نووسینی: ڕۆی پۆرتەر
وەرگێڕانی بۆ کوردی: ڕێبین هەردی

ئامانجی من لەم كتێبە شیكردنەوە و ڕونكردنەوەی لێكۆڵینەوە تازەكان لە بارەی بەرنامەی ڕۆشنگەری و هێنانەئارای ڕەخنەگرانە و مێژووییانەی ئەم بزوتنەوەیە بووە.

لە هەمان كاتدا هەوڵم داوە خۆم لە “گێڕانەوەی بەرهەمی” كەسانی دی بەدوور بگرم و زۆرتر تەفسیر و لێكۆڵینەوەكانی ئەم دواییانە لەم بوارەدا پێشكەش بكەم، بە شێوەیەك، بكرێت ئەم وتارە وەك بەرهەمێكی سەربەخۆ ئەژمار بكرێت.

پێشەکیی نووسەر

لە کۆتاییەکانی دەیەی ١٩٦٠دا لێکۆڵینەوە تێروتەسەلەکەی پیتەر گەی لەبارەی گۆڕانکارییە فکرییەکانی سەدەی هەژدەوە بە ناونیشانی “تەفسیرێک بۆ ڕۆشنگەری” لە دوو بەرگدا بڵاو بووەوە (٤٢). گەی، مامۆستای مێژوو لە زانکۆکانی کۆڵۆمبیا و یەیڵ (Yale)، لەم بەرهەمە هەزار لاپەڕەییەدا بە زمانێکی جوان و سەرنجڕاکێش سەردەم، کێشەکان و دژایەتییەکانی ڕۆشنگەری تاووتوێ دەکات. گەی لە وتارێکی “کتێبناسی”ی ٢٥٠ لاپەڕەیدا ئەو لێکۆڵینەوانە دەناسێنێت کە تا هەنووکە لەبارەی ئەم بابەتەوە بڵاو کراونەتەوە و تاووتوێیشیان دەکات.

گەی کاتێک كۆتایی به‌ بەرهەمەکەی خۆی هێنا کە کۆمەڵێک لێکۆڵینەوەی دی لەبارەی ڕۆشنگەرییەوە دەستیان پێ کردبوو. ئێستا کە دوو دەیە زیاتر بەسەر بڵاوبوونەوەی کتێبەکەیدا تێدەپەڕێت، ژمارەیەک کتێب و وتاری دی لەبارەی ڕۆشنگەرییەوە بڵاو کراونەتەوە. زۆربەی ئەم بەرهەمانە سوودیان لە شێوازێکی تازەی لێکۆڵینەوە وەرگرتووە و زۆربەی ڕاستییە کۆنەکانیان خستووەتە ژێر پرسیارەوە. ئەمڕۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی وەک لێکۆڵینەوەی گەی لە کتێبێکی کەمتر لە چوار تا پێنج بەرگیدا، بە پەراوێزێکی یەک بەرگییەوە کە تایبەت بێت بە کتێبناسی، مومکین نییە. جگە لەمەش، چ کەسێک دەتوانێت کارێکی وا ئەنجام بدات؟

لە سایەی کۆمەڵێکی مەزنی لێکۆڵینەوە کە لەبارەی ڕۆشنگەرییەوە ئەنجام دراون و ئەنجام دەدەرێن، پێدەچێت خەیاڵی ئەوەی كه‌ بشێت لە بەرهەمێکی سەدوچەند لاپەڕەییدا شتێکی بەنرخ پێشکەش بکرێت، بەرزەفڕانە دەربکەوێت. بەڵام پێشکەشکردنی بەرهەمێکی وا چڕ و کورتکراوە گرنگیی تایبەتی خۆیی هەیە. چونکە ژمارەی خوێندزان و ئەو ئارەزوومەندانە کەمە کە دەستیان بەو لێکۆڵینەوە تازانە دەگات کە لە بڵاوکراوە ئەکادیمییەکاندا بڵاو دەکرێنەوە. جگە لەمەش، ئەم بڵاوکراوانە بابەتە جیاوازەکانی وەک مێژووی ئەدەبیات، مێژووی کولتوور، مێژووی کۆمەڵایەتی، مێژووی بیرەکان، مێژووی دینەکان، مێژووی زانستەکان و لەم بابەتانە لەخۆ دەگرێت. ئەمەش دەستگەیشتن بەو بابەتانەی ئارەزووی دەکەین، ئەستەم دەکات. جگە لەمەش، ژمارەی ئەو کتێبخانانەی خاوەن کۆمەڵێک نووسراوی گرنگن کە بۆ نموونە بونیادی ڤۆڵتێر بڵاویان دەکاتەوە (ژمارەی ئەم بڵاوکراوانە هەنووکە ٣٠٠ دانەیە)، بە پەنجەکانی دەست دەژمێردرێن.

لە وتارێکی پێشەکییانەی لەم چەشنەدا، تەنها تاووتوێکردنی بەشێکی بچووکی لێکۆڵینەوەکان مومکینە، تەنانەت لە کتێبناسیی کۆتایی ئەم کتێبەشدا پێشکەشکردنی پێڕستی کامڵی بەرهەمە نووسراوەکان لەم بوارەدا مومکین نییە. شێوازی من زۆرتر ئەوەیە گرنگترین تەفسیرەکان و ئەو لێکۆڵینەوانەی لەبارەی ڕۆشنگەری و مەسەلەکانیەوە کە لەم دەیانەی دواییدا بڵاو کراونەتەوە (گەی (٤٢)، هامپسۆن (٤٧)، کرۆکەر (٣٠، ٣١)، مای (٦٨) و لەم بابەتە شتانە) هەڵبسەنگێنم و پیشانی بدەم کە ئەم لێکۆڵینەوانە تا چ ئەندازەیەک بایەخیان هەیە و لە چ حاڵەتێکدا پێویستیان بە چاکسازی و وردبوونەوە هەیە. لێکۆڵینەوە تازەکان لە هەندێک بواری لێکۆڵینەوەدا کۆمەڵێک ڕاستیی گرنگیان ڕوون کردووەتەوە، لە هەندێک بواری تردا تێگەیشتنی ئێمەیان بۆ هەندێک مەسەلەی سەرەکیی مێژووی بیرکردنەوە، باوەڕەکان و کولتوور بە شێوەیەکی سەرەکی گۆڕیوە. ئەم خاڵەی دوایی خاڵێکە کە قسەکەرانی ڕۆشنگەرییش بایەخیان بۆی داناوە: دیدرۆ و دالامبێر لە “گوتاری دەستپێکی” ئەنسکلۆپیدیادا مه‌سه‌له‌ی پێویستیی داهێنانی شێوەی تازەی زانینیان بۆ وەڵامدانەوەی پێداویستییەکانی جیهانی مۆدێرن باس کردووە (٦٠، ٨).

ئامانجی من لەم کتێبە شیکردنەوە و ڕوونکردنەوەی لێکۆڵینەوە تازەکان لەبارەی بەرنامەی ڕۆشنگەری و هێنانەئارای ڕەخنەگرانە و مێژووییانەی ئەم بزووتنەوەیە بووە. لە هەمان کاتدا هەوڵم داوە خۆم لە “گێڕانەوەی بەرهەمی” کەسانی دی بەدوور بگرم و زۆرتر تەفسیر و لێکۆڵینەوەکانی ئەم دواییانە لەم بوارەدا پێشکەش بکەم، بە شێوەیەک، بکرێت ئەم وتارە وەک بەرهەمێکی سەربەخۆ ئەژمار بکرێت. خوێنەر تێبینیی ئەوە دەکات لەم کتێبەدا بابەتێکی زۆر لەبارەی “ڕژێمی کۆنی فەڕەنسا” یا ڕەگوڕیشەکانی شۆڕشی گەورەی فەڕەنساوە نەگوتراوە. هۆی ئەمەش ئەوە نییە من گرنگیی ئەم ڕووداوانە لە ڕەوتی ڕۆشنگەریدا بە شتێکی ئەوتۆ دانانێم. بە پێچەوانەوە، ئەم ڕووداوانە گرنگییەکی زۆریان هەیە. بەڵام بە بڕوای من، ئەم بابەتانە لە بەرهەمە هەبووەکاندا و بەتایبەتی لە بەرهەمە درەوشاوەکانی ویلیام دویل (٣٥) و تیم بلینگ (١٨)دا بە شێوەیەکی کامڵ ڕوون کراونەتەوە.

ئێستا لە بازاڕەكاندا بەنرخی تەنها (3000) دینار دەستدەكەوێت

لەبڵاوكراوەكانی زنجیرەی كتێبی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم

ناردن: