چۆن فەیسبووك ژیانمان بەدبەختتر دەكات

نوسینی: تۆنی سەغبینی
وەرگێڕانی: هەڵكەوت عەبدوڵا

كتێبی گیرفان 142 دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم

نرخ 1500 دینار

دەستپێک
ئایا ژیان بەبێ فەیسبووک وێنادەکرێت؟

پرسیاری ناونیشانەکە تەنیا پرسیارێک نییە، بەڵکو ڕستەیەکە تا ڕادەیەکی زۆر ڕۆحی سەردەمەکەمان پوخت دەکاتەوە، بە تایبەتی لای نەوەی گەنجان. بەلای زۆرێکمانەوە، چیتر پێگەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی، وەک فەیسبووک، چەند پێگەیەکی ئینتەرنێت نین، بەڵکو بوونەتە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەمان، بەشێک لە بنەماکانی کەسی “سروشتی”ی لە کۆمەڵگەکانماندا. بەلامانەوە سەیرنییە کە زۆربەی هەرە زۆرمان ئیمڕۆ توانای ئەوەی نییە وێنای ژیانێکی بێ فەیسبووک بکات. بۆیە وەڵامی زۆرینە بۆ پرسیارەکەمان “نەخێر”ێکی یەکلاکەرەوەیە.

بەڵام مایەی گاڵتەپێکردنە ئەوە بنووسین، چونکە ژیان پێش فەیسبووکیش هەبووە. بۆیە دەمانەوێ لە ڕێگەی ئەم زنجیرە نووسینەوە حەقیقەتێکی تر بخەینە سەر ئەو حەقیقەتە بەڵگەنەویستەی دەڵێت: ژیانی تەندروست و دەوڵەمەند و خوازراو، لەو جیهانە پڕ ژاوەژاوی ئەلیکترۆنییەی دەوری داوین، ئەوەیە کە بەبێ فەیسبووک بەسەری دەبەین. لەوانەیە ئەو دوا سەرەنجامەی ئێمە پێی گەیشتووین، بەلای زۆرێکەوە ناواقیعی بێت و وەک شتێکی سەیر، بەزەیی بزوێن، سەرەتایی و دژی “پێشکەوتن” ـ ئەو وشەیەی ئەمڕۆ وەک ئایینێکی دابەزێنراو شێوازی بیرکردنەوەمان کۆنترۆڵ دەکات ـ تێی بڕوانن. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر خوێنەر تۆزێک دان بەخۆیدا بگرێت، بۆ بەردەوامبوون لەسەر خوێندنەوەی بابەتەکە تا کۆتایی، ئەوا لەو بڕوایەدام تێگەیشتنی زیاتری بۆ ئەم تێڕوانینەمان دەبێت.

فەیسبووک بەم جۆرە پێناسەی خۆی دەکات: “دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتییە، خەڵک دەبەستێتەوە بە هاوڕێکان و ئەوانەی لە نزیکیانەوە کاردەکەن و دەخوێنن و دەژین”، بەڵام لە واقیعدا ڕۆڵەکەی زۆر لەوە زیاترە. فەیسبووک وەک تەواوکەرێکی لاوەکی بۆ پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەستی پێ کرد، بەڵام بەبێ ئەوەی هەستی پێ بکەین،،،،، گۆڕاوە بۆ ئەڵتەرناتیڤی کارلێککردنی کۆمەڵایەتیی ڕاستەقینە. سەرەنجامیش پاشەکشەی بێهاوتای پەیوەندییە گیانی بەگیانییەکانە، جا هاوڕێیەتی بێت، یان ئەوانی تر. فەیسبووک گۆڕاوە بۆ کۆڵەکەیەکی بنچینەیی پەیوەندییەکانمان، وەک ڕۆژنامەنووسێک گوزارشتی لێ دەکات، دەرچوون لێی وەک جێهێشتنی شار و ژیانە لە گوندێکی دوورەدەست. ئەوەی ئەمڕۆ ڕەخنە لە فەیسبووک بگرێت، وەک ئەوە وایە ڕەخنە لە خودی ژیانی کۆمەڵایەتی بگرێت، یان دژی کومەڵگە و پێشکەوتنی تەکنولۆژی بێت، ئەگەرچی دواجار فەیسبووک بۆ خۆی تەنیا پێگەیەکی ئەلکترۆنییە.

پێگەی ئەلکترۆنی هەندێک خاڵی ئەرێنیی هەیە کە دانی پێدا دەنێین، لەوانە: کردنەوەی جیهان بە ڕووی یەکتردا بە ڕادەیەک کە لەوەوبەر وێنەی نییە، پاراستنی پەیوەندی لەگەڵ خەڵکانێک کە دوور لە ئێمە دەژین، ئاسانکردنی پڕۆسەی ناسینی کەسانی هاوشێوەی خۆمان، سوودگەیاندن بە زۆر مەسەلەی سیاسی و کۆمەڵایەتی، یارمەتیدانی زۆربەمان بۆ خۆپەسەندکردن و بەدەستهێنانی پشتگیریی مەعنەویی گرنگ لە ژیاندا، دەرفەت ڕەخساندن بۆ زۆرێک بۆ دۆزینەوە و خوڵقاندنی دەرفەتی کارکردن، هەروەها ئامڕازیکی سەرگەرمکردنی گرنگ بووە بۆ ملیۆنەها لە جیهاندا.

بەڵام ئەو هەژموونەی ئەم پێگەیە ئەمڕۆ لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا هەیەتی، دەی سەپێنێ بە سەرماندا لە ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانەوە هەڵی سەنگێنین. ناکرێت مەسەلەیەکی بەم گەورەییە زاڵ بێت بەسەر گرنگترین ڕەهەندماندا وەک مرۆڤ، واتە پەیوەندییە مرۆڤایەتییەکانمان لەگەڵ یەکتر، بەبێ ئەوەی بی خەینە ژێر مایکرۆسکۆپەوە.

ئەو پوختە بنچینەییەی لە ڕێگەی ئەم زنجیرە نووسینەوە پێی گەیشتووین ئەوەیە، فەیسبووک ـ سەرباری سوودەکانی ـ زیاتر لەوەمان لێ دەبات کە پێمان دەبەخشێت. لە واقیعدا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کارەساتێکە لەسەرخۆ بەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانمان دێت. دوای تەلەفزیۆن کە زۆرێک لە ئێمەی کردووەتە بینەری ڕووت، پاش کولتووری بەرخۆری کە پاشماوەکانمانی گۆڕیووە بۆ بەکاربەری ڕووت، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هاتووە بۆ ئەوەی بمانکاتە ژمارە و وێنەی سەر مۆنیتەرەکان و دوا نیشانەکانی مرۆڤبوونمان ڕەت بکاتەوە. ئیمڕۆ ئێمە گۆڕاوین بۆ چەند “ئاپۆرە”یەکی ڕووت، تەنانەت چیتر پەیوەندییە مرۆڤایەتیەکانمان مرۆڤدۆستانە نین، بەڵکو گۆڕاون بۆ پەیوەندیی تاک بە مۆنیتەرەوە، بە چەند ئاپۆرەیەکی بێ ڕووخسارەوە، ئەگەرچی ئەو ئاپۆرانە لەسەر پێگەی شین چەندین وێنە دەکەن بە ڕووخساریانەوە. پووختەی قسەکانمان دەربارەی فەیسبووک ئەوەیە، کە فەیسبووک پێگەیەک نییە بۆ پێکگەیشتنی کۆمەڵایەتی، بەڵکو پێگەیەکە بۆ لێکدابڕانی کۆمەڵایەتی، چونکە هانی گۆشەگیری دەدات و کارلێککردنی ڕاستەوخۆی مرۆڤەکان لە ژیانماندا دادەبەزێنێ بۆ نزمترین ئاستی خۆی.

ئەم کۆمەڵە نووسینە گفتوگۆ دەربارەی ئەو پووختەیە دەکات، بەو هیوایەی هانی هەندێک خوێنەر بدات، جڵەوی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان بگرنەوە دەست و نەی دەنە دەست ئینتەرنێت، ئەگەرچی ئەوە پێویستی بە هەنگاوی “خۆکوشتنی ئەلکترۆنی” و کۆتاییهێنان بە کەسێتیی گریمانەیی لەسەر فەیسبووک دەبێت. نووسینەکان تاوتوێی چەند لایەنێکی فەیسبووک دەکەن، سەرەتا لە ئەزموونی تایبەتیمانەوە لە پێگەکەدا، ئینجا تێپەڕبوون بە توانای فەیسبووک لەمەڕ گۆڕینمان بۆ ژمارە و وێنەی ڕووت و کاریگەریی لەسەر بەختەوەری و خۆپەسەندکردن، تا دەگاتە ترسی ئاسایشخواز دەربارەی زانیارییە تایبەتییەکانمان و لێکۆڵینەوە دەروونییەکان دەربارەی کاریگەرییەکانی فەیسبووک لەسەر ژیانمان.

چاوەڕوانی ئەوە ناکەم خوێنەرەکان لەمەڕ بیروڕاکانی ناو نووسینەکان هاوڕام بن، بەتایبەتی کاتێک نووسینەکان لێکۆڵینەوەی تەواو نین، بەڵکو چەند بیروڕایەکن و داوایان لێ دەکەم خۆیان لێکۆڵینەوە بکەن و بگەنە سەرەنجامگەلی کەسیی تایبەتی دەربارەی بابەتە، تەنانەت ئەگەر تەواو ناکۆک بن لەگەڵ ئەوانەی لە نووسینەکاندا هاتوون.

بە ڕای بێفیزی خۆم، باشترین شێواز بۆ دەستکردن بە لێکۆڵینەوە ئەوەیە کە لە خودەوە دەست پێ بکرێت: ئەزموونکردنی کاریگەریی فەیسبووک لەسەر ژیانمان. بۆیە بێفیزانە داوا لە هەموو خوێنەرانی ئەم دێڕانە دەکەم، کە بە ڕاستی دەیانەوێ کاریگەریی فەیسبووک لەسەر ژیانیان بدۆزنەوە، تاقیکردنەوەیەک لەگەڵ خۆیان ئەنجام بدەن و ئیمڕۆ پێش سبەینێ ئەوە بکەن. تاقیکردنەوەکەش ئەمەیە: داخستنی ئەکاونتی فەیسبووک بۆ ماوەی مانگێک و نەچوونە ناو پێگەکەوە بە درێژایی ئەو ماوەیە (ئەمەش بە دەستنان بە دووگمەی deactivate لەناو Account Settings لە ژێر بەندی Security دا)

زۆربەمان ناتوانین وێنای ئەوە بکەین، ڕۆژێک بەبێ چوونە ناو فەیسبووکەوە بەسەربەرین، باشترین ئامڕازیش بۆ ئاشنابوون بە کاریگەریی ڕاستەقینەی فەیسبووک لەسەر ژیانمان ئەوەیە، بۆ ماوەی مانگێک لە ژیانمانی بکەینە دەرەوە و ڕەچاوی ئەوە بکەین: کاریگەریی ئەوە لەسەر ژیانمان چییە؟ ئایا ژیانمان لە ماوەی مانگەکەدا بەرە باشتر دەچێت، یان بەرەو خراپتر دەڕوات؟ ئایا پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانمان لەگەڵ کەسە نزیکەکانمان باشتر دەبێت؟ ئایا ئامادەییمان لە ڕۆژگارەکانماندا زیاتر دەبێت؟ ئایا هاوڕیکانمان بیرمان دەکەن؟ ئایا ئێمە بیری ئەوان دەکەین؟ ئایا ڕۆژەکانمان باشتر و بەرهەمدارتر دەبن یان بە پێچەوانەوە؟ لە داخستنی فەیسبووک چی بەدەست دێنین و چی لەدەست دەدەین؟
بەو جۆرە نووسینەکانمان تەنیا قسە و وشەی بەتاڵ نین، بەڵکو هەر کەسێک دەتوانێت قسەکانمان لەگەڵ ئەوەدا بەراورد بکات، کە بە کردەوە لە ژیان و ڕۆژگارەکانیدا ڕوودەدات.

ئیمڕۆ فەیسبووک دابخەن و بڕۆن بۆ: لەئامێزگرتنی کەسە نزیکەکانتان، پیاسەکردن لەگەڵ هاوڕێکانتان، چێژوەرگرتن لە خۆر، ڕزگاربوون لە هەژموونی مۆنیتەر و وێنە و هرووژمهێنانی بێکوتایی زانیارییەکان.

ئەگەر دەتانەوێ ئاشنابن بە کاریگەریی فەیسبووک لەسەر ژیانتان، هەوڵ بدەن بە درێژایی تەواوی مانگێک وەک وێنە ژیان بەسەرمەبەن!


لەبڵاوكراوەكانی زنجیرەی كتێبی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم

ناردن: