یاداشت و بیرەوەری

نووسینی: گوستاڤ یانۆخ
وەرگێڕانی: كەریم پەڕەنگ
نرخ: 4000 دینار
چاپی یه‌که‌م


پێش سەرنج

من لە ساڵی ١٩٢٠دا فرانتس کافکای نووسەرم ناسی.

ساڵی ١٩٢٦ بە ڕاوێژکاری بەشداریی دەرچوونی چیرۆکی (وەرگۆڕان)م بە زمانی چیکی کرد کە لود ڤیگڤرانا وەری گیڕابوو و یوسف فلۆریان سەرپەرشتیی چاپکردنی کرد.

لە مانگەکانی هاوینی ١٩٢٦دا شەش چیرۆکم لە کتێبی (پزیشکێکی لادێ)م بۆ یوسف فلۆریان وەرگێڕا. لەم وەرگێڕانە چیکییانەدا تەنها چیرۆکێک چاپ کرا، ئەویش چیرۆکی (خەونێک) بوو کە ساڵی ١٩٢٩ وەکو سەرەتایەک بوو بۆ شەش ئەڵقەی ئەسڵیی هەڵکۆڵین لە سەر مس کە ئۆتۆک وێستەری وێنەکێشی ئەڵمانی لەبارەی تێمای (وەرگۆڕان)ەوە ئەفراندنی.

لەم کاتەدا یوسف فلۆریان وای لێم کرد یاداشتنامە و سەرنجنامەکانم لەبارەی فرانتس کافکاوە ڕێکبخەم و بۆ چاپکردنی کتێبێک بە زمانی چیکی ئامادەیان بکەم.

ئەو یاداشتنامانەی مەبەست بوون لەبەر چەندان دەفتەری جیاواز و پەڕەی تاکتاک نووسیمنەوە و پاکنووسە چیکییەکەم دایە یوسف فلۆریان. بەڵام یاداشتنامەکانم چاپ نەکران، لەبەر ئەوەی لەگەڵ یوسف فلۆریان ڕێک نەکەوتم.

ئەمجا چەندان ساڵی سەفەری نائارامی منی بەسەردا هات کە نەهامەتیی جەنگی جیهانیی دووەم و کێشمەکێش و پشێویی ئێستایان بەسەردا هات. ترسی کوشندە، ڕاوەدوونان و زیندانی، برسێتیی ئاژەڵانە، پیسی و سەرما، ڕەقیی گەمژەی فەرمی، ئەو پاشاگەردانییەم بە چاوی خۆم بینی کە بە ڕووکەش وەکو پرەنسیپی جیهانێکی بە وریایی ڕێکخراو دێتە بەرچاو: قەڵەمڕەوی سێبەری تاریکی کافکا بووە بەسەرهاتی زۆر ئاسایی ڕۆژانەی کەسی.

بە بیرم دێتەوە، کاتێک كافکا جارێکیان پێمی گوت: “زۆر جار دەبێت چەندان ساڵی درێژ بگوزەرێن، هەتاوەکو گوێ بۆ چیرۆکێکی دیاریکراو دەڕەخسێت. بەڵام مرۆڤەکان دەبێت بمرن – هەروەکو دایک و باوکمان و بە شێوەیەکی گشتی هەموو ئەو شتانەی کە خۆشمـان دەوێن و لێیان دەترسین دەبێت بمرن، بۆ ئەوەی بە ڕاستی لێیان تێبگەین.”

جارێکی دیکە گوێم لە دەنگی فرانتس کافکا بووەوە، نووسینگەکەیم بینی، مێزی نووسینەکەیم بینی، لە پشتی پەنجەرەکەوە دیوارە زەردەکەی هوتێلە کۆنەکەی پراگم بینی کە ناوی (قڕقاولی زێڕین) بوو.

دەستنووسەکەی خۆم بە بیر دێتەوە کە پێش چەندان ساڵ دامە دەستی یوسف فلۆریانەوە، لە ماڵەوە لە نێو پەڕە و کتێبەکانمدا و لە لای هاوڕێیان گەڕام و پڕوپۆزەلە چیکی-ئەڵمانی و ئەڵمانی-چیکییەکەم دۆزییەوە، ئەمە ئەو پاکنووسە بوو کە لەمێژەوە ون بووبوو. لە ڕستە بە شێوەیەکی سەیر نامۆ، بەڵام زۆر ئاشنا کەموێنەیەکی زیاتر لە بیستودوو ساڵ کۆن بەرەو ڕووم هات. زۆر لە شتەکان هێشتا پەرەیان پێ نەدرابوو. زۆرم حەز دەکرد ئەم یان ئەو نووکەقەڵەمە بگۆڕم، بەڵام لە چاوە وێنەگیراوە کوڕانەکاندا سێبەری باڵابەرزەکەی فرانتس کافکا ئارامی گرتبوو کە کەمێک بەرەو پێشەوە چەمابووەوە.

لەبەر ئەوە من خۆمم تەنها بە لەبێژنگدان، ڕێکخستن و گواستنەوەی یادەوەرییە کۆنەکانەوە سەرقاڵ کرد.

گوستاڤ یانوخ
پراگ
حوزەیرانی ١٩٤٧

چیرۆکی ئەم کتێبە

یەکەم چاپی ئەم یادەوەری و یاداشتانەم، کە لە سەرەتاوە ناوی کافکا پێی گوتمم لێ نابوو و ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی دەزگای چاپ و پەخشەکە ناوی گفتوگۆ لەگەڵ کافکادایان لێ ناوە، لە بەراییدا لە ساڵی ١٩٥١ بڵاو کرایەوە. خوێنەران، ڕەخنەگرانی میدیا و ڕادیۆ و تەلەفزیۆنەکان و ئەدەبناسە پیشەوەرەکان دەمودەست بایەخێکی زۆریان پێی دا کە لە ڕەوتی ساڵەکاندا ئەم بایەخە کەم نەبووەوە، بەڵکو هێشتا قووڵتر بووەوە. کتێبە خاکەڕاکەم بووە دوکیومێنتێکی تۆژینەوەیەکی ئەدەبی و بە جدی نرخێنرا. لەبەر ئەوە دوای دەرچوونی دەقە ئەسڵە ئەڵمانییەکەی گفتوگۆ لەگەڵ کافکادایش هەر زوو بە فەڕەنسی، ئیتالی، سوێدی، ئەمەریکی، سڵاڤیی باشوور و ئیسپانی بڵاو بووەوە – بەڵێ! تەنانەت دەقێکی ژاپۆنییشی لێ دەرچوو.

لەمسەر بۆ ئەوسەر و لە قوژبنی جیاوازی جیهانەوە ڕێژەیەکی بەرچاو نامە و پرسیارم بۆ هات، کە من هەمیشە -ئەوەندەی توانیبێتم- بە خۆشحاڵییەوە وەڵامم دانەوە. ئەمە ئاسان بوو، چونکە دەمتوانی سووکوسانا بە بێدەنگی باز بەسەر ئەو پرسیارانەدا بدەم کە کێشەیان بۆم دروست دەکرد. بەڵام ئەمە لە گفتوگۆ زۆرەکاندا لەگەڵ شەیدایانی کافکادا کە لە وڵاتانی جیاوازەوە بۆ پراگ بۆ لام دەهاتن، هەمیشە ئاسان نەبوو. دەبوو زۆر جار بێدەنگ بم، چونکە هەموو لە من زیاتر شارەزای کارەکانی کافکا بوون – پێش هەموو شتێک شارەزای ڕۆمانەکانی بوون. بۆ ئەوان دادگایی، ئەمەریکا و کۆشک تەنها ناوی کتێب نەبوون وەکو بۆ من تەنها ناوی کتێب بوون؛ لە زۆر بەشەکانی ئەم کتێبانەدا بە ڕاستی تۆژینەوەیان کردبوو. من هەرگیز ئەمەم نەکردبوو. بەڵام نەمدەتوانی ئەمە بە سەردانیکەرانم بڵێم کە لە فەڕەنساوە، لە ئەمەریکاوە، لە ئەڵمانیاوە، لە ئوسترالیاوە، لە سوێدەوە، لە ئیتالیاوە، لە ژاپۆن و نەمساوە هاتبوون. بە دڵنیاییەوە بە ڕاستییش لێم تێنەدەگەیشتن. گوزارشتی ڕوخساری نزیکەتووڕەی کچە ئەدەبناسێکی بەهرەمەندی گەنجی پراگ ئەمەی بۆ سەلماندم کە هەوڵی دا متمانەم پێ بکات. دەمە خڕکراوەکە و چاوە لە سەرسووڕماندا نزیکەخڕبووە ڕەشەکانی خاتوو دکتۆر کڤێتا هیرسلۆڤا، کە دکتۆرانامەیەکی بەرفراوانی لەبارەی فرانتس کافکای دیاردەی ئەدەبییەوە تەرخان کردبوو، بە بێدەنگی، بەڵام زۆر بە زوڵاڵی پێیان دەگوتم: “ئەمە شتێکی بێمانایە.” بەڵام بۆ من ئەو حەقیقەتەی، لە بنەمادا تەنها بە بیستن ئەو کارانە دەناسم کە لە دوای مردنی فرانتس کافکاوە بڵاو بوونەتەوە، شتەکە زۆر ئاساییە، کە -بە بۆچوونی من- لە ڕاستیدا دەبوو بۆ هەموو کەسێک زۆر بە ئاسانی مایەی تێگەیشتن بێت.

من ناتوانم ڕۆمان و یاداشتنامەکانی فرانتس کافکای نووسەر بخوێنمەوە. نەک لەبەر ئەوەی کافکا بە من نامۆیە، بەڵکو لەبەر ئەوەی زۆر لێمەوە نزیکە. سەرلێشێوانی گەنجایەتی و ئەو نەهامەتییە ناوەکی و دەرەکییەی بەدوایدا هات، کە بە هۆی ئەزموونی وێنای سەرتاپا وێرانبووی بەختەوەری و ئەو بێمافکردنەی کتوپڕ دەستی پێ کرد و لە ڕێیەوە ڕۆژانە تەنیایی ناوەکی و دەرەکی زیادی دەکرد، سەرجەمی ژیانی ڕۆژانەی تاریکم، کە پەرۆشی و ترس کرۆشتبووی، بە دکتۆر فرانتس کافکایانەوە بەستبووم کە بە بووردەباریەوە بە دەست ئازارەوە دەتلایەوە. کافکا بۆ من نە لە ڕابوردوودا دیاردەیەکی ئەدەبی بووە، نەیش ئێستا دیاردەیەکی ئەدەبییە. کافکا بۆ من زۆر لەوە زیاترە. دکتۆر فرانتس کافکا بۆ من وەکو پێش چەندان ساڵ قاوغی پارێزەری جەوهەری مرۆڤانەی منە. منێتیی من لە دەوروبەرێکی ساردی زوقمئاسادا خەمڵابوو، کافکا ئەو مرۆڤەیە، کە لە ڕێی چاکی، دڵنەرمی و سەرڕاستیی بێکەشوفشەوە پشتگیریی خەمڵاندنی “منێتی”ی منی کرد و پاراستی. کافکا زەمینەی ئەو مەعریفە و هەستەیە کە من ئەمڕۆش هێشتا لە ناو لافاوی ترسناکی سەردەمدا بەسەریەوە وەستاوم.

لە پاڵ وزەی ئەزموونە دانەمرکاوەکانی لاوێتیی خۆمەوە هەوڵەکانی ژیان و ڕاڤەی کتێبەکانی دەتوانن چیم پێ ببەخشن؟ ئەمانە تەنها یەدەکی هەست و بیرن کە لە توێکڵی ڕەقی خۆیاندا قەتیسن. ئەو دکتۆر فرانتس کافکا زیندووەی کە من دەمناسی، زۆر لە کتێبەکانی مەزنتر بوو، ئەو کتێبانەی دکتۆر ماکس برۆدی هاوڕێی لە لەناوچوون ڕزگاری کردن. ئەو دکتۆر فرانتس کافکایەی کە دەمتوانی سەردانی بکەم و لە پیاسەکانیدا بە ناو پراگدا یاوەریی بکەم، هێندە مەزن بوو و لە ناخی خۆیدا هێندە پتەو بوو، چۆن مرۆڤ دەتوانێت خۆی بە تەیمانێکی ئاسنینی تۆکمەوە توند بگرێت، هەتا ئەمڕۆش دەتوانم لە کاتی هەموو چەمانەوەیەکی توندی ڕێگه‌ی ژیانمدا توند خۆم بە سێبەری یادەوەریمەوە بگرم.

کتێبەکانی فرانتس کافکا بۆ من چین؟

لە سەر ئەو ڕەفی کتێبانەن کە بنەی ئەسبێستیان لە ژێردایە و لە سەرووی پەڕەی هیتەرە قەبە ناشیرینە وەکو زەیتون سەوز بۆیەکراوەکەی ژوورە بچووکەکەمەوە لە شەقامی نەتەوەیی لە پراگ دانراون. جاروبار دەست دەدەمە یەکێک لە کتێبەکان، چەند دێڕێک یان تەنانەت لاپەڕەیەک، دوو لاپەڕە دەخوێنمەوە، بەڵام هەمیشە هەر زوو فشارێک لە قووڵایی چاوەکانمدا دێتە ئاراوە، خوێن لە خوێنبەرەکانی ملمدا دەکەوێتە قوڵپەقوڵپ و دەبێت هەر زوو ئەو کتێبەی بە دەستمەوەیە، خێرا بیخەمەوە سەر ڕەفی کتێبەکان. خوێندنەوەی کتێبەکانی بەرهەڵستیی هەموو هەست و بیرەوەرییە هەتا ئێستا بە باشی پارێزراو و هێشتا زیندووەکانی ئەو کاتەم دەکات، لەبەر ئەوەی من بە دکتۆر فرانتس کافکا و ئەو شتەی کافکا پێی وتم، سەرتاسەرم داگیرابوو و کەمەندگیر بووم و لە ڕێی وشەکانیەوە بەهێز بووبووم و هانی دام بوێرم یەکەم ڕچەی ئاگامەندانەی بەهای ڕەخنەگرانە و تێگەیشتن لە جیهان و بەمەش تێگەیشتن لە خۆم بشکێنم.

من ناتوانم کتێبەکانی فرانتس کافکا بخوێنمەوە، لەبەر ئەوەی دەترسم، لە ڕێی تۆژینەوەی کتێبەکانیه‌وه‌، کە دوای مردنی دەرچوون، زایەڵەی ئەو ئەفسوونەی کەسایەتییەکەی کە لە ناخمدا دەنگ دەداتەوە، کەم ببێتەوە، لێم نامۆ بێت یان تەنانەت بە تەواوی لە دەستی بدەم. ترسم لە وێنەکەی دکتۆر کافکاکەی ‘خۆم’ هەیە کە لە ناخمدا درێژە بە ژیانی دەدات و هەتا ئێستا هەمیشە کاتێ هەستم کردبێت هەتا بینه‌قاقام لە تەوژمی ترس و ڕاڕاییدایە، وەکو سەرمەشقی بیرکردنەوە و ژیان وزە و هەڵوێستی نوێی پێ بەخشیوم.

دەترسێم، لە ڕێی خوێندنەوەی نووسینەکانیەوە کە لە پاش خۆی بەجێ ماون، میانەیەکی ترسناک لە نێوان من و دکتۆر کافکادا بێتە ئاراوە و بەمەش پاڵنەری بزوێنەری جادووی گەورەی گەنجایەتیم لە دەست بدەم. چونکە -وەکو پێشووتر گوتم- فرانتس کافکا بۆ من مەسەلەیەکی ئەبستراکتی، سەرووی کەسایەتی، ئەدەبیی نییە. دکتۆر کافکاکەم بۆ من سەرمەشقێکی بە قووڵی ئەزموونکراو و لەبەر ئەوە سەرمەشقی واقیعیی کەسایەتییەکە، بەڵام لە سەرووی هەموو شتێکەوە تەنها ئایینێکی کاریگەرە کە وزە ڕۆحییەکەی بۆی ڕەخساندم بەسەر هەندێ بارودۆخی پووچی هەتا سێبەری ئاسنینی لەناوچوون بەرفراواندا زاڵ ببم.

بۆ من نووسەری وەرگۆڕان، بڕیاری دادگا، پزیشکی لادێ، مۆڵگەی سزا و نامە بۆ مێلینا، لە ناو ئەو نووسەرانەدا کە من دەیانناسم، پەیامبەرێکی لێپرسراوێتیی شێلگیر، ئاکاریی هەموو شتێکی زیندووە، پیاوێک کە تەنها بە ڕووکەش کارمەندێکی وابەستەی ڕاژەی (دەزگای بیمەی کار و ڕووداو)ی پراگە و بە ڕووکەش ژیانی ڕۆژانەی لە نووسینگەدا دەگوزەرێنێ، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو پشکۆی گەشاوەی تاسەی خوا و ڕاستیی جیهانگری گەورەترین پێغەمبەرەکانی جوولەکەی گەشاندەوە.

فرانتس کافکا بۆ من یەکێکە لە جاڕدەرە هەرە دواییەکان، لەبەر ئەوە ڕەنگە یەکێک بێت لە مەزنترینەکان، چونکە نزیکترین پەیامبەری باوەڕی مرۆڤە لێمانەوە.

لەو ساڵانەدا کە لەگەڵ دکتۆر فرانتس کافکا بەیەک گەیشتین، خەریک بوو زەردەخەنەکەی لە سێبەری لەناوچووندا دەکوژایەوە، هەست و بیرکردنەوەمی بێدار کردەوە. ئەو لە لایەنی عەقڵییەوە گەورەترین سیما بوو و بەمەش بەهێزترین نەخشێنەری ساڵانی لاویم بوو، مرۆڤێکی ڕاستەقینە کە بۆ ڕاستی و فەراهەمیی ژیان تێدەکۆشا، من هەوڵە شێلگیرەکانی بۆ بوونی مرۆڤ کە خەریک بوو لە بێدەنگیدا نغرۆ دەبوو، بە چاوی خۆم دەبینی. گوزارشتی ڕوخساری، دەنگی نزمی وشەکانی و کۆکە بەرزەکەی، وێنەی باڵا بەرز و بنێسەکەی و جووڵە جوانەکانی دەستە چاکەکارەکانی، سێبەر و بریقانەوەی چاوە گەورەکانی کە توانای گۆڕانیان هەبوو، کە بە بریقانەوەی جەختی لە قسەکانی دەکردەوە، کەسی جاویدان و ده‌گمەن و لەبەر ئەوە هەرگیز دووبارەنەبووەوەکەی، جەوهەری ناوەکی و دەرەکیی وەکو زایەڵەیەک لە ناخمدا دەلەرێتەوە کە لە ڕاڕەو و خەرەندی ڕۆژەکانم و ساڵەکانمدا لە دووبارەبوونەوەیەکی بەردەوامی وێنەدا دەنگ دەداتەوە، نەک بۆ ئەوەی لەگەڵ کاتدا لەناو بچێت، بەڵکو بۆ ئەوەی هەمیشە گەورەتر و ئاشکراتر دەربکەوێت.

دکتۆر کافکاکەی خۆم بۆ من سیمایەکی نووسینی ئەم سەردەمەمان نییە کە زوو بێت یان درەنگ پەژمووردە ببێت، بەڵکو ژیانی مرۆڤێکی هێشتا زیندووی، نموونەییە، تیشکێکە، کە گەرمییەکەی و ڕووناکییەکەی، کە هەمیشە لە زیادبووندا بوو، هەموو ئەو ساڵانە، هەر لە گەنجیمەوە هەتا ئێستا لە ئاستانەی کوژانەوەی کەسیدا، که‌ بەڕێوە بوو، بە دڵسۆزییەوە وەکو قیبله‌نمایه‌كی بێخەوشی باشی و مرۆڤایەتیی ڕاستەقینە یاوەریم دەکات.

دکتۆر کافکاکەی خۆم گرنگترین بەسەرهاتی بنەمایی گەنجیم بوو، ڕاتەکاندنێکی تاڵ و شیرین بوو کە هەموو وزەکانی منێتی وەگەڕ دەخات، گەردەلوولێکی پێگەیشتن، کە من لەو کاتەدا ڕاستەوخۆ بە فرانتس کافکا گەیشتم، پێش هەموو شتێک لە ڕێی یاداشتی ڕۆژانەی ڕێکوپێک نووسراوەوە هەوڵم دەدا بەسەریدا زاڵ ببم. پێش هەموو شتێک قسەکانی کافکام نووسییەوە. ئەو بارودۆخانەی کە بوونە هۆکاری دەربڕینەکانی، تەنها زۆر کەم و تیژپەڕ ئاماژەیان پێ کرا. چیتر گرنگ بۆم دەرنەدەکەوتن. من تەنها دکتۆر کافکاکەی “خۆم”م دەبینی. ئەو فیشەکەشێتەیەکی بیر و هۆش بوو. هەموو شتەکانی دیکە لە سێبەردا ون بوون. بێگومان ئەمەش کاریگەریی بەسەر زمان و شێوازی یاداشتەکانمەوە هەبوو، تەنانەت زۆر کاریگەرییان بەسەر یاداشتنامەکانمەوە هەبوو وەکو بەسەر بیرەوەرییە تایبەتمەندەکانمەوە، کە لە دەفتەرێکی ئەستووری بۆردا نووسیبوومنەوە و هەمیشە وەکو “گەنجینەیەکی ئەندێشە” سەیرم دەکردن.

لێرەدا لە تێکچڕژانی ڕەنگاڵەدا لێوەرگرتن، شیعر، پارچەی بچووکی ڕۆژنامە، پلانی ئەدەبی و بیرۆکە، سەربردە، کورتەچیرۆک، شتگەلێک کە بیرمدا دەهاتن، هەڵمدەگرتن، لەگەڵ ئەو شتانەدا کە لە خەڵکی جیاوازەوە دەمبیستن، واتە پێش هەموو شتێک قسەکانی کافکام لەبارەی شتە جیاواز و ڕووداوەکانەوە دەنووسی. دەیانتوانی -‘لە گەنجینەی ئەندێشە’وە دەربهێنرێن-، کۆکراوەیەکی گەورەی قسەی نەستەقی چاوەڕوننەکراو پێک بهێنن. بەڵام ئەمە لە ڕێگه‌ی گەڕانێکی میکانیکیی دەقەکانه‌وه‌ ناکرێت، لەبەر ئەوەی من زۆر جار دەستبەرداری ئەوە بووم زانیاری لەبارەی سەرچاوە و سەرهەڵدانی قسە نەستەقە جیاوازەکانه‌وه‌ بە دەستەوە بدەم. ‘گەنجینەی ئەندێشە’کانم -وەکو ئەمڕۆ دەبینم- تەنها تێکەڵەوپێکەڵەیەکی پارچەکاغەزی خێرا نووسراوی خوێندنەوە و گفتوگۆی بێشێوە بوون کە ڕەنگە من تەنها لە چرکەساتی نووسینەوەیدا وردەکاریی بارودۆخی سەرهەڵدانیم بە تەواوی زانیبێت.

کاتێ دوو ساڵ دوای مردنی فرانتس کافکا لە لای یوسف فلۆریانی پەخشکاری ئۆرتۆدۆکس -کاتۆلیکی چیکی لە (ستارا ڕیزە) لە نشێوەکانی (بۆهیمیا)- مێرن بوو و لەگەڵ ئەو و باوکە ڤرانا کە لە لای ماڵباتی فلۆریان دەژیا، بە درێژایی زۆر پاشنیوەڕۆ و ئێوارە مشتومڕمان لەبارەی فرانتس کافکا و ئەگەرەکانی پەرەسەندنی ئەدەبی هاوچەرخەوە دەکرد، ئەمەم بۆ ڕوون بووەوە.

لەسەر داوای فلۆریان یادەوەری و ‘گەنجینەی ئەندێشەکان’م کە بەرنامەڕێژییەکی ئەدەبییان بۆ نەکرابوو، کردە کۆکراوەیەکی لە لایەنی زمانەوە یادگاریی گشتی، کە یوسف فلۆریان دەیویست بە زمانی چیکی بڵاویان بکاتەوە. بەڵام ئەوە نەکرا، لەبەر ئەوەی نەمتوانی هەست و بیرکردنەوەم لەگەڵ ئۆرتۆدۆکسیی فلۆریاندا هاوئاهەنگ بکەم. لەبەر ئەوە دەبوو بڕۆم. بۆ من کاتێکی درێژی گەڕان و پەیجۆریی نائارام لە نێوان مرۆڤەکان، شارەکان، چەمکی بەهاکان و پیشەکاندا دەستی پێ کرد. لەگەڵیدا ئەزموونێکی فرەی نوێ و بەسەرهاتی هەست و بیرکردنەوەکانی گەنجیمی نغرۆ کرد. وێنەکەی فرانتس کافکا کاڵ بووەوە. خۆمم لە بەسەرهاتە بنەماییەکانی گەنجیی ڕۆحم دوورخستەوە، لە ڕاستیدا بەمە خۆمم لە خودی خۆم دوورخستەوە، خۆمم لە هەموو ئەگەرە تایبەتمەندەکانی پەرەسەندنی واقعی خۆم کە بۆ من دیاری کرابوون، دوورخستەوە. چۆن لە دۆڵابەکەمدا لە ژێر خاشاکی کاغەزی نۆتەی کۆنی مۆسیقادا، ڕەشنووسی ئاوازدانان، وێنە و پارچەڕۆژنامە زەرفە بەکارنە‌هێنراوەکە بە یاداشت و بیرەوەرییە بە پاکی لەبەرنووسراوەکان لەگەڵ دەفتەرە ئەستوورە بۆرەکەی ‘گەنجینەی ئەندێشەکان’م دانرابوون، وێنە و وشەی ئەو ڕۆژانە بەو جۆرە بوون کە لەگەڵ فرانتس کافکادا بەیەک دەگەیشتین، لە تێکەڵەوپێکەڵەیەکی وێنای بەختەوەری و مانادا نغرۆ بووم. هەتا فشاری جەنگ و توندوتیژیی کاری خۆیی نەکرد، کەوماڵکردنی ئاگاییم نەهاتە ئاراوە. بوونی سیسارکانەی وەرگۆڕان و دەرزیی سارد و بێەزەیی مەکینەی مۆڵگەی سزا لەپڕ هێندە نزیک لە بەردەممدا وەستابوون کە دەمتوانی دەستیان لێ بدەم، وێنەی ئەو دڕکەجاڕە سووتاوەی کە بەرگتێگری کتێبەکانم ئەو کاتە بەرگی چیرۆکە کۆکراوەکانی سەرەتای نووسینی فرانتس کافکای ڕازاندەوە، دونیابینی و جاڕدانی باوەڕ کە پێش چەندان ساڵ دکتۆر کافکاکەی “خۆم” هەوڵی دا تەنها وەکو تارماییەکی بێکەڵکی شەو بینرخێنێت، لەپڕ دۆزەخەکەی فرانتس کافکا بووە بەشێکی ئاسایی ئەزموونی ڕۆژانەم.

گیۆرگ ڤاخۆڤێچی هاوڕێم، مۆسیقاژەنی بەناوبانگی پراگ و یانای ژنی، کە لەگەڵیاندا باسی گۆڕانکاریی هەژێنەری کەشی جیهانم دەکرد، لەو بڕوایەدا بوون کە بیرەوەرییەکانم لەگەڵ کافکادا تەنها موڵکی من نین.

یانا گوتی: “شەرابی ئەزموون، کە مرۆڤ لە ترێی شیرین و تاڵی بەسەرهات دەیگوشێت، موڵکی هەموو کەسێکە. لەبەر ئەوە لە بادەی زماندا بە خەڵکی دیکە دەدرێت.”

هاوڕێکەم پشتگیریی کرد. گوتی: “تۆ دەبێت گفتوگۆکان بڵاو بکەیتەوە. تۆ شایەتحاڵی کافکای، کە ڕەنگە کلیلی گرنگی جەوهەری ناخیت پێ بێت.”

وەڵامم دایەوە کە من ئاگام لە سەرجەمی قەبارەی کارەکەی نییە؛ لەگەڵ نووسەرەکەدا دانەنیشتووم، بەڵکو تەنها لەگەڵ هاوڕێی نووسینگەی باوکمدا دانیشتووم. بەڵام ژنی هاوڕێکەم شێتگیر بوو. هەردوو دەستی بەرز کردەوە و بە دەنگی بەرز گوتی: “تۆ بە تەواویی تێک چووی؟ کاری ئەدەبیی مەزنی بۆ سەرجەمی مرۆڤایەتی گرنگ پێویستی بە هەموو توانای مرۆڤە. مرۆڤ لێرەدا زۆر بە ڕوونی ئەمە دەیبینێت. لە نێوان دکتۆر کافکای یاساناس و کافکای نووسەردا دیوارێکی جیاکەرەوەی دەنگبڕی کۆنکریت نییە. مرۆڤ دەتوانێت لەو گفتوگۆیانەی لەگەڵ تۆ کردوونی، زۆر بە ئاشکرا بیبیستێت. گفتوگۆکانت سەر بە کارەکانی کافکان. لەبەر ئەوە نابێت لە جیهانی بگریتەوە.”

نەمتوانی هیچ وەڵامێکی بدەمەوە.

یاداشتەکانم لە بەندیخانەی كاغەزەکانی دۆڵابەکەم دەرهێنا و دامە ژنی هاوڕێکەم بۆ ئەوەی پیتچنییان بکات، لەبەر ئەوەی من ئەو کاتە، واتە لە ساڵی ١٩٤٧دا، نزیکەی چواردە مانگ زیندانیی قورس و بەبێ تاوانم لە زیندانی بەدناوی پانکراچی پراگدا چەشتبوو، لە لایەنی ڕۆحی و جەستییەوە پرزەم لێ بڕابوو.

یۆهانا ڤاخۆڤێچ لە ماوەی چەند ڕۆژێکی کەمدا دەقێکی ئەسڵ و دوو کۆپیی دەستنووسەکەمی پیتچنی کرد. جگە لەوەش، سەرنجە ڕوونکەرەوەکان و ئاماژەکانی نووسی. بەبێ ئەوەی پرسیار بە خۆم بکات، لە ٢١ی مایسی ١٩٤٧دا ئەسڵەکەی لە پۆستی سەرەکیی پراگەوە بۆ ماکس برۆد لە تەلئەبیب لە ئیسرائیل ناردبوو. بەڵام لەبەر ئەوەی لەوێوە چەندان هەفتە وەڵام نەهاتەوە و ژنی هاوڕێکەم زۆر نائارام بووبوو، کۆپییەکی بۆ ئێمیل کۆساکی خاڵی لە ستۆکهۆلم نارد کە پسپۆڕی چاپ بوو. بەڵام لەوێشەوە وەڵام نەهاتەوە. بڕیارم دا کتێبەکەم بخەمە بەردەست دەزگایەکی بچووکی چاپ و کتێبفرۆشیی جوولەکە، کە دەزگای خاتوو ماری س. ڕۆزنبێرگ، ١٠٠ وێست ٧٢ ستریت لە نیویۆرک بوو. خاتوو ڕۆزنبێرگ تا ڕاده‌یه‌ك دەمودەست وەڵامی دایەوە و لە ١٠ی سێپتەمبەری ١٩٤٧دا گەیشتە پراگ، کە ڕێژەیەکی زۆری ئەو کتێبە ئەڵمانییە کۆنانەی دەوڵەت دەستی بەسەردا گرتبوون، بۆ هاوردەکردنی بۆ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کڕی. بۆ دەستنووسەکەم کافکا پێی گوتم -وەکو دواییتر هەستم پێی کرد- تەنها بایەخێکی بەنەزاکەتی پیشان دا. بەڵام ئەمە بۆ کەسێکی زیندانی زۆر زۆر بوو، کە لە زینداندا داڕزابوو و ماوەیەکی کورتی پێش ئەوە لە زیندانی لێکۆڵینەوە ئازاد کرابوو، کە چەندان هەفتە بە هیچ جۆرێک وەڵامی نامەکانیان نەدایەوە. واتە بەبێ هیچ بەڵگەنامەیەک -بە ئومێدی نادڵنیای بڵاوکردنەوە مەست- دوا دەقی پیتچنراوی کتێبەکەم دایە دەستی ڕۆزنبێرگ خان و هەرگیز چاوم پێی نەکەوتەوە.

یادەوەرییەکانم، کە یانا ڤاخۆڤەج بە “دوکیۆمێنتی کافکاکەی خۆم” ناوزەدی کردبوو، قڕوقەپی لێ کرا. هەوڵم دا یاداشتەکان وەکو هەوڵی دارەدارەیەکی بێئاکام و لەبەر ئەوە بێبایەخی ئەدەبی لە بیر بکەم. بەڵام هەفتەی کریسمەسی ساڵی ١٩٤٩ی بەسەردا هات و لەگەڵیدا نامەیەکم بە بەرواری ١٤ی دێسەمبەری ١٩٤٧ەوە، کە هەڤاڵی دڵسۆز و هاوڕێی کافکا، ماکس برۆد قسەی لەبارەی دەستنووسەکەمەوە کردبوو، پێگەیشت. لە چەند هەڵەیەکی بچووکی بابەتی لە سەرنجەکاندا ئاگاداری کردبوومەوە، ئەگینا یاداشتەکانمی وەکو “کتێبێکی باش، ڕوون و سوودمەند و گرنگ” لە قەڵەم دابوو کە بە هەموو توانایەوە هەوڵی بۆ دەدات.

نامەکە بەو ڕوونکردنەوەیە کۆتایی هاتبوو: “لە کۆتاییدا دەمەوێت جارێکی دیکە پێتان بڵێم، چەند بە یاداشتەکانتان دڵخۆش بووم کە بە شێوەیەکی هەژێنەر ڕۆحتان بە بەر قۆناخی گەوهەریی هاوڕێ لەبیرنەچووەوەکەمدا -لە هەندێ بەشدا بە وردەکاریی نوێوە- کردووە. پێم بڵێن بارودۆختان چۆنە.”

ئەمە لە پاش کاتێکی نزیکە بێکۆتایی ترس و سووکایەتی یەکەم وشەی میهرەبان بوو کە بڕوابەخۆبوونی زەدەمی بەهێز کرد، ئەوەندە بە وزەتر کاریگەریی بەسەرمه‌وه‌ هەبوو، لەبەر ئەوەی پیاوێک ئەم قسەیەی کردبوو، کە دکتۆر کافکاکەی ‘من’ بەرز دەینرخاند و شێوە بێدەنگ، بەڵام قەناعەتپێکەر و بەوزەکەی حەز لێ دەکرد.

لە ٥ی ١ی ١٩٥٠دا دانیشتم و نامەیەکم بۆ دکتۆر ماکس برۆد نووسی کە تێیدا گوتم: “نامەکەتان بۆ من دیارییەکی نایابی کریسمەس بوو. بێگومان دەتوانن لە پاشەکییەکەدا (ئەو سەرنجانەی کە یانا ڤاخۆڤەج بە ناوی ئالما ئورسەوە واژۆی کردوون)، بەو جۆرەی دڵتان بیخوازێت گۆڕانکاریی بکەن و شتەکان ڕاست بکەنەوە. بۆ ئەم کارە تەنها سوپاسگوزارتان دەبم. من کتێبەکەم لەبارەی فرانتس کافکاوە وەکو کارێکی ئەدەبی سەیر ناکەم، بەڵکو وەکو دوکیومێنتێک سەیری دەکەم: جگە لە گەواهیدان و خاوێنکردنەوەی کەشی سەردەمی لاویم هیچی دیکە نییە -ئەگەر مرۆڤ بتوانێت وا بڵێت…”

سەرەنجام مافی ئەوەم بە دکتۆر ماکس برۆد دا هەموو ئەو گۆڕانکاراییانە لە کتێبەکەدا بکات کە پێویستن. کاردانەوەم لە بەرامبەر دێڕە میهرەبانەکانی دکتۆر برۆددا متمانەیەکی بێجڵەو بوو کە دوای بڵاوبوونەوەی کتێبەکە -من هەرگیز پەیماننامە و ڕاستکردنەوەکانیم نەبینی- تووشی خورپەیەکی کاسکەر بووم. بەشێکی زۆر لە دەقە ئەسڵییەکە لابرابوو، لە ناویاندا ئەو شوێنانە کەم نەبوون کە من زۆرم بە لاوە گرنگ بوون، چونکە سیمای هەتا ئێستا حەشاری یاخییانەی نووسەری بە خەون گەشاوەی وەرگۆڕان و لە مۆڵگەی سزادایان پیشان دەدا، دژەبیرۆکراتیزمییە شێلگیرەکەی، ئاهوناڵە و ئەو دڕدۆنگییە تاڵەی کارگەی دووکەڵی نووسینگەکەی کە جارەجارە سەری هەڵدەدا، هاوسۆزیی قووڵی لە مێژووی پراگدا، پابەندیی نایابی جووتبنەمایی مانای وشەی زمان، ئەو تەوسگەراییەی کە سووکایەتیی بە بەرپرسە حیزبییە بەناو سۆشیالیستەکان دەکرد، نیگای واقیعییانەی بۆ هەموو جۆرە وەهمێکی سیاسی، گاڵتەوگەپە ترسناکەکان و چاکهەڵماڵینە بەڵگەدارە ڕەخنەگرانەکانی.

هەموو ئەم شتانە لەو دەقە چاپکراوەدا نەمابوون کە لە ساڵی ١٩٥١دا لە دەزگای پەخشی فیشەر بڵاو بووەوە. کتێبەکەم تەنها نیوەپەیکەر بوو، ئۆرگانیزمێکی کەمئەندام بوو، پاشماوەیەکی مایەی خەمباری بوو کە لە کاتی نیگاکردنیدا دڵم بەیەکدا هات. کتێبێکی چاوبەست بوو، ئاسۆیەکی بە هۆی لابردنەوە تاریک بوو، دەمێکی ماندووی لارکراو بە کەڵبەی شکاوەوە بوو، نووسینێکی بێکەڵک بوو!

بۆچی ماکس برۆد ئەم کارەی کردبوو؟
بۆچی یادەوەرییەکانم بەم شێوە سەقەتە دەرچوون کە دەبووە مایەی ڕیسوابوونی کافکای مرۆڤ؟
ئایا مۆزایکی وێنەی یادەوەرییە خاکەڕاکەم بەرنامەڕێژییەکی سیاسەتی کولتووریی وەڕس دەکرد کە من شارەزای نەبووم؟
ئایا دەبوو دکتۆر کافکاکەی من بە جۆرێکی دیکە بێت لەوەی سەرپەرشتیاری ئەو کارە ئەدەبییانەی لە پاشمەرگی کافکا مابوونەوە، دەیویست؟
بۆچی ئەو بڕگەیەی لابردبوو کە پەردەی لەسەر ئەو ڕەگوڕیشەیە لادەدا کە کافکا سەر بە ئەنارشیستەکان بوو؟
ئایا بە ڕاستی ماکس برۆد تەنها نەتەوەپەرستێکی بۆرژوای گەورە بوو وەک ئه‌وه‌ی ئێرنس کۆلمان، خاوەن ئیمتیازی گۆڤاری گەنجی جووی چەپگەرای پراگ، لە ساڵی ١٩٢٠دا ناوزەدی کردبوو؟
بۆچی خەتی ڕاست و چەپ بەسەر یادەوەرییەکانمدا هێنرابوون؟
بۆ کێ ناخۆش بوون؟

هەتا کەمتر دەمتوانی وەڵامی تاقە یەکێک لەو پرسیارانە بدەمەوە، ئەوەندە زیاتر لە مێشکمدا دەنگیان دەدایەوە. بۆ ئەوەی مەسەلەکە ڕوون ببێتەوە، نامەیەک بۆ ماکس برۆد ئاسانترین شت دەبوو. بەڵام من نەمدەتوانی ئەم شتە بکەم. برۆد مشووری دەرچوونی بیرەوەرییەکانمی خواردبوو، ئەرکی سەرشانم بوو سوپاسی بکەم و ئەمجا – بریکارنامەیەکی سپیم بۆ هەموو لابردن و گۆڕانکارییەک پێی دابوو. ئێستا نەمدەتوانی ناڕەزایی دەرببڕم. لەبەر ئەوە، دەبوو -وەکو دەڵێن- دەمم دابخەم. بەڵام بە ڕاستی من بەهرەی دەمداخستنم نییە. زۆر بە زەحمەت دەتوانم ئەو میزاجانە بشارمەوە کە بێتاقەتی پاڵنەریانن. لە حاڵەتی کتێبە سەقەتەکەشمدا هەمان شت بوو. بێدەنگ بووم، خۆم دوور گرت، بەڵام پرتەوبۆڵەم کرد، هەندێ جار زۆر بە دەنگی بەرز .

کاردانەوەی ئەو مرۆڤانەی گوێیان لە پرتەوبۆڵەکانم دەبوو، لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی دیکەیاندا هاوئاهەنگ بوو.

(یان پاریک)ی هەواڵنێر بە (نێریۆ مینۆزۆ)ی پەخشکاری ئیتالیی خەڵکی ڕۆمای ناساندم، کە دانیشتووی شەقامی لودۆڤیسی ١٦ بوو و ماوەیەکی کورتی پێش سەفەرکردنی لە پراگ بەیەک گەیشتین. نێریۆ بۆمی ڕوون کردەوە: “ئێوە دوامرۆڤی زیندوون کە لە پراگ بژین و خودی فرانتس کافکای نووسەرتان ناسیبێت. دەبێت هەموو شتێکی کە لەبارەی کافکاوە دەیزانن، بیڵێن و بە خەڵکی دیکەی بگەیەنن. لەوەیە هەموو وردەکارییەک کلیلێک بێت. نابێت ئێوە لە ڕێی بێدەنگییەوە کەسایەتیی کافکا بە تەمتومان دابپۆشن.”

ئەمە بۆ من خورپە بوو. دەبوو سیمای ڕۆحیی مرۆڤێک، کە من هێشتا وەکو مەشخەڵێکی درەوشاوەی کێشە ڕۆحییە هەرە قووڵ و پڕئازارەکانی سەردەمەکەمان لە دەرکەوتنیم دەڕوانی، گوایە من ئەم تیشکە ڕێپیشاندەرە تاریک دەکەم؟ من زمانم بەسترا. ددانی پێدا دەنێم: خۆشحاڵ بووم، کاتێ نێریۆ مینوزۆ و هاوڕێکانی لەپڕ هەستان بۆ ئەوەی بۆ فڕۆکەخانە بڕۆن.

من نەبوومە هۆکاری کەلێنەکانی نێو کتێبەکەم. کتێبەکە وەکو نیوەپەیکەر بە من گەیشت. زۆرم حەز دەکرد کەلێنەکانی پڕ بکەمەوە، بەڵام هۆکارەکانم لە بەردەستدا نەبوون. ئەسڵە پیتچنکراو و دوو کۆپییەکە نەمابوون. من کۆپیم نەمابوو. کاتێ بە بێتاوان لە زیندان بووم، ژنەکەم یاداشتنامەکانمی سووتاندبوو. ئەی ‘گەنجینەی بیرۆکەکان؟’ نازانم لە کوێ لەناو چوو؟ دەبوو بۆ ڕابوردوو ڕوو لە کوێ بکەم؟

کلاوس ڤاگنباخ، ژیننامەنووسی بەسەلیقەی کافکا، کە چەندان مانگ نامەمان بۆ یەکتر نووسی و چەندان ڕۆژ لە پراگ بەدوای شوێنپێی نووسەری وەرگۆڕان و مۆڵگەی سزادا گەڕام، پێمی گوت: “دەبێ هەموو شتێک کە لەبارەی سەردەمی کافکاوە دەیزانن، بینووسنەوە. زۆری دیکە ناخایەنێت و کەس لێرە نامێنێت بتوانێت ئەو کاتەی بیر بکەوێتەوە.”

ڤاگنباخ ڕاستیی لاوازی و مردنمی بە تەواوی هێنایە نێو هۆشمەندیمەوە. ئەو ڕاستی دەکرد. دەبوو چی بکەم؟ دەبوو گازندە لە دکتۆر ماکس برۆد و چاپە ناتەواوەکەی گفتوگۆ لەگەڵ کافکادا بکەم؟
کلاوس ڤاگنباخ ناسیاوی برۆد و یەکێک لە هەڵسەنگێنەرەکانی دەزگای پەخشی فیشەر بوو. بە بیانوویەکی پووچ، کە ئێستا لە بیرم چووەتەوە چی بوو، خۆمم لە کلاوس ڤاگنباخ دوورخستەوە.

تەنها بەم شتە باری دەروونیم باشتر نەبوو. بە پێچەوانەوە: کتێبە سەقەتەکە بووە هۆکاری تراومایەکی ڕۆحی. من گەواهیدەرێکی گرنگ بووم کە نشوستم هێنا. ئازاری ویژدان ڕاوی دەنام. لەبەر ئەوە، زۆر ئاسایی بوو کە لە لای مرۆڤگەلی جیاواز بەدوای ئامۆژگاری و یارمەتیدا دەگەڕام. بەڵام کاتێ تەنگەتاوی بە شاراوەترین ڕەگوڕیشەی بوون دەگات، مرۆڤ هەمیشە تەنیایە. مرۆڤ ناتوانێت یارمەتی بدات. هەموو قسەکانی مرۆڤ- ئەگەر پڕ نەبن لە خۆشەویستیی ڕاستەقینەی بێقەیدوشەرت، لەم گوێیەوە دەچنە ژوورەوە و لەوی دییەوە دەردەچن.

دکتۆر ڤۆڵفگانگ کراوس، سکرتێری کۆمەڵەی نەمساویی ئەدەب، کە جارێکیان لەگەڵیدا لە پاشنیوەڕۆیەکی هەتاوی لە گۆڕستانە داخراوە کپەکە لە سەر گۆڕەکەی فرانتس کافکا دانیشتبووین، بۆی ڕوون کردمەوە کە وێنەی یادەوەرییەکانم بنووسمەوە و بڵاویان بکەمەوە. ئەو گوتی: “لە هیچ شوێنێک نەنووسراوە، کە ئێوە جگە لە گفتوگۆ لەگەڵ کافکادا کە سەرکەوتوو بوو، سەرنجی خۆتان لەبارەی کارە ئەدەبییەکانی نووسەرە پراگییەکەوە، کە دەتانناسی، بڵاو نەکەنەوە.”

لەبارەی ئەم ڕوونکردنەیەوە هیچم نەگوت. نەمتوانی بە زانا ئەدەبییە خوێنشیرینە ڤێناییەکە بڵێم کە فرانتس کافکا بۆ من بنەمای مادیی سەرنجی ئەدەبی نییە، بەڵکو تەوەری ئایینێكی تایبەتە کە لە بێدەنگیدا ڕەگی داکوتاوە. فرانتس کافکا بۆ من نە ئەگەرێکی سەرگەرمکردن و گێڕانەوە بووە، نەیش دەبێت، بەڵکو نموونەیەکی جددی و ڕێنیشاندەری باوەڕ و ژیانە.

بێگومان هەتا ئەمڕۆ کەمترین مرۆڤ ئەمە دەزانن، لەبەر ئەوە کۆمپانیای چاپ و بڵاوکردنەوەی بیانی پێشنیازی گێڕانەوەیان خستە بەردەستم. بۆ نموونە، دەزگای پەخشی کیندلەر لە میونیخ داوای لێ کردم دەست بە سندووقی دوکیومێنتەکانمدا بکەم و وەکو یارمەتیدەر لە دەرچوونی کتێبێک لەبارەی میراتگری کافکاوە بەشداری بکەم. ئەوە ڕوونە کە لە ٢٥ی مایسی ١٩٦١دا دەبوو بە نەزاکەتەوە ئەم داوایە ڕەت بکەمەوە، لەبەر ئەوەی من دوکیومێنت و پێشمـەرجە پێویستەکانم نەبوو. نە کۆپییەکی دەستنووسی کافکا بە منی گوتم مابوو، نە ‘گەنجینەی ئەندێشە’ کۆنەکانم. ئەمجا -ئەگەر دەفتەرە خۆڵەمێشییەکەشم بدۆزیایەتەوە- بە بڕوای خۆم، زۆر بە زەحمەت دەمتوانی هاتنەئارای قسە جیاوازەکانم بیر بکەوێتەوە. لە دوای ئەو هەموو ساڵە شیاو بوو کە هەندێ لە نووسینەکانم بە هەڵە بدابایە پاڵ فرانتس کافکا، لەجیاتیی ئەوەی -بەپێی بارودۆخە ڕاستەکە- وەکو ئیقتباسی لەبیرچووەوەی خوێندنەوە لە قەڵەمی بدەم.

چۆن دەمتوانی هەرچی گەواهییەک بووە بیدەم؟ خۆ نەمدەتوانی سووکوسانا بکەومە فەنتازیاکردن، بۆ ئەوەی لە شوێنێکی ئەم جیهانەدا پاروویەکی بەلەززەتی سەرگورشتەیەک بخەمە بەردەم پەخشکارێکی ڕاوکەری وردەکاری. دەبوو لە هەموو گوزارشتێکدا زۆر بە توندی تەنها خۆم بە گەواهییەکی هەتا دەکرێت تەواوەوە سنووردار بکەم. بەڵام لەمەش بەدحاڵی بوون.

“ئێوە شاعیرن.” ڕیژیسیۆری فیلمی ئیتالی، فێرناندۆ جیاماتیۆ، ئەمەی پێ گوتم، کە کورتەفلیمێکی بۆ تەلەفزیۆنی ئیتالی لەبارەی فرانتس کافکا و پراگەوە دروست دەکرد، کاتێ بە ناو ڕاڕەوی سۆندەئاسای چەند خانوویەکدا دەمبرد کە لەپڕ بورجە بەرزەکەی پردی کارل بە تارمایی کۆشکی پراگەوە بە ناو تەمتومانی تاریکدا بە ئاسماندا چوو.

دووبارەی کردەوە: “ئێوە شاعیرن. بۆ ئێوە کافکا مرۆڤێکی ئاسایی نییە کە لە تەمەنی گەنجیتاندا بینیوتانە”. گوتم: “ڕاستە. کافکا پێشبینیکەرە. فرانتس کافکا لە پراگ نەژیا. پراگ بۆ ئەو تەنها بەردەباز بوو. فرانتس کافکا لە وڵاتی ڕەهاییدا دەژیا.”

هەر لەبەر ئەوەش بوو کە لەدەستدانی یادەوەرییەکانم ڕاستەوخۆ وەکو گوناه و وەکو تاوانێکی گەورە دەبینی.

لوسی ئولریش، ژنەبەڕێوەبەری فیلمی کالڤیس لە پاریس، کە لە کاتی مانەوەیدا لە پراگ ئەمەم پێی گوت، گوتی: “خاترجەم بن. کافکا پەیامبەرە. ئێوە دەنگیتان تۆمار کردووە. دەنگی پەیامبەر ون نابێت. بە دڵنیاییەوە پاشماوەی گفتوگۆ تەواونەبووەکانی کافکا دەدۆزرێنەوە. فرانتس کافکا مەسەلەیەکی ئاسایی ئەدەبی نییە. دەنگی کافکا پەیامێکی گرنگە بۆ هەموو مرۆڤەکانی سەردەمەکەمان. بە دڵنیاییەوە گفتوگۆ لەگەڵ کافکادا بەبێ کورتکردنەوە بڵاو دەبێتەوە.”

بە ژێر تیشکی گڵۆپە نیۆنەکانی ئێوارەی گۆڕەپانی ڤێنتسڵدا دەهاتین و دەچووین. دەنگی خاتوو لوسی تژی بوو لە بڕوایەکی بەتین. هەستم بەو باوەڕە کرد، بەڵام بڕوام پێی نەکرد. بۆ من بەتینییەکەی تەنها پۆزلێدانێکی پفدراو بوو. دەقە ئەسڵی و کۆپییەکانی گفتوگۆکانم نەمابوون. هیچ پەڕجوویەک نەیدەتوانی بیانهێنێتەوە. بارودۆخم خراپ بوو. هەستم دەکرد خەریکە وەکو ئەو کەسانە لە هۆش خۆم دەچم کە شەکرەیان بەرز دەبێتەوە. هەناسەم نەدەگەیشتە قووڵایی سینەم. ئارەقە بە بڕبڕەی پشتمدا دادەچۆڕا. خاتوو لوسی بە تەکسییەک بردمی بۆ ئەو خانووەی قەراغ شار کە ماوەیەکی زۆر تێیدا خەوتم.

لە کاتی ماڵئاواییدا پێی گوتم: “نابێ کۆڵ بدەن. ڕاڕایی -وەکو کافکا دەیگوت- یەکێکە لە گەورەترین گوناهەکان. ئێوە دەبێت بڕواتان بە دادپەوەری و بەزەیی هەبێت، ئەو کاتە هەموو شتێک باش دەبێت. زۆر جار باشی بە جلی سامناکییەوە بۆ لامان دێت.”

خاتوو لوسی ئولریش ڕاستی کرد. بەڵام زۆر درەنگتر ئەمەم بۆ دەرکەوت. لەو کاتەدا کە لەگەڵ خاتوو لوسی قسەم دەکرد، ئەو شتەی بە ڕاستی بینیم و ئەزموونم کرد، ئەوە تەنها باوەشپێداکردنێکی ڕووتی بێدەرچەی تەنگەتاوی و غەدر بوو، کە تاوانێک نەبوو لە ڕێی بارودۆخی کۆمەڵ و نەزمی دەوڵەتەوە هاتبێتە ئاراوە، بەڵکو تەنها لە ڕێی شەیتانیی ناخی شتەکان و مرۆڤ خۆیەوە هاتبووە ئاراوە.

کاتێ لەگەڵ خاتوو لوسی ئولریشدا قسەم کرد، چەندان مانگ بوو لەژێر گوشارێکی سامناکدا دەژیام کە لەگەڵ هەموو هەوڵ و کۆششێکدا نەمتوانی لێی ڕزگار ببم. ڕۆژبەڕۆژ هەمیشە زیاتر تیایدا گیر دەمام. هێلێنە یانوخی خێزانم دوای نەخۆشییەکی درێژخایەنی قورس مرد. ماوەیەکی کورتی دوای ئەوە ئانای کچم بە ڕووداوێکی ماتۆڕ گیانی لە دەست دا. نەمتوانی لە خەرجیی بەخاکسپاردنیدا بەشداری بکەم، توانییشم تەنها بەشێکی خەرجیی بەخاکسپاردنی ژنەکەم بدەم، چونكه‌ هەموو سەرچاوەکانی پارەم وشکیان کردبوو. ژنەبەڕێوەبەری دەزگایەکی پەخش لە پراگ، کە وەکو هەڵسەنگێنەر و وەرگێڕی دەرەکی کارم بۆ دەکرد، خۆی کوشت. بەڕێوەبەرایەتییە نوێیەکە نەیویست ددان بە ڕاسپاردەکاندا بنێت کە تەنها زارەکی پێم درابوون. حەقی کاری ساڵێکی ڕەبەقیان پێ نەدام. کاتێکیش بەرهەڵستیی ئەم ناحەقییەم کرد، سەرباری هەموو ئەم شتانە، هەموو ئەگەرەکانی کاریان لێ سەندمەوە. هاوکات لە بازاڕی کتێبی ئەڵمانیدا لەگەڵ چەند نازییەکدا بەیەکماندا دا. ڕێگرییان لە بڵاوبوونەوەی کتێبێک کرد کە من تێیدا ئەنجامە دەروونییەکانی ڕاوەدوونانی ڕەگەزی و جازم وەکو هەوڵێکی ئازادیی دەروونیی ئەوانەی لە لایەنی ڕەگەزییەوە چەوسێنراونەتەوە، خستبووە ڕوو. من نەک تەنها شارەزای مۆسیقای پێستڕەشەکان بووم، بەڵکو ئاگام لە “نانی زایەڵەدار”ی جوولەکە گەنجەکانیش هەبوو لە گێتۆی تێرێزیانشتاتدا، کە ئێمیل لودڤیگی هاوڕێی دێرینم، قوربانیدەرانە پشتگیریی پرۆژەکەمی دەکرد.

بێگومان ئەمانە حەقیقەتگەلێک بوون کە بۆ وتاربێژانی ڕەگەز و دیموکراتە نۆکوورە داهێنەرەکانی گونجاو نەبوون، لەبەر ئەوە بە شێوەیەکی بێشەرمانە ڕێگرییان لە دەرچوونی کتێبەکەم کرد کە ناوی گۆرانیی مەرگ بوو، کاتێکیش بەرهەڵستیم کرد، کتێبی دیمانەکانی پراگ، کە چاپی یەکەمی ماوەیەکی کەم پێش ئەوە لە چەند هەفتەیەکی کەمدا لە بازاڕ نەما و زانکۆی کالۆفۆرنیا لە بێرکلی -وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا- و زانکۆی ڕووسی لە لڤۆڤ -یەکێتی سۆڤیەت- لە دەزگای چاپ و پەخشی پاول لیست لە لایبتزیگ بێئاکام داوا دەکرا، سووکوسانا پێشێل کرا و چاپ نەکرایەوە.

لەبەر باوەڕی شێلگیری مرۆڤدۆستانەم، لەبەر هەڵوێستم کە بە باوەڕ و یادگاریی فرانتس کافکاوە بەسترابوو، بەبێ هیچ بنەمایەکی یاسایی ڕاوەدوو دەنرام و پەستێکنرابوومە ناو بۆتەقەی زۆرداریی خەمی نان و بوونەوە. دەمکوتمیان کردبوو و هەوڵیان دەدا هەموو هۆکارێکی چالاکیی مرۆڤانەم لێ بستێننەوە، بۆ ئەوەی بەم جۆرە لە ڕێی پرۆسێسێکی گەورەی سوانەوە پرزەم لێ ببڕن.

خەریک بوو ئەمە سەر بگرێت. میکانیزمی زیندەکاری جەستەم لە ڕێی نەخۆشیی درێژخایەنەوە، لە ڕێی ئازاری دەروونی و ئێستا لە ڕێی ڕێژەیەکی پلانبۆداڕێژراوی بەرزی خەمی زۆر ڕۆژانەی ئاساییەوە لاواز بووبوو و هاوسەنگیی لە دەست دا. لە لایەنی دەروونی و جەستەییەوە داکەوتم. ئەم نەخۆشییە بووە هۆکاری ڕۆچوونێکی کاوەخۆ بۆ نێو تەنیاییەکی دەرەکی و ناوەکی، کە نەبووە هۆکاری ساردبوون و ڕەقبوونی ناوەکی، بەڵکو -بە تەواوی بە پێچەوانەوە!- بووە هۆکاری هەستێکی دەستەوەسانیی خۆڕادەستکردن و تووڕەییەک کە هەمیشە لە زیادبووندا بوو.

هاوڕێ پزیشکەکانم لاوازییەکی زۆری جەستەمیان بۆ تووشبوون بە هەموو نەخۆشییەک سەلماند. خەریک بوو چیتر تا بەری نەدەدام و جێخەوم بەجێ نەدەهێشت. لە پاڵ ئەم داکەوتنە جەستەییەوە کاوەخۆ هەستم بە کەمبوونەوەی وزەی ئەقڵ و ورە دەکرد. یادەوەریم کە هەتا ئێستا باش کاری دەکرد، لەپڕ کەلێنی تێکەوت. لە چاوتروکانێکدا ڕەفتاری ئاسایی و شتی زۆر بچووکی ڕۆژانەم لە بیر دەچووەوە. چیتر ژیانم بە جۆرێک بۆ دەرنەدەکەوت کە شایانی ئەوە بێت مرۆڤ بژی. بۆ کامو، بێکێت و ئەستێرەکانی دیی پووچگەراکان پێ گه‌یشتم. تەنها ئاسۆیەکم لە بەردەم خۆمدا دەبینی: مردن. دەمویست بە هێنمی و بەبێ هەراوهوریایەکی زۆر چاوەڕوانی مەرگ بکەم. تاقە ویستێک کە هێشتا مابووم، ویستی نەزم بوو. ویستم ئەو مرۆڤە باشانەی کە بە دڵباشی و یارمەتییە لەخۆبردوانەکەیان توانیم هەتا ئێستا ددان بە خۆمدا بگرم، گوناه و بێنەزمییان بۆ بەجێ نەهێڵم. لەبەر ئەوە چوومە فلاتە کۆنەکەمەوە لە شەقامی ناسیۆنال، کە لە کاتی مردنی ژنەکەمەوە تەنها چەند جارێک و هەمیشە تەنها بۆ ماوەیەکی کورت سەردانم دەکرد. ویستم هەموو شتێک کە هێشتا لێرە مابوون، هەر لە وێنە، پۆشاک، فەخفوری و شتی دی کە مابووەوە، بدۆزمەوە و بە خەڵکیان بدەم. دوای نزیکەی نیو سەعات کۆمەڵێک شتی جیاواز لە سەر مێزەکە کەڵەکە بوون. بەدوای جانتایەکدا گەڕام. لە ژوورەکەدا جانتا نەبوو. پێشووتر بە سەر ڕەفێکەوە لە ئاودەستەکەدا چەند سندووقێکم بینیبوو. کارتۆنێکی گەورەی کۆنی داڕزاوم دەرهێنا. کارتۆنەکە پڕ بوو لە پارچەپەڕۆ و خوریی ماوە، دەستە قولاپی چنین و كاغەزی زەردهەڵگەڕاوی نموونەی بڕین. جانتاکەم لە سەر زەوییەکە ڕۆکرد. لە ژێری ژێرەوە دەفتەری ڤاڵسێکی یۆهان شتراوس و لە ژێریدا “گەنجینەی ئەندێشە” کۆنە خۆڵەمێشییەکەم کەوتبوو. لە نێو ڤاڵسەکانی شترواسەوە دەستەیەک کاغەزی پیتچنراو سەری دەرهێنابوو. ئەمە دەقی ئەسڵیی شوێنە ونبووەکانی گفتوگۆ لەگەڵ کافکادا بوو. دەبوو دابنیشم.

دکتۆر ماکس برۆد بە ئارەزووی خۆی لە کتێبەکەمی هەڵنەپاچیبوو. ئەو تاقە بڕگەیەکی چەپەر نەکردبوو و لای نەبردبوو. چەندان ساڵ من ناحەقیم لە هەمبەریدا کرد. هەڵەکە کەمتەرخەمیی من بوو کە هەموو شتێکم سادە دەکردەوە. من زیاتر متمانەم بە نزیک کرد وەکو لە دوور. یۆهانا ڤاخۆڤێج لە بێتەحەمولییەکەیدا کە مەبەستی خراپ نەبوو، سووکوسانا سەرجەمی دەستنووسە ئەسڵە پیتچنراوەکەی بۆ ماکس برۆد نەناردبوو. ئەمە هەموو مەسەلەکە بوو. من نازانم چۆن لاپەڕە و دەفتەری نۆتەکان چووبوونە ناو جانتاکەوە. بەڵام ئێستا ئەمە گرنگ نییە.

خاتوو لوسی ئولریش ڕاستی کرد. هەزار جار ڕاستی کرد. تینووتاوەکەی پۆزلێدان نەبوو. من بەرامبەر خاتوو لوسی و ماکس برۆد و بەمەش بەرامبەر خۆم ناحەقیم کرد. دەنگی پەیامبەر ون نابێت. خاتوو لوسی ئەمەی ڕاست بینی و ڕاستی گوت.

لەبەر ئەوە ڕێکخستنی میراتەکەی ژیانم تەنها بە تەواوکردنی گەواهیی کافکا دەست پێ دەکات. بەڵام ئەمە کۆتایی نییە، کەوتنەناو فەناوە نییە، بەڵکو سەرەتایە، گەڕانەوەیە. نەک تەنها بۆ من، بەڵکو بۆ مرۆڤگەلێکیش کە نادیار دەردەکەون و کۆشش دەکەن بە سپێدە بگەن.

دکتۆر کافکاکەی من -وەکو دکتۆر ماکس برۆدی دڵباش و دڵسۆز گوتی- سیمایەکی ڕێگه‌پیشاندەرە و لەبەر ئەوە، ئەو شتەی کە من لێرەدا وەکو ددانپێدانان و تۆبەکردن دەینووسمەوە، کۆتایی نییە، بەڵکو دەرگایەکی کراوەیە، پارچەیەکی بچووکی ئومێدە، هەناسەهەڵمژین و هەناسەدانەوەیە و دوای ئەو هەموو ئازاری ترس و نائومێدییە کە بەسەرمان هات، ئەمە بەهیزکردنی ئەو شتەیە کە لە ناخی ئێمەی مرۆڤی پەککەوتەدا هێشتا زیندووە و لەناو ناچێت.

گوستاڤ یانوخ
١٩٦٨

لەبڵاوكراوەكانی زنجیرەی كتێبی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم

ناردن: