نووسینی: قاروق هۆمەر
نرخ: 4000 دینار
چاپی یه‌که‌م


چیرۆكەكان یەك لەدوایەك هاتن، وەكو چۆن منداڵێك بە دونیا دێ، ئاوا هاتن و لە دواییدا ئۆخەیەك و سووكبوونی گیانیان پێ بەخشیم… لەو ڕۆژەوەی بە دونیا هاتووم و حیكایەتی ئێرە و ئەوێی دونیام خوێندووەتەوە، تێبینیم كردووە نوسەرانی دونیا لە شار و زەمینەی خۆیان نەسڵەمیونەتەوە و زۆر ڕاشكاوانە و بێ ترس باسیان لێوە كردوون.

منیش خەڵكانی سلێمانیم كردوونەتە هەوێنی چیرۆكەكانم، ئەو چیرۆكانەش درێژەیان هەیە و لێرەدا كۆتاییان نەهاتووە، وەكو كانی لەناو ڕۆحما هەڵدەقوڵێن و بەژیان دێن. ئەو چیرۆكانە سەرەتای ئەو ئەزموونەی منە و هێشتا لەوێدام و كارم بە تەواوبوون نەهاتووە.

یەکەمین چیرۆک

من کە ئێستا لێرەدا دەربارەی بەرکەوتنم بە یەکەمین چیرۆک لە ژیانما بۆ تۆ دەدوێم، دەیان ساڵ دەگەڕێمەوە بۆ دواوە. دەگەڕێمەوە بۆ ڕۆژگارێک، هێندە لە تەمەنی ساوایی خۆمەوە دوور نەبووم. هێشتا لە ڕووباری ئەو زمانە شیرینەی کە زمانی دایکە و جوانترین زمانی دونیایە، هێندە قووڵ نەبوومەتەوە. تازە خەریکبوو پیتەکانم یەک یەک لێکدەدان و ڕستەی بچکۆلە بچکۆلەم لێ دروست دەکردن. هەر وەکو ئەو منداڵە بووم چۆن بۆ یەکەمین جار یاری بە میکانۆ دەکات. ئەوە بهێنە بەر چاوی خۆت، دەیان کوتە چوارگۆشەی ڕەنگاوڕەنگ لەپێش دەمتدا هەڵڕژاون و پێکەوەلکانی ئەو پارچانە خۆشییەکی لە گیاندا خوڵقاندووە، کە تا ژیان ژیانە ناتوانی لە یادتدا نەمێنێتەوە و هەر دەڵێی کانییەکە و لە ناوەوە هەڵدەقوڵێ و هێواش هێواش دەبنە قەڵبەزە و ئاو بە ئاسماندا دەپرژێ و پرژەی ئاو دەتشواتەوە و تۆش چەشنی باڵندەیەکی تەڕ لەژێریدا ڕاکشاوی. پارچە دەهێنی و پارچە فڕێدەدەیت، پارچە لەسەر پارچە هەڵدەچنی و دواجار نیگاری درەختێکی زل و زەلام لەپێش دەمتدا قووت دەبێتەوە. بەڵام دواجار و دوای ماندبوون میکانۆ تۆی کردووه‌تە ئەندازیار و لە جێی خوداوەند، تۆ درەختێکت خوڵقاندووە. ئەوە درەختی زمانە و لەناو تۆدا ڕەگی داکوتاوە و لق و چڵوپۆپی درەخت لە کونەلووت و هەردوو چاڵی چاوەکانتەوە هاتوونەتە دەرێ.

ئەو چیرۆکە بەسەرهاتی منداڵێکی گوندییە و لە خێزانێکی جووتیاری بچکۆلە، لە یەکێک لە گوندەکانی ئەم دونیا بەرینەی ئێمە هەموو پێکەوە تیایدا دەژیین، ئەویش لەگەڵمان دەژی. ئەو چیرۆکە لەناو گۆڤارێکی منداڵان، کە بیرم نایەتەوە گۆڤاری ئەستێرە بوو یان گۆڤارێکی دی، بیرم نایەتەوە ئەو چیرۆکەم بە هەقیقی خوێندووه‌تەوە، یاخود هەر لە یەکێک لە خەونەکانی منداڵیمدا دیتومە و لێم بووه‌تە ڕاستی، بەڵام زۆر دڵنیام چۆن ناوم فاروقە و لە سکی دایکمەوە هاتوومەتە دەرێ، ئاواش دڵنیام ئەو چیرۆکەم خوێندووه‌تەوە. ئامادەشم تا مردن شەڕ لەسەر ئەوە بکەم کە ئەو چیرۆکە بوونی هەیە و من بە دوو چاوی خۆم دیتوومە و بە کامێرای مێشکم لەو منداڵییەمدا تۆمارم کردووە و تا لەم دونیایەش بە تەنیایی هەر خۆم دەڕۆم و هەمووتان بەجێ دەهێڵم و فڕێم دەدەنە ناو قەبرێکی تەنگ و تار، دەستم لەناو خوڵ و خاکی گۆڕەوە دێنمە دەرێ و هاوار دەکەم ئەو چیرۆکەم هێشتا لە یادە و ئەوا بۆتانی دەگێڕمەوە. من نامەوێ بڕوا بە مردنی خۆم بهێنم و ناشمەوێ ئێوە جارێ بەجێم بهێڵن، تا ئەو چیرۆکەتان بۆ نەگێڕمەوە.

منداڵ وەکو هەموو ڕۆژێکی ژیانی خۆی، لەژێر ئاسمانی گونددا بەئاگا دێ و وەکو هەموو سپێدەیه‌کی دی کە لە دەرگا دەڕواتە دەرەوە، یەکەمین شتێک نیگاری درەختێکی زەبەلاح سەرنجی ڕادەکێشێت. دەڕوات و دەیەوێت ئاشنا بێت بە هەموو نەخشەی جوگرافیی گوندەکەی. لەسەر کانییەک دەوەستێ و دەستێکی تێدەهاوێژێت و دەریناهێنێتەوە، تاوەکو لەناو ئاوی سازگاری کانیدا نەتەزێت. سەرێک هەڵدەبڕی و تەماشای بەژنی زراڤ و بەرزی شاخ دەکات و بە وردی لە هەڵەمووت دەڕوانێ و وێنەی هەڵۆیەک لەناو مێشکی خۆیدا دەکێشێ و هەوڵ دەدات هەڵۆ لەوێ، لەسەر بەرزترین پنتی شاخ بگیرسێنێتەوە.

منداڵ دەڕوا و دەگەڕێ. لە ئاوایی دووردەکەوێتەوە و هەموو خەڵک و خوا و ئەوانەی لەوێ دەژین، جێ دەهڵێت. ئەو دەڕوات و دەیەوێت دونیا ببینێت. ئەو دەیەوێت بزانێت لەودیوی گوندەکەیانەوە چیی دی هەیە. لە پشتی دارێک و لە دووری جۆگە و کانیاوەوە چیی دی هەیە؟ لە ئاسمان دەڕوانێ و خولیای ئەوە گرتوویەتی بزانی ئەو شیناییەی بەو حەواوەوە وێستاوە، چۆن ناکەوێتە خوارێ؟ باوکی پێی گوتووە لەوێ خوداوەند هەیە. ئەو بەدووی ئەوەدا دەگەڕێ ماڵی خودا بەو ئاسمانەوە چی دەکات؟ کێ دەچێت بۆ ماڵیان و منداڵەکان لەوێ چ یارییەک دەکەن؟

منداڵ دەڕوا و چەند دووربکەوێتەوە، جارێکی دی بۆ ناو گوند دەگەڕێتەوە. هەموو دونیا وێنەیەکی دووبارە و هەزاربارەی گوندەکەی خۆیانە.

من دەزانم هەرچی بکەم بۆم ناکرێت ئەو چیرۆکەتان وەکو یەکەمین جاری خۆی بۆ بگێڕمەوە، وەکو ئەو تاموچێژەی لە گیانی منداڵیی مندا بۆ یەکەمین جار پیت پیت و هێواش و لەسەرخۆ خوڵقاندی، چونکە ئێستا پیر بووم و چیی دی ئەو کوڕیژگە سادە و ساکارە نیم کە تازە فێری زمانی دایک دەبووم. منیش وەکو ئەو منداڵە گەڕام و هەموو ئەو وێنانەم دین کە هەمان وێنەی دووبارەی گوندەکەی خۆمان بوون. دەیان ساڵ تێپەڕین و ڕووداوەکان لە مێشکمدا گەورە بوون و درێژبوونەوە و چیی دی ناتوانم تامی ئەو چیرۆکە وەکو خۆی بگەیه‌نمە تۆ.

منداڵ لە کەناری جۆگەلەیه‌ک دەوەستێ و دەڕوانێ لە نێوانی دوو گاشەبەردەوە ئاوەکە لە ڕەوتی خۆی ترازاوە و ڕووەو گوند ڕێچکەی گرتووە. بە هەموو ئەندێشەی منداڵیی خۆی پێی وایە ئاو دەبێتە لافاو و گوندەکەیان لەگەڵ خۆی ڕادەماڵێت. گوندەیان کە ماڵی دایک و باوکێتی، ماڵی بیر و خەیاڵ و خەونە بچکۆلەکانێتی، ماڵی هاوڕێ و ماڵی هەموو دایک و باوکی هاوڕێکانێتی. ئەو پێی وایە ئەگەر شتێک نەکات و بەوەدا ڕانەگات ڕێچکەی ئاوەکە بگرێت، هێندە نابات ئاوی سەرشێت گوندەکەیان لەگەڵ خۆی هەڵدەگرێ و داروپەردووی بەسەریەکەوە ناهێڵێت. منداڵ کە تاوێ لەوەوبەر وەکو ئەندازیارێک لەسەر پێکەوەنانی پارچە درەختەکان، درەختێکی خوڵقاندبوو و ئارەزووی ئەوەی نەبوو جارێکی دی پارچە پارچە درەخت لەبەریەک هەڵوەشێ، هەڵوەشانی درەخت زویرکردنی هەموو ئەو پەلەوەڕانەش بوون کە ئەو ڕۆژە لە نزیک ماڵی ئەوانەوە هەڵدەفڕێن.

من لە یادمە و نازانم ئایا هەر بە تەنیا من ئەو چیرۆکەم خوێندووه‌تەوە، یان کەسانێکی دیش. خۆزگە دەخوازم خوێنەرێکی دی لەو ڕۆژگارەی هەفتاکان پەیدا بێ و بە تەواوی بۆ جیهانی ئەو چیرۆکەم بگەڕێنێتەوە. لە وردودرشتی ئەو ڕووداوانەم هۆشیار بکاتەوە و جارێکی دی سەرلەنوێ و بە شێوازی خۆی، بە شێوازی هەقیقیی چیرۆکەکەم ئاشنا بکاتەوە.

من باسی یادی خۆم دەکەم، کە دوور نییە یادی چیرۆکەکەش بێ. لە یادی مندا منداڵ مەچەکێکی خۆی دەخاتە نێوانی دوو گاشەبەردەکە و دەیەوێت ئاوەکە بە ئاقارێکی دیدا بەرێت. ئەو نایەوێت گوند ببێ بەژێر ئاوەوە. چۆن چاوی بەرایی دێنێت دایکی ببینێت ئاو لەگەڵ خۆی بیبات و جارێکی دی نەیبینێتەوە؟ ئەگەر لە ڕووی هەموو دونیادا وەستاوەتەوە، ناهێڵیت گوندەکەی وێران بێت. منداڵ مەچەکی دەهاوێژێتە نێوانی دوو گاشەبەرد و بەر بە لێشاوی ئاو دەگرێ و بۆ تاوێک ئاسوودەیە کە زاڵ بوو بەسەر گۆڕینی ڕێڕەوی ئاوەکەدا.

منداڵ سەرەتا کارەکەی سادە بوو، بەڵام هێواش هێواش هەستی بەوە دەکرد کە ئەو لە بەردەم کارێکی تاقەتپڕوکێندایە. هەر ئەوەندەی دەستی تۆزێک بجووڵێنێ، ئیدی کار لە کار دەترازێ و ڕەنجەکەی بەخەسار دەچێت. منداڵ بڕیار دەدات هەرچیی کردووە لە بڕیارەکەی خۆی پەژیوان نەبێتەوە، نەک هەر دەست ناجووڵێنی، بەڵکو وەکو پاڵەوانێک لە شوێنی خۆیشی ناجووڵێت. خۆر لەمسەری ئاسمانی ئەو ڕۆژەوە دەڕوات بۆ ئەوسەر. تاریکی دادێت و شەو باڵی بەسەر زەمیندا دەکێشێت و منداڵ هەر لەوێدا، لە کەناری ئەو جۆگەلەیەدا و لە نزیکی ئەو دوو تاشەبەردەوە دەمێنێتەوە.

من لێرەدا پڕبەدڵ دەمەوێت ئاڕاستەی چیرۆکەکەم بوەستێنم و چیی دی لەوە واوەتر نەڕۆم. ئەوکات نەمدەزانی چی ڕوو دەدات و چیرۆکەکەم بە یەک هەناسە خوێندەوە. ئێستا دەزانم چی ڕوو دەدات و هەرچی دەکەم بۆم ناکرێت لاپەڕەیەکی دیی لێ هەڵبدەمەوە. چەندم پێ خۆشە منیش وەکو بوێریی ئەو منداڵە بۆم بکرایە دەستم لەسەر چیرۆکەکەم دابنایە و نەمهێشتایە بۆ هەتاهەتایە هیچ کەسێک یەک لاپەڕەی دیی لێ هەڵبداتەوە. بەڵام من چیرۆکنووسێکی خۆپەرستم و چاوەڕوانم لەدوای تەواوبوونی چیرۆکەکەم، ئێوە گوڵبارانم بکەن. باکم نییە و چش لەوەی پاڵەوانی چیرۆکەکەم دەکوژم و دڵی ئێوەی خوێنەریش پڕ دەکەم لە ئێش و ژان. من و پاڵەوانی ئەو چیرۆکە چەند لەیەک دوورین. ئەو لەپێناوی پاراستنی گوندەکەی گیان دەبەخشێت، کەچی منیش لەپێناوی ئافەرینێکی خوێنەر، ئەو دەکوژم و باکم بە هیچ نییە.

لەگەڵ ئەوەشدا بۆم ناکرێت تۆم تا ئێرە هێناوە و هەر وا بە دەستی خاڵی بتنێرمەوە. دەزانی جاران کە چیرۆکبێژەکان بە هەبوونەبوو دەستیان بە گێڕانەوەی چیرۆکەکانیان دەکرد، تەنیا بۆ ئەوە بوو کە تۆ بەردەوام بزانی لە بەردەم قودەرتی لەبننەهاتووی ئەواندا وەستاوی؟ ئاخر ئەو دەیتوانی بۆ هەر کاتێک بیەوێت هەبوو بکات بە نەبوو و لە نەبووش هەبوو دەربهێنێت. ئەو هەر کاتێک بیەوێت و لە کوێدا خۆی ئارەزووی بکردایە، دەیتوانی بڵێ، ئیدی من هاتمەوە و هیچیان نەدامێ. بەڵام خۆ من خۆشم بکوژم بۆم ناکرێت بە قودرەتی لەبننەهاتووی ئەوان ئەو چیرۆکەت بۆ بگێڕمەوە.

من دەگریام و دەپاڕامەوە بۆ ئەوەی لەوێدا چیرۆک تەواو نەبێ و بەو جۆرە پاڵەوان نەمرێ. کاشکا بۆم بکرایە! بە ئارەزووی من نەبوو. ڕزگارکردنی پاڵەوان و دوورخستنەوەی لە مەرگ، لە دەستی من ترازابوو. ئەو دەبوو بمرێ، چونکە خولیای مەرگ لە کەللەی دابوو. ئەو دەبوو بگاتە ئەو کۆتاییە، چونکە لە دڵیدا خۆشەویستیی ئەوانی دی هەبوو. ئارەزووی گیانبازی لە چارەنووسی نووسرابوو.

ئەو شەوە منداڵ نەگەڕایەوە، دایک و باوک هەموو گوندی لەدوو بۆ گەڕان، منداڵ نەبوو. هەموو خەڵکی ئاوایی لەگەڵ دایک و باوکی چاو گریاوی منداڵ، بۆ منداڵ دەگەڕان و کەوتنە پاماڵکردنی دەشتودەر. دواجار کە منداڵ دۆزرایەوە، گیانی لە نزیکی تاشەبەردەکەوە دەرچووبوو، بەڵام بڕوا ناکەم هیچ یەکێک لە خەڵکانی دێ بەو ئەندێشەیەیان زانیبێ کە لە دڵی سادە و ساوای منداڵەکەدا بوو. ئەو ئەندێشەیەی کە منداڵ لەپێناوی ئەواندا گیانی بەخشیبوو.

لەبڵاوكراوەكانی زنجیرەی كتێبی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم

ناردن: