دەقی کۆن و دڵنشین خستنەڕووی: “زانست و فەلسەفە ڤیداییەکان”

Loading

 

دەقی کۆن و دڵنشین

خستنەڕووی: “زانست و فەلسەفە ڤیداییەکان”

 

بەختیار حەمەسوور

 

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک کانگای ئایینە ئاسمانیی و دنیاییەکان، شوێنێک کە بەردەوام ئایینی تێدا دروست بووە و بووە بە ئیلهام و پەنایەکی ڕۆحی و دەروونی بۆ تاکەکان و کۆمەڵگە، کاتێک ئینسان دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی ئایین لەم ناوچەیەدا تووشی سەرسامی و حەپەسانێکی زۆر دەبێت، کە دەبینێت لێشاوی ئەو هەموو ئایینە لەم کیشوەرەدا بە درێژایی سەدە و ساڵەکان بڵاو بووەتەوە و پەیڕەوانی تایبەت بە خۆیی هەبووە و بەشێکی بەرچاو لەو ئایینانەش تاکو ئێستا هەر هەن و درێژە بە خۆیان دەدەن و لە تەواوی دنیایەوە بڕوادار و لایەنگری تایبەت بە خۆیان هەیە. هیندستان ئەو وڵاتەی زۆرترین ڕێژەی ئایینی تێدا کۆ بووەتەوە، بە تایبەتی ئایینی هیندۆنیزم کە ئایینێکی کۆن و خاوەن مێژووە لەو وڵاتە و لە ڕۆژهەڵاتدا و بووەتە چەترێکی گەورە و لەژێریدا چەندان ئایینی دیکە خۆیان وەدیار خستووە، یان بە واتایەکی تر لە هەناوی ئەو ئایینەوە سەدان وەچە زاون و لەدایک بوون، هیندۆنیزم یەک لەو ئایینە گەورانەیە کە بە ئێستاشەوە ئامادەیی هەیە و لە پانتاییەکی بەریندا بڵاوە و خەڵکانی زۆر پاپەندن پێیەوە، ئەم ئایینە کە سەرچاوەکەی وڵاتی هیندستانە، ئەمڕۆ چیدی لەو وڵاتەدا چەقی نەبەستووە و گەیشتووەتە دوورترین کیشوەر و وڵاتانی دنیا. دوان لە بارەی ئەم ئایینەوە شارەزاییەکی تەواو بەرفراوانی دەوێت، کەسانێک دەتوانن دەربارەی ئایینی هیندۆنیزم بدوێن و بنووسن، کە بە قووڵایی نەریت و ڕێسا و پەیڕەو و پڕۆگرامەکانی ئەم ئایینەدا ڕۆ چووبن، دەقی بنچینەیی ئەم ئایینە لە کتێبی ڤیدادا تۆمارە و کتێبی ڤیداش وەک گەورەترین سەرچاوە بووە بە بناغە بۆ گەلێک ئایینی تر، بە جۆرێکی سادەتر دەتوانین بڵێین: دوان و لێکۆڵینەوە دەربارەی ئایینی هیندۆنیزم، خۆبەخۆ دەمانباتەوە سەر دوان و لێکۆڵینەوە لە چەندان و چەندان وردەئایین و ئایینی تر، کە ڕەنگە سەرەکیترین و بەرچاوترینینان ئایینی بوودا بێت (هەڵبەت بەو تێبینییەوە ئەگەر بتوانرێت و گونجاو بێت بە نەریت و چوارچێوەی بوودا بگوترێت ئایین).

کتێبی “زانست و فەلسەفە ڤیداییەکان” یەکێکە لەو کتێبانەی کە بە وردی لە ئایینی هیندۆنیزم و کتێبە سەرەکییەکەیان (ڤیدا)، دەکۆڵێتەوە، ئەم کتێبە لە نووسینی مامۆستا هاوبیر کامەرانە، کتێبە لە قەوارەیەکی گەورەدا و لە چاپێکی جواندا، لە دووتوێی ٤٤٠ لاپەڕەدا لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە، ساڵی ٢٠٠٩ چاپ و بڵاو کراوەتەوە. مامۆستا هاوبیر کامەران ساڵانێکە لە بواری کتێبی یۆگا و عیرفاندا چ بە نووسین و چ بە مەشق، سەرقاڵە و لەو کایەشدا، دەتوانین بڵێین لە کوردستان، پێشڕەوێکی پلە یەکی ئەو پانتاییە بەرینەیە. زنجیرەی ئەو کتێبانەی مامۆستا هاوبیر کامەران پێشکەش بە کتێبخانەی کوردیی کردوون (بە نووسین و وەرگێڕانەوە) خەروارێکن، تێکڕاش جەختی ئەو پەرۆشییە قووڵەی ئەم نووسەر و وەرگێڕە دەکەنەوە کە بۆ ئاشتەوایی و ئاشتکردنەوەی ڕۆحیی ئێمە بە هەریەک لە خودا ـ سروشت ـ ناخی خۆمان ـ و گەردوونەوە ڕۆی دەنێت. ئەگەر هەریەک لەو ئایکۆنانە وەک دوورگە وێنا بکەین، ئەوا ئەم مامۆستایە دەزانێت و پێی وایە کە پردی نێوان ئێمە و هەریەک لەم دوورگانە پچڕاوە، یان لە باشترین باردا ڕوو لە ڕووخان و کەوتنە و پێویستییەکی زۆری بە دووبارە چێکردنەوە و بونیادنانەوەیە، هەوڵەکانی مامۆستا هاوبیر بەو ئاراستەیەدایە، بەوەی کە پەیامی خۆشەویستی لەناو ناخی خۆماندا بچێنین و بەوەش دەرفەتێکی تەواو بە یەکتر بدەین کە لە بەرانبەر یەکدیدا لێبووردە بین و بەوپەڕی ڕاستگۆییەوە یەکمان خۆشبوێت. لە هەر دێڕێکی ئەم کتێبەدا بە ڕوونی ئەم پەیامە دەگەنێت، دەیەوێت ئەو بەستەڵەکەی نێوان ئایینەکان بشکێنێت و لە چەند نوختەیەکدا کە کۆکەرەوەی هەموویان بێت، بیسەلمێنێت کە جیاوازی و لێکدووری لە نێوانیاندا نییە، بەڵکو ئەوە توندڕەوی و پەڕگیرییە کە بووەتە بەربەست و سەرجەم لایەنگرانی ئایینەکانی کردووە بە دوژمنی یەکتر، مادەم خوداوەندە و ڕۆحی پاکژ و چاکەی هەمووان خاڵی کۆکەرەوەی ئایینەکان بێت، کەوایە ململانێی نێوانیان دەستهەڵبەستی خودی ئینسانە، ئینسانێک کە شەیتان دەستی لەگەڵدا تێکەڵ کردووە و لە خشتەی بردووە. ئەم کتێبە وەک هەر کتێبێکی دیکەی ئاسمانی، دەتوانێت هانمان بدات بۆ گەیاندنی پەیامی خۆشەویستی بە هەموو مرۆڤایەتی، ڕۆنانی پرد لە نێوان خودا و ئێمەدا، خاوێنکردنەوەی هەر ژار و ژەهرێک کە زەفەر بە لایەنی ئینسانیمان بدات و وا بکات بمانکات بە کەسێکی شەڕانگێز و ناچیز.

کتێبی “زانست و فەلسەفە ڤیداییەکان” بە زمانێکی ڕەوان و دوور لە هەر تەمومژێکی واتایی، نووسراوە، نووسەر بە شێوەیەکی پوخت و دوور لە ئاڵۆزیی، سەرجەم جومگە گرنگەکانی ئەو کتێبەی بەسەر کردووەتەوە. کتێبەکە لە چوار بەشی گەورە پێک هاتووە، لەناو هەر بەشێک لەم بەشانەدا چەندین ناونیشان و بابەت خراونەتە ڕوو، لەژێر هەر ناونیشان و بابەتێکدا زۆر بە چڕی و ڕوونی و کورتی، مەبەست و نیازی مەسەلەکان شرۆڤە کراون و خوێنەر دەتوانێت هەر لە دەستپێکەوە ئەو متمانەیە دەستەبەر بکات، کە توێژەر وێڕای ئەزموونی قووڵ و جددی خۆی لە بوارەکەدا، هاوکات پاڵپشتی دەیان سەرچاوە و بۆچوونی هەمەلایەن ببینێتەوە، کە بۆ گەیاندن و ناساندنی پەیامەکەی، پشکنیونی و خستوونیەتییە بەردەست.

ئەم کتێبە گەشتێکی ڕۆحییە بەناو ئاییندا، گەشتێکە بە سەرەتایەکەوە دەست پێ دەکات، بەڵام نوختەیەک نییە کە لە کۆتاییدا دانرابێت، بە واتایەکی تر گەشتێکی ناکۆتایە، خوێنەر دەتوانێت بۆ جارێک و هەمیشە لەگەڵ ئەم کتێبەدا بڕوات و لە وێستگە جیاوازەکانی ژیانیدا، بگەڕێتەوە کن پەیامە قووڵەکانی ئەم کتێبە. ڤیدا بە واتای (زانین) دێ، مەبەست لەو تێکستانەیە کە هیندییەکان و ئارییەکان لە مێژوویەکی دێرینەوە لە لایەن ڕیشییەکانەوە وەریان گرتووە و شەریعەت و ڕێگە و فەلسەفەی خۆیان لەسەر بنیاد ناوە. ڤیدا لە گرنگترین ئەو گەنجینانە دەژمێردرێت کە ئێمەی مرۆڤ بە ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاواییەوە پەیمان پێ بردبێت، ئەم گەنجینەیەمان لە کونجە تاریکەکانی مێژووەوە بۆ جێماوە و پاشماوەی ئەو کەسانەشە کە ئەزموونی قووڵی هەقیقەتیان تام کردووە و لەو دەریا بێبنەدا ساڵانێکی زۆر لە مەلە و گەڕاندا بوون بە دوای گەوهەری خۆشبەختیدا، تا دۆزیویانەتەوە و گەیاندوویانە بە نەوەی دوای خۆیان، کە ئێمەین. کتێبەکە لە بنچینەدا بە زمانی سانسکریتی نووسراوە و بۆ سەدان زمانی زیندووی دنیا وەرگێڕدراوە. کتێبەکە بۆ خۆی لە چەند وردەکتێب پێکهاتووە، هەریەکەیان تایبەتە بە لایەنێکی ژیان و جەخت لەسەر بڕگەیەک دەکاتەوە، کە دەتوانین بە پتەوکردنی لایەنی ڕۆحی و جەستەیی ئینسان بیناسێنین.

یەکێک لە دەقەکانی ناو “ڤیدا” کتێبی “ئاریۆڤیدا”یە، ئەم دەقە تایبەتە بە لایەنی جەستەیی و نەخۆشینەکان و چارەسەرکردنیان لە ڕێی خۆراک و گژوگیاوە. لە پاش ئیلاهیات و فەلسەفەی عیرفان، یەکێک لە تەمەندرێژترین و مرۆڤپەروەرترین زانستەکان کە پەیوەندی بە ڤیداکانەوە هەیە، زانستی پزیشکییە. هەڵبەت زانستی پزیشکی بەو مانایە نا کە ئەمڕۆ بەکار دەهێنرێت تەنیا بۆ چارەسەری نیشانەکانی نەخۆشی، بەڵکو زانستی پزیشکی ئەو زانستەیە کە دەکۆڵێتەوە لە ڕێگەچارەی ئەو گرفتانەی دێنە بەردەم مرۆڤ و ئەو خاو دەکەنەوە لە بڕینی ئەو ڕێگەیەی کە دەیگەیەنێت بە شادی هەتاهەتایی و خۆشی ناوەکی و سەرتاسەری، ئەو خۆشییەی کە لە قووڵترین بەشی مرۆڤایەتیمانەوە سەرچاوە دەگرێت. لە ئاریۆڤیدادا گرنگی گیا وەک چارەسەر ڕوون دەکرێتەوە، کە دەتوانرێت وەک دەرمانی هەموو دەردێک بەکار بهێنرێت، لە یەکێک لە ئایەتەکانی “ڕێگ ڤیدا”دا ئاوا نووسراوە: «ئەی گیا ئێوە وەک دایکمان وان/ ئێوە لە سەدان شوێنی جیاجیادا بەدی دەکرێن/ هەزاران چڵ و پۆپتان هەیە، ئەو کارانە زۆرن کە ئێوە لە تواناتاندا هەیە جێبەجێی بکەن/ ئێوە لە هەموو نەخۆشییەک چارەسەرمان دەکەن.» شیاوی باسە پاشتر توێژەر گەڕاوەتەوە سەر “ئاریۆڤیدا” و بە کتێبێکی سەربەخۆ و بە وردی ئەم بەشەی ڤیدای تاوتوێ کردووە.

یەکێک لەو خاڵە درەوشاوانەی ئەم کتێبە لێی دەدوێت، “یەکێتیی بوون”ە، توێژەر بە پشکنینی ئەو ئایینانەی کە ئەم دیاردەیان تێدایە، هەوڵی داوە ڕووبەڕیکی بەرین بسازێنێت، هاوکات لەو ڕووبەرە بەرینەدا بگەڕێتەوە لای “ڤیداییەکان” و ڕوانینی ئەوان بۆ “یەکێتیی بوون” بخاتە بەرچاو. لە بڕگەیەکدا دەربارەی ئەم حاڵەتە، بە زمانێکی ناسکی شاعیرانە، بەم جۆرە تەعبیرە لە یەکێتیی بوون دەکات: «کاتێک دڵۆپێک ئاو دەچێتە زەریاوە دەبێتە زەریا، دڵۆپ لە زەریادا دەتوێتەوە و زەریاش بە هاتنەوەی دڵۆپ شادمان دەبێت و دەوری دەدات و لە خۆیدا دەیتوێنێتەوە. ئیدی نە دڵۆپ دەمێنێت و نە زەریا، یان هەم دڵۆپ بۆ هەتاهەتایە دەمێنێت و هەم زەریاش.» ئەمە لای ئەهلی تەسەووف و پیاوانی عیرفان بە شێوازی تر دەربڕاوە، بۆ نموونە لای مەولانای ڕۆمی بەم جۆرەیە: «کەسێک تینووی ئاو بێت، ئاویش تینووی ئەوە.» یان لە شوێنێکی تردا دەڵێت: «ماسی هەرگیز لە ئاوی زەریا تینووێتی ناشکێ.» دەتوانین هەم دەربڕینەکەی ڤیداییەکان و هەم ئەوەی ڕۆمی و هەم ئەوەش کە لە ئیسلامدا هاتووە بەم جۆرە شرۆڤە بکەین: ئەگەر دڵۆپەی ئاو، یان ماسی دەلالەت بن لە خودی مرۆڤ، ئەوا زەریا دەلالەتە لە خودا، کەسێک کە دەگاتە مەقامێکی بەرزی ڕۆحی، ئیدی هیچ پەردەیەک لە نێوان خودا و ئەودا نامێنێت و وەک دوو ئەڤیندار، دیدار دەکەن. قسەی پوخت ئەمەیە: کاتێک ئێمە پەیوەندی لەگەڵ خودادا دروست دەکەین و خودا بۆ هەمیشە دەدۆزینەوە، ئیدی گرنگ نییە لە مزگەوت بین، یان کڵێسە، یان کەنیشتە و مەعبەدێکی بوودی، خودا لە هەموو جێیەکە، لە گوڵێکدا، لە باڵندەیەکدا، لە گایەکدا، چونکە خودا لە هەموو شوێنێکە، مادەم لە ناخ، ڕۆح و دڵی ئێمەدایە و پەییمان پێی بردووە.

شارەزابوون لە کتێبی ڤیداییەکان دەتوانێت ئاسۆی ڕوانینمان بەرینتر بکات، ئەگەرچی ئێمە سەر بەو ئایینەش نەبین، ئەگەرچی ئێمە پەیڕەویشی لێ نەکەین. توێژەر لە بەشێکدا ئەم خاڵە ڕوونتر دەکاتەوە و دەنووسێت: «ئەم نووسینەی بەردەستت لە چەند ڕوویەکەوە یارمەتیدەری تۆیە. یەکەم تۆ بەرەو کولتوور و فەلسەفە و ڕێگەیەکی نەبیستراو دەکاتەوە. دووەم پێت دەڵێت زۆر نەخۆشی لە وجوودی حەلنەکراوی ئێمەدا بە شاراوەیی هەن. سێیەمیش ڕێگەیەکت نیشان دەدات تا بتوانیت بە کرداری سوودی لێ ببینیت، وەک ڕێگەی یۆگا، سانکهیا، کوندالینی و ئاریۆڤیدا بۆ ساڕێژی دەرد و ئازارەکان و چوونە ناو ئارامی و شانتی دەروونیی. ئەوانەی گەیشتوونەتە ئارامی ناوەکی، هەمیشە تێدەگەن کە هێزە کاریگەرەکانی جیهان لە مەڵبەندی نەبڕاوی ئەو بێدەنگییەوە سەرچاوە دەگرێت.»

لە کۆتایی ئەم کتێبەدا لیستێک لەو ناوە سانسکریتیانە هاتوون کە لە کتێبەدا باس کراون و بەرانبەریان بە کوردی بۆ دانراوە، دواتریش لیستی سەرچاوەکان هاتووە. “زانست و فەلسەفە ڤیداییەکان” کتێبەکە بۆ هەمووان، ڕووی لە دەستەکی دیاریکراو نییە، دەتوانێت لەگەڵ هەموواندا بدوێ و پشوو و ئارامیی ڕۆحی بە دڵە شەکەتەکان بدات، ئەو دڵانەی ماندووی ڕۆتینی کار و ژیانی ئابڵووقەدراوی بەردەم شاشەکانن، ئەم گرنتییەش لە پلەی یەکەمدا بۆ ئەو پەیامە بەرزە دەگەڕێتەوە، کە لە هەناوی دێڕ و مەتنەکەیدا چنراوە و بە زمانێکی خۆڕسک و ساکار، وەک مەل دێت و لەسەر دڵمان دەنیشێتەوە.

ناردن: