دەربارەی کتێبی کێشەی خراپە

Loading

دەربارەی کێشەی خراپە

 

خوێندنەوەی: سەردەم

 

چەمکی خراپە، ئەگەر لە بەرانبەر چەمکی چاکەدا ڕایبگرین، دەبینین مێژوویان کۆنتر لە ئەمڕۆ و ئێستایە و هەر لە سەرەتاکانی ژیانی ئینسان لەسەر زەوی هەردوو ئەم چەمکە دابەزیون و مانایان بە یەکتر داوە، با بۆ ساتێک بیر لە چیرۆکی “ئادەم و حەوا” و هاوکات “هابیل و قابیل” بکەینەوە، بە واتایەکی سادەتر دەرکەوتنی چاکە هەمیشە بیرخەرەوەی خراپە بووە، بە پێچەوانەشەوە، دەرکەوتنی خراپە بیرخەرەوەی چاکە بووە، واتە ئێمە هەرگیز یەک لەم دوو چەمکەمان وەک کردار لە هیچ بڕگەیەکی مێژوویی و جوگرافیدا ئەزموون نەکردووە، بەڵکو پێبەپێی یەک هەبوون و دەتوانین بڵێین مانای تەواوەتیشیان هەر لە یەکدی وەر گرتووە.

بە درێژایی مێژووی نووسین و بیرکردنەوە، زۆر قسە و وتە و تیۆر دەربارەی چەمکی چاکە و خراپە هاتووەتە باسکردن، ڕەنگە جیاوازیی نەریت و کولتوورەکان جۆرێکی لە ڕوانینی جیای دابێت بە هەر یەک لەم دوو چەمکە، مەبەستمان لەوەیە کە دەکرێت شتێک لێرە، کردارێک، ئەخلاقیاتێک و قسەیەک بە کردن یان گوتنی لە لایەن کەسێکەوە، کەسەکە بکەوێتە بازنەی خراپەوە، بەڵام ڕەنگە هەر ئەو کردار، ئەخلاقیات و قسەیە لە وڵاتێکی تر و کولتوورێکی دیدا، بە چاکە لە قەڵەم بدرێ. لەگەڵ ئەو جیاوازییانەشدا دەتوانین بڵێین لە تەواوی دنیادا کۆمەڵێک پرسی گەوهەری و ئینسانی هەن کە کۆی مرۆڤایەتی لەسەر ئەوەی کە چاکەن یاخود خراپە، یەکلایی بووەتەوە. بۆ نموونە: “پرسی کوشتن” پرسێکە ئەمڕۆ لە تەواوی دنیادا بەربڵاوە، هەموو ناوەند و شوێنەکانی تایبەت بە ئەمنییەت و حاکمییەت لە هەوڵی بنبڕکردنی ئەو دیاردەیەدان، چونکە هەموو کۆکن لەسەر ئەوەی کە “کوشتن” کارێکی خراپە، کارێکی قێزەون و دژ بە هەموو بەها ئینسانی و گەردوونییەکانە. ڕەنگە هەریەک لەم دوو چەمکە، لە ڕواڵەتدا سانا دەربکەون، بەڵام هێجگار ئاڵۆز و پێچاوپێچن، بۆیە سەرجەم زانست و ئاستە مەعریفییەکان لە هەوڵدا بوون، یان لە هەوڵدان بۆ ئەوەی چوارچێوەیەک و ئایدیایەک بەم دوو چەمکە بدەن، ڕەنگە زیادەڕۆیی نەبێت ئەگەر بڵێین کۆی قسەکان لە هەر بوارێکدا بێت، دواجار بچنەوە سەر چەمکی چاکە و خراپە، هەر لەبەر ئەم هۆکارانەیە کە ئەم دوو چەمکە بەردەوام بانگیهێشتی سەر مێزی دیالۆگ و دێڕی ناو لێکۆڵینەوە و کتێبەکان دەکرێنەوە، هەرجارەو لە گۆشەیەک و دەرچەیەکەوە لە هەریەکەیان دەڕوانن و بەردەوامیش باسەکان ناگەن بە دوانوختە و بەستران، لەبەر هۆیەکی سادە، کە دەگەڕێتەوە بۆ سروشتی دوو چەمکەکە، کە ناگەن بە کۆتایی و درێژەیان هەیە.

کتێبی “کێشەی خراپە” لە نووسینی توێژەر و نووسەر “دڵشاد حامید دەروێش”، ئەگەرچی کتێبێکی بچکۆلەی گیرفانییە و ژمارەی لاپەڕەکانی کەمتر لە سەد لاپەڕەن، بەڵام کتێبێکی بەنرخ و گرنگە، لەم کتێبەدا تەوەرەی سەرەکی “خراپە”یە، بەڵام ئەگەر ورد بینەوە، دەبینی لە هەر جێیەکدا باس لە “خراپە” دەکرێت، “چاکە”ش ئامادەیی هەیە، هەتا ئەگەر وەک وشەش نەنووسرابێت و دەرنەبڕابێت، ئەمەش دەرخەری ئەو پەیوەندییە توندوتۆڵەیە وا لە سەرەتاوە لە نێوان ئەم دوو چەمکەدا باسمان کرد. لە کتێبی “کێشەی خراپە”دا کۆمەڵێک پرسی گرنگ و ئەمڕۆیی جووڵێنراوە، هەوڵدراوە بە زمانێکی دوور لە ڕیتۆریک و پەخشانی لێڵ و ئاڵۆز، ئایدیاکانی خۆی دەرببڕێت، ئەوە جیا لەوەی کە کتێبەکە و خودی وتارەکانیش بە فۆرمێک نووسراون کە فۆرمی دابەشکردنە بەسەر پاژی بچووک بچووکدا، ئەمە هەم هەناسەیەک بە خوێنەر دەدات، هەمیش باشتر پەیوەندیی لەگەڵ ئایدیای گشتی پشت کتێبەکەدا دەبەستێت.

کتێبەکە جیا لە “چەند پەیڤێکی پێویست” کە وەک پێشەکی دانراوە، لە پێنج بەش پێک هاتووە، بەم ناوانە: “سپێشیزیزم، ئایشمان لە کوردستان، بۆچی لاوکۆن هاوار ناکات؟، لە بارەی نەمرییەوە و کێشەی خراپە” نووسەر هەوڵی داوە چەقێک بۆ هەریەک لەم وتارانە بدۆزێتەوە، چەقێک ئەگەر تەواو دیار و زەقیش نەبێت، بەڵام هەست بە بوونی بکرێت، ئەو چەقەش چەمکی “خراپە”، هەریەک لە وتارەکان بە جۆرێک لە جۆرەکان ڕووگەیان بەرەو خراپە کردووە، لە “خراپە”یەک دەدوێن، کە لە بازنەی تاک دەردەچێت و دەچێتە پانتایی گشتییەوە، کۆمەڵێک پرسن، لە پرسی تاکەکەسییەوە دەبنە پرسی هەموانەکی، هەر ئەمەشە وا دەکات کە کۆی وتارەکان وەک زنجیرەیەکی پێکپەیوەست تەماشا بکرێن، لەگەڵ ئەوەی بابەتەکانیان جۆراوجۆر و چەشناوچەشنە، بەڵام هەموویان لەوەدا کە لەژێر چەتری “خراپە”دا جێیان گرتووە، یەک دەگرنەوە. بە خوێندنەوەی تەواوی کتێبەکەش ئەو ئایدیایە زیاتر ڕوون دەبێتەوە کە نووسەر لە کۆکردنەوەی ئەم وتارانەدا مەبەستێکی هەبووە و هەر ئەوە نەبووە کە چەند نووسینێکی پێشتری خۆی لە فەوتان بپارێزێت.

لێرەدا ناچینە وردەکاری و خوێندنەوەی یەک بە یەکی وتارەکانی کتێبی “کێشەی خراپە”وە، ئەوە خوێنەر با خۆی بگاتە کتێبەکە و وردەکارییەکان ببینێتەوە، بەڵام خاڵێک کە گرنگە و لە کۆی وتارەکاندا ئامادەیی قورسی هەیە، ڕوانینی نووسەرە بۆ “چەمکی خراپە” لە هەردوو گۆشەنیگای “ئایین و فەلسەفە”وەیە، ئەمەش هەر لە دێڕە یەکەمینەکانی سەرەتای کتێبەکەوە درێژ دەبنەوە و تاکو کۆتادێڕەکانیش بەردەوامییان دەبێت. ئەمە کارێکی زۆر هەمەلایەنی داوە بە کتێبەکە، بەوەی کە دەروازەیەکی بەسەر ئایدیاکانی کتێبەکەدا کردووەتەوە فرەڕەهەندتتر ببینێرێن و بخوێنرێنەوە، بێگومان لە ناویاندا شاتەوەرەی “خراپە”، نووسەر بە مەبەستی بە دەستهێنانی واتایەکی ڕۆشن ئایینە جیاوازەکان و بۆچوونەکانیان وەردەگرێت، فەلسەفەی کۆن و نوێ دەور دەکاتەوە، جارجار ئاوڕ بۆ نیگارکێشی و ئەدەبیاتیش دەداتەوە، لە زمانێکدا کە لە نێوان زمانی ژوونالیستی بەڵگە و داتا و زمانی ئەکادیمیدا باز بازێن دەکات، لە هەندێ جێشدا زمانەکە ئەدەبی دەبێتەوە، هەستی خوێنەر دەبزوێنێت، بە گشتی کتێبەکە ئارام و لەسەرخۆ دەتباتە ناو پانتاییەکی ئاڵۆز و توێ ‌توێوە، بەڵام دواجار خوێنەر کە کتێبەکە دادەخات، دەستبەتاڵ لێی ناکشێتەوە، بەڵکو زەینی بەرەو کۆمەڵێک پرس دەجووڵێت، ئەگەر بە شوێنیاندا بڕوات و قووڵ بێتەوە لێیان، دوور نییە بەشێکی زۆر لە بیروڕا و چاوقایمی پێشووی، هەڵبگەڕێنەوە.

ئەگەرچی نووسەری کتێبی “کێشەی خراپە” ڕێزبەندی وتارەکانی وا داناوە کە سەرەتا وتارە کورتەکان بن و ئەوان بخوێنرێنەوە، خودی وتاری “کێشەی خراپە” کە بووە بە ناوی کتێبەکەش، لە دواوتاردا دایناوە، بەڵام ڕەنگە باشترین خوێندنەوەی ئەو کتێبە ڕێک لە دواوتارەوە، واتە وتاری “کێشەی خراپە”وە بێت، ئەم وتارە نیوە زیاتری کتێبەکەی داگیر کردووە، دەتوانین بڵێین یەک لە وتارە گرنگەکانە، کە پشکنین و وردبوونەوەیەکی ناوازەی بۆ چەمکی خراپە کردووە، ئەگەر لە وتارەکانی پێشوودا باس لە “کردەی خراپە” بێت، ئەوا لەم وتارەدا “چەمکی خراپە” خراوەتە بەر باس، یان بڵێین “خراپە” وەک “چەمک” ناسێنراوە، بۆیە زۆر گرنگە ئەگەر خوێنەر سەرەتا چەمکی خراپە بناسێت، پاشتر لە گوزەری وتارەکانی ترەوە، بەر کۆمەڵێک کرداری خراپە دەکەوێت، کە هەم کرداری لۆکاڵین هەمیش جیهانین.

ئەم کتێبە و هاوچەشنی ئەم کتێبە، بۆ ئێمەی کورد زۆر جێبایەخن، ئێمە لە زۆر بڕگەی مێژووییدا و زۆر بە قووڵی بەر “خراپە” کەوتووین، ئەویش لە لایەن دەسەڵات و دیکتاتۆرە نزیک و هاوسێکانمانەوە، جیا لەوە لە لایەن هاوزمان و هاوخوێنەکانمانەوە، بەڵام گرفتە سەرەکییەکە ئەوە بووە کە نەمانتوانیوە ئەو “خراپانە” بخوێنینەوە، بزانین چییەتییەکەیان چۆنە، چۆن دەکرێ بگۆڕدرێن و لێیان دەرباز بین، لە کتێبی “کێشەی خراپە”دا پەیوەست بەم باسە، وتارێکی سەرنجڕاکێش هەیە، کە باس لە کوردەکانی “سوارەی حەمیدییە” دەکات لە سەردەمی عوسمانییەکاندا، دەستی ئەمان لە قڕکردنی ئەرمەنییەکان، ئەمە پرسێکی زۆر گرنگە، چونکە بۆ دواتریش شۆڕ دەبێتەوە و بە جۆرێک دەبێت بە بەشێک لە مێژووی ئێمە، ئەو بەشەی مێژوو کە ناشیرین و قێزەونە. ئەم کتێبە هەوڵێکی گرنگە، بەڵام ئەم باسە زۆر زیاتر لە کتێبێک و دوو کتێب هەڵدەگرێ، دەتوانرێ لە چەندین گۆشەی تر و خاڵی ترەوە لێی بکۆڵرێتەوە و ئاسۆی بینین و بیرکردنەوەمان بەسەردا بەرینتر و ڕوونتر بکاتەوە.

ناردن: