نووسینی: دۆستۆیڤسكی
وەرگێڕانی: ڕەووف بێگەرد
نرخ: 4000دینار
چاپی یه‌که‌م

ئێستا لە كتێبخانەكاندا دەستدەكەوێت


لەم ڕۆمانەدا دۆستویڤسكی ڕاشكاوانە و بێ پەردە چووەتە ناو قووڵایی ڕۆح و ئەندێشەی مرۆڤێكەوە. مرۆڤێك ددان بە هەموو شتێكی خۆیدا دەنێت، ئەو كارە دزێوانەی لە ڕابردوودا كردوونی و تائێستایش دەستبەرداریان نەبووە. ئەو هەڵوێستانەی مایەی بێزاریی بەرانبەرەكەی بوون و نەیتوانیوە، یان خۆی نەیزانیوە لەبەرچی وابەستەیان بووە و چۆن بتوانێت، كە نەیتوانیوە لێیان ڕزگاری بێت.
ئەمە ددانپێدانانێكی ڕاستگۆیانەی كەسێكە، كە ئێمە خۆمانی تیا دەبینینەوە، ئەو دوالێزمەی وەك خوێن بە دەماری مرۆڤدا دێت و دەچێت و مایەی هەزاران كێشەی ناو مێژووی كۆن و نوێی مرۆڤایەتییە.
لە ڕێگەی ئەم كارەكتەرەوە دەتوانین لەو ڕاستییە تێبگەین كە چۆن بتوانین هەقیقەتی خۆمان بنوسینەوە و درۆ لەگەڵ ڕووداوەكانیدا نەكەین. درۆیەك پڕاوپڕی ئەو یاداشتانەیە كە تا ئێستا نووسراون و بێگومانم هەر دەشنوسرێت.

ئاماژە
فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی (١٨٢١ – ١٨٨٢) لە نووسەرە گەورەکانی دنیایە. گەلێک نووسەری ناودار و داهێنەری وڵاتانی تری دەرەوەی ڕووسیا، لە بەرهەمە ئەدەبییە ناوازەکانیاندا، کاریگەریی دۆستویڤسکییان لەسەرە، خۆیان نەک نکوولی لەوە ناکەن، بەڵکو شانازیی پێوە دەکەن. هەروەها لە بواری فیکر و فەلسەفەیشدا زۆرن ئەو بیرمەندانەی بۆ چەسپاندنی ڕا و بۆچوونە تیۆرییەکانیان پەنایان بۆ بەرهەمی ئەو بردووە. دۆستویڤسکی لە ڕووسیای سەدەی نۆزدەدا ژیاوە، کاریگەرییە کۆمەڵایەتی و سیاسی و فیکرییەکانی ئەو سەردەمە، چ لەسەر ئاستی خودی ڕووسیا، یان ئەورووپا بەگشتی، ناوەرۆکی سەرەکیی کارە ئەدەبییەکانیەتی. ئەم سەدەیە لە ڕووسیادا بە مانای سەردەمی دەسەڵاتی تزاری کە خۆی لە سیستمێکی بەرژەوەندخواز و ستەمکاردا دەبینییەوە، چینەکانی کۆمەڵگه، بەتایبەتی جوتیار و کۆیلەکانی زەوی و چینە هەژار و بێدەسەڵاتەکانی خوارەوە، لە مەرگەساتدا دەژیان و لەژێر باری قورسی چەوساندنەوەدا دەیانناڵاند. بیری پێشکەوتنخواز و ئازادیی ڕادەربڕین و لەمافیڕەوادوان بەسترابوونەوە بە قایلبوونی دەسەڵات و بەرژەوەندیی چینە باڵاکانەوە. نووسەرە دیارەکانی ئەم سەردەمەی ڕووسیا بۆ نموونە (گۆگۆل و چیخۆف و دۆستویڤسکی و تۆلستۆی و تۆرگنێف) لە کاری ئەدەبییاندا بەرەوڕووی ئەو دیاردە ناجۆرانە بوونەتەوە و شەرمەزاریان کردووە. بۆیە زۆر جار لە لایەن ڕژێمەوە تووشی بەتەنگهێنان و سانسۆرکردنی بەرهەمەکانیان بوونەتەوە (خودی دۆستویڤسکی بە تۆمەتی بەشداریکردن لە ڕێکخراوێكی چاکسازیدا فەرمانی گوللەبارانکردنی بەسەردا درا، پاشان بەر لێبوردنی گشتی کەوت و حوکمەی کرا بە زیندانیکردن لە سیبریا لەگەڵ کاری قورسدا)، هەرچەند باوکی دۆستویڤسکی پزیشک و خاوەن زەویوزارێکی زۆر بوون، بەڵام ئەو لە بەرهەمەکانیدا زۆر جار ململانێکانی جەماوەر لەگەڵ دەسەڵاتدا دەکاتە بابەتی سەرەکی. جگە لەوەیش، کارکردنی لەسەر سروشتی تاک و قووڵبوونەوە و کۆڵین لە شێوازی بیرکردنەوە و تەنگژەی دەروونی و ڕەفتارە نادروستەکانی مرۆڤەکان، بە پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکەوە دەبەستێت کە سیستمی فەرمانڕەوایی ڕۆڵی سەرەکیی تیا دەبینێت. خودی مرۆڤیش بەگشتی و تاکەکانی بەتایبەتی تەوەری سەره‌کین لە قووڵبوونەوە و هەڵکۆڵینە سایکۆلۆژییەکانیدا، هەروەها ئەو چالاکی و کارانەیش کە بەرئەنجامی ئەو پێکهاتە دەروونییە جۆراوجۆر و ناکۆکانەن. ڕەنگە دۆستویڤسکی یەکەمین نووسەری دنیا بێت لە دەستبردن بۆ ئەم لایەن و شەنوکردنانەدا.

لە ڕۆمانی (یادەوەرییەکانی ژێرزەوی)دا، نووسەر بێپەردە و ڕاشکاوانە و بە وردی چووەتە ناو قووڵایی ڕۆحی مرۆڤێکەوە. وەک خۆی لە دەقەکەدا دەڵێت، ئەم مرۆڤە پاڵەوانێکی ئاسایی ناو چیرۆکێک نییە، بەڵکو دژەپاڵەوانە. ئەم کەسە بێناوە (ڕەنگە دۆستویڤسکی هەر بە ئانقەست ناوی لێ نەنابێت بۆ ئەوەی هەموومان خۆمانی تیا ببینینەوە، نەک ڕەنگە، بەڵکو هەر وایە) وەک خۆی زۆر جار دەڵێت، کەسێکی: سووکوچرووک، بێبار، دووفاق، پەست، نائومێد و بێسەرەوبەرەیە. ئەو خۆی بە هیچ ئایدیایەکەوە نەبەستووه‌تەوە، لە بۆشاییەکی ڕۆحیدا، یان لە گۆشەیەکی تاریکی ژێرزەمینێکدا بە تەنیا دەژی، کە جگە لە خۆی، هەموو ئەوانی تر (کە دیالۆژی لەگەڵیاندا هەیە) دروستکراوی خەیاڵیی ژێرزەمینەکەن. بەڵام ئەو کاره‌کتەرانەیشن کە لە ژیانی ڕاستەقینەدا، لە هەموو جێگه‌یەکی ئەم سەرزەمینەدا بوونیان هەیە و کارایشن. ئەم کەسە، یان ئەم نووسەری یادەوەرییانە، لە ململانێ و هەڵچوونی بەردەوامدایە: لەگەڵ خۆی، باوک و دایکی، کەسوکار و دەوروبەری، لەگەڵ هاوڕێ کۆنەکانی قوتابخانەیدا، لەگەڵ خودی قوتابخانەکەیشیدا کە بە زیندانێکی زۆر سەختی دەزانێت. ئەو ئاسوودە نییە، بەڵام خۆی بە دەوری نائاسوودەییدا دەگەڕێت. یادەوەرییەکان باس لە پێکهاتە جەوهەرییەکەی مرۆڤ دەکەن بە هەموو دژوازی و ناکۆکی و ئۆقرەنەگرتنەوە. مرۆڤێکی دوودڵ و ڕاڕای پڕ لە گومان و پرسیار بەرانبەر بە خۆی و ژیان بەگشتی و خودی تاکەکان بەتایبەتی. مرۆڤێکە هەمیشە لە گەڕاندایە و خۆی بۆ نادۆزرێتەوە. لەبەر ئەوەی خۆدۆزینەوە گرنتییە بۆ خۆشویستنی خەڵک و کارکردن لەپێناوی مانەوەیەکی شەرافەتمەندانەی سەرجەم مرۆڤایەتیدا.

ڕەووف بێگەرد
٤ – ٨ – ٢٠١٦

لە بڵاوكراوەكانی زنجیرەی كتێبی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم

ناردن: