نوسینی: عەبدولعەزیز بەرەكە ساكن
وەرگێڕانی:سەباع ئیسماعیل
نرخ: 4000دینار
چاپی یه‌که‌م

ئێستا لە كتێبخانەكاندا دەستدەكەوێت


ئەم ڕۆمانە داماڵینی تاكی عەرەبییە، كە وانیشان دەدات گونجاوە و ئەم ڕۆشنبیری و كولتوورە قبووڵ دەكات، بەڵام لە ناخیدا دوورە لەوەی گوزەرانی دەكات، لەگەڵیدا هەڵناكات و تەواو پێی ناكۆكە. یەكگرتن هەرئەوەنییە زمانیان فێر بی و پابەندی یاساكانی دەوڵەت بیت، بەڵكو دەبێت كەسی پەناهەندە بێ هیچ ئاوارتەیەك، قبوڵی كولتوور و دابونەریتیشیان بكات.

پێشەكیی نووسەر
بێگومان زمانی كوردی، زمانێكی تا بڵێی پڕ بایەخە. ئێستا نزیكەی 40 ملیۆن كەس قسانی پێ دەكەن، وێڕای دانیشتوانی كوردستان، بە ملیۆنانیش بە سەرتاپای جیهاندا بڵاوبوونەتەوە. كورد تاقە میللەتن نیشتمانیان هەموو گۆی زەوییە.

من هەردەم لەگەڵ وەرگێڕان بۆ زمانەكانی دی خۆشبەخت بووم. من هەمیشە بە زمانی عەرەبی دەنووسم، هەرچەندە عەرەبیش نیم، بەڵام عەرەبی ئەو زمانەیە لە گشت زمانەكانی تر باشتر دەیزانم، ئەو زمانەیە خۆشم دەوێ و حەز دەكەم پێی بنووسم. زمانێكە نزیكترە لە وازی ئەدەبیی منەوە، هەرچەندە وەرگێڕان لێوەی ئاسان نییە، بەتایبەت بۆ زمانە لاتینییەكان، لێ ڕێكەوت وەرگێڕی كارامە و شارەزای بۆ ڕەخساندم، لە خۆشەویستیی زمانی عەرەبیدا لەگەڵمدا هاوبەشن و خوازیارن كارەكانم بۆ زمانی دایك بگوازنەوە.

لەم پێشەكییە كورتەدا، دەمەوێت سوپاسی دۆستی ئازیزم جان دۆست بكەم، كە پێكەوە ئاوارەیی و خەمی دووری لە نیشتمانەوە بەش دەكەین، هەروەها لە خەمە مرۆییەكان و خۆشەویستیی زمانیشدا هاوبەشین. سوپاسی زۆریشم بۆ برای وەرگێڕ، كە بەخشندەیی نواند و ڕۆمانەكەمی بە خوێنەرانی كورد ناساند، كە زۆرم پێ خۆشە لە لایەنی هزری و ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەوە لەگەڵیاندا بەردەوام بم.

لەم ڕۆمانەدا خەمەكانی من لە خەمی مرۆڤی كورد، كە هەمیشە لە قووڵایی یادگەمدان دوور نەكەوتوونەتەوە. ئومێدەوارم ئەم كارە ئەڵقەی پێكەوەگرێدانی نێوان گەلانی سودان و گەلی كورد بێت.

عەبدولعەزیز بەرەكە ساكن
28/6/2016 ڤیەننا

پێشەكیی وەرگێڕ
نووسەر لەم ڕۆمانەیدا، كە دەكرێت بڵێین درێژكراوەی ڕۆمانی “وەرزی كۆچ بەرەو باكوور”ی ئەلتەیب ساڵحە و بە دیدێكی دی وه‌ڵام بە پرسیارەكانی كۆچبەران دەداتەوە، باس لە كۆژانەكانی كۆچبەری ناشەرعی و هاووڵاتیی ددانپێدانەنراو دەكات، بە هاووڵاتیبوونی لە سەرزەوییەك، که‌ سەرزەویی خۆی نییە. جوانترین گێڕانەوەكانی لە سەرهاتی پەراوێزخراواندا هۆنیوەتەوە و ڕیالیزمی ئەفسووناویی لە ناوجەرگەی واقعی سودانییەوە هەڵهێنجاوە، ئەمجاریان هاوشان لەگەڵ كۆچبەرێكدا دەردەچێتە دەرەوەی سنووری نیشتمان، ناوەوەی سنووری مرۆڤ. ئەمەش بە ئیلهاموەرگرتن لە “وێرانەخاك”ی ئیلیەتی شاعیر و شانۆنامەنووسی ئینگلیز.

ئەم ڕۆمانە داماڵینی تاكی عەرەبییە، كە وا نیشان دەدات گونجاوە و ئەم ڕۆشنبیری و كولتوورە قبووڵ دەكات، بەڵام لە ناخیدا دوورە لەوەی گوزەرانی دەكات، لەگەڵیدا هەڵناكات و تەواو پێی ناكۆكە. یەكگرتن هەر ئەوە نییە زمانیان فێر بی و پابەندی یاساكانی دەوڵەت بیت، بەڵكو دەبێت كەسی پەناهەندە بێ هیچ ئاوارتەیەك، قبووڵی كولتوور و دابونەریتیشیان بكات.

ڕۆمانەكە وێنەی كابرایەك دەكێشێت چۆن وێرانی ڕووی تێدەكات و دەیگرێتەوە. بگرە خۆی دەبێتە وێرانە و بە دوو پێیان ڕێ دەكات، هێند لەبەردڵان گران و قورسە، كەس بەرگەی ناگرێت. ئەویش دەروێشی سودانیی میسرییە، لە هەر هەنگاوێكیدا ململانێی ناسنامە لەگەڵیدایە، ململانێی نێوان ڕابردووی تەماوی و ئێستای شپرزە و شڵەژاو، لەنێوان بۆماوە و وەرگیراو، نێوان خەون و بینین و مۆتەكە. نێوان وێنەی خود و ڕەنگدانەوەكان لە چاوی ئەوانی ترەوە.

بەرەكە ساكن، ساڵی 1963 لە شاری كەسلای سودان لەدایك بووە. لە نەتەوەیەكی ئەفریقییە بە ناوی مەسالیت لە ڕۆژئاوای سودان دەژین، زمانەكەشیان مەسالیتییە، پتر لە پێنج ملیۆن كەس پێی دەدوێن. خوێندنی زانكۆی لە میسر تەواو كردووە. لە زانكۆی ئەسیوت بەڕێوەبەری كارگێڕیی خوێندووە. ئێستا لە نەمسا دەژێت. ساڵی 1993 تاكو 2000 مامۆستای زمانی ئینگلیزی بووە، دواتر چەندین پلەوپایەی وەرگرتووە، وەك: ڕاوێژكاری مافی منداڵان لە یونیسێف لە دارفۆر، ئینجا بەڕێوەبەری پرۆژەكانی خزمەتگوزاریی سندووقی پەرەپێدانی كۆمەڵگەی سەر بە بانكی نیلی شین، تاكو بە یەكجاری بۆ نووسین تەرخان بوو، ئەمەش بە “كاری جادووگەر” دەزانێت.

وێڕای بەچاپگەیاندنی 4 كۆمەڵەچیرۆك و 9 ڕۆمان، لە گەلێك وەرزنامە و گۆڤار و ڕۆژنامەدا نووسینی بڵاو كردووەتەوە.

ڕۆمانی “جەنگۆ مێخەكانی زەوی” ساڵی 2009 خەڵاتی ئەلتەیب ساڵحی پێ بەخشرا، بە ماوەیەكی كەم دوای ئەوە لە وەزارەتی ڕۆشنبیریی سودانەوە ئەو ڕۆمانەی قەدەغە كرا، بەر لەوەش كۆمەڵەچیرۆكی “ئافرەتێك لە كەمبۆكدیس” ساڵی 2005 دەستی بەسەردا گیرا. دوای ئەوە دەسەڵاتدارانی سودان كتێبەكانیان لە بەشداریكردن لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی كتێب لە خەرتوم قەدەغە كرد. ئەمەش وای لە بەرەكە كرد لەسەر ئەو كەللەڕەقییەی سانسۆر بێتە قسە و بڵێت: “نووسەرێكی نیازپاك و بەئاكارە، بانگەشەی ئاشتی و ئازادی دەكات، بەڵام سانسۆر بە پێچەوانەی ئەمانەوە دەمخوێنێتەوە”.

ساڵی 2013 پەیمانگەی باڵای هونەر لە شاری سالفدن لە نەمسا ڕۆمانی “مخیلە خندریس – یادگەی مەیی زۆرماوە”، كە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی ئەڵمانی خستە ناو میتۆدی خوێندنەوە.

شایانی باسە ئەم ڕۆمانەی بەردەستت یەكێك لە هەڵبژێردراوانی ساڵی 2016 بوو بۆ خەڵاتی پۆكەری عەرەبی.

هەڵبەت لە چەند شوێنێكدا سانسۆر لە دەقەكەی بڕیوە، ئینجا بە چاپ گەیشتووە. بەڵام نووسەر ئەو كۆپلانەی بۆ ناردم، كە لە كتێبەكەدا نەبوون و قرتێنراون.

ماوەتەوە بڵێم، سوپاسی بێپایانم بۆ مامۆستا ئازاد هاشمی ئازیز، كە بەم ڕۆمانە و پێشتریش بە چەند ڕۆماننووسێكی ناساندم. هەروەها منەتباری پارێزەر لوقمان حوسێنم، كە بە كوردییەكەدا چووەوە و تێبینیی جوانی وێدام.

سەباح ئیسماعیل
1/8/2016 – كەركووك

لە بڵاوكراوەكانی زنجیرەی كتێبی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم

ناردن: