ڕۆمانی كۆشكه سوره‌كه و عه‌شق
هه‌ورامان وریا قانع
لای من وه‌ك خوێنه‌رێكی رۆمان، دوو جۆر ڕۆمان بۆ خوێندنه‌وه، له‌یه‌كتر جیاده‌كه‌مه‌وه: یه‌كه‌میان ئه‌و جۆره ڕۆمانه‌یه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه په‌لكێشت ده‌كات و لێناگه‌ڕێت ڕۆمانه‌كه به‌جێبێڵیت، ناهێڵێت داینێیت و دواتر بگه‌ڕێیته‌وه بۆ لای، ده‌رفه‌تت نادات بۆ چه‌ند ڕۆژێك وازی لێبێنیت و پاشان سه‌رله‌نوێ ده‌ست به‌خوێندنه‌وه‌ی بكه‌یت. ئه‌م جۆره ڕۆمانه، واتلێده‌كات كاتی ماڵ و منداڵ، ئیشوكار، چونه‌ده‌ره‌وه و سه‌ردانی كردن، وازلێبێنیت و هه‌موی ببه‌خشی به ڕۆمانه‌كه. بگره واتلێده‌كات كاتی تایبه‌تی بۆ ته‌رخان بكه‌یت و له ماڵه‌كه‌ی خۆتدا، بڕۆیته شوێنێكی بێده‌نگ و كپ، دوور له هه‌ر جۆره غه‌ڵبه‌غه‌ڵب و هاتوچۆیه‌ك كه به به‌رده‌متدا ده‌كرێت، بۆچی؟ بۆ ئه‌وه‌ی گوێت له هیچ ده‌نگێك و خشه‌یه‌ك نه‌بێت، جگه له ده‌نگی كاره‌كته‌ره‌كانی ڕۆمانه‌كه و خشه‌ی هه‌ڵدانه‌وه‌ی به‌رده‌وامی لاپه‌ڕه‌كانی كتێبه‌كه. ئه‌م جۆره ڕۆمانه سه‌روه‌ختێك به‌ناچاری به‌جێیده‌هێڵیت و بۆ تاوێك له خوێندنه‌وه‌ی ڕاده‌وه‌ستیت و سه‌رقاڵی هه‌ندێك كاری ڕۆژانه‌ی دیكه‌یت، كه‌چی ئا له‌و كاته‌نه‌شدا، چاوێكت هه‌ر له‌سه‌ر ڕۆمانه‌كه‌یه، بیرت لای كاره‌كته‌ره‌كانه، خه‌یاڵت له‌ناو دوتوێی لاپه‌ڕه‌كاندایه و ده‌ته‌وێ به‌زووترین كات بگه‌ڕێیته‌وه بۆ لای دێر و په‌ره‌گرافه‌كانی نێو ڕۆمانه‌كه و به‌خێرایی بكه‌ویته‌وه خوێندنه‌وه‌ی.
جۆرێكی دیكه‌ی ڕۆمان هه‌یه، هه‌ر كه ده‌ستت به‌خوێندنه‌وه‌ی كرد و چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كت خوێنده‌وه، ئیدی بێزارده‌بیت و تاقه‌تی خوێندنه‌وه‌یت نامێنێت و خوا خواته وازی لێبێنیت. ڕۆمانه‌كه په‌لكێشت ناكات و له‌گه‌ڵ خۆی ناتبات. ده‌ته‌وێت بیانوویه‌ك بدۆزیته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به‌جێیبێڵیت و چیتر نه‌گه‌ڕێیته‌وه بۆ لای. حه‌ز ده‌كه‌یت كه‌سیك بانگت بكات و سه‌رقاڵت بكات، تا دووركه‌ویته‌وه له خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه. كاتی تایبه‌تی بۆ ته‌رخان ناكه‌یت و ناڕۆیته شوێنێكی چۆڵ و بێده‌نگه‌وه. بگره له شوێنێكی كتێبخانه‌كه‌تدا دایده‌نێیت و ئیدی لاپه‌ڕه‌كانی هه‌ڵناده‌یته‌وه و به فه‌رامۆشی ده‌سپێریت. بۆچی؟ چونكه ڕۆمانه‌كه هیچ جۆره هونه‌رێكی گێڕانه‌وه‌ی تیانییه، خاڵییه له ڕووداو، به زمانێكی پڕ گرێ و گۆڵ نووسراوه، تاڕاده‌یه‌كی زۆر ئاڵۆزه و خوێنه‌ر له نێو لاپه‌ڕه‌كانیدا بزرده‌بێت و حه‌وسه‌ڵه‌ی به‌رده‌وامبوونی نامێنێت. هه‌ر بۆیه خوێنه‌ر به شوێن بچوكترین شت‌دا ده‌گه‌ڕێت، تاكو واز له خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه بێنێت و چیتر كاتی خۆی بۆ ته‌رخان نه‌كات.
لێره‌دا وه‌ك حه‌زی خوێندنه‌وه- نه‌ك به‌راوردی نێوان دوو ڕۆمان- ئه‌م نمونه‌یه ده‌هێنمه‌وه، زیاد له ده ڕۆژه ده‌مه‌وێت ڕۆمانی (ماڵی شۆخه نوستووه‌كان)ی نووسه‌ری به‌ناوبانگی یابانی (یاسۆناری كاواباتا) ته‌واو بكه‌م، به‌ڵام هه‌رچی ده‌كه‌م و تێده‌كۆشم، حه‌وسه‌ڵه‌م نییه بگه‌ڕێمه‌وه سه‌ر خوێندنه‌وه‌ی، ڕۆمانه‌كه 159 لاپه‌ڕه‌ی قه‌باره بچووكه و من 55 لاپه‌ڕه‌م لێ خوێندووه‌ته‌وه. وه‌لێ باوه‌ڕناكه‌م بتوانم ته‌واوی بكه‌م، چونكه له‌و لاپه‌ڕانه‌ی خوێندوومه‌ته‌وه، هه‌ستم به هیچ چێژێك نه‌كردووه. نه گێڕانه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه و نه ڕووداوه‌كان و نه زمانی داڕشتنه‌كه‌ی، وایان نه‌كردووه په‌رۆشی ته‌واوكردنی بم و كاتی زیاتری پێببه‌خشم. كه‌چی ڕۆمانی كۆشكه سوره‌كه‌ی هیوا قادر كه 303 لاپه‌ڕه‌یه، ته‌نها له دوو ڕۆژدا خوێندمه‌وه. لێره‌وه خۆشبه‌ختانه لای من ڕۆمانی كۆشكه سوره‌كه، له جۆری یه‌كه‌مه و هه‌ر كه ده لاپه‌ڕه‌ی یه‌كه‌مت خوێنده‌وه، ئیدی داگیرت ده‌كات و ده‌چیته ئامێزییه‌وه و تا ته‌واوی نه‌كه‌یت، ناته‌وێت ده‌ستبه‌رداری ببیت.
كۆشكه سوره‌كه كه ناونیشانی ڕۆمانه‌كه‌یه، تاڕاده‌یه‌ك ناونیشانێكی فریوده‌ره و به هه‌ڵه‌ماندا ده‌بات. چۆن؟ به‌وه‌ی به‌ر له خوێندنه‌وه‌ی ته‌واوی ڕۆمانه‌كه و ته‌نها له ناونیشانه‌كه‌یه‌وه، وا به خه‌یاڵماندا دێت ئێمه له به‌رده‌م كۆشكێكداین، پڕه له ئاهه‌نگ و كه‌یف و سه‌فا، وه‌ك كۆشكی سوڵتانه‌كان و خه‌لیفه‌كان و ئیمپراتۆره‌كان لێوڕێژه له شه‌وی سور و سێكس و ڕابواردن. كۆشكێكه پلان و داڕشتنی سیاسه‌ت و به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتی لێوه داده‌نرێت. ده‌سه‌ڵاتداران له‌وێوه مانه‌وه‌ی خۆیان له‌سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات مسۆگه‌ر ده‌كه‌ن. له‌وێوه نه‌یاره‌كانیان له په‌لوپۆ ده‌خه‌ن و هه‌رگیز ڕێگایان پێناده‌ن بگه‌نه حوكم. لێ ئه‌وه ته‌نها به‌شێكی بچوكی كۆشكه‌كه‌یه، گۆشه‌یه‌كی لاوه‌كییه و حه‌قیقه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی كۆشكه‌كه‌مان پێناڵێت. ئه‌وه ته‌نها ڕاستییه‌كی ساده‌یه و ئه‌و لایه‌نه‌یه كه به‌ر له خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه له خه‌یاڵماندایه. یان ئه‌و پانتاییه‌یه ئه‌گه‌ر ڕۆمانه‌كه‌ش نه‌خوێنینه‌وه، ده‌كرێت له ناونیشانه‌كه‌یه‌وه ده‌ركی پێبكه‌ین. بگره ئه‌و به‌شه بچوكه و ئه‌و گۆشه لاوه‌كییه، بۆ ئه‌وه‌یه ئێمه به‌شه فراوانه‌كه‌ی كۆشكه‌كه نه‌بینین، ململانێ ڕاسته‌قینه‌كه‌ی نێو كۆشك نه‌یه‌ته به‌رچاومان و كۆی دیمه‌نی كۆشكه‌كه له ناوه‌وه نه‌بینین و ته‌نها ته‌ركیزمان له‌سه‌ر ئه‌و ڕووكاره‌ی كۆشكه‌كه بێت. ئاخر له ته‌واوی ڕۆمانه‌كه‌دا دوو تا سێ شه‌وی سور ده‌بینین، ئه‌ویش بۆ خاتری ته‌نها پیاوێك سازكراوه، پیاوێك تا كۆتایی ڕۆمانه‌كه‌ش نازانین ناوی چییه، ته‌نها ئه‌وه نه‌بێت ناسراوه به پیاوی ژماره پێنج سه‌د و په‌نجا و پێنج. له‌وه بترازێت، نه شه‌وی سور هه‌یه و نه ئاهه‌نگی شاهانه و سوڵتانیانه. ئه‌ی چی هه‌یه؟ له خواره‌وه به كورتی باسی ده‌كه‌م.
لای من ئه‌وه‌ی له ناوه‌وه‌ی كۆشكدا ڕووده‌دات، ئه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی ململانێی نێوان كاره‌كته‌ره‌كانی كۆشك ده‌كێشیت و ڕووداوه‌كان به‌ره‌و لوتكه ده‌بات، نه سیاسه‌ته نه بزنسه نه چۆنیه‌تی دزین و تاڵانی سه‌روه‌ت و سامانی وڵاته. نه دانانی پلانی له‌ناوبردنی نه‌یار و دوژمنه‌كانه و نه واژۆكردنی گرێبه‌ست و سه‌فقه‌ی گوماناوییه. ئه‌وه‌ی مه‌ترسییه له‌سه‌ر كۆشك و ڕووخاندنی، ناڕه‌زایی و هه‌راوزه‌نای ده‌ره‌وه‌ی كۆشك نییه. توڕه‌یی خه‌ڵكی سه‌ر شه‌قامه‌كان و خۆئاماده‌كردنیان بۆ ڕاپه‌ڕین نییه. به‌ڵكو هه‌مو مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر كۆشك و ڕووداوه‌كانی ناوه‌وه‌ی كۆشك، له‌و عه‌شقه شێتانه‌یه‌وه سه‌رده‌رده‌هێنێت كه سیامه‌ند و پاشان موراد و ئینجا پیاوی ژماره پێنج سه‌د و په‌نجا و پێنج، بۆ سارا خاتوونیان هه‌یه. به مانایه‌كی دی عه‌شق و خۆشه‌ویستی قووڵ، ئیره‌یی و حه‌زی تۆڵه، وا ده‌كه‌ن ناوه‌وه‌ی كۆشك پڕ ببێت له پیلان و ملشكاندنی یه‌كتر، نه‌ك به‌رژه‌وه‌ندی مادیی كه‌سه‌كانی ناوه‌وه‌ی كۆشك و نادادپه‌روه‌ری و سته‌مه‌ی ده‌ره‌وه‌ی كۆشك. ئه‌و سێ پیاوه له پێناو چیدا ده‌كه‌ونه تێكدانی كۆشك و دروستكردنی گرژی و ئاڵۆزی و نانه‌وه‌ی كێشه؟ بۆچی و له پای چی ده‌چن به گژ یه‌كدا؟ له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی دڵ و جه‌سته‌ی خانمێك كه بێ ئه‌ندازه ناسك و جوانه، زۆر له ڤینۆسی خوای جوانی جوانتر و قه‌شه‌نگتره. به‌ڵام ئه‌م خانمه گرفتێكی زۆر گه‌وره‌ی هه‌یه، گرفتی ئه‌وه‌ی به هیچ جۆرێك و له‌ژێر هیچ هه‌ڕه‌شه و چاوسوركردنه‌وه‌یه‌كیشدا، پیاوی خۆشناوێت و نابێته هاوسه‌ر یان دۆست یا دوولبه‌ری هیچ نێرینه‌یه‌ك. ئاماده‌یه بیكوژن و هه‌لا هه‌لای بكه‌ن، به‌ڵام هه‌رگیز ئاماده نییه پیاوی خۆش‌بووێت و دڵی خۆی بداتێ و ده‌ست بخاته ناو ده‌ستی و جه‌سته‌ی به‌ر جه‌سته‌ی بكه‌وێت و له‌سه‌ر یه‌ك ته‌خته‌ی نووستن پێكه‌وه‌بن.
هه‌وڵی پیاوه‌كان بۆ به‌ده‌ستهێنانی سارا خاتون، به تایبه‌ت سیامه‌ند كه به جۆرێك شه‌یدا و هۆگری سارا خاتوون بووه، ئاماده‌یه هه‌مو دونیا له پێناو یه‌ك خه‌نده‌ی بچوكیدا، به‌سه‌ریه‌كدا كاولبكات. هه‌ر هه‌مو ئه‌و هه‌وڵانه، شكست دێنن و ناتوانن دڵی سارا خاتوون ڕازیبكه‌ن. بۆچی؟ چونكه سارا خاتوون كچێكی ئاسایی نییه و دڵێ له شوێنێكی دیكه‌یه، له‌لای كه‌سێكی دیكه‌یه كه نه‌ك له ناو كۆشك نییه، به‌ڵكو له‌ناو وڵاتیش نییه و به هه‌زاران میل لێیه‌وه دووره. كه‌سێكه له ڕه‌گه‌زی خۆی نه‌ك ڕه‌گه‌زی به‌رامبه‌ری. ئه‌و عاشقی كچه هاوڕێكه‌ی سه‌رده‌می زانكۆیه‌تی له له‌نده‌ن كه ناوی ئیمێلی-یه و نیگاركێشه. پاشان عاشقی كچێكی ئیسپانی سه‌ماكار ده‌بێت كه ناوی فریدا-یه بۆ ماوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ تیمێكی سه‌ماكردندا دێته كۆشك و له‌گه‌ڵ سارا خاتون شه‌یدای یه‌ك ده‌بن و ده‌بن به خۆشه‌ویستی یه‌ك، پاشان به‌هۆی توڕه‌یی و هه‌ڵچوونێكی ترسناك و مه‌ترسیداری موراده‌وه، موراد كچه‌ی سه‌ماكاری ئیسپانی له سارا خاتوون دوور ده‌خاته‌وه و ده‌ینێرێته‌وه بۆ ئه‌و شوێنه‌ی لێیه‌وه هاتبوو. سارا خاتون سه‌روه‌ختێك به جیا له‌گه‌ڵ ئه‌م دوو كچه‌دا ده‌بێت، تا ئه‌و په‌ڕی توانه‌وه له‌ناو یه‌كتردا ده‌ڕوات و به ڕووت و قووتی وه‌ك دوو ماری عاشقه و ماشقه له‌یه‌كتر ده‌ئاڵێن.
چێژی سێكس لای سارا خاتون، چێژێكه له ڕه‌گه‌زه‌كه‌ی خۆیه‌وه به‌ده‌ستی ده‌كه‌وێت نه‌ك پیاو. هه‌مو دامركانه‌وه‌یه‌كی ئه‌و جۆره حه‌ز و چێژانه‌ی، له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو هاوڕێ كچه‌یدا ئه‌نجامده‌دات. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه، ئه‌و به‌ڕۆح ئه‌وانی خۆشده‌وێت، عه‌شقی بۆ ئه‌وان، عه‌شقێكه زۆرجار ده‌كه‌وێته سه‌ره‌وه‌ی هه‌مو چێژێكی سێكسی و تێكئاڵان. عه‌شقێكه لێیه‌وه وا ده‌كات سارا هه‌م خۆی و هه‌م ڕه‌گه‌زه‌كه‌ی و هه‌م ژیانی خۆشبووبێت. هه‌م ڕێز له پیاوه‌كان بگرێت و داوای لێبوردنیان لێ بكات كه ناتونێت هیچ كامیانی خۆش‌بووێت. ئه‌م حاڵه‌ته‌ی سارا خاتون، لای پیاوه‌كان شتێكی بێمنا و حه‌یابه‌ره‌یه، دووره له كه‌لتوور و داب و نه‌ریته‌كانی كۆمه‌ڵگاوه. ئاخر چۆن ده‌بێت شۆخێكی وه‌ك ئه‌و، په‌رییه‌كی ڕاسته‌قینه، حۆرییه‌كی به‌هه‌شت كه به ئێسقان و خوێنه‌وه له‌سه‌ر زه‌وییه، هاوڕه‌گه‌زبازبێت و تامی جه‌سته‌ی پیاو نه‌كات؟ چۆن ده‌بێت پیاو له‌و نیعمه‌ته سروشتی و ئیلاهییه بێ به‌ش بێت كه یه‌زدان، ڕه‌نگه به هه‌ڵه فڕێیدابێته سه‌ر زه‌وی؟ چ جۆره پیاوێكیش، ئه‌وانه‌ی به یه‌ك فیكه، یه‌ك ئاماژه، یه‌ك چاو داگرتن، ده‌توانن ژماره‌یه‌كی زۆر له كچ و ژنی وڵات، بێننه به‌رده‌میان و بڕۆنه ئامێزیانه‌وه.
دروست ئا لێره‌وه، عه‌شق و ئیره‌یی و نه‌گه‌یشتن به سارا خاتون، ئه‌وه وا ده‌كات كۆشك بشڵه‌ژێت و پڕ ببێت له دانانی پلانی له‌ناوبردنی عاشقه‌كان بۆ یه‌كتری. پیاوه‌كان، به تایبه‌ت موراد و سیامه‌ند، سه‌روه‌ختێك هه‌ست ده‌كه‌ن ناگه‌ن به مه‌عشوقه‌كه‌یان، ده‌گۆڕین بۆ دوو دڕنده، دوو ئه‌ژدیها و ئاماده‌ن هه‌مو شتیك وێران بكه‌ن. ئا له‌م عه‌شقه ناموراده‌وه، كۆشك ورده ورده نزیكده‌بێته‌وه له دوا ڕۆژه‌كانی خۆی، به‌ره به‌ره به‌ره‌و ڕوخان و سوتانی یه‌كجاره‌كی ده‌چێت.
دواجار وه‌ك خوێنه‌رێك، ده‌ستخۆشی له‌و زمانه شیعرییه ده‌كه‌م كه سه‌رله‌بری ڕۆمانه‌كه‌ی پێنووسراوه و بووه‌ته سیمایه‌كی نایابی ڕۆمانه‌كه. زمانێك پڕه له جوانی و پوختی و ڕه‌وانی، زمانێك هه‌م شیعره و هه‌م په‌خشان و هه‌م فیكر. زمانێك په‌لكێشت ده‌كات و ده‌رگای كۆشكێكت بۆ ده‌كاته‌وه تێكه‌ڵێكه له واقیع و خه‌یاڵ، خۆشه‌ویستی و تۆڵه، سه‌ما و خوێن، ڕاستگۆیی و فه‌نتازیا. ئه‌مه بێ ئه‌وه‌ی له هیچ شوێنێكدا دووچاری چه‌قبه‌ستن و گرێ و گۆڵ و ڕسته‌و په‌ره‌گرافی ناڕێك ببیت.