ئەم نووسراوە توێژینەوەیە لەسەر بەشی یەكەمی سیستەمی فەلسەفی هیگڵ كە بە لۆجیكی دیاڵكتیك ناسراوە. بۆ ئەم توێژینەوەیە زۆربەی كات بۆ نوسراوی یەكەمی هیگڵ بە ناوی (زانستی لۆجیك) گەڕاومەتەوە و هەندێك جار بەپێی پێویست و بۆ ڕوونكردنەوەی واتای كاتیگۆرییەكان ئاوڕم لە (ئینسایكلۆپیدیای زانستە فەلسەفییەكان) داوەتەوە. سوودی زۆرم لە بۆچوونەكانی مامۆستا جۆن مەتاگەرت و میور وەرگرتووە.

نوسینی/ د.محەمەد كەمال

هیگڵ (١٧٧٠-١٨٣١)، فەیلەسوفی ئەڵمان لە شاری شتوتگارت لەدایک بووە. لە تەمەنی هەژدە ساڵیدا دەستی بە خوێندنی ئایینی کردووە تاکو ببێت بە کەشیش. بۆ ئەم مەبەستە، خێزانەکەی ناردوویانە بۆ (تیوبنگن) و ساڵی ١٧٨٨ لە خوێندنگه‌ی مەسیحی-پرۆتستانی تیۆلۆجیی خوێندووە. چالاکیی ڕۆشنبیریی هیگڵ لەم ساڵەوە دەکەوێتە گەڕ و بەئاگاوە ڕوو لە کێشە و ڕوودانە مێژووییەکانی سەردەمەکەی دەکات.

لە هەمان کاتدا، لەو خوێندنگه‌یەدا، یەکەم ساڵ دەبێت بە هاوڕێی فردریک هۆڵدەرلین و دوای دوو ساڵ بە هاوڕێی فریدریك ویلهێڵم جۆزیف شێڵینگ. لەو کاتەوە ئەم سێ هاوڕێیە بەرەیەکی ڕۆشنبیری دروست دەکەن و بە ئاواتەوە دەبن ڕووناکیی شۆڕشی فەڕەنسا بە وڵاتەکەیان بگات و ئەڵمانیا بەرەو قۆناخێکی مێژوویی پێشکەوتوو ببات. لە ئاکامدا، ئەم بەرەیە سێ بیریاری بلیمەتی بەرهەم هێنا کە توانییان ڕۆڵێکی بنەڕەتی لە مێژووی بیرکردنەوەدا ببینن. هیگڵ و شێڵینگ بوون بە فەیلەسوف و هۆڵدەرلین بە شاعیرێکی گەورەی بزووتنەوەی ڕۆمانتیسیزم.

لەم بەستێنەوە و لە ژێر کاریگەرێتیی بزووتنەوە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەکاندا، دەتوانین بڵێین هیگڵ لە تەمەنی لاوێتییەوە لە بزووتنەوەی ڕۆمانتیسیزم نزیک بووه‌تەوە، بەتایبەتی پاش ناسینی هۆڵدەرلین. من به‌بێ بەڵگە باسی ئەم پەیوەندییە ناکەم. ئەگەر بە وردی (فینۆمینۆلۆجیی هۆش) بخوێنینەوە، ئەوا پەیوەندییەکە بە ئاشکرا دەردەکەوێت و دەزانین چۆن هیگڵ سوودی لەم بزووتنەوەیە وەرگرتووە. نۆڤالیس، کە یەکێکە لە ڕابەرانی ئەم بزووتنەوەیە، لە پێناسەکردنیدا بۆ فەلسەفە دەڵێت: “بەگشتی، فەلسەفە نۆستەڵجیایە. هانمان دەدات لە هەر شوێنێک بین، ئەو شوێنە بکەین بە نیشتمان.”  لە فەلسەفەی هیگڵدا، ئاگامەندیی ڕەها پاش خۆبەرجەستەکردنی؛ دەرچوونی (سروشت)، وەک (ئەویدی) لە بوونی ئەوەوە، تووشی نامۆبوون دەبێت و هەوڵ دەدات سروشت بۆ نێو خۆی بگەڕێنێتەوە. بۆ لەناوبردنی نامۆبوون بە نێو پرۆسەی (مێژوو)دا دەگوزەرێت، تاکو لە دواقۆناخی پرۆسەکەدا بە تەواوی لەگەڵ (ئەویدی)دا یەک دەگرێتەوە و دەبێت بە هەبوویەکی ڕەهای بۆ-خۆ. لەم ڕوانگەیەوە، (مێژوو) داستانی نۆستەڵجیای ئاگامەندیی ڕەهایە.

هەرچەندە خێزانەکانی ئەم سێ بیریارە بلیمەتانە، بۆ مەبەستی خوێندنی ئایینی (هیگڵ و شێڵینگ و هۆڵدەرلین)یان بۆ تیوبنگن ناردووە، بەڵام هیچ کام لە ئەوان نەبوون بە کەشیش و ڕێگه‌ی ئایینیان نەگرتووه‌تە بەر. بە هەمان شێوە، لە مێژووی فەلسەفەدا ئەم چیرۆکە لە ژیانی نیتشە و هایدیگەریشدا دووبارە بووه‌تەوە و ئەوانیش خراونەتە بەر خوێندنی ئایینی و لە ئاکامدا نەبوون بە کەشیش و بوون بە فەیلەسوف. من لێرەدا باسی نیتشە و هایدیگەر ناکەم، بەڵام گرنگە بزانین چۆن هیگڵ بڕیاری داوە لە دەزگایەکی ئایینیدا بخوێنێت؛ هەروەها ناڵێم هیگڵ دژی ئایین بووە، بەڵام لە سەردەمی لاوێتییەوە بڕوای بە کۆمەڵگه‌یەکی پێشکەوتووتر هەبووە و ئومێدی بە شۆڕشی فەڕەنسا هەبووە کە شۆڕشێکی (سێکیولار) بووە و ئایین و دەوڵەتی لە یەکدی جیا کردووه‌تەوە. لە ڕاستیدا، دژوارە بزانین چ هاندەرێک، بەتایبەتی هاندەری هزری، لە پشت خوێندنی ئایینیی هیگڵەوە بووە جگە لەوەی مامۆستا هاریس لە پەرتووکەکەیدا لەسەر ژیان و گەشەکردنی بیرکردنەوەی هیگڵ باسی دەکات. هاریس لەو باوەڕەدایە ئەم سێ هاوڕێیە ویستوویانە دەوڵەت پارەی خوێندنیان بۆ بدات و نەیانتوانیوە لە ڕووی داراییەوە لە دەزگایەکی دیکەدا بخوێنن.  ساڵی ١٧٩٣، هیگڵ خوێندنی لەم دەزگا ئایینییەدا تەواو کردووە و بۆ کارکردن ڕووی لە شاری (بێرن) لە سویسرا کردووە. لەو شارەدا بووە بە مامۆستای تایبەتی منداڵانی یەکێک لە خێزانە دەوڵەمەندەکان. هەروەها کاتی زۆری بۆ خوێندنەوە هەبووە، بەڵام هەستی بە تەنیایی و دووری لە چالاکی و بزاڤە ڕۆشنبیرییەکان کردووە؛ جگە لەمەش، ویستوویەتی لە شێڵینگ و هۆڵدەرلین دانەبڕێت. ساڵی ١٧٩٧، لە ڕێگەی هۆڵدەرلینەوە توانیویەتی هەمان کار لە فرانکفۆرت پەیدا بکات و لەو شارەدا ببێت بە مامۆستا.  هیگڵ دوو ساڵ لە فرانکفۆرت دەژی و لەو دوو ساڵەدا چەند پەرتووکێک لەسەر فەلسەفەی یۆنانی، بەتایبەتی ئەفلاتون و فەلسەفەی ڕەوشتیی کانت دەخوێنێتەوە. ساڵی ١٧٩٩ باوکی هیگڵ دەمرێت و ئەوه‌ندە سامانی بۆ جێ دەهێڵێت کە لەوە زۆرتر خەمی کارکردنی نەبێت. بەڵام هیگڵ دەیویست وەکو شێڵینگی هاوڕێی لە زانکۆ ببێت بە وانەبێژی فەلسەفە. بۆ ئەم مەبەستە، ساڵی ١٨٠١ چوو بۆ (جینا) و لە ڕێگەی شێڵینگەوە کە لەو زانکۆیە مامۆستا بوو، کاری وانەبێژیی دەست کەوت. بەڵام مووچەکەی لەسەر ژمارەی خوێندکارە ئامادەبووەکان لە وانەکانیدا دیاری دەکرا. پاش ساڵێک لە جینا و لەگەڵ شێڵینگدا گۆڤارێکی فەلسەفیی بە ناوی (گۆڤاری ڕەخنەی فەلسەفی) دەركرد. هەرچەندە گۆڤارەکە تەمەنکورت بوو، به‌ڵام هیگڵ توانیی سێ نووسراوی خۆی تیادا بڵاو بکاتەوە.

لە هەمووی گرنگتر، پرۆژەی (فینۆمینۆلۆجیی هۆش) بوو کە هیگڵ لە شاری جینا دەستی بە نووسینی کرد و تەواوی کرد. لە ڕاستیدا هیگڵ لە ژێر دوو جۆر پاڵەپەستۆ و بە پەلە ئەم پرۆژەیەی تەواو کردووە. لە لایەکەوە پاڵەپەستۆی دەزگای چاپەمەنییەکە و لە لاکەی دیکەوە پاڵەپەستۆی سیاسی. لەبەر ئەوەی هیگڵ ئەو کاتە نەناسراو بوو، یەکێک لە هاوڕێکانی بە ناوی فردریک ئیمانۆئێل نیزەمەر بەڵێنی بە دەزگای چاپەمەنییەکە دا، ئەگەر هیگڵ نووسراوەکەی لە کاتی دیاریکراودا تەواو نەکرد، خەرجییەکەی بدات. لە لایەکی دیکەوە کاتێک هیگڵ لەسەر ئەم پرۆژەیە کاری کردووە، فەڕەنسا هێرشی کردووه‌تە سەر ئەڵمانیا و لە نامەیەکیدا بۆ شێڵینگ ڕوونی دەکاتەوە کە ئەو شەوەی هێرش کراوەتە سەر شاری جینا، نووسراوەکەی تەواو کردووە.

دەردەکەوێت وانەبێژی لە زانکۆی جینا هێندە سوودی دارایی بۆ هیگڵ نەبووبێت و نەیتوانیبێت بەو شێوەیە بژی، لە کاتێکدا ئەو سامانەی باوکی بۆی جێ هێشتبوو، ڕووی لە کەمی و تەوابوون کردووە. مانگی سێی ١٨٠٧ جینا جێ دەهێڵێت و ڕوو لە بامبێرگ دەکات. لەو شارەدا دەبێت بە سەرنووسەری ڕۆژنامەیەک بە ناوی (Bamberger Zeitung). پاش دوو ساڵ لەم پیشەیە بێزار دەبێت و بۆ نێو سیستەمی خوێندن و پەروەردە دەگەڕێتەوە. لە ڕێگەی هاوڕێکەیەوە، (نیزەمەر)، کە بەڕێوەبەری پەروەردەی بەڤاریا بووە، هیگڵ دەبێت بە مامۆستا و بەڕێوەبەری یەکێک لە خوێندنگه‌کان لە شاری نوریمبرێگ. هەرچەندە ئەم کارە ئەوە نەبوو كه‌ هیگڵ ویستوویەتی، چونکە ئەو هەوڵی دەدا لە یەکێک لە زانکۆکان وەکو مامۆستای فەلسەفە دابمەزرێت، لەگەڵ ئەمەشدا ئەم قۆناخەی ژیانی پڕە لە بەرهەمی فەلسەفی. دەتوانم بڵێم قۆناخێکی سەرەکییە لە گەشەکردنی بیرکردنەوەی هیگڵدا.

ئەو کاتەی هیگڵ لەم شارەدا ژیاوە (ساڵی ١٨٠٨ بۆ ١٨١٦)، بێجگە لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانی، سێ بەرهەمی گرنگی فەلسەفیی تێدا بڵاو کردووه‌تەوە، کە ئەم پەرتووکە توێژینەوە و لێکۆڵینەوەیە لەسەریان و پاش بڵاوکردنەوەی ئەم سێ بەرهەمە، هیگڵ وەکو ئەستێرەیەکی نوێی ئاسمانی بیرکردنەوەی فەلسەفی ناسراوە.

ئەم سێ بەرهەمە پێکەوە بە (زانستی لۆجیک) دانراون و بەشی یەکەمیان (لۆجیکی بوون) ساڵی ١٨١٢؛ بەشی دووەمیان (لۆجیکی جەوهەر) ساڵی ١٨١٣؛ بەشی سێیەمیان (لۆجیکی چەمک) ساڵی ١٨١٦ بڵاو کراونەتەوە.

پاش هەشت ساڵ کارکردن وەکو بەڕێوەبەری خوێندنگه‌، هیگڵ توانیی ساڵی ١٨١٧ لە زانکۆی هایدڵبەرگ ببێت بە مامۆستا (پرۆفیسۆر). لەو زانکۆیە وانەکانی لەسەر لۆجیک، مێتافیزیک، مێژووی فەلسەفە، فەلسەفەی ڕامیاری و فەلسەفەی هونەر گوتووه‌تەوە. هەر لەو ساڵەدا سەرجەمی سیستەمە فەلسەفییەکەی لە پەرتووکێکدا بە ناوی (ئینسایکلۆپیدیای زانستە فەلسەفییەکان) بڵاو کردووه‌تەوە کە لە سێ بەش پێک هاتبوو: لۆجیک، فەلسەفەی سروشت و فەلسەفەی هۆش. بەشی یەکەمی کورتەی سێ پەرتووکەکەی پێشوویەتی لەسەر زانستی لۆجیک. هیگڵ لەم بەشەدا جارێکی دی بە زمانێکی سادەتر ڕاڤەی جووڵانی دیالێکتیکی و دەرهێنانی کاتیگۆرییەکانی نێو ڕاڕەوی بوون، جەوهەر و چەمک دەکات. هیگڵ ئەم بەشەی سادەتر نووسیوه‌ تاکو خوێندکارەکانی لە مەبەست و ناوەڕۆکی لۆجیکەکەی تێبگەن.

بەشی دووەمی ئینساکلۆپیدیا بە ناوی فەلسەفەی سروشت، لە ڕووی زانستییەوه‌، بەتایبەتی بۆ ئێمە، هێندە گرنگ نییە. بۆچوونە زانستییەکانی هیگڵ لەم بەشەدا، کە پەیوەندییان بە زانستی سەردەمەکەیەوە هەیە، گۆڕانیان بەسەردا هاتووە. بەڵام لە ڕووی فەلسەفییەوە گرنگە، چونکە سروشت لە فەلسەفەی هیگڵدا بۆ ئاگامەندیی ڕەها (ئەویدی) و لایەنی نێگەتیڤە؛ ئاماژەکردنە بۆ نامۆبوونی ئاگامەندیی ڕەها لە دەرەوەی بوونی خۆیدا. لەبەر ئەم هۆکارە، ئاگامەندیی ڕەها بۆ ڕەتکردنی نامۆبوونەکەی لە سروشتەوە و دابڕانی لە (ئەویدی)، لەگەڵ سروشتدا دیالێکتیکییانە یەک دەگرێت و قۆناخی سێیەمی سیستەمی لۆجیک (فەلسەفەی هۆش) یان مێژوو دەهێنێتە کایەوە. لە ڕاستیدا، هیگڵ لە بەشی سێیەمی سیستەمەکەیدا کە یەکێتیی لۆجیک و سروشتە، زۆرینەی بۆچوونەکانی خۆی کە لە نێو (فینۆمینۆلۆجیی هۆش)دا باس کراون، تێهەڵکێش کردووە. لەم بەشەدا خوێنەر لەگەڵ فەلسەفەی مێژوو، ڕامیاری، کۆمەڵایەتی و هونەری هیگڵدا ئاشنا دەبێت.

هیگڵ، لە زانکۆی هایدڵبەرگ، زۆرتر وەکو فەیلەسوفێکی سەردەمی خۆی ناسراوە و نووسراوەکانی جێگەی خۆیان لە بوارەکانی خوێندنی ئەکادیمیادا کردووه‌تەوە. بلیمەتی و کارکردنی بەردەوامی هیگڵ لە بواری فەلسەفەدا و لەسەر سیستەمەکەی بێسوود نەبووە. ساڵی ١٨١٨ پاش مردنی فیختە، زانکۆی بەرلین داوای لێ دەکات جێگەی فیختە پڕ بکاتەوە.  لەو ساڵەدا هیگڵ لە زانکۆی بەرلین بووە بە مامۆستا. لە هەمان کاتدا وەکو فەیلەسوفێکی گەورەی ئەڵمان ناوبانگی دەرکردووە و لە شارەکانی دیکەی ئەڵمانیاوە خوێندکارانی فەلسەفە ڕوویان لە بەرلین کردووە تاکو لە وانەکانیدا ئامادە ببن.

ساڵی١٨٢٠، هیگڵ (فەلسەفەی ماف) بڵاو دەکاتەوە و سەرپەرشتیی گۆڤارێکی ساڵانە بۆ ڕەخنەی زانستییانە دەکات. بۆ جاری دووەم (ئینسایکلۆپیدیای زانستە فەلسەفییەکان)، پاش پێداچوونەوە لە چاپ دەدات. ساڵی ١٨٣٠ دەکرێت بە سەرۆکی زانکۆی بەرلین.

دواتەمەنی هیگڵ پڕ ئاسوودەیی بووە، هەرچەندە نەیارەکانی، وەکو شلایەرماخەر و شۆپنهاوەر، بەردەوام لە دژی کاریان کردووە. سەردانی شاری پراگ و ڤییەنای کردووە و مانگێک لە پاریس ژیاوە. دوانووسراوی لەسەر یاسای چاکسازیی بەریتانیا بووە.

ئەم فەیلەسوفە مەزنە لە ١٤/١١/١٨٣١ بە نەخۆشییەکی کتوپر، کە هەندێک بۆی دەچن تووشی کولێرا بووبێت، دەمرێت و لە گۆڕستانێک لە بەرلین نزیک فیختە دەنێژرێت. نۆرمان دەیڤس دەنووسێت، لە سەرەمەرگدا و دواگوتەی دەڵێت: “ئەو لە من تێنەگەیشت.”

ئەم نووسراوە توێژینەوەیە لەسەر بەشی یەکەمی سیستەمی فەلسەفیی هیگڵ کە بە لۆجیکی دیالێکتیک ناسراوە. بۆ ئەم توێژینەوەیە زۆربەی کات بۆ نووسراوی یەکەمی هیگڵ بە ناوی (زانستی لۆجیک) گەڕاومەتەوە و هەندێک جار بەپێی پێویست و بۆ ڕوونکردنەوەی واتای کاتیگۆرییەکان ئاوڕم لە (ئینسایکلۆپیدیای زانستە فەلسەفییەکان) داوەتەوە. سوودی زۆرم لە بۆچوونەکانی مامۆستا جۆن مەتاگەرت و میور وەرگرتووە.
محەمەد کەمال
زانکۆی ماڵبۆرن
٢٠١٥

ئێستا لە كتێبخانەكاندا دەستدەكەوێت

لە بڵاوكراوەكانی زنجیرەی كتێبی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم

ناردن: