عومه‌ر مه‌رزوق؛ ژیاننامه‌ی كه‌سی و فیكری بلیمه‌تی بلیمه‌ته‌كان و فه‌یله‌سوفی فه‌یله‌سوفه‌كان
106 خوێندنه‌وه
نووسینی: هاشم ساڵح
و له عه‌ره‌بییه‌وه: هه‌ورامان وریا قانع
به‌م دواییانه له پاریس، كتێبێكی گرنگ به‌م ناونیشانه “ئیبن سینا یان ئیسلامی ڕۆشنگه‌ر” بڵاوبووه‌ته‌وه، نووسه‌ره‌كه‌ی توێژه‌رێكی به ئه‌سڵ جه‌زائیرییه و ناوی “عومه‌ر مه‌رزوق”ه، من ددانی پێداده‌نێم، پێشتر هه‌رگیز گوێم له ناوی نه‌بووه. له‌مه‌دا ناته‌واوی و كه‌مته‌رخه‌مییه‌كه بۆ خۆم ده‌گه‌ڕێته‌وه، هه‌ر بۆیه سه‌ركۆنه و سه‌رزه‌نشیتی خۆم ده‌كه‌م. چونكه ئه‌و پیاوه، به پله‌ی یه‌كه‌م، بیرمه‌ندێكی ڕاسته‌قینه‌یه. له زانكۆی سۆربۆن بڕوانامه‌ی دكتۆرای له فه‌لسه‌فه‌دا وه‌رگرتووه، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی پسپۆڕه له فیكری سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست. هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، زۆر به وردیی و تۆكمه‌یی ئاگاداری فیكری مۆدێرنه. پێشتر كتێبێكی به‌م ناونیشانه بڵاوكردووه‌ته‌وه: “ئایا فه‌لسه‌فه‌یه‌كی ئیسلامی بوونی هه‌یه؟” له بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای “دفاتر الاسلام” ساڵی 2018.
عومه‌ر مه‌رزوق له ماوه‌ی حه‌وت ساڵدا، له په‌یمانگای ئیمام غه‌زالی سه‌ر به مزگه‌وتی گه‌وره‌ی پاریس، مامۆستای فه‌لسه‌فه و شارستانییه‌تی ئیسلام بووه. هه‌نووكه ئه‌و كتێبێكی قه‌باره گه‌وره‌ی بڵاوكردووه‌ته‌وه كه زیاد له چوارسه‌د لاپه‌ڕه‌یه، كتێبه‌كه ده‌رباره‌ی یه‌كێكه له گه‌وره‌ترین فه‌یله‌سوفه‌كانی عه‌ره‌ب و ئیسلام: شێخی گه‌وره ئه‌بو عه‌لی ئیبن سینا. ئه‌م كتێبه، كتێبێكی چێژبه‌خشه، چونكه هه‌ندێكجار شێوه‌ی ڕۆمان یان ته‌نانه‌ت شێوه‌ی داستانێكی چیرۆكئامێزی خۆش، وه‌رده‌گرێت. به‌ڵام له هه‌مانكاتدا، كتێبێكی زانستی ئه‌كادیمییه، به‌و مانایه له خۆڕا و هه‌ر وا، قسه فڕێنادات. به‌ڵكو بۆ یه‌كه‌مجاره ژیاننامه‌ی كه‌سی و فیكری، بلیمه‌تی بلیمه‌ته‌كان و فه‌یله‌سوفی فه‌یله‌سوفه‌كان پێشكه‌ش ده‌كات. به‌ڕاشكاوی ئێمه زۆر پێویستمان به كتێبی له‌م جۆره‌یه و چاوه‌ڕوانیكردنی درێژه‌ی كێشا. ئه‌و پرسیاره‌ی كتێبه‌كه ده‌یخاته‌ڕوو ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌یه: ئایا ده‌كرێت موسڵمانێكی ئیمانداربیت و له‌گه‌ڵیدا، موماره‌سه‌ی ڕۆحی ڕه‌خنه‌یی خۆت له‌سه‌ر كه‌لتور بكه‌یت؟ به مانایه‌كی دی، ئایا ده‌كرێت له یه‌ككاتدا، موسڵمانێكی ڕاسته‌قینه بیت و فه‌یله‌سوفێكی ڕۆشنگه‌ریش بیت؟ وه‌ڵامه‌كه به‌ڵێیه. به‌ڵێ ده‌كرێت، به‌مه‌رجێك له ئاستی ئین سینا دا بێت.
ئاشكرایه ئه‌م بیرمه‌نده، به ته‌نها پزیشكێكی مه‌زن نه‌بووه كه به درێژایی حه‌وت سه‌ده‌ی به‌رده‌وام، كۆنترۆڵی زانكۆكانی ئه‌وروپای كردبوو. به‌ڵكو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، فه‌یله‌سوفێكی زه‌به‌لاح بووه و ئاگاداری سه‌رجه‌م زانسته‌كانی سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆی بووه، به‌تایبه‌ت ئاگاداری به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌فلاتون و ئه‌رستۆ و ئه‌بیقۆر و به‌تلیمۆس و گلیلۆ… هتد بووه. ئا له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌یه، ویستوویه‌تی عه‌قڵ و لۆژیك و فه‌لسه‌فه، بهێنێته نێو جیهانی ئیسلام و چیتر ئه‌م جیهانه، به ته‌نها به فیكری نه‌ریتی و عه‌قڵیه‌تی ته‌سكبین، قه‌تیس نه‌كرێت. ئه‌و ده‌یویست ئه‌و ئامرازه مه‌عریفییانه پێشكه‌ش به موسڵمان بكات؛ كه وا ده‌كات موسڵمان ڕزگاری بێت له تاریكییه‌كانی ئاین. ناونیشانی كتێبه‌كه‌ش ئا لێره‌وه دێت: “ئیبن سینا یان ئیسلامی ڕۆشنگه‌ر”. ئه‌م كتێبه به‌سه‌رهاتی ئیبن سینا-مان بۆ ده‌گێڕێته‌وه، یان ڕاستتر داستانی كهسایهتییهكمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه كه ئامانج لێی، ڕیفۆرمی فیكری عه‌ره‌بی و ئیسلامی و ڕۆشنكردنه‌وه‌ی و فراوانكردنی ئاسۆكانییهتی، له جیهانێكی تێكه‌ڵ و پێكه‌ڵ و بارودۆخێكی شپرزه و ناجێگیر و پڕ له دڵه‌ڕوكێ.
ئه‌و شته‌ی له كه‌سایه‌تی ئیبن سینا دا، سه‌رنج ڕاكیشه، بریتییه له بلیمه‌تییه زۆر زووه‌كه‌ی كه هاوسه‌رده‌مه‌كانی خۆی، دووچاری سه‌رسوڕمان و شۆك كردبوو. ئه‌و “هه‌ر به ئاسمانه‌وه ده‌یزانی چییه” ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌ربڕینه گونجاوبێت. ئه‌وه‌ی خه‌ڵكانی دیكه چه‌ندین ساڵیان ده‌ویست بۆ ئه‌وه‌ی لێی تێبگه‌ن، ئیبن سینا له چه‌ند ڕۆژێكدا لێی تێده‌گه‌یشت. ئه‌و هه‌ر به منداڵی و له ته‌مه‌نێكی كه‌مدا، له قورسترین تیۆره زانستی یان پزیشكی یاخود فه‌لسه‌فییه‌كان تێده‌گه‌شت. له‌م باره‌یه‌وه، دانه‌ری كتێبه‌كه پێمان ده‌ڵێت: “باوكی هه‌ر هێنده‌ی ئه‌م به‌هره پشكوتووهی بۆ ده‌ركه‌وت، ده‌ستیكرد به دابینكردنی باشترین مامۆستا بۆ په‌روه‌رده‌كردنی و خوێندنه‌كه‌ی. به‌ڵام كێشه‌كه ئه‌وه بوو، ئیبن سینا به‌و منداڵییه، دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م و زۆر به‌خێرایی، به‌سه‌ر خودی مامۆستاكانیدا سه‌رده‌كه‌وت! بگره بێده‌نگی ده‌كردن، بگره ته‌نانه‌ت ده‌یترساندن. ئاخر چی له‌گه‌ڵ منداڵێكی له‌م جۆره‌دا ده‌كریت؟. ئه‌و تازه له‌ده‌ست ده‌رچوو بوو/ فلتة الفلتات”. له‌و بڕوایه‌دام ئیبن سینا له‌م لایه‌نه‌وه، له باسكاڵی فه‌ره‌نسی یان نیتچه‌ی ئه‌ڵمانی یان له‌وانه‌یه له خودی ئه‌نشتاین بچێت. بۆ نا؟ خۆشبه‌ختانه ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ی ئیبن سینا تێیدا له دایكببوو- به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی به هه‌ڵه تێگه‌یشتووین- كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی داخراو نه‌بوو، كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك نه‌بوو ڕقی له مه‌عریفه بێت. سه‌رده‌مه‌كه سه‌رده‌مێك نه‌بوو دژ به فه‌لسه‌فه و زانست نامۆ بێت كه له ده‌ره‌وه‌ی خاكی ئیسلام له‌دایكبووه: وه‌ك زانستی لۆژیك و زانستی ده‌روونشیكاری و فه‌لسه‌فه… هتد. ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه بوو، سه‌رده‌می ئیبن سینا، درێژكراوه‌ی سه‌رده‌می زێڕین بوو، له نێوان هه‌ر دوو سه‌ده‌ی هه‌شته‌م و نۆیه‌می زاینی. هه‌رچی ئیبن سینایه، له سه‌ده‌ی ده‌یه‌مدا هاتووه‌ته دویناوه و له‌سه‌ده‌ی یانزه‌هه‌م كۆچی دوایی كردووه. هێشتا توندڕه‌وییه گه‌وره‌كه‌ی فیكر ڕووینه‌دابوو. هێشتا ده‌رگای ئیجتیهاد دانه‌خرابوو، به‌خته باشه‌كه‌ی ئیبن سینا ئا لێره‌دا بوو.
له‌گه‌ل ئه‌وه‌شدا دكتۆر عومه‌ر مه‌رزوق، پێمان ده‌ڵێت گه‌وره‌ترین كیشه كه له ژیانیدا، روبه‌ڕووی ئیبن سینا بوه‌وه و تا كۆتایی ژیانی به‌دوایه‌وه بوو، بریتییه له‌وه‌ی فوقه‌ها توندڕه‌وه‌كان، دژی بوون و به‌رده‌وام چاویان له‌سه‌ری بووه و ژیانیان لێ تاڵ كردبوو. كاردانه‌وه‌ی پیاوانی ئاینی، له‌سه‌ر ئیبن سینا و بیركردنه‌وه و كتێبه‌كانی، زۆر نه‌رێنی بووه. ئه‌م كێشه‌یه به درێژایی ژیانی له‌گه‌ڵیدا بوو. سه‌رباری هه‌مو ئه‌وانه، به‌هۆی به‌هره گه‌وره‌كانی له سه‌رجه‌م بواره‌كان و زیره‌كییه له ڕاده‌به‌ده‌ره‌كه‌ی، ئیره‌یی و به‌غیلییان پێده‌برد. ته‌نانه‌ت دوای مردنیشی، ناو و ناوبانگ و سومعه‌ی ئیبن سینایان له‌كه‌دار كرد‌و جنێوی ناشرین و سووكیان پێده‌وت! گه‌وره‌ترین نمونه بۆ ئه‌وه غه‌زالی بوو،غه‌زالی هه‌رچه‌نده سودی له زانسته فراوانه‌كه‌ی ئیبن سینا بینی و هه‌ندێك له بیركردنه‌وه‌كانی ئه‌وی بۆ خۆی برد، بێ ئه‌وه‌ی به‌ڕاشكاوی ددانی پێدابنێت، كه‌چی ته‌كفیری ئیبن سینای كرد. غه‌زالی هیچی ئه‌وتۆی له فه‌لسه‌فه‌كه‌ی ئیبن سینا نه‌ده‌بینی، ته‌نها ئه‌وه نه‌بێت كه لاسایكردنه‌وه‌یه‌كی كرچ و كاڵی ئه‌رستۆ و ئه‌فلاتون نه‌بێت، ئه‌مه له كاتێكدا بوو ئیبن سینا داهێنه‌رێكی ڕاسته‌قینه بوو.
فوقه‌هاكان بۆ تێكشكاندنی سومعه‌ی و بێده‌نگكردنی ده‌نگی كه‌سێكی بلیمه‌ت و به‌هره‌داری وه‌ك ئیبن سینا، خاوه‌نی چه‌كێكی كاریگه‌ر و كوشندهبوون. ئه‌و چه‌كه چی بوو؟ تۆمه‌تباركردنی بوو به كوفر و بێ باوه‌ڕی/ الالحاد! پێویسته ئه‌وه بزانین هه‌ڵمه‌تی پڕوپاگه‌نده و ناوزڕاندن كه زاناكان و بیرمه‌نده ڕاسته‌قینه‌كانی كردبووه ئامانج، چه‌ندین ڕه‌هه‌ندی گه‌وره و مه‌ترسیداری له‌خۆگرتبوو. ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵێ زانا هه‌بووبن فوقه‌هاكان ڕقیان لێیان بووبێته‌وه، ئه‌وا به پله‌ی یه‌كه‌م فه‌یله‌سوفه‌كان بوون. ئا له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌یه كیندی و ئیبن ڕوشد و سه‌هره‌وه‌ردی و زۆرێكی دیكه‌یان ده‌چه‌وسانده‌وه. به‌دوایانه‌وه بوون، بگره هه‌ندێكیان تیرۆر كرد، له‌وانه سه‌هره‌وه‌ردی و ئیبن موقه‌فه‌ع و ئیبن باجه…هتد.
دانه‌ری كتێبه‌كه دكتۆر عومه‌ر مه‌رزوق پێیوایه، ئه‌و جۆره له ڕه‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وت، تا ڕۆژی ئه‌مڕۆشمان به‌رده‌وامه. نه‌سر حامد ئه‌بو زێد له‌لایه‌ن زاناكانی ئه‌زهه‌ره‌وه چه‌وسێنرایه‌وه و به كافر و هه‌ڵگه‌ڕاوه تۆمه‌تباریان كرد. ئه‌مه له كاتێكدا بوو نه‌سر حامد ئه‌بو زێد، موسڵمانێكی ڕاسته‌قینه بوو. به‌ڵام به عه‌قڵیه‌تێكی فه‌لسه‌فی ڕۆشنگه‌ر. له‌لایه‌كی دیكه‌وه دانه‌ری كتێبه‌كه پێیوایه، سیفه‌تی سه‌ره‌كی ئیبن سینا، بریتییه له تونیه‌تی ئه‌و بۆ مه‌عریفه‌یه‌ك كه تێر ئاو نابێت و برسییه‌تی بۆ فیكر كه تێرناخوات. فزوڵی مه‌عریفی ئیبن سینا، هه‌مو شتێكی گرتووه‌ته‌وه: فیزیا، زانستی گه‌ردون، كیمیا، سیاسه‌ت، پزیشكی، ده‌رونشیكاری، زانستی لۆژیك، زانستی ماتماتیك، بێگومان فه‌لسه‌فه‌ش. ئه‌و به مانای ته‌واوی وشه، بیرمه‌ندێكی ئینسایكلۆپیدیی بوو. بگره پێویسته شیعریشی بۆ سه‌ربار بخه‌ین! ئه‌و به‌ڕاستی شاعیرێكی به‌هره‌داری گه‌وره بوو. له هه‌ردوو لاوه نه‌مری بۆ خۆی كۆكردبوه‌وه، یان به یه‌ك كه‌ڕه‌ت نه‌مری له هه‌مو لایه‌كه‌وه بۆ خۆی كۆكردبوه‌وه.
دواتر نووسه‌ری كتێبه‌كه پێمان ده‌ڵێت، فیكری ئیبن سینا، له‌یه‌ككاتدا فیكرێكی ڕه‌خنه‌یی و كراوه بوو. مه‌به‌ستمان له كراوه، ئه‌وه‌یه ئیبن سینا ئه‌و فیكرانه‌ی له ده‌ره‌وه ده‌هاتن، وه‌رده‌گرت. به‌ڵام دوای سه‌رله‌نوێ داڕشته‌نه‌وه‌ی و ده‌ستكاریكردنی و زیادكردن بۆی، فیكره‌كانی وه‌ك ئه‌وه‌ی ئاماده‌كرابوو، وه‌رنه‌ده‌گرت. ئاخر بلیمه‌تێكی وه‌ك ئه‌و، ناكرێت به‌شێوه‌یه‌كی حه‌رفی، لاسایی ئه‌وانی دیكه بكاته‌وه. ئه‌مه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و زانسته‌ی دهرونشیكارییه كرد كه له ئه‌رستۆوه به میرات مابوه‌وه. هه‌موی وه‌ك خۆی وه‌رنه‌گرت، به‌ڵكو به‌شێكی وه‌رده‌گرت و پاشان بۆی زیاد ده‌كرد. فیكری ئیبن سینا، فیكرێكی ڕه‌خنه‌یی بوو، چونكه فیكری فه‌یله‌سوفه‌كانی پێش خۆی، له بێژنگی ڕه‌خنه ده‌دا و زۆر به وردی شه‌نوكه‌وی ده‌كرد. ئه‌وه‌ی به‌رگه‌ی بگرتایه، ده‌یبرد و ئیشی له‌سه‌ر ده‌كرد، ئه‌وه‌ی به‌رگه‌ی نه‌گرتایه، لێده‌گه‌ڕا بكه‌وێت و ده‌ستبه‌رداری ده‌بوو. ئه‌مه سیفه‌تی بلیمه‌ته‌كانه له وه‌رگرتن: هه‌زمكردن و ئیستیعابكردن و تێپه‌ڕاندن. به‌ڵام ئاخۆ هه‌ڵوێستی ئیبن سینا، ده‌رباره‌ی عه‌قڵ و نه‌قڵ، ده‌بێ چی بووبێت؟
ئا لێره‌دا دكتۆر عومه‌ر مه‌رزوق، كێشه‌كه ده‌خاته نێو چوارچێوه فراوانه‌كه‌ی و شتیكی ئاوامان پێده‌ڵێت: له‌م ڕۆژگاره‌ی ئه‌مڕۆماندا، تێزێكی هه‌ڵه هه‌یه كه به‌ربڵاوه و ده‌ڵێت: له نێوان ئیسلام و عه‌قڵدا دژیهكێك هه‌یه. هه‌ندێك به هه‌ڵه تێگه‌شتوون له‌وه‌ی فه‌لسه‌فه به‌ره‌و كوفر ده‌مانبات یان له خودا دوورمان ده‌خاته‌وه یاخود ئیمان و په‌رستن له ده‌ست ده‌ده‌ین. له‌به‌ر ئه‌وه، داوا له موسڵمان ده‌كرێت له نێوان دوو شت‌دا یه‌كێكیان هه‌ڵبژێرێت: یا فه‌لسه‌فه یاخود ئاین. هه‌ڵمه‌تی هێرشكردنه سه‌ر فه‌لسه‌فه بۆ ماوه‌ی چه‌ندین سه‌ده‌ی به‌رده‌وام، به‌داخه‌وه ئه‌و ده‌رئه‌نجامه نه‌خوازراوه‌ی لێكه‌وتووه‌ته‌وه. وه‌لێ چاره‌سه‌ری ڕاسته‌قینه بریتییه له سازانی نێوان فه‌لسه‌فه و ئاین یان نێوان عه‌قڵ و ئیمان، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئیبن سینا ئه‌نجامیداوه، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئیبن ڕوش دوای ئیبن سینا ئه‌نجامیدا. هه‌روه‌ها وه‌ك ئه‌وه‌ی ته‌ها حسێن و محه‌مه‌د ئه‌ركون و عهبدالنور بێ‌دار له‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێستاماندا ئه‌نجامیانداوه. ئێمه كه ئه‌م قسانه ده‌كه‌ین، هه‌ست به ئێش و ئازار ده‌كه‌ین. به‌ڵام هه‌روه‌ها هه‌ست به توڕه‌یی ده‌كه‌ین له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی له جیهانی ئیسامیدا، ئیدانه‌ی فه‌لسه‌فه‌یان كرد و ئێمه‌یان گه‌یاند به‌م ده‌رئه‌نجامه كاره‌ساتاوییه؛ كه بووه‌ته هۆی پاشه‌كشه و دواكه‌وتنمان له كاروانی شارستانییه‌ت و پێشكه‌وتن.
ئێمه به تایبه‌ت ئه‌وه ده‌ڵێین، چونكه ئه‌وه عه‌قڵانییه‌تی فه‌لسه‌فه بوو، وایكرد خۆرئاوا له چركه‌ساتی دیكارت-ه‌وه و له ڕووی شارستانییه‌ته‌وه پێشبكه‌وێت و زاڵ‌بێت به‌سه‌ر كۆی جیهانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی‌دا. ئه‌و بیرمه‌نده عیملاقه-دیكارت- كلیله‌كانی مه‌نهه‌جییه‌تی خسته ده‌ستی خۆرئاواوه، تاكو له زنجیر و كۆت و به‌نده‌كانی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست، ڕزگاریان ببیت و شارستانییه‌تی عه‌قڵانی و ته‌كنه‌لۆژی گه‌وره دروست بكه‌ن، ئه‌و شارستانییه‌ته دواتر بوو به شارستانییه‌تی گه‌ردونی به قه‌باره‌ی جیهان.
سه‌رچاوه
الشرق الاوسط، پێنج شه‌ممه، 11 تشرینی دووه‌م 2021