سەبارەت بە دێڕی نێو نامەکان

Loading

سەبارەت بە دێڕی نێو نامەکان

خستنەڕووی: “نامەکان”

خوێندنەوەی: سەردەم

“نامەکان” کتێبێکی شاعیر جەمال شارباژێڕییە، کە لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە لە ساڵی ٢٠١٣دا و لە دووتوێی ٣٢٤ لاپەڕەدا چاپ و بڵاو کراوەتەوە. ئەم کتێبە لە کۆمەڵێک لایەنەوە گرنگی و بایەخی خۆی هەیە و لەم خستنەڕووەدا هەوڵ دەدەین سەبارەت بە ناوەڕۆکی کتێبەکە بەرچاوڕوونی بخەینە بەردەست خوێنەری ئازیز.

جەمال شارباژێڕی یەکێکە لە شاعیرە نوێگەرەکانی کورد، لە کۆتاییەکانی نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەوە دەستی کردووە بە شیعرنووسین و لەو کایەدا چەپکێک شیعری ناسک و کۆمەڵێک دیوانی جوان و ناوازەی پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی کردووە. ئەم شاعیرە یەکێک بووە لە ئەندامانی گرووپی “ڕوانگە” و لەگەڵ هەریەک لە “شێرکۆ بێکەس، حسێن عارف، کاکەم بۆتانی و جەلالی میرزا کەریم” بەیاننامەی “ڕوانگە”یان ئیمزا کردووە و لە نوێکردنەوەی ئەدەبیاتی کوردی و بە تایبەت شیعری کوردیدا، ڕۆڵێکی گرنگیان گێڕاوە. دیارە لێرەدا جێی ئەوە نییە جێگە و پێگەی “ڕوانگە” هەڵبسەنگێنرێت، بەڵام لە کتێبی “نامەکان”ی جەمال شارباژێڕیدا، چەند جار ناوی “ڕوانگە” و هاوەڵەكانی هاتووە و ئەو چەند دێڕەش وەک یادێک بوو لەو پڕۆژە ئەدەبییەی ئەو کۆمەڵە نووسەرەی کورد.

ئەگەر بمانەوێ بە شێوەیەکی سادە و ڕوون کتێبی “نامەکان” بناسێنین، ئەوا دەتوانین بڵێین ئەم کتێبە یادی کۆمەڵێک نووسەر و هاوڕێ و کەسی نزیکی جەمال شارباژێڕییە لە قۆناغە جیاوازەکانی تەمەنیدا، هەڵبەت کتێبەکە لەو ڕووبەرە بەرینترە و لەو سەرنج و تێبینینانەوە کە نووسەرەکەی دەربارەی هاوڕێکانی و ڕووداوەکان نووسیویەتی، دەتوانێت وێنایەکی گشتی لە هەندێ مەسەلەی گرنگیش بدات بە دەستەوە، بەوەش هەم دەتوانین ڕۆڵی ئەو کەسانە سەبارەت بە ڕووداوەکان بزانین، هەمیش نزیکی جەمال شارباژێڕی لەو کەسانە و خودی ڕووداوەکانەوە تاووتوێ بکەین.

لێرەدا هەوڵ دەدەین چەند بەشێک لە کتێبەکە وەربگرین، تاکو ڕوونتر ئایدیای سەرەکی “نامەکان” بخەینە بەرچاو. یەکێک لە کەسێتییە دیارانەی لەم کتێبەدا جەمال شارباژێڕی بەسەری کردووەتەوە، مامۆستا و کوردپەروەر و ڕۆشنبیر عەبدوڵڵا جەوهەرە، جەمال شارباژێڕی چەند دێڕێکی ناسک و تایبەت بە باڵای ئەم مامۆستایەدا دەبڕێت و بەم جۆرە دەنووسێت: “عەبدوڵڵا جەوهەر ڕۆشنبیرێکی هەستناسک و کوردپەروەر، لەسەرخۆ دەدوا و لە گفتوگۆکانیدا هەرگیز وشەی بێگانەی بەکار نەدەهێنا، بە کوردییەکی پەتی پوخت کە دەدوا لە گوێگرتن لێی، تێر نەدەبوویت. لە ناوەڕستی پەنجاکاندا بە هۆی مامۆستای هەرگیز لە یاد نەچووم فەرەیدوون عەلی ئەمینەوە ناسیم، کە ناوبراو لە خوێندنگەی سەرەتایی چوارتا لە پۆلی پێنج و شەشەمدا خوێندکارێکی لە ناخی هەستەوە گوێگری بووم، کە کوردی و مێژووی بۆ ئامادە دەکردین، هەستی کوردایەتی لە ناخماندا دەچاند، یەکێک لەو خوێندکارانەش کە پێکەوە بووین، بەڕێز فەتاح ئاغا بوو، کە لە دواڕۆژدا ئەو خەباتگێڕەی لێ دەرچوو، کە لەپێناوی کوردایەتیدا خۆی بە شەهیدکردن گەیاند، هەزار دروود بۆ گیانی فەتاح ئاغا و مامۆستا فەرەیدوونی نەمر و هەروەها عەبدوڵڵا جەوهەر عەبدوڵڵا جەوهەر کە دەستپێکی سەرەتای ئەم لێدوانەم بوو، لە سلێمانی، نزیک سەرا، سەرەتای شەقامی مەولەوی، کتێبخانەیەک هەبوو بە ناوی “گەلاوێژ”ەوە، ئەگەر نەڵێم پایتەخت، سەنتەری ڕووناکبیرانی سلێمانی بوو، بە نووسەران و شاعیران و هونەرمەندانەوە… بەردەرگاکەی لەو هەڤاڵانە جمەی دەهات، هەر لە بەردەمی ئەو کتێبخانەیەدا مامۆستا فەرەیدوون بەڕێز عەبدوڵڵا جەوهەری پێناساندم. […] بیرمە شەوێکیان سێقۆڵی من و شێرکۆ بێکەس و لەتیف عەلی لە ماڵی کاک عەبدوڵڵا جەوهەر بەسەر برد، ئەو کاتە لە گەڕەکی عەقاری لە خانوویەکدا دەژیا، کتێبخانەیەکی گەورەی هەبوو شەرەفی ئەوەم پێبڕا کە بەرهەمەکانی منیش لە باوەش بگرێت، لە پاشدا ئەو کتێبخانەیەی پێشکەش بە نامەخانەی سلێمانی کرد.” ئەو بەشەمان بۆ ئەوە نووسییەوە تاکو شێوازی کتێبەکە بخەینە بەرباس، جەمال شارباژێڕی لە هەر هاوەڵێکی چەشنێک لەو پارانۆمایە دەنووسێت، وێنایەک دەدات بە دەستەوە لەو کەسە، لە پەیوەندیی خۆی بەو کەسەوە، جۆری پەیوەندییەکە، کاریگەرییەکان، ئەو زەمەنەی لەگەڵ ئەو کەسەدا یەکتریان ناسیوە، زۆر وردەکاری تر، بۆ نموونە ئەگەر ئەو کەسە ئەدیبێک بێت، جەمال شارباژێڕی هەوڵ دەدات سەبارەت بە توانای ئەدەبی و بەرهەمەکانی باری سەرنجی خۆی بنووسێت، دیارە کۆی ئەم وردبوونەوە بە تایبەت لە زەمەن و شوێندا، کەشێکی دیکۆمێنتاری بە کتێبەکە بەخشیوە، کە لە هەندێ ڕووەوە، دەتوانێت وەک بەڵگە و سەرچاوە، لە ڕۆژ، مانگ و ساڵدا، لە ساخکردنەوەی هەندێ کەس و شوێندا، پەنای بۆ ببرێت.

سەبارەت بەو نامانەی لە دووتوێی ئەم کتێبەدا هاتوون، دەتوانین دابەشیان بکەین بەسەر چەند جۆرێکدا، هەندێک لە نامەکان سەرسامین بە بەهرەی شاعیرێتیی جەمال شارباژێڕی، کە یان بە شیعر، یان بە وەسف و پەخشان نووسراون و تێیدا ستایشی هەستی ناسک و جوانیناسانەی شارباژێڕییان کردووە. بەشێکی تری نامەکان شەخسین و لە چوارچێوەی خێزان و خزم و هاوڕێیانی نزیکدا ئاڵوگۆڕ کراون، بەشێکی تریان نامەی ئەدەبین و لە پرسە ئەدەبییەکان دەدوێن، لێرەدا یەکێک لە نامە ئەدەبییەکان وەک نموونە وەردەگرین، کە نامەی جەمال غەمباری شاعیرە بۆ شارباژێڕی:

مامۆستای شاعیرم کاکە جەمال شارباژێڕی…

بەڕێز و نرخدار

ڕێزی بێپایان… سڵاوی گەرم…

شیعر گەورەیە، هێندەی گەورەیی کەون و هەموو شتەکان… بەڵام ئینسان گەورەترە، بۆیە شیعر هەردەم لەپێناوی ئینسان و خەم و ژان و تاڵی و شیرینی ئەودا ئەخرێتە کار.

مامۆستا گیان! خوێندنەوەی پڕ تامەزرۆیی شیعرەکانت و ئەو ئاه و هەناسە گەرموگوڕانەی کە بوونەتە ڕەنگی هەمیشەیی وشەکانت، هەمیشە ئەمبزوێنن و حەز ئەکەم شتێک بڵێم، جا ئەو شتە لە شیعر بچێ یان نا ئەوەیان شتێکی ترە… گرنگ ئەوەیە منیش لەگەڵ تۆدا ئەمەوێ ئەو هەناسانەت هەڵمژم.

ئەم چەند وشەیەی خوارەوە (ئەگەر بشێ کە ناو بنرێن شیعر) پێشکەشی موعاناتە پیرۆزەکەت بێ… لەگەڵ ڕێزی برایانەما.

واژۆ

برای دڵسۆزت: جەمال غەمبار

سلێمانی: ٢٧/ ١٠/ ١٩٨٠

ئەم کتێبە هەر نامە نییە، یاد و وتار و گفتوگۆش هەن، کە هەریەکەیان دەتوانن چمکێک لە ژیانی ئەدەبی و کۆمەڵایەتی جەمال شارباژێڕی ڕوون بکەنەوە. بۆ وێنە، کاتێک نووسەر “کەریم شارەزا”ی بەسەر کردووەتەوە، لەگەڵ ئەو باسەدا، چەند وتاری کەریم شارەزاشی هێناوە کە دەربارەی ئەزموونی شیعری جەمال شارباژێڕی نووسیویەتی، یان ئەو گفتوگۆیانەی کە لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا لەگەڵی کراون، وەک خۆیان دانراونەتەوە، یاخود ئەو پڕۆژەیەی، کە وەک نامەیەک ئاراستەی هەردوو مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستانی کردووە و لەژێر ناوی “بەرەو شۆڕشێکی سپیی ڕۆشنبیری” و لە شازدە خاڵدا کۆمەڵێک پێشنیار و داواکاری بۆ چاکسازی لە دۆخی ڕۆشنبیری کوردستاندا دەخاتە ڕوو. مەبەست لەم هەمەچەشنێتییەی ئەم کتێبە، کە تێیدا زۆرینەی چالاکییە ئەدەبی و فەرهەنگییەکانی ئەم شاعیرەی لەخۆ گرتووە، ڕەنگە ئەوە بێت کە یارمەتی ئێمە بدات بە شێوەیەکی تایبەت کۆمەڵێک لایەنی شاراوە و بە ڕواڵەت ڕووکەشی ئەم شاعیرە بزانین، بەڵام ئەگەر وردتر دیقەت لە کۆی ئەو چالاکیانە بدەین، تێدەگەین کە تێکڕا دەلالەتن لە هەست و نەستی شاعیرێکی سۆزگەرا، شاعیرێک کە لە ژیانی ئاساییشدا شاعیرانە ژیاوە و مامەڵەی کردووە.

وەک یادێک لە هاوڕێیەتیی نێوان شێرکۆ بێکەس و جەمال شارباژێڕی لێرەدا چەند دێڕ لەو نرخاندنەی شارباژێڕی دەنووسینەوە، کە لەم کتێبەدا هاتووە:

“ساڵی ١٩٥٥ کە هاتمە سلێمانی بۆ خوێندنی دوای دەرچوونی سلێمانی، لە سانەوی سلێمانی دوو مانگێک دەوامم کرد و لە ناوخۆیی (داخلی) شوێن نەمابووەوە ناچار پەنام بردە بەر پیشەسازی، چونکە ناوخۆییەکەی لەگەڵ خۆیدا بوو… لەوێ ئەوانەی لە شاریش بژیایانە لە ناوخۆیی وەردەگیران. بەو هۆیەوە شێرکۆ پاش ئەوەی ساڵێک لە ناوەندی مابووەوە، وای بە چاک زانیبوو کە ئەویش بێتە قوتابخانەی پیشەسازییەوە، بە تایبەتی کە سوودی لە ناوخۆییەکەش وەردەگرت. چونکە ئەو کاتە لە لانەی دایک و باوکی بێبەش بوو، بە هۆی کۆچی دوایی بێکەسی باوکییەوە، دایکیشی لەگەڵ خوشکەکانی لە بەغدا دەژیان، هەرچەندە چەند ساڵێک دوای ئەوە ئەوانیش گەڕانەوە سلێمانی.

هەر لە یەک ساڵی پەیوەندیمان بە پیشەسازییەوە، یەکترمان ناسی و دەستپێشخەرییەکە لە منەوە بوو، بە تایبەتی کە دەیانگوت ئەمە کوڕی فایەق بێکەسی شاعیرە، منیش لە ڕێگەی خوێندنەوەوە بە بێکەس ئاشنا بووبووم. هاوڕێیەتیمان پەرەی سەند و لەگەڵ ئەودا هیی تریشمان دەبوونە هاوەڵ… هەرچەندە من لەپێش ئەودا دەستم پێ کرد و بەرهەمم زۆرتر و تا دوای ناوەڕاستی شەستەکان، بەڵام ئەویش لەوەدوا گوڕی دایە خۆیی و “گۆران” واتەنی کە فەرمووبووی: جەمال شاعیرێکی زگماکە و شێرکۆش لە پڕێکدا هەڵمەت دەبات، وەک چۆن مارێک لە هێلانەکەیەوە دەردەچێت.

درێژترین کات و تەمەنم کە دەتوانم بڵێم هەمیشە بەیەکەوە بووین لە چاخانە و یانە و ماڵی یەکتری و قوتابخانە و دایەرەشی لێ دەربچێ و بیریشمان زۆر لە یەکترییەوە نزیک بوو، بەڵام من لەو ئەهوەنتر بووم، بە تایبەتی ئەو زۆر توندوتیژ بۆ مەسەلەکان دەچوو، من بە هێمنی.”

ناردن: