پرسی ڕۆژ لە ڕوانگەی فەلسەفەوە

Loading

پرسی ڕۆژ لە ڕوانگەی فەلسەفەوە

خستنەڕووی کتێبی: “ئەگەر ماسییەکان بیانتوایبا هاوار بکەن”

بەختیار حەمەسوور

نووسینی فەلسەفی لە دنیای هاوچەرخ و ئەمڕۆماندا، چیدی لەوە ترازاوە کە دەرگیری بابەتە بانسروشتییەکان و ئەو ڕووداو و ماجەرایانە بێت کە لە بورجی عاجدان و سەر و سمیان لە ئاسمانە، بە شێوەیەکی تایبەت و دیاریکراو، ئەمڕۆ فەلسەفە و بیرکردنەوە بۆ ئاستی ژیانی ڕۆژانە دابەزیون و لەگەڵ هەنگاو و ژیانی هەریەک لە ئێمەدا، هەوڵ دەدەن بچنە پێشەوە، بێگومان ئەم دیدە و ئەم گۆڕانە ڕیشەییە لەخۆ و ناکاو ڕووی نەداوە، بەڵکو بەر و هەرمەمی بیرکردنەوە و وردبوونەوەی سەدان فەیلەسووف و بیرمەندە، کە لە دووتوێی نووسراو و کتێبەکانیدا هەوڵیان داوە ڕووی ئەم دیدە وەرچەخێنن و گوتارێکی ئەمڕۆیی دەربارەی ژیان و گوزەرانی مرۆڤ پێشکەش بکەن، هاوکات ئایدیاکانیان لەسەر ئەو ڕووداو و پێشهاتانە بچنن کە بوون بە ئاریشە و گرفتی قووڵی ئینسانی هاوچەرخ، تاکو لەو دەروازەیەوە دەرەتانێک بۆ بیرکردنەوە و ڕامان لە شتە زۆر بەرچاوەکانی دەوروبەرمان بڕەخسێنن و وا بکەین بە نیگایەکی قووڵتر و ناخەکیترەوە لەو شتە پەراوێز و نادیدەگرانە بڕوانین، کە بوونەتە هۆی ئەوەی ژیانمان پەک بخرێت.

بە بارێکی تردا، لە ڕووی زمانەوە، دەتوانین باس لە گۆڕانێکی ڕیشەیی تر بکەین، ئەویش سادەکردنەوەی زمانە، داماڵینیەتی لەو چەمک و دەستەواژە تیۆریک و ئاڵۆزانەی کە بۆ تێگەیشتنیان پێویست بە نووسینی پەراوێزی چەند پەڕەی دەکات، یاخود بە واتایەکی تر خوێنەر ناچار دەبێت ئیستێک لە بەردەم ئەو تێرمانەدا بکات، کە لە دەقە فەلسەفییە کۆن و کلاسیکەکاندا بە شوێن یەکدا هاتوون و ناچار بێت بچێت قامووس بکاتەوە و بە دوای واتای ئەو تێرمانەدا بگەڕێت، بەڵام لە نووسینی فەلسەفی هاوچەرخدا زمان لەو ئاڵۆزییانە دوور دەکەوێتەوە و ڕوونتر دەبێتەوە، ئایدیاکان لە ڕێی تەعبیر و ڕستەی سادە و ڕۆژانەییەوە ئاراستە دەکرێن و خوێنەر لە هەر ئاستێکدا بێت، دەتوانێت بەشێک لە چییەتیی ئەو نووسراوانە هەرس بکات. بێگومان ئەم گۆڕانە جەوهەرییانە مەرج و پێویستییەک نیین بۆ هەموو ئەو دەقە فەلسەفیانەی ئەمڕۆ دەنووسرێن، یان شوناس و ناسرانەوەی هەموو ئەو کتێبانە نیین کە ئەمڕۆ لە کایەی فەلسەفەدا بەرهەم دێن، هەر ئێستا دەبینین کە چەندین فەیلەسووف و بیرمەند بە زمانێکی ئاڵۆز و پڕ لە میتافۆڕ و چەمکی فەلسەفی ئایدیاکانیان دەخەنە ڕوو، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین فەلسەفەی هاوچەرخ تا ئاستێکی بەرچاو داماڵراوە لەو زمانە ڕیتۆریک و ئاڵۆزەی وا لە پێشتردا دەقەکانی پێ نووسراوەتەوە.

کتێبی “ئەگەر ماسییەکان بیانتوانیبا هاوار بکەن” نموونەی ئەو جۆرە کتێبە فەلسەفییانەیە کە بە دیدێکی هاوجووت لەگەڵ ئەو گۆڕانە ڕیشانەدا نووسراوە، وتارەکانی نێو ئەم کتێبە هەم بە زمانێکی سادە و ڕەوان، هەم دەرگیری ئەو پراسانەشن کە هەر ئێستا و لەم سەردەمەدا ڕوو دەدەن، یان لە چاوەڕوانی ڕوودانیانداین. ئەم کتێبە لە نووسینی نووسەری جوو پیتەر سینگەرە، دڵشاد حامید دەروێش لە ئینگلیزییەوە و بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە کردوویەتی بە کوردی. لە سەرەتای کتێبەکەدا وەرگێڕ بەم جۆرە کتێبەکە و نووسەرەکەی دەناسێنێت: «ئەم کتێبەی بەردەستتان، وەرگێڕانی بەشێکە لە وتارەکانی فەیلەسووفی مەزنی بواری ئاکار (ئەخلاق)، پیتەر سینگەر. سینگەر ساڵی ١٩٤٦ لەدایک بووە، دایبابی وی جووی نەمسا بوون، بەر لەوەی دەستی ڕژێمی نازییان بگاتێ، لە زێدی خۆیان هەڵهاتن و لە ئوستورالیا، بە دیاریکراوی لە شاری ماڵبۆرن گیرسانەوە، هەر لەوێندەریش سینگەر دێتە دنیاوە و کە تا نووسینی ئەم پێشەکییە لە ژیاندا ماوە و لە زانکۆ پڕۆفیسۆرە. هەرچۆنێک بێت، ئەوەی سینگەری کردووە بە یەکێک لە گەورەترین و بە تاسەترین فەیلەسووفە هاوچەرخەکان، پەرتووکە ناوازەکانین، نەک پلەوپایە ئەکادیمییەکەی، لەوانە: پەرتووکی ئازادکردنی ئاژەڵان، کە زێدەگۆیی نییە ئەگەر بڵێین لە باشترینی ئەو پەرتووکە فەلسەفییانەیە لە سەدەی بیستدا هاتوونەتە دەرەوە.»

ئەم کتێبەی بەردەستمان، دەقە وەرگێڕاوە کوردییەکە، لە کتێبێکی نووسەرەوە وەرگێڕاوە بە ناوی “ئیتیک لە دنیای ڕاستەقینەدا”، کتێبەکە لە بنچینەدا پێک هاتووە لە ٩٠ وتاری کورت، وتارەکان لەمەڕ پرس و باسی هەمەچەشنن، لەوانە: ئاژەڵ، سێکس، جێندەر، سیاسەت، هەڵبژاردن، تەندروستی، تەکنۆلۆژیا و چەندان بابەتی تر، ئەوەی وەک ڕایەڵ ئەم وتارانە پێکەوە دەبەستێتەوە تیمای “ئاکار ـ ئەخلاق”ـە، کە پیتەر سینگەر دەیەوێت لە ڕێی ئەو باسانەوە پرسی ئەخلاق بورووژێنێت، پرسێک کە هەمیشە تێکەڵی چەند کاتگۆری گەورەتر بووە و لێڵ و ناڕوون بووە، بۆ نموونە لێکگرێدراوی بە ئایین، یان کۆمەڵگە و دابونەریتەوە، بەڵام ئەم فەیلەسووفە دەیەوێت لە ڕووی فەلسەفییەوە پەیوەستی ئەو باسانە بە چەمکی ئاکارەوە پێشان بدات، ئەمەش ئەرکی ئەو وەک نووسەر دەخاتە چوارچێوەیەکەوە، کە هەوڵی داوە بە ڕوونترین شێوە، ئایدیا فەلسەفییەکانی بخاتە ڕوو.

دڵشاد حامید دەروێش لە کۆی ئەو نەوەد وتارە تەنیا بیستوسێ وتاری هەڵبژاردووە و کردوونی بە کوردی، وەک خۆی نووسیویەتی: «هەڵبەت لە گۆترە و هەڕەمەکییانە ئەم ٢٣ وتارەمان هەڵنەبژاردوون، بەڵکو سەرەتا ئەو وتارانەی نەغمەیەکی جۆرناڵیستی بەسەریاندا زاڵە، لامان بردوون، دواتر بە چاوبڕین لەو کەلێن، یان ڕاستتر، خەرەندە مەعریفییانەی لە دنیای ڕۆشنبیریی کوردیدا هەن، وتارەکانمان هەڵبژاردوون، بۆیە زۆربەی وتارەکان لە بارەی بابەتی نوێ و تا ڕادەیەکی زۆر، دەستبۆنەبراون.»

بێگومان کێشەی ئاکار کێشەیەکی کۆن و هاوکات سەردەمی و هەمیشەییە، ئەوە کە ئێمە بە چ پێوەرێک کارێک هەڵدەسەنگێنن و ڕەوایەتی پێ دەدەین، یان بە پێچەوانەوە، چ کارێک لای ئێمە ناڕەوایە و دژ بە ئاکار و پێوەری ئێمەیە بۆ کردن و ڕەوایەتی نەدان پێی، ئەم فەیلەسووفە لە هەریەک لەو ٢٣ وتارەدا دەمانخاتە بەردەم پێوەرەکانی خۆمان بۆ ئاکار، خوێنەر دەتوانێت بەپێی ئەو بڕوا و ئیمانەی خۆی بۆ چەمکی ئاکار هەیەتی، بڕیاڕ بدات، پرسەکانی نێو ئەم وتارانە پرسی جیهانین و هەر ئەمڕۆ دەکرێ لە کوردستانیش هەمان ئەو پرسانە جێی مشتومڕ و گفتوگۆ بن. لە وتاری “ئەگەر ماسییەکان بیانتوانیبا هاوار بکەن” بە وردی پرسی ئاژەڵ و گیاندار خراوەتە ڕوو، ئەمە بۆ دنیای ئێمە، کە هەنووکە چەقی شارەکانمان پڕ بووە لە سەگی بەرەڵڵا و پشیلە، پرسێکی گرنگە، پرسی ژینگە و تەندروستی، پرسی سیاسەت و هەڵبژاردن، پرسی ئایین وەک داردەست، کە لای ئێمە لەوپەڕی برەودایە، پرسی چەپ و مارکسیزم، پرسی ئازادیی ڕادەربڕین، کە نموونەی قوربانییەکانی لای ئێمە بەرچاوە، پرسی کارەسات، پرسی خودا و هەڵبژاردنی مەرگ و… چەندان پرسی تر، کە ئەم کتێبە و نووسەرەکەی بەسەریان کردوونەتەوە.

دوو خاڵ کە زۆر درەوشاوەن و نووسەر بە درێژایی ئەم کتێبە وەک شێواز بۆ نووسینی ئەم وتارانەدا ڕەچاوی کردوون، ئەمانەن: یەکەم: نووسەر بۆ پاڵپشتی ئایدیاکانی بەردەوام دەگەڕێتەوە بۆ زمانی داتا و ڕاپرسی، ئێمە لە بەردەم کۆمەڵێک ژمارەدا ڕادەگرێت کە دەبنە بنەمایەک تاکو بزانین ئەو پرسە لە ئاستی گشتیدا چۆن لێک دراوەتەوە و پێوەری خەڵکان بۆ ئەو پرسە ـ پەیوەست بە ئاکارەوە ـ چۆن چۆنییە. دووەم: بەو پێیەی نووسەر بە ڕەگەز جووە، یادەوەرییەکی تاڵی بۆ بەجێ ماوە، چ لە دایک و باوکەوە، کە هەڵهاتوون و خودی نووسەر لە تاراوگەدا لەدایک بووە، چ لە باپیرە و داپیرەیەوە، کە لە کەمپ و گیتۆی نازییەکاندا مردوون، ئەمانە بوونەتە بیرەوەریی دژوار، بیرەوەرییەک کە ساڕێژ نابێت، دەبینین نووسەر بە شێوەی ڕاستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ بۆ ئەم یادەوەرییانەی بنەماڵەکەی دەگەڕێتەوە و هەوڵ دەدات لەو سۆنگەیەوە ئایدیاکانی ڕوونتر بکاتەوە.

گرنگیی خوێندنەوەی ئەم کتێبە لەوەدایە کە بزانین هەستی ئینسانیی ئێمە لە ساتی بڕیاردان و یەکلاکردنەوەی پێشهات و ڕووداوەکاندا، چەندە کارایە، ئایا ئاکاری ئێمە چەند وەڵامدەرەوەی هەستیی ئینساندۆستی ئێمەیە بەرانبەر کەس و بوونەوەرەکانی دەوروبەرمان. بێگومان خوێندنەوەی ئەم کتێبە دەتوانێت بزوێنەری هەندێک هەستی ناکارا بێت لە ئێمەدا، بە ئاراستەی ئەوەی کە بیر بکەینەوە، تێڕامێنین، پاشتریش بە هەڵسەنگانێکی کراوە و دوور لە هەر ویستێکی نەخوازراو و زیاندار، بڕیاری دروست و بەجێ بدەین.

کتێبی “ئەگەر ماسییەکان بیانتوانیبایە هاوار بکەن” لە زنجیرەی چاپکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە، لە دووتوێی ١٤٠ لاپەڕەدا، بۆ ساڵی ٢٠٢٤.

ناردن: