نووسینی: مەجید ساڵح
نرخ: 3000 دینار
چاپی یه‌که‌م


سەرەڕای تێگەیشتن و خوێندنەوەی جیاجیا بۆ چەمكی سیاسەتی ڕاگەیاندن، بەڵام كاری ڕاگەیاندن لە هیچ وڵاتێكدا پێشكەوتن بە خۆیەوە نابینێت، ئەگەر حكومەت و كەناڵەكانی ڕاگەیاندن لەو وڵاتەدا خاوەنی سیاسەتێكی ڕاگەیاندنی ئاشكرا و نووسراو نەبن، چونكە سیاسەتی ڕاگەیاندن بەشێكە لە ڕەگەزەكانی پرۆسەی ڕاگەیاندن.

پێشەکی

زاراوەی سیاسەتدانان دەستەواژەیەکە بە زۆری لەگەڵ چەمکی دەوڵەتدا بەکار دێت، ئەو ڕێوشوێنانەی کە حکومەت سەبارەت بە باسەکانی ئاساییش دەیگرێتە بەر، پێی دەگوترێت سیاسەت. بە هەمان شێوەش باس لە سیاسەتی دەرەکی و ناوخۆیی وڵات دەکرێت. هەر کە حکومەتێک دەستبەکار دەبێت، ڕاستەوخۆ سیاسەتی خۆی سەبارەت بەو باسانەی کە لە سەرەوە باس کران و دەیان باسی دیکە ڕادەگەیەنێت. هیچ دەوڵەتێک نییە لە دونیادا سیاسەتی تایبەتی سەبارەت بە باسەکانی بەرگری، کولتووری، کۆمەڵایەتی، تەندروستی و تا دوایی نەبێت.

هەموو سیاسەتێکی حکومەت پێی دەگوترێت سیاسەتی گشتی، ”دانانی سیاسەت لە هەموو بوارەکاندا بە سیاسەتی کولتووری و ڕاگەیاندنیشەوە شتێکی نوێ نییە، تەنانەت پێش شۆڕشی فەڕەنسی (1789–1799) هەندێک لە دامودەزگاکانی حکومەت پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان بە کاروباری کولتوورییەوە هەبووە. گرنگیدانی حکومەتی پادشایی بە هونەری شانۆ و موزیک و پەیکەرسازی بۆ خۆی جۆرێک بووە لە سیاسەتی گشتی. کەواتە دەکرێت بڵێین سیاسەتی گشتی دیاردەیەکی کۆن و مێژووییە.”

سیاسەتی ڕاگەیاندن کۆڵەکەی کاری ڕاگەیاندنە و ئەو چوارچێوەیەیە کە تێیدا پڕۆسەی ڕاگەیاندن ئەنجام دەدرێت و ستراتیژ و پلان بۆ قۆناغەکانی داهاتوو دادەنرێت. سیاسەتی ڕاگەیاندن هەڵقوڵاوی فەلسەفەی حوکمڕانیی دەوڵەتە و دەبێتە هۆی ”دیاریکردن و ڕاگرتنی هاوسەنگیی پڕۆسەی کاری ڕاگەیاندن و دەستنیشانکردنی ئامانج و ئەولەوییەتەکان لە چوارچێوەی پێداویستی و ئامانجەکان.”

بە هۆی باڵادەستی و هەژموونی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن لە کۆمەڵگەکەماندا، باسی بوونی سیاسەتێکی ڕاگەیاندنی داڕێژراو و نووسراو و گشتگیر کە هەموان لەسەری کۆک بن، بووەتە یەکێک لە پرسە هەرە گرنگەکانی ئێستای کاری ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستاندا. بەڵام بە هۆی بەدحاڵیبوون لەم چەمکە، تەنیا ورووژاندنی پرسی بوونی سیاسەتی ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان، ترس و دڵەڕاوکێ دەخاتە دڵی زۆربەی ڕاگەیاندنکاران و ڕۆشنبیرانی هەرێمی کوردستانەوە، چونکە زاراوەی سیاسەتی ڕاگەیاندن بۆ ئێمەی کورد جگە لەوەی زاراوەیەکی نوێیە، لە هەمان کاتدا بە لای خودی ڕاگەیاندنکارانیشەوە پرسگەلێکی زۆر ئاڵوزە و ئامانج و مەبەستەکانی تەمومژاوین. بۆیە ئاساییە لە لایەن هەندێک کەس و لایەنەوە بەوە لێک بدرێتەوە کە سیاسەتی ڕاگەیاندن جۆرێکی دیکەیە لە سانسۆری دەوڵەت لەسەر ئازادیی ڕۆژنامەوانی. ئەوە لە کاتێکدایە هێشتا ئازادیی ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان لێکدانەوەی جیاواز بۆ بوون و نەبوونی دەکرێت.

سەرەڕای تێگەیشتن و خوێندنەوەی جیاجیا بۆ چەمکی سیاسەتی ڕاگەیاندن، بەڵام کاری ڕاگەیاندن لە هیچ وڵاتیکدا پێشکەوتن بە خۆیەوە نابینێت، ئەگەر حکومەت و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن لەو وڵاتەدا خاوەنی سیاسەتێکی ڕاگەیاندنی ئاشکرا و نووسراو نەبن، چونکە سیاسەتی ڕاگەیاندن بەشێکە لە ڕەگەزەکانی پڕۆسەی گەیاندن.

ئەم کتێبە هەوڵێکە بۆ خستنەڕووی چەمکی سیاسەتی ڕاگەیاندن و لە سێ بەش پێک هاتووە:

بەشی یەکەم بریتییە لە خستنەڕووی پێناسەی چەمکی ڕاگەیاندن و قۆناغەکانی پێشکەوتنی ڕاگەیاندن، هەروەها باس لە جۆرەکانی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و ئەو ئەرکانەی کە جێبەجێی دەکەن دەکرێت. هەر لەم بەشەدا ژینگەی ڕاگەیاندن و سیستەمەکانی ڕاگەیاندن و ئەو تیۆرانەی کە کاری ڕاگەیاندنی لەسەر بونیاد نراوە دەخرێتە ڕوو. لە کۆتایی بەشەکەشدا وەک ڕێخۆشکردن بۆ چوونە ناو باسی سەرەکیی کتێبەکە، پەیوەندیی نێوان سیاسەت و ڕاگەیاندن شرۆڤە دەکرێت.

لە بەشی دووەمدا باسی چەمکی سیاسەتی گشتی کە دایکی سیاسەتی کەرتەکانی دیکەیە دەکەین و ئەو ڕەهەندە سیاسییانەی کە سیاسەتی گشتی پێک دەهێنن دەخەینە ڕوو و پاش ئەوەش تایبەتمەندییەکانی سیاسەتی گشتی شی دەکەینەوە. قۆناغەکانی ئامادەکردنی سیاسەتی گشتی و داڕێژەرانی سیاسەتی گشتی و ئاستەکانی سیاسەتی گشتی، سێ تەوەری دیکەی ئەم بەشە پێک دەهێنن و جیاوازیی نێوان سیاسەتی گشتی و پلاندانان هەر لەم بەشەدا شرۆڤە بۆ ڕۆڵی ڕاگەیاندنەکان لە سیاسەتی گشتیدا دەکرێت. لە کۆتایی بەشەکەشدا چەمکی سیاسەتی کولتووری وەک بەشێک لە سیاسەتی گشتی و خانەی سەرەکیی سیاسەتی ڕاگەیاندن دەخرێتە بەر باس و لێکۆڵینەوە.

لە بەشی سێیەمدا چەمکی سیاسەتی ڕاگەیاندن و تایبەتمەندییەکانی سیاسەتی ڕاگەیاندن و گرنگیی سیاسەتی ڕاگەیاندن و قۆناغەکانی دانانی سیاسەتی ڕاگەیاندن بە وردی دەخرێنە ڕوو. هەر لەم بەشەشدا باس لە پێداویستییەکانی داڕشتنی سیاسەتی ڕاگەیاندن و ئەوانەی سیاسەتی ڕاگەیاندن دادەڕێژن و جیاوازیی نێوان سیاسەتی ڕاگەیاندن و سیاسەتی کۆمەنیکەیشن لەگەڵ گەشتێک بە ناو پلانی ڕاگەیاندندا دەکرێت. لە کۆتایی کتێبەکەشدا هەندێک قسەوباس سەبارەت بە ڕاگەیاندنی کوردی لە نەبوونی سیاسەتی ڕاگەیاندندا دەکرێت.

لەبڵاوكراوەكانی زنجیرەی كتێبی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم

ناردن: