌یه‌. هه‌مو ئه‌وه‌ش به‌هۆی نه‌زانین و نه‌خوێنده‌واری و هه‌ژاری له‌ڕاده‌به‌ده‌ره‌ كه‌ به‌شێكی فراوانی دانیشتوانی ‌گرتووه‌ته‌وه‌‌ و پێیه‌وه‌ ده‌ناڵێنن. هه‌روه‌ها به‌هۆی “ناپاكی ڕۆشنبیران”یشه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌به‌رده‌م ئاقاره‌ ئوسوڵییه‌ پۆپۆلیستییه‌كاندا چۆكیان داداوه‌.
جابر عسفور له‌ كتێبه‌كه‌یدا ده‌رباره‌ی”ڕۆشنگه‌ریی و ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نی”، په‌نجه‌ ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌سڵی كێشه‌كه‌ كه‌ حاڵی حازر كۆمه‌ڵگا عه‌ره‌بییه‌كانمان به‌ده‌ستییه‌وه‌ ده‌ناڵێنن. مه‌به‌ستمان كێشه‌ی ململانێی نێوان ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نی و ده‌وڵه‌تی دینی-یه‌. ئاشكرایه‌ ئه‌م كێشه‌یه‌ دوای ئه‌وه‌ی ئیخوان موسلمین له‌ میسر گه‌یشتن به‌ كورسی ده‌سه‌ڵات، توندتر بوو. بیرمه‌ندی كۆچكردوو، وایده‌بینی ئه‌م گروپه‌- ئیخوان موسلمین- هه‌ر كه‌ ده‌سه‌ڵاتیان گرته‌ده‌ست، ئیدی ڕوخساری ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان ده‌رخست، ڕوخساری ڕق لێبوونه‌وه‌ له‌وانی دیكه‌ و دوورخستنه‌وه‌یان. هه‌روه‌ها “كه‌ڵبه‌ی گازلێگرتنی دڕندانه‌”یان ده‌ركه‌وت كه‌ خه‌ریك بوو ده‌وڵه‌ت و نیشتیمان و هاوڵاتیان، هه‌لاهه‌لا بكات. ئاشكرایه‌ ئه‌مه‌ دروشمیان بوو: (یه‌كبگرن به‌ر له‌وه‌ی به‌هێزبن)، ئا له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌ بوو جابر عسفور، شتێكی ئاوا ده‌ڵێت: ئێمه‌ زۆر پێویستمان به‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی به‌ها غائیبه‌كانی ڕۆشنگه‌رییه‌ و له‌ ژیانماندا ده‌بێت پێداگریی بكه‌ین له‌سه‌ر بوونی ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نی. ئێمه‌ پێویستیمان به‌ ده‌وڵه‌تێكی لاهوتی ئاینی دواكه‌وتوو نییه‌ كه‌ چه‌ندین سه‌ده‌ بۆ داوه‌ بمانگه‌ڕێنێته‌وه‌ و فیتنه له‌ نێوانمان بڵاوبكاته‌وه‌ و نه‌سیجی پێكه‌وه‌یی یه‌ك كۆمه‌ڵگا، له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌. زۆر به‌ كورتی: ئێمه‌ پێویستمان به‌ ئیسلامی ڕۆشنگه‌ر هه‌یه‌، نه‌ك ئیسلامی تاریكی و زوڵمه‌ت. بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ین به‌وه‌، پێویسته‌ پرۆگرامه‌كانی خوێندن تازه‌بكه‌ینه‌وه‌ و له‌ ڕه‌گوڕیشه‌وه‌ بیگۆڕین.
دواتر جابر عسفور ڕخنه‌ له‌ فیكری ئیخوان ده‌گرێت و ده‌ڵێت: به‌پێی تێگه‌یشتنی ئه‌وان: “ئه‌گه‌ر ئیخوانی بیت، واته‌ تۆ ئیمانت به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌ موسڵمانه‌كانی دیكه‌ باڵاتریت، چونكه‌ تۆ سه‌ر به‌ (گروپی ڕزگاربوو/ الفرقه‌ الناجیة)یت و ئیسلامی پاك و بێگه‌ردی و ئه‌وانی دیكه‌ ته‌نها كۆمه‌ڵێ هه‌رچی و په‌رچین”. ئه‌مه‌ش ڕاسته‌وخۆ ته‌كفیر و توندوتیژی و دوورخستنه‌وه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه‌. ئا ئه‌مه‌ مشتێكه‌ له‌ خه‌رواری ئه‌م پیاوه‌ كه‌ هه‌مو خه‌می ڕێنیسانسی عه‌ره‌بی له‌سه‌ر شانی خۆی هه‌ڵگرتبوو، نه‌ك ته‌نها ڕێنیسانسی میسری. كه‌وته‌ سڵاو له‌ جابر عسفور؛ ئوستازی گه‌وره‌ و مامۆستایه‌كی ڕابه‌ر دكتۆر جابر عسفور.
سه‌رچاوه‌: الشرق الاوسط، یه‌ك شه‌ممه‌، 2 كانوونی دووه‌م، 2022

کوپێک چای

چیرۆک: یاڵمار سوێدەربێری
وەرگێڕان: خەبات عارف
(1897)

دەڵێن، ئینسان لە ئینگلستان، لەڕێی ئەوەوە کە عەرەق یا خواردنەوەی هاوچەشنی ئەو، بە بەر چاوی خەڵکەوە بخواتەوە، دەتوانێت بەشێکی زۆری نێوبانگی کۆمەڵایەتیی خۆی بخاتە مەترسیەوە. دەی، هەر وڵات و نەریتی خۆی هەیە. من دوێنێ ئێوارە تا ڕادەیەک، لەبەر ئەوەی دەمویست کوپێک چای لە کافێتریایەک بخۆمەوە، خەریک بوو تووشی بەزمێکی خراپ بم… گرنگیش نییە چ کافێتریایەک بوو.
مەسەلەکە ئەوەیە کە ئێستا من خەریکم لە کۆتایی ڕۆمانێک دەبمەوە کە لە دوو بەش پێکهاتووە و بە نیازم تێیدا پەردە لەسەر تەواوی فریودان لە ژیانی کۆمەڵایەتیی مۆدێرندا هەڵبدەمەوە. تەنیا دوایین بەشی ماوە و ڕێک دوێنێ بڕیام دا بینووسم. کەواتە سەعات هەشتی بەیانی لە خەو ڕابووم، تایەکی بەتینی نووسین دایگرتبووم و بە توێی کراسێک لای مێزی نووسینەکەمەوە دانیشتم و دەستم پێ کرد: ”بەدەم ڕێژنەی بارانەوە، زەردەپەڕی مانگی دە چڕتر بەسەر ئاسمانی شاردا خۆی بڵاو کردبووەوە…” لەوەیش زیاتر پێڕانەگەیشتبووم کە زەنگی تەلەفۆنەکەم لێی دا. یەکێک لە هاوڕێیەکانم بوو کە دەیویست پارەم لێ قەرز بکات – شتێکی ئەوتۆ نەبوو، دوو سەد کرۆن – بەڵام دەمودەست پێویستی پێی بوو. بێ گومان نەمتوانی بڵێم نا و کە لەو کاتەیشدا کەسێک نەبوو پێیدا بنێرم، دەبوو خۆم بڕۆم. کەواتە ڕۆیشتم – لەسەر ڕێی ماڵەوەیش، ڕێک لە بەردەمی دەروازەی ماڵەوەدا، بە هاوڕێیەکی ترم گەیشتم کە بە عەرەبانە دەگەڕا و ناسیاوانی خۆی بە سەر دەکردەوە بۆ ئەوەی لە دروستکردنی کۆمپانیایەکدا بەشداریی بکەن و لێی پرسیم ئەگەر حەز بکەم دەتوانم جێی بەڕێوەبەری دارایی تێیدا بگرم. نەمویست، هەروا لە خۆڕا بڵێم نا؛ چون لە دۆستایەتییەکەمان نەدەوەشایەوە، لەبەر ئەوە وەک دەستپێکێک قەبووڵم کرد پێکەوە بڕۆین بەرچاییەک بخۆین و زیاتر قسەی لێ بکەین. کەواتە سەرەتا بەرچاییمان خوارد و پاشان دەستمان کرد بە قسەکردن. سەعات بووبوو بە دووی پاشنیوەڕۆ و خەریک بوو لە بڕیاڕێکی کۆتایی نزیک دەکەوتینەوە کە کارەکەرەکەم، بە شێوەیەک کە سەرت لێی دەرنەدەکرد، ئەو جێیەی دۆزیبووەوە کە لێی بووم و بە پەلەپرووسکێ خۆی کرد بە ژووردا و پێی وتم کە خەسووم لە گیانەڵادایە، خەسوویشم لە کونگسهۆڵمن دەژی، کەواتە عەرەبانەیەکم گرت و بەرەو ئەوێ ڕۆیشتین. ڕاستیش بوو، خەسووم لە گیانەڵادا بوو، بەڵام تا نزیک سەعات شەشی ئێوارە نەمرد. کەواتە دوای ئەوە دەمتوانی بڕۆمەوە ماڵ و ڕۆمانەکەم تەواو بکەم… بەڵام تۆ مەزانە: لە مەیدانی یاکوب، وەک ئەوەی خووم پێوە گرتبوو، لە بەردەمی دوکانی سیلڤاندەش ڕاوەستام بۆ ئەوەی سەیری جۆرە دەستکێشێک بکەم کە تازەکی هاتبوو، کە ڕووی خۆیشم وەرگێڕا بۆ ئەوەی بەرەو ماڵەوە بەردەوام بم، ڕوو بە ڕوو تووشی هاوڕێی سێیەمم هاتم، پیاوێک کە بە دەست دامەزراندنی کۆمپانیاوە ماندوو بووبوو و حەزی لەوە بوو یاریی شەترنج بکات. کەواتە لێی پرسیم ئەگەر بمەوێت ویسکی لەگەڵ بخۆمەوە و شەترەنجی لەگەڵ بکەم. بێ ئەوەی بیری لێ بکەمەوە وتم: ”بۆ نا، لە خوایشم دەوێت.”، چونکە بە تەواوی ڕۆمانەکەمم لە بیر کردبوو و ڕێک لە چرکەی دوای ئەوەیشدا بە بیری خۆمدا هێنایەوە کە تازە وتومە بەڵێ و ناتوانم ڕا بگۆڕم – ئەوە لە من نەدەوەشایەوە. کەواتە پێکەوە چووین بۆ ماڵی ئەو و تا سەعات یانزدە ویسکیمان خواردەوە و شەترەنجمان کرد. ئەوجا شەوباشم لێ کرد و بەو بڕیارە بنجبڕەوە کە ڕۆمانەکەم تەواو بکەم ڕۆیشتمەوە بۆ ماڵەوە – چیرۆکەکەیش لێرەوە دەست پێ دەکات.
ئەمجا گوێ بگرە:
هەر نزیک دە دەقیقەی پێ دەچوو بۆ ماڵەوە. کە تا نیوەی ڕێیش ڕۆیشتبووم، هەستم کرد ماندووم و نەختێکیش خەواڵوو بووم، ئیتر دڵنەخواز بەسەر ئەوەدا کەوتمەوە کە ڕەنگە، بەو جۆرە کە بووم، ئەگەر بڕۆمەوە و لە لای مێزی نووسینەکەمەوە دابنیشم، نەتوانم بنووسم.
بە خۆمم وت: ”لە دەستەڕاستەوە کافێتریایەکی خۆشی لێیە. ئەگەر بڕۆم بۆ ئەوێ و کوپێکی گەورەی پڕ چایی خەست بخۆمەوە، ئەوجا بڕۆمەوە و بنووسم، ئەوە دوایین بەشی ڕۆمانەکەم بێ هاوتا دەبێت.”
کەواتە چوومە ژوورەوە.
لە کافێتریاکە؛ وەک هەر کاتێکی دیکە، گەلی سوێدییان دانیشتبوون و پونش-یان دەخواردەوە.
تەنیا یەک مێزی بچووکیش بەتاڵ بوو، ئەویش لە نێوەڕاستی ساڵۆنەکەدا و لەوێ دانیشتم.
بەو خانمانەم گوت کە لەوێ کاریان دەکرد: ”کوپێک چای زەحمەت نەبێت.”
سەرلەبەری ساڵۆنەکە بێدەنگی دایگرت. لە دەوروبەرم گەلی سوێدییان بە خۆیان و ورگە زل و ڕوومەتە سوورەکانیانەوە دانیشتبوون و پونشیان دەخواردەوە، تاوناتاوێکیش پەرداخەکان لە یەک دەدران و دەوترا: ”بە یەک قووم!”
بەڵام کە من داوای کوپێک چایم کرد، بێدەنگی سەرلەبەری ژوورەکەی داگرت.
ئەو خانمەی کە هاتبوو بە دەنگمەوە لێی پرسیم: ”کوپێک چای؟”
وەڵامم دایەوە: ”بەڵێ، کوپێک چای!”
– هەر چای؟ ئەی کەرە و نان؟ ئەی عەرەق و بیرە؟ ئەی پونش؟
ڕووخۆش وەڵامم دایەوە: ”نا سوپاس. تەنیا کوپێک چای.”
خانم وەڵامی دایەوە: ”هەر ئێستا.”
لە هەموو لایەکەوە زەق زەق سەیریان دەکردم. دەقیقەیەکی برد و کەس بە قوومێک نەیخواردەوە. لە دەوروبەرم باسیان دەکردم و کەمێک لەوەیشم بەر گوێ کەوت کە دەوترا.
یەکێک وتی: ”لێی مەگرن غەریبەیەکی شێتە.”
یەکێکی تر: ”یەع لەم هەموو ڕیاکاری و گاڵتەکردنەی ئەم ڕۆژگارە.”
سێیەم: ”سەرخۆشە و دەیەوێت هۆشێکی بێتەوە بەر خۆی.”
چوارەمیش وتی: ”کە سەرخۆش بیت، هۆش چۆن دێتەوە بەر خۆی!”
خانم چاییەکەی بۆ هێنام. یەکسەر پارەکەیم دا و کرۆنێکیش بەخشیشم پێ دا تا پێی وا نەبێت لەبەر ئەوە چای دەخۆمەوە کە پارەی خواردنەوەی پونشم نییە.
بەڵام هەرگیز هەلم بۆ هەڵنەکەوت لەو چاییە بخۆمەوە. تەواو بێدەنگ و ئارام دانیشتبووم و تێکم دەدا و هەوڵم دەدا لە هەموو ڕەفتارمدا بۆ هاوسێیەکانمی ڕوون بکەمەوە کە هیچ خراپەیەکی ئەوانم ناوێت – هەر ئەوسا کۆنە هاوڕێیەکی ئوپسالام، کە پانزدە ساڵان بوو نەمبینیبوو، یەکسەر لە بەردەممدا قووت بووەوە و چاوی لە خۆم و کۆپە چاییەکەم زەق کردبووەوە.
تووڕە وتی: ”هەر بەڕاست ئەوە تۆیت؟ دەیشتەوێت ئەو چڵکاوە بخۆیتەوە؟”
بە شەرمەوە وتم: ”بەڵێ.”
– ئەها، کەواتە عاقیبەت بێرەی گەیاندوویت. خراپ لێت قەوماوە!
پێم وا بوو کە گاڵتەم لەگەڵ دەکات و هەوڵم دا بە هەمان ئاوازە وەڵامی بدەمەوە.
کۆنەهاوڕێیەکەم وەڵامی دایەوە: ”پێم وا بێت هەوڵ دەدەیت خۆت هەزەلی بکەیت.”
هەر ئەوسایش هەستم پێ کرد کە مڕ سەرخۆش بوو.
ڕاستەوخۆیش دوای ئەوە دڵی خۆی بۆ کردمەوە کە هەر لە یەکەمین چرکەی یەکتر ناسینمانەوە چارەی منی نەویستووە. هەر زوویش هەستی پێ کردبوو کە من فریودەرێک یا ئەگەر بیشمەوێت، دەتوانێت ئاشکراتر بڵێت: خوێڕییەک بووم لەو گۆڕەی. هەمیشەیش تاسەی هەلێکی گونجاوی کردووە بۆ ئەوەی ئەوەم پێ بڵێت و ئێستایش ئیتر قسەی خۆی کردبوو!
کۆنەهاوڕێیەکەم تا دەهات دەنگی بەرز و بەرزتر دەکردەوە، کۆتاییش بە جۆرێک قیژاندی کە هەموو ئەوانەی لە ساڵۆنەکە بوون گوێیان لێی بوو. هەموویشیان بە خۆشییەوە گوێیان گرتبوو، ئەوجا سەرکاری ئەوانەی لەوێ کاریان دەکرد لە دەرگەکەوە دەرکەوت. پیاوێکی کەتەی چڕوچاو سوور و هەڵامساو بوو و وتی: ”چییە ئەوە؟” دەنگیشی تا ڕادەیەک هەڕەشەی پێوە دیار بوو و چاویشی بەوانەدا گێڕا کە لەوێ بوون.
ئەوجا هەموو ئاماژەیان بۆ من کرد و بە یەک دەنگ وتیان:
– لەو بێشەرمە بپرسە کە لەوێ دانیشتووە!
دەمودەست دوای ئەوە، خۆم لەسەر جادەکە بینییەوە و ئەوەندەیش کە پێوەندی بە ڕۆمانەکەمەوە هەیە، بە نیازم هەر ئەمڕۆ تەواوی بکەم.
* پونش، Punsch، خواردنەوەیەکە کە 25٪ی ئەلکهول و 30٪ی ئاوە. خوارنەوەی پونش، بە گشتی، لە سوێد و فینلاند لە هەموو شوێن باوترە.
سەرچاوە: یاڵمار سوێدەربێری، چیرۆکیلەکان، 1898
Hjalmar Söderberg, Historietter, Albert Bonniers Förlag. Fösta utgåva 1898

وتووێژ لەگەڵ ئاشیش ناندی

وتووێژ لەگەڵ ئاشیش ناندی
سەرۆکی دەزگای لێکۆڵینەوەی وڵاتە ڕوو لە گەشەکان
و. ڕێبین هەردی

ڕ. ج: ڕێگەم بدەن لە هندستان و مەسەلەی کۆلۆنیالیکردن و بەرهەمەکانی ئەم دواییانە لەبارەیی کۆلۆنیالیزمەوە، لەوانەش نووسینەکانی هۆمی باباوە دەست پێبکەم. من هەوڵمدا سەرنج لەو بەرهەمانە بدەم ناویان ناوە مەیلی لاسایکردنەوەی گووتارەکانی کۆلۆنیالیزم. وەک دەزانن لە زاراوەکانی هۆمی بابادا کۆلۆنیالکراو بەهۆی لاسایکردنەوەیەکی ئاڵۆزەوە كاردانەوە بەرامبەر دەسەڵاتی کۆلۆنیالی پێشان دەدەن. لاسایکردنەوەیەک کە هەرگیز ناتوانێت جیاوازی نێوان نوسخەی ڕەسەن و نوسخە کۆلۆنیالیزمی رۆژئاوایی داماڵێت. ئێوە چۆن ڕاستیە تێکەڵەکانی جیهانی سێهەم دەبەستنەوە بە واقعیەتی لاسایگەریەوە؟
ئا. ش: من زۆر باوەڕم بەم مەسەلەیە هەیە کە باستان کرد. هەستناکەم ئەمە لاسایکردنەوەیەکی ڕووت بێت. لەڕاستیدا لاسایکردنەوە جۆرێک بەرگری و ڕێگەیەکە بۆ مانەوە. دەبێت بڵێم لە لاسایکردنەوە مەترسن. سەیر بکەن کەسەکە چی دەکات. کەسەکە لەڕێگەی لاسایکردنەوەوە، بەیعەتێک ئەنجام دەدات و هیوادارە بژاردەکانی کۆلۆنیالکەر سنووردار بکات یان کەمیان بکاتەوە. بەجۆرێک کاتێک من لاسای ئێوە یان دەبمە بابەتێک بۆ لاسایکردنەوەی ئێوە، دەتوانم ئەو هەستە ئاشکرا بکەم کە وەفادارم و بەتەواوی گوێڕایەڵی دیدی ئێوەم بۆ بەها کلتوورەیەکان. تا ئەو شوێنەی ئێوە زیاتر دەسەڵات لەگەڵ ئێمەدا بەش بکەن، منیش زیاتر دەتوانم بەشێوەیەکی ڕوو لە زیاد کار لە ڕەفتاری ئێوە لەڕێگەی لاسایکردنەوەوە بکەم. لاسایکردنەوە شێوەیەکی بەرگیرکردنیشە لە خود. هەندێکجار ئازاربەخش و هەندێکجار کۆمیدیە. بەڵام بەهەرحاڵ ئەمانە وردەکاریە دیاریکراوەکانی شتەکانن. سەرەتا دەبێت بڵێم لاسایکردنەوە دیاردەیەکی ئەخلاقی نیە ، بەڵکو خۆی دیارەیەکی فرە ڕەنگە. دووهەم بەستراوە بەوەوەی ئێوە لاسای چی دەکەنەوە، شێوەی کلتووری جیاواز هەیە. هەندێک لە شێوەکان کە پێدەچێت لاسایکردنەوە بن، بەڵام بە کردەوە بژاردەی زۆرتر دەخەنە بەردەست. چونکە ئەم بەرهەمە کلتووریانە، یەک ڕەهەند و بێ مەنفەز نین. بەتایبەتی کە ڕووکەش و سنورەکەی سەرنجڕاکێشە. بۆ نموونە ڕەنگە ڕۆمان لە ئەروپای سەدەی پانزەهەمەوە وەک شێوەیەکی هونەری و شێوەیەکی لاسایکردنەوە هاتبێتە ناو زۆرێک لە زمانەکانی ئاسیای باشوور، ئەمەریکای لاتین، ژاپۆن و چین- کە هیچ پێشینەیەکیان بۆ ئەم کلتورە نەبووە-. بەڵام چۆنایەتی ئەم هەناردە کلتووریە، بەتایبەتی بەجۆرێک بوو کەکاتێک پێی خستە ناو هندستانەوە، وەک پێویست باڵادەست نەبووین بەسەریدا، و هێواش هێواس کلتووری ئێمە ئەم هاوردەیەی دەروونی کردووە و بۆ مەبەستەکانی خۆی گونجاندووێتی، نەک تەنیا لە هند بەڵکو لە ئەفەریقا، ئەمەریکای لاتین و بەشەکانی تری ئاسیادا ئەم ڕووداوە ڕوویداوە. بەمشێوەیە بە درێژایی نەوەیەک یان دووان، ئێوە بیرۆکەی پلە یەک دەدۆزنەوە کە ڕۆمانی بەکارهێناوە و تیایدا بە سەرکەوتنی گەورە گەیشتووە. باشترە ئەوەمان لەبیر نەچێت هەندێک لە ڕەوانترین رۆمانەکان لەناوەڕاستی سەدەی نۆزدەدا بە زمانی هندی نوسراوە. بەڵام لە ئەفەریقا ماوەیەکی زیاتری ویست، چونکە پرۆسەی سەقامگیری کۆلۆنیالیزم کاتێکی زۆری ویست. لەوێ تەنیا چەند نەوەی ویست بۆئەوەی بتوانن کاردانەوەیەکی داهێنەرانە لەبەرامبەر رۆماندا پیشان بدەن. کەوابوو تاڕایەک پەیوەندی بە خودی بەرهەمەکەشەوە هەیە.
هەستدەکەم یاری کریکت کاتێک گەیشت بۆ ئوستورالیا، هندوچین، و ئاسیای باشوور، بەهەمان شێوە سەرەتاییەکەی خۆی نەمایەوە. شێوازەکەی گۆڕا و وەک هەنوکە دەبینین، ئینگلتەرا کە یەکەم هەناردەکەری ئەم یاریەیە بۆ وڵاتە کۆلۆنیالکراوەکان وەک یاریەکی نەتەوەیی- لە جیهانی کریکتدا لە پلەکانی دواوەیە. گەرچی بە کردەوە گەمەی نەتەوەیی ئینگلتەرا، واتە یەکێک لە زۆرترین لایەنگرانی گەمەکان فتبۆڵ بوو، بەڵام فەرمانڕەوایانی ئینگلتەرا – لەبەر چەند هۆیەک- کریکیتیان هەناردە کرد، چونکە کریکیت گەمەیەک بوو ڕەسانەیەتی ئینگلیزی، وەک ڕەمزێکی ژیار و کلتوری ئینگلیزی ڕەنگ دەدایەوە. بەڵام پێدەچێت کۆلۆنیالکراوەکان ڕووکەشەکەیان وەرگرت و هەوڵیاندا یاری کریکت بکەن. دەکرێت ئەم پرۆسیە لە ئاستێکدا، لانیکەم لە هەنگاوی یەکەمدا بە لاسایکردنەوە بزانین. بەڵام هەموو شتێک بەخێرایی گۆڕا، چونکە کریکیت جۆرێک هەناردەی کلتووری بوو. لەلایەکی دیەوە چەند جۆرێکی دیاریکراوی هەناردە کلتووریەکان هەمیشە بەکەموکوڕ دەمێننەوە و تەقلید بەجۆرێک لە جۆرەکان پیشانی دەدات. ئەمانە هیچیان ڕەهەندی داهێنەرانەیان نیە، تەشریفاتی جل یان خۆراکی ئینگلیزی کە هەندێک لە هندیەکان وەریان گرت و شانازیان پێوە دەکرد، لەم جۆرەیە. من هەستدەکەم تا هەنوکەش دەنگی سەدای ئەم شانازیە لە گوێی هەندێک ئینگلیزدا دەزرنگێتەوە، هەرچەند هەستناکەم خودی ئینگلیزەکان تا ئەم ئەندازەیە شەیدای تەشریفاتی خوادرنی خۆیان بن. بەهەمان شێوە دەکرێت بیر لە کردارە کۆمەڵایەتیەکانی ئینگلیزەکان ، لەوانە بەخۆدا هەڵدانیان بکەینەوە. بەخۆنازین و بەخۆداهەڵدانی ئینگلیزیش هەناردەی ئێرە کراوە. بەتایبەتی کە ئالانگاریێکی ئامادەی لە ڕوانینی بەرهەمانیدا دۆزیەوە بۆ هەندێک لە وشەکان، پێشەکان و کلتورەکان و چینەکانی کاست لە هندستاندا. ئەم شتەش لە سەرەتادا کۆمێدی دەەردەکەوت، بەڵام هێواش هێواش بوو بە هێزێکی بەتوانا لە کۆمەڵگای هندستاندا. ئەم لاسایکردنەوەیە لاسایکردنەوەیەکی ترسناک و کوشەندە بوو، لاسایکردنەوەکان لەگەڵ یەکدا جیاوازن. و دەبێت سایتا جایت رایت (دەرهێنەری بەناوبانگی هندی. و.ک) و بەرهەمی ئینلگلیزی لەهند و ئینگلەتەرادا بەراورد بکرێت.

ڕ. ج: هەمیشە ئەم زیادەڕەوایانەیە ڕوونیدەکاتەوە لاسایکردنەوەی شتێیک سەروترە لە بابەتی لاسایکراو. بۆ نموونە دەکرێت سەیری سینەمای جەماوەری هند بکرێت کە بەرهەمی زۆر گەرمی هۆلیودی هەیە. هەندێک جار ئەم بەرهەمانە، زۆر جەماوەرین و گشت پەسەند دەبن. هندیەکان لە هونەری لاسایکردنەوەدا زۆر سەرکەوتوون، چونکە ئێوە سەماکەرێکی زۆرتان هەیە کە لاسای مایکل جاکسۆن دەکەنەوە، و هەندێکجار زۆر لە مایکل جاکسۆن باشترن، و بە لێهاتویەکی زۆرەوە سەمای شکان (break dance) یان هەر جۆرە سەمایەکی دی جێبەجێ دەکەن.
ئا. ش: بەڵێ. ئەمە ڕاستە. ڕاستان بوێت جۆری جیاوازی لاسایکردنەوە هەیە و ئێوە بەتەواوی ڕاست دەکەن. لاسایکردنەوەی جۆرە لێکچووکانی کاتژمێرەکانی ڕۆلۆکس بە نرخی ١٥ دولار لە شەقامەکانی بانکۆکدا دەدۆزرێتەوە. لاسایکردنەوەکانی تری وەک ئەوەی لە شاکاری چیرۆکی شیری نیواسدا هاتووە، دیارە من کاری شیری نیواس بە لاسایکردنەوەیەکی ڕووت نازانم. گەرچی ئەویش سوودی لەهەمان شکڵی کاتژمێرە ١٥ دولاریەکانی شەقامەکانی بانکۆک وەرگرت- چونکە ئێوە لە لاسایکردنەوەی شیری نیواس کارێکی داهێنەرانە دەبینن. ئەمە تەنیا وەرگێڕان نیە، لاسایکردنەوەیەکی ڕووت نیە، بەڵکو دوبارە بونیادنانەوەیەکی داهێنەرانەیە، بە ڕێکخستنێکی دیاریکراو. من دەتوانم نموونەی ئەدەبی و هونەری ئەدەبی هندی بهێنمەوە، کە لەڕووی هونەرییەوە پێی دەڵێن ڕۆمان. بەڵام ڕۆماننووس بەشێوەیەکی هوشیار بەدوای نمونەی حەماسی هند، واتە پۆرانادا دەچێت. کانتا پۆرا بەرهەمی ڕاجارائو نموونەیەکی باشە لەم بوارەدا. من هەستدەکەم ئەو سەرەڕای ئەوە لە کانتاپور و ئبلیس و مار ئەوەندە سەرکەوتوو نەبووە، بەڵام کانتا پۆرا رۆمانێکی مەزنە و دەریدەخات ئەمجۆرە داهێنانانە دەتوانن ئاسۆیەکی زۆر ڕوونیان هەبێت.

ڕ. ج: هەستدەکەن تەنیا ئەوە ڕۆژهەڵاتە لاسای رۆژئاوا دەکاتەوە؟ یان ئەوەی رۆژئاواش بەشێوەیەک لە شێوەکان دەیەوێت لاسای ڕۆژهەڵات بکاتەوە؟
ئا. ش: کاتێک ڕۆژئاوا لاسای دەکاتەوە، کارەکەی نەک لاسایکردنەوە، بەڵکو وەک شێوەیەکی نیشتیمان گەردوونی دەردەکەوێت. خودی خۆم هەستدەکەم جوتیارێکی هندی پاش دووسەد ساڵ ئەزموونی کۆلۆنیالیزم، زۆر نیشتمان گەردوونی ترە لە ڕۆشنبیرێکی نێۆێۆرکی. چونکە جوتیارە هندیەکە دەبوو شتگەلێک لە ڕۆژئاواوە فێر بێت و دەبوو لەبارەی ڕۆژئاواوە تیورەیەکی هەبێت، هەرچەندە کەمڕەنگ و کامڵ نەبوو و هەرچەند تاکەکەسی، بۆ ئەوەی بتوانێت مانەوەی خۆی بپارێزێت. ئەم مەسەلەیە گرێدرابوو بە مانەوەی خۆی-نەک مانەوەی شەخسی، بەڵکو مانەوەی کلتووریی و ئابووریی. لەکاتێکدا ڕۆشنبیری ڕۆژئاوایی، گەمارۆدراو بە قەڵا پتەوەکانی سیستەمی زانستی ڕۆژئاوایی، ناچارە تەنیا وەک بەشێک لە ئەرک و فەرمانی خۆی یان تەنیا وەک بەشێک لە ئارەزووە فکری و زانکۆییەکانی خۆی، لەبارەی هندەوە بزانێت. لەنێوان ئەم دوانەدا جیاوازی هەیە. لێرەوەیە فرە کلتووری ناهوشیارانە یان نەخوازراوانەی تۆکتۆک لێخۆڕێک یان جوتیارێکی هندی، چەندانجار سەرنجڕاکێشترە لە فرە کلتووری خوێندکارە زانکۆییە بەناوبانگەکان لە زانکۆ ناودارەکانی ڕۆژئاوا.

ڕ. ج: ئێوە ئەم ئاراستیە بە فرە کلتووری دەزانن یان کلتوور داماڵین؟ من باسی تیکتۆک لێخوڕەکانی هندی لە ئەحمەدئاوا دەکەم کە گەورەترین شتی جێی سەرنجیان هەبوونی تەلەفیزێۆنێکی سەتەلایتی یان وەک رۆژئاواییەکانە. بە بڕوای ئێوە ئەم دیاردەیە جۆرێک فرە کلتووریە یان کلتوور داماڵین؟
ئا. ش: نەخێر، قسەی من ئەمە نیە. گەرچی دەتوانین وتوێژ بکەین کە بۆ نموونە ئەم تۆکتۆک لێخۆڕە لە ئەحمەدئاوا، واتە هەر ئەم سیما گریمانکراوە، ئارەزووی زۆری بۆ هەبوونی تەلەفیزێۆنێکی سەتەلایتی کە ناچاری دەکات سەیری دنیای دەرەوە بکات، تا ڕادەیەک لە ژێر کاریگەری ئەو ڕاستیەدایە کە ئەو هیچ سەرگەرمیەکی تری لەبەردەست نیە. لەبەرئەوە ناچارە دڵ بەم ئارەزووە خۆش بکات. ئەمە جۆرێک سەرگەرمیە کە بەکاری دێنێت و دەزانێت چی لێی دەوێت. ڕەنگە ئەو هەواڵەکان و پڕوپاگەندەکانیش وەک جۆرێک سەرگەرمی ببینێت و بەدوایدا بچێت. بەڵگەکەشی ئەوەیە یەکێک لە خوێندکارەکانی کچەکەم لە بەشی فرۆشتنی تەلەفیزێۆن کاری دەکرد، لەوە تێگەیشت بۆ نموونە هیچ گرێنتی نیە کاتێک ئەوان پەیامێک بۆ مەسرەفکەران دەنێرن، مەسرەفکەریش ئەم پەیامە بە هەمان ناوەڕۆک وەرگرێت کە مەبەستیان بووە. مەبەستم ئەوەیە کاتێک زنجیرەیەکی پۆلیسی پەخش دەکرێت، دانیشتوانی پەراوێزنشینی گۆران -ئەو شوێنەی ئەم زانکۆزانە لێکۆڵینەوەی لەبارەوە دکرد، ئەم نمایشە وەک ئاگاداریەکی پۆلیسی دەبینن کە پەیامەکەی ئەوەیە خراپەکاران چۆن کار دەکەن. دەرئەنجامگیریەکان زۆر جیاوازن. بۆ نموونە ڕێوڕەسمێک بۆ یەکێتی نەتەوەیی بەڕێوە چوو کە وەرشکارە بەناوبانگ و ئەستێرە وەرزشتیەکان بەشداریان تیاکرد. بەڵام خەڵکانی دانیشتووی ناوچە پەراوێزیەکان ئەمەیان بەشتێکی دزێو دەزانی، چونکە لەم ڕێوڕەسمەدا ژنانی وەرزشکار جلوبەرگێکیان پۆشی بوو کە ئەوان حەزیان لێندەدکرد.

ڕ. ج: هەستناکەن بەرنامە فەزاییەکان سینەمای جەماوەری هند بخەنە مەترسیەوە؟ من تا ئێستاش بڕوام وایە هندیەکان سینەماکەی خۆیان خۆش دەوێت.
ئا. ش: هەست ناکەم هیچ مەترسیەک ڕووبەڕووی سینەما ببێتەوە. بەتایبەتی هاتنی سەتەلایت و ژمارەیەکی زۆری کەناڵەکان، سەرەتا ئەو وێنایەی دروستکرد کە ڕەنگە پێشوازی جەماوری هندیەکان لە سینەما کەم بکاتەوە، بەڵام ئەمە ڕووی نەدا. لەڕاستیدا کەناڵەکانی سەتەلایت بەسترانەوە بە سینەمای بۆمبەیەوە. مەیدانی کارکردنی سینەمای بۆمبەی بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد، چونکە ئەوان زانیان چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم دیاردەیەدا بکەن. خاڵێ سەرەکی لێرەدا ئەوەیە نامەوێت نکوڵی لەوە بکەم ڕەگەزێکی لاسایکردنەوە لێرەدا بوونی نیە. گەر ئێوە بە وردی سەیری بوارەکانی ژیان بکەن، هەست بە بوونی ڕەگەزێکی لەدەستدانی کلتووی دەکەن، بەڵام بەرگریش هەیە. هەوڵێکیش بۆ ناسینی ئالۆزیەکانی کلتوور و پاراستنی شێوەی ژیانی خودیش بەرچاو دەکەوێت. شتێک کە پێدەچێت لاسایکردنەوە بێت، جۆرێک بەرگری زیرەکانەیە کە لەڕاستیدا ئامانجی لاسایکردنەوە بە لاسایکردنەوە چەک دەکات. ئەم مەسەلەیە بەپێی ئەو بەڵگانەی لەبەردەستن، هەمان میکانیزمی ماستاوکردنیان هەیە. هەرچەندە کۆمیدی و ناپاکی دەرکەوێت. بەڵام ئامانجی ماساتاوکردن لە سیاسەتدا،، نا سیاسی نیە. ئامانج چەک کردنی ئێوەیە. لێرەوە کەمبوونەوەی هێواش هێواشی بژاردەکان یەکێک لە ئامانجەکانی ماستاوکردن و خۆ بچوککردنەوەیە. ئەو ڕابەرەی کوڕنوشی بۆ دەبەیت، هەر لەم ڕێگەیەوە خەریکن بژاردەکانی بۆ ئەوەی کێ لە کوێ دانێت کەم دەکەنەوە. ئێوە لە فەزا جیاوازەکانی ژیاندا لەڕێگەی ماستاوکردنەوە بڕیارەکانی خۆتان دەدەن و پراکتیکی دەکەن. کاتێک هیچ ڕێگەیەکتان بۆ دەستگەشتن بە دەسەڵات نیە، ماستاوکردن شێوازێکی دەستگەیشتنە بە دەسەڵات. من هەستدەکەم شتێکی هاوشێوەی ئەمە لە سەردەمی کۆلینیالیزم لە هندستاندا ڕوویداوە. لەم قۆناغەدا شێوەی زۆر و لەهەمانکاتدا کۆمیدی لاسایکردنەوە هەبوو، کە من لەهەندێک لە نووسینەکانی خۆمدا ئاماژەم بۆیان کردووە. دیاردەی کلتوور داماڵین لە ئاستێکی جەماوەریدا و گەندەڵی و داڕمانیش لە ئابوری و سیاسەتدا شەپۆلی دەدا، بەڵام خەڵکی ئەو دەسەڵاتەیان بەشێوەیەکی بەرکارانە قەبوڵ نەکردبوو، و ئەو زاڵبونەش تەنیا نیشانەی جۆرێک زاڵبوون بوو. قوربانیەکان بۆ دروستکردنی کلتورێک کە گوێڕایەڵ پیشانیان بدات، لەگەڵ حوکمڕاناندا ڕێک کەوتبوون، و دەستیان کراوە بوو بۆ شێوە ژیانی ڕۆژئاوایی، بیروڕاکان، فێرکاری و بەرهەمەکانی ڕۆژئاوا. بەڵام لە ڕاستیدا ئەوان تەنیا خۆیان وا پیشان دەدا، چونکە دەیانویست بەم بەرهەمانە، تێڕوانینەکانی خۆیان سەرلەنوێ بونیاد و دروست بکەنەوە. دەیانویست خەریکی پەیوەستوبونەکان و بەهاکانی خۆیان بن، کە لەڕێگەی ئەمشێوە لاسایکردنەوەوە پاراستبوویان.

ڕ. چ: ئێوە ئەم پرۆسەی کلتوور داماڵینە لەناو دەستەبژێرەکانی بزوتنەوەی خەباتی هند، و لەسەردەمی خەباتی ڕابەرانی بزوتنەوەی ئازادیخواز و کەسانی وەک تاگوور و نەهرو و تەنانەت غاندیدا نابینن. لەگەڵ ئەوەشدا هەموو ئەمانە تیورەگەلێکیان لەبارەی کلتوور یان سیاسەتدا هەبوو، هەندێکیان لە هەندەران خوێندویانە و هەندێکی دی هەرچەندا لە هەندەران نەیانخوێندووە، وەک تاگوور، بەڵام لەوێ نیشتەجێ بوون. و ئێمە دەبینین ئەوان هوشیار بوون بە پێگەی خۆیان و ئەوەی لە کوێی دنیادا ڕاوەستاون.
ئا. ش: ئێمە گفتوگۆ لەبارەی هندەوە دەکەین و لەبەرئەوە من جەخت لەم بەشە دەکەم. چونکە کاتێک بڕیار بێت لەبارەی هند یان سەرتاسەری ئاسیای باشوورەوە قسە بکەین، هەستدەکەم ئاستی ڕاستگۆی قسەکانم لەم ئاستەدا زیاترە لەوەی تەنیا لەبارەی چینی ناوەڕاستی هندەوە قسە بکەم. ئەدیبانی هند، لەبەرئەوەی وێرانکاریەکی زۆر لە چینی ناوەڕاستدا ڕوویدا، زووتر لە پەیکەری کۆمەڵگای خۆیان جیابوونەوە، وەک یەکێک لە هاوکارەکانم دەڵێت، ئەوان لەبری ئەوەی هندی نانیشتەجێ بن، وەک ئاوارەی هندی لەناو هندا ژیانێکی سەرگەردانیان هەبوو، و گۆڕابوون بە ناهندی نیشتەجێ.

ڕ. ج: بۆ؟
ئا. ش: لەبەرئەوەی زۆرتر پەیوەست بوون بە گۆڕانکاریە ئابووریە سیاسیەکانی ئینگلیزەوە، و لەبەردەم بەرکەوتی کلتووری ئیمپراتۆری کۆلۆنیالیزمدا بوون. لەبەرئەوە ناچاربوون لەناو کلتورێکی وادا بژین کە هەموو لوتکە کلتووریەکان و هەموو پێگەکانی ڕەندی و شەرەفیان داگیر کردووە. لەبەرئەوە بە ئارەزوو و ویستی خۆیان لەگەڵیدا گونجان و ڕێک کەوتن، چونکە هەستیان کرد دەسەڵاتیان بەستراوە بەمەوە، بەکردەوەش وابوو. چونکە دەسەڵاتی کلتووریان لە کۆمەڵگای خۆیاندا لەلایەن ئینگلتەراوە زامن دەکرا و بەسترابوو بە توانایان لە قەبوڵکردنی گونجان لەگەڵ شێوەکان و خەسڵەتەکانی ژیانی ڕۆژئاوایی. بەمشێوەیە پرۆسەی کلتوور داماڵین لە ئاستێکی جەماوەریدا ڕوویدا. ئێوە لە زوربەی نوسین و بەرهەمەکانی مندا دەتوانن ڕەنگدانەوەی ئەمە ببینن. کاتێک باسی هند دەکەین، ناتوانین ناوی تاگوور و نەهرۆ یان تەنانەی گاندی بێنن. چونکە ئەمانە بە هەموو گەورەییانەوە لەبنەڕەتدا بەشێک بوون لە کلتووری چینی ناوەڕاست. و ڕەنگە کاریگەریان لەسەر چوار لەسەر پێنچی خەڵکی هند نەبێت، و ڕەنگە هیچ کاریگەریان لەم بوارە تایبەتەدا نەبێت. لەناو ئەو سێ کەسایاتیەی ناوت هێنان، بە بڕوای من غاندی تاکە كەسێک بوو کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە کۆمەڵگای گوندەوە هەبوو. گەرچی خودی ئەویش بەرهەمی شار بوو، بەلام پەیوەندی بە گوندەوە لەوانی دی زیاتر بوو. لەبەرئەوە دەتوانن بە ووردی ئەوەی من دەمەوێت بیڵێم لە گاندیدا ببینن. گاندی پرۆسەی کلتوور داماڵینی مەحکوم دەکرد و لەمڕوەوە بەتوندی ڕەخنەی لە کلتووری ڕۆژئاوا دەگرت. ڕەخنەکانی گاندی زۆر توندتر بوو لە ڕەخنەکانی نەهرۆ و تاگوور.

ڕ. ج: مەبەستان هەمان (هند سواراج)ی گاندیە؟
ئا. ش: ڕێک. لەم کتێبەدا دەبینن ئەو بەشێوەیەکی تەواو داهێنەرانە مامەڵە لەگەڵ کلتووری ڕۆژئاوا و زۆرێک لە بیریاران و ڕۆشنبیرانی ڕۆژئاوادا دەکات. گاندی باسی تۆلستۆی، سۆرۆ (نوسەر و فەیلەسوفی ئەمەریکی) و ڕاسکین (ڕەخنەگری ئینگلیزی) وەک فێرکارانی خۆی دەکات. فێرکارەکانی زۆر جێگەی سەرنجن، ناوی تۆلستۆی و سۆرۆ و تاڕاەدەیەک ڕاسکین بە تەفسیرێک لە زۆرێک لە بیریارە کۆمەڵایەتیەکانی سەدەی نۆزدە پایەدارتر ماونەتەوە. هەروەها کەسانی وەک لینین و ماو. ماو ئاسیایی بوو، بەڵام لینین و بنتام ئاسیای نەبوون. ئەمانە پیشانی دەدەن کاریگەری و ڕووبەڕووبوونەوەی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات مەسەلەیەکی ئاڵۆزترە. من جەخت لەوە دەکەم بەشێکی گەورەی هند، حوکمڕانی کۆلنیالیزمی نەک وەک شکستێک بۆ خۆی دەبینی، بەڵکو بە جۆرێک کارەساتی دەزانی کە دەبێت تەحەمول بکرێت، فێر دەبوو، و وەکوو نەخۆشی سیل یان ووشکەساڵی ڕووبەڕووی بێتەوە. ئەوان تا ئەو شوێنەی لە توانایاندا بوو، سوودیان لە هونەرەکانی خۆیان، و هەروەها ئەو ڕەگەزانە وەردەگرت کە ئەم کارەساتە لەگەڵ خۆی هێناویەتی.

ڕ. ج: بێگومان ئاگاتان لەو وتوێژە هەیە کە لەنێوان تاگوور و مەهاتما گاندیدا هەبوو لەبارەی سوتاندنی جلوبەرگی ئینگلیزی. کام یەک لەم دوانە لە بۆچوونی ئێوەوە نزیکە؟ من هەستدەکەم تۆ لایەنگری گاندی بیت، وانیە؟
ئا. ش: بەتەواوی. تەنانەت گەر بەهۆی هەندێک بیروڕاوە، هندی تازە ڕقیان لێم بێتەوە، دیسان من لایەنگری گاندی دەبم. بۆ نموونە هەرچەند ئەو بومەلەرزەی بەهاری بە دەرئەنجامی پیسی دەزانی، و تاگوور لەگەڵ ئەم بۆچونە نەبوو، وە پێی وابوو ئەم جۆرە بۆچونە جۆرێک گەرمکردنی بازاڕی خورافاتە، من دیسان هەست بە نزیکی لە گاندیەوە دەکەم. من بڕوام وایە ئەوەی گاندی دەیویست بیڵێت، وروژاندی جۆرێک بەرپرسیارێتی گشتی لەو جۆرە بوو کە بۆ نموونە کەسێکی وەک سەرۆک کۆمار کلینتۆن بۆ داوای لێبرون کردن لەبەر خراپەکاری ڕەگەزپەرستی دەیگرێتە بەر. کلینتۆن کویلەدار نەبوو، باوباپیرانیشی لانیکەم لە سەد ساڵ پێش بە دواوە کۆیلەیان نەبوو. لەلایەکی دیەوە گەرچی ئەمەریکیەکان بەرپرسیاری تەکنیکی ئەو دیاردەیە نەبوون، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو داوای لێبوردنی کرد و دەیگوت ئێمە داوای لێبوردن دەکەین، چونکە ئێوە میراتگری کلتوورێکن کە کۆیلەداری تیایدا ڕوویدا. من هەستدەکەم گاندی تا ئەو ڕادەیە هوشیار و لەڕووی فکریەوە بە ئاگا بوو کە لەم مەسەلەیە تێبگات. تێگەیشتنی ئەو لە ناوەڕۆکی قسەکانیدایە. دیارە بونیادێکی فەلسەفی تریش بۆ ئەم مەسەلەیە هەیە. بۆ نموونە ڕام چاندرا گاندی بۆچوونی وایە گاندی هەوڵیداوە لە چەمکی کارما لە بیرکردنەوەی هندیدا چەمکێکی گشتی درووستبکات، لەکاتێکدا کارما ووتەزایەکی تاکەکەسیە کە لەم نموونەیەدا دەگۆڕێت بۆ ووتەزایەکی گشتی. ئەمە تازەگەریەکی سەرسوڕهێنەرە. هەر ئەم مەسەلەیە ئاشکراکەری جیابوونەوەی تاگوور و گاندیە لەسەر خورافات و عەقڵانیەت، مۆدێرنەی ڕۆشنگەرانە و تاریکبیری نەریتە.

ڕ. ج: دڵنیا نیم، چونکە تاگوریش زۆر بەرامبەر بە واقعیەتەکان وریا و هوشیار بوو.
ئا. ش: تاگور لە ستایشکەرانی خۆی بە ئاگاترە. ئێوە ڕاست دەکەن. بۆ من جێگەی خۆشحاڵیە کەسێک لەدەرەوەی کلتووری ئێمە سەرنجی لێداوە. من ئەم ڕەهەندەی کە تاگوور سەبارەت بە ئەو مەسەلانەی گاندی هێناویەتیە پێشێ و ئەوەی ئەو لەم پێگەیدا زۆر جێگەی سەرنج بووە، بەباشی نەبینووە.

ڕ. ج: بەڵام من هۆیەکی ڕوونم بۆ ئەمە هەیە. چونکە کاتێک تاگوور لەسەرەمەرگدا بوو، داوای لە گاندی کرد ڕابەرایەتی شانتی نیکیتان (قوتابخانەی تاگوور) لە ئەستۆ بگرێت. ئەگەر گاندی بڕوای وابوایە کە گاندی کەسێکی خورافە پەرستە، هەرگیز داوای لێنەدەکرد، ئەم ئەرکە لە ئەستۆ بگرێت.
ئا. ش: ئایا بەڕاست تاگوور شتی وای گوتووە؟

ڕ، ج: بەڵێ.
ئا. ش: سەیرە! من نەمزانیوە، تەنانەت یەک ڕۆشنبیری هندی ئەمرۆم نەدیوە کە ئەم چیرۆکەی بیستبێت.

ڕ. ج: بگەڕێینەوە بۆ تاگور و گاندی. خاڵێکی جێی سەرنجە کە ئێوە کتێبێکتان لەبارەی تاگوورەوە نوسییوە، و تیایدا باسی (ناڕەوایەتی ناسێۆنالیزمتان) کردووە، بەڵام لەبارەی گاندیەوە هیچ کتێبێکتان نەنووسیوە. دیارە لە کتێبەکانتاندا لەوانە فیدی دڕندە، ستەمکاری و نەریتەکان. لەبارەی گاندیەوە نووسیستانە. بەڵام لە ڕووی فکر و بیرکردنەوەی سیاسیەوە لە گاندیەوە نزیکترن تا تاگوور…
ئا. ش: بەڵێ. لەڕاستیدا ئەو کتێبەی من لەبارەی تاگوورەوە نووسیم، ڕاهێنانێکی سەرنج ڕاکێشە و گەر بە وردی بیخوێننەوە، تێدەگەین تاگوور چۆن ناهوشیارانە لە ناسێۆنالیزمی هندیەوە ڕووی لە گاندیگەری کردووە. ئەوەش کە هاوڕێکەی واتە ئۆپادیا وەک یەکەم ناسێۆنالیستی هندی، لەدیدی جیهان نیشتیمانیەوە کە جۆرێک ئاراستەی نیمچە گاندیگەریە، ڕووی لە تێڕوانینی تەواو ناسێۆنالیستانەی هندی کردووە. من هەستدەکەم و هیوادارم ماهیەتی ئەم گواستنەوەیە لەم کتێبەدا ڕەنگی دابێتەوە، دیارە ئەم دیاردەیە بۆ بەنگالیەک کە لە قاڵبی تاگوردا پەروەردە بووە، گواستەنەوەیەکی ئاسان و بێ کێشە نەبووە. ساڵانێکی زۆر وا بیرم لە گاندی دەکردەوە کە دیاردەیەکی سەرسوڕهێنەرە، بۆ ساڵەکانی ١٩٠٠ بیرۆکەی ترسناکی هێناوەتە پێشێ. بەڵام هەنوکە بیردەکەمەوە ئەم بۆچونانە لە پەیوەندیدا بە هەلومەرجی سەدەی بیستویەکەوە باشتر لە بۆچونەکانی تاگوور وەڵام دەداتەوە.

ڕ، ج: من هیچ وتارێکی ئێوەم نەدیووە کە لەبارەی چەمکی پەروەردە و وتوێژی کلتوورەکانەوە بێت لە دیدی تاگوورەوە. لەکاتێکدا ئەم بابەتانە بۆ تیورەکانی ئێوە زۆر گرنگن. بەتایبەتی ئێستا کە کار لەسەر بابەتی وتوێژی کلتوورەکان دەکەن، تاگوریش بابەتی زۆری لەم بوارەدا هەیە، تیورەکەی لەبارەی پەروەردە و وتوێژی کلتوورەکانەوە، زۆر گرنگترە لە تیورەکانی لەبارەی ناسێۆنالیزم یان ڕەخنەگرتن لێی.
ئا. ش: من وتارەکەم لەبارەی تاگوورەوە لە هەلومەرجێکی تایبەتدا نووسی. واتە ئەوکاتەی هند بەدەست توندڕەوی ناسێۆنالیزمەوە ڕەنجی دەکێشا. هەستدەکەم ئەو کتێبە کاردانەوە بوو بەرامبەر بەو هەلومەرجە. دیارە من هیچم لەبارەی تیورەی تاگوور بۆ پەروەردە و وتوێژی کلتوورەکانەوە نەنووسی، بەتایبەتی لەڕووی پەروەردەوە کە کەسانێک لە بەنگال کاریان لەسەر ئەم بابەت کردووە. دیارە هەندێک لە لێکۆڵیارانی تاگوور زیرەکن و من هیچکات هەستم نەکرد ئەوان شتێکیان لەمن کەمترە. لەبارەی تیورەی تاگوریشەوە بۆ وتوێژی کلتورەکان هیوادارم ڕۆژێک کاری لەسەر بکەم. بەڵام هەستم ئێستا ئەوەیە لەمبارەیەوە لە گاندیەوە زۆرتر فێر دەبم تا تاگوورەوە. دیارە من زۆر شت لە تاگوورەوە فێر بووم، بەڵام هەندێک بیروڕا و چەمک، هەناسەم توند دەکەن. چونکە من بەو بیروڕایەوە گەورە بووم کە کاری گاندی مەزن و بیروڕاکانی پەرێشان و ئەگەر پەرێشانیش نەبن، لانیکەم بەشێوەیەکی نائومێدانە کۆن بوون. پاشان هێواش هێواش بەو ئەنجامگیریە گەیشتم کە ئەم بیرکردنەوەیە ڕێگەیەکە بۆ خۆ دەربازکردن لە بیروڕاکانی گاندی و ڕێگەیەک بۆ خۆلادان لە هوشیاری ئەو. چونکە ئەمە هوشیاریەکیە دژ بە هوشیاری باڵادەستی ئەو کاتە. کەوابوو ناچار بووین بە سەختی کار بکەین و تێبگەین ڕووبەڕووی ڕێگری دەبینەوە و دەبێت ئەم ڕێگریە دەروونناسیانە بخەینە لاوە بۆ ئەوەی بە بیروڕاکانی گاندی بگەین. هەندێک ڕەگەزی دیاریکراو لە بیروڕای تازە لە ئێمەدا چەکەری دەکرد و ئێمە بە وردی و زۆر وریایانە ڕووبەڕوویان دەبوینەوە- ئەوانە بەرچاوی مرۆڤ دەگرن و ڕێگری لە بینین دەکەن- لەبەرئەمەیە من بەردەوام بۆ گاندی گەڕاومەتەوە، گەرچی بۆ تاگوریش گەڕاومەتەوە، بەڵام کەمتر.

ڕ. ج: من وەک کەسێک کە لەبارەی گاندی و تاگوورەوە کارم کردووە، هیودارم هندیەکان واز لە گاندی وەک کەسێکی پیرۆز بهێنن و زۆرتر وەک بیریارێک ئەژماری بکەن. لەم حاڵەتەدا هند دەتوانێت قوڵتر بیر لە کەسایەتی ئەو بکاتەوە.
ئا. ش: تەواو هاوڕاتم. ئەمە لەبەرئەوەیە کەسێکی وەک ئێوە دەبێت لە دەرەوە تەماشای ئێمە بکات، بۆ ئەوەی لەم خاڵە تێبگات. ڕەنگە گەر گاندی فەرامۆش کراوە، لەبەرئەوە بێت کە پیرۆزیان کردووە، و لە دەوڵەت نەتەوەی هندا بووە بە وەلیەکانی خودا. گەر وتارەکەی من بەناونیشنای (گاندی پاش گاندی) ببینن، تێدەگەن هەوڵمداوە هوشیارانە ئەم سیما بت ئاسایە بشکێنم. ئەم سیمایە سروشتی نیە، بەڵکو دروستکراوە بۆ ئەوەی بە چینی ناوەڕاست بفرۆشرێت. من ئارەزوم ئەوەیە ئەم هەیبەتە تێکبشکێنرێت، و هەستدەکەم نەوەی ئایندە ئەمکارە دەکات.

ڕ. ج: بگەڕێینەوە بۆ وتوێژەکەمان. بەبڕوای من لەباسی تیورەکانی کلتووردا دیاردەی بەجیهانیبوون شتێکی واقعی و زۆر گرنگە لە جیهانی ئەمڕۆدا. بەم دواییانە خوێندمەوە سکرتێری IMF لە چاوپێکەوتنێکدا بەجیهانیبوونی بە خێراکردنی چارەنووسی مرۆڤ پێناس کردبوو. بەبڕوای ئەو نابێت پرۆسەی بەجیهانیبوون وەک هەلێکی زەحمەت بۆ نزیکبوونەوەی ڕەگەزەکانی مرۆڤ، کاری هاوبەش بۆ خۆشگوزەرانی گشتی، و دواجار وەک گەمەی بۆکسێن بەیەک دەست یان لەپشتی سەرەوە بزانین. بەڵام هەستدەکەم بۆچوونی ئێوە وا نەبێت.
ئا. ش: دەزانیت بەبڕوای من بیرۆکەی بەجیهانیبوون تا ئەندازەیەک بۆ خەڵکی وەک ئێمە بێ توانا و پوچە. دیارە ئەم ڕوانینە لەبەرئەوە نیە کە ئێمە مەترسیەکانی خراپترین جۆری سیستەمی سوسیالیزمی بیرۆکراتیانەی پێشووی هندمان دەرک نەکردووە. ئەو سیستەمە بۆ سیستەمەی کۆلۆنیالیزم و بەتایبەتی بۆ کەسانێک کە لەدەرەوەی بوون، مەترسی هەبوو. خەڵکی بە گشتی وەک سیستەمێکی دژ بە بازگانیان دەزانی، بەڵام نەک دژ بە بازرگانی بوو، بەڵکو وەک سیستەمێک بوو بۆ چینی ناوەڕاست، دژی مرۆڤایەتی بوو. لەگەڵ ئەمەشدا من چاوەڕێ دەکەم بە زووی لەگەڵ دەسەڵاتی چینی بازرگاندا ڕێک بکەوێت. بەڵام ڕژێمی پێشوو لایەنگری فەقیرەکان نەبوو، ئەگینا دەبوو لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا زۆرێک لە شتەکان لە هند جیاواز بێت. کێشەی سەرەکی بەجیهانیبوون لە ئێستادا ئەوەیە کە ئەمە خۆی دیاردەیەکی تازەیە و بۆ یەکەمجارە. لەکاتێکدا لانیکەم لەم بەشەی جیهاندا بۆ جاری دووهەمە ئێمە ڕووبەڕووی بەجیهانیبوون دەبینەوە. کۆلۆنیایزمیش جۆرێک بەجیهانیبوون بوو. کۆلۆنیالیزم خۆی تا ڕادەیەک جیهانی بوو. ئەم بڕوایە لەهەموو شوێنێک باوو بوو کە (خۆر هەرگیز لە ئیمپراتۆری ئینگلتەرا ئاوا نابێت). ئیمپراتۆریەکی جیهانی هەبوو و ئینگلیزەکان بەسەریدا باڵادەست بوون. جۆری دووهەمی بەجیهانیبوون کە لەسەدەی بیستدا ڕووبەڕووی هندیەکان بۆوە، ڕووداوی دوو جەنگی جیهانی بوو. بەمانەیان دەگووت جەنگی جیهانی و بەراستیش جیهانی بوون. کەوابوو بۆ یەکەمجار نیە هندیەکان ڕووبەڕووی ئەم دیاردەیە دەبنەوە. لەبەرئەوە زۆرێک لەوان بەسادەیی ناتوانن بڕوا بکەن ئەمە یەکەم دەستپێک و هەلە بۆ بەجیهانی بوون. لەوڕوەوە کە هەوڵەکانی یەکەمی بەجیهانیبوون، کاریگەری زۆر خۆشی نەبوو، لەبەرئەوە کاردانەوەی هندیەکان لەبەرامبەر ئەم دانەیەشدا لەژێر کاریگەری ئەزموونەکانی پێشوودایە. هیچ گومانێک لەمەدا نیە و دیارە قابیلی تێگەیشتنیشە. مەبەستم ئەوەیە لێرە خەڵکی بەجیهانیبوون بەناوی کۆلۆنیالیزمی دووهەم یان پرۆسەیەکی کراوەی کۆلۆنیالکردنی هند دەزانن. لە ئەنجامی ئەمەدا زۆرێک لە پاڵەوانەکانی بەجیهانی بوون توڕە و نا لێبوردە دەبن. بەڵام من هەستدەکەم زۆر سروشتیە کە تێڕوانی ئەوان بەمشێوەیە بێت. دیارە ئەمە تەنیا بەشێکی چیرۆکەکەیە. بەشێکی تری ئەوەیە جیهانی بوون هەمان هەمەکی گەری نیە. جیهانی بوون وا دەزانێت هەمەکیگەرە و ئەرکێکی هەمەکیگەری هەیە. بەڵام ئەم پرۆسەیە تەنیا بەجیهانی بوونە و نەک هەمەکیگەر. من بە ڕوونی جیاوازی لە نێوان ئەم دوانەدا دەکەم. مەبەستم لە هەمەکی گەری ئەوەیە خاوەن توانای و قابلیەتی دیاریکرا بێت بۆ بەرزکردنەوە و باڵاکردنی کلتوورەکان و سیستەمە کۆمەڵایەتی، کلتووری، و سیاسیەکان. بەڵام هەستناکەم بەجیهانی بوون وەک چاوەڕێ دەکرێت هەمەکیگەر بێت. ڕەنگە هەندێک ڕەهەندی هەمەکیگەری هەبێت- بە بڕوای من لانیکەم چەمکی تایبەتی خۆی لە هەمەکیگەریەوە وەردەگرێت. بەڵام زۆرێک لە کلتوورەکانیش کە بە جیهانی بوون مەبەستیتی جێگرەوەیان بێت یان لەگەڵیاندا ڕێک بکەوێت، خاوەنی تێگەیشت و بۆچوونی تایبەتی خۆیانن بۆ هەمەکیگەری. کەوابوو ئەم دوو جۆرە لە هەمەکیگەری لەگەڵ یەکدا لە ململانێ و ڕکەباریدان. بەو مانایەی بەجیهانی بوون بۆ ئەم کلتوورانە، هێندەش بەجیهانی بوون نیە. تەنیا بە ڕووکەش بەجیهانی بوونە، بەڵام هەمەکیگەر نیە. ئەوانیش تەنیا هەستدەکەن تێگەیشتنی خۆیان هەمەکیگەرترە. بۆ نموونە ئیسلام لەبەرچاو بگرن. بنەمکانی هەمەکیگەرە. زۆرێک لە کلتوورە ئیسلامیەکان وا هەستدەکەن بنەماکانی هەمەکیگەری کە بەجیهانی بوون بانگەشەی بۆ دەکات یان جەختی لێدەکات، بنەماگەلێکن کە هەمەکیگەری ئیسلامی نەفی دەکەن. من ناتوانم نمونەی سیستەمی دی بهێنمەوە کە بە هەمان شێوە بیر دەکەنەوە.

ڕ. ج: زۆر باشە. بەڵام من کێشەم لەگەڵ ئەم باسەی ئێوە هەیە. بەجیهانی بوون دوو خاڵی لەگەڵ خۆیدا هەیە. یەکێکیان سیستەمێکی نوێی زمانە، بەو مانایەی زمانی ئینگلیزی زمانی یەک لەسەر سێی زمانی جیهانە و لە سەدا هەشتای بابەت و ناوەڕۆکەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان یان ئینتەرنێتیش بە زمانی و خەتی ئینگلیزیە. خاڵی دووهەم بەبڕوای من ئەوەیە بەجیهانی بوون دەوڵەتە خۆشگوزەرانیە کۆمەڵایەتیە کلاسیکیەکانی(ئەگەر نا دەوڵەت – نەتەوەکان)ی لەناو برد. لێرەوە سیمای کۆمەڵگای گۆڕی.
ئا. ش: ڕاست دەکەن. بەڵام لەڕاستیدا دیدی من بۆ بە جیهانی بوون دەرئەنجامی ئەو ڕاستیەیە کە لە زۆرێک لە وڵاتەکاندا لەسەدا دە تا پانزەی خەڵکی بە فەرامۆشی و مردن دەسپێرێن

ڕ.ج: مردن؟
ئا. ش: بەڵێ. لە هندستاندا ئەم پرۆسەیە بەهیچ ناگات، مەگەر بە لەناوچوونی دە تا پانزە لە سەدی خەڵکی و لەوانە زۆرێک لەو گروپە ئەتنی و خێڵەکیانەی بە ئابووری چاودێریکراو ڕانەهاتوون. بە سروشتی ئەم ئابوریە تێڕوانینێکی جیاوازی بۆ سیستەمی کۆمەڵایەتی و کلتووری هەیە کە ئەو گروپانە شانسی ئەوەیان نیە لەگەڵیدا بگونجێن، و ناتوانن نهێنیەکانی ئەم بازرگانیە فێر بن. گومانی من ئەوەتە ئەم پرۆسەیە ببێتە هۆی لە ناوچوونی ئەم کلتوورانە، و ڕەنگە مردنی ئەم کۆمەڵگایانە. بەنزیکی یەک لەسەر سێی خێڵە هندیەکان بەدرێژای پەنجا ساڵ ڕەوتی گەشەکردن و پەنجا ساڵ ڕەوتی ئابووری سیاسی پێش بەجیهانی بوون، رێشەکێش کران. خاڵێک کە دەبێت لەبیرمان بێت، ئەوەیە بەجیهانی بوون لەسەر بناغەی چالاکیەکی خود هوشیارانە و بە بەرنامە داناڕێژرێت، بەڵکو مەسەلەکە بۆ هەندێک لە دەستەبژێرەکان، هەندێک لە ئابووریزانانی گەشەکردن و هەندێک ڕابەری سیاسیە. بەڵام لەڕاستیدا چەمکی بەجیهانی بوون لای زۆرێک لە بەشەکانی خەڵکی هند کاردانەوەیەکە کە ئەوان بەرامبەر بە سیستەمی سەرەتایی خۆیان پیشانی دەدەن. ئەو سیستەمە زۆر سوکایەتیپێکەر و سەرکوتکەرە بوو، چونکە سیستەمێک بوو بەتەواوی لەژێر کۆنتڕۆڵی کۆنگرەدا بوو. تەنانەت ئەوکاتەی خوشگوزەرانیان بە خەڵکی دەدا، ئەمکارەیان بە شێوەیەکی تەواو سوکایەتپێکەر و ئیهانەکردنەوە ئەنجام دەدا.

دهلی نوێ، کانونی دوهەمی ۲۰۰۰

* سەرچاوە:
رامین جهانبگلو: جهانی بودن: پانزە گفتگو با اندیشمندان امروز جهان-رامین جهانبگلو- تهران. نشر مرکز، چاپ دوم١٣٨٢

هێنری دی مۆنڤالی و جزدانی فه‌یله‌سوفه‌كان

په‌یوه‌ندی فه‌یله‌سوفه‌كان به‌ پاره‌وه‌ چۆن بووه‌؟
وه‌رگێڕانی له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌: باوكی ڕه‌هه‌ند

هێنری دی مۆنڤالی له‌ كتێبێكی ده‌گمه‌ندا، قسه‌وباس له‌سه‌ر ئه‌و تیۆرانه‌ ده‌كات كه‌ فه‌یه‌له‌سوفه‌كان، ده‌رباره‌ی پاره‌ له‌ ژیانیاندا و لایه‌نی عه‌مه‌لی پاره‌، دایانڕشتووه‌. كتێبه‌كه‌ بانگه‌شه‌یه‌كه‌ بۆ ئاشكرا كردنی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی كه‌ ئه‌م ناوه‌ گه‌ورانه‌، به‌ جزدانی پاره‌كانیانه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌. هێنری دی مۆنڤالی مامۆستایه‌كی دیار و دكتۆری فه‌لسه‌فه‌یه‌، له‌ ساڵی 2018وه‌ به‌شداره‌ له‌ چلاككردنی زانكۆیه‌كی میللی له‌ شاری (ئیسی لی مۆلینۆ). مۆنڤالی چه‌ندین كتێبی نووسیوه‌، له‌وانه‌ كتێبی ” Les imposteurs de la philo» ” كه‌ ساڵی 2019 بڵاوبووه‌ته‌وه‌. هه‌روه‌ها له‌ ساڵی 2021 خانه‌ی (Passeur Editeur).) بۆ چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌، كتێبی “جزدانی فه‌یله‌سوفه‌كان/ Le portefeuille des philosophes “ی بۆ بڵاوكردووه‌ته‌وه‌. له‌خواره‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌م كتێبه‌ی دوایی، ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌ی له‌گه‌ڵدا سازكراوه‌.
-تۆ له‌ كتێبه‌كه‌تدا، ئه‌وه‌ ده‌خه‌یته‌ڕوو فه‌یله‌سوفه‌كان، تاڕاده‌یه‌كی زۆر، به‌ شێوه‌یه‌كی ڕاست و دروست مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ تیۆره‌ فه‌لسه‌فییه‌كانیان ناكه‌ن، كاتێك مه‌سه‌له‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ پاره‌وه‌ ده‌بێت. چی سه‌باره‌ت به‌ ئه‌فلاتون ده‌ڵێیت كه‌ له‌ بابه‌تی پاره‌دا، بڕیاری زۆر دڵڕه‌قانه‌ی داوه‌؟
+له‌ ڕاستیدا ته‌واوی به‌شی یه‌كه‌می كتێبه‌كه‌م بۆ ئه‌فلاتون ته‌رخانكردووه‌، چونكه‌ ئه‌فلاتون، ڕێک لەسەر مۆدێلی فیلمی عەسابە، ناكۆكی و دژایه‌تییه‌ك له‌ نێوان سوقراتی پیاوچاك و سۆفستائیه‌ دڕنده‌ و ناشرینه‌كان دروست ده‌كات، به‌مه‌ش تاڕده‌یه‌كی زۆر به‌شداره‌ له‌ دامه‌زراندنی ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ی كه‌ ده‌ڵێت فه‌یله‌سوف، پێویسته‌ ڕقی له‌ پاره‌ بێت و فه‌لسه‌فه‌ موماره‌سه‌یه‌كی پاك و ڕوون و خۆڕاییه‌ وهیچ مه‌به‌ست و ئامانجێكی نییه‌ ته‌نها گه‌یشتن به‌ حه‌قیقه‌ت و چاره‌سه‌ری رۆح نه‌بێت. ئه‌گه‌ر تا ڕۆژی ئه‌مڕۆ وته‌ی (سه‌فستائی) مانایه‌كی نه‌رێنی هه‌یه‌ و مه‌به‌ست لێی غیابی فیكره‌ یان به‌رگریكردنه‌ له‌ كێشه‌گه‌لێك كه‌ ناكرێت به‌رگریان لێبكرێت، بۆ نمونه‌ (مرۆڤ وه‌ك پێوه‌رێك بۆ هه‌مو شتێك، شلكردنی جڵه‌ و بۆ ئاره‌زووه‌كان به‌بێ سنور، توندوتیژی دژ به‌ عه‌قڵ و چه‌ندانی دیكه‌ی هاوشێوه‌)، هۆكاری هه‌مو ئه‌وانه‌، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و دیده‌ی ئه‌فلاتون دایمه‌زراند. ئه‌گه‌رچی فیكرێكی سه‌فستائی ڕاسته‌قینه‌ بوونی هه‌یه کەچی ئێمە ئەم دیدە مانەوییەمان لاپەسەندە‌. (جاكلین دی رۆمێلی ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ كتێبێكی هه‌یه‌). سه‌باره‌ت به‌وه‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌ مه‌سه‌له‌ی پاره‌وه‌، ئه‌فلاتون ڕه‌خنه‌ی ئه‌وه‌ له‌ سه‌فستائییه‌كان ده‌گرێت، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و وانانه‌ی وتوویانه‌ته‌وه‌ و پێشكه‌شیان كردووه‌، پاره‌یان وه‌رگرتووه‌. كه‌چی سوقرات وانه‌كانی خۆی به‌ خۆڕایی و بێبه‌رامبه‌ر وتووه‌ته‌وه‌.
-به‌ڵام ئه‌فلاتون چۆن و به‌ چ شێوه‌یه‌ك نانی ڕۆژانه‌ی خۆی په‌یدا كردووه‌؟ ئه‌فلاتون سه‌باره‌ت به‌وه‌ هیچ قسه‌یه‌كی نه‌كردووه‌.
-دروست ئا لێره‌دا پێویسته‌ له‌سه‌رمان په‌نا ببینه‌ به‌ر ژیاننامه‌كان و زانستی كۆمه‌ڵناسی. ئه‌فلاتون له‌ ئه‌سینا، سه‌ر به‌ خانه‌واده‌یه‌كی ئه‌رستۆكراتی گه‌وره‌ بوو، شه‌جه‌ره‌ی خێزانه‌كه‌ی له‌به‌ره‌ی باوكییه‌وه‌، درێژده‌بێته‌وه‌ بۆ سه‌ر “سۆلۆن” دامه‌زرێنه‌ری دیموكراسی ئه‌سینایی. له‌ ڕاستیدا ئه‌فلاتون ڕۆژێك له‌ ڕۆژان، ناچار نه‌بووه‌ كار بكات. ئه‌مه‌ش هه‌لی ئه‌وه‌مان پێده‌به‌خشێت به‌شێوه‌یه‌كی باشتر له‌و شته‌ تێبگه‌ین كه‌ “بیار بۆردیۆ” له‌ كتێبی “ده‌رباره‌ی تێڕامانه‌كانی‌ باسكاڵ”دا ناوی ده‌نێت په‌یوه‌ندییه‌كی “مه‌كته‌بیانه‌/ المدرسیة” به‌ دونیای ئه‌فلاتونه‌وه‌. واته‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌ئه‌مولی ڕووت/ به‌حت، په‌یوه‌ندییه‌كی ئازاد و ڕزگاربوو له‌ هه‌ر ناچاربوونێك بۆ كاركردن.
هه‌رچی سوفستائییه‌كانه‌، ئه‌وان سه‌ر به‌ چینی ناوه‌ڕاست بوون و پێویستیان به‌وه‌ بوو نانی ڕۆژانه‌یان به‌ده‌ستبێنن. به‌م مانایه‌ مامۆستایان و ئوستازه‌كانی فه‌لسه‌فه‌ له‌مڕۆدا، زیاتر سه‌ر به‌ نه‌ریتی سه‌فستائییه‌كانن تا سه‌ر به‌ كه‌لتوری سوقرات یان ئه‌فلاتون بن. وه‌لێ كاتێك ته‌ماشای نامه‌گۆڕینه‌وه‌كانی ئه‌فلاتون ده‌كه‌ین (تا ئێستاش هه‌ندێك له‌و نامانه‌مان لایه‌)، به‌تایبه‌ت نامه‌ی سیانزه‌هه‌م، هه‌ست ده‌كه‌ین- مه‌سه‌له‌كه‌ شایه‌نی پێكه‌نینه‌- ئه‌مه‌ی دواییان، واته‌ ئه‌فلاتون، كه‌ به‌ ناشرینترین شێوه‌ لۆمه‌ و سه‌رزه‌نشتی سه‌فستائییه‌كان ده‌كات و قسه‌ی ڕه‌ق و توندیان پێده‌ڵێت، به‌وه‌ی هیچ ته‌حه‌فوزێكیان نه‌بووه‌ و ته‌نها به‌دوی پاره‌ و قازانجدا گه‌ڕاون. كه‌چی خۆی كاتێك له‌ ساڵی 367 پێش زایندا، له‌ سقلییه‌ بووه‌، هیچ دوو دڵ نه‌بووه‌ له‌وه‌ی هه‌م داوای پاره‌ له‌ “دینیسیۆسی بچوك” بکات کە پادشایەکی سته‌مگه‌ر بووە و هه‌م سه‌باره‌ت به‌ ئیداره‌دانی سیاسی، ڕێنمایی و مشوره‌تی پێشكه‌ش بكات.
-ئه‌ی سه‌باره‌ت به‌ “سینیكا” ده‌ڵێی چی؟ ئه‌و به‌هۆی سه‌روه‌ت و سامانه‌كه‌یه‌وه‌ كه‌ نه‌ده‌گونجا له‌گه‌ڵ نووسینه‌كانی، ڕه‌خنه‌یه‌كی زۆری لێگیرا.
+ سینیكاش له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا حاڵه‌تێكی دیار و به‌رچاوه‌. ئه‌و له‌لایه‌كه‌وه‌ له‌ نووسینه‌كانیدا، به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشكرا بێزار نه‌ده‌بوو له‌وه‌ی به‌ خراپه‌ باس له‌ پاره‌ بكات و ڕقی لێیده‌بێته‌وه‌ و بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌كرد له‌ پاره‌ دووركه‌وینه‌وه‌ و ئامۆژگاری ده‌كردین قه‌ناعه‌تمان هه‌بێت و به‌ به‌شی خۆمان ڕازیبین، بگره‌ ئامۆژگاری ده‌كردین به‌ هه‌ژاری بژین. (ئه‌و تا ئه‌و ئاسته‌ پێداگریی ده‌كرد كه‌ لانی كه‌م ده‌بێت له‌سه‌ر رێبازی دیۆجین بڕۆین). كه‌چی له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، ئه‌و یه‌كێك بوو له‌ هه‌ره‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی ڕۆژگاری خۆی، چونكه‌ له‌ سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆیدا و له‌ شاری ڕوم، سه‌روه‌ت و سامانه‌كه‌ی له‌ پله‌ی چواره‌مدا بوو، (وه‌ك ئه‌وه‌ی مێژوونووس تاسیتۆس پێمان ده‌ڵێت سه‌روه‌ته‌كه‌ی له‌و ڕۆژگاره‌دا 300 ملیۆن سیسترس/ sesterces بووه‌، كه‌ له‌مڕۆد هاوتیه‌ به‌ ‌ نزیكه‌ی 228 ملیۆن ئێرۆ).
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هیچ گومانی تیانییه‌، ئه‌گه‌ر سینیكا له‌مڕۆدا بوایه‌، ناوی ده‌چووه‌‌ پاڵ ناوی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانه‌وه، ئه‌و دەوڵەمەندانەی ساڵانه‌ ناوه‌كانیان به‌ڕیز له‌ گۆڤاری ‌ئابوریدا ده‌خوێنینه‌وه‌. جگه‌ له‌وه‌ سینیكا سووخۆرێكی دڕیش‌ بووه‌، له‌ ناوچه‌ی به‌ریتانی كوشتارگه‌یه‌كی گه‌وره‌ی دروستكرد، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و قه‌رزانه‌ی به‌ سووه‌وه‌ دایبوو وه‌ربگرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ دوای ئه‌وه‌ی قه‌رزاره‌كان له‌ دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانیان دواكه‌وتبوون. سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌، ئێمه‌ له‌ كتێبی (مێژووی ڕۆمانه‌كان)ی نووسه‌ر “دیۆن كاسیۆس” ئه‌وه‌ ده‌خوێنینه‌وه‌ كه‌ خاوه‌نی گفتوگۆی (ئارامی رۆح) بڕی: “چل ملیۆن سیسترس-ی به‌ قه‌رز دابوو به‌ به‌ریتانییه‌كان، به‌و هیوایه‌ی قازانجێكی زۆریان لێبكات، پاشان داوای لێكردبوون به‌خێرایی پاره‌كه‌ی بۆ بگه‌ڕێننه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ نه‌كه‌ن ئه‌وا به‌رامبه‌ریان ڕێوشوێنی زۆر توند ده‌گرێته‌به‌ر…”. له‌ سه‌رده‌مه‌ كۆنه‌كاندا، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرایه‌وه‌ كه‌ فه‌یله‌سوف، ده‌بێت ژیانێك بژی گونجاوبێت له‌گه‌ڵ نووسینه‌كانی. ئێمه‌‌ له‌ حاڵه‌تی سینیكادا، ئه‌وه‌ ده‌بینین كه‌ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌، مه‌سه‌له‌یه‌كی تابڵێی ئاڵۆز و پڕ گرفته‌.
-ئه‌ی سه‌باره‌ت به‌ كانت چی ده‌ڵێیت، ده‌توانین چی بڵێین ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندی نێوان فیكره‌ فه‌لسه‌فییه‌كه‌ی و هه‌ڵوێستی به‌رامبه‌ر به‌ پاره‌ له‌ ژیانی ڕۆژانه‌یدا؟
له‌ بڕگه‌ی (85)ی كتێبه‌كه‌ی (ئه‌نسرۆپۆلۆژیا)، كانت له‌ دیدێكی پراگماتییه‌وه‌، ڕه‌خنه‌ له‌ چاوچنۆكی/ الجشع ده‌گرێت، ده‌كرێت بڵێین ڕه‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی کانت گونجاو بوون له‌گه‌ڵ تیۆره‌كانیدا. ئه‌و هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ كه‌سانی ده‌وروبه‌ری، به‌خشنده‌ و میهره‌بان بووه‌. كانت له‌و ڕۆژگاره‌دا ئه‌و كاره‌ی ده‌كرد كه‌ پێیده‌و‌ترا «Privatdozent» واته‌ مامۆستای زانكۆ کە ڕاسته‌وخۆ موچه‌كه‌ی له‌ خوێندكاره‌كانییه‌وه‌ وه‌رده‌گرت. به‌ڵام ڕێگه‌ی دا “وازیناسكی Wasianski” كه‌ له ئاینده‌دا ده‌بێته‌ یه‌كێك له‌وانه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی كانت ده‌نووسێته‌وه‌ و هه‌ر ئه‌ویشه‌ وه‌سییه‌ته‌كه‌ی كانت جێبه‌جێ ده‌كات و یاده‌وه‌رییه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ خاوه‌نی كتێبی “ڕه‌خنه‌ له‌ عه‌قڵی په‌تی”دا ده‌گێڕێته‌وه‌، ڕێگه‌یدا به‌ خۆڕایی و بێبه‌رامبه‌ر ئاماده‌ی وانه‌كانی بێت. هه‌روه‌ها كانت له‌گه‌ڵ خزمه‌تكاره‌كه‌ی “مارتین لامپی Martin Lampe” زۆر ده‌ستبڵاو و به‌خشنده‌ بوو، كانت به‌ ڕاده‌یه‌ك له‌گه‌ڵی مارتین به‌خشنده‌بوو، مارتین له‌ كۆتاییه‌كانی ژیانیدا، دۆخی مادیی زۆر له‌ دۆخی مادیی خودی كانت باشتر بوو. ته‌نانه‌ت دوای فه‌سڵكردنی مارتین به‌هۆی بارودۆخێكی نه‌ویستراوه‌وه‌، كانت موچه‌یه‌كی ساڵانه‌ی به‌ درێژایی ژیانی بۆ بڕییه‌وه‌. ئه‌مه‌ بێ ئه‌وه‌ی كانت ناچاربێت ئه‌و موچه‌یه‌ی بۆ ببڕێته‌وه‌. به‌ هه‌مان شێوه‌، كانت موچه‌یه‌كی خانه‌نشینی بۆ خوشكه‌ بچوكه‌كه‌ی خۆی بڕییه‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر قه‌ره‌وێڵه‌یه‌كی خانه‌ی به‌ساڵاچووان، ژیانی ده‌گوزه‌راند و به‌رده‌وام بڕی موچه‌كه‌ی بۆ زیاد ده‌كرد. هه‌روه‌ها كانت یارمه‌تی كوڕه‌كه‌ی ده‌دا كه‌ پێویستی به‌ یارمه‌تی بوو. له‌به‌ر هه‌مو ئه‌وانه‌، كانت له‌م ڕووه‌وه‌ كه‌سێكی خاوه‌ن مۆراڵ بوو، به‌و شێوه‌یه‌ كاری ده‌كرد كه‌ فه‌لسه‌فه‌كه‌ی لێی داوا ده‌كرد. كانت هه‌میشه‌ له‌و بڕوایه‌دا بوو پاره‌، ئامرازه‌ نه‌ك ئامانج.
-سارته‌ر یارمه‌تی زۆرێك له‌ خزم و ناسراوه‌كانی ده‌دا، پاره‌ی باجه‌كانیان و پاره‌ی بیتاقه‌ی دكتۆر و كرێی خانووه‌كانیان و …هتد، ده‌دا. ئه‌گه‌ر ته‌ماشای ئه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ له‌ پشتی ئه‌م به‌خشنده‌ییه‌وه‌ هه‌یه‌، ئایا ئه‌وه‌ ڕێگایه‌ك نه‌بوو‌ تاكو ئه‌وانی دیكه‌ پشتی پێببه‌ستن؟ سارته‌ر چۆن سه‌یری پاره‌كه‌ی ده‌كرد؟
+سارته‌ر تابڵێی به‌خشنده‌بوو، به‌ڕاده‌یه‌ك به‌خشنده‌ بوو وه‌ك جۆرێك له‌ نه‌خۆشی لێهاتبوو. ته‌نانه‌ت پێش ئه‌وه‌ی داوای پاره‌ی لێبكه‌یت، ئه‌و ده‌فته‌ری چه‌كه‌كانی ده‌رده‌هێنا! له‌ كۆتایی ژیانیدا، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ یاده‌وه‌رییه‌كانی سیمۆن دی بۆڤاردا هاتووه‌، هه‌روه‌ها له‌به‌ر زۆری دابه‌شكردنی پاره‌كانی لێره‌ و له‌وێ به‌ بێ حساب، چیتر پاره‌ی ئه‌وه‌ی نه‌بوو به‌شی كڕینی جووتێك پێڵاو بكات! له‌و بڕوایه‌دام ئه‌م زیاده‌ڕۆییه‌ی‌ له‌ به‌خشین و ئه‌م ڕقه‌ی له‌ پاره كه‌ ورده‌ ورده‌ ده‌ریده‌خست، (له‌و كاته‌وه‌ ده‌ریخست كه‌ بڕێكی زۆر پاره‌ی ده‌ستكه‌وت، به‌هۆی سه‌ركه‌وتنی كتێبه‌ بچووكه‌كه‌یه‌وه‌: بوونگه‌رایی ڕێبازێكی مرۆییه‌)، په‌یوه‌سته‌ به‌و ڕقه‌ ڕه‌گداكوتاوه‌ی له‌ ناخیدا هه‌یبوو دژ به‌ جیهانی بۆرجوزای كه‌ قیبله‌نومای ژیانی پێكده‌هێنا. ئاخر سارته‌ر به‌رگریی له‌ ئه‌خلاقیاتی مه‌سره‌فچێتی گه‌وره‌ ده‌كرد، دژ به‌ بیرۆكه‌ی ده‌ستپێوه‌گرتنی بۆرژوازیانه‌، یان دژ به‌و بیرۆكه‌یه‌ی پێیده‌وترێت “باوكێكی باش” باوكێك كه‌ گرنگییه‌كی گه‌وره‌ به‌ په‌یوه‌ندی نێوان ده‌ستكه‌وت و خه‌رجی/ مه‌سروف ده‌دات.
-ئایا ئه‌وه‌ ڕێگایه‌ك بوو بۆ ئه‌وه‌ی وا له‌وانی دیكه‌ بكات پشتی پێببه‌ستن و چاوشۆڕی بن؟

+له‌ ڕاستیدا به‌ڵێ. به‌ڵام ئه‌وه‌ هه‌روه‌ها ئامرازێكیش بوو بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانی دیكه زیاتر ئازدبن و په‌ره‌ به‌ تواناكانی خۆیان بده‌ن كه‌ به‌ هۆی خرپی دۆخی داراییانه‌وه‌، تا ده‌هات كزده‌بوو. به‌م مانایه‌، ڕه‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وتی سارته‌ریانه‌ له‌گه‌ڵ پاره‌، ئه‌گه‌رچی زیاد له‌ پێویست ده‌ستبڵاوبوو، گونجاوبوو له‌گه‌ڵ دیده‌ ڕه‌هاییه‌كه‌ی بۆ ئازادی. (هه‌رچه‌نده‌ به‌ تێڕوانینی من، ئه‌مه‌ مه‌سه‌له‌یه‌كه‌ جێگای خیلافێكی گه‌وره‌یه‌. وه‌لێ ئه‌وه‌ گفتوگۆیه‌كی دیكه‌ی پێویسته‌).
-وا دیاره‌ زۆرێك له‌ فه‌یله‌سوفه‌كان، تابێت گرنگی زیاتر به‌ مه‌سه‌له‌ی پاره‌ ده‌ده‌ن، ئه‌مه‌ له‌و كاته‌دایه‌ كه‌ پاره‌یان نییه‌و پێویستیان پێیه‌تی. ئایا په‌یوه‌ندی ئێمه‌ به‌ پاره‌وه‌، به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ بارودۆخی ماددییه‌وه‌؟
+به‌ڵێ. وه‌ك ئه‌وه‌ی “باسكڵ برۆكنز” له‌ كتێبه‌كه‌یدا (حیكمه‌تی پاره‌) كه‌ له‌ ساڵی 2016 بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ ده‌یڵێت: قسه‌كردنی مرۆڤ له‌سه‌ر پاره‌، له‌ هه‌مو حاڵه‌تێكدا، هیچ نییه‌ جگه‌ له‌ قسه‌كردن له‌سه‌ر خودی خۆی نه‌بێت. بۆ نمونه‌، من له‌ كۆتایی كتێبه‌كه‌مدا، موچه‌ تایبه‌ته‌كه‌ی خۆم ڕاگه‌یاندووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بارودۆخی شه‌خسی خۆم بخه‌مه‌ڕوو! به‌ڵام ئێمه‌ ده‌توانین گرنگی به‌ پاره‌ بده‌ین و بیر له‌و په‌یوه‌ندییه‌ بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ ده‌كرێت و پێویسته‌ فه‌یله‌سوفه‌كان له‌گه‌ڵ پاره‌دا دروستی بكه‌ن، بێ ئه‌وه‌ی خۆیان له‌ بارودۆخێكدابن پێویستیان به‌ پاره‌ بێت. (با سه‌یری هه‌ردوو نمونه‌كه‌ی ئه‌فلاتون و سینیكا بكه‌ین كه‌ قسه‌مان له‌باره‌وه‌ كرد). هه‌ندێك فه‌یله‌سوفیش هه‌یه‌، هه‌رچه‌نده‌ هه‌ژارو ده‌ستكورت بووه‌، به‌ڵام قسه‌ی له‌سه‌ر پاره‌ نه‌كردووه‌، له‌وانه‌ هیگڵ كه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ ژیانیدا، به‌ده‌ست بێ پاره‌ییه‌وه‌ ناڵاندوویه‌تی و له‌ به‌رهه‌مه‌ بڵاوكروه‌كانی قسه‌وباسی له‌باره‌وه‌ نه‌كردووه‌، (چه‌ند بڕگه‌یه‌كی زۆر گشتی و ساده‌ نه‌بێت كه‌ له‌ كتێبه‌كه‌یدا “پرنسیپه‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی یاسا” باسیكردووه‌).
-شۆبنهاوه‌ر ده‌ڵێت: “پێش هه‌مو شتێك، دوو جۆر نووسه‌ر هه‌یه‌: یه‌كه‌میان ئه‌وانه‌ن ‌ده‌نووسن بۆ ئه‌وه‌ی شتێك بڵێن، دووه‌میان ئه‌وانه‌ن ته‌نها له‌ پێناو نووسیندا ده‌نووسن” واته‌ ته‌نها بۆ ده‌ستكه‌وتنی پاره‌ ده‌نووسن. ئایا پێویسته‌ و زه‌روره‌ پرۆسه‌ی نووسین، بۆ ئه‌وه‌ی به‌های هه‌بێت، ده‌بێت له‌ هه‌مو كۆت و به‌ندێكی پاره‌ ڕزگار بكرێت، ئایا ناكرێت له‌ نێوان نووسینی جدیی و قازانج، گونجن و سازنێك هه‌بێت؟
+سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌، زه‌حمه‌ته‌ گشتاندن بكرێت. خودی شۆبنهاوه‌ر موچه‌یه‌كی ساڵانه‌ی وه‌رده‌گرت، به‌مه‌ش ده‌یتوانی هه‌رچییه‌كی بووێت بینووسێت، بێ ئه‌وه‌ی موحتاجی فرۆش و سه‌ركه‌وتنی كتێبه‌كانی بێت. شۆبنهاوه‌ر‌ تا له‌ ژیاندا بوو، كتێبه‌كانی زۆر به‌ كه‌می ده‌فرۆشرا. تۆ ئه‌گه‌ر حه‌ز بكه‌یت كتێبه‌كانت بفرۆشیت، ئه‌وا بۆ تۆ ئاسنتره‌، به‌ده‌م حه‌ز و ئاره‌زووی خوێنه‌ره‌وه‌ بچیت و تیۆره‌یه‌كی بچووك له‌و تیۆرانه‌ بێنیته‌ئاراوه‌ كه‌ ده‌رباره‌ی خۆشبه‌ختی و كامه‌رانییه‌، یان هه‌ر كتێبێكی دیكه‌ی له‌م جۆره‌ بنووسیت كه‌ نازانم چۆن ناویده‌نێن (Feel good book) یان هاوشێوه‌كانی ئه‌وانه‌ . ئیمه‌ هه‌فتانه‌ نمونه‌ی تازه‌ی ئه‌و جۆره‌ كتێبانه‌، له‌سه‌ر ڕه‌فه‌ و مێزی كتێبخانه‌كان ده‌بینین. ئه‌وه‌ زۆر ئاسانتره‌ له‌وه‌ی بڵێین ژیانمان هیچ مانایه‌كی نییه‌ و ئێمه‌ به‌ره‌و عه‌ده‌م هه‌نگاوده‌نێین. قسه‌ی له‌م جۆره‌ یارمه‌تی فرۆشتنی كتێب نادات.
له‌ ڕاستیدا ئه‌و كتێبانه‌ی پێگه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی فه‌لسه‌فییان هه‌یه‌‌، زۆرجار بۆ ژیانی نووسه‌ره‌كانیان سود و ڕه‌واجێكی ئه‌وتۆی نه‌بووه‌‌. چاپی یه‌كه‌می كتێبه‌كه‌ی كارل ماركس “سه‌رمایه‌”، پێنج ساڵی پێچوو تاكو هه‌زار نوسخه‌كه‌ی فرۆشرا. ئه‌وه‌ ئه‌و كتێبه‌ بوو كه‌ دوای تێپه‌ڕبوونی سه‌ده‌یه‌ك به‌سه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌یدا، ده‌چێته‌ نێو دڵی‌ ناكۆكییه‌ ئایدۆلۆژییه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م. له‌ كایه‌ی ئه‌ده‌بیشدا، “فلۆپێر و برۆست” له‌ژێر هیچ كۆت و به‌ندێكی داراییدا نه‌بوون و هیچ یه‌كێكیان چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ی نه‌ده‌كرد له‌ فرۆش و قازانجی كتێبه‌كانی، كرێ بدات. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، له‌م لایه‌نه‌وه‌، حاڵه‌تی ئاوه‌رته‌ هه‌یه‌. له‌وانه‌ “سیمۆنون”ی نووسه‌ر كه‌ پێش چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر، به‌رهه‌مه‌كانی خرایه‌ سه‌ر كۆمه‌ڵه‌ی “پليياد – Pléiade” به‌ناوبانگ، ئه‌م نووسه‌ره‌ تا له‌ ژیاندابوو، به‌ مه‌لاین نوسخه‌ له‌ كتێبه‌كانی ده‌فرۆشرا، به‌وه‌ش سه‌روه‌تێكی هێجگار زۆری كۆكرده‌وه‌. ئه‌و نووسه‌رێكی میللی بوو به‌ به‌رگێكی ئه‌ده‌بی و هه‌روه‌ها فه‌لسه‌فی. ڕۆژیك له‌ رۆژان كتێبێك بۆ قه‌سه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌و نووسه‌ره‌، ته‌رخان ده‌كه‌م.
-له‌ كتێبه‌كه‌تدا ده‌رباره‌ی ماركس ده‌ڵێیت: “هیچ گومانی تێدا نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ڕه‌گ و ڕیشه‌ی شۆڕش لای ماركس دژ به‌ سته‌می كۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌ژاری و چه‌وساندنه‌وه‌ تێبگه‌ین، پێویسته‌ جزدانه‌كه‌ی و گه‌ده‌ی بگه‌ڕێین كه‌ هه‌ردووكیان خاڵی بوون” ئایا دیدگا و بیرۆكه‌كانمان هیچ نییه‌ جگه‌ له‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ژیانی ماددییمان نه‌بێت؟
+ماركس له‌ ساڵانی په‌نجاكانی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا، ئه‌و كاته‌ی له‌ له‌نده‌ن بووه‌، كه‌وتووه‌ته‌ ناو دۆخێكی مادیی و دارایی زۆر سه‌خت و خراپه‌وه‌. ورده‌كاری ئه‌و دۆخه‌ی له‌و نامانه‌دا باسكردووه‌ كه‌ ناردوویه‌تی بۆ ئه‌نگلس. ماركس و خێزانه‌كه‌ی، به‌ده‌ست برسییه‌تی و نه‌خۆشییه‌وه‌ ناڵاندوویانه‌، ته‌نانه‌ت یه‌كێك له‌ منداڵه‌كانی كه‌ ناوی (ئه‌دگار) بووه‌، له‌و ماوه‌یه‌دا به‌هۆی به‌د خۆراكییه‌وه‌ مردووه‌. به‌ ڕاستی دۆخی ژیانی ماركس له‌و كاته‌دا، له‌ ئه‌جوائی ڕۆمانی (Germinal)ی ئه‌میل زۆلا ده‌چێت. ساڵی 1864 دایكی ماركس، دواجار ڕازیده‌بێت به‌وه‌ی به‌شی ماركس له‌ میراتی خێزانه‌كه‌یان، بدات به‌ ماركس، ئه‌مه‌ دوای ئه‌وه‌ی بۆ چه‌ندین ساڵ ڕازینه‌‌بوو ئه‌و به‌شه‌ بدات به‌ ماركس، لێره‌وه‌ كه‌مه‌كێك باری دارایی ماركس باشده‌بێت و دروست ئا له‌و ماوه‌یه‌دا، ماركس ده‌ست ده‌كات به‌ نووسینی كتێبی “سه‌رمایه‌” كه‌ به‌شی یه‌كه‌می ساڵی 1867 بڵاوده‌بێته‌وه‌. من ده‌مه‌وێت جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و خاڵه‌ بكه‌مه‌وه‌، چونكه‌ زۆرێك گاڵته‌ و سوكایه‌تی به‌ ماركس ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن ئه‌و بۆرژوازی بووه‌ و هه‌رگیز ئیشێكی نه‌كردووه‌ و هیچ كاتێكیش چاوی به‌ پرۆلیتاریا نه‌كه‌وتووه‌ ته‌نها له‌ كتێبخانه‌كاندا نه‌بێت. ئه‌مه‌ ڕاسته‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، له‌و ماوه‌یه‌دا، بارودۆخی مادیی و دارایی ژیانی، هێند سه‌خت و خراپ بووه‌، وایلێكردووه‌ له‌ ئێش و ئازار و نه‌هامه‌تییه‌كانی پرۆلیتاریای سه‌رده‌مه‌كه‌ی تێبگات و ئاراسته‌ فیكرییه‌كه‌ی سه‌باره‌ت به‌ مه‌سه‌لی پاره‌ و كار و ئیستیغلال ده‌ستنیشان بكات، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ به‌شی یه‌كه‌می كتێبی سه‌رمایه‌دا ده‌یبینین.
وه‌رگێڕانی بۆ عه‌ره‌بی: عزیز ئه‌لسامیدی
سه‌رچاوه‌: أفاق فلسفیة Philosophical Horizons

سەگێکی بەرەڵا

چیرۆکی: یاڵمار سوێدەربێری
وەرگێڕانی: خەبات عارف
(1894)

پیاوێک مرد؛ کە مردیش، کەس ئاگای لە سەگە ڕەشەکەی نەبوو. بە مەرگی ئەو، سەگەکە دەمێکی درێژخایەن و تەواو بۆی دڵتەنگ و خەمگین بوو. لەگەڵ ئەوەیش لەسەر گۆڕی خاوەنەکی لێی نەکەوت تا ڕۆحی دەردەچێت، ڕەنگە لەبەر ئەوە بووبێت کە نەیدەزانی لە کوێیە، یا ڕەنگە لەبەر ئەوەی کە ئەوسا ڕاستییەکەی هێشتا توولە و دڵخۆش بوو، یا ئەوەی کە هێشتا پێی وا بوو بەشێک قسەی نەکراوی لەگەڵ بوون ماوە بیانکات.
دوو جۆر سەگ هەن: ئەوانەی خاوەنیان هەن و ئەوانەی بێ خاوەنن. بە ڕووکەش جیاوازییەکە گرنگ نییە. سەگێکی بەڕەڵا دەتوانێت وەک ئەوانی تر قەڵەو بێت، زۆرجاران قەڵەوتریش. نا، جیاوازییەکە لە جێیەکی ترە. مرۆڤ، بۆ سەگێک، ڕەچاوکردنێکی بێکۆتاییە؛ خاوەنێک کە گوێڕایەڵی بیت، دوای بکەویت، متمانەت پێی هەبێت. بە واتایەکی دیکە، مانای ژیانی سەگێک ئەوەیە. لەگەڵ ئەوەیش تەواوی ڕۆژ بیر لە خاوەنەکەی ناکاتەوە، هەروەها هەمیشە خۆی بە پێیەکانیەوە نانووسێنێت و دوای ناکەوێت، نا، بەڵکو زۆرجاران بۆ خۆی و بە تەنیا بە نیازی بەدەستهێنانی شتێک بەو نێوەدا ڕادەکات و بۆن بە سووچی ماڵانەوە دەکات و پێوەندی لەگەڵ هاوچەشنەکانی خۆی دەبەستێت و ئێسقانێک؛ ئەگەر بۆی هەڵبکەوێت، بۆ خۆی دەفڕێنێت و گرنگی بە زۆر شتان دەدات، بەڵام هاوکاتیش هەر ئەوەندەی خاوەنەکەی فیکەیەکی بۆ لێ بدات، هەر هەموو ئەوانە لە مێشکی سەگانەی ئەو، خێراتر لەوەی کە شڵپەی قامچییەک فرۆشیارانی لە پەرستگەکە کردە دەرەوە،* دەچنە دەرەوە، چونکە دەزانێت هەر وا لەخۆڕا بانگ ناکرێت و سووچی ماڵان و ئێسقانەکەی و هاوڕێیەکانی لە بیر دەکات و خێرا ڕادەکات بۆ لای خاوەنەکەی.
ئەو سەگەی کە خاوەنەکەی مرد، بێ ئەوەی بزانێت چۆن و بێ ئەوەی بیشزانێت لە کوێ لە گۆڕ نرا، دەمێکی دوورودرێژ خەمگین و دڵتەنگ بوو بۆی، بەڵام کە ڕۆژان تێپەڕین و هیچ شتێک ڕووی نەدا بتوانێت ئەوی بە بیریدا بهێنێتەوە، خاوەنەکەی لە بیر چووەوە. لەو شەقامەی خاوەنەکەی لێی ژیابوو چیی تر هەستی بە بۆنی جێپێیەکانی نەدەکرد. کە لەگەڵ هاوڕێیەکیدا لە چیمەنێکدا بە گژ یەکتردا دەهاتن و دەبووە شەڕیان، زۆرجاران ڕووی دەدا فیکەیەک هەوای شەق دەکرد و هاوکات هاوڕێیەکەی وەک با ون دەبوو. ئەوسا ئەویش گوێی قووت دەکردەوە، بەڵام هیچ فیکەیەک لە فیکەی خاوەنەکەی نەدەچوو. ئیتر لە جاران زیاتر شتی لە بیر دەچووەوە: لە بیری چووەوە کە قەت خاوەنێکی هەبووبێت. لە بیری چووەوە هەرگیز کاتێک هەبووبێت کە پێی وا بووبێت سەگێک دەتوانێت، بێ ئەوەی خاوەنێکی هەبێت، بژی. بوو بە سەگێک کە دەکرێت بوترێت پێشتر ڕۆژگاری باشتری بینیبوو، ئەگەرچی ئەمە هەر لە ناخیدا وا بوو، چون بە ڕووکەش تا ڕادەیەک باش دەیگوزەراند. میناکی ئەوەی سەگێک چۆن دەژی، ئەویش هەر وا دەژیا: جارجار ژەمێکی خۆشی لە مەیدانێک دەدزی و لێیشی دەدرا، لەگەڵ دەڵەسەگانیش بەزموڕەزمی خۆی دەکرد؛ هەروەها کە ماندوو دەبوو، دەنووست. هاوڕێی هەبوون و دوژمنیش. ڕۆژێک تا پێی کرابا لە سەگێکی دەدا کە لە خۆی بهێزتر بوو و ڕۆژیکی تر سەگێک کە لە خۆی بەهێزتر بوو خراپی بەسەر ئەو دەهێنا و سەروپۆتەڵاکی بریندار دەکرد. بەیانییان زوو، لەو شەقامەی کە خاوەنەکەی لێی ژیابوو، دەبینرا بەرەوخوار ڕایدەکرد؛ لەبەر ئەوەیش کە خووی بەوێوە گرتبوو، هێشتا بە زۆری هەر لەو دەوروبەرە بوو. ڕاستەوڕاست بە سەروبیچمێکەوە، وەک ئەوەی کارێکی گرنگی هەبێت و بیەوێت پێی ڕابگات، بەرەو پێش ڕایدەکرد، بە پەلە بۆنی بە سەگێکەوە دەکرد کە بەرەو ڕووی دەهات، بەڵام بۆی گرنگ نەبوو بەردەوامی بە ناسیاوییەکەی بدات و دوای ئەوە خێراتر گووڕی دەبەستەوە و بەردەوام دەبوو، بەڵام لەپڕێک دادەنیشت و بە گوڕوتینەوە بناگوێیەکی خۆی دەخوراند، ڕێک دوای ئەوەیش لە جێی خۆی هەڵدەبەزیەوە و بە نێوەڕاستی شەقامەکەدا دەفڕی، بۆ ئەوەی پشیلەیەکی سوور بەرەو دەلاقەی ژێرخانێک ڕاو بنێت. پاشان بە هەمان سەروسەکوتەوە، وەک ئەوەی کارێکی گرنگی هەبێت، بەردەوام دەبوو؛ دواتر لەودیو سووچێکەوە لە بەر چاو ون دەبوو.
بەو جۆرە ڕۆژگاری ئەو تێپەڕی و ساڵان چڕوپڕ دوای یەکتر کەوتن و ئەویش، بێ ئەوەی پێی بزانێت، پیر بوو.
ئێوارەیەکی هەورینی تەڕ و ساردیش کە جارناجارێک نەرمە نەرمە باران دەباری، پیرەسەگ دوای ئەوەی تەواوی ڕۆژ لەوسەری خوارووی شارەوە لە گەڕان بووبوو، هێواش هێواش، بە شەقامێکدا بەرەو ژوور دەگەڕایەوە، کەمێک دەشەلی و یەک دوو جاریش وەستا بۆ ئەوەی فەرووە ڕەشەکەی ڕابوەشێنێت کە بەدەم ڕۆژگارەوە لای سەر و ملییەوە ماشوبرنج بووبوو. وەک ئەوەیش کە خووی پێوە گرتبوو، دەڕۆیشت و جارنا بۆنی لای ڕاست و جارناژی بۆنی لای چەپی خۆی دەکرد. پاش کەمێکیش، لاڕێیەکی گرت و چووە نێو دەروازەیەکەوە و کە گەڕایشەوە، سەگێکی تری لەگەڵ بوو. دوای ئەوانیش سەگێکی تر بە دوایانەوە، ئەوان توولەسەگ بوون و حەزیان لە گاڵتەوگەپ بوو، بۆ ئەوەیش کە گاڵتەی پێ بکەن دەیانویست گەمەیان لەگەڵ بکات، بەڵام ئەو میزاجی خراپ بوو و سەرباری ئەوەیش کردی بە ڕێژنەباران. هەر ئەوسایش فیکەیەک هەوای شەق کرد؛ فیکەیەکی درێژ و تیژ. سەگە پیرەکە سەیری توولەکانی کرد، بەڵام ئەوان گوێیان قووت نەکردەوە، ئەوەی فیکەی دەکێشا خاوەنی هیچکامیان نەبوو. ئیتر پیرەسەگە بەرەڵاکە گوێیەکانی خۆی قووت کردەوە و یەکسەر هەستیشی کرد بەوەی کە زۆر سەیرە گوێیەکانی خۆی قووت کردووەتەوە. سەرلەنوێ فیکەیەک و ئەویش نادڵنیا سەرەتا بازێکی بۆ لایەک و ئەوجا بۆ لایەکەی تر دا. ئاخر ئەوەی فیکەی لێ دەدا، خاوەنەکی بوو و ئەمیش دەبوو دوای بکەوێت! بۆ سێیەمین جاریش کەسێک فیکەی لێ دا، بە هەمان شێوە بەردەوام و تیژ. لە کوێیە، بۆ کام لا بچم؟ چۆن توانیومە لە خاوەنەکەم جیا ببمەوە! ئەی کەی ڕووی دا، دوێنێ یا پێرێ، یا ڕەنگە کەمێک لەمەوپێش؟ ئەی خاوەنەکەم چۆن بوو، چ بۆنێکی هەبوو و لە کوێیە، لە کوێیە؟ بەو نێوەدا ڕایدەکرد و بۆنی بە هەر کەسێکەوە دەکرد کە بەوێدا دەڕۆیشت، بەڵام هیچکامیان خاوەنەکەی نەبوو، هیچیشیان نەیدەویست خاوەنی بێت. ئیتر ئاوڕی دایەوە و بە ڕاکردن بە شەقامەکەدا بەرەو خوار بووەوە، لە سووچێکیدا وەستا و بە هەموو لایەکیدا ڕوانی. خاوەنەکەی لەوێ نەبوو. ئەوجا خێرا بە شەقامەکەدا گەڕایەوە، پیسی لێوە دەپرژا و باران لە فەرووەکەیەوە دەچۆڕی. لە سەری هەر سووچێکدا دەوەستا، بەڵام خاوەنەکەی لە هیچ شوێنێک نەبوو. ئەوجا، لەوێدا کە شەقامەکە شەقامێکی تری دەبڕی و بووبوو بە چوارڕێیانێک، دانیشت و سەرە تیسکنەکەی بۆ ئاسمان هەڵبڕی و دەستی کرد بە لوورەلوور.
ئەرێ بینیوتە، گوێت لە سەگێکی بەرەڵای لەبیرکراوی وا بووە کاتێک ملی بەرەو ئاسمان درێژ دەکات و دەلورێنێت و دەلورێنێت؟ سەگەکانی تریش کلک لەنێو کەفەڵ هێواش بەو نێوەدا دەڕۆن و ون دەبن، چونکی ناتوانن دڵی بدەنەوە و یارمەتی بدەن!
* شڵپەی قامچییەک فرۆشیارانی لە پەرستگەکە کردە دەرەوە؛ ئاماژەیە بۆ بڕگەیەکی نێو پەیمانی نوێی ئینجیل: ”پاککردنەوەی پەرستگا” و لە هەر چوار مزگێنییەکەی ئینجیلدا هاتووە و بۆ نموونە لە مزگێنی بەپێی نووسینی مەتادا بەم جۆرە دەگێڕدرێتەوە: ”عیسا چووە ناو حەوشەکانی پەرستگا و ئەوانەی دەرکرد کە لەوێ خەریکی کڕین و فرۆشتن بوون، مێزی پارەگۆڕەوان و کورسی کۆترفرۆشانی وەرگێڕا. پێی فەرموون: ”نووسراوە، (ماڵەکەم بە ماڵی نوێژ ناودەبردرێت) بەڵام ئێوە دەیکەنە (ئەشکەوتی دزان!).
نابینا و شەلەکان لە پەرستگا هاتنە لای و ئەویش چاکیکردنەوە. بەڵام کاتێک کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات ئەم کارە سەرسوڕهێنەرانەیان بینی کە ئەو کردی، هەروەها منداڵانیش کە لە حەوشەکانی پەرستگا هاواریان دەکرد: ”هۆسانا بۆ کوڕی داود!” تووڕە بوون و لێیان پرسی: ”گوێت لێیە ئەو منداڵانە چی دەڵێن؟” عیساش پێی فەرموون: ”بەڵێ، ئەی قەت نەتانخوێندووەتەوە: (لە زاری منداڵان و شیرەخۆرانەوە ستایشت بۆ خۆت داڕشتووە.) ئەوسا بەجێی هێشتن و چووە دەرەوەی شار، بەرەو گوندی بێت عەنیا بەڕێکەوت و شەو لەوێ مایەوە.”
[سەرچاوە: کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر، کۆمەڵی نێودەوڵەتی کتێبی پیرۆز، چاپی یەکەم 2017، ل1204 و ل1405 و چۆن لەوێدا نووسراوە، وا نووسراوەتەوە.]

کەناڵی مەیموونە چەکدارەکان؛ ڕۆمانێک کە گومان دەخاتە سەر هەموو شتێک

ڕانانی: ئیدریس عەلی

یەکێکی تر لە کتێبە ناوازە و تازە چاپکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بریتییە لە ڕۆمانی (کەناڵی مەیموونە چەکدارەکان)ی نووسەر و ڕووناکبیر(کاروان عومەر کاکەسوور) نووسەری ئەم ڕۆمانە یەکێکە لە حیکایەتبێژە سەرکەوتووەکانی نێوەندی ئەدەبی کوردی، ئەو بە هەموو باگراوندی ڕۆشنبیری و فکریی و ئاستی بەرزی مەعریفی و دونیابینیی ئینسانیانەی خۆیەوە دەنووسێت، حیکایەت لەسەر هەموو شتێک، هەموو ڕووداوێک، هەموو پێشهاتێک دروست دەکات، پەیکەرتاشێکە لە ڕۆح و تەم و غوبار پەیکەر دادەتاشێ، پەیکەری بیرکەرەوە و پڕ لە جووڵە، پەیکەری گومانکەر و پرسیاروروژێن، بەپێی ئەزموونی خوێندەوەم بۆ چیرۆک و ڕۆمان، تەنانەت ئەو وتووێژانەی لەگەڵكیدا سازکراون، بەوانەی خۆشمەوە، هەموو شتێک لای کاروان کەرەستەی گێڕانەوە و بە حیکایەتکردن، هاوکات گومانکەرێکی فەلسەفیانەی قووڵێشە، گومان لە سیاسەتەوە تا دەگات بە ئایین و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییکەن، لێدەرێکی کارامەیە لە سیمبۆڵە و پیرۆزییەکان، ئازایانە دەست بۆ دوورتین وپەنهانترین شوێنی نادیاری خۆی دەبات، ئەو بە ئەزموونیکی قووڵی هەم تیۆری، هەم واقیعی ژیانەوە دەنووسێت، دەنووسێت و چیرۆک لەنێو چیرۆکدا دەگێڕێتەوە، کارەکتەر لەنێو کارەکتەردا دەدۆزێتەوە، ڕوودا بە دوای ڕووداودا دەخولقێنیت.
ئەم ڕۆمانە چاپێکی نوێتر و جوانترە لەوەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا چاپ و بڵاوکرایەوە، لە لایەکەوە نووسەر بۆ خۆی جگە لە کەناڵەکانی نێو ڕۆمانەکە، فەرهەنگێکی تێروتەسەلیشی بۆ کارەکتەرەکانی نێو ڕۆمانەکە داناوە، دیارە وەک خۆی ئاماژەی پێداوە پاش بڵاوبوونەوەی چاپە کۆنەکە، لە لایەن خوێنەرانەوە دەیان نامەی بۆ نێردراوە و داوای ڕوونکردنەوەی چارەنووسی کۆمەڵێک کاراکتەریان لێ کردووە کە لە نێو پانتایی ڕۆمانەکە و ڕووبەری گێڕانەوە و ڕووداو و حیکایەتەکاندا بوونیان هەبووە و چارەنوسیان دیار نەماوە، دەکرێت ئەم فەرهەنگەش وەک بەشێکی چێژبەخش و بەسوود و پڕ لە زانیاری، لە فەزای تێکستەکە و ڕوونبوونەوەی تەمی زنجیرە ڕووداوەکان بخوێنرێتەوە، چونکە یارمەتی خوێنەر دەدات و هەندێک سەرەداو دەدات بە دەستەوە، لە لایەکی دیکەوە لە بەشی کۆتایی ڕۆمانەکەدا، لێکۆڵینەوەیەکی فرەڕەهەند و قووڵی نووسەر و وەرگێڕی ناوداری کورد (عەلی عوسمان یاقووب) دانراوە کە دیسان ئەو لێکۆڵینەوەیە یارمەتیدەرێکی باش دەبێت بۆ خوێنەر لەسەر دوو ئاست، ئاستی یەکەمیان چاوی خوێنەر بە شێوەیەکی وردتر لە ڕووداوەکان دەنۆڕێت و تێگەیشتنیان لە بونیادی کەسایەتییەکان و حیکایەتە بەیەکداچووەکان قووڵتر دەکات، ئاستی دووەمیش ئەوەیە کە مامۆستا عەلی عوسمان، وەک شارەزایەک و پسپۆڕێکی تایبەتمەند لە هونەری گێڕانەوە، بە شێوەیەکی تیۆری ئەوتۆ لەسەر خودی ژانری ڕۆمان و ڕەگەزە بنچینەیی و پێکهێنەرەکانی ڕۆمانی نووسیوە، کە ئەستەمە پاش خوێندنەوەی هەست بەوە نەکەیت کە دنیای مەعریفیت، سەبارەت بە خودی ڕۆمانەکە و ژانری ڕۆمان بە گشتی گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە.
کاروان عومەر، لە ڕۆمانی کەناڵی مەیموونە چەکدارەکاندا، ورد و قووڵ و فرەلایەنانە قسە لەسەر سیاسەت و شۆڕش و حزب و شکست و دنیای شاخ و شار وململانێکان دەکات، مێژووی بزووتنەوەی سیاسیی و تێکۆشانی چەکداری و ئومێد و بڕوای هەڕەمەکیانەی خەڵک بە شۆڕش و دروشمەکان، لە تەوەرە سەرەکییەکانی ئەم ڕۆمانەن و نووسەر لە ڕەهەند و دیدگایەکی ڕەخنەییانەوە نیگای خستووەتە سەر ئەو ڕابردووە، من بێگومانم ڕووداوەکانی ئەو ڕۆژگارەی دوای نسکۆی ساڵانی ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، نەک لەسەر ئاستی داهێنانی هونەریی و ئەدەبیات، بەڵکو لە پانتایی بیروەرییەکانیشدا جگە لە بۆشاییەکی بێ مانا هیچی ئەوتۆی لێ نابینرێت، کتومت وەک ئەو زەوییە بەردەڵان و قاقڕ و سوتماکەی کە چاوەڕێی لێ ناکرێت هیچی لێ سەوز ببێت، بەڵام نووسەری ئەم ڕۆمانە بە شێوەیەکی زۆر جوان و هونەریانە سوودی لە ڕووداوە ڕاستییەکانی ئەو ڕۆژگارە و مێژووی سیاسی و خەباتی چەکداری و شکست و نائومێدی وەرگرتوە، هاوشانی ڕووداوەکان و پەیوەندەییەکان و ئاریشە سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانی شار، تێکەڵ بە دنیایەک خەیاڵ و فەنتازیای خۆی کردوون، واتە نووسەر لەم ڕۆمانەدا نەهاتووە ڕاستەوخۆ ئەوەی ڕوویداوە بۆمان بگوازێتەوە و لە فۆرمێکی هونەریدا پێشکەشمان بکات، بەڵکو لە فۆڕمێکی هونەری و فەنتازیدا بەرجەستەی کردووە، گرنگ ئەوەیە خوێنەر لە خوێندنەوەی ڕۆمانی کەناڵی مەیموونە چەکدارەکاندا، وا هەست دەکات ئەوە یەکەم جاریەتی لەبارەی ڕوداوێکی لەو شێوەیە، بەرهەمێکی ئەدەبیی باڵا دەخوێنێتەوە.
کاروان عومەر، لەم ڕۆمانەدا، هاوشێوەی سەرجەم ڕۆمان و چیرۆکەکانی پێشووتری، بە شێواز و تەکنیک و زمانێکی تایبەت بە خۆی ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە، شێوازێک کە خوێنەر هەندێک جار وا دەزانێت لە بەردەم تابلۆیەکی سروشتکردی ناوازەی ئەوتۆدایە، کە هێشتا دەستی مرۆڤ و تەکنەلۆژیا نەیگەیشتووەتێ تا وێرانی بکات، یاخود بیشێوێنێت، هەندێک جاریش وا مەزەنە دەکات لەنێو بێدەنگی و خامۆشیی شەوێکی ئارامدا گوێی لە پارچە شیعرێک، یان موزیکێک دەبێت کە نازانێت سەرچاوەکەی کوێیە، ئەگەرچی کاراکتەرەکانی نێو ڕۆمانەکانی کاروان، بە کارەکتەری نێو ئەم ڕۆمانەشەوە، مرۆڤ دووچاری گومان و دڵەڕاوکە و تێڕامان لە شتی ورد دەکەن، بەڵام دواجار جۆرە دڵنیاییەک لای خوێنەر دروست دەکات بەوەی کە ڕەنگە ئەوەی دەیگێڕێتەوە خودی سەربوردەی ژیانی خۆی بێت، فەزای ڕۆمانەکە و دیالۆگ و بەریەککەوتنی کارەکتەرەکان و ڕووداوەکان، دۆخێک لای خوێنەر دروست دەکەن کە هەرگیز بۆی گرنگ نەبێت ئەوەی دەیخوێنێتەوە هی چ سەردەم و قۆناغێکی مێژووییە، یاخود باس لە چ جۆرە بابەتێک دەکات، چونکە ئەوەی لای ئەم نووسەرە بەرجەستەیە، لە یاک کاتدا باسی زۆر شت دەکات، لە سیاسەتەوە تا خیانەت، لە سێکسەوە تا شکست، لە مرۆڤی شاری و وشیارەوە، تا دەگات بە نەخوێنەوار و دواکەوتوو، کارەکتەرەکانی نێو ڕۆمانەکانی ئەم نووسەرە، بەم ڕۆمانەشەوە، کارەکتەرە ڕاستینەکانی نێو خودی ژیانن، بە عەشق و خەون و شەرم و شکست و غەریزە و بارە دەروونییە ئاڵۆزەکانیانەوە، بەڵام کاروانی هونەرمەند ڕەسمێکی دیکەیان لەسەر دەنەخشێنێت و قووڵتر ڕۆدەچێتە نێو بونیادی کەسێتییانەوە، هەر ئەمەشە وا دەکات زۆربەی هەرە زۆری کارەکتەرەکانی نێو گێڕانەوەکانی ئەم نووسەرە، تا ڕۆژگارێکی داهاتووتر لە زهن و خەیاڵی خوێنەردا بمێننەوە. کە بێگومان هەم هونەرەش تەنیا بە سەرنجڕاکێشی ڕووداو و تێما و دیالۆگە سەرنجڕاکێشەکانەوە نییە، بەڵکو ئەوە ئاستبەرزی تەکنیک و شێوازی گێڕانەوە و زمانە بێ گرێکەیەتی کە بە تووندی خوێنەر پابەند دەکات بە خۆیەوە، بە تایبەت دەستپێکە وروژێنەرەکەی کە خوێنەر هەر لە یەکەم ڕستەوە کونجکوڵ دەکات تا بزانێت دواجار چی ڕوودەدات: لەمڕۆوە ئێوە دەتوانن وەکو جاران هەر بە ناوە ڕاستەقینەکەی خۆمەوە بانگم بکەن، من کە ئیتر ڕێگام ناکەوێتەوە ئەو شاخ و داخە.
نووسەر و وەرگێڕ عەلی عوسمان یاقووب، لەو لێکۆڵینەوە قووڵ و فرەڕەهەندەیدا سەبارەت بە ڕۆمانی کەناڵی مەیموونە چەکدارەکان، بە وردی تیشکی خستووتە سەر ئەوەی کە ئەم ڕۆمانە لەسەر ڕەگەزی زەمەن و سروشتی ئەو زەمەن و کاریگەرێتی بەسەر ڕووداوەکان و دروستکردنی کارەکتەر داناوە: کەواتە دەتوانین بڵێین ڕۆمانی (کەناڵی مەیموونە چەکدارەکان) دواجار بریتییە لە تۆمارێک بۆ ئامادەکردنی کارەکتەر بۆ گەیشتن بە دواین تێگەیشتن لە شتەکان، ئەم ئامادەکردنەش لە فۆرمی گواستنەوەیەکی خێراوە دێت بۆ دیوی ناوەوەی کارەکتەرەکانی تریش و لێکدانەوەی سیمبۆڵە تایبەتییەکانی ئێستا و ڕابردوو.
لە ڕاستیدا ئەم نووسینەی من هیچ نییە جگە لە کورتە ناساندێکی لایەنێکی کەمی جوانیی ئەم شاکارە ناوازەیەی (کاروان عومەر کاکەسوور) خۆی لە ڕاستیدا شان و شەوکەتی ڕۆمانەکە، سەدان لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی هەمەلایەن هەڵدەگرێت کە دیارە ئەمەیان کاری توێژەرانە، من تەنها وەک خوێنەرێک پێمخۆش بوو ڕووی دەمم بکەمە خوێنەر و پێیان بڵێم: تکایە خۆتان لە چێژ و جوانی ئەم ڕۆمانە بێبەش مەکەن و هەرچی زووە بیخوێننەوە.

پیاوه‌ مه‌زنه‌كان و ئافره‌ت

نووسینی: هاشم ساڵح
وه‌رگێڕانی له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌: هه‌ورامان وریا قانع
وته‌یه‌كی باو هه‌یه‌ ده‌ڵێت: له‌ پشت هه‌ر پیاوێكی مه‌زنه‌وه‌ ئافره‌تێك هه‌یه‌. به‌و مانایه‌ی هه‌ر داهێنه‌رێك یان سه‌ركرده‌یه‌كی سیاسی، پێویستی به‌ ئافره‌تێك هه‌یه‌ پشتی بگرێت و ئیلهامی پێببه‌خشێت، تاكو بتوانێت ئه‌و ئه‌ركه‌ی له‌ پێناویدا خه‌لق بووه‌، به‌ باشترین شێوه‌ ئه‌نجامی بدات. به‌ڵام په‌یوه‌ندی پیاوه‌ مه‌زنه‌كان به‌ ئافره‌تانه‌وه‌، جیاوازه‌ و ئه‌م جیاوازییه‌ش به گوێره‌ی كه‌سایه‌تی و ڕه‌فتاریان ده‌گۆڕێت. هه‌یانه‌ په‌یوه‌ندییه‌كه‌ی به‌ هاوسه‌ره‌كه‌یه‌وه‌، به‌ درێژایی كات زۆرباش بووه‌، بۆ نمونه‌ وه‌ك شارل دیگۆل، ئه‌و به‌ درێژایی ژیانی خیانه‌تی له‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی نه‌كردووه‌ و هیچ ئافره‌تێكی دیكه‌ هاوبه‌شی ژیانی نه‌بووه‌. ئه‌مه‌ لای سه‌ركرده‌ گه‌وره‌كان، شتێكی نایاب و زۆر ده‌گمه‌نه‌. ئا ئه‌مه‌یه‌ نمونه‌ی ئه‌خلاقی باڵا له‌ ژیاندا. به‌ڵام كێ ده‌توانێت ئه‌وه‌ به‌دیبێنێت؟ هه‌یهات! هه‌یانه‌ هێنده‌ دۆست و خیانه‌تی هه‌یه‌ له‌ ژماردن نایه‌ت، بۆ‌ نمونه‌ی فیكتۆر هیگۆ و چه‌ندانی دیكه‌.
ئۆگست كۆنت… خۆشه‌ویستییه‌كی كوێرانه‌
هه‌ندێكی دیكه‌یان تا بڵێی ژیانێكی سۆزداری شپرزه‌ی هه‌بووه‌، بۆ نمونه‌ وه‌ك ژیانه‌ سۆزدارییه‌كه‌ی ئۆگست كۆنت-ی فه‌یله‌سوف. ئه‌م فه‌یله‌سوفه‌‌ دواجار، له‌سه‌ر خۆشه‌ویستییه‌كی پاكیزه‌یی ئه‌فلاتونی گیرسایه‌وه‌ و جوانترین سوپاس و باشترین ده‌ستخۆشی لێكرا. خۆشه‌ویسته‌ پاكیزه‌ییه‌كه‌ی ئۆگست كۆنت كه‌ نه‌یده‌ویست شوو بكات، به‌ گه‌نجی و له‌ ته‌مه‌نی سی ساڵیدا، كۆچی دوایی كرد، ته‌نها په‌یكه‌رێكی بچوكی له‌ پاریس هه‌یه‌ و ده‌كه‌وێته‌ ناوه‌ڕاستی ڕێگای نێوان گۆڕه‌پانی باستیل و گۆڕه‌پانی شاتێلییه‌. من هه‌ر كاتێك به‌وێدا ڕۆشتبم، به‌وێدا زۆر تێپه‌ڕیوم، ئه‌وا له‌به‌رده‌میدا ده‌ست له‌سه‌ر سنگ ڕاوه‌ستاوم و بۆی چه‌ماومه‌ته‌وه‌. ئاشكرایه‌ ئه‌و خۆشه‌ویسته‌ی ئۆگست كۆنت خانمێكی زۆر ئیماندار بوو، بگره‌ خانمێكی له‌خواترسی سۆفی بوو. ئای ڕابیعه‌ی عه‌ده‌وی تۆ چه‌ند مه‌زنیت! پێش ئه‌وه‌ی‌ ده‌ست به‌ ژیان بكات و هیچ پیاوێك بناسێت، خه‌م و ئازاری ژیان كوشتی.
هه‌ندێكی دیكه‌یان به‌ مه‌به‌ستی گه‌ڕان به‌ دوای چێژ و له‌زه‌تی سێكسی زیاتر، به‌رده‌وام له‌ ئافره‌تێكه‌وه‌ گواستوویه‌تییه‌وه‌ بۆ لای ئافره‌تێكی دیكه‌، بێ ئه‌وه‌ی به‌ دیاریكراوی لای ئافره‌تێكیان بمێنێته‌وه‌. زۆرجار ئه‌مه‌ش بنه‌ما/ قاعیده‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌یه‌ لای زۆربه‌ی داهێنه‌ره‌ گه‌وره‌كان. ئه‌وان حه‌زیان له‌ فره‌جۆریی و تازه‌كردنه‌وه‌یه‌. له‌ هه‌ر باخێك گوڵێك. ئه‌وانه‌ مه‌ترسیدارترین خه‌ڵكن. خوا په‌نامان بدات و ئه‌وانه‌مان لێدوورخاته‌وه‌.
هه‌ندێكی دیكه‌یان هه‌یه‌، هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی له‌گه‌ڵ هیچ ئافره‌تێكدا نه‌بووه‌، له‌ نمونه‌ی كانت، گه‌وره‌ترین فه‌یله‌سوف له‌ میژووی خۆرئاوای مۆدرێن. لێره‌وه‌ ئه‌و ده‌سته‌واژه‌‌ به‌ناوبانگه‌ی به‌سه‌ردا ساغنابێته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت: (هیچ داگیركارییه‌كی/فتوحاتێكی فیكری، به‌بێ داگیركاری دڵداری بوونی نییه‌).
هه‌ندێكی دیكه‌یان هه‌یه‌ خۆشه‌ویستی كوشتی، یان خۆشه‌ویستی كردی به‌ دێوانه‌، وه‌ك شاعیره‌ گه‌وره‌كه‌ی ئه‌ڵمانیا هۆڵده‌رلین. هۆڵده‌رلین هه‌رگیز به‌ خه‌یاڵیدا نه‌هاتووه‌ جگه‌ له‌ دولبه‌ركه‌ی خۆی، عاشقی كه‌سی دیكه‌ ببێت، ئه‌گه‌رچی دولبه‌ره‌كه‌ی هاوسه‌رگیریشی كردبوو. ئه‌و پێیوابوو ئه‌گه‌ر ئافره‌تێكی دیكه‌ی خۆشبووێت، ئه‌وه‌ كوفره‌ یان به‌ مانای ته‌واوی وشه‌ ئه‌وه‌ تاوانه‌. هۆڵده‌رلین هیچی له‌ دولبه‌ره‌كه‌ی نه‌ده‌ویست، ته‌نها ئه‌وه‌ نه‌بێت له‌ دووره‌وه‌ بیبینێت كه‌ به‌ژێر به‌له‌كۆنه‌كه‌دا تێده‌په‌ڕێت، ته‌نانه‌ت بێ ئه‌وه‌ی پێی بزانێت كه‌ ئه‌م چه‌ند ئه‌وی خۆشده‌وێت. ئه‌م شاعیره‌ی ئه‌ڵمانیا له‌مه‌دا، له‌ شاعیره‌ پاكیزه‌ییه‌ گه‌وره‌كانی ئێمه‌ ده‌چێت، له‌ نمونه‌ی له‌یلا و مه‌جنون یان جه‌میل و بوسه‌ینه‌ یان ذی ئه‌لڕمه‌ و مه‌ی… هتد. (له‌ نێوان دوو كه‌وانه‌دا، من بۆ خۆم پێموایه‌ خۆشه‌ویستی پاكیزه‌یی/ الحب العذری باڵاترین جۆری خۆشه‌ویستییه‌ و پێموایه‌ شاعیره‌ پاكیزه‌ییه‌كان فریشته‌ن و له ‌سه‌ره‌وه‌ی ئاستی مرۆڤن).
ڕۆسۆ… ژیانی مه‌حاڵ
هه‌ندێكی دیكه‌یان دوای ئه‌وه‌ی فشارێكی زۆری خرایه‌سه‌ر و چیتر كه‌س به‌رگه‌ی ئه‌وجۆره‌ فشاره‌ی نه‌ده‌گرت، ڕێگه‌ی دا هاوسه‌ره‌كه‌ی لێی جیابێته‌وه‌، گه‌وره‌ترین نمونه‌ بۆ ئه‌وه‌، جان جاك ڕۆسۆ-یه‌. ڕۆسۆ دوای ئه‌وه‌ی له‌ چه‌ندین لاوه‌ چاویان لێ سوركرده‌وه‌ و هه‌ستی كرد كه‌وتووه‌ته‌ ناو بازنه‌یه‌كی سوری مه‌ترسیداره‌وه‌، ڕاستی مه‌سه‌له‌كه‌ی بۆ هاوسه‌ره‌كه‌ی خسته‌ڕوو، ئازادی كرد له‌وه‌ی یه‌كێك له‌م دوو بژارده‌یه‌ هه‌ڵبژێرێت، له‌گه‌ڵی ده‌مێنێته‌وه‌ یان بۆ ئه‌وه‌ی له‌و مه‌ترسییه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌ ڕزگاری ببێت، بڕوات و ئه‌م به‌جێبێڵێت. ڕۆسۆ به‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی ده‌ڵێت: له‌ دووره‌وه‌ مه‌سروف و خه‌رجییه‌كانی بۆ دابین ده‌كات. له‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی گه‌یاند ژیانی ئاسایی و سروشتی له‌گه‌ڵ ئه‌مدا، بووه‌ته‌ مه‌حاڵی مه‌حاڵه‌كان. ئه‌مه‌ دوای ئه‌وه‌ی كتێبه‌كانی، له‌ چه‌ندین پایته‌ختی وڵاتانی ئه‌وروپا، له‌ پاریسه‌وه‌ بۆ جنێف و له‌وێشه‌وه‌ بۆ هۆڵه‌نده،‌ پارچه‌ پارچه‌ ده‌كران و ئاگریان تێبه‌رده‌دا. له‌و وڵاتانه‌ به‌ زه‌ندیق و بێباوه‌ڕ و لادان له‌ “ئاینی ڕاست” تۆمه‌تباركرا. لێره‌وه‌ ئه‌گه‌ر بكه‌وێته‌ به‌رده‌ستیان، ئه‌ویش به‌ زیندویی ده‌سوتێنن و ده‌یكه‌ن به‌ هه‌زار پارچه‌وه‌. به‌ڵام ڕۆسۆ پاشه‌كشه‌ی نه‌كرد و له‌به‌رده‌م برایانی مه‌سیحی چۆكی دانه‌دا، ئه‌گه‌رچی ئه‌وان زۆر به‌هێزتر و ده‌سه‌ڵاتدارتربوون. ئا له‌و چركه‌ساته‌ یه‌كلاییكه‌ره‌وانه‌دا، هێڵی ڕه‌ش و سپی له‌ یه‌كتر جیاده‌كرێنه‌وه‌ و مه‌عده‌نی پیاوه‌كان ده‌رده‌كه‌وێت.
نووسه‌ری فه‌ره‌نسی ئه‌ندرێ مۆرا، پێیوایه‌ له‌م باره‌یه‌وه‌، بنه‌مایه‌كی دیاریكراو نییه‌. شنه‌بای بلیمه‌تی ڕه‌نگه‌ به‌سه‌ر كه‌سێكدا هه‌ڵبكات كه‌ هاوسه‌ری هه‌یه‌ یان هاوسه‌ری نییه‌. له‌وانه‌یه‌ ئه‌و شنه‌بایه‌ به‌سه‌ر كه‌سێكدا هه‌ڵبكات كه‌ له‌ هاوسه‌رگیرییه‌كه‌یدا دڵخۆشه‌، هه‌روه‌ها ده‌كرێت به‌سه‌ر كه‌سی سه‌ڵت یان به‌سه‌ر كه‌سێكدا هه‌ڵبكات كه‌ هه‌رگیز حه‌زی به‌ چاره‌ی هاوسه‌ره‌كه‌ی نه‌كردووه‌.
تۆڵستۆی له‌ دۆزه‌خی هاوسه‌ره‌كه‌ی ڕاده‌كات
بۆ نمونه‌ سه‌یری حاڵی تۆڵستۆی بكه‌ن، به‌رده‌وام شه‌ڕ و ده‌مه‌قاڵێی زۆر ترسناك له‌ نێوان خۆی و هاوسه‌ره‌كه‌یدا ڕوویده‌دا. ئێمه‌ كه‌ ئه‌مه‌ ده‌ڵێین، ده‌زانین ئه‌وان له‌ ئه‌نجامی چیرۆكێكی گه‌وره‌ی خۆشه‌ویستییه‌وه‌ هاوسه‌رگیریان كرد، هه‌ردووكیان سوێندیان به‌ یه‌زدان خوارد كه‌ به‌درێژایی ژیانیان، كه‌سیان خیانه‌ت له‌وه‌ی دیكه‌یان نه‌كات. بگره‌ ژنه‌كه‌ی ته‌نها سیانزه‌ منداڵی بۆ هێنایه‌ سه‌ر دونیا! كه‌چی دواتر بۆی ده‌رده‌كه‌وێت، تۆڵستۆی سكی ژنێكی جوتیاری پڕكردووه‌ و له‌ویش منداڵێكی بووه‌، واته‌ بوون به‌ چوارده‌ منداڵ. ئاشكرایه‌ تۆڵستۆی خانه‌دانێكی فیوداڵی گه‌وره‌ بوو. وه‌لێ دواتر هه‌وڵیدا ده‌ستبه‌رداری هه‌مو ئه‌و شتانه‌ ببێت، تاكو وه‌ك ژیانی جوتیاره‌ هه‌ژاره‌كان بژی. بگره‌ ویستی به‌شی هه‌ره‌ زۆری موڵك و ماڵه‌كه‌ی به‌سه‌ر ئه‌واندا دابه‌ش بكات. به‌ڵام هاوسه‌ره‌كه‌ی زۆر به‌ تووندی له‌ ڕوویدا ڕاوه‌ستا و ململانێكه‌یان تاوی سه‌ند و به‌ تۆڵستۆی وت: ئه‌م موڵك و ماڵه‌ت، هی خێزانه‌كه‌ت و منداڵه‌كانته‌ و هی كه‌سانی دیكه‌ نییه‌. چییه‌ ده‌ڵێی شێت بوویت؟ ئایا عه‌قڵت له‌ده‌ستداوه‌؟ تۆ به‌ڕاستی شێت بوویت.
ئێ ئاخر جیاوازی چییه‌ له‌ نێوان بلیمه‌تی و شێتی؟ مه‌زنی تۆڵستۆی ئا لێره‌دایه‌، ئه‌و جگه‌ له‌وه‌ی ئه‌دیبێكی گه‌وره‌ بوو، مه‌یله‌ مرۆڤدۆستانه‌كه‌شی گاڵته‌ی پێناكرێت. هه‌ر چۆنێك بێت، دوای ساڵانی سه‌ره‌تا، په‌یوه‌ندی نێوان تۆڵستۆی و هاوسه‌ره‌كه‌ی، تێكده‌چێت، ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ تاده‌هات به‌ره‌و خراپتر ده‌چوو. قیڕه‌قیر و هاتوهاوار جێگای خۆشه‌ویستی و گونجان و ئولفه‌تی گرته‌وه‌. مه‌سه‌له‌كه‌ گه‌یشته‌ ئه‌و ئاسته‌ی تۆڵستۆی له‌ دوا ڕۆژه‌كانی ته‌مه‌نیدا، له‌ ماڵ ڕابكات و به‌ تاقی ته‌نها له‌سه‌ر ڕێگاكان و كوچه‌ و كۆڵانه‌كاندا بمرێت. له‌ وێستگه‌یه‌كی شه‌مه‌نده‌فه‌ری باشوری مۆسكۆ كۆچی دوایی كرد. ئه‌و دوای په‌نجا ساڵ هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ سۆفیا و له‌ ته‌مه‌نی 82 ساڵیدا، ماڵی به‌جێهێشت و چیتر نه‌یتوانی له‌و ماڵه‌دا بژی، نه‌ ئه‌و چاره‌ی سۆفیای ده‌ویست و نه‌ سۆفیاش چاره‌ی تۆڵستۆی ده‌ویست.
به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌كرێت بڵێین بلیمه‌ته‌كان، عاده‌ته‌ن هاوسه‌رگیری ناكه‌ن. دیكارت هاوسه‌رگیری نه‌كرد، سپینۆزا هاوسه‌رگیری نه‌كرد، هه‌مان شت بۆ ڤۆڵتێر و فلۆبێر و بۆدلێر و ڕامبۆ و نیتچه‌ و بتهۆڤن و ڤان كوخ و ده‌یانی دیكه‌ ڕاسته‌. ئایا ده‌توانن خه‌یاڵی ئه‌وه‌ بكه‌ن نیتچه‌، هاوسه‌رگیری كردووه‌ یان باوكی خێزانێكه‌؟ ئه‌وه‌ مه‌حاڵه‌. خۆشبه‌ختانه‌ هیچ ئافره‌تێك به‌ نیتچه‌ ڕازی نه‌بووه‌، ئه‌گه‌رچی ئه‌و هه‌وڵی زۆریدا، لێ له‌ هه‌مو هه‌وڵه‌كانیدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو. بۆچی ئه‌و شێتانه‌ی پێیان ده‌وترێت بلیمه‌ته‌كان، هاوسه‌رگیری ناكه‌ن؟ چونكه‌ بلیمه‌ت زۆر به‌ ساده‌یی، ته‌نها هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ بلیمه‌تییه‌كه‌یدا ده‌كات و تا ئاستی شه‌یدابوون سه‌رقاڵی بلیمه‌تییه‌كه‌یه‌تی و ناتوانێت له‌گه‌ڵ كه‌سێكی دیكه‌دا به‌شداری پێبكات. بلیمه‌ت له‌و بڕوایه‌دایه‌ ئه‌و له‌ ژیاندا ئه‌ركێكی له‌سه‌ر شانه‌، به‌لایه‌وه‌ ئه‌م ئه‌ركه له‌ ڕۆحی خۆی به‌نرختره‌. ئه‌گه‌ر له‌ ساتێك له‌ ساته‌كاندا، ده‌بێت له‌ نێوان داهێنانه‌كانی و ژیانی شه‌خسیدا، یه‌كێكیان هه‌ڵبژێرێت، ئه‌وا بێ هیچ دوو دڵییه‌ك، قوربانی به‌وه‌ی دووه‌میان ده‌دات. (له‌ نێوان دوو كه‌وانه‌دا: بلیمه‌ته‌كان ژیانی شه‌خسییان نییه‌ و نابێت هه‌یانبێت، به‌تایبه‌ت له‌ سه‌رده‌می هه‌ژانه‌كان و په‌شێوییه‌ گه‌وره‌كاندا).
لێره‌وه‌ كه‌س نییه‌ ئامۆژگاری ئافره‌ت بكات، به‌وه‌ی شوو به‌ بلیمه‌ته‌كان یان به‌ سه‌ركرده‌ گه‌وره‌كانی سیاسه‌ت بكات كه‌ زۆر سه‌رقاڵی په‌یامه‌كانیانن و ده‌كرێت له‌ هه‌ر چركه‌یه‌كدا بێت، ڕوبه‌ڕووی مه‌ترسی گه‌وره‌ ببنه‌وه‌. كه‌واته‌ بۆ ژنان باشتره‌ شوو به‌ پیاوانی ئاسایی و خاكی بكه‌ن، نه‌ك بلیمه‌ته‌كان. كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌وه‌ بلیمه‌ته‌كانن زۆرترین ئافره‌ت ڕاده‌كێشن، چونكه‌ گه‌رمی و گوڕی ناوبانگ، چاوه‌كان كوێر ده‌كات.
ماركس: خۆزگه‌ هاوسه‌رگیریم نه‌كردایه‌
پێده‌چێت ماركس زیاد له‌ جارێك، په‌شیمان بووه‌ له‌وه‌ی هاوسه‌رگیری كردووه‌ و منداڵی خستووه‌ته‌وه‌. ئێمه‌ كاتێ ئه‌مه‌ ده‌ڵێین، ده‌زانین ماركس له‌ ئه‌نجامی بوونی چیرۆكێكی خۆشه‌ویستی گه‌وره‌ و توولانی، هاوسه‌رگیری كرد. هاوسه‌ره‌كه‌ی “جینی ماركس” خانمێكی ڕۆشنبیری نایاب بوو، له‌ خێزانێكی ئه‌رستۆكراتی ڕه‌سه‌ن بوو. ماركس زۆر هۆگری ببوو، به‌ڵام ماركس شتێكی ئاوا ده‌ڵێت: ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت شه‌ڕه‌ قۆچ له‌گه‌ڵ كێشه‌ گه‌وره‌كان بكات، پێویسته‌ خۆی گیرۆده‌ی خێزان و منداڵ نه‌كات. ئه‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌. ئه‌گه‌ر مرۆڤ ئازاد و سه‌ڵت بێت، ده‌توانێت به‌ هێزێكی زیاتره‌وه‌، ڕوبه‌ڕووی ئاله‌نگرییه‌كان ببێته‌وه‌ و له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵسوكه‌وت و خه‌بات و تێكۆشانه‌كانی، ترسی ئه‌وه‌ی نییه‌ خه‌م له‌ خێزانه‌كه‌ی بخوات. سه‌رباری ئه‌وه‌، هه‌ڵگرتنی به‌رپرسیاره‌تی خێزان و دابینكردنی خه‌رجییه‌كانی، به‌ ڕاستی كارێكی سه‌خت و تاقه‌تپڕو‌كێنه‌. هه‌مو ئه‌وانه‌ پێش ناسینی ئه‌نگڵس بوو كه‌ هات و ماركس-ی ڕزگار كرد.
ئاشكرایه‌ ماركس به‌ درێژایی ژیانی، بێ كار و بێ داهات بوو، ماركس هیچ ئیشێكی نه‌بوو. كێ بڕوا به‌وه‌ ده‌كات؟ ئه‌و گه‌وره‌ترین “وێڵگه‌رد و گه‌ڕۆك” بوو له‌ ئه‌وروپا، وه‌ك ئه‌وه‌ی خانمه‌ نووسه‌ری ناسراوی فه‌ره‌نسا فرنسواز جیرۆ وه‌سفی ده‌كات. هه‌مو ده‌زگاكانی هه‌واڵگری پێكه‌وه‌ به‌دوایه‌وه‌ بوون، له‌ هه‌مان كاتدا ئه‌و بلیمه‌تێك بوو دونیای پڕكردبوو، خه‌ڵكی به‌خۆیه‌وه‌ سه‌رقاڵ كردبوو. به‌ڵام سه‌روه‌ختێك ده‌یبینی خێزنه‌كه‌ی له‌ نه‌بوونیدا ده‌تلێته‌وه‌ و له‌سه‌ر لێواری برسییه‌تییه‌، ڕۆژانێكی ترسناكی به‌ڕێكرد. ئا له‌و چركه‌ساته‌دا، نه‌فره‌تی له‌ ژیان و خۆشه‌ویستی و هاوسه‌رگیری كرد و له‌ دڵی خۆیدا وتی: خۆزگه‌ هه‌رگیز هاوسه‌رگیرم نه‌كردایه‌. بۆچی خۆم خسته‌ ناو ئه‌م چیرۆكه‌وه‌؟ بۆچی ئه‌وانم به‌خۆمه‌وه‌ تووشكردووه‌؟ خه‌تای ئه‌وان چییه‌؟
به‌ڵام هه‌مو ئه‌وانه‌، ڕێگرنه‌بوون له‌وه‌ی شه‌وێك له‌و شه‌وانه‌ی بێ ڕووناكییه‌‌ و مه‌دام ماركس له‌ ماڵه‌وه‌ نییه‌ و ڕۆشتووه‌ بۆ سه‌ردانی كه‌سوكاری، ماركس په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ خزمه‌تكاره‌كه‌ی ده‌به‌ستێت. بگره‌ منداڵێكی زۆڵی لێده‌خاته‌وه‌، دروست وه‌ك ئه‌وه‌ی هیگڵ-ی مامۆستا‌ی له‌گه‌ڵ خزمه‌تگوزاره‌كه‌‌یدا ئه‌نجامیدا. خودا بۆ خۆی ده‌زانێ چی خه‌لقكردووه‌.
سه‌رچاوه‌
الشرق الاوسط، یه‌ك شه‌ممه‌، 5 كانونی یه‌كه‌م، 2021

كۆچی دوایی جابر عسفور؛ جه‌نگاوه‌ره‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ی ڕۆشنگه‌ریی عه‌ره‌بی

ئاماده‌كردنی: باوكی ڕه‌هه‌ند
هه‌ینی ڕابردوو، دواهه‌مین ڕۆژی ساڵ، له‌ كاتێكدا دانیشتوانی جیهان، له‌ چاوه‌ڕوانی هاتنی ساڵێكی نوێدا بوون، ماڵئاواییان له‌ ساڵی 2021 ده‌كرد و پێشوازیان له‌ ساڵی 2022 ده‌كرد. ئا له‌و كاته‌دا، له‌ یه‌كێك له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی میسر و له‌ ژووری چاودێری چڕ، مرۆڤێك له‌گه‌ڵ دوا ساته‌كانی ئاوابوونی ساڵی 2021، هه‌ناسه‌كانی ئه‌ویش ئاواده‌بێت، ڕۆحی مرۆڤێك و رۆحی ساڵێك، پێكه‌وه‌ جیهان به‌جێده‌هێڵن و له‌به‌رچاو نامێنن. ئه‌و مرۆڤه‌، بیرمه‌ند و ڕه‌خنه‌گری به‌ناوبانگی جیهانی عه‌ره‌بی جابر عسفور بوو.
ئه‌م نووسه‌ره‌ ته‌مه‌ن حه‌فتا و حه‌وت ساڵه‌یه‌، دوای تێكچوونی دۆخی ته‌ندروستی، داخڵی نه‌خۆشخانه‌ ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌و داخڵكردنه‌ هیچ سودێكی نابێت و ناتوانێت ئه‌م خاوه‌ن قه‌ڵه‌مه‌ به‌ هه‌ڵوێسته‌ له‌ مه‌رگ ڕزگار بكات. ئه‌و ده‌مرێت و له‌ دوای خۆی چه‌ندین به‌رهه‌می ناوازه‌ و گرنگ به‌جێده‌هێڵێت، له‌وانه‌ كتێبی “زه‌مه‌نی ڕۆمان” و “ڕۆشناییه‌كی عه‌قڵ”. جگه‌ له‌وه‌ له‌سه‌ر چه‌ندین ئاست، جه‌نگی دژ به‌ بیركردنه‌وه‌ و فیكری تاریكبین به‌رپاكردووه‌، به‌م شێوه‌یه‌ بوو به‌ یه‌كێك له‌و ڕۆشنبیره‌ ده‌گمه‌نانه‌ی ڕازینه‌بوو كونجی قه‌ناعه‌ت هه‌ڵبژێرێت و خۆی كه‌نارگیر بكات و له‌ واقیع دووركه‌وێته‌وه‌، یان كاری ته‌نها ئه‌وه‌ بێت له‌ بورجه‌ عاجییه‌كه‌ی خۆیه‌وه‌، تیۆریزه‌ بكات و له‌ ڕووداوه‌كاندا هیچ به‌شدارییه‌كی ڕاسته‌وخۆی نه‌بێت. نا ئه‌و له‌و جۆره‌ رۆشنبیرانه‌ بوو، به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ل كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگاكه‌یدا ده‌جه‌نگا.
جابر عسفور نووسه‌ر و بیرمه‌ند و توێژه‌رێكی ئه‌كادیمی و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نه‌ته‌وه‌یی بۆ وه‌رگێڕان و ماوه‌یه‌كیش وه‌زیری رۆشنبیری بوو، له‌ 25 مانگی مارسی ساڵی 1944 له‌ میسر هاتووه‌ته‌ دونیاوه‌. ساڵی 1965، واته‌ له‌ ته‌مه‌نی 21 ساڵیدا، له‌ كۆلێژی ئاداب به‌شی زمانی عه‌ره‌بی له‌ زانكۆی قاهیره‌، بڕوانامه‌ی لیسانس به‌ پله‌ی نایاب وه‌رده‌گرێت‌. ساڵی 1969 له‌ هه‌مان به‌ش و له‌ هه‌مان كۆلیژ، بڕوانامه‌ی ماسته‌ر به‌ پله‌ی نایاب به‌ده‌ستده‌هێنێت. ساڵی 1973 هه‌ر له‌ به‌شی زمانی عه‌ره‌بی كۆلێژی ئادابی زاكۆی قاهیره‌، بڕوانامه‌ی دكتۆرا وه‌رده‌گرێت.
وه‌زاره‌تی رۆشنبیری میسر، به‌هۆی كۆچی دوایی ئه‌و نوسه‌ره‌ گه‌وره‌یه‌وه‌، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ده‌ڵێت: “ڕۆشنبیریی عه‌ره‌بی و میسری، یه‌كێك له‌ كۆڵه‌كه‌ جێگیره‌كانی خۆی له‌ده‌ست دا. كۆچكردو جێگا په‌نجه‌ی دیاره‌ له‌ بواری رۆشنگه‌ریی و كۆمه‌ڵێ به‌رهه‌می نه‌مری به‌جێهێشتووه‌. له‌گه‌ڵ هه‌ر كه‌سێكدا ئیشی كردووه‌، وه‌ك هاوڕێ و باوك و مامۆستا بووه‌ بۆی”.
ئه‌م بیرمه‌نده‌، دوو جار پۆستی وه‌زیری رۆشنبیری وه‌رگرتووه‌، یه‌كێكیان دوای شۆڕشی 52 یه‌نایه‌ر. به‌ڵام له‌م جاره‌یاندا زۆر له‌ پۆسته‌كه‌ی نه‌ماوه‌ته‌وه‌ و به‌هۆی هۆكاری ته‌ندروستی و سیاسییه‌وه‌، ده‌ستی له‌ كاره‌كه‌ی كێشاوه‌ته‌وه‌. دواتر له‌ ساڵی 2014 بۆ جاری دووه‌م، هه‌مان پۆست وه‌رده‌گرێته‌وه‌، واته‌ ده‌بێته‌وه‌ به‌ وه‌زیری ڕۆشنبیری میسر و تێیدا به‌گڕوتینێكی زۆره‌وه‌ جێگا په‌نجه‌ی خۆی به‌جێده‌هێڵێت. ئه‌و جگه‌ له‌م پۆسته‌ وه‌زارییه‌، یه‌كێك بووه‌ له‌ وه‌رگێڕه‌ دیاره‌كانی مه‌یدانه‌كه‌ و له‌م ڕووه‌وه‌ كۆمه‌ڵێ كتێبی پێشكه‌ش به‌ كتێبخانه‌ی عه‌ره‌بی كردووه‌. له‌وانه‌: ڕێبازه‌كانی ڕه‌خنه‌ی هاوچه‌رخ، تیۆری ئه‌ده‌بی هاوچه‌رخ، سه‌رده‌می بونیادگه‌ری له‌ لیڤی شتراوسه‌وه‌ بۆ فۆكۆ.
سه‌رۆكی زانكۆی قاهیره‌ “محه‌مه‌د ئه‌لخشت”، سه‌باره‌ت به‌ مه‌رگی ئه‌و كه‌ڵه‌ نووسه‌ره‌ ده‌ڵێت: “زانكۆ یه‌كێك له‌ قامه‌ته‌‌ زانستییه‌ گه‌وره‌كانی له‌ده‌ستدا. ئه‌و گرنگترین ڕه‌خنه‌گر و بیرمه‌ندی وڵاتانی عه‌ره‌بی بوو. له‌ عه‌قڵانییه‌ت و وانه‌ی ئه‌ده‌بی و فیكری، خاوه‌نی قوتابخانه‌یه‌كی زانستی بوو. كاریگه‌ری ئه‌و له‌سه‌ر هاوڕێكانی و خوێندكاره‌كانی ده‌مێنێته‌وه‌ و هه‌ست به‌ خه‌مبارییه‌كی گه‌وره‌ ده‌كه‌م بۆ له‌ده‌ستدانی سیمبولێك له‌ سیمبوله‌كانی فیكر له‌ میسر و جیهانی عه‌ره‌بی”.
ئه‌گه‌رچی به‌شێكی زۆری هاوڵاتیان سه‌رقاڵی ئاهه‌نگه‌كانی جه‌ژنی سه‌ری ساڵ بوون. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، هه‌وڵی مه‌رگی جابر عسفور تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی به‌شێك له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی پڕكرد و هه‌موان نامه‌ی ماته‌مینی خۆیان بڵاوده‌كرده‌وه‌. یه‌كێك له‌وانه‌ وه‌زیری پێشووی ڕۆشنبیری “دكتۆر عماد ئه‌بو غازی” بوو، له‌ لاپه‌ڕه‌ تایبه‌ته‌كه‌ی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك ده‌ڵێت: “یه‌كه‌مجار كه‌ دكتۆر جابرم ناسی، نزیكه‌ی په‌نجا ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بوو، له‌ ساڵی خوێندنی 1972-1973 وه‌ك خوێندكار له‌ كۆلێژی ئادابی زانكۆی قاهیره‌ وه‌رگیرام، له‌وێدا دوور به‌ دوور دكتۆر جابر عسفورم ناسی. له‌و ڕۆژگاره‌دا ئه‌و گه‌نجێكی ته‌مه‌ن نزیكه‌ی سی ساڵێك ده‌بوو. به‌ڵام من یه‌كێك نه‌بووم له‌و خوێووندكارانه‌ی ئه‌و وانه‌ی پێده‌وتنه‌وه‌. یه‌كه‌م ناسینی ڕاسته‌قینه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی 1988، له‌و كاته‌دا له‌ دوو بۆنه‌ی گه‌وره‌دا كارم له‌گه‌ڵ كرد: یه‌كه‌م بۆنه‌ بریتیبوو له‌ یادی تێپه‌ڕبوونی سه‌د ساڵ به‌سه‌ر له‌دایاكبوونی ته‌ها حسێن دا. دووه‌میان بریتی بوو له‌و یاده‌ی بۆ نه‌جیب مه‌حفوز به‌هۆی وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی نۆبڵ بۆ ئه‌ده‌ب، سازكرابوو. ئیدی له‌و ڕۆژه‌وه‌ په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵیدا نه‌پچڕاوه‌ و به‌رده‌وام بووه‌. په‌یوه‌ندییه‌كه‌مان له‌ په‌یوه‌ندی كاركردن و فێربوون‌ له‌ مامۆستاوه‌، گۆڕا بۆ په‌یوه‌ندییه‌كی هااوڕێیه‌تی گه‌رموگوڕ و پڕ خۆشه‌ویستی. له‌مڕۆدا ماڵئاوایی له‌ دكتۆر جابری مامۆستا و ڕه‌خنه‌گر و بیرمه‌ند ده‌كه‌م. به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ و دوای ئه‌وه‌ش، ماڵئاوایی له‌ جابر عسفوری هاوڕێ و مرۆڤ ده‌كه‌م”.
سه‌رچاوه‌
الشرق الاوسط، شه‌ممه‌، 1 كانوی دووه‌م، 2022
الجزیره‌ نیت، شه‌ممه‌، 1 كانونی دووه‌م، 2022

ڕۆمانی كۆشكه‌ سوره‌كه و عه‌شق

هه‌ورامان وریا قانع

لای من وه‌ك خوێنه‌رێكی رۆمان، دوو جۆر ڕۆمان بۆ خوێندنه‌وه، له‌یه‌كتر جیاده‌كه‌مه‌وه‌: یه‌كه‌میان ئه‌و جۆره‌ ڕۆمانه‌یه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ په‌لكێشت ده‌كات و لێناگه‌ڕێت ڕۆمانه‌كه‌‌ به‌جێبێڵیت، ناهێڵێت داینێیت و دواتر بگه‌ڕێیته‌وه‌ بۆ لای، ده‌رفه‌تت نادات بۆ چه‌ند ڕۆژێك وازی لێبێنیت و پاشان سه‌رله‌نوێ ده‌ست به‌خوێندنه‌وه‌ی بكه‌یت. ئه‌م جۆره‌ ڕۆمانه‌، واتلێده‌كات كاتی ماڵ و منداڵ، ئیشوكار، چونه‌ده‌ره‌وه‌ و سه‌ردانی كردن، وازلێبێنیت و هه‌موی ببه‌خشی به‌ ڕۆمانه‌كه‌. بگره‌ واتلێده‌كات كاتی تایبه‌تی بۆ ته‌رخان بكه‌یت و له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆتدا، بڕۆیته‌ شوێنێكی بێده‌نگ و كپ، دوور له‌ هه‌ر جۆره‌ غه‌ڵبه‌غه‌ڵب و هاتوچۆیه‌ك كه‌ به‌ به‌رده‌متدا ده‌كرێت، بۆچی؟ بۆ ئه‌وه‌ی گوێت له‌ هیچ ده‌نگێك و خشه‌یه‌ك نه‌بێت، جگه‌ له‌ ده‌نگی كاره‌كته‌ره‌كانی ڕۆمانه‌كه‌ و خشه‌ی هه‌ڵدانه‌وه‌ی به‌رده‌وامی لاپه‌ڕه‌كانی كتێبه‌كه‌. ئه‌م جۆره‌ ڕۆمانه‌ سه‌روه‌ختێك به‌ناچاری به‌جێیده‌هێڵیت و بۆ تاوێك له‌ خوێندنه‌وه‌ی ڕاده‌وه‌ستیت و سه‌رقاڵی هه‌ندێك كاری ڕۆژانه‌ی دیكه‌یت، كه‌چی ئا له‌و كاته‌نه‌شدا، چاوێكت هه‌ر له‌سه‌ر ڕۆمانه‌كه‌یه‌، بیرت لای كاره‌كته‌ره‌كانه‌، خه‌یاڵت له‌ناو دوتوێی لاپه‌ڕه‌كاندایه‌ و ده‌ته‌وێ به‌زووترین كات بگه‌ڕێیته‌وه‌ بۆ لای دێر و په‌ره‌گرافه‌كانی نێو ڕۆمانه‌كه‌ و به‌خێرایی بكه‌ویته‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ی.
جۆرێكی دیكه‌ی ڕۆمان هه‌یه‌، هه‌ر كه‌ ده‌ستت به‌خوێندنه‌وه‌ی كرد و چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كت خوێنده‌وه‌، ئیدی بێزارده‌بیت و تاقه‌تی خوێندنه‌وه‌یت نامێنێت و خوا خواته‌ وازی لێبێنیت. ڕۆمانه‌كه‌ په‌لكێشت ناكات و له‌گه‌ڵ خۆی ناتبات. ده‌ته‌وێت‌ بیانوویه‌ك بدۆزیته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌جێیبێڵیت و چیتر نه‌گه‌ڕێیته‌وه‌ بۆ لای. حه‌ز ده‌كه‌یت كه‌سیك بانگت بكات و سه‌رقاڵت بكات، تا دووركه‌ویته‌وه‌ له‌ خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه‌. كاتی تایبه‌تی بۆ ته‌رخان ناكه‌یت و ناڕۆیته‌ شوێنێكی چۆڵ و بێده‌نگه‌وه‌. بگره‌ له‌ شوێنێكی كتێبخانه‌كه‌تدا دایده‌نێیت و ئیدی لاپه‌ڕه‌كانی هه‌ڵناده‌یته‌وه‌ و به‌ فه‌رامۆشی ده‌سپێریت. بۆچی؟ چونكه‌ ڕۆمانه‌كه‌ هیچ جۆره‌ هونه‌رێكی گێڕانه‌وه‌ی تیانییه‌، خاڵییه‌ له‌ ڕووداو، به‌ زمانێكی پڕ گرێ و گۆڵ نووسراوه‌، تاڕاده‌یه‌كی زۆر ئاڵۆزه‌ و خوێنه‌ر له‌ نێو لاپه‌ڕه‌كانیدا بزرده‌بێت و حه‌وسه‌ڵه‌ی به‌رده‌وامبوونی نامێنێت. هه‌ر بۆیه‌ خوێنه‌ر به‌ شوێن بچوكترین شتدا ده‌گه‌ڕێت، تاكو واز له‌ خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه‌ بێنێت و چیتر كاتی خۆی بۆ ته‌رخان نه‌كات.
لێره‌دا وه‌ك حه‌زی خوێندنه‌وه‌- نه‌ك به‌راوردی نێوان دوو ڕۆمان- ئه‌م نمونه‌یه‌ ده‌هێنمه‌وه‌، زیاد له‌ ده‌ ڕۆژه‌‌ ده‌مه‌وێت ڕۆمانی (ماڵی شۆخه‌ نوستووه‌كان)ی نووسه‌ری به‌ناوبانگی یابانی (یاسۆناری كاواباتا) ته‌واو بكه‌م، به‌ڵام هه‌رچی ده‌كه‌م و تێده‌كۆشم، حه‌وسه‌ڵه‌م نییه‌ بگه‌ڕێمه‌وه‌ سه‌ر خوێندنه‌وه‌ی، ڕۆمانه‌كه‌ 159 لاپه‌ڕه‌ی قه‌باره‌ بچووكه‌ و من 55 لاپه‌ڕه‌م لێ خوێندووه‌ته‌وه‌. وه‌لێ باوه‌ڕناكه‌م بتوانم ته‌واوی بكه‌م، چونكه‌ له‌و لاپه‌ڕانه‌ی خوێندوومه‌ته‌وه‌، هه‌ستم به‌ هیچ چێژێك نه‌كردووه‌. نه‌ گێڕانه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه‌ و نه‌ ڕووداوه‌كان و نه‌ زمانی داڕشتنه‌كه‌ی، وایان نه‌كردووه‌ په‌رۆشی ته‌واوكردنی بم و كاتی زیاتری پێببه‌خشم. كه‌چی ڕۆمانی كۆشكه‌ سوره‌كه‌ی هیوا قادر كه‌ 303 لاپه‌ڕه‌یه‌، ته‌نها له‌ دوو ڕۆژدا خوێندمه‌وه‌. لێره‌وه‌ خۆشبه‌ختانه‌ لای من ڕۆمانی كۆشكه‌ سوره‌كه‌، له‌ جۆری یه‌كه‌مه‌ و هه‌ر كه‌ ده‌ لاپه‌ڕه‌ی یه‌كه‌مت خوێنده‌وه‌، ئیدی داگیرت ده‌كات و ده‌چیته‌ ئامێزییه‌وه‌ و تا ته‌واوی نه‌كه‌یت، ناته‌وێت ده‌ستبه‌رداری ببیت.
كۆشكه‌ سوره‌كه‌ كه‌ ناونیشانی ڕۆمانه‌كه‌یه‌، تاڕاده‌یه‌ك ناونیشانێكی فریوده‌ره‌ و به‌ هه‌ڵه‌ماندا ده‌بات. چۆن؟ به‌وه‌ی به‌ر له‌ خوێندنه‌وه‌ی ته‌واوی ڕۆمانه‌كه‌ و ته‌نها له‌ ناونیشانه‌كه‌یه‌وه‌، وا به‌ خه‌یاڵماندا دێت ئێمه‌ له‌ به‌رده‌م كۆشكێكداین، پڕه‌ له‌ ئاهه‌نگ و كه‌یف و سه‌فا، وه‌ك كۆشكی سوڵتانه‌كان و خه‌لیفه‌كان و ئیمپراتۆره‌كان لێوڕێژه‌ له‌ شه‌وی سور و سێكس و ڕابواردن. كۆشكێكه‌ پلان و داڕشتنی سیاسه‌ت و به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتی لێوه‌ داده‌نرێت. ده‌سه‌ڵاتداران له‌وێوه‌ مانه‌وه‌ی خۆیان له‌سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات مسۆگه‌ر ده‌كه‌ن. له‌وێوه‌ نه‌یاره‌كانیان له‌ په‌لوپۆ ده‌خه‌ن و هه‌رگیز ڕێگایان پێناده‌ن بگه‌نه‌ حوكم. لێ ئه‌وه‌ ته‌نها به‌شێكی بچوكی كۆشكه‌كه‌یه‌، گۆشه‌یه‌كی لاوه‌كییه‌ و حه‌قیقه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی كۆشكه‌كه‌مان پێناڵێت. ئه‌وه‌ ته‌نها ڕاستییه‌كی ساده‌یه‌ و ئه‌و لایه‌نه‌یه‌ كه‌ به‌ر له‌ خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه‌ له‌ خه‌یاڵماندایه‌. یان ئه‌و پانتاییه‌یه‌ ئه‌گه‌ر ڕۆمانه‌كه‌ش نه‌خوێنینه‌وه‌، ده‌كرێت له‌ ناونیشانه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌ركی پێبكه‌ین. بگره‌ ئه‌و به‌شه‌ بچوكه‌ و ئه‌و گۆشه‌ لاوه‌كییه‌، بۆ ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ به‌شه‌ فراوانه‌كه‌ی كۆشكه‌كه‌ نه‌بینین، ململانێ ڕاسته‌قینه‌كه‌ی نێو كۆشك نه‌یه‌ته‌ به‌رچاومان و كۆی دیمه‌نی كۆشكه‌كه‌ له‌ ناوه‌وه‌ نه‌بینین و ته‌نها ته‌ركیزمان له‌سه‌ر ئه‌و ڕووكاره‌ی كۆشكه‌كه‌ بێت. ئاخر له‌ ته‌واوی ڕۆمانه‌كه‌دا دوو تا سێ شه‌وی سور ده‌بینین، ئه‌ویش بۆ خاتری ته‌نها پیاوێك‌ سازكراوه‌، پیاوێك تا كۆتایی ڕۆمانه‌كه‌ش نازانین ناوی چییه‌، ته‌نها ئه‌وه‌ نه‌بێت‌ ناسراوه‌ به‌ پیاوی ژماره‌ پێنج سه‌د و په‌نجا و پێنج. له‌وه‌ بترازێت، نه‌ شه‌وی سور هه‌یه‌ و نه‌ ئاهه‌نگی شاهانه‌ و سوڵتانیانه‌. ئه‌ی چی هه‌یه‌؟ له‌ خواره‌وه‌ به‌ كورتی باسی ده‌كه‌م.
لای من ئه‌وه‌ی له‌ ناوه‌وه‌ی كۆشكدا ڕووده‌دات، ئه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی ململانێی نێوان كاره‌كته‌ره‌كانی كۆشك ده‌كێشیت و ڕووداوه‌كان به‌ره‌و لوتكه‌ ده‌بات، نه‌ سیاسه‌ته‌ نه‌ بزنسه‌ نه‌ چۆنیه‌تی دزین و تاڵانی سه‌روه‌ت و سامانی وڵاته‌. نه‌ دانانی پلانی له‌ناوبردنی نه‌یار و دوژمنه‌كانه‌ و نه‌ واژۆكردنی گرێبه‌ست و سه‌فقه‌ی گوماناوییه‌. ‌ئه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌ له‌سه‌ر كۆشك و ڕووخاندنی، ناڕه‌زایی و هه‌راوزه‌نای ده‌ره‌وه‌ی كۆشك نییه‌. توڕه‌یی خه‌ڵكی سه‌ر شه‌قامه‌كان و خۆئاماده‌كردنیان بۆ ڕاپه‌ڕین نییه‌. به‌ڵكو هه‌مو مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر كۆشك و ڕووداوه‌كانی ناوه‌وه‌ی كۆشك، له‌و عه‌شقه‌ شێتانه‌یه‌وه‌ سه‌رده‌رده‌هێنێت كه‌ سیامه‌ند و پاشان موراد و ئینجا پیاوی ژماره‌ پێنج سه‌د و په‌نجا و پێنج، بۆ سارا خاتوونیان هه‌یه‌. به‌ مانایه‌كی دی عه‌شق و خۆشه‌ویستی قووڵ، ئیره‌یی و حه‌زی تۆڵه‌، وا ده‌كه‌ن ناوه‌وه‌ی كۆشك پڕ ببێت له‌ پیلان و ملشكاندنی یه‌كتر، نه‌ك به‌رژه‌وه‌ندی مادیی كه‌سه‌كانی ناوه‌وه‌ی كۆشك و نادادپه‌روه‌ری و سته‌مه‌ی ده‌ره‌وه‌ی كۆشك. ئه‌و سێ پیاوه‌ له‌ پێناو چیدا ده‌كه‌ونه‌ تێكدانی كۆشك و دروستكردنی گرژی و ئاڵۆزی و نانه‌وه‌ی كێشه‌؟ بۆچی و له‌ پای چی ده‌چن به‌ گژ یه‌كدا؟ له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی دڵ و جه‌سته‌ی خانمێك كه‌ بێ ئه‌ندازه‌ ناسك و جوانه، زۆر له‌ ڤینۆسی خوای جوانی جوانتر و قه‌شه‌نگتره‌‌. به‌ڵام ئه‌م خانمه‌ گرفتێكی زۆر گه‌وره‌ی هه‌یه‌، گرفتی ئه‌وه‌ی به‌ هیچ جۆرێك و له‌ژێر هیچ هه‌ڕه‌شه‌ و چاوسوركردنه‌وه‌یه‌كیشدا، پیاوی خۆشناوێت و نابێته‌ هاوسه‌ر یان دۆست یا دوولبه‌ری هیچ نێرینه‌یه‌ك. ئاماده‌یه‌ بیكوژن و هه‌لا هه‌لای بكه‌ن، به‌ڵام هه‌رگیز ئاماده‌ نییه‌ پیاوی خۆشبووێت و دڵی خۆی بداتێ و ده‌ست بخاته‌ ناو ده‌ستی و جه‌سته‌ی به‌ر جه‌سته‌ی بكه‌وێت و له‌سه‌ر یه‌ك ته‌خته‌ی نووستن پێكه‌وه‌بن.
هه‌وڵی پیاوه‌كان بۆ به‌ده‌ستهێنانی سارا خاتون، به‌ تایبه‌ت سیامه‌ند كه‌ به‌ جۆرێك شه‌یدا و هۆگری سارا خاتوون بووه‌، ئاماده‌یه‌ هه‌مو دونیا له‌ پێناو یه‌ك خه‌نده‌ی بچوكیدا، به‌سه‌ریه‌كدا كاولبكات. هه‌ر هه‌مو ئه‌و هه‌وڵانه،‌ شكست دێنن و ناتوانن دڵی سارا خاتوون ڕازیبكه‌ن. بۆچی؟ چونكه‌ سارا خاتوون كچێكی ئاسایی نییه‌ و دڵێ له‌ شوێنێكی دیكه‌یه‌، له‌لای كه‌سێكی دیكه‌یه‌ كه‌ نه‌ك له‌ ناو كۆشك نییه‌، به‌ڵكو له‌ناو وڵاتیش نییه‌ و به‌ هه‌زاران میل لێیه‌وه‌ دووره‌. كه‌سێكه‌ له‌ ڕه‌گه‌زی خۆی نه‌ك ڕه‌گه‌زی به‌رامبه‌ری. ئه‌و عاشقی كچه‌ هاوڕێكه‌ی سه‌رده‌می زانكۆیه‌تی له‌ له‌نده‌ن كه‌ ناوی ئیمێلی-یه‌ و نیگاركێشه‌. پاشان عاشقی كچێكی ئیسپانی سه‌ماكار ده‌بێت كه‌ ناوی فریدا-یه‌ بۆ ماوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ تیمێكی سه‌ماكردندا دێته‌ كۆشك و له‌گه‌ڵ سارا خاتون شه‌یدای یه‌ك ده‌بن و ده‌بن به‌ خۆشه‌ویستی یه‌ك، پاشان به‌هۆی توڕه‌یی و هه‌ڵچوونێكی ترسناك و مه‌ترسیداری موراده‌وه‌، موراد كچه‌ی سه‌ماكاری ئیسپانی له‌ سارا خاتوون دوور ده‌خاته‌وه‌ و ده‌ینێرێته‌وه‌ بۆ ئه‌و شوێنه‌ی لێیه‌وه‌ هاتبوو. سارا خاتون سه‌روه‌ختێك به‌ جیا له‌گه‌ڵ ئه‌م دوو كچه‌دا ده‌بێت، تا ئه‌و په‌ڕی توانه‌وه‌ له‌ناو یه‌كتردا ده‌ڕوات و به‌ ڕووت و قووتی وه‌ك دوو ماری عاشقه‌ و ماشقه‌ له‌یه‌كتر ده‌ئاڵێن.
چێژی سێكس لای سارا خاتون، چێژێكه‌ له‌ ڕه‌گه‌زه‌كه‌ی خۆیه‌وه‌ به‌ده‌ستی ده‌كه‌وێت نه‌ك پیاو. هه‌مو دامركانه‌وه‌یه‌كی ئه‌و جۆره‌ حه‌ز و چێژانه‌ی، له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو هاوڕێ كچه‌یدا ئه‌نجامده‌دات. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌، ئه‌و به‌ڕۆح ئه‌وانی خۆشده‌وێت، عه‌شقی بۆ ئه‌وان، عه‌شقێكه‌ زۆرجار ده‌كه‌وێته‌ سه‌ره‌وه‌ی هه‌مو چێژێكی سێكسی و تێكئاڵان. عه‌شقێكه‌ لێیه‌وه‌ وا ده‌كات سارا هه‌م خۆی و هه‌م ڕه‌گه‌زه‌كه‌ی و هه‌م ژیانی خۆشبووبێت. هه‌م ڕێز له‌ پیاوه‌كان بگرێت و داوای لێبوردنیان لێ بكات كه‌ ناتونێت هیچ كامیانی خۆشبووێت. ئه‌م حاڵه‌ته‌ی سارا خاتون، لای پیاوه‌كان شتێكی بێمنا و حه‌یابه‌ره‌یه‌، دووره‌ له‌ كه‌لتوور و داب و نه‌ریته‌كانی كۆمه‌ڵگاوه‌. ئاخر چۆن ده‌بێت شۆخێكی وه‌ك ئه‌و، په‌رییه‌كی ڕاسته‌قینه‌، حۆرییه‌كی به‌هه‌شت كه‌ به‌ ئێسقان و خوێنه‌وه‌ له‌سه‌ر زه‌وییه‌، هاوڕه‌گه‌زبازبێت و تامی جه‌سته‌ی پیاو نه‌كات؟ چۆن ده‌بێت پیاو له‌و نیعمه‌ته‌ سروشتی و ئیلاهییه‌ بێ به‌ش بێت كه‌ یه‌زدان، ڕه‌نگه‌ به‌ هه‌ڵه‌ فڕێیدابێته‌ سه‌ر زه‌وی؟ چ جۆره‌ پیاوێكیش، ئه‌وانه‌ی به‌ یه‌ك فیكه‌، یه‌ك ئاماژه‌، یه‌ك چاو داگرتن، ده‌توانن ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ كچ و ژنی وڵات، بێننه‌ به‌رده‌میان و بڕۆنه‌ ئامێزیانه‌وه‌.
دروست ئا لێره‌وه‌، عه‌شق و ئیره‌یی و نه‌گه‌یشتن به‌ سارا خاتون، ئه‌وه‌ وا ده‌كات كۆشك بشڵه‌ژێت و پڕ ببێت له‌ دانانی پلانی له‌ناوبردنی عاشقه‌كان بۆ یه‌كتری. پیاوه‌كان، به‌ تایبه‌ت موراد و سیامه‌ند، سه‌روه‌ختێك هه‌ست ده‌كه‌ن ناگه‌ن به‌ مه‌عشوقه‌كه‌یان، ده‌گۆڕین بۆ دوو دڕنده‌، دوو ئه‌ژدیها و ئاماده‌ن هه‌مو شتیك وێران بكه‌ن. ئا له‌م عه‌شقه‌ ناموراده‌وه‌، كۆشك ورده‌ ورده‌ نزیكده‌بێته‌وه‌ له‌ دوا ڕۆژه‌كانی خۆی، به‌ره‌ به‌ره‌ به‌ره‌و ڕوخان و سوتانی یه‌كجاره‌كی ده‌چێت.
دواجار وه‌ك خوێنه‌رێك، ده‌ستخۆشی له‌و زمانه‌ شیعرییه‌ ده‌كه‌م كه‌ سه‌رله‌بری ڕۆمانه‌كه‌ی پێنووسراوه‌ و بووه‌ته‌ سیمایه‌كی نایابی ڕۆمانه‌كه‌. زمانێك پڕه‌ له‌ جوانی و پوختی و ڕه‌وانی، زمانێك هه‌م شیعره‌ و هه‌م په‌خشان و هه‌م فیكر. زمانێك په‌لكێشت ده‌كات و ده‌رگای كۆشكێكت بۆ ده‌كاته‌وه‌ تێكه‌ڵێكه‌ له‌ واقیع و خه‌یاڵ، خۆشه‌ویستی و تۆڵه‌، سه‌ما و خوێن، ڕاستگۆیی و فه‌نتازیا. ئه‌مه‌ بێ ئه‌وه‌ی له‌ هیچ شوێنێكدا دووچاری چه‌قبه‌ستن و گرێ و گۆڵ و ڕسته‌و په‌ره‌گرافی ناڕێك ببیت.

چۆن فیلم بنووسین؟
,

کتێبی (چۆن فیلم بنووسن) یەکێکی ترە لە کیتێبە باشەکانی نووسەر (دارۆ ئەزیز) و لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە، دارۆ پێشتر کتێبێکی دیکەی بە ناوی (سکرینپلەی) چاپ کردبوو کە دەنگدانەوەیەکی باشی لەنێو نێوەندی هونەری و خوێنەراندا دروست کرد، بەم کتێبەشی لە ئێستادا بۆشاییەکی گەورەی لە کتێبخانەی کوردی پڕ کردووەتەوە و بۆ فیلمسازان و هونەرمەندان وەک سەرچاوەیەکی گرنگ چاو لێ دەکرێت، چونکە بە شێوازێکی زانستی و ئەکادیمی، ئەو پێوەر و مەرج و بنەمایانەی داڕشتووە کە دەبنە هۆکاری پرۆسەی نووسینی فیلم، دارۆ ئەزیز، ئەم کتێبەی بە پشتبەستن بە کۆمەڵێک سەرچاوەی هەمەلایەنی بیانی نووسیوە و هاوکات دید و بۆچوون و ئەزموون و دونیابینی خۆی لەم بوارەدا تێکەڵ کردوە، دەبێت ئەو ڕاستییەش بزانین کە نووسەری ئەم کتێبە، پێشتر خاوەنی کۆمەڵێک هەوڵی جدی و لێبڕاوانە بووە لەو بوارەدا، هاوکات کۆمەڵێک کتێبی باشیشی پێشکەش بە خوێنەر و کتێبخانەی کوردی کرووە، لەوانە: ماسکی ئاوێنە شکاوەکان، سکرینپلەی بە دوو چاپ، کارەکتەری سینەمایی، دوورگەی ئارام و چوار شانۆنامە.
بابەتەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە دابەشکراوە بەسەر چەندین بەش و ناونیشانی سەرەکیی و لاوەکیدا، لەوانە: کرۆکی پێکهاتەی سترەکچەری درامی، جۆرەکانی پێکهاتەی سکرینپلەی، تەکنیکی نووسینی سکرینپلەی، لۆگلاین، پتاکتیزەکردنی پێکهاتە، ڕەوشی ئاسایی، ڕووداوی کاریگەر، یەکەمین خاڵی وەرچەرخان، دەرئەنجامی ئاکتی یەک، بۆچی ئاڵۆزییە بەرەوپێشچووەکان گرنگن؟ چۆن هەڵسەنگاندن بۆ ئاڵۆزییەکانی ڕەشنووسەکەت دەکەیت؟ خاڵی وەرچەرخان وەک ساتەکانی گواستنەوە، کلیلەکانی دامەزراندنی کۆتاییەکی نموونەیی ئاکتی دوو، تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی ترۆپک… و چەندین بەش و ناونیشانی دیکە کە بۆ هەر یەکەیان بە شێوەیەکی ورد و سەرنجراکێش و قووڵ، ڕۆچووەتە نێو وردەکاریی بابەتەکانەوە و تەوەرەکانی شی کردۆتەوە.
لە پێشەکیی ئەم کتێبەدا، دکتۆر دڵشاد مستەفا، ڕایگەیاندووە کە لەنێو دنیای هونەری کوردیدا، هەمیشە قسەکردن لەسەر نەبوونی سیناریۆ (سکرینپلەی) بووەتە ڕۆژەف و لە هەموو بۆنەیەکی هونەری، یان دیدار و هەڤپەیڤینێکدا، پیشەوەرانی ئەم بوارە و تەنانەت بینەری ئاساییش، لەسەر ئەو ڕیتمە ڕاهێنراون کە نەبوونی سینەمایەکی خاوەن شوناسێکی دیار و ئاشکرا و دواتریش ئاستنزمیی بەرهەمەکان، بۆ نەبوونی سینەما بگەرێننەوە، دکتۆر دڵشاد مستەفا، لەو پێشەکییە کورتەی خۆیدا بۆ کتێبی (چۆن فیلم بنووسین) باس لەوەش دەکات ک تا بەر لە بڵاوبوونەوەی کتێبی یەکەمی دارۆ ئەزیز بە ناوی (سرینپلەی) هیچ سەرچاوەیەکی پسپۆڕیی بە کوردی نووسراو لە گۆڕێ نەبووە، تا خوێنەری کورد و فیلمسازانێک کە جگە لە زمانی کوردی بە هیچ زمانێکی تر ناخوێننەوە، سوودمەند بن لەو بنەما زانستی و هونەرییانەی دەتوانن ڕێنوێنی هەر کەسێک بکەن بۆ نووسینی سیناریۆیەک بە ستانداردێکی جیهانی.
نووسەری کتێبەکەش خۆی لە دەستپێکی کتێبەکەیدا ددانی بەوەدا ناوە کە ئەم کتێبە تاوەکو ڕەشنووسی دووەمیش ناوی (پێکهاتەی سکرینپلەی) بووە، بەڵام لەبەر دوو هۆکار لە دوای ڕەشنووسی دووەم ناوەکەی گۆڕیوە بە : چۆن فیلم بنووسین) هۆکاری یەکەم ، کتێبێکی ترم هەبوو بە ناوی سکرینپلەیەوە، دووەم ئەگەرچی پێکهاتەی سکرینپلەی زیاتر ئەکادیمیانە و نزیکتر بوول ە ناوەخنی ئەم کتێبەوە، بەڵام زۆر سنووردار دەبوو، تەنها بۆ ئەو کەسانە دەبوو کە شارەزاییەکیان هەیە کە بواری نووسینی سکرینپلەیدا.
دارۆ ئەزیز ڕاشیگەیاندووە کە ئامانجی ئەم کتێبە، ڕەواندنەوەی هەموو ئەو دڵەڕاوکێیانەیە کە دەربارەی سترەکچەری سکرینپلەی هەتە. ئەم کتێبە بە شێوەیەک نووسراوە، هەر وەک چۆن دەتەوێت خانووەیەک دروست بکەیت، یەکەم هەنگاو نەخشەی بۆ ئامادە دەکەیت، دواتر دەست دەکەیت بە بیناسازی: ئەم کتێبە هەوڵ دەدات بە شێوە زانستییەکەی لۆگلاین و سینۆپس بۆ بیرۆکەکانتان بنووسن، لەگەڵ گەشەپێدانی بیرۆکەکەت لەناو سترەکچەرێکی گونجاو بۆ بیرۆکەکەت، لەگەڵ هەنگاوەکانی گەشەپێدانەکەدا هێنانەوەی نموونەی گونجاو، لەگەڵ نموونەی ئەو چیرۆکانەی چوونەتە ناو پێکهاتەیەکی ناوازەوە.
لە یەکێک لە بەشەکانی کتێبی (چۆن فیلم بنووسین)دا، بە ناوی (پێچەوانەی کات)دارۆ ئەزیز، باس لەوە دەکات کە پێکهاتەی پێچەوانەی کات یەکێکە لە پێکهاتە ڕەسەنەکانی دیکە کە لە فیلمدا بینیومانە، گێڕانەوەی چیرۆکەکانە بە ڕیزبەندیی پێچەوانەی کات: ئەم پێکهاتەیە زۆر جیاوازە، لە کاتێکدا ئێمە لە کۆتایییەوە دەست پێ دەکەین، یان نزیک لە کۆتایی، ئێمە ناگەڕێینەوە بۆ گێڕانەوەی پێچەوانەی کات، بەڵکو هەڵدەستین بە پارچەپارچە کردنی سکرینپلەیەکە و دواتر چیرۆکەکە ڕێکدەخەین بە بەکارهێنانی ئەو بەشبەشانەی لە کۆتاییەوە بۆ سەرەتا لەگەڵ هەر دیمەنێک خۆی بە ڕێکوپێکی و ڕیزبەندیی نیشان دەدات.
لە بەشێکی دیکەی کتێبەکەیدا، دارۆ ئەزیز، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە وەک نووسەری سکرینپلەی، دەبێت گرنگی بە بەربەستەکان بدەیت، تاوەکو بینەران بۆ لای خۆت ڕابکێشیت، ململانێ لە نێوان پاڵەوان و نەیاردا بۆ وەستاندنی پاڵەوانەکەیە لە بەدەستهێنانی ئامانجەکەیدا، لە ڕاستیدا ململانێی درامی، واتە بەرگری بەرامبەر بە کێشەیەک: ئەمەیە دەبێتە شۆفێری چیرۆک و بە ئارەزووی خۆی ئاڕاستەی چیرۆکەکە دەگرێتە ئەستۆ، دەتوانم بڵێم بەربەستەکان خولقێنەری گرژیی دراماتیکن لەنێو سکرینپلەیدا.
لە بەشێکی دیکەی کتێبەکەیدا بە ناوی (چۆن ترۆپک بنووسین) دارۆ ئەزیز، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە نووسەرانی سکرینپلەی هەوڵ دەدەن نەخشەیەک بۆ چیرۆکەکەیان بدۆزنەوە، ئەوەی کە پێی دەڵێن پێکهاتەی سکرینپلەی، ئەم شێوازی کارکردنە ئاسانترە کار لەسەر نەخشەیەک بکەیت بۆ نووسینی دیمەن لە دوای دیمەن: ڕێکردن لەسەر ئەم نەخشەیە دەزانین بەرەو کوێ هەنگاو هەڵدەهێنین، لەناو ئەم نەخشەیەدا نووسینی ترۆپک ناوازەترین بەشە بۆ سکرین، تۆ وەک نووسەرێک پێشبینی بینەران دەکەیت کە توشی سەرسوڕمانیان بکەیت، ئەمە ئاماژەیەکی ئاشکرایە کە چیرۆکەکە تەواو بووە.
دارۆ لە هەمان بەشدا دەپرسێت: چۆن بتوانین ئەم ترۆپکە بە متمانەبەخۆبوونەوە بنووسین؟ هەر خۆی وەڵام دەداتەوە و دەڵێت: زۆر کەسئەم ترۆپکە بە بەشێکی دڵخوازی خۆیان لە فیلمدا، یان لە درامای تەلەڤزیۆنیدا دەزانن، هەر چەندە لە دەستپێکی ئەم بەشەدا دوو جار ب کوردی پێناسی ترۆپکمان کرد، با بزانین بە چڕی ترۆپک چییە؟ترۆپک چڕترین و هەژێنترین و سەرنجڕاکێشترینە لە سکرینپلەیدا، یان گرنگترین خاڵی نمایشی فیلمە، هەروەها لە درامای تەلەڤزیۆنیدا، ترۆپک نوێنەرایەتی هەموو تێکەڵبوونی دیمەنەکان دیاری دەکات.کاتێک دەتەوێت ترۆپک بنووسیت لە هەموو ژانرەکاندا، هەندێک توخم هەن ڕەنگە لەو ترۆپکەی کە دەتەوێت بۆ سکرینپلەیەکەیەتی بنووسیت بەشدا بێت، تۆش دەتەوێت بە هەند وەریان بگریت.
بە گشتی ئەم کتێبەی دارۆ ئەزیز، سەنگ و بەها و گرنگی خۆی هەیە بۆ فیلمسازان و بینەرانی فیلم، بە جۆرێک ئاشنامان دەکات بەو لایەنە زانستی و ئەکادیمییە کە بە هۆیەوە فیلم دەنووسرێت و سیناریۆی لێوە بەرهەم دێت، هاوکات لایەنێکی دیکەی سەرکەوتوویی ئەم کتێبە ئەوەیە کە بە زمانێکی سادە و ڕوون نووسراوە، زمانێک کە هەموان لێی تێبگەین، بۆ پاڵپشتی بۆچوونەکانیشی، نموونەی هەندێک فیلمی جیهانی هێناوەتە و باسی لێوە کردوون، ئەمەش یارمەتیدەرێکی باش و ڕەهەندێکی گونجاو دەبێت بۆ تێگەێستنی خوێنەر لە پەیامی کتێبەکە، بۆیە جێی خۆیەتی ئەو ڕاستییە بدرکێنین و بڵێین: جێی خۆشحاڵییە کە کتێبخانەی کوردی بووە بە خاوەنی یەکێک لە باشترین کتێبە سینەماییەکان، ڕاستە پێشتر چەند هەوڵێکی لەم چەشنە لە بواری وەرگێراندا هەبووە، لێ هیچیان چێژی ئەوەیان نییە کتێبێک بەم دەوڵەمەندییەوە بە کوردی نووسرابێت و بەرهەمی بیر و ئەندێشەی نووسەرێکی کوردی قاڵبووی ئەم بوارە فراوان و ئاڵۆز و سەختە بێت.
بە هیوا خوێنەر و هونەرمەندانی کورد، خۆیان لە خوێندنەوەی ئەم کتێبە بێبەش نەکەن، چونک من دڵنیام سوود و زانیاریی لەوە پتری تێدایە کە لەم ناساندنە کورتەدا باس کراوە.

ڕانانی: سەردەم

وتووێژ لەگەڵ ئاشیش ناندی

وتووێژ لەگەڵ ئاشیش ناندی
سەرۆکی دەزگای لێکۆڵینەوەی وڵاتە ڕوو لە گەشەکان

و. ڕێبین هەردی

ڕ. ج: ڕێگەم بدەن لە هندستان و مەسەلەی کۆلۆنیالیکردن و بەرهەمەکانی ئەم دواییانە لەبارەیی کۆلۆنیالیزمەوە، لەوانەش نووسینەکانی هۆمی باباوە دەست پێبکەم. من هەوڵمدا سەرنج لەو بەرهەمانە بدەم ناویان ناوە مەیلی لاسایکردنەوەی گووتارەکانی کۆلۆنیالیزم. وەک دەزانن لە زاراوەکانی هۆمی بابادا کۆلۆنیالکراو بەهۆی لاسایکردنەوەیەکی ئاڵۆزەوە كاردانەوە بەرامبەر دەسەڵاتی کۆلۆنیالی پێشان دەدەن. لاسایکردنەوەیەک کە هەرگیز ناتوانێت جیاوازی نێوان نوسخەی ڕەسەن و نوسخە کۆلۆنیالیزمی رۆژئاوایی داماڵێت. ئێوە چۆن ڕاستیە تێکەڵەکانی جیهانی سێهەم دەبەستنەوە بە واقعیەتی لاسایگەریەوە؟
ئا. ش: من زۆر باوەڕم بەم مەسەلەیە هەیە کە باستان کرد. هەستناکەم ئەمە لاسایکردنەوەیەکی ڕووت بێت. لەڕاستیدا لاسایکردنەوە جۆرێک بەرگری و ڕێگەیەکە بۆ مانەوە. دەبێت بڵێم لە لاسایکردنەوە مەترسن. سەیر بکەن کەسەکە چی دەکات. کەسەکە لەڕێگەی لاسایکردنەوەوە، بەیعەتێک ئەنجام دەدات و هیوادارە بژاردەکانی کۆلۆنیالکەر سنووردار بکات یان کەمیان بکاتەوە. بەجۆرێک کاتێک من لاسای ئێوە یان دەبمە بابەتێک بۆ لاسایکردنەوەی ئێوە، دەتوانم ئەو هەستە ئاشکرا بکەم کە وەفادارم و بەتەواوی گوێڕایەڵی دیدی ئێوەم بۆ بەها کلتوورەیەکان. تا ئەو شوێنەی ئێوە زیاتر دەسەڵات لەگەڵ ئێمەدا بەش بکەن، منیش زیاتر دەتوانم بەشێوەیەکی ڕوو لە زیاد کار لە ڕەفتاری ئێوە لەڕێگەی لاسایکردنەوەوە بکەم. لاسایکردنەوە شێوەیەکی بەرگیرکردنیشە لە خود. هەندێکجار ئازاربەخش و هەندێکجار کۆمیدیە. بەڵام بەهەرحاڵ ئەمانە وردەکاریە دیاریکراوەکانی شتەکانن. سەرەتا دەبێت بڵێم لاسایکردنەوە دیاردەیەکی ئەخلاقی نیە ، بەڵکو خۆی دیارەیەکی فرە ڕەنگە. دووهەم بەستراوە بەوەوەی ئێوە لاسای چی دەکەنەوە، شێوەی کلتووری جیاواز هەیە. هەندێک لە شێوەکان کە پێدەچێت لاسایکردنەوە بن، بەڵام بە کردەوە بژاردەی زۆرتر دەخەنە بەردەست. چونکە ئەم بەرهەمە کلتووریانە، یەک ڕەهەند و بێ مەنفەز نین. بەتایبەتی کە ڕووکەش و سنورەکەی سەرنجڕاکێشە. بۆ نموونە ڕەنگە ڕۆمان لە ئەروپای سەدەی پانزەهەمەوە وەک شێوەیەکی هونەری و شێوەیەکی لاسایکردنەوە هاتبێتە ناو زۆرێک لە زمانەکانی ئاسیای باشوور، ئەمەریکای لاتین، ژاپۆن و چین- کە هیچ پێشینەیەکیان بۆ ئەم کلتورە نەبووە-. بەڵام چۆنایەتی ئەم هەناردە کلتووریە، بەتایبەتی بەجۆرێک بوو کەکاتێک پێی خستە ناو هندستانەوە، وەک پێویست باڵادەست نەبووین بەسەریدا، و هێواش هێواس کلتووری ئێمە ئەم هاوردەیەی دەروونی کردووە و بۆ مەبەستەکانی خۆی گونجاندووێتی، نەک تەنیا لە هند بەڵکو لە ئەفەریقا، ئەمەریکای لاتین و بەشەکانی تری ئاسیادا ئەم ڕووداوە ڕوویداوە. بەمشێوەیە بە درێژایی نەوەیەک یان دووان، ئێوە بیرۆکەی پلە یەک دەدۆزنەوە کە ڕۆمانی بەکارهێناوە و تیایدا بە سەرکەوتنی گەورە گەیشتووە. باشترە ئەوەمان لەبیر نەچێت هەندێک لە ڕەوانترین رۆمانەکان لەناوەڕاستی سەدەی نۆزدەدا بە زمانی هندی نوسراوە. بەڵام لە ئەفەریقا ماوەیەکی زیاتری ویست، چونکە پرۆسەی سەقامگیری کۆلۆنیالیزم کاتێکی زۆری ویست. لەوێ تەنیا چەند نەوەی ویست بۆئەوەی بتوانن کاردانەوەیەکی داهێنەرانە لەبەرامبەر رۆماندا پیشان بدەن. کەوابوو تاڕایەک پەیوەندی بە خودی بەرهەمەکەشەوە هەیە.
هەستدەکەم یاری کریکت کاتێک گەیشت بۆ ئوستورالیا، هندوچین، و ئاسیای باشوور، بەهەمان شێوە سەرەتاییەکەی خۆی نەمایەوە. شێوازەکەی گۆڕا و وەک هەنوکە دەبینین، ئینگلتەرا کە یەکەم هەناردەکەری ئەم یاریەیە بۆ وڵاتە کۆلۆنیالکراوەکان وەک یاریەکی نەتەوەیی- لە جیهانی کریکتدا لە پلەکانی دواوەیە. گەرچی بە کردەوە گەمەی نەتەوەیی ئینگلتەرا، واتە یەکێک لە زۆرترین لایەنگرانی گەمەکان فتبۆڵ بوو، بەڵام فەرمانڕەوایانی ئینگلتەرا – لەبەر چەند هۆیەک- کریکیتیان هەناردە کرد، چونکە کریکیت گەمەیەک بوو ڕەسانەیەتی ئینگلیزی، وەک ڕەمزێکی ژیار و کلتوری ئینگلیزی ڕەنگ دەدایەوە. بەڵام پێدەچێت کۆلۆنیالکراوەکان ڕووکەشەکەیان وەرگرت و هەوڵیاندا یاری کریکت بکەن. دەکرێت ئەم پرۆسیە لە ئاستێکدا، لانیکەم لە هەنگاوی یەکەمدا بە لاسایکردنەوە بزانین. بەڵام هەموو شتێک بەخێرایی گۆڕا، چونکە کریکیت جۆرێک هەناردەی کلتووری بوو. لەلایەکی دیەوە چەند جۆرێکی دیاریکراوی هەناردە کلتووریەکان هەمیشە بەکەموکوڕ دەمێننەوە و تەقلید بەجۆرێک لە جۆرەکان پیشانی دەدات. ئەمانە هیچیان ڕەهەندی داهێنەرانەیان نیە، تەشریفاتی جل یان خۆراکی ئینگلیزی کە هەندێک لە هندیەکان وەریان گرت و شانازیان پێوە دەکرد، لەم جۆرەیە. من هەستدەکەم تا هەنوکەش دەنگی سەدای ئەم شانازیە لە گوێی هەندێک ئینگلیزدا دەزرنگێتەوە، هەرچەند هەستناکەم خودی ئینگلیزەکان تا ئەم ئەندازەیە شەیدای تەشریفاتی خوادرنی خۆیان بن. بەهەمان شێوە دەکرێت بیر لە کردارە کۆمەڵایەتیەکانی ئینگلیزەکان ، لەوانە بەخۆدا هەڵدانیان بکەینەوە. بەخۆنازین و بەخۆداهەڵدانی ئینگلیزیش هەناردەی ئێرە کراوە. بەتایبەتی کە ئالانگاریێکی ئامادەی لە ڕوانینی بەرهەمانیدا دۆزیەوە بۆ هەندێک لە وشەکان، پێشەکان و کلتورەکان و چینەکانی کاست لە هندستاندا. ئەم شتەش لە سەرەتادا کۆمێدی دەەردەکەوت، بەڵام هێواش هێواش بوو بە هێزێکی بەتوانا لە کۆمەڵگای هندستاندا. ئەم لاسایکردنەوەیە لاسایکردنەوەیەکی ترسناک و کوشەندە بوو، لاسایکردنەوەکان لەگەڵ یەکدا جیاوازن. و دەبێت سایتا جایت رایت (دەرهێنەری بەناوبانگی هندی. و.ک) و بەرهەمی ئینلگلیزی لەهند و ئینگلەتەرادا بەراورد بکرێت.

ڕ. ج: هەمیشە ئەم زیادەڕەوایانەیە ڕوونیدەکاتەوە لاسایکردنەوەی شتێیک سەروترە لە بابەتی لاسایکراو. بۆ نموونە دەکرێت سەیری سینەمای جەماوەری هند بکرێت کە بەرهەمی زۆر گەرمی هۆلیودی هەیە. هەندێک جار ئەم بەرهەمانە، زۆر جەماوەرین و گشت پەسەند دەبن. هندیەکان لە هونەری لاسایکردنەوەدا زۆر سەرکەوتوون، چونکە ئێوە سەماکەرێکی زۆرتان هەیە کە لاسای مایکل جاکسۆن دەکەنەوە، و هەندێکجار زۆر لە مایکل جاکسۆن باشترن، و بە لێهاتویەکی زۆرەوە سەمای شکان (break dance) یان هەر جۆرە سەمایەکی دی جێبەجێ دەکەن.
ئا. ش: بەڵێ. ئەمە ڕاستە. ڕاستان بوێت جۆری جیاوازی لاسایکردنەوە هەیە و ئێوە بەتەواوی ڕاست دەکەن. لاسایکردنەوەی جۆرە لێکچووکانی کاتژمێرەکانی ڕۆلۆکس بە نرخی ١٥ دولار لە شەقامەکانی بانکۆکدا دەدۆزرێتەوە. لاسایکردنەوەکانی تری وەک ئەوەی لە شاکاری چیرۆکی شیری نیواسدا هاتووە، دیارە من کاری شیری نیواس بە لاسایکردنەوەیەکی ڕووت نازانم. گەرچی ئەویش سوودی لەهەمان شکڵی کاتژمێرە ١٥ دولاریەکانی شەقامەکانی بانکۆک وەرگرت- چونکە ئێوە لە لاسایکردنەوەی شیری نیواس کارێکی داهێنەرانە دەبینن. ئەمە تەنیا وەرگێڕان نیە، لاسایکردنەوەیەکی ڕووت نیە، بەڵکو دوبارە بونیادنانەوەیەکی داهێنەرانەیە، بە ڕێکخستنێکی دیاریکراو. من دەتوانم نموونەی ئەدەبی و هونەری ئەدەبی هندی بهێنمەوە، کە لەڕووی هونەرییەوە پێی دەڵێن ڕۆمان. بەڵام ڕۆماننووس بەشێوەیەکی هوشیار بەدوای نمونەی حەماسی هند، واتە پۆرانادا دەچێت. کانتا پۆرا بەرهەمی ڕاجارائو نموونەیەکی باشە لەم بوارەدا. من هەستدەکەم ئەو سەرەڕای ئەوە لە کانتاپور و ئبلیس و مار ئەوەندە سەرکەوتوو نەبووە، بەڵام کانتا پۆرا رۆمانێکی مەزنە و دەریدەخات ئەمجۆرە داهێنانانە دەتوانن ئاسۆیەکی زۆر ڕوونیان هەبێت.

ڕ. ج: هەستدەکەن تەنیا ئەوە ڕۆژهەڵاتە لاسای رۆژئاوا دەکاتەوە؟ یان ئەوەی رۆژئاواش بەشێوەیەک لە شێوەکان دەیەوێت لاسای ڕۆژهەڵات بکاتەوە؟
ئا. ش: کاتێک ڕۆژئاوا لاسای دەکاتەوە، کارەکەی نەک لاسایکردنەوە، بەڵکو وەک شێوەیەکی نیشتیمان گەردوونی دەردەکەوێت. خودی خۆم هەستدەکەم جوتیارێکی هندی پاش دووسەد ساڵ ئەزموونی کۆلۆنیالیزم، زۆر نیشتمان گەردوونی ترە لە ڕۆشنبیرێکی نێۆێۆرکی. چونکە جوتیارە هندیەکە دەبوو شتگەلێک لە ڕۆژئاواوە فێر بێت و دەبوو لەبارەی ڕۆژئاواوە تیورەیەکی هەبێت، هەرچەندە کەمڕەنگ و کامڵ نەبوو و هەرچەند تاکەکەسی، بۆ ئەوەی بتوانێت مانەوەی خۆی بپارێزێت. ئەم مەسەلەیە گرێدرابوو بە مانەوەی خۆی-نەک مانەوەی شەخسی، بەڵکو مانەوەی کلتووریی و ئابووریی. لەکاتێکدا ڕۆشنبیری ڕۆژئاوایی، گەمارۆدراو بە قەڵا پتەوەکانی سیستەمی زانستی ڕۆژئاوایی، ناچارە تەنیا وەک بەشێک لە ئەرک و فەرمانی خۆی یان تەنیا وەک بەشێک لە ئارەزووە فکری و زانکۆییەکانی خۆی، لەبارەی هندەوە بزانێت. لەنێوان ئەم دوانەدا جیاوازی هەیە. لێرەوەیە فرە کلتووری ناهوشیارانە یان نەخوازراوانەی تۆکتۆک لێخۆڕێک یان جوتیارێکی هندی، چەندانجار سەرنجڕاکێشترە لە فرە کلتووری خوێندکارە زانکۆییە بەناوبانگەکان لە زانکۆ ناودارەکانی ڕۆژئاوا.

ڕ. ج: ئێوە ئەم ئاراستیە بە فرە کلتووری دەزانن یان کلتوور داماڵین؟ من باسی تیکتۆک لێخوڕەکانی هندی لە ئەحمەدئاوا دەکەم کە گەورەترین شتی جێی سەرنجیان هەبوونی تەلەفیزێۆنێکی سەتەلایتی یان وەک رۆژئاواییەکانە. بە بڕوای ئێوە ئەم دیاردەیە جۆرێک فرە کلتووریە یان کلتوور داماڵین؟
ئا. ش: نەخێر، قسەی من ئەمە نیە. گەرچی دەتوانین وتوێژ بکەین کە بۆ نموونە ئەم تۆکتۆک لێخۆڕە لە ئەحمەدئاوا، واتە هەر ئەم سیما گریمانکراوە، ئارەزووی زۆری بۆ هەبوونی تەلەفیزێۆنێکی سەتەلایتی کە ناچاری دەکات سەیری دنیای دەرەوە بکات، تا ڕادەیەک لە ژێر کاریگەری ئەو ڕاستیەدایە کە ئەو هیچ سەرگەرمیەکی تری لەبەردەست نیە. لەبەرئەوە ناچارە دڵ بەم ئارەزووە خۆش بکات. ئەمە جۆرێک سەرگەرمیە کە بەکاری دێنێت و دەزانێت چی لێی دەوێت. ڕەنگە ئەو هەواڵەکان و پڕوپاگەندەکانیش وەک جۆرێک سەرگەرمی ببینێت و بەدوایدا بچێت. بەڵگەکەشی ئەوەیە یەکێک لە خوێندکارەکانی کچەکەم لە بەشی فرۆشتنی تەلەفیزێۆن کاری دەکرد، لەوە تێگەیشت بۆ نموونە هیچ گرێنتی نیە کاتێک ئەوان پەیامێک بۆ مەسرەفکەران دەنێرن، مەسرەفکەریش ئەم پەیامە بە هەمان ناوەڕۆک وەرگرێت کە مەبەستیان بووە. مەبەستم ئەوەیە کاتێک زنجیرەیەکی پۆلیسی پەخش دەکرێت، دانیشتوانی پەراوێزنشینی گۆران -ئەو شوێنەی ئەم زانکۆزانە لێکۆڵینەوەی لەبارەوە دکرد، ئەم نمایشە وەک ئاگاداریەکی پۆلیسی دەبینن کە پەیامەکەی ئەوەیە خراپەکاران چۆن کار دەکەن. دەرئەنجامگیریەکان زۆر جیاوازن. بۆ نموونە ڕێوڕەسمێک بۆ یەکێتی نەتەوەیی بەڕێوە چوو کە وەرشکارە بەناوبانگ و ئەستێرە وەرزشتیەکان بەشداریان تیاکرد. بەڵام خەڵکانی دانیشتووی ناوچە پەراوێزیەکان ئەمەیان بەشتێکی دزێو دەزانی، چونکە لەم ڕێوڕەسمەدا ژنانی وەرزشکار جلوبەرگێکیان پۆشی بوو کە ئەوان حەزیان لێندەدکرد.

ڕ. ج: هەستناکەن بەرنامە فەزاییەکان سینەمای جەماوەری هند بخەنە مەترسیەوە؟ من تا ئێستاش بڕوام وایە هندیەکان سینەماکەی خۆیان خۆش دەوێت.
ئا. ش: هەست ناکەم هیچ مەترسیەک ڕووبەڕووی سینەما ببێتەوە. بەتایبەتی هاتنی سەتەلایت و ژمارەیەکی زۆری کەناڵەکان، سەرەتا ئەو وێنایەی دروستکرد کە ڕەنگە پێشوازی جەماوری هندیەکان لە سینەما کەم بکاتەوە، بەڵام ئەمە ڕووی نەدا. لەڕاستیدا کەناڵەکانی سەتەلایت بەسترانەوە بە سینەمای بۆمبەیەوە. مەیدانی کارکردنی سینەمای بۆمبەی بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد، چونکە ئەوان زانیان چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم دیاردەیەدا بکەن. خاڵێ سەرەکی لێرەدا ئەوەیە نامەوێت نکوڵی لەوە بکەم ڕەگەزێکی لاسایکردنەوە لێرەدا بوونی نیە. گەر ئێوە بە وردی سەیری بوارەکانی ژیان بکەن، هەست بە بوونی ڕەگەزێکی لەدەستدانی کلتووی دەکەن، بەڵام بەرگریش هەیە. هەوڵێکیش بۆ ناسینی ئالۆزیەکانی کلتوور و پاراستنی شێوەی ژیانی خودیش بەرچاو دەکەوێت. شتێک کە پێدەچێت لاسایکردنەوە بێت، جۆرێک بەرگری زیرەکانەیە کە لەڕاستیدا ئامانجی لاسایکردنەوە بە لاسایکردنەوە چەک دەکات. ئەم مەسەلەیە بەپێی ئەو بەڵگانەی لەبەردەستن، هەمان میکانیزمی ماستاوکردنیان هەیە. هەرچەندە کۆمیدی و ناپاکی دەرکەوێت. بەڵام ئامانجی ماساتاوکردن لە سیاسەتدا،، نا سیاسی نیە. ئامانج چەک کردنی ئێوەیە. لێرەوە کەمبوونەوەی هێواش هێواشی بژاردەکان یەکێک لە ئامانجەکانی ماستاوکردن و خۆ بچوککردنەوەیە. ئەو ڕابەرەی کوڕنوشی بۆ دەبەیت، هەر لەم ڕێگەیەوە خەریکن بژاردەکانی بۆ ئەوەی کێ لە کوێ دانێت کەم دەکەنەوە. ئێوە لە فەزا جیاوازەکانی ژیاندا لەڕێگەی ماستاوکردنەوە بڕیارەکانی خۆتان دەدەن و پراکتیکی دەکەن. کاتێک هیچ ڕێگەیەکتان بۆ دەستگەشتن بە دەسەڵات نیە، ماستاوکردن شێوازێکی دەستگەیشتنە بە دەسەڵات. من هەستدەکەم شتێکی هاوشێوەی ئەمە لە سەردەمی کۆلینیالیزم لە هندستاندا ڕوویداوە. لەم قۆناغەدا شێوەی زۆر و لەهەمانکاتدا کۆمیدی لاسایکردنەوە هەبوو، کە من لەهەندێک لە نووسینەکانی خۆمدا ئاماژەم بۆیان کردووە. دیاردەی کلتوور داماڵین لە ئاستێکی جەماوەریدا و گەندەڵی و داڕمانیش لە ئابوری و سیاسەتدا شەپۆلی دەدا، بەڵام خەڵکی ئەو دەسەڵاتەیان بەشێوەیەکی بەرکارانە قەبوڵ نەکردبوو، و ئەو زاڵبونەش تەنیا نیشانەی جۆرێک زاڵبوون بوو. قوربانیەکان بۆ دروستکردنی کلتورێک کە گوێڕایەڵ پیشانیان بدات، لەگەڵ حوکمڕاناندا ڕێک کەوتبوون، و دەستیان کراوە بوو بۆ شێوە ژیانی ڕۆژئاوایی، بیروڕاکان، فێرکاری و بەرهەمەکانی ڕۆژئاوا. بەڵام لە ڕاستیدا ئەوان تەنیا خۆیان وا پیشان دەدا، چونکە دەیانویست بەم بەرهەمانە، تێڕوانینەکانی خۆیان سەرلەنوێ بونیاد و دروست بکەنەوە. دەیانویست خەریکی پەیوەستوبونەکان و بەهاکانی خۆیان بن، کە لەڕێگەی ئەمشێوە لاسایکردنەوەوە پاراستبوویان.

ڕ. چ: ئێوە ئەم پرۆسەی کلتوور داماڵینە لەناو دەستەبژێرەکانی بزوتنەوەی خەباتی هند، و لەسەردەمی خەباتی ڕابەرانی بزوتنەوەی ئازادیخواز و کەسانی وەک تاگوور و نەهرو و تەنانەت غاندیدا نابینن. لەگەڵ ئەوەشدا هەموو ئەمانە تیورەگەلێکیان لەبارەی کلتوور یان سیاسەتدا هەبوو، هەندێکیان لە هەندەران خوێندویانە و هەندێکی دی هەرچەندا لە هەندەران نەیانخوێندووە، وەک تاگوور، بەڵام لەوێ نیشتەجێ بوون. و ئێمە دەبینین ئەوان هوشیار بوون بە پێگەی خۆیان و ئەوەی لە کوێی دنیادا ڕاوەستاون.
ئا. ش: ئێمە گفتوگۆ لەبارەی هندەوە دەکەین و لەبەرئەوە من جەخت لەم بەشە دەکەم. چونکە کاتێک بڕیار بێت لەبارەی هند یان سەرتاسەری ئاسیای باشوورەوە قسە بکەین، هەستدەکەم ئاستی ڕاستگۆی قسەکانم لەم ئاستەدا زیاترە لەوەی تەنیا لەبارەی چینی ناوەڕاستی هندەوە قسە بکەم. ئەدیبانی هند، لەبەرئەوەی وێرانکاریەکی زۆر لە چینی ناوەڕاستدا ڕوویدا، زووتر لە پەیکەری کۆمەڵگای خۆیان جیابوونەوە، وەک یەکێک لە هاوکارەکانم دەڵێت، ئەوان لەبری ئەوەی هندی نانیشتەجێ بن، وەک ئاوارەی هندی لەناو هندا ژیانێکی سەرگەردانیان هەبوو، و گۆڕابوون بە ناهندی نیشتەجێ.

ڕ. ج: بۆ؟
ئا. ش: لەبەرئەوەی زۆرتر پەیوەست بوون بە گۆڕانکاریە ئابووریە سیاسیەکانی ئینگلیزەوە، و لەبەردەم بەرکەوتی کلتووری ئیمپراتۆری کۆلۆنیالیزمدا بوون. لەبەرئەوە ناچاربوون لەناو کلتورێکی وادا بژین کە هەموو لوتکە کلتووریەکان و هەموو پێگەکانی ڕەندی و شەرەفیان داگیر کردووە. لەبەرئەوە بە ئارەزوو و ویستی خۆیان لەگەڵیدا گونجان و ڕێک کەوتن، چونکە هەستیان کرد دەسەڵاتیان بەستراوە بەمەوە، بەکردەوەش وابوو. چونکە دەسەڵاتی کلتووریان لە کۆمەڵگای خۆیاندا لەلایەن ئینگلتەراوە زامن دەکرا و بەسترابوو بە توانایان لە قەبوڵکردنی گونجان لەگەڵ شێوەکان و خەسڵەتەکانی ژیانی ڕۆژئاوایی. بەمشێوەیە پرۆسەی کلتوور داماڵین لە ئاستێکی جەماوەریدا ڕوویدا. ئێوە لە زوربەی نوسین و بەرهەمەکانی مندا دەتوانن ڕەنگدانەوەی ئەمە ببینن. کاتێک باسی هند دەکەین، ناتوانین ناوی تاگوور و نەهرۆ یان تەنانەی گاندی بێنن. چونکە ئەمانە بە هەموو گەورەییانەوە لەبنەڕەتدا بەشێک بوون لە کلتووری چینی ناوەڕاست. و ڕەنگە کاریگەریان لەسەر چوار لەسەر پێنچی خەڵکی هند نەبێت، و ڕەنگە هیچ کاریگەریان لەم بوارە تایبەتەدا نەبێت. لەناو ئەو سێ کەسایاتیەی ناوت هێنان، بە بڕوای من غاندی تاکە كەسێک بوو کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە کۆمەڵگای گوندەوە هەبوو. گەرچی خودی ئەویش بەرهەمی شار بوو، بەلام پەیوەندی بە گوندەوە لەوانی دی زیاتر بوو. لەبەرئەوە دەتوانن بە ووردی ئەوەی من دەمەوێت بیڵێم لە گاندیدا ببینن. گاندی پرۆسەی کلتوور داماڵینی مەحکوم دەکرد و لەمڕوەوە بەتوندی ڕەخنەی لە کلتووری ڕۆژئاوا دەگرت. ڕەخنەکانی گاندی زۆر توندتر بوو لە ڕەخنەکانی نەهرۆ و تاگوور.

ڕ. ج: مەبەستان هەمان (هند سواراج)ی گاندیە؟
ئا. ش: ڕێک. لەم کتێبەدا دەبینن ئەو بەشێوەیەکی تەواو داهێنەرانە مامەڵە لەگەڵ کلتووری ڕۆژئاوا و زۆرێک لە بیریاران و ڕۆشنبیرانی ڕۆژئاوادا دەکات. گاندی باسی تۆلستۆی، سۆرۆ (نوسەر و فەیلەسوفی ئەمەریکی) و ڕاسکین (ڕەخنەگری ئینگلیزی) وەک فێرکارانی خۆی دەکات. فێرکارەکانی زۆر جێگەی سەرنجن، ناوی تۆلستۆی و سۆرۆ و تاڕاەدەیەک ڕاسکین بە تەفسیرێک لە زۆرێک لە بیریارە کۆمەڵایەتیەکانی سەدەی نۆزدە پایەدارتر ماونەتەوە. هەروەها کەسانی وەک لینین و ماو. ماو ئاسیایی بوو، بەڵام لینین و بنتام ئاسیای نەبوون. ئەمانە پیشانی دەدەن کاریگەری و ڕووبەڕووبوونەوەی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات مەسەلەیەکی ئاڵۆزترە. من جەخت لەوە دەکەم بەشێکی گەورەی هند، حوکمڕانی کۆلنیالیزمی نەک وەک شکستێک بۆ خۆی دەبینی، بەڵکو بە جۆرێک کارەساتی دەزانی کە دەبێت تەحەمول بکرێت، فێر دەبوو، و وەکوو نەخۆشی سیل یان ووشکەساڵی ڕووبەڕووی بێتەوە. ئەوان تا ئەو شوێنەی لە توانایاندا بوو، سوودیان لە هونەرەکانی خۆیان، و هەروەها ئەو ڕەگەزانە وەردەگرت کە ئەم کارەساتە لەگەڵ خۆی هێناویەتی.

ڕ. ج: بێگومان ئاگاتان لەو وتوێژە هەیە کە لەنێوان تاگوور و مەهاتما گاندیدا هەبوو لەبارەی سوتاندنی جلوبەرگی ئینگلیزی. کام یەک لەم دوانە لە بۆچوونی ئێوەوە نزیکە؟ من هەستدەکەم تۆ لایەنگری گاندی بیت، وانیە؟
ئا. ش: بەتەواوی. تەنانەت گەر بەهۆی هەندێک بیروڕاوە، هندی تازە ڕقیان لێم بێتەوە، دیسان من لایەنگری گاندی دەبم. بۆ نموونە هەرچەند ئەو بومەلەرزەی بەهاری بە دەرئەنجامی پیسی دەزانی، و تاگوور لەگەڵ ئەم بۆچونە نەبوو، وە پێی وابوو ئەم جۆرە بۆچونە جۆرێک گەرمکردنی بازاڕی خورافاتە، من دیسان هەست بە نزیکی لە گاندیەوە دەکەم. من بڕوام وایە ئەوەی گاندی دەیویست بیڵێت، وروژاندی جۆرێک بەرپرسیارێتی گشتی لەو جۆرە بوو کە بۆ نموونە کەسێکی وەک سەرۆک کۆمار کلینتۆن بۆ داوای لێبرون کردن لەبەر خراپەکاری ڕەگەزپەرستی دەیگرێتە بەر. کلینتۆن کویلەدار نەبوو، باوباپیرانیشی لانیکەم لە سەد ساڵ پێش بە دواوە کۆیلەیان نەبوو. لەلایەکی دیەوە گەرچی ئەمەریکیەکان بەرپرسیاری تەکنیکی ئەو دیاردەیە نەبوون، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو داوای لێبوردنی کرد و دەیگوت ئێمە داوای لێبوردن دەکەین، چونکە ئێوە میراتگری کلتوورێکن کە کۆیلەداری تیایدا ڕوویدا. من هەستدەکەم گاندی تا ئەو ڕادەیە هوشیار و لەڕووی فکریەوە بە ئاگا بوو کە لەم مەسەلەیە تێبگات. تێگەیشتنی ئەو لە ناوەڕۆکی قسەکانیدایە. دیارە بونیادێکی فەلسەفی تریش بۆ ئەم مەسەلەیە هەیە. بۆ نموونە ڕام چاندرا گاندی بۆچوونی وایە گاندی هەوڵیداوە لە چەمکی کارما لە بیرکردنەوەی هندیدا چەمکێکی گشتی درووستبکات، لەکاتێکدا کارما ووتەزایەکی تاکەکەسیە کە لەم نموونەیەدا دەگۆڕێت بۆ ووتەزایەکی گشتی. ئەمە تازەگەریەکی سەرسوڕهێنەرە. هەر ئەم مەسەلەیە ئاشکراکەری جیابوونەوەی تاگوور و گاندیە لەسەر خورافات و عەقڵانیەت، مۆدێرنەی ڕۆشنگەرانە و تاریکبیری نەریتە.

ڕ. ج: دڵنیا نیم، چونکە تاگوریش زۆر بەرامبەر بە واقعیەتەکان وریا و هوشیار بوو.
ئا. ش: تاگور لە ستایشکەرانی خۆی بە ئاگاترە. ئێوە ڕاست دەکەن. بۆ من جێگەی خۆشحاڵیە کەسێک لەدەرەوەی کلتووری ئێمە سەرنجی لێداوە. من ئەم ڕەهەندەی کە تاگوور سەبارەت بە ئەو مەسەلانەی گاندی هێناویەتیە پێشێ و ئەوەی ئەو لەم پێگەیدا زۆر جێگەی سەرنج بووە، بەباشی نەبینووە.

ڕ. ج: بەڵام من هۆیەکی ڕوونم بۆ ئەمە هەیە. چونکە کاتێک تاگوور لەسەرەمەرگدا بوو، داوای لە گاندی کرد ڕابەرایەتی شانتی نیکیتان (قوتابخانەی تاگوور) لە ئەستۆ بگرێت. ئەگەر گاندی بڕوای وابوایە کە گاندی کەسێکی خورافە پەرستە، هەرگیز داوای لێنەدەکرد، ئەم ئەرکە لە ئەستۆ بگرێت.
ئا. ش: ئایا بەڕاست تاگوور شتی وای گوتووە؟

ڕ، ج: بەڵێ.
ئا. ش: سەیرە! من نەمزانیوە، تەنانەت یەک ڕۆشنبیری هندی ئەمرۆم نەدیوە کە ئەم چیرۆکەی بیستبێت.

ڕ. ج: بگەڕێینەوە بۆ تاگور و گاندی. خاڵێکی جێی سەرنجە کە ئێوە کتێبێکتان لەبارەی تاگوورەوە نوسییوە، و تیایدا باسی (ناڕەوایەتی ناسێۆنالیزمتان) کردووە، بەڵام لەبارەی گاندیەوە هیچ کتێبێکتان نەنووسیوە. دیارە لە کتێبەکانتاندا لەوانە فیدی دڕندە، ستەمکاری و نەریتەکان. لەبارەی گاندیەوە نووسیستانە. بەڵام لە ڕووی فکر و بیرکردنەوەی سیاسیەوە لە گاندیەوە نزیکترن تا تاگوور…
ئا. ش: بەڵێ. لەڕاستیدا ئەو کتێبەی من لەبارەی تاگوورەوە نووسیم، ڕاهێنانێکی سەرنج ڕاکێشە و گەر بە وردی بیخوێننەوە، تێدەگەین تاگوور چۆن ناهوشیارانە لە ناسێۆنالیزمی هندیەوە ڕووی لە گاندیگەری کردووە. ئەوەش کە هاوڕێکەی واتە ئۆپادیا وەک یەکەم ناسێۆنالیستی هندی، لەدیدی جیهان نیشتیمانیەوە کە جۆرێک ئاراستەی نیمچە گاندیگەریە، ڕووی لە تێڕوانینی تەواو ناسێۆنالیستانەی هندی کردووە. من هەستدەکەم و هیوادارم ماهیەتی ئەم گواستنەوەیە لەم کتێبەدا ڕەنگی دابێتەوە، دیارە ئەم دیاردەیە بۆ بەنگالیەک کە لە قاڵبی تاگوردا پەروەردە بووە، گواستەنەوەیەکی ئاسان و بێ کێشە نەبووە. ساڵانێکی زۆر وا بیرم لە گاندی دەکردەوە کە دیاردەیەکی سەرسوڕهێنەرە، بۆ ساڵەکانی ١٩٠٠ بیرۆکەی ترسناکی هێناوەتە پێشێ. بەڵام هەنوکە بیردەکەمەوە ئەم بۆچونانە لە پەیوەندیدا بە هەلومەرجی سەدەی بیستویەکەوە باشتر لە بۆچونەکانی تاگوور وەڵام دەداتەوە.

ڕ، ج: من هیچ وتارێکی ئێوەم نەدیووە کە لەبارەی چەمکی پەروەردە و وتوێژی کلتوورەکانەوە بێت لە دیدی تاگوورەوە. لەکاتێکدا ئەم بابەتانە بۆ تیورەکانی ئێوە زۆر گرنگن. بەتایبەتی ئێستا کە کار لەسەر بابەتی وتوێژی کلتوورەکان دەکەن، تاگوریش بابەتی زۆری لەم بوارەدا هەیە، تیورەکەی لەبارەی پەروەردە و وتوێژی کلتوورەکانەوە، زۆر گرنگترە لە تیورەکانی لەبارەی ناسێۆنالیزم یان ڕەخنەگرتن لێی.
ئا. ش: من وتارەکەم لەبارەی تاگوورەوە لە هەلومەرجێکی تایبەتدا نووسی. واتە ئەوکاتەی هند بەدەست توندڕەوی ناسێۆنالیزمەوە ڕەنجی دەکێشا. هەستدەکەم ئەو کتێبە کاردانەوە بوو بەرامبەر بەو هەلومەرجە. دیارە من هیچم لەبارەی تیورەی تاگوور بۆ پەروەردە و وتوێژی کلتوورەکانەوە نەنووسی، بەتایبەتی لەڕووی پەروەردەوە کە کەسانێک لە بەنگال کاریان لەسەر ئەم بابەت کردووە. دیارە هەندێک لە لێکۆڵیارانی تاگوور زیرەکن و من هیچکات هەستم نەکرد ئەوان شتێکیان لەمن کەمترە. لەبارەی تیورەی تاگوریشەوە بۆ وتوێژی کلتورەکان هیوادارم ڕۆژێک کاری لەسەر بکەم. بەڵام هەستم ئێستا ئەوەیە لەمبارەیەوە لە گاندیەوە زۆرتر فێر دەبم تا تاگوورەوە. دیارە من زۆر شت لە تاگوورەوە فێر بووم، بەڵام هەندێک بیروڕا و چەمک، هەناسەم توند دەکەن. چونکە من بەو بیروڕایەوە گەورە بووم کە کاری گاندی مەزن و بیروڕاکانی پەرێشان و ئەگەر پەرێشانیش نەبن، لانیکەم بەشێوەیەکی نائومێدانە کۆن بوون. پاشان هێواش هێواش بەو ئەنجامگیریە گەیشتم کە ئەم بیرکردنەوەیە ڕێگەیەکە بۆ خۆ دەربازکردن لە بیروڕاکانی گاندی و ڕێگەیەک بۆ خۆلادان لە هوشیاری ئەو. چونکە ئەمە هوشیاریەکیە دژ بە هوشیاری باڵادەستی ئەو کاتە. کەوابوو ناچار بووین بە سەختی کار بکەین و تێبگەین ڕووبەڕووی ڕێگری دەبینەوە و دەبێت ئەم ڕێگریە دەروونناسیانە بخەینە لاوە بۆ ئەوەی بە بیروڕاکانی گاندی بگەین. هەندێک ڕەگەزی دیاریکراو لە بیروڕای تازە لە ئێمەدا چەکەری دەکرد و ئێمە بە وردی و زۆر وریایانە ڕووبەڕوویان دەبوینەوە- ئەوانە بەرچاوی مرۆڤ دەگرن و ڕێگری لە بینین دەکەن- لەبەرئەمەیە من بەردەوام بۆ گاندی گەڕاومەتەوە، گەرچی بۆ تاگوریش گەڕاومەتەوە، بەڵام کەمتر.

ڕ. ج: من وەک کەسێک کە لەبارەی گاندی و تاگوورەوە کارم کردووە، هیودارم هندیەکان واز لە گاندی وەک کەسێکی پیرۆز بهێنن و زۆرتر وەک بیریارێک ئەژماری بکەن. لەم حاڵەتەدا هند دەتوانێت قوڵتر بیر لە کەسایەتی ئەو بکاتەوە.
ئا. ش: تەواو هاوڕاتم. ئەمە لەبەرئەوەیە کەسێکی وەک ئێوە دەبێت لە دەرەوە تەماشای ئێمە بکات، بۆ ئەوەی لەم خاڵە تێبگات. ڕەنگە گەر گاندی فەرامۆش کراوە، لەبەرئەوە بێت کە پیرۆزیان کردووە، و لە دەوڵەت نەتەوەی هندا بووە بە وەلیەکانی خودا. گەر وتارەکەی من بەناونیشنای (گاندی پاش گاندی) ببینن، تێدەگەن هەوڵمداوە هوشیارانە ئەم سیما بت ئاسایە بشکێنم. ئەم سیمایە سروشتی نیە، بەڵکو دروستکراوە بۆ ئەوەی بە چینی ناوەڕاست بفرۆشرێت. من ئارەزوم ئەوەیە ئەم هەیبەتە تێکبشکێنرێت، و هەستدەکەم نەوەی ئایندە ئەمکارە دەکات.

ڕ. ج: بگەڕێینەوە بۆ وتوێژەکەمان. بەبڕوای من لەباسی تیورەکانی کلتووردا دیاردەی بەجیهانیبوون شتێکی واقعی و زۆر گرنگە لە جیهانی ئەمڕۆدا. بەم دواییانە خوێندمەوە سکرتێری IMF لە چاوپێکەوتنێکدا بەجیهانیبوونی بە خێراکردنی چارەنووسی مرۆڤ پێناس کردبوو. بەبڕوای ئەو نابێت پرۆسەی بەجیهانیبوون وەک هەلێکی زەحمەت بۆ نزیکبوونەوەی ڕەگەزەکانی مرۆڤ، کاری هاوبەش بۆ خۆشگوزەرانی گشتی، و دواجار وەک گەمەی بۆکسێن بەیەک دەست یان لەپشتی سەرەوە بزانین. بەڵام هەستدەکەم بۆچوونی ئێوە وا نەبێت.
ئا. ش: دەزانیت بەبڕوای من بیرۆکەی بەجیهانیبوون تا ئەندازەیەک بۆ خەڵکی وەک ئێمە بێ توانا و پوچە. دیارە ئەم ڕوانینە لەبەرئەوە نیە کە ئێمە مەترسیەکانی خراپترین جۆری سیستەمی سوسیالیزمی بیرۆکراتیانەی پێشووی هندمان دەرک نەکردووە. ئەو سیستەمە بۆ سیستەمەی کۆلۆنیالیزم و بەتایبەتی بۆ کەسانێک کە لەدەرەوەی بوون، مەترسی هەبوو. خەڵکی بە گشتی وەک سیستەمێکی دژ بە بازگانیان دەزانی، بەڵام نەک دژ بە بازرگانی بوو، بەڵکو وەک سیستەمێک بوو بۆ چینی ناوەڕاست، دژی مرۆڤایەتی بوو. لەگەڵ ئەمەشدا من چاوەڕێ دەکەم بە زووی لەگەڵ دەسەڵاتی چینی بازرگاندا ڕێک بکەوێت. بەڵام ڕژێمی پێشوو لایەنگری فەقیرەکان نەبوو، ئەگینا دەبوو لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا زۆرێک لە شتەکان لە هند جیاواز بێت. کێشەی سەرەکی بەجیهانیبوون لە ئێستادا ئەوەیە کە ئەمە خۆی دیاردەیەکی تازەیە و بۆ یەکەمجارە. لەکاتێکدا لانیکەم لەم بەشەی جیهاندا بۆ جاری دووهەمە ئێمە ڕووبەڕووی بەجیهانیبوون دەبینەوە. کۆلۆنیایزمیش جۆرێک بەجیهانیبوون بوو. کۆلۆنیالیزم خۆی تا ڕادەیەک جیهانی بوو. ئەم بڕوایە لەهەموو شوێنێک باوو بوو کە (خۆر هەرگیز لە ئیمپراتۆری ئینگلتەرا ئاوا نابێت). ئیمپراتۆریەکی جیهانی هەبوو و ئینگلیزەکان بەسەریدا باڵادەست بوون. جۆری دووهەمی بەجیهانیبوون کە لەسەدەی بیستدا ڕووبەڕووی هندیەکان بۆوە، ڕووداوی دوو جەنگی جیهانی بوو. بەمانەیان دەگووت جەنگی جیهانی و بەراستیش جیهانی بوون. کەوابوو بۆ یەکەمجار نیە هندیەکان ڕووبەڕووی ئەم دیاردەیە دەبنەوە. لەبەرئەوە زۆرێک لەوان بەسادەیی ناتوانن بڕوا بکەن ئەمە یەکەم دەستپێک و هەلە بۆ بەجیهانی بوون. لەوڕوەوە کە هەوڵەکانی یەکەمی بەجیهانیبوون، کاریگەری زۆر خۆشی نەبوو، لەبەرئەوە کاردانەوەی هندیەکان لەبەرامبەر ئەم دانەیەشدا لەژێر کاریگەری ئەزموونەکانی پێشوودایە. هیچ گومانێک لەمەدا نیە و دیارە قابیلی تێگەیشتنیشە. مەبەستم ئەوەیە لێرە خەڵکی بەجیهانیبوون بەناوی کۆلۆنیالیزمی دووهەم یان پرۆسەیەکی کراوەی کۆلۆنیالکردنی هند دەزانن. لە ئەنجامی ئەمەدا زۆرێک لە پاڵەوانەکانی بەجیهانی بوون توڕە و نا لێبوردە دەبن. بەڵام من هەستدەکەم زۆر سروشتیە کە تێڕوانی ئەوان بەمشێوەیە بێت. دیارە ئەمە تەنیا بەشێکی چیرۆکەکەیە. بەشێکی تری ئەوەیە جیهانی بوون هەمان هەمەکی گەری نیە. جیهانی بوون وا دەزانێت هەمەکیگەرە و ئەرکێکی هەمەکیگەری هەیە. بەڵام ئەم پرۆسەیە تەنیا بەجیهانی بوونە و نەک هەمەکیگەر. من بە ڕوونی جیاوازی لە نێوان ئەم دوانەدا دەکەم. مەبەستم لە هەمەکی گەری ئەوەیە خاوەن توانای و قابلیەتی دیاریکرا بێت بۆ بەرزکردنەوە و باڵاکردنی کلتوورەکان و سیستەمە کۆمەڵایەتی، کلتووری، و سیاسیەکان. بەڵام هەستناکەم بەجیهانی بوون وەک چاوەڕێ دەکرێت هەمەکیگەر بێت. ڕەنگە هەندێک ڕەهەندی هەمەکیگەری هەبێت- بە بڕوای من لانیکەم چەمکی تایبەتی خۆی لە هەمەکیگەریەوە وەردەگرێت. بەڵام زۆرێک لە کلتوورەکانیش کە بە جیهانی بوون مەبەستیتی جێگرەوەیان بێت یان لەگەڵیاندا ڕێک بکەوێت، خاوەنی تێگەیشت و بۆچوونی تایبەتی خۆیانن بۆ هەمەکیگەری. کەوابوو ئەم دوو جۆرە لە هەمەکیگەری لەگەڵ یەکدا لە ململانێ و ڕکەباریدان. بەو مانایەی بەجیهانی بوون بۆ ئەم کلتوورانە، هێندەش بەجیهانی بوون نیە. تەنیا بە ڕووکەش بەجیهانی بوونە، بەڵام هەمەکیگەر نیە. ئەوانیش تەنیا هەستدەکەن تێگەیشتنی خۆیان هەمەکیگەرترە. بۆ نموونە ئیسلام لەبەرچاو بگرن. بنەمکانی هەمەکیگەرە. زۆرێک لە کلتوورە ئیسلامیەکان وا هەستدەکەن بنەماکانی هەمەکیگەری کە بەجیهانی بوون بانگەشەی بۆ دەکات یان جەختی لێدەکات، بنەماگەلێکن کە هەمەکیگەری ئیسلامی نەفی دەکەن. من ناتوانم نمونەی سیستەمی دی بهێنمەوە کە بە هەمان شێوە بیر دەکەنەوە.

ڕ. ج: زۆر باشە. بەڵام من کێشەم لەگەڵ ئەم باسەی ئێوە هەیە. بەجیهانی بوون دوو خاڵی لەگەڵ خۆیدا هەیە. یەکێکیان سیستەمێکی نوێی زمانە، بەو مانایەی زمانی ئینگلیزی زمانی یەک لەسەر سێی زمانی جیهانە و لە سەدا هەشتای بابەت و ناوەڕۆکەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان یان ئینتەرنێتیش بە زمانی و خەتی ئینگلیزیە. خاڵی دووهەم بەبڕوای من ئەوەیە بەجیهانی بوون دەوڵەتە خۆشگوزەرانیە کۆمەڵایەتیە کلاسیکیەکانی(ئەگەر نا دەوڵەت – نەتەوەکان)ی لەناو برد. لێرەوە سیمای کۆمەڵگای گۆڕی.
ئا. ش: ڕاست دەکەن. بەڵام لەڕاستیدا دیدی من بۆ بە جیهانی بوون دەرئەنجامی ئەو ڕاستیەیە کە لە زۆرێک لە وڵاتەکاندا لەسەدا دە تا پانزەی خەڵکی بە فەرامۆشی و مردن دەسپێرێن

ڕ.ج: مردن؟
ئا. ش: بەڵێ. لە هندستاندا ئەم پرۆسەیە بەهیچ ناگات، مەگەر بە لەناوچوونی دە تا پانزە لە سەدی خەڵکی و لەوانە زۆرێک لەو گروپە ئەتنی و خێڵەکیانەی بە ئابووری چاودێریکراو ڕانەهاتوون. بە سروشتی ئەم ئابوریە تێڕوانینێکی جیاوازی بۆ سیستەمی کۆمەڵایەتی و کلتووری هەیە کە ئەو گروپانە شانسی ئەوەیان نیە لەگەڵیدا بگونجێن، و ناتوانن نهێنیەکانی ئەم بازرگانیە فێر بن. گومانی من ئەوەتە ئەم پرۆسەیە ببێتە هۆی لە ناوچوونی ئەم کلتوورانە، و ڕەنگە مردنی ئەم کۆمەڵگایانە. بەنزیکی یەک لەسەر سێی خێڵە هندیەکان بەدرێژای پەنجا ساڵ ڕەوتی گەشەکردن و پەنجا ساڵ ڕەوتی ئابووری سیاسی پێش بەجیهانی بوون، رێشەکێش کران. خاڵێک کە دەبێت لەبیرمان بێت، ئەوەیە بەجیهانی بوون لەسەر بناغەی چالاکیەکی خود هوشیارانە و بە بەرنامە داناڕێژرێت، بەڵکو مەسەلەکە بۆ هەندێک لە دەستەبژێرەکان، هەندێک لە ئابووریزانانی گەشەکردن و هەندێک ڕابەری سیاسیە. بەڵام لەڕاستیدا چەمکی بەجیهانی بوون لای زۆرێک لە بەشەکانی خەڵکی هند کاردانەوەیەکە کە ئەوان بەرامبەر بە سیستەمی سەرەتایی خۆیان پیشانی دەدەن. ئەو سیستەمە زۆر سوکایەتیپێکەر و سەرکوتکەرە بوو، چونکە سیستەمێک بوو بەتەواوی لەژێر کۆنتڕۆڵی کۆنگرەدا بوو. تەنانەت ئەوکاتەی خوشگوزەرانیان بە خەڵکی دەدا، ئەمکارەیان بە شێوەیەکی تەواو سوکایەتپێکەر و ئیهانەکردنەوە ئەنجام دەدا.

دهلی نوێ، کانونی دوهەمی ۲۰۰۰

* سەرچاوە:
رامین جهانبگلو: جهانی بودن: پانزە گفتگو با اندیشمندان امروز جهان-رامین جهانبگلو- تهران. نشر مرکز، چاپ دوم١٣٨٢

كتێب… ته‌نها كتێب و به‌س

نووسینی: سمیر عطاالله‌
وه‌رگێڕانی له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌: باوكی ڕه‌هه‌ند
ئه‌لسكه‌نده‌ر سۆڵجنتسین ده‌ینووسی، ئینجا ده‌ینووسی، پاشان هه‌ر ده‌ینووسی. سه‌ر‌وه‌ختێك له‌ ساڵانی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا، له‌ مۆسكۆ ده‌ركرا، هات بۆ ئه‌مریكا و هه‌مو جیهان چاوه‌ڕوانی بوون. به‌ڵام له‌ بری ئه‌وه‌ی له‌ نیۆیۆرك بمێنێته‌وه‌، ڕێگاكه‌ی گرته‌به‌ر و ڕۆشت بۆ خانووه‌یه‌كی دووره‌ په‌رێز، له‌ ناو دارستانێكی ویلایه‌تی فێرمۆنت، تاكو ده‌ست به‌ نووسین بكاته‌وه‌. هاوسه‌ره‌كه‌ی و منداڵه‌كانی له‌ ڕۆژێكدا، ته‌نها یه‌ك جار ده‌ڕۆشتنه‌ ژووره‌كه‌ی، منداڵه‌كانی ماچ ده‌كرد و هه‌واڵی ده‌رس و ده‌وره‌كه‌یانی ده‌پرسی. دوای نیو كاتژمێر، زۆر به‌ جوانی له‌ ژووره‌كه‌ی ده‌یكردنه‌ ده‌ره‌وه‌: ئێوه‌ بڕۆن به‌لای یاریكردنی خۆتانه‌وه‌ و منیش ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ سه‌ر كاره‌كه‌م.
سۆڵجنتسین به‌ گڕوتینێكی سه‌یره‌وه‌ ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ سه‌ر كاره‌كه‌ی، له‌ ماوه‌ی دوو ده‌یه‌دا، شه‌ش كتێبی نووسی، هه‌ر كتێبێكیان 750 لاپه‌ڕه‌ بوو، ئێستا دوای مردنی به‌ چه‌ند ساڵێك و دوای چه‌ندین ساڵ له‌ هه‌ره‌سهێنانی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت كه‌ سۆڵجنتسین ڕۆڵێكی گه‌وره‌ی هه‌بوو له‌ ڕووخاندنیدا، به‌شی سێیه‌می به‌رهه‌مه‌كانی به‌ وه‌رگێڕانه‌ ئینگلیزییه‌كه‌ی بڵاوكراوه‌ته‌وه‌. به‌ڵام ئایا ئه‌م نووسه‌ره،‌ هیشتا له‌ خۆرئاوا و له‌ ڕوسیا هه‌ر زیندووه‌؟ به‌ ته‌واوی زیندوو نییه‌، وه‌لێ ئاماده‌یی هه‌ر هه‌یه‌. ئه‌و وه‌ك سیمبولێكی دیاری ئه‌ده‌بی ڕوسی ده‌مێنێته‌وه‌، سمبولێك له‌ نێوان شۆڕش و شۆڕش به‌سه‌ر شۆڕشدا. ئه‌وه‌ی زۆرێك لێی بێئاگان، ئه‌وه‌یه‌ سۆڵجنتسین ڕه‌خنه‌یه‌كی تووندی له‌ زیندانه‌كانی كۆمۆنیزم گرت، پێش ئه‌وه‌ش ڕه‌خنه‌یه‌كی زۆری له‌ زینداه‌كانی قه‌یسه‌ر گرتبوو. به‌ راستگۆیی حه‌قیقه‌ته‌ مێژوییه‌كانی ده‌نووسییه‌وه‌ و ماناكانی و هۆكاره‌كانی بۆ میلله‌ته‌كه‌ی شیكار ده‌كرد. ئه‌و باوه‌ڕی به‌وه‌ بوو، ئه‌ركێكی مێژوویی له‌سه‌ر شانه‌ كه‌ بریتییه‌ له‌ سه‌رله‌نوێ نووسینه‌وه‌ی مێژووی ئیمپراتۆریه‌ت. به‌مه‌ش ماشێنی ڕاگه‌یاندنی سۆڤیه‌ت زۆر به‌ تووندی كه‌وتنه‌ په‌لاماردانی، به‌و پێیه‌ی به‌كرێگیراوی خۆرئاوایه‌. وه‌لێ دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ وڵاته‌كه‌ی، هه‌موانی شۆك كرد، به‌وه‌ی هێرشێكی تووندی كرده‌ سه‌ر ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ خۆرئاوا.
له‌و هێرشه‌ی بۆ سه‌ر خۆرئاوا، باس له‌ نائومێدییه‌كی گه‌وره‌ ده‌كات له‌ ژیانی خۆرئاوا، له‌مه‌شدا له‌ كچه‌كه‌ی ستالین “سفیتلانا ستالین” ده‌چێت كه‌ ڕایكرد بۆ ئه‌مریكا و بووه‌ گه‌وره‌ترین ریكلام دژ به‌ یه‌كێتی سۆڤیه‌ت. به‌ڵام ئه‌ویش- واته‌ كچه‌كه‌ی ستالین-گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ وڵاته‌كه‌ی سۆڤیه‌ت و ڕایگه‌یاند كه‌ له‌ ژیانه‌ تازه‌كه‌یدا دووچاری نائومێدییه‌كی گه‌وره‌ بووه‌. كچه‌كه‌ی ستالین له‌ دوا قۆناغه‌كانی خه‌مباریدا، گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ئه‌مریكا تاكو له‌ گونده‌كانی ئه‌و وڵاته‌دا، ژیانێكی له‌بیركراو بژی (1).
سۆڵجنتسین مێژووی ڕوسیای له‌ شۆرشی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 1917وه‌، له‌سه‌ر شێوه‌ی رۆمان نووسییه‌وه‌. هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ جیاوازییه‌كی گه‌وره‌ له‌ نێوان شۆڕشی فه‌ره‌نسی و شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ری ڕوسیا داده‌نێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ڕژێمی فه‌ره‌نسا سێ ساڵ به‌رگه‌ی گرت و خۆڕاگربوو. كه‌چی حوكمی قه‌یسه‌ر له‌ ڕوسیا، له‌ ماوه‌ی سێ ڕۆژدا ڕوخا و هه‌ره‌سیهێنا. كاره‌كانی سۆڵجنتسین پڕ پڕه‌ له‌ هه‌زاران ورده‌كاریی و پارچه‌ وه‌ره‌قه‌ی بچوك بچوك كه‌ له‌ ڕۆژنامه‌كانه‌وه‌ وه‌ریگرتووه، له‌وانه‌‌: “ئه‌و سه‌ربازانه‌ی په‌لاماری ئه‌فسه‌ره‌كانیان ده‌ده‌ن”، “سوپا كه‌ له‌ هه‌مو ده‌زگاكانی دیكه‌ زیاتر یه‌كگرتوو بوو، ده‌پوكێته‌وه‌ و نامانێت”، “جه‌رده‌ و چه‌ته‌كان باڵه‌خانه‌ گشتییه‌كان ده‌سوتێنن. فه‌رمانبه‌ره‌كان نووسینگه‌كانی خۆیان به‌جێده‌هێڵن”، “خوێندكاره‌كان په‌یكه‌ره‌كان تێكده‌شكێنن”.
ڕه‌نگه‌ به‌شی هه‌ره‌ زۆری ئه‌وه‌ی سۆڵجنتسین له‌سه‌ر مێژوو نووسی، ته‌نها بۆ مێژوو و بۆ ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌می ڕوسه‌كان ماوه‌ته‌وه‌. چونكه‌ كاتێك یه‌كێتی سۆڤیه‌ت هه‌ره‌سیهێنا، سه‌یریكرد نه‌وه‌ی نوێ یه‌كێتی سۆڤیه‌ت ناناسێت. ئه‌وانه‌شی سۆڤیه‌تیان ده‌ناسی، چیتر باسی ناكه‌ن و بیریانچووه‌ته‌وه‌. ئه‌وانه‌شی بیریان ده‌كه‌وێته‌وه‌، زۆر گوێی پێناده‌ن. مه‌سه‌له‌كه‌ ئیدی كۆتایی پێهاتووه‌ و هه‌مو شتێك له‌ دووتوێی كتێبه‌كاندا ماوه‌ته‌وه‌.
سه‌رچاوه‌
الشرق الاوسط، دوو شه‌ممه‌، 6 كانونی یه‌كه‌م 2021
(1)بۆ زیاتر ئاشنابوون به‌ كچه‌كه‌ی ستالین، وه‌ك وه‌رگێڕی وتاره‌كه‌ و له‌ ڕێگه‌ی ئینته‌رنێته‌وه‌، ئه‌م په‌راوێزه‌م بۆ نووسینه‌كه‌ داناوه‌.
سفیتلانا ستالین، كچه‌ تاقانه‌كه‌ی ستالین بوو، ساڵی 1926 له‌دایكبووه‌ و ساڵی 2011 له‌ ته‌مه‌نی 86 ساڵیدا، له‌ ویلایه‌تی ویسكۆنسینی ئه‌مریكا و به‌هۆی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ی قۆڵۆن، كۆچی دوایی ده‌كات. ئه‌م خانمه‌ سێ جار هاوسه‌رگیری كردووه‌ و سێ منداڵی خستووه‌ته‌وه‌. ساڵی 1967 یه‌كێتی سۆڤیه‌ت به‌جێده‌هێڵێت و ده‌ڕوات بۆ ئه‌مریكا. چیرۆكی ڕۆشتنه‌كه‌ی به‌م جۆره‌یه‌، له‌و ساڵه‌دا، به‌ بیانوی ئه‌وه‌ی به‌شداری له‌ پرسه‌ی مردنی هاوسه‌ره‌ هیندییه‌كه‌ی ده‌كات و خۆڵه‌مێشه‌كه‌ی ده‌خاته‌ ده‌ریاوه‌، هه‌ردوو منداڵه‌كه‌ی له‌ سۆڤیه‌ت جێده‌هێڵێت و ده‌ڕوات بۆ هیندستان. به‌ڵام دوای ته‌واوبوونی مه‌راسیمه‌كه‌، له‌ بری ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ یه‌كێتی سۆڤیه‌ت، په‌نا ده‌باته‌ به‌ر سه‌فاره‌تی ئه‌مریكا له‌ هیندستان و دواتر له‌ ڕێگه‌ی هه‌واڵگریی ئه‌مریكییه‌وه‌ (سی ئای ئه‌ی) ده‌گوێزرێته‌وه‌ بۆ ئه‌مریكا. له‌وێ ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ ده‌زگا میدیاییه‌كان چاوه‌ڕوانی ده‌كه‌ن و له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا هێرشیكی زۆر توند ده‌كاته‌ سه‌ر ڕژێمی كۆمۆنیستی سۆڤیه‌ت و ده‌ڵێت: “هاتووم بۆ ئێره‌ تاكو ئازادی قسه‌كردن به‌ده‌ستبێنم، ئه‌و ئازدییه‌ی له‌ ڕوسیا بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر لێی بێبه‌ش بووم”.
هه‌ر له‌و ساڵه‌دا، واته‌ ساڵی ڕاكردنه‌كه‌ی له‌ سۆڤیه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌مریكا 1967، كتبێك به‌ ناونیشانی: (بیست نامه‌ بۆ هاوڕێیه‌ك) ده‌نووسێت و تێیدا ڕه‌خنه‌یه‌كی توند له‌ ڕژێمی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت ده‌گرێت و باس له‌ بڕیاری ڕاكردنه‌كه‌ی ده‌كات بۆ خۆرئاوا و گه‌ڕان به‌دوای ئازادیدا. ساڵی 1970 له‌گه‌ڵ ولیام بیترز-ی ئه‌مریكی هاوسه‌رگیری ده‌كات و ناوی خۆی ده‌گۆڕیت بۆ لانا بیترز. به‌ڵام ته‌نها دوو ساڵ لای ئه‌م هاوسه‌ره‌ ئه‌مریكییه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌، پاشان لێی جیاده‌بێته‌وه‌ و له‌گه‌ل كچه‌‌ بچوكه‌كه‌‌ی “ئۆلگا” ده‌ڕوات بۆ به‌ریتانیا. له‌ ناوه‌ڕاستی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا، كتوپر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ یه‌كێتی سۆڤیه‌ت و له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایده‌گه‌یه‌نێت: “ئه‌و له‌ خۆرئاوا بۆ یه‌ك ڕۆژیش چییه‌ ئازاد نه‌بووه”‌. به‌ڵام له‌ یه‌كێتی سۆڤیه‌ت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌یتوانی په‌یوه‌ندی خۆی له‌گه‌ڵ دوو منداڵه‌كه‌ی چاكبكاته‌وه‌ كه‌ كاتی خۆی به‌جێیهێشتبوون، هه‌ست به‌ نائومێدی و دڵشكانێكی گه‌وره‌ ده‌كات و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌مریكا.
ساڵی 2008 له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا ده‌ڵێت: “له‌ماوه‌ی مانه‌وه‌م له‌ ئه‌مریكا، به‌درێژایی چل ساڵی ڕابردوو، ئه‌مریكا هیچ شتیكی پێنه‌به‌خشیم. به‌ڵام هه‌نووكه‌ تازه‌ درنگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بڕۆم بۆ شوێنێكی دیكه‌، من لێره‌ له‌ ئه‌مریكا ده‌مرم”. له‌ منداڵیدا په‌یوه‌ندی ئه‌م خانمه‌ له‌گه‌ڵ ستالینی باوكی، په‌یوه‌ندییه‌كی پڕ له‌ خۆشه‌ویستی بووه‌. ستالین به‌رده‌وام به‌ “چۆله‌كه‌ بچكۆله‌كه‌م” بانگی كردووه‌. وه‌لێ دوای ئه‌وه‌ی سفیتلانا یه‌كێتی سۆڤیه‌ت به‌جێده‌هێڵێت و ده‌ڕوات بۆ ئه‌مریكا، ئاوا باسی باوكی ده‌كات: “له‌ ڕووی ئه‌خلاق و ڕۆحییه‌وه‌ دڕنده‌-وه‌حش- بوو”.
سفیتلانا له‌ یاداشته‌كانیدا، واته‌ كتێبه‌كه‌ی (بیست نامه‌ بۆ هاوڕێیه‌ك)، به‌هۆی فرۆش و ڕه‌واجی زۆری كتێبه‌كه‌یه‌وه‌، توانی زیاد له‌ ملیۆن و نیوێك دۆلار به‌ده‌ستبێنێت. له‌ به‌شێكی یاداشته‌كانیدا ده‌ڵێت: “باوكم پیاوێكی زۆر ساده‌ بوو، زۆر خراپ و دڵڕه‌ق بوو، منی خۆشده‌ویست، حه‌زی ده‌كرد ببم به‌ ماركسییه‌كی خوێنده‌وار”. له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا ده‌ڵێت: “خه‌ڵكی لێره‌ له‌ ئه‌مریكا، ده‌ڵێن ئه‌مه‌ كچه‌كه‌ی ستالین-ه‌، واته‌ ئه‌وان پێیانوایه‌ من ڕه‌شاشێكم هه‌ڵگرتووه‌ و ده‌مه‌وێت ئه‌مریكییه‌كان بكوژم. هه‌ندێكی دیكه‌یان ده‌ڵێن ئه‌و مادام هاتووه‌ بۆ ئه‌مریكا، كه‌واته‌ ئه‌مریكییه‌، به‌ مانای ئه‌وه‌ی من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌م له‌ هه‌ر شوێنێك بێت بۆردومانی خه‌ڵك بكرێت”.
گرفتی ئه‌م خانمه‌ ئه‌وه‌ بوو، بۆ هه‌ر شوێنێك بڕۆشتایه‌، سێبه‌ری باوكی و به‌دوایه‌وه‌ بوو، زۆر هه‌وڵیدا خۆی له‌و سێبه‌ره‌ ڕزگار بكات، به‌لام بێهوده‌ بوو. له‌ یه‌كێك له‌ چاوپێكه‌وتنه‌كانیدا ده‌ڵێت: بۆ هه‌ر كوێیه‌ك بڕۆم، سویسرا یان هیند یا هه‌ر دورگه‌یه‌كی دووره‌ ده‌ستی چۆل، ناو و سێبه‌ری باوكم به‌دامه‌وه‌یه‌”. سفیتلانا ته‌مه‌نی شه‌ش ساڵ بووه‌ كه‌ دایكی خۆیكوشتووه‌، به‌ڵام ئه‌و به‌م خۆكوشتنه‌ی دایكی نه‌زانیوه‌ و پێیان وتووه‌ دایكی نه‌خۆشه‌. باكۆف-ی برای ساڵی 1941 و له‌ گه‌رمه‌ی جه‌نگی دووه‌می جیهانی ده‌كوژرێت، ئه‌مه‌ دوای ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن سوپای ئه‌ڵمانیاوه‌ ئه‌سیر ده‌كرێت، وه‌لێ ستالینی باوكی ڕازینابێت له‌گه‌ڵ جه‌نه‌ڕاڵێكی ئه‌ڵمانی كه‌ لای سوپای ڕوسیا ئه‌سیر كراوه‌، ئاڵوگۆڕی پێبكات. براكه‌ی دیكه‌ی كه‌ ناوی فاسیلی بوو، ساڵی 1962 له‌ مۆسكۆ كۆچی دوایی ده‌كات.

وتە مێژووییەکەی دۆستۆیڤیسکی لە یادی پوشکیندا

ڕانانی: سەردەم
ئەم کتێبە بە قەبارە بچووکە، بەڵام بە ناوەڕۆک گەورەیە و سەنگ و بەهای تایبەتی خۆی لەنێو ئەدەبیاتی جیهانیدا هەیە، چونکە بابەتی کتێبەکە لە وتارێکی جوان و ئەدەبیی گەورە نووسەری ڕووسیا و جیهان (دۆستۆیڤیسکی) پێکهاتووە کە بۆ گەورە شاعیری ڕووسیا و جیهان (پوشکین) نووسیویەتی و لە ڕۆژی پەردەلادان لەسەر پەیکەری پوشکین، لە بەردەم ژمارەیەکی ئێجگار زۆر لە نووسەران و ڕووناکبیران و بیرمەندان و خەڵکێکی زۆردا پێشکەشی کرد، وتارەکەی دۆستۆیڤیسکی، سەبارەت بە شیعر و داهێنان و دنیای ئەدەبیی پوشکین بوو، بەڵام دەکرێت خودی نامەکە وەک مانیسفێستێک بخوێنرێتەوە بۆ تێگەیشتن نەک تەنها لە شاعیرێکی دیاریکراوی وەک پوشکین، بەڵکو بە گشتی وەک نەخشەی شیعری و ئەو ژانرە کاریگەرەی کە لە هەناوی خۆیدا دنیایەک نهێنی و کۆد و ئاماژ و دەلالەت و چەمک و ڕەهەندی جیاجیای هەڵهگرتووە.
ئەم کتێبە لە نووسین و وەرگێڕانی (شیروان ەحموود محەمەد)ە و ڕاستەوخۆ لە زمانی ڕووسییەوە وەریگێراوە، لە دوتوێی کتێبەکەدا جگە لە پێشەکییەکی چڕی نووسەر، بابەتێکی شیکاری خودی نامەکەی دۆستۆیڤیسکیشی لەخۆ گرتووە کە لەلایەن (ڤلادمیر ڤیکتۆرەڤیچ) نووسراوە و تیایدا سەرجەم لایەنە جۆراوجۆرەکانی وتارەک شیدەکاتەوە و ڕاڤەی کۆی دەستەواژەکانی نێو وتارە مێژوویی و گرنگەکی دۆستۆیڤیسکی دەکات، ئەوەی وا لە دۆستۆیڤیسیکی نووسەر و بیرمەند دەکات ئەو وتارە بنووسێت و پێشکەشی بکات، ئەوە دەبێت کە ڕۆژی ٨ی حوزەیرانی ساڵی ١٨٨٠ ڕێکخراوی (بڵەگەڕۆدنەیا سەبرانیا) لە مۆسکۆ و بە بۆنەی پەردەلادان لەسەر پەیکەری پوشکین، کۆبوونەوەیەکی جەماوەری لە لایەن کۆمەڵەی دۆستانی زمانەوانیی ڕووسییەوە ڕێک خرا و لەو کۆبوونەوەیەدا دۆستۆیڤیسکی وتارە مێژووییەکی خۆی خوێندەوە کە بەم وشانە کۆتایی پێ هێنا: پوشکین لە لووتکەی گەشەکردنی تواناکانیدا مرد و بێگومان نهێنییەکی گەورەی لەگەڵ خۆیدا بردە ژێر خاک، وا ئێستاش ئێمە بەبێ ئەو، لە هەوڵی ئەوەداین پەی بەو نهێنییە بەرین.
بە بڕوای ڤلادمیر، گەورەترین نهێنی ئەو وتەیەش ڕێک لەو کاریگەرییەدایە کە لەسەر گوێگرەکانی جێهێشت، ئامادەبوان کەسانێکی هەمەچەشنە بوون، هەر دۆستۆیڤیسکیش نەبوو وتاری خوێندەوە، بەڵکح کۆمەڵێک نووسەر و ڕەخنەگری گەورش وتاریان پێشکەش کرد، بەڵام تەنیا وتارەکەی دۆستۆیڤیسکی ئەو کاریگەرییە گەورەیەی جێهێشت،
هێنری ترۆیان کە بۆ خۆی کتێبێکی گەورەی لەسەر دۆستۆیڤیسکی هەیە و یەکێک بووە لە ئامادەبوانی ئەو ڕێزلێنانی پوشکین و گوێبیستی وتەکەی دۆستۆیڤیسکی بووە، دەیگێڕێتەوە کە دۆستۆیڤیسکی لەنێو بێدەنگیی ئامادەبواندا دەست دەکات بە پێشکەشکردنی وتەکەی: سەرەتا بە دەنگێکی نزم و هیراو دەست پێ دەکات و بەرە بەرە دەنگی بەرز دەبێتەوە و باڵ بەسەر هەموو هۆڵەکەدا دەکێشێت، ئەم پیاوە نەخۆشە، ئەم پیاوە پیر و ژاکاوە، ئەو هێز و تاقەتەی لە کوێ بوو کە لە پشت تریبۆنەکەوە، بەو دەنگە دلێرەوە هاوار بکات.
لەو ئاهەنگەدا و لە بەردەم وتە مێژووییەکەی دۆستۆیڤیسکیدا، ئامادەبوان بە خۆشییەکی دەروونی ئەوتۆوە، وەک ئەوەی گوێ لە گوتاری خوتبەخوێنێکی ئایینی بگرن، بەو ئاوایە گوێیان دەگرت و سەریان دادەنەواند، لەگەڵ هەڵچوون و دەنگبەرزکردنەوەی دۆستۆیڤیسکیدا، بە جۆرێک ئامادەبوان دەخروۆشێن و هەڵدەستنە سەرپێ و دەست دەکەن بە هاوار، ستایشی ئامادەبوان دەگات بە شوێنێک کە لەنێو هۆڵەکەوە بە دەنگی بەرز وەک پێغەمبەرێک بانگی بکەن، هاوکات هەندێک لەوانەی پێشتر دوژمنایەتیی یەکدییان دەکرد، لە ژێر کاریگەریی وتەکەیدا، باوەش دەکەن بە یەکتردا و بەڵێن بە یەکدی دەدەن کە چیدی ڕقیان لە یەکدی نەبێتەوە، دۆسستۆیڤیسکی کە هەڵچوون و ماندوێتی پرزەیان لێ بڕیبوو، فرمێسک و بزەی تێکەڵاو ببوو، تەوقەی لەگەڵ ئەو کەسانەدا دەکرد کە دەورەیان دابوو، لاقی دەلەرزین و بە ئەستەم خۆی بە پێوە ڕادەگرت، کاریگەرییە وتە مێژووییەکەی دۆستۆیڤیسکی دەگات سەر یەکێک لەوانەی کە بڕیارە دوای دۆستۆیڤیسکی وتار پێشکەش بکات، ئەو کەسەش (ئەکساکۆڤ)ە، بەڵام کاتێک دەچێتە سەر شانۆ و بەردەم مایکەکە، ڕاتیدەگەیەنێت کە ئەو وتارەکەی خۆی ناخوێنێتەوە و دەڵێت: دوای وتارەکەی دۆستۆیڤیسکی، ئیدی من هیچم نییە بیڵێم.
ڤلادمێر لە ڕاڤەکردنی وتارەکەی دۆستۆیڤیسکیدا پێی وایە کە ڕەنگە ئەوە پێویست بێت کە ڕەوتی گشتیی وتەکەی دۆستۆیڤیسکی سەبارەت بە پوشکین، لەگەڵ گشت ئەوەدا بەراورد بکرێت، کە ئەو کاتە لە فەزای کولتووریی جئهاندا دەگوزەرا: فەلسەفەی کلاسیکی ئەڵمانی لە دەمی هێگڵەوە ئەوەی ڕادەگەیاند کە پرۆسەی دابڕانی کەسایەتیی تاک، لە چوارچێوە گشتییەکە بەڕێوەیە و ئەوەشی وەک فاکتەرێکی چاوەڕوانکراو و سوننەتیی پرۆسە مێژووییەکە سەیر دەکرد.
گوگەلی ڕووسی سەبارەت بە پوشکین گوتویەتی: پوشکین دیاردەیەکی تەواو بەجیاهەڵکەوتەیە و دەشێ تاکە دیاردەی ڕۆحیی ڕووسیانەمان بێت، بەڵام دۆستۆیڤیسکی لە لای خۆیەوە ئەمەشی بۆ زیاد کردووە: دیاردەیەکی پێشبینیکارانەی پێغەمبەرئاسایانەشە، بەڵێ بۆ گشت ئێمەی ڕووس شتیکی پێشبینیکارانە لە سەرهەڵدانی ئەو دیاردەیەدا خۆی حەشار داوە، پوشین ڕێک لە سەرەتای ساتەوەختی هۆشمەندیی ڕاستەقینەمان لە ئاست خۆماندا پەیدا بوو، لەو کاتەدا کە ئەو هۆشمەندییە بە ئاستەم دەستی پێ کردبوو، ئەو لە ناو کۆمەڵگاکەماندا سەری هەڵدا.
بە بۆچوونی نووسەر و وەرگێڕی ئەم کتێبە، گرنگیی ئەو وتەیەی دۆستۆییسکی هەر لەو کاریگەرییە گەورەیەدا نییە کە لە کاتی خوێندنەوەیدا، لە لایبئامدەبوانی گردبوونەوەکە دروستی کردبوو: بەڵکو لەبەر ئەوەش کە ئەو وتەیە دەروازەیەکی گەورە بە ڕووماندا دەکاتەوە بۆ تێگەیشتن، نەک هەر لە داهێنان و بیری پوشین، بەڵکو بۆ تێگەیشتن لە دیدی خودی دۆستۆیڤیسکیش، سەبارەت بە یەکێک لە گرنگترین پرۆسەکانی ئەدەب لە هەموو سەردەمە جیاوازەکاندا، پردی ئەوەی ئایا شاعیر، یان ئەدەیب بە گشتی، چۆن و بۆ کێ دەنووسێت؟ ئیلهام لە چییەوە وەررێت؟ بانگەشەی کامە ئایدیاڵ و کام بەهایانە بکات؟ بۆچی هەندێک بەرهەمی ئەدەبی نەمرن و هەندێکی دیکەیان بە مردوویی لەدایک دەبن؟ بێگومان خوێنەر تێبینی ئەوە دەکات کە دۆستۆیڤیسکی لە تێگەیشتنیدا بۆ پێگەی پوشکین و ئەو پەیامەی لە داهێنانی ئەودا دەیبینێت، جەختێکی زۆر دەخاتە سەر بیرۆکەی (لێبوردەیی مەسیحیانە) وەک پەیامێک بۆ گەیشتن بەو برایەتییە سەرانسەری و جیهانگیرەی بە ئەرکی نەوەکانی ڕووسیای دەزانێت، تا تەبایی و هارمۆنیای نێوان گەلان وتیرە و هۆزەکان بەرقەرار بێت، ئەگەرچی ڕاستییەکەی خودی پوشکین، ئیماندارێکی هێندەش تۆکمە نەبووە.
لە ڕاستیدا ئەم کتێبە تا ئاستێکی زۆر گرنگە بخوێنرێتەوە، چونکە وەک پێشتر و لەم کورتە ناساندنەدا باسمان کرد، ئەم وتارە مێژووییەی دۆستۆیڤیسکی، تەنیا وتارێک نییە بۆ بۆنەیەکی دیاریکراو نووسرا بێت و لە قۆناغێکی مێژوویی دیاریکراودا پێشکەش کرا بێت، بەڵکو ئەم وتارە، دونیابینی و تێڕوانینی یەکێک لە گەورە نووسەرانی دونیایە کە ئێمە پێشتر بە هۆی ڕۆمانە مەزنەکان وەک (تاوان و سزا، برایانی کارامازۆف، یادەوەری خانەی مردوان، قومارچی و) چەندین ڕۆمانی دیکەوە ناسیومانە، بەڵام لەم وتارەدا کە بۆ پوشکین نووسراوە، خوێنەر بەر دۆستۆیڤیسکییەکی فرەڕەهەند تر و قووڵتر و ڕووناکبیر و زمانزان و شیعرناسێکی ئەوتۆ دەکەوین، کە بێگومانم بە جۆرێک لە جۆرەکان کاریگەریی دەبێت لەسەر ئاستی تێگەیشتن و دونیابینی و دیدی تاک بە تاکمان، هەم بۆ شاعیرێکی مەزنی وەک پوشکین کە داهێنەناکانی ئەو زەمەنیان بڕیوە و تا داهاتوویەکی دوورتریش بە بەهای جوانی و داهێنانی خۆیانەوە دەڕۆن و دەمێننەوە، هەم بۆ خودی شیعر وەک ژانرێک و پرۆسەیەکی ئەدەبی، کە زۆرترین مشتومڕی لەسەر دەکرێت، ئومێدەوارم خوێنەری وریا و بە تایبەت نووسەرانی کورد خوێنەری ئەم کتێبە بن و هەم چێژ، هەم سوودی لێ ببینن، دەبێ ئەوە ڕاستییەش بڵێین کە وەرگێڕ بە شێوەیەکی زۆر جوان و زمانێکی سادەی بێ گرێ و گۆڵ وتارەکە و شیکارییەکی وەرگێراوە، ئەمەش هاندەرێکی باش دەبێت بۆ خوێنەر تا قووڵتر و باشتر لە وتارەک تێبگات.

وتوێژ لەگەڵ داکینگ ینگ

وتوێژ لەگەڵ داکینگ ینگ
مامۆستای مێژوو و کاروباری نێودەوڵەتی زانکۆی واشنگتۆن

و. ڕێبین هەردی

ڕ. ج: لە سەرنجی یەکەمدا هەلومەرجی جیهان پاش جەنگی سارد ئۆمێدوارانە دەردەکەوت. نیگەرانیەکی زۆر لەبارەی درووستبوونی جەنگی جیهانیەوە نیە، چونکە هەموو دەسەڵاتە گەورەکانی وەک ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا، وڵاتە ئەورپیەکان و ژاپۆن، دیموکراسی سەقامگیرن. لەگەڵ ئەمەشدا لەڕووی مێژوویەوە زۆرێک لە هەوڵەکان بۆ بەرپاکردنی دیموکراسی شکستی هێنا و ڕژێمە سەرکوتکەرەکان سەرلەنوێ درووست بوونەوە. جۆرێک دەوڵەت کە لەبەر سەرنەکوتنی گواستنەوە بۆ دیموکراسی درووست بوو، دەوڵەتێکی فراوانخواز بوو، واتە ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و ژاپۆن. وڵاتێکی عاقڵ لە ڕووی ستراتیژیەوە هەلومەرجێک درووست ناکات بۆ ئەوەی ناچار بێت ڕووبەڕووی دوژمنانی گەورەی جیاواز بێتەوە کە ئاسایشی نەتەوەی دەخەنە مەترسیەوە. لەگەڵ ئەمەشدا ستراتیژی ژاپۆن لە دەیەی ١٩٣٠دا تا ئاستی لەناوچوونی خۆی، بێ باکانە بوو. ئایا هەستدەکەن لە ژاپۆندا ئەمرۆ شتەکە گۆڕاوە یان هێشتا مەترسی دەرکەوتنی دەوڵەتێکی فراوانخوازی بێ باک لە ژاپۆندا هەیە؟.

د. ی: من وەک مێژوونووسێک حەزدەکەم زۆرتر سەیری ڕابردوو بکەم تاکوو ئایندە و حەز دەکەم بیربکەمەوە و هەورەها بڕوام وایە بەڵگەی وا هەیە کە دەریدەخات ئەمرۆ لە ژاپۆندا مێژوو گۆڕاوە. وەک گوتتان ژاپۆن دیموکراسیەکی سەقامگیرە، گەرچی ئەم دیموکراسیە هەمیشە زۆر باش کار ناکات. وەک ئاماژەتان بۆکرد، لە سەردەمی پاش جەنگی سارد ڕێکەوتنێکی درێژخایەنی ئاسایش لەنێوان ژاپۆن و ویلایەتە یەکگرتوەکاندا هەیە کە بەشێوەیەک چاودێری پاڵنەرە سەربازیەکانی ژاپۆن دەکات. لەبەرئەوە هەستناکەم ژاپۆن سەرلەنوێ بگۆڕێت بۆ دەوڵەتێکی فراوانخواز. وەک بە باشی ئاگادارن خەڵکی زوربەی جار لەبارەی (بەرپاکردنی دیموکراسیەوە) لە وڵاتاندا قسە دەکەن، کە دەتوانن قوربانی ئاراستە پۆپۆلیستیەکان، فراوانخوازنە، و دژایەتی بێگانە بن، ئەمەش هەمان ئەو شتەیە کە لە ژاپۆنی مۆدێرندا لە جەنگی جیهانی دووهەمدا ڕوویدا. وەک چۆن لە ئەڵمانیای دەیەی ١٩٣٠ دا ڕوویدا. بەڵام هەستدەکەم مێژوو گۆڕاوە. دیارە ئەمە بەو مانایە نیە ئاراستەی دژایەتی بێگانە و ناسێۆنالیزم بوونی نیە. ئەمە ڕاستیەکە من وەک مێژوونووسێک لە ژاپۆنی ئەمرۆدا چاودێری دەکەم و ئاگام لێیەتی. بەڵام بە سەرنجدان لە هەلومەرجی جێۆپۆلپتیک و ستراتیژی ئەمڕۆی ژاپۆن، بڕواناکەم ئەم دەوڵەتە بگۆڕێت بۆ دەوڵەتێکی فروانخواز.

ڕ: ج: ژاپۆنیەکان تاچەند ئاگاداری ڕابردوون، ئایا ناچار بە دوبارەکردنەوەی نین؟
د. ی: پرسیارێکی زۆر باشە. بەڵام دەبێت لەخۆمان بپرسین مەبەست لە (ژاپۆنی چیە؟). بێگانەکان بەگشتی دیدێکی نەگۆر و یەک ڕەهەندیان بۆ کۆمەڵگای ژاپۆن هەیە. ئەم دیدە لەگەڵ پڕوپاگەندەی سەردەمی جەنگدا کە دەیگووت دڵی ملێونها ژاپۆنی وەک دڵی یەک کەس لێدەدات، بەهێز بوو. هەستدەکەم ئەزموونی ئازاربەخشی جەنگی جیهانی دووهەم وانەیەکی مێژووی واقعی بە زۆربەی خەڵکی ژاپۆن داوە، واتە چیدی نایانەوێت جارێکی دی تووشی جەنگێکی کارەساتاوی بنەوە. ئەمە یەکێکە لەو هۆیانەی کە بۆچی بەشێوەیەکی نەریتی جۆرێک حەزنەکردن لە لایەن ژاپۆنیەکانەوە بۆ بەشداری لەو پرۆسە سەربازیانە هەیە کە بەڕابەرەیەتی ئەمەریکا دەکرێت. بەڵام ئەم دۆخە هێواش هێواش خەریکە دەگۆڕێت، و نەوەی تازە هیچ ئەزموونیێکی لە یادەوەری جەنگی جیهانی نیە. لێرەدایە هەندێکجار دەبینن لەناو ژاپۆنیەکاندا ئەو ئاراستە و هەستە هەیە کە ژاپۆن لە توانای جەنگکردن مەحروم کراوە. وەک دەزانن لە دەستووری ژاپۆنی پاش جەنگی جیهانی دووهەم، کە ئەمەریکیەکان نووسیوویانە، ژاپۆن ناتوانێت سوود لە جەنگ وەک شێوازێک بۆ چارەسەری کێشە نێودەوڵەتیەکان وەربگرێت. ئێستا ژاپۆنیەکان لە خۆیان دەپرسن بۆچی ئێمە ناتوانین وەک هەر دەوڵەتێکی ئاسایی، خاوەن ئەم ئەگەرە سەربازیە بین؟. سەیر ئەوەیە ڕێک پاش چەند ساڵ دوای ئەوەی ویلایەتە یەکگرووەکانی ئەمەریکا ئەم مادەیەی دەستووری بەسەر ژاپۆندا سەپاند، لەبەرئەوەی جەنگی سارد دەستی پێکرد، ئەمەریکا ویستی ژاپۆن سوپایەکی زۆر بەهێزی هەبێت. بەڵام لەنێوان جەنگی سارد لە دەیەی ١٩٥٠ و کۆتاییەکەی لە ١٩٩٠دا، بە درێژایی ئەم چوار دەیەیە، ژاپۆنیەکان ئارەزوویان بۆ دوبارەنەبوونەوەی کارەساتەکانی جەنگی جیهانی دووهەم پیشانداوە.

ڕ. ج: ئایا ماهەیەتی دیموکراتی دەزگا سیاسیەکان و کلتووری سیاسی ژاپۆن ئاماژەیەکی ڕوونە کە ژاپۆن وانەی لە ڕابردوەوە وەرگرتووە.
د. ی: وەک دەزانن لە دەیەی ١٩٢٠ لە ژاپۆن قۆناغێک هەبوو کە ئەم وڵاتە بۆ یەکەمجار سیاسەتی حیزبی لەو کاتەدا ئەزموون دەکرد، و پێدەچوو ئەزموونێکی سەرکەوتوو بێت. لەو کاتەدا نیوەی خەڵکی، واتە پیاوانی سەرو بیست ساڵ مافی دەنگدانیان وەرگرت. پاشان لە دەیەی ١٩٣٠دا سەربازەکانت هەیە. لەبەرئەمە لە ژاپۆندا پاش جەنگە بونیادگەلێک بۆ دیموکراسی هەبوو. هەستیش دەکەم تا ئەمڕۆ دیموکراسی بە قازانجی ژاپۆن بووە. لەلایەکی دیەوە ئاماژە بۆ واقعیەتێک دەکەن کە حکومەتێکی درێژخایەنی یەک حیزب (حیزبی لیبڕاڵ دیموکرات) کە لە دەیەی ١٩٥دا دەستی پێکرد و تا دەیەی ١٩٨٠ی خایاند، بەگشتی شتێکی ناسروشتیە لە دیموکراسیە پێشکەوتووەکاندا. بەڵام هەنوکە دۆخەکە گۆڕاوە. ئەمڕۆ هاوپەیمانێتیەک حوکمی ژاپۆن دەکات. بەڵام پێدەچێت حیزبە نەیارەکان نەتوانن دەسەڵاتی حیزبی لیبڕال بەسەر سیاسەتدا بشکێنن. دیارە ئەمە لە ئاستی سیاسەتی حیزبیدایە. من هەستدەکەم لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا کۆمەڵگای مەدەنی ژاپۆن بەتوندی لە چالاکیدایە. دەوری ڕێکخراوە ناحکومیەکان و نەیاری دەوڵەتی باڵادەست لە ژاپۆن، ڕەخنە لە گەندەڵی سیاسیەکان، و هەمو ئەم بابەتانە لە دوو دەیەی ڕابردوودا لە سیاسەتی ژاپۆندا زۆر دەبینرێت.

ڕ. ج: ئەو پۆلە لە هۆکار و ڕەگەزی نەریتەکانی ژاپۆن کامانەن کە ژاپۆنی وا لێکرد ڕوو لە عەسکەرتاریەت بکات؟ ئایا دەشێت ئەوانە جارێکی دی چالاک ببنەوە؟
د. ی: من مێژوونووسی کلتووری نیم و حەزناکەم بڵێم شتگەلێک لە نەریتی ژاپۆنیدا هەیە کە خەڵکی ژاپۆن دەتوانن لەگیرفانی خۆیان دەری بێنن و زیندووی بکەنەوە. بەڵام هەستدەکەم دەتوانین ئاماژە بۆ هەندێک ڕەگەز بکەین کە لە کۆتای سەدەی نۆزدەدا سوودیان لێ وەرگیرا بۆ درووستکردنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی سەربازی. دیارە ئەو ڕەگەزانە سەرەتا وەک نوکی شمشێرێکی بەرگری دژ بە کۆلۆنیالیزمی ڕۆژئاوایی سوودیان لێ وەردگیرا، بەڵام بە بۆچوونی من ئەم دۆخە بناغەکانی فراوانخوازەیە سەربازیەکانی دەیەی ١٩٣٠ داڕشت. ئێمە قسە لەبارەی ستایشی ئیمپراتۆر دەکەین کە ڕابەرانی سەردەمی میدجی لە بنەڕەتدا بەهۆی لاواز، بۆ درووستکردنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی زۆر تەبا و گونجاو، خوڵقاندیان. ئەمەش بیانووی بە سەربازەکاندا بۆ ئەوەی لە فەرمانە مەدەنیەکان یاخی بن. ستایشی ئیمپراتۆر بوو بە سەرچاوەیەکی ناسێۆنالیزمی توندڕەوی دەمارگیری دەیەی ١٩٣٠ کە سەرجەم نەیارەکانی لە کۆمەڵگادا سڕیەوە. لێرەوە جەنگی جیهانی دووهەم بەناوی ئیمپراتۆروە دەستی پێکرد. دیارە ڕەمزی ئیمپراتۆر دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی دێرینی ژاپۆن، بەڵام وەک مێژوونووسان دەڵێن ئەم ڕەمزە لە سەردەمی میجیدا بەمەبەستی درووستکردنی دەوڵەتی نەتەوەیی سەرلەنوێ داهێنرایەوە. دەتوانین بڵێین لە نەریتەکانی ژاپۆندا نەریتێکی بەهێزی (ستایشی ئیمپراتۆر) هەبووە. ئەم ڕەگەزە لە کلتووری ژاپۆندا هەبوو، بەڵام سەرلەنوێ داهێنرایەوە،و لە ڕووی سیاسیەوە سوودی لێ وەرگیرایەوە. ئەمڕۆ توێژەران هەستی تایبەتمەندی ژاپۆنی یان ڕەنگە بڕوابوون بە باڵاتربوونی نەژادی، لە سەردەمی پێشمۆدێرندا تاوتوێ دەکەن. بەڵام ئەم دۆخە تەنیا لە سەردەمی پاش میجیدا بوو بە بابەتی باڵادەست. لەبەرئەوە وەڵامی پرسیارەکەی ئێوە ئەمەیە: بەڵێ، هەندێک ڕەگەز لە کلتووری ژاپۆنیدا هەیە کە ئەم ناسێۆنالیزمە پەڕگیرەی بەرهەمهێنا. لەگەڵ ئەوەشدا هەستدەکەم ئێمە هەلومەرجی مێژووی و هۆی مرۆییمان بۆ زیندووکردنەوەی هەبێت. ئێستا دەتوانین بپرسین ئایا ئەم ڕەگەزانە هێشتا هەن یان نا؟ . هەستدەکەم ڕەگەزی وەک یەک دەستی نەژادی ژاپۆنی یان باڵاتربوونی ژاپۆنی هەیە، بەڵام ئەم ڕەگەزانە بەشێوەیەکی ڕوو لە زیاد بەرەو لەناوچوون دەڕۆن. لەبەرئەوە بۆ ئەو پۆلە ڕابەرە نەتەوەییانەی دەیانەوێت پەنا بۆ ئەم ڕەگەزانە بەرن، کارەکە ئەستەمتر بووە. ڕەنگە ڕەگەزی تازە هەبن، بەڵام هەمان ڕەگەز نین.

ڕ. ج: ئایا ئێمە هێشتا لە ژاپۆن دەستەبژێرمان هەیە کە نۆستالیجیای ئیمپراتۆریان وەک سیمایەکی خودایی لابێت. وەک چۆن نووسەری بەناوبانگی ژاپۆنی ێۆکۆ می شیما لە سەرەتاکانی ١٩٧٠دا هەیبو؟
د. ی: هەستدەکەم لەناو گەنجەکاندا خێزانی سەڵتەنەتی سەرچاوەی سەرنجڕاکێشی جیاوازە. وەک دەزانن ئیمپراتۆری کۆچکردوو لە ساڵی ١٩٨٩دا کۆچی دوای کرد، و ئەمڕۆ ئیمپراتۆری تەواو تازەمان بە سیمای تازەوە هەیە. دیارە دەزگای خێزانی سەڵتەنەتی کە چالاکیەکانی ئیمپراتۆر کۆنتڕۆڵ دەکات، تائێستاش یەکێک لە پارێزگارترین دەزگاکانی ژاپۆنە. ئیمپڕاتۆر، ماشا(مەلیکە)، و وەلیعەهد جۆری یەکجار تازەن. هەستدەکەم گەر ئەمانە لە دڵی زوربەی ژاپۆنیەکداندا ماونەتەوە، لەبەرئەوە نیە ئەوان دەرکەوتەی وێنەی دێرینی پاش میجی ئیمپراتۆرن وەک سەرچاوەی دەسەڵات، بەڵکو بە پێچەوانەوە لەم دۆخەدا پێذەچێت ئەوان ئیمپراتۆر و ماشای خەڵک بن. دیارە دەتوانین بڵێین لەناو نەوەی کۆنتری ژاپۆندا هێشا نۆستالیجیا هەیە. هەندێکجار سیاسەتمەدارانی وا هەن لێدوانی لەمجۆرە دەدەن: (ژاپۆن نەتەوەیەکی خودایی)، بەڵام ئەمجۆرە لێدوانانە لەلایەن نەوەی گەنجەوە بایەخیان پێنادرێت.

ڕ: ج: سیاسەت داڕێژەرانی ئەمەریکایی بە گونجان لەگەڵ بەها سیاسیەکانی ئەمەریکیدا، بڕوایان وایە خەڵکی ژاپۆن بە ئاسانی دەتوانن ناسێۆنالیزم و عەسکەرتاریەت لە ڕابردووی خۆیان پاک بکەنەوە و مێژووی خۆیان لە دیدی ئامانجەکانی لیبڕاڵ دیموکراسیەوە بنووسنەوە. نزیکەی پەنجا ساڵ پاش داگیرکردنی ژاپۆن، هەموو ئەو ئامانجانەی ویلایەتە یەکگرتوەکان بۆ ژاپۆن لەسەریدا بوو، بەدیهاتن. پێدەچێت ژاپۆن لە ڕووی دەروونیەوە بە هەزاران مووی باریک وەک مەسرەفی کلتووری کە پەیوەندیەکی هەمیشەیی درووست دەکات، بە ویلایەتە یەکگرتوەکانەوە بەسترا بێتەوە. بەڵام پاش ئەم پەیوەندیە سوودبەخشە، ئەمەریکیەکان هێشا هەست بە نامۆبون لە کۆمەڵگای ژاپۆندا دەکەن. ئەمەریکیەکان سەیری سەرکەوتنە ئابوریەکانی ژاپۆن دەکەن و سەریان لەوە دەسوڕمێ کە چۆن دەتوانن سەرکەوتوو بن، لەکاتێکدا خۆیان ناکام دەمێننەوە. ئەم دۆخەش دەگەڕێنەوە بۆ ناسێۆنالیزمی ژاپۆنی کە لێی دەترسن. ئایا هەستدەکەن ئەم ترسە لە ناسێۆنالیزمی ژاپۆنی کە لەناو ئەمەریکیەکان و خەڵکی تری جیهاندا هەیە، ترسێکی ڕاستە؟ ئەگەر وایە، چۆن پێناسی ناسێۆنالیزمی ژاپۆنی دەکەن؟
د. ی: ئەمە پرسیارێکی زۆر گەورەیە و دەربڕی گەلێک مەسەلەی جیاوازە. یەکێکیان ماهیەی پەیوەندی ژاپۆن و ویلایەتە یەکگروەکانە و ئەوی دی مەسەلەی ناسێۆنالیزمی ژاپۆنی. هەستدەکەم ئەم دوو بابەتە زۆر پەیوەندیان بەیەکەوە هەیە. من دەڵێم پەیوەندی نێوان ویلایەتە یەکگرتوەکان و ژاپۆن بەشێوەیەکی دوولایەنە بە قازانجی هەردوو وڵاتەکە بووە. ئەم پەیوەندیە لەڕووی ژیان لە پاڵ یەکدا پاش ئەو هەموو زیانە لە جەنگی جیهانی دووهەمدا، بەگشتی پەیوەندیەکی سەرکەوتوو بووە. خاڵی گرنگ ئەوەیە پەیوەندیەکانی پاش جەنگ گەرچی سوودمەند بووە، بەڵام یەکسان نەبووە. زۆرێک لە ناسێۆنالیست توندڕەوەکانی ژاپۆن بڕوایان وایە سەردەمی داگیرکردنی ژاپۆن ئەم وڵاتەی لە شوناسی خۆی مەحروم کردووە. ئەو ڕاستیەی بەدرێژای سەردەمی داگیرکردن سانسۆر هەبوو، ژاپۆنیەکانی بێتواناکرد لەوەی سەربەخۆ بیر بکەنەوە. ئەوان لەژێر ئینتدابی ئەمەریکیدا پەروەردە بوون کە وڵاتەکەیانی وەک وڵاتێکی نائاسایی لێکردبوو. ئەمرۆ ئایا ئەم مەسەلەیە یەکسانە بە ناسێۆنالیزم بوونی ژاپۆنیەکان؟ ئەمە سنووربەندیەکی باریکە. هەر ئێستا پەیوەندیەکانی نێوان ژاپۆن و ویلایەتە یەکگرووەکان زۆر نزیکە. لە دەیەی ١٩٨٠دا و سەرەتای دەیەی ١٩٩٠دا کاتێک ئابووری ژاپۆن چوو ناو (سەردەمی هەڵئاوسانەوە)، پلەی یەکەمی هەبوو، و ئەمەریکاش لە سەردەمی کەسادی ئابووریدا بوو، لە خۆیان دەپرسی (بۆچی ئابووری ئێمە ئەوەندە خراپە و ئابووری ژاپۆنیەکان ئەوەندە باشە؟). پاشان بەرکەوتنەکانی جەنگە بازرگانیەکان دەستی پێکرد و ململانێی نەژادی دزێوتر دەرکەوت. بەڵام هەستدەکەم ئەم مەسەلەیە ئەمڕۆ لەناوچووە. چونکە دۆخی ئابووری پێچەوانەوە بۆتەوە، ئابووری ئەمەریکا باشە، لەکاتێکدا ئابووری ژاپۆن دە ساڵە پاش تەقاندەنەوەی هەڵئاوسان لە دەیەی ١٩٩٠دا، لە حاڵەتی وەستاندایە (رکود). لەبەرئەوە بە قسەی ژاپۆنیەکان، ئەمریکیەکان ئەم ڕۆژانە زۆر لەبارەی ژاپۆنەوە بیر ناکەنەوە، چونکە چیدی ژاپۆن بە هەڕەشەیەکی ئابووری دانانرێت، و لە لایەکی دیەوە ژاپۆن وەک چین هەڕەشەیەکی سەربازی نابێت. بەڵام لەهەمانکاتدا لەناو هەندێک بەشی چینە ناوەڕاستەکانی ئەمەریکادا هەندێک ڕەهەندی کلتووری ژاپۆنی بۆ نموونە وەک سوشی، بڵاو بۆتەوە. هەستدەکەم ئەمڕۆ ئەمریکیەکان ڕێز لە کلتووری ژاپۆنی دەگرن. هێشتا ئەو هەستە هەیە کە گەڕانی ژاپۆن بۆ سەربەخۆی دوور لە ویلایەتە یەکگرتوەکان، دەتوانێت بۆ هەندێک لە ئەمەریکیەکان نیگەرانی درووست بکات. ڕەنگە بەبیرتان بێتەوە لە ناوەڕاستی دەیەی ١٩٨٠دا کتێبێکی بەناوبانگ بەناونیشانی (ژاپۆن دەتوانێت بڵێت نا) کاتێک چاپ کرا کە ئابووری ژاپۆن لە لوتکەی خۆیدا بوو. ئەم کتێبە کاردانەوەی زۆری لە ئەمەریکدا درووستکرد و چەندا نیگەرانی درووست کرد. هەستدەکەم ئەم دۆخە لەناو چووە. دیارە ئێوە ڕاست دەکەن نیگەرانیەکی خۆڕسک و ترس لەوەی ژاپۆن دەتوانێت هەڕەشەیەک بێت بۆ ویلایەتە یەکگرتوەکان هەیە.

ڕ. ج: ئەم هەستە بەهێزەی غرور لە کلتووری ژاپۆنیدا و لەناو هاوڵاتیانی ژاپۆنی و هەروەها ئەو باوەڕە لەناو ژاپۆنیەکاندا کە کلتووری ژاپۆنی ڕێی بۆ پێشکەووتنی ئابووری ژاپۆنی خۆشکردووە، چۆن پێناس دەکەن؟
د. ی: باسکردنی لەبارەی ئەم دە ساڵەی ڕابردوەوە ووردتر دەبێت. ئەمڕۆ زۆرێک لە خەڵکی بیردەکەنەوە کەمی غروور لەناو ژاپۆنیەکاندا هەیە. ئەمە تاڕادەیەکی زۆر بەهۆی رکودی ئابوریەوەیە. بەیەک مانا غرووری پاش جەنگ لە ژاپۆندا لە دەستکەوتە ئابوریەکانەوە سەرچاوە دەگرێت. ژاپۆن سوپایەکی بەهێزی نیە. ژاپۆن بۆمبی ئەتۆمی نیە. کەوابوو سەرچاوەت غرووری ژاپۆنی لە کوێدایە؟ لە ئابوریەکەیدا. ژاپۆنیەکان خۆیان وەک مۆجیزەیەکی ئابووری دەبینن کە لە خۆڵەمێشی شکستەوە هەڵساوەتەوە. ئەمڕۆ سەرچاوەی سەرەکی غروور لە ژاپۆنیەکان سەنراوەتەوە. لەبەرئەوە هەنوکە نوسەرانی ناسێۆنالیزمان لە ژاپۆن هەیە کە دەڵێن دەبێت لە مێژوەوە فێر بین، نەک وەک شێوازێک بۆ ڕەخنەگرتن لە ڕابردوو، و وانە وەرگرتن لێی، بەڵکو دەبێت سوود لە مێژوو بۆ درووستکردنی غروور لە ناو نەوەی گەنجدا وەربگیرێت. لە دیدی ئەوانەوە بەپێی پێویست غروور لەناو ژاپۆنیەکاندا نیە. من هەستدەکەم ئەم بابەتە بەگشتی ڕاستە. دیارە گەر ئێوە سەیری دەستکەوتە کلتووریەکان بکەن، هێشتا شتگەلێکی زۆر هەن کە ژاپۆنیەکان دەتوانن مەغروور بن پێیانەوە. من ئاماژە بۆ بەڕێوبەرایەتی سەرکەوتووی هەنوکەی فەزای ژیانیان دەکەم. سەرەڕای ئەمە پەیوەندیەکی هاوئاهەنگ لەنێوان خەڵکی ژاپۆندا هەیە. زۆر شت هەن کە دەتوانن پێوەی بنازن، بەڵام نەک بە ئابووریەوە لە هەنوکەدا.

ڕ. ج: بەدرێژای سەردەمی میجی دروستکەرانی ئەفسانەی ناسێۆنالیزمی ژاپۆنی هەوڵیاندا خەڵک ناچار بکەن تا باوەر بەوە بکەن نەتەوەی ئەوان لە پێوەرەکانی سەردەمی دێرینەوە سەرچاوەی گرتووە، کە ڕەگەزەکانی وەک شینتۆ، نەریتی ئیمپراتۆری، بۆشیدۆ (بنەما ئەخلاقیەکانی سامۆرایی) و بەها کۆنفۆشۆسیەکانەوە یەکپارچەی کردووە. بەڵام ناسێۆنالیزم لە ژاپۆندا تا ئەو کاتەی ژاپۆن پەیوەندی لەگەڵ رۆژئاوادا نەبەستبوو، دەرنەکەوت. چۆن پەیوەندی لەگەڵ ڕۆژئاوا و پرۆسەی مۆدێرنە کردن، بونیادە کۆمەڵایەتی و کلتوورەیەکانی گۆڕی؟
د. ی: پێش درووستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ڕۆژئاوادا (سەرەتاکانی سەدەی نۆزدە) ژاپۆن لە گۆشەگیریدا بوو. بەڵام دەبێت ئەوەمان لەبیر بێت کە ژاپۆن بەردەوام لەناو (سیستەمی جیهانی چینیدا) ژیاوە. ژاپۆنیەکان زۆر لە شاراستانێتی چینی ئاگادار بوون، لە سەدەکانی ناوەڕاستدا زۆر شتیان لێوەگرت، بە جۆرێک شوناسێکی جیاواز لە ژاپۆندا لەبەرامبەر چینیەکان و شارستتانێتی چیندا هەبوو. ژاپۆنیەکان دەیانزانی وڵاتەکەیان لە پەراوێزدایە و پێگەیەکی نیمچە سەربەخۆی هەیە. لێرەوە ئەمە هەمان شتە کە لەسەردەمی پێشمۆدێرن و پێش پەیوەندیکردن بە ڕۆژئاواوە بە (کوک کاکو) (پەورەردەی نەتەوەیی) ناو دەبرێت. ئەو ڕەگەزانەی ناوتان هێنا وەک شینتۆ و بوشیدۆ، پێش ئەوەی لەبەرامبەر ڕۆژئاوادا جەختی لێبکرێتەوە، لەبەرامبەر چیندا گرنگی پێ دەدرێت. دیارە هاتنە ناوەوەی ڕۆژئاوا بۆ شانۆکە هەموو وێنەکەی گۆڕی. کاتێک ژاپۆنیەکان بینیان ئینگلیزەکان چینیان تێکشکان، مودێرنەبونیان گرتە بەر و خۆیان بە ئاراستەی دەوڵەتێکی نەتەوەیی بەهێز گۆڕی. و هەستێکی ناسێۆنالیزمی بەهێزیان درووست کرد. لەم حاڵەتەدا ژاپۆنیەکان دەزگاکان، هونەرەکان، و شتەکانی دیان کە لەڕۆژئاواوە (بەتایبەتی لە پرۆسەوە) فێری بوو بن، لەگەڵ ئەو ڕەگەزانەی کە ئەوان لە نەریتەکانی ژاپۆندا بە سوودبەخشیان دەزانی، وەک شینتۆ، لەیەک ئاڵاند و ئەو ڕەگەزە نەریتیانەیان بۆ ئاستێک بەرز کردەوە کە دەیانتوانی دەستکاری بکەن و بیخەنە خزمەت دەوڵەتی نەتەوەییەوە. بەمشێوەیە ئەم تێکەڵەیە تێکەڵەیەکە لە دیاردە نەریتیەکان و مۆدێرن. لە ئەنجامدا ئێمە دەوڵەتی میجیمان هەیە کە دەزگای مۆدێرنی وەک پەرلەمان و لەهەمانکاتدا هەستی بەهێزی یەکێتی نەتەوەیی ژێرخانی ڕەمزی پێکدەهێنا. لێرەوە لەم دەوڵەتەدا هەم ڕەگەزە عەقڵانیەکان و هەم ڕەگەزە نمایشیەکان دەبینین. ئەم نموونەیە لەبنەڕەتدا تا ساڵی ١٩٤٥ لە ژاپۆندا هەبوو.

ڕ. ج: ئایا ڕاستە بڵێین گەرچی ڕۆژئاوا لە ژاپۆندا ئامادەیی هەبوە، بەڵام ئەم وڵاتە بە ڕۆژئایی نەبووە؟
د. ی: لەڕاستیدا زۆرێک لە خەڵکی گووتویانە ڕۆژئاوایبوون یەکێک لە خەسڵەتەکانی ژاپۆنی مۆدێرن بووە. ژاپۆن سیستەمەکانی (سیستەمی سوپا و سیستەمی پەرلەمانی) لە ڕۆژئاواوە وەرگرتووە. بە بڕوای من قسەکردنن لەسەر ژاپۆنی مۆدێرن بە بێ قسەکردن لەبارەی کاریگەری ڕۆژئاواوە مومکین نیە. لە سەرەتاکانی دەیەی ١٨٧٠دا هەموو ڕابەرایەتی نەتەوەیی ژاپۆن ساڵێکیان تەرخانکرد بۆ سەردانی جیهان، بۆ ئەوەی ڕۆژئاوا بخوێننەوە و لێی بکۆڵنەوەو لێوەی فێر بن. قۆناغی ناوەندی سەردەمی میجی تا دەیەی ١٨٩٠ سەردەمی بەڕۆژئاوایی بوون، زیاد لە سنوور دوورودرێژ بوو. تەنانەت هەندێک لە فەرمانبەرە حکومیەکان پشتگیریان لە وەلاوەنانی ئەلوفوبای ژاپۆنی و جێگرتنەوەی بە ئەلوفوبای لاتینی دەکرد. هەندێکیان ئەرگۆمێنتیان دەهێنایەوە کە دەبێت ژاپۆنیەکان لەگەڵ ڕۆژئاوایەکاندا هاوسەرگیری بکەن، بۆ ئەوەی ڕیفۆرم لە کۆمەڵگای ژاپۆنیدا بکرێت. دیارە پاش دەیەی ١٨٩٠ جۆرێک کاردانەوەی پارێزگارانە لەبەرامبەر ڕۆژئاوایبوونی توندڕەوانەدا درووست بوو. لێرەوە دواجار کاتێک هەراوهوریاکە نیشتەوە، ئێمە شایەتی جۆرێک تێکئاڵانی ڕۆژئاوایی بوون و هەندێک ڕەگەزی نەریتین. وەک پێشتر ئاماژەتان بۆکرد، لەسەردەمی پاش جەنگی جیهانی دووهەم، نفوزی ئەمەریکا زۆر زۆر بووە و من بەتەواوی لەگەڵیدام. مەبەستم ئەوەیە ژاپۆن پاش جەنگی جیهانی دووهەم، خۆی تێکەڵ بە کۆمەڵگای جیهانی کردووە. بەبڕوای من ئەمڕۆ جیاکردنەوەی ژاپۆن لە ڕۆژئاوا مومکین نیە. زۆرێک لە خەڵکی باسی ژاپۆن وەک نموونەیەکی پاش پێشەسازی دەکەن، لەمڕوەوە ژاپۆن لەهەندێک ڕوەوە تەنانەت ڕۆژئاوای بە جێهێشتووە. بەو مانایەی ڕەنگە چەمکی (ڕۆژئاوایی بوون) باشترین شێواز نەبێت بۆ بینینی ستاندرەدەکانی ژاپۆن.

ڕ. ج: ئەمڕۆ ژاپۆن دڕێژە بە خەبات دژی قەیرانی شوناس دەدەات. گەڕان بۆ مانەوە، شەوکی جیابوونەوە لە پێگەی نەریتی ئاسیایی و هەڵدران بۆ ناو جیهانی مۆدێرن، قەیرانێکی شوناسی بۆ ژاپۆنیەکان درووست کردووە (کە لەدەیەی ١٩٥٠ وە دەستی پێکرد و دەکرێت ئەمە لەڕێگەی رۆمانەکان و سینەمای ژاپۆنەوە ببینرێت). ئایا خەسڵەتە وردەکانی پێشکەوتنی تەکنەلۆژی و پیشەسازی ژاپۆنی بۆ هەمیشە لە ڕەگوڕیشە ئاسیایەکانی جیا کردۆتەوە. ئایا ژاپۆن دەتوانێت ئەوەی وەک (ژاپۆنی بوونی) تایبەت بە خۆی دەرکی دەکات، بپارێزێت، لە کاتێکدا کۆمەڵگای مۆدێرن بەسەر کلتورەکانی تری دنیادا کراوەتەوە؟
د. ی: مەسەلەی شوناس لە ژاپۆندا زۆر گرنگ و هەستیارە. دەتوانم بڵێم ئەم مەسەلەیە پێش جەنگی جیهانی دووهەم و لەسەردەمی میجی لەبەر گۆڕانکاریەکانی ژاپۆن درووست بووە. لەو کاتەدا هەندێک لە نووسەرانی ژاپۆنی لەبارەی مەسەلەی شوناس و لەخۆنامۆبوونەوە لە ژاپۆندا هەندێک بابەتیان دەنووسی. لەبەرئەوە مەسەلەی کۆمەڵگای ژاپۆن پاش جەنگی جیهانی دووهەم، بەردەوامی هەمانە کە پێش جەنگ لە ژاپۆندا هەبووە. بەڵام دیارە ئەم بابەتە کەمێک ئاڵۆزتر بوو، ، چونکە ژاپۆن بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا داگیرکرابوو. ئەم مەسەلەیە لەسەردەمی میجیدا ڕووینەدا، لەگەڵ ئەوەشدا کە بەپێی رێکەوتننامەگەلێک لەو سەردەمەدا ڕۆژئاواییەکان لەملاولا کۆلۆنیان هەبوو، بەڵام ئەمە وەک داگیرکردن نەبوو. لەبەرئەوە بەڵێ کاتێک ژاپۆن پێشکەوتنی مۆدێرنی بەدیهێنا، هەستێکی لە دەستدانی شتێک لە کلتووری ژاپۆنی درووست بوو. ئەم هەستە زۆر واقعیە و لەبەرئەوە پاش دەیەکانی ١٩٦٠ و ١٩٧٠ ئێوە دەبینن خەڵک هەوڵدەدەن هاوسەنگیەک لەنێوان ئاستی پێشکەوتووی ستاندارەکانی ژیان، و هەستی نەریتی تری شوناسی کلتوری لە ئاستی لۆکاڵیدا درووستبکەن. نموونەگەلێک لە ژاپۆن لەخەڵکی خۆماڵی هەیە کە قسە لەبارەی بەرهەمە ناوخۆیەکانی خۆیان دەکەن. بەو مانایەی هەر میوانێکی ژاپۆن ڕوبەڕووی ئەو هەقیقەتە دەبێتەوە کە لەنێوان باڵاخانە زەبەڵاحەکاندا، زیارەتگا و پەرستشگاکان هەیە. دەکرێت ئەمانە لە سەردەمێکدا کە پێشەسازیبوون و شارنشینی خەریکە سیمای کۆمەڵگای ژاپۆنی دەگۆڕێت، وەک هەوڵدان بۆ پاراستنی جۆرێک شوناسی کلتووری دابنێین. بەڵام بە گشتی هەستدەکەم لە زوبەی کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتدا ئەم کێشەیە هەیە. بۆ نموونە چین لەبەرچاو بگرن. چین خەریکە پرۆسەیەکی پێشەسازیبوونی خێرا دەبڕێت، و هەستدەکەم چینەیەکان لە هەندێک ڕوەوە دەتوانن لە ژاپۆنیەکانەوە فێر بن چۆن هەندێک لە شوناس و خەسڵەتە کلتووریەکانیان بپارێزن. بە بڕوای من لە هەندێک دۆخدا هەندێک لە چینیەکان لەم بابەتە دەگەن، بەڵام ژاپۆنیەکان لە چەند دەیە پێشترەوە ئەزموونی ئەم دیاردەیان کردووە.

ڕ. ج: چۆن پاساو بۆ نوستالیجیای مێژوویی ژاپۆن و شوناس لە دەیەی ١٩٥٠ دا لەناو نووسەرانی ژاپۆنی وەک کاواباتا و فیلمسازانی وەک میزوگۆجیدا دەهێنینەوە؟
د. ی: هەندێک خەڵک بڕوایان وایە هەستی پاراستنی شوناس لەناو ژاپۆنیەکاندا بەهێزترە. ئەرگۆمێنتی ئەوان ئەوەیە ژاپۆن وڵاتێکی پەراوێزیە. گەر تەماشای پێگە و ئەندازەی ژاپۆن بکەن، تێبینی جیاوازی لەگەڵ چیندا دەکەن. چین ئەم هەستی ناوەندی شارستانێتی و ناوەندی دنیای هەیە. گرنگ نیە بە چ سەختیەک ناسێۆنالیستە ژاپۆنیەکان هەوڵدەدەن بانگەشە بۆ ئەم بابەتە بکەن، ئەوان هەستدەکەن خاوەنی بونیادەکانی بانگەشەیەکی لەمجۆرە نین. گەر پەیڕەوی لەم لۆژیکە بکەیت، بە خاڵێک دەگەیت کە ژاپۆنیەکان هەوڵێکی زۆر بدەن بۆ ئەوەی جێگەیەک لە دنیادا بۆ خۆیان بپارێزن. لەبەرئەوە دڵنیا نیم دەیەی ١٩٥٠ دەیەی تایبەت بەم چەمکە بێت. دەیەی ١٩٥٠ قۆناغێکە لەنێوان دوو سەردەمدا، یەکێکیان سەردەمی جەنگ، شکان و داگیرکاری و دووهەمیان سەردەمی مۆجیزەی ئابووری. لەبەرئەوە دەیەی ١٩٥٠ قۆناغێکی گواستنەوەیە و هەستدەکەم هەر وڵاتێکی وەک ژاپۆن جەنگی بەوشێوەیە دۆڕاندبێت، بەناچار هەست بە کەمێک سەرلێتێکچوون دەکات. مەسەلەیەکی تر ئەوەیە ڕێگەی بۆ زۆرێک لە سەرکەوتنەکانی ژاپۆن خۆشکرد.

ڕ. ج: تا چ ڕادەیەک پرۆسەی مۆێرنەبوون لە ژاپۆن مەترسی بۆ نەریتە ژاپۆنیەکان درووستکرد. ئایا ئەمڕۆ وتوێژی نێوان نەریت و مۆدێرنەمان لە ژاپۆندا هەیە؟
د. ی: بێگومان ووتوێژی زۆر لە کۆمەڵگای ئەمڕۆی ژاپۆندا هەیە و هەندێک خەڵک حەزدەکەن کە چوارچێوەی نەریت لەبەرامبەر مۆدێرنەدا دایبنێن. بە دەربڕینێکی تر نابێت کێشەکانی مۆدێرنە تەنیا بە گەڕانەوە بۆ نەریتەکان چارەسەر بکرێت. مەبەستم ئەوەیە بۆ خەڵکی زۆر ئاساییە بگەڕێنەوە بۆ ڕابردووی خۆیان بۆ ئەوەی شوناسی خۆیان لەناو دنیایەکی بەجیهانیبوودا بپارێزن و هەستدەکەم هەندێک لە ژاپۆنیەکانش هەر ئەمکارە دەکەن. لەبەرئەوە وا دەکەن، چونکە هەستدەکەم مێژوو و پەروەردە زۆر گرنگە. بەڵام جۆری تری وتووێژ لە ژاپۆندا هەیە. سەیری پەیوەندیەکانی ژاپۆن بە بەشەکانی تری دنیاوە بکەن، ژاپۆن هەوڵدەدات شوناسێک بۆ خۆی درووست بکات کە بگونجێت لەگەڵ پێگەی لە سەدەی بیستویەکدا. لە پرسیارە سەرەتاکانی خۆتدا، باسی شوناسی ئاسیایی ژاپۆنتان کرد، ئەمەش ئەو شتەیە کە لەبەر جەنگی سارد و بەهۆی دەستڕۆیشتووی ئەمەریکاوە لە ژاپۆن، لەدەست چوو. بەردەوام ئەو پرسیارە هەبووە کە ئایا ژاپۆن وڵاتێکی ئاسیاییە یان ڕۆژئاوای؟ لە هەندێک ڕوەوە ژاپۆن هەردوکیانە، بەڵام ئەوەش ڕاستە لە سەردەمی دوای جەنگی جیهانی دووهەمەوە، ڕەگەزی ڕۆژهەڵاتی ژاپۆن لە پلەیەکی نزمتردایە، ڕاستە و ئەمڕۆ زۆرێک لە ژاپۆنیەکان بۆ بەدەستهێنانەوەی ئەو شوناسە ڕۆژهەڵاتیە دەگەڕێن. ئەوان خەریکە سەرلەنوێ شوناسی ئاسیاییان دەدزۆنەوە. وەک دەزانن گەنجانی ژاپۆن پێشوازی لە کلتوری کوریای دەکەن. زمان و کلتووری چینیش، خوشەویسترین زمانە لە ژاپۆندا. پێشتر زمانی ئینگلیزی و فەڕەنسی ئەم پێگەیەیان هەبوو، بەڵام هەنوکە زمانی چینی جێگەی ئەوانی گرتۆتەوە. زمانی کوریایش لایەنگری زۆر بووە و سەفەرکردن لەنێوان کۆریا و ژاپۆندا زیادی کردووە. لە ساڵی ٢٠٠٢ هەردوکیان میوانداری جامی جیهانی تۆپی پێیان کرد. فیلم و گۆرانیبێژە پاپەکانی کوریا، لەژاپۆن پڕ فرۆشترینن. ئەمانە نموونەن بۆ هەوڵی ژاپۆن بۆ سەقامگیری مانەوەی خۆی لە شوناسی ناوچەکەدا. زۆر سەرنجڕاکێشە کە ئێوە هەمان دیاردەش لە ئەوروپادا دەبینن. خەڵکی چیدی نەک لەبارەی نەریتە ئەڵمانی و فەڕەنسیەکان، بەڵکو لەبارەی نەریتە ئەروپیەکانەوە قسە دەکەن. شوناسێکی ئەوروپی لە درووستبووندایە. لەچەند ڕوویەکیشەوە شوناسی ئاسیایی لە ژاپۆندا دەردەکەوێت. دیارە پەیوەندیەکانی ژاپۆن و ویلایەتە یەکگرووەکان بەردەوامە و ژاپۆن نایەوێت بە وڵاتێکی دژ بە ئەمەریکایی تاوانبار بکرێت. لەبەرئەوە ئێمە شایەتی هاوسەنگیەکین. بابەتەکانی فیلمەکانی میزۆگۆچی و سینەمای دەیەی ١٩٥٠ی ژاپۆن، لەبەرئەوە هەبوون کە بابەتی بێ مەترسین. مەبەستم ئەوەیە ئێوە نەتاندەتوانی چاوەڕێی ئەوە لە فیلمسازێکی دەیەی ١٩٥٠ بکەن کە لەبارەی ڕیسکە سەربازیەکانی ژاپۆنەوە قسە بکات. ئەمە بابەتێک نەبوو کە ئەوکات بە خەڵکی بگوترێتەوە. لەبەرئەوە نووسەران و هونەرمەندان سەیری ڕابردووی دێرینیان دەکرد.

ڕ. ج: زۆرێک لە وڵاتانی جیهانی سێهەم شێوەی مۆدێرنە بوونی ژاپۆن وەک سەرکەوتنێکی واقعی لەبەرامبەر شێوازی مۆدێرنەبوونی ڕۆژئاوایدا دەبینن. بەڵام من دڵنیا نیم مۆدێرنە بوونی ژاپۆن بێ هیچ کێشەیەک بوو بێت و بتوانرێت بە ئاسانی لە دەرەوەی ژاپۆن لاسایی بکرێتەوە.
د. ی: پرسیارێکی زۆر قورسە. هەرکەسێک مێژووی خوێندبێتەوە، دەبێت تا ڕادەیەک لەوە تێبگات جیاوازی کۆمەڵگای ژاپۆن گرنگ نیە، بەڵکو ئەم کۆمەڵگایە بەشێکە لە ئەزموونی مرۆیی. لەبەرئەوە بەو مانایە ئێوە دەتوانن بڵێن هەندێک لە کۆمەڵگاکان لە کۆمەڵگای ژاپۆنیەوە فێر دەبن. دڵنیام هەندێک ڕەگەز هەن کە ژاپۆنیەکان تیایدا لەگەڵ وڵاتانی مۆدێرنی دی هاوبەشن. بۆ نموونە پەروەردە لە ژاپۆن پاش سەردەمی میجی سەرکەوتووئامێز بووە. دەتوانیت ئەمە بگەڕێنیتەوە بۆ کۆنفۆشۆنیسمی ژاپۆنی. هەمان شت لە کوریا و تایوانیشدا دەبینن. ئەو وڵاتانە دەشێت هوشیارانە لە ژاپۆنەوە فێر نەبووبن، بەڵام لە جەختکردن لەسەر پەورەردە لەگەڵ ژاپۆندا هاوڕان. هۆیەکی تری سەرکەوتنی مۆدێرنەبوونی ژاپۆن گەشەکردنی ڕابەرایەتیکردنی دەوڵەتە. ئەم بابەتە وەک خەسڵەتی هاوبەشی وڵاتانی درەنگ گەشەکردووی وەک ژاپۆن و ئەڵمانیا وەسفدەکرێت، درەنگ، بەو مانایەی ئەوان لە مێژووی پیشەسازیبووندا درەنگتر لە ئینگلتەرا و ویلایەتە یەکگرتووەکان دەرکەوتن. لە قۆناغی گەشەکردنی درەنگ وەختدا ئێوە دەبێت سەرچاوەی سنووردار لەپاڵ یەکدا کۆبکەنەوە و ئەوانە لە بوارە سەرەکیەکانی گەشەکردندا چڕ بکەنەوە. بە بڕوای من گەر ئەم بەشە بە بەشی تایبەتی بسپێرن، سەرکەووئامێز نابێت. دیارە هەندێک دەڵێن لە دەیەی ١٩٧٠دا ژاپۆن لەبەر دەوری زۆر گەورەی دەوڵەت لە ئابووریدا، لە زۆری ڕێساکان ئازاری دەکێشا. هەستدەکەم وڵاتەنی دی لەم وانەیەوە فێربوون کە دەوری زۆر گەوەرەی دەوڵەت زۆر باش نیە. تەنانەت گەر ئەم دەورە هاوکاری ئامانجی مۆدێرنەبوون لە قۆناغە سەرەتاییەکانیدا بکات. لەبەرئەوە بڕوام وایە چەندان ڕەگەز هەن کە دەکرێت بیانگوێزیتەوە و لە ئەزموونی ژاپۆنەوە بە قازانجی وڵاتانی تازە گەشەکردوو، سوودی لێوەربگیرێت. بەڵام لەمە تێپەڕێت ژاپۆن بەیەک شەو بەم ئاستە بەرزەی خوێندەواری نەگەیشت. تەنانەت لە ژاپۆنی پێش مۆدێرندا ئاستی خوێندەواری زۆر لەسەرەوە بوو، و هەر ئەوکاتە بنەمایەکی ئابووری بازرگانی لە ژاپۆن هەبوو، و بازرگانی ناوخۆ زۆر چالاک بوو. لەبەرئەوە هەموو وڵاتێک ناتوانێت تەنیا بە وەرگرتنی نموونەی مۆدێرنەبوونی ژاپۆن، بێ هەبوونی هەموو ئەو بونیادانەی کۆمەڵگای ژاپۆن هەیبوو، سەرکەوتوو بێت. کەوابوو دەبێت سەیری ئەو زەمینە سەرەتاییانە بکرێت کە هۆکاری بینینی کۆمەڵگای ژاپۆنون.

ر. ج: ئەمڕۆ بە دەستپێکی سەدەی بیستویەک، ژاپۆن خەریکە ڕووبەڕووی ئالانگاریە کۆمەڵایەتیەکان دەبێتەوە. ئەو فشارانەی دەرئەنجامی بەدیهاتنی پێدوایستیەکانی ئاپۆرایەک کە بەخێرایی ڕووی لە پیریە، مەسەلەکانی تری وەک گروپە ئەتنیەکان لە کۆمەڵگای ژاپۆندا، لاوازبوونی بازاڕە داراییەکانی ژاپۆن بە تەقاندنەوە بە زاراوە (ئابوری هەڵاوسانی) ژاپۆن، ژێرخانی بەڕێوبەرایەتیەک کە حکومەتی ناوەندگەری ژاپۆن بە توندی پارێزگاری لێدەکرد و هەروا دۆگما ماوەتەوە، هەموو ئەم مەسەلانە دەبێت دەوڵەت و کۆمەڵگای مەدەنی چارەسەری بکەن. ئێستا بە چ ڕێگەیەک دەکرێت کۆمەڵگای مەدەنی ژاپۆن زیندوو بکرێتەوە؟
د. ی: ئەو کێشانەی ناوت هێنان، کێشەی ڕاستەقینەن. مەسەلەی کۆمەڵایەتی، ئاپۆرا و ئابووری ژاپۆن هەیە. حکومەتی ژاپۆن لەبەرر نەتوانینی زیندووکردنەوەی ئابووری، ڕەخنەباران کراوە. حکومەتی ژاپۆن خەڵک هان دەدات مناڵی زیاتریان هەبێت، و چەندان هەنگاو دەنێت بۆ وەرگرتنی گروپە ئەتنیەکان لە ژاپۆندا. هەستدەکەم بواری کۆمەڵگای مەدەنی، بوارێکی خۆشبینانەیە لە ژاپۆنی ئەمڕۆدا، چونکە لە دیدی گروپە مەدەنیەکانی ساڵانی ڕابردوەوە، ساڵانێکی سەرکەوتوو بووە، زۆرێک لە ڕێکخراوە ناحکومیەکان (ئین جی ئۆ) بە شێوەی بان نەتەوەییان لێدێت. یەکێک لەو بابەتانەی من حەزی پێدەکەم شکاتەکانی ئەو ژنانەیە دەستدرێژیان کراوەتە سەر و کاری ناچاریانەیە لە سەردەمی جەنگی جیهانی دووهەمدا. ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان بۆ بەدواداچوونی ئەم بابەتە لەگەڵ ڕێکخراوە ناحکومیەکانی ژاپۆندا هاوکاری دەکەن. بەگشتی هاوڵاتیانی ژاپۆن بیردەکەنەوە کە حکومەتی ژاپۆن ناتوانێت، ئەوەیان بۆ بگێڕێتەوە کە لە دوای ١٩٤٥ بەدواوە لێیان وەرگیراوە. ئەوان بیردەکەنەوە دەبێت شتێکی دی ڕووبدات. مەسەلەکە ئەوەیە من نازانم ئەو شتەی دی چیە. بەڵام دەزانم کۆمەڵگای مەدەنی ژاپۆن و وتوێژی بان نەتەوەیی و گۆڕنینەوەی بیروڕا لەگەڵ دنیای دەرەوەدا، دەبنە سەرچاوەی ژیاندنەوەی ژاپۆن. هەستدەکەم سیاسەتمەداران و بازرگانانی ژاپۆنی دەبێت تێبگەن چیدی ناتوانن لە دنیای گۆشەگیریدا بژین. دەبێت لەوە تێبگەن باشترە بەرهەمەکانی خۆیان بۆچین یان ولاتە کەم دەرامەتەکانی تر بگوێزنەوە بۆ ئەوەی بتوانن لەم جیهانە بە جیهانیبووەدا بمێننەوە. لەبەرئەوە خەریکە گۆڕانکاری زۆر ڕووبدات و کارەکە بەڕێژە گەورەیە. یەکێک لە بابەتە سەرنجڕاکێشەکان ئەوەیە ژاپۆن بەتایبەتی لە ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا سەرکەوتوو بووە، چونکە بەردەوام ئامانجی ڕوون بووە و ئەو ئامانجەش گەیشتن بە ڕۆژئاوا و جێهێشتنێتی. بەڵام ژاپۆن ئەمرۆ ئەم ئامانجەی بەدیهێناوە. لەبەرئەوە ژاپۆن ئامانجێکی تری نیە. دیارە گەر بگەڕێنەوە بۆ ڕابردوو، یەکێک لە ئامانجەکان بەردەوام پەیوەندی بە چین و هەوڵدان بووە بۆ ئەوەی لەو بەهێزتر بێت. بەڵام ئەمڕۆ ژاپۆن وەک بڵێی (مۆجیزەی) خوڵقاندووە و دەبێت بپرسین ئەی دوای چی؟ هەستناکەم وەڵامێکی ڕوون بۆ ئەم پرسیارە هەبێت.
واشنگتۆن، تەموزی٢٠٠٢

* سەرچاوە:
رامین جهانبگلو: جهانی بودن: پانزە گفتگو با اندیشمندان امروز جهان-رامین جهانبگلو- تهران. نشر مرکز، چاپ دوم١٣٨٢

ئارکیۆلۆژیای پۆلێنی ڕۆمانی کوردی

ڕانانی: سەردەم
بابەتی ئەم کتێبە قەبارە گەورەیە لێکۆڵینەوەیەکی دوورودرێژ و هەمەلایەن و فرەڕەهەند و قووڵی (د. حەمە مەنتک)ە و یەکێکە لە بڵاوکراوە تازەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بوونی وەها کتێبێک لە کتێبخانەی کوردی و لەبەردەستی خوێنەر و نووسەرانی کورددا بەها و گرنگیی خۆی هەیە، چونکە لە سەرێکەوە بابەتی لەم چەشنە لە ئەدبیاتی کوردیدا کەمە، گەر هەشبێت نیوەناچڵ و پەلەپرپۆزێیانەیە، لە سەرێکی دیکەوە نووسەر و مامۆستایەکی زانکۆ نووسیویەتی کە دەمێ ساڵە ژیانی خۆی بۆ ئەم جۆرە لێکۆڵینەوانە تەرخان کردووە و خاوەنی ڕۆشنبیری و ئاستێکی مەعریفی بەرزە لەو بوارەدا، لە ڕاستیدا ئەم نووسەرە پێشتر بە کۆمەڵێک توێژینەوەی چڕ و هەمەلایەن لەسەر ئەدەبی گێڕانەوە، بە تایبەت چیرۆک و ڕۆمان، ئاستی بەرزی ڕۆشنبیری و شارەزایی خۆی پیشان داوە و ئەوانەی لێکۆڵینەوەکانیان خوێندبێتەوە گەواهی دەدەن کە چەند ورد و بە سەرنج و میتۆدیانە لێکۆڵینەوە و توێژینەوەکانی دادەڕێژێت.
ئەم کتێبە لە کۆمەڵێک بەشی سەرەکی و لاوەکی پێکهاتووە کە گرنگترینیان بریتین لە: تیۆرەکانی پەیدابوونی ڕۆمان، تیۆری گێڕانەوە لە کۆندا، نائامادەیی ڕۆمان لە کۆندا، تیۆری میخائیل باختین، ڕۆمان وەک توێژینەوەی ئەدەبی فەلسەفی، ئاریشەی پۆلێنی ڕۆمان، ڕۆمان وەک چەشنێکی ڕۆژئاوایی، ڕۆمان وەک چەشنێکی گەردوونی، ڕۆمانی مێژوویی، ڕۆمانی خەیاڵی زانستی، ڕۆمانی شەپۆلی هۆش، ڕۆمانی پۆلیسی، ڕۆمانی پۆڕنۆیی، ڕۆمانی کۆمەڵایەتی…و چەندین بەش و تەوەری دیکە کە بۆ هەریەکەیان پشتبەستوو بە کۆمەڵێک تێز و تیۆری ئەدەبی و سەرچاوەی دەوڵەمەند، شیکارییەکانی خۆی خستووەتە ڕوو.
لە پێشەکیی کتێبەکەیدا، د. حەمە مەنتک، ئاماژەی بەوە داوە کە تاکو ئێستا ئەو توێژینەوانەی لە بارەی ڕۆمانی کوردییەوەن، تەنیا سەرنج دەخەنە سەر باشووری کوردستان و بڕێک جاریش سووکە ئاوڕێک لە ڕۆژهەڵات دەدەنەوە، بەڵام نەبینراوە توێژینەوەیەک ئیشی لە ڕۆمانی کوردیی هەموو پارچەکانی کوردستادا کردبێت، هاوکات بە ڕای نووسەری ئەم کتێبە، ئەمە بێخەمییەکە، مەگەر هەر لە کن توێژەر و ڕەخنەگرانی کورددا هەبێت: کاتێک ڕۆمانی کوردی لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا تەماشا دەکەین، ئێمە خاوەن خەرمانەیەکی زۆر باشی ڕۆمانین، چ لە ڕووی چەندێتی وچ لە ڕووی چۆنێتییەوە، ئەوەش دەزانین هیچ مەزرایەک بێ زێوان نییە، ئەو دەنگانەی چ لە سۆشیال میدیا یان لێرەولەوێ، زمانیان بە: ڕۆمانی کوردی هیچ نییە، یان ڕۆماننووسمان نییە، قەدی گرتووە، دەبێت تیۆر و میتۆدێکیان بۆ ئەم اسانەیان هەبێت.
لە بەشێکدا بە نێوی (تیۆرەکانی پەیدابوونی ڕۆمان) توێژەر و نووسەر حەمە مەنتک پێی وایە بۆ قسەکردن لە بارەی گێڕانەوە لە فۆرمە کۆنەکەیدا، سەرەتا دەبێت هەوڵی دیاریکردنی چەشنە ئەدەبیەکان بدەین لە کۆندا، بۆ ئەمەش پێویستیمان بە بۆچوونەکانی هەر یەک لە ئەفلاتون و ئەرستۆ هەیە: بەڵام ئەوەی مەبەستی منە پتر بۆچوونەکانی ئەرستۆیە، چونکە کتێبەکەی بە یەکەم کتێبی تیۆری ئەدەبی دادەنرێت.
نووسەر باس لەوەش دەکات کە نەبوونی ڕۆمان لە سەردەمی ڕۆمانەکان تاکو سەدەی شانزە، بۆ نەبوونی گۆڕانکاری سیاسی، ئابووری و ئایینی دەگەڕێتەوە، نموونەی ئەوەش دەهێنءێتەوە کە دەڵێن ڕۆمان بەرهەمی شارە، بێگومان شۆڕشە گەورەکانیش لە شار ڕوویان داوە، هەر لە شۆڕشی ڕێنسانسەوە بۆ شۆڕشی ڕۆشنگەری و پیشەسازی لە ئەوروپا، ململانێیە چینایەتییەکان لە سار ڕوودەدەن: لێرەدا مەبەستم ئەوە نییە بڵێم لە سەردەمی ڕۆمانەکاندا و سەدەکانی ناوەڕاست شار نەبووە، ئەوەی دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە، بە هۆی بوونی یەک سێستەمی ئایینی و سیاسی، نەتوانراوە ململانێی چینایەتی، شۆڕشی ئابووری و ڕۆشنبیری دروست بێت.
د. حەمە مەنتک پێشی وایە کاتێک ڕۆمان لەدایک دەبێت، دەبێتە چەشنێک بۆ لێدانی کۆی ئەو چەشنانەی باو بوون، ڕۆمان چەشنێکی تازە بوو، لە دژی هەموو ئەو بنەما و یاسایانەی بۆ نووسینی دەقی شانۆیی شیعر دانرابوون، وەستایەوە: ڕۆمان بە پێچەوانەی پێوەرەکانی نووسینی دەق کار دەکات.
هەمان ئەم بەشەی کتێبەکە دەمانگەیەنێت بە ئەفسانەکان و نووسەر لەوێدا ئەوە ئاشکرا دەکات کە ئەفسانەکان سەرەتا لە شێوەی حەقایەتی پیرۆز لە پەرەستگەکاندا دەردەکەون، دواتر بە شێوەی گێڕانەوە نەوە دوای نەوە هاتووە، تاکو بووە بە کەلەپووری کۆ: لەوێدا دابونەریت و پیرۆز و عەقڵی کۆ پارێزراوە، کاتێک مرۆڤ بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیان پشت بە سروشت دەبەستێت، بەریەککەوتن و کارلێک لە نێوانیاندا ڕوودەدات و سروشت وەک هێزێکی گەردوونی دەردەکەوێت، بۆیەش دێت خواوەند دروست دەکات، ڕوونتر بڵێم سیفەتی خواوەند بە بە پێکهاتەکانی گەردوون دەدات.
ئەوەی لای لێکۆڵیار و نووسەر حەمە مەنتک گرنگە، ئەفسانە وەک هونەرێکی ئەدەبیە، لەوەشدا ئەفسانە وەکو بوارێکی گێڕانەوە، کۆم،ەڵێک چیرۆکمان لە بارەی دروستبوونیب گەردوون و ژیان و بوونی مرۆڤ وململانێی مرۆڤ لەگەڵ خواوەندەکان بۆ دەگێڕێتەوە: ئەوەی پتر مەبەستمە گێڕانەوەیە، پێشخستنی کات و فرەیی گێڕانەوە لە ئەفسانەدا ئاماژەیە بۆ گەشەی هۆشیاریی مرۆڤ، تەنانەت شێوازی گێڕانەوەی دیکەیشی لێ دەبێتەوە، واتا گێڕانەوەی ئەفسانەکان دەبنە فۆرم و تێمەی دیکە لەدایک دەبن، بۆ نموونە داستان گێرانەوەی ئەفسانەکانە، بەڵام لە فۆرمی دیکەدا، داستان گێرانەوەیەکی درێژ و فراوانە، باسی کردەوەی پاڵەوانان، سەرکێشیان دەکات، پاڵەوانەکان هێزیان وەکو هێزی خواوەندەکانە هەمیشە بەسەر هێزی خراپەدا سەردەکەون، داستان لەو کاتەوە پەیدا دەبێت، کە میللەتان لە قۆناغی گواستنەوەن لە ژیانی سەرەتایی و خێڵەکییەوە بۆ قۆناغی دروستبوونی دەوڵەت.
لە بەشێکی دیکەدا بە ناوی (ڕۆمانی کوردی و ئاریشەی دیاریکردن و پۆلێنکردن) نووسەر باس لەوە دەکات ئەگەر بۆ مێژووی ئەدەبی بگەڕێینەوە دەزانین مێژووی پەیدابوونی ڕۆمان هێندە کۆن نییە، بۆیەش کاتێک چەشنێکی وەها دێتە نێو ئەدەبی کوردییەوە، ئەوا مشتومڕێکی زۆر لەسەر بوونی ئەم چەشنە دروست دەبێت، توێژینوەی ئەدەبی بەردەوام سەروکاری لەگەڵ ئەم جۆرە گرفتانەدا هەبووە و بە شێوەیەک لە شێوەکان هەوڵی چارەسەری داوە: بۆیەش پرسیار لە بوون و جەوهەری ڕۆمانی کوردی، ڕووبەڕووی گرفتی ئاڵۆزمان دەکاتەوە، گفتوگۆ و جەدەل لە باریەوە دێتە کایەوە، ئەمەیش پەیوەندیی بە جۆر و تەکنیک ئەم چەشنەوە هەیە، بۆیەش پرسیار لە بارەی ڕۆمان، کە ئایا چەشنێکی خۆماڵییە؟ ئایا چەشنێکە لە دەرەوە بۆمان هاتووە؟ لێرەدا تووشمان بە تووشی سێ ئاراستە و بۆچوونی جیوازەوە دەبێت.
یەکێک لەو ئاڕاستانەی کە نووسری ئەم لێکۆڵینەوە دوورودرێژە دیاری کردووە، بریتییە لە ڕۆامن وەک چەشنێکی ڕۆژئاوایی، بە بۆچوونی نووسەر ئەم تیڕوانینە لە سەرەتاوە لایەنگری کەم بوو، چەند کەسێک ئەم بۆچوونەیان هەبووە، بەڵام دوای ئەوەی ئەدەبی کوردی لەگەڵ ئەدەبی جیهاندا بە گشتی و ئەدەبی ئەوروپی بە تایبەتی تێکەڵ بوو، ئیدی ئەم بۆچوونە بە تەواوی چەسپا: بە بڕوای من ڕۆمانی کوردی پەیوەندیی بە ڕۆمانی جیهانی وەک چەشنێکی گەردوونییەوە هەیە، دەمەوێت بڵێم ڕۆمانی کوردی بە ڕۆمانی جیهانییەوە بەندە، هاوکات لە ڕووی سروشت و ئەزموونی داهێنانیەوە لێی جیاوازە، کەواتە ناتوانین ڕۆمانی کوردی لە ڕۆمانی جیهانی داببڕێن و شتێک نییە بە ناوی ڕۆمانی ڕۆژئاوایی، یان ڕۆمانی ئەمریکایی و ئەفریقایی، بەڵکو شتێک هەیە ناوی ڕۆمانی جیهانییە، واتا دیاردەیەکی جیهانییە، هەر نەتەوەیەکیس پشکی خۆی تێدا هەیە و تایبەتمەندیی ڕۆمانی هەر نەتەوەیەک بە ڕێژەی داهێنان و ئێستێتیکاوە جودا دەکرێتەوە.
ئەوەی لێرەدا خسوتمانەتە ڕوو، بەشێکی کەم و بچووکە لە کۆی ئەو بڕگە و بەشانەی لە کیتێبەکەدا هەیە، ئەم نووسینە تەنها هەوڵێکە بۆ ناساندنی ئەم کتێبە گرنگە و هاندانێکە بۆ نەک خوێنەران، بەڵکو بۆ نووسەران و توێژەرانیش تا وەک سەرچاوە لە لێکۆڵینەوەکانیاندا سوودی لێ ببینن، هاوکات ئەو نووسەرانەی کلە بواری گێڕانەوەدا کار دەکەن، زۆر گرنگە ئەم کتێبە بخوێننەوە، چونکە ئاساۆی بینین و ئاستی ڕۆشنبیرییان فراوانتر دەکات.

قارەمانانی سەردەمی ئێمە

ڕانانی: سەردەم
ڕەنگە لە دنیای ئیستادا هیچ شتێک هێندەی وەرگێران، بەتایبەت وەرگێرانی نووسراو بە گشت لق و ژانرەکانیەوە یارمەتیدەرێکی کارا و گرنگ نەبێت بۆ کورد، تا بە هۆیەوە ئاشنا بین کە فەرهەنگ و کولتوور و ئەدەبیاتی ئەوانی دیکە، ئەزموونی گەلان و جۆری ژیان و بیرکردنەوە و کەلەپوری کەڵەکەبوو و شارستانییەتە مرۆییەکان، هیچ ڕێگەیەکیان نییە بۆ گەیشتن بە دنیای داخراو و بچووکی ئێمە جگە لە وەرگێڕان، بۆیە دەبێت سەرجەم ئەو کارە باشانەی لە ڕێگەی وەرگێڕکارە باشەکانەوە دێنە بەرهەم، بە چاوێکی ڕێز و پڕ بایەخەوە لێیان بڕوانین و بیانخوێنینەوە، خوێندەوەی ئەو بەرهەمە وەرگێڕدراوانە، هیچ نەکات بۆ ئێمە، هاوکاری ئاستی هۆشیاری و بیرکردنەوە و دنیابینیمان دەدات.
ڕۆمانی (قارەمانی سەردەمی ئێمە) یەکێکە لە ڕۆمانە وەرگێڕدراوەکانی ئەدەبی ڕووسی، ئەم شاکارە بە پێنووسی (میخائیل یورڤیچ) نووسراوە و ڕاستەوخۆ لە زمانی یەکەمەوە، واتە لە زمانی ڕووسییەوە، لە لایەن (سوارە شاکەلی) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کورد و یەکێکە لە چاپکراوە بەنرخ و بەهاکانی دەزگای چاپ وپەخشی سەردەم.
ئەم ڕۆمانە وەک بەشێکی دیکەی فراوانی ئەدەبی کلاسیکی ڕووسی خاوەنی خەسڵەت و تایبەتمەندێتی خۆیەوە، چ لە ڕووی زمانەوە، چ لە ڕووی شێوازی گێڕانەوە و ڕوودا و چیرۆک و کارەکتەرسازی و تەکنیکەوە، دیارترین تایبەتمەندێتی ئەم ئەدەبە، کە لە دەیان ڕۆمان و شاکاری ئەدەبیدا ڕەنگی داوەتەوە، بوونی سەرکێشی کارەکتەرەکانە، ململانێ و بەگژداچوونەوە، دەستبردن بۆ برینەکان و پیشاندانی دوورترین و عاسی ترین شوێنەکان، سەختیی سروشت و بەفر وشاخی بەرز، ناوچە و هەرێمی جیاجیا کە تیایاندا مرۆڤگەلی سەر بە چین و پێگە و ئاستی کۆمەڵایەتی جیاجیا خەریکی ژیانکردنن و بێ پەردە باس لە دنیای جەنگ و قاچاخچێتی و گەندەڵی و کارەساتی مرۆیی دەکەن.
ئەم ڕۆمانە بۆ خوێنەر هەم مایەی چێژە، هەم ئاشناکەرە بۆ کۆمەڵێک زانیاری، ڕووداوەکان ڕاستە لە کۆمەڵی ڕووسی کۆندا ڕوودەدەن و کاراکتەرەکان هەڵگری ڕۆحیەت و سایکۆلۆجیا و ئازار و کێشە و غەمی ئەو ڕۆژگارەن، بەڵام کراون بە ئەفسوونی ئەدەب و هونەریانە مەوداکان فرەوان بوونەتەوە تا ئەو ئاستەی هەر خوێنەرێکی سەر ئەم گۆی زەوییە وا زەن بکات کە بۆ دنیای دیاریکراوی ئەو نووسراوە، بەتایبەت کە چیرۆکەکان و گێڕانەوەکان فرەچەشن و هەمەلایەنن، دنیای کارەکتەرەکان دنیایەکی ئابڵوقە دراوە بە ترس و گومان و دڕەندەیی و بێوەفایی، خاڵی سەرەکی لەم ڕۆمانەدا بریتییە لە جێگە و ڕێگەی ئابووریی و چینایەتی کاراکتەرەکان، حەزی سێکسی و هەستی تۆڵەکردنەوە و کوشتن لەپێناو ئامانجگەلێکی زۆر سادە و ساکار، کە دواجار جگە لە پیسی و پوخڵیی مرۆڤ، هیچ نیشانەیەک و ئاماژەیەکی دیکەمان لێی چنگ ناکەوێت.
ئێمەی کورد دەمێک ساڵە هەر بەهۆی پرۆسەی وەرگێرانەوە ئاشنابووین بە ئەدەبیات و هونەری ڕووسی، گەورە نووسەرانی ئەو وڵاتە و ڕۆمانەکانیان بۆ ئێمە ئەزموونێکی نوێ بوون و کاریگەریی زۆریان لەسەر هۆشیاری و شێوازی نووسین و بیرکردنەوەمان داناوە، ئەگەر ڕۆژگارێک ڕۆمانی بەنێوبانگی (دایک)ی ماکسیم گۆرگی، سەرچاوەی وزەی شۆڕگێڕانەوە و بەرەنگاریی سیاسی و ئەدەبیی ئێمە بووبێت، ئەوا لە قۆناغەکانی داهاتوودا دەیان مەزنە نووسەری وەک چیخۆف وپوشکین و تۆلستۆی و دۆستۆیفیسکی و هتد… دەرگایەکی نوێ و دیکەیان بە ڕووی ئێمەدا کردەوە و ئاشنابووین بە جۆرر ئەدەبیاتێک کە تەواو نزیک بێت لە ڕۆحی مرۆڤ و کێشە و ئازارەکانییەوە، بێ ئەوەی چووبێتنە خانەی ئەدەبگەلێکی دروشمئامێز و ئامجداری تەسکی سیاسی و حزبی، بە قووڵی و چڕی ڕیشەی دەسەڵاتی ستەمکار و سیستەمی حکومڕان و بیری کۆنخوازییان دەرهێناوە.
لە ڕاستیدا ئەم ڕۆمانەش، واتە قارەمانی سەردەمی ئێمە، درێژکراوەی هەمان مێژووی ئەو ئەدەبەیە کە بە ڕەهەندێکی ڕەخنەییانەوە، پێداگری لەسەر لابردنی ماسکە زۆرەکان سەر ڕوخساری دەسەڵاتی سیاسی و پیاوانی ئایینیی خۆگونجێن دەکات لەگەڵ ڕەوشی ئابووری و بەرژەوەندی خۆیاندا، هاوکات دەستی بۆ دوورترین شوێنی ئەو وڵاتە بردەوە و پەردەی لەسەر یەک بە یەکی کێشەکان هەڵداوەتەوە.
وەرگێڕی ڕۆمانەکە لە پێشەکییەکی کورتدا ئەوەی خستۆتە بەرچاو کە پێدەچێت لە ئێستادا ئەم ڕۆمانە، وەک دەقێکی ئەدەبی، هەندێک لەو ئامانجانەی لەدەست دابێت، کە لە سەروبەندی چاپکردنیدا گوزارشتیان لەبارەوە کراوە، ئەمەش بۆ ئەو گۆڕانکاریە خێرایانە دەگەڕێتەوە لە ماوەی ئەو سەدە و نیوەدا کە ئەم ڕۆمانەی تێدا نووسراوەتەوە، کە بەسەر کۆمەڵگای ڕووسیدا هاتوون:
ئەم ڕۆمانە لە ناواخندا کۆمەڵێک نامەی گرنگ بۆ کۆمەڵگە و دەسەڵاتی ڕووسیای قەیسەری لەخۆ دەگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا بە داکی ڕۆمانەکانی ڕووس دەژمێردرێت و پاش نووسینی چەند بەرهەمێکی نووسەرانی کلاسیکی ڕووسی، بڵاوکراوەتەوە، ئەو سەردەمەیە کە تازە ئەدەبیاتی ڕووسی لە چنگەکڕێ و هەوڵدان بووە بۆ دەربازبوون لەژێر کاریگەریی ئەدەبیاتی ئەوروپی، بە تایبەتیش فەڕەنسی، بەڵام تەکنیکی نووسینەکانی لێرمۆنتۆف، گەلێک جیاواز و دەوڵەمەندترە لە نووسینەکانی نووسەرانی ئەم قۆناغەی ئەدەبی ڕووسی، بەداخەوە تەنها لە لە زمانی ڕووسیدا، هەست بەمە دەکرێت و لە کاتی وەرگێڕاندا ئەم دەقانە ناتوانن ئەو تایبەتمەندییانەی خۆیان بپارێزن.
وەرگێڕ جوان ئاماژەی بەوە داوە کە ئەم ڕۆمانە و کارەکتەرەکانی، لەمێژە تێکەڵ بە کولتوری گەلانی ڕووسیزمان بوون و دەیان فیلم و زنجیرەی درامایی، بە زمانەکانی چەرکیزی تا دەگاتە لیتوانی، لەسەر داهێنراوە، هەر یەکێک لەم نەتەوە جیاوازانە، بە شێوەیەک لە شێوەکان، ئەم ڕۆمانە بە بەشێک لە مێژووی ئەدەبیی خۆیان دەژمێرن، لە سەرووی هەمووشیانەوە ڕووسەکان: کاتێک ئاوڕ لە ئەدەبیاتی فۆلکلۆری ڕووسی دەدەینەوە، زیاتر ئاشنا دەبین بەو ڕەخنە گرنگەی لێرمۆنتۆف لەسەر کەسایەتی قارەمانی ناو حەکایەت و مەتەڵە فۆلکلۆرییەکانی ڕووس هەیەتی.
بە گشتی ئەم ڕۆمانە، بە زمانێکی ئاستبەرزی ئەدەبی نووسراوەتەوە، ئەمەش وا دەکات چ خوێنەر و وەرگێڕ، یان هەر کەسە بە شێوەیەکی جیاواز، تێگەیشتنیان بۆ ئەم ڕۆمانە هەبێت، بەشێکی ڕووداوەکانی ناو ئەم ڕۆمانە، بە شێوەی دیالۆگ نووسراونەتەوە، بە شێوەیەک لە هەندێک شوێندا، ئەگەر خوێنەر ورد نەبێت ئەوا تا ڕادەیەک دەقەلکان بە شێوەیەکی تێکەڵ دێنە پێش چاوی، چونکە بنەمای نووسینی ئەم بەرهەمە، کاردکردنە لەسەر سایکۆلۆژیای مرۆڤ.
میخایل یورڤیچ لێرمۆنتۆف، لە بنەماڵەیەکی خانەدان ساڵی ١٨١٤ هاتووەتە دنیاوە، سەرەتای دەستپێکردنی نووسینی، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٨٢٩، یەکەمین دیوانی شیعری بە ناوی (حاجی ئابرێک) لە ساڵی ١٨٣٥ دا بڵاوکراوەتەوە، ئەم نووسەرە ڕووسییە، خاوەنی چوار سەد پارچە شیعر و سی قەسیدەی شیعرییە، هەروەها نووسەری درامای (نیقاب) لەگەڵ ڕۆمانەکانی قارەمانی سەردەمی ئێمە و شاژنی لیگۆڤسکییە، ئەم نووسەرە فرەبەهرە بووە و جگە لەوەی گەنجێکی خاوەن بەهرە و نووسەرێکی لێهاتوو بووە، خاوەن بەهرەیەکی ناوازەش بوول ە نیگارکێشاندا و بەشی هەرە زۆری بەرهەمەکانی پەیوەستن بە ناوچەی قەوقازەوە.
بە گشتی ڕۆمانی قارەمانی سەردەمی ئێمە، ڕۆمانێکی جوان و فرەتێمایە، پڕیەتی لە پەند و ڕێنمایی و ئاگادارکردنەوە، لە ڕووی زمان و ڕووداوەکانەوە، چێژبەخشە و خوێنەر زۆر بە زوویی ئاشنا دەبێت بە ڕۆحی کاراکتەرەکان و باری دەروونییان، بۆیە ڕەنگە هەرچ قسەکردنێک لەباریەوە زیادە بێت، ئەم نووسینەش تەنها هەوڵێکە بۆ ناساندنی لایەنێکی کەم و گچکەی ڕۆمانەکە بۆ ئەوەی خوێنەر هان بدەین خۆی دەست بکات بە خوێندەوەی، بێگومان هەر خوێنەرێکی وریا لە خوێندنەوەی ئەم جۆرە ڕۆمانانەدا سەرنجی تایبەت بە خۆی لەلا دروست دەبێت، چونکە بە سروشتی خۆی لەو جۆرە تێکست و ڕۆمانانەیە کە لە هەر گۆشەیەکەوە لێی بڕوانیت جوانییەکی جیاواز و حیکمەتێکی دیکەت بۆ دەردەکەوێت.

میل پەردۆن، مادام!

میل پەردۆن، مادام!(١)
چیرۆکێکی ڤاسیلی شوکشین
و. لە ڕووسییەوە: شیروان مەحموود محەممەد

هەر کاتێک شارنشینەکان دەهاتن بۆ دێیەکە وپرسیاریان دەکرد ئاخۆ کەسێکی شارەزا هەبێت لە گەڵیان بەڕێکەوێت و شوێنەکانی ئەوناوچەیەیان پیشانبدات، خەڵکی دێیەکە لە وەڵامدا دەیانگوت:
– برۆنکە پوپکۆڤمان هەیە… ئەومان وەستایە لەو کارانەدا… لە گەڵ ئەودا بێتاقەتیش نابن-هەمیشەش بزەیەکی سەیر دەنیشتە سەرڕوخساریان.

برۆنکە(برەنیسڵاڤ) هێشتا بەخۆوە بوو، پیاوێکی بە سەر و قەڵافەتی چاوشینی ڕوو بە پێکەنین و لەشسووک و حازرقسە بوو. تەمەنی لە پەنجا لای دابوو، لە کاتی جەنگدا لە بەرەکانی جەنگ ببوو. دەستی ڕاستی سەقەت ببوو، دوو پەنجەی نەمابوو، بەڵام لە بەرەکانی جەنگدا نا. کاتێک گەنج بووە، چووەتە ڕاو، ویستوویەتی ئاو بخواتەوە (کاتەکەی زستان بووە) بە قۆناخە تفەنگەکەی بەربۆتە شکاندی شەختەی ڕووبارە بەستووەکە. بێگومان تفەنگەکەی لە لوولەکەیەوە گرتووە و دووپەنجەشی لە سەر دەمی تفەنگەکە بووە، گەرچی زامنی ئەو تفەنگە ” بێردان”ەی بە دەستییەوە بوو، خرابووە سەرئەمان، بەڵام لە جێی خۆی خزاوە و فیشەکێک دەرچووە، پەنجەیەکی هەر یەکسەر چووبوو بە هەوادا، پەنجەیەکی تری بە تۆزێک پێستەوە مابووەوە بە دەستییەوە، بەڵام برۆنکە خۆی پێستەکی قرتاندبوو و پەنجەکەی لێکردبووەوە. ئەو هەردوو پەنجەکەی( دۆشاومژە و زەڕنەقووتە)ی لە گەڵ خۆیدا هێنابووە و لە پەنایەکی حەوشەکەیاندا کردبوونی بە ژێر خاکەوە، تەنانەت ئەم وتارە کورتەشی لە سەریان خوێندبووەوە:
– پەنجە ئازیزەکانی من، ئارام چاوتان لێک نێن تا سپێدەی ڕۆژێکی ڕووناک –
ویستبووی خاچێکیشیان لە سەر دانێت، بەڵام باوکی ڕێی نەدابوو.

برۆنکە سەربەگۆبەند بوو، شەڕی دنیای نابووە و زۆربەی جارەکانیش بیرازێکی باشیان دەکرد و دەیاندا بە زەویدا، ئەویش هەڵدەستایەوە و سواری ماتۆڕە شێڕەدرێژەکەی خۆی دەبووەوە و بە ناو دێیەکە دەکەوت، بەڵام هەرگیز ڕقی نەدەگرتە دڵ، سووکەڵە و بێ گرێ و گۆڵ دەژیا.

برۆنکە، وەک هاتنی جەژن، چاوەڕێی هاتنی ڕاوچییەکانی شاری دەکرد. کاتێکیش ئەوان دەگەیەشتن، ئەم ئامادەبوو، چ بۆ هەفتەیەکیان بگوتایە، چ بۆ مانگێک. وەک هەشت پەنجەکانی دەستی خۆی شارەزای شوێنەکانی ئەو ناوچەیە بوو. ڕاوچییەکی زیرەک و شانسداریش بوو.
خەڵکەکەی شاریش کە دەهاتن لە تێرڤۆدکاکردنی ڕەزیلییان نەدەکرد ، جاروبار بڕێک پارەشیان دەداێی، پارەش نەبووایە، بەلای ئەمەوە کێشەیەک نەبوو.

– بۆ چەند ڕۆژ؟- برۆنکە زۆر کارامانە پرسیاری دەکرد- هەمووشت بە دڵی ئێوە دەبێت. بڕۆن بحەوێنە و مێشکی خۆتان ئارام بکەنەوە.

بە سێ ڕۆژ، بە چوار ڕۆژ، جار هەبوو بە هەفتە دەڕۆیشتن. ئیشێکی خۆش بوو. خەڵکەکەی شار ڕێک و پێک وڕێزدار بوون، لە گەڵ ئەواندا شتێک نەدەهاتە گۆڕێ ئارەزووی شەڕکردنی بجووڵێنێت، تەنانەت کە دەشیانخواردەوە. ئەمیش حەزی دەکرد سەرگوزەشتەی ڕاوکردنەکانی خۆی بۆ ئەوان بگێڕێتەوە.

لە دوایەمین ڕۆژی گەشتەکەیان، کە ئیتر خەریکی سازکردنی دوا ئاهەنگی خواردنەوەبوون، برۆنکە دەستی دەکرد بە گێڕانەوەی بەسەرهاتە سەرەکییەکەی خۆی.
ئەو هەمیشە بە بێئارامییەکی زۆرەوە چاوەڕێی ئەو ڕۆژەی دەکرد، بە هەزار حال خۆی پێ دەگیرا… کە ڕۆژەکەش دەهات ئیتر هەر سەر لە بەیانییەوە ژانێکی شیرین ختووکەی دڵی دەدا و برۆنکا بە شێوەیەکی تەواو تەشریفاتی بێدەنگیی هەڵدەبژارد.
– ئەوە چیتانە؟- خەڵکەکە لێیان دەپرسی
– دەهیچ نییە – وەڵامی دەدانەوە- بڵێن، بزانم لە کوێ خوانەکەمان سازکەین؟ لە کەنار ئاوەکە باشە؟
– کەنار ئاوەکە عەیبی نییە..

دەمەوئێوارە، شوێنیکی خۆش و لە باریان لە کەناری ئەو رووبارە جوان و بەخوڕە هەڵدەبژارد و ئاگرێکی خۆشیان لێدەکردەوە. تا شۆربای کولەکەکە دەکوڵا، ئەمان پێکی یەکەمیان هەڵدەدا. برۆنکەش پاش ئەوەی دوو پەرداخی ئەلەمینیۆمی ئاودیو دەکرد جگەرەیەکی دەکرد بەسەردا.. – ئێوە، لە بەرەکانی جەنگ بوون؟ – برۆنکە وەک بڵێی بێ مەبەست ئەو پرسیارەی لە خەڵکەکە دەکرد. خەڵکەکەش، ئەوەی تەمەنی سەرووی چل ساڵ بوو، بەشی زۆریان بەرەکانی جەنگیان دیبوو، بەڵام ئەو لە گەنجەکانیشی دەپرسی: ئەو دەیویست سەری قسەکە دامەزرێنێ.- -ئەوەش هەرهی بەرەکانی جەنگە؟- خەڵکەکە پرسیاریان لێدەکرد و مەبەستیان پەنجە قرتاوەکانی بوو
– نەخێر، من لە جەنگدا پەرستیار بووم …ئای شت ڕوویدەدا !..- برۆنکە قەیرێکی باش بێدەنگیی لێدەکرد- ئەی ئێوە باسی هەوڵی کوشتنەکەی هیتلەرتان بیستووە؟
– بیستوومانە
– دە ئەوەیان ناڵێم. مەبەستتان ئەو جارەیە کە ژەنەراڵەکانی خۆی ویستیان تەختیکەن؟
– ئا
– ئەوەیان نا، من پرسیاری ئەویتریان دەکەم
– ئەویتریان کامەیە؟ بۆ هەوڵێکی تریش هەبووە؟
-هەبووە- برۆنکە وەڵامی دەدایەوە و هاوکاتیش پەرداخە ئەلومینیۆمییەکەی دەخستە بەردەم بوتڵەکە و دەیگووت:
– بە ئەرک نەبێ تۆزێ خۆڕڕەی لێ بێنە – ئەوان بۆیان تێدەکرت و ئەمیش هەڵیدەدا – هەوڵێکی تریش هەبووە، هاوڕێیانی ئازیزی من. ئاخ. فیشەکەکە هەر هێندە لە سەرییەوە لایدا- برۆنکە بەسەری پەنجەی مەودای دووریی فیشەکەکەی لە سەری هیتلەرەوە پیشان دەدا – ئەمە کەی ڕوویداوە؟
-بیستۆپێنجی تەمموزی هەزارو نۆسەدوچلوسێ- برۆنکە دیسانەوە بۆ ماوەیەکی درێژ بێدەنگ دەبوو، ڕێک وەک ئەوەی ڕابردوویەکی کۆن و پڕ بەهای خۆی بیربکەوێتەوە.
– باشە کێ تەقەی لێکرد؟
برۆنکە گوێی لە پرسیارەکە نەدەگرت و جگەرەکەی خۆی دەکێشا و چاوی دەبڕییە ئاگرەکە. – دەی ئەو هەوڵی کوشتنە لە کوێ ڕوویدابو؟ – برۆنکە بەردەوام بێدەنگ بوو. خەڵکەکەش بەسەرسامییەوە سەیری یەکترییان دەکرد. – من تەقەم لێیکرد – برۆنکە لەپڕ وەڵامی دەدانەوە. قسەکانی بە دەنگێکی نزم دەکرد و بۆ ماوەیەکی تر چاوی دەبڕییە ئاگرەکە، دوواتر چاوی هەڵدەبڕێ و بەشێوەیەک سەیری خەڵکەکەی دەکرد وەک پێیان بڵێت:” سەرتان سوڕماوە؟ وا نییە؟ من خۆیشم سەرم سوڕماوە” ئینجا پێکەنینێکی پر ناسۆر پێدەکەنی.
خەڵکەکەش عادەتەن ماوەیەکی زۆر بێدەنگیی دایدەگرتن و سەیری برۆنکەیان دەکرد. ئەو جگەرەکەی خۆی دەکێشا و بە سەری لقەدارێک خەڵووزە پەرێوەکانی فڕێدەدایەوە ناو ئاگرەکە… ئا ئەو ساتە، چرکە ساتێکی سووتێنەربوو. ڕێک وەک ئەوەی پەرداخێک ئیسپرتۆی تێکەڵنەکراو، بە ناو خوێندا بڵاوبووبێتەوە. – ئێوە بەڕاستتانە؟
– ئەی ئێوە بە تەمای چین؟ چییە، وا دەزانن من بێئاگام لەوەی چۆن مێژوو دەشێوێندرێت؟ من بە ئاگام، چاکیش بە ئاگام هاوڕێیانی ئازیزم
– دە قسەی هیچ، شتی وا کەی هەبووە…
– دەی لە کوێش تەقەتان لێکرد؟ چۆن چۆنی؟
– بە دەمانچەیەکی ”براونینگ”… ڕێک ئا ئاوا، پەنجەم نا بە پەلەپیتکەکەیدا و زرم!- برۆنکە لەو کاتەدا نیگایەکی جیدی و خەفەتبارانە ڕووخساری دەتەنییەوە- ئەو خەڵکە بۆ وا کەمبڕوان؟ ئاخر خۆ ئەو لەو کاتەدا خەریکی قۆشمەچێتی و خەڵک هێنانە پێکەنین نەبوو.
خەڵکە کەمباوەڕەکە نەیاندەزانی چی بکەن.
– ئەی باشە بۆ کەس ئەو باسەی نەبیستووە؟
– سەد ساڵی تریش تێدەپەڕێ و هێشتا زۆر شت لەژێر پەردەی تاریکیدا دەمێنێتەوە. تێگەیشتن؟ وەک ئەوەی ئێوە خۆتان نەزانن … ئاخر هەموو تراژیدیاکە لەوەدایە کە ژمارەیەکی زۆری قارەمانان هەر لە ژێر پەردەدا دەمێننەوە.
– ئەمە شتێکە زۆر بە هین دەچێت….- کەسێک لە ناو خەڵکەکەدا دەیگووت.
– دە بوەستە. باشە گشت ئەوە چۆن ڕوویدا؟- یەکێکی تر وەڵامی ئەوەی یەکەمی دەدایەوە و ڕووی پرسیاریشی دەکردە برۆنکە.
برۆنکە خۆی چاک دەیزانی، کە لە ئاکامدا هەر ئارەزووی ئەوە دەکەن کە گوێیان لە بەسەرهاتەکە بێت. هەمیشە هەر وابووە، داوایان کردووە بۆیان بگێڕێتەوە. – ئاخر دەزانم، دوایی دەمتان ناوەستێیت
خەڵکەکە دیسانەوە دەپەشۆکانەوە
– لای کەس باسی ناکەین …
– سوێند بەشەرەفی حیزبیتان دەخۆن(٢)؟
– دە لە هیچ شوێنێک چەنەبازی ناکەین. بیگێڕەوە
– ئاخر بەڕاست، وەعدی حزبییانە؟ خۆتان دەزانن خەڵکی دێیەکەمان چۆنن…زمانیان دەخەنە گەڕ.
– خەمت نەبێت. هەموو شت بە دڵی تۆ دەبێت- خەلکەکە ئیتر ئۆقرەیان نەمابوو- دە باسیکە بۆمان.
– دە بێزەحمەت شڵپەی لێ بێنەوە- برۆنکە دیسانەوە پەرداخەکەی ڕادەگرت. ئەو پێدەچوو تەواو ئاگای لە خۆی بێت – وەک بۆم باسکردن، ئەوە لە بیستوپێنجی تەمموزی هەزار و نۆسەد و چلوسێدا بوو. ئێمە لە هێرشدا بووین. لە کاتی هێرشیشدا پەرستیارەکان کاریان زیاترە. من ئەو ڕۆژە دوانزە بریندارم گەیاندبووەوە خەستەخانە مەیدانییەکەمان …. ئەفسەرێک، کە بە سەختی بریندارکرابوو، گەیانمدە قاوشێک… لە هەمان قاوش ژەنەرالێک کەوتبوو. زامەکەی ئەمیان زۆر سەخت نەبوو،قاچی، کەمێک سەروو ئەژنۆی، زامدار کرابوو. لەو کاتەدا برینەکەیان بۆ دەپێچا، لە پڕێکا چاوی بە من کەوت:
– ئادەی پەرستیار بوەستە. مەڕۆ.
منیش لە دڵی خۆمدا گوتم، هەبێ و نەبێ دەیەوێت بیگەێنمە شوێنێک و بچمە ژێر باڵی. وەستام وچاوەڕێم کرد. ژیان لە گەڵ ژەنەڕالەکاندا خۆشترە، هەموو دۆخەکە وەک بڵێیت لە سەر لەپی دەستتە.

خەڵکە شارییەکە گوێدەگرن. ئاگرەکە نێڵەنێڵێتی، قرچە و تەقەی لێ بەرزدەبێتەوە، تاریک و لێڵییەکە لە دارستانەکەوە دزە دەکاتە سەر ڕووی ئاوەکە، بەڵام ناوەڕاستی ڕووبارەکە، لەوێدا کە لێشاوەکەی بەخوڕترە، هێشتا دەبریسکێتەوە و تیشک دەدات، هەر وەک بڵێیت ماسییەکی یەکجار گەورە لە ناوەڕاستی ئاوەکەدا و لەو تاریک و لێڵییەی ئێواراندا یاری بە جەستەی زیوینی خۆی بکات.
-هەرچۆنێک بوو برینەکەی ژەنەراڵیان پێچا… دکتۆرەکەش پێی دەڵێت” ئێوە پێویستتان بەوەیە پاڵکەون”-
– دە بەڵاتم لێ لادە!- ژەنەڕاڵ وەڵامی دایەوە… ئێمەمانان ئەو کاتە لە دکتۆرەکان دەترساین، هەرچی ژەنەڕالەکانیش بوون، حسابێکی ئەوتۆیان بۆ دکتۆرەکان نەدەکرد.

لە گەڵ ژەنەڕاڵەکەدا سواری ئوتۆمبێلیک بووین و بەرەو شوێنێک کەوتینە ڕێ. ژەنەڕالیش کەوتە پرسیارلێکردنم: بە ڕەچەڵەک خەڵک کام ناوچەم؟لە کوێ کارم کردووە؟ چەند ساڵ خوێندنم کردووە؟ منیش بە دوورودرێژی وەڵامی پرسیارەکانیم دەدایەوە: خەڵکی فڵانە شوێنم ( من خۆم لەم ناوە لە دایکبووم)، لە کەڵخۆز کارم کردووە، زیاتریش خەریکی ڕاووشکاربووم – ئەوەیان شتێکی باشە – ژەنەڕاڵەکە گووتی و لێی پرسێم : – ئەی نیشان باش دەپێکیی؟
منیش وەڵامم دایەوە:- بەڵێ، بۆ ئەوەی زیا لەپێویستیش خۆم هەڵنەکێشم، لە دووری پەنجا هەنگاوەوە، بە تفەنگ، گڕی مۆمم کوژاندۆتەوە. هەرچی ساڵانی خوێندنیشمە هێندە چڕ نیین. باوکم هەر لە مناڵییەوە بە ناو بێشەڵان و دارستاندا دوای خۆی دابووم. ژەنەڕال دڵی دامەوە و گووتی کێشەیەک نییە، بۆ ئەو ئیشەی ئێمە دەتنێرێن، خوێندنی باڵا پێویست نییە. بەڵام مۆمێکی نەفرەتیی هەیە کە گڕی بەرداوەتە سەرانسەری جیهان، ئەگەر تۆ بۆمانی بکوژێنیتەوە، ئەوا نیشتمانیش تۆ لە یاد ناکات. ئەوە ئاماژەیەکی تەنک بوو، بۆ دۆخ و کێشەیەکی ئەستوور. تێگەیشتن؟ بەڵام من جارێ پەییم پێ نەدەبرد مەسەلە چییە.

گەیشتینە لای حەشارگەیەکی گەورەی ژێرزەمینی. ژەنەراڵ هەموو ئەوانەی لەوێ بوون کردنییە دەرەوە و خۆیشی هەر خەریکی لێکۆڵینەوە بوو لە گەڵ من. پرسی ئەوەی کرد : ئایا خزم و کەسوکارت لە دەرەوەی وڵات نییە؟ منیش گووتم، خزمی وام لە کوێ هەبێ، ئێمە پشتاو وپشت خەڵکی سیبیریاین. ئێمە لەو قۆزاقییانەین کە هێشتا لەسەردەمی پیۆتەری تساردا قەڵای بیی- کەتینسکیان لە دارهەڵچنیبوو، هەموو دێیەکەمان لەوێوە هاتوون…
– ئەم ناوەت، برەنیسڵاڤ(٣) لە کوێوە هاتووە؟
– قەشەکەمان بە سەرخۆشی ئەو ناوەی بۆ دۆزیبوومەوە، لەسەر ئەوە کەمێک لەو ئێسترە یاڵدرێژەم سرەواند، کاتێک ساڵی هەزارو نۆسەدوسیوسێ پێش خۆمم دابوو، بەرەو بەرێوەبەرایەتی سیاسی دەوڵەتییم دەبرد(٤).
-ئەوە لە کۆییە؟ بۆ کوێت دەبرد؟
– بۆ شار. ئێمە گرتبوومان و نەمان دەزانی بۆ لای کێی بەرین. ئیتر کوڕەکان گوتیان، برۆنکە تو بیبە، دەمێکە دانی لێ تیژ دەکەیتەوە.
– جا لە سەرچی. خۆ ئەو ناوە ناوێکی باشە.
– وایە، ناوێکی باشە، بەڵام ناوێکی وا، ناوێکی خانەوادەیی گونجاویشی دەوێ. منیش ناوەکەم برەنیسڵاڤ پوپکۆڤە (٥). لە سەربازییدا هەر ناویان دەخوێندمەوە، هەموو دەیاندایە قاقای پێکەنین. بەڵام یەکێکمان هەیە ناوی ڤانکا پوپکۆڤە، ئەو مێشێکیش میوانی نییە.
– دەی چاکە، دوایی چی ڕوویدا؟
– دوایی، کەواتە، ئاوا بوو. ئەرێ من لە کوێدا باسەکەم وەستاند؟
– لەوێدا کە ژەنەڕاڵ پرسیاری لێدەکردیت.
– ئا. ئیتر پرسیاری هەموو شتێکی لێکردم، دوایی پێی گووتم:- هاوڕێ پوپکوڤ، حیزب و دەوڵەت ئەرکێکی پڕ بەرپرسیارێتیت پێ دەسپێرن. هەواڵمان هەیە کە هیتلەر بە شێوەیەکی نهێنی هاتووە بۆ ئێرەکانێ، بۆ بەرەکانی پێشەوە. دەرفەتێکی باشمان هەیە تێیسرەوێنین. ئێمە- ژەنەراڵ گووتی-بەدفەڕێکی ئەڵمانەکانمان گرتووە، کە بە ئەرکێکی تایبەتی گەێندرابووە لامان. ئەو ئەرکەکەی خۆی بە جێ گەیاندبوو، بەڵام کەوتە چنگی ئێمە. بەپێی پلانەکەی ئەوان دەبووایە لە بەرەی جەنگ بپەڕایەتەوە بۆ ئەو بەر و چەند دەکومێنتێکی زۆر گرنگ بگەێنێتە دەست خودی هیتلەر. هیتلەرو چەکللەکانیشی ئەو کابرایە بە ڕوخسار دەناسنەوە.
– جا تۆ چ پەیوەندییەکەت لە گەڵ ئەو شتەدا هەبوو؟
– ئەوەی قسە دەبڕێت، سوژنی پیاچێت. جارێ قڵپەی لێ بێنە( دیسانەوە پەرداخەکەی ڕاگرتەوە). ئێستا بۆتان ڕوون دەکەمەوە: من و ئەو کابرایە وەک دوو تنۆکی ئاو لە یەک دەچووین. جا ئیتر سەڵتەنەت دەستی پێکرد، برایینە – برۆنکە، وا بە کامی دڵ، خۆی دەدایە دەست یادەوەرییەکانی ئەو سەردەمەی، بە جۆش و خرۆشێکی واوە باسی دەکردن، کە ئەوانەی گوێشیان لێدەگرت بە بێ ویستی خۆیان هەستێکی خۆشنودیی وتایبەتییان تیا دەخوڵقا
– بەهەرحاڵ منیان هەر لە خەستەخانە مەیدانییەکە لە ژوورێکی تایبەتی نیشتەجێ کرد و دوو سەربازیان خستە ژێر ڕکێفمەوە. یەکێکیان عەریف بوو، هەرچەندە من خۆم سەربازێکی ئاسایی بووم. ئیتر منیش پێم دەگووت: ئادەی هاوڕێی عەریف ئەو پۆستاڵانەم بۆ بێنە .فەرمان فەرمانە، چاری نەبوو دەبووایە بە قسەم بکات. هاوکاتیش منیان بۆ ئەرکەکە ئامادە دەکرد، خستیانمە خولێکی ڕاهێنانەوە…
– ڕاهێنانی چی؟
– ڕاهێنانی تایبەتی. ناتوانم زۆر بچمە ناو ئەو باسەیانەوە. کاغەزیان پێ ئیمزاکردووم. دەبێ پەنجا ساڵ تێبپەڕێ ئەوسا دەتوانم … ئێستا چەند تێپەڕیوە؟ …- برۆنکا دەکەوتە لێوجوڵاندن.. دیار بوو دەیژمارد- ئێستا بیستوپێنچ ساڵ تێپەڕیوە. بەهەرحاڵ، ژیانە پڕ سەڵتەنەتەکەی من هەر بەردەوام بوو: نانی بەیانیانم سێ جۆرخواردن بوو. جاری وا هەبوو سەربازەکەی بەردەستم شەرابێکی قۆڕی دەهێنا، منیش وام ئەنەڕاند بەسەریا ، ئیتر خێرا دەچوو ئیسپرتۆی بۆ دەهێنام، خەستەخانەکە پڕی ئەو ڕزقە بوو. خۆم بە ئارەزووی خۆم ڕوونم دەکردەوە و شەرابەکەشم دەبەخشییە بەردەستەکەم. هەفتەیەک بەو شێوەیە تێپەڕی و لە دڵی خۆمدا دەمگووت تۆ بڵێی ئەم بەزمە چەند درێژە بکێشێ.

سەرەنجام ژەنەراڵ بانگی کردمە لای خۆی و پرسی:
– ئێ، هاوڕێ پوپکۆڤ، کار چۆن دەڕوات؟ منیش وەڵامم دایەوە و گووتم: ئامادەی ڕاپەڕاندنی ڕاسپاردەکەتانم! ژەنەراڵ گووتی :- دەی چاکە، خوا پشت و پەنات بێت، گووتیشی: چاوەڕێتین وەک قارەمانی یەکێتی سۆڤێت بگەڕێیتەوە لامان(٦). هەر دەستت تەتەڵە نەکات
منیش گووتم: ئەگەر نەمپێکا، وەک سووکترین ناپاک و دوژمنی گەل(٧) حسابم لە گەڵ بکەن! یان ئەوەتا لە پاڵ هیتلەردا بە کوژراوی لێیدەکەوم، یان ئێوە بە دەستی خۆتان مەدالیای قارەمانی یەکێتی سۆڤێت دەدەن لە سنگی پوپکۆڤ برەنیسڵاڤ ئیڤانەڤیچ . کارەکەش وابوو کە هێرشێکی یەکجار گەورەی ئێمە بە ڕێوە بوو.وا بڕیاربوو لە دوولای بەرەی جەنگەوە هێزەکانی پیادە هێرش بەرن ، لە ناوەڕاستیشەوە زەبرێکی کوشندەی هێزی تانکەکانمان ئامادەکرابوو.
چاوەکانی برۆنکە گڕێکی وشکیان لێدەبووە، وەک خەڵووزی پشکۆگرتوو دەبریسکانەوە. ئەو تەنانەت بیریشی چوو پەرداخە ئەلومنیۆمییەکەی ڕاگرێ تا بۆی تێکەنەوە. شەوقی ئاگرەکە لە سەر ڕوخساری ڕێکهەڵکەوتووی سەمای دەکرد. ئەو زراڤ و نیگەران دەینواند.
– من ، هاوڕێیانی ئازیزم، باسی ئەوەتان بۆ ناکەم چۆن لە هێڵی بەرەی جەنگەوە ئاودیو کرام و بە چ شێوەیەک خۆم گەیاندە حەشارگەکەی هیتلەر. گرنگ ئەوەیە خۆم گەیاند! لێرەدا برۆنکە هەڵدەستێتە سەرپێ: – خۆم گەیاندە ئەوێ! دوا هەنگاو بە سەر پلیکانەکاندا دەنێم وخۆم، لە هۆڵێکی لە کۆنکرێت دروستکراودا، دەبینمەوە. گلۆپە کارەباییەکان ڕووناکییەکی بە هێزدەدەن … یەک دنیا ژەنەرەڵ کۆ بوونەتەوە. من خێرا سەرم لە دۆخەکە دەرکرد و لە خۆمم پرسی: – کوا هیتلەر! برۆنکە هەموو گیانی گرژ دەکات، جارو بار دەنگی دەپچڕێ، یان دەنگی دەبێتە چرپەیەکی فیکەئاسا، یان وەک قرووسکەیەکی ناخۆشی لێ دێت. قسەکانی پچڕ پچر دەبن، بۆی دەوەستێت، لە نیوەی وشەیەکدا قسەکە بە خۆی دەپڕێ، تف قووت دەدات…
– دڵم گەیشتبووە ئائێرە، خەریکبوو لە قوڕگمەوە بێتە دەر: کوا هیتلەر؟! من لە سەر ئاستێکی میکرۆسکۆبیانەدا سەروفەساڵی ڕێویانەی ئەوم لە بەر کردبوو، پێشوەخت بڕیارم دابوو فیشەکەکە بنێم بە کوێیەوە. بڕیاربوو بینێم بە سمێڵییەوە. من دەستی سڵاوم بەرزکردەوە و هاوارم کرد:- هایل هیتلەر! لە دەستەکەی ترمدا پاکەتێکی گەورەم پێیە، لە پاکەتەشدا دەمانچەیەکی” براونینگ”ی پڕ فیشەکی ژەهراوی کراو و قابیلی تەقینەوە. ژەنەڕاڵێکیان لێم هاتە پێشەوە ودەستی درێژکرد ویستی پاکەتەکەم لێوەرگرێ. منیش زۆر بە ڕێزەوە پاڵم نا بەدەستییەوە:- میل پەردۆن مەدام، ئەمە تەنیا دەدرێتە دەست فیورەر(٨). بە ئەلمانییەکی پوخت و پاراو پێم گووت:- فیورەر!- برۆنکە لێرەدا تفێکی قووتدا… لەو کاتەدا هیتلەر خۆی هاتە دەرەوە. هەستێکی وام تیادروست بوو، وەک کارەبایان لێدابم …من خاکی نیشتمانە دوورەکەی خۆمم هاتەوە یاد… دایک و باوکم هاتەوە یاد…- برۆنکە دەمێک بێدەنگ بوو، ئامادەبوو دەست بکاتە گریان، هاوار بکا و بلورێنێ، کراسەکەی بەری خۆی دادڕێ- خۆتان دەزانن لە ژیاندا ساتی وا هەیە کە سەراپای ژیانت بە یادگەتدا تێدەپەڕێ… ئێستاش وا لووتم ناوە بەلووتی ورچەکەوە. ئاخ. چیتر ناتوانم!- برۆنکە دەست دەکات بە گریان.
– ئێ؟- یەکێک لە شارنشینەکان بە دەنگێکی نزمەوە دەپرسێت
– ئیتر ئەو خۆی ڕووەو من هات… ژەنەڕاڵەکان هەموویان وەک بت، قیت وەستابوون… ئەویش بزەیەکی بە ڕوومدا کرد…منیش پەلاماری پاکەتەکەم دا ..- پێدەکەنیت، ناپیاو!.. دەی سا بگرە ، لە پای هەموو ئێش و ئازارەکانمان! …لە پای زامەکانمان! ..لە پای خەڵکانی سۆڤێتی!..لەپای شارو دێهاتی وێرانکراومان! … لەپای فرمێسکی هاوسەر و دایکانمان!- برۆنکە هاوار دەکات و دەستی وا گرتووە وەک بڵێی دەمانچەیەک گڕ بدات- خەڵکەکەی دەوروبەر بەجارێک دەساکێن..- تۆ پێدەکەنیت؟ دەی سا بگەوزێ لە خوێنی خۆتدا ،هەی جانەوەری خشۆک!!- خەڵکەکە لەو هاوارەی برۆنکا لەشیان دادەهێزرێ…دوایی بێدەنگییەکی گۆڕستانئاسا باڵ بەسەر شوێنەکەدا دەکێشێ… چرپە وسرتەیەکی بە پەلە و نا ڕوون بەناویاندا بڵاودەبێتەوە:- من تەقەکەم لێکرد…- برۆنکە سەری بەسەر سنگی خۆیدا شۆڕ دەکاتەوە.. دەمێکی باش گریانێکی بە کووڵ دەگری…روخساری گرژدەکات…جیڕە بەدانە ساغەکانی خۆی دەهێنێ و سەری بێ ئۆقرەی خۆی ڕادەژەنێ. سەری بەرز دەکاتەوە و هەموو ڕوخساری بە فرمێسک تەڕ بووە..- بەڵام نەمپێکا.
هەمووان بێدەنگ دەبن.. دۆخی شێواوی برۆنکە بە شێوەیەکی وا بە هێز کاریان لێدەکات، کە وا هەست دەکەن، دەمهەڵهێنانەوە لەم کاتەدا، شتێکی باش نابێت.
– تکایە، بۆم تێکەنەوە- برۆنکە بە دەنگێکی نزم، بەڵام فەرمانئامێزانە داوایان لێدەکات.. پەرداخەکەی هەڵدەدات و دەچێتە لای کەناری ڕووبارەکەوە، خۆی لەوانیتر بە دوور دەگرێت. ماوەیەکی زۆربە تەنیا دادەنیشێ، ئەندێشەی ئەو ڕووداوە ئەشکەنجەی گیانی دەدا، هەناسە هەڵدەکێشێت و دەکۆکێ. قاییل نابێت شۆربای ماسییەکەش، کە خەڵکەکە لێیان ناوە، بخوات…

زۆربەی جاریش لە ناو دێدا خەڵکەکە پێدەزانن کە برۆنکە دیسانەوە باسی” هەوڵی کوشتنەکە” ی گێڕاوەتەوە.
برۆنکە بە مڕۆمۆچیی دەگەڕێتەوە ماڵەوە. خۆی ئامادەکردووە هەستی برینداربکرێت و ئامادەشە هەستی بەرامبەرەکەی بریندار بکات.
ژنەکەی، کە ئافرەتێکی ناشیرینی لچ ئەستوور بوو، خێرا پەلاماری دەدا:
– چییە، دەڵێی سەگیت و شلکووتی عەمرت کراوە، بەم ناوەدا دەسوڕێیتەوە؟ دیسانەوە بەزمەکەیە!
– – دە، لاچۆ لە بەرچاوم! ..- برۆنکە بە خاوییەکەوە دەبۆلێنێ- شتێکم بۆ بێنە بیخۆم
– تۆ هیی ئەوە نییت خواردنت بدرێتێ، تۆهی ئەوەیت بە قەپانێک هەموو سەروگوێلاکت بکوترێتەوە- ژنەکەی دەقیژێنێت بە سەریدا- ئاخر لە خەجاڵەتیی ئەو خەڵکەدا نازانم ڕووم لە کۆی بشارمەوە
– دەی کەوایە، لەماڵەوە بسەکنێ، پێویست ناکات کۆڵانەو کۆڵان بکەیت.
– نەخێر، من هەر ئێستا دەڕۆم ، دەچم بۆ ئەنجوومەنی دێیەکە، با ئەوان شێت و شوورێکی وەک تۆ بانگکەن! ئاخر خۆ دەبێت ڕۆژێک لێپرسینەوە لە پەنجە قرتاوێکی وەک تۆ بکەن، لە سەر ئەو مێژووشێواندنەت.
– مافی ئەوەیان نییە. ئەوە خۆ کارێکی چاپکراونییە. تێدەگەیت؟ دە شتێکم بۆ بێنە با بیخۆم.
– ئاخر ئەو خەڵکە پێمان پێدەکەنن. بەرەوڕوو پێمان پێدەکەنن… ئەمیش هەر دەڵێیت شەونمی خوایە و لە ڕووی دەدات. کوڕە هەی فەساڵڵی نەشۆراو، هەی ئاژەڵی کێوی! ئاخر تۆحەیا و حورمەتت هەیە؟ یان هەموو شتێکت لێ داماڵراوە؟ تف! لەچاوە بێ شەرم وشکۆکانت. پوپۆک!
برۆنکە نیگایەکی تۆڕە دەگرێتە ژنەکەی. بە دەنگێکی نزم، بەڵام پڕلە هێز، دەڵێت:
– میل پەردۆن مەدام… بەڵام من هەر ئێستا تێتدەسرەوێنم!
ژنەکەی دەرگاکە دەداتەوە بەیەکدا و لە ماڵ دەچێتە دەرەوە: دەچێ لای ئەنجومەنی دێیەکە شکات لە” ئاژەڵە کێوی” یەکەی بکات.
ژنەکەی برۆنکە لەوەدا نەیپێکابوو، کە دەیگووت برۆنکە هیچی بەخەیاڵدا نایەت… نەخێر.. ئەو خەفەتێکی زۆری دەخوارد…توڕەدەبوو.. دووڕۆژ لە ماڵەوە هەر دەیخواردەوە… کوڕە مێرمنداڵەکەی خۆی دەنارد، لە دوکانی مەی فرۆشتنەکە، ڤۆدکای بۆ بکرێت
– لەوێ گوێ لە قسەی کەس نەگریت – برۆنکە بە هەستێکی تیکەڵاوی تۆڕەیی و خۆ بە گوناهبارزانییەوە بە کوڕەکەی دەگووت – بوتڵەکە وەرگرە و ڕاستەو ڕاست وەرەوە ماڵێ.

هەر بەڕاستییش، چەند جارێک برۆنکەیان بانگ کردبووە ئەنجوومەنی دێ و لەوێ شەرمەزاریان کردبوو، هەڕەشەیان لێکردبوو کە ڕێوشوێنی پێویست لەدژی بگرنە بەر.
برۆنکەش کە لەو کاتانەدا هۆشی لای خۆی بوو و نەیخواردبووە، بێ ئەوەی سەیری چاوی سەرۆکی ئەنجوومەنەکە بکات، چەند وشەیەکی بە توڕەییەوە دەدا بەسەریەکدا: – دە باشە، ئیتر.. دە لێگەڕێ، قابیلە چی بووە!
دوایی دەچوو لە دوکانی مەی فرۆشەکە پڕ بەشووشەیەکی ترشیات بیرەی دەخواردەوە، کەمێک لە بەر دوکانەدا دادەنیشت تا ”بیگرێ” ئینجا قۆڵی لێهەڵدەکرد و بە دەنگێکی بەرز بە هەمووانی ڕادەگەیاند:
– دەی، جا کێ ئازایە با بفەرموێ ، بێتە پێشەوە؟ خۆ ئەگەر کەمێک کەلەلاشم کرد، تکایە زوویر نەبێت. میل پەردۆن مەدام!
ڕاستییەکەشی برۆنکە نیشانشکێنێکی دەگمەن بوو.

پەراوێزەکان:

1. میل پەردۆن مەدام: ڕستەیەکی فەرەنسییە و بە مانای: هەزار جار داوای لێبوردن دەکەم مەدام.
2. بە شەرەفی حزبیتان: لە سەردەمی سۆڤێتیدا و بەتایبەتی لە ساڵانی شەستەکان و حەفتاکاندا وا چاوەڕوان دەکرا کە ئەندامانی حزب بە درۆ سوێند ناخۆن و تەنانەت کەسانی ناحیزبییش، ئەگەر ئەو سوێندەیان بخواردایە وا چاوەڕوان دەکرا درۆ نەکەن

3. برەنیسڵاڤ ناوێکی ڕووسیی یان سڵاڤی کۆنە و ئەگەر حەرفی وەرگێردرێتە سەر کوردی ڕەنگە ببێتە سەرفرازیپارێز یان پارێزەری سەرفرازی.
4. شوکشین لێرەدا ئاماژەیەکی کورت بۆ ئەو هەڵمەتی دژە ئاینییە دەکات کە لەسەردەمی ستالیندا دژی پیاوانی ئایینی و شوێنەپیرۆزەکان کرا و هەزاران پیاوانی ئاینی سەر بە ئاینە جیاوازەکان گیران ولە ناوبران.
5. پوپکە لە زمانی ڕووسیدا مانای ناووک دەگرێتەوە( بەمانای ئاسەواری شوێنی پەیوەندی نێوان مناڵ و دایکی کاتێک لە زگی دایکیایەتی)، جا برۆنکە توڕەی ئەوەبووە کە ناوێکی وا بەرزەفڕی وەک سەرفرازیپارێز و ناووک لە گەڵ یەکدا نایەنەوە یەک
6. قارەمانی یەکێتی سۆڤێت، بەرزترین نازناو و ڕێزلێنان بوو لە سەردەمی یەکێتی سۆڤێتدا ئەو کەسەی ئەو پاداشتەی پێدەدرا مەدالیایەکی ئەستێرەداریان بە پارچەیەک قوماشی سوورەوە ئەدا لە بەرۆکی و مایەی شانازی وڕێزلێنانێکی زۆر دەبوو .
7. ”دوژمنی گەل” تەنیا زاراوەیەکی سووکایەتی پێکردن نەبوو لە دەوڵەتی سۆڤێتیدا. ئەو کەسەی ئەو نازناوەی بە سەردا ببڕایە جگە لەوەی کە لە سێدارە دەدرا یان ڕەهەندەی سیبیریا دەکرا، بە ڕەچەڵەکی منداڵ و نەوەکانیشیدا دەچوونە خوارەوە و لە هیچ جێگەیەک شوێنیان نەدەبووەوە.
8. فیورەر وشەیەکی ئەڵمانییە بە مانای سەرۆک یان سەرکردە دێت و نازییەکان بۆ هیتلەر تەرخانیان کردبوو

شانۆی کلاسیکی و بوژانەوەی لە ڕۆژگاری ڕێنیسانسدا

ڕانانی: سەردەم
ئەم کتێبە لە کۆمەڵێک بابەتی شانۆیی پێکهاتووە و کۆمەڵێک وتارن مێژووی نووسینیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨٩، کە لە ڕۆژنامەی (هاوکاری و پاشکۆی عێراق و گۆڤاری بەیان)دا بڵاوکراونەتەوە، ئەو کات مامۆستا (شەفیق محەمەد) وەک خۆی خۆی ئاماژەی پێ داوە، خوێندکاری کۆلێژی هونەرەجوانەکانی بەغدا بووە.
ئەگەرچی وتارەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە مێژوویەکیان هەیە، بەڵام هێندە میتۆدیانە بەرمەبنای هۆشیاریی و ڕۆشنبیرییەکی شانۆییان نووسراون، هێزی ئەوەیان هەیە لە ڕۆژگاری ئێستا و ئایندە و داهاتوویەکی دوورتریشدا بخوێنرێنە، چونکە سەرباری ئەوەی بە زمانێکی ڕەوان و سادە نووسراون، هاوکات پڕن لە زانیاریی مێژوویی و هونەری و ناوی کەسایەتیی شانۆیی و نووسەر و ڕەمز و فیگۆرە گەورە کاریگەرەکانی شانۆ، بەتایبەت کە بابەتەکان دەرباری مێژووی شانۆی سەردەمێکی دیایکراون، کە بە شانۆی کلاسیک ناو دەبرێت، بەڵام نووسەر وەک خۆی نووسیویەتی: بۆ ئەوەش تا لەژێر ناونیشانەکەدا جێگەی بێتەوە، پێیویست بوو چەند بابەتێکی بۆ زیاد بکەم، هەر وەک ڕوونیشی کردۆتەوە کە کۆکردنەوەی ئەو بابەتانە و بڵاوکردنەوەی لەم نامیلکەیەدا، لەو ڕوانگەیەوەیە کە کتیبخانەی کوردی لە بابەتی لێکۆڵینەوەی شانۆیی بە بەراورد بە تێکستی شانۆیی هەژارە.
نووسەری ئەم کتێبە (شەفیق محەمەد) لە ئێستادا مامۆستای بەشی شانۆیە و یەکێکە لە دەرهێنەر و شانۆکارە دیارەکانی کورد، ئەو خاوەنی پاشخانێکی ڕۆشنبیری و فیکرییە، هاوکات شارەزایە لە بوار و قوتابخانە و ڕێبازە شانۆییەکان، هەر لم سۆنگەیەوە دەڵێن ئەم کتێبە دەبێت بە یەکێک لە سەرچاوە گرنگەکانی شانۆ لە کتێنبخانەی کوردیدا، بەتایبەت شانۆکاران بە گشتی و خوێندکارانی پەیمانگا و زانکۆکان دەتوانن سوودێکی ئێجگار زۆری لێ ببیین تا ئاسۆی بینین و دونیابینی هونەرییان فراوانتر بێت لەمەڕ شانۆ و مێژووی شانۆ و شانۆی کلاسیک.
بابەتەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە بریتین لە: (شانۆی کلاسیکی، دەستپێک، شانۆی کلاسیکی گریکی، تراژیدیای گریکی، نووەسەرانی شانۆی کلاسیکی گریکی، کۆمیدیای گریکی، شانۆی کلاسیکی ڕۆمانی، بوژانەوەی ئەدەب و هونەری کلاسیکی) نووسەر سەرجەم بابەتەکانی لەنێو کتێبەکەدا دابەش کردووە بەسەر دوو بەشدا، کە بوژانەوەی ئەدەب و هونەری کلاسیکی، خۆی وەک بابەتێکی سەربەخۆ بەشی دووەمی کتێبەکە پێکدەهێنیت.
نووسەر لە دەستپێکدا باس لەوە دەکات کە مرۆڤی سەرەتا بۆ ئەوەی بژی و مەرگ لێی بەدوور بێت، پێویستی بەوە بووە پێش هەموو شتێک سکی تێر بکات و لە مەترسیی لەبرسا مردن خۆی قوتار بکات، ئەم کارەش وەنەبێت هەر وا ئاسان بووبێت و خۆراکی بە سانایی چنگ کەوتبێت: نەخێرمرۆڤ لەو ڕۆژگارەدا کۆمەڵێک مەترسی دەوری دابوو، هەڕەشەی مەرگ و لەناوچوونی لێ دەکرد، لە سەروو هەموویانەوە سروشت بوو بەو هەموو دیاردە و گۆڕانکارییەوەی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەسەریدا دەهات و هەر ساتەی لە شێوەیەکدا خۆی دەنواند.
دواتر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە لاوازیی مێشک و هۆشی مرۆڤی سەرەتا کە بووەتە هۆی ئەوەی نەتوانێت دیاردەکانی سروشت بە شێوەیەکی زانستیانە لێکبداتەوە و چارەیان بۆ بدۆزێتەوە، وای لێ کردووە بۆ خۆپاراستن و ڕاکێشانی بە لای خۆیدا تا ببنە یارمەتیدەری، پەنا بەرێتە بەر ئەنجامدانی سرووتی ئەفسووناوی و کڕنووشیان بۆ بەرێت و لە گیان و دڵ و دەروونیدا جێگەیان بۆ بکاتەوە و قوربانییان پێشکەش بکا، تا نیاز و ڕازەکانی بە ئاکام بگەیەنن، ئەمە جگە لەوەی بە زەحمەت چنکەوتنی خۆراک، بەهۆی لاوزی و سادەیی ئامڕازەکانی بەرهەمهێنانەوە هۆیەکی تر بوو بۆ سەرهەڵدان و بەدیاکەوتنی سرووتە ئایینی و ئەفسووناوییەکان: سەماشکە یەکەم توخم و تۆوی درامایە و لەمەوە سەریهەڵدا و پەرەیسەند، سروتێکی ئایینی و سیحری بووە، کاتێک ڕاوچییان ویستبێتیان بچن بۆ ڕاو، پێش ئەوە دەبوونە دوو دەستە، دەستەیەکیان شێوەی خۆیان دەڕازاندەوە، بەوەی پێستی ئاژەڵیان دەپۆشی و دەمامکیان لە سەر دەکرد، دەستەی دووەم نێزەکانیان دەگرتە دەست لە شێوەی راوچیدا.
لە بەشێکی تردا بە ناوی (شانۆی کلاسیکی گریکی دیونیزیۆس و سەرهەڵدانی درامای گریکی) شەفیق محەمەد ئاماژە دەکات کە شانۆی گریکی، یان درامای گریکی یۆنانی، لەو ئاهەنگ و جەژنە ئایینیانەوە سەریهەڵدا، کە ساڵانە بۆ دیونیزیۆسە خواوەندی ڕەز و میوەی گریکییەکان بووە، گریکییەکان ساڵی دوو جار، لە دوو جەژندا یادی دیونیزیۆسی خواوەندیان دەکردەوە و ئاهەنگیان بۆ ساز دەکرد: ئەو ئاهەنگ و جەژنە ئایینیانە لە دۆخێکدا ڕانەوەستان پەنگیان نەخواردەوە، بەڵکو ساڵ لەدوای ساڵ گۆڕانیان بەسەردا هات و بەرەوپێشەوە هەنگاویان بڕی، نەوەی تازە بەشداریی ئەو ئاهەنگ و جەژنە ئایینیانەی، لە باوباپیریانەوە بۆیان مابووەوە دەکرد و لەگەڵ پێداویستییەکانی ڕۆژگار و فراوانبوونی ئاسۆی خەیاڵ و بیریاندا پەرەیان پێ دەدا. دواتر نووسەر دێتە سەر باسی ئەوەی کە لە لایەنی ناوەڕۆک و بابەتی شانۆییەکانەوە ئەوە بوو ئەو سروودانەی سروودبێژان لە ئاهەنگ و جەژنەکانی دیونیزیۆسدا دەیانبێژا، تایبەت بوو بە ژیانی دیونیزیۆس، یان بۆ ڕێزلێنانی ئەو خواوەندە بوو.
لە بەشێکی دیکەدا بە ناوی (شانۆی کلاسیکی ڕۆمانی، ڕۆمانییەکان و شانۆ) مامۆستا شەفیق محەمەد جەخت دەکاتەوە کە لای هەموان ئاشکرایە بلیمەتی گریکییەکان لە هەموو ڕوویەکەوە بێئەنداز بووە، ڕۆمانییەکان بەتوانا بوون لە وەرگرتن و گواستنەوە و کۆپیکردنی ئەو بلیمەتییەدا: گریکییەکان هەستێکی خۆڕسکیان هەبوو بۆ گوزارشتکردن لە ڕۆح، ڕۆمانییەکان مەیلیان زیاتر بۆ لای پراکتیک دەچوو، ئەنجامی ئەمەش شانۆی ڕۆمانی لەسەر ئەفراننەکانی گریکییەکان بنیاد نرا، شانۆییە لاتینییەکان پشتیان بە نموونەی ئەسینییەکان بەست.
بە بۆچوونی نووسەری ئەم کتێبە، ڕۆمانییەکان بە چاوێکی سووک و کەمبایەخەوە دەیانڕوانییە شانۆ و ئەوانەی لە شانۆدا کار دەکەن، کارکردن لە شانۆدا چ لە ڕووی نووسین و نواندن و هونەرییەکانی ترەوە بە کاری کۆیلەکانیان دەزانی، لە کۆتا بەشیشدا بە ناوی (بوژانەوەی ئەدەب و هونەری کلاسیکی لە ڕۆژگاری ڕێنیسانسدا) نووسەر باس لەوە دەکات کە لە سەدەی شەشەم و پێنجەمی پێش زاییندا، ئەو دەمەی دیموکراتییەت باڵی بەسەر گریکدا کێشابوو، لەو ڕۆژگارە و لەو وڵاتەدا ئەدەب و هونەر، فەلسەفە و زانست بە شێوەیەکی بەرز و سەرسوڕهێنەر خۆیان دەنواند، شارستانیەتی گریکییەکان لە هەموو ڕوویەکی ژیانەوە لە پێشەوەی کاروانی شارستانیەتی جیهاندا بوون و سامانێکی دەوڵەمەند و فرەیان هەبوو لە بوارەکانی ئەدەب و هونەردا: ڕێنیسانس درێژەپێدەری ئەو تەوژمە شارستانییە بوو کە لە کۆتایی سەدەکانی ناوەڕاستدا بەدەرکەوت، مرۆڤی لە تاریکی و نەزانی ڕزگار کرد و هەر زوو بە زوویی تیشکی بەسەر هەموو ئەورووپا و جیهاندا پەرش کردەوە.
دواجار دێتە سەر باسی ئەوەی پێچەوانەی ڕۆشنبیری سەدەکانی ناوەڕاست کە تەنها بایەخی بە گیان و جیهانی کۆتایی دەدا، هۆمانیزمەکان عەوداڵی ژیانی ئەمڕۆ و خولیای جوانی و شەیدای سروشت بوون: ئەدەب و هونەرەکەشیان باسی لە لە جوانی سروشت شکۆمەندی مرۆڤ و چێژوەرگرتن لە ژیان و سەوداسەری ئازادی و ڕاماڵینی هەموو ئەو کۆسپ و لەمپەرانەی دێنە سەر ڕێی مرۆڤ، یان دەیانەوێت کەرامەت و ئابڕووی بڕوشێنن، دەکرد، جوانی و خۆشەویستی لە سەدەکانی ناوەڕاستدا بە تەنیا جوانی و خۆشەویستیی خودایی بوو، بەڵام هیۆمانیزمەکانی ڕێنیسانس بە ئاشکرا و بێ سڵەمینەوە جوانی و خۆشەویستی مرۆڤەکان بۆ یەکتری و سۆز و ئەندێشەیان تێکەڵ بە نووسینەکانیان دەکرد و لە جوانیی دڵدارەکەیان دەدوان و هەست و سۆزیان بۆ دەردەبڕی و خۆیان بە قوربانی دەکرد.
قسەکردن لە جوانی و گرنگیی ئەم کتێبە دوایی نایەت و وا چاکترە خوێنەر خۆی، بە تایبەت شانۆکاران و خوێندکارانی بەشی شانۆ خۆیان بیخوێننەوە و خەزنەی ڕۆشنبیری و زانیارییەکانیان فراوانتر بکەن، ئەم نووسینە تەنها هەوڵێکە بۆ ناساندنی لایەنێکی کەمی کتێبەکە، دەنا خۆی ڕووبەر و ڕەهەند و زانیاریی فرەلایەنتری تێدایە کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ فراوانبوونی ئاسۆی بینین وڕۆشنبیریی هونەریمان.

وتووێژ لەگەڵ نعۆم چۆمسکی

و. ڕێبین هەردی

ڕ. ج: بۆچی؟ دەزانن ئەمە پرسیارێکە لە سەردەمی ڕوداوەکەی یازدەی سپتەمبەری ساڵی ٢٠٠١وە تا هەنوکە لەسەر زمانی خەڵکی ئەمەریکایە. بە بڕوای ئێوە بونیاد، بیروڕا و پاڵنەرەکانی دەبنە هۆی دەرکەوتنی ئەم ڕووداوە، چی بووە؟ چ شتێک پاڵ بە گەنجە موسڵمانەکانەوە دەنێت یان تەنانەت ئارەزوومەندی ئەوەیان دەکات تا کردەی خۆکوژی ئەنجام بدەن؟ چی وایکردووە ئەم خەڵکە بەو ئاستە لە ڕقی قوڵ و توندوتیژ ئامێز بەرامبەر بە ئەمەریکا بگەن؟ ڕەگ و ڕیشە، ئەخلاقیات و هۆکارە فکری و سیاسیەکانی ئەو توندوتیژیەی لەو ڕووداوەدا بینیمان چین؟ پسپۆر و شیکەرەوە ئەمەریکی و ئەروپایەکان بۆ دۆزینەوەی وەڵام، ئەم پرسیارەیان هێناوە و بردووە. بەڵام پێدەچێت وەڵامەکانیان یەکلایەنە و بەتەواوی نامۆ بێت بە مەسەلە و گرفتە ڕۆژانەییەکانی خەڵکی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.
ن. چ: زۆر باشە. ئەو پسپۆرانەی ئێوە باسی دەکەن ئەرکێکیان پێ سپێراوە کە ئەویش ئەوەیە ئەمەریکا بخەنە جێگەیەک کە ڕاست دەکات و جێگەی هاوسۆزیە. وا پیشانی بدەن ئەو کەسانەی دژین، ناڕاستن و هەڵەن. لێرەوە دیدی باو ئەوەیە ڕقیان لە ئێمەیە چونکە هێشتا لە مێژووی مرۆڤەکانی سەدەکانی ناوەڕاستدا دەژین و لێی نەهاتونەتە دەرەوە. یان ڕقیان لە ئێمەیە چونکە ئێمە خاوەنی ئازادی و دەستکەوتە درەوشاوەکانین و لەمڕوەوە لە باشترینەکانین. دیارە ئەمانە هەمووی قسەی پڕوپوچن و ئەو پسپۆرانە خۆشیان ئەمە دەزانن. ئەوان وەڵامەکە زۆر باش دەزانن، بەڵام حەزناکەن کە بە ئێوەی بڵێن. لە ڕاستیدا ئێوە دەتوانن وەڵامەکە لەناو بەڵگە پۆلێنکراوەکانی ناوخۆ لەویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا بدۆزنەوە. ئەمانە پرسیاری تازە نین، بەڵکو لە پەنجا ساڵ لەمەو پیشەوە دەکرێن. لەم ناوەدا من ئاماژە بۆ ساڵی ١٩٥٨ دەکەم کە بە ساڵێکی گرنگ لە مەسەلەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دادەنرێت. ئەمە ئەو ساڵەیە کە ئەمەریکا سوپای بۆ بەیروت نارد، عێراق لە ڕێکەوتننامەی نەوتی ئەنگلۆ-ئەمەریکی هاتە دەرەوە و جەمال عەبدولنار بە هەڕەشە ئەژمار دەکرا. هەموو ئەم ڕووداوانە کە ئەو سەردەمە بە نهێنی لە کابینەی ئایزنهاور و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیدا باس دەکران، ئەمرۆ ئیدی ئاشکرا بوون. من ئەمانەم دە ساڵ پێش ئەوەی ئاشکرا بکرێن خوێندۆتەوە. لەم بەڵگانەدا هەمان پرسیار دەهێنرێتە ئاراوە و ئایزنهاور بە هاوکارانی دەڵێت (لە خۆرهەڵاتی ناوەراست ڕەوتێک هەیە کە دەبێتە هۆی وروژاندنی ڕق لە ئێمە. ئەم ڕەوتە نەک لەلایەن دەوڵەتەوە، بەڵکو لە لایەن خەڵکی ئەوێوەیە). ئەم مەسەلەیە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی کە باڵاترین دەزگای بەرنامەڕێژیە لە دەوڵەتی ئەمەریکادا، دەخرێتە بەر باس. ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی هوشیار دەبێت بەوەی ئەم هەستە لەو ناوچەیەدا هەیە، کە ویلایەتە یەکگرتووەکان لەبەر پاراستنی بەرژەوەندیە نەوتیەکانی خۆی، بەرگری لە دەوڵەتە هەبووەکان دەکات، کە هەموویان گەندەڵ و سەرکوتکەر و ڕێگرن لە پەرەسەندن و دیموکراسی و گەشەکردنی وڵاتەکانی خۆیان. کەوابوو بە پێی داننانەکانی دەوڵەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەمە ڕەفتارێک بووە کە ئێمە لە ڕابردوودا لەگەڵ خەڵکی ئەو ناوچەیەدا هەمانبووە، و وەڵامێکە بۆ ئەوەی دەبێت ئێستا چی بکەین. چونکە لەو ڕەشەبایەی خۆمان چاندوومانە، توفانێک درەو دەکەین و تەماشای ڕق لە خۆمان دەکەین. ئەمە وەڵامێکی سەرەکیە. بەڕێزان لە پەنجا ساڵ پێشەوە ئەم وەڵامەیەن دەزانی، بڵاوکراوەی وال ستریت جورناڵ پاش ڕووداوەکانی ١١ی سپتەمبەر ڕاپرسیەکی لەناو بانکدار و بەڕێوبەرانی کارخانە فرە نەتەوەیەکان ئەنجامدا، کە ئەنجامەکەی چونیەکی ئەم وەڵامە بوو. کەوابوو هیچ شتێک نەگۆڕاوە. مەبەستم ئەوەیە گەر پرۆفیسۆر برنارد لویس لە پررینستۆن حەزدەکات وا پیشانی بدات هیچ لەم بارەیەوە نازانێت، لێگەڕێ وابێت. هەر کەس بەرژەوەندی خۆی باشتر دەزانێت لە چیدایە. بەڵام ئەو دواجار گەر وەک هەر کەسێکی تر گەر زەحمەتی سەیرکردنی بەڵگەکانی ناوخۆی دەوڵەتی ئەمەریکا بە خۆی بدات، یان تەنانەت گەر ئەم ئامارە سادانەی بەخۆی دابێت، دەبێت هەندێک زانیاری هەبێت. بەڕێوبەرانی کارخانە فرە نەتەوەییەکان و بانکدارەکانی عەرەبستانی سعودیە دژی ڕووداوەکانی جهیانی بوون نین. ئەوان دژی ئەوە نین ببن بە بەشێک لە کلتووری رۆژئاوا. ئەوان تا ئەو کاتەی بتوانن پارەکانی خۆیان لە بانکەکانی لەندەندا دانێن، بەشێک دەبن لە کلتووری ڕۆژئاوا. من بیردەکەمەوە مەسەلەکە هەرگیز نەگۆڕاوە. تا ئەوکاتەی ئەمەریکا ڕێگری لە ئازادی و دیموکراسی، نوێبونەوە و سەربەخۆی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، و تا ئەوکاتەی ویلایەتە یەکگرتوەکان ڕێگرە لە ناسێۆنالیزمی سەربەخۆ و سیاسەتی تایبەتی وەک دەستوەردان لە ئێران لە ساڵی ١٩٥٣ و درێژە بە سیاسەتەکانی ئەمڕۆی دەدات، لەبەرامبەر کێشەی فەلەستین و ئیسرائیل، ڕەوتی زیادبوونی دژایەتی و دروستکردنی نەیار لەناو خەڵکی ئەو ناوچەیەی جیهاندا بەردەوام دەبێت. ئەگەر ئەمەریکیەکان زەحمەت بە خۆیان بدەن و سەردانی لادێ و وێرانیەکانی ژیانیان بکەن، ئەو کات لە نهێنی ئەو ڕق و نەیارێتیە دەگەن، بەڵام گەرموگوڕتر لەوەی چاوەڕێی بوون. چونکە خەڵکی تێناگەن بۆچی سامانی ئەو ناوچەیە لەبری ئەوەی بۆ خەڵکی خۆیان بێت، دەبێت بۆ ڕۆژئاوا بێت. دیارە ئەوان بە باشی دەزانن ئەمە بۆچی وایە، و ڕێک ڕەوتی ڕق لێرەوە سەرچاوە وەردەگرێت. هەر لێرەوەیە زۆرێک لە باسەکان سەردەردێنن. بۆ نموونە سەیری فەڵەستین بکەن. ئەوەی لە مەسەلەی داگیرکردنی سەرزەمینی فەڵەستینیەکاندا جێگەی سەرنجەو گرنگی هەیە، ئەوەیە کە خەڵکی ئەوێ دیدێکی بەرکار (مونفەعل) و ئینفعالیان بۆی هەیە. مەبەستم ئەوەیە بۆ سی وچوار ساڵە هیچ بەرگریەک نابینرێت. سی و چوار ساڵی ڕێک داگیرکردن و دەستدرێژی، بە خوێناویترین و دوژمنانەترین شێوەکانی. یەکەم کاردانەوەی ڕۆژئاوا بە ڕووداوی راپەرینی یەکەم دەرکەوت. کردەی خۆکوژی دیاردەیەکی تەواو تازە بوو لە خەباتی فەڵەستینیەکاندا بۆ سەربەخۆی. بۆ نموونە سەیری جەنین بکەن: پێش ئەوەی یەکەم کردەی خۆکوژی پەیدا ببێت، لە جەنین بەدرێژای ڕاپەڕینەکە چل کەس کوژران. مەبەستم ئەوەیە خاڵی سەرسوڕهێنەر لەم داگیرکردنە سەربازیەدا ئەوەیە بۆچی بەرگری تا ئەو ئەندازەیە کەم بووە. تەنانەت بەکردەوە لەبەرامبەر ئیسرائیلیەکاندا بەرگریەک نەدەکرا و ئەگەر بەرگریش دەکرا، لە دەرەوە بووە و پەیوەندی بە سەرزەمینە داگیرکراوەکەی ناوەوە نەبووە. هەنووکە ئەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل دەسوتێنێت، ئەوەیە کە چیدی ئەوان پاوانی توندوتیژیان لەبەردەست نیە. ئەوان گەرچی لە توندوتیژیدا تا ئێستا دەستێکی باڵایان هەیە، بەڵام چیدی پاوانی ئەوان نیە. ئەمە ئەو شتەیە کە پسپۆرانی ئەمەریکیەکانیشی سوتاندووە. دیارە ئەمە تاوانێکی ترسناک بوو، بەڵام ئایا ئەو بەڕێزانە هیچیان لەمبارەیەوە نەدەزانی؟. ئەگەر ئێوە سەفەر بۆ دەوروبەری جیهانی سێهەم بکەن، تێدەگەن هەستی ئەو خەڵکە لەبەرامبەر نادادپەروەری ڕۆژئاواییەکان بە چ شێوەیەکە. بەڵام ئەوەی خەڵکی ڕۆژئاوای ڕاچڵەکاندا ئەوەبوو کە پاش سەدان ساڵ، بۆ یەکەمجار بینیان کە خۆیان لاوازن و قابیلی لێدانن. سەیرێکی مێژووی ئیمپریالیزنی ئەمەریکا و ئەوروپا بکەین. ئەوان دەڵێن ئێمە ئەم کارانە لەگەڵ خەڵکی ئەو وڵاتانەدا دەکەین، بەڵام ئەوان نابێت لە وڵاتەلانی ئێمەدا شتی وا بکەن. هەستدەکەم یانزەی سپتەمبەر زیهنی زۆرێک لە خەڵکی پارێزگاری رۆژئاوای ناچار بە پرسیارکردن کرد، کە ئەمەش خۆی دیاردەیەکی پیرۆزە.

ڕ. ج: ١١ سپتمبەر هەروا ئەوەی پیشانداین کە تا چ ئەندازەیەک دەزگا دیموکراسیەکانی رۆژئاوا دەتوانن بشکێن و زیانیان پێ بگەیەنرێت. بەڵام بە بڕوای من ئەرکی نوێ جیهانی پاش ١١ سپتەمبەر خەریکە لەبری ئازادی، جێگەی یەکەم بە ئاسایش دەدات و ئەمەش ڕەنگە پێوەرەکانی ستەمکاری بەسەر هاوسەنگیە دیموکراسیەکاندا زاڵ بکات. وەک ڕاستیەک هەستدەکەم نایەکسانی جیهانی بەلوتکەیەکی چاوەڕواننەکراو گەیشتووە؟
ن. چ: گومانی تیا نیە حکومەتە ڕۆژئاواییەکان حەزدەکەن ملکەچیەکی زیاتر بەسەر خەڵکی وڵاتەکانی جیهانی سێهەمدا بسەپێنن، و ئەمەش ئاساییە. مەبەستم ئەوەیە بەردەوام حکومەتەکان ئارەزوو دەکەن خەڵک بەرکار و ناچالاک و ملکەچ بن. بەگشتی هەموو حکومەتەکان لە جیهاندا سوودیان لە ١١ سپتەمبەر وەک بەردە بازێک وەرگرتووە و بۆ گەیشتن بە مەبەستی خۆیان، لە دەروبەریدا قسەیان کردووە. من هەستدەکەم لە وڵاتانی وەک ویلایەتە یەکگرتووەکان کاریگەری ئەوتۆی نەبووە، هەستدەکەم خەڵکی ئەمەریکا بە پلەیەکی باڵای ئازادی گەیشتوون و هیچ حەز ناکەن لە دەستی بدەن. لەبەرئەوە فشارەکە بەشێوەیەکی سەرەکی لەسەر خەڵکی کۆچکردوو و کەسانێکە کە بۆنی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیان لێ دێت. بەڵام بە بڕوای من زوربەی ئەمەریکیەکان خراپ بەکارهێنانی جدی و وازهێنان لە ئازادیە مەدەنیەکان ڕەنگیان تیا ناداتەوە، ئەگەر تەماشای یاسا مەدەنیەکان بکەن، زۆر هەڕەشە ئامێزە. بەڵام من هەستدەکەم ئەوان ناتوانن جێبەجێی بکەن. لەلایەکی دیەوە، دەوڵەتی ئەمەریکا ئەو هەلە دەخاتە بەر حکومەتەکانی جیهانی سێهەم تا ئەو شوێنەی دەشێت سەرکوتکەر و سەختگیرتر بن. ڕاستیەکەی ئەوەیە من بەم دواییانە سەردانی وڵاتانی تورکیا و کۆلۆمبیام کرد. لەم وڵاتانە بە فرتوفێڵ ستەم و غەدر لە خەڵکی دەکرێت. ئەم ستەمکریانە زۆرتر پاش ڕووداوەکانی ١١ سپتەمبەر توندتر بوون، چونکە حکومەتەکانی جیهانی سێهەم ئەو هەستەیان هەیە کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە مۆڵەتی توندکردنی سەرکوتکردنیان وەرگرتووە، هەمان ئەم ڕووداوە لەلایەن ڕوسیاوە لە چیندا ڕوودەدات. دیارە ئەمە خراپترە لە مۆڵەتی ١١ سپتەمبەر، چونکە رووسەکان وابیر دەکەنەوە کە خۆیان بژاردەی ئەم سەرکوتکردنەیان لە دەستدایە. ئەم شتە قابیلی تێگەیشتنە. گروپەکانی دەسەڵات ڕووبەڕووی بومەلەزرەیەک بوونەتەوە، کە ئەو هەلەیان بۆ دەڕەخسێنێت تا چەندان کار ئەنجام بدەن. تا ئەو شوێنەی پەیوەندی بە نایەکسانی جیهانیەوە هەیە، ڕەنگە لە هەموویان خۆشتر پێشبینی ئیدارەی زانیاری ویلایەتە یەکگرتووەکان بێت لە ساڵی ڕابردوودا و پێش ڕوودانی ١١ سپتەمبەر. پێشبینی ئەوان بۆ ئاسۆی ١٥ ساڵ کە خۆیان ناویان نابوو بەرنامەیەکی خۆشبینانە، ئەوە بوو کە نوسخەی ڕۆژئاوایی بەجیهانیبوون بەردەوام دەبێت و دەبێتە هۆی ناسەقامگیری دارایی زیاتر و درزی گەوەرەتری ئابوورری لە جیهانی هەنوکەدا. ناسەقامگیری ئابووری، واتە خاوبوونەوەی ڕەوتی گەشەکردن و خەڵکی زیاد لە جاران فەقیر دەبن. درزی ڕوو لە گەورەی ئابووریش بەمانای نایەکسانی زیاترە. ئەمە ئەو شتەیە کە ئەوان پێشبینی دەکەن و چاوەڕێی دەکەن. بەرنامەداڕێژەرانی سەربازیش هەر ئەم گریمانانەیان هەبوو. سەیرێکی بەرنامە فەزاییەکانی ئەمەریکا لە سەردەمی کلینتۆندا بکەین. ئەوان سەرقاڵی بەرنامەڕێژی بۆ سەربازیکردنی فەزا بوون. بەرنامەیان دادەنا بۆ ئەوەی چەککردنی سەربازی لە فەزادا جێگیر بکەن. هۆیەکی تری ئەم بە سەربازیکردنە، درزی ڕوو لە گەوەرەبوونی ئابووریە، لەسەر ئەم بناغەیە خەڵکێکی پڕ ئەژماری دەوروبەری دنیا دەخرێنە پەراوێزەوە و لە ئەنجامدا بێ کۆنتڕۆڵ و یاخی دەبن. و لە ئەنجامدا پێویستە بە زۆر کۆنتڕۆڵ بکرێن. کەوابوو ئەمەش هۆکارێکە بۆ پاساوی توندوتیژی کردنی پەیمانە فەزاییەکان و بردنی چەک بۆ فەزای گەردوونی.

ڕ. ج: دەوڵەتی بوش نۆزدە بلێۆن دۆلاری بۆ جەنگی ئەفغانستان سەرف کرد، وبایەخی سەربازی ئەمەریکا زیاد لە جاران زیاد دەکات…
ن. چ: جەنگی ئەفعانستان هەل و بەهانەیەکی تر بوو بۆ زیادبوونی بایەخی سەربازی. ئەوەش بزانین بایەخی سەربازی ڕەهەندی تریشی هەیە. و ئەمە یەکێکە لەو هۆکارانەی کە ئابووری دەبەنە پێشێ. ژمارەیەکی زۆری پێشەسازی کە خاوەن تەکنەلۆجیایەکی پێشکەوتوون، لە بایەخی سەربازیەوە دەوڵەمەند دەکرێن. بەمە دەڵێن (ئابووری نوێ). ئەنتەرنێت، پەیوەندی دوور و سیستمەکانی کۆمپیوتەر، هەموویان لەم بایەخە سەربازیانەوە سەردەردێنن. تێچوونە سەربازیەکان ڕێگەیەکی پاک و بێ گەردە بۆ هاوکاری و بەهێزکردنی دەسەڵاتی تایبەتی، چونکە لە گیرفانی گشتیەوە دەردێنرێن. لەبەرئەوە کارخانەکان ئەوە تێچوونەنادەن و ناچار نین لەم ڕێگەیەدا ڕیسک بکەن و یان تێچونەکەی بگرنە ئەستۆ. بەمشێوەیە لێرەدا سیستەمێکی کامڵ هەیە کە لەڕاستیدا لە ساڵەکانی دەیەی ١٩٤٠ و ١٩٥٠ دا ناسراوە. ئەوان لە پێشەوە دەیانزانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی ئەمەریکا ناتوانێت لەکۆمەڵگایەکدا کە بونیادەکەی کارخانە تایبەتیەکانە، بەردەوام بێت. چونکە خۆ بە خۆ توانای زامن کردنی نیە. لەبەرئەوە زامن- دەدۆزرێتەوە و باشترین ڕێگەش هەمان بایەخی سەربازیە. ئەگەر ئێوە بتوانن خەڵک بترسێنن، ئەوکات خەڵک بۆ ئاسایشی خۆیان ئامادەن پارە بدەن. ئەمەش یەکێکە لە هۆکارە سەرەکیەکان بۆ بایەخە سەربازیەکان. ئەگەر ئێوە سەیرێکی مێژوو بکەن، بەکردەوە دەبینن بەشێکی سەرنجڕاکێشی پرۆسەی پیشەسازیبوون لەم رێگەیەوە بەڕێوە چووە. دیارە بەشی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی جەنگی جیهانی بەداوەوە.
ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ ساڵی ١٩٠٠ ئەوە دەبینن گرنگترین مەسەلەکان لە بواری زانستی و ئەندازیاری و پێشەکەوتنی ڕاستەقینە، لەو لێکۆڵینەوانەدا بووە کە پەیوەندی بە شتگەلێکی وەک زیادبوونی دەسەڵاتی چەکەوە بووە. ئەم ئاراستەیە بۆتە هۆی دەرکەوتنی چەندان مەسەلەی ئاڵۆز لە ئەندزایاری میکانیکی و کارەبادا، چونکە ئێوە چەکێکی دێوئاساتان درووستکردووە کە لەسەر سەکۆیەکی جوڵاو نیشانەی لە ئامانجی جوڵاو گرتۆتەوە. کەوابوو ئێوە پێویستان بە ئەژمارکردنی سەرسامهێنەر و لێکۆڵینەوەی زۆر هەیە. مێژوو لەم ڕووداوە برینێکی گەورەی تێبووە. لەڕاستیدا ئەم شتە تا ئێستا بەردەوامە.
سەیرێکی بایەخی سەربازی دەوڵەتی ئەمەریکا بکەین. بودجەی پنتاگۆن لە مەسەلەی لێکۆڵینەوە و گەشەپێدانی ( R & D) ڕوو لە کەمبوونەوەیە، بەڵام بودجەی دەزگا نەتەوەیەکانی تەندروستی بەتوندی رووی لە زیادکردن کردووە. هۆی ئەمە ئەوەیە بەشی ڕوو لە پێشکەوتنی ئابوری نوێ، لەسەر بناغەی بایەلۆجیە. چونکە بە گشتی خەڵک ئامادەن لەپێناو لێکۆلینەوە و توێژینەوەی زیاتر لەم بوارەددا خەرجی بدەن. ئەوان بەشێک لەکارەکانی خۆیان بەکردەوە تەرخان دەکەن بۆ مەسەلەی وەک چارەسەری شێرپەنجە، بەڵام بەشێکی تریان تایبەت کردووە بە تیرۆریسمی بایەلۆجی و میکرۆبی. هەروەها ئەوان دەبێت دڵنیا بن کە کارخانەکانی دەرمان لە ئاسۆیەکی بیست ساڵەدا تا ئێستا دەتوانن پارەیەکی زۆر پەیدا بکەن. شێوەی کاری دەوڵەتی ئەمەریکا بەمشێوەیەیە. وڵاتە تەنگدەستەکانی مۆڵەتی کارێکی لەمچەشنەیان نیە. ئەوان دەبێت پەیڕەوی لە یاساکانی ڕێکخراوی بازارگانی جیهانی بکەن- دەوڵەتە دەوڵەمەندەکان هەر کارێکیان بوێت ئەنجامی دەدەن.

ڕ. ج: سیاسەتی دەرەکی ئەمەریکا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە ئەنجامی دەیەی ڕابردوودا بەردەوام بە ئاراستەی بەدەستهنانی باڵادەستی و زاڵبوون بووە. بەڵام بە بڕوای من دەوڵەتی بوش لەم بواردا ئاهەنگێکی توندتر و هێرشبەرانەتری هەبووە. ئاراستەیەکی ئایدۆلۆژی تازەی بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا کێشاوە. بەشێوەیەک کە پاش ڕووداوەکانی ١١ سپتەمبەر وەک ئەوەی جیهان دەبێت بە دەستی ئەمەریکا و بۆ ئەمەریکا بەڕێوە ببرێت؟
ن. چ: من هەستدەکەم سیاسەتەکان هەمان شتە کە هەبووە، بەڵام هەندێک لە ئامانجەکان گۆڕاوون. ئەمڕۆکە ئیمتیازات و زاڵبوونی ئەمەریکا زۆرە، زۆر زیاترە لە ڕابردوو. تا ساڵەکانی ١٩٦٠ ویلایەتە یەکگرتوەکان گەورەترین هێزی سەربازی بوو، بەڵام دیاردەیەکیش بەناوی (ڕێگری و ئاڵۆزی داماڵینی دوولایەنەش) هەبوو. بەکردەوە بە بوونی یەکێتی سۆڤیەت هەردوو وڵات یەکدیان سنووردار دەکرد. لەساڵی ١٩٩٠وە چیدی شتێک وەک بکەری ڕێگر، بوونی نەبوو. ئەم دۆخە بە خێرای دەرکەوت. ئەگەر یەکێتی سۆڤیەت هەبوایە، ئەمەریکا هەرگیز نەیدەوێرا پێنچ سەد هەزار سەرباز لە بیابانی عەرەبستان دابەزێنێت. چونکە ئەوکاتە ئەمەریکیەکان نەیاندەزانی کاردانەوەی سۆڤیتیەکان چی دەبێت. ئێستا کە سۆڤێتیەکان نین، ئەمانە هەرچیەکیان بوێت ئەنجامی دەدەن. لەو مێژووە بەدواوە چیدی بکەرێکی ڕێگر نیە و بۆدجەی لەشکری ئەمریکاش چیدی لەژێر چاودێریدا نیە. لەڕاستیدا گەر ئێوە لەبارەی سەربازیکردی فەزاوە بخوێننەوە، دەبینن کە ئەوان لەم بوارەدا بۆشایی و ڕاشکاوییان هەیە. ستافی فەزایی کلینتۆن بە ڕاستی ڕایانگەیاند : (لە ڕابردوودا وڵاتەکان بۆ پاراستنی بەرژەوەندیە بازرگانیەکانی خۆیان، توانای سەرەتاییان هەبوو. بەڵام ئێستا فەزا سنوورێکی تازەیە لەم کارەدا و ئێمە بۆ پارێزگاری لە بەرژەوەندیە بازرگانیەکانی خۆمان سوودی لێ وەردەگرین). بەڵام لێرەدا جیاوازیەک هەیە. کاتێک ئینگلتەرا ئستولێکی دروست دەکرد، ئەڵمانیاش دەیوتوانی ئستوڵێک دروست بکات کە ڕووبەڕووی ئینگلتەرا بێتەوە. بەڵام کاتێک ئەمەریکا چوو بۆ فەزا، ئیدی هیچ وڵاتێک نەیدەتوانی ڕووبەڕوویان بێتەوە. چونکە ئەوان دەسەڵاتێکی باڵادەست و بێ ڕکەباریان بەدەستهێناوە. لێرەوە ئەمەریکا شتێکی دەبێت کە ئێمە ناوی دەنێین (دەسەڵاتی بێ پێوەری کامڵ) (full spectrum dominance). ئەو بەرنامەداڕێژەرانەی لە واشنگتۆن دانیشتوون، بڕوایان بەمە هەیە. ئەوان بڕوایان بەوە هەیە خاوەن توانای سەربازی بێ ڕکەبارن کە دەتوانن هەموو کەس ناچار بەهەر شتێک بکەن کە دەیانەوێت. ئەمەش خۆی هۆی ئەوەیە کە بۆچی تا ئەو ئەندازەیە لە ڕووداووی ١١ سپتەمبەر توڕە و شڵەژاوون. ئەو ڕووداوە پیشاندەری ئەوە بوو کە چی دەزانن. مەبەستم ئەوەیە گەر سەیرێکی گۆڤارە تەکنیکیەکانی پێش ١١ سپتەمبەرتان کردبێت، بە ڕوونی دیار بوو کە بەم تەکنەلۆژیای هەیە، گروپێکی بچوک دەتوانێت دەست بداتە چالاکیەکی توندوتیژئامێز کە تەواو وێرانکارانە بێت. لەڕاستیدا ئەم بڵاوکراوە تەکنیکیانە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن پێکەوەنانی چەکێکی ئەتۆمی لەیەکێک لە ژورەکانی ئوتێل نیوێۆرک و وێرانکردنی بەشێک لە نیوێۆرک هێندە کارێکی ئەستەم نیە. ئەمکارە لەدەرەوەی تواناکانی هەندێک گروپی سیاسی نیە. ئەمە شتێکی زانراو بوو، بەڵام ڕووداوی ١١ سپتەمبەر بەتەواوی ئاشکرای کرد. خاڵی ترسناکیش لێرەدایە، چونکە بە مانای ئەوەیە ئێوە ڕەنگە خاوەن زاڵبوون و باڵادەستیەکی بێ چەندوچون بن لە دەسەڵاتدا، بەڵام بە مانای ئەوە نیە پاوانی توندوتیژی لە دەستی ئێوەدا بێت. ئێستا ئیدی هەلومەرجەکە وەک سەدەی نۆزدە نیە کە خەڵکی کۆنگۆ نەتوانن چی لە بەلجیکا بکەن یان هندیەکان لە ئینگلیزەکان زویر بن. ئێستا سەردەمێکی ترە.

ڕ. ج: با بگەڕێینەوە بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. ئێوە داهاتووی پەیوەندی نێوان ئێران و ئەمەریکا چۆن دەبینن؟ هاوڵاتیانی ئەم دوو وڵاتە بۆ بونیاد نانەوەی پەیوەندی نێوان دوو وڵاتەکەیان دەبێت چی بکەن؟
ن. چ: هەستدەکەم هاوڵاتیانی هەردوو وڵاتەکە بەرژەوەندی هاوبەشیان لە بەتاڵ کردنەوە و چاکسازی سیاستە زیانبەخش و ناڕاستەکانی وڵاتەکانیان هەیە. دیارە ئەوان ئەمکارە بەجۆرێک ئەنجام دەدەن کە لەتوانایاندایە. مەبەستم ئەوەیە دەتوانن بەپێی توانای خۆیان پەیوەندی بەیەکەوە ببەستن. بەبڕوای من ئێرانیەکان و ئەمەریکیەکان دەتوانن ئەمجۆرە پەیوەندیە لەڕێگەی دروستکردنی هەموو جۆرێکی پەیوەندیەوە، وەک پەیوەندی مادی، کلتووری، وەرزشی، هاتوچۆی ڕۆشنبیران، و هەروەها پەیوەندی بازرگانی و لەمجۆرە شتانەوە دروستبکەن. سیاسەتی ئەمەریکا لەمڕوەوە سەرنجڕاکێشە. واتە سیاسەتی دەرەوەی هەمیشە ڕەنگدانەوەی ڕوونی بەرژەوەندەیە ئابوریەکانێتی. بەڵام ئەم حاڵەتە پەیوەندی بە دۆخێکەوەیە کە بەرژەوەندی هەردوولا جیاوازە و لەیەکەوە دوور دەکەونەوە. لێرەوە گەر ئێوە سەیری کارخانە نەوتیەکان لە ئەمەریکادا بکەن، دەبیبن کە زوربەیان لەگەڵ ئەوەدان ئێران بێتە ناو سیستەمی باڵادەستی جیهانەوە، و هەوڵیشیان بۆ ئەمە داوە. بەڵام دەوڵەتی ئەمەریکا ڕێگریان لێدەکات و ئەمەش شتێکی زۆر نائاساییە. لە هەلومەرجی ئاساییدا ئەم دەوڵەتە بەتەواوی بەرگری لە بەرژەوەندیەکانی خۆی لە ناوچەکەدا دەکات، هەستدەکەم ئێوە بتوانن هۆکانی ئەم دۆخە بەبەراورد بە دوو حاڵەت دەرک بکەن. بنەمایەکی زۆر گرنگ لە دەزگای دەوڵەتی ئەمەریکادا هەیە کە بە بنەمای (دروستکردنی ئیعتبار) (establishing credibility) ناسراوە. ماناکەی ئەوەیە کە هەمووان دەبێت لەتۆ بترسن. مافیا بە باشی لەم چەمکە دەگات. گەر ئێوە ئەندامێکی مافیان، بۆ ئێوە ئەوە بەس نیە کە هەرچیەک دەیڵێن خەڵک گوێی لێ بگرێت، بەڵکو دەبێت لە ئێوە بترسن. بەجۆرێک گەر دوکاندارێک ئامادە نەبێت سەرانەکەی بدات، ئێوە ناچن یەکسەر پارەکەی لێوەربگرن، بەڵکو وانەیەکی دەدەنێ کە هەموو ئەوانی دی حسابی خۆیان بکەن. ئەمەش هەمان بنەمای (دروستکردنی ئیعتبارە). ئێستا گەر بەدوای هۆکانی بۆمباران کردنی سربستانەوەن، ئەوە بزانن کە هۆکانی هەر ئەم بنەمای (دروستکردنی ئیعتبارە) بووە. ئەوان خۆیان ناویان ناوە (ئیعتباری ناتۆ)، بەڵام لەڕاستیدا ناوی (ئیعتباری ئەمەریکایە). مەبەستم ئەوەیە دەبێت خەڵک بزانن کە تۆ سەرۆکیت، ئەگینا قەپۆزیان ئەشکێت. ئێستا با سەرێک لە ئێران بدەین. ئێران لەساڵی ١٩٥٣دا هەوڵیدا بۆئەوەی سەربەخۆ بێ و چاودێری بەرژەوەندیەکانی خۆی بگرێتە دەست. بەڵام شتەکەیان بە کۆدتا کۆتای هات. شا هاوبەشێکی وەفادار بوو بۆ ئەمەریکا و ئەمەریکاش خۆشی دەویست. لێکۆڵینەوەیەک لەبارەی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا لەلایەن رۆژنامەنووسێکی نیوێۆرک تایمزەوە بڵاوکرایەوە. ئەگەر سەیری ئەم ڕاپۆرتە بکەن، دەخوێننەوە کە دەوڵەتی ئەمەریکا بڕوای وایە ساڵی ١٩٠٢ تا ساڵی ١٩٧٩ لەئێراندا هیچ پێشێلکاریەکی مافی مرۆڤ نەبینراوە. کارتەر کە لەساڵی ١٩٧٨ چوو بۆ ئێران، بە شای گووت کە زۆر کەوتۆتە ژێر کاریگەری میهرەبانی و خۆشەویستی ئێرانیەکان بۆ خودی ئەو. مەبەستم ئەوەیە ئێران تا سەردەمێک باش و نازەنین بوو، کە هاوئاهەنگ لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکادا بەڕێوە دەچوو. بەڵام لە ساڵی ١٩٧٩ ئێران خەتە سوورەکانی بەزاند. یاخی بوو و سەربەخۆیی وەرگرت. و لێرەوە دەبوو تەمێ بکرێت. تەنانەت گەر ریفۆرمیستەکانیش سەرکەون و بیانەوێت ئێران دوبارە بهێننەوە ناو سیستەمەکە، بە ئەگەری زۆر ڕێگریان لێدەکرێت. چونکە ئەمەرییکا دەیەوێت بەجۆرێک تەمێیی ئێران بکات کە خەڵکی دی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش حسابی خۆیان بکەن و بزانن کە نابێت لەمجۆرە کارانە بکەن. ئێوە هێڵی سوور نابەزێنن، و سەرپێچی لەفەرمانەکانی ئاغاکان ناکەن و ئەمەش ئەو ئیعتبارەیە، هەستدەکەم زۆرێک لە سیاستەکان لەژێر تیشکی ئەم مەسەلەیەدا دیاری دەکرێن. ڕوونکردنەوەی ئەم مەسەلەیە لە زەمینەکانی تردا ئاسان نیە. بۆ نموونە ئەم مەسەلەیە لە بواری ئابوریدا کاریگەری توندی دژ بە بەرهەمهێنانی هەیە.

ڕ. ج: ئایا ئێوە گوتاری (تەوەرەی شەتینای)ش هەر لەم زەمینەیەدا شیدەکەنەوە؟
ن. چ: گوتاری (تەوەرەی شەیتانی) گاڵتەکردنێکی بێ تامە. ووشەی تەوەر لەوڕوەوە هەڵبژێراوە کە ئاوازێکی کاریگەری هەیە و بیری یەکێتی ئەڵمانیای نازی و ژاپۆنتان دەخاتەوە. بەڵام لەنێوان ئێران و عێراقدا چ تەوەرێک دەتوانێت بوونی هەبێت؟ ئەم دوو وڵاتە بە درێژایی هەشت ساڵ جەنگیان دژ بەیەک کردووە. کوریای باکوریش هیچ پەیوەندی بەم دووانەوە نیە. لێرەوە کوریایان لەبەرئەوە لەم تەوەرەیەدا داناوە کە موسڵمان نیە و ئەمەش خۆی پاساوێک بۆ ئەمەریکا درووست دەکات، بۆئەوەی کەسانی دی نەڵێن کە ئەمەریکا تەنیا دژی موسڵمانەکان شمشێری هەڵکێشاوە. بەمشێوەیە تەوەرەیەکی ڕوون و مانادار بوونی نیە. ووشەی شەیتانیش هەر بەمشێوەیەیە و دەکرێت بۆ هەمووانی بەکار بهێنین. هەروەها بڵاوکراوەی مسری ئەلئەهرام وتارێکی بەناوی (تەوەرەی شەیتانی) چاپکرد کە تیایدا سێ وڵاتی ئەمەریکا، تورکیا و ئیسرائیلی بە پێکهێنەرانی ئەم تەوەرەیە دەزانی. هەرچیەک بێت دواجار ئەمانە یەک تەوەرەن. بەڕاستیش ئەم سێ وڵاتە لەڕووی سیاسیەوە پەیوەندیان زۆرترە لە عێراق و ئێران و کوریای باکوور. بەڵام تەوەرەی شەیتانی کە بوش باسی دەکات، هەمان ئەو وڵاتانەن کە ئەمەریکا دەیەوێت هێرشیان بۆ بکات. عێراق لەم لیستەدا ژمارە یەکە و کوریای باکوور لە خوارەوەی لیستەکەدایە. دیارە نەک لەبەرئەوەی عێراق قوڵاتێکی بێ بەرگریە، بەڵکو لەبەرئەوەی ئامانجێکی ئاسان و بەردەستە. بەڵام ئێران پێشبینی ناکرێت و گۆمڕاهکەرە. مەبەستم ئەوە نیە کە ئەمرەیکا بەم زوانە هێرش بۆ ئێران دەکات، بەڵکو هەوڵدەدات ڕێگری لە تێکەڵبوونەوەی ئێران بۆ سیستەمی جیهانی بکات. بە بڕوای من هۆکانی ڕەفتاری ئەمەریکا لە جۆری (درووستکردنی ئیعتبارە). بەڵام گەر ئێوە سەیری لیستی وڵاتە تیرۆریستەکان بکەن کە ڕایانگەیاندووە، دەبینن کوبا لەپێش هەموویانەوەیە. ئەمەریکا بەم تازەییانە کوبای بەوە تۆمەتبار کردووە کە دەستی هەیە لە بەرهەمهێنانی چەکە میکرۆبیەکاندا. چیرۆکەکە چیە؟ مەبەستم ئەوەیە بۆچی نابێت کوبا بخرێتەوە ناو سیستەمەی ئەمەریکایی؟ دیسان لێرەشدا ئاراستەیەکی بازرگانە ئەمەریکیەکان هەیە و زوربەی ئەمەریکیەکان لەگەڵ تێکەڵبوونەوەی کۆبادان. کەوابوو چیرۆکەکە دیسان پەیوەندی بە هەمان (ئیعتبارەوە) هەیە. کوبا دەبوو یەکێک لە کۆلونیالکراوەکانی ئەمەریکا بێت، بەڵام ئەوان ئەم کۆتەیان پچڕاند. لەبەرئەوە وڵاتە کۆلۆنیالیکراوەکان دەبێت تێبگەن کە سەرپێچیکردن لە گوێڕایەڵی تەحەمول ناکرێت. هەر لەبەر ئەمە کوبا زیاد لە چل ساڵ ڕووبەڕووی تیرۆر و ئابڵۆقەی ئابوری بۆوە. جێگەی سەرنجە بزانین ڕۆشنبیرانی ئەمەریکا چۆن مامەلە لەگەڵ ئەم دۆخەدا دەکەن. تا کاتی ڕووخانی دیواری بەرلین، پاساوی ئابڵۆقەی ئابوری کوبا ئەوە بوو کە ئەم وڵاتە بورجی چاودێری ئیمپراتۆریەتی کۆمنیستیە. بەڵام کاتێک ڕووسەکان وون بوون، چیدی ئەم بەهانەیە بەکەڵک نایەت. لەبەرئەوە چیرۆکێکی دیان درووستکرد: (ئێستا لەبەر عەشق و وەفاداری ئێمە بۆ دیموکراسیە کە کوبا دەخەینە ژێر فشارەوە). ئەمە نمونەیەکی ئاشکرایە بۆ ڕەفتاری چینە خوێندەوارەکانی کە دەتوانن بێ ئەوەی هیچ شەرم بکەن لەمپەڕەوە بچن بۆ ئەوپەڕ. بەڵام من بڕوام وایە هۆی سەرەکی ئەمە ئەوەیە کوبا وڵاتێکی سەربەخۆیە. هۆیەکی تری ئەوەیە کوبا لەبەرنامەی گەشەکردنی ئابووری خۆیدا سەرکەوتوو بووە. بۆ دەوڵەتی ئەمەریکا ئەمە ڤایرۆسێکی ترسناکە کە دەشێت بۆ ئەوانی دیش بگوێزرێتەوە. کوبا نموونەیەکی سەربەخۆییە کە ئەوانی دی لە ناوچەکەدا بە دیدێکی تایبەتەوە لێی دەڕوانن. کەوابوو کاتێک هەم سەربەخۆ بێت و هەم سەرکەوتوو، بەبڕوای من مانای لە دیدی ئەوانی دیەوە ئەوەیە وەک هەڕەشەیەکی جدی ئەژمار دەکرێت. لە ڕاستیدا سەرتاسەری جەنگی سارد لەسەر بناغەی ئەم بڕوایە دامەزرابوو. ئەگەر سەیری تاک بە تاکی نموونەکانی جەنگی سارد بکەیت، دەبینیت هەمووی لەسەر ئەم بناغەیە بووە. هەرئەم شێوە بیرکردنەوەیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ڕوسیاشدا هەیە. مەبەستم ئەوەیە رووسیا دواجار یەکەم کۆلنیالکراوی ئەوروپایی بووە. گەر بگەڕێنەوە بۆ سەدەی پانزە، ڕووسیا لەوێ جیهانی سێهەمی سەرەکی و دایک بووە، ئەورپای ڕۆژئاوا ڕوسیای کۆلۆنیالکرد و لە کاتی جەنگی جیهانی یەکەمدا زۆر دەست بەتاڵ و فەقیر بوو. ڕوسیا خاوەن کلتوورێکی دەوڵەمەند بوو، دیارە ئەمە بۆ زوربەی وڵاتانی جیهانی سێهەم ڕاستە. روسیا کۆمەڵگایەکی ڕەسەن و نموونەیەکی کۆمەڵگا کۆلنیالکراوەکان بوو. پاشان ئەم بەندەی پساند و ئەوروپیەکان ترسیان لێبیشت، نەوەکا گەشەکردنێکی سەرکەوتوو دەست پێبکات. ڕێک ساڵی ١٩٦٠ کە دنیا توشی کەسادی ئابووری بوو، خەمی سەرەکی ڕابەرانی ئەوروپا، ئاهەنگی گەشەکردن و مۆدێلی پەرەسەندن لە ڕووسیا بوو، کە بوو بووە جێی سەرنجی وڵاتانی جیهانی سێهەم . ئەوان دەبوو ئەم بونیادە وێران بکەن. واتە جەنگی سارد. مەبەستم ئەوەیە ئەوان نەیاندەتوانی سەبارەت بە ڕووسیا بەیەک شەو بە مەبەستی خۆیان بگەن، هەفتا ساڵی ویست. گەر بە دروستی ببینین هەمان ئەم چیرۆکە لەبارەی وڵاتانی وەک گواتیمالا و ئەوانی دیەوە ڕووی داوە.

ڕ. ج: ئێستا کە باسی شێوەی ژیانی رۆشنبیرانت کرد حەز دەکەم زیاتر لەبارەی ڕوانینی ئێوە بۆ ڕۆشنبیران بزانم. لە شوێنێکدا خوێندمەوە ئێوە گووتانە چینی ڕۆشنبیر ئەمریکای باکوور وا پەروەردە و فێر کراون کە بۆ گوێڕایەڵی ڕژێم پێویستیان بە بیرهێنانەوە نیە، ئایا مەبەستان ئەوەیە ڕۆشنبیران توانای خۆیان بۆ بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە لە دەستداوە و وەک هاوڵاتیانی ئاسایی لە ڕەوایەتی ڕژێمدا تواونەتەوە؟
ن. چ: زۆر باشە. تەنیا ووشەیەک کە کێشەم لەگەڵی هەیە، وشەی (لەدەستدانە). چونکە ئەم وشەیە ئەو مانایە دەبەخشێ کە سەردەمێک هەبووە کە وانەبوون. ڕاستان بوێت ئەم مەسەلەیە تایبەت نیە بە ئەمەریکای باکوور، بەڵکو نەریتێکی ڕۆشنبیریە کە لەزۆرێک شوێنەکاندا هەیە. دیارە گەردوونی نیە و چەندان ئاوارتن هەیە. بەشێوەیەکی گشتی بەشە خوێندەرەوارەکان خزمەتکاری دەسەڵات بوون. ئەو ڕەفتارەی لەگەڵیان کراوە، پەیوەندی بەو کۆمەڵگایەوە هەبوو کە تیایدا ژیاون. لە ئەمەریکا ئەشکەنجە نەدەکران، بەڵام لە وڵاتانی دی وا نەبوو. زۆر بە دەگمەنی ڕەفتاری نەرم و بەزەییانەیان لەگەڵدا دەکرا. کەسانێک کە دەسەڵات و فەرمانڕەوایەتیان دەخستە ژێر پرسیارەوە، وەک حاڵەتەکەی (سوقرات) دەیانگووت خەریکی گەندەڵکردنی گەنجەکانن. بەگشتی یان دەیانکوشتن یان زیندانیان دەکردن و ئەگەر نەشیانکوشتانایە، لانیکەم گوشەگیریان دەکردن. بەڵام ڕەوتی سەرەکی ڕۆشنبیران، واتە کەسانێک کە لەلایەن ڕژێمەوە قەبوڵدەکران و بەشدرایان تیا دەکرد، بەگشتی لەلایەن دەسەڵاتی سەرکوتکەرەوە چاودێری دەکران، و پاشان بە قسەی ئێوە لە ڕژێمدا دەتوانەوە. بەڵام من هەستناکەم ئەمە تایبەت بێت بە ویلایە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.

ڕ.ج: سی ساڵ پێش ئێستا گوتوتانە (بەرپرسیارێتی ڕۆشنبیران ئەوەیە قسە بکەن و درۆکان ئاشکرا بکەن) ئایا ئێستاش هەمان بڕواتان هەیە؟
ن. چ: بەڵێ. دیارە من بڕوام بە بەرپرسیارێتی لەبەردەم هەقیقەتدا هەیە. ئەگەر ئێوە توانا یان ئەگەر و مەرجەکانی دەستگەیشتن بە سەرچاوەکانی زانیاریتان هەیە، دەبێت بە قازانجی خەڵکی دنیا سوود لەمە وەربگرن. لەمە سادەتر نابێت. لەڕاستیدا خاڵێکی ئاڵۆز نیە کە تێی نەگەین.

ڕ. ج: ئایا ئێوە خۆتان بە ڕۆشنبیر دەزانن؟
ن. چ: من زۆر سوود لەم وشەیە وەرناگرم. بەڵام وەڵامەکەی ئێوە پۆزەتیڤە. من هەوڵدەدەم ڕۆشنبیر بم. ئەوەی دەمێنێتەوە پەیوەندی بەوانی دیەوە هەیە کە چۆن من هەڵدەسەنگێنن. هەر کەسێک بانگەشەی ئەوە دەکات هەقیقەت دەڵێت و لەبەرامبەریدا بەرپرسە. بەڵام ئەوانی دین کە داوەری دەکەن. ئایا ئەو ڕاستدەکات یان نا.

ڕ. ج: واتە ڕێک وەک سوقڕات هەوڵدەدەن ڕۆڵی مامۆستایەکی ئەخلاقی ببینن و لە شتەکاندا بە دوای ئەو بابەتانەوە بن کە دەگەڕێتەوە بۆ مەسەلە مرۆییەکان؟
ن. چ: جیاوازی نیە ئێوە ڕۆشنبیر بن یان لێخوڕی تاکسیەک یان دوکاندارێک. ئێمە هەمومان چونیەک لەبەردەم هەقیقەتدا بەرپرسیارین، و هەموو دەبێت هەوڵبدەین وەک فێرکاری ئەخلاق کاری پەیوەندیدار بە مرۆڤ و مرۆڤانە ئەنجام بدەین. دەبێت هەوڵبدەین بەڕاستی و شەرەفمەندانە بژین، و ئەگەر ئێوە هەلی ئەوەتان بۆ ڕەخساوە کە ڕۆشنبیر بن، لەم حاڵەتەدا بەرپرسیاری ئێوە زیاترە. زۆرێک لە ڕۆشنبیران بە ناهوشیارانە خزمەت بە بەرژەوەندیەکانی دەسەڵات دەکەن، و وا دەزانن کارێکی ڕاست و شەرەفمەندانە ئەنجام دەدەن. بە بروای من ڕۆشنبیران دەتوانن هەم قوربانیەکانی ڕژێمێک بن و هەم ئەندازیارەکانی.

ڕ. ج: دەوری میدیا لە دروستکردنی ئەم سیاسەتی سازش و تەسلیمبوونی ڕۆشنبیراندا چیە؟ بە بڕوای من گەر ڕۆشنبیران بیانەوێت نوێنەری ڕاستەقینەی ئەخلاق بن، دەبێت بە جۆرێک دژی درۆکان یان ئەو نیمچە ڕاستیانە بن کە میدیا دروستی کردوون؟
ن. چ: دەبێت وا بێت. بەڵام من زۆر بیر لەو مرۆڤانە دەکەمەوە لەناو میدیاکاندا کار دەکەن و خەباتیش دژی دەکەن. هەستدەکەم لە دەوروبەری جیهان رۆژنامەنووس و رۆژنامەگەری بە شەرەف زۆرن. زۆرێک لەمانە زۆر لەکەسانی وەک من زیاتر ڕەخنەیان لە میدیاکان هەیە و لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵدەدەن لە چوارچێوەی سنووردارێتیەکاندا کاری خۆیان بکەن. هەوڵ دەدەن بە شەرەفێکی پیشەییەوە کار بکەن. دەیانەوێت کە لەناوەوەیدا، گۆڕانکاری ئەنجامبدەن. کەسانی وەک منیش هەوڵدەدەین شیکارێکی ڕەخنەی بۆ میدیاکانی ئەمەریکا پێشکەش بکەین و فشار لە میدیاکان بکەین بۆئەوەی دۆخێکی باشتر درووست بکەن. ئەمە ڕێگەیەکە دەتوانێت هاوکاری پەرەسەندنی ئازادی بدات..

ڕ. ج: بەڵام کاتێک ئێوەیان نەوێت و ڕێگەتان پێنەدەن لەڕێگەی تەلەفیزێۆنەوە قسە لەگەڵ خەڵی ئەمەریکا بکەن، چۆن دەتوانن کارێکی وا ئەنجامبدەن؟
ن. چ: لێرە و لەوێ من وتاربێژی زۆر پێشکەش دەکەم. بابەت بە بڵاوکراوەی جیاواز دەدەم. وتوێژەکانی وەک ئەم چاوپێکەوتنەش دەرفەتێکی باشە بۆ پەیوەندیکردن بە خەڵکی دەرەوەی ئەمەریکا. هەستدەکەم لە وڵاتێکی ئازادی وەک ئەمەریکا، دەتوانیت ڕێگەی جیاواز بدۆزیتەوە بۆ ئەوەی پەیوەندی بە خەڵکەوە بکەیت و دیدی و بۆچونەکانی خۆت بڵێیت. تەنانەت لە وڵاتە داخراوەکانی وەک تورکیا و کۆلۆمبیا کە بەم دواییانە بینیوومن، فەزای وا هەیە کە بتوانیت بیروڕای خۆتی تیا دەربڕیت. دیارە ئەم فەزایانە ئیمتیازێکە. لە ئێستادا کۆلۆمبیا ئەم ئیمتیازەی نیە. ئەو ناتوانێت دژی ڕەوتی بەجیهانیبوون بیروڕای خۆی بڵێت. بەڵام رۆشنبیرانی جیهانی سێهەم ئیمتیازاتی زیاتر لەمەیان هەیە و خاوەن چەند جۆرێک پارێزبەندیشن. لە وڵاتە ڕۆژئاواییەکاندا پارێزبەندیەکی زۆر بۆ ڕۆشنبیران هەیە. بەجۆرێک ئەوان دەتوانن هەلی جۆراوجۆر و جیاجیا بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆیان بدزۆنەوە. من لەو سەفەرانەی بۆ وڵاتانی دی کردوومە، هەلی زۆرم بۆ هەڵکەوتووە، بەڵام بە داخەوە ناچار بووم هەموو رۆژێک کاتژمێرێک بۆ ڕەدکردنەوەی بانگهێشتەکان تەرخان بکەم.

ڕ. ج: داوا لە ئێوە دەکەم سەردانی ئێرانش بکەن و ئەم شانازیەش بە ئێمە بدەن. من دڵنیام بیریارانی ئێران لە دانیشنن و وتوێژ لەگەڵ ئێوەدا خۆشحاڵ دەبن.
ن. چ: سوپاس بۆ بانگهێشتکردنەکەتان، من ناتوانم بەڵێنی کاتێکی دیارکراوتان پێبدەم. ئاسان نیە ئەم بانگهێشتە سەرنجڕاکێشە بۆ هەموو ئەو کارانە زیاد بکەم کە بەدەستمەوەیە. بەڵام درەنگ یان زوو بە دڵنیایی دێم بۆ ئێران.
بۆستن، حوزەیرانی ٢٠٠٢

* سەرچاوە:
رامین جهانبگلو: جهانی بودن: پانزە گفتگو با اندیشمندان امروز جهان-رامین جهانبگلو- تهران. نشر مرکز، چاپ دوم١٣٨٢

گۆڕستانه‌ ئاوییه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان

نووسینی: سه‌وسه‌ن ئه‌لئه‌بته‌ح
وه‌رگێڕانی: باوكی ڕه‌هه‌ند

له‌ هه‌رلایه‌كه‌وه‌ سه‌یری ئه‌وروپا بكه‌یت، ده‌بینیت به‌ خه‌ڵكانی بێنه‌وا ده‌وره‌ دراوه‌، خه‌ڵكانێك هه‌وڵده‌دەن، له‌ ده‌ریاوه‌، له‌ شاخه‌كانه‌وه‌، له‌ ناوه‌ڕاستی دارستانه‌كانه‌وه‌، له‌ لیتوانیاوه‌ بۆ بۆسنه‌ و هه‌نگاریا، له‌ كه‌ناراوه‌كانی یۆنانه‌وه‌ بۆ ئیتالیا و ئیسپانیا، سنور ببه‌زێنن و بگه‌ن به‌ به‌هه‌شتی پیاوه‌ سپییه‌كه‌. هه‌ر كه‌ سنورێك داده‌خرێت، ئه‌و خه‌ڵكه‌ سنوری تازه‌ ده‌دۆزنه‌وه‌ و لێیه‌وه‌ دزه‌ده‌كه‌ن. فڕوفێڵی سه‌رۆكی بیلاڕوسیا ئه‌لسكه‌نده‌ر لۆكاشینكۆ سه‌ركه‌وتوو نه‌ده‌بوو، نه‌یده‌توانی له‌ وه‌رزی سه‌رما و سۆڵه‌دا، هه‌زاران كه‌س بهێنێت و به‌ره‌و سنوری پۆڵه‌نده‌ ڕه‌وانه‌یان بكات و ئه‌وروپای پێ ئیستفزاز بكات، ئه‌گه‌ر نائومێدی و بێهیوای له‌ ناوچه‌كه‌ماندا، نه‌گه‌یشتایه‌ته‌ سنوری خۆكوژی به‌ كۆمه‌ڵ. ئه‌وه‌ شوره‌یی و عه‌یبه‌ نییه‌، ئه‌وانه‌ی هه‌ڵدێن، ئاماده‌ن بمرن و نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ زێدی خۆیان. له‌گه‌ڵ هه‌ر كه‌سێكیاندا قسه‌م كردبێت، دووپاتی كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ چه‌ندین جاری دیكه‌ هه‌وڵده‌دات و مردنی خۆی و منداڵه‌كانی له‌ ده‌ریا، بۆ ئه‌و ئاسایتره‌ له‌وه‌ی له‌ وڵاته‌كه‌ی خۆیدا، له‌به‌ر برسییه‌تی یان له‌به‌رده‌م ده‌رگای نه‌خۆشخانه‌كاندا كۆتایی به‌ ژیانی بێت.
ده‌وترێت له‌ ماوه‌ی حه‌وت ساڵی ڕابردوودا، ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست، دوای ئه‌وه‌ی حه‌ڤده‌ هه‌زار كه‌سی قووتداوه‌، بووه‌ته‌ گۆڕستان. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌و ژماره‌ زۆره‌ی دیكه‌ كه‌ كه‌سێك نه‌بووه،‌ بیانژمێرێت و تۆماریان بكات. جگه‌ له‌ ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست و زه‌ریای ئه‌تڵه‌سی، ده‌ریای مانش-یش ناوی چووه‌ته‌ لیستی گۆڕستانه‌ ئاوییه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان، ئه‌مه‌ دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌زاران كه‌سه‌ی گه‌شتوونه‌ته‌ فه‌ره‌نسا، ده‌یانه‌وێت له‌ ده‌ریای مانش بپه‌ڕنه‌وه‌ و بڕۆنه‌ ناو به‌ریتانیا. به‌مه‌ش قه‌یرانێكی دیبلۆماسی گه‌وره‌ی هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌ و هه‌ردوو وڵات یه‌كتر تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن. هه‌ر یه‌ك له‌ فه‌ره‌نسا و به‌ریتانیا، ده‌یه‌وێت قورسایی ئه‌و هه‌زاران كه‌سه‌ی داوای ڕزگاربوون ده‌كه‌ن، بخاته‌ سه‌ر شانی ئه‌وی دیكه‌. قه‌یرنه‌كه‌ له‌ هه‌ڵكشلندایه‌ و ڕاستڕه‌وه‌ توندڕه‌وه‌كانی ئه‌وروپاش، به‌ ئاسانی ئه‌م هه‌له‌یان قۆستووه‌ته‌وه‌ و نان و پیازی پێوه‌ ده‌خۆن.
ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، هۆشداری ئه‌وه‌یان داوه‌ كه‌ توڕه‌یی كۆچبه‌ران و ئاماده‌ییان بۆ ئه‌وه‌ی به‌رگه‌ی مه‌ترسییه‌كان بگرن، تادێت زیاتر و گه‌وره‌تر ده‌بێت. له‌ نێوان هه‌ژده‌ كه‌س كه‌ له‌ ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست ده‌په‌ڕنه‌‌وه‌، یه‌كێكیان ده‌مرێت. ئه‌وانه‌شی له‌ زه‌ریای ئه‌تڵه‌سییه‌وه،‌ ده‌په‌ڕنه‌وه‌ بۆ دورگه‌كانی كه‌ناری، به‌هۆی باوبۆران و گه‌رده‌لووله‌كانه‌وه‌، له‌ بارودۆخێكی مه‌ترسیدارتردان. ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی له‌م ساڵدا خنكاون، دوو به‌رابه‌ری ئه‌و ‌ ژماره‌یه‌یه‌ كه‌ ساڵی ڕابردوو، له‌ هه‌مان ئه‌م كات و ساته‌دا خنكاون. به‌ڵام ئه‌مه‌ هه‌رگیز ڕێگرنه‌بووه‌ له‌وه‌ی، ژماره‌ی به‌له‌مه‌كان و ئه‌وانه‌ی بازرگانی به‌ مرۆڤه‌وه‌ ده‌كه‌ن و ڕیسك به‌ خێزان و منداڵه‌كانه‌وه‌ ده‌كه‌ن، تابێت له‌ زیادبووندایه‌. ئه‌وه‌تا دوای عێراق و یه‌مه‌ن و سوریا و تونس، لوبنان-یش ناوی چووه‌ لیستی ئه‌و وڵاتانه‌ی قوربانییه‌كان هه‌نارده‌ ده‌كه‌ن. ئه‌مه‌ش ده‌یسه‌لمێنێت ئه‌وروپا چاوه‌ڕوانی ئه‌لناگاری زیاتر و ناكۆكی و درزتێكه‌وتنی زیاتر ده‌كات. ئه‌وه‌ی له‌ خۆرهه‌ڵات لێده‌نرێت، له‌وانه‌یه‌ له‌ خۆرئاوا به‌ ئاسانی هه‌زم ناكرێت.
سه‌روه‌ختێك یه‌كێك له‌ لوبنانییه‌كان، به‌سه‌رهاتی خۆی ده‌گێڕێته‌وه‌ و ده‌ڵێت له‌ به‌له‌مێكی ڕاوكردنی بچكۆلانه‌دا كه‌وتینه‌ڕێ، به‌له‌مێك ده‌یان كه‌سی هه‌ڵگرتبوو، له‌ناو به‌له‌مه‌كه‌دا شوێنێك نه‌مابوو بۆ ڕاخستن و دانیشتن، به‌له‌مه‌كه‌ نه‌یده‌توانی بگاته‌ قوبرس، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا بوو ده‌بوایه‌ بگات به‌ ئیتالیا. له‌ حاڵه‌تێكی له‌و جۆره‌دا، هه‌ست ده‌كه‌یت تۆ له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵێ بارزگاندا نیت، به‌ڵكو له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵێ بكوژدایت. كاتێك ده‌زانیت به‌له‌مه‌كه‌ له‌ ژێر ڕه‌حمه‌تی ڕه‌هێڵه‌ و گێژه‌نه‌ ئاوییه‌كاندا به‌ڕێكه‌وتووه‌ و ئه‌و خه‌ڵكه‌ له‌ نێو ئه‌و كه‌شوهه‌وا سه‌خته‌دا، بنمیچێكیان نییه‌، دڵنیاده‌بیت له‌وه‌ی چه‌ته‌كان كه‌ بازرگانی به‌ هیوا و ئاواتی ئه‌و خه‌ڵكه‌ داماوه‌وه‌ ده‌كه‌ن، كۆمه‌ڵێ خوێنمژن و هیچیتر.
بۆ تێگه‌شتن له‌م دیارده‌یه‌ (مه‌به‌ستی دیارده‌ی كۆچكردنه‌-و.ك)، ئه‌وه‌ به‌س نییه‌ قسه‌ له‌ برسییه‌تی و نه‌بوونی بكرێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ی ده‌ڕوات و سه‌ری خۆی هه‌ڵده‌گرێت، هه‌زاران دۆلار ده‌دات. كاتێكیش سه‌رناكه‌وێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، هه‌زاران دۆلاری دیكه‌ كۆده‌كاته‌وه‌ و سه‌رله‌نوێ هه‌وڵی ڕۆشتنه‌وه‌ ده‌دات، كه‌واته‌ ئه‌م كه‌سه‌ به‌ دوای خواردندا ناگه‌ڕێت. كتێك یه‌كێك له‌وانه‌ پێت ده‌ڵێت حه‌وت جار هه‌وڵی ڕۆشتنیداوه‌، مانای وایه‌ پێش ئه‌وه‌ی بگاته‌ كه‌نارێكی ئه‌وروپی، لانی كه‌م بیست و یه‌ك هه‌زار دۆلاری داوه‌.
گه‌نجان ئومێدێكی زۆریان له‌سه‌ر به‌هاری عه‌ره‌بی هه‌ڵچنیبوو كه‌ له‌ تونس-ه‌وه‌ ده‌ستی پێكرد، به‌ڵام توێژینه‌وه‌كان ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن، ته‌واوی ناوچه‌ی عه‌ره‌بی، له‌و كاته‌وه‌، به‌ره‌و دواوه‌ خلۆرده‌بێته‌وه‌ و له‌ نێو تاریكییه‌كی ئه‌نگوسته‌چاودا نوقم بووه‌. جه‌نگ، كوشتن، شه‌ڕو پێكدادان، فیتنه‌، هه‌ره‌سهێنان، هه‌مو ئه‌وانه‌ ئاماژه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رچه‌كان داخراون.
له‌سه‌روبه‌ندی وه‌رچه‌رخانێكی گه‌ردونی زه‌به‌لاحدا، له‌ ناوه‌ڕاستی پێشبڕكێیه‌كی جیهانی بۆ گه‌شتن به‌ كاروانی چواره‌م شۆڕشی پیشه‌سازی، عه‌ره‌ب بۆی ده‌رده‌كه‌وێت، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ سواری شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه‌ نه‌بووه‌، كۆمه‌ڵێ سیستمی ڕه‌یعی مشه‌خۆری نابه‌رهه‌مهێنیان دامه‌زراندووه‌ و داهاته‌كانیان به‌شێوه‌یه‌كی باش به‌كارنه‌هێناوه‌. ئا ئه‌مه‌یه‌ ئه‌و توێژینه‌وه‌ زۆر گرنگه‌ ئاماژه‌ی پێده‌دات كه‌ له‌لایه‌ن “ده‌زگای فیكری عه‌ره‌بی”یه‌وه‌ پێش چه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌وبه‌ر و له‌ژێر ناونیشانی “عه‌ره‌ب و ئاله‌نگارییه‌كانی به‌رده‌م وه‌رچه‌رخان به‌ره‌و مه‌عریفه‌ و داهێنان” بڵاویكردووه‌ته‌وه‌. دواكه‌وتن له‌ هه‌مو كایه‌كاندا، له‌ ژێرخانه‌ سه‌ره‌كییه‌كانه‌وه‌‌، بۆ دیدگای گشتی سه‌باره‌ت به‌ مانای ده‌وڵه‌ت و ئه‌ركه‌كانی. ئه‌گه‌ر ئاسایشی خۆراك له‌ پێشه‌وه‌ و له‌سه‌ری سه‌ره‌وه‌ی بایه‌خدانه‌كان بێت، ئه‌وا زۆرینه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی، ده‌رامه‌ت و به‌رهه‌مه‌كانی به‌ڕێژه‌ی گه‌وره‌ كه‌میكردووه‌. هۆكاره‌كه‌شی ته‌نها بۆ بوونی جه‌نگ ناگه‌ڕێته‌وه له‌و وڵاتانه‌ی توانایه‌كی كشتوكاڵی گه‌وره‌یان هه‌یه‌. به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ نه‌یانتوانیوه‌ سود له‌ تواناكانی ته‌كنه‌لۆژیای مۆدێرن‌ وه‌ربگرن. له‌ هیچ وڵاتێكی عه‌ره‌بیدا، گه‌شه‌یه‌كی كشتوكاڵی ئه‌وتۆ نابینیت شایه‌نی باسكردن بێت. ته‌نانه‌ت سوریا كه‌ له‌ هه‌ندێك به‌روبومدا، به‌شی خۆی دابین ده‌كرد، كه‌چی هه‌نووكه‌ ژێرخانه‌ كشتوكاڵییه‌كه‌ی دوچاری زیانی كاره‌ساتاوی بووه‌ته‌وه‌. ئێمه‌ ته‌نها برسییه‌تی هه‌ڕه‌شه‌مان لێناكات، ئه‌مه‌ دوای ئه‌وه‌ی ده‌ركه‌وت نزیكی مه‌ودای جوگرفی بۆ به‌رهه‌مهێنان، مه‌سه‌له‌یه‌كی تا بڵێی گرنگه‌، به‌ڵكو له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی تونیه‌تیداین. له‌ كاتێكدا وڵاتانی كه‌نداوی عه‌ره‌بی، له‌وانه‌ كوێت و عێراق، خرانه‌ لیستی ئه‌و وڵاتانه‌ی به‌هۆی گه‌رما و وشكه‌ ساڵییه‌وه، زۆرترین كاریگه‌رییان له‌سه‌ره‌‌. وه‌لێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، عه‌ره‌ب گوێ به‌ توێژینه‌وه‌ی كه‌ش و هه‌وا یان ژینگه‌ نادات، زانكۆكان مه‌گه‌ر زۆر به‌ ده‌گمه‌ن، ده‌نا هیچ توێژینه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجام ناده‌ن ده‌رباره‌ی گۆڕانكارییه‌ مه‌ترسیداره‌كانی ژینگه‌ كه‌ خۆیان ده‌بنه‌ یه‌كه‌م قوربانییه‌كانی. ئێمه‌ تا ئێستاش، ئاو ده‌خۆینه‌وه‌ و خۆمان ده‌شۆین و به‌هه‌ده‌ری ده‌ده‌ین، كه‌چی پشكی تاكی عه‌ره‌ب له‌ ئاو، له‌ ماوه‌ی ئه‌م ده‌یه‌ی ڕابردوودا و به‌پێی پێوه‌ری جیهانی، به‌ڕێژه‌ی 200 مه‌تر سێجا، كه‌می كردووه‌.
ئه‌گه‌ر عێراق و مۆریتانیا و لوبنان و سودان-مان له‌ حسابه‌كه‌ ده‌رهێنا، ئه‌وا تێكڕای رێژه‌ی كه‌مبوونه‌وه‌كه‌ له‌ ساڵێكدا ده‌گاته‌ 500 مه‌تر سێجا. ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه‌ نزیكه‌ی نیوه‌ی عه‌ره‌ب، به‌ده‌ست كه‌م ئاوییه‌وه‌ ده‌ناڵێنن. ئه‌گه‌ر هه‌ر له‌سه‌ر سێ مه‌سه‌له‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌ بمێنینه‌وه‌: ئاو، خۆراك، ده‌رمان، ئه‌وا ئاماره‌كان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ته‌نها له‌ 29% عه‌ره‌ب، ڕازین به‌ سیستمی ته‌ندروستیان، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ تێكڕای ڕایزبوونی جیهانی بۆ سیستمی ته‌ندروستی ده‌گاته‌ 40%.
سه‌رنشینانی به‌له‌مه‌كانی مه‌رگ، ئه‌م ئه‌نجامه‌ تاریكانه‌یان نه‌خوێندووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ڕۆژانه‌ له‌ناویدا ده‌ژین، ده‌زانن ئه‌وه‌ی له‌مڕۆدا به‌ ده‌ستیانه‌وه‌یه‌، به‌یانی به‌هۆی داخرانی ئاسۆكانه‌وه‌، نایه‌ته‌وه‌ ناو ده‌ستیان. ئه‌وان پێیان باشتره‌ ببن به‌ لاشه‌ی سارد و سڕ، لاشه‌یه‌ك شه‌پۆله‌كانی ده‌ریا بیانهێنێت و بیانبات، ببن به‌ ئیسك و پروسك و كه‌ناره‌كان داپۆشن و دایكانی زه‌نده‌قچوو به‌دوایاندا بگه‌ڕێن، تاكو پاشماوه‌ی منداڵه‌كانیان له‌ گۆڕه‌كاندا بشارنه‌وه‌، نه‌ك ئه‌وه‌ی كاره‌ساته‌كانی به‌یانی ببینن. له‌مڕۆدا مرۆڤی عه‌ره‌ب، به‌ دوای خواردندا ناگه‌ڕێت سكی پێ تێر بكات، به‌ڵكو ته‌نها به‌دوای تۆزقاڵێك له‌ ئومێد دا ده‌گه‌ڕێت.
سه‌رچاوه‌
الشرق الاوسط، هه‌ینی 26 تشرینی دووه‌م، 2021

عومه‌ر مه‌رزوق؛ ژیاننامه‌ی كه‌سی و فیكری بلیمه‌تی بلیمه‌ته‌كان و فه‌یله‌سوفی فه‌یله‌سوفه‌كان

نووسینی: هاشم ساڵح
و له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌: هه‌ورامان وریا قانع
به‌م دواییانه‌ له‌ پاریس، كتێبێكی گرنگ به‌م ناونیشانه‌ “ئیبن سینا یان ئیسلامی ڕۆشنگه‌ر” بڵاوبووه‌ته‌وه‌، نووسه‌ره‌كه‌ی توێژه‌رێكی به‌ ئه‌سڵ جه‌زائیرییه‌ و ناوی “عومه‌ر مه‌رزوق”ه‌، من ددانی پێداده‌نێم، پێشتر هه‌رگیز گوێم له‌ ناوی نه‌بووه‌. له‌مه‌دا ناته‌واوی و كه‌مته‌رخه‌مییه‌كه‌ بۆ خۆم ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ سه‌ركۆنه‌ و سه‌رزه‌نشیتی خۆم ده‌كه‌م. چونكه‌ ئه‌و پیاوه‌، به‌ پله‌ی یه‌كه‌م، بیرمه‌ندێكی ڕاسته‌قینه‌یه‌. له‌ زانكۆی سۆربۆن بڕوانامه‌ی دكتۆرای له‌ فه‌لسه‌فه‌دا وه‌رگرتووه‌، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی پسپۆڕه‌ له‌ فیكری سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست. هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، زۆر به‌ وردیی و تۆكمه‌یی‌ ئاگاداری فیكری مۆدێرنه‌. پێشتر كتێبێكی به‌م ناونیشانه‌ بڵاوكردووه‌ته‌وه‌: “ئایا فه‌لسه‌فه‌یه‌كی ئیسلامی بوونی هه‌یه‌؟” له‌ بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای “دفاتر الاسلام” ساڵی 2018.
عومه‌ر مه‌رزوق له‌ ماوه‌ی حه‌وت ساڵدا، له‌ په‌یمانگای ئیمام غه‌زالی سه‌ر به‌ مزگه‌وتی گه‌وره‌ی پاریس، مامۆستای فه‌لسه‌فه‌ و شارستانییه‌تی ئیسلام بووه‌. هه‌نووكه‌ ئه‌و كتێبێكی قه‌باره‌ گه‌وره‌ی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ زیاد له‌ چوارسه‌د لاپه‌ڕه‌یه‌، كتێبه‌كه‌ ده‌رباره‌ی یه‌كێكه‌ له‌ گه‌وره‌ترین فه‌یله‌سوفه‌كانی عه‌ره‌ب و ئیسلام: شێخی گه‌وره‌ ئه‌بو عه‌لی ئیبن سینا. ئه‌م كتێبه‌، كتێبێكی چێژبه‌خشه‌، چونكه‌ هه‌ندێكجار شێوه‌ی ڕۆمان یان ته‌نانه‌ت شێوه‌ی داستانێكی چیرۆكئامێزی خۆش، وه‌رده‌گرێت. به‌ڵام له‌ هه‌مانكاتدا، كتێبێكی زانستی ئه‌كادیمییه‌، به‌و مانایه‌ له‌ خۆڕا و هه‌ر وا، قسه‌ فڕێنادات. به‌ڵكو بۆ یه‌كه‌مجاره‌ ژیاننامه‌ی كه‌سی و فیكری، بلیمه‌تی بلیمه‌ته‌كان و فه‌یله‌سوفی فه‌یله‌سوفه‌كان پێشكه‌ش ده‌كات. به‌ڕاشكاوی ئێمه‌ زۆر پێویستمان به‌ كتێبی له‌م جۆره‌یه‌ و چاوه‌ڕوانیكردنی درێژه‌ی كێشا. ئه‌و پرسیاره‌ی كتێبه‌كه‌ ده‌یخاته‌ڕوو ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌یه‌: ئایا ده‌كرێت موسڵمانێكی ئیمانداربیت و له‌گه‌ڵیدا، موماره‌سه‌ی ڕۆحی ڕه‌خنه‌یی خۆت له‌سه‌ر كه‌لتور بكه‌یت؟ به‌ مانایه‌كی دی، ئایا ده‌كرێت له‌ یه‌ككاتدا، موسڵمانێكی ڕاسته‌قینه‌ بیت و فه‌یله‌سوفێكی ڕۆشنگه‌ریش بیت؟ وه‌ڵامه‌كه‌ به‌ڵێیه‌. به‌ڵێ ده‌كرێت، به‌مه‌رجێك له‌ ئاستی ئین سینا دا بێت.
ئاشكرایه‌ ئه‌م بیرمه‌نده،‌ به‌ ته‌نها پزیشكێكی مه‌زن نه‌بووه كه‌ به‌ درێژایی حه‌وت سه‌ده‌ی به‌رده‌وام، كۆنترۆڵی زانكۆكانی ئه‌وروپای كردبوو. به‌ڵكو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، فه‌یله‌سوفێكی زه‌به‌لاح بووه‌ و ئاگاداری سه‌رجه‌م زانسته‌كانی سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆی بووه‌، به‌تایبه‌ت ئاگاداری به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌فلاتون و ئه‌رستۆ و ئه‌بیقۆر و به‌تلیمۆس و گلیلۆ… هتد بووه‌. ئا له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌یه‌، ویستوویه‌تی عه‌قڵ و لۆژیك و فه‌لسه‌فه‌، بهێنێته‌ نێو جیهانی ئیسلام و چیتر ئه‌م جیهانه‌، به‌ ته‌نها به‌ فیكری نه‌ریتی و عه‌قڵیه‌تی ته‌سكبین، قه‌تیس نه‌كرێت. ئه‌و ده‌یویست ئه‌و ئامرازه‌ مه‌عریفییانه‌ پێشكه‌ش به‌ موسڵمان بكات؛ كه‌ وا ده‌كات موسڵمان ڕزگاری بێت له‌ تاریكییه‌كانی ئاین. ناونیشانی كتێبه‌كه‌ش ئا لێره‌وه‌ دێت: “ئیبن سینا یان ئیسلامی ڕۆشنگه‌ر”. ئه‌م كتێبه‌ به‌سه‌رهاتی ئیبن سینا-مان بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌، یان ڕاستتر داستانی كه‌سایه‌تییه‌‌كمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ ئامانج لێی، ڕیفۆرمی فیكری عه‌ره‌بی و ئیسلامی و ڕۆشنكردنه‌وه‌ی و فراوانكردنی ئاسۆكانییه‌تی، له‌ جیهانێكی تێكه‌ڵ و پێكه‌ڵ و بارودۆخێكی شپرزه‌ و ناجێگیر و پڕ له‌ دڵه‌ڕوكێ.
ئه‌و شته‌ی له‌ كه‌سایه‌تی ئیبن سینا دا، سه‌رنج ڕاكیشه‌، بریتییه‌ له‌ بلیمه‌تییه‌ زۆر زووه‌كه‌ی كه‌ هاوسه‌رده‌مه‌كانی خۆی، دووچاری سه‌رسوڕمان و شۆك كردبوو. ئه‌و “هه‌ر به‌ ئاسمانه‌وه‌ ده‌یزانی چییه” ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌ربڕینه‌ گونجاوبێت. ئه‌وه‌ی خه‌ڵكانی دیكه‌ چه‌ندین ساڵیان ده‌ویست بۆ ئه‌وه‌ی لێی تێبگه‌ن، ئیبن سینا له‌ چه‌ند ڕۆژێكدا لێی تێده‌گه‌یشت. ئه‌و هه‌ر به‌ منداڵی و له‌ ته‌مه‌نێكی كه‌مدا، له‌ قورسترین تیۆره‌ زانستی یان پزیشكی یاخود فه‌لسه‌فییه‌كان تێده‌گه‌شت. له‌م باره‌یه‌وه‌، دانه‌ری كتێبه‌كه‌ پێمان ده‌ڵێت: “باوكی هه‌ر هێنده‌ی ئه‌م به‌هره‌ پشكوتووه‌ی بۆ ده‌ركه‌وت، ده‌ستیكرد به‌ دابینكردنی باشترین مامۆستا بۆ په‌روه‌رده‌كردنی و خوێندنه‌كه‌ی. به‌ڵام كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌ بوو، ئیبن سینا به‌و منداڵییه‌، دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م و زۆر به‌خێرایی، به‌سه‌ر خودی مامۆستاكانیدا سه‌رده‌كه‌وت! بگره‌ بێده‌نگی ده‌كردن، بگره‌ ته‌نانه‌ت ده‌یترساندن. ئاخر چی له‌گه‌ڵ منداڵێكی له‌م جۆره‌دا ده‌كریت؟. ئه‌و تازه‌ له‌ده‌ست ده‌رچوو بوو/ فلتة الفلتات”. له‌و بڕوایه‌دام ئیبن سینا له‌م لایه‌نه‌وه‌، له‌ باسكاڵی فه‌ره‌نسی یان نیتچه‌ی ئه‌ڵمانی یان له‌وانه‌یه‌ له‌ خودی ئه‌نشتاین بچێت. بۆ نا؟ خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ی ئیبن سینا تێیدا له‌ دایكببوو- به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی به‌ هه‌ڵه‌ تێگه‌یشتووین- كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی داخراو نه‌بوو، كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك نه‌بوو ڕقی له‌ مه‌عریفه‌ بێت. سه‌رده‌مه‌كه‌ سه‌رده‌مێك نه‌بوو دژ به‌ فه‌لسه‌فه‌ و زانست نامۆ بێت كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی خاكی ئیسلام له‌دایكبووه‌: وه‌ك زانستی لۆژیك و زانستی ده‌روونشیكاری و فه‌لسه‌فه‌… هتد. ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ بوو، سه‌رده‌می ئیبن سینا، درێژكراوه‌ی سه‌رده‌می زێڕین بوو، له‌ نێوان هه‌ر دوو سه‌ده‌ی هه‌شته‌م و نۆیه‌می زاینی. هه‌رچی ئیبن سینایه‌، له‌ سه‌ده‌ی ده‌یه‌مدا هاتووه‌ته‌ دویناوه‌ و له‌سه‌ده‌ی یانزه‌هه‌م كۆچی دوایی كردووه‌. هێشتا توندڕه‌وییه‌ گه‌وره‌كه‌ی فیكر ڕووینه‌دابوو. هێشتا ده‌رگای ئیجتیهاد دانه‌خرابوو، به‌خته‌ باشه‌كه‌ی ئیبن سینا ئا لێره‌دا بوو.
له‌گه‌ل ئه‌وه‌شدا دكتۆر عومه‌ر مه‌رزوق، پێمان ده‌ڵێت گه‌وره‌ترین كیشه‌ كه‌ له‌ ژیانیدا، روبه‌ڕووی ئیبن سینا بوه‌وه‌ و تا كۆتایی ژیانی به‌دوایه‌وه‌ بوو، بریتییه‌ له‌وه‌ی فوقه‌ها توندڕه‌وه‌كان، دژی بوون و به‌رده‌وام چاویان له‌سه‌ری بووه‌ و ژیانیان لێ تاڵ كردبوو. كاردانه‌وه‌ی پیاوانی ئاینی، له‌سه‌ر ئیبن سینا و بیركردنه‌وه‌ و كتێبه‌كانی، زۆر نه‌رێنی بووه‌. ئه‌م كێشه‌یه‌ به‌ درێژایی ژیانی له‌گه‌ڵیدا بوو‌. سه‌رباری هه‌مو ئه‌وانه‌، به‌هۆی به‌هره‌ گه‌وره‌كانی له‌ سه‌رجه‌م بواره‌كان و زیره‌كییه‌ له‌ ڕاده‌به‌ده‌ره‌كه‌ی، ئیره‌یی و به‌غیلییان پێده‌برد. ته‌نانه‌ت دوای مردنیشی، ناو و ناوبانگ و سومعه‌ی ئیبن سینایان له‌كه‌دار كردو جنێوی ناشرین و سووكیان پێده‌وت! گه‌وره‌ترین نمونه‌ بۆ ئه‌وه‌ غه‌زالی بوو،غه‌زالی هه‌رچه‌نده‌ سودی له‌ زانسته‌ فراوانه‌كه‌ی ئیبن سینا بینی و هه‌ندێك له‌ بیركردنه‌وه‌كانی ئه‌وی بۆ خۆی برد، بێ ئه‌وه‌ی به‌ڕاشكاوی ددانی پێدابنێت، كه‌چی ته‌كفیری ئیبن سینای كرد. غه‌زالی هیچی ئه‌وتۆی له‌ فه‌لسه‌فه‌كه‌ی ئیبن سینا نه‌ده‌بینی، ته‌نها ئه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ لاسایكردنه‌وه‌یه‌كی كرچ و كاڵی ئه‌رستۆ و ئه‌فلاتون نه‌بێت، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا بوو ئیبن سینا داهێنه‌رێكی ڕاسته‌قینه‌ بوو.
فوقه‌هاكان بۆ تێكشكاندنی سومعه‌ی و بێده‌نگكردنی ده‌نگی كه‌سێكی بلیمه‌ت و به‌هره‌داری وه‌ك ئیبن سینا، خاوه‌نی چه‌كێكی كاریگه‌ر و كوشنده‌بوون. ئه‌و چه‌كه‌ چی بوو؟ تۆمه‌تباركردنی بوو به‌ كوفر و بێ باوه‌ڕی/ الالحاد! پێویسته‌ ئه‌وه‌ بزانین هه‌ڵمه‌تی پڕوپاگه‌نده‌ و ناوزڕاندن كه‌ زاناكان و بیرمه‌نده‌ ڕاسته‌قینه‌كانی كردبووه‌ ئامانج، چه‌ندین ڕه‌هه‌ندی گه‌وره‌ و مه‌ترسیداری له‌خۆگرتبوو. ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵێ زانا هه‌بووبن فوقه‌هاكان ڕقیان لێیان بووبێته‌وه‌، ئه‌وا به‌ پله‌ی یه‌كه‌م فه‌یله‌سوفه‌كان بوون. ئا له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌یه‌ كیندی و ئیبن ڕوشد و سه‌هره‌وه‌ردی و زۆرێكی دیكه‌یان ده‌چه‌وسانده‌وه‌. به‌دوایانه‌وه‌ بوون، بگره‌ هه‌ندێكیان تیرۆر كرد، له‌وانه‌ سه‌هره‌وه‌ردی و ئیبن موقه‌فه‌ع و ئیبن باجه‌…هتد.
دانه‌ری كتێبه‌كه‌ دكتۆر عومه‌ر مه‌رزوق پێیوایه‌، ئه‌و جۆره‌ له‌ ڕه‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وت، تا ڕۆژی ئه‌مڕۆشمان به‌رده‌وامه‌. نه‌سر حامد ئه‌بو زێد له‌لایه‌ن زاناكانی ئه‌زهه‌ره‌وه‌ چه‌وسێنرایه‌وه‌ و به‌ كافر و هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ تۆمه‌تباریان كرد. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا بوو نه‌سر حامد ئه‌بو زێد، موسڵمانێكی ڕاسته‌قینه‌ بوو. به‌ڵام به‌ عه‌قڵیه‌تێكی فه‌لسه‌فی ڕۆشنگه‌ر. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ دانه‌ری كتێبه‌كه‌ پێیوایه‌، سیفه‌تی سه‌ره‌كی ئیبن سینا، بریتییه‌ له‌ تونیه‌تی ئه‌و بۆ مه‌عریفه‌یه‌ك كه‌ تێر ئاو نابێت و برسییه‌تی بۆ فیكر كه‌ تێرناخوات. فزوڵی مه‌عریفی ئیبن سینا، هه‌مو شتێكی گرتووه‌ته‌وه‌: فیزیا، زانستی گه‌ردون، كیمیا، سیاسه‌ت، پزیشكی، ده‌رونشیكاری، زانستی لۆژیك، زانستی ماتماتیك، بێگومان فه‌لسه‌فه‌ش. ئه‌و به‌ مانای ته‌واوی وشه‌، بیرمه‌ندێكی ئینسایكلۆپیدیی بوو. بگره‌ پێویسته‌ شیعریشی بۆ سه‌ربار بخه‌ین! ئه‌و به‌ڕاستی شاعیرێكی به‌هره‌داری گه‌وره‌ بوو. له‌ هه‌ردوو لاوه‌ نه‌مری بۆ خۆی كۆكردبوه‌وه‌، یان به‌ یه‌ك كه‌ڕه‌ت نه‌مری له‌ هه‌مو لایه‌كه‌وه‌ بۆ خۆی كۆكردبوه‌وه‌.
دواتر نووسه‌ری كتێبه‌كه‌ پێمان ده‌ڵێت، فیكری ئیبن سینا، له‌یه‌ككاتدا فیكرێكی ڕه‌خنه‌یی و كراوه‌ بوو. مه‌به‌ستمان له‌ كراوه‌، ئه‌وه‌یه‌ ئیبن سینا ئه‌و فیكرانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌هاتن، وه‌رده‌گرت. به‌ڵام دوای سه‌رله‌نوێ داڕشته‌نه‌وه‌ی و ده‌ستكاریكردنی و زیادكردن بۆی، فیكره‌كانی وه‌ك ئه‌وه‌ی ئاماده‌كرابوو، وه‌رنه‌ده‌گرت. ئاخر بلیمه‌تێكی وه‌ك ئه‌و، ناكرێت به‌شێوه‌یه‌كی حه‌رفی، لاسایی ئه‌وانی دیكه‌ بكاته‌وه‌. ئه‌مه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و زانسته‌ی ده‌رونشیكارییه‌ كرد كه‌ له‌ ئه‌رستۆوه‌ به‌ میرات مابوه‌وه‌. هه‌موی وه‌ك خۆی وه‌رنه‌گرت، به‌ڵكو به‌شێكی وه‌رده‌گرت و پاشان بۆی زیاد ده‌كرد. فیكری ئیبن سینا، فیكرێكی ڕه‌خنه‌یی بوو، چونكه‌ فیكری فه‌یله‌سوفه‌كانی پێش خۆی، له‌ بێژنگی ڕه‌خنه‌ ده‌دا و زۆر به‌ وردی شه‌نوكه‌وی ده‌كرد. ئه‌وه‌ی به‌رگه‌ی بگرتایه‌، ده‌یبرد و ئیشی له‌سه‌ر ده‌كرد، ئه‌وه‌ی به‌رگه‌ی نه‌گرتایه‌، لێده‌گه‌ڕا بكه‌وێت و ده‌ستبه‌رداری ده‌بوو. ئه‌مه‌ سیفه‌تی بلیمه‌ته‌كانه‌ له‌ وه‌رگرتن: هه‌زمكردن و ئیستیعابكردن و تێپه‌ڕاندن. به‌ڵام ئاخۆ هه‌ڵوێستی ئیبن سینا، ده‌رباره‌ی عه‌قڵ و نه‌قڵ، ده‌بێ چی بووبێت؟
ئا لێره‌دا دكتۆر عومه‌ر مه‌رزوق، كێشه‌كه‌ ده‌خاته‌ نێو چوارچێوه‌ فراوانه‌كه‌ی و شتیكی ئاوامان پێده‌ڵێت: له‌م ڕۆژگاره‌ی ئه‌مڕۆماندا، تێزێكی هه‌ڵه‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌ربڵاوه‌ و ده‌ڵێت: له‌ نێوان ئیسلام و عه‌قڵدا دژیه‌كێك هه‌یه‌. هه‌ندێك به‌ هه‌ڵه‌ تێگه‌شتوون له‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌ به‌ره‌و كوفر ده‌مانبات یان له‌ خودا دوورمان ده‌خاته‌وه‌ یاخود ئیمان و په‌رستن له‌ ده‌ست ده‌ده‌ین. له‌به‌ر ئه‌وه‌، داوا له‌ موسڵمان ده‌كرێت له‌ نێوان دوو شتدا یه‌كێكیان هه‌ڵبژێرێت: یا فه‌لسه‌فه‌ یاخود ئاین. هه‌ڵمه‌تی هێرشكردنه‌ سه‌ر فه‌لسه‌فه‌ بۆ ماوه‌ی چه‌ندین سه‌ده‌ی به‌رده‌وام، به‌داخه‌وه‌ ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ نه‌خوازراوه‌ی لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌. وه‌لێ چاره‌سه‌ری ڕاسته‌قینه‌ بریتییه‌ له‌ سازانی نێوان فه‌لسه‌فه‌ و ئاین یان نێوان عه‌قڵ و ئیمان، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئیبن سینا ئه‌نجامیداوه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئیبن ڕوش دوای ئیبن سینا ئه‌نجامیدا. هه‌روه‌ها وه‌ك ئه‌وه‌ی ته‌ها حسێن و محه‌مه‌د ئه‌ركون و عه‌بدالنور بێدار له‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێستاماندا ئه‌نجامیانداوه‌. ئێمه‌ كه‌ ئه‌م قسانه‌ ده‌كه‌ین، هه‌ست به‌ ئێش و ئازار ده‌كه‌ین. به‌ڵام هه‌روه‌ها هه‌ست به‌ توڕه‌یی ده‌كه‌ین له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ جیهانی ئیسامیدا، ئیدانه‌ی فه‌لسه‌فه‌یان كرد و ئێمه‌یان گه‌یاند به‌م ده‌رئه‌نجامه‌ كاره‌ساتاوییه‌؛ كه‌ بووه‌ته‌ هۆی پاشه‌كشه‌ و دواكه‌وتنمان له‌ كاروانی شارستانییه‌ت و پێشكه‌وتن.
ئێمه‌ به‌ تایبه‌ت ئه‌وه‌ ده‌ڵێین، چونكه‌ ئه‌وه‌ عه‌قڵانییه‌تی فه‌لسه‌فه‌ بوو، وایكرد خۆرئاوا له‌ چركه‌ساتی دیكارت-ه‌وه‌ و له‌ ڕووی شارستانییه‌ته‌وه‌ پێشبكه‌وێت و زاڵبێت به‌سه‌ر كۆی جیهانی عه‌ره‌بی و ئیسلامیدا. ئه‌و بیرمه‌نده‌ عیملاقه‌-دیكارت- كلیله‌كانی مه‌نهه‌جییه‌تی خسته‌ ده‌ستی خۆرئاواوه‌، تاكو له‌ زنجیر و كۆت و به‌نده‌كانی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست، ڕزگاریان ببیت و شارستانییه‌تی عه‌قڵانی و ته‌كنه‌لۆژی گه‌وره‌ دروست بكه‌ن، ئه‌و شارستانییه‌ته‌ دواتر بوو به‌ شارستانییه‌تی گه‌ردونی به‌ قه‌باره‌ی جیهان.
سه‌رچاوه‌
الشرق الاوسط، پێنج شه‌ممه‌، 11 تشرینی دووه‌م 2021

سازشەکەی من و وانەیەکی درەنگوەخت لە تەلەفوزی ڕووسیدا!

شیروان مەحمود

نووسەرێکی بەناوبانگی ڕووس هەیە، خاوەنی چەندین بەرهەمی گرنگ و ناسراوە، وەک ” تاوان و سزا”، ” گەمژە” و”برایانی کارامازۆڤ” و چەندینی تر. دەزانن ناوی چییە؟
بێگومان زۆربەتان دەزانن و دەڵێن: فیۆدۆر دۆستۆێفسکی !
داوای لێبوردن دەکەم!
بەڵام ناوی ئەو نووسەرە، ئەگەر بەڕاستی و ڕووسیانە بیخوێنینەوە:
”فیۆدەر دەستەێفسکی” یە!
چی؟ چی؟ ئێمە هەزار ساڵە بە دۆستۆیفسکی خوێندومانەتەوە، ئێستا تۆ ئەمە چییە بۆت دۆزیوینەتەوە؟
بۆ هەشتسەد ساڵی یەکەم نازانم، بەڵام ئەوەتەی دووسەدساڵ لەمەوبەر لە دایکبووە هەرئەوە ناوی بووە: ” فیۆدەر دەستەێفسکی” بەڵام لە بەر ئەوەی ئێمەی کورد، لە باشووری کوردستان بەرهەمی نووسەرانی ڕووسمان لە عەرەبەوە وەرگرتووە، ئەوا لە نووسینی ناوەکانیشیاندا شوێنپێی عەرەبمان هەڵگرتووە. لە بەر ئەوە گلەییم لەو کەسانە نییە کە بەرهەمی ئەو نووسەرانەیان لە عەرەبییەوە یان لە زمانەکانی ترەوە وەرگێراوە بۆ کوردی. گلەییم لەو نووسەر و وەرگێڕانەیە کە لە ڕووسیا خوێندوویانەوە و شارەزای تەلەفوزی ڕووسیین بەڵام هیچ هەوڵێکیان نەداوە بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو هەڵەیە.

لەو ماوەیەی پێشوودا نامیلکەیەکم نووسی بە ناوی ” وتە مێژووییەکەی دەستەێفسکی لە یادی پوشکیندا” کە زیاتر وەرگێڕانی وتەکەی دەستەێڤسکی و وتارێک بوو لە سەر ئەو کاردانەوانەی لە ئاکامی وتەکە هاتبوونە ئاراوە. خۆشبەختانە برایانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ چاپکردنی نامیلکەکە، کە من سوپاسگوزاریانم بۆ ئەو کارەیان. لە بەر ئەوەی بڕیاریش بوو نامیلکەکە لە پێشانگای نێودەوڵەتی سلەیمانی بۆ کتێب نمایش بکرێت، دەبووایە بەزووترین کات بخرێتە ژێر چاپەوە. ئا لەو کاتەدا برایانی دەزگاکە پەیوەندییان پێوەکردم و پرسیاریان کرد ئایا ناوەکە وەک من نووسیوومە ” دەستەێفسکی” بهێڵنەوە، یان وەک باوە بە ”دۆستۆێڤسکی” بینووسن، ئاشکراش بوو کە خۆیان دووەمیان لا پەسەندترە و پاساواکەشیان ماقووڵ و عەرەب وتەنی” وەجاهەتی خۆی هەبوو” چونکە خوێنەری کورد هەر بە شێوەنووسینی دووەم ڕاهاتووە و ڕەنگە خەڵک نەزانن کە ئەم ”دەستەێفسکی” یەی من، هەمان ”دۆستۆێفسکی” ەکەی جارانە. منیش لەو کاتەدا، جا ئیتر لە بەرچرکە ساتێکی لاوازیی مرۆڤانە و پەرۆشیم بووبێت کە کتێبەکە چاپ بکرێت، یان لە بەر تەمەڵیی و نەبوونی ئارەزووبووبێت بکەومە داکۆکی کردن لە شێوە نووسینەکەی خۆم، ئەو سازشەم کرد و گووتم خۆتان سەرپشک بن، بەکردەوەش ڕازی بووم شێوە باوەکە بەکاربێننەوە. من سزای ئەو سازشەی خۆمم وەرگرت و دوو شەو خەو لەچاوم نەکەوت و چاپکردنی نامیلکەکەش چیتر ئەو خۆشییەی پێ نەبەخشیم کە چاوەڕێم دەکرد. خەتاکەش تەنیا و تەنیا خەتای خۆم بوو. ئاخر من دەمزانی بۆ شێوەنووسینی یەکەم ڕاستە، بە دوور لەوەی عەرەب یان ئینگلیز چۆن ئەو ناوە دەنووسن. ئێمە لە کوردیدا بزوێنمان هەیە کە لە عەرەبیدا نییە، ئیتر بۆ دەبێ ئێمە وەکوو ئەوان بنووسین؟

لێرەدا بە پێویستی دەزانم، بە پێی توانا، هەندێک ڕێسای تەلەفوزی ڕووسی ڕوون بکەمەوە، تا لە داهاتوودا وەرگێر و نووسەری کورد( بە خۆیشمەوە) ڕەچاوی بکەین و ئیتر نەپرسیین: ئەی عەرەب یان هەر میللەتێکی تر چۆن ئەو ناوانە دەنووسن؟

لە زمانی ڕووسیدا ( بێگومان لە زمانەکانی تریشدا) وشە لە بڕگەیەک یان چەند بڕگەیەک پێک دێت، کە هەر بڕگەیەکیان پیتێکی دەنگیی ( یان ڤاوڵ) ی تیایە. تا ئێرە کارەکە ئاساییە. ئەوەی کە ڕەنگە جیاوازبێت لە گەڵ هەندێ زمانی تردا( دەڵێم ڕەنگە، چونکە من نە زمانەوانم و نە هێندەش زمانی جۆراوجۆر دەزانم تا حوکمێکی ڕەها بدەم) ئەوەیە کە لە وشەی ڕووسیدا تەنیا یەکێک لەو پیتە دەنگیانە (نەبرە) وەردەگرێت یان درێژدەکرێتەوە. بۆ ئەوەی ئەو قسەیەم ڕوونتر بکەمەوە ئەوا وشەیەکی وەک ”молоко” وەردەگرین کە سێ پیتی دەنگیی ( ۆ) ی تیایە بەڵام تەنیا یەکێک لەوانە بە (ۆ) دەخوێندرێتەوە، دووانەکەی تر وەک بزوێن دەخوێندرێنەوە کەواتە ئەو وشەیە دەبێت بە:
مەڵەکۆ نەک مۆلۆکۆ( ئەگەر قاوەتان خواردەوە هەر ئەوەی یەکەمیانی تێکەڵ کەن!)

بە هەمان شێوەش وشەی” Достоевский ” کە پێنچ پیتی دەنگی تیایە، تەنیا یەکێکیان نەبرە وەردەگرێت و درێژ دەکرێتەوە ئەویش(е) یە، کە بە (ێ) دەخوێندرێتەوە، بۆیە دوو (о) کە وەک بزوێن دەخوێندرێنەوە و ناوەکە دەبێت بە ( دەستەێفسکی) نە ک دۆستۆێفسکی. دەبێت ئەوەش بڵێم کە پیتی حەوتەم (в ) دەنگی (ڤ) ی ئێمەیە بەڵام لە تەلەفوزدا بە (ف) دەخوێندرێتەوە چونکە گووتنی (ڤ) لەو شوێنەدا، لە نێوان (ێ) و (س) دا بۆ زمان ناقۆڵایە.

کەواتە وەرن، پیاوی چاکبن، با ناوی ئەم نووسەر و شاعیرانەی ڕووس بەم شێوەیەی خوارە وە ڕاست بکەینەوە:
دەستەێفسکی نەک دۆستۆێفسکی
چێخەف نەک چیخۆڤ
لێرمەنتەڤ نەک لێرمۆنتۆڤ
مەیاکۆڤسکی نەک مایکۆفسکی
بوڵگاکەڤ نەک بوڵگاکۆڤ
ئەخماتەڤە نەک ئاخماتۆڤا
گۆرکی نەک غۆرکی..بێگومان زۆر ناوی دیکەش هەن بەڵام بۆ ئەم وتارە هەر هێندەم هاتەوە یاد.
کتێبەکەی دەستەێفسکیش” برایانی کەرەمازەڤ” ە نەک، وەک من لە سەرەتای ئەم وتارەدا نووسیوومە، ”برایانی کارامازۆڤ”

بەندەی موخلیسشتان ناوی شیروان مەحموود محەممەدە نەک وەک ڕووس دەڵێن” شیرڤان مەخموود مەخەمێد” !

ستۆکهۆڵم ١٤ی نۆڤەمبەری ٢٠٢١