هەناسە فەلسەفییەکان…ئاوات ئەحمەد سوڵتان دەینوسێت

Loading

هەناسە فەلسەفییەکان

ئاوات ئەحمەد سوڵتان دەینوسێت

(١٦)

هەقیقەتی ئەفسانەکان

لەگەڵ ئەوەدا کە ئەفسانەکانی یۆنان بڕێکی زۆر چیرۆکی سەمەرەیان لەخۆ گرتووە، بەڵام کە زیاتر ورد دەبینەوە، دەبینین لەپشتی ئەو سەمەرەییەوە، ژمارەیەکی زۆر لە بەها ڕەسەنەکان خۆیان نمایش دەکەن. بە واتایەکی دیکە، کاتێك پەیوەندییان پێوە دەگرین، گفتوگۆی چەمکە بنەڕەتییەکانی بوونی خۆمان وەک مرۆڤ دەکەوێتە گەڕ. میسۆس گوزارشت لەو هێڵەی بیرکردنەوە دەکات کە لێوەی دەستمان پێکردووەو هەر لەسەرەتاوە بنەما ئەقڵییەکانی لەگەڵ خۆی هەڵگرتووە. ئایا ئەوە ڕێکەوتە کە ئەسینای خواوەندی ئەو شارەی کەهەمان ناوی هەیە، خواوەندی داناییەو شارەکەش یەکەمین هەنگاوی سەرکەوتووانەی لە داناییدا ناوەو فەلسەفەی تا ڕادەیەکی زۆر بە کامڵی خستۆتە بەردەستمان. پرسیارەکە ئەمەیە: ئەوە ئەسینای خواوەندە بناغەی دانایی ئەسینای شاری داڕشتووە، یاخود ئەوە ئەسینای شارە، کە خواوەندێک بەناوی خۆیەوە ڕەوانەی چیاکانی ئۆلیمپ دەکات؟ وەڵامی ئەم پرسیارە هەرچۆنێک بدەینەوە، ناتوانین خۆمان لەوە قوتار بکەین، کە میسۆس و لۆگۆس دوو ڕووەکەی بیرکردنەوەی ئێمەن. لێرەدا باسی ئەمە دەکەین.

چیرۆک و هێما ئەفسانەییەکان، لە قووڵایی ناخی مرۆڤدا دەنگدانەوەیان هەیە، بگرە هەرخۆیان لەوێوە سەرچاوەیان گرتووە، ئەمانە ئامڕازی زۆر کاریگەرن لە گوێزانەوەی نامەکان و دامەزراندنی شوناسە جۆراوجۆرەکان و پێکەوە کۆکردنەوەی مرۆڤەکان. لێرەدا هەر بۆ نموونە ژمارەیەک لەو سیمبولانە باس دەکەم کە لەناو ئەفسانەکاندا دەیاندۆزینەوە و سەردەمانێکی ئێجگار دوور و درێژ ژیانی خۆمانمان بەپێی ئەوان ڕێکخستووە، کە ئەگەر یۆنگییانە قسە بکەم، ڕیشەیان دەگەڕێتەوە بۆ ناو ناگایی دەستەجەمیی لە سەرەتاکانی پەیدابوونمانەوە و تا ئیمڕۆش بەردەوامییان هەیە:

  • هێماگەرێتی: سیمبولە ئەفسانەییەکان زۆرن، دیارترینیان ئەوانەن کە هێما دەکەن بۆ خوا/کان و پەیوەندییان بە هێزە سروشتییەکانەوە و کاریگەرییەکانیان لەسەر ژیانی مرۆڤەکان. چیرۆکی ئەم خوایانە ئەفسانە نەتەوەییەکانیان پێکهێناوە و شوناسی تایبەتیان بەخشیوە بە گرووپە جیاجیاکانی مرۆڤەکان و ڕیشەیان لەناو نائاگایی جەماوەرەکانیاندا داکوتاوە.
  • ئارکیتایپەکان (وێنە تەرزییەکان): لەناو ئەفسانەکاندا ژمارەیەک نموونە، یان مۆدێل دەبینین کە بەردەوام دووبارە دەبنەوە، وەک پاڵەوان، دانا، عاشق، شاعیر و ساحیر و هیتریش. ئەمانە وەک وێنەیەکی تەرزی دووبارە دەبنەوە، بۆ نموونە پاڵەوان دەبێت تا کۆتایی ئەفسانەکە لەوێ بمێنێتەوە و لە جێگایەکدا پێویستیی بە دانا دەبێت تا یارمەتیی بدات لە سیحری ساحیرەکە ڕزگاریی بێت، زۆرجاریش ئەمە لە پێناوی عیشقکدا دەکات و جاری واش هەیە فەرمانی خوایەک یان زیاتر جێبەجێ دەکات. ئەمە هەمووی بەسەریەکەوە گوزارشت لە شوناسی دەستەجەمیی ئەو گروپە دەکەن کە ئەفسانەکە بۆی دەگەڕێتەوە.
  • جیهانێتی: ئەفسانەکان لە سیما گشتییەکانیاندا مۆرکێکی جیهانییانەیان هەیە و لای کەلتورە جۆراوجۆرەکان دووبارە دەبنەوە و گۆڕانکاریی لە پێکهێنەرە سانەوی و لاوەکییەکانیاندا هەیە. واتە دەتوانین ژمارەیەک خاسییەتی جیهانی بۆ کۆی بکەرە سەرەکییەکانیان بدۆزینەوە، بۆ نموونە پاڵەوانەکان بەردەوام پیاوانی قۆز و بەهێزن، ساحیرەکانیش بەزۆریی ژنی پیر و ناشرین و پڕ لە فرتوفێڵن. هەمیشە کارەساتێک دێتە پێشەوە کە خەریکە پاڵەوان ڕێگای لێ بزر دەبێت و لە کەوتن نزیک دەبێتەوەو پاشان بە ڕاوێژی پیاوە داناکە دەچێتەوە سەر ڕێگای خۆی و بەسەر کارەساتەکەدا زاڵ دەبێت و ئەرکەکەی خۆی بە ئەنجام دەگەیەنێت. ئەم خاسیەتانە سنورە کەلتوری و زمانییەکان دەبەزێنن و دەتوانن کاریگەریی لەسەر ئەندامانی دەرەوەی ئەو گروپەش دابنێن کە ئەفسانەکان لێیانەوە پەیدا بوون.
  • لەکاتبەدەریی: ئەفسانەکان بە ناو کاتدا بەردەوام دەبن، تاتوانین بیانگێڕینەوە بۆ سەرەتایەک، جۆرە هەستێک بە نەمریی لای ئەو کەلتورانە دروست دەکەن کە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن، واهەست دەکەن لەناوکاتدا بۆ هەتا هەتایە بەرەودواوە دەگەڕێنەوە و لە ئایندەشدا هەر دەمێین؛ جگە لەوەی وێنەیەکی یەکخراوی یەکگرتوو بۆ خۆیان و مێژووەکانیان دروست دەکەن.
  • گێڕانەوە: کۆمەڵێک هەقیقەتی ئاکاری و ئۆنتۆلۆجی و کەلتوریی تایبەت بە کەلتورێکی دیاریکراو، لە ڕێگای گێڕانەوەی چیرۆکەکانەوە دەگوێزنەوە بۆ نەوەکانی دواتر و دەبن بە بناغە بۆ بەها ئاکارییەکانیان. بۆ نموونە ئەو ئەفسانانەی کۆتاییەکانیان بەسەرکەوتن دێت، مرۆڤگەلێک دەخوڵقێنن کە بە کەمتر لە سەرکەوتن ڕازی نابن. بەڵام ئەوانەی کۆتاییەکانیان بە بەزین دێت، یاخود پڕۆژەکانیان ناگەیەننە کۆتایی، کەلتورەکانیشیان پڕن لەوجۆرە نشوستییانە.

هەرچۆنێک بێت، وەک لە وتاری پێشووشدا باسم کرد، میسۆس و لۆگۆس دوو ڕێگان کە لێیانەوە گوارشت لە شێوازەکانی بیرکردنەوەمان دەکەین، بەهۆیانەوە هەوڵ دەدەین لە جیهانی دەرەکی تێبگەین، ژینگەکەمان بخوێنینەوە؛ بەڵام دوو ڕێگای لێکجیاواز یاخود دژ بە یەکتریی نین، بگرە بە شێوەیەک لە شێوەکان تەواوکەریی یەکتریین. بێ ئەوەی ئەوە لەیاد بکەین کە لەڕەوتی پەرەسەندنیاندا زۆرجار تووشی بەریەککەوتن و ململانێ بوون، جاری واش هەبووە یەکترییان سەرکوت کردووە. یانی ئەم دوو ڕێچکەیە گەرچی نەیانتوانیوە بەتەواوەتی لەیەکتریی داببڕێن، بەڵام نێوانیشیان ئەوەندە خۆش نەبووە.

وەک لەوێدا وتم، ڕێگایەکیانمان ناوناوە بیرکردنەوەی ئەفسانەیی و ئەوەی تریشیان بیرکردنەوەی لۆجیکی، بەڵام ئایا ئەم ناولێنانە کۆتاییە؟ واتە ئایا ناتوانین ڕیشەی لۆجیکییانە لەناو میسۆس و ئەفسانەییانە لەناو لۆگۆسدا بدۆزینەوە؟ وەڵامی من بۆ ئەم پرسیارە ئەرێنییە، چونکە ناتوانین بەتەنها بە یەکێکیان بژین، بگرە بیرکردنەوە لەوەی دەسبەرداری یەکێکیان ببین، هەموو جوانییەک، هەموو چێژێک لە ژیانمان دادەماڵێت. لە مێژووی ڕابردووشماندا چەند ئەزمونێکی ناخۆشمان هەیە کە تێیاندا هەوڵمانداوە یەکێکیان بێلایەن بکەین و ئاکامەکەشی بە زیانی خۆمان کەوتۆتەوە.

لە ئەسڵیشدا هەردوو وشەکە لە زمانی یۆنانیدا و دوای گوێزرانەوەیان بۆ زمانە ئەوروپاییەکان، بەشێوەیەک لە شێوەکان مانای چیرۆک یان بۆچوون دەگەیەنن، واتە هەردوکیان بەشێوەیەک لە شێوەکان جۆرێكن لە جیهانبینی و وردبوونەوە لە خودی خۆمان و بوونمان لەناو گەردوندا، بەڵام لەڕێگای (چیرۆک)ەوە کە هەندێجار لایەنی میسۆسەکەی زاڵەو هەندێجاری دیکەش لایەنە لۆگۆسییەکەی، واتە هەندێجار زیاتر لێکدانەوەیەکی هەستییانەیەو کەمتر ئەقڵانییە، هەندێجاری تریش بە پێچەوانەوە.

بێشک من مەبەستم لەوە نیە ئەو دوو زاراوەیە وەک هاومانای یەکتریی سەیر بکەم، چونکە لە وردەکارییدا چیرۆکەکانیان، جیهانبینییەکانیان زۆر لەیەکتریی جیاوازن. بەهەمانشێوە میکانیزمەکانی کارکردنیان و ئەو چەمکانەی کاریان پێدەکەن، ئەوانیش هەر جیاوازن. ئەی چی کۆیان دەکاتەوە؟ بێشک ئەوەی کۆیان دەکاتەوە خودی مرۆڤە، کە پێکهاتەی ئەقڵیی و هەستیی تێکەڵەیەکە لە هەردوکیان، ناتوانێت بێ هیچیان بیگوزەرێنێت. لەم ڕووەشەوە دەتوانین مرۆڤەکان دابەش بکەین بۆ دوو جەمسەری نمونەییە کە لە سەر ئەرزی واقیع بوونیان نیە: ئەفسانەیی تەواوەتی و لۆجیکیی تەواوەتی. بەڵام بۆ ئەوەی باسەکە سەر ڕی بخەین، گریمانە دەکەین ئەوانەی بەشێوەیەکی ئەفسانەیی بیردەکەنەوە، هەمیشە شێوازی پەیوەندیکردنیان بە جیهانەوە ناڕاستەوخۆیە، بەردەوام لەپاڵ ئەواندا کەسانی دی (پاڵەوان، خودا….هتد) لەوێ هەن تا پێکەوە لەناو جیهاندا بن، تەنهایی کوشندەترین ترسە کە میتۆلۆجییەکان لێی بترسن، بۆچی؟ چونکە ئەوان خەڵکانێکن زۆر پشت بە ڕەمەکەکان دەبەستن. ڕەمەک (غەریزە) جیهان بەشێوەیەکی زۆر جیاواز لەوەی هەیە (یاخود ئەوەی دەشێت هەبێت) وێنا دەکات، زۆرجاریش مۆرکێکی شەخسییانەی خۆی پێدەبەخشێت و جیهان دەکات بە جێگای تایبەتی هەڵسوڕانی خۆی.

دەمەوێت بڵێم ئێمە بوونەوەری ناو چیرۆکەکانین، هەروەها بۆ خۆشمان چیرۆکی دیکە دروست دەکەین، هەرگیزیش چیرۆک تەنها بە ئەندێشە یان تەنها بە زانست بەرهەم نایەت. ئێمە وەکچۆن لە زۆربەی شتەکانی ترماندا تاکڕەهەند نین و پڕین لە هەمەجۆریی و بگرە ناکۆکیش،  لێرەشدا هەرواین. هەمیشە چیرۆکەکانمان تێکەڵەیەکن لە هەردوو لایەنی میسۆس و لۆگۆس. بەڵام دەتوانین گریمانە بکەین، ئەوانەمان بە شێوەیەکی ئایدیال هەن و  دەتوانین مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین، دەتوانین چی ببینین!

ئەی ئەوەی لە توێی لۆگۆسەوە سەیری دنیا دەکات! ئەمیان بە حیسابی خۆی خاوەنی کۆمەڵێك پێوەر و ستانداردی لۆجیکییانەیەو هەوڵ دەدات بە شێوەیەکی زانستی پەیوەندیی بە جیهانەوە بگرێت، هەمیشە لەپاڵ ئەزمون و لێکدانەوە زەینییەکانەوە جیهانبینی خۆی دروست دەکات، بەحیسابی خۆی ئەو فاکتانە بەکاردەهێنێت کە لە ئەنجامی چاودێریکردنی زۆردا لێیان دڵنیا بووەو دەتوانێت بەدەر لە گومان مامەڵەیان لەگەڵدا بکات؛ چاوی بڕیوەتە ئەوەی ڕاستییەکانی، ئەو تیۆرانەی پێیان دەگات، بابەتییانە بن و بەدەر لە خواست و ڕەمەک تایبەتییەکانی ئەو کار بکەن. ئەو دەیەوێت لەگەڵ گەردونێکی بابەتییانەدا مامەڵە بکات، نەک خودی خۆی بکات بە سەنتەری گەردوون.

ئێستا پرسیارەکە ئەمەیە: ئایا ئەم دوو وێنەیە چەند لەیەکتریی جیاوازن؟ ئایا وەک لە یەکەمین تێڕوانینەوە دەردەکەوێت، سنوری هاوبەشیان لەگەڵ یەکدا نیەو هەریەکەیان جیهانی تایبەت بەخۆی هەیە کە دەرگاکانی بەڕووی ئەویتریاندا داخراوە؟ ڕاستییەکەی نەخێر، چونکە کۆی شارستانێتییەکەمان بەرهەمی هەردوو تێڕوانینەکەیە، ئەگەر چاویك لە فایدروس بکەم، دەڵێم ئەم میسۆس و لۆگۆس دوو ئەسپن لەسەر گالیسکەی مرۆڤایەتیمان، یەکێکیان نوێنەرایەتی هونەرمەندان و شاعیرەکان دەکات، موزیکوانەکان و ئەوانەی لە سایەی هەستەکانیانەوە، لە خودی خۆیانەوە بیردەکەنەوە، ئەمانە زیاتر خەیاڵیان دەخەنە گەڕو جیهان لای ئەوان مۆرکێکی زانستییانەی نیە! ئەم قسەیە چۆن! ئایا بەرهەمهێنانی دەنگە موزیکییەکان، یاخود تێکەڵکردنی ڕەنگەکان هەروا هەڕەمەیین و تیۆری زانستی ڕێکیان ناخات؟ هیچ گومانێک لەوەدا نیە کە ئەمانە هانا دەبەنە بەر تەکنیک و تێزەکانی لۆگۆس، بۆ ئەوەی کارە میسۆسییەکانی خۆیان بەرهەم بهێنن.

ئەی چۆن بیر لە گروپی لۆگۆس بکەینەوە؟ ئەوان چی لە میسۆس وەردەگرن؟ ئایا کارکردنێکی وشک و بێگیان لەکایەی زانستیدا، بەدەر لەهەر پەیوەندییەک بە هەست و ترسە مرۆییەکانەوە، واتە بە میسۆسەوە، بەکوێمان دەگەیەنێت؟ لەناو کاری زاناکاندا، هیچ جۆرە ئەفسانەیەک دەبینین؟ بۆ نمونە تیۆری تەقینەوە مەزنەکەو پەیدابوونی گەردوون لە تەنێکی بەقەدەر هێلکەی کۆترێکەوە، کە هەموو قورسایی و بارستەی گەردونی لەخۆیدا هەڵگرتبوو، تەنها بە ئەقڵێکی لۆجیکییانە دەخوێنرێتەوە؟ ئەگەر ورد ببینەوە، ڕیشەی زۆرینەی تێزە زانستییەکانمان (ئەگەر نەڵێین هەموویان) دەچنەوە ناو بیرکردنەوە بەراییەکانمان، لە ئەشکەوتەوە هەتا ناو ئەکادیمیا گۆڕانکاریی لە بیرکردنەوەماندا، لە جەوهەردا نەبووە، بەڵکو لە ڕووکەشدا بووە. هەربۆیەشە لە ئێستادا مرۆڤێک دەبینین کە بە پۆشاکە مەدەنییەکەی و لاپتۆپ و مۆبایلە زیرەکەکەیەوە هەمان ئەو پرسیارانە بەرز دەکاتەوە، کە کاتی خۆی بوونەوەرێكی تووکن لە دارستان هاتە دەرەوەو هەستایە سەر دوو پەلەکەی دواوەی و پرسی: من کێم؟ چی دەکەم لێرە؟

گومان لەوەدانیە کە لە ڕەوتی شارستانێتییەکەماندا، ئەم دوو لایەنە هەروا بە سازی و کۆکی پێکەوە نەهاتوون، بەتایبەتی لە دوای ئەو سەردەمەوە کە بە شۆڕشی پیشەسازی ناودەبرێت، زۆرجار تەرازووەکە بەلای لۆگۆسدا لاسەنگ بووە، بەڵام هەرگیز نەیتوانیوە یەکلایی بکاتەوەو هیچ بوارێك بۆ میسۆس نەهێڵێتەوە، گەرچی مارتن هایدگەر لە دواهەمین پێشبینی ڕەشبینانەیدا، لە گوزارشتکردن لە تۆقینی بەرامبەر تەکنەلۆجیا، پێمان دەڵێت ئەوە لە کۆتاییدا هەر ڕوودەدات و دەمانخاتە سەردەمێکی نایاڵێستانەوە. ڕاستییەکەی قسەکانی ئەو بۆنی ئەوەیان لێدێت کە کارەساتەکە قەومابێت و ئەو سەردەمە دەستیپێکردبێت.

هەرچۆنێک بیری لێ دەکەینەوە، زۆر پێویست دەکات دەست بگرین بە میسۆسەوە، چونکە یەکلاییبوونەوەی ئەم ململانێیە (کە هەر لە سەرەتاوە هەبووە) بە قازانجی لۆگۆس، بەجارێک هەموو بەها مرۆییەکانمان دادەڕوخێنیت و  بواری بیرکردنەوە لە باڵا transcendence) ) هەتا ئەوپەڕی تەسک دەکاتەوە، ئیتر ئایندەیەکمان نامێنێت، هەموو ژیانمان دەبێت بە ئێستایەکی کوشندە. لە بوونەوەری سەربەخۆی خاوەن قەوارەو بوونی سەربەخۆوە، دەگۆڕێین بۆ دانە لەناو حەشاماتێکی گەورەتردا.

بێشک ئەمەش مەترسیی خۆی هەیە، دەبێت هاوسەنگی نێوانیان ڕابگرین، چونکە میسۆس لە ڕابردوودا دەسەڵاتێکی زۆری هەبووەو ناوبەناویش خراپ بەکاریهێناوە. هەر بۆ نمونە دەتوانین بیر لە تۆمەتبارکردنەکەی گالیلۆ بکەینەوە (١٦٣٣)، کە بە هیراسی و دەرچوون لە ڕەوتی گشتی تۆمەتبارکراو پێویستی بە ٣٥٠ ساڵ بوو تا لە ساڵی ١٩٩٢ دا کەنیسەی کاسۆلیک لە هەڵوێستەکەی پەشیمان ببێتەوەو بڕیار بدات کە ئەو لەسەر هەق بوو. بۆچی ئەو ماوە درێژەی خایاند؟ چونکە پەیوەندیی نێوان ئەفسانە و زانست پەیوەندییەکی زۆر ئاڵۆز و فرە لایەنە. دین تەواوی سەرچاوەکانی خۆی دەباتەوە ناو ئەفسانە، هەقیقەتە زانستییەکانی ئایین، وەک لە سەرەوە باسم کرد لە ئەفسانەکانەوە سەرچاوە دەگرن، ئەوانە زیاتر بەهای ئاکاریی و تێگەیشتنی کەلتورییانەن، نەک بنەما و پرەنسیپی زانستی.

کاتێک دین لەڕێگای پیاوەکانییەوە خۆی لە زانست دەئاڵێنێت و وەها خۆی نمایش دەکات کە هەموو شتێک لەخۆ دەگرێت، ئەوە هیچ ناکات جگە لەوەی ئەفسانەکانی خۆیمان بە زانست پێ بفرۆشێتەوە، یاخود بە پێچەوانەوە بنەما زانستییەکان وەک ئەفسانە وەربگرێت و لە ناو سیتمێکی هێماییدا وەبەریانبهێنێتەوە. بۆ نموونە، ئەفسانەکان کە خۆیان بناغەی هزرە دینییەکان، بوون بە زەخیرە بۆ ئەوەی دین چیرۆکێکمان دەربارەی پەیدابوونی گەردوون و بوونەوەرە زیندووەکان پێشکەش بکات، کە سەردەمانێکی زۆر ئەوە تاکە چیرۆکی باوەڕپێکراو بوو. بەڵام ئێستا زانستگەلێکی وەک فیزیا یان بایۆلۆجیا، چیرۆکی جیاوازیان هەیە، ئەمانە کاریان بە دین نیە و بیریش لە دژایەتیکردن یان هاوکارییکردنی ناکەنەوە. بەڵام ئەوە دینە هەست دەکات مەترسییەک سەریهەڵداوە و دەبێت بەرەنگاری ببێتەوە. ئەمەش بابەتێکە ڕەنگە لە ئایندەدا بڕێک بیری لێبکەمەوەو لە نووسینێکدا ئامادەی بکەم.

ناردن: