ناسنامە و توندوتیژی
وەهمی چارەنووس

ئێستا لە كتێبخانەكاندا دەستدەكەوێت


نوسینی/ ئامارتیا سەن
وەرگێڕانی/ حەمەڕەشید

چەند پەیڤێك

ئەو كاتانەی بە تەنها لەگەڵ خۆمدا دەبم، هەمیشە زۆر بێڕەحمانە دەكەومە وێزەی خۆم، بیر لە هەموو ئەو شتانە دەكەمەوە كە پێشتر ئەنجامم داون، ئەوانەی لێیان ڕازیم و ئاسوودەم دەكەن و ئەوانەشی پێیان دڵتەنگ دەبم و ئازارم دەدەن، بەوەی ڕەنگە كەسێكم ڕەنجاندبێت یا قسەیەكی ڕەقم بەرامبەر بە یەكێك كردبێت یا بە شێوەیەك لە شێوەكان ئازاری ڕۆحی كەسێكم دابێت، ئیدی چ بەرامبەر بە كەسە ئازیزەكانم بێت یا هەر كەسێكی دی كە ڕووكەشانە دەیانناسم یا ئەوانەی بە ڕێكەوت سەری باسێك لەگەڵیاندا دەكەمەوە و لە دووتوێی قسەكانمدا بەبێ مەبەست زویریان دەكەم.

دوای ئەو هەموو بیركردنەوە و بەخۆداچوونەوەیە كە هێندێك كەڕەت تا بەرەبەیان پێوەیان دەتلێمەوە، بەتایبەتی كاتێك هەست بكەم ناعەدالەتییەكم بەرامبەر بە كەسێك كردبێت یا كەسێك تا سەر ئێسقان ئازاری پێم گەیاندبێت، دوو كەس بە بەردەوامی تێكەڵ بە بیركردنەوەكانم دەبن، بە دەگمەن هەڵدەكەوێت ئەو كاتانەی لە تەنهاییدا دەبم، سەرباری شتەكانی دی، بیریان لێ نەكەمەوە و زۆربەی كاتیش فرمێسكیان بۆ دەڕێژم كە پێم وایە تەنها لە تەنهایی مردندا بیریان لێ ناكەمەوە. دوو كەسی زۆر سادە و پاك، دوو كەسی بێوەی، ئەو دوو كەسەی بیرم نایەت ئازاریان بە كەس گەیاندبێت، لە ژیانمدا گوێم لێ نەبووە بە خراپە باسی یەكێكیان كردبێت، تەنانەت بەرامبەر بەو خەڵكانەش كە زۆریان ئازار پێگەیاندوون و ئەزییەتی ڕۆحیان داون، كورد وتەنی، ئازاری مێروویەكیان نەداوە، بەڵام مەخابن، هەمیشە ڕووبەڕووی ئەزییەت و ئازار دەبوونەوە، دەربەدەر بوون، خانوویان دەڕووخا و ماڵیان تاڵان دەكرا، ئەویش تەنها لەبەر ئەوەی ناسنامەیەكی جیاوازیان هەبوو، لەبەر ئەوەی كوڕەكانیان لە بەرەی گەل و نەتەوە، لەگەڵ شۆڕش بوون، دەیانویست وەك مرۆڤ بژین و مامەڵەی مرۆڤیان لەتەكدا بكرێ.

ئەو دوو كەسە جگە لە باوك و دایكم كەسێكی دی نەبوون، یەكەمیان (باوكم) هەر ڕۆژەی لە دەزگایەكەوە بانگ دەكرا و ئازاری ڕۆحی و جەستەییان دەدا و دواجاریش هەر لەسەر دەستی ئەوان گیانی لە دەست دا، دووەمیشیان (دایكم)، سەرباری حەسرەتكێشان بۆ هاوسەر و منداڵەكانی، بە یەكجارەكی لە كەركوك تەرحیل و دواقسەش كە پێیان وتبوو، بڕۆ بۆ لای كوڕەكەت، لە كۆڕەوەكەی ساڵی 1991دا لە گۆخڵان گیانی سپارد، مردنێك هەرچەندە بە ڕووكەش لە مردنی قادر میا جیاواز دەردەكەوێت، بەڵام لە جەوهەردا زۆر لەیەك دەچن.

من داوای لێبوردن لەو دوو مرۆڤە پاك و مەزنە دەكەم كە بە هۆی جیاوازیی ناسنامەكەیانەوە لە ژیاندا ئازاری زۆریان چێشت و مردنێكی ئاسایی نەمردن، هەروەها داوا دەكەم بە گەورەیی خۆیان لێم ببوورن.

لە بڵاوكراوەكانی ‫‏زنجیرەی‬ ‫‏كتێبی‬ ‫‏دەزگای‬ ‫‏چاپ‬ و ‫‏پەخشی‬ ‫‏سەردەم‬

ناردن: