هەڵبژاردەیەك لە چیرۆكەكانی
ولیەم سارۆیان

نوسینی: ولیەم سارۆیان
وەرگێڕانی: فاروق هۆمەر
چاپی یه‌که‌م

ئێستا لە كتێبخانەكاندا دەستدەكەوێت

سارۆیان كاتێك چیرۆكی “گەنجە ئازاكەی سەر جۆلانەكەی”دەنوسێت، ڕەوانەی “گۆڤاری چیرۆكی”دەكات كە مارسا فۆلی و واید بێرنێتی، نوسەری بەناوبانگی ئەمەریكی كاریان تێدا دەكرد. لە ساڵی 1943دا ئەو گۆڤارە بەو چیرۆكەوە بڵاودەكرێتەوە، ئیدی فولی و بێرنێت، پێیانوایە لەدوای جاك لەند و فراك نۆریسەوە، توانایەكی گەورە و بەهرەیەكی مەزنیان دۆزیوەتەوە. هەر وەكو فۆلی و بێرنێت لە پای ئەو چیرۆكەدا دەگێڕنەوە كە گەلێك نامەی پیرۆزباییان لەگەلێك نووسەرانی گەورەوە بۆ ڕەوانە كراوە. سارۆیان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لەگەڵ چیرۆكدا قاڵ دەبێت و ناوبانگێكی گەورە نەك هەر لە ئەمریكا، بەڵكو لە جیهاندا بەدەست دەهێنێت. سەرباری چیرۆك و شانۆ و ڕۆمان، یادەوەریش دەنوسێت و بە یەكێك لە نووسەرە پڕ لە نوسینەكانی ئەمریكا دەژمێردرێت. ئەو پاشخانە ئەرمەنییەی كە لە ڕێی باوانییەوە هەڵیگرتووە، دەبێتە كانیاوێك و لە ناونوسینەكانیا بەردەوام دەتەقینەوە.

پێشه‌کی:

ولیەم سارۆیان لە شاری فەریسنۆی کالیفۆڕنیا، لە دایک و باوکێکی ئەرمەنی بە ناوی ئەرمیناک و تاکۆهی سارۆیان، کە هەردووکیان خەڵکی شاری بەتلیس بوون، ساڵی ١٩٠٨ هاتووه‌تە دونیاوه و هێشتا تەمەنی سێ ساڵان بووە، باوکی کۆچی دوایی کردووە. ئەرمیناکی دایکی لەبەر هەژاری هەرچوار منداڵەکەی دەخاتە هەتیوخانەی ئۆکڵاند. ئەو پێنچ ساڵەی نێو ژیانی هەتیوخانە کاریگەرییەکی سەخت و پڕ لە پەژارەی لەنێو یادەوەریی سارۆیاندا جێهێشت و تا کۆچی دواییشی سارێژبوونی بەخۆوە نەبینی. ساڵی ١٩١٦ ئەرمیناکی دایک، منداڵەکانی کۆدەکاتەوە و لە هەتیوخانەیان دەردەهێنێ و دەیانگەڕێنێتەوە بۆ شاری فەریسنۆ و جارێکی دی لە چوارچێوەی خێزانێکا کۆدەبنەوە. بۆ یەکەم جار سارۆیان دەڕواتە قوتابخانە، بەڵام لە ژیانی خوێندن سەرکەوتن بەدەست ناهێنێ، ناچار دەبێ وازی لێ بهێنێ و ڕوو بکاتە کارکردن. لە زۆرینەی چیرۆکەکانیدا زۆر بە قووڵی بە منداڵیی خۆیەوە دەلکی و هیچ چیرۆکێکی ئەو نییە بەشێک لە دەرد و نەگبەتیی ژیانی منداڵیی خۆی تیا نەگێڕێتەوە. هەر لێرەشەوە کەم چیرۆکی سارۆیان هەیە کارەکتەری منداڵێکی تیا نەبێت. سارۆیان هەر لە منداڵییەوە ئارەزووی بۆ ئەوە هەبووە ببێتە نووسەر و ئەوەشی لەو دۆزینەوەوە بۆ دێت کە لەناو کەلوپەلەکانی خێزانەکەیدا ئەو نووسینانە دەدۆزێتەوە، کە باوکی کاتی خۆی نووسینی و لە نووسەربوونی باوکیەوە خەونی نووسین ئاوێتەی خەونەکانی داهاتووی دەبن. سارۆیان هێشتا تەمەنی حەڤدە ساڵان دەبێ ماڵەوە بەجێ دەهێڵێ و بەرەو لۆس ئەنجەلۆس هەڵدێت و لەوێ لە نزیک کتێبخانەیه‌کی گشتییەوە ژوورێک بە کرێ دەگرێ و لە دوکانێکدا کارێک دەدۆزێتەوە. بە ژیانی لۆس ئەنجەلۆس دڵی داناساکێ و لەوێوە بەرەو سانفرانسیسکۆ دەڕوات و لەوێش سەرەتا کاری دەفتەرداری و دواتر کلیلداری و لە کۆتاییشدا دەبێتە بەڕێوەبەری ئۆفیسێکی نامەگەیاندن و ئەو کارەشی دەبێتە سەرچاوەی یەکەمین کاری سیناریۆنووسینی بۆ فیلمێک بە ناوی (کۆمیدیای ئینسانی) و دواجار ڕۆمانێک بەو ناوەوە دەنووسێت.

ساڵی ١٩٢٨ کاتێک سارۆیان تەمەنی بیست ساڵان دەبێت، یەکەمین چیرۆکی خۆی دەنووسێت و ڕەوانەی گۆڤاری ئۆڤەرلاندی مانگانەی دەکات. ئەوەش هانی دەدات کە بۆ یەکجاری هەموو ژیانی خۆی بۆ نووسین تەرخان بکات. کاری نامەگەیاندن جێ دێڵێ و بە گەشتێکی پاسی دوورودرێژ، کە یادێکی زۆر پڕ تاموچێژی لە لای جێ دێڵێ، ڕوو دەکاتە نیۆیۆڕک و ئەو گەشتەشی لە زۆربه‌ی چیرۆکەکانیدا ڕەنگیان داوەتەوە. لە نیۆیۆڕک، ژوورێک دەگرێ و ئامێرێکی تایپکردنی دەستی دوو دەکڕێ و سەرلەنوێ لە ئۆفیسێکی پۆستەدا لەسەر شەقامی وارێن، کارێک پەیدا دەکات و هەوڵ دەدات بە باتی نووسینەکانی دەرگاکانی شاری نیۆیۆڕک لەسەر خۆی واڵا بکات. لەو کاتەدا نیۆیۆڕک بۆ ئەو یار نابێت و هەر وەکو خۆی ناوی لێ دەنێ؛ سارۆیان بۆ نیۆیۆڕک ساز و ئامادە نییە. لەوێ هیچ سەبر و ئارامی نامێنی و جارێکی دی بەرەو سانفرانسیسکۆ دەگەڕێتەوە. لەوێ دەڕواتەوە سەر هەمان کاری پۆستەچێتی و لە پاڵێشەوە خەریکی کاری نووسین دەبێ و شاخێک لە پەڕاو کە هەموویان دەرەنجامی ڕەتکردنەوەن، لە ژوورەکەیدا هەڵدەداتەوە، کە زۆر بە سادەیی ئاگردانی ژوورەکەی پێ گەرم دەکاتەوە. دواجار لە کۆتایی ساڵی ١٩٣٢دا لە بڵاوکراوەی هێنریکی ڕۆژانە، یەکەمین چیرۆکی خۆی بە ناوی ”شەڕەمستێک لە پێناوی ئەرمینیا” بڵاو دەکاتەوە و هەر بەدوای ئەوەشدا، چیرۆکی ”گالیسکەی شکاو” و چیرۆکی ”شاگردی سەرتاشەکە” هەر لە هەمان بڵاوکراوەدا بڵاو دەکاتەوە. دواتر سارۆیان گەورەترین ناوبانگی خۆی لە چیرۆکی ”گەنجە ئازاکەی سەر جۆلانەکە” بە دەست دەهێنێت.

سارۆیان کاتێک  چیرۆکی ”گەنجە ئازاکەی سەر جۆلانەکە” دەنووسێت، ڕەوانەی ”گۆڤاری چیرۆکی” دەکات کە مارسا فۆلی و وایت بێرنێتی، نووسەری بەناوبانگی ئەمەریکی کاریان تیا دەکرد. لە ساڵی ١٩٣٤دا ئەو گۆڤارە بەو چیرۆکەوە بڵاو دەکرێتەوە و ئیدی فۆلی و بێرنێت، پێیان وایە لەدوای جاک لەندەن و فراک نۆریسەوە، توانایەکی گەورە و بەهرەیەکی مەزنیان دۆزیوەتەوە. هەر وەکو فۆلی و بێرنێت لە پای ئەو چیرۆکەدا دەگێڕنەوە کە گەلێک نامەی پیرۆزباییان لە گەلێک نووسەرانی گەورەوە بۆ ڕەوانە کراوە. سارۆیان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لەگەڵ چیرۆکدا قاڵ دەبێ و ناوبانگێکی گەورە نەک هەر لە ئەمەریکا، بەڵکو لە جیهاندا بەدەست دەهێنێ. سەرباری چیرۆک و شانۆ و ڕۆمان، یادەورییش دەنووسێ و بە یەکێک لە نووسەرە پڕ لە نووسینەکانی ئەمەریکا دەژمێردرێت. ئەو پاشخانە ئەرمەنییەی کە لەڕێی باوانیەوە هەڵیگرتووە، دەبێتە کانیاوێک و لەناو نووسینەکانیدا بەردەوام دەتەقێنەوە. چیرۆکەکانی سارۆیان ئەوەندە تەڕ و پاراون، کاتێک دەیانخوێنینەوە، زۆر بە ئاستەم لە یادمان دەچنەوە. ئەو چیرۆکانەی کە لەم کتێبەدا هەن هەڵبژاردەیەکن لەو چیرۆکانەی کە بڕوا ناکەم لەگەڵ خوێندنەوەیان زۆر بە سادەیی دەمێک گریان و دەمێک پێکەنین، تێکەڵاو بە یادەوری و ڕۆحمان نەکەن. سارۆیان ساڵی ١٩٨١ کۆچی دوایی کرد و لەدوای خۆیەوە خەرمانێک کتێبی بۆ بەجێ هێشتووین.

لە بڵاوكراوەكانی زنجیرەی كتێبی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم

ناردن: