گۆڕستانه ئاوییه به‌كۆمه‌ڵه‌كان
115 خوێندنه‌وه
نووسینی: سه‌وسه‌ن ئه‌لئه‌بته‌ح
وه‌رگێڕانی: باوكی ڕه‌هه‌ند
له هه‌رلایه‌كه‌وه سه‌یری ئه‌وروپا بكه‌یت، ده‌بینیت به خه‌ڵكانی بێنه‌وا ده‌وره دراوه، خه‌ڵكانێك هه‌وڵده‌دەن، له ده‌ریاوه، له شاخه‌كانه‌وه، له ناوه‌ڕاستی دارستانه‌كانه‌وه، له لیتوانیاوه بۆ بۆسنه و هه‌نگاریا، له كه‌ناراوه‌كانی یۆنانه‌وه بۆ ئیتالیا و ئیسپانیا، سنور ببه‌زێنن و بگه‌ن به به‌هه‌شتی پیاوه سپییه‌كه. هه‌ر كه سنورێك داده‌خرێت، ئه‌و خه‌ڵكه سنوری تازه ده‌دۆزنه‌وه و لێیه‌وه دزه‌ده‌كه‌ن. فڕوفێڵی سه‌رۆكی بیلاڕوسیا ئه‌لسكه‌نده‌ر لۆكاشینكۆ سه‌ركه‌وتوو نه‌ده‌بوو، نه‌یده‌توانی له وه‌رزی سه‌رما و سۆڵه‌دا، هه‌زاران كه‌س بهێنێت و به‌ره‌و سنوری پۆڵه‌نده ڕه‌وانه‌یان بكات و ئه‌وروپای پێ ئیستفزاز بكات، ئه‌گه‌ر نائومێدی و بێهیوای له ناوچه‌كه‌ماندا، نه‌گه‌یشتایه‌ته سنوری خۆكوژی به كۆمه‌ڵ. ئه‌وه شوره‌یی و عه‌یبه نییه، ئه‌وانه‌ی هه‌ڵدێن، ئاماده‌ن بمرن و نه‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ زێدی خۆیان. له‌گه‌ڵ هه‌ر كه‌سێكیاندا قسه‌م كردبێت، دووپاتی كردووه‌ته‌وه كه چه‌ندین جاری دیكه هه‌وڵده‌دات و مردنی خۆی و منداڵه‌كانی له ده‌ریا، بۆ ئه‌و ئاسایتره له‌وه‌ی له وڵاته‌كه‌ی خۆیدا، له‌به‌ر برسییه‌تی یان له‌به‌رده‌م ده‌رگای نه‌خۆشخانه‌كاندا كۆتایی به ژیانی بێت.
ده‌وترێت له ماوه‌ی حه‌وت ساڵی ڕابردوودا، ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست، دوای ئه‌وه‌ی حه‌ڤده هه‌زار كه‌سی قووتداوه، بووه‌ته گۆڕستان. ئه‌مه جگه له‌و ژماره زۆره‌ی دیكه كه كه‌سێك نه‌بووه، بیانژمێرێت و تۆماریان بكات. جگه له ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست و زه‌ریای ئه‌تڵه‌سی، ده‌ریای مانش-یش ناوی چووه‌ته لیستی گۆڕستانه ئاوییه به‌كۆمه‌ڵه‌كان، ئه‌مه دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌زاران كه‌سه‌ی گه‌شتوونه‌ته فه‌ره‌نسا، ده‌یانه‌وێت له ده‌ریای مانش بپه‌ڕنه‌وه و بڕۆنه ناو به‌ریتانیا. به‌مه‌ش قه‌یرانێكی دیبلۆماسی گه‌وره‌ی هێناوه‌ته ئاراوه و هه‌ردوو وڵات یه‌كتر تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن. هه‌ر یه‌ك له فه‌ره‌نسا و به‌ریتانیا، ده‌یه‌وێت قورسایی ئه‌و هه‌زاران كه‌سه‌ی داوای ڕزگاربوون ده‌كه‌ن، بخاته سه‌ر شانی ئه‌وی دیكه. قهیرنهكه له ههڵكشلندایه و ڕاستڕه‌وه توندڕه‌وه‌كانی ئه‌وروپاش، به ئاسانی ئه‌م هه‌له‌یان قۆستووه‌ته‌وه و نان و پیازی پێوه ده‌خۆن.
ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، هۆشداری ئه‌وه‌یان داوه كه توڕه‌یی كۆچبه‌ران و ئاماده‌ییان بۆ ئه‌وه‌ی به‌رگه‌ی مه‌ترسییه‌كان بگرن، تادێت زیاتر و گه‌وره‌تر ده‌بێت. له نێوان هه‌ژده كه‌س كه له ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست ده‌په‌ڕنه‌وه، یه‌كێكیان ده‌مرێت. ئه‌وانه‌شی له زه‌ریای ئه‌تڵه‌سییه‌وه، ده‌په‌ڕنه‌وه بۆ دورگه‌كانی كه‌ناری، به‌هۆی باوبۆران و گه‌رده‌لووله‌كانه‌وه، له بارودۆخێكی مه‌ترسیدارتردان. ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی له‌م ساڵدا خنكاون، دوو به‌رابه‌ری ئه‌و ژماره‌یه‌یه كه ساڵی ڕابردوو، له هه‌مان ئه‌م كات و ساته‌دا خنكاون. به‌ڵام ئه‌مه هه‌رگیز ڕێگرنه‌بووه له‌وه‌ی، ژماره‌ی به‌له‌مه‌كان و ئه‌وانه‌ی بازرگانی به مرۆڤه‌وه ده‌كه‌ن و ڕیسك به خێزان و منداڵه‌كانه‌وه ده‌كه‌ن، تابێت له زیادبووندایه. ئه‌وه‌تا دوای عێراق و یه‌مه‌ن و سوریا و تونس، لوبنان-یش ناوی چووه لیستی ئه‌و وڵاتانه‌ی قوربانییه‌كان هه‌نارده ده‌كه‌ن. ئه‌مه‌ش ده‌یسه‌لمێنێت ئه‌وروپا چاوه‌ڕوانی ئهلناگاری زیاتر و ناكۆكی و درزتێكه‌وتنی زیاتر ده‌كات. ئه‌وه‌ی له خۆرهه‌ڵات لێده‌نرێت، له‌وانه‌یه له خۆرئاوا به ئاسانی هه‌زم ناكرێت.
سه‌روه‌ختێك یه‌كێك له لوبنانییه‌كان، به‌سه‌رهاتی خۆی ده‌گێڕێته‌وه و ده‌ڵێت له به‌له‌مێكی ڕاوكردنی بچكۆلانه‌دا كه‌وتینه‌ڕێ، به‌له‌مێك ده‌یان كه‌سی هه‌ڵگرتبوو، له‌ناو به‌له‌مه‌كه‌دا شوێنێك نه‌مابوو بۆ ڕاخستن و دانیشتن، به‌له‌مه‌كه نه‌یده‌توانی بگاته قوبرس، ئه‌مه له كاتێكدا بوو ده‌بوایه بگات به ئیتالیا. له حاڵه‌تێكی له‌و جۆره‌دا، هه‌ست ده‌كه‌یت تۆ له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵێ بارزگاندا نیت، به‌ڵكو له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵێ بكوژدایت. كاتێك ده‌زانیت به‌له‌مه‌كه له ژێر ڕه‌حمه‌تی ڕه‌هێڵه و گێژه‌نه ئاوییه‌كاندا به‌ڕێكه‌وتووه و ئه‌و خه‌ڵكه له نێو ئه‌و كه‌شوهه‌وا سه‌خته‌دا، بنمیچێكیان نییه، دڵنیادهبیت له‌وه‌ی چه‌ته‌كان كه بازرگانی به هیوا و ئاواتی ئه‌و خه‌ڵكه داماوه‌وه ده‌كه‌ن، كۆمه‌ڵێ خوێنمژن و هیچیتر.
بۆ تێگه‌شتن له‌م دیارده‌یه (مه‌به‌ستی دیارده‌ی كۆچكردنه-و.ك)، ئه‌وه به‌س نییه قسه له برسییه‌تی و نه‌بوونی بكرێت، چونكه ئه‌وه‌ی ده‌ڕوات و سه‌ری خۆی هه‌ڵده‌گرێت، هه‌زاران دۆلار ده‌دات. كاتێكیش سه‌رناكه‌وێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه، هه‌زاران دۆلاری دیكه كۆده‌كاته‌وه و سه‌رله‌نوێ هه‌وڵی ڕۆشتنه‌وه ده‌دات، كه‌واته ئه‌م كه‌سه به دوای خواردندا ناگه‌ڕێت. كتێك یه‌كێك له‌وانه پێت ده‌ڵێت حه‌وت جار هه‌وڵی ڕۆشتنیداوه، مانای وایه پێش ئه‌وه‌ی بگاته كه‌نارێكی ئه‌وروپی، لانی كه‌م بیست و یه‌ك هه‌زار دۆلاری داوه.
گه‌نجان ئومێدێكی زۆریان له‌سه‌ر به‌هاری عه‌ره‌بی هه‌ڵچنیبوو كه له تونس-ه‌وه ده‌ستی پێكرد، به‌ڵام توێژینه‌وه‌كان ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن، ته‌واوی ناوچه‌ی عه‌ره‌بی، له‌و كاته‌وه، به‌ره‌و دواوه خلۆرده‌بێته‌وه و له نێو تاریكییه‌كی ئه‌نگوسته‌چاودا نوقم بووه. جه‌نگ، كوشتن، شه‌ڕو پێكدادان، فیتنه، هه‌ره‌سهێنان، هه‌مو ئه‌وانه ئاماژه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رچه‌كان داخراون.
له‌سه‌روبه‌ندی وه‌رچه‌رخانێكی گه‌ردونی زه‌به‌لاحدا، له ناوه‌ڕاستی پێشبڕكێیه‌كی جیهانی بۆ گه‌شتن به كاروانی چواره‌م شۆڕشی پیشه‌سازی، عه‌ره‌ب بۆی ده‌رده‌كه‌وێت، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه سواری شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه نه‌بووه، كۆمه‌ڵێ سیستمی ڕه‌یعی مشه‌خۆری نابهرههمهێنیان دامه‌زراندووه و داهاته‌كانیان به‌شێوه‌یه‌كی باش به‌كارنه‌هێناوه. ئا ئه‌مه‌یه ئه‌و توێژینه‌وه زۆر گرنگه ئاماژه‌ی پێده‌دات كه له‌لایه‌ن “ده‌زگای فیكری عه‌ره‌بی”یه‌وه پێش چه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌وبه‌ر و له‌ژێر ناونیشانی “عه‌ره‌ب و ئاله‌نگارییه‌كانی به‌رده‌م وه‌رچه‌رخان به‌ره‌و مه‌عریفه و داهێنان” بڵاویكردووه‌ته‌وه. دواكه‌وتن له هه‌مو كایه‌كاندا، له ژێرخانه سه‌ره‌كییه‌كانه‌وه، بۆ دیدگای گشتی سه‌باره‌ت به مانای ده‌وڵه‌ت و ئه‌ركه‌كانی. ئه‌گه‌ر ئاسایشی خۆراك له پێشه‌وه و له‌سه‌ری سه‌ره‌وه‌ی بایه‌خدانه‌كان بێت، ئه‌وا زۆرینه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی، ده‌رامه‌ت و به‌رهه‌مه‌كانی به‌ڕێژه‌ی گه‌وره كه‌میكردووه. هۆكاره‌كه‌شی ته‌نها بۆ بوونی جه‌نگ ناگه‌ڕێته‌وه له‌و وڵاتانه‌ی توانایه‌كی كشتوكاڵی گه‌وره‌یان هه‌یه. به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه نه‌یانتوانیوه سود له تواناكانی ته‌كنه‌لۆژیای مۆدێرن وه‌ربگرن. له هیچ وڵاتێكی عه‌ره‌بیدا، گه‌شه‌یه‌كی كشتوكاڵی ئه‌وتۆ نا‌بینیت شایه‌نی باسكردن بێت. ته‌نانه‌ت سوریا كه له هه‌ندێك به‌روبومدا، به‌شی خۆی دابین ده‌كرد، كه‌چی هه‌نووكه ژێرخانه كشتوكاڵییه‌كه‌ی دوچاری زیانی كاره‌ساتاوی بووه‌ته‌وه. ئێمه ته‌نها برسییه‌تی هه‌ڕه‌شه‌مان لێناكات، ئه‌مه دوای ئه‌وه‌ی ده‌ركه‌وت نزیكی مه‌ودای جوگرفی بۆ به‌رهه‌مهێنان، مه‌سه‌له‌یه‌كی تا بڵێی گرنگه، به‌ڵكو له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی تونیهتیداین. له كاتێكدا وڵاتانی كه‌نداوی عه‌ره‌بی، له‌وانه كوێت و عێراق، خرانه لیستی ئه‌و وڵاتانه‌ی به‌هۆی گه‌رما و وشكه ساڵییه‌وه، زۆرترین كاریگه‌رییان له‌سه‌ره. وه‌لێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، عه‌ره‌ب گوێ به توێژینه‌وه‌ی كه‌ش و هه‌وا یان ژینگه نادات، زانكۆكان مه‌گه‌ر زۆر به ده‌گمه‌ن، ده‌نا هیچ توێژینه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجام ناده‌ن ده‌رباره‌ی گۆڕانكارییه مه‌ترسیداره‌كانی ژینگه كه خۆیان ده‌بنه یه‌كه‌م قوربانییه‌كانی. ئێمه تا ئێستاش، ئاو ده‌خۆینه‌وه و خۆمان ده‌شۆین و به‌هه‌ده‌ری ده‌ده‌ین، كه‌چی پشكی تاكی عه‌ره‌ب له ئاو، له ماوه‌ی ئه‌م ده‌یه‌ی ڕابردوودا و به‌پێی پێوه‌ری جیهانی، به‌ڕێژه‌ی 200 مه‌تر سێجا، كه‌می كردووه.
ئه‌گه‌ر عێراق و مۆریتانیا و لوبنان و سودان-مان له حسابه‌كه ده‌رهێنا، ئه‌وا تێكڕای رێژه‌ی كه‌مبوونه‌وه‌كه له ساڵێكدا ده‌گاته 500 مه‌تر سێجا. ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه نزیكه‌ی نیوه‌ی عه‌ره‌ب، به‌ده‌ست كه‌م ئاوییه‌وه ده‌ناڵێنن. ئه‌گه‌ر هه‌ر له‌سه‌ر سێ مه‌سه‌له بنه‌ڕه‌تییه‌كه بمێنینه‌وه: ئاو، خۆراك، ده‌رمان، ئه‌وا ئاماره‌كان ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه ته‌نها له 29% عه‌ره‌ب، ڕازین به سیستمی ته‌ندروستیان، ئه‌مه له كاتێكدایه تێكڕای ڕایزبوونی جیهانی بۆ سیستمی ته‌ندروستی ده‌گاته 40%.
سه‌رنشینانی به‌له‌مه‌كانی مه‌رگ، ئه‌م ئه‌نجامه تاریكانهیان نه‌خوێندووه‌ته‌وه، به‌ڵام ڕۆژانه له‌ناویدا ده‌ژین، ده‌زانن ئه‌وه‌ی له‌مڕۆدا به ده‌ستیانه‌وه‌یه، به‌یانی به‌هۆی داخرانی ئاسۆكانه‌وه، نایه‌ته‌وه ناو ده‌ستیان. ئه‌وان پێیان باشتره ببن به لاشه‌ی سارد و سڕ، لاشه‌یه‌ك شه‌پۆله‌كانی ده‌ریا بیانهێنێت و بیانبات، ببن به ئیسك و پروسك و كه‌ناره‌كان داپۆشن و دایكانی زه‌نده‌قچوو به‌دوایاندا بگه‌ڕێن، تاكو پاشماوه‌ی منداڵه‌كانیان له گۆڕه‌كاندا بشارنه‌وه، نه‌ك ئه‌وه‌ی كاره‌ساته‌كانی به‌یانی ببینن. له‌مڕۆدا مرۆڤی عه‌ره‌ب، به دوای خواردندا ناگه‌ڕێت سكی پێ تێر بكات، به‌ڵكو ته‌نها به‌دوای تۆزقاڵێك له ئومێد دا ده‌گه‌ڕێت.
سه‌رچاوه
الشرق الاوسط، هه‌ینی 26 تشرینی دووه‌م، 2021