ناوی كتێب: هەناسەی شەیتان
نووسینی: عومەر محەمەد
چاپی یەكەم: ٢٠١٦
نرخ: 4 هەزار دینار
دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم

ئارنۆڵد کارنسکێس، ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگی هۆڵه‌ندی، بەم شێوەیە باسی گازی خەردەل دەکات: “بە گازی ژەهراویی مۆستەرد گاز دەڵێن خەردەل، بۆنی سیر و پیازی لێ دێت، تەنیا بەرکەوتنی تۆزقاڵێك لەم تێکەڵە قاوەییە چەورە لە ماوەی چەند كاژێرێكی کەمدا دەبێتە هۆی زۆرترین ئازاری سووتانەوەی لەش، ئەگەر بەر چاوەكانیش بکەون، ئەوا دەبێتە هۆی لە دەستدانی بینایی، هەڵمژینیشی لەوانەیە كاریگەریی یەكجار خراپتری هەبێت، سییەكان و بۆرییەكانی هەناسە دەسووتێنێ و ده‌بێته‌ هۆی گرژبوونێكی لەسەرخۆ كه‌ ناكرێ خۆی لێ لابدرێت. هەر بۆیە پێشی دەوترێت “هەناسەی شەیتان”. لە ٦٠٪ی ئەو سەرباز و خەڵکە سڤیلانەی کە لە كاتی جەنگی جیهانیی یەکەمدا (١٩١٤- ١٩١٨) ئەم مادەیەیان هەڵمژی، لە ماوەی چەند هەفتەیەكدا گیانیان لە دەست دا.”

ئەڵبەتە ئەم گازە لە پەلامارە کیمیاییەکانی کوردستانیشدا بەکار هاتبوو، لەوانە: لە هەڵەبجە، شێخ وەسان، بالیسان، سێوسێنان، هەروەها لە گۆپتەپە و عەسکەریش بەکار‌ هێنراوە و خەڵکێکی زۆری کوشت و هەندێک برینداری تریش هێشتا پێیەوە ئالوودەن. لەو سۆنگەیەوە، پێم باش بوو ئەم کتێبەی بەردەستتان ناو بنێم “هەناسەی شەیتان”. بە هیوام هەڵبژاردنێکی باش و ناوێکی گونجاو بێت.

هیڵتەرمان لە هەڵەبجە كتێبەكەی واژۆ و دابەش دەكات.
٢٥/١٠/ ٢٠٠٨

خوێندنەوەی تایبەتی خۆم بۆ كارەكەی هێڵتەرمان، پەردەلادانە لە سەر دووڕوویی دنیای مۆدێرن و ڕێكخراوە جۆراوجۆرەكانی بەناو مافی مرۆڤ و دەوڵەتە زلهێزەكان، كە بە هۆی بێدەنگییانەوە بونەتە هۆی ملهوڕیی ڕژێمێك، كە گەورەترین تاوانی نامرۆڤانەی دەرهەق بە میلەتەكەم كردووە. میلەتێك، لەوەتەی هەیە غەدری لێ دەكرێت… وەلێ ئەفسوس! خۆیشی هەمیشە غەدر لە خۆی دەكات. هەتا برینێكی ساڕێژ دەبێت، قەتماغەی یەكێكی تر هەڵدەداتەوە و برینی نوێ دەكاتەوە جەستەی خۆی. لە بری ئەوەی برینەكانی سەر جەستەی و ڕۆحی خۆی ساڕێژ بكات، برینی نوێ دەكاتەوە خۆی…

لەبڵاوكراوەكانی زنجیرەی كتێبی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم 2016©

ئێستا لە كتێبخانەكاندا دەستدەكەوێت

ناردن: