نووسینی: هاشم ساڵح
وەرگێڕانی لەعەرەبییەوە: هەورامان وریا قانع

هەندێجار دەپرسن: ئایا ئێمە پێویستمان بە ریفۆرمی ئاینی یان پێویستمان بە رۆشنگەریی فەلسەفی هەیە؟ من ئاوا وەڵام دەدەمەوە: پێویستمان بە هەردووكیان هەیە پێكەوە. یەكەمیان دەكرێ پیاوانی ئاینی رۆشنفكر پێیهەستن كە شارەزاییان لە جیهانی فیكرو گەشەكردنەكانیدا هەیە. دووەمیان دەكرێ رۆشنبیرە تازەگەرەكانی عەرەب ئەنجامی بدەن. ریفۆرمی ئاینی بۆ ئەوەی جێگیربێت و رەگداكوتێ و ڕەوایەتی جەماوەریش بەدەست بێنێت، باشترە زانا ئاینییە عەقڵمەندە گەورەكان پێیهەستن. هەرچی رۆشنگەریی فەلسەفیشە، ئەوا كاری رۆشنبیرانی عەرەبە، لێ ئەمە هەرگیز بەو مانایە نایەت، دیوارێكی جیاكەرەوە لە نێوان هەردوو بەرەكەدا دروست بكرێت.

لێرەدا بۆ سودوەرگرتن و بەرچاوڕوونی، نەك بۆ چاولێگەریی كوێرانە، هەندێ نموونە لە فیكری خۆرئاوا دەهێنمەوەو؛ دەریدەخەم ئەو فیكرە چ تواناو وزەیەكی گەورەی خەرجكرد تا بتوانێ خۆی لە داخستنە كەلتوورییەكانی مەسیحییەت رزگار بكات. ئەو داخستنانە، بە درێژایی چەندین سەدە، لەلایەن كڵێسای پاپاویەتی رۆمانییەوە، لە عەقڵیەتی دەستەجەمیدا جێگیركرابوون و چەسپێنرابوون. ترس و تۆقاندنی ئەو داخستنە تیۆلۆژییە، لە سەدەی شانزەدا گەشتە لووتكە. لەبەر ئەوە مارتن لۆسەر، لە رێگەی بزووتنەوە تووندەكەیەوە كە ناوی ریفۆرمی ئاینی بوو، لە بەرامبەری راوەستاو لە دژی راپەڕی. لۆسەر پیرۆزیی پاپای رەتكردەوە، بگرە پیرۆزیی كڵێساكانیشی رەتكردەوە، تەنها دانی بە پیرۆزیی وەحی ئیلاهیدا نا. لۆسەر شتێكی ئاوای وت: هەمو كەلتووری كڵێسا شەن و كەو بكەن و بیپشكنن، هیچی تێدا مەهێڵنەوە، تەنها شتە باشەكان نەبێت: واتە تەنها ئەوانەی لەگەڵ كەلامی خوادا دەگونجێت. لێرەوە هەرگیز پێویستمان بە قسەی پاپا نییە، ئەگەر لەگەڵ كەلامی خوادا نەیەتەوە. مەسیحی مافی خۆیەتی، چی فەتوای كڵێسای پاپاویەت هەیە، رەتیان بكاتەوە، ئەگەر هاتوو ئەو فەتوایانە پابەندی رۆحی ئینجیل نەبێت.

لێرەوە لۆسەر وەعزو ئامۆژگاری و راسپاردەی پیاوانی ئاینی، بەسەر خەڵكەوە رەتكردەوە، یان رەتیكردەوە پیاوانی ئاینی ببنە نمایندەی نێوان مرۆڤی مەسیحی و خوداكەی. ئەم ریفۆرمخوازە پێیوابوو هەمو مەسیحییەك، پیاوێكی ئاینییە و دەتوانێت راستەوخۆ پەیوەندی بە پەروەردگاری خۆیەوە بكات، بۆ ئەمەش پێویستی بە نێوەندگیریی پیاوانی ئاینی نییە. جگە لەوە هەمو مەسیحییەك دەتوانێت، راستەوخۆ خۆی بە تەنها ئینجیل بخوێنێتەوە، ناچار نییە بۆ تێگەیشتن لە ئینجیل و لێكدانەوەو راڤەكردنی، پەنا بۆ پیاوانی ئاینی ببات و بۆ خوێندنەوەی ئینجل، مۆڵەت لەوان وەربگرێت. ئەویش وەك ئەوان و بە هەمان پلەی ئەوان مەسیحییە، هیچ دوور نییە لەوان باشترو بە رەوشتترو شەریفتر بێت. لۆسەر بەم شێوەیە پلەبەندی هەڕەمی لەنێو كڵێسای كاسۆلیكیدا نەهێشت، لە پاپاوە بۆ خوارەوە. ئا بەم جۆرە گورزێكی كوشندەی سرەواندە جەورو ستەمی كڵێساو بازرگانیكردن بە ئیمان و فرۆشتنی نامەی-صكوك- لێخۆشبوون كە لەو رێگەیەوە پارەیەكی خەیاڵییان دەست دەكەوت. كاتێك كار دەگاتە ئەوەی بازرگانیكردن بە خودی ئیمانەوە بكرێت، واتە بازرگانیكردن بە پیرۆزترین پیرۆزییەكان، ئەوە مانای وایە گەندەڵی چینی پیاوانی ئاینی داڕزاندووە. هەروەها مانای وایە گەندەڵیی بووەتە ئافاتێكی پەرشوبڵاو، گشتگیرو هەمەلایەن، چاكبوونەوەی نییە تەنها بە بزووتەوەیەكی ریفۆرمخوازیی رادیكاڵانە نەبێت. مارتن لۆسەر هەر ئەمەی كرد، كاتێك بە ڕویاندا تەقییەوەو رۆچووە ناو ئەو سەركێشییە جوانەوە و گیانی خۆی خستە بەر دەمی چەقۆ. كەواتە لە مێژوی ئەوروپادا، ئەوە یەكەمین رزگاركردن بوو. وەك دەبینین رزگاربوون لەسەرەتاكەیدا، رزگاربوونێكی ئاینی بووە، پاشان رزگاربوونی كۆمەڵایەتی و سیاسی و بگرە ئابوریی بەدوایدا هاتووە. ئەمەش مانای وایە رزگاربوونی ئاینی، مەرجی هەمو رزگاربوونەكانی دیكەشە.

بەڵام سەدەونیوێك یان دوو سەدە دواتر، كڵێسای كاسۆلیكی گەڕایەوە سەر هەمان جەورو ستەمی جاران و جەنگێكی تائیفی؛ لەنێوان خۆی و مەزهەبەكەی لۆسەردا بەرپاكرد، واتە مەزهەبی پرۆتستانت. بگرە تەنانەت خودی مەزهەبی پرۆتستانتیش، گۆڕابوو بۆ ئەرسەدۆكسییەكی داخراویی چەقبەستوو. ئا لەو ساتە وەختەدا، بزووتنەوەیەكی تازەی دیكە، بۆ رزگاركردنی عەقڵەكان، لە چنگی پیاوانی ئاینی و دەمارگیرییەكەیان و خورافاتەكنیان و فەتوا تەكفیرییەكانیان هاتەئاراوە، ئەو فەتوا تەكفیرییانەی ئاگری رق و كینەی تائیفی، لە نێوان مەزهەبەكانی مەسیحی بەرپاكرد و چەندین جەنگی خوێناویی بێ ئامانی لێكەوتەوە. كاسۆلیكەكان تەكفیری پرۆتستانتەكانیان دەكر و ئەمانیش تەكفیری ئەوانیان دەكرد. ئەم بزووتنەوە رزگاریخوازە نوێیە، ناونرا بزووتنەوەی رۆشنگەریی فەلسەفی كە بە تایبەت لەسەدەی هەژدەهەمدا نەشونمای كردو گەشایەوە.

لێرەوە ئەم بزووتنەوەیە وەك پەرچەكردارێك، دژ بە فەسادی پیاوانی ئاینی و دژ بەو كوشتوبڕە تائیفی و نەعرەتە مەزهەبییەی لەتەواوی ئەوروپادا بڵاویان كردبووەوە، هاتەئارا. ئامانجی ئەم بزووتنەوە فیكرییە گەورەیە، رۆشكردنەوەی عەقڵەكان بوو، لە پێناو رزگاربوون لە دەمارگیریی تائیفی و رزگاربوون لە جەنگ و كوشتوبڕی مەزهەبی. ئامانجی ئەم بزووتنەوەیە بڵاوكردنەوەی كوفرو بێ باوەڕی و ئیلحاد نەبوو، وەك ئەوەی هەندێك بە هەڵە پێیانوایە. بگرە ئامانجی بزووتنەوەكە بریتیبوو لە گەڵاڵەكردنی لێكدانەوەیەكی پلوراڵ و ئاشتیانە بۆ ئاین: واتە لێكدانەوەیەك دژ یان پێچەوانەی ئەو لێكدانەوە سەرتاپاگیرو تائیفییە تەكفیرییە بوو كە لەسەدەكانی ناوەڕاستەوە بڵاوببوەوە. پاڵەوانەكانی ئەم بزووتنەوەیە بریتیبوون لە ڤۆڵتێر، جان جاك رۆسۆ، ئینسایكلۆپیدییە فەرەنسییەكان لە نموونەی دیدرۆو دالامێر و ئەوانی دیكە. ئەم بزووتنەوەیە، لەسەر دەستی كانت، رابەری رۆشنگەریی ئەڵمانی، گەشتە ترۆپكی پێگەیشتنی فیكری و فەلسەفیی خۆی.

توێژەران پێیانوایە، فەلسەفەی ئایدیالیزمی ئەڵمانی، لەسەرو هەمویانەوە كانت و فیختە و هیگڵ و شیلینگ، هیچ نییە جگە لەوەی بە جۆرێك لە جۆرەكان، بەعەلمانیكردنی ریفۆرمی لۆسەریی نەبێت. بەم شێوەیە فیكری ئەوروپی بازێكی تازەی بەرەو پێشەوە نا، وەلێ چ بازێك! ئەمەش لە مێژوی فیكری ئەوروپادا، بە دووەم رزگاربوونی گەورە دادەنرێت. ئیدی ئا لەو كات و ساتەدا، تێگەیشتنێكی تەواو تازەی عەقڵانی رۆشنگەر، بۆ دین گەڵاڵە بوو.

مەبەست و ئامانجی رزگاربوونی یەكەم، بریتیبوو لەپاكژكردنەوەی بیروباوەڕی مەسیحی، بەڵام بێ ئەوەی لە چوارچێوەی ئاین بێتەدەرەوە. لەبەر ئەوە ناونرا ریفۆرمی ئاینی. بەڵام رزگاربوونی دووەم كە لە فەلسەفەی رۆشنگەریدا بەرجەستە دەبێت، بەتەواوی لە مەسیحییەت هاتەدەرەوەو سەربەخۆیی فەلسەفەی لە تیۆلۆژیای مەسیحی بەدیهێنا، یان بڵێ عەقڵی لە نەقڵ جیاكردەوە. ئاشكرایە فەلسەفە بە درێژایی سەدەكانی ناوەڕاست، خزمەتكاری زانستی تیۆلۆژیا بوو، بگرە تەنانەت دوای ریفۆرمی ئاینیش، هەر لە خزمەت تیۆلۆژیادا بوو: واتە مەبەست و ئامانجی فەلسەفە، سەلماندنی راستی و دروستی عەقیدەی مەسیحی بوو بە شێوەیەكی عەقڵانی، ئیدی دوای ئەوە ئەرك و پەیامی فەلسەفە كۆتاییدەهات. بەڵام فەیلەسوفانی رۆشنگەریی، ئەم هەڵوێستە زەلیلەی عەقڵیان رەتكردەوەو فەلسەفەیان زاڵكرد بەسەر تیۆلۆژیای مەسیحیدا. ئەم رووداوەش وەك بوومەلەرزەیەكی فیكری وابوو. چونكە بۆ یەكەمجار بوو لە مێژوی ئەورپادا، بگرە لە مێژوی مرۆڤایەتیدا، ئەولەوییەت بۆ عەقڵ بوو نەك نەقڵ. ئا ئەمەیە لە مێژوی فیكری ئەوروپیدا، پێیدەوترێت دابڕانی ئەبستمۆلۆژی. ئایا ئەوە بە مانای كۆتاییهاتنی ئاین بوو؟ هەرگیز نەخێر. بەڵام چیتر ئاین بە تۆپزی و بە زۆرەملێ ناتوانێت خۆی بسەپێنێت، وەك ئەوەی لە پێشتردا دەیتوانی. هەر ئەمەشە مانای گواستنەوە لە مەسیحییەتی ئوسوڵییەوە بۆ مەسیحییەتی لیبراڵی. گواستنەوە لە ململانێی  نێوان ئیمان و عەقڵ بۆ ئاشتبوونەوە مێژووییە گەورەكەی نێوانیان.

سەرچاوە: الشرق الاوسط، ژمارە13100، 10 ئۆكتۆبەری 2014

ناردن: