ژیانی سادە و هێنانەدیی سەربەخۆیی لە ڕۆگاری قەیرانەكاندا

نوسینی: تۆنی سەغبینی
وەرگێڕانی: هەڵكەوت عەبدوڵا

نرخ: 4000 دینار

ئێستا لە كتێبخانەكاندا دەستدەكەوێت


ئەمڕۆ زۆربەمان لانی كەمی دەسەڵاتمان بەسەر ژیانماندا ناشكێ، ئەگەر لە ژێر بەزەیی چەكدا نەبین، ئەوا لە سایەی بەزەیی خاوەنكار و ستەمكاریی كۆمپانیاكاندا ژیان بەسەردەبەین و كۆیلەی مووچەی كۆتایی مانگ و بەرخۆریی سەرەتای مانگین، بەبێ ئەوەی خاوەنی كاتی تایبەت و ڕووبەری تایبەتیی خۆمان و تەنانەت بەبێ ئەوەی خاوەنی بیركردنەوەی تایبەتی خۆمانبین ژیان دەبەینەسەر. زۆربەمان بەرگریی تایبەتیمان بەرامبەر بە هیچ قەیرانێكی ئابووری یان سیاسی نییە، كە ڕوولە وڵاتەكەمان و ژیانی تایبەتیمان دەكات، ئەگەر ئەمڕۆ كارەكەمان لەدەست دا، ئەوا سبەینێ دەكەوینە سەر شەقام، كەچی هەر بە خەیاڵ ژیانمان پارێزراوە، چونكە قەیرانەكان ڕێژەییانە لێمانەوە دوورن.

پاش تێپــەڕبوونی ســاڵێکی پــڕ لــە دژواری، قەیران، ئازارەکان و دەستپێکردنی ساڵێکی نوێ، کە ئاواتەخوازین ساڵێکی باشــتر بێــت بــۆ هەمووان، بابەتێکی سەرەکی هەیە زۆر کەسی سەرقاڵکردووە و لەوانەیە بە درێژایی ژیان سەرقاڵیان بکات، ئەویش هەستکردنمانە بە بێهێزی بەرامبەر بە سـەرسەختیی ڕووداو و هەلومەرجەکان لــە ڕۆژگاری ئەو قەیران و گۆڕانکاریانەدا، کە لەوەوبەر مێژوو بەخۆوەی نەبینیوون.

بێگومان هەندێک هەلومەرجی سەخت هەن کە ناتوانین بیان گوڕین، لەوانە بۆ نموونە دەستەوسانمان لە ئاست ڕووخانی لەسەرخۆی ژیاری ئەمڕۆماندا، چونکە بەری هەلومەرجێکی ژینگەیی، جیۆلۆجی، سیاسی و ئابوورییە، کە بە درێژایی سەدان ساڵ کەڵەکەبووە و نزیکبووەتەوە لە تەقینەوە.

چەندین هۆکاری دیکەش هەن بۆ هەسـتکردنمان بەو بێهێزییە، لەوانە لە سایەی پیواری (غیاب) نیمچە تەواوی هێزی گۆڕانکاریخوازی ڕاستەقینە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا، ئەو ئامڕازە کاریگەرانە لەئارادا نین، کە یارمەتیدەرن بۆ بەشداریکردنمان لە دیاریکردنی چارەنووسی بەکۆمەڵماندا. سیاسەتە ئابوورییەکان لەلایەن ئەوانەوە دیاری دەکرێت کە دەسەڵاتیان بەدەستەوەیەو هەر بڕوایەکی پێچەوانەمان هەبێت، دەسەڵاتمان نییە لــە دیاریکردنیانــدا. واقیعی کۆمەڵایەتی و فیکری لەلایەن دامەزاوە دەســەڵاتخوازە ئایینــی و ڕووناکبیرییەکان و ئەوانی دیکەوە دیــاری دەکرێت و وردەکارییەکانی ژیانمان لەلایەن مــۆدەی بەرخۆریی (استهلاک) باوەوە دەستنیشان دەکرێت و ئەو کۆمپانیا و دامەزراوانە دەیسەپێنن بەسەرماندا، کە جگە لە مێشک شتنەوەمان بۆ کڕینی کەلوپەلەکانیان، هیچ کارێکی تریان نییە.

لــە ڕاســتیدا ســەرتاپای واقیعی ڕۆژانەمـان لەلایەن ئەوانەوە دیاری دەکرێت، کە چەک و پارەیان بەدەستەوەیەو ڕووبەڕوومان بوونەتەوە، ئێمەش جگە لە خۆمــان و خەونەکانمان، وەک ئامڕازی وێناکردنی داهاتوو، هیچمان بەدەستەوە نییە.

سەرباری هەموو ئەوانە، ئەمە بەو مانایە نییە ناتوانین گۆڕانکاری بهێنینە ئاراوە، ئەوەش ناگەیەنێت کە بە تەواوەتی دەستەوسانین. ڕاستە ئێمە ناتوانین ڕێگە لە هەرەسهێنانی سەرمایەداریی جیهانی بگرین، بەڵام دەتوانین وردەکارییەکانی ئەو ژیانە نوێیە دیاری بکەین، کە لەسەر داروپەردووی ئەو هەرەسهێنانە بنیات دەنرێت. ڕاستە ئێمە ناتوانین دەستوبرد خۆمان لە کۆیلایەتیی مووچە ڕزگار بکەین، بەڵام دەتوانین سەربەخۆییەکی وەها بەدەست بهێنین، کە دواتر بتوانین ئەوە بکەین. ڕاستە لەوانەیە ئەمڕۆ ئامڕازەکانی گۆڕانکاریمان بەدەستەوە نەبن، بەڵام دەتوانین دواتر کار بۆ بەدەستهێنانیان بکەین.

لە هەموو ئەوەدا، وردەکارییەکی زۆر گرنگ هەیە، زۆربەی ئەو تێزانە فەرامۆشی دەکەن کە باسی پێویستیی گۆڕانکاری و جڵەوگرتنەوە دەست لە ژیانماندا دەکەن، ئەویش ڕووبەرێکی تاکەکەسییە لە سایەی دەسەڵاتێکی خنکێنەری سیستەمی ستەمکارییدا بەدەستمانەوەیە، کە حوکمڕانیمان دەکات.

ئەمڕۆ زۆربەمان لانی کەمی دەسەڵاتمان بە سەر ژیانماندا ناشکێ، ئەگەر لە ژێر بەزەیی چەکدا نەبین، ئەوا لە سایەی بەزەیی خاوەنکار و ســتەمکاریی کۆمپانیاکاندا دەژیــن، کۆیلەی مووچەی کۆتایی مانگ و بەرخۆریی ســەرەتای مانگین، بەبێ ئەوەی خاوەنی کاتی تایبــەت و ڕووبەری تایبەتیی خۆمان و تەنانەت بیرکردنەوەی تایبەتیی خۆمان بین ژیان بەســەر دەبەین. زۆربەمان بەرگریی تایبەتمان بەرامبەر بە هیچ قەیرانێکی ئابووری یان سیاسی نییە، کە ڕوو لە وڵاتەکەمان و ژیانی تایبەتیمان دەکات، ئەگەر ئەمڕۆ کارەکەمان لەدەست دا، ئەوا سبەینێ دەکەوینە سەر شەقام، کەچی هەر بە خەیاڵ ژیانمان پارێزراوە، چونکە قەیرانەکان ڕێژەییانە لێمانەوە دوورن.

چۆن دەتوانین بیر لە داهاتوو بکەینەوە، ئەگەر جڵەوی ژیانی خۆمان بەدەستەوە نەگرین؟ ئەگەر ڕووبەرێکی دەروونــی و پراکتیکی و دارایی وەهامان نەبێــت بــۆ کارکردن لەسەر ئەو داهاتووەی خەوی پێوە دەبینین، چۆن دەتوانین هیچ داهاتوویەک بۆ خۆمان بخوڵقێنین؟ ئەگەر ئێستا و لێرە خەریکی خوڵقاندنی ئازادی نەبین، چــۆن دەتوانیــن ئــازاد بین و خــەو بە ئازادییەوە ببینین؟

ئەم زنجیرەیە باسی ئەمە دەکات: چۆنییەتی بنیاتنانی بەرگریی خۆیی و سەربەخۆیی دەروونی و پراکتیکی و داراییمان، بەو جۆرەی دەرفەتمان بۆ دەڕەخسێنێت کار لەسەر ئەو داهاتووە بکەین کە خەوی پێوە دەبینین، لە سایەی سیستەمێکدا کە سوورە لەسەر بەکۆیلەکردنمان. خوێنەرانی ئازیز، پێش ئەوەی بازبدەن بۆ سەرەنجامە گەورەکان، ڕێگەم بدەن پێتان ڕابگەیەنم، کە نووشتەیەکی تەلیسماوی یان نهێنییەکی گەورە نییە بۆ هێنانەدیی ئەوە. لەواقیعدا ڕێگەکە زۆر ئاسانە: ژیانی سادە.

ئێمە ئەمڕۆ لە سایەی سەرمایەداریدا بەکۆیلەکراوین، تەنیا لەبەر ئەوە نا کە سیستەمێکی نادادپەروەرە، بەڵکو لەبەر ئــەوەی بێ هەستپێکردن ئــەو کۆتوبەندانەمان قوبووڵ کردووە، کە دەیان سەپێنێت بەسەرماندا. ئەم زنجیرەیە دەربارەی تێکشکاندنی یەک لە دوای یەکی ئەو کۆتوبەندانەیە.

ئێستا لە كتێبخانەكاندا دەستدەكەوێت

لە بڵاوكراوەكانی زنجیرەی كتێبی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم

ناردن: