لە دەفتەری فەلسەفەوە

ئاوات ئەحمەد سوڵتان دەینوسێت

(١٠)

تووڕەیی ئەکیلیس

دەستەواژەی ‘تووڕەیی ئەکیلیس’ ئاماژەیە بۆ بیرۆکەی سەرەکی ناو داستانی ‘ئیلیاد’ی هۆمیرۆس. ئەکیلیس پاڵەوانی جەنگی ‘ترۆی’یە هێزێکی ئەفسانەیی هەیەو زۆر دلێر و زۆریش شارەزای هونەرەکانی جەنگە. چیرۆکەکە لەوێوە دەستپێدەکات کە ئاگامەمنونی سەرکردەی هێزەکانی ئەسینا کە گەمارۆی شاری ؛ترۆی’یان داوە، سووکایەتی بە ئەکیلیس دەکات و ئەویش لە جەنگەکە دەکشێتەوە. دوای کوژرانی پاترۆکلەس، بە غەزەبێکی زۆرەوە دەگەڕێتەوە بۆ شەڕگە و هیکتۆری پاڵەوانی ‘ترۆی’یەکان دەکوژێت و ئەسیناییەکان سەردەکەون و لە کۆتاییدا خۆشی دەکوژرێت. تووڕەیی ئەکیلیس ژمارەیەک چەمک و مانای قووڵ سەبارەت بە سروشتی مرۆڤ و بەها ئاکارییەکان و ئاکامەکانی هەڵچوون و هەژان، لەخۆ دەگرێت. دەتوانین لەم تووڕەییەوە بڕوانینە سروشتی مرۆڤ و لە ئاکامەکانی هەستوسۆزە لەکۆنترۆڵ دەرچووەکان بکۆڵینەوە، درک بە پەیوەندیی ئاڵۆزی نێوان شەرەف و شانازیی بکەین.

یەکێک لە لایەنە هەژێنەرو سەرنجڕاکێشەکانی داستانی ئیلیادەی هۆمیرۆس، ئەوەی گوڕوتینێکی زیاتر دەداتە ڕەوتی ڕووداوەکان و بەرەو ترۆپکیان دەبات، تووڕبوونی ئەکیلیسی پاڵەوانە؛ کە هەر لە سەرەتاکانی داستانەکەوە خۆی نمایش دەکات‌:

خواوەندی شیعر گۆرانیم بۆ بچڕە،

باسی تووڕەیی وێرانکەرانەی ئەکیلیسی کوڕی پیلیۆسم بۆ بکە،

کە نەهامەتییەکی بێشوماری بەسەر ئاخیاییەکاندا هێنا

ڕۆحی گەلێک لە جەنگاوەرە بەجەرگەکانی ڕەوانەی هەیدیس کردو

لاشەکانیانی دەرخواردی سەگ و قەل و داڵ دا

ئیلیادە دامەزرێنەری ژانری داستانە، ستانداردی هەموو داستانەکانی ترە، ڕەنگە زێدەڕۆیی نەبێت ئەگەر بڵێین هەموو داستانەکانی دواتر لە پەراوێزی ئیلیادەدان. ئیلیادە خۆی لەخۆیدا شانۆیەکە بۆ خورپە و هەست و سۆزە مرۆییەکان، بیرکردنەوەیە لە چارەنوس، لە ماناکانی ململانێ و دژایەتی و هاوپەیمانێتی و… هتد. ئەم داستانە تەرکیزی لەسەر کێشە و تێڕامەنە ئۆنتۆلۆژییەکانی مرۆڤە. لێوانلێوە لە چێژی ئاکاریی و ئیستاتیکایی، دەمانخاتە بەردەمی مانا باڵاکانی ئەو چەمکانە. ئەم داستانە دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی پێش تێکستی نوسراو، لەگەڵ ئەوەشدا هەرجارێک دەیخوێنینەوە گۆشەنیگایەکی نوێمان پێدەبەخشێت و جۆرێکی دیکەی جیهانبینیمان بۆ نمایش دەکات، دەمانخاتە سەر دووڕیانەکانی بیرکردنەوە لە نەمریی‌و فانیبوون، جیاوازیی نێوان خواوەندە سەرمەدییەکان و مرۆڤە مەرگبارەکان. بەتایبەتی کە لەگەڵ ئەکیلیس و هیکتۆردا ئەزمونی مەرگی پڕ لە توندوتیژی دەکەین و ئەزمونێکی ئەبەدییانەی جەنگ و پرسیارەکانی لە پێشچاومان نمایش دەکرێت.

سەرەکیترین کارێک کە ئەلیادە ئەنجامی دەدات، دروستکردنی هەستی سەراسیمەبوون و سەرسوڕمانە لەناخی ئێمەدا، پاشانیش وامان لێدەکات پرسیارە گەردونییەکانی لەمەڕ ماناکانی ژیان و هۆیەکانی بەزیندوویی مانەوەو مەرگ وەک کۆتاییەکی ترسناک، بەرزبکەینەوەو بەدوای ماناکانیاندا بگەڕێین. لەپاڵ جۆرەها پرسیاری دیکە لەبارەی دادپەروەریی‌و هاوڕێیەتی و تۆڵەسەندنەوەو چارەنوس و گەلێک پرسیاری دیکەدا کە لەگەشتی خوێندنەوەی داستانەکەدا ڕووبەڕوویان دەبینەوەو نەخشی خۆیان لەسەر جیهانبینی و بیرکردنەوەمان دادەنێن.

لە ئیلیادەدا ڕووبەڕووی تایپێک لە قارەمان دەبینەوە لەوپەڕی کامڵیدا، قارەمان بە کۆی ئەو مانایانەوە کە ئەو وشەیە دەتوانێت لەخۆیدا کۆی بکاتەوە، لەوێوە تا سەرەتاکانی سەردەمی مۆدێرن هەر کە ناوی قارەمان دەهات، یەکسەر هەردوو پاڵەوان ئەکیلیس و هیکتۆرمان دەهاتەوە یاد. هۆمیرۆس بەجۆرێک ئەم دوو کەسایەتییەی داڕشتووە کە کردوونی بە ئارکیتایپ و دواتر کۆی قارەمانەکانی وێنەیان لەم دووانە گیراوەتەوە.

ئەکیلیس کوڕی پیلیۆسی پادشای تیسالی و تیتیسی پەری دەریایە، باوکی مردەو دایکی نەمرە. بەتواناترین و بوێرترین پاڵەوانی یۆنانی دێرینە، هۆمیرۆس زێدەڕۆییەکی زۆر لە تواناو لێهاتوویی ئەکیلیسدا دەکات و دەیباتە ترۆپک، بەتایبەتی کە تووڕە دەبێت، ئیتر لە درنجێكی تێکشکێنەر دەچێت. هەر بۆیەشە بە بەراورد لەگەڵ ئاگامەمنون و پادشاو پاڵەوانەکانی تردا، کە بەشداریی جەنگی ترۆییان کردووە، وەک کەسایەتییەکی کێویی‌ و پڕ لە هەست و پاڵنەری ئاژەڵییانە دەردەکەوێت و کاتێکیش تووڕە دەبێت، مۆرکێکی ئەفسانەییانە وەردەگرێت.

تووڕەیی (هاومانایەکی زێدەڕۆیی تێداکراوی لە زمانی کوردیدا، وشەی ‘غەزەب’ە، ئەسڵەکەی دەگەڕێتەوە سەر زمانی عەرەبی) یەکێکە لە چەمکە بنەڕەتییەکانی ئەم داستانە، کە لەدواجاردا دەرەنجامی جەنگی ترۆی دەستنیشان دەکات و کۆتاییەکەی بە وێرانکردنی شارەکە و کوژرانی ئەکیلیسیش دێت، کە بابەتی ئەم وتارەیە. هۆمیرۆسیش بەشێوەیەکی زۆر تایبەتی گرنگیی پێداوە، کە لە خوێندنەوەیەوە تێدەگەین کە تووڕەیی پاڵەوان جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ تووڕەیی خەڵکی ئاسایی و بەتایبەتی سەرکردەی سەربازی و سیاسەتمەدار هەیە. هیکتۆریش تایپێکی دیکەی قارەمانە، بەڵام قسەکردن لەبارەی ئەوەوە لێدەگەڕێین بۆ دەرفەتێکی دیکە.

تووڕەیی هەست‌و سۆزە، تێکەڵەیەکە لە باوەڕ و ئارەزوو. واتە هەم باوەڕبوون بە پێویستیی داکۆکییکردن لە بەهایەک یاخود تۆڵەکردنەوە بۆ لەکەدارکردنی بەهایەکی تێدایە کە بەلای خودی تووڕەوە زۆر گرنگە، هەم خواستێکە، ئارەزوویەکە بۆ ڕاستکردنەوەی بارێک، ڕەوشێکی دەرونیی، بەو بارەدا کە لە دیدی کەسە تووڕەکەوە دەبێت وابێت… بەکورتی تووڕەیی پاڵەوان (کە لە ئیلیاددا ئاماژەی بۆ کراوە) تووڕەییەکە بۆ دەربازبوونە لەوەی هەیە بە مەبەستی گەیشتن بەوەی دەبێت ببێت.

تووڕەیی غەریزەیەک یان دیاردەیەک نیە وەک هەستی برسێتی یان تینوێتی، گەرچی زۆرجار لەرزین و هەستکردن بە وشکبوونی ناودەمیشی لەگەڵدایە. هەر بۆیە ئەرەستۆ پێناسەی دەکات بەو “ئارەزووەی هاوڕێیە لەگەڵ ئازاردا”، بۆ هەوڵدان بۆ تۆڵەکردنەوە یاخود بۆ پەلاماردان. سوکایەتی پێکردن بزوێنەری سەرەکی تووڕەییە، کە پێوەستە بە نیکی (ئارێتێ) و شەرەف (تیمێ)وە. کاتێک وەها مامەڵە لەگەڵ کەسێک دەکرێت کە لەئاستی خۆیدا نیە، یان شایستەی ئەوە نیە وەها مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، تووڕەیی سەرهەڵدەدات. بەڵام تەنها ئەوانە تووڕە دەبن کە خۆیان بە شەرەفمەند یان شکۆدار دەزانن. هەربۆیە ئەرەستۆ (لە ئاکاری نیکۆماخی)دا، ڕاشکاوانە ئاماژە دەکات بۆ ئەوەی کەسی میانڕۆی خاوەن میزاجی چاک، دەتوانێت تووڕە ببێت، بەڵام تەنها لەو کاتانەدا کە پێویست دەکات.

کۆمەڵگای هۆمیرۆسی، ئەو ژینگەیەی لە ئیلیاددا باسکراوە؛ کۆمەڵگای خێڵ و هۆزە پەلاماردەرو جەنگاوەرەکانە. جەنگ لەو کۆمەڵگایەدا شتێکە کە بەشێوەیەکی حەتمیی ڕوودەدات، یەکێکە لەمەیدانەکانی شانازیی کردن و پیشاندانی دڵسۆزیی و وەفاداریی بۆ شار. لەوێدا توانا سەربازییەکان و گوڕو تینی هەڵسوڕان لەگۆڕەپانی جەنگدا، سەرتۆپی شکۆدارییەکانە، لەپاڵیشیدا شەرەفمەندی مانای دڵسۆزی و وەفاداریی بۆ هاوڕێیان و هاوپەیمانان دەگەیەنێت. تووڕيیی هەردوو کردەکە لەخۆدەگرێت: تێکەڵەیەکە لە نمایشکردنی توانای سەربازی و هەستی وەفاداریی: خستنەڕووی گوڕو تینی جەستەییە بۆ ئەنجامدانی کردەی کوشندە، کە زۆرجار هۆی بنەڕەتیی سەرکەوتنە لە مەیدانی جەنگدا.

لەو کۆمەڵگایەدا، جەنگاوەریی، توانای هەڵگرتنی چەک، یەکێکە لە مەرجە سەرەکییەکانی هاوشاریی بوون (هاوڵاتیبوون بە مانا مۆدێرنەکەی) ئەوەی نەتوانێت بەشداریی جەنگ بکات، مافی هاوشارییبوون دەدۆڕێنێت. هەربۆیەشە هەمیشە لەباسکردنی پیاوە گەورەکاندا، قسە لەسەر هەڵوێستەکانیان و خۆڕاگرییەکانیان لە بەرەکانی جەنگدا دەکرێت. ڕەنگە سۆکرات باشترین نمونە بێت لەبەردەستماندا، دەبینین زۆرێک لەوانەی لەبارەیەوە دواون باسی جوامێریی و خۆڕاگریی ئەویان لە کاتی جەنگداو بەهاناچوونی هاوشارییە جەنگاوەرەکانی کردووە.

هەر وەک لەناونیشانەکەوە دیارە، ئێمە باس لە تووڕەییەکی تایبەت، هەروەها کەسێکی تایبەتیش دەکەین. لەڕەوتی داستانەکەداو لە ئەنجامی پەلامارو هێرشی هێزی یۆنانییەکان بۆ سەر شاری ترۆی، ئافرەتێک دەکەوێتە لای ئەکیلیس، بەڵام ئاگامەمنون لێی زەوت دەکات، بۆیە ئەکیلیس هەموو گیانی پڕ دەبێت لە تووڕەیی، هەست دەکات سوکایەتی پێکراوە، لە پێگەی کەمکراوەتەوە. دواتر ئاگامەمنون هەست بەهەڵەی خۆی دەکات و هەوڵ دەدات قەرەبووی بۆ بکاتەوە، بەڵام تووڕەیی ئەکیلیس گەیشتۆتە ڕادەیەک کە دەسپێشخەرییەکە ڕەتدەکاتەوە. ئەمە هەڵەیەکی کوشندەیە لەلایەنی ئەکیلیسەوەو باجەکەشی زۆر بە قورسی دەدات: لەدەستدانی نزیکترین هاوڕێی (پاترۆکلوس). هاوکات پاساویشی هەیە، پرسەکە هەستکردنە بە سوکایەتیپێکران و نادادپەروەریی؛ ئەم هەستە بەڕادەیەک برینداری دەکات کە لە مەیدانی جەنگ دەکشێتەوە و بیر لە گەڕانەوە دەکاتەوە، وەک پڵنگێکی بریندار لەناو چادرەکەیدا گینگڵ دەدات. تا کوژرانی پاترۆکلوس هەموو دیمەنەکە دەگۆڕێت و ئاڕاستەی تووڕەییەکەی ئەکیلیس دەگۆڕێت.

ئەکیلیس، ئەگەر توانیبێتی لە تووڕەیی یەکەمیدا دان بەخۆیدا بگرێت و کردەیەکی نەشیاو ئەنجام نەدات، ئەوە لە تووڕەیی دووهەمیدا لە قاڵبە مرۆییەکەی دەچێتە دەرەوەو دەگۆڕێت بۆ جانەوەرێکی تێکشکێنەر و ئیتر هیچ گرنگییەک نادات بەوەی خەڵکانی دیکە چەند ئازار دەچێژن و گوێش ناداتە بانگ و تکای ئەوان بۆ بەزەیی. بەشێوەیەکی زۆر دڕندانە هیکتۆری پاڵەوانی ترۆی دەکوژێت و ڕەفتارێکی زۆر قێزەوون لەگەڵ لاشەکەی دەکات. ئەم ڕەفتارە لە ناخی ئەکیلیسدا هاوتای ئەو هەستکردنەیە بە شکاندنی کەرامەت کە لەناخی خۆیدا هەستی پێدەکات، دوای ئەو ڕەفتارە نادادپەروەرانەیەی ئاگامەمنون بەرامبەری کرد. ئەو لەناوە بریندارە و تەقینەوەی دڵێکی برینداریش زۆر مەترسیدارە. هۆمیرۆس وانەیەکی ئاکارییمان پێدەڵێت: بەخۆنازینی زۆر ئاکامی زۆر مەترسیداری لێدەکەوێتەوە. ئەگەر سەرنجێکی چواردەوری خۆمان بدەین، لە ئاستەجیاجیاکانی دەسەڵاتدارێتیدا دیاردەی لەمجۆرە زۆر دەبینین.

بەڵام ئەو ڕێوشوێنانەی دەگیرێنە بەر بۆ بەخاکسپاردنی پاترۆکلوسی هاوڕێی، ئارامی دەکاتەوەو دەگەڕێتەوە بۆ قاڵبە مرۆییەکەی خۆی و دیسانەوە بەهاو ئاکارەکانی پاڵەوانی لێ دەردەکەونەوە، ئیتر ئامادەیی پیشان دەدات بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی هیکتۆر بۆ کەسوکارەکەی تا لە ڕێوشوێنێکی شایستەدا تەسلیمی خاکی بکەن.

ڕەوتی ئەم ڕووداوانە، ئەو پارادایمە هۆمیرییە پێکدەهێنن کە بۆ ئەنجامدانی شتەکان سازی کردووە: لە ئاکامدا کارەکان بە دروستی ئەنجامدەدرێن… سەرەکیترین خاسییەتی ئەم پاردایمە لەوەدایە کە پێویستە پاڵەوان توانای ئەوەی هەبێت کۆنترۆڵی تووڕيیی خۆی بکات، ئەوەی لەبیر نەچێتەوە کە ئەو بوونەوەرێکی فانییە و ئەگەری ئەوەی ئازار بچێژێت، زۆرە.

ئەمە وانەیەکی قورس بوو بۆ ئەکیلیس، بۆیە کاتێک کە پادشا پریامی باوکی هیکتۆر بۆ تکاکردن دێتە لای، بیر لەباوکی خۆی دەکاتەوەو دڵی نەرم دەبێت تا تکاکەی لێ قبووڵ بکات. هۆمیرۆس ڕۆشناییەکی زۆری خستۆتە سەر دیمانەی نێوانیان.

ئەگەر لەم گۆشە نیگایەوە ئیلیاد بخوێنینەوە، دەبینین ئەم تێکستە قسەکردنە لەبارەی گەشەکردنی ئاکارەکان و پەروەردەکردنی پاڵەوان. ڕووداوە تراژیدییەکان لە چەند خاڵێکدا چڕکراونەتەوە: کوژرانی پاترۆکلەس و تۆڵەکردنەوە لە هیکتۆرو هاتنی پادشا پریام… ئینجا دوای ئەمانە هێوربوونەوەی ئەکیلیس و نەرمبوونی کردارو گوفتاری و هەڵگرتنەوەی بەها بنەڕەتییەکانی پاڵەوان. ئەمەش وێنە جوانەکەی پاڵەوان نمایش دەکاتەوە، بەجۆرێک سۆکراتیش لەکاتی دادگاییکردنەکەیدا، خۆی بە ئەکیلیس دەشوبهێنێت.

داستانەکە پێمان دەڵێت ئاگامەمنونیش هەر تووڕەیە، بەڵام جیاوازییەکی زۆر لە نێوان تووڕەیی نەجیبانەی ئەکیلیس و تووڕەیی بازاڕییانەی ئاگامەمنوندا، هەیە. یەکەمیان پاڵەوانێکی خاوەن بەهای ئاکاریی نەگۆڕ و تایبەت بە خۆیەتی، بە کورتی پیاوی ئاکاری باڵایە. دووهەمیشیان سەرکردەیەکی سەربازییە، کەسێكە لە مەیدانی جەنگدا ڕۆڵی هەیە، پیاوی سیاسەتە و بەها ئاکارییەکان لای ئەو قابیلی گۆڕانن و بە ئاسانی دەتوانێت جێگۆڕکێیان پێ بکات. ئەمە لەلایەک، لەلایەکی تریشەوە تووڕەییەکەی ئەکیلیس بەهۆی سوکایەتییەکەوەیە کە لەلایەن ئاگامەمنونەوە پێی کراوەو دەستی بردووە بۆ ئەو بەهایانەی لای ئەو پیرۆزن، شکۆداریی و شەرەفمەندیی پاڵەوانانەی ئەوی لەکەدار کردووە، بەڵام تووڕەیی ئاگامەمنون بەهۆی گوێڕایەڵنەبوونی ئەکیلیس بۆ فەرمانەکانی و کشانەوەی لە مەیدانی جەنگ بووە. بۆیە تووڕەییەکەی ئەکیلیس لە مەزنییەوەیەو پێویستی بەهۆی تایبەت و گرنگە بۆ ئەوەی ڕووبدات، بەڵام ئەوەی تریان تووڕەییەکی ئاسایی ڕۆژانەی ژیانی مرۆڤە ئاساییەکانە، کە دەشێت بەهەر هۆیەکەوە بێت بتەقێتەوە.

بەدڵنیایی، گەرچی هەردوو تووڕەبوونەکە بەشێکیان لەناو سایکۆلۆژیادا هەیە، بەڵام دوو جۆری زۆر جیاوازن لە تووڕەیی.

تیۆرەکانی کولتوور لە سەدەی بیستەمدا

ڕانانی: سەردەم

یەکێکی دیکە لە کتێبە ناوازەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، لە بواری توێژینەوەی فەلسەفیدا، بریتییە لە کتێبی (تیۆرەکانی کولتوور لە سەدەی بیستەمدا) ڕووناکبیر و بیرمەندی گەورەی عەرەب (د. حسێن بەشیرییە) نووسیویەتی و لە لایەن نووسەر و ڕووناکبیر و وەرگێر (د. مەنسوور تەیفوری) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش، وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکان بەردەستە.

بابەتەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە بریتین لە کۆمەلێک وتار و هەر یەک لە وتارەکان چەند ناونیشانێکی سەربەخۆی خۆیان هەیە: تیۆرییە مارکسیستییەکانی کولتوور و کولتووری جەماوەری، گرامشی و تیۆری هێژمۆنیی کولتووری، ڕێبازی لویس و بەئەمەریکیبوونی کولتوور، کولتووری جەماوەری لای ئۆرتیگا یی گاسێت، بنەماکانی بیری پاشبونیادگەری و پاشمۆدێرنیزم، ژان بۆ دیار و تیۆری کولتووری پاشمۆدێرن، ڕەخنەی فێمێنیستیی کولتوور و میدیاکانی کولتووری جەماوەری و چەندنین ناونیشانی دیکە.

هەر وەک خودی دکتۆر حسێن بەشیرییە لە پێشەکیی کتێبەکەدا خستوویەتیە ڕوو، بابەتی سەرەکیی توێژینەوەکەی، لێکدانەوەی ئەو تیۆرانەی کولتووری جەماوەری مۆدێرنە کە لە سەدەی بیستەمدا پەرەیان گرتووە، پانتایی توێژینەوەکەیان بەشێکی بچووکی بواری بەربڵاوی خوێندەوەی کولتووری  پێک دێنێ، کە بابەتەکەی خوێندنەوەی کولتوورە وەک کۆمەڵەیەکی ڕێکخراوی نۆرم، بەها و ڕێسا، خەڵک، کەم تا زۆر هۆشیارانە، یان ناهۆشیارانە، بەپێی وەها کۆمەڵەیەک دەژین: لە مانایەکی بەربڵاوتردا، کولتوور سەرجەم بەرهەم و بەرهەمهێنانی مرۆییە بەرامبەر پرۆسە و بەرهەمهێنانی سروشت، ئەگەر پەرە بەم واتایەش بدەین، سرووشتیش دەبێتە بەشێک لە کولتوور، چونکە سرووشت وەک چەمک، تێگەیشتنێکی مرۆیی و دەرهەستە و هەر بۆیەش وەک دیاردە کولتوورییەکانی دیکە، مێژوومەندە.

دکتۆر مەنسوور تەیفوری، لە پێشەکییەکی چڕ و پڕ لە زانیاریدا سەبارەت بە کولتوور، پێی وایە ئەوەی کە کولتوور فرەڕەهەندە پێناسەیەکی یەکە و تەنانەت گشتییش نییە کە هەموو ڕەهەندەکانی دیاری بکات، هیچ کە تەعبیرە لە هەوڵێک بۆ دابەزاندنی کۆمەڵێک شتی لێکجودا و مێژوویی و ناچونییەک لە دڵی چەمکێکی تایبەتدا: کە خۆی هەمان عەزرەتی ڕاڤە و کورتکردنەوەی جیهان و مێژووی بۆ زیهنی مرۆیی تێکەڵە و ئەمەش بە ناچاری دەگەڕێتەوە بۆ تایبەتمەندیی دەرهەستی چەمکی کولتوور وەک هەموو چەمکێکی دیکە، تەعبیریشە لەوەی کە کولتوور شتێکی ئەزموونکردە و تووند بە ئەزموونی تاک و کۆمەڵگەکانەوە گرێ دراوە، واتە ئەوە تاک و کۆمەڵگەکانن کە ئەزموونی خۆیان بۆ جیهان لە شێوەی چەمکی کولتووردا چڕ دەکەنەوە، کەواتە کولتوور ئەزموونکردنە.

لە یەکێک لە بابەتەکانی نێو دووتوێی کتێبەکدا بە ناوی (تیۆرە مارکسیستییەکانی کولتوور و کولتووری جەماوەری) ئەوە خراوەتە ڕوو کە بنەڕەتەکانی بیروڕای مارکسیزم سەبارەت بە کولتوور بە گشتی، دەبێ بڵێین تێگەیشتنی مارکسیزم بۆ کولتووری مۆدێرن و جەماوەری، بەپێی یان لە چوارچێوەی ئایدۆلپۆژیادا شێوەگیر دەبێ و چەممکی ئایدۆلۆژیا لەگەڵ چەمکە سەرەکییەکانی دیکەی بیری مارکسیستیدا پەیوەستە: لە ڕوانگەی مارکسیستیدا، بە گشتی کولتووری جەماوەری بیچمێکی یەکێکە لە شێوەکانی سەرخان، هەر بۆیە بۆ تێگەیشتن لە کولتووری جەماوەری، پێویستە بەرهەمی کولتووری لە بەستێنی زەمەنیی خۆیدا و بەپێی هەلومەرجی مێژوویی بەرهەمی کولتووری بخوێنرێتەوە.

دکتۆر حسێن بەشیرییە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە هەندێ خوێندنەوەی مارکسیستی ئەم دواییانە هەوڵیان بۆ ڕوونکردنەوەی کولتووری جەماوەریی مۆدێرن وەک بەرهەمی دەسەڵاتی چینی زاڵ، بە تایبەت دەسەڵاتی ئەو چینە بەسەر میدیای کۆییدا داوە، لەم ڕوانگەیەشەوە میدیای کۆیی مۆدێرن، کە هەڵگری سەرەکیی کولتووری جەماوەرییە، دەورێکی گرنگ لە شەرعیکردنەوەی نایەکسانیی هێز و ساماندا دەگێڕن و ئەم نایەکسانییە لای چینەکانی خوارتر وەک شتێکی سروشتی دەنوێننەوە.

لە بابەتێکی دیکەی نێو دووتوێی کتێبەکەدا بە ناوی (تیۆرە پارێزگارانەکانی کۆمەڵگە و کولتووری جەماوەری، دکتۆر حسێن باس لەوە دەکات ک لە سەدەی بیستەمدا، بڵاوبوونەوەی کولتووری جەماوەری مۆدێرن لە ڕێگەی میدیای گشتییەوە، دژکردەوەی جۆراوجۆری بەرامبەر نوێنراوە، بە زۆری گرووپی زاڵ و ڕۆشنبیرانی ئەو گرووپانە حەز دەکەن لە ڕوانگەی هەڵوێست و بەهای زاڵەکانەوە سەیری گۆڕانکارییەکانی پانتایی کولتوور بکەن: گەلێ نووسەر، لە هۆرکهایمەرەوە تا فرۆم و ئاڕنێت، تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگەی جەماوەریی مۆدێرنیان بۆ هەندێک خاڵ کورت کردووەتەوە.

لە هەمان بابەتدا توێژەر باس لەوە دەکات کە بە ڕای هەندێک نووسەرانی پارێزگار، کولتووری جەماوەری تەنها لە کۆمەڵگەی جەماوەریدا دروست دەبێت و پەرە دەگرێ، بە ڕای ئەوان دیموکراسی بە هۆی هاوشێوەکردن و تەخت و ترازکردنەوەی ئیمتیازی کۆمەڵایەتی، دەورێکی گەورەی لە دروستبوونی کۆمەڵگەی جەماوەرییدا هەبووە: دیموکراسی بەها و کولتووری هەموو گرووپ و چینێک بە هاوسەنگ دەزانێ و لە ئەنجامیشدا دەبێتە هۆی هاوشێوەکردنی بیر و ویستی زۆربە و مل بە حوکمی بیر و چەشەی زۆرینەی ژمارەیی خەڵک دەدات، بەم پێیە، دیموکراسی دەورێکی گەورە لە بەجەماوەریکردنی کۆمەڵگە و کولتووری نوێدا دەگێڕێت.

بە بۆچوونی دکتۆر حسێن بەشیرییە، وەک لەم کتێبەدا دەردەکەوێت، هەندێ نووسەر پێوەری چەندێتی بەکار دێنن و ئەو بەرهەمانە سەر بە کولتووری جەماوەری دەزانن کە جێی حەز، یان کەڵکی ژمارەیەکی زۆری خەڵک بن: هەندێکی دیکە گرنگیی بە چییەتی کۆمەڵایەتی بەرخۆران و کەڵکبەرانی ئەو بەرهەمانە دەدەن و چینی خوارەوە بە بەرخۆری سەرەکیی کولتووری جەماوەری دەزانن، لەم ڕوانگەیەدا، کولتووری جەماوەری لە بواری ئاڵۆزیی ناوەکی، بەهای ئەخلاقی، چۆنێتی ڕەخنەگرانە، کەڵکداری، چۆنێتی جوانیناسانە و توانای ڕاکێشانی جەماوەردا، جیاوازیی ئاشکرای لە کولتووری بەرز هەیە.

بەپێی تێڕوانین و بۆچوونەکان، زاراوەی کولتوور چەندین پێناسەی جیاوازی هەیە، بەڵام بەگشتی پێناسەکان جەخت لەسەر هەمان شت دەکەنەوە. کولتوور ئەدگار، تایبەتمەندی و زانینی گرووپێک خەڵکی دیاریکراوە (بۆ نموونە کورد) کە بە ڕێی زمان، هزر، ئایین، خواردن، ڕەفتاری کۆمەڵایەتی، موزیک و هونەرەوە پێناسە کراون. ئەمانە پشکدار و هاوبەشن لە نێوان ئەندامانی کۆمەڵگە و گرووپێک خەڵکی دیاریکراو، بە ڕێی فێربوونەوە دەگوازرێنەوە و یارمەتی شێوەدان بە بیروباوەڕەکان و ڕەفتارەکان دەدەن.

یەکێک لە پێناسە یەکەمییەکانی کولتوور ساڵی ١٨٧١ لە لایەن ئێدوارد تایلۆرەوە کراوە: ”کولتوور، یان شارستانییەتی، سەرجەمێکی ئاڵۆزە، پێک دێ لە: زانین، باوەڕ، هونەر، یاسا، مۆڕاڵ، داب و نەریت. هەروەها هەر توانست و ڕەفتارێکی دیکە کە لە لایەن مرۆڤەوە، وەک ئەندامێکی کۆمەڵگە بەدەستهێنرابێ”. پێناسەیەکی دیکەی نوێتری کولتوور بریتییە لە ”ئایدیا، هزر، بەها و دەرککردنە هاوبەشەکان. هەروەها گواستنەوەی کۆمەڵایەتیانەی ئەو ئایدیایانەی کۆمەڵگەیە کە بۆ تێگەیشتن لە ئەزموون و دیارهێنانی ڕەفتار و پەرچاندنیان لەنێو ئەو ڕەفتارانەدا بەکاردێن”.

واتا کولتوور سەرجەمی چالاکییە هزری و ڕەفتارییەکانی نەتەوەیەک، یان گرووپێک خەڵکی دیاریکراوە لە سەردەمێکدا. لە هزر، زمان، زانین (زانیار_مەعریفە) [وێژە، هونەر، زانست و فەلسەفە]، داب و نەریت، بەهای کۆمەڵایەتی، ڕەوشت، کەلەپوور، باوەڕ، ئایین و شێوەی ژیان پێک دێ.

سەرجەم کولتوورەکان گەرەکە پێویستی و ئاتاجە فیزیکی، سۆزەکی و کۆمەڵایەتییەکان بۆ ئەندامەکانیان دابین بکەن، هەروەها ئەندامە نوێیەکان بە کولتوور بکەن، هاڤڕکێ و ناکۆکییەکان چارەسەر بکەن و گەشە بە توانستی مانەوەی ئەندامەکانیان بدەن. کولتوور شتێکی هەمەکی و گەردوونییە لە نێوان سەرجەم گرووپەکانی مرۆڤ و تەنانەت لە نێوان هەندێ لە ئاژەڵانیشدا هەیە.

سەرەڕای ئەو جیاوازیانە، هێشتاش ئەندامانی ئەو کولتوورانە هاوبەشن لە کولتوورە گەورەکەدا. کولتوورەکان لەنێو زۆر لە سیستەمی دەوڵەتاندا هەن، لەبەر ئەوەی ئەو سیستەمانە فرەیین و پتر لە گرووپێکی ئێتنیکی یان کولتوورێک لەخۆدەگرن.

بە گشتی ئەم نووسینە کورتە تەنها هەوڵێکە بۆ ناساندنی لایەنێکی کەمی ئەم کتێبە گرنگە، بێگومان خوێنەری وشیار خۆی لە ساتی خوێندەوەیدا بەر زانیاری و چەمک و بابەتی گرنگ و گەورە دەکەوێت، ئەم کتێبە لە زۆر ڕووەوە گرنگە بۆ خوێنەر و کتێبخانەی کوردی، چونکە لە لایەکەوە دەبێت بە سەرچاوەیەکی گرنگ و دەوڵەمەندی فیکری و مەعریفیمان بۆ ڕەهەندە جیاوازەکانی کولتوور، لە لایەکی دیکەوە بەر کۆمەڵێک تێز و دید و دونیابینی جیاوازی فیکری و فەلسەفی دەکەوین کە بۆ بابەت و چەمکی کولتوور کراوە.

 

پیتەر بروک بە گیڕانەوەی دانا ڕەئووف

خستنەڕووی: “پانتایی بۆش و دەروازەیەک بۆ شانۆیەکی جودا”

 

خوێندنەوەی: بەختیار حەمەسوور

 

ناساندنی ئەزموونە گرنگ و بنچینەییەکانی بواری ئەدەبیات و هونەر، یەک لەو خاڵە جەوهەریانەیە کە دەتوانێت یارمەتیدەرێکی باش بێت بۆ دنیای ئێمە، بە تایبەت لە بواری شانۆدا، کە ڕەنگە بەراورد بە ژانرەکانی دیکە، کێڵگەیەک بێت کەمتر کاری تێدا کرابێت، بە وەها کارێک دەتوانین دەروازەی بەرین بەسەر شانۆکاران و بینەران و سەرجەم ئەو کەسانەدا بکەینەوە کە خولیا و کەڵکەڵەی شانۆیان هەیە، بەوەش هەم تێکڕا ئاشنای ئەزموونە جیاوازەکان دەبین و هەمیش دەتوانین لە کارکردن و لێکدانەوەکانمدا بۆ دەق و نمایش، جێکەوتە ببن. بێگومان ئەمە کارێکە لە پلەی یەکەمدا دەکەوێتە سەر شانی ئەو نووسەرانەی لە بواری شانۆدا دەنووسن و ئاگاییەکی هەمەلایەنانەیان لە ئەزموونە دەوڵەمەندەکانی هونەرمەندانی شانۆ هەیە، چ وەک دەرهێنانەکانیان، چ وەک ئەو نووسین و کتێبانەی کە لە بواری شانۆدا بوون بە سەرچاوە و تیۆری کارکردن. هونەرمەند و نووسەر دانا ڕەئووف ساڵانێکە بێوچان لەو بوارەدا کار دەکات، بە تایبەت لە ناساندنی ئەزموونە جیاوازەکانی جیهان، لە نمایشە چەشناوچەشنەکانی شانۆ لە وڵاتە جیاوازەکان، بێ پشوودان خەریکە دەنووسێت و شانۆکاران و خوێنەرانی بواری شانۆ، بەو دنیا بەرینە ئاشنا دەکات. یەکێک لەو کتێبە زۆر گرنگانەی دانا ڕەئووف نووسیویەتی، کتێبی “پانتایی بۆش و دەروازەیەک بۆ شانۆیەکی جودا”یە، کە بە شێوەیەکی تر و لە ناوەوە، ئەم دێڕەش وەک ناونیشانی لاوەکی نووسراوە: “تێڕوانینیێک لە ڕەوتی شانۆی پیتەر بروک لە ڕوانگەی چەمکی پانتایی بۆشەوە”. کتێبەکە لە قەبارەی ٣٦٥ لاپەڕەدا، لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە، لە ساڵی ٢٠١٣دا چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

کتێبەکە بە نامەیەکی پیتەر بروک بۆ دانا ڕەئووف دەست پێ دەکات، بەم چەند دێڕە:

پاریس

١٧/٩/٢٠٠٢

بەڕێز کاک دانا

من زۆر هەژام بۆ خەمخۆریی ئێوە لە سەرقاڵبوونتان بە کارەکانی منەوە، هیوادارم ئەو کارە شتێکی بەسوود بووبێت بۆ ئێوە، هەروەها تەماننا دەکەم کتێبەکەش لە کاتی بڵاوبوونەوەیدا سەرکەوتن بە دەست بهێنێت.

لەگەڵ سڵاوێکی دۆستانەدا

پیتەر بروک

 

مەبەست لەو نامە کورتە ئەوەیە کە دانا ڕەئووف بە ئاگاداری خودی نووسەر دەستی داوەتە نووسینی ئەم کتێبە، وەک لە ناوەڕۆک و کۆمەڵێک پەراوێزیشدا هاتووە، گفتوگۆی تایبەتی هەبووە لەگەڵ خۆی پیتەر بروک و خێزانەکەی پیتەر بروکدا و ئەوانیش ـ بە تایبەت هاوسەرەکەی ـ کۆمەڵێک سەرچاوە و تۆماری دەنگی و ڕەنگی خستووەتە بەردەست دانا ڕەئووف تاکو سوودیان لێ وەربگرێ و لە دووتوێی کتێبەکەشدا بە شێوەیەکی بەرفراوان سوود لەو سەرچاوانە وەرگیراوە، هەر ئەم کارە هەمەهەنگی و ئاگاییە بە جۆرێک کەوتووەتەوە کە کتێبێکی زیندوو و چێژبەخش بێتە بەرهەم، کە خوێنەرەوە لەگەڵ ڕەوتی هەڵدانەوە و بەرەوپێشبردنی پەڕەکاندا، ماندوو نەبێت و لێیەوە سوودمەند بێت.

پیتەر بروک (١٩٢٥ لەدایک بووە ـ ٢٠٢٢ لە پاریس کۆچی دوایی کردووە)، ئەم هونەرمەندە هەر لە تەمەنەنێکی کەمەوە خولیای شانۆ دەبێت و دەست دەکات بە کارکردن لەو بوارەدا. دانا ڕەئووف لەم کتێبەدا، ئەگەرچی ئەو لە سەرەتاوە سنوورەکەی کێشاوە و نووسیویەتی کە مەبەستیەتی پیتەر بروک لە ڕێگەی “چەمکی پانتایی بۆش”ەوە بخوێنێتەوە، بەڵام هەوڵی داوە لەو مەودایەدا، واتا لە نێوان لەدایکبوون تاکو مردنی، لەسەر وێستگە گرنگەکانی ژیانی بوەستێت و لەگەڵ ئەوەی بابەتێکی زانستی و لێکۆڵینەوەیەکی گشتی دەربارەی ئەزموونی ئەم دەرهێنەرە پێشکەش دەکات، هاوکات دەتوانین بڵێین کتێبێکی شێوە بایۆگرافیاشە، کە تێیدا پیتەر بروکی نێو ژیانی ڕۆژانەش دەناسین.

“پانتایی بۆش” ناوی کتێبێکی گرنگی پیتەر بروکە و دەتوانین بڵێین کۆی فەلسەفە شانۆییەکەتی و چەشنە مانیفێستۆیەکە، بەو واتایەی کە هەر شوێنێک دەکرێت شوێنی نمایشی شانۆیی بێت، پیتەر بروک پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە “شوێنێکی بۆشم بدەرێ، شانۆیەکت دەدەمێ”، ئیدی ئەم شوێنە هیچ مەرج نییە ڕێکخراو و دیزاینکراو بێت، بەڵکو دەکرێت هۆڵێکی فەرامۆشکراو و نادیدە بێت، هەروەک ئەوەی بروک لە پاریس کردوویەتی، هۆڵێکی کۆنی پەڕپووتی دیتووەتەوە و بڕیاری داوە نمایشەکەی لەوێدا بکات بێ ئەوەی هیچ دەستکارییەکی ئەوتۆی بکات، تەنانەت کورسییەکان هێندە شەقوشڕ بوون، جلی چەند بینەریان دڕاندووە و دواتر پیتەر بروک زیانەکەی بۆ قەرەبوو کردوونەتەوە. بروک گرووپێکی نێونەتەوەیی هەبووە، کە پێکهاتوون لە کەسانی جیاواز، لە شار و وڵات و زمانی جوداوە، بەردەوام لە گەشتی شانۆییدا بوون و کۆی نمایشەکانیش هەمیشە لەو پانتاییە بۆشانەدا بوون، ئەمەش کارێکی کردووە لە ئایدیاکەی بروک تێبگەن و ئەو هەموو سەرکەوتنە بچننەوە پێکەوە. دانا ڕەئووف، نووسەر و شانۆکار، لەم کتێبەیدا، بە شێوەیەکی تایبەتی کار لەسەر هەمان چەمکی “پانتایی بۆش” دەکات و هەوڵ دەدات بمانباتە ناو ئەو پانتاییەوە، ئایدیای ڕوونی بروک سەبارەت بەو چەمکە دەخاتە بەردەستی خوێنەر.

کتێبی “پانتایی بۆش و دەروازەیەک بۆ شانۆیەکی جودا” لە هەشت بەشی سەرەکی پێک هاتووە، بەم ناونیشانانە: “بەشی یەکەم: پیتەر بروک کێیە؟، بەشی دووەم: دەروازەیەک بۆ ڕەوتی شانۆی پیتەر بروک، بەشی سێیەم: هەموو ڕێگەکان دەچنەوە سەر شکسپیر، بەشی چوارەم: ئەنتۆنین ئارتۆ: قۆناغی شەستەکان و شانۆیەکی ئەزموونگەری، بەشی پێنجەم: مەڵبەندێک بۆ شانۆیەکی نێونەتەوەیی (بەرەو شانۆیەکی میتۆلۆژی)، بەشی شەشەم: پیتەر بروک و هونەری ئۆپێرا، بەشی حەوتەم: فۆرمێکی ساکار و قۆناغێکی نوێی کارکردن، بەشی هەشتەم: کۆتایی و بەرئەنجامە گشتییەکان”. لێرەدا جێی ئاماژە بۆ کردنە کە هەریەک لەم هەشت بەشە، چەندان وردەناونیشانی تریان لەژێردا کۆبووەتەوە، کە سەرجەمیان تەکمیلەی ناونیشانی بەشەکە دەکەن و بە هەموو بەش و وردەبەشەکانیش شوناس و پێگە و ئەزموونی پیتەر بروک دەنەخشێنن.

دانا ڕەئووف لە ناسین و ڕۆچوون بە قووڵایی ئەزموونی پیتەر بروکدا زمانێکی سادە و سانا بەکار دەهێنێت، خوێنەر بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ناوەڕۆکی کتێبەکەدا پردی پەیوەندی دروست دەکات و ئایدیا سەرەکییەکانی وەردەگرێت. بەشی یەکەم و دووەم وەک بنەمایەکی گشتین هەم بۆ ژیانی پیتەر بروک، هەم بۆ ئەزموونی کارکردنی لە شانۆشدا، بەو دوو بەشە خوێنەرەوە وێنایەکی دەربارەی ئەم نووسەر و دەرهێنەرە لا دروست دەبێت، دەزانێت کە هەر لە دەستپێکەوە لەگەڵ کەسێکی جیاواز ڕووبەڕووە، کەسێک کە هەر لە سەرەتاوە خەونی گەورەی هەبووە و بە شوێن دەنگ و ڕەنگی خۆیدا گەڕاوە، دواتر و لە درێژەی ئەو گەشتەدا، سەرجەم ئەو جۆشش و کۆششانە دەبینینەوە کە پیتەر بروک لە ژیانی هونەری خۆیدا داونی و بەر و بەرهەمەکەی، ئەو ئەزموونە ڕەنگاڵەیی و دەوڵەمەندەیە، کە بەشێکی بەچاو و گرنگی لەم کتێبەدا خراونەتە ڕوو.

بەشی سێیەمی کتێبە تایبەتە بە کارکردنی پیتەر بروک لەسەر دەقەکانی ولیام شکسپیر، ئەمە یەکێکە لە بەشە سەرنجڕاکێشەکانی کتێبە و دانا ڕەئووف هەوڵی داوە بە وردی ئەو چییەتیی و چۆنێتیی ئەو کارکردنەی بروک لەسەر دەقە شانۆییەکانی شکسپیر دەستنیشان بکات، ئەویش بە هێنانەوەی چەند دانە لەو نمایشانەی بروک لە ژیانی هونەری خۆیدا کردوونی و لێدوانی هەمەلایەن لە بارەیانەوە. ئاشکرایە بە ئێستاشەوە لە تەواوی دنیادا دەقەکانی شکسپیر بەردەوام ئامادە دەکرێنەوە و دەخرێنە سەر شانۆ، بێگومان هەر دەرهێنەرە و بە شێواز و جیهانبینیی خۆیەوە، وەک دانا ڕەئووف دەریخستووە، پیتەر بروک لە نمایشەکانیدا هەوڵی داوە شکسپیرێکی نوێ پێشکەش بکاتەوە، ئەویش بەوەی کە لە بنەتاوە گۆڕانێکی ڕیشەیی لە دەقەکاندا کردووە و لەگەڵ گرفت و بابەتە مۆدێرنەکانی ئەمڕۆدا گونجاندوونی، ئەوەشی لەو بڕوایەوە هێناوە کە بەڵێ، شکسپیر ئەو توانستەی هەیە بێتە ئەمڕۆوە و ئاماژەکانی لە چەند سەدەی پێشترەوە بۆ ئێستا بنێرێت، بەڵام بەو مەرجەی دەرهێنەر بتوانێت ئەو توانستە بناسێتەوە و لە بۆتەیەکی نوێدا دایبڕێژێتەوە، بۆیە دەتوانین بڵێین شکسپیری بروک شکسپیرێکی ئەمڕۆییە و دەتوانێت لە ئێستادا هاوشانی ئێمە بدوێت و ببینێت.

بەشی چوارەم تایبەتە بە کارکردنی پیتەر بروک بە میتۆدی ئەنتۆنین ئارتۆ، کە بە میتۆدی توندوتیژی ناسراوە، لەم میتۆدەدا ئەوەی گرنگی هەیە جووڵەی جەستەیە و سڕینەوەی وشە و دیالۆگە لە ئەکتەر، جەستە و جووڵەکانی جەستە دەبنە چەق و دەرهێنەر تەرکیز و مامەڵە لەگەڵ جووڵەی جەستەدا دەکات، جووڵە دەبێت‌ بە زمان و پەیڤ، دانا ڕەئووف بە خستنەڕووی میتۆکەی ئارتۆ و چەند نموونە لە کارەکانی پیتەر بروک، کە سەر بەو میتۆدەن لە کارکردن، دەریدەخات کە چۆن بروک بە شوێنپێهەڵگرتنی ئارتۆ توانیویەتی دەروویەکی تر بەسەر ئەو تیۆرەدا بکاتەوە.

بەشی پێنجەم لە گرنگترین و سەرنجبزوینترین بەشەکانی کتێبەکەیە، دانا ڕەئووف لەم بەشەدا دیوە ڕۆژهەڵاتی و نێونەتەوەییەکەی پیتەر بروک بەسەر دەکاتەوە و دەریدەخات کە بروک لە میراتی نێونەتەوەیی چ بەرهەم و داهێنانێکی پێشکەش کردووە. پیتەر بروک لەو دەرهێنەرانەیە کە بەردەوام لە هەوڵی نوێگەریدا بووە، بە خۆیی و ستافەکەیەوە وڵاتەووڵات و شاربەشار گەڕاون و نمایشیان کردووە، هاتوونەتە ڕۆژهەڵات و چوونەتە ئەفەریقا و ئەمەریکا، لە میراتی ئەدەبیاتی هیندستان، دەقێکی مێژوویی و کۆنینەی ئەو وڵاتەی کردووە بە شانۆ، ئەویش دەقی “مەهابەهارتا”یە، مامەڵەکردنی ئەم دەرهێنەرە لەگەڵ ئەم دەقەدا لەسەر ڕوانینێکی نوێیە بۆ ئەو دەقە کۆنە، کاتێک لەسەر تەختەی شانۆکانی ئەورووپا و ڕۆژئاوا ئەم دەقە نمایش دەکات، بە شوێن ئەو ڕەگەدا دەگەڕێت کە دەتوانێت ببێت بە پردێک لە نێوان دوو شارستانی مەزنی وەک ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا. ڕەنگە سەیرترن نمایشی پیتەر بروک ئەو نمایشەی بێت کە دەقەکەی لەسەر بنچینەی “منطق الطیر”ی فەرەیدەدین عەتار بێت، کە ئەو بە ناوی “کۆنفرانسی باڵندەکان” ئامادەی کردووە و پێشکەشی کردووە، بە هەرحاڵ، خوێنەرەوە بۆ خۆی دەتوانێت وردەکاری ئەو نمایشانە و دەنگدانەوەیان لە سەروەختی خۆیان و پاشتریشدا، لە کتێبەکەدا بخوێنێتەوە.

بەشی شەشەم تایبەتە بە مامەڵەکردنی پیتەر بروک لەگەڵ هونەری ئۆپێرادا، واتا ئەو هونەرە کلاسیکە چۆن و بە چ ئیمکانێک دەیخاتە دووتوێی نمایشەکانییەوە، لێرەشدا چەند تراژیدیا، لەوانە: “کارمن، دۆن جیۆڤانی، شمشاڵی ئەفسوونای” وەک نموونە وەردەگرێت و بە وردی تاوتوێیان دەکات.

بەشی حەوتەم بەشێکی تایبەتە، کە دەتوانین بڵێین چکاوەی کۆی ئەو ئەزموونە دوورودرێژەی پیتەر بروک دەردەخات کە پێی گەیشتووە، ئەویش فۆرمێکی ساکارە، ساکار بە قووڵاییەکی ناوازەوە، پیتەر بروک چڵاوچڵێکی بێوێنەی لە فۆرمدا کردووە، لە دوایین وێستگەی ئەزموونەکەیدا فۆرمێکی ساکار دەدۆزێتەوە و وەک خاڵێکی گەش کاری لەسەر دەکات، بێگومان گەیشتن بەو فۆرمە کارێکی سانا نییە، بەڵکو دنیابینییەکی بەرین لە پشتیەوە وەستاوە، هەر ئەوەش وای کردووە کە لە “فۆرمێکی ساکار” قووڵاییەک بەرهەم بێت، کە هەم ڕوون بێت، هەمیش سادە و هاوکات ناوازە لە لایەنی هونەرییەوە.

کتێبی خستنەڕووی پانتایی بۆش و دەروازەیەک بۆ شانۆیەکی جودا وێڕای زانیاری چڕوپڕ لەسەر هونەرمەندێکی مەزنی وەک پیتەر بروک، دەتوانێت چێژێکی تایبەتیش بە خوێنەرەکەی بدات، هاوکات بە هەوڵی کەسێک ئاشنابێت کە لەپێناو خەونەکەیدا، هەموو سەختییەکان تێدەپەڕێنێت. وەک لە دوابەش و “دواوتە”شدا دانا ڕەئووف نووسیویەتی: “هەر کەسێک لە بواری شانۆدا کار بکات، جا قوتابیی شانۆ، ئەکتەر، ڕیژیسۆر، یان ڕەخنەگر و لێکۆڵەرەوەی شانۆیی بێت، ناتوانێت بروک و ڕۆڵی بروک لە گەشەکردنی شانۆیی جیهانیدا فەرامۆش بکات. هەرچەندە ئەمڕۆ بروک بە هەمان وزە و هێزی شەستەکان، یان حەفتا و هەشتاکانەوە کار ناکات، بەڵام ئەوەی ئەو کردوویەتی، ئەوەی ئەو بۆ شانۆی مۆدێرن و هاوچەرخی جیهانی، بۆ دەستپێکی تری شانۆ و بۆ ڕۆڵی شانۆ بنیادی ناوە، بناغەیەکی پتەوە و کاریگەرییەکی بێئەندازەی بەسەر ڕەوتی شانۆوە هەیە. ئەو کاریگەرییە لە کارەکانماندا، لە تێڕوانینماندا بۆ شانۆ، لە نووسینەکانماندا، لە پێناسەکردنی شانۆ بۆشەکاندا، لە هەموو پڕۆسەی شانۆییدا دەردەکەوێت. ئەمڕۆ لە هەموو ڕۆژێک زیاتر پێویستمان بە گرووپی نێونەتەوەیی و بەرجەستەکردنی شانۆی ڕۆژهەڵاتە لە شانۆی ڕۆژئاوادا، لە کولتووری ڕۆژئاوادا، لە سترکتووری دامەزراوە ڕۆژئاواییەکاندا و بە پێچەوانەشەوە. بروک ئەم دەروازەیەی بۆ کردینەوە، زمانێکی گلوبالیزمی بۆ شانۆ خوڵقاند و شانۆی کردووەتە پێداویستییەکی ڕۆژانەی هەموو خەڵک.”   

مۆسكۆ نووسه‌رێكی ناوداری ڕووسیا به‌ “تیرۆریست” و “تووندڕه‌و” ناوده‌بات

ئاماده‌كردنی: باوكی ڕه‌هه‌ند

رۆژی ، 19 كانوونی یه‌كه‌می 2023، له وه‌زاره‌تی به‌رگری ڕووسیا، له‌ به‌رده‌م ژماره‌یه‌ك جه‌نه‌ڕاڵ و به‌رپرسی باڵادا، ڤلادیمێر پوتین، ستایشی “یه‌كڕیزی كۆمه‌ڵگا”ی كرد بۆ پشتگیری و راوه‌ستانیان له‌ پشت ئه‌و هێزانه‌ی له‌ ئۆكرانیا ده‌جه‌نگن. به‌ڵام پێناچێت ئه‌و یه‌ك ڕیزییه‌، وه‌ك پێویست بێت. چونكه‌ سه‌رۆكی كرێملن، به‌ شێوه‌یه‌كی ڕاگوزه‌ر، گومانی خۆی له‌ بوونی تابوری پێنجه‌م نه‌شارده‌وه‌‌. ئه‌مه‌ش وا لێكدرایه‌وه‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كه‌ بۆ ده‌ستپێكردنی قۆناغێكی نوێ له‌ سانسۆر و  سه‌ركوتكردن. به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌وه‌، ڕۆژێك پێش ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ی پوتین، مۆسكۆ نووسه‌ری دیار و به‌ناوبانگی ڕوسیای “بۆریس ئاكۆنین” به‌ “تیرۆریست” و “تووندڕه‌و” ناساند. هۆكاری ناوهێنانی ئه‌و نووسه‌ره‌ وه‌ك تیرۆریست، بۆ ڕه‌خنه‌كانی‌ له‌ شه‌ڕی دژ به‌ ئۆكرانیا، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. له‌م ڕووه‌وه‌، ڕۆژی دوو شه‌ممه‌ی رابردوو، به‌رواری 18 كانوونی یه‌كه‌می 2023، ده‌سته‌ی چاودێری دارایی ڕوسیا، ڕایگه‌یاند ئاكۆنین كه‌ ساڵانێكه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌ژی، ناوی ده‌خرێته‌ لیستی “تیرۆریست و توندڕه‌وه‌كانه‌وه‌”.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی ڕووسیا، ئه‌وانیش لای خۆیانه‌وه‌ و به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ، ده‌ستیان كردووه‌ به‌ گرتنه‌به‌ری ڕێوڕه‌سمی فه‌رمی دژ به‌ ڕه‌خنه‌گركه‌ی كرێملن، به‌ پاساوی ئه‌وه‌ی زانیاری هه‌ڵه‌ و نا ڕاست و چه‌واشه‌كاری له‌سه‌ر سوپای ڕووسیا بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.

كه‌واته‌ ئاخۆ ئه‌م نووسه‌ره‌ كه‌ مۆسكۆ به‌ تیرۆریست و تووندڕه‌ویی داده‌نێت، كێیه‌ و بۆچی كرێملن به‌و شێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كات؟ ئێمه‌ له‌م نووسینه‌دا، هه‌وڵده‌ده‌ین، كۆمه‌ڵێك زانیاری له‌باره‌یه‌وه‌ بخه‌ینه‌ڕوو.

بۆریس ئاكۆنین، ناوی ته‌واوه‌تی و ڕاسته‌قینه‌ی “گریگۆری شالفۆڤیچ چخارتیشڤیلی”یه‌، نووسه‌ر و وه‌رگێڕێكی ڕوسی به‌ ره‌چه‌ڵه‌ك جۆرجییه‌، ساڵی 1956 له‌ شاری زیستابۆن، له‌ كۆماری جۆرجیای سه‌ر به‌ یه‌كێتی سۆڤیه‌تی جاران، له‌دایك بووه‌ و به‌ ڕۆمانه‌ مێژووییه‌كانی و ئه‌و ڕۆمانانه‌ی دیكه‌ی كه‌ له‌ ده‌وری تاوان ده‌سوڕێنه‌وه‌، به‌ناوبانگه‌.

چه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌وبه‌ر، به‌شێك له‌و گفتوگۆیه‌ بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ لایه‌نگرانی كرێملن، فێڵیان له‌ ڕۆماننووسه‌ ته‌مه‌ن 67 ساڵه‌كه‌ كرد و وایانلێكرد ددان به‌وه‌دا بنێت هاوكاری بۆ ئۆكرانیا كۆكردووه‌ته‌وه‌ و هه‌ندێ كاری دیكه‌ی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئۆكرانیا ئه‌نجامداوه‌. دوای ئه‌وه‌، ده‌زگای “ATS” ڕووسی، بڵاویكرده‌وه‌ فرۆشتنی كتێبه‌كانی ئاكۆنین-ی راگرتووه‌. ئاكۆنین سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته‌، له‌ پێگه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كه‌ی خۆی نووسیویه‌تی: “قه‌ده‌غه‌كردنی كتێب، ناونانی نووسه‌رێك به‌ تیرۆریست، مه‌سه‌له‌یه‌كی پوچ و بێبایه‌خه”. هه‌روه‌ها ئاماژه‌شی به‌وه‌ كردووه‌ له‌ ڕاستیدا ئه‌مه‌ “بابه‌تێكی بنه‌ڕه‌تییه‌”، له‌ ڕووسیا به‌و شێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ نووسه‌ر و هونه‌رمه‌نده‌ ڕه‌خنه‌گره‌كان ده‌كرێت. ئه‌وه‌ی لێره‌دا شایه‌نی بیرهێنانه‌وه‌یه‌، ئه‌وه‌یه‌ له‌ سه‌رده‌می جۆزێف ستالین-نه‌وه‌، دیكتاتۆره‌كه‌ی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت، سه‌رده‌می “پاكسازییه‌ گه‌وره‌كه‌”، نووسه‌ران به‌ تیرۆریست تۆمه‌تبار نه‌كراون.

بۆریس ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌، ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی سه‌رده‌می ڤلادیمێر پوتین، ببنه‌ به‌ربه‌ستێكی نوێ له‌ مێژووی وڵاته‌كه‌دا و وڵات به‌ره‌و تۆتالیتارییه‌ت ده‌بات و ده‌ڵێت: “ڕوون و ئاشكرایه‌ ڕژێمی پوتین، بڕیاریداوه‌ هه‌نگاوێكی نوێی زۆر گرنگ بنێت، له‌ گواستنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی پۆلیسی پاوانخوازه‌وه‌، بۆ ده‌وڵه‌تێكی تۆتالیتاری. فراوانكردنی سه‌ركوتكردن بۆ ئه‌وه‌ی كایه‌ی ئه‌ده‌بیش بگرێته‌وه‌، له‌ وڵاتێكی وه‌ك ڕوسیا كه‌ تێیدا ئه‌ده‌ب، پێگه‌یه‌كی گرنگ و سه‌ره‌كی هه‌یه‌، هه‌نگاوێكی مه‌ترسیداره‌”.

به‌هۆی شه‌ری داگیركاری ڕوسیا بۆ سه‌ر‌ ئۆكرانیا، ده‌سه‌ڵاتدارانی مۆسكۆ، هه‌ڵمه‌تی گرتن و سه‌ركوتكردنیان، گواستوه‌ته‌وه‌ بۆ ئاستێكی نوێ؛ كه‌ بریتییه‌ له‌ چاودێری و سانسۆر و داخستنی میدیا سه‌ربه‌خۆكان. ئا لێره‌وه‌یه‌ ده‌سه‌ڵاتداران له‌م هه‌فته‌یه‌دا، ناوه‌نده‌ ئه‌ده‌بییه‌كانی ڕووسیایان شۆك كرد، به‌وه‌ی ناوی بۆریس ئاكوانین-یان خسته‌ لیستی تیرۆریستان و تووندڕه‌وه‌كانه‌وه‌ و دۆسێیه‌كی تاوانكارییان بۆ كردووه‌ته‌وه‌، چونكه‌ ڕه‌خنه‌ی له‌ داگیركارییه‌كه‌ی ڕوسیا بۆ سه‌ر ئۆكرانیا، گرتووه‌. هه‌ر هه‌مو ئه‌وه‌ش، دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م  له‌ ڕاگه‌یاندنی پوتین دێت به‌وه‌ی له‌ ساڵی 2024، بۆ پێنجه‌م جار خۆی بۆ سه‌رۆكایه‌تی ڕوسیا كاندید ده‌كاته‌وه‌. جگه‌ له‌وه، ته‌نانه‌ت ئه‌ندرێ گۆرۆلیڤ، په‌رله‌مانتاری پارتی ڕووسیای یه‌كگرتووی ده‌سه‌ڵاتدار، بۆریس به‌ “دوژمن” وه‌سف ده‌كات كه‌ پێویسته‌ “له‌ناوببرێت”‌.

دوای ئه‌وه‌ی ڕووسیا ساڵی 2014، نیمچه‌ دورگه‌ی “قرم”ی داگیركرد، ئه‌م ڕۆماننووسه‌، هیچ دوو دڵ نه‌بوو له‌وه‌ی ڕه‌خنه‌ له‌ پوتین بگرێت و ڕووسیا به‌جێبێڵێت. وه‌لێ جێگای داخه‌، وه‌ك پشتگیرییه‌ك بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی كرێملن، ده‌زگا گه‌وره‌كه‌ی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕوسیا (AST) ڕایگه‌یاند، له‌ ئێستاوه‌ چیتر كتێبه‌كانی بۆریس و كتێبه‌كانی نووسه‌ره‌ نه‌یاره‌كه‌ی دیكه‌ی كرێملن دیمتری بیكۆڤ، بڵاوناكاته‌وه‌. له‌وه‌ش ناخۆشتر، ئه‌وه‌یه‌ لێكۆڵه‌ره‌كان، هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌ سه‌ر ئه‌و ده‌زگایانه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌، كه‌ ڕازی نه‌بوون هه‌مان ئه‌و كاره‌ بكه‌ن و هه‌مان هه‌ڵوێستیان، به‌رامبه‌ر به‌و دوو نووسه‌ره‌ ڕووسییه‌، هه‌بێت.

ئاكۆنین به‌ گاڵته‌جاڕییه‌وه‌ ده‌ڵێت كارمه‌ندانی جێبه‌جێكردنی یاسا، له‌ میانه‌ی قه‌ده‌غه‌كردنی كتێبه‌كانمه‌وه‌، خۆیان ماندووده‌كه‌ن. ئه‌وه‌ی له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا جێگای پێكه‌نینه‌، ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و كارمه‌ندانه،‌‌ ئێستا بۆ گه‌ڕان به‌ دوای تووندڕه‌ویدا، ده‌بێت هه‌مو كتێبه‌كانم بخوێننه‌وه‌. ئاخر من نووسه‌رێكی فره‌ به‌رهه‌مم و 80 كتێبم نووسیوه‌.

بۆریس ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌، ده‌سه‌ڵاتداران ئه‌م هه‌ڵمه‌تی ناوزڕاندنه‌ی ده‌رحه‌ق به‌ ئه‌و گرتویانه‌ته‌به‌ر، بۆ ئه‌وه‌ به‌كاریبێنن سه‌رنجی هاوڵاتیانی ڕووسیا، له‌سه‌ر كه‌سایه‌تی ئۆپۆزسیۆنی زیندانیكراو ئه‌لێكسی ناڤالین لابده‌ن كه‌ ماوه‌ی دوو هه‌فته‌یه‌ شوێنی نادیاره‌ و ده‌ڵێت: “به‌ ڕاستی ده‌مه‌وێت سه‌رۆكه‌كانی جیهان، هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك بۆ پوتین بنێرن و پێی بڵێن ناڤالین-مان به‌ زیندوویی پیشانبده‌. ئه‌مه‌ زۆر گرنگه‌”.

هه‌روه‌ها ئه‌و ڕۆماننوسه‌، پێیوایه‌ هه‌ڵمه‌تی سه‌ركوتكردن دژ به‌ خۆی و دژ به‌ بیكۆڤ، ته‌نها سه‌ره‌تایه‌. ئه‌و پێش ماوه‌یه‌كی كه‌م له‌مه‌وبه‌ر، ئه‌و هاوڵاتییه‌ ڕووسیانه‌ی دوای ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی دژ به‌ ئۆكرانیا، وڵاتیان به‌جێهێشتووه‌، ئاگاداری كردنه‌وه‌ نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ وڵات و له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی نووسی: “شه‌و تابێت تاریكتر ده‌بێت”.

بۆریس له‌ لێدوانێكیدا ده‌ڵێت سه‌ركرده‌كانی خۆرئاوا “هه‌ڵه‌یه‌كی ستراتیژییان” ئه‌نجامدا، به‌وه‌ی له‌ لۆژیكی مێژوویی گه‌شه‌سه‌ندنی ده‌وڵه‌تی ئیمپراتۆریه‌تی ڕووسیا تێنه‌گه‌یشتبوون و ئه‌وه‌ ڕوونده‌كاته‌وه‌ هه‌ر سه‌ركرده‌یه‌كی دیكه‌ له‌ شوێنی پوتین بوایه‌، به‌: “هه‌مان شێوه‌ ڕه‌فتاری ده‌كرد… من نزیكه‌ی 10 ساڵ، له‌ 10 به‌رگدا، سه‌رقاڵی نووسینه‌وه‌ی مێژووی ڕووسیا بووم. من ئێستا باشتر له‌ هه‌یكه‌لبه‌ندی ده‌وڵه‌تی ڕووسیا تێده‌گه‌م”.

هه‌روه‌ها ئه‌و پێیوایه‌ خۆرئاوا هه‌ڵه‌ی دیكه‌ ده‌كات، به‌وه‌ی هاوڵاتییه‌ ڕووسیه‌ نه‌یاره‌كانی كرێملن كه‌ له‌ ڕووسیا هه‌ڵهاتوون، له‌خۆناگرێت و ڕوونی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ “كاره‌ساته‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و جیهانه‌ی هاوڵاتیانی هه‌ڵهاتووی ڕووسیا، په‌نایان بۆ بردووه‌ و تێیدا به‌ شوێن په‌ناگایه‌كدا ده‌گه‌ڕێن، له‌گه‌ڵیان باش نه‌بوون. زۆرینه‌ی ئه‌و هاوڵاتییه‌ ڕووسانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ن، خۆیان له‌ دۆخێكی زۆر سه‌ختدا ده‌بیننه‌وه‌. هه‌ندێكیان زۆر به‌ ئاسانی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ڕووسیا، چونكه‌ هیچ كه‌سێك، له‌ هیچ شوێنێكدا، پێویستی به‌وان نییه‌. ئه‌مه‌ زۆر ده‌مترسێنێت. چونكه‌ ئه‌وان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ تێیدا بارودۆخه‌كه‌، به‌ ڕاستی خه‌ریكه‌ زۆر ترسناكتر ده‌بێت. ڕووسه‌ نه‌یاره‌كانی كرێملن، باشترین ئومێدن بۆ ڕووخاندنی پوتین و ئه‌نجامدانی گۆڕانكاری له‌ ڕووسیا كه‌ خه‌ریكه‌ به‌م نزیكانه‌، یان ده‌بێت به‌ “باكوری ئێران” یان “خۆرئاوای چین. له‌و بڕوایه‌دام ئه‌وه‌ به‌ ته‌واوی ڕوونبووه‌ته‌وه‌، ناكرێت له‌ ڕووی سه‌ربازییه‌وه‌، شكست به‌ ڕژێمی پوتین بهێنرێت. گۆڕانكاری بنچینه‌یی له‌ ناوه‌وه‌ ده‌بێت و ئه‌م سیستمه‌ زۆر له‌وه‌ فشۆلتره‌ كه‌ خۆی ده‌رده‌خات”.

نووسه‌ره‌ ناوداره‌كه‌ی ڕووسیا كه‌ خاوه‌نی ڕه‌گه‌زنامه‌ی به‌ریتانییه‌، جه‌خت له‌وه‌ ده‌كات له‌ ئێستادا، سێ وڵات نیشتیمانی ئه‌وه‌ و بریتین له‌ به‌ریتانیا، فه‌ره‌نسا، ئیسپانیا و ده‌ڵێت: “من پشت به‌ ژینگه‌ی ده‌وروبه‌رم و بلیمه‌تی شوێنه‌كه‌ ده‌به‌ستم. له‌ له‌نده‌ن كتێبی واقیعی ده‌نووسم، له‌ سه‌رزه‌مینی شاتوبریان كتێبی ئه‌ده‌بیاتی جدیی ده‌نووسم، له‌ ژێر خۆره‌تاوی ئیسپانیادا كتێبی كاتبه‌سه‌ربردن/ ته‌رفیهی ده‌نووسم”. هه‌رچه‌نده‌ له‌مڕۆدا بۆ مرۆڤ ئاسان نییه‌ نووسه‌رێكی ڕووسی بێت. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌و ڕازی نابێت ده‌ستبه‌رداری ڕه‌گ و ڕیشه‌ی خۆی ببێت و ده‌ڵێت: “له‌ ژیانمدا، جگه‌ له‌ كه‌لتوری ڕووسی، هیچ شتێكی دیكه‌م نییه‌”.

هه‌ندێك له‌ وته‌كانی

*ئه‌و باجه‌ی ڕووسه‌كان بۆ گۆڕینی سیستمه‌ سیاسییه‌كه‌یان ده‌یده‌ن، زۆر گران ده‌بێت.

*ئه‌م ڕژێمه‌ ڕووسییه‌ی ئێستا هه‌ر ده‌بێت بڕوا، چونكه‌ زۆر به‌ ساده‌یی تا ئاستێكی گه‌وره‌ شكستیهێناوه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنوری زه‌مه‌نه‌.

*ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ی ئێستای ڕووسیا، زیاتر درێژكراوه‌ی ئیمپراتۆریه‌تی جه‌نگیز خانه‌، تا ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ میراتی ده‌وڵه‌تی بێزه‌نتینییه‌وه‌ هه‌بێت.

*ڕووسه‌كان بایه‌خ به‌ سیاسه‌ت ناده‌ن، ته‌نها به‌ شێوه‌یه‌كی ئۆتۆماتیكی ده‌ڵێن به‌ڵێ.

*سه‌باره‌ت به‌ لینین و ستالین، من هه‌ست ناكه‌م بێلایه‌ن بم.

سه‌رچاوه‌

بۆ ئاماده‌كردنی ئه‌م بابه‌ته‌، سودم له‌م سه‌رچاوانه‌ بینیوه‌

www.france24.com

ar.wikipedia.org

الشرق الاوسط، 19 كانوونی یه‌كه‌می 2023

سەبارەت بە دێڕی نێو نامەکان

خستنەڕووی: “نامەکان”

خوێندنەوەی: سەردەم

“نامەکان” کتێبێکی شاعیر جەمال شارباژێڕییە، کە لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە لە ساڵی ٢٠١٣دا و لە دووتوێی ٣٢٤ لاپەڕەدا چاپ و بڵاو کراوەتەوە. ئەم کتێبە لە کۆمەڵێک لایەنەوە گرنگی و بایەخی خۆی هەیە و لەم خستنەڕووەدا هەوڵ دەدەین سەبارەت بە ناوەڕۆکی کتێبەکە بەرچاوڕوونی بخەینە بەردەست خوێنەری ئازیز.

جەمال شارباژێڕی یەکێکە لە شاعیرە نوێگەرەکانی کورد، لە کۆتاییەکانی نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەوە دەستی کردووە بە شیعرنووسین و لەو کایەدا چەپکێک شیعری ناسک و کۆمەڵێک دیوانی جوان و ناوازەی پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی کردووە. ئەم شاعیرە یەکێک بووە لە ئەندامانی گرووپی “ڕوانگە” و لەگەڵ هەریەک لە “شێرکۆ بێکەس، حسێن عارف، کاکەم بۆتانی و جەلالی میرزا کەریم” بەیاننامەی “ڕوانگە”یان ئیمزا کردووە و لە نوێکردنەوەی ئەدەبیاتی کوردی و بە تایبەت شیعری کوردیدا، ڕۆڵێکی گرنگیان گێڕاوە. دیارە لێرەدا جێی ئەوە نییە جێگە و پێگەی “ڕوانگە” هەڵبسەنگێنرێت، بەڵام لە کتێبی “نامەکان”ی جەمال شارباژێڕیدا، چەند جار ناوی “ڕوانگە” و هاوەڵەكانی هاتووە و ئەو چەند دێڕەش وەک یادێک بوو لەو پڕۆژە ئەدەبییەی ئەو کۆمەڵە نووسەرەی کورد.

ئەگەر بمانەوێ بە شێوەیەکی سادە و ڕوون کتێبی “نامەکان” بناسێنین، ئەوا دەتوانین بڵێین ئەم کتێبە یادی کۆمەڵێک نووسەر و هاوڕێ و کەسی نزیکی جەمال شارباژێڕییە لە قۆناغە جیاوازەکانی تەمەنیدا، هەڵبەت کتێبەکە لەو ڕووبەرە بەرینترە و لەو سەرنج و تێبینینانەوە کە نووسەرەکەی دەربارەی هاوڕێکانی و ڕووداوەکان نووسیویەتی، دەتوانێت وێنایەکی گشتی لە هەندێ مەسەلەی گرنگیش بدات بە دەستەوە، بەوەش هەم دەتوانین ڕۆڵی ئەو کەسانە سەبارەت بە ڕووداوەکان بزانین، هەمیش نزیکی جەمال شارباژێڕی لەو کەسانە و خودی ڕووداوەکانەوە تاووتوێ بکەین.

لێرەدا هەوڵ دەدەین چەند بەشێک لە کتێبەکە وەربگرین، تاکو ڕوونتر ئایدیای سەرەکی “نامەکان” بخەینە بەرچاو. یەکێک لە کەسێتییە دیارانەی لەم کتێبەدا جەمال شارباژێڕی بەسەری کردووەتەوە، مامۆستا و کوردپەروەر و ڕۆشنبیر عەبدوڵڵا جەوهەرە، جەمال شارباژێڕی چەند دێڕێکی ناسک و تایبەت بە باڵای ئەم مامۆستایەدا دەبڕێت و بەم جۆرە دەنووسێت: “عەبدوڵڵا جەوهەر ڕۆشنبیرێکی هەستناسک و کوردپەروەر، لەسەرخۆ دەدوا و لە گفتوگۆکانیدا هەرگیز وشەی بێگانەی بەکار نەدەهێنا، بە کوردییەکی پەتی پوخت کە دەدوا لە گوێگرتن لێی، تێر نەدەبوویت. لە ناوەڕستی پەنجاکاندا بە هۆی مامۆستای هەرگیز لە یاد نەچووم فەرەیدوون عەلی ئەمینەوە ناسیم، کە ناوبراو لە خوێندنگەی سەرەتایی چوارتا لە پۆلی پێنج و شەشەمدا خوێندکارێکی لە ناخی هەستەوە گوێگری بووم، کە کوردی و مێژووی بۆ ئامادە دەکردین، هەستی کوردایەتی لە ناخماندا دەچاند، یەکێک لەو خوێندکارانەش کە پێکەوە بووین، بەڕێز فەتاح ئاغا بوو، کە لە دواڕۆژدا ئەو خەباتگێڕەی لێ دەرچوو، کە لەپێناوی کوردایەتیدا خۆی بە شەهیدکردن گەیاند، هەزار دروود بۆ گیانی فەتاح ئاغا و مامۆستا فەرەیدوونی نەمر و هەروەها عەبدوڵڵا جەوهەر عەبدوڵڵا جەوهەر کە دەستپێکی سەرەتای ئەم لێدوانەم بوو، لە سلێمانی، نزیک سەرا، سەرەتای شەقامی مەولەوی، کتێبخانەیەک هەبوو بە ناوی “گەلاوێژ”ەوە، ئەگەر نەڵێم پایتەخت، سەنتەری ڕووناکبیرانی سلێمانی بوو، بە نووسەران و شاعیران و هونەرمەندانەوە… بەردەرگاکەی لەو هەڤاڵانە جمەی دەهات، هەر لە بەردەمی ئەو کتێبخانەیەدا مامۆستا فەرەیدوون بەڕێز عەبدوڵڵا جەوهەری پێناساندم. […] بیرمە شەوێکیان سێقۆڵی من و شێرکۆ بێکەس و لەتیف عەلی لە ماڵی کاک عەبدوڵڵا جەوهەر بەسەر برد، ئەو کاتە لە گەڕەکی عەقاری لە خانوویەکدا دەژیا، کتێبخانەیەکی گەورەی هەبوو شەرەفی ئەوەم پێبڕا کە بەرهەمەکانی منیش لە باوەش بگرێت، لە پاشدا ئەو کتێبخانەیەی پێشکەش بە نامەخانەی سلێمانی کرد.” ئەو بەشەمان بۆ ئەوە نووسییەوە تاکو شێوازی کتێبەکە بخەینە بەرباس، جەمال شارباژێڕی لە هەر هاوەڵێکی چەشنێک لەو پارانۆمایە دەنووسێت، وێنایەک دەدات بە دەستەوە لەو کەسە، لە پەیوەندیی خۆی بەو کەسەوە، جۆری پەیوەندییەکە، کاریگەرییەکان، ئەو زەمەنەی لەگەڵ ئەو کەسەدا یەکتریان ناسیوە، زۆر وردەکاری تر، بۆ نموونە ئەگەر ئەو کەسە ئەدیبێک بێت، جەمال شارباژێڕی هەوڵ دەدات سەبارەت بە توانای ئەدەبی و بەرهەمەکانی باری سەرنجی خۆی بنووسێت، دیارە کۆی ئەم وردبوونەوە بە تایبەت لە زەمەن و شوێندا، کەشێکی دیکۆمێنتاری بە کتێبەکە بەخشیوە، کە لە هەندێ ڕووەوە، دەتوانێت وەک بەڵگە و سەرچاوە، لە ڕۆژ، مانگ و ساڵدا، لە ساخکردنەوەی هەندێ کەس و شوێندا، پەنای بۆ ببرێت.

سەبارەت بەو نامانەی لە دووتوێی ئەم کتێبەدا هاتوون، دەتوانین دابەشیان بکەین بەسەر چەند جۆرێکدا، هەندێک لە نامەکان سەرسامین بە بەهرەی شاعیرێتیی جەمال شارباژێڕی، کە یان بە شیعر، یان بە وەسف و پەخشان نووسراون و تێیدا ستایشی هەستی ناسک و جوانیناسانەی شارباژێڕییان کردووە. بەشێکی تری نامەکان شەخسین و لە چوارچێوەی خێزان و خزم و هاوڕێیانی نزیکدا ئاڵوگۆڕ کراون، بەشێکی تریان نامەی ئەدەبین و لە پرسە ئەدەبییەکان دەدوێن، لێرەدا یەکێک لە نامە ئەدەبییەکان وەک نموونە وەردەگرین، کە نامەی جەمال غەمباری شاعیرە بۆ شارباژێڕی:

مامۆستای شاعیرم کاکە جەمال شارباژێڕی…

بەڕێز و نرخدار

ڕێزی بێپایان… سڵاوی گەرم…

شیعر گەورەیە، هێندەی گەورەیی کەون و هەموو شتەکان… بەڵام ئینسان گەورەترە، بۆیە شیعر هەردەم لەپێناوی ئینسان و خەم و ژان و تاڵی و شیرینی ئەودا ئەخرێتە کار.

مامۆستا گیان! خوێندنەوەی پڕ تامەزرۆیی شیعرەکانت و ئەو ئاه و هەناسە گەرموگوڕانەی کە بوونەتە ڕەنگی هەمیشەیی وشەکانت، هەمیشە ئەمبزوێنن و حەز ئەکەم شتێک بڵێم، جا ئەو شتە لە شیعر بچێ یان نا ئەوەیان شتێکی ترە… گرنگ ئەوەیە منیش لەگەڵ تۆدا ئەمەوێ ئەو هەناسانەت هەڵمژم.

ئەم چەند وشەیەی خوارەوە (ئەگەر بشێ کە ناو بنرێن شیعر) پێشکەشی موعاناتە پیرۆزەکەت بێ… لەگەڵ ڕێزی برایانەما.

واژۆ

برای دڵسۆزت: جەمال غەمبار

سلێمانی: ٢٧/ ١٠/ ١٩٨٠

ئەم کتێبە هەر نامە نییە، یاد و وتار و گفتوگۆش هەن، کە هەریەکەیان دەتوانن چمکێک لە ژیانی ئەدەبی و کۆمەڵایەتی جەمال شارباژێڕی ڕوون بکەنەوە. بۆ وێنە، کاتێک نووسەر “کەریم شارەزا”ی بەسەر کردووەتەوە، لەگەڵ ئەو باسەدا، چەند وتاری کەریم شارەزاشی هێناوە کە دەربارەی ئەزموونی شیعری جەمال شارباژێڕی نووسیویەتی، یان ئەو گفتوگۆیانەی کە لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا لەگەڵی کراون، وەک خۆیان دانراونەتەوە، یاخود ئەو پڕۆژەیەی، کە وەک نامەیەک ئاراستەی هەردوو مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستانی کردووە و لەژێر ناوی “بەرەو شۆڕشێکی سپیی ڕۆشنبیری” و لە شازدە خاڵدا کۆمەڵێک پێشنیار و داواکاری بۆ چاکسازی لە دۆخی ڕۆشنبیری کوردستاندا دەخاتە ڕوو. مەبەست لەم هەمەچەشنێتییەی ئەم کتێبە، کە تێیدا زۆرینەی چالاکییە ئەدەبی و فەرهەنگییەکانی ئەم شاعیرەی لەخۆ گرتووە، ڕەنگە ئەوە بێت کە یارمەتی ئێمە بدات بە شێوەیەکی تایبەت کۆمەڵێک لایەنی شاراوە و بە ڕواڵەت ڕووکەشی ئەم شاعیرە بزانین، بەڵام ئەگەر وردتر دیقەت لە کۆی ئەو چالاکیانە بدەین، تێدەگەین کە تێکڕا دەلالەتن لە هەست و نەستی شاعیرێکی سۆزگەرا، شاعیرێک کە لە ژیانی ئاساییشدا شاعیرانە ژیاوە و مامەڵەی کردووە.

وەک یادێک لە هاوڕێیەتیی نێوان شێرکۆ بێکەس و جەمال شارباژێڕی لێرەدا چەند دێڕ لەو نرخاندنەی شارباژێڕی دەنووسینەوە، کە لەم کتێبەدا هاتووە:

“ساڵی ١٩٥٥ کە هاتمە سلێمانی بۆ خوێندنی دوای دەرچوونی سلێمانی، لە سانەوی سلێمانی دوو مانگێک دەوامم کرد و لە ناوخۆیی (داخلی) شوێن نەمابووەوە ناچار پەنام بردە بەر پیشەسازی، چونکە ناوخۆییەکەی لەگەڵ خۆیدا بوو… لەوێ ئەوانەی لە شاریش بژیایانە لە ناوخۆیی وەردەگیران. بەو هۆیەوە شێرکۆ پاش ئەوەی ساڵێک لە ناوەندی مابووەوە، وای بە چاک زانیبوو کە ئەویش بێتە قوتابخانەی پیشەسازییەوە، بە تایبەتی کە سوودی لە ناوخۆییەکەش وەردەگرت. چونکە ئەو کاتە لە لانەی دایک و باوکی بێبەش بوو، بە هۆی کۆچی دوایی بێکەسی باوکییەوە، دایکیشی لەگەڵ خوشکەکانی لە بەغدا دەژیان، هەرچەندە چەند ساڵێک دوای ئەوە ئەوانیش گەڕانەوە سلێمانی.

هەر لە یەک ساڵی پەیوەندیمان بە پیشەسازییەوە، یەکترمان ناسی و دەستپێشخەرییەکە لە منەوە بوو، بە تایبەتی کە دەیانگوت ئەمە کوڕی فایەق بێکەسی شاعیرە، منیش لە ڕێگەی خوێندنەوەوە بە بێکەس ئاشنا بووبووم. هاوڕێیەتیمان پەرەی سەند و لەگەڵ ئەودا هیی تریشمان دەبوونە هاوەڵ… هەرچەندە من لەپێش ئەودا دەستم پێ کرد و بەرهەمم زۆرتر و تا دوای ناوەڕاستی شەستەکان، بەڵام ئەویش لەوەدوا گوڕی دایە خۆیی و “گۆران” واتەنی کە فەرمووبووی: جەمال شاعیرێکی زگماکە و شێرکۆش لە پڕێکدا هەڵمەت دەبات، وەک چۆن مارێک لە هێلانەکەیەوە دەردەچێت.

درێژترین کات و تەمەنم کە دەتوانم بڵێم هەمیشە بەیەکەوە بووین لە چاخانە و یانە و ماڵی یەکتری و قوتابخانە و دایەرەشی لێ دەربچێ و بیریشمان زۆر لە یەکترییەوە نزیک بوو، بەڵام من لەو ئەهوەنتر بووم، بە تایبەتی ئەو زۆر توندوتیژ بۆ مەسەلەکان دەچوو، من بە هێمنی.”

گرنگیی موزیک لە ژیانی ڕۆژانەدا

خستنەڕووی: “موزیک و گەشەپێدانی مرۆیی”

 

خوێندنەوەی: سەردەم

 

گومان لەوەدا نییە کە یەکێک لە پایە گرنگەکانی هونەر موزیکە، موزیک وێڕای ئەوەی دەتوانێت هەستی جوانیناسانەمان بجووڵێنێت و بەرەو ئەو دنیا ئەفسووناوییەی خۆ بەکێشمان بکات، هاوکات دەتوانێت چێژێکی تایبەتییش ببەخشێت پێمان و یارمەتیدەرمان بێت لە گۆڕینی دۆخی دەروونیمان بۆ ناخ و ڕۆحێکی خاوێن و پاکژ. غیابی موزیک لە ژیانی ڕۆژانەدا، ئەگەرچی لە لای عام شتێکی ئەوتۆ نییە و ڕەنگە سانا لێی تێپەڕن، بەڵام ئەو غیابە کاریگەریی نەرێنیی زۆری دەبێت لەسەر شێوازی بیرکردنەوە و ڕەفتار و گفتارمان. لێرەدا بە شێوەیەکی تایبەت دەربارەی ڕۆشنبیری موزیک چەند سەرنجێک دەنووسین، لە میانەی خوێندنەوەی نوێترین کتێبی نووسەر و هونەرمەند زۆزک قەرەداخیییەوە.

وەک چۆن گوێگرتن لە موزیک کارێکی چێژبەخش و تایبەتە، بەو جۆرەش خوێندنەوە دەربارەی موزیک و مێژووەکەی و ڕۆڵی لە قۆناغە جیاوازەکانی سەرجەم کولتوورەکاندا، گرنگ و جێی بایەخە، بەداخەوە کتێبخانەی کوردی لە هەندێ لایەنەوە پڕە لە کەلێن و بۆشایی گەورە گەورە، یەکێک لەو لایەنانە موزیکە، ئەم نوقسانییە هەردوو بواری نووسین و وەرگێڕان دەگرێتەوە، ئەوەی بۆچی بەو جۆرەیە و کارێکی ئەوتۆ لەو بوارە ناوازەیەدا نەکراوە، ڕەنگە پرسیارێک بێت لە پلەی یەکەمدا یەخەی هونەرمەندەکانمان بگرێتەوە، ئێمە شایەدی چەند کتێبی گرنگین دەربارەی موزیکی کوردی کە نووسەرەکانیان هونەرمەندی موزیکزان نین، بەڵام دەبێت پێویستییەکی مێژوویی و هەستکردن بەو بۆشاییە بەرینە پاڵی پێوە نابن تا ئەو کارانە بکەن، بۆ وێنە مامۆستا محەمەد حەمەباقی، دوو کتێبی گرنگ و پڕبایەخی پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی کردوون، کە یەکەمیان دەربارەی “مێژووی موزیکی کوردی”یە و ئەوی تریان تایبەتە بە هونەرمەند “سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی”، بە هەقەت ئەو دوو کتێبە لەو کتێبانەن کە بۆ هەموو کوردێک گرنگن بیانخوێنێتەوە و باشتر و دروستتر لە سەرچاوە و مێژووی هونەری موزیکەکەی بگات. هاوکات نووسەر و توێژەر نزار سابیر کتێبێکی گرنگی نووسیوە بە ناوی “ناسیۆنالیزم و موزیک”، کە کارێکی بەپێز و شیاوی ستایشە. بێگومان چەند ناوی تریش هەن لەو بوارەدا کاریان کردووە و کارەکانیان جێگەی سەنگینی خۆی لە کتێبخانەی کوردیدا گرتووە، بەڵام وەک هونەرمەندان و نووسین لە بواری موزیک و بە تایبەت ڕۆڵ و کاریگەری، وەک وترا هێجگار کەم و تەنکن، یەکێک لەو هونەرمەندانەی ساڵانێکە بە بواری پراکتیکی و نووسین خزمەت دەکات، هونەرمەند زۆزک قەرەداخییە، ئەم هونەرمەندە تاکو ئێستا لە بوارە جیاوازەکانی موزیک و هونەردا حەڤدە کتێبی چاپ و بڵاو کردووەتەوە، کە دەتوانین بڵێین هەریەک لەو کتێبانە کتێبی دانسقەن و خوێنەران و هونەرمەندان دەتوانن لێیان سوودمەند بن. ئەوە وێڕای ئەو بابەتە هەمەلایەن و ئەو بەشداری و چالاکییە هونەرییانەی تێیاندا کارا بووە و باسی پێشکەش کردوون، خەسڵەتێکی بەرچاوی نووسین و کتێبەکانی ئەم هونەرمەندە دەتوانێت لەو خاڵە درەوشاوەدا بەرجەستە ببێتەوە، کە بە شێوازێکی ڕوون و ڕەوان، بێ هیچ زیادە و دووبارەکردنەوەیەک، پوخت ئایدیاکەی دەخاتە دووتوێی ڕستە و پاراگرافەکانییەوە، کە ئەمەش خەسڵەتێکی گرنگی هەر جۆرە نووسینێکە، کە بێ ناوبەند و ڕایەڵ بگاتە خوێنەر و دۆخێکی ناچاری وا دروست نەکات کە گرفتی تێنەگەیشتن و ئاڵۆزی لا دروست بکات، لەم ڕووەوە زۆزک قەرەداخی کارێکی باش دەکات، کە لە کتێبێکی بچکۆلە و تەنکدا، پەیامەکەی دەگەیەنێت و خوێنەر نەک ماندوو نابێت، بەڵکو چێژ لە زانیاری و ئەو وردەکارییانەش وەردەگرێ کە خراونەتە ڕوو.

کتێبی “موزیک و گەشەپێدانی مرۆیی” نوێترین کتێبی زۆرک قەرەداخییە، لە دووتوێی سەد لاپەڕەدا باسێکی هەمەلایەن لە پەیوەندی نێوان موزیک و لایەنە هەستی و مرۆییەکان پێشکەش دەکات، لەژێر ناونیشانی سەرەکی کتێبەکەدا ئەم دەربڕینە، وەک ناونیشانی لاوەکی دانراوە: (ئەو ڕەهەندە هونەرییە گرنگانەی پێویستە موزیککارانی نەوەی نوێ ئاشنای بن). کتێبەکە سەرەڕای پێشەکییەک، لەم بەش و ناونیشانانە پێک هاتووە: “گرنگیی هونەر، کاریگەریی موزیک لەسەر مرۆڤ، خوێندن و خوێندەواری لە بواری موزیکدا، گرنگیی خۆیی لە بواری هونەردا، گەشەپێدانی توانای خۆیی، هونەر پێویستە نەتەوەیی ـ جیهانی بێت، گرنگی بەرنامەدانان و پلانڕێژی، خۆسنووردارکردن، بەرپرسیارێتی، هاوبەشپێکردن لە بەرهەمی هونەریدا، ستایشی هونەری جوان و ناوازەی هاوپیشەکان، موزیکدانان، ڕەخنە، لێکۆڵینەوە و گەشەپێدان، کۆبەندی”. لە هەریەک لەو بەشانەدا بەوپەڕی چری و کورتبڕییەوە باس لە ڕۆڵی هونەر بە گشتی و موزیک بە شێوەیەکی تایبەت، دەکات.

کتێبەکە بە شێوازێکی زۆر مەنهەجی و ڕێنوێنیکەرانە نووسراوە، ئەگەرچی ڕووی لە گشتە، بەڵام  تایبەتتر فێرخوازانێک دەدوێنێت کە تازەکی دەستیان داوەتە موزیک و دەیانەوێت لەو بوارەدا کار بکەن و خۆیان بەرەو پێش بەرن و لە داهاتوودا خزمەت پێشکەش بکەن. نووسەر زۆر جەخت لە توانای تاک دەکاتەوە، وزەی تاک سەرچاوەی هەموو داهێنانێکە، بەو مەرجەی ئەو وزەیە بە شێوەیەکی وەها ئاڕاستە بکرێت کە نوختەی ئامانج بپێکێ، نەک بەو جۆرەی بە هەموو لایەکدا پەرشوبڵاو ببێتەوە و بەهەدەر بڕوات. نووسەر پێداگری ئەوە دەکات هونەرمەندان دەبێت بچنە فێرگە و خولی جیاواز جیاواز ببینین، لە لایەن مامۆستایانی بەئەزموون و خاوەن دیدگاوە پەرە بە توانا سەرەتاییەکانی خۆیان بدەن و خۆیان بە شوێنێک و کەسێکەوە سنووردار نەکەن و نەبەستنەوە.

پرسێکی زۆر گرنگی نێو ئەم کتێبە پرسی بەجیهانیبوونی موزیکە، زۆزک قەرەداخی دیدێکی تەندروست پێشکەش دەکات، بەوەی کە جیهانیبوونی موزیک دەبەستێتەوە بە نەتەوەوە، نەتەوە بە سەرجەم کولتوور و داب و نەریت و تەقالیدەکانیەوە، کۆیەک کە خەسڵەت و تایبەتمەندی پێک دەهنێت کە دەبێتە شوناس بۆ ئەو خەڵکانەی سەر بەو خاک و زمانەن و پێیەوە دەناسرێنەوە، بێگومان هەر نەتەوەیەکیش وەک چۆن خاوەنی جلوبەرگ و خواردنی تایبەتمەندی خۆیەتی، خاوەنی موزیک و گۆرانی خۆیشیەتی، ئەمەش ئەو پردەیە کە دەبێت وەک سەرەتایەکی پتەو لە نێوان فێرخواز و نەتەوەدا ڕۆ بنرێت، واتا فێرخواز لە ناوەند و کلاسەکاندا ئاشنای ئەم موزیکە نەتەوەییەی خۆی بکرێت، بە وردی سەرجەم لایەنەکانی پێ بناسرێت، لەوەش گرنگتر بتوانێت گوێی لێیان پڕ بێت و ئەلف و بێی ژەندنەکەی، لەسەر ئەو ئاوازانە کۆک بکات کە موڵکی نەتەوەکین و لە خانەی موزیکی فۆلکلۆر و زارەکیدا ناسێنراون. دیارە ئەم خاڵە بە چەندان نموونەی هونەرمەندان لە دنیادا ڕوون دەکاتەوە، مەرجی بەجیهانیبوونی موزیک لە ڕێگەی کەناڵی موزیکی نەتەوەییەوە فەراهەم دەبێت، ئەو هونەرمەندانەی ئەمڕۆ وەک هونەرمەندانی جیهانی بواری موزیک و ئاواز ناسراون، ئەگەر گوێیان بۆ بگرین و دەربارەیان بخوێنینەوە، دەبینین گەشەیان بە موزیکی نەتەوەیی خۆیان داوە و سەرچاوەی سەرجەم داهێنەکانیشیان لە هەوا و سروشتی نەتەوە و خاک و زمانەکەی خۆیانەوە هەڵگۆزتە کردووە. نیسبەت بە موزیک و گۆرانی کوردی ئەمە پرسێکی زۆر ئەمڕۆییە، دەبیستین ڕۆژانە چۆن موزیک و گۆرانی کوردی لە مۆرکی نەتەوەیی خۆی دادەماڵرێت و ڕووت دەکرێتەوە.

کتێبەکە ئاستی بەرپرسیارێتیی خوێندکار بەرانبەر بە موزیک وەک ئەرکێکی نەتەوەیی و جیهانی دیاری دەکات، هاندانێکی جوانە لەو کایەدا، کە هەم هەوڵ بۆ فێربوونی ئامێرێکی موزیک بدەین، هەم چێژ لە جوانی و ئەفسوونی ئەو دنیایە فراوانە وەربگرین، بێگومان ئەو کەسانەی ڕۆحیان ئاوێتەی موزیکە کەسانێکن ئارام و لەسەرخۆن، ئەو کەسانەن کە دۆخە ناشیرین و هەنووکەییەکان فریویان نادات و بە هێمنییەوە درێژە بە خەون و پڕۆژە ئێستەتیکییەکانیان دەدەن و چاویان لە ئایندەیەکی باشتر و گەشترە بۆ هەمووان.

لە دەفتەری فەلسەفەوە

ئاوات ئەحمەد سوڵتان دەینوسێت

(٩)

نەبوون

ڕۆژێکیان لەکاتی خەریکی ئامادەکردنی وتارێک بووم بۆ هەفتەنامەی (صباح کوردستان)، ڤینۆسی کچم هاتە ژوورەکەم‌و پرسی:

  • نەبوون چیە؟
  • ئەم وشەیەت لەکوێ بینیوە؟
  • لە قوتابخانە کچێکی هاوڕێم کتێبێکی پێبوو ناونیشانەکەی (بوون و نەبوون) بوو.
  • کەمێک بیرم کردەوەو بەلامەوە سەیر بوو قوتابییەکی قۆناغی ئامادەیی کتێبەکەی سارتەر لەگەل خۆی بباتە پۆلەوە. جگە لەوەی وەڵامی پرسیارەکەش نازانم، هەوڵمدا گفتوگۆیەک لەگەڵ کچە بچووکەکەم دابمەزرێنم:
  • نەبوون، واتە شتێک کە نەبێت، بۆ نمونە لێرە شێری لێ نیە!
  • بەڵام خۆ لە ئەفریقیا هەیە!
  • ئەمە ڕاستە، ئەی دیناسۆر چی؟
  • ئەویش ڕۆژێک هەبووە، پاشان شوێنەواری بۆ ئێمە ماوە… من مەبەستم لە (نەبوونی تەواوەتییە)
  • تۆ دەزانیت، نزیکەی بیست‌و پێنج سەدە لەمەوبەر، فەیلەسوفێکی یۆنانی ئەم باسەی وروژاندووە؟

من دەمێکە ڤینۆسم ناوناوە فەیلەسوفەکەی ماڵ، بەڵام ئەو ناوە بڕێک قۆشمەیی تێدابوو، کەچی ئەوەتا ڕووبەڕووی کردوومەتەوە لەگەڵ یەکێک لە هەرە قورسترین پرسیارە فەلسەفییەکاندا. خەریک بوو باسی پارمنیدێسی بۆ بکەم کە چۆن پێیوابوو نەبوون شتێک نیە قابیلی ئەندێشەکردن بێت، بەڵکو ئەوەی هەیە، هەیەو تەواو، جگە لەو بوونە ڕەهایە هیچی تر لەگۆڕێ نیە؛ لەوکاتەدا هاوسەرەکەم گسکە کارەباییەکەی داگیرساند، وتم:

–  با چیرۆکێکت بۆ بگێڕمەوە. ئەگەر دایکت بە گسکە کارەباییەکەی هەر تۆزو خۆڵەکە نا، بەڵکو کەلوپەلەکانیشی هەڵمژی، ئینجا خانووەکەو گەڕەکەکەو زەوی‌و کۆمەڵەی خۆرو گەردونیشی هەڵمژی، پاشان خۆشی هەڵمژی، نەبوون ئەوەیە. (پێشتر چیرۆکێكی وام لەکتێبێکدا خوێندۆتەوە.)

ڤینۆس بە چیرۆکەکە ڕازی بوو، بەڵام من خۆم پێی ڕازیی نەبووم، چونکە هێشتا هەر وەڵامی پرسەکە نیە. کێشەکە لەوەدایە ئەگەر مێتافیزیک لێکۆڵێنەوەی (بوون) بێت، ئیتر قسەکردن لەبارەی (نەبوون)ەوە ڕەنگە جۆرێک بێت لە لەدەستدانی پیشەوەریی لە بوارەکەدا. فەیلەسوفان زۆر دەمێکە درکیان بەوە کردووە کە ئەندێشەکردنی (نەبوون) ئاسان نیە. ئاخر چۆن دەتوانین وەسفی بارێک بکەین کە تێیدا بە ڕەهایی هیچ شتێک نیە! ئایا نەبوون مانای (هیچ) دەگەیەنێت؟ ئەگەر لەڕووی بیرکارییەوە سەیری بکەین: ئایا دەتوانین بڵێین نەبوون (سفر)ە؟ ئەمە دەمباتە لای بیرکردنەوە ئاینییەکە: ئایا بوون بریتییە لە کەوتنەڕێ بە ژمارە ناتەواوەکاندا بەرەو (یەک)ی کامڵ، واتە خودا؟ لێرەدا خۆم بەم بەشەی پرسیارەکەوە خەریک ناکەم.

بیرۆکەی گسکە کارەباییەکە هی ڕۆبیرت نۆزیکی ئەمریکاییە (١٩٣٨ – ٢٠٠٢)؛ ئەو دەڵێت بۆ ئەوەی بیر لە (نەبوون) بکەینەوە، ئەوە پێویستە پێشتر بیر لە شتیک بکەینەوە کە بیهێنێتە دی، هەربۆیە پێویست دەکات گسکەکە خۆشی هەڵبمژێت تا نەبوون بیتە ئاراوە. ئالێرەدا دیسان پرسیارەکە دێتەوە پێشەوە: ئایا نەبوون مانای بۆشایی یاخود بوون لە حاڵەتی نەرێنیدا دەگەیەنێت؟

بۆچی شتێک هەیە، لەبری ئەوەی نەبێت؟ کاتێک مارتن هایدگەر ئەم پرسیارەی بەرزکردەوە، لە زەینیدا پرسیارێکی دیکە هەبوو: ئایا دەتوانین بە بەڵگاندنی لۆژیکی پشتیوانیی لە نەبوون بکەین! ئاخر شتێک ئەگەر نەبێت، چۆن دەتوانین تێبینیی بکەین‌و ئەرگومێنت لەبارەیەوە ساز بکەین! ئەمە بۆ (شت)ێک، ئەی نەبوون خۆی لەخۆیداو بەڕەهایی چۆن! واتە ئەگەر کونێکی ڕەش هەموو شتەکانی قووتداو شتێکی بەناوی (کات و شوێن) نەهێشتەوە، ئایا خۆی هەیە؟ ئەمە دەمانباتەوە بۆ پرسیارەکەی پارمنیدێس کە نزیکەی بیست‌و پێنج سەدە وتوویەتی: ئەوەی هەیە، هەیە؛ ئەوەی نیە، نیە. واتە ئەو دەڵێت جیهان ئەمەیە کە هەیە، ئەمەش هەمووی بەسەریەکەوە (یەک) بوونەو هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نایەت.

پارمنیدێس بیرۆکەی خوڵقاندنی شتێک لە نەبوونەوە ڕەت دەکاتەوەو باوەڕی وایە کە ناشێت شتەکان هەروا لەناکاو (کورد گوتەنی بە چەقەنەیەک) لە نەبوونەوە بێنە بوون. بەلای ئەوەوە مەحاڵە ئەو شتانەی کە نین بتوانن هەبن، جەخت دەکات کە هیچ شتێک لە نەبوونەوە نایەت؛ ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەر گسکە زەبەلاحەکە، لەوکاتەدا کە خۆی هەڵدەمژێت ئەوە دەبێتە نەبوون، واتە نەبوون دەکاتە ناو نەبوونەوە….! ئەمەش وادەکات نەبوون خۆی (شت)ێک بێت‌و دەمانباتەوە بۆ سەرەتای ئەرگومێنتەکە. پارمنیدێسیش ئەم گرفتەی هەبوو بۆیە دەیووت کە هیچ مانایەکی نیە بیر لە نەبوون بکەینەوە، چونەک لەوێ نیە، ئەوەی هەیە هەیە، نەبوون مەحاڵە بۆیە دەبێت هەمیشە (شت)ێک هەبێت.

ئەرەستۆش هەر لەو باوەڕەدا بووە کە ناتوانین بیر لە نەبوون بکەینەوە، جەختیشی دەکرد کە هەر بەوەندەی سیفەتی (بوون) بدەینە پاڵ (نەبوون) ئیتر ناکۆکی پەیدا دەبێت، بۆیە حاڵەتێک، بارێک….کە ڕەوشی نەبوون بێت، مەحاڵە. ئەرەستۆ هەوڵیدا ئەرگومێنتێک بۆ بۆچوونەکەی ئامادە بکات: شتەکان دەجووڵێن، بەڵام هەمیشە لە نێوەندێکدا دەجووڵێن، وەک مەلەوانێک کە لەناو ئاودا دەجووڵێت. نێوەندەکانیش چڕییان هەیە بۆیە دەبنە هۆی خاوکردنەوەی جووڵەکردن، جوڵەکردن لەناو ئاودا ئاسانترە لەناو لیتەدا… هتد. هەتا چڕیی کەمتر بێت، خێرایی زیاتر دەبێت؛ نەبوون (ئەگەر هەبێت) ئەوە بەڕەهایی هیچ چڕییەکی نیە، بۆیە جووڵە لەناو نەبووندا بەڕەهایی خێرا دەبێت. بیشک ئەمەش مەحاڵە.

لە سەرەتادا چی هەبوو؟ ئەمەش دیسان پرسیارێکی قورسەو پەیوەندییەکی بەتینی بە چەمکی (نەبوون)ەوە هەیە، لە لۆژیکدا بەمجۆرە پرسیارانە دەوترێت گەڕانەوەی ئەبەدی. بۆ نمونە من کوڕی باوکمم، ئەویش کوڕی باوکێتی…. هتد. ئەمە تاکەی بەردەوام دەبێت؟ یەکەمین باوک (ئادەمی فەلسەفی / زانستی) کامەیە؟ ئەو یەکەمین باوکە لەکوێوە پەیدا بوو؟ بۆ گەردوون چی؟ تازەترین تیۆرمان لەبارەی پەیدابوونی گەردوونەوە، تەقینەوە گەورەکەیە کە نزیکەی ١٣.٧ ملیار ساڵ لەمەوبەر ڕوویداوەو بووەتە هۆی پەیدابوونی گەردوون‌و لەناویدا زەمینیش. بەڵام خۆ ئێمە کە پرسیار لە بوونی شتیک دەکەین، خۆی لەخۆیدا پرسیارکردنە لەوەی بووەتە هۆی هەبوونی ئەو شتە! ئێستا چی تەقینەوە گەورەکەی دروست کرد. لای زانایانی فیزیا قسەکردن لەسەر نەبوونی ڕەها مەحاڵە، دەڵێن بەرلەوەی تەقینەوە گەورەکە ڕووبدات، تۆزی گەردوونی و لەرینەوەی گەردوونی هەبووە، بەڵام ئەمانە خۆیان لەکوێوە هاتوون؟

ئایا نەبوون بۆشاییە؟ بۆشایی خۆی چیە؟ چۆن هەیە؟ هەرچۆنێک بیری لێ بکەینەوە دەبینین بۆشایی لە پەیوەندییدا لەنێوان کۆمەڵێک شتی ترەوە پەیدا دەبێت. ئەگەر واش نەبێت، دەتوانین لە دیدی هینری بێرگسۆنەوە بڕوانینە بۆشایی، بۆ ئەوەی بتوانین فەزایەکی بەتەواویی بۆش ببینین یان تێبینی بکەین، دەبێت شێوەی هەبێت، واتە سنوری هەبێت، کە ئەمەشی هەبوو واتە شتێکە، بەواتای ئەوەی بۆشایی خۆی شتێکە کە هەیە! واتە ئەمیش هەر (نەبوون) نیە. هەر لێرەشەوەیە کە جیم هۆڵتی فەیلەسوف دەڵێت کە نەبوون خاوەنی “بونیادو شکڵەو شتێکە دەتوانین هەستی پێ بکەین.” بەڕاست ئەوە نەبوونە؟

بیرگسۆن گریمانەیەکمان پێشکەش دەکات: مرۆڤ خۆی سەرەتای هەیە، لە خاڵی سفرەوە دەست پێدەکات‌و پاشان دەڕوانێتە دەورو پشتی خۆی‌و بیردەکاتەوە کە دەبێت شتەکانیش هەروابن و ئەوانیش لە خاڵی سفرەوە دەستیان پێکردبێت، (سفر) لەزەینی مرۆڤدا بەجۆرێک لە جۆرەکانی نەبوون ڕاڤە دەبێت؛ بەڵام ئەمە هەڵەیەو بەسەر جیهاندا پیادە نابێت، چونکە هەمیشەو بە بەردەوامیی شتێک هەبووە، نەبوون هەرگیز نەبووەو نابێت..

هەرچۆنێک بیت، وادیارە کە باس لە نەبوون دەکەین، ئەوە مەبەستمان لە پووکانەوە یان ڕەشبوونەوە یاخود نەمانی هەموو شتەکان نیە بەجارێ. بەڵکو باس لە شتێک دەکەین، واتە وەک ئەوەی بڵێین نەبوون خۆی هەیە! یان شتێکە. دەڵێم ئەم جانتایە قورس (نیە)، مانای ئەوە نیە کە هیچ قورساییەکی نیە! ئەی ئەگەر وتم (ئەم جانتایە نیە) واتە هەموو خاسییەتێکم لێ وەرگرتەوە (قورسایی، ڕەنگ، قەبارە… هتد) ئەوە مەبەستم لەم ڕستەیە چیە؟ کە نیە، چۆن دەتوانم ئاماژەی بۆ بکەم، کە ئاماژەی بۆ دەکەم، چۆن نیە؟

وادیارە ماقووڵترین تێڕوانین ئەوەیە کە هەمیشە وابزانین شتێک هەیە، واتە نەبوون هەروا بە گریمانە بمێنێتەوە، بەوەش پرسیاری سەرەتای سەرەتاکان دەبێتە پرسیارێکی مرۆیی، واتە پرسیارێکە تایبەت بە مرۆڤ و توانا ئەقڵییەکانی بۆ گومانکردن و سەرسامبوون. واتە هەرچۆنێک بیری لێ دەکەینەوە، لە گوزارشتەکەی نۆزیک باشترمان دەستناکەوێت کە دەڵێت “زۆرتر ئەوە ڕێی تێدەچێت کە شتێک هەبێت، نەک نەبێت.” ئێمە دەتوانین لەگەڵ بوونی شتێکدا هەڵبکەین، بەڵام ناتوانین لە نەبوون تێبگەین، نەبوون حاڵەتێک نیە بۆ ئەزمون کردن.

هەموو شتێک کۆتایی هەیە (بەمانای گوێزانەوە بۆ نەبوون نا!) منیش کۆتایی باسەکە بە قسەیەکی زانای فیزیاو فەلەکی هاوچەرخ، نیل دیگراس تایسۆن دەهێنم: “وادیارە گرێکوێرەی نەبوون هەرگیز ناکرێتەوە!”

شانۆنامەی سوکرات

ڕانانی: سەردەم

یەکێکی تر لە کتێبە شانۆییە تازە چاپکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بریتییە لە شانۆنامە بەناوبانگەکەی نووسەر و فەیلەسووف و مێژوونووسی فەرەنسی (ڤۆڵتێر) کە لەبارەی دادگایی کردنەکەی سوکراتی گەورە فەیلەسووفەوە نووسیویەتی، ئەم کتێبە لە لایەن نووسەر و وەرگێڕ (ئاوات ئەحمەد سوڵتان) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و بەشێکە لەو بایەخە گەورەیەی کە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بە شانۆ و کتێبی شانۆیی دەدات، بەو ئومێدەی شانۆکار و هونەرمەندانی کورد سوودی لێ ببینن لە بەرهەمە شانۆییەکان و نمایشەکانیاندا.

هەر وەک وەرگێڕ لە پێشەکییە کورت و پوختەکەی کتێبکەدا ئاماژەی پێ کردووە، ڤۆڵتێر ساڵی ١٧٥٩ شانۆیی سوکراتی نووسیوە، بە شێوازێکی گاڵتەجاڕانە ڕووداوێکی مێژوویی دەگێڕێتەوە، مەبەستی سەرەکی ڕەخنەگرتن بوو لە حکومەت و دەسەڵاتداران و ئایین، لەم شانۆییەدا، پێچەوانەی ڕووداوە مێژووییەکەوە، سوکرات بەرامبەر ژمارەیەک دادوەر دەوەستێتەوە، کە ڕاستییەکەی ئەوەیە سوکراتی ڕاستەقینە، لە بەردەمی دەستەیەکی ٥٠٠ کەسیدا سزای ژەهرخواردنی بەسەراد دەدرێت: لە شانۆییەکەدا زۆرێک لە هاوڕێکانی سوکرات کە لە ڕووداوە ڕاستەقینەکەدا، لە دادگا ئامادە بوون، فەرامۆش کراون، وەک ئەفلاتوون و ئەنتیسینێس و ئەریستیپۆس و زۆری تریش، لەبری ئەوان ژمارەیەک قوتابی بێناو دانراوە، کە لە کۆتایی شانۆییەکەدا دەردەکەون، ڤۆڵتێر (سوکرات)ی وەک کەسێک ناساندووە، کە باوەڕی بە بوونی یەک تاکە خودا هەیە، بەڵام ڕووداوە مێژووییەکان و بیرمەندان و مێژوونووسان ڕایان وا نییە و قسەی پێچەوانەیان هەیە لەو بارەوە.

کارەکتەرە درامییەکانی نێو دووتوێی ئەم شانۆنامەیە بریتین لە:

سوکرات

ئانیتوس: سەرۆکی کەشیشان

میلیتوس: یەکێک لە دادوەرانی ئەسینا

گزانتیپ: هاوسەری سوکرات

ئاگلیا: کچێکی جاحێڵی ئەسینایی، سوکرات خۆی پەروەردەی کردووە

سۆفرۆنیموس: لاوێکی ئەسینایی، سوکرات خۆی پەروەردەی کردووە

دریکسا: ترێپاندەر، ئاکرۆس: هاوڕێی ئانیتۆس

دادوەرەکان: قوتابیانی سوکرات، سێ زمانلووسی لایەنگری ئانئتوس.

بە گشتی وەک ئاماژەمان پێ دا ئەم شانۆنامەیە سوودی لە واقیعێکی مێژووی وەرگرتووە، ئەویش دادگاییکردنی گەورە فەیلەسووفی ئەسینا و دنیا (سوکرات)ە، بەڵام پێچەوانەی ڕەوتە واقیعییەکە، بە زمانێکی گاڵتەجاڕانە ڕووداوەکانی گێراوەتەوە و دەستکاری سروشت و پێگە و هەڵوێستی کارەکتەرەکانی کردووە، بێگومان کارەکتەرەکانیش بە هەمان شێوە واقیعین و ڕەهەندی مێژووییان هەیە و نزیک بوون لە خودی سوکرات و ڕووداوەکان و دادگاییکردنەکەوە،  ڤۆڵتێر، لە ڕێگەی زمانە گاڵتەجاڕییەکەیەوە، کۆی دەسەڵات و سیستەمە ئایینی و کۆمەڵایەتیەکان دەخاتە ژێر پرسیارەوە و ڕەخنەبارانیان دەکات.

ئەم نووسەر و فەیلەسووفە، ناوی تەواوی (فرانسۆ ماری ئەرویت)ە و نازناوی ڤۆڵتێری هەیە، لە ٢١ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٦٩٤ لە پاریسی فەرەنسا، لە خێزانێکی دەوڵەمەند و خانەدان لەدایکبووە. کوڕە بچووکی خێزانەکەی بووە و کاتێک تەمەنی گەیشتووەتە حەوت ساڵان، دایکی کۆچی دوایی کردووە و باوکی ڤۆڵتێر ئەرکی بەخێوکردنی گرتووەتە ئەستۆ، باوکی کەسایەتییەکی ئازادیخوازی دوور لە ئایینی هەبووە و لە تەمەنی لاویدا (ڤۆڵتێر) کاریگەر بووە بە کەسایەتی باوکی.

لە ساڵی ١٧٠٤، ڤۆڵتێر چووەتە کۆلێجی لوویسی مەزن کە قوتابخانەیەکی تایبەتی ئایینی بووە لە پاریس، دوای تەواوکردنی خوێندن، پەیوەندی ڤۆڵتێر بە باوکییەوە تێک چووە و باوکی ویستوویەتی کە ناچاری بکات وەکو پارێزەر کار بکات و لە بواری یاسا پیشەیەکی فەرمی بەدەست بهێنێت، باوکی ڕێگری کردووە لەوەی ببێت بە نووسەر، ڤۆڵتێر داواکانی باوکی ڕەتکردووەتەوە و باوکی لە میرات بێبەشی کردووە، بۆیە ئەویش وازی لە نازناوی خێزانەکەی هێناوە و نازناوی ڤۆڵتێری هەڵبژاردووە، هەموو کارەکانی بەو ناوەوە بڵاو کردووەتەوە و یەکەمین کاری ئەدەبی لە ساڵی ١٧١٨ لەژێر ناوی ڤۆڵتێرەوە بڵاو کردووەتەوە.

ڤۆڵتێر نووسینی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاو کردووەتەوە و شانۆگەریشی نووسیوە، بە هۆی بیروبۆچوونەکانی و بڵاوکردنەوەی نووسینەکانی زیندانی کراوە و لە فەرەنسا دوور خراوەتەوە، لە ساڵی ١٧١٦ ڤۆڵتێر دوور خراوەتەوە بۆ شارۆچکەیەکی دوورەدەستی فەرەنسا، چونکە ڕەخنەی گاڵتەئامێزی لە لوویس فیلیپی دووەمی ئەوکاتەی دەسەڵاتداری فەرەنسا گرتووە، ساڵێک دواتر گەڕاوەتەوە بۆ پاریس.

پاشان بە هۆی بڵاوکراوەکانییەوە لە زیندانی باستیل بۆ ماوەیەکی کورت دەستگیر کراوە، دواتر لە ساڵی ١٧٢٦ بۆ ماوەی ساڵێک لە زیندانی باستیل دووبارە دەستگیر کرایەوە بە هۆی ئەوەی شیعرێکی ئابڕووبەری نووسی سەبارەت بە پەیوەندییەکی قەدەغەکراوی خۆشەویستی نێوان پاشای ئەوکاتەی فەرەنسا، هێنری چوارەم و کچەکەی، چونکە ئەو ماوەیە پڕوپاگەندەی زۆر بڵاوبووبووەوە کە پاشا پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ کچەکەی خۆی هەیە. دوای ئازادکردنی دووبارە بۆ ماوەی سێ ساڵ لە فەرەنسا دوورخرایەوە بۆ وڵاتی ئینگلتەرا، لەوێ فێری زمانی ئینگلیزی بوو، هاوکات ئاشنایەتی لەگەڵ شاعیرە ئینگلیزەکانی ئەو سەردەمەدا پەیدا کرد. لە کۆتاییەکانی ژیانی لەگەڵ بەردەوام بوونی لەسەر نووسین و بڵاوکردنەوەی بەرهەمی ئەدەبی هەمەجۆر، ڤۆڵتێر کاری بازرگانی و هاوردەکردنی کاتژمێری سویسری کردووە و لەو پڕۆژەیەدا وەکو بازرگانێک ناوبانگی زۆری دەرکردووە.

بە پێی زانیارییەکان (ڤۆڵتێر) هاوسەرگیری نەکردووە و هیچ منداڵێکی نەبووە، بەڵام پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ ئێمیلی دووچاتلێیە خانمە زانای بیرکاری ئەو سەردەمە هەبووە، پەیوەندییەکەیان ماوەی ١٦ ساڵی خایاندووە و لە شارۆچکەی سێرای ژیاون. ڤۆڵتێر لە خۆشەویستەکەیەوە ئیلهامی نووسینی لە بارەی بابەتە زانستییەکانەوە وەرگرتووە، دوای جیابوونەوەیان ڤۆڵتێر لەگەڵ کچێکی خوشکی ژیاوە و دەنگۆ هەبووە کە بەخێوکردن و پەروەردەکردنی کچێکی بچووکی بە ناوی ماری فرانسۆ لە ئەستۆ گرتووە.

سەبارەت بە ئەزموونی نووسینی ڤۆڵتێر، زانیارییەکان هەموو ژیانی بۆ نووسین تەرخان کردبوو، ڕۆژانە ١٨ کاتژمێر نووسیویەتی و ئالوودەی قاوە بووە. ڤۆڵتێر کتێب، وتار، شانۆگەری، شیعر، نامە، دەستنووس، ڕەخنەی ئەدەبی، بابەتی مێژوویی، وتاری سیاسی و ڕەخنەئامێز، لە هەموو ئەم بوارانە بەرهەمی هەبووە. ژمارەی نامەکانی بە ٢١ هەزار نامە خەمڵێندراوە و پەنجا شانۆگەری نووسیوە، ئەو بڕوای بە بوونی خوا هەبووە، بەڵام بڕوای بە ئایین و کڵێسا و شێوازی مامەڵەکردن و قۆڕخکاریی قەشەکانی کڵێسا نەبووە، دژی دەسەڵات بووە، بۆیە شێوازی نووسینی جیاواز بووە و هەموو ئەم بیرۆکانەی کاردانەوەی لەسەر بەرهەمەکانی هەبووە، ڤۆڵتێر بە پێشەنگی بیرمەندەکانی سەردەمی ڕۆشنگەری دادەنرێت و بە “باوکی ڕۆشنگەری” ناسراو بووە.

گرنگترین بەرهەمەکانی ئەم نووسەر و فەیلەسووفە بریتین لە:

– ناودارترین بەرهەمی شیعری ڤۆڵتێر بریتییە لە شیعری Henriade  کە لە ساڵی ١٧٢٣ بڵاوی کردەوە، لەگەڵ شیعری The Maid of Orleans  کە شیعرێکی درێژ بوو، سەرەڕای ئەوەی کە نەیتوانی پێش مردنی تەواوی بکات، بەڵام شیعرەکە دوای کۆچی دوایی ڤۆڵتێر، بڵاو کرایەوە و ناوبانگی زۆری دەرکرد.

–  دیارترین بەرهەمی شانۆگەری و شانۆنامەی ڤۆڵتێر بریتییە لە شانۆگەری Oedipus کە لە ساڵی ١٧١٨ لەسەر شانۆ پێشکەش کرا، پاشان زنجیرە شانۆنامەی تراجیدی نووسییەوە که ناوبانگترینیان بریتی بوو لە شانۆنامەی Mariamne لەگەڵ شانۆگەری Zaïre  و شانۆگەری Nanine.

– نووسراو و کتێبەکانی ڤۆڵتێر مێژوویین ناودارترینیان سەردەمی لوویسی چواردەهەم The Age of Louis XIV لەگەڵ توێژینەوەیەک بە ناوی نەریت و کڕۆکی گەلان، لەم توێژینەوەیەدا ڤۆڵتێر مێژووی کۆمەڵایەتی و هونەریی گەلانی ڕابردووی لە سەردەمە جیاوازەکان خستووەتە ڕوو و لێکۆڵینەوەی لە بارەیانەوە کردووە.

–  هەروەها گرنگترین کارە فەلسەفییەکانی ڤۆڵتێر لەسەر شێوازی کورتە چیرۆک و ڕۆمانن، نموونەی Micromégas، خەونی پلاتۆ Plato’s Dream، لەگەڵ ڕۆمانی ناودار Candide، هاوکات فەرهەنگی فەلسەفی Dictionnaire philosophique کە فەرهەنگێکی چڕی سەردەمی ڕۆشنگەرییە و دژی کڵێسای ڕۆمانی کاسۆلیکی ئەو سەردەمە بووە ناودارترین کارە فەلسەفییەکانی ڤۆڵتێرە.

ڤۆڵتێر لە ٣٠ ی ئایاری ساڵی ١٧٧٨ لە پاریسی پایتەخت کۆچی دوایی کردووە. مەراسیمی بە خاکسپاردنی لە کڵێسا بۆ ئەنجام نەدراوە، چونکە کەسێک بووە باوەڕی بە کڵێسا و مەسیحییەت نەبووە و دژی ئایین بووە.

چیرۆكی ئه‌و كچه‌ ئه‌فغانییه‌ی له‌ ترسی تالیبان خۆی كردبوو به‌ كوڕ

“باوكم بۆ ماوه‌ی ده‌ ساڵ جلی كوڕانه‌ی له‌به‌ركردم تاكو به‌ ئازادی بژیم”

نیلۆڤه‌ر ئه‌یوبی، كچێكی ئه‌فغانییه‌، له‌ ئێستادا ته‌مه‌نی 23 ساڵه‌ و له‌ وڵاتی پۆڵه‌نده‌ ده‌ژی، ئه‌و ئاوا به‌سه‌رهاتی چیرۆكی ژیانی خۆی ده‌گێڕێته‌وه‌:

ته‌مه‌نی ته‌نها چوار ساڵ بووه‌، له‌ شه‌قام و كۆڵانه‌كانی شاری قه‌ندوز، له‌ باكوری ئه‌فغانستان، سه‌رقاڵی یاریكردن بووه‌، له‌ ناكاو پیاوێكی ریشنی شێوه‌ ترسناك، لێی نزیك ده‌بێته‌وه‌، ده‌ست ده‌خاته‌ سه‌ر سنگی و به‌ شوێن نیشانه‌ی “مێیایه‌تیدا” ده‌گه‌ڕێت، پاشان تا هێزی تیایه‌ شه‌پازله‌یه‌ك له‌ رووخساری ده‌دات و تا ئێستاش شوێنی سوور هه‌ڵگه‌ڕانی شه‌پازله‌كه‌، به‌ رووخساریه‌وه‌ دیاره‌. ئینجا هه‌ڕه‌شه‌ی لێده‌كات ئه‌گه‌ر جارێكی دی بێ حیجاب بیبینێته‌وه‌، ئه‌وا باوكی ده‌ستگیر ده‌كات.

نیلۆڤه‌ر دوای تێپه‌ڕبوونی 23 ساڵ به‌سه‌ر رووداوه‌كه‌دا، هه‌مو ئه‌وه‌ی له‌و رۆژه‌دا روویدا بوو، بیرده‌كه‌وێته‌وه‌ و قسه‌ بۆ به‌رنامه‌ی “ئاوت لۆك”ی رادیۆی BBC كردووه‌ و ده‌ڵێت: “به‌ گریانه‌وه‌ گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه، باوكم به‌ جۆرێك توڕه‌ بوو، غه‌زه‌بی لێده‌باری و رووخساری سوور هه‌ڵگه‌ڕا‌”.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: “بیرمه‌ باوكم له‌ شوێنی خۆی كه‌وته‌ هاتوچۆكردن، ده‌رۆشت و ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ و له‌به‌ر خۆیه‌وه‌ ده‌یوت: چۆن بوێری ئه‌وه‌ی كردووه‌ ده‌ستت لێ بدات؟”.

پاشان باوكی بڕیارێك ده‌دات، ته‌واوی ژیانی كچه‌كه‌ی له‌ ئه‌فغانستان و له‌ ماوه‌ی حوكمی یه‌كه‌می تالیبان، له‌ نێوان ساڵانی 1996 بۆ 2001، ده‌گۆڕێت و نیلۆڤه‌ر به‌ درێژایی 10 ساڵ، وه‌ك كوڕ ده‌ژی. به‌مه‌ش له‌ ده‌ست ئه‌و لێكدانه‌وه‌ سه‌ركوتكه‌رانه‌یه‌ رزگاری بووه‌ كه‌ تالیبان، بۆ جێبه‌جێكردنی شه‌ریعه‌تی ئیسلامی، سه‌باره‌ت به‌ مامه‌ڵه‌كردنی له‌گه‌ڵ ژن، پیاده‌ی ده‌كرد.

نیلۆڤه‌ر ساڵی 1996 له‌دایك بووه‌، هه‌رچه‌نده‌ پاسپۆرته‌كه‌ی له‌سه‌ری نووسراوه‌ ساڵی 1993 له‌دایك بووه‌. باوكی له‌م كاره‌دا، هه‌وڵیداوه‌ به‌ زووترین كات كچه‌كه‌ بخاته‌ قوتابخانه‌ و ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی قۆستووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌مریكا، توانی له‌ ساڵی 2001 تالیبان له‌ ئه‌فغانستان دووربخاته‌وه‌. له‌م باره‌یه‌وه‌ نیلۆڤه‌ر ده‌ڵێت: “شاری قه‌ندوز، هه‌رگیز شوێنێكی سه‌رنجڕاكێش نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ژن تێیدا له‌دایكببێت. له‌م شاره‌دا ژیان بۆ پیاو قورس و سه‌خته‌، چ جای بۆ ژن”.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: “كوڕ بوون خۆڕسكانه‌ هێزت پێده‌به‌خشێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر تۆ كوڕێكی منداڵی ته‌مه‌ن دوو ساڵانه‌ش بیت، ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌یه‌ تۆ رێزت له‌و دایكه‌ زیاتره‌ كه‌ تۆی هێناوه‌ته‌ دونیاوه‌. ئه‌گه‌ر كوڕ بیت، له‌ ته‌مه‌نی چوار ساڵیدا، له‌ رووی یاساییه‌وه‌، بۆت هه‌یه‌ هاوه‌ڵی ئه‌و ژنه‌ بكه‌یت كه‌ دایكته‌، ئه‌و وه‌ك كۆیله‌ وایه‌. تۆ وه‌ك ژن، مێینه‌یه‌كی نه‌بینراویت”.

نیلۆڤه‌ر باس له‌وه‌ ده‌كات له‌ ئه‌فغانستان، كارێكی به‌ربڵاوه‌ خێزانه‌كان، جلوبه‌رگی كوڕانه‌ بكه‌نه‌ به‌ر كچه‌كانیان. به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر خێزانه‌كه هیچ “نێرینه‌یه‌كی” نه‌بێت. چونكه‌ ئه‌و خێزانانه‌ی نێرینه‌یان نییه‌، ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ هه‌ر پیاوێك بێت، لێیان نزیك ببێته‌وه‌ و هه‌وڵده‌دا ژنه‌كه‌ بكاته‌ هاوسه‌ری خۆی.

به‌ڵام ئه‌م حاڵه‌ته‌ له‌ ژیانی نیلۆڤه‌ردا جیاواز بووه‌، چونكه‌ خێزانی ئه‌وان نێرینه‌یان هه‌بووه‌ و مه‌سه‌له‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ بوون یان نه‌بوونی نێرینه‌وه‌ نه‌بووه‌. به‌ڵكو مه‌سه‌له‌كه‌ په‌یوه‌ندی بوه‌وه‌وه‌ بووه‌ تا نیلۆڤه‌ر بتوانێت به‌ ئازادانه‌ بژی. لێره‌وه‌ باوكی داوا له‌ دایكی ده‌كات مقه‌سته‌كه‌ی بۆ بێنێت، قژی ده‌بڕێت و به‌ دایكی ده‌ڵێت: “جلی كوڕانه‌ی له‌به‌ربكه‌”.

ئازادی

سه‌روه‌ختێك نیلۆڤه‌ر به‌ قژه‌ بڕاوه‌ سه‌یره‌كه‌یه‌وه‌ راده‌وه‌ستێت و جلوبه‌رگی كۆنه‌ی براكانی له‌به‌رده‌كات، هه‌رگیز به‌ خه‌یاڵیدا نه‌هاتووه‌ ژیانی به‌ شێوه‌یه‌كی ریشه‌یی گۆڕانی به‌سه‌ردادێت و ده‌ڵێت: “وه‌ك براكانم مامه‌ڵه‌م له‌گه‌ڵ ده‌كرا، ده‌متوانی جلی كوڕانه‌ له‌به‌ربكه‌م و له‌گه‌ڵ باوكم بڕۆم بۆ بازاڕ. ده‌متوانی سواری پاس و ئامانه‌ ببم و بڕۆم بۆ بینینی چالاكییه‌ وه‌رزشییه‌كان. بوومه‌ هاوڕێی كوڕانی دراوسێمان. له‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ هه‌ر كاتێكدا بووایه‌ ده‌متوانی یاری بكه‌م”.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، ژیانی خوشكه‌كانی، وه‌ك خۆیان مانه‌وه‌ و هه‌مان دۆخی ژیانی ژنانی ئه‌فغانستانیان هه‌بوو. خوشكه‌كانی ناچاربوون ته‌نانه‌ت له‌ ماڵه‌وه‌ش حیجاب بكه‌ن و ئه‌و جلوبه‌رگانه‌ له‌به‌ربكه‌ن كه‌ ته‌واوی جه‌سته‌یان داده‌پۆشێت. وه‌لێ باوكی حه‌زی به‌و جۆره‌ شتانه‌ نه‌بووه‌ و ده‌ڵێت: “باوكم هه‌رگیز داوای لێ نه‌كردووین، ئه‌و جلوبه‌رگه‌ زه‌رد و نه‌ریتییه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ له‌به‌ربكه‌ین. باوكم هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ دایكم شه‌ڕیان بوو، به‌ دایكمی ده‌وت: بۆچی جلوبه‌رگی گونجاویان له‌به‌رناكه‌یت، ئه‌م جلانه‌ زۆر درێژه، بۆچی ئه‌م جلوبه‌رگه‌ ده‌ڵب و درێژ و پان و پۆڕانه‌یان له‌به‌رده‌كه‌یت؟‌”.

دروستكردنی متمانه‌

نیلۆڤه‌ر ده‌ڵێت ژیان و گه‌وره‌بوونی به‌ دوو شوناس، دوو ناسنامه‌، وای لێكردووه‌ هه‌میشه‌ هه‌ست به‌ جیاوازی بكات. ره‌نگه‌ تاقه‌ كه‌سێك له‌ ئه‌زمونی ئه‌م تێبگات، هاوڕێ نزیكه‌كه‌یه‌تی كه‌ كچێكه‌ ئه‌ویش وه‌ك كوڕ ژیاوه‌ و روبه‌ڕووی هه‌مو جۆره‌ كێشه‌یه‌ك بووه‌ته‌وه‌.

ئه‌و له‌م باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: “من و هاوڕێكه‌م هاوبه‌شبووین له‌ تاوانه‌كه‌دا، له‌ هه‌ر جارێكدا، یه‌كێمان خه‌ریك بوو ئاشكرا ببێت، ئه‌وه‌ی دیكه‌مان به‌ خێرایی ئاگاداری كردووه‌ته‌وه‌ و رزگاری كردووه‌”، نیلۆڤه‌ر ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات ئه‌و به‌ ته‌واوی دڵنیابووه‌ له‌وه‌ی كه‌ كوڕه‌، ته‌نانه‌ت به‌لای خه‌ڵكه‌وه‌ زۆر زه‌حمه‌ت بووه‌، مه‌زه‌نده‌ی ئه‌وه‌ بكه‌ن ئه‌و كوڕ نییه‌ و كچه‌. له‌ كۆبوونه‌وه‌ و گردبوونه‌وه‌كاندا، وه‌ك كوڕه‌كانی دیكه‌، توانجی له‌ كچه‌كان گرتووه‌ و ته‌نگی پێهه‌ڵچنیون و به‌ كچه‌كانی وتووه‌ ئێوه‌ جوان و سه‌رنجڕاكێشن.

به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌و ئازادییه‌ی به‌ده‌ستی هێنابوو، باجی خۆی هه‌بوو: هه‌رگیز فێری ئه‌وه‌ نه‌بووه،‌ وه‌ك ژنێكی ئه‌فغانی به‌ ئاسایی بژی و نه‌یتوانیوه‌ پارێزگاری له‌ په‌یوه‌ندی نێوان خۆی و خوشكه‌كانی بكات و ده‌ڵێت: “هه‌رگیز نه‌متوانی وه‌ك پێویست له‌گه‌ڵ خوشكه‌كانم به‌رده‌وامبم. تێنه‌ده‌گه‌شتم جیهانی ئه‌وان چۆن چۆنییه‌. ئا له‌به‌ر ئه‌وه‌، تێنه‌ده‌گه‌شتم، سوڕی مانگانه‌ی كچان، چ مانایه‌كی هه‌یه‌ و واتای چییه‌”. ئه‌و له‌ شاشه‌ی ته‌له‌فزینه‌كانه‌وه‌، ریكلامی “سانتی” بینیوه‌، به‌ڵام نه‌یزانیوه‌ بۆ چ مه‌به‌ستێك به‌كاردێت.

“رۆژێكیان سانتییه‌كم له‌ژێر فه‌رشه‌كه‌دا دۆزییه‌وه، هه‌ڵمگرت و رۆشتم بۆ لای باوكم، ئای باوكه‌، سه‌یركه‌! وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ كه‌ له‌ ته‌له‌فزیۆندا ده‌یبینم. وای چه‌ند پێكه‌نیناوییه‌، ئه‌مه‌ بۆ چ مه‌به‌ستێك به‌كاردێت؟ باوكی داماوم ته‌نها توانی بڵێت: نازانم، نا زانم. پاشان پرسیارم له‌ خوشكه‌كه‌م كرد، بیرمه‌ خوشكه‌كه‌م قسه‌ی پێوتم و به‌ توڕه‌ییه‌وه‌ سانتییه‌كه‌ی لێوه‌رگرتم. تا ئه‌و كاته‌ كه‌س بیری له‌وه‌ نه‌كردبووه‌وه‌: پێویسته‌ باسی خوێن بینین و سوڕی مانگانه‌ی بۆ بكرێت”.

گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ واقیع

له‌ ته‌مه‌نی 13 ساڵیدا و دوای مه‌شق و راهێنانێكی تاقه‌تپڕوكێنی یاری جۆدۆ، نیلۆڤه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ و هه‌ست به‌ ماندووبوونێكی زۆر ده‌كات، قاچه‌كانی ئازاریان ده‌دا، ده‌یویست ته‌نها بڕواته‌ سه‌ر جێگاكه‌ی و پشوویه‌ك بدات. سه‌روه‌ختێك ده‌ڕوات بۆ گه‌رماو، خوێن ده‌بینێت و تووشی شۆك ده‌بێت، ئا له‌و چركه‌ساته‌دا، هه‌ست ده‌كات ژیانی خه‌ریكه‌ وه‌رچه‌رخانێكی تووندی دیكه‌ به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت.

“له‌ به‌یانی رۆژی دواتردا، حاڵه‌ته‌كه‌ی دوێنێم بۆ هاوڕێ كچه‌كه‌م باس كرد، خه‌ریك بوو بداته‌ قاقای پێكه‌نین و وتی: تۆ زۆر گه‌مژه‌یت، ئه‌ی خوشكه‌كانت پێیان نه‌وتوویت؟”.

كچه‌كه‌ی هاوڕێی، تاكه‌ كه‌سی متمانه‌پێكراوی ژیانی بووه‌، ژیانێك جۆرێك له‌ شیزۆفیرینیای له‌خۆگرتبوو. دواجار هاوڕێكه‌ی یارمه‌تیده‌دا له‌ مه‌ته‌ڵی سانتییه‌كه‌ تێبگات كه‌ له‌ شاشه‌ی ته‌له‌فیزیۆنه‌كانه‌وه‌ بینیویه‌تی.

“له‌ گه‌رماو گه‌ڕامه‌وه‌ و دایكم په‌ڵه‌یه‌كی له‌سه‌ر جله‌كانم بینی، له‌ بری ئه‌وه‌ی پشتگیریم بكات و لای من بێت، جنێوی ده‌دا و پرسی: بۆچی ئه‌وه‌نده‌ زوو گه‌وره‌ بوویت؟”.

دایكی ده‌ست ده‌كات به‌ گریان، چونكه‌ ده‌یزانی ئاینده‌ی كچه‌كه‌ی، وه‌ك ئاینده‌ی خۆی و ئاینده‌ی خوشكه‌كانی دیكه‌ی ده‌بێت، له‌ نێو چوار دیواری ماڵه‌كه‌دا گیرده‌خۆن و ده‌مێننه‌وه‌. ئه‌م ئه‌زموونه‌، سه‌باره‌ت به‌ نیلۆڤه‌ر، ئه‌زمونێكی ئازاربه‌خش بووه‌ و ده‌ڵێت: “لای ئێمه‌ ئه‌فسانه‌یه‌ك‌ هه‌یه‌، به‌ گوێره‌ی ئه‌م ئه‌فسانه‌یه‌، ئه‌گه‌ر به‌ژێر په‌لكه‌ زێڕینه‌دا بڕۆیت، ئه‌وا ره‌گه‌زه‌كه‌ت ده‌گۆڕدرێت. من زۆرم پێناخۆش بوو كه‌ كچم، ته‌نانه‌ت شه‌وانه‌ له‌سه‌ر جێگاكه‌م ده‌گریام و له‌ خودا ده‌پاڕامه‌وه‌ ده‌رفه‌تم بۆ بڕه‌خسێنێت به‌ژێر په‌لكه‌ زێڕینه‌كه‌دا بڕۆم”.

كچێكی یاخی

ئه‌و ساڵانه‌ی نیلۆڤه‌ر وه‌ك “كوڕ” ژیابوو، كاریگه‌ری له‌سه‌ر قۆناغی هه‌رزه‌كاری به‌جێهێشتبوو، رۆحی یاخیبوونی له‌ ناخیدا چاندبوو، ئه‌مه‌ وای لێده‌كات له‌ قوتابخانه‌، گروپێك دروست بكات، بۆ ئه‌وه‌ی كچان فێری ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ بكات كه‌ به‌سه‌ر جه‌سته‌یاندا دێت. هه‌روه‌ها رێگه‌ی پێدا له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات و له‌ هیندستان، بخوێنێت و بۆچوونه‌كانی خۆی سه‌باره‌ت به‌ هاوسه‌رگیری په‌ره‌پێبدات.

سه‌باره‌ت به‌ هاوسه‌رگیری ده‌ڵێت: “ته‌نانه‌ت كاتێك زۆر بچووك بووم، پێشنیاری زۆر ده‌خرانه‌ڕوو. به‌ڵام باوكم هه‌میشه‌ منی ده‌پاراست و لایه‌نگری من بوو، باوكم ده‌یوت: ئێستا هاوسه‌رگیری ناكات، با یه‌كه‌مجار خوێندنه‌كه‌ی ته‌واو بكات، دوای ئه‌وه‌ خۆی سه‌رپشكه‌ چی ده‌كات و كێ هه‌ڵده‌بژێرێت”.

له‌ كۆتایدا نیلۆڤه‌ر، ساڵی 2016، واته‌ له‌ ته‌مه‌نی 19 ساڵیدا، هاوسه‌رگیری ده‌كات. وه‌ك خۆی ده‌ڵێت هاوسه‌ره‌كه‌ی، به‌ رێگایه‌ك له‌ رێگاكان، ئه‌و بۆشاییه‌ی بۆ پڕكرده‌وه‌ كه‌ مردنی باوكی له‌ ژیانیدا بۆی دروستكردبوو، باوكی ساڵێك پێشتر، واته‌ له‌ ساڵی 2015 كۆچی دوایی كردووه‌ و ده‌ڵێت: “بێگومان، هاوسه‌ره‌كه‌م ناتوانێت جێگای باوكم بگرێته‌وه‌. به‌ڵام هاوسه‌ره‌كه‌م چ ئه‌و كات و چ ئێستاش، پاڵپشتم بووه‌”.

راكرن

خێزانی نیلۆڤه‌ر ورده‌ ورده‌ گه‌وره‌ده‌بن و گه‌شه‌ی زیاتر ده‌كه‌ن و به‌ ماڵه‌وه‌ دێنه‌ كابولی پایته‌خت، له‌وێ ژماره‌یه‌ك فرۆشگای مۆبیلیات ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی كاره‌كانی ئه‌نجامده‌دا، له‌ گه‌رمه‌ی ئیشوكاریاندا، 300 كه‌سیان دامه‌زراندبوو، له‌وانه‌ به‌شی هه‌ره‌ زۆریان ئه‌و ژنانه‌ بوون كه‌ هیچ نێرینه‌یه‌كیان نه‌بوو.

به‌ڵام له‌گه‌ڵ هاتنی ساڵی 2021 و گه‌ڕانه‌وه‌ی تالیبان بۆ ئه‌فغانستان و خۆئاماده‌كردنی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان بۆ جێهێشتنی ئه‌و وڵاته‌، خێزانی نیلۆڤه‌ر بیر له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ ئیدی كاتی ئه‌وه‌یه‌ سه‌ر زه‌وی به‌جێبێڵن و روو بكه‌نه‌ ژێر زه‌وی. هاوكات له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌شێوی و ئاژاوه‌گێڕی له‌ شه‌قامه‌كانی كابولدا، خێزانی نیلۆڤه‌ر په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌رخانوویه‌كی سه‌لامه‌ت له‌ نزیك شوێنی كاره‌كه‌ی. به‌ڵام دایك و خوشكه‌كانی، له‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ی شاره‌كه‌دا و دوور له‌ ده‌سه‌ڵاتی تالیبان مانه‌وه‌.

ئه‌فغانستان له‌ سایه‌ی حوكمی تالیبان، قه‌ده‌غه‌ی كرد ژنان سه‌ردانی باخچه‌ گشتییه‌كانی پایته‌ختی وڵاته‌كه‌ بكه‌ن. لێره‌وه‌ نیلۆڤه‌ر ده‌ستیكرد به‌ یارمه‌تیدانی رۆژنامه‌نووسه‌ نێو ده‌وڵه‌تییه‌كان، ئه‌وان په‌رۆشی ئه‌وه‌ بوون، نیلۆڤه‌ر هه‌ر زانیارییه‌كی لایه‌، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی له‌ كاتی په‌شێوییه‌كاندا رووده‌دات، پێیان رابگه‌یه‌نێت. یه‌كێك له‌و رۆژنامه‌نووسانه‌، گه‌نجێكی پۆڵه‌نده‌ی ده‌بێت و به‌ نیلۆڤه‌ر ده‌ڵێت ئایا خۆی و خێزانه‌كه‌ی، ناویان له‌و لیستانه‌دا هه‌یه‌ كه‌ ڕێگه‌یان پێده‌درێت ئه‌فغانستان به‌جێبهێڵن؟ وه‌ڵامی ده‌داته‌وه‌ و پێی ده‌ڵێت: نه‌خێر.

نیلۆڤه‌ر ئه‌و ساته‌ی باش له‌ بیره‌، رۆژنامه‌نووسه‌كه‌ پێی ده‌ڵێت: “ته‌نها یه‌ك كاتژمێر له‌سه‌رم بووه‌سته‌”. ئیدی ناوه‌كه‌ی بۆ گروپی واتسئاپ زیاد ده‌كرێت و پێی ده‌ڵێن له‌ ماوه‌ی 24 كاتژمێردا، له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كابول ئاماده‌بێت و ته‌نها دوو جانتای پشت له‌گه‌ڵ خۆی بهێنێت.

هه‌نووكه‌ نیلۆڤه‌ر و خێزانه‌كه‌ی له‌ وڵاتی پۆڵه‌نده‌ ده‌ژین، وڵاتێك پێش ئه‌وه‌ی سواری فڕۆكه‌كه‌ ببن، هیچ زانیارییه‌كی ئه‌وتۆیان له‌باره‌یه‌وه‌ نه‌بووه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا و له‌گه‌ڵ بوونی چه‌ندین ئاسته‌نگ، نیلۆڤه‌ر توانی ببێت به‌ به‌رگریكارێكی سه‌ر سه‌ختی مافه‌كانی ژن له‌ وڵاته‌كه‌ی و له‌ جیهاندا، بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌زموونی خۆی، سه‌ردانی برۆكسل و ئه‌ڵمانیا و ئه‌مریكای كردووه‌.

به‌ بیركردنه‌وه‌ له‌ ژیانی كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ریشه‌یی دابه‌ش بووه‌، ده‌ڵێت ژیانی: “نیعمه‌ت و نه‌فره‌ت” بوو:” نه‌فره‌ت بوو‌ چونكه‌ وایكرد شوناس و ناسنامه‌یه‌كی په‌رت و بڵاوم هه‌بێت. نه‌ ده‌توانم ژنێكی ته‌واوبم و نه‌ پیاوێكی ته‌واو. به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا نیعمه‌تیشه‌، چونكه‌ من هه‌ر دووكیانم ئه‌زموون كردووه‌، ئه‌مه‌ش وایلێكردم ببمه‌ ئه‌و ژنه‌ به‌هێزه‌ی ئه‌مڕۆ”.

ڕۆمانی قاچار قوچار و چەند پرسیارێک

جەبار سابیر: ئەم ڕۆمانە وەک تەکنیک زۆر گرنگە

سازکردنی: سەردەم

لە ماوەی ڕابردوودا دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، ڕۆمانێکی جوانی هیندی بە ناوی (قاچار قوچار) چاپ و بڵاوکردەوە، ئەم ڕۆمانە (ڤیڤیک شانبهاگ) نووسیویەتی و لە لایەن (جەبار سابیر)ەوە، بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش، وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکان بەرەستە.

سەردەم: چۆن بوو بیرت لە وەرگێڕانی ئەم ڕۆمانە هیندییە کردەوە؟

جه‌بار سابیر: من خۆم به‌رله‌وه‌ی وه‌ربگێڕبم خوێنه‌رێكی باشم و زۆر بۆ كتێبی تازه‌ ده‌گه‌ڕێم و حه‌زده‌كه‌م ناوی نوێ و كتێبی نوێ بخوێنمه‌وه‌. هه‌موو ئه‌و كارانه‌ی كردووشمه‌وه‌ ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ بووه‌ حه‌زم كردووه‌ خه‌ڵكانێك كه‌ خوێنه‌ری جدین و حه‌زیان له‌ ناوی نوێ و كتێبی نوێیه‌، وه‌ك من چێژ له‌ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م كارانه‌ وه‌ربگرن كه‌ وه‌رمگێڕاون، گه‌رنا هه‌میشه‌ حه‌زم كردووه‌ خوێنه‌رێكی باشبم. به‌رده‌وام له‌ په‌یج و پێگه‌ فارسییه‌كاندا به‌ شوێن كتێبی نوێدا ده‌گه‌ڕێم، به‌تایبه‌ت ڕۆمان، چه‌ند مانگ جارێك نزیكه‌ی سه‌د كتێبێك كۆده‌كه‌مه‌وه‌ و ده‌ینێرم بۆ هاوڕێیه‌كی كتێبفرۆشم له‌ شاری سنه‌ و ئه‌ویش پاش چه‌ند ڕۆژێك بۆم ده‌نێرێ. زۆرجاریش هه‌ندێك هاوڕێم پێشنیاری كتێبم بۆ ده‌كه‌ن و كار به‌ پێشنیاره‌كانیان ده‌كه‌م، له‌به‌رئه‌وه‌ی متمانه‌م به‌ خوێنده‌وارییه‌كه‌یان هه‌یه‌. چیرۆكنووس به‌ختیار حه‌مه‌سووری هاوڕێم یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ زۆرم متمانه‌ پێیه‌تی. ئه‌و وتی ڕۆمانێك هه‌یه‌ ناوی “قاچارقوچار”ه‌، زۆر باسی ده‌كه‌ن، بزانه‌ په‌یدای بكه‌ و كاری له‌سه‌ر بكه‌! ئه‌وه‌ بوو په‌یدام كرد و دوای خوێندنه‌وه‌ی زانیم به ‌ڕاستی گرنگه‌ كتێبخانه‌ و خوێنه‌ری ئێمه‌یش بێبه‌ش نه‌بن لێی و ده‌ستم كرد به‌ وه‌رگێڕانی. كه‌ وه‌رگێڕانه‌كه‌یشیم ته‌واو كرد به‌ختیار حه‌مه‌سوور یه‌كه‌م كه‌س بوو خوێندییه‌وه‌ و وتی كارێكی زۆرباشت كردووه‌ و ئه‌مه‌یش دڵخۆشی كردم و له‌ كاره‌كه‌ی خۆم دڵنیاتر بووم. ڕه‌نگه‌ وه‌رگێڕ به‌ ته‌نها فریا نه‌كه‌وێ ئاگای له‌ هه‌موو كتێبێكی باش بێت، بۆیه‌ گرنگه‌ خه‌ڵكانی خوێنده‌وار و ئاگادار یارمه‌تیت بده‌ن و پێشنیارت بۆ بكه‌ن. ئه‌م هاوكارییه‌ له ‌دنیای ئێمه‌دا زۆرنییه‌، به‌ڵام ئه‌و كه‌مه‌یش كه‌ هه‌یه‌ هه‌ر باشه.‌

سەردەم: ئەم ڕۆمانە فرە تێما و فرەڕەهەندە، باس لە دۆخی ئابووری و کێشە کۆمەڵایەتییەکانی وەک خێزان دەکات، بەم حاڵەوە دەکرێت پێمان بڵێیت ئەم ڕۆمانە چ بەها و گرنگییەکی بۆ خوێنەری کورد هەیە؟

جه‌بار سابیر: ئه‌م ڕۆمانه‌ سه‌ره‌تا وه‌ك ته‌كنیك زۆر گرنگه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ زه‌مه‌نێكی زۆر كه‌مدا كۆمه‌ڵێك بابه‌تی زۆر گرنگ تاوتوێ ده‌كات و دیوی ناوه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی هیندی زۆر به‌ جوانی پیشانی خوێنه‌ر ده‌دات. دواتر قسه‌كردن له‌سه‌ر چینه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ و كێشه‌ و گرفته‌كان و ڕانه‌هاتن له‌گه‌ل سه‌روه‌ت و سامان و ئه‌وه‌ی كه‌ خه‌ڵكی وه‌ك ده‌ڵێن؛ تازه‌پیاكه‌وتوو، نازانن چی لێ بكه‌ن و چۆن به‌كاری بهێنن. پاشان قسه‌ له‌سه‌ر ژن ده‌كات كه‌ له‌م كۆمه‌ڵگه‌ دواكه‌وتووانه‌دا، ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر ڕێگه‌ی گۆڕانن، تاكه‌ دوژمنی ژنان، هه‌ر خودی ژنان خۆیانن و لێره‌دا ئه‌م بابه‌ته‌ زۆر جوان كاری له‌سه‌ر كراوه‌.‌ ئه‌ده‌بیاتی ئه‌وروپی و ڕوسی و ئه‌مریكای لاتین و كه‌مێك ئه‌فریقا و ژاپۆنیش كاری له‌سه‌ر كراوه‌، به‌ڵام ئه‌ده‌بیاتی هیندی كه‌مترین كاری له‌سه‌ر كراوه‌ و ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌ خاڵێكی به‌هێز بێت كه‌ وایكرد من ئه‌م ڕۆمانه‌ وه‌ربگێڕم.

سەردەم: خوێنەری کورد کەمترین ئاگاییان لە ئەدەب بە تایبەت ڕۆمانی هیندی هەیە، دەکرێت ئەمە نموونەیەک بێت لە ڕۆمانی مۆدێرنی هیندی، ئایا بەنیازیت وەک وەرگێڕ کار لەسەر نموونەی دیکەی ئەدەبی ئەو وڵاتە بکەیت؟

جه‌بار سابیر: خوێنه‌ری كورد ئه‌ده‌بیاتی هیندییان زیاتر له‌ ڕێگه‌ی سه‌لمان ڕوشدییه‌وه‌ ناسیوه‌، ئه‌ویش كاتێك كه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا ئیمام خومه‌ینی ڕابه‌ری كۆماری ئیسلامی ئێران، فتوای كوشتنی ده‌ركرد له‌سه‌ر ڕۆمانی “ئایه‌ته‌ شه‌یتانییه‌كان”ی ڕوشدی، باواز له‌مه‌ بهێنین. ئه‌ده‌بیاتی هیندی نووسه‌ر و شاعیر و عارف و فه‌یله‌سووفی گه‌وره‌ی تێدایه، ڕه‌نگه‌ زۆرمان ناوی ڕابێندرانات تاگوور و جه‌واهیر لال نه‌هرۆ و به‌ دڵنیاییه‌وه خودی گاندی ڕابه‌ری شۆڕشی ناتوندوتیژیشمان بیستبێ كه‌ خوێنده‌وارێكی گه‌وره‌ بووه‌. ئه‌مانه‌ ئاشنان زۆروكه‌م. وه‌ك ئه‌ده‌بیاتی مۆدێرنیش كه‌ له‌ سه‌لمان ڕوشدییه‌وه‌ ئێمه‌ ئاگادارین، من وه‌ك خۆم نووسه‌رێكی دیكه‌ی هیندی هه‌یه‌ چه‌ند ڕۆمانێكیم خوێندۆته‌وه كه‌ ناوی “جومپا لاهیری”یه‌ ئه‌میش ناوێكی گه‌وره‌ی ئه‌ده‌بیاتی هیندستانه‌ و ڕه‌گه‌زنامه‌ی ئه‌مریكی هه‌یه‌ و هه‌ر له‌وێیش ده‌ژی و ده‌نووسێ. بۆ به‌شی كۆتایی پرسیاره‌كه‌یش ده‌بێ بڵێم هه‌ڵبه‌ت به‌ نیازم به‌ڵام ده‌بێ چاوه‌ڕێ بكه‌م و بزانم خودی ئه‌م نووسه‌ره‌ و ئه‌ده‌بیاتی هیندی كارێكی له‌مه‌ گرنگترمان ده‌خه‌نه‌ به‌رده‌ست تا ئێمه‌یش بیكه‌ین به‌ كوردی. وه‌رگێڕ هه‌میشه‌ بۆ كاری نوێ و كاریگه‌ر ده‌گه‌ڕێ و جا گه‌ر ئه‌و كارانه‌ له‌ ده‌رودراوسێی خۆیشمان ئه‌وه زۆر باشتره‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێمه‌ و ئه‌وان له‌ زۆرشتدا نزیكین و خاڵی هاوبه‌شمان زۆره‌. ‌   ‌‌ ‌    ‌

سەردەم: نووسەری ئەم ڕۆمانە ناوێکی نامۆ و نوێیە بۆ ئێمە، تا چەند گرنگە لە وەرگێڕاندا بایەخ بە ناساندنی نووسەری نامۆ و نوێ بدرێت؟

جه‌بار سابیر: گرنگترین سیفه‌تی وه‌رگێڕ هه‌ڵبژاردنی ئه‌و بابه‌تانه‌یه‌ كه‌ وه‌ریانده‌گێڕێ. وه‌رگێڕی خوێنده‌وار و ئاگادار به‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌و بابه‌ت و كتێبانه‌دا ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ وه‌ریانده‌گێڕێ. ئه‌مه‌یش دوای خوێنده‌واری و ئاگادارییه‌كی زۆر دێت و له‌ خۆ‌وه دروست نابێ. وه‌رگێڕ ده‌بێ متمانه‌ی به‌ خوێنده‌وارییه‌كه‌ی خۆی هه‌بێت و ته‌نها زانینی زمانی به‌رامبه‌ر و دواتر زمانی دایك گرنگ نییه‌، به‌ڵكو گرنگ خوێنده‌واری و ئاگادارییه‌. من خۆم كاتێك ڕۆمانێك یا هه‌ر تێكستێكیتر وه‌رده‌گێڕم، ئه‌وه‌نده‌ی بۆم بكرێ له‌سه‌ر ئه‌و نووسه‌ره‌ و كاره‌كانی ده‌خوێنمه‌وه‌ و پاشان هه‌رچه‌ند كتێبی دیكه‌یم ده‌ستبكه‌وێ ده‌یانخوێنمه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی شاره‌زای زمان و شێوازی گێڕانه‌وه‌ و ته‌كنینكی بم ئه‌وسا دێم و كار له‌سه‌ر ئه‌و كاره‌ی ده‌كه‌م كه‌ هه‌ڵمبژاردووه‌ بیكه‌مه‌ كوردی.

   هێنانه‌ ناوه‌وه‌ی ناوی تازه‌ و كتێبی نوێ بۆ نێو زمانی كوردی، گرنگترین كارێكه‌ وه‌رگێڕی كورد بیكات، به‌تایبه‌ت له‌ بواری گێڕانه‌وه‌دا، ئه‌مه‌یش به‌ دوو هۆكار؛ یه‌كیان بۆ ئه‌وی نووسه‌رانی ئێمه‌ بزانن چی له‌ دنیادا هه‌یه‌ و گێڕانه‌وه‌ گه‌یشتۆته‌ كوێ، دووه‌میش بۆ خوێنه‌ری ئێمه‌ كه‌ له‌و كۆمه‌ڵه‌ ناوه‌ كه‌مێك دووربكه‌وێته‌وه‌ كه‌ دنیای وه‌رگێڕان و ئه‌ده‌بیاتی ئێمه‌یان داگیر كردووه‌ و پێیان وایه‌ هه‌ر ئه‌وانه‌ هه‌ن. ئه‌وانه‌یش گرنگن، به‌ڵام ناكرێ له‌ پاڵ ڕابێندرانات تاگوور و سه‌لمان ڕوشدیدا ئێمه‌ ئه‌م نووسه‌ره‌ گرنگ و گه‌وره‌یه‌ نه‌ناسین كه‌ ناوی “ڤیڤیك شانبهاگ”ه‌ و ئه‌م ڕۆمانه‌ جوان و گرنگه‌ی نووسیوه‌.    ‌

سەردەم: ئەو گرفتانە چی بوون لە ساتی وەرگێڕانی ئەم ڕۆمانەدا هاتنە ڕێت و چۆن چارەسەرت کردن؟ بە دیاریکراوی کە بە زمانێکی سادە و خۆش و بێ گرێوگۆڵ وەرتگێڕاوە؟

جه‌بار سابیر: من وه‌ك خۆم كاتێك ڕۆمانێك ده‌خوێنمه‌وه‌، كه‌ ده‌گه‌مه كۆتایی ئه‌وسا بڕیاری وه‌رگێڕانی ده‌ده‌م، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه‌دا له‌ زمان و ته‌كنیك و گرێچنی ڕۆمانه‌كه‌ شاره‌زا ده‌بم و كه‌سێتییه‌كانی ده‌هێنمه به‌رچاوم. هه‌ر گرفتێكم هه‌بێ له‌گه‌ڵی سه‌ره‌تا له‌ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و گرفتانه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كه‌م و دواتر ده‌ست ده‌كه‌م به‌ وه‌رگێڕانی. بۆ ئه‌م ڕۆمانه‌ هیچ گرفتێكی ئه‌وتۆم نه‌بوو، ئه‌مه‌یش بۆ ساده‌یی بابه‌ت و زمانه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. من هه‌ستم ده‌كرد باس له‌ خێزانێكی كوردی ده‌كات و ئه‌م كێشانه‌ ئێمه‌یش هه‌مانه‌ و ئازایه‌تی ئه‌وه‌مان نییه‌ ددانیان پێدا بنێین. ئێمه‌یش له‌سه‌ر ڕێگه‌ی گۆڕانین به‌ره‌و مۆدێرن بوون و له‌م نێوه‌یشدا باجی زۆرمان داوه‌ و جارێ به‌رده‌وامشین له‌ باجدان. چونكه‌ هیچ گۆڕانێكی ڕشه‌یی له ‌كۆمه‌ڵگه‌دا بێ باجدان تێناپه‌ڕێ. هه‌ندێك كێشه‌ له‌ ناوه‌كاندا هه‌بوو و دوای ئه‌وه‌ی ئینگلیزییه‌كه‌یم ده‌ستكه‌وت ئه‌ویش چاره‌سه‌ر بوو، له‌ جێیه‌كیش كاتژمێرێك به‌ هه‌ڵه‌ نووسرابوو له‌ فارسییه‌كه‌دا ئه‌ویشم له‌ ئینگلیزییه‌كه‌وه‌ هێنایه‌وه‌ و ڕاستم كرده‌وه‌. هه‌ڵبه‌ت من ئینگلیزییه‌كه‌م به‌شی ئه‌وه‌ ده‌كات ئه‌و گرفته‌ بچووكانه‌ی پێ چاره‌سه‌ر بكه‌م گه‌رنا ناتوانم هه‌موو ڕۆمانه‌كه‌ی پێ وه‌ربگێڕم.   ‌ ‌

گەردەن زەردێ شتێک لە شیعر زیاتر

ڕانانی: ئیدریس عەلی

 

ئەرەستوو لە بەشێک لە شرۆڤەکانی خۆیدا لەمەڕ چییەتی شیعر و کاری شاعیر، پێی وایە کاری شاعیر ئەوە نییە کە ڕووداوەکان بە وردی بگێڕێتەوە، بەڵکو دەبێ بەو جۆرە کە لەوانەیە ڕووی دابێت، بیگوازێتەوە. ئەو ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە جیاوازی شاعیر و مێژوونووس لەوەدا نییە کە ئەم بە شیعر ڕووداوێک بگێڕێتەوە و ئەو بە پەخشان: چونکە لەوانەیە مێژووی “ھێردۆتیش” بھۆنرێتەوە، بەڵام بەمە نابێ بە شیعر و ھەر مێژووە. شیعر لە مێژوو فەلسەفیترە و گشتبینترە، بەڵام مێژوو وردبینە و دەپەرژێتە سەر وردەکارییەکان.

هیچ کام لە ژانرەکانی دیکەی ئەدەب، هێندەی شیعر کێشەی لەسەر نییە، کێشە بە مانای وشە کوردی و باوەکە نا، بەڵکو کێشە بە مانای ئەوەی زۆرترین مشتومڕ، گفتوگۆ و دیدی جیاواز و ناکۆکی لەسەرە سەبارەت بەوەی چی شیعرە؟ شیعر خۆی چییە؟ سنوور و سیستەمەکانی چین و چەندین چەمک و دەستەواژەی دیکە کە وا دەکەن هەرگیز نەگەین بەو دەرئەنجامەی کە چی بە شیعر بزانین و چی بکەینە دەرەوەی بازنەی شیعرەوە، ئەم مشتومڕ و ناکۆکییانە مێژوویەکیان هەیە و  بەشێک لە فەیلەسووفەکانیشیان بە خۆیانەوە سەرقاڵ کردبوو، باسەکە درێژ دەبێتەوە بۆ مێژووی و سەردەمی نوێ، تا دەگات بە سەرهەڵدانی چەندین قوتابخانە و ڕاڤەی تیۆری، چونکە خۆی لە ڕاستیدا شیعر هەڵگری شوناسێکی ئاڵۆز و سرکە و ناخرێتە نێو یەک چوارچێوەی تێگەیشتن، یاخود پێناسەوە، سروشتێکی ئەوتۆی هەیە کە توانای هەڵگرتنی کۆمەڵێک توخم و ڕەگەز و لقی دیکەی نێو کایەکانی سەرخانی ژیانی هەیە، بە جۆرێک لە جۆرەکانیش، جیاوازتر لە ژانر و تێکستە نووسراوەکانی دیکە، بەر شوێنیکی جیاوازتری خوێنەر دەکەوێت و کار لە پنت و پانتاییەکی دیکەیدا دەکات، ئیدی هەر خوێنەرە و بەپێی ئاستی تێگەیشتن و زەوقی هونەریی خۆی، مامەڵە لەگەڵ ئەو شیعرەدا دەکات، کە بەری کەتووە.

بێگومان قسەیەکی نوێ ناکەین گەر بڵێین ژانری شیعر لەنێو پانتایی ئەدەبی کوردیدا، مێژوویەکی دێرینتری هەیە لە چاو لقەکانی دیکەی ئەدەب و هونەر، بەپێی قۆناغەکانی گەشەکردنی کۆمەڵایەتی و پەرەسەندنی هۆیەکانی بەرهەمهێنان و ئاستی بەرەوپێشچوونی هزر و ئەندێشەی تاکەکان، شیعریش لە ڕووی زمان، دەربڕین، فۆڕم و گوزارشتکردنەوە،گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، بەشێکی زۆری ئەو گۆڕانکارییەش لەگەڵ ڕەوتی ژیانی مرۆڤی کورددا هاوئاواز و هاوڕیتم بەرەوپێشەوە چووە، چونکە وەک دیارە شیعر زۆر ڕاستەوخۆتر کاریگەری لەسەر هۆشیاری تاک هەبووە و ڕۆڵێکی بەرچاوی لەنێو بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییە جیاجیاکاندا هەبووە، بە مانایەکی دیکە شیعر هێزی ئەوەی هەیە گوزارشت لە دۆخەکان، ڕووداوەکان، سەردەم و خودی خەمە زاتییەکانی ئینسان بکات، بەڵام بەم دواییانە بەشێک لە لێکۆڵیاران و ڕەخنەگران، نکوڵی لە ڕۆڵی ئێستای شیعر دەکەن و پێیان وایە شیعر چ کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر ئاستی فیکر و دونیابینی و تێگەیشتنی تاکی کورد نەماوە، تەنانەت دەزگاکانی چاپ و وەشاندنیش، پشتیان کردووەتە چاپکردنی دیوانە شیعرییەکان، بەڵام کاتێک نامیلکەیەکی شیعری بە قەبارە بچووک و بە شیعرییەت و ئیستاتیکا و خەیاڵ و ناوەڕۆک گەورەی وەک (گەردەن زەردێ) دەکەین، تێدەگەین لەوەی کە هێشتا شیعری باش توانای ئەوەی هەیە خوێنەر موخاتەبە بکات و بیخاتە ژێر باندۆر و هەژموونی هونەریانەی خۆیەوە، کاریگەریی لەسەری هەبێت و دنیایەکی پەنهانی بۆ ئاشکرا بکات، دنیایەکی نوێ کە تێیدا مرۆڤ هەیە، کێشە و ئازار و خەون هەن،  ئەمەش وا دەکات دەزگایەکی بەناوبانگی وەک دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بچێتە پای لە چاپدان و بڵاوکردنەوەی تاکوتەرا دیوانی شیعری، کە نامیلکە شیعریی (گەردەن زەردێ) یەکێکە لەو کارە باشانەی لە ماوەی ڕابردوودا چاپی کردووە، لەم ڕێگەیەوە دەگەین بەو دەرئەنجامەی کە هێشتا شیعری باش و کاریگەر و نوێ ماوە و هێشتاش دەزگایەک هەیە شانبەشانی هونەر و کایەکانی دیکە، گرنگی بە شیعر و ناساندنی شیعر و چاپکردنی دیوانی باش دەدات.

بێگومان ئەم کۆمەڵە شیعرە، واتە گەردەن زەردێ، بەرهەمێکی هێمن و ئارامی شاعیرێکی سەر بە نەوەیەکی نوێیە (بەشدار سامی) نووسیویەتی و لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە، ئەم کۆمەڵە شیعرە پێک هاتووە لە چەند تێکستێکی نوێ و جوانی وەک: دیسان دڵتەنگیتان،  جیابوونەوە، تەرمێک، ژان، سەبارەت بە دڵشکان، گەڕانەوە بە ڕێگە کۆنەکەدا، ئەو ڕستانەی نیوەشەوان گڕ دەگرن، جەنابی حاکم، غنی للحب، لە ڕۆژێکی دژواردا شەفیقەفەندی، کە ماندوو بووم، لە ناوی خۆی دەگەڕا، گەردەن زەردێ، بیرەوەری وەک دەرپێیەکی پیس و چەندین ناونیشانی دیکەی شیعری.

لە ڕاستیدا شیعرەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبەی (بەشدار سامی) نەک لە ڕووی زمان و گوزارشت و بەرهەمهێنانی وێنەی شیعری و ئیستاتیکی و رەگەزە پێکهێنەرەکانی بونیادی تێکستی شیعرییەوە جیاوازن، بەڵکو لە ڕووی داڕشتن و کورتی و درێژی دێڕەکانیشەوە جیاوازن، جوانیی ئەم حاڵەتەش لەوەدایە کە دێڕەکان چەند درێژتر بن، هەناسە شیعرییەکان درێژتر دەبنەوە تووشی تەنگەنەفەسی نابن و لە ڕیتم و ئاواز دەرناچن: سەبارەت بە خۆر تا لە شارەکەی ئاوا نەبێت، تاریک داهات/ سەبارەت بە مێژوو، تا شارەکەی فەرامۆش نەکات، پەنیر و ژاژیی خستە ڕستەوە، سەبارەت بە چاندنی یەک ملیۆن درەخت، هاواری کرد، سەبارەت بە وشکە ساڵی، وەک مەڕدارەکان خەمبار بوو.

ئەم پەڕەگرافەی سەرەوە نموونەیەکە لەو دێڕە شیعرییە درێژانەی کە هیچ قەتع و پچڕانێکی تیدا نییە و تا کۆتایی بەم نەفەسە شیعرییە دەڕوات، وێنە لە دوای وێنە، مانا و دەلالاتی جیاواز بەرهەم دەهێنێت، لێرەوەیە ئاستی جیاوازیی ئەم شاعیرە، تخووبەکانی فرەوانتر دەکات و ئەو دەنگانە دەگەیەنێت کە پێشتر نەگەیشتوون، بە مانایەکی دیکە، بە هێمنی ئەو دەنگانە دەگەیەنێت، کە پێشتر بە دەنگی بڵند و بەرز گەیەنراون.

لە شیعرەکانی نێو ئەم کتێبە شیعرییەدا، ئێمە لە ڕێگەی شیعرەوە بەر یادەوەریی کەسێک دەکەوین کە خودی شاعیرەکەیە، جگە لە یادەوەریی تاکەکەسی خۆی، بەر یادەوەریی سەردەمەکەی، ڕۆژگارەکەی، ڕووداو و چیرۆکەکانیش دەکەوین، هاوڕێیەتی ڕۆژانە کە لای بەشدار بایەخ و گرنگی و بەهای مرۆیی و ئیستاتیکی خۆی هەیە، لەنێو شیعرەکانیدا ڕەنگدانەوەیەکی جوانی هەیە و ڕەهەندی ئیبداعی وەرگرتووە: دیسان ژان و دیسان خەم و دیسان ترس و دیسان کەوتن/ دیسان بیرکردنەوە، دیسان شەونەخەوتن، دیسان تاریکی داهاتن، دیسان گریام و دیسان گوتم،: دایە/ دیسان گوتم سەرمام بووە/ دیسان بابم/ دیسان گوتی: ئەم کەوتنە سەرما نایکات.

تێکستەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە، بەرهەمی ململانێی ئینسان، هاوکات شاعیرێکە لەگەڵ یەکێک لە نەخۆشییە مەترسیدارەکان کە ئەویش شێرپەنجەیە، جەنگی شاعیرێکە بە شیعر و وشە، لەگەڵ ئازار و مەرگ و کەوتندا، لەم شیعرەدا کە زیاتر فۆڕمێکی نامەیی پێوە دیارە بۆ یەکێک لە هاوڕێ دڵسۆزەکانی خۆی کە کاک (دانا فایەق)ە، بە ڕوونی دەچینە نێو دۆخی سایکۆلۆژیی کەسێکەوە کە شێرپەنجە گەرەکیەتی بیخات، بەڵام ئەم بە هێزی خەیاڵ و وشە، جەنگەکە دەباتە نێو پانتاییکی دیکە، ئەم دێڕە زۆر سادەیە کاتێک دایکت پێت بڵێت: ئەوە بۆ ڕەنگت تێکچووە و بێهێز دیاریت؟ تۆش پێی بڵێیت: چ نییە دایکی من، هەر وا کەمێک سەرمام بووە! لەوەش سادەتر گومانی باوکتە کاتێک خۆی دەکات بەنێو وتووێژەکەی تۆ و دایکتدا و دەڵێت: ئەم کەوتنە هی سەرما نییە! سادەن لە ڕووکەشدا، سادەن وەک وێنەیەکی شیعریی کە بەشدار لە ژیانی ڕۆژانەی خێزانەکەیدا وەریگرتووە، بەڵام کە دەچێتە نێو پرۆسە شیعرییەکەوە، ئیدی لە مانا سادەییە ڕۆژانەییەکان بەتاڵ دەبێتەوە و ڕەهەندێکی قووڵتر وەردەگرێت، چونکە ئەو باس لە دۆخێکی دیاریکراو و تایبەتی خۆی دەکات، ئاخر ئەو هێشتا خەریکی شاردنەوەی ئازارە لای دایک و باوکی، ڕاستەوخۆ ناڵێت شێرپەنجەمە، ناڵێت ئازارم زۆرە و هاوار ناکات و وشەی ڕاستەوخۆ دەرنابڕێت، بەڵکو لە شیعرەکاندا تەواو خۆی ڕووت دەەکاتەوە برینەکانی جەستە و ڕۆحی ئاشکرا دەکات و بە دەنگێکی نەوی و بە دزییەوە ئازارەکان دەگێڕێتەوە:

مرۆڤێک کە گوێ لە مۆسیقا ناگرێت/ چیرۆکی نییە/ مرۆڤێک، کە چیرۆکەکەی ناگێڕێتەوە/ ترساوە/ مرۆڤێک کە ترساوە/ شەقامەکان دەناسێتەوە/

ئەو مرۆڤەی چارەنووسی تاریک داهات و هیچ ڕێگەیەکی نەدۆزیەوە/ نەخۆش بوو/ ئەو مرۆڤەی نەفرەتی لە خۆشەویستەکەی کرد/ نەخۆش بوو.

بە گشتی ئەم کۆمەڵە شیعرەی بەشدار سامی، هەڵگری خەسڵەت و تایبەتمەندیی خۆیانن، شایانی خوێندنەوە و هەڵوەستە لەسەر کردنن، سەر بە دنیایەکن کە تیایدا ئاسان شتەکان و مرۆڤەکان وێران دەبن، بەڵام ئاسانتر ژیان ڕۆ دەنرێتەوە و مرۆڤەکان لە کەوتن و شکست دەگەڕێنەوە، کەرەستە شیعرییەکان بابەتگەلی نێو ژیانن، ڕۆژانە چ لە ژیاندا و چ لە تێکستەکاندا بەریان دەکەوین، کەچی لێرەدا، لەنێو پانتایی ئەم شیعرانەدا، پێناسەی دیکەیان هەیە، چونکە شوناسیان گۆڕاوە و ڕۆڵێکی دیکەیان پێ دراوە.

وتووێژ سەبارەت بە ڕۆمانی کەرەکەم بۆی گێڕامەوە

حەمید بانەیی: ئەم ڕۆمانە زیاد لە پەیامێکی پێیە
سازکردنی: سەردەم

 

لە ماوەی ڕابردوودا، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، ڕۆمانێکی یەکێک لە بەناوبانگترین نووسەرانی عەرەب (تۆفیق ئەلحەکیم)ی بە ناوی (کەرەکەم بۆی گێڕامەوە) چاپ و بڵاو کردەوە، ڕۆمانەکە بە شێوە هەڵگری ڕەهەندێکی کۆمیدی و گاڵتەجاڕییە سەبارەت بە کۆمەڵێک پرس و چەمک لە دنیای عەرەبدا، بەڵام لە ناوەڕۆکدا، بە ئاگا هێنانەوەیەکی خێرای کۆمەڵگەیە لەو خەوە قووڵەی بێ ئاگای کردوون لە ژیان، ڕۆمانەکە لە لایەن هونەرمەندی دەنگخۆش (حەمید بانەیی) لە زمانی عەرەبییەوە، بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەرگێردراوە بۆ سەر زمانی کوردی و ئێستا لە کتیبفرۆشییەکان بەردەستە، لەم وتووێژەدا سەبارەت بە دنیای ڕۆمانەکە، حەمید بانەیی باس لە ناوەڕۆک و بەهای ڕۆمانەکە دەکات بۆ خوێنەری کورد.

سەردەم: بۆچی ئەم ڕۆمانەت ( کەرەکەم بۆی گێڕامەوە) هەڵبژارد بۆ وەرگێڕان، پێمان بڵێ بەها و گرنگیی ئەم ڕۆمانە لە چیدایە بۆ خوێنەری کورد؟

حەمید بانەیی: بێگومان ئێمە هەموومان کاریگەری کولتووری عەرەبیمان لەسەرە و لە سەروو هەموویانەوە کولتووری میسری، لە ڕێگەی نووسەر و شاعیر و بیرمەند و هونەرمەندە گەورەکانی ئەو وڵاتەوە، یەکێک لەو نووسەرە مەزنانە (تۆفیق ئەلحەکیم)ە و لە سەردەمی ئەودا دوو نووسەری تری گەورە هەبوون لە میسردا، ئەوانیش (تەها حسەین و عەباس مەحمود ئەلعەقاد) و لەو سەردەمەدا لە میسر دەیانگوت تەها حسەین لەگەڵ دەقدا دەڕوات و تۆفیق ئەلحەکیم لە دوای دەقەوە، بەڵام عەباس مەحمود ئەلعەقاد لە پێش دەقەوە دەڕوات.
دوای خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە، کە لەسەر داواکاری هاوڕێیەکی هونەرمەندم، کە بیرۆکەی ئەوەی هەیە بیکات بە درامایەکی هونەری، چونکە بە زمانێکی کۆمیدی نوسراوە لەسەر بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری ئەوسای میسر و هەندێکیشی لە واقیعی ژیانی خۆیەوە وەرگیراوە، ئەو هاوڕێ هونەرمەندە پێی خۆش بوو وەریگێڕمە سەر زمانی کوردی و دوای وەرگێڕانی لای هاوڕێیانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم باسم کرد و ئەوانیش وتیان ئێمە کتێبی ئەو نووسەرەمان کەمە بەکوردی، ئیدی بەو شێوەیە برادەرانی دەزگای سەردەم لێیان وەرگرتم و چاپیان کرد.

سەردەم: لەم ڕۆمانەدا نووسەرێک و کەرێک باس لە کۆمەڵێک گرفت و ئاریشە و پرسی جیاجیا دەکەن، پێمان بڵێ بە لای تۆی وەرگێڕەوە سەرەکیترین پەیامی ڕۆمانەکە چییە؟
حەمید بانەیی: ئەم ڕۆمانە ساڵی ١٩٣٩ نووسراوە و ساڵی ١٩٤٥ لە میسر چاپ کراوە، لەبەر ئەوەی ڕەقابەی ئەو زەمانە بینیویانە پەیامی ئەم ڕۆمانە گاڵتەکردنە بە سیاسەت و حوکمڕانی و یاسا و بارودۆخی کۆمەڵایەتی و تەنانەت ئایینیی ئەو سەردەمە، بۆ ئەوەی خۆی ڕزگار بکات، هەموو ئەم ڕەخنە و پلارانە بە زمانی کەرەکەیەوە دەکات و گەر بە وردی بیخوێنینەوە دەبینین هەموو ئەو گرفتانەی دەیگێڕێتەوە، تا ئەم سەردەمەی ئەمڕۆ بەردەوامە، گەر خراپتر نەبوبێت، بۆیە ڕۆمانەکە چەند پەیامێکی پێیە نەک تەنها یەک پەیام

سەردەم: ئەو گرفت و ڕێگریانە چی بوون لە ساتی وەرگێڕانی ڕۆمانەکەدا بۆت دروست بوون و چۆن توانیت زاڵ بیت بەسەریاندا؟
حەمید بانەیی: گرفتێکی ئەوتۆم بۆ نەهاتوەتە بەردەم، چونکە زمانەکەی ئاسان بوو بە لامەوە، ئەوە نەبێت گەلێک ناوی تێدایە و بەڵام نووسەر ئاماژەی بەو ناوانە نەکردووە و هیچ پەراوێزێکی بۆ دانەناوە، بۆیە من ناچار بووم پەراوێزێکی زۆر دانێم بۆ ئەو ناوانەی کە لەوانەیە زۆر خوێنەر زانیاری ئەوتۆی نەبێت دەربارەی ئەو کەسایەتیانە، هەر بۆیە پێویست بوو زانیارییەک بنووسم دەربارەی ئەو ناوانە، بۆ بەرچاو روونی خوێنەر.

سەردەم: تۆ خۆت زیاتر وەک هونەرمەند و ڕاگەیاندنکار ناسراویت، بەڵام جارجار دەست بۆ وەرگێڕانیش دەبەیت بە تایبەت پێشتر کتێبێکی موزیکیشت وەرگێڕا، ئەم حاڵەتە چۆنە لای خۆت؟
حەمید بانەیی: ڕاستە زیاتر وەک هونەرمەند ناسراوم، چونکە هەمیشە هونەرمەند زیاتر بەرچاوە و لە کاری ڕاگەیاندنیشدا زۆر کارم کردوە، چ وەک تەلەڤزیۆن، چ ڕادیۆ و چ ڕۆژنامەنووسی، بەڵام من لە مێژە خەریکی کاری وەرگێڕانم، بە تایبەت لە زمانی ئینگلیزی و عەرەبییەوە و هەندێک جاریش لە زمانی فارسییەوە، تەنانەت هەر لە بواری ڕاگەیاندندا زیاتر لە سەدوسی سەعات کاری دۆکیومێنتاریم لە زمانی ئینگلیزییەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و جگە لەوە ساڵانێكیش لە ئاسیاسێڵ هەر کاری وەرگێڕانم کردووە، تەنانەت لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووشدا چەند شانۆییەکم وەرگێڕابوو بۆ سەر زمانی کوردی بۆ قوتابیانی پەیمانگای هونەرە جوانەکان، هەرچەندە هەمووی فەوتان و نەمان، بەڵام لەم دواییانەدا بڕیارم دا دەست بکەم بە وەرگێڕانی کتێب و ئەم ڕۆمانەم وەرگێڕا لەگەڵ شانۆیی (بلیمەتی و ئاژاوە)ی فەیلەسوفی فەرەنسی ژان پۆڵ سارتەر، بەڵام پاش ماوەیەک بیرم لەوە کردەوە کە کەسانێکی زۆر هەن کە دەتوانن ئەم کتێبانە وەرگێڕن و لەوانەیە باشتریش بن، بۆیە بڕیارم دا دەستبکەم بە وەرگێڕانی ئەو کتێبانەی لە سەر موزیک نووسراون، چونکە کەم کەس هەیە و سەرچاوەی کوردی زۆر کەمە لەو بوارەدا و بۆ ئەو کارەش پێویستە زمانەکە بزانیت و شارەزاییشت لە بیردۆز و زانستی موزیک و زاراوەکانیش تێبگەیت، بۆیە بڕیارم وایە تا بتوانم هەر لەو بوارەدا خەریکی وەرگێڕان بم و کتێبی یەکەمم (مێژووی ژیانی موزیک) لە لایەن خۆشەویستانی سەردەمەوە چاپ کرا و ئێستاش کتێبێکی ترم لە تەواو بووندایە بە ناونیشانی (بانگهێشتێک بۆ موزیک) لە نووسینی موزیسیان و مایسترۆی میسری (یوسف ئەلسەیسی) و ئەمیش هەر بڕیارە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، چاپی بکات و هەر لەو بوارەدا بەردەوام دەبم.

سەردەم: سەرنجت چییە لەسەر جۆری ئەو کتێبانەی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، چاپ و بڵاویان دەکاتەوە؟

حەمید بانەیی: بێگومان هەموو ئەو کتێبانەی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، چاپ و بڵاویان دەکاتەوە، کتێبی بەنرخن و زیاتر بە شوێن چۆنێتیدا دەگەڕێن، هیوادارم هەر لەسەر ئەم ڕێچکە و ڕێڕەوە بەردەوام بن و سەرکەوتوو بن و هەمیشە جێی دەستخۆشی و شانازیی هەموو ڕۆشنبیرانن.

 

ڕژانی ترس و تاریکایی

خستنەڕووی: “ژێرزەمینەکەی بەغدا”

خوێندنەوەی: سەردەم

ئەدەبیاتی عێراقی پاش ڕووخانی سەددام حسێن، یانی لە پاش ساڵی ٢٠٠٣وە، ئەدەبیاتێکی تایبەتە، بە کۆمەڵێک خەسڵەت و سیماوە، ئەم ئەدەبیاتە لە هەناوی سەردەمەکەی خۆیەوە سەری دەرهێنا و نووسەران و هونەرمەندان هەوڵیان دا کە بابەتەکانیان ڕاستەوخۆ لەو دۆخ و ساتانەوە هەڵبگۆزن کە تێیدا دەژین، بێگومان یەک لە تایبەتمەندییەکانی ئەدەبی جددی ئەو ئاوڕە کۆنکرێتییەیە کە لە زەمەن و ساتەوەختی خۆی دەیداتەوە، تێیدا هەوڵ دەدات هەموو ناوەڕۆک و تێماکانی ئەو زەمەنە لە فۆرمێکی هونەریدا پێشکەش بکاتەوە، بەوەش دەرچەیەک بەسەر کۆی ئەو زەمەنەدا واڵا دەکات، کە یارمەتیدەرە بۆ تێگەیشتنێکی بەرفراوان و گشتگیر، دۆخی عێراق بە گشتی و شارێکی گەورە و گرانی وەک بەغدا لە دوای پڕۆسەی ئازادییەوە، دۆخێکی تەواو ترسناک و تاریک بوو، بێگومان ئەم دۆخە بۆ ئێستا و داهاتووش بەردەوامی هەیە و ڕۆژانە لێکەوتەکانی بە سانایی لێرە و لەوێ و لە شێوە و شکڵی جیاواز جیاوازدا دەبینێرێتەوە. تیرۆر و تۆقاندن، شەڕی ئایینی و تایفەگەری، دەرکەوتنی گرووپە توندڕۆ و بیرتاریکەکان لەو دەرکەوتانەن کە لە پاش ٢٠٠٣وە فەزای گشتیان داگیر کرد و ترس و بیمیان بە هەموو کوچە و کۆڵانێکی شارەکاندا بڵاو کردەوە، عێراق گیرۆدەی شەڕێکی خوێناویی بوو، تێیدا هەزاران کەسی بێگوناه تەرمی هەلا هەلابوویان لەسەر شەقامەکان کەوت و نەناسرانەوە، سەدان کەس بێسەروشوێن بوون و سەدانی تریش لەتاو ئەو دۆخە تفت و تاڵە وڵاتیان جێهێشت و چیدی بۆی نەگەڕانەوە، ژیانی هەرڕۆژەی کەسانی نێو ئەم نیشتمانە بیمارە کەوتە بەردەم هەڕەشە و لەناوبردن، بژاردەیەک نەمایەوە بۆ ئاشتەوایی و ژیانی سادە، ئەم ستایلە نوێیە لە مەترسی و سڕینەوە خەیاڵی نووسەران و هونەرمەندانی داگیر کرد، بۆیە دەبینین لە دوای ئەو مێژووەوە ژمارەیەکی زۆر دەقی ئەدەبی و هونەری نووسران و کێشران، کە ڕەنگدانەوەی ئەو زەمەنە ترسناکە بوون، لە پلەی یەکەمیشدا ئەم نواندنەوەیە لە ڕۆماندا بەرجەستە بوو، دواتریش ژانرەکانی تر هەوڵی بەهونەریکردنەوەی ئەم بابەتانەیان دا.

“ژێزەمینەکەی بەغدا” کتێبێکی بچکۆلەیە، لە نووسینی هۆشەنگ وەزیزی و لە وەرگێڕانی مامۆستای هێژا و کۆچکردوو، ئەحمەد محمەد ئیسماعیلە، کە هەر لێرەدا و لەگەڵ چاپبوونی ئەم کتێبە، داخێک سەر و دڵمان دەگرێ، ئەویش ئەوەیە کە وەرگێڕی کتێبەکە چیدی لێرە نییە و کتێبەکە بە چاپکراوی نابینێت.

ڕەنگە سەرەتا ناسینی ناوێکی وەک “هۆشەنگ وەزیزی” خراپ نەبێت.

هۆشەنگ وەزیزی کێیە؟

هۆشەنگ وەزیزی، ساڵی ١٩٦٧ لە هەولێر لەدایک بووە، ساڵی ١٩٩٠ کۆلێژی هونەرە جوانەکانی تەواو کردووە. لە ناوەڕاستی نەوەدەکاندا کاتی شەڕی ناوخۆ، ڕووی لە سووریا کردووە، لەوێ لە بواری شانۆ و ڕۆژنامەنووسیدا کاری کردووە و لە ڕۆژنامە عەرەبییەکاندا نووسینی ئەدەبی و سیاسی بڵاو کردووەتەوە.

 کۆتایی نەوەدەکان ڕووی کردە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا. وتار و لێکۆڵینەوەی بە زمانی عەرەبی و ئینگلیزی بڵاو کردوونەتەوە. دواتر گەڕاوەتەوە بۆ هەولێر و لەوێ نیشتەجێیە.

تا ئێستا ئەم شانۆنامانەی بڵاو بوونەتەوە:

١/ الستیلاء (دەستبەسەرداگرتن)، بۆ ئینگلیزی وەرگێڕدراوە و بڵاو بووەتەوە. لە بەغدا و هەولێر نمایش کراوە.

٢/ فلانة.

٣/ امکنة اسماعیل، ساڵی ٢٠١٥ لە پێشبڕکێی “الهیئة العربیة للمسرح” خەڵاتی یەکەم و ساڵی ٢٠٢١ لە فیستیڤاڵی شانۆیی نێودەوڵەتیی بەغدا، خەڵاتی باشترین دەقی پێ بەخشرا.

٤/ قبو بغداد.

٥/ العاصفة.

هەندێک لە شانۆکانی لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی “قرتاج” و بەغدا نمایش کراون. هەروەها کتێبی “بلاد مابین عراقین”ی بەچاپ گەیاندووە، کە ساڵی ٢٠١٤ لە (دار نون) چاپ بووە و بریتییە لەکۆمەڵەوتارێکی سیاسی دەربارەی مێژووی نزیک و ئێستای عێراق.

کتێبی “ژێرزەمینەکەی بەغدا” یەکەم کتێبی وەرگێڕاوی هۆشەنگ وەزیرییە، کە تێیدا دوو دەقی شانۆیی گرتووەتە خۆ، دەقەکان لەژێر ناوی “باهۆز” و “ژێرزەمینەکەی بەغدا” پێشکەش کراون. هەر دوو دەقەکە لە کۆمەڵێک لایەنەوە خاڵی هاوبەش و تەکاندەریان هەیە، ئەگەر وەک هێڵی درامی تێیان بڕوانین، دەبینین هێڵە درامییەکە بە ئاڕاستەیەکدا دەڕوات کە نەختە نەختە ڕووناکی دەخاتە سەر کەس و ڕووداوەکان، واتە لە پنتێکەوە دەست پێ دەکات و چیدی لەو پنتەدا نامێنێتەوە و وەک شەپۆلێک هەڵدەکشێت و خوێنەر (وەک دەقخوێندێک) تێکەڵ بەو هەڵچوون و کەفوکوڵەی ڕووداوەکان دەکات. وەک لایەنی ناوەڕۆکیش، بێگومان هەردوو دەقەکە خاوەنی یەکە و پێکهاتە بنچینەیی و سەربەخۆکانی خۆیانن، ڕەنگە لە ڕووی خستنە سەر تەختی و شانۆ و ئامادەکردنیان بۆ نواندن، کەمترین زەحمەتی بخەنە سەرشانی دەرهێنەر و ستافی کارکردنەکە، لەگەڵ ئەوەشدا کە دنیای هەردوو دەقەکە دنیایەکی کامڵ و تەواوە، هاوکات کۆمەڵێک لایەن و نوختەش هەن کە تێیدا یەک دەگرنەوە و دواتر وەک دوو ڕووبار دەتوانن بڕژێنە ناو زەریایەکی بەرینتر.

شانۆنامەی “باهۆز” چیرۆکی دوو پیاوە لە ژوورێکدا، چیرۆکێکی ئاڵۆز و تێکڕژاو بە یادەوەری و تراوما، لەگەڵیشیدا ژنێک و دوو کرێکار دێن و دەردەکەون جارجار. باهۆز بۆ خۆی چەشنێک لە مەترسیییە، کە لە لایەن سروشتەوە هەڵدەکا و ڕەنگە شتانێک و کەسانێک لەگەڵ خۆی ببات، باهۆزی نێو ئەم دەقە شانۆییەی هۆشەنگ وەزیزی هەمان ڕۆڵ دەبینێت، لە یادەوەریدا، لە ترسێکی شاراوەدا، لە ئێستای فەوتاو و داهاتوویەکی لێڵدا. دوو پیاو سەرەکی نێو ئەم دەقە ماندوون، داهێزراون بە نەهامەتی و ڕۆژگارێکی تێکشکاو، زەین و یادەگەیان شێواوە، زۆر جار لە گێڕانەوەی ڕووداوەکاندا دەچنە جێی یەکتر و لێکتر دەگۆڕێن، گەمەیەکی ترسناک، کە تێیدا لە یەکەم مەترسی هەڵچنیندا، دەلالەت لە لەدەستدانی ناسنامەی تاکەکەسی دەکات. فەزای گشتی “باهۆز” فەزای ترس و تۆقینی ئەو ساڵانەیە کە پاش ڕووخانی سەددام حسێن و بە ناوی ئازادیی عێراقەوە ناسێنران، ترسێک لە تاریکاییدا لە بۆسەدایە، لە هەر چرکەیەکدا ڕەنگە بگاتە سەرمان و ژیانمان لەگەڵ خۆیدا بەرەو نادیار و سڕینەوە ببات. “باهۆز” بە وردی و لە پەراوێزدا، لە ڕێی گێڕانەوەی یادەوەریی شێواو و فەوتاوی دوو کەسێتییەوە، دەمانباتە نێو ئەو پانتاییە بەرینەی کە دەرزیئاژنە بە تۆقین، بە زاڵبوونی هێزی تاریکی و مەرگ.

شانۆنامەی “ژێرزەمینەکەی بەغدا” هەڵدانەوەی چیرۆکە خۆفناکەکانی ژێرزەمینی بەغدای پاش ٢٠٠٣یە، ئەو چیرۆکانەی کە گوێ لە بیستنیان و چاو لە بینینیان دەتۆقێت؛ چیرۆکگەلێک کە نووسین فریای نووسینەوەیان ناکەوێت، لەو ژێرزەمینەدا هۆشەنگ بە خاتری گەڕان بە دوای چیرۆکێکدا، چەندین چیرۆکی تراژیدی دەگێڕێتەوە، کە دواتر نازانین کێ قوربانییە و کێیش جەللاد، سیما و ناسنامەکان لە عێراقی پاش ٢٠٠٣دا وەها تێکەڵ و پێکداچوون، جیاکردنەوەیان کردەیەکە نزیک لە مەحاڵ. “ژێرزەمینەکەی بەغدا” باس لە گیرانی پیاوێک دەکات لە لایەن ژنێکەوە و بردنی بۆ ژێرزەمینێک و بەستنەوەی، تا ئەوەی ددان بە تاوانێکدا بنێت، تاوانی کوشتنی کوڕەکەی کە چواردە ساڵی تەمەن بووە، هێڵی درامی ئەم شانۆیە، کە خاڵێکی خامۆشەوە دەست پێ دەکات، لەگەڵ بەرەو پێشبردنی ڕووداوەکان و ناسێنەری کەسەکان، ئەو هێڵە گرژ و توند دەبێت، بە جۆرێک لە دوایین دیمەنەکاندا خوێنەر ڕەنگە نەتوانێت لەگەڵیاندا بەردەوام بێت، ئەگەر بەردەوامیش بێت بێگومان بە ئازارێکی قورس و دەروونێکی ماندوو و داهێزراوەوە، کتێبەکە تەواو دەکات و دایدەنێت و لەبەر خۆیەوە دەڵێت: ئای خوایە، چ کتێبێکی خەمگین بوو!

پرسی نواندنەوەی کارەسات لە ئەدەبیات و هونەردا، پرسێکی ئەخلاقییە و زۆر تیۆریسیەن و لێکۆڵیار دەربارەیان نووسیوە، سەرەڕای ئەوەی کە زۆرینەیان کۆکن لەسەر ئەوەی کە نواندنەوەی کارەساتە گەورەکان لە نووسیندا مەحاڵە، بەڵام سەلمایشە کە خودی بەتێماکردنی کارەسات هەوڵێکی گرنگ و گەورەیە بۆ لە یاد نەکردن و بیر نەچوونەوە. دوای پڕۆسەی ئازادکردنی عێراق لە لایەن ئەمەریکاوە کۆمەڵێک هەوڵ دراون، بە جیاوازی ئاستی بەرهەمەکان، هەوڵگەلێکی گرنگ و بەرچاو بوون لە تۆمارکردن و بە دیکۆمێنتکردنی ئەو ساڵ و ڕووداوە جەرگبڕانەدا. ئەم دوو هەوڵەی هۆشەنگ وەزیزی، کە تێیدا لە ڕێی ژانری شانۆوە تەعبیری لەو زەمەنە کردووە، دوو هەوڵی گرنگ و بە بایەخن، جێگەی ئەوەن خوێنەر بە وردی بیانخوێنێتەوە و لەو مەرگەساتە تۆقێنەرە باشتر شارەزا بێت.

شیاوی وتنە نووسەر و وەرگێڕ ئازاد بەرزنجی پێشەکییەکی گرنگ و وردی بۆ کتێبەکە نووسیوە، کە تێیدا هەوڵی ناساندنی هۆشەنگ وەزیزی دەدات و دەروازەیەکی بەرینیش بەسەر هەردوو دەقەکەدا واڵا دەکات، تاکو باشتر خوێنەر هان بدرێت بۆ تێگەیشتن لە هەندێ پەنا و پەسێوی نادیاری هەردوو دەقەکە.

ئەم کتێبە لە لایەن وەرگێڕی بەئەزموونی کورد: “ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل”ەوە وەرگێڕاوە، “دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم”یش لە دووتوێی ١٣١ لاپەڕەدا چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.

چەند سەرنجێک دەربارەی نەنە پەریزادم گێڕایەوە

ڕانانی: سەردەم

 

کتێبێکی دیکەی گرنگ و سەرنجڕاکێشی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بریتییە لە کتێبی (نەنە پەریزادم گێڕایەوە) ئەم کتێبە داستانە و لە لایەن (گێرد مانێ- ئاننێ ڤێننێ شیلدە) کۆکراوەتەوە و هەردوو نووسەر و وەرگێڕ (بەختیار ئەمین و ئەمجەد شاکەلی) بە زمانێکی زۆر سادە و ڕوون، بێ گرێ و تاسە، لە سویدییەوە وەریانگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکانی کوردستان بەردەستە.

هەر وەک لە دەستپێکی کتێبەکەدا ئاماژەی پێ کراوە، ئەم کۆمەڵە داستانە، بریتییە لە بیستوچوار داستان، ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە کە دە داستانی ئاسیایی، هەشتی ئەوروپایی و چواری ئەفریقایی، یەک دانەی ئەمریکای لاتین و یەک دانەیشی هی ئەکسیمۆیە، وێرای پەرشوبڵاوی جیۆگرافی، داستانەکان تا ڕادەیەک هاوبەشن و نوێنەرایەتی کەلەپوور و فەرهەنگی هاوبەشی گەلانی گێتی دەکەن: کتێبەکە یەکەم جار لە زمانی نەرویجییەوە کراوەتە سویدی و ساڵی ١٩٨٠ چاپ کراوە و بڵاوکراوەتەوە، ئێمەش هاوین و پاییزی ساڵی ١٩٨٦ لە زمانی سوێدییەوە وەرمانگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و ئەوەمان لە بیر بووە و زانیومانە وەرگێڕان لە زمانی ڕەسەنەوە کارێکی چاکتر و پەسەند ترە، بەڵام ئێمە هەڵبەتە بۆ خۆمان زمانانی ڕەسەنی ئەو داستانانە، کە زۆر جیاوازن، نازانین، هەر بۆیە پەنامان بردووەتە بەر زمانی سوێدی.

ئەم کتێبە، واتە (نەنە پەریزادم گێڕایەوە) لە چەندین چیرۆکی فۆلکلۆر و داستانی جۆراوجۆری میللەتانی جۆراوجۆر  پێکهاتووە کە هەر یەکەیان ناونیشانێکی سەربەخۆی خۆیان هەیە و ناونیشانەکانیش کتومت گوزارشت لە ڕووداوەکانی نێو داستانەکان دەکەن، بە مانایەکی دیکە، هاوئاهەنگییەک لە نێوان خودی ناونیشان و بابەتی داستانەکاندا هەیە، لەوانە: ئەو کەڵەشێرەی خۆی فێری هێلکەکردن  کرد، خەیاڵپڵاو، ماسییە زێڕینەکە، زەماوەندی جرج، کیسەڵ و کەروێشک، چما کەللەی کیسەڵ شەقارشەقارە؟ هەسارەگەشەی گەلاوێژ، کناچە و مانگ، چوار براکە و چەندین ناونیشانی دیکە.

ئەم چیرۆک و داستانانە لە لایەکەوە بە زمانێکی چێژبەخش گێڕدراونەتەوە، لە لایەکی دیکەوە پڕن لە پەند و حیکمەت و ئامۆژگاری، هاوکات دەوڵەمەندیی خەیاڵی مرۆڤیشمان پێ دەناسێنێت کە چ توانایەکی گەورە و داهێنەرانەیان هەبووە لە خولقاندنی کەش و فەزایەکی تەواو هونەری و خەیاڵئامێزدا، هەر یەک لەو چیرۆک و داستانانە، سەر بە دونیا و فەرهەنگ و میللەتانی جیاوازن، کەچی لە هەندێک حاڵەتدا شێوە و دەربڕین و داستانەکانیان هێندە نزیکن لە یەکترەوە، هەر دەڵێی نووسەرێک نووسیونیەتەوە، بە تایبەت لە شێوازی گێڕانەوە و موفرەداتی نێو داستانەکاندا، کە تژین لە مرۆڤی جۆراوجۆر، لە باڵندە و ئاژەڵ و گیانداری سەیر سەیر، لە شوێنی دڵگیر و خۆش کە مرۆڤ بە حەسرەتەوەیە تەواوی ئەو چیرۆکانە ببنە ژیانێکی ڕاستەقینە و تیایدا بژین.

کتێبی (نەنە پەریزادم بۆی گێڕامەوە) کۆمەڵێک داستانی جۆراوجۆری لە خۆ گرتووە، هەر یەک لەو داستانانە چیرۆکی سەرکێشی و قارەمانێتی مرۆڤەکانمان بۆ دەگێڕنەوە، هاوکات بەشێکیشیان لەسەر دونیای ئاژەڵ و گیاندار و باڵندەکانە، بەڵام گەمەیەکی سەیر بە سیفەت و تایبەتمەندییەکانیان کراوە، ئەو جرجەی هەموان بێزی لێ دەکەنەوە، لەم داستانانەدا خۆشەویست دەبن، ئەو ئاژەڵە دڕندانەی ترس و بیم بڵاو دەکەنەوە، لەم داستانەندا ڕۆڵی چاکەکار و بە بەزەییان پێ دراوە، ئەمە جگە لەوەی کە هەمیشە دوو جۆر مرۆڤیش لەنێو ئەم داستانانەدا دەبینرێن، مرۆڤی میهرەبان و زۆرزان، بەرژەوەندخواز و دڵباش، دڕەندە و بە ویژدان، کە دواجار دەشێت وەک ئەزموونێکی گەورە لێیان بڕوانین و لێیانەوە فێری ژیانێکی باشتر بین، فێر ببین ئاژەڵ و باڵندەمان خۆش بوێت، بە شێوەیەکی ژیرانە مامەڵە لەگەڵ ڕووداو و کێشەکاندا بکەین و هێندە بە هەڵپە نەبین لە ژیاندا بۆ گەیشتن بە ئامانج و مەرامەکانمان، ملی براکانی خۆمان و ئەوانی دیکەش بشکێنین.

چیرۆک و ڕووداوە ئەویندارییەکانیش لەنێو ئەم داستانانەدا، دیسان بابەتگەلێکی دیار و بەرچاون و یەکێکن لە تایبەتمەندییەکانی ئەدەبی فۆلکلۆری و چیرۆکە داستانییەکان، ئەو عەشق و ئەوینە پاکەی لەنێو داستانەکاندا هەن، بەرهەمی خەیاڵێکی فراوان و گەورەی مرۆڤەکانن لە ڕابردوویەکی دێریندا کە بۆ مانەوە و بەردەوامیی بە ژیان، پەنایان بۆ گێڕانەوە و خولقاندن و ئەفراندن بردووە، سەرکێشی و ڕاکردن و مەعشووق ڕفاندن، تا دەگات بەوەی پادشاکان کچە نازدارەکانی خۆیان بدەن بە سواڵکەر و گەدا و هەژاران، تەنها لەبەر ئەوەی دڵدارەکان سەرکێشییان کردووە تا بگەن بە یەک، یاخود بە مەرجە سەختەکان ڕازی بوون و دوور خراونەتەوە، لە ژیانێکی شاهانەوە ڕوویان لە ژیانێکی هەژارانە کردووە.

نەنە پەریزادم گێڕایەوە، تژییە لە داستانی چێژبەخش کە ئەستەمە خوێنەر بە تەنیا جارێک تێر ببێت لە خوێندنەوەیان، بە پێچەوانەوە، جار لە دوای جار کە دەیخوێنیتەوە، پەند و حیکمەت و جوانیی زیاتری تێدا دەبینیت، زیاتر هۆگریان دەبیت و چێژی پتریان لێ دەبینیت، چونکە وەک لە سەرەتادا ئاماژەمان پێدا، ئەم داستانانە سەروەتی ڕۆحی و بەرهەمی خەیاڵی فراوانن، ڕۆژگارێکیش دەماودەم لێرەولەوێ گێڕدراونەتەوە و چەندین نەوەیان بەم شاکارانە کردووەتە خەو، یاخود مەجلیس و دانیشتن و میواندارییەکانیان پێ گەرموگوڕ کردووە و بە شێوەی نواندن، چیرۆکەکانیان گێڕاوەتەوە، بێگومان بەها و نرخی ئەم گەنجینە پڕ زێڕ و زیوەی ناوی داستان و ئەدەبیاتی فۆلکلۆرە، تا زەمەن و سەردەمانی داهاتوویەکی دوور، سەنگ و بەها و چێژی خۆیان لە دەست نادەن، زۆرێک لە گەورە نووسەر و هزرمەندەکانی دونیا، بە سەرچاوەی یەکەمی خۆیانی دەزانن و بەشێکیان لەژێر پاڵتۆ فراوانەکەی ئەم داستانانەوە هاتوونەتە دەرەوە.

بە گشتی داستان، واتە سامان، یان کەلەپووری خەڵک، بەم پێیە فۆلکلۆر بە ھەموو ئەو سامان و کەلەپوورە کۆنانە دەڵێن کە بە درێژایی مێژوو دەستکرد و بەرھەمی بیر و خەیاڵ و هزری خەڵک بوون و ماونەتەوە، وەک: پاشماوەکانی جلوبەرگی میللی کۆن و ئێستا، ڕایەخ و ھۆی تێدا خواردن (قاپ، کاسە و کەوچک) و گەلێک چەشنی پیشەسازی و نەقش و نیگار و جۆری خواردەمەنی و گەلێک شتی تر کە شەقڵی تایبەتی میللەتێک، لە بەرھەمێکی دەستکرد، یان بەرھەمی بیردا بھێڵێتەوە.

ھەندێک جار لە ناو فۆلکلۆردا بەشی بیر، یان بەشی ئەدەب جیا دەکەنەوە و پێی دەڵێن (بەرھەمی سەرزاری خەڵک) ئەو بەرھەمەش ئەوەیە کە بەسەر زارەوەیە، دەماودەم و پشتاوپشت، کوڕ لە باوکەوە، منداڵ لە دایکەوە دەیبیستێت و دەمێنێتەوە، لەبەر ئەمە داستان و ئەدەبی فۆلکلۆر، بە بەرھەمی تاقە کەسێک دانانرێت، بەڵکو دەدرێتە پاڵ ھەموو میللەت و وەک بەرهەمی میللەتێک دەبینرێت، لە راستیدا ئەمانە بەرھەمێکن کە ھەموو گەل خوڵقاندوونی و هەموان دەست و ڕۆڵیان هەیە لە هۆنینەوەیاندا، بەرھەمی داستان و فۆلکلۆر شێوەیەکی سادەی وای ھەیە  کە ھەموو خەڵک لێی تێبگات و شەقڵی تایبەتی ئەو گەلە، یان ئەو زەمان و دەورانەی خۆی پێوەیە .

هەر وەک زانراوە ئەم داستانانە بەرهەمی فۆلکلۆر و کەلەپووری میللەتانن، جا بەرھەمی فۆلکلۆر و داستان،  بە شێوەیەکی بەرچاو و زۆر لە ناو خەڵک و میللەتاندا بوونی هەبووە و لەم بارەوە کتێبگەلی بێ شومار هەر لە دەزگای چاپ و پەخشی سەدرەم چاپ و بڵاو کراونەتەوە، کە باس لە بنەما و تایبەتمەندییەکانی ئەم ئەدەبە دەکەن، لە ڕاستیدا تا کاتی بڵاو بوونەوەی خوێندەواری و شارەزابوونی خەڵک و ڕاھێنانیان لەگەڵ ئەدەبیاتی نوسراودا، لە ڕابردوودا کەم کەس ھەبووە شتێک لە داستان و فۆلکلۆری گەلەکەی خۆی نەزانیبێت و لەبەری نەبووبێت و بە گوتن و گێڕانەوە، لە بۆنە، یاخود میوانداری و کۆبوونەوە خێزانییەکاندا دەری نەبڕێت.

داستان و ئەدەبیاتی فۆلکلۆر، لە ناو ھەر میللەتێکدا، چەندین بەش و جۆری ھەیە، بێگومان ئەم بەش و جۆرانەش ڕەنگە ھەندێکیان لە فۆلکلۆری ھەموو میللەتانی دونیادا، یاخود لە فۆلکلۆری چەند میللەتێکدا یەک بن، یاخود هاوبەش بن، خۆ ڕەنگیشە ھەندێکیان جودا بن لە یەکتر و خاڵی هاوبەشیان کەمتر بێت، لەبەر ئەم هۆکارە، ھەر میللەتێک دەتوانێت چەشنەکانی داستان و بەرھەمی ئەدەبی فۆلکلۆری خۆی دەست نیشان بکات، هیچ نکولییەک لەو ڕاستییەش ناکرێت کە ئێمەی میللەتی کوردیش، هاوشانی میللەتانی دراوسێ و ناوچەکە و دونیا، خاوەنی داستانی گەورە و ئەدەبێکی دەوڵەمەندی لەو شێوەین.

ژیانی مۆدێرن وەک گرێکوێرەی قەیتان

خستنەڕووی: “قاچار قوچار”

 

بەختیار حەمەسوور

 

کچ و کوڕێک، کە ئێستا ئیدی ژنومێردن و لە مانگی هەنگوینیدان، ڕوویان لە شارێکی تر و هاوینەهەوارێکی جوان کردووە، لەپڕ تازەزاوا هەوەسی دەبزوێ و لە چەقی بازاڕکردندا، بە تازەبووک دەڵێت دەبێت بگەڕێنەوە هۆتێل، دەگەڕێنەوە و هەر بە پەلە جلەکانیان دادەکەنن، تازەزاوا دەیەوێت قەیتانی جلەکانی تازەبووک بکاتەوە، قەیتانەکە لێک دەئاڵۆزکێ و بەوەش ئاستەنگ دروست دەبێت. تازەبووک بزەیەک دەیگرێ و دەڵێت: “قەیتانەکە تووشی قاچار قوچار بوو!” تازەزاوا دەڵێت ئەوە چ زمانێک بوو قسەت پێ کرد، تازەبووک دەڵێت ئەوە زمانێکی تایبەتە و لە تەواوی دنیادا تەنیا چوار کەس دەیزانن: دایکم، باوکم، براکەم و من. چیرۆکەکەش بەو جۆرەیە: کاتێک براکەی بە منداڵی خەریکی دەزووی کۆلارە بووە و تەواوی دەزووەکە پێکدا ئاڵۆزکاوە، ئەویش هەرچەند دەکات بۆی لێک جیا ناکرێتەوە و تەواو وەڕز و بێزار دەبێت، دەزووەکە فڕێ دەدات و دەڵێت: “هەموو قاچار قوچار بووە.” ئیدی لەوێوە لەو خێزانەدا ئەو وشەیە هاوبەرنبەری وشەی “ئاڵۆزکان” دەبێت؛ کە وایە ناوی ڕۆمانە سەرناوی “ئاڵۆزکان”ـە و بەوەش جیا لەو خێزانە چوار کەسییە، تازەزاوا و تەواوی هەموو ئەو کەسانەش کە ئەم ڕۆمانە دەخوێننەوە، دەزانن هاوواتای “قاچار قوچار” چییە.

ڕۆمانی “قاچار قوچار” لە نووسینی نووسەری هیندی ڤیڤیک شانبهانگە، جەبار سابیر لە زمانی فارسییەوە کردوویەتی بە کوردی و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم لە درێژەی چاپکراوەکانی ساڵی ٢٠٢٣دا چاپ و بڵاوی کردووەتەوە. ئەم ڕۆمانە ئەگەرچی بە قەوارە بچکۆلەیە و لە ١٣٧ لاپەڕەدا نووسراوە، بەڵام یەکێکە لە ڕۆمانە گرنگەکانی ئەدەبی نوێی هیندی، بە تایبەت لەم دە ساڵەی دواییدا. ڤیڤیک شانبهانگ ساڵی ١٩٦٢ لە هەرێمی کاناتاکای باشووری خۆرئاوای هیندستان لەدایک بووە. ڤیڤیک بە دیالێکی کانادەیی دەنووسێ، کە زاراوەی فەرمی ئەو هەرێمەیە. ئەم زاراوەیە یەکێکە لە بنزارەکانی زمانە دراویدییەکان، کە نزیکەی چل ملیۆن کەس قسەی پێ دەکەن. ئەم نووسەرە تا ئێستا هەشت کتێبی بڵاو کردووەتەوە، کە پێک دێن لە دوو ڕۆمان و دوو شانۆنامە و پێج کۆمەڵەچیرۆک. ڕۆمانی “ماچی سەکینە” ٢٠٢٣ بڵاو بووەتەوە، بەڵام ئەم ڕۆمانەی، واتا “قاچار قوچار” ساڵی ٢٠١٥ بڵاو بووەتەوە و جگە لەوەی بۆ زۆرینەی دیالێکتەکانی زمانی هیندی وەرگێڕاوە، یەکەمین کتێبی ڤیڤیک شانبهانگە وەردەگێڕدرێتە سەر زمانی ئینگلیزی و دەنگدانەوەیەکی زۆری دەبێت.

ئەگەر بمانەوێ چەند دێڕێک سەبارەت بە وەرگێڕانی ئەم کتێبە و هاوچەشنەکانی بڵێین، ئەوا دەتوانین بنووسین کە ئەدەبیاتی لەم شێوەیە، ئەدەبیاتێک کە سەر بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و نزیکییەکی کولتووری زۆری لەگەڵ ئێمەدا (وەک کورد) هەیە، دەتوانێت یارمەتیدەرێکی باش بێت لە کۆمەڵێک لایەنەوە، یەک لەوانە لە ڕووی تێما و بابەتەوە، بە نموونە ئەم ڕۆمانە، تێماکەی هەر دەڵێیت لەنێو کۆمەڵگەی خۆماندا ڕوو دەدات، ئەو کێشە و گرفتانەی تووشی خێزان و تاک دێن، هەمان ئەو کێشە و گرفتانەن کە لای ئێمەیش برەویان هەیە و بەردەوام دەبنە ئاستەنگ و لەمپەڕ لە بەردەم ژیانی هەرڕۆژەماندا. خاڵێکی تر ئاشنابوونی دەنگی نوێی ئەدەبیاتە بە خوێنەرانی کورد، نووسەرانێک، کە بە نووسین دیدگای جیاوازیان بۆ دنیای دەوروبەریان هەیە و بە نووسینەکانیان بەشدارییەکی کارا دەکەن لە سەرخستن و بەرچاویی کۆمەڵگەکەیان بە هەموو ئەوەی کە هەیانە. خوێندنەوەی ئەم دەنگە تازانە، کە لە پەنجەرەی وەرگێڕانەوە دێنە پانتایی ئەدەبیاتی کوردی، دەروازەیەکی گرنگ بەسەر فرەشێوازی و فرەدەنگی نووسیندا دەکەنەوە، چیدی خوێنەری کورد دەق بە یەک شێواز و دەنگەوە ناگرێ و هەمیشە لە خەیاڵیدا نووسەرانی تریش هەن بە دیدگا و ڕوانینی جیاوازەوە.

ڕۆمانی “قاچار قوچار” نوێنەری سەردەمی ئێستای کۆمەڵگەی هیندستانە، ئەگەرچی کۆی ڕووداوەکانی ئەم ڕۆمانە لە ڕووبەرێکی مینیماڵ و لە چوارچێوەی خێزانێکی چەند ئەندامیدا ڕوو دەدات، بەڵام خوێنەر لە خوێندنەوەی کۆی کارەکەدا دەگات بە وێنەیەکی گەورەتر، کە هەمان وێنەی ئەمڕۆی هیندستانە لە دنیای مۆدێرندا. چیرۆکی ڕۆمانە باس لە خێزانێکی چوار کەسی دەکات، کە هاوکات مامێکیشیان لەگەڵیان دەژی، واتە پێنج ئەندام. ڕیتمی ڕۆمانە و گەڵاڵەی دروستبوونی کۆی ڕووداوەکان، لەپڕ و یەکجار نییە، بەڵکو بە شێوەی نەختە نەختە و هێور هێور دەخرێتە ڕوو، خوێنەر لە هەڵدانەوەی هەر بەشێک و دەستپێکی بەشێکی نوێدا، بەشێک لەو هێڵە سەرەکییەی لەبەر چاو ڕوون دەبێتەوە کە نووسەرەکەی هەر لە سەرەتاوە خەریکە دەیچنێت. لەپاڵ ئەوەی کە ماڵێک و مێزیک هەیە ئەندامانی خێزان لە دەوری کۆ دەبنەوە و خەریکن چیرۆکەکە دەگێڕنەوە، هاوکات چەند شوێنی وەک کافێ و کارگە و شەقامیش هەن، کە رۆڵی بنچینەیی دەگێڕێن لە گورانی حەکایەتەکەدا.

ڕۆمانەکە لە کافێیەکدا دەست پێ دەکات و لە هەمان کافێدا کۆتایی دێت. بەسەرهاتەکان سەرەتا بە سادەیی ڕوو دەدەن، وەک ئەوەی هیچ شتێکی ئەوتۆ لە ئارادا نەبێت، بەڵام لەبەرەوە هەرجارەو بە هۆکارێک ئەم سادەییە لەبەین دەچێت، سەرەتا بە لەدەستدانی کاری باوک دەست پێ دەکات، لە کارەکەی دەردەکرێت کە کاری دابەشکردنی چایە، ئەمەیش بە هۆکاری ئەوەی کە دنیا بەرەو پێش چووە و کاری دابەشکردن چیدی پێویستی بە کەس نییە و شتانی تر، ئامرازەکانی دنیای نوێی ئەمڕۆ، دەتوانن ئەو کارە بکەن. ئەم دیمەنە (لەدەستدانی کاری باوک و ناردنەوەی بۆ ماڵەوە) دەمانخاتەوە یادی شانۆنامەی “مردنی دێوەرەیەک”ی هێنری میلەر، لەوێشدا باوک تووشی هەمان کارەسات دەبێتەوە، نوختە سەرەکییەکە لە هەردووکیاندا ئابوورییە، بەو جیاوازییەوە: لای میلەر کارەساتەکە بەردەوام دەبێت و بە خۆکۆژی باوک دەگات، بەڵام لای ڤیڤیک باوک دەچێتە بارێکی باشتر لەوەی پێشوو.

“قاچار قوچار” بە شێوەیەکی زۆر تایبەت دەرگیری چینی ناوەندی کۆمەڵگەیە، ئەو چینەی زۆرترین جووڵە و ململانێی تێدایە بۆ ئەوەی دانەبەزێت بۆ چینی خوارتر و لە کۆشش و جۆشش دایە بۆ هەڵکشان بەرەو چینی سەروو. ئەم خێزانە کاتێک لە ڕێی مامیانەوە دەست دەدەنە کاری داوودەرمانفرۆشتن، باری گوزەرانیان بەرەو سەرەوە هەڵدەکشێ و بەوەش خانووەکەیان لە خوارووی شارەوە دەگوازنەوە بۆ سەرووی شار. ئیدی ئەو ژیانە ساکارەی پێشووش نامێنێت، دەبێت بە ژیانێکی پڕکار و پڕجووڵە، ژیانێک کە تەرخان دەبێت بۆ پارەپەیداکردن، پیاوەکان هەر زوو دەچنە دەرەوە و درەنگانێک دەگەڕێنەوە.

گێڕەرەوە، کوڕی ماڵەکەیە، لە نێوان منداڵی و ئێستایدا گەمەی گێڕانەوەمان لەگەڵدا دەکات، بەردەوام لە ڕێی گێڕانەوەکانی ئەمەوە ئێمە کەسانی خێزانەکە و ئەوانی تریش دەناسین، بە هەموو تایبەتمەندییەکیانەوە. لە مەجەرای ڕۆمانەکەدا ئێمە دەتوانین ئەو هێڵە ببینینەوە کە چۆن چینێک پێیدا هەڵدەکشێ بەرەو سەرووتر، چۆن لەگەڵیشیدا کۆمەڵێک خەسڵەت بۆ هەمیشە دەگۆڕێن و لە هەوایەکی تردا و بە جۆرێکی تر، دەژین. گێڕەرەوە (کە هەمان تازەزاوایە وا لە سەرەتادا ناوی هات) کاتێک هاوسەرگیری لەگەڵ کچێک بە ناوی “ئانیتا” دەکات و سەر بە خێزانێکی مامۆستایە و ئەمانیش کاسبکار، ڕوونتر ئەو جیاوازییە چینایەتییە دەردەخات، هەر ئەم جیاوازییەشە سەرئەنجامەکەی دەگاتە لێک جیابوونەوە.

هێڵکاری ڕۆمانەکە بە جۆرێک کێشراوە کە لە ڕێی هەر کەسێتییەکەوە گۆشەیەک لە کۆمەڵگە ڕوون بکرێتەوە، بە واتایەی تر، هەر کارەکتەرێک لەم ڕۆمانەدا پنتێک لە پەناوپەسێوێی ئەمڕۆی کۆمەڵگەی مۆدێرنی هیندی پێشان دەدات، هەر ئەمەش کارێکی کردووە کە “قاچار قوچار” لەو ڕووبەرە بچووکەدا پڕ بێت لە چیرۆکی پێکداهەڵپژاو و سەیروسەمەرە، کە تێکڕاش دەگەڕێنەوە و لە چەقێکدا، کە بنەماڵەیە، یەک دەگرنەوە. زمانی گێڕانەوە زمانێکە لە نێوان تەنز و ڕاشکاویدا دێت و دەچێت، لەگەڵ هەڵکشانی ڕووداوەکاندا ئەم زمانەش دراماتیکتر دەبێت، هاوکات لە کورترین دەربڕین و چڕتر ڕستە سوودمەندە، بێگومان دەستگرتن بەم تایبەتمەندییانەوە، لە پلەی یەکەمدا بۆ وەرگێڕی کوردیی ئەم ڕۆمانە دەگەڕێتەوە.

ژیان لەمڕۆدا، لە سەردەمی مۆدێرندا، ڕۆژ بە ڕۆژ ئاڵۆزتر و سەختتر دەبێت، ئینسانەکان لێک دوور دەکەونەوە، بە تایبەت بۆ ئەو چینەی کە دەستی تێکەڵ بە سەرمایە دەبێت و پارە هاری دەکات، “قاچار قوچار” ڕێک لەو نوختەیەدا گوتارەکەی ئاراستە دەکات، خێزانێک کە ڕۆژانێک لە دەوری یەکدی کۆ دەبوونەوە و گاڵتە و لە خۆشەوسیتییەوە ناووناتۆرەیان لێکتر دەنا، ئێستا کاتی ئەوەیان نییە، لە بڕگەیەکدا، بۆ ساتێک خێزانەکە دەکەونەوە ناو ئەو دنیایە و لە دەوری مێزێک خڕ دەبنەوە، چما ئەوەی سەدەیەک بێت ئەو شێوەژیانەی ڕابردوویان بەجێ هێشتبێت. ئێستا ئیتر گرفتەکان بەو سادەییەی پێشوو نین، ئاڵۆزکاون، کەسەکان خەریکە بە یەکتر نامۆ دەبن، یەکتر ناناسنەوە، ئەگەرچی لەژێر یەک سەقفیشدا دەژین.

ئەم ڕۆمانە لە ئایدیایەکی سادەوە؛ گرێکوێرەی قەیتانی تەنوورەیەک، ناوەکەی بۆ هەڵبژێردراوە، بەڵام فراوانتر ئەم ئایدیایە دەکشێنێت بۆ دۆخی کۆمەڵگە لە سەردەمی ئەمڕۆماندا، وردتر: دەریدەخات کە لە ژیانی هەریەکەماندا کۆمەڵێک گرێکوێرە هەن، کە ژیانمان پێیانەوە بەستراوە و تووشی جۆرێک لە وەستان هاتووە. دوایین وشەی گێڕەرەوەش جەختی هەمان ناونیشان و کۆی ڕووداوە ئاڵۆزەکانی ڕۆمانەکەیە، لەو کاتەدا لە کافێکە دانیشتووە و دەستی بە پەرداخێک، کە نائاگا لە دەستی بەر بووەتەوە، بڕاوە، کابرای قاوەخانە، کە ناوی ڤینسنتە پێی دەڵێت: “قوربان، باشترە دەستت بشۆریت، خوێناوی بووە. ئەمە دۆخی گێڕەوەیە: «وشک دەبم. چ باسە؟ ئەمە چ گڵۆڵەیەکی ئاڵۆزکاوە کە تێیدا گیرم خواردووە؟ بە دڵنیاییەوە ڕێگەی چوونە دەرەوە لە گڵۆڵەکە دەدۆزرێتەوە… وشەکان خۆبەخۆ هێرش بۆ مێشکم دەهێنن: قاچار قوچار.»

کاتێک واقیع بە شوێن شانۆدا دەڕوات

خستنەڕووی: “دواشەوی لۆرکا”

بەختیار حەمەسوور

 

گرنگی شانۆ هەر لەوەدا نییە کە چێژ و خۆشییەک لە نمایشەکەی وەربگرین، بەڵکو بە جۆرێک لە جۆرەکان پاژێکی ژیانی ئێمەیە لەسەر تەختەی شانۆ، تەعبیرە لە دۆخ و حاڵی ئێمە لە بڕگەیەکی مێژووییدا، هۆشیارییەکی گرنگە لە ئاست ئەوەی لە دەوروبەرمان گوزەراوە، یان خەریکە دەگوزەرێت، یان لە داهاتووی نزیک و دووردا ڕوو دەدات، بۆیە شانۆ پێبەپێی ژیان دەتوانێت کارا بێت، دەتوانێت ژیان بگوشێتە هەناو خۆی و بینوێنێتەوە، ئەوەش خەسڵەتی هەموو دەقە گرنگ و جیهانییەکانی شانۆیە. پرسی دەق لە شانۆدا، لە پرسە جددییەکانە، مامەڵەکردنی دەرهێنەر لەگەڵ دەقدا بەشێکی بنچینەیی سەرکەوتن، یان سەرنەکەوتنی نمایشە، بۆیە دەق وەک بنەمایەکی سەرەکی هەموو نمایشێک مەرجێکی لەپێشە، دواتر جومگەکانی تر دێن. وەک چۆن هەموو دەقێکی شانۆیی ئەگەرێکی کراوەیە لە بەردەم دەرهێنەردا تاکو کاری لەسەر بکات و بیخاتە سەر تەخنەی شانۆ و نمایش بکرێت، لە هەمان کاتدا ئەگەرێکی کراوەیە وەک هەر دەقێکی ئەدەبی بچێتە بەردەم خوێنەر و بیخوێنێتەوە، ئەوە دیدێکی باو و باڵادەستە کە پێی وایە دەقی شانۆیی تەنیا بۆ نمایشە، دیدێکی کورتهێن و پووچەڵە، کەم نین ئەو دەقە شانۆییانەی کاریگەرییان لەسەر تەواوی ژانرەکان هەبووە و بەردەوامیش لە پڕۆسەی خوێندنەوەدا، لە لایەن لێکۆڵەران و بیرمەندانەوە، وەک نموونە و پانتاییەک بۆ پراکتیک، بۆی گەراونەتەوە.

کتێبی “دواشەوی لۆرکا” کتێبەکە هەردوو بوارەکەی گرتووە، لەم کتێبەدا چەند دەقی شانۆیی هەن و لەپاڵ ئەوەشدا چەند خوێندنەوە هەن کە بۆ چەند نمایش کراون، نووسەر و وەرگێڕ ئازاد بەرزنجی خاوەنی ئەم کتێبەیە و کتێبەکەش دەچێتە خانەی وەرگێڕان و ئامادەکردن و نووسینەوە، ئەم کتێبە لە چاپکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە، لە دووتوێی ٢٠٨ لاپەڕەدا چاپ کراوە و پێک هاتووە لەم بابەتانە:

پێشەکی

دەقی شانۆیی

  • ڕۆژژمێری پیاوێکی سەیر: ئازاد بەرزنجی
  • بەهێزتر: ئۆگەست ستریندبێرگ
  • دواشەوی لۆرکا لە ڤیزنار: جەلیل قەیسی
  • گوڵی بەهار هات: جەلیل قەیسی
  • ئەی شاعیران ماڵئاوا: جەلیل قەیسی

ڕەخنەی شانۆیی

  • سەبارەت بە نمایشی (کاتمان نەماوە بۆ گۆرانی)
  • سەبارەت بە نمایشی (کۆچبەران)
  • سەبارەت بە نمایشی (مارا ـ ساد)

لە پێشەکییەکەدا، بەرزنجی باس لە سەرەتاکانی خۆی لەگەڵ شانۆدا دەکات و دەنووسێت: «شانۆ لە ژیانمدا هەمیشە ئەو ماڵە بووە کە تێیدا هەستم بە ئارامییەکی ڕۆحیی زۆر کردووە. ڕەنگە یەکێک لە هۆکارەکانیش ئەوە بێت کە لەو کاتەوەی قوتابیی سەرەتایی بووم؛ عاشقی نواندن بووم و هەر لەو ڕۆژگارەشدا بەشداریم لە یەک دوو کاری شانۆییدا کردووە. بۆیە ڕەگوڕیشەی ئەو هەستەم دەگەڕێتەوە بۆ مناڵی، پاشانیش لاوی.» پاشتر لە درێژەی هەمان باس، لە گەشتەکەی لەگەڵ شانۆدا دەدوێت، چ وەک ئەوەی هەمان بەش دەخوێنێت، چ وەک ئەوەش بە نووسین، وەرگێڕان، نواندن، دەرهێنان و ئامادەکردنەوە سەرقاڵ و چالاک دەبێت. ئەم کتێبەش: “دواشەوی لۆرکا” بەرهەمی بەشێکی بچووک لە شەونخوونی ئەو ساڵانە و ئەو پڕۆژە شانۆییانەیە کە ئەم نووسەر و وەرگێڕە ئەنجامی داون.

دەقە شانۆییەکان پێنج دەقن، کە هەریەکەیان دەقی بە بایەخ و گرنگن، دەقی یەکەم کە ئازاد بەرزنجی خۆی نووسیویەتی، لە چیرۆکی “ڕۆژژمێری شێتێک”ی نووسەری ڕووس: گۆگۆڵەوە وەری گرتووە، شیاوی ئاماژە بۆ کردنە ئەم چیرۆکە لە زمانی ڕووسییەوە لە لایەن جەلال تەقییەوە کراوە بە کوردی. دەقی دووەم دەقی “بەهێزتر”ی نووسەری گەورەی سوێدی: ئۆگەست ستریندبێرگە. سێ دەقی دوایینی ئەم کتێبە، بەرهەمی نووسەری دیار و چیرۆکنووس و شانۆنووسیی شاری کەرکووک و ئەندامی “گرووپی کەرکووک”، جەلیل قەیسییە. (دواتر خوێندنەوە بۆ یەکێک لە دەقەکانی جەلیل قەیسی دەکەن.) بەشی دووەمی کتێبە خوێندنەوەی سێ نمایشی شانۆیین، کە بوونەتە جێی سەرنجی ئازاد بەرزنجی و هەوڵی داوە باری سەرنجەکانی بە شێوەیەکی ڕوون و سادە دەرببڕێت، یەکێک لە خەسڵەتەکانی ئەم سێ خوێندنەوەیە ئەوەیە، کە نووسەر کەشێکی وەهای خولقاندووە کە ئەگەر خوێنەر نمایشەکەشی نەبینیبێت، لە هێڵە درامیەکە دانەبڕێت، ئەویش بەوەی کە تێما شانۆییەکەی داڕشتووەتەوە و لە قاڵبی داستانێکدا گێڕاویەتیەوە.

دواشەوی لۆرکا لە «ڤیزنار»

وەک لە سەرەتای شانۆکەدا هاتووە، جەلیل قەیسی بە بۆنەی تێپەڕبوونی پەنجا ساڵ بەسەر شەهیدبوونی شاعیری مەزنی گەلی ئیسپانیا: “فیدریکۆ گارسیا لۆرکا” ئەم شانۆنامەیەی نووسیوە. هاوکات سەبارەت بە ناوی “ڤیزنار” نووسراوە: ئەو شوێنەیە کە لۆرکای تێدا گیرا، شەوێک تێیدا مایەوە و پاشان لە ڕۆژی داهاتوودا گوللەباران کرا. شانۆنامەکە دەربارەی دوایین شەوی لۆرکایە، ئاشکرایە کە لۆرکا شاعیرێکی گەورەی ئیسپانیا و جیهانە، ئەم شاعیرە لە لایەن ڕژێمی پاشایەتی ئیسپانیا و دەسەڵاتدارانی فرانکۆوە دەگیرێت و دواتر بە تۆمەتی ئاژاوە و هاندانی خەڵک لە دژی دەسەڵات، گوللەباران دەکرێت. ڕەنگە پرسیار بێت هەڵبژاردنی ئەم بابەتە بۆ شانۆ، لە لایەن نووسەرێکی وەک جەلیل قەیسییەوە، سەرچاوەکەی بۆچی بگەڕێتەوە؟ دەقەکەی قەیسی، بەپێی مێژووی نووسینەکەی، دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی بیستەم، واتا سەروەختی دەسەڵاتی ڕژێمی بەعس لە تەواوی عێراق و کوردستاندا، جەلیل قەیسی ئەو دۆخە سەرکوتکاریی و دیکتاتۆرییەتەی ئیسپانیا وەک ماسکێک لە ڕووی ئەم دەقە دەپۆشێت بۆ پێشاندانی هەمان دۆخی ڕۆشنبیران و خەڵک لە عێراق و ژێر چەپۆکی ڕژێمی بەعسدا، ئەگەرچی ئەو دوو دەسەڵاتە سەر بە دوو شوێن و کاتی جیاوازیشن. شانۆنامەکە وێنایەکی گشتییە دەربارەی دۆخی ئیسپانیا، ڕووداوەکانی دەقەکە لە ساڵی ١٩٣١وە دەست پێ دەکەن، ئەو کاتەی پاشا هەڵدێت و هەواڵەکەی لە ڕۆژنامەدا بڵاو دەبێتەوە، بەوەش کۆتایی بە دەسەڵاتی پاشایەتی دێت و دەسەڵاتی کۆماری لەو وڵاتە دێتە سەر حوکم، هەروەک ئەوەی لە عێراقیشدا ڕووی دا. بێگومان هەر ئاڵوگۆڕێکی لەو چەشنە لە وڵاتدا، بێ خوێنڕشتن مەحاڵە، بۆیە شانۆنامەکە نەک بەو جۆرەی بچێتە ناو ڕووداو و کارەساتی خوێنڕشتنەکانەوە، بەڵکو لە ڕێی ئەو ترسە پێشوەختەی خەڵک لە بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە لایان دروست دەبێت، دەیەوێت وێنای ڕۆژانی پاشتر بکات، ئەو ڕۆژانەی کە دێن و پڕن لە حاڵەتی نائاسایی و ترسناک.

دواتر شانۆنامە باز بەسەر چەند ساڵێکدا دەدات و لە مێژووی (١٧ی ئابی ١٩٣٦)دا دەوەستێت؛ ئەمەش ئەو ڕۆژەیە کە لۆرکای شاعیر تێیدا دەستگیر دەکرێت. سەبارەت بە جۆری لێکۆڵینەوە و گرتن و لێپێچینەوە لەگەڵ لۆرکادا، چەندین گێڕانەوە هەن، ئەوەی ئەم دەقە شانۆییەش یەکێکی ترە لەو گێڕانەوانە و زادەی خەیاڵی بە بڕشتی جەلیل قەیسییە. ئەفسەری لێکۆڵەر: “خۆسیە کۆزمان” بە شێوەی توند و بریندارکەرانە لێپرسینەوە لەگەل لۆرکادا دەکات، لۆرکاش وەک شاعیرێکی زرنگ و شۆڕشگێڕ بەرەو ڕووی دەوەستێتەوە و لە بەرانبەر هەموو ئەو تۆمانەی ئاڕاستەی دەکرێن، دەڵێت لەبەر خۆشەویستی خاکی ئیسپانیا و خەڵکەکەی کردوونی، شاعیرانە بەرگری لە بیروباوەڕی خۆی دەکات، بیروباوەڕی ئەو شیعر و گۆرانییەکانین کە بەسەر زاری هەموو خەڵکی ئیسپانیاوەن. کۆتایی ئەو لێپێچینەوە توندە، بڕیاری گوللەبارانکردنی لۆرکایە. پاشان لۆرکا دەبرێتە ژوورێکی تاکەکەسی و لەوێ دوو کەس دەبینێت، یەکەمیان خزمەتکارە ئافرەتەکەیەتی بە ناوی “ئەنخیلینا”، دووەمیش مۆسیقاری مەزنی غەرناتە “دیۆنسیکۆ گۆنزالیز”، کە ئەویش وەک لۆرکا دەستبەسەر کراوە بە هەمان حوکم، حوکمدراوە.

لە درکاندنێکدا بۆ ئەنخیلینا، لۆرکا باس لە پێشبینیی مەرگی خۆی دەکات، کە هەر لە مناڵییەوە وێنای کردووە و دەڵێت: «ئەنخیلینا دەزانیت من هەر لە منداڵیمەوە دڵم وا خەبەری دەدامێ کە مردنێکی سەیر دەمرم… بەڵکو مردنێکی زۆر دراماتیکیانە… منداڵ بووم… بەیانییەکیان خەوم زڕا و بەر لەوەی خۆر هەڵبێت هەڵسام ـ هێشتا ئاسمانی “ئەستریمادۆر” تەم گرتبووی… لە نێوان دوو پەیکەری شکاو و کۆندا دانیشتم و تەماشای خۆرم دەکرد کە خەریک بوو هێدی هێدی هەڵدەهات… پەیکەرەکان لە مەڕمەڕ دروست کرابوون و پاشماوەی سەدەی هەژدەیەم بوون… لەو شوێنەی منی لێ بووم، کۆمەڵێک کۆشکی چۆڵ هەبوون، لە کۆشکە کۆنەکانی پیاوە گەورەکانی ئیسپانیا دەچوون… لەپڕێکدا بەرخێکم بینی بە لای مندا تێپەڕی؛ لە ڕانەکەی جیا بووبووەوە، لەناو کۆشکە وێرانەکانەوە شەش بەراز پەیدا بوون و بە هەڵپە شاڵاویان بۆ بەرخەکە برد و لە ماوەی چەند دەقیقەیەکدا ملیان شکاند و لەتوپەتیان کرد. ئەگەرچی کە ئەوەم بینی زۆر ترسام، بەڵام لە جێی خۆم نەجووڵام و سەیری بەرازە ڕەشەکانم دەکرد چۆن لەژێر باڵی ترسوبیمی ئەو بەرەبەیانەدا ملی بەرخەکەیان شکاند. خۆسیە کۆزمان و پیاوەکانیش وەکو ئەو بەرازانە ملی من دەشکێنن… هەر لە منداڵیمەوە دڵم ختوورەی دەکرد کە کەسانێک لەتوپەتم دەکەن.»

کۆتایی ئەم شانۆنامەیە کۆتاییەکی جیاوازە، تەکنیکی شانۆیە لەناو شانۆدا، لە دیمەنی بردنی لۆرکاوە بۆ دەرەوەی زیندان و جێبەجێکردنی ئەو حوکمەی وا بە سەریدا دراوە، لە هەمان ئەو کاتەدا گرووپێک کار لەسەر نمایشی شانۆنامەی “زەماوەندی خوێن”ی لۆرکا دەکەن، هەواڵ دێت نووسەری ئەو شانۆنامەیە لە لایەن پیاوانی دەسەڵاتەوە گوللەباران کراوە. کۆتا دیالۆگیش دیالۆگی “لۆلا”یە، هەمان ئەو کچی هەواڵی مەرگی شاعیری مەزنی ئیسپانیا دەهێنێت، لۆلا ڕوو بە بینەران دەوەستێت و دەڵێت: «خانمان… بەڕێزان… لە کاتێکدا ئەم هۆڵە جێدەهێڵن، هیوادارم منداڵە ئەندەلووسییە شەهیدەکەمانتان لە بیر نەچێتەوە، ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژانیش خەم دایگرتن، پەنا ببە بەر وشەکانی ئەو… چونکە ئەم غەرناتییە بۆ ئەوە خولقاوە کە خەمی دڵە شەکەت و ماندووەکان بڕەوێنێتەوە.»

دەسا با شاعیرێک بکڕین

“دەبێت شاعیرەکان لە باخچەکاندا جێ نەهێڵین”

ڕانانی: ئیدریس عەلی

 

ئەم ناونیشانەی سەرەوە، یەکێکی دیکەیە لە کتێبە تازە چاپکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بابەتی کتێبەکە ئەدەبەییە و یەکێکە لە ڕۆمانە جوان و سەرنجڕاکێشەکانی ئەدەبی پوورتوگالی، ڕۆمانێکی هێندە کورت، کە خۆی نادات لە سەد لاپەڕە، بەڵام لە ناوڕۆکدا هێندەی کتێبێکی چەند بەرگیی قەبە و گەورە، هەم چێژت پێ دەبەخشێت هەم هۆشیاری.

ئەم ڕۆمانە، لە لایەن نووسەرێکی فرە بەهرەی وڵاتی پوورتوگالەوە نووسراوە (ئەفۆنسۆ کرووش) چیرۆکنووس، وێنەکێش، میوزیکژەن و ڕۆماننووس، هاوکات لە لایەن (کاردۆ عەبدولڕەحمانەوە) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش، کاری وەرگێڕانی بۆ کراوە و لە عەرەبییەوە کردوویەتی بە کوردی، دەسا با شاعیرێک بکڕین، ئێستا لە کتێبفرۆشییەکانی کوردستان بەردەستە.

ئەم کورتەڕۆمانە باس لە زۆر شت دەکات کە پەیوەنددارن بە دونیای چواردەورمانەوە، لە ئیستا و داهاتووی مرۆڤایەتی دەدوێت، هەڕەشە گەورەکانی سیستەمی ئابووریی سەرمایەداریمان بۆ دەخاتە ڕوو،  هەر لە ناونیشانەکەوە خوێنەر ئاگادار دەکاتەوە کە خۆی ئامادە بکات بۆ گەشتێکی جیاوازی خوێندەوە، خۆی ئامادە بکات بۆ بەرکەوتنێکی قووڵتر  و هەمەلایەنتر لەگەڵ کۆمەڵێک کاراکتەری سەیر سەیر و جیاواز، ڕووداوگەل و چیرۆکی نەبیستراو و دەست بۆ نەبراو، گەشتێک کە خوێنەری وریا هەر زوو ئاشنا دەبێت بە ڕێگا و پەردە لەسەر ڕووبەرە نادیارەکان هەڵدەماڵێت و پنت بە پنت، بە پانتاییە فراوانەکانیدا دەگەڕێت.

ئەم ڕۆمانە بە جۆرێک لە جۆرەکان کۆمیدیانە، یاخود گاڵتەجاڕانە دێتە پێش چاو، بەڵام لە ڕاستیدا تراژیدیای مرۆڤی نوێمان پیشان دەدات لە سایەی سیستەمی نوێی ئابووریی جیهانییەوە، بە شێوەیەک نووسراوە کە مرۆڤەکانی هەر کۆمەڵگایەک، یاخود هەر تاکێکی ئەم جیهانە، وا هەست بکات چیرۆکەکانی ئەو دەگێڕێتەوە و باس لە کۆمەڵگاکەی ئەو و خودی ناخ و هزری ئەو دەکات.

ڕۆمانی (دەسا با شاعیرێک بکڕین) دنیای دڵڕەق و پڕ لە ئاریشە و قەیرانی ئەمڕۆمان بۆ شی دەکاتەوە، دنیایەک کە سیستەمی ئابووری، کاریگەریی خۆی لەسەر هەموو ئاستەکانی ژیانی تاکەکان داناوە و لە چوارچێوەی گرتووە، مرۆڤ و ژیان و گەردوونی لە قاڵبێکدا پێناسە کردووە و مێشک و هزریانی لەسەر یەک ڕیتم و جۆر لە ژیانکردن و دونیابینی و جوانی و چێژ و خەیاڵ میقات کردووە، دنیایەک کە بە هۆی جەنجاڵی و بەیەکداچوونی تۆڕە ئاڵۆزەکانی بەرژەوەندی و باڵادەستیی چینی سەرمایەداری، کە بۆ بێبەهاکردنی ژیان و بە ئامێرکردنی مرۆڤەکان، دەستی بۆ هەموو شتێک بردووە و هەموو جووڵەیەکی خستووەتە ژێر کۆنترۆڵ و چاودێریی خۆیەوە، بۆ ئەوەی سەرئەنجام مرۆڤی تاکڕەهەند و یەک ڕەنگ و یەک جۆر بیرکرەوە بخولقێنیت، ئەویش لە ڕێی ئەو هەژموونە ئابووریی و باڵادەستییە حوکمڕانییەی کە چینێکی دیاریکراوی کۆمەڵایەتی، لە دونیای نوێی مرۆڤایەتیدا ڕابەرایەتی دەکات.

ڕۆمانی دەسا با شاعیرێک بکڕین، ڕۆمانێکە ڕەخنەی ڕادیکاڵی و ڕیشەیی لەو نەزم و نیزامە دەگرێت کە هەموو شتێکی کردووە بە ژمارە و پێوانە، کە مرۆڤی ناچار کردووە هێندەی هەیەتی، هێندە بیر بکاتەوە و هەمیشە لە بیری ئەوەدا بێت کە قەیرانەکان دەتوانن لە پایەکانی ژیانی بدەن و  لەقی بکەن و شکۆی مرۆڤانەی دابڕمێنن، نرخی کاڵا و بەروبوومەکان گران بکەن و ناچارت بکەن لە ڕێی ژمارەکانەوە حیساب بۆ هەنگاونان، خواردن، گەڕان و هەموو جووڵەکانی ژیان بکەیت.

گێڕەرەوەی ڕۆمانەک کچی پیاوێکی سەر بە چینی سەرمایەدارییە و دابونەریتە ئەرستۆکراتییەکانی لە خانەوادەکەیاندا جێبەجێ دەکرێت،  خێزانێک کە خاوەنی هەموو شتێکن لە ڕووی دارایی و پێگە و کەسایەتی خۆیانەوە، پەیوەندییەکانیان بە گوێرەی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی چینەکەی خۆیان دەبەنە پێشەوە، یان پاشەکشە دەکەن لێی، ماڵێک تەنراو بە دنیای بێ ڕۆحی ماددی، حیساب بۆ گرام بە گرامی خواردنەکانیش دەکەن، بەڵام ماڵێکە بێ خەیاڵ، بێ پرسیار و جوانییە سادەکانی ژیان، هەر بۆیە لەسەر پێشنیاری کچەکە، کە داوا دەکات شاعیرێک بکڕن و لە بری باڵندە و ئاژەڵ و سەگ و پشیلە، شاعیرێک لە ماڵەکەیاندا بەخێو بکەن، سەرەتا بۆ سەرگەرمیی خێزانەکە تەماشای بابەتەکە دەکەن، بەڵام دەواتر بە هاتنی شاعیرەکە بۆ نێو خێزانەکە، کاریگەرییەکی زۆر لەسەر جۆری ژیان و بیرکردنەوەی تاکەکانی خێزانەکە دروست دەکات، بەوەی هەر لە ساتی گەیشتنی شاعیرەکەدا، خەیاڵیش دەگاتە ماڵەکە، بێگومان ئەم ماڵە کە نموونەیەکی دونیای سەرتاسەریی سەرمایەدارییە لەم ڕۆمانەدا، ئەوەی بە لایانەوە گرنگ نەبووبێت خەیاڵ بووە و پێێان وا نەبووە کە خەیاڵ دایکی، یاخود دروستکەر و خولقێنەری هەموو شتەکانە، پێیان وا نەبووە کە تەواوی ئەو شتە گەورە و بچووکانەی لەم دونیایەدا هەن، سەرەتا لە خەیاڵدا بوون، دواتر بیریان لێ کراوەتەوە، ئینجا دروست کراون، بۆیە لێرەوە ئەم ڕۆمانە بە گرنگییەکی زۆرەوە باس لە بەهای خەیاڵ و ڕۆڵ و کاریگەریی خەیاڵ دەکات لە ڕەوتی گەشەی کۆمەڵایەتی و تەنانەت ئابووری و ژیانیشدا.

بوونی شاعیرەکە لەنێو ئەو خێزانەدا، واتە بوونی دونیایەکی جیاواز، زمان و تێگەیشتن و دونیابینییەکی جیاواز، کە بێ ئەوەی پێشتر چ حیسابێکیان بۆ کردبێت، یاخود بیریان لێ کردبێتەوە و بە گرنگیان زانیبێت، بە جۆرێک لە جۆرەکان هەموو ئەندامانی خێزانەکە سوودی لێ دەبێنن و هەموو نووسین، ئاماژە، هەڵسوکەوت و جووڵە و قسەیەکی شاعیرەکە، بۆ ئەوان دەبێت بە ئەزموونێک و هەست بەو بۆشاییە گەورەیە دەکەن کە پێشتر بەبێ بوونی خەیاڵ و دیدگایەکی شاعیرانە، لە ژیانیاندا هەبووە، واتە ئەو چێژە ماددییەی لە ڕێی سەرمایەوە دەستیان کەوتووە، بە چێژێکی راستەقینەیان زانیوە، بەڵام کاتێک قەیرانی ئابووری دروست دەبێت، ترسێکی گەوتر سەرلەبەری خێزانەکە دادەگرێت، یەکەم شت بیر لە کەمکردنەوەی خەرجی ڕۆژانە دەکەنەوە، دواتر شاعیرەکە دەبەن لە باخێکدا بەرەڵای دەکەن، بەڵام ئەمە لە کاتێکدایە کە دواجار خێزانەک لەبەریەک هەڵوەشاوەتەوە و دایککە چیدی ئەو ملکەچی و بێدەنگییە قبووڵ ناکات کە پێشتر تیایدا بووە و شتێکی گرنگ بەدەست دەهێنێت، کە ئەویش ئازادییە، ئەم ئەزموونەش تەنها لە شاعیرەکەوە فێر دەبێت و لەوەوە لە بەها و گرنگیی ئازادی تێدەگات، لێرەوە خوێنەر هەست بەوە دەکات کە شاعیرەکە چ سوودێکی پێ گەیاندوون، چ کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ڕەوتی ژیان و بیرکردنەوەیان هەبووە و چۆن چۆنی ژیانە ڕاستەقینەکە و چێژە گەورەکەی ژیانی پێناساندوون.

بێگومان ئەم ڕۆمانە فرەڕەهەندە و باس لە تەنها یەک جۆر بابەت، یان چیرۆک ناکات، بەڵام هەر چۆنێک لێی بڕوانین، لە لایەکەوە ڕەخنە لە دونیای ساردوسڕو بێ گیانی ماددییانەی سەرمایەداری دەگرێت، لە لایەکی دیکەوە شکۆی خەیاڵ پیشان دەدات کە چ ڕۆڵێکی بونیادی هەیە، هەم لەسەر ژیان، هەم لەسەر تێگەیشتن و بیرکردنەوەی مرۆڤەکان، بە تایبەت لە سەردەم و دونیایەکدا، کە بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە خۆری شیعر ئاوا بووە و شیعر ئەو هێز و توانایەی نییە کە دەست بخاتە ناو ژیانەوە و کاریگەری لەسەر پێشهات و کۆمەڵگە و ڕووداوەکان و عەقڵەکان هەبێت، لێرەدا و لەنێو جەرگەی ڕووداوەکانی نێو دووتوێی ئەم ڕۆمانەوە، دەگەین بەو یەقینەی کە هەر شتێک زادەی خەیاڵ بێت، توانای مانەوەی زیاترە و کاریگەریی ئەوتۆش لەسەر ڕەوتی ڕووداوەکان و پەیوەندی و مرۆڤەکان جێ دەهێڵێت.

هەر وەک لە پێشەکیی کتێبەکدا، وەرگێڕی ڕۆمانەکە خستوویەتییە ڕوو، نووسەری ئەم ڕۆمانە (ئەفۆنسۆ کرووش) چیرۆکنووس و وێنەکێش و میوزیکژەنێکی پوورتوگالییە، ساڵی ١٩٧١ لە ناوچەی (فیگوبرا دا فوز) لەدایک بووە، کۆلێژی هونەرە جوانەکان و پەیمانگای هونەری شێوەکاریی لە شاری لیشبۆنە تەواو کردووە، یەکەمین چیرۆکی لە ساڵی ٢٠٠٨ بڵاو کردووەتەوە، دوای ساڵێک (فەرهەنگی چیرۆکی جیهانی)ی بڵاو کردەوە، کە مشتومڕ و ڕەخنەیەکی زۆر لە بارەیەوە دروست بوو، خەڵاتی (کامیلو برانک)ی بەدەست هێنا.

نووسینەکانی کرووش چەندین خەڵاتی تریان لەسەر ئاستی پوورتوگال و ئەروپا بەدەست هێناوە و بۆ زیاتر لە بیست زمان وەرگێڕدراون.

ئەم چیرۆکنووسە، هەمیشە ناونیشانی جێسەرنج و مشتومڕ بۆ چیرۆکەکانی دادەنێت، دووەم کتێبی کە ساڵی ٢٠٠٨ بڵاوی کردووەتەوە، ناوی (کوشتنی خوا)یە، لە ساڵی ٢٠١٠ دا چیرۆکی (ئەو کتێبانەی باوکم لووش دەدەن)ی بڵاوکردەوە، لەگەڵ (مەسیح بیرە دەخواتەوە) کە ئەمیان بە یەکێک لە دیارترین چیرۆکی پوورتوگالی لە ماوەی نیو سەدەی ڕابردوودا دادەنرێت.

بە گشتی ئەم نووسینە هەوڵێکی گچکە و سادەیە بۆ ئەوەی خوێنەری کورد هان بدەین دەست بە خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە جوان و سەرنجڕاکێشە بکەن، خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە سەرنج و وێناکردنەکانمان بۆ دونیای سەرمایە و پەرژەوەندیخوازیی ئەو نەزم و نیزامە دەگۆڕێت، هاوکات ئاگادارمان دەکاتەوە کە لە چ ئێستا و لە چ فەزایەکی دڵڕەق و تووند و سارددا دەژین، کە چۆن ئابووری سیفەت و تایبەتمەندییە مرۆییەکانی لێ سەندووینەتەوە هەموو شتێکی، بە ناوەکانیشمانەوە کردووە بە ژمارە.

  سەبارەت بە گوڵبژێرێک لە چیرۆکی ئێرانی

خالید فاتیحی وەرگێڕ:

هه‌موو چیرۆکەکان ده‌رد و ئازاری خه‌ڵكانی زه‌حمه‌تكێش به‌یان ده‌كه‌ن

سازدانی: سەردەم

 

لە ماوەی ڕابردوودا نووسەر و وەرگێڕ (خالید فاتیحی)کۆمەڵە چیرۆکێکی هاوچەرخی ئێرانی بە ناوی (لەگەڵ باراندا ببارێ) وەرگێڕا و لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە، چاپ و بڵاوکرایەوە، لەم وتووێژەدا سەبارەت بە دنیای چیرۆکەکان و چۆنێتی هەڵبژاردنیان بۆ وەرگێران، هەندێک زانیاری لەگەڵ کاک خالید فاتیحی وەرگێڕدا، دەخەینە ڕوو.

 

سەردەم: چۆن بوو بیرت لەوە کردەوە ئەو گوڵبژێرە چیرۆکە وەربگێڕیت بۆ سەر زمانی کوردی؟

خالید فاتیحی: له‌ ڕاستیدا من لەمێژه‌ خه‌ریكی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیاتی فارسیم، هه‌موو جارێكیش كه‌ ده‌گه‌مه‌ سه‌ر چیرۆكێكی دڵخوازی خۆم، وه‌ریده‌گێڕم. ئه‌و گوڵبژێره‌ش هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ دروست بوو، چوونكه‌ له‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك وه‌رمگرتوون.

سەردەم: هەڵبژاردای چیرۆکەکان لەسەر چ بنەما و پێوەرێک بوو؟

خالید فاتیحی: هەر‌وه‌كو ئاماژه‌م پێ دا له‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك وه‌رمگرتوون، زیاتریش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ست و نه‌ستی خۆمدا ئاوێزانن، ئه‌وه‌نده‌م چیرۆكه‌كان خۆشده‌وێن ده‌ڵێی بۆ خۆم نووسیومن.

سەردەم: خاڵی هاوبەشی نێوان چیرۆکەکان چین، لە کاتێکدا هەر یەک لە نووسەرەکان سەر بە شێواز و دنیایەکی جیاوازن؟

خالید فاتیحی: خاڵی هاوبه‌ش له‌نێو چیرۆكه‌كاندا ئه‌وه‌یه‌ کە هەر هه‌موویان ده‌رد و ئازاری خه‌ڵكانی زه‌حمه‌تكێش به‌یان ده‌كه‌ن و له‌ هه‌مان كاتیشدا ئاوێنه‌یه‌كی واقیعین له‌ كۆمه‌ڵگای ئێران. ده‌كرێ بڵێین خاڵێكی دیكه‌ی هاوبه‌شیش له‌ناو نووسه‌ره‌كاندا زۆربه‌یان هاوسه‌رده‌م و ده‌كرێ بڵێین هاوبیریشن، فه‌زای زۆربه‌ی چیرۆكه‌كان گوندییه‌، به‌ڵام هه‌ریه‌كه ‌و خاوه‌ن شێواز و ته‌كنیكی جیاوازن.

سەردەم:  ئەو کێشە و ڕێگریانە چی بوون لە پرۆسەی وەرگێڕانەکەدا بۆت دروست بوون؟

خالید فاتیحی: له‌ ڕاستیدا هیچ كێشه ‌و گرفتێكم نه‌هاته ‌پێش، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شاره‌زاییه‌كی باشم له‌سه‌ر نووسه‌ره‌كان هه‌بوو. خاڵی دووه‌م لێك نزیكی كولتوور و فه‌رهه‌نگی نێوان كورد و فارس كه‌ له‌ زۆر شوێندا په‌ند و ئیدیۆمی هاوبه‌شیان هه‌ن، ئه‌وه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خۆشتان ده‌زانن كه‌ په‌ند و ئیدیۆم به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك وه‌رناگێڕدرێن و ده‌بێ هاوشێوه‌كانیان بۆ بدۆزینه‌وه‌. هه‌ر له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌ بڵێم ڕۆمانێكم به‌ ده‌سته‌وه‌ بوو كه‌ نووسه‌ره‌كه‌ی به‌ڕازیلییه،‌ له‌و رۆمانه‌دا تووشی كۆمه‌ڵێك كێشه‌ هاتم كه‌ له‌ ڕووی فه‌رهه‌نگی و كولتوورییه‌وه‌ لێك دوورین.

سەردەم: بە گشتی مەرج و پێوەرەکانی وەرگێڕی سەرکەوتوو چین؟

خالید فاتیحی: به ‌بڕوای من، مه‌رج و پێوه‌ره‌كانی وه‌رگێڕی سه‌ركه‌وتوو ئه‌وه‌یه‌ کە وه‌رگێڕ ده‌بێ شاره‌زاییه‌كی باشی له‌و زمانه‌دا هه‌بێ كه‌ ده‌قه‌كه‌ی لێ وه‌رده‌گێڕێ، خاڵێكی تر ئه‌وه‌یه‌ وه‌رگێڕ ده‌بێ له‌ هونه‌ری وه‌رگێڕان شاره‌زابێ، ئێمه‌ زۆر كه‌سمان هه‌ن، نه‌ك زمانێك، چه‌ند زمانێك ده‌زانن به‌ڵام نابنه‌ وه‌رگێڕ، هه‌روه‌ها ئه‌و كه‌سه‌ ئه‌گه‌ر ده‌قێكی ئه‌ده‌بی وه‌ربگێڕێ، ده‌بێ باگراوندێكی ئه‌ده‌بی هه‌بێ، چونكه‌ ده‌قی ئه‌ده‌بی (له‌به‌رئه‌وه‌ی من خۆم ته‌نیا ده‌قی ئه‌ده‌بی وه‌رده‌گێڕم) خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه،‌ كه‌سێكی دیكه‌ با زمانیش شاره‌زابێ، ئه‌گه‌ر ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی تێیدا نه‌بێ، سه‌ركه‌وتوو نابێ. ئه‌وه‌ی له‌ هه‌مووشی گرنگتره‌ ئه‌وه‌یه‌ کە وه‌رگێڕ ده‌بێ زۆر شاره‌زایی له‌ زمانی خۆیدا هه‌بێ، تۆ سه‌یری وه‌رگێڕانی شیعر بكه‌ له‌ زمانه‌كانی دیكه‌وه‌ بۆ سه‌ر زمانی كوردی، ته‌نیا چه‌ند ناوێكمان هه‌ن كه‌ له‌و بواره‌دا سه‌ركه‌وتوون و بوونه‌ته‌ ئه‌ستێره‌یه‌كی پڕشنگدار، ناوی چه‌ند وه‌رگێڕێكی به‌ ئه‌زموون و دیار بە نموونە دێنمه‌وه‌ (مامۆستا ئازاد به‌رزنجی و مامۆستا ناسری حیسامی و كامیل بۆكانی) ناوە هه‌ره‌ دیاره‌كه‌یانن.

سەردەم: ئەدی ڕا و سەرنجت لەسەر کتێبەکانی دەزگای سەردەم چییە؟

خالید فاتیحی: ده‌زگای سه‌رده‌م ئێستا یه‌كێكه‌ له‌و ناوه‌نده‌ هه‌ره‌ دیارانه‌ی دنیای وه‌رگێڕان و چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌، ئه‌و ده‌زگایه‌ روئیای بۆ كاری نووسین و وه‌رگێڕان جیاوازه‌ له‌ ناوه‌نده‌كانی دیكه‌ی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌، خاڵێكی گرنگ كه‌ زۆر پێی سه‌رسام بووم ئه‌وه‌یه‌ تۆ هه‌ڵه‌چنیت بۆ بابه‌ته‌كه‌ت كردبێ یان نا، ئه‌وانه‌ هه‌ڵه‌چنی خۆیان هه‌ر ده‌كه‌ن. ئه‌وجار ئه‌و ده‌زگایه‌ نایه‌ ته‌نیا بیر له‌ فرۆشی كتێبه‌كه‌ی بكاته‌وه‌ وه‌ك هه‌ندێك ناوه‌ندی ئه‌هلی ده‌یكه‌ن، سه‌رده‌م بابه‌تێك چاپ ده‌كات كه‌ بزانێ كه‌لێنێك له‌ كتێبخانه‌ی كوردی پڕ ده‌كاته‌وه‌.

من خۆم به‌ خۆشحاڵ ده‌زانم كه‌ كتێبێكم له‌و ده‌زگا سه‌نگینه‌ بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ هیوادارم كاری دیكه‌شیان له‌گه‌ڵ بكه‌م.

تێبینی: لەم کتێبەدا نووسەر و وه‌رگێڕ خالید فاتیحی، هه‌شت چیرۆكی حه‌وت نووسه‌ری ناودار و گرنگی فارسی هه‌ڵبژاردووه‌، كه‌ ئه‌وانیش «غولام حسێن ساعیدی، ئه‌مین فه‌قیری، جه‌لال ئال ئه‌حمه‌د، عه‌لی ساڵحی، جه‌مال میرسادقی، مه‌هدی ڕه‌زایی، ئه‌بو تورابی خوسره‌وی»ن.

شایانی باسە ئەم وەرگێڕە لە ژیانی خۆیدا بێدەنگ و دوورەپەرێز تەنها خەریکی کاری وەرگێران و نووسینە لەسەر ئەو کتێبانەی دڵخوازی خوێندنەوەی خۆین، واتە بە گشتی لەناو دنیای پاک و جوان و بێدەنگی کتێبدا دەژی، لەم بوارەشدا کۆمەڵێک کتێبی ئەدەبی جۆراوجۆری سەر بە ئەدەبیاتی فارسی و جیهانی، بە زمانێکی بێخەوش و سەرنجڕاکێش، وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و کتێبخانەی کوردی بە بەشێک لە کتێبەکانی ئەم نووسەر و وەرگێڕە ئاوەدان بووەتەوە.

هەناسە فەلسەفییەکان…لە دەفتەری فەلسەفەوە

ئاوات ئەحمەد سوڵتان دەینوسێت

(٨)

بیر بکەرەوە بۆ ئەوەی هەبیت!

 

لە خوێندنەوە ماندوو بووم، کتێبەکەی هیلاری پوتنام (Reason, truth and history) م لەسەر مێزەکە داناو چوومە ناو جێگاوە. لەناکاو خۆمم بینی لە تاقیگەیەکی لێکۆڵینەوەدام. سەرنجم دا کەسێک لەسەر کورسییەک بێ هەست دانیشتووە و جووڵە ناکات، پۆشاکێکی فەرمی و ڕێکوپێکی لەبەردایە. لە سەر مێزێکیش مێشکی مرۆڤێک لەناو شلەیەکدایە و لەولاشەوە لاپتۆپێک و کەسێک (بە سەروسیما و پۆشاکەکەیدا دیارە کە زانایە) لەسەر کورسییەکەوە خەریکی ئیشکردن بوو.

کە منی بینی، بانگی کردمە لای خۆیەوە و بۆی ڕوونکردمەوە: “ئەمە مێشکی ئەو کەسەیە لەولاوە دانیشتووە، ژینگەیەکی وەک ئەوەی خۆیم بۆ دروست کردووەو تاقیکردنەوەی لەسەر دەکەم.” ئەوەشی بۆ ڕوونکردمەوە کە بە بلوتوس مێشکەکەی بە لاپتۆپەکە و جەستەکەش گەیاندووە.

بۆ بەیانی کە بێدار بوومەوە، بە پێچەوانەی ئەوەی فرۆید دەڵێت، هێشتا زۆر شتم لەو خەونە لەیاد مابوو: لە نێوان من و زاناکەدا گفتوگۆیەک لەبارەی جیهانی ڕاستەقینە و جیهانی گریمانەییەوە ڕوویدا. ئەو دەیووت لە لاپتۆپەکەیەوە هەر نامەیەک ئاڕاستەی مێشکەکە بکات، وەک جیهانی واقیع ڕەنگدەداتەوە و نازانێت دەسکردە و لەژێر کۆنترۆڵدایە. دەشیووت لە کۆتایی تاقیکردنەوەکەدا مێشکەکە دەگێڕمەوە بۆ ناو کەللەسەری خاوەنەکەی، ئەزمونەکان لە یادەوەریی خۆیدا هەڵدەگرێت و دەبن بە ئەزمونی ئەو جەستەیە کە قاتێکی ڕەشی لەبەردایەو بۆینباخێکی مارۆنیشی لەسەر کراسە سپییەکەیەوە بەستووە.

بەدەم ئەو یادەوەرییانەوە، پرسیارێک لەمێشکمدا قووت بۆوە: تۆ بڵێی مێروولەکە بە مەبەست وێنەی وینستۆن چەرچلی کێشابێت؟ (ئەم باسە لە کتێبەکەی پوتنامدا هاتووە، دوایی دێمە سەری)

خەونەکە لە فیلمی ئەندێشەی زانستی دەچێت، هۆیەکەشی کتێبەکەی پوتین بوو، کە بەشی یەکەمی ئەم ناونیشانەی هەیە: “مێشکەکان لەناو دەفرێکدا” و باسی مێرولەکەش لەسەرەتای ئەو بەشەدایە کە نوسەر گریمانە دەکات بەسەر لمێکدا دەڕوات و ڕێچکەکەی وێنەیەکی لێ دەردەچێت کە لێی ورد دەبینەوە لە هی وینستۆن چەرچل دەچێت. ئەمە  یەکسەر پرسیارێک دەهێنێتە پێشەوە: بە ڕاست ئایا ئەم جیهانەی من تێیدا دەژیم، جیهانە ڕاستەقینەکەیە؟ یاخود خەونێکە، یان من بووکەڵەیەکم کۆمەڵێک پەتم پێوە ڕایەڵ کراوەو لەلایەن بکەرێکی دیکەوە دەجووڵێنرێم.

ئەم قسانەت بەلاوە سەیر نەبێت. با نموونەت پێ بڵێم: ژمارەیەک لە ئایینەکان لەوباوەڕەدان کە خودا هەموو شتەکانی دروست کردووە، هەموو چارەنوسەکانیشی دەستنیشان کردووە، بڕیاری لەسەر هەموو ڕووداوەکان داوە…. هیچ نەماوە ئەو نەیکردبێت”. کەوایە پێڕەوکەرانی ئەو ئایینانە چین؟ ئەکتەری سەر شانۆی زەمینن و دەرهێنەرێک فەرمانی پێکردوون بە جۆرێکی ڕەفتار بکەن و ئەو قسانەش بکەن کە سیناریۆنوسەکە ئامادەی کردوون؟

ئەگەر ئەمە ڕاست بێت؛ ئەگەر وەک دەڵێن “مێروولەیەکی ڕەش لە شەوێکی ئەنگوستەچاودا، لەناو فەردەیەک گەنمدا، بۆی دیاریکراوە کام دەنکە گەنمە هەڵدەگرێت و دەیباتەوە بۆ شارەکەی” ئایا ئیتر هەموو شتێک لە کۆنترۆڵدا نابێت؟ ڕێک وەک مێشکی ناو دەفرەکە! ئایا ئەگەری ئەوە نیە کەللەی ئەو باوەڕدارانە  دەفرەکە بێت و مێشکیان لە جێگایەکی دیکەوە کۆنترۆڵ دەکرێت؟ ڕێک وەک زانای ناو خەونەکەی من، یاخود وەک شەیتانە خراپەکارەکەی دێکارت!

من لەخەونەکەدا بینیم زاناکە لەڕێگای بلوتووسەوە فەرمانی بۆ جەستەکە دەردەکرد شتێک بکات. چەند جارێک ئەو جەستەیەم بینی لەجێگای خۆی هەستاو چوو بۆ لای سەلاجەکە و شتێکی هێناو پاشان لەشوێنی خۆی دانیشتەوە. لەو ماوەیەدا باش لێی ورد دەبوومەوە، هیچ ئاماژەیەک نەبوو بۆ ئەوەی شتێك ڕوویدابێت، چاوەکان شتیان دەبینی و دەستەکانیش کارەکانی خۆیان لێزانانە ئەنجام دەداو پێیەکانیش کێشەیەکیان نەبوو لە چوون و هاتنەوەدا…. هتد.

ئێستا وەڵامم بدەرەوە: قسەکانی شایستەی بیرلێکردنەوەن؟ هەر ئەوەندەش نا، ئایا تۆ بەرهەمی کۆمەڵگاو خێزان و پەروەردەو ئایین و …. هتد نیت؟ مێشکی تۆ خۆی بیر بۆ خۆی دەکاتەوەو بڕیار بۆ خۆی دەدات، یان ئەو شتانە دەکات کە فێرکراوە؟ واتە “ئەو نامانەی کە لە لایەن (زانا)یەکەوە و بە بلوتووس پێی دەگات!”

نمونەیەکی دیکە: “لای خۆمان گۆشتی بەراز پارە ناکات، چونکە کەس نایخوات! لە پاریس گرانترین گۆشتە، چونکە داوای زۆر لەسەرە” ئێستا جیاوازییەکە لە (گۆشتی بەراز) دایە، یاخود لەو نامانەدا کە ڕەوانەی مێشکی ئێمەو ئەوان کراون؟ ئەوە ئێمەین وەها پرۆگرام کراوین کە گۆشتی بەراز نەخۆین، یاخود بەرازەکانی لای ئێمە هەمان ئەوانە نین کە لە شوێنەکانی دیکەش هەن؟

سەرم لێ تێکدایت! دەزانم، خۆشم هەر دەمەوێت وا بکەم. ئەگەر کاتت هەبوو بچۆ بەر ئاوێنەکە و سەیری خۆت بکە. بە ڕاست ئەوە کێیە؟ خۆت دەبینیت یان نامەیەکت لەڕێگەی بلوتووسەوە پێگەیشتووە، بزانە جەستەت لە ژووری نوستن ڕانەکشاوە! یانی ئەوەی ناو ئاوێنەکە تەنها لە ناو مێشکتدا هەبێت، نەک هەرئەوەندە بەڵکو خودی ئاوینەکەو پرۆسەی سەیرکردن و هەموو شتێک هیچ نەبن جگە لە کۆمەڵێک فەرمان کە لە جێگایەکی دیکەوە بۆ مێشک ڕەوانەکراون!

ئەمەیان گاڵتەیەک بوو، وا مەکە. چونکە ئەگەر بیشیکەیت، هێشتا ئەگەری ئەوە هەیە کە دیسان نامەیەک بێت و لە ڕێگای بلووتوسەوە ئاڕاستەکرابێت.

مەسەلە چیە؟ دەمەوێت پێکەوە خەریکی بیرکردنەوەیەکی فەلسەفییانە ببین. واتە فێری گومان کردن ببین لە هەموو ئەو چەمک و دید و بۆچوونانەی لە هەموو لایەکەوە بۆردومان کراوین پێیان. بەڕاست! چەند جار بەهۆی ڕیکلامەوە کاڵایەکت کڕیوە (بۆ نمونە برنج) دوایی بۆت دەرکەوتووە باش نیە!!

وەک وتم بیرۆکەکە هی هیلاری پۆتنامە، لەڕاستیدا هی ئەویش نیە، ئەو ڤێرژنێکی تازەی لێ دروست کردووە، بەڵکو ڕینە دێکارتی فرانسەیی سەدەی حەڤدە، باس لە کەسێکی زۆر بلیمەت دەکات، بەڵام زۆر بەدفەڕو خراپەکارە. ئەم بلیمەتە بەدکارە، وەک تارمایی وایە، توانای ئەوەی هەیە دزە بکاتە ناو مێشکی مرۆڤەکانەوە و بیرۆکەی ناپەسەندیان لا دروست بکات و فریویان بدات. دێکارت دەڵێت زۆرجار لەبارەی جیهانی دەرەکییەوە، خەڵکانی جیاجیاوە، تەنانەت هەست و سۆزەکانی خۆمەوە، فریوی ئەو بلیمەتەم خواردووەو بیرۆکەی نادروستم لا دروست بووە.

دێکارت چی کرد؟

 

وەک لە کتێبی تێڕامانەکانیدا باسی دەکات: لە ساتەوەختێکدا بڕیاری دا هەموو ئەو شتانەی فێریان بووە بە یەک جار لەبیریان بکات و سەر لەنوێ دەستپێبکاتەوە. وتە نێودارەکەشی “من بیردەکەمەوە، کەواتە من هەم” لەو بڕیارەوە هاتووە. بێگومان دێکارت هەروا بە ساویلکەیی ئەم کارەی نەکردووە، ئەو هەوڵی داوە جارێكی تر و سەرلەنوێ کۆی زانینمان بنیاتبنێتەوە، پرەنسیپە بنەڕەتییەکەشی بکات بە گومان، بۆ ئەوەی لەهیچ شتێک دڵنیا نەبێت، تا ئەو ساتەی بەشێوەیەکی ئەقڵانی لێی دەکۆڵێتەوەو دەگاتە ئەو قەناعەتەی کە شایستەی متمانە پێکردنە. بۆچی ئەم کارەی کرد؟ بۆ ئەوەی هیچ جۆرە زانینێک، باوەڕێک، بۆچوونێک لە زەینیندا نەمێنێت کە بچووکترین ئەگەری گومان لێکردنی هەبێت. ئەو هەموو زانینەکانی خۆی وەلا نا، بۆ ئەوەی لەسەرەتاوە ببێتە خاوەنی زانین و ڕای دروستی تاقیکراوەی ئەقڵانییانە. ئەمەش پێی دەڵێن بنەمای گومانکردنی دێکارتییانە.

ئامانجی منیش ڕێک ئەمەیە. وەرە ئەوانەی پێشتر فێریان بوویت، ئەگەر بەشێوەیەکی کاتیش بێت لە مێشکی خۆتیان دەربهێنە و لەناو چەکمەجەیەکدا هەڵیان بگرە، با بزانین پێکەوە دەگەینە کوێ.

زۆر باشە، با بچینەوە لای وتەکەی دێکارت. ئەو دەڵێت (من) بیردەکەمەوە کەواتە (من) هەم. دەیەوێت پێمان بڵێت ئەوە خۆیەتی کە بیردەکاتەوە، بە ئەقڵی خۆی ئەزمونی جیهان دەکات نەک بە هەستەکانی. جا لێرەدا دەمەوێت پێت بڵێم مەبەستی دێکارت لە بلیمەتە بەدکارەکە هەستەکانێتی. ئەوانن زۆر بلیمەتانە زانیاریی نادروستمان پێدەدەن، وەک ئەوەی بە دەستی تەزیوەوە دەست دەکەین بەناو ئاوێکی گەرمدا و واهەست دەکەین ساردە … نمونەکان زۆرن.

لەمەشەوە دێکارت پێمان دەڵێت: تۆ تەنها ئەو کاتە بوونت هەیە کە بیردەکەیتەوە، بێ بیرکردنەوە بوونت مەحاڵە. دیارە مەبەستم لە مانا فەرهەنگییەکەی وشەی (بوون) نیە، بەڵکو مەبەستم لە بوونێکە کە دەتوانیت درکی پێ بکەیت، ئەگینا خۆ بەردیش هەیە، بەڵام بۆ ئەو بوون یان نەبوون هیچ گرنگییەکی نیە، چونکە بیرناکاتەوە. یانی بوون و بیرکردنەوە دوانەیەکی لێک دانەبڕاون، کە بیرت کردەوە هەیت و بە پێچەوانەشەوە نیت. ئێستا ئەگەر سەیرێکی دەوروپشتی خۆت بکەیت، ژمارەی ئەوانەی بەپێی ئەم هاوکێشەیە بوونیان نیە، یاخود بوونێکی ئەقڵانییانەیان نیە، چەندە؟ ئەوانە لەبری ئەوەی خودی ئازاد و سەربەخۆ بن، شتگەلێکن لەژێر کۆنترۆڵی ئەقڵی دیکەدان لە دەرەوەی خۆیان. ڕەنگە ژمارەی ئەوانەی (نین) ئەوەندە گەورە بێت، کە بەئاسانی بەدەستەوە نەیەت. بۆ نایەیت ئەوانە بژمێریت کە (هەن).

ئەوەت بیر نەچێت کە بنەمای (من) لە فەلسەفەدا و بە تایبەتی لە فەلسەفەی خۆراوایی مۆدێرندا زۆر گرنگە؛ بە پێچەوانەوە فەلسەفەکانی خۆرەڵات ئەوەندە گرنگییان پێ نەداوە. هۆیەکەشی ئەوەیە لە خۆراوا بە بەردەوامی ڕەوتێک یان شەپۆلێک هەبووە کە گومانی لەو زانیارییانە هەبووە کە بەدەستیان دەهێنین: دەشێت نادروست بن، ئەندێشەیی بن، هەڵە بن، یاخود لەوانەشە درۆ بن، یان لەوانەیە لەپشتی بڕێک زانیاریی دروستەوە، کۆمەڵێک زانیاری نادروست، بە مەبەست یان بێ مەبەست حەشار درابن. هەربۆیەشە بیرکردنەوەی گومانگەرایانە، یەکێکە لە شێوازە زۆر دێرینەکانی بیرکردنەوەی مرۆڤی خۆراوایی، ئەو زۆر بەلای ئەو یەقینەدا نەچووە کە بەردەوام مێشکی ئێمەی داگیر کردووە.

ئێستا با بەجۆرێکی دیکە بڕوانمە مەسەلەکە: بەڕاست کە هەموو ئاماژە و فەرمان و هەستەکان لە مێشکەوە بن، ئیتر پێویستیمان بە جەستە چیە؟ مەبەستم لەوەیە ئەگەر ڕێگایەک هەبێت بۆ گەیاندنی وێنەی زەڕافە بە مێشک، غەیری چاوەکان، گوێزانەوەی گۆرانییەکی شەهرامی نازری جگە لە گوێیەکان، هەستی برسێتی بێ بەتاڵبوونی گەدە، بگرە تەنانەت ژانەسەریش بێ هەبوونی کەللە! مەسەلەکە هەموو بلوتوسێک زیاتری پێویست نەبێت، بۆ ئەوەی بگەن بە مێشک، جەستە چ سوودێکی دەمێنێت! یانی ئەگەر تۆ مێشکێک بیت لەناو سندوقێکدا کە ژینەگەی کارکردنی بۆ فەراهەمکراوە، چی دەبێت؟ بەڕاست تۆ چۆن دەزانیت هەویت؟

بڕواکردن بەمە قورسە، وانیە؟ دەی من دەڵێم ئەمە لە ژیانی ڕۆژانەی ئێوەدا بەردەوام ڕوودەدات! با بۆت ڕوونبکەمەوە:

ئەندێشە بکە ڕۆژێک یەکشەممەی هاوین مەسیحییەکان لە کەنیسە لەبەردەمی قەشەدا دانیشتوون و ئەویش وتاریان بۆ دەدات؛ مۆبایلەکانیان بێدەنگ کردووە، سویچی سەیارەکانیان لە گیرفانیاندایە. قەشە قسە دەکات و ئامادەبووان بێدەنگ لەسەر کورسییەکان دانیشتوون و هەوای سپلیتەکە لێیان دەدات و ناو کەنیسە بە جۆرەها چرا ڕۆشنکراوەتەوە و ژمارەیەک مۆمیش هەڵکراوە. هەمووان هۆشیان داوەتە قسەکانی قەشەکە.

ئێستا ئەندێشەی ئەمە بکە: یەکێک دێت و دارێکی باریکی بەدەستەوەیەو بێ ئەوەی ئەوان بیبینن دارەکە دەدات لە شتەکان و وشە سیحرییەکە دەڵێت: ئابرا کادابرا… شتەکان دیارنامێنن و لەبری ئامادەبووان باپیرەگەورەکانیان لە ناو ژوورێکی قوڕ و لەبەر چرا دانیشتوون، ئەوەی نەگۆڕاوە تەنها قەشە و مینبەرەکەیەتی و لەسەر قسەکانی بەردەوامە و ئاگای لەوە نیە کە ڕوویداوە! لەناو هەموو ئەوانەدا کە دیارنەماون.

قەشە لەسەر قسەکانی بەردەوامە و هیچ گۆڕانکارییەکی تێدا نەکردووە؛ خەڵکەکەش بێدەنگ لەوێدا دانیشتوون و ه جلەکانیان مۆدێلی ١٠٠ ساڵ پێش ئێستایە! هەموویان لە وتارەکەی قەشە تێدەگەن و زەینیان داوەتێ.

دیسان دەڵێتەوە: ئابرا کادابرا، دیمەنەکە دەگۆڕێت بۆ ١٥٠٠ ساڵ پێش ئێستا و خەڵکانێک دانیشتوون و شتێکی ئەوتۆش لەدەوروبەریان نیە، بەڵام قەشە وەک خۆی هەر بەردەوامە. زۆر سەیرە قسەکان بۆ ئەوانیش دەبن! ئەمە یانی چی؟ یانی ئەوەی ئەوەی لە ئێوەدا گۆڕاوە تەنها ڕووکەشەکانە، ئەگینا مێشکەکانی ئێوە هیچ گۆڕانکارییەکیان بەسەردا نەهاتووە. چۆن؟ تۆ بە کەر هاتووچۆ بکەیت یان بە وەنەوشە، هەر ئەوەیت و نەگۆڕاویت. دەزانیت ئەمە چی پێدەڵێن؟ پێیدەڵین: گۆڕانکاریی لە ڕووکەشدا و وەکخۆ مانەوە لە جەوهەردا.

با ڕوونتری بکەمەوە: دوو سەدە لەمەوبەر خەڵکی گوند شوێنی مەلاکەیان دەکەوتن و دەچوون بۆ نوێژە بارانە، سەریان ڕووت دەکرد و جلەکانیان شل و شێواو دەکرد و لە خوا دەپاڕانەوە، کە بارانیش دەباری یەکسەر وا هەستیان دەکرد خوا لە ئاسمانەوە ئاوی بۆ کردوونەتە خوارەوە. لە ڕۆژگاری ئەمڕۆشدا تۆ هەر هەمان کار دووبارە دەکەیتەوە. لێرەدا چی گۆڕاوە؟ من پێت دەڵێم: تەنها ڕووکاری دەرەوەی جەستەت، دەنا مێشکت لەگەڵ گۆڕانی جیهاندا، هیچ نەگۆڕاوە. یانی چی؟ یانی زۆر دەمێکە مێشکی تۆ بەستراوە بە داتابەیزێکی دەرەکییەوە و ئیعازەکان لەوێوە دێن. داتابەیزەکەی تۆ چیە؟ ئەوەیان بۆ خۆت لێدەگەڕێم.

ئایا پێویست دەکات بڵێم مەبەستی من لە گومانگەرایی، بەدگومانی نیە!

ئەی چۆن ئەوە گومانگەراییە ئەم شارستانێتییە مەزنەی خۆراوای پێکهێناوە، ئەوەش یەقینە کە ئێمەی لەجێگای خۆماندا هێشتۆتەوە. جگە لەوەی کە بەردەوام گومانگەرایی جەخت لەسەر چەمکی (من) دەکات و پێویستە بیرکردنەوەکان، هزرەکان لەگەڵ مندا کۆک بن، ئەوە منم کە دەتوانم بیر لەو بیرکردنەوانە بکەمەوە. بە پێچەوانەشەوە لای ئێمە یەقین هەمیشە جەختی لەسەر (ئێمە) کردووەو هەقیقەتەکانی کردووە بە موڵکی هەمووان و دەرچوون لێیان، یان گومانلێکردنیان، بەردەوام کارەساتی بەدوادا هاتووە. بۆ ئەمە نمونەت بۆ بهێنمەوە؟

ئەوە بۆ خۆت لێدەگەڕێم، چونکە هەم زۆر باسکراوەو هەم دۆزینەوەشی زەحمەت نیە. لەبری ئەوە ئاماژە دەکەم بۆ خاڵێکی دیکە: هەمیشە ئەوانەی یەقینیان هەیە، بەدگومانن! واتە گومانیان هەیە لە هەر شتێک کە لەگەڵ یەقینەکەی ئەواندا نەسازێت، بەواتای ئەوەی پیلانێک، خیانەتێک، هەوڵێک بۆ نەهێشتنی یەقینەکەیان لەپشتی هەموو جیاوازییەکەوە هەیە؛ بۆیە بە توندترین شێوە بەرەنگاری دەبنەوەو بەهیچ جۆرێک ئامادەییان تێدا نیە مشتومڕی ئەقڵانییانەی لەگەڵ بکەن.

هۆی ئەمە چیە؟

سروشتی یەقین خۆی ئاواهییە، گومانکردن لە بەشێکی یەکسانە بە گومانکردن لەهەمووی، یەقین یان دەبێت هەمووی بەسەریەکەوە قبووڵ بکرێت، یاخود  هەر دەبێت هەمووی بەسەریەکەوە ڕەتبکرێتەوە. واتە یەقین هەرگیز بوار بە جیابوونەوە یاخود جیاوازیی یان ناکۆکیی نادات.

کاتێک ئاماژە بۆ کەسێک دەکەم و بە (گومانگەرا) لەقەڵەمی دەدەم، مەبەستم چیە؟ ئەو کەسە ڕازی نابێت باوەڕە باوەکانی ناو خەڵک بە دروست وەربگرێت، تەنها لەبەرئەوەی باون و خەڵکێکی زۆر پێیان قایلن. دەیەوێت هەموو شتێک بە ئەقڵی ئەزمون بکات، تاقییان بکاتەوە، هەڵیان بسەنگێنێت، بەرلەوەی بڵێ دەمخۆش. کەسی گومانگەرا هەرگیز ناڵێت “هەموو شتێک باشە” بەڵکو لە باشترین حاڵدا دەڵێت “شتێکی دیاریکراو لە ئێستادا باشە”، ئەو هۆی لۆجیکییانەی بۆ شتەکان دەوێت، نەک هەست و سۆز و زۆرینەو کۆنیی و … هتد.

بێگومان نابێت هزرت بۆ ئەوە بچێت کە فەیلەسوفە گومانگەرانکان لە هەموو شتێک دڕدۆنگن و پێیان وایە هیچ شتێك قابیلی زانین نیە، ئەوان واناکەن، چونکە ئەمە دەیانخاتە ناو ناکۆکییەوە لەگەڵ خۆیاندا: ئەوان ئەگەر بزانن هیچ شتێک قابیلی زانین نیە، ئەوە لانیکەم ئەمە دەزانن، کەواتە لانیکەم شتێک قابیلی زانینە. ئەوان واناڵێن، بەڵکو دەڵێن پێویستە گومان لەهەموو شتێک بکەین تا ئەو کاتەی بەڵگەی ئەقڵانی و لۆجیکی بۆ دروستییان پەیدا دەکەین.

زانین لای ئەهلی گومانگەرایی بە چەند قۆناغێکدا تێدەپەڕێت. لە سەرەتادا (ڕا)مان هەیە، بەڵام نازانین دروستە یان نا، بە ئەزمونکردن و لێکۆڵینەوەو ئەرگومێنتکردن و هەڵسەنگاندن (ڕای دروست) لە نادروستەکان جیادەکەینەوە، پاشان ئەمیش بە پرۆسەیەکی درێژی ڕەخنەگرتن و مشتوماڵکردن و ئەرگومێنتسازییدا تێدەپەڕێت، ئینجا دەبێت بە زانین. بەڵام کارەکە هەر لێرەدا ناوەستێت، بەپێچەوانەی ئەهلی یەقینەوە کە بەردەوام خەریکی سەلماندنەوەی هەقیقەتەکانی خۆیانن؛ بەوەش بێ ئەوەی بەخۆیان بزانن، ملی ڕێگایان گرتووە بەرەو نەزانین و نەزانینی زیاتر. بەڵام گومانگەراکان هەمیشە خەریکی هەڵسەنگاندنەوەی هەقیقەتەکانیانن و جار لەدوای جار بەدرۆیان دەخەنەوە؛ لەمەشەوە ئەو شتە سەرهەڵدەدات کە پێی دەوترێت پێشکەوتنی زانستی.

لەم قسانەوە دەچینە ناو لقێکی سەرەکیی فەلسەفەوە: ئێپستمۆلۆجی (واتە فەلسەفەی زانین) لێرەدا چەند پرسیارێکی بنەڕەتیی بەرزدەکرێنەوە: چی دەزانم؟ چۆن دەیزانم؟ با ئەمە بمێنێت بۆ کاتێکی دیکە. بەڵام دەمەوێت ئاگادارت بکەمەوە لە مەترسییەکی گەورە لەبەردەمی مرۆڤایەتییدا: تا دێت دەلاقەی نێوان ئەقڵی بایۆلۆجیی، (ئەو ئەقڵە سروشتییەی لە ئەنجامی پەرەسەندن و پێشکەوتنی شارستانێتییەوە بووین بە خاوەنی)، لەگەڵ ئەقڵی گریمانەیی و کۆمپیوتەرییدا کەمدەبێتەوە. لە ئێستادا جگە لە پرسە بیرکاریی و ماتماتیکییەکان، ئەقڵی گریمانەیی دەتوانێت موزیک بژەنێت، نیگار بکێشێت، عەمبارێکی گەورەی زانیاریی هەیە. بەڕاست تۆ بڵێی ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەم ئەقڵە بەسەر ئەقڵی بایۆلۆجیماندا سەربکەوێت و کارەکە پێچەوانە ببێتەوە: بمانکات بە کۆیلەی خۆی! ڕۆژێکیان ناچار ببین شەڕی سکای نێت (لەشکری ئامێرەکان) بکەین!

پرسیارەکە دووبارە دەکەمەوە: بەڕاست! ئەوەی بەر ئاوێنەکە کێیە؟

کۆمەڵگەی شاعیرکڕ، یان کۆمەڵگەی سەرمایەداری

خستنەڕووی: “دەسا با شاعیرێک بکڕین”

 

خوێندنەوەی: سەردەم

 

سەرەتا دەکرێت لەم خاڵەوە دەست پێ بکەین و وەک باسێک بیخەینە بەرچاو، ئەویش پرسی ناوی نوێ و ئەدەبی نوێیە بۆ ناو پانتایی کولتووریی، ئەویش لە ڕێگەی کاری وەرگێڕانەوە، زەروورەتی ئەم کردەیە، واتا کردەی وەرگێڕانی ناوێک کە پێشتر بە خوێنەری کورد ئاشنا نییە و هیچ کارێکی نەکراوە بە کوردی، لە بەرانبەر ئەو ناوە دیارانەی کە ئەگەر هەموو بەرهەمەکانیشیان وەرنەگێڕابێت بۆ سەر زمانی کوردی، ئەوا دەتوانین بڵێین بەشێکی زۆر لە کارەکانیان تەرجەمە کراونەتەوە و بەردەستن، هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە هەردوو کارەکە گرنگ و جێی بایەخن، بەڵام لێرەدا و بە شێوەیەکی تایبەت (نیسبەت بە کتێبی بەرباسەوە) دەتوانین گرنگی دەنگی نوێ لە پانتایی وەرگێڕاندا دەربخەین، بەو واتایەی ئەو ئەدەبیاتە نوێیەی هەنووکە لە دنیادا دەنووسرێت و خوێنەرانێکی زۆر پێشوازی لێ دەکەن و نووسەرەکانیان خەریکی چنینەوەی خەڵاتە ئەدەبییەکانن و بەردەوامیش بۆ زمانە زیندووەکان وەردەگێڕدرێن، بۆ ئێمەیش وەک کورد، وەک نووسەران و خوێنەران، ئاشنابوون بەو دەنگە جددی و نوێیانە هێجگار گرنگە و دەتوانێت کاریگەریی ناوازەی هەبێت، ئاسۆی تازە بەسەرماندا بکاتەوە و هاوکات پەیی بەو دنیا نوێیە ببەین کە نووسەران دەیخولقێنن و پێشکەشی دەکەن، ئەوە جیا لە گرنگی لایەنە هونەرییەکانی ئەو دەقانە، کە بە فۆرمی تازە و تەکنیکی نوێباو و ئەمڕۆیی، فەزایەک دەسازێنن کە پڕە لە سەرکێشی و جوانی لە داهێنان و نوێگەریدا.

ئەفۆنسۆ کرووش بۆ خوێنەرانی کورد ناوێکی نوێیە، ڕۆمانە چکۆلەشی “دەسا با شاعیرێک بکڕێن” بە هەمان شێوە ناوێکی نوێیە، وەرگێڕەکەشی “کاردۆ عەبدولڕەحمان” دیسان ناوێکی تازەیە بۆ وەرگێڕانی کوردی، کە واتە ئێمە لە بەردەم کتێبێکی تازەداین بە هەموو بارەکاندا. ئەفۆنسۆ کرووش، چیرۆکنووس و وێنەکێش و میوزیکژەنێکی پورتوگالییە. ساڵی ١٩٧١ لە ناوچەی فیگویرا دا فوز لەدایک بووە. کۆلیژی هونەرە جوانەکان و پەیمانگەی هونەری شێوەکاریی لە شاری لیشبۆنە تەواو کردووە. یەکەمین چیرۆکی ساڵی ٢٠٠٨ بڵاو کردووەتەوە. دوای ساڵێک (فەرهەنگی چیرۆکی جیهان)ی بڵاو کردووەتەوە، کە مشتومڕ و ڕەخنەیەکی زۆری لە بارەوە کرا؛ خەڵاتی “کامیلو کاستیلو برانک”ی بەدەست هێنا. نووسینەکانی کرووش چەندین خەڵاتی تریان لەسەر ئاستی پورتوگال و ئەرووپا بەدەست هێناوە و بۆ زیاد لە بیست زمان وەرگێڕدراون. ئەم چیرۆکنووسە، هەمیشە ناونیشانی جێسەرنج و مشتومڕ بۆ چیرۆکەکانی دادەنێت. دووەم کتێبی کە ساڵی ٢٠٠٨ بڵاو کردووەتەوە، ناوی “گۆشتی خودا”یە، لە ساڵی ٢٠١٠دا چیرۆکی “ئەو کتێبانەی باوکم لووش دەدەن”ی بڵاو کردەوە، لەگەڵ “مەسیح بیرە دەخواتەوە” کە ئەمەیان بە یەکێک لە دیارترین و کاریگەرترین چیرۆکی پورتوگالی لە ماوەی نیو سەدەی ڕابردووەدا دادەنرێت.

“دەسا با شاعیرێک بکڕین” نۆڤلێتێکی بچکۆلە و یەک پشووە، خوێنەر دەتوانێت هەر دەستی دایە، لەگەڵ ڕووداوەکانیدا تێهەڵکێش ببێت و بچێتە نێو جوگرافیای گێڕانەوەیەکی ناباو و سەیر، گێڕانەوەیەک کە ڕەنگە بۆی، یەکەم جار و سەرەتا بێت. چیرۆکی ئەم نۆڤلێتە بەسەرهاتی خێزانێکی چوار کەسیی دەگێڕێتەوە، ئەوان و ناوماڵەکەیان چەقی ڕووداوەکانن و هەموو شتێکی لەوێوە ئاراستە دەکرێت. خێزانەکە لە چینی خوار ناوەندەوەن، ئەم چینە بزوێنەری بەشێک لە کایەکانی کۆمەڵگەن، پایەیەکی گرنگن لەناو دنیای شاردا و دەتوانن بە کردە جووڵە بخەنە ڕەوتی شلوشاوی شار. ئیدی ئەو جموجووڵە هەرچییەک بێت، بچووک یاخود گەورە، ئەوەی کە گرنگە ڕێک لەو کاتەدا کە خەریکە شتەکان بەرەو چەقبەستوویی و نەگۆڕان دەچن، ئەوان کارێک دەکەن کە ئەو دۆخە بشڵەقێت، ئەم ڕۆمانە بە بیرۆکە سەیروسەمەرەکەیەوە لەو سۆنگەیەوە سەرچاوەی گرتووە، بیرۆکەکەی کەمێک ناواقیعی و نالۆژیکییە: کڕینی شاعیرێک و هێنانی بۆ ماڵەوە! بەڵام ئەمە ڕوو دەدات و تەواوی هێڵە لاوەکییەکانیش بە دەوری ئەم بیرۆکەیەدا دەخولێنەوە، بە واتایەکی تر دەکەونە خزمەتی ئەو بیرۆکەیەوە. خێزانەکە شاعیرێک دەکڕن، بۆ بچووکترین منداڵی خۆیان، بەڵام بە جۆرێک لە جۆرەکان هەموویان بەو شاعیرە و دنیاکەیەوە سەرقاڵ دەبن، یان شاعیرەکە بە نواندنی کردارەکانی ئەفسوونباریان دەکات و دەیانخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە.

یەکێک لە خەسڵەتەکانی ئەم نۆڤلێتە زمانی گێڕانەوەکەیەتی، زمانی گێڕانەوەی ئەم دەقە زمانێکی تەنزئامێز و کۆمیکە، ڕێک هەڵگۆزتەی تێمای سەرەکیی دەقەکەیە، زمانە دنیایەک ڕۆ دەنێت، کە هەمیشە وەک چەقۆی دوو دەم دەتوانێت بپکێت، دنیایەک کە دنیای شاعیرانە، دنیایەک کە دنیای سەرمایەدارییە، ئەم نۆڤلێتە زۆر بە وردی ئەو خەتانە پێشان دەدات کە وەک وردەگێڕانەوە دەڕژێنە نێو ڕووباری شاگێڕانەوەکەیەوە. دۆخی شاعیران لە سەردەمی ئێستادا، سەردەمی سەرمایەداری، دنیایەکی پارادۆکسە، پێکەوە هەڵناکەن، ئەوەی بە “خەونی شاعیران” ناسراوە، لەم زەمەنەدا خەونێکی پووچەڵە و بڕ ناکات، لە درێژە و مەتنی نۆڤلێتەکەدا ئەو خەونە شاعیرانەیە بە شێوەی جیا جیا هاتووە، جارێک وەک شەو و مانگ، جارێک وەک پەپوولە و گوڵ و… نووسەر نایەوێت ئەم هەڵنەکردنە بە وشەیەک ڕایی بکات، بەڵکو دەیەوێت لە بەگەڕخستنی ئەو زمانە تایبەتەوە حاڵەتەکە بخاتە بەرچاو، گاڵتە بەو دنیایە دەکات، بە خودی شیعر نا، بەڵکو بە شاعیرانێک کە هێشتا ئەوداڵی غەزەلخوانین، هێشتا گۆرانی بۆ گوڵ و مانگەشەو دەڵێن، لە کاتێکدا زەمەنەکە هێجگار زبرە و لە مێژە لەو خەونانە تێپەڕیوە، دەبێت شاعیران خەونی نوێ دابهێنن، خەونگەلێک کە تەعبیر لەو سەردەمە بکات وا تێیدا دەژین، نەک خەونی چەند سەدە لەوەوبەر ببیننەوە. ئەمە هاوسەنگی نییە، هاوتەریبییە لە نێوان دوو دنیای بە ڕواڵەت پێک ناکۆکدا، بەڵام لە ناوەخندا دەتوانن هاوشان بڕۆنە پێش و بەرگەی قورسییەکانی یەکتر بگرن، دۆزینەوەی ڕێگەی یەکگرتنەوەی شیعر و سەرمایە لە سەدەی بیستویەکدا ڕەنگە سانا نەبێت، بەڵام شاعیرانێکی درککەر، شاعیرانێک کە چاویان لە قووڵایی واقیع و بێڕەحمی ئەمڕۆ بڕیوە و نادادییەکان ئازاری ویژانی شاعیرانەیان دەدات، دەتوانن لەو جێگەیەدا، لەو پۆخڵەواتییەشدا، شیعر ببیننەوە.

خاڵێکی ناوازە لەم کورتەڕۆمانەدا نەبوونی ناوە، بە تایبەت ناوی کەسێتی، لە بری ئەوە ژمارە و پیتمان هەیە، ئەگەرچی ئەمە ڕەنگە ئاڵۆزییەک پێک بهێنێت، بەڵام پشتینەی ئەم ناوانە بۆ دەقەکە نەوتراوەکانی دەق تۆختر و دەوڵەمەندتر دەکەن. نەبوونی ناو، ناسینەوەی کەسەکان بەپێی ژمارە و پیت، دەلالەتە لە ونبوونی شوناس، لە دنیای نوێدا، لە سەدەی بیستویەکدا، لە باڵادەستبوونی پارە و ساماندا. ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە کە “دەسا با شاعیرێک بکڕین” دەنگی سەردەمەکەی خۆی بەدەنگ هێناوە، ڕەخنەی دەکات، بەو بارودۆخە ڕازی نییە و بە شێوەیەکی تەنزئامێز دەرگیری دەبێت.

ئەم کورتەڕۆمانە وەک چۆن بە سەرەتایەکی ناوازەوە دەست پێ دەکات، بەو جۆرەش بە کۆتاییەکی سەیرەوە خوێنەر بەجێ دەهێڵێت، کۆتاییەک کە ناتوانیت ناوێکی دیاریکراوی بخەیتە سەر، ئایا ئەوە بەشێکە لە ڕەوتی گێڕانەوەی نۆڤلێتەکە، یان نا، وتارێکە دەربارەی ڕۆڵی ڕۆشنبیر لە کۆمەڵگەدا، کۆتاییەکە بە چەند داتا و بەڵگە ئەو ڕۆڵ و کاریگەرییە لە کۆمەڵگە جیاکاندا دەردەخات و خوێنەریش ڕەنگە بڵێت ئێ، ئەمە بۆ، لەپای چی ئەم باسە! ڕەنگە قورس بێت وەڵامێکی قەتعی و یەکدەست بەو گومان و ڕاڕاییە، بەڵام ئەگەر بە هەمان ڕێڕەو کە لەگەڵ فۆرم و ناوەڕۆکی “دەسا با شاعیرێک بکڕین”دا هاتوون درێژە بدەین، ئەوا دەتوانین بەم جۆرە کۆتاییەکە بخوێنینەوە: کۆتاییەکە دەیەوێت پێگە و ڕۆڵی نووسەر، بە تایبەت چیرۆکنووس و ڕۆماننووس، لە دنیای ئەمڕۆدا دیاری بکات، لە بەرانبەر ئەو پێشهات و ڕووداوانەی بەردەوام لە دەوروبەری دەگوزەرێن، بە تایبەت کێشەی سەرمایەداری، کە گرفتێکی بنچینەیی کۆمەڵگە جیاوازەکانە و زۆرێک لە خێزانەکان بەو گرفتەوە دەناڵێنن و تا ڕادەی هەڵوەشانەوە، هەڵدەوەشێنەوە. لە ڕووی فۆرمیشەوە، دەتوانین بڵێین کە دەقەکە هەڵگری فۆرمێکی جیاوازە و هەواڵی داوە ئەو جیاوازییە بە جومگە بە جومگەوە دەربخات، بێگومان کۆتاییش بەشێکی گرنگە لە جومگەکان و کۆتایی ئەم نۆڤلێتەش جەختی ئەو جیاوازییە دەکاتەوە.

وتووێژێک سەبارەت بە کتێبی گەوجاندن

نوری کەریم: کتێبەکە چەندین چەمکی گرنگی ژیانی ڕۆژانە دەوروژێنێت

سازدانی: سەردەم

لەم وتووێژەدا (نوری کەریم) وەرگێڕی کۆمەڵەچیرۆکی (گەوجاندن) کە لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە، سەبارەت بە دنیای کتێبەکە و چۆنێتی وەرگێڕانی ئەو کتێبە قسە دەکات.

   سەردەم: چۆن بوو چیرۆکەکانی (گەوجاندن)ت هەڵبژارد بۆ وەرگێڕان؟

نوری کەریم: هەڵبژاردن، یا پەسەندکردنی ژانرێکی وێژە بۆ وەرگێڕان، بۆ من کارێکی ئاسان نییە و دوای گەڕان و خوێندنەوەیەکی زۆر، ئینجا بڕیار دەدەم  چی وەرگێرم، سەرەتا پێویستە بڵێم ئەو کۆمەڵە چیرۆکە، چوار چیرۆک پتر بوو، بەڵام تەنها چواریان ئاوێنەی باڵانمان،کۆمەڵەچیرۆکە ناوی گەوجاندن نەبوو، نووسەرەکەی ناوی نابوو(آثار لا تزول – ئەو شوێنەوارانەی هەر دەمێنن) بەڵام من ناونیشانە سەرەکی و ناونیشانی سێ لە چیرۆکەکانیشم گۆڕی. ناونیشانە سەرەکییەکەم کرد بە گەوجاندن.

یەکەمین جار کە دەستم دایە کتێبەکە و یەکەم چیرۆکم  دەخوێندەوە، هەر لە دەستپێکەوە، لە لاپەڕەکانی بەراییەوە نەک هەر سەرنجیان ڕاکێشام، تۆ بڵی پەلکێشیان کردم، ورد ورد بە هەست و چێژەوە کەوتبوومە نێو وشە و ڕستە و دەستە وشەو دەربڕینە سادە و ساکارەکانی نووسەرەوە، کە زۆر وەستایانە چەندین چەمکی گرنگ و هەستیاری ژیانی ڕۆژانە دەوروژێنێت، چینە چەساوە و پلیشاوە و بەشخوراوەکان، هوشیار دەکاتەوە، پڕ بە چاوی بینین و تواناکانی بیرکردنەوە و تێڕامان، گوزەرانی خۆی و دەوروبەرەکەی دروست بخوێنێتەوە بە میتودێکی نوێ لە جۆری پەیوەندییەکانی نێوان گەل و دەسەڵات (حوکمەت) تێبگات کە کوێرانە و پەلبەستراو تێیدا دەژی، لەگەڵ بەردەوامیدا لە خویندنەوەی یەکەم چیرۆک، گومانێکیش هاتە پێش و هەر کە لاپەڕەیەکم هەڵدەدایەوە بە جۆرێک گەل و وڵاتی کوردم لەو چیرۆکانەدا دەبینی، جارجار دەگەڕامەوە سەر ناوی چیرۆکنووسەکە، تۆبڵێیت چیرۆکنووسێکی کورد بێت ئەم چیرۆکانەی بە زمانی عەرەبی نووسیبێت؟ ناونیشانی سێ لە چوار چێرۆکەکەشم گۆڕی کە واتاکانیان لە زمانی کوردیدا، نە هێز و پێزێک و نە هارمۆنیایەکیان نییە. نێونیشانی (دولە هندستان الشقیقە – دەوڵەتی هندستانی برا) گۆڕیم بە دادگاییکردنی مارێکی زمانزان، چێرۆکی (الرجل الغریب – پیاوە نامۆکە) ئەویشم کرد بە جنۆکە! چیرۆکی سێیەم (الشتاء قادم – زستان بەڕێوەیە) لە وەرگێڕانەکەدا بووە بە (بەم هاوینە سەرمامانە، زستانە زستان!)

سەردەم : گرنگیی و پەیامی کتێبەکە چین بۆ خوێنەر و کتێبخانەی کوردی؟

نوری کەریم: وەک دەزانین چیرۆک ژانرێکی وێژەیە، چیرۆکەکانی دووتوێی گەوجاندن یش وەک ژانری چیرۆک نامۆیە بە خوێنەری کورد و کەلینێکی کتێبخانە هەژار و ڕوتەڵەکەی نەتەوەیەکی چل پەنجا ملیۆنیش پڕ دەکاتەوە کە هێشتا لەو جۆرە دەقانەی بە خۆیەوە نەبینیوە و خوێنەر هەر زوو، بەدەم خوێندنەوەوە هەست بە نزیکییەک دەکات لەتەک ڕووداوەکاندا و هەتا پتری لێ دەخوێنێتەوە، پتریش خۆی و ژیانی ڕۆژانەو پەیوەندییەکانی نێوان گەل و دەسەڵاتی بە ئاسانی تێدا دەبینێت و دەتوانم بڵیم هەر خوێنەرێکی کورد بە گشتی خۆی لێ دەبێتە یەکێک لە پاڵەوانەکانی چیرۆکەکان و هەست بە شکست و سەرکەوتنیان دەکات. لە هەردوو وەرگێڕانی سەرانی کۆمپانیا وگەوجاندندا، چەندین خوێنەر دوای خوێندنەوە هەریەکە و بە جۆرێک هەستی خۆی، هەڵسەنگاندنی خۆی، لەمەڕ شێوە و ناوەڕۆکی بەرهەمەکان دەربڕیوە و دەڵێن خۆمان لەپاڵ پاڵەوانەکاندا دەبینییەوە، هەستمان دەکرد بەشیکین لە ڕووداوەکان، هەستمان بەوەش نەدەکرد بەرهەمێکی وەرگێڕدراو دەخوێنینەوە.

سەردەم: ئەم کتێبە چ ئیزافەیەک دەخاتە سەرباری ڕۆشنبیریی کورد؟    

نوری کەریم: هەمو بابەتێکی نوێ سەربارێکە، یا ئەرێنی یا نەرێنی. ئەگەر ئەرێنی بوو، ئەوە سەربارێکی پێویست و پڕفرۆش و خاوەن خوێنەرە و ئاشنایان دەکات بە بابەتێکی نوێ و پانتاییەکی بچووکی کتێبخانەی نەتەوەییمان دەڕازێنێتەوە، خۆ ئەگەر نەرێنیش بوو، ئەوە بەرهەمێکە بریتییە لە ڕەشکردنەوەی کاغەزی سپی و بە هیچ حسابێک ئەو کاغەز و مەرەکەبە ناهێنێت کە تێیدا کار کراوە!

بەهاری ساڵی ١٩٧٠، شەڕی نێوان حکومەتی بەعس و بەناو شۆڕشی کورد وەستاو باشوور شەپۆلێکی بوژاندنەوە و پێشکەوتنی هەر هەموو ژانرەکانی وێژە و هونەری بە خۆیەوە بینی و پەیتا پەیتا هۆنراوە و کورتەچێرۆک و وەرگێڕان و لێکۆڵینەوە و ڕیپۆرتاج، بە جیاوازی ئاستیانەوە، بە چاک و مامناوەندی و خراپ و بێکەڵکەوە، بە ڕادەیەک بڵاو دەکرانەوە، نووسەر و وەرگێڕی ناسراو مامۆستا سەعید ناکام، دەگاتە تینی  بەرلە ٥٣ ساڵ، نامەیەکی بۆ لیژنەی هاریکاریکردنی چاپکردنی کتێب نووسیوە (نامەکەی بە عەرەبی نووسیوە) و بریتییە لە: هەندێک کتێب و کتێبوڵکە دەبینین لە بازاڕدا لەژێریدا نووسراوە (وەزارەتی کاروباری باکوور یارمەتی لە چاپدانی داوە) نرخی ئەو کاغەزە ناهێنێت کە لەسەری چاپ کراوە! ئایا ئەو شارەزایانەی بەسەر ئەو کتێبانەدا چوونەتەوە، بەشێک لە بەرپرسیارێتی تێکدان و وێرانکردنی وێژە و زمانەکەمانی ناکەوێتە ئەستۆ؟ پێشنیازیش دەکەم لەمەودوا نووسراوی ناردنی کتێب بۆ شارەزایان ئەم (وریاکردنەوە)یەی تێدا بنووسرێت (ئێوە کە پشتگیریی چاپ کردنی کتێبێک دەکەن، بەرپرسیارێتی ئەو ڕەخنانە دەکەوێتە ئەستۆتان کە لە کتێبەکە دەگیرێت) بە مەرجێک ئەم وریاکردنەوەیە کاری پێ بکرێت و ناوی ئەو پسپۆڕە ئاشکرا بکرێت کە ڕەشنووسەکەی پەسەند کردووە چاپ بکرێت بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ڕەخنە ببێتەوە و بەرهەمی کرچوکاڵیش ڕێگەی چاپکردن و دەرکەوتن نەدۆزێتەوە، بە هۆی یارمەتیدانی لایەنی فەرمییەوە.

ئەو هاوار و بانگەوازە ڕاستەوخۆ و بێپەردەیەی مامۆستا سەعید ناکام، لەکاتێکدا بوو، پرۆسەی چاپ کردنی بەرهەمەکان بە هیچ جۆرێک لەگەڵ ئەمەی ئێستادا بەراورد ناوکرێت، ئەوکات خوێنەرمان هەبو، کە دەنگۆی چاپ کردنی  کتێبێک بڵاو دەبووەوە، خوێنەرە ڕاستینەکان پێشوەخت ناوی خۆیان دەنووسی و پارەیان دادەنا بۆ ،سۆگەرکردنی بەدەستهێنانی بەرهەمەکە.

سەردەم: پرۆسەی وەرگێڕانی ئەزمونە جیهانییەکان چ گرنگی و بەهایەکیان بۆ کولتوور و خوێنەری ئێمە هەیە؟

 نوری کەریم: کاریگەرییەکانی پرۆسەی نزیککردنەوەی ئەزمونە جیهانییەک،ان لە وێژەدا، بە شێوەیەکی گشتی و ژانری کورتە چیرۆک بە تایبەتی لەسەر دەستی  وەرگێڕە شارەزا و دەستڕەنگینەکانەوە بۆ خوێنەری کورد، بەها و گرنگییەکی بەرچاوی هەیە.

کورد لە  ژانرەکانی هۆنراوە و بەیت و فۆلکلۆری میللیدا دەوڵەمەندە، ئۆسکارمان بەیتە کوردییەکانی کۆکردۆتەوە و لە کتێبێکدا بە نێوی توحفەی موزەفەرییە بڵاوی کردونوەتەوە، نووسیویەتی(ئێوەی کورد قەدری ئەو بەیتە بەنرخانە نازانن، سوێندبێ نە شکسپیر، هۆگۆ، لامارتین و پۆشکین، هیچکامیان بەو ناسکی و جوانییە شیعریان نەهۆنیوەتەوە) بەڵام کورد لە چیرۆک و ڕۆمان وشانۆنامەدا هەژار و دەستکورتە، بۆیە ئەرکێکی نەتەوەیی گرنگ و هەنوکەییە ئەو کەلێنە بە وەرگێڕانی دەقە ناوازە و شاکارەکانی نووسەرە بلێمەتەکانی وێژەی جیهانی پڕکەینەوە و لە هەمان کاتیشدا دەبنە پێشخان و نووسەرەکانمان دەستوپەنجەی خۆیانی لەتەکدا نەرم دەکەن بۆ بەرهەمی ناوازە و شاکار وخوێنەری پێ ئاشنا دەبێت، دەتوانم بلێم نووسەرانی ئێمە کاتێک سەر بە ماڵی نووسەرانی بێگانەدا دەکەن، ئینجا دەزانن ئێمە چەندین قۆناغ لە دواوەین و ئەوان چەندین تەکنیک و داهێنانیان لە بەرهەمەکانیاندا کردووە.

سەردەم: مەرج و پێوەرەکانی هەر وەرگێڕێکی سەرکەوتوو چین؟

نوری کەریم: لە هەر هەموو ژانرەکانی هونەر و وێژەدا، لێکچوونێک هەیە لەگەڵ ئەو پەندە کوردییەی باپیرانماندا کە فەرمویانە (گوڵەگەنم هەیە و زیوانیش هەیە، بەڵام هەزار زیوان بە یەک گوڵەگەنم ناچێت) وەرگێڕان و هەر هەموو کارە هونەری و وێژەییەکانیش ملکەچی ئەو یاسایەن، وەرگێڕان هەیە وەک ئەو گوڵەگەنمە و وەرگێڕانیش هەیە بە ناڕەوا پێی دەوترێت وەرگێڕان، زیوانە و بە هەزاریان وەرگێڕانێکی دروست ناهێنن.

مەرج و پێوەر هەموو دەم هاوتانین، جیاوازن، مەرجێکی سەرەکی وگرنگی وەرگێڕ ئەوەیە زمانی تێکستەکە و زمانەکەی خۆی زۆر چاک و لە ئاستێکی بەرزدا بزانێت و لە هەر هەموو لایەنەکانی زمانەوانیدا: زمان، ڕێزمان، ڕێنووس و داڕشتن و پاراستنی ڕۆحی تێکستەکەدا، باڵادەست بێت. وەرگێڕێکی کورد شارەزای زمانی ئینگلیزی بێت، بەڵام لە زمانەکەی خۆیدا ئەو شارەزاییەی نەبێت، یا بە پێچەوانەوە، دڵنیام هەرگیز بەرهەمێکی سەرکەوتوو پێشکەش ناکات.

دوورکەوتنەوە لە وەرگێڕانی وشە بە وشە، بۆ نموونە سەرنج بدە ئەم ڕستە عەرەبییە(ماذا ورائک ایها الاعرابی؟) ئەگەر وشە بەرامبەر وشە بیکەین بە کوردی، دەبێت بە (چی لە دوای تۆوەیە ئەی دەشتەکی؟) بەڵام وەرگێڕانە دروستەکەی بریتییە لەوەی(کابرای دەشتەکی بۆچی هاتویت؟) یا چیت گەرەکە؟ چی هێناویتی؟

 مەرجەکان و پێوەرەکان هەندێک جار هاوشانن و جاروباریش جیاوازن و جیا دەبنەوە، لێرەدا با بە کورتی  بڵێین وەرگێڕی ڕاستینە و سەرکەوتوو پێویستە بەهرەی چیرۆکنووسینی هەبێت، ئینجا تەکنیکی چیرۆکنووسین شارەزا بێت، کە گرنگترینیان بریتییە لە توانای گەیاندنی ئەو پەیامەی دەیەوێت بیگەیەنێت و بتوانێت بە فورمێکی سادە و ساکار دایڕیژێت کە خوێنەر چێژی لێ وەرگرێت و لە خوێندنەوەی بێزار نەبێت.

ئێدگار ئالان پۆ… نووسین له‌سه‌ر لێواری شێتیدا!

هاشم ساڵح

له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌: باوكی پایان

ئێدگار ئالان پۆ، یه‌كێك بوو‌ له‌ مه‌زنترین نووسه‌رانی ئه‌مریكا له‌ سه‌ده‌ی نۆزده‌ و ره‌نگه‌ یه‌كێك بێت له‌ مه‌زنترین نووسه‌رانی هه‌مو سه‌ده‌كان. ئه‌و به‌ نووسینی كورته‌ چیرۆكی نائاسایی/ الخارق به‌ناوبانگه‌. ئه‌و یه‌كه‌م كه‌سه‌ له‌ ئه‌ده‌بیاتی ئه‌مریكی و جیهانیدا، رۆمانی پۆلیسی نووسیوه‌، رۆمانی ترس و ته‌شویق و وروژاندن. ئه‌و شاعیرێكی ناوازه‌ی ده‌گمه‌نه‌، ره‌خنه‌گرێكی ئه‌ده‌بی ئاست به‌رزه‌، تیۆرستی شیعر و په‌خشانه‌. كه‌واته‌ ئاخۆ ئه‌و كه‌سه‌ سیاچاره‌ و به‌دبه‌خته‌ ده‌بێت كێ بێت كه‌ دواتر ده‌بێت به‌ ئه‌فسانه‌؟

ئێدگار ئالان پۆ ساڵی 1809، له‌ شاری بۆستنی ئه‌مریكا له‌دایكبووه‌، ساڵی 1849، له‌ ته‌مه‌نی كه‌مه‌كێك سه‌رو چل ساڵی، له‌ شاری بالتیمۆری كۆچی دوایی كردووه‌. كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌و ته‌مه‌نه‌ كه‌مه‌شدا، دونیای پڕ كردووه‌ و خه‌ڵكی به‌خۆیه‌وه‌ سه‌رقاڵ كردووه‌. ئاشكرایه‌ شاعیری به‌ناوبانگی فه‌ره‌نسی بۆدلێر، ئێدگار ئالان پۆ-ی به‌ مه‌زنترین نووسه‌ر داناوه‌ و ته‌نها به‌ ناوی ئه‌و سوێندی خواردووه‌ و ته‌مه‌نی له‌ وه‌رگێڕانی به‌رهه‌مه‌كانی پۆ بۆ سه‌ر زمانی فه‌ره‌نسی، به‌سه‌ربردووه‌. تا ئێستاش وه‌رگێڕانه‌كانی بۆدلێر به‌كارده‌هێنرێت و تا حاڵی حازریش پشت به‌و وه‌رگێڕانانه‌ ده‌به‌سترێت كه‌ راقیترین و مه‌زنترین وه‌رگێڕانی ئه‌ده‌بییه‌.

شاعرێكی بلیمه‌ت، وه‌رگێڕانی بۆ شاعیرێكی دیكه‌ی بلیمه‌ت كردووه‌. بۆدلێر به‌لایه‌وه‌ سه‌یر بوو، بگره‌ ناڕازیبوو، چونكه‌ سه‌رجه‌م رۆشنبیره‌ فه‌ره‌نسییه‌كان، ئێدگار-یان نه‌ده‌ناسی و گوێیان له‌ ناوه‌كه‌ی نه‌بووه‌. سه‌روه‌ختێك بۆدلێر ده‌ڕۆشته‌ ناو چاخانه‌ و قاوه‌خانه‌كانه‌وه‌ و له‌ یه‌كێكیانی ده‌پرسی: رات چییه‌ له‌سه‌ر ئێدگار ئالان پۆ‌؟ ئه‌ویش وه‌ڵامی ده‌دایه‌وه‌: ئه‌م كه‌سه‌ كێیه‌؟ له‌ ژیانمدا گوێم له‌ ناوی نه‌بووه‌. له‌و كاته‌دا بۆدلێر به‌هۆی ئه‌و وه‌ڵامه‌وه‌، هه‌ڵده‌چێت و توڕه‌ ده‌بێت و خه‌ریكه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی لێ بكات یان به‌ داره‌كه‌ی ده‌ستی لێیبدات.

ئێدگار ئالان پۆ، دوای تێپه‌ڕبوونی ساڵێك یان دوو ساڵ به‌سه‌ر له‌دایكبوونیدا، دایك و باوكی له‌ده‌ستده‌دات. لێره‌وه‌ ئه‌و له‌ ڕووی دایك و باوكه‌وه‌ هه‌تیو ده‌كه‌وێت، هه‌ر بۆیه‌ هیچ شتێكی ئه‌وتۆی له‌سه‌ر خێزانه‌كه‌ی بیرناكه‌وێته‌وه‌. ئه‌و له‌م رووه‌وه‌، له‌ جان جێنییه‌ ده‌چێت كه‌ هه‌مو ژیانی به‌ گه‌ڕان به‌ دوای دایكه‌ خزمه‌تكاره‌ ساده‌كه‌یدا به‌سه‌ربردووه‌، دایكێك هه‌ر كه‌ له‌ یه‌كێك له‌ نه‌خۆشخانه‌كان منداڵه‌كه‌ی ده‌بێت- واته‌ جان جێنییه‌- ئیدی له‌‌ نێو نه‌هامه‌تیی و قووڵاییه‌كانی ژیاندا ونده‌بێت. ئه‌وه‌ چیرۆكێكی ئه‌فسانه‌یی تا بڵێی جوان و نایابه‌.

 بیهێننه‌ به‌رچاوی خۆتان ئه‌گه‌ر ته‌نها بۆ یه‌ك جاریش بێت دایكی ببینایه‌! ته‌نانه‌ت پێنج خووله‌ك به‌ر له‌ مردنی، هه‌ر چاوه‌ڕوانی بینینی دایكی ده‌كرد. به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ باوكی، بۆ چركه‌یه‌ك چییه‌، به‌دوایدا نه‌گه‌ڕاوه‌ و نه‌ له‌ دوور و نه‌ له‌ نزیك، به‌لایه‌وه‌ باوكی گرنگ نه‌بووه‌. وه‌لێ ئه‌مه‌یان‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی دیكه‌یه‌.

هه‌نووكه‌ با بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ لای هاوڕێكه‌ی خۆمان، خێزانێكی ئه‌مریكی ده‌وڵه‌مه‌ند، به‌زه‌ییان پێیدا دێته‌وه‌ و وه‌ك بڵێت له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان‌ هه‌ڵیده‌گرنه‌وه‌ و ده‌یهێننه‌ لای خۆیان و بۆ خوێندن، ده‌یخه‌نه‌ باشترین قوتابخانه‌كانی ئه‌مریكا. ئێدگار وه‌ك ده‌‌وترێت له‌ ته‌مه‌نێكی زۆر زووه‌وه،‌ گرنگی به‌ ئه‌ده‌بیات داوه‌. به‌ڵام باوكه‌ به‌خێوكه‌ره‌كه‌ی‌، له‌به‌ر شانازیكردن به‌ خۆیه‌وه‌ و كه‌سایه‌تییه‌ به‌هێزه‌كه‌ی‌، ورده‌ ورده‌ له‌ پۆ بێزارده‌بێت. سه‌رباری ئه‌وه‌، ده‌یویست پۆ ببێت به‌ بازرگان، به‌ڵام پۆ ته‌نها بیری له‌ شیعر و ئه‌ده‌بیات كردووه‌ته‌وه‌‌. به‌م شێوه‌یه‌ ناكۆكی له‌ نێوانیاندا ده‌ستپێده‌كات.

له‌ گه‌رمه‌ی مشتوڕ و ناكوكییه‌كه‌یاندا، به‌ باوكی ده‌ڵێت: به‌و خودایه‌، ئه‌گه‌ر هه‌مو زێڕی كالیفۆرنیام بده‌نێ، واز له‌ كاری ئه‌ده‌بیات ناهێنم! ده‌ستبه‌رداری‌ پیرۆزترین و به‌شه‌ره‌فترین پیشه‌ نابم له‌ جیهاندا. ئاخر بزنس و ئه‌ده‌بیات چ په‌یوه‌ندییه‌كان به‌یه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌! جیاوازی نێوانیان هێنده‌ی جیاوازی نێوان ئاسمان و زه‌وییه‌. جاران عه‌ره‌ب ده‌یوت: كوشته‌ی ده‌ستی پیشه‌ی ئه‌ده‌به‌: واته‌ كۆتایی پێهاتووه‌ و بووه‌ته‌ كه‌سێكی هه‌ژار و برسی. ئاخر ئه‌ده‌بیات نان په‌یدا ده‌كات؟ ئه‌م سه‌خافه‌ته‌ چییه؟‌، كوا ئه‌بو حه‌یانی ته‌وحیدی له‌ كوێیه‌ كه‌ له‌ دوا رۆژه‌كانی ژیانیدا، كتێبه‌كانی په‌ڕه‌ په‌ڕه‌ كرد، چونكه‌ به‌ برسییه‌تی سه‌رینایه‌وه‌؟ ته‌وحیدی یه‌كێك بوو له‌ مه‌زنترین نووسه‌رانی په‌خشانی/النثر عه‌ره‌بی به‌ درێژایی هه‌مو سه‌ده‌كان، كه‌چی له‌ته ‌نانێكی نه‌بوو‌ بیخوات. جیهانێكی ناته‌واو، جیهانێكی شێت. جیهان كه‌ی له‌ تاریكییه‌وه‌ ده‌رده‌چێت و به‌ره‌و رووناكی ده‌ڕوات؟ دروست ئا له‌م چركه‌ساتانه‌دایه،‌ جیهان خه‌ریكه‌ شێت و هار ده‌بێت.

ده‌ی هه‌رچۆنێك بێت با بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ لای هاوڕێ به‌دبه‌خته‌كه‌مان، ئه‌و هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ توشی كاره‌سات و نه‌هامه‌تی بوو. براكه‌ی مرد و پاشان خوشكه‌ كه‌م ئه‌ندامه‌كه‌شی مرد. هه‌مو ئه‌وه‌ی له‌ ده‌وروبه‌ری بوون، ده‌كه‌وتن و هه‌ره‌سیانده‌هێنا… نه‌بوونی و برسییه‌تی… له‌ هه‌مانكاتدا ده‌ستگیرانه‌كه‌شی وازیلێهێنا، چونكه‌ باوكی قه‌ناعه‌تی پێكرد هاوسه‌رگیری له‌گه‌ل پیاوێكی ده‌وڵه‌مه‌ند بكات، نه‌ك سه‌رگه‌ردان و ده‌ربه‌ده‌رێكی هه‌ژار كه‌ ئاینده‌ی نییه‌. باوكی ده‌ستگیرانه‌كه‌ی شتێكی ئاوای به‌ كچه‌كه‌ی وتووه‌: “به‌خوا تۆ كچێكی شێتی! كێ شوو به‌ شاعیر ده‌كات؟ شیعر چییه‌؟ ئه‌م هه‌مو قسه‌ بێمانا و پڕوپووچ و سه‌خیفه‌ چییه‌؟”.

به‌م شێوه‌یه‌ ده‌رگاكان به‌ڕوویدا داخران و له‌ هه‌مو لایه‌كه‌وه‌، به‌دبه‌ختی و نه‌هامه‌تییه‌كان، روویان له‌ نووسه‌ره‌ گه‌وره‌كه‌مان كرد كه‌ ده‌یكه‌ن به‌ گه‌وره‌ترین نووسه‌ری سه‌رده‌مه‌كه‌ی. سوپاس بۆ به‌دبه‌ختی و نه‌هامه‌تییه‌كان! خه‌ریكه‌ بلێم سوپاس بۆ كاره‌سات و نوچدانه‌كان! ئاخر ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ نه‌بوونایه‌، ئه‌وا نووسینی داهێنه‌رانه‌ نه‌ده‌بوو و ئاو بێنه‌ و ده‌ست بشۆ.

ئه‌م شته‌ ته‌نها به‌سه‌ر تاكه‌كاندا نایه‌ت، به‌ڵكو به‌سه‌ر گه‌لانیشدا دێت. ئه‌و گه‌لانه‌ی له‌ گه‌لانی دیكه‌ زیاتر ئێش و ئازاریان چه‌شتووه‌، ده‌بن به‌ پاڵه‌وانه‌كان/ جبابرة، ئه‌وان مێژوو دروست ده‌كه‌ن و دواتر رابه‌رایه‌تی جیهان ده‌كه‌ن. به‌ هه‌مان هاوشێوه‌ی (ئامۆژگارییه‌كه‌ی شاخ‌/ عظة الجبل) به‌ناوبانگه‌كه‌ی مه‌سیح، ده‌كرێت بڵێین: “خۆشبه‌ختن چه‌وساوه‌كان و خه‌مباره‌كان و ئه‌وانه‌ی ته‌رمه‌كانیان هه‌لا هه‌لا بووه‌، چونكه‌ مه‌له‌كوتی ئاسمان هی ئه‌وانه‌”.

ساڵی 1827 كه‌ ته‌مه‌نی ته‌نها هه‌ژده‌ ساڵ بوو، یه‌كه‌م كۆمه‌ڵه‌ شیعری خۆی بڵاوكرده‌وه‌. وه‌لێ ته‌نها په‌نجا دانه‌ی لێچاپكرا و به‌ناوی خۆی بڵاوینه‌كرده‌وه‌، به‌ڵكو به‌ناوێكی نه‌ناسراو: “كه‌سێك له‌ بۆستن” بڵاویكرده‌وه‌ و هیچ كه‌سێكیش گرنگی و بایه‌خی پێنه‌دا. له‌ راستیدا هه‌ر ئه‌مه‌یه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ندین بلیمه‌تی دیكه‌دا روویداوه‌، له‌ سه‌ره‌تادا زۆر به‌ ده‌گمه‌ن خه‌ڵك له‌ گرنگی و به‌هایان تێگه‌یشتوون، ئاخر ئه‌وان پێش كات و ساتی خۆیان دێن. دوای ئه‌وه‌ی كۆچی دوایی ده‌كه‌ن، رێزیان ده‌گرین و ڤیستیڤاڵیان بۆ سازده‌كه‌ین و په‌یكه‌ریان بۆ دروست ده‌كه‌ین. بگره‌ تابلۆكانیان به‌ مه‌لاین دۆلار ده‌كڕین، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و شێته‌ گه‌وره‌یه‌ی دیكه‌دا روویدا: ڤان كوخ! ئایا ئێوه‌ ده‌زانن، ئه‌و یه‌كه‌م كۆمه‌ڵه‌ شیعره‌ی ئێدگار ئالان پۆ، دواجار له‌ نیۆیۆرك به‌ بڕی 662 هه‌زار و 500 دۆلار فرۆشرا؟ ئه‌وه‌ با شیعری “قه‌له‌ڕه‌ش/ الغراب” كه‌ له‌ به‌ناوبانگیدا وێنه‌ی نییه‌، له‌گه‌ڵ ده‌قه‌ بلیمه‌ته‌كانی دیكه‌ی له‌ولاوه‌ بووه‌ستێت. ئه‌گه‌ر له‌ ژیانیدا ئه‌و پاره‌یه‌ی وه‌رگرتایه‌، ئه‌وا به‌درێژایی هه‌مو ژیانی، له‌سه‌ر لێواری هه‌ژاری و نه‌بوونی نه‌ده‌ژیا.

ئێدگار ئالان پۆ بووه‌ته‌ سیمبول بۆ شاعیری نه‌فره‌تلێكرا و یان به‌دبه‌خت یان نه‌گریس، چی ناو ده‌نێیت بینێ. ئا له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌یه‌، بۆدلێر سه‌رسامی بوو، چونكه‌ خۆی تێدا ده‌بینییه‌وه‌. ئاشكرایه‌ بۆدلێر گه‌وره‌ترین په‌راوێزخراو و گه‌وره‌ترین ده‌ربه‌ده‌ری سه‌ر شه‌قامه‌كانی پاریس بوو. ئا له‌و ده‌ربه‌ده‌رییه‌ نا كۆتاییه‌وه‌‌، مه‌زنترین قه‌سیده‌كان له‌ شیعری فه‌ره‌نسیدا هاتنه‌به‌رهه‌م. ئه‌ویش له‌سه‌ر لێواری خه‌ره‌نده‌كه‌ ده‌ژیا.

دواتر ئێدگار ئالان پۆ لێكچه‌رێكی زۆر گرنگ ده‌رباره‌ی “پرنسیپی شیعر” یان “هونه‌ری شیعری” پێشكه‌ش ده‌كات. ئه‌وه‌ له‌به‌رده‌م جه‌ماوه‌رێكی قه‌ره‌باڵغدا بوو كه‌ خۆیده‌دا له‌ نزیكه‌ی دوو هه‌زار كه‌س! ئا له‌و كات و ساته‌وه‌، بلیمه‌تییه‌كه‌ی ده‌ركه‌وت و گه‌شایه‌وه‌. له‌وێدا پوخته‌ی تیۆره‌ گشتییه‌كه‌ی له‌سه‌ر شیعر ده‌خاته‌ڕوو. ئاشكرایه‌ ئه‌ویش وه‌ك هه‌موو شاعرێكی گه‌وره‌، ره‌خنه‌گرێكی گه‌وره‌ش بوو، واته‌ فه‌یله‌سوف بوو (فه‌لسه‌فه‌ی شیعر، جه‌وهه‌ری شیعر! فلسفة الشعر، جوهر الشعر‌).

سه‌یری بۆدلێر یان رامبۆ یا ریلكه‌ یاخود رێنیه‌ شار… هتد بكه‌ن. له‌م رووه‌وه‌ ئێدگار ئالان پۆ، شتێكی ئاوا ده‌ڵێت: ئامۆژگاری ئه‌خلاقی شتێكه‌ و داهێنانی شیعریش شتێكی دیكه‌یه‌ و ته‌واو جیاوازه‌. ئێ هه‌ر ئه‌مه‌یه‌ ئه‌لئه‌عسمه‌عی لای خۆشمان‌، به‌ سه‌دان ساڵ به‌ر له‌ پۆ وتوویه‌تی: (شیعر له‌ ده‌رگای خراپه‌كاری ده‌دات، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر له‌ ده‌رگای چاكه‌كارییه‌وه‌ بێته‌ ژووره‌وه‌ بۆگه‌ن ده‌كات/ الشعر نكد بابه الشر، فاذا دخل فی باب الخیر فسد)، گوته‌یه‌كی یه‌كلایكه‌ره‌وه‌یه‌ نه‌ گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كرێت و نه‌ ره‌تده‌كرێته‌وه‌. ئه‌ڵبه‌ته‌ عه‌ره‌ب سه‌رچاوه‌ی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی و بلیمه‌تی شیعری و فیكرین.

پاشان شاعیره‌ گه‌وره‌كه‌ی ئه‌مریكا، ئه‌م قسه‌ گرنگانه‌ ده‌ڵێت: هه‌مو گه‌ردوون، شیعرێكی ده‌ستڕه‌نگینی و جوانسازیی ئیلاهییه‌. به‌ڵام به‌و پێیه‌ی مرۆڤ كوێرایی داهاتووه‌ له‌ بینینی دروستكراوه‌ سه‌رسوڕهێنه‌ره‌كانی ئیلاهیدا، ئه‌وا شاعیر به‌ هه‌سته‌ تیژه‌كه‌ی و خه‌یاڵه‌ داهێنه‌ره‌كه‌یه‌وه‌، به‌رپرسیاره‌ له‌ ناساندنی جوانی و ستاتیكای ئه‌م شیعره‌ گه‌ردوونییه‌ به‌ مرۆڤایه‌تی.

یه‌كێك له‌و شتانه‌ی گه‌وره‌یی و مه‌زنی ئێدگار ئالان پۆ ده‌رده‌خات، بریتییه‌ له‌ خه‌مباربوونه‌ زۆر توونده‌كه‌ی بۆ مه‌رگی “فێرجینیا”ی هاوسه‌ری كه‌ ته‌مه‌نی ته‌نها بیست و چوار ساڵ بوو. زیاد له‌ جارێك، له‌ نیوه‌ شه‌ودا، بینیویانه‌ له ته‌نیشت گۆڕه‌كه‌ی دانیشتووه و هه‌ڵیانگرتووه‌ته‌وه‌‌. هیچ شتێك نه‌بوو دڵنه‌وایی بداته‌وه‌، ئه‌و ئه‌م پرسیاره‌ی ده‌كرد: تۆ بڵێی له‌ جیهانه‌كه‌ی دیكه‌ بیبینێته‌وه‌ و پێی شادببێته‌وه‌؟ ئایا دوای مه‌رگ، ژیانێكی دیكه‌ هه‌یه‌؟ له‌م باره‌یه‌وه‌ نامه‌یه‌ك بۆ پورزاكه‌ی ده‌نووسێت و ده‌ڵێت: “به‌رگه‌ی ئازاری رۆشتنی ناگرم، ئه‌وه‌ له‌سه‌رو توانای منه‌وه‌یه‌. دوای ئه‌و نامه‌وێت بۆ یه‌ك كاتژمێریش چییه‌ بژیم”.

ره‌نگه‌ بڵێن جا ئه‌وه‌ چ شتێكی سه‌یری تێدایه‌؟ كه‌سێك شیوه‌ن بۆ هاوسه‌ره‌كه‌ی ده‌كات. ئاوا وه‌ڵامیان ده‌ده‌مه‌وه‌: چه‌ندین كه‌س ده‌ناسم (له‌ دڵه‌وه‌) به‌ مردنی هاوسه‌ره‌كانیان، تا بڵێی دڵخۆشن، بۆ ئه‌وه‌ی دواتر به‌زووترین كات، هاوسه‌رگیرییه‌كی دیكه‌ بكه‌ن.

له‌ كۆتایدا، كاریگه‌ری ئێدگار ئالان پۆ له‌سه‌ر ئه‌ده‌بیاتی جیهانی، گه‌وره‌ بوو. به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر هه‌ردوو ئه‌ده‌بیاتی فه‌ره‌نسی و روسی، ئه‌مه‌ با كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌ده‌بیاتی ئه‌مریكی و ئینگلیزی له‌ولاوه‌ بووه‌ستێت. بۆدلێر و مالارمێ ددان به‌وه‌دا ده‌نێن كه‌ كاریگه‌ری ئه‌ویان له‌سه‌ر بووه‌، هه‌روه‌ها دیستۆفیسكی و زۆرێكی دیكه،‌ ددان به‌وه‌دا ده‌نێن كاریگه‌ری ئه‌ویان له‌سه‌ر بووه‌. وا دیاره‌ پۆ له‌سه‌ر لێواری خه‌رنده‌كه‌ و له‌سه‌ر لێواری شێتی ده‌ینووسی. جا بۆ جیاوازی هه‌یه‌ له‌ نێوان بلیمه‌تی و شێتیدا؟ ئه‌ی ئه‌وه‌ نییه‌ هه‌مو جیهان شێته‌؟ له‌ ئێستادا كێ ده‌توانێت تێكستێكی ناوازه‌ بنووسێت، به‌رزببێته‌وه‌ بۆ ئاستی شێتی جیهان؟!

سه‌رچاوه‌

الشرق الاوسط، 13ی تشرینی دووه‌می 2023

زیاد له‌ پێویست سته‌م له‌ هاپرماس مه‌كه‌ن!

هه‌مو ڕۆشنبیرانی خۆرئاوا یه‌ك به‌ره‌ی كه‌ڕ و كوێر و لاڵ نین.

نووسینی: هاشم ساڵح

و له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌: هه‌ورامان وریا قانع

سه‌ره‌تا با ئه‌م تێبینییه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌ی خواره‌وه‌ تۆمار بكه‌ین: زۆرینه‌ی ڕۆشنبیرانی خۆرئاوا، ئه‌گه‌ر هه‌موشیان نه‌بن، به‌ تووندی سه‌ركۆنه‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌ تۆقێنه‌ره‌كه‌ی حه‌ماس-یان كرد كه‌ له‌ به‌ره‌به‌یانی حه‌وتی تشرینی یه‌كه‌م، جیهانی تووشی سه‌رسوڕمان كرد. به‌ڵام زۆرینه‌ی ڕۆشنبیرانی عه‌ره‌ب- جگه‌ له‌ ژماره‌یه‌كی كه‌میان نه‌بێت- ستایشی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ی حه‌ماس-يان كرد و چه‌پڵه‌یان بۆ لێدا و به‌ سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌یان له‌قه‌ڵه‌مدا. دابه‌شبوونه‌ توونده‌كه‌ی نێوان ڕۆشنبیرانی عه‌ره‌ب و ڕۆشنبیرانی خۆرئاوا ئه‌مریكی و ئه‌وروپی، ئا لێره‌دایه‌.

من نازانم چۆن چۆنی ئه‌و كه‌لێنه‌ی نێوان ئێمه‌ و ئه‌وان پڕده‌بێته‌وه‌، ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر بكرێت ڕۆژێك له‌ ڕۆژان پڕبكرێته‌وه‌… نه‌خێر ده‌زانم، دڵنیاتان ده‌كه‌مه‌وه‌ ده‌كرێت پڕبكرێته‌وه‌. به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌وه‌، ئه‌م به‌یاننامه‌ نایابه‌یه‌ كه‌ زیاد له‌ 100 ڕۆشنبیری ئه‌مریكی و ئه‌وروپی، وه‌ك په‌رچه‌كردارێك دژ به‌ به‌یاننامه‌كه‌ی هاپرماس و گروپه‌كه‌ی، بڵاویانكردووه‌ته‌وه‌ و پێیانوایه‌ به‌یاننامه‌كه‌ی هاپرماس، زیاد له‌ پێویست له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئیسرائیله‌. ئه‌مه‌ مانای وایه‌، هه‌مو ڕۆشنبیرانی خۆرئاوا، به‌ره‌یه‌كی كه‌ڕ و كوێر و لاڵ نین و له‌ نێوانیاندا چه‌ندین ڕه‌وت و دایه‌لۆگی مشتومڕئامێزی دیموكراسییانه‌ هه‌یه‌. چه‌ندین ئاراسته‌ و ڕه‌وتی جیاواز بوونی هه‌یه‌. جا به‌و پێیه‌ی له‌ وڵاتانی ئه‌وان، ئازادی گوزارشتكردن و بیركردنه‌وه‌ له‌ ئارادایه‌، بۆیه‌ ده‌توانن بێ هیچ ترسێك له‌ به‌خائینكردن یان ته‌كفیركردن یان ته‌نانه‌ت ده‌ستدرێژی سێكسی، ده‌توانن گوزارشت له‌ بیروڕاو بۆچونه‌كانی خۆیان بكه‌ن. ئه‌مه‌ش نیعمه‌تێكی گه‌وره‌یه‌ و ئه‌وان چێژی لێوه‌رده‌گرن و سه‌رجه‌م گه‌لانی سه‌ر زه‌وی، له‌م باره‌یه‌وه‌، ئێره‌ییان پێده‌بن.

ئاشكرایه‌ به‌یاننامه‌كه‌ی هاپرماس و گروپه‌كه‌ی، له‌ به‌رواری 13ی تشرینی دووه‌می 2023 بڵاوكراوه‌ته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌ی كه‌ وه‌ڵامی به‌یاننامه‌كه‌ی هاپرماس-ی داوه‌ته‌وه‌‌، دوای نزیكه‌ی ده‌ ڕۆژ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، به‌ دیاریكراوی له‌ 22 تشرینی دووه‌می 2023. ئاخۆ ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌ له‌ به‌یاننامه‌ گرنگه‌كه‌یان و شه‌رمهێن بۆ گه‌وره‌ترین فه‌یله‌سوفی ئه‌ڵمانی، چییان وتووه‌؟ ئه‌وان شتێكی له‌م جۆره‌یان وتووه‌: ئێمه‌ له‌گه‌ڵ هاپرماس، هاوڕاین بۆ ئیدانه‌ و شه‌رمه‌زاركردنی كوشتن و ڕفاندنی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی ئیسرائیل، له‌لایه‌ن حه‌ماسه‌وه‌ له‌ ڕۆژی حه‌وتی تشرینی یه‌كه‌م. هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵیدا هاوڕاین كه‌ پێویسته‌ ژیانی جوله‌كه‌كان له‌ ئه‌ڵمانیا، به‌رامبه‌ر به‌ شه‌پۆلی دژه‌ جوله‌‌كه‌ پارێزراوبێت، شه‌پۆلێك به‌م دواییانه‌ له‌ زیادبوون و هه‌ڵكشاندایه. هه‌روه‌ها ئێمه‌ هاوڕاین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پێویسته‌ كه‌رامه‌تی مرۆیی سه‌رجه‌م مرۆڤه‌كان پارێزراوبێت، به‌و پێودانگه‌ی ئه‌وه‌ یه‌كێكه‌ له‌ پرنسیپه‌ سه‌ره‌كی و بنچینه‌ییه‌كانی مۆراڵی دیموكراسی‌ كه‌ كۆماری یه‌كێتی ئه‌ڵمانیای له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌. ئێمه‌ له‌سه‌ر هه‌مو ئه‌وانه‌ هاوڕاین.

وه‌لێ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی ده‌رحه‌ق به‌ “به‌یاننامه‌ی پرنسیپه‌كانی هاریكاری” كه‌ هاپرماس و گروپه‌كه‌ی بڵاویانكردووه‌ته‌وه‌‌، نیگه‌ران ده‌كات، ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م هاریكارییه‌ (لانی كه‌م له‌ ڕووكه‌شدا) ته‌نها تایبه‌ته‌ به‌ ئیسرائیلییه‌كان. په‌رۆشی بۆ پارێزگاریكردن له‌ كه‌رامه‌تی مرۆیی كه‌ له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا به‌ ڕاستی گوزارشتی لێكراوه‌، به‌ شێوه‌یه‌كی گونجاو درێژنابێته‌وه‌ تاكو هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی فه‌له‌ستین له‌ غه‌ززه،‌ به‌ یه‌كسانی له‌گه‌ڵ هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی ئیسرائیل بگرێته‌وه‌؛ ئه‌و ئیسرائیلیانه‌ی كه‌ حه‌ماس له‌ هێرشه‌ “تیرۆریستییه‌” ناسراوه‌كه‌یدا، دووچاری كوشتن و برینداربوون و ڕفاندن بوونه‌وه‌. هیچ گومان له‌وه‌دا نییه‌، به‌یاننامه‌كه‌ی هاپرماس، گرنگی به‌ چاره‌نووسی فه‌له‌ستینییه‌كان ده‌دات. به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌كی دروست و ته‌واوه‌تی نا. ئاخر ئه‌و فه‌یله‌سوفێكی رۆشنگه‌ره‌ و ناتوانێت زیاد له‌ پێویست، له‌ پرنسیپه‌كانی ڕۆشنگه‌ریی لابدات. ئه‌ڵبه‌ته‌ له‌سه‌ر كۆی ڕۆشنبیران پێویسته‌، ددان به‌وه‌دا بنێن كه‌ فه‌له‌ستینییه‌كانی غه‌ززه‌، هه‌نووكه‌ ڕوبه‌ڕووی مردن و ماڵوێرانی ده‌بنه‌وه‌.

پاشان له‌و به‌یاننامه‌یه‌ی كه‌ دژ به‌ به‌یاننامه‌كه‌ی هاپرماس نووسراوه‌‌، هاتووه‌: هاریكاری له‌ دیدی ئێمه‌دا، واته‌ پرنسیپی كه‌رامه‌تی مرۆیی، یه‌ك پرنسیپه‌‌ و پێویسته‌ هه‌موان بگرێته‌وه‌، چ جوله‌كه‌ یان عه‌ره‌ب، ئیسرائیلی یان فه‌له‌ستینی، هیچ جیاوازییان نییه‌ و هه‌موان هه‌ر مرۆڤن. هه‌ر بۆیه‌ هه‌موان له‌ ماف و كه‌رامه‌تی مرۆڤانه‌دا یه‌كسانن. ئه‌مه‌ش پرنسیپێكی بنچینه‌ییه‌ كه‌ له‌ فه‌لسه‌فه‌ی رۆشنگه‌ریدا هاتووه‌ و به‌ شێوه‌یه‌كی ته‌واوه‌تی هه‌مو جۆره‌ جیاكارییه‌كی تائیفی و ره‌گه‌زپه‌رستی نێوان مرۆڤه‌كان ره‌تده‌كاته‌وه‌. فه‌لسه‌فه‌ی رۆشنگه‌ریی ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌یه‌ كه‌ خودی هاپرماس، ته‌به‌نیكردووه‌ و به‌رده‌وام به‌رگری لێده‌كات. ئه‌م پرنسیپه‌ مرۆییه‌، ناچارمان ده‌كات له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م دانیشتوانی مه‌ده‌نی، هاوده‌نگ و هاوسۆز و هاریكاربین؛ كه‌ بێ ویست و حه‌زی خۆیان، له‌ ناكاو دووچاری كاره‌سات و نه‌هامه‌تی و ماڵوێرانی جه‌نگ ده‌بنه‌وه‌.

به‌یاننامه‌كه‌ له‌سه‌ر قسه‌كانی به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌ڵێت: به‌یاننامه‌كه‌ی هاپرماس و گروپه‌كه‌ی، سێ پرنسیپی له‌خۆگرتووه‌ كه‌ پێویسته‌ له‌ كات و ساتی جه‌نگه‌كاندا، ره‌چاوبكرێن و بریتین له‌مانه‌ی خواره‌وه‌:

یه‌كه‌م: پرنسیپی وه‌ڵامدانه‌وه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌. ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌یه‌ نابێت وه‌ڵامدانه‌وه‌كه‌ به‌جۆرێك هێند توند و قێزه‌ون بێت، ده‌ستدرێژییه‌ ئه‌سڵییه‌كه‌ تێپه‌ڕێنێت. به‌ڵام ئێمه‌ ده‌بینین وه‌ڵامدانه‌وه‌ به‌ربه‌ریانه‌كه‌ی ئیسرائیل، دوو هێنده‌ و سێ هێنده‌ی كرده‌وه‌ به‌ربه‌ریانه‌كه‌ی حه‌ماس-ی تێپه‌ڕاندووه‌.

دووه‌م: تا ده‌توانرێت هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی دووربن له‌ زه‌ره‌ر و زیانی گیانی. به‌ڵام ئێمه‌ ده‌بینین ئه‌و كاره‌ساته‌ مه‌ده‌نییه‌ی دووچاری دانیشتوانی غه‌ززه‌ بووه‌ته‌وه‌، ترسناكه‌، بگره‌ له‌ ترسناكیش زیاتره‌.

سێیه‌م: له‌ كۆتایدا به‌رپاكردنی جه‌نگ له‌ پێناو گه‌یشتنه‌ به‌ ئاشتی، نه‌ك جه‌نگ له‌ پێناو جه‌نگ بێت، یان كوشتن له‌ پێناو كوشتن بێت، یا تۆڵه‌ له‌ پێناو تۆڵه‌ بێت. ئێمه‌ له‌سه‌ر هه‌مو ئه‌وه، له‌گه‌ڵیدا هاوڕاین. به‌ڵام ئه‌وه‌ی نیگه‌رانمان ده‌كات، ئه‌وه‌یه‌ هاپرماس وه‌ك پێویست، پێداگریی له‌ زه‌روره‌تی رێزگرتن له‌ یاسا نێو ده‌وڵه‌تییه‌كان ناكات كه‌ رێگری له‌ تاوانه‌كانی جه‌نگ و تاوانه‌كانی دژ به‌ مرۆڤایه‌تی ده‌گرن، له‌ نموونه‌ی سزادانی به‌ كۆمه‌ڵ و وێرانكردنی ژێرخانی مه‌ده‌نی، وه‌ك قوتابخانه‌كان، نه‌خۆشخانه‌كان، شوێنه‌كانی په‌رستن. غه‌ززه‌ هه‌ر هه‌مووی بووه‌ته‌ ته‌رم. كێ ده‌توانێت له‌ ئێستادا سه‌یری ته‌له‌فزیۆن بكات؟ كێ ده‌توانێت ئه‌و كفن و ته‌رمه‌ بچوكانه‌ و دایكه‌كان ببینێت؟

ئه‌مه‌ ئه‌و دیالۆگه‌ بوو كه‌ له‌ نێوان هاپرماس و نه‌یاره‌كانی له‌ ڕۆشنبیرانی خۆرئاوا و ئه‌وانی دیكه‌ روویدا. من له‌و بڕوایه‌دام وه‌ڵامه‌كه‌یان بۆ هاپرماس، به‌هێزتر بوو له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی زۆرینه‌ی ڕۆشنبیرانی عه‌ره‌ب؛ كه‌ جڵه‌وی خۆیان له‌ده‌ستدا و به‌ نوكه‌ قه‌ڵه‌مێك ڕه‌شیانكرده‌وه،‌ یان كه‌وتنه‌ قسه‌ پێوتنی و جنێوبارانكردنی. ئا به‌م شێوه‌یه‌، هیوادارین توانیبێتمان وه‌ك پێویست، ئیشكالییه‌تی به‌یاننامه‌كه‌ی هاپرماس-مان ڕوونكردبێته‌وه‌. ئه‌و پیاوه‌، تا ئه‌و ئاسته‌ی ئێمه‌ پێمانوایه‌، ناپاكی له‌ پرنسیپه‌كانی ڕۆشنگه‌ریی نه‌كردووه‌. ئه‌و مه‌ودای هێرشه‌كه‌ی ئیسرائیلی بۆ سه‌ر غه‌ززه‌، سنوردار كردووه‌ و مه‌رجی به‌سه‌ردا سه‌پاندووه‌. به‌ڵام وه‌ك پێویست نییه‌، بێگومان ئه‌و زیاد له‌ پێویست به‌لای به‌رژه‌وه‌ندی ئیسرائیلدا ده‌یشكێنێته‌وه‌ و ترسی له‌ناوچوونی هه‌یه‌.

هه‌ندێك له‌ ئه‌وروپا، پێیانوایه‌ فه‌یله‌سوفه‌كه‌ی ئه‌ڵمانیا، به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ بیرده‌كاته‌وه‌: به‌ پێچه‌وانه‌ی جوله‌كه‌، ژماره‌ی موسڵمانان هێجگار زۆره‌ و هیچ كه‌سێك ناتوانێت له‌ بوون بیانسڕێته‌وه‌. كێ ده‌توانێت ملیار و نیوێك خه‌ڵك له‌ناوبه‌رێت؟ ته‌نانه‌ت خودی عه‌ره‌به‌كانیش، ژماره‌یان زۆره‌ و زیاد له‌ 500 ملیۆن كه‌س ده‌بن. لێره‌وه‌ ئه‌وان وه‌ك جێگیری شاخه‌كان جێگیرن و هه‌مو ناوچه‌كه‌ش له‌ ئۆقیانوسه‌وه‌ بۆ كه‌نداو، به‌ ناوچه‌ی خۆیانی ده‌زانن‌ و هیچ ترسێكیان له‌سه‌ر نییه‌، نوقته‌ سه‌ری دێڕ.

به‌ڵام ژماره‌ی جوله‌كه‌ زۆر كه‌مه‌، ژماره‌یان له‌ ته‌واوی جیهاندا ناگاته‌ 15 ملیۆن كه‌س. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌،هاپرماس گرێی نازییه‌ت به‌دواوه‌یه‌تی. لێره‌وه‌ ئه‌و ناتوانێت به‌ ته‌واوه‌تی بابه‌تی یان بێلایه‌ن بێت، بۆ نمونه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی جیل دۆڵۆز یان مه‌كسیم رۆدنسۆن له‌ فه‌ره‌نسا كردیان. ئه‌مه‌یه‌ ئه‌و ڕۆشنبیره‌ به‌ڕێزانه‌ پشتگوێی ده‌خه‌ن كه‌ واژۆیان له‌سه‌ر به‌یاننامه‌كه‌ی سه‌ره‌وه‌ كردووه‌ و به‌یاننامه‌كه‌ ئه‌م ناونیشانه‌ی هه‌یه‌: “وه‌ڵامی به‌یاننامه‌ی پرنسیپه‌كانی هاریكاری هاپرماس و گروپه‌كه‌ی. داوای كه‌رامه‌تی مرۆیی بۆ هه‌موان ده‌كه‌ین”. ژماره‌ی ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌ی واژۆیان له‌سه‌ر ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌ كردووه‌، 107 كه‌سه‌، زۆربه‌یان فه‌یله‌سوف و مامۆستای زانكۆ گه‌وره‌كانی ئه‌مریكا و ئه‌وروپان، وه‌ك زانكۆی كۆلۆمبیا له‌ نیۆیۆرك و زانكۆی ئۆكسفۆرد و زانكۆی ییل.. هتد.

ئه‌و خاڵه‌ی به‌ ئه‌رێنی بۆ هاپرماس ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و پێویسته‌ له‌سه‌رمان ددانی پێدابنێین، ئه‌وه‌یه‌ له‌ به‌یاننامه‌كه‌یدا، به‌ ڕوون و ڕاشكاوانه‌، ئیدانه‌ی ڕه‌گه‌زپه‌رستی كردووه، به‌ ره‌هایی ئیدانه‌ی كردووه‌. واته‌ ئه‌و به‌ ته‌نها ئیدانه‌ی ئه‌و ڕه‌گه‌زپه‌رستییه‌ی نه‌كردوه‌ كه‌ به‌رامبه‌ر به‌ جوله‌كه ده‌كرێت‌ و پێیده‌وترێت دژه‌ جوله‌كه‌. به‌ڵكو قسه‌كانی به‌ شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ، دژ به‌و جۆره‌ ڕه‌گه‌زپه‌رستییه‌یه‌ كه‌ له‌به‌رامبه‌ر هه‌مو ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی له‌ ئه‌ڵمانیا نیشته‌جێن ئه‌نجامده‌درێت، له‌وانه‌ بێگومان عه‌ره‌ب و تورك. هاپرماس ڕه‌وایه‌تی به‌ ڕه‌گه‌زپه‌رستی دژ به‌ عه‌ره‌ب نه‌داوه‌! هه‌روه‌ها ڕه‌وایه‌تی به‌ نه‌ژادپه‌رستی دژ به‌ موسڵمانان نه‌داوه‌! ئه‌مه‌ شتێكه‌ له‌ فه‌یله‌سوفێكی گه‌وره‌ی ڕۆشنگه‌ریی وه‌ك ئه‌و ناوه‌شێته‌وه‌. ئه‌و دژی هه‌مو جۆره‌ سوكایه‌تی و بێڕێزییه‌كه‌ كه‌ هۆكاره‌كه‌ی ره‌گه‌زپه‌رستی یان تائیفی بێت. ئاخر ئه‌و چۆن ده‌بێت وا نه‌بێت؟ ئه‌ی ئه‌و له‌م سه‌رده‌مه‌دا، یه‌كه‌مین فه‌یله‌سوفی ڕۆشنگه‌ریی نییه‌؟ ئاشكرایه‌ شه‌ڕه‌ گه‌وره‌كه‌ی ڕۆشنگه‌ریی، دژ به‌ جیاكاریی ڕه‌گه‌زپه‌رستی و تائیفی نێوان مرۆڤه‌كان بوو.

له‌ ئه‌وروپا به‌ر له‌ سه‌ركه‌وتنی ڕۆشنگه‌ریی، مه‌سه‌له‌ی تایفه‌گه‌ریی، ته‌نانه‌ت له‌ نێو خودی مه‌سیحییه‌كاندا، نه‌ك ته‌نها دژ به‌وانی دی، تاوی سه‌ندبوو. له‌و ڕۆژگاره‌دا مه‌سه‌له‌كان به‌م جۆره‌ بوو: وه‌ی به‌ حاڵی پرۆتستانتێك له‌ وڵاتانی كاسۆلیك بژی، وه‌ی به‌ حاڵی كاسۆلیكێك له‌ وڵاتانی پرۆتستانت بژی.ئێ ئاخر له‌ بنچینه‌دا ڕۆشنگه‌ری وه‌ك په‌رچه‌ كردارێك، دژ به‌ كوشتوبڕه‌ تائیفییه‌كان هاته‌ئاراوه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ئیخوان مه‌سیحییه‌كان و فێنده‌مێنیتاڵیزمه‌كانه‌وه‌، دنه‌ ده‌درا و ده‌ستخۆشی لێده‌كرا. له‌و سه‌رده‌مه‌دا ته‌كفیر و ته‌كفیری پێچه‌وانه‌، له‌ نێوان هه‌ردوو مه‌زهه‌به‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی مه‌سیحییه‌تی ئه‌وروپیدا، له‌و په‌ڕی بره‌و و په‌ره‌سه‌ندندا بوو. ئه‌و ته‌كفیركردنه‌ی یه‌كتر، ده‌روونی خه‌ڵكه‌كه‌ی پڕ ده‌كرد له‌ هه‌ستیاری مه‌زهه‌بی و دژی یه‌كتر هانیده‌دان. ئه‌مه‌ خاڵێكی بنچینه‌ییه‌ و نابێت ئاگامان لێی نه‌بێت و به‌سه‌رماندا تێپه‌ڕێت. ڕۆشنگه‌ریی كێشه‌ی تائیفی له‌ ئه‌وروپا یه‌كلایی كرده‌وه‌ و له‌ناویبرد. ئه‌م ده‌ستكه‌وته‌ مه‌زنه‌، ڕێگه‌یدا له‌ فه‌ره‌نسا و ئینگلته‌ره‌ و ئه‌ڵمانیا… هتد، یه‌كێتی نیشتیمانی به‌هێز بێته‌ئاراوه‌.

ڕۆشنگه‌ریی گه‌وره‌ترین خزمه‌تی پێشكه‌ش به‌ گه‌لانی ئه‌وروپا كرد. ڕۆشنگه‌ریی ئه‌وانی له‌ چنگی شه‌ڕی ناوخۆ و تائیفی رزگار كرد. هه‌ر ڕۆشنگه‌ریی بوو، وایكرد ئه‌وروپا بۆڕی سه‌رجه‌م گه‌لانی سه‌ر زه‌وی بداته‌وه‌. ڕۆشنگه‌ریی وشه‌یه‌كی هاكه‌زایی نییه‌، به‌ گۆتره و له‌ بۆشایدا ناویبهێنرێت. ڕۆشنگه‌ریی گه‌مه‌ و گاڵته‌ و نوكته‌ نییه‌. ڕۆشنگه‌ریی چاره‌سه‌ری كێشه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی كرد و ئاسۆ داخراوه‌كانی كرده‌وه‌. ڕۆشنگه‌ریی ئه‌وروپای له‌ چنگی تێگه‌شتنی تاریكبین و تائیفی بۆ ئاین رزگار كرد. تۆ بڵێت هه‌ر هه‌مو ئه‌وه‌ شتێكی كه‌م بێت‌؟

لێره‌وه‌ نابێت به‌رامبه‌ر به‌ هاپرماس، زیاد له‌ پێویست دڵڕه‌قبین. هه‌ندێك پێیانوایه‌ هاپرماس به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ بیرده‌كاته‌وه‌:

مێژووی گه‌لی جوله‌كه‌، سروشتێكی زۆر تایبه‌تی هه‌یه‌ و له‌ هه‌مو گه‌لانی دیكه‌ی سه‌ر زه‌وی جیایده‌كاته‌وه‌. چونكه‌ گه‌لی جوله‌كه‌، به‌درێژایی مێژوو، به‌رده‌وام‌ له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ناوچوون و جینۆسایدا بووه‌. هه‌میشه‌ كه‌مینه‌یه‌كی قێزه‌ون و ڕیسوا‌كراو بووه‌، به‌رده‌وام له‌ گیتۆ داخراوه‌كاندا ژیاون، چ له‌ وڵاتانی ئه‌وروپی مه‌سیحی یان له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی ئیسلامی.

ئا له‌به‌ر ئه‌و هۆكارانه‌یه‌، هاپرماس و زۆرینه‌ی ڕۆشنبیرانی خۆرئاوا، ترسیان له‌ حه‌ماس هه‌یه‌. چونكه‌ حه‌ماس ته‌نها جووڵانه‌وه‌یه‌كی مقاوه‌مه‌ نییه‌، بگره‌ حه‌ماس به‌ پله‌ی یه‌كه‌م، گروپێكی ئاینی سه‌ر به‌ ئیخوان موسلمینه‌. هاپرماس-یش وه‌ك به‌شی زۆری ڕۆشنبیرانی خۆرئاوا، له‌و بڕوایه‌دایه‌ ئه‌م جۆره‌ بزووتنه‌وه‌ و گروپانه‌، ده‌یانه‌وێت له‌به‌ر هۆكاری ئاینی، جوله‌كه‌ له‌ناوبه‌رن. ئه‌ڵبه‌ته‌ چه‌ندین فه‌توای تیۆلۆژی هه‌یه‌، جوله‌كه‌ به‌ كافر داده‌نێن و خوێنیان حه‌ڵاڵ ده‌كه‌ن. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌شه‌، هاپرماس نه‌یتوانی هاوسۆزی گه‌لی فه‌له‌ستین بێت، به‌و شێوه‌یه‌ی له‌ فه‌یله‌سوفێكی گه‌وره‌ی وه‌ك ئه‌و، چاوه‌ڕوان ده‌كرا. پێویسته‌ ددان به‌وه‌دابنرێت پرسی فه‌له‌ستین، پرسێكی ره‌وا و دادپه‌روه‌رانه‌یه‌، هه‌روه‌ها پرسێكه‌ سته‌می زۆری لێكراوه‌ و باجێكی گه‌وره‌ی هه‌مو ئه‌و ته‌قینه‌وانه‌ی داوه‌ كه‌ فێنده‌مێنیتاڵیسته‌كان، له‌ تاوانه گه‌وره‌‌كه‌ی11 سێپتێمبه‌ره‌وه‌، تا ڕۆژی ئه‌مڕۆ، ئه‌نجامیانداوه‌.

سه‌رچاوه‌

الشرق الاوسط، 6ی كانوونی یه‌كه‌می 2023

گفتوگۆی دوو هاوڕێ لە پاییزی تەمەندا

خستنەڕووی: “ماڵێک بە لێژەبانی سوور”

 

خوێندنەوەی: سەردەم

 

“بیرۆکەی سەرەتایی ئەم گفتوگۆیە دەگەڕێتەوە بۆ کاتێک کە هەستم کرد عەباس کیاڕۆستەمی و ئایدین ئاغداشلۆ هاوپۆلی قۆناغی خوێندنی ناوەندی بوون. داوام لە ئایدین ئاغداشلۆ کرد، داوەتی کیاڕۆستەمی بکات بۆ ماڵەکەی و ئەویش بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە ڕازی بوو، کیاڕۆستەمیش داوەکەی ئەوی قبووڵ کرد. بەڵام بەرهەمی ئەم دیدارە لەوە پێشبینیکراوتر بوو کە وێنام دەکرد؛ گفتوگۆیەکی دوورودرێژ، کە بەشێکی ساڵی ٢٠١٤ لە ساڵنامەی ڕۆژنامەی “شەرق”دا بڵاو بووەتەوە و بە هۆکاری دوورودرێژبوونی تەنانەت بەر لە چاپ، لە ڕۆژنامە، عەباس کیاڕۆستەمی پێشنیاری کرد. باشترە وەک کتێبێکی بچووک بە ناونیشانی “ماڵێک بە لێژەبانی سوور” بڵاو ببێتەوە.” ئەمە گوتەی مەرجان سائیبییە، کە ئامادەکاری ئەو کتێبەیە کە تێیدا دوو هاوڕێی قۆناغی ناوەندی، کە هەردووکیان تەمەنیان سیازدە ساڵ بووە، دێنە گفتوگۆ و یادەوەریی ئەو قۆناغە و دواتر دەگێڕنەوە؛ ئەوانیش هەردوو هونەرمەندی دیاری ئێران، دەرهێنەری سینەمایی عەباس کیاڕۆستەمی و هونەرمەندی شێوەکار ئایدین ئاغداشلۆیە.

گفتوگۆ یەکێکە لەو کەناڵانەی کە تێیدا دەتوانرێت ئاسۆی بیرکردنەوەی نووسەران و هونەرمەندا سەبارەت بە کۆمەڵێک پرسی کەسی و گشتی، داهێنان و هەندێ بابەت کە ڕەنگە بۆ کەسانێک کە خولیا و ئارەزوومەندی ئەو نووسەر یان هونەرمەندەن، دەرچە و کلیلێکی گەورە بێت بۆ کردنەوەی زۆر لایەنی نەدیتراو و نەبینراو. گفتوگۆ عادەتێکی هەیە کە ڕاستەوخۆ دەگات، ئایدیاکان ڕوونن و وەڵامەکان دوور لە ئاڵۆزی دەتوانن بەیان بکرێن. لە ڕێی گفتوگۆوە باشتر دەتوانین باکگراوندی نووسەر یان هومەرمەند بزانین، دەتوانین پەیی بە قووڵایی هەندێ باس ببەین کە دەگمەن دەکرێ لەناو کارەکانیدا بدۆزرێنەوە. سروشتی گفتوگۆ سادەکردنەوەی هەندێ ئاڵۆزییە، ڕێیەکی تەخت و ڕێکە بۆ گەیشتن بە دڵی ناوەڕۆک.

خوێندنەوەی ئەم کتێبە بچکۆلەیە، کە وەک لەژێر ناونیشانی سەرەکیدا هاتووە “گفتوگۆ لەگەڵ عەباس کیاڕۆستەمی و ئایدین ئاغداشلۆ”، نموونەی ئەو گفتوگۆیانەیە کە تێیدا سەرلەبەر تەرخانە بۆ یادەوەریگەلێک کە دەچنە خانەی یادەوەریی ڕۆژانە و زەمەنێکی دوورەوە، یادەوەریگەلێک کە سەروەختیان ئاماژەکان بۆ داهێنان کاڵن و گرەنتی نییە لەو یادەوەرییانە دوو کەسی بەناوودەنگ دەربێن. کاتێک ئەم وتووێژە ساز دەبێت، کە هەردوو هونەرمەند حەفتاوسێ ساڵیانە، گێڕانەوەی بەسەرهات و بیرەوەرییەکان دەگەڕێنەوە بۆ سیازدە ساڵی، واتە شەست ساڵ لەوەوبەر. لەو کاتەدا کە عەباس کیاڕۆستەمی لە قوتابخانەیەکی زۆر خراپەوە ڕوو دەکاتە ناوەندی جەم و لەوێ وەک غەریبەیەک تێکەڵ بەو دنیایە دەبێت، هەست بەو جیاوازییە کولتووری و ئابوورییە دەکات لە هەردوو شوێنەکەدا، بۆیە زۆربەی کاتەکان بە تەنیا و لە گۆشەیەکدا دەوەستێت و بەس تەماشا دەکات؛ کردەی “تەماشا”، کە کردەیەکی تەواو سینەماییە، هەر لەو کاتەوە لە عەباسدا دەردەکەوێت و ئایدین ئاغداشلۆ جەختی ئەم لایەنەی کیاڕۆستەمی دەکاتەوە و دەڵێت ئەو بەردەوام تەماشای دەکرد و هەموو شتەکانی تۆمار دەکرد. ئەم هاوڕێیەتییە سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوێ ڕۆژێی ناو ئەو ناوەندییە و چەندین دۆخ و شێواز بە خۆیەوە دەگرێت، تەنانەت دەگاتە کە جارێک دەکەونە شەڕ لەگەڵ یەکتر، دەگێڕنەوە کە ڕەحلەیان بە دەرگای پۆلەکەوە ناوە، بە تەنیا هەردووکیان لە پۆلدا بوون و ئیتر پەلاماری یەکتریان داوە، تا توانیویانە لە یەکتریان داوە، تەواو شەکەت بوون، قوتابییەکان لە پەنجەرەوە سەیریان کردوون، دواتر کە هیچ تینێکیان تێدا نەماوە، هاتوونەتە دەرەوە.

یەکێک لە خەسڵەتەکانی ئەم کتێبە چکۆلەیە، کە ڕەنگە لایەنە زۆر جوانەکەشی بێت، کەمتر هەردوو هونەرمەند زۆر کەم دێنە ناو باسە جددییەکانەوە، زیاتر دەوری هەندێ یادەوەری دەدەنەوە، کە سەر بە قۆناغێکن هێشتا هیچیان ناو نین و تەنیا گەنجێکن لە سەرەتای خۆپێگەیاندندا. وتووێژەکە زۆر هاوڕێیانەیە، بەسەرکردنەوەی دەیان ناوی ترە کە هاوڕێی ئەو قۆناغەیان بوون و بە جۆرێک لە جۆرەکان کاریگەرییەکیان هەبووە، یاخود ڕووداوێکیان لە لا بەجێ هێشتوون. بێگومان لە گێڕانەوەی یادەوەرییەکاندا هەردووکیان زاکیرەییەکی ڕوون و تیژیان هەیە، بەڵام عەباس کیاڕۆستەمی وردتر و دەقیقترە، بە جۆرێک کە ئایدین لە بیرهێناوەنەوەی هەندێ ناو و ڕووداودا، تووشی شۆک و سەرسامی دەبێت.

پێگەی عەباس کیاڕۆستەمی پێگەیەکی جیهانییە، لەم گفتوگۆیانەشدا ئەمە بەرجەستە بووەتەوە. سەرەتایەک بۆ کتێبەکە لە لایەن ئایدین ئاغداشلۆوە لەژێر ناوی “چاوەڕێی دەنگی پێی بووم” نووسراوە، تێیدا باس لەو چاوەڕوانییە دەکات کە پاش ئەو هەموو ساڵە بڕیارە عەباس کیاڕۆستەمی بێت بۆ گەلەری ژێرزەمینەکەی و لەوێ ئەو گفتوگۆیە بکەن، باس لە هەستە وردەکانی خۆی دەکات، لە ڕێکوپێکی شتەکان و شیاویان لە ئاست قەڵافەتی بەشکۆیی کیاڕۆستەمیدا. با پێکەوە گوێ لەم هەستە تایبەتانە بگرین:

“قبووڵی کرد کە بێتە گەلەرییەکەی من و لە ژێرزەمینی سەر شەقامی سوهرەوەردیی باشوور، لە کاتی خۆیشیدا هات، چەند کارێکی باشی کرد، چونکە دڵم لای بوو و خەریکبووم ماڵی گسکدراوم لە خۆوە دووبارە گسک دەدایەوە و ڕێکوپێکم دەکرد و سەیری پەرداخەکانم دەکردەوە، تا نەبا شوێنپەنجەیەک، یان پاشماوەیەکی ڕەنگینیان بە سەرەوە مابێت، چووم لە کۆگای کتێبەکان دوایین تابلۆم بە زەحمەتی زۆر دەرکێشا و لەسەر مێزی کارەکەم دامنا، تا بە دیاری بیدەم بەو و کەلوپەلی قاوەم ڕێک خست، کە کەلوپەلێکیش نییە و خێرا قاوە دەکەمە کوپگەلێکەوە، کە لە فرۆشگەی مۆزەخانەکان کڕیومە و لەسەر هەریەکێکیان وێنەی کاشییەکانی ئیزنیک، چاپ کراوە و هەمووی لەسەر سینییەکی ڕەشی پلاستیک دادەنێم ـ کە وێنەی پەپووسڵێمانکەیەک لە کاتی ڕاکردندا لە ناوەڕاستیدا هەڵکۆڵراوە ـ.”

لە بەرانبەردا، کاتێک گوێ لە عەباس کیاڕۆستەمی دەگرین تێدەگەین کە ئەم هاوڕێیەتییە بنەماکەی چەند پتەو و دروست بووە، ئەویش لەو جێیانەدا کە باسی کاریگەریی ئایدین ئاغداشلۆ دەکات لەسەر خۆی، کاریگەرییەکە پەیوەستە بە هەمان قۆناغەوە، قۆناغی ناوەندی، کە تێیدا ئایدین ئاغداشلۆ نەخۆش دەکەوێت و بەو هۆیەوە ساڵێکی ڕەبەق نایەتەوە بۆ قوتابخانە، ئایدین لەو ساڵەدا بەس خەریکی خوێندنەوە دەبێت، کاتێک دەگەڕێتەوە، بە گوتەی کیاڕۆستەمی ئایدینێکی ترە و چیدی ئەوەی پێشوو نییە، لێرەوەیە وەک دەرهێنەرێکی جیهانی، کیاڕۆستەمی باس لەو کاریگەرییەی ئایدین دەکات کە هەیبووە لەو سەردەمەدا، بەوەی کە ئەو کتێبانەی خوێندوویەتیەوە داویەتی بە عەباس و عەباس لەوێوە ئاشنایەتییەکی پتەو لەگەڵ ئەدەبیات و بە تایبەت شیعردا پەیدا دەکات.

لە میانی ئەم گفتوگۆیانەوە چەند دەیە لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگی لە ئێراندا تاوتووێ دەکرێن، ناوگەلێک دێن کە هەر وەک ئەمان لەو کاتەدا ناو نەبوون و دیار نەبوون، بەڵام دواتر لەو ناوە هەرە دیارانەی نووسەران و هونەرمەندانی فارسن لە تەواوی دنیادا. بە گشتی کەشێکی گاڵتەئامێز و پڕ لە یادەوەریی خۆش و پێکەنین زاڵە بەسەر تەواوی کتێبەکەدا، هەر ئەمەش وای کردووە کە کتێبەکە خۆشدەست و خۆشخوێن بێت، هێڵی تۆخی هاوڕێیەتی ئەم دوو هونەرمەندە هاوتەریب بە درێژایی شەست ساڵ کشاوە، لە زۆر کات و شوێندا ئەم دوو هونەرمەندە لە یەکتر دابڕوان، بەڵام بەردەوام لە نەستی یەکدا ئامادەییان هەبووە، کتێبەکە نموونەیەکی جوانی ڕاستگۆیانەی دوو هونەرمەند بەیان دەکات، کە چ لەگەڵ یەکتر و چ لەگەڵ بەرهەم و بیرکردنەوەیاندا، تەبا و کۆکە. ئەمەش دەکرێت ببێتە مۆدێلێک بۆ چاولێکەری نێوان هەردوو هاوڕێیەک لە هەر جێیەکی ئەم دنیایەدا بن، جا گەر کەسی ئاسایی بن، یان لە دوو پێگەی بەرزی ئەدەبی و هونەری یان هەر پایەکی تردا ڕاوەستابن.

وەرگێڕی ئەم کتێبە خنجیلە و جوانە جەبار سابیرە، کە ڕاستەوخۆ لە زمانی فارسییەوە کتێبەکەی کردووە بە کوردی، کوردییەکی شیاو و شایستە بە وتووێژێکی لەو چەشنە. جەبار سابیر کە ئەمڕۆ ناوێکی چالاک و پڕکاری کایەی وەرگێڕانە، لە پێشەکیی کتێبەکەدا نووسیویەتی: “خوێندنەوە و گرنگیی ئەم دیدارە لەوەدایە، ئەم دوو هونەرمەندە گرنگ و کاریگەرەی ئێرانی هاوچەرخ، زۆر بە سادەیی و بێ ڕتووش باسی ژیان و قۆناغەکانی ژیانیان دەکەن، ئەوەی چۆن خۆیان پێگەیاندووە و بوونەتە ئەوەی کە ئەمڕۆ ئێمەیش وەک کورد بێین، سەیری کارەکانیان بکەین و سوودیان لێ وەربگرین و سەرسام بین پێیان.” کتێبەکە لە لایەن “دەزاگای چاپ و پەخشی سەردەم”ەوە لە دووتوێی ١١٠ لاپەڕەدا و لە ساڵی ٢٠٢١دا چاپ و بڵاوکراوەتەوە.