خوێندنەوەی چیرۆکی “ئابی و ئەوینەکەی”

Loading

جوان؛ هێندەی ئەڤینی کیژانی گوند

خوێندنەوەی چیرۆکی “ئابی و ئەوینەکەی”

 

بەختیار حەمەسوور

 

کۆمەڵەچیرۆکی “لەگەڵ باراندا ببارێ” هەڵبژاردەیەکی چەند چیرۆکێکی هاوچەرخی فارسییە، وەرگێڕی بە سەلیقە و پەیڤشیرین، خالید فاتیحی ڕاستەوخۆ لە زمانی فارسییەوە کردوونی بە کوردی و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم لە ساڵی ٢٠٢٣دا چاپ و بڵاوی کردووەتەوە. کتێبەکە لە هەشت چیرۆک پێک هاتووە، بەم ناوانە: “مانگا: غولامحسێن ساعیدی، لەگەڵ باران ببارێ: ئەمین فەقیری، ئابی و ئەوینەکەی: ئەمین فەقیری، منداڵی خەڵک: جەلال ئەل ئەحمەد، شەوی بێ سپێدە: عەلی ساڵحی، ئەو بەفرە، ئەو بەفرە نەفرەتییە: جەمال میرسادقی، پیاوە ئێسکە پەیکەرەکە: مەهدی ڕەزایی، دەروازە: ئەبوتورابی خوسرەوی”. ئەم چیرۆکانە نموونەی مشتن لە خەرواری چیرۆکی نوێی فارسی، کە تێیدا هەریەک لەو چیرۆکنووسانە نوێنەرایەتیی بەشێک لەو دەنگانەی چیرۆکی فارسی دەکەن کە لەمڕۆدا دەنووسن. هەڵبژاردنی چیرۆکەکان دەرخەری سەلیقەی وەرگێڕن و ئەگەرچی کەشوهەوا و ئاستی هونەرییان چونیەک نییە، بەڵام دەتوانرێت کۆمەڵێک لایەنی هاوبەشیشیان تێدا بدۆزرێتەوە، کە ڕەنگە زەقترین و بەرچاوترینیان سادەیی بێت لە گێڕانەوە و گرێچندا، کە ڕەنگە هاوبەشێتیی ئەم خاڵە بۆ ڕوودانی شوێنی چیرۆکەکان بگەڕێتەوە، کە بە شێوەیەکی سەرەکی گوند و دیمەنی ڕەنگاوڕەنگی ناو سروشتە. پێچەوانەی بەشێکی زۆر لەو چیرۆکانەی لەمڕۆدا و بە ناوی چیرۆکی نوێی فارسییەوە دەنووسرێن، کە تێیاندا ئاڵۆزیی و ناڕوونییەک بەرجەستە دەکرێتەوە و خوێنەر تووشی مەلەل و سەرلێتێکچوون دەبێت، بنەماکەشی بۆ ئەو نوختەیە دەگەڕێتەوە کە ئەو نووسەرانە بڕوایان بە وەها شێوازێک لە گێڕانەوە هەبێت و پێیان وابێت کە دەبێت چیرۆکی نوێ هەر بەو جۆرە ئاڵۆز و ناڕوونییە بنووسرێت، لە کاتێکدا ئەگەر ئاڵۆزییەکیش هەبێت دەبێت خودی بابەتەکە وەها پێویستییەک دروست بکات، نەک ئەوەی کە چیرۆکنووس بۆ خۆی ئەو ئاڵۆزییە بسازێنێت، کە دواجار ئاڵۆزییەکە دەستهەڵبەت و تەنیاوتەنیا لەپێناو ئاڵۆزیدایە و هیچ زیادەیەک بە داهێنان لە کایەی چیرۆکدا ناکات. هەڵبژاردەی ئەم چیرۆکانە بۆ وەرگێڕان، لە ئاستی ناوەڕۆکدا سادە و ڕەوانن، ئەم سادەیی و ڕەوانییە ڕاستەوخۆ تێهەڵکێشی گێڕانەوە و ئاستە هونەرییەکانی تریش بووە و هەر بەو سادەیی و ڕەوانییەش دەگەنە خوێنەر و چێژێکی تایبەت دەبەخشن بە بەردەنگ. بێگومان گواستنەوەی ئەم دۆخە لە پلەی یەکەمدا بۆ وەرگێڕ دەگەڕێتەوە و خودی فاتیحی لەو ڕووەوە سەرکەوتووانە ئەم گوڵبژێرەی، وەک چەپکێک گوڵی بۆنخۆش پێشکەش بە چیرۆکخوێنانی کورد کردووە.

لەو بڕوایەوە، کە نووسەری ئەمەریکی توبیاس وۆڵف پێی وایە هەر چیرۆکێک دنیایەکی سەربەخۆی خۆی هەیە و گشتبێژیی سەبارەت ئەدەبیات قسەی پووچەڵە، چیرۆکی “ئابی و ئەوینەکەی” هەڵدەبژێرین و هەوڵ دەدەین لەسەر ئەو چیرۆکە هەندێک ئایدیا بچنینەوە.

چیرۆکی “ئابی و ئەوینەکەی” لە نووسینی ئەمین فەقیرییە، کە یەکێکە لە چیرۆکنووسە دیارەکانی فارس، ئەم چیرۆکە تێمایەکی سادەی هەیە و لە گوندێکدا ڕوو دەدات، تێیدا چیرۆکی ئەوینی ژنێک و مامۆستای گوندەکە دەگێڕێتەوە، چیرۆکەکە بە تراژیدیا و نەهامەتی کۆتایی دێت، خەمێک لە دڵی خوێنەردا بەجێ دەهێڵیت، بەڵام کرۆکی ئەم باسە دەبێت گەڕان بێت بە شوێن ئەو ئەفسوونەدا کە: چییە وای کردووە ئەم چیرۆکە سادەیە بەو گێڕانەوە خۆشڕەوتە، ئەوەندە دڵنشین و جوان بێت؟

بەر لە هەر شت، دەبێت ئاماژە بەو پێشکەشکردنە بدەین کە چیرۆکنووس نووسیویەتی: “بۆ: سوهراب سپێهری”، بێگومان “پێشکەشکردن” لە ڕەخنەی نوێدا جێی خۆی هەیە و ڕەخنەگر دەبێت هەڵوەستەی لە بەرانبەردا بکات، ناوی سوهراب سپێهری شاعیر و نیگارکێش لەو چیرۆکەدا، یان پێشکەشکردنی چیرۆکەکە بەو، بێ هۆ نییە و چیرۆکنووسیش هەر لەخۆڕا ئەو کارەی نەکردووە، بۆ کەسێک کە ئاشنای دنیای شیعریی سوهراب بێت کردنەوەی ئەو گرێیە پاش خوێندنەوەی چیرۆکی “ئابی و ئەوینەکەی” کارێکی هێندە زەحمەت نییە؛ سوهراب سپێهری لە شیعرەکانیدا، بێگومان لە نیگارەکانیشیدا، بەردەوام گەڕاوەتەوە سەر ژینگە و سروشتێکی پاک و بێگەرد، کە تێکەڵ بە تاڵە ناسکەکانی ڕۆح و دەروونی خۆیی کردوون و لە فەزایەکی عیرفانیدا پێشکەشی کردووین، دنیای سوهراب سپێهری دنیایەکی بێخەوش و پاکژە، دنیای جوانییە لە بیرکراوەکانە، گەڕانەوەیەکی بەردەوامە بۆ سروشت و جوانیی ڕامنەکراو و نەشێوێنراو، بێگومان گوند و ناو دڵی سروشت و دەوروبەری گوند کانگای ئەو دنیایە شیعرییەی سوهرابن، کە لەوێدا هەڵگۆزتەی جوانییەکان دەکات و بە هەمان خەمڵیوی، دەیانکات بە وێنە و نیگاری شیعری. چیرۆکەکەی ئەمین فەقیرییش لەو ژینگەیەدا دەڕسکێت، ڕێک لەناو ئەو جوانییە بێگەردەدا ڕووداوەکانی دەچنێت، هەر دەڵێیت پێبەپێی سوهراب و دنیا تایبەتەکەی دەچێتە پێشەوە و ئەگەر سوهراب بە شیعر ئەو دنیایەی نەخشاند، ئەوا ئەمین بە چیرۆک سەرلەنوێ ئەو ژینگەیە نیشانگر دەکات و ئەڤینێک تێکەڵ بەو فەزا گوندییە و لە دڵی سروشتێکی هەراودا، پێشکەشمان دەکاتەوە. وێنەی “ئابی”، کە ژنی نێو چیرۆکەکەی ئەمین فەقیرییە و کارەکتەری سەرەکی چیرۆکەکەیەتی، بە سانایی دەتوانین لە شیعرەکانی سوهراب سپێهریدا بیدۆزینەوە، جارێک لە وێنەی خۆشەویستدا، جارێک لە وێنەی دایکدا، جارێک لە وێنەی خوشکدا و جارێک لە وێنەی ژنێکی نەناسراودا دەردەکەوێت و نیگای شاعیرانەی سوهراب بەرەو خۆی وەردەچەرخێنێت. کەوایە بێ هۆ نییە پێشکەشکردنەکە.

چیرۆکەکە بە قاوێک دەست پێ دەکات، کە مەحموود (فەڕاشی قوتابخانە) لە دایکی بیستووە: ئابی حەزی لە مامۆستایە و نێوانیان هەیە. مامۆستا ئاگای لەم باسە نییە، نەک هەر ئەوە، تا ئێستا ئابی نەدیتووە. ئێواران کە وەک خووی هەمیشەیی دەچێتە گەڕان و بە دێدا دەسووڕێتەوە، ڕێی دەکەوێتە کانی و گوێی لە گفتوگۆی ژنێک دەبێت لەگەڵ ژنێکی تر کە لە کانییەوە دەچنەوە: “ئابی، مامۆستا!” ئابی ئاوڕ دەداتەوە، یەک دەبینین؛ نیگایەک و سڵاوێک. خەندەیەکی قووڵ لە ڕووخساردا، “بەژنوباڵا جوانەکەی، کەزییەکانی کە بە پێنج لۆ هۆندبوونەوە، کە دەگەیشتنە سەر پشتێنی.” ئەوە یەکەم بینینە. کێ دەتوانێت عاشقی ئەو جوانییە نەبێت! بەڵام ڕێگەی ئەوین هەمیشە پڕ هەڵەت و نەگەیشتنە، ئابی ژنە و منداڵێکی هەیە و مێردێکیش، وێڕای ئەوەی دۆخی داراییان دا‌غانە و بە کورتی خێزانێکی قەیرانلێدراون.

وەسفی جوانییەکانی چیرۆکنووس بۆ ئابی لەگەڵ وەسفی سروشتی گوندەکە بەردەوام تێهەڵکێش دەبن و ڕەنگ و جوانی لە یەکتر وەردەگرن، خوێنەر لەو نێوانەدا بە وردی هەست بەو ڕایەڵە پتەوەی نێوان جوانیی سروشت و ژن لە چیرۆکەکەدا دەکات، دوو جوانی لە ترۆپکدا، دوو جوانی دوور لە دنیای ژاوەژاوی شار. بەڵام ژیانی گوندیش زەحمەتی خۆی هەیە و ڕەنجێک کە ڕەنگە لەم دوورەوە، لە شارەوە، ئێمە نەیبینین، هەر ئەو سروشتەی کە ڕەنگە بۆ ئێمە خواست و ویست بێت و وەک ئیلهامێک لێی بڕوانین، بۆ گوندنشینێک ڕەنجە و لە بەیانیڕا تاکو سپێدەی داهاتوو ململانێی لەگەڵ دەکات و ڕەنگە لە زۆرینەی جارانیشدا شکست بخوات. ماڵەکان لەبەر زۆری کار، داوا لە مامۆستا دەکەن دەوامی منداڵەکانیان بۆ بکاتە یەک تاق، مامۆستا بەو جۆرە دەکات. مامۆستا کاتی زیاتری هەیە، لەبەر پەنجەرەی ژوورەکەیەوە تەماشای ئاوایی دەکات، تەماشای خەڵک و ئابی.

مێردی ئابی (نازلی) دەگەڕێتەوە، بە کەینوبەینی ئابی و مامۆستا دەزانێت، هەڵدەکوتێتە سەر مامۆستا و پارەی لێ دەسەنێت، هەڕەشەی لێ دەکات، دیارە کە پیاوێکی بەدخوو و خوێڕییە، دەزانێت کە ئابی هاتووە بۆ لای مامۆستا، بۆ قوتابخانەکە، بەڵام وەک ناتوانێت ڕێگری بکات لەو ئەڤینەی کە ڕێوشوێنی خۆی گرتووە، لەو ئەڤینەی کە ترس ناناسێ و لە دڵدا جێگیرە.

لە ئاواییەکەی ئابیدا دووبەریی هەیە، شەڕێکی دێرین، کە ڕەگی داکوتاوە و هەنووکە بووەتە دۆژمنایەتی و هۆکارەکەشی لەسەر ئاوە. چیرۆکەکە لەگەڵ هەڵکشانی ئەوینی نێوان مامۆستا و ئابی، ئەو دووبەرەکییەش نەدیو ناگرێ و لە جێیەکدا، کە دەبێتە خاڵی ڕوودان لە چیرۆکەکەدا، ئەو دوو بەرەیە پێکدا هەڵدەپژێن و ئەوەی کە ڕوو دەدات ڕوو دەدات و سەری ئابی بە قووڵایی چاڵ دەبێت و دەقڵیشێت، مامۆستا شەوەکەی دەچێت بۆ لای، نازلی دەڵێت: “ئێستا ئابی مرد! بۆ تۆیش وا باشترە بچی بە منداڵەکانی خەڵک ڕابگەی.” بەڵام ڕاست ناکات، بەیانی کە خوشکی ئابی دێتە قوتابخانە ڕاستییەکە دەڵێت: “نا مامۆستا، نازلی درۆی کرد، سەرلەبەیانی مرد.”

ڕەنگە بەو جۆرە درامییە کە ئەم خوێندنەوەیەمان هێناوە، ئێرە جێی وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە بێت کە چییە وای کردووە ئەم چیرۆکە هێندە جوان و دڵنشین بێت؟ وەڵامەکە بچووک و ئاسانە، ئەو ڕاستگۆییە سادەیەی نێو دڵی ئابی، ئەڤینە پاکژەکەی، ئەو خەمە قووڵەی کە لە بزەیدا شاردوویەتییەوە، سەرزیندووێتی ئەم چیرۆکەن، ئەم چیرۆکە جوانە وەک هەموو کیژانی گوند، وەک ئەڤینی ڕازداری کیژانی گوند.

ناردن: