كاتێك ئیمپراتۆر خودایی بوو

نوسینی/ جولی ئۆتسوكا
وەرگێڕانی/ ژوان شوانی

ئێستا لە كتێبخانەكاندا دەستدەكەوێت

له‌ بڵاوکراوه‌کانی زنجیره‌ی کتێبی ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م 2015©

ئەم ڕۆمانە چیرۆكی خێزانێكی ئەمریكایی بە ڕەچەڵك ژاپۆنی دەگێڕێتەوە كاتێك لە سەردەمی جەنگی جیهانی دووهەمدا بە زۆرەملێ ڕەوانەی كامپ دەكرێن. نوسەر لە زاری كارەكتەرەكانی خێزانێكەوە چیرۆكی سەد و دە هەزار ژاپۆنیان لە كەمپدا گوزەراندووە.

نوسەر لە بارەی كتێبەكەیەوە دەڵێت: دەمویست ڕۆمانێك بنوسم لەبارەی خەڵكانی ڕاستەقینەوە… بەسەرهاتەكانی ئەوان جیهانین و بەسەر گەلێك نەتەوەی تردا هاتوون.

مێژوو پریەتی لە كۆكردنەوەی خەڵك و ڕاگوێزان و ئاوارەكردنیان.

بەسەرهاتی خێزانی ناو ڕۆمانەكەم – خەڵكانی سادەی گیرۆدەی دەست كێشەی ئاڵۆز- چیرۆكێكی ئێجگار مرۆڤانەیە.

جولی ئۆتسۆكا لە ویلایەتی كالیفۆڕنیای ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لەدایك بووە و هەر لەوێش گەورەبووە.

لە زانكۆی یەیڵ بڕوانامەی بەدەستهێناوە، ساڵانێك تەمەنی خەریكی نیگاركێشان بووە و دواتر گەڕاوەتەوە لای هونەری نووسین، ئێستاش دانیشتووی نیویۆركە و یەكێكە لە هەڵگرانی خەڵاتی ئەدەبی ئاسیایی ئەمریكا.

فەرمانی ڕاگوێزان، ژمارە ١٩

تابلۆی ئاگادارییەکان لە شەودا هەڵواسرابوون. لەسەر تەختەی ئاگاداری و بە قەدی درەختەکانەوە و بە کورسیی وێستگەی پاسەکانەوە و بە پەنجەرەی دوکانی ‘ولوۆرپ’ـەوە هەڵواسرابوون. بە لای دەرگەی ”YMCAـەکەدا هەڵواسرابوون. بە دەرزیی کلێپس بە دەرگەی دادگەوە کرابوون و لە ئاستی چاودا بە بزمار بە هەموو دارتێلی تەلەفۆنەکانی شەقامی زانکۆدا داکوترابوون. ژنەکە بە ڕێوە بوو تا کتێبێکی خواستراو بۆ کتێبخانە بگەڕێنێتەوە، کاتێک ئەو تابلۆیەی بینی کە بە پەنجەرەی فەرمانگەی پۆست و گەیاندنەوە هەڵواسرابوو. ڕۆژێکی هەتاو بوو، لە بەهاری ساڵی ١٩٤٢دا لە بێرکڵی. ئەو چاویلکەی تازەی لە چاودا بوو؛ بۆ یەکەمین جار پاش چەندین هەفتە، دەیتوانی هەموو شتێک بە ڕوونی ببینێت. چیدی پێویستی نەدەکرد بۆ خوێندنەوە چاوی بچووک بکاتەوە، بەڵام تازە ئیدی خوی پێوە گرتبوو. تابلۆکەی لە سەرەوە تا خوارەوە خوێندەوە و بە چاوی بچووککراوەوە قەڵەمێکی لە جانتاکەی دەرهێنا و جارێکی تریش تابلۆکەی خوێندەوە. خەتەکەی ورد و تۆخ بوو. بەشێک لە نووسینەکە ئێجگار بچووک بوو. هەندێک وشەی تابلۆکەی لە پشتی فاتوورەی بانکەکەی نووسییەوە و گەڕایەوە بۆ ماڵەوە. دەستی کرد بە خۆ کۆکردنەوە.

نۆ ڕۆژ دواتر، نامەیه‌کی لە کتێبخانەوە بە پۆست بۆ هات کە ئاگاداری دەکردەوە لە دواکەتنی وادەی گەڕاندنەوەی کتێبەکە. بەڵام ئەو سەرقاڵی خۆ کۆکردنەوە بوو. منداڵەکان بۆ قوتابخانە چووبوون و چەندین پاکەت و جانتا لەناو ماڵەکەدا پەرش و بڵاو بووبوونەوە. نامەکەی فڕێدایە ناو نزیکترین جانتا و لە ماڵ چووە دەرەوە.

لە دەرەوە دنیا گەرم و گەڵای دارخورماکان لە دیواری خانووەکە دەخشان. دەستکێشە ئاوریشمە سپییەکانی لە دەست کرد و بە جادەی ئاشبی-دا ڕووەو خۆرهەڵات ڕۆیشت. لە جادەی کالیفۆڕنیا پەڕییەوە و چەند سەلکەسابوونێکی لۆکس و شووشەیەکی گەورەی کرێمی دەموچاوی لە دەرمانخانەی ڕەمفۆرد کڕی.  بە لای دوکانی دەستی دووەکەدا تێپەڕی و بازاڕی بەقاڵییەکەی بینی کە پەنجەرەکانی بە تەختە گیرابوون. بەڵام چاوی بە کەسێک نەکەوت کە ئەم بیناسێ. لە ڕۆژنامەفرۆشەکەی سەر سووچی جادەی گرۆڤ نوسخەیەکی لە ڕۆژنامەی ‘بێرکڵی گازێت’ کڕی. بە خێرایی چاوێکی بە مانشێتەکاندا خشاند. جادەی بورما تێکدراوە،  یەکێک لەو چوار منداڵە جمکەی کە بە سکێک لەدایکبوون، بە ناوی یڤۆن، پاش ئەنجامدانی نەشتەرگەریی گوێ، تەندروستیی بەرەو باشتر دەچێت. ئازوقەی شەکر سێشەممە دابەش دەکرێت. بە وریاییەوە ڕۆژنامەکەی قەد کرد تا بە هۆی مەرەکەبەکەیەوە دەستکێشەکانی ڕەش نەبن.

لە بەردەم دوکانی لوندی-دا هەڵوێستەیەکی کرد و تەماشای ئەو خاکەنازانەی کرد کە لە بەردەم پەنجەرەکەدا نمایش کرابوون. خاکەنازی باش بوون و دەسکی پتەو و کانزاییان هەبوون؛ بۆ ساتێک بیری لە کڕینی دانەیەک کردەوە – نرخەکەی گونجاو بوو و ئەمیش حەزی نەدەکرد شتێک کە نرخەکەی گونجاو بێت لە دەستی خۆی بدات. بەڵام بیریکەوتەوە کە خاکەنازێکی لە عەمبارەکەیدا هەیە. لە ڕاستیدا دوانیشی هەبوون. پێویستی بە سێ دانە نەبوو. چرچیی عەزییەکەی ساف کرد و خۆی کرد بە دوکانەکەدا.

هەر کە خۆی بە ژووردا کرد، جۆ لوندی پێی وت، “چاویلکەکەت جوانە، پیرۆزە.”
پرسیی، “بە ڕاست؟ هێشتا لەگەڵی ڕانەهاتووم.” دەستی دایە چەکوشێک و توند دەسکەکەی گرت. جۆ لوندی وتی ئەوەی دەستت گەورەترین چەکوشە کە هەمانە. چەکوشەکەی لەسەر تاقەکە دانایەوە.

جۆ پرسی: “ساپیتەکەت چۆنە، بەرگەی گرتووە؟”
پێم وا بێ قرمیتەکانی خەریکە دەڕزێن، ماوەیەکە دڵۆپە دەکات.”
“ساڵێکی تەڕوتووش بوو.”
ژنەکە سەری بە ئاماژەی بەڵێ لەقاند و وتی: “بەڵام ڕۆژی خۆشیشمان هەبووە.” بەرەو لای پەردە ڤیەنییەکان لە پشتەوەی دوکانەکە ڕۆیشت. دوو تێپ و گڵۆڵەیەک داوی لەسەر مێزەکە دانا. وتی: “هەر جارێک باران دەبارێت، دەبێت سەتڵێک لە بەردەم دڵۆپەکەدا دانێم” و پەنجا سەنتی لەسەر مێزەکە دانا.

جۆ وتی: “سەتڵ عەیبی نییە.” بێ ئەوەی تەماشای ژنەکە بکات، پەنجا سەنتەکەی بەرەو لای ژنەکە پاڵ پێوە نا. “دواتر پارەکەی بدە.” بە پەڕۆیەکەوە دەستی کرد بە سڕینەوەی لایەکی مێزەکە. لەکەیەکی پێوە بوو، لێی نەدەبووەوە.

“ئێستا پارەکەی دەدەم.”
“لێی گەڕێ.” جۆ دەستی کرد بە گیرفانی کراسەکەیدا و دوو نوقوڵی کەرەمێڵی، کە لە کاغەزی ئاڵتوونییەوە پێچرابوون، دا بە ژنەکە. “بۆ منداڵەکان.” نوقوڵەکانی خستنە جانتاکەیەوە، بەڵام پارەکەی بەجێ هێشت. سوپاسی جۆی کرد بۆ نوقوڵەکان و لە دوکانەکە چووە دەرەوە.

کاتێک ژنەکە خەریک بوو لە دوکانەکە دەچووە دەرەوە، جۆ پێی وت: “ئەو کراسە سوورەشت لێ جوانە.” ژنەکە ئاوڕی دایەوە و لە سەروو چاویلکەکەیەوە بە جۆی وت: “سوپاس، سوپاس جۆ.” دەرگەکە لەدوایەوە بە توندی داخرایەوە و لەسەر شۆستەکە کاتێک کە تەنیا بوو، بە بیریدا هات لەو هەموو ساڵەی کە هاموشۆی دوکانی جۆی کردووە، هەرگیز بە دەمیدا نەهاتووە بە ناوی خۆیەوە، جۆ، بانگی بکات. گۆکردنەکەی لە لا غەریب بوو. تا ڕادەیەک لە جێی خۆیدا نەبوو، بەڵام تازە وتبووی. بە دەنگی بەرزیش وتبووی. خۆزگەی خواست کە پێشتر بیوتبایە.

بە دەستەسڕەکەی نێوچەوانی سڕی. خۆر گەرم و درەوشاوە بوو و ئەمیش حەزی نەدەکرد بەبەر چاوی خەڵکەوە ئارەقە بکاتەوە. چاویلکەکەی داکەند و پەڕییەوە بەری سێبەری جادەکە. لەسەر سووچی شەقامی شاتوک تاکسییەکی گرت بەرەو ناوشار. لە جادەی کیتریج دابەزی و خۆی کرد بە بازاڕی ‘جەی ئێف هینک’دا. داوای جانتای سەفەری لە فرۆشیارەکە کرد، بەڵام نەیانبوو، هەمووی فرۆشرابوون. دوایین دانەی نیو سەعاتێک لەوەپێش فرۆشتبوو. پێشنیاری بازاڕی ‘جەی سی پێنیز’ی بۆ کرد، بەڵام ئەوانیش هەموویان فرۆشتبوو. لە تەواوی شاردا هەموو جانتاکان فرۆشرابوون.

کاتێک گەڕایەوە ماڵەوە، عەزییە سوورەکەی داکەند و عەزییە شینە کاڵەوەبووەکەی ناوماڵی لە بەر کرد. قژی کرد بە تەماتە و جوتێ پێڵاوی کۆنی ڕەحەتی  لە پێ کرد. دەبوو ئیتر خۆی کۆبکاتەوە. فەرشە قەیمییەکەی ژووری میوانی لوول کرد. ئاوێنەکانی لە دیوارەکان کردەوە. پەردەکانی لە پەنجەرەکان کردەوە. دارە بۆنزایە بچکۆلەکەی بردە دەرەوە لەسەر چیمەنەکە لەژێر ساپیتەی دیوارێکدا، لە شوێنێکدا کە نە خۆری زۆر و نە سێبەری زۆری لێ بدا، دانا. هەردوو کاتژمێرە قورمیشەکانی جۆری ‘ڤیکترۆلا’ و ‘وێستمینیستەر’ی بردە ژێرزەمینەکە.

لە سەرەوە، لە ژووری کوڕەکە، نەخشەی ‘یەک جیهان یەک جەنگ’ـەکەی لە دیوارەکە کردەوە و لەسەر قەدە کۆنەکەی خۆی بە وریاییەوە نووشتاندیەوە. دەفتەری پوول و بووکەڵە دارینە هیندەسوورەکەی کە لە فێستیڤاڵی ساکرەمێنتۆدا بردبوویەوە، کۆکردنەوە. کتێبە کۆمیکەکانی ‘جۆ پالووکا’ی لەژێر سیسەمەکە دەرهێنا. چەکمەجەکانی بەتاڵ کردنەوە. هەندێک لە جلەکانی –ئەو جلانەی کە پێویست بوون– کۆنەکردنەوە، تا دواتر بیانخاتە ناو جانتای سەفەرەوە. دەستکێشی بەیسبۆڵەکەی لەسەر سەرینەکە بۆ دانا. هەموو شتەکانی تری خستنە کارتۆنەوە و بردنی بۆ هەورەبانەکە.

دەرگای ژووری کچەکەی داخرابوو. بە دەرگاکەوە نووسراوێک هەڵواسرابوو کە ڕۆژی پێشتر لێی نەبوو.  نووسرابوو “بێزارم مەکە.” ژنەکە دەرگاکەی نەکردەوە. چووە خوارەوە و تابلۆ هەڵواسراوەکانی لە دیوارەکان کردنەوە. تەنیا سێ تابلۆ بوون: تابلۆیەکی کێشراوی شازادە ئێلیزابێس کە لە ژووری نانخواردنەکە هەڵواسرابوو. تابلۆیەکی مەسیح لە دیوەخانەکە و کۆپییەکی لە چوارچێوەگیراوی تابلۆی ‘کارەکەرەکان’ی میللێ لە موبەقەکە. تابلۆکەی مەسیح و شازادە ئێلیزابێسی دەمەوڕوو خستنە کارتۆنێکەوە و ئاگادار بوو لەوەی کە تابلۆکەی مەسیح لە سەرەوە بێ. تابلۆی کارەکەرەکانی لە چوارچێوەکە دەرهێنا و بۆ دواجار لێی ورد بووەوە. بە خۆیدا هاتەوە کە بۆچی لێگەڕاوە ئەو هەموو کاتە لە موبەقەکە هەڵبواسرێ. لەوەی کە خزمەتکارەکان لەوەتەی هەن بەدیار ئەو کێڵگە گەنمە بێکۆتاییەوە چەمابوونەوە، ناڕەحەت بوو. دەیویست پێیان بڵێ: “تەماشایەکی سەرەوە بکەن، سەرەوە!” بڕیاری دا ‘کارەکەرەکان’ دەبێ فڕێ بدرێ. تابلۆکەی لە دەرەوە، لەگەڵ خۆڵوخاشاکەکەدا دانا.

لە ژووری دانیشتنەکە کتێبخانەکەی لە هەموو کتێبەکان خاڵی کردەوە، جگە لە کتێبەکەی ‘تەیرەکانی ئەمەریکا’ی ئۆدوبان نەبێت. کاوەنتەرەکانی موبەقەکەی بەتاڵ کردنەوە. تەنیا هەندێک شتی بۆ ئەو ئێوارەیە دانا. هەموو شتێکی تری ـ چینی و کریستاڵ و تاقمی چۆپستیکە عاجەکەی کە دایکی پانزە ساڵ پێشتر لە هیرۆشیماوە بە دیاریی زەواج بۆی ناردبوو ـ لە پاکەتدا پێچانەوە.

بەو تێپەی لە دوکانەکەی لوندی کڕیبووی، تەواوی کارتۆنەکانی بەست و دانەدانە بۆ هەورەبانەکە بردنیە سەرەوە. کە لێبووەوە، دەرگاکەی بە دوو قوفڵ داخست و لەسەر دوایین پلیکانە دانیشت، کراسەکەی تا سەر ئەژنۆ هەڵکرد و جگەرەیەکی پێکرد. سبەینێ خۆی و منداڵەکان دەڕۆیشتن. ئەو نەیدەزانی بۆ کوێ دەچن، یان چەندێک لەوێ دەبن، یان کێ لە ماڵەکەیاندا دەژی کاتێک ئەمانی لێ نابن. ئەو ئەوەندەی دەزانی کە سبەینێ دەبێ بڕۆن.

پێخەف و چەرچەف و کەوچک و چەتاڵ و کوپ و قاپ و جلوبەرگ لەو شمەکانە بوون کە دەیانتوانی لەگەڵ خۆیان بیانبەن. ئەمە ئەو چەند وشانە بوون کە لە پشتی فاتوورەی بانقەکە نووسیبوونی. ئاژەڵبردن قەدەغە بوو. لە ئاگادارییەکەدا وا نووسرابوو.

کۆتایی ئەپریل بوو. چوارەمین هەفتەی پێنجهەمین مانگی جەنگ بوو. ئەمیش کە هەمیشە بەگوێی یاساکانی نەکردبوو، ئەمێستا بەگوێی دەکرد. پشیلەکەی دا بە خێزانی ‘گریر’ی هاوسێیان. بە زەبری کلکەگسکێک ملی ئەو مریشکەی لە پاییزەوە بە حەوشەکەدا دەهات و دەچوو، شکاند و ئاوەڕووتی کرد و لە مەنجەڵێک ئاوی سارددا لە حەوزی سینکەکەدا داینا. دوانیوەڕۆیەکی زوو بوو، دەستەسڕەکەی تەڕ بووبوو. بە زەحمەت هەناسەی دەدا و بە هۆی تەپوتۆزەوە لووتی دەخورا. پشتی دەئێشا. پێڵاوەکانی داکەند و مێخەکەکانی بنی پێی مەساج کرد و دواتر چوو بۆ موبەقەکە و ڕادیۆکەی هەڵکرد. دیسان ئێنریکۆ کاروسۆ گۆرانیی ‘La donna è mobile’ی دەوت. دەنگی خۆش و کاریگەر بوو. سەهۆڵدانەکەی کردەوە و پڕ قاپێک کفتەی برنجی، کە بە هەڵووژەی سوێرکراو ناواخن کرابوون، خوارد. بەدەم گوێگرتن لە گۆرانیبێژەکەوە بە کاوەخۆ دەیخواردن. هەڵووژەکان تۆخ و ترش بوون. ئەو ڕێک ئاوا حەزی لێ بوو.

کە ئۆپێراکە تەواو بوو، ڕادیۆکەی کوژاندەوە و دوان لە کفتە برنجییەکانی خستنە قاپێکی قووڵی شینەوە. دوو هێلکەی بە سەردا شکاند و کوتێک ماسیی سلێمانکە، کە شەوی پێشتر کردبووی، لەگەڵدا تێکەڵ کرد. قاپەکەی برد و لەسەر پلیکانەی هەیوانەکەی پشتەوە داینا. پشتی ئێجگار ئازاری دەدا، بەڵام خۆی ڕاست کردەوە و سێ چەپڵەی لێ دا.

سەگێکی سپیی بچکۆلە بە شەلەشەل لەودیو درەختەکانەوە دەرکەوت. “دەی بیخۆ سەگە سپی.” سەگە سپی پیر و پەککەوتە بوو، بەڵام باشی دەخوارد. سەری بەسەر قاپەکەوە خۆشحاڵانە دەلەقاند. ژنەکە لە تەنیشتیەوە دانیشت و لە سەگەکەی دەڕوانی. کە قاپەکە خاڵیبووەوە، سەگەکە سەری هەڵبڕی و تەماشای ژنەکەی کرد. سەگە سپی چاوێکی لێڵ و تانە لێی دابوو. ژنەکە نەوازشی کرد و سەگەکەیش کلکی بە تەختەی پلیکانەکاندا دەکوتا. ژنەکە وتی، “ئافەرین سەگە عاقڵەکە.”

هەستا و بە باخەکەدا گەڕا و سەگەکەیش دوایکەوت. گوڵە نێرگسەکان کەڕوی سپییان کردبوو، زەمبەقەکانیش خەریک بوو سیس دەبوون. گژوگیا لە هەموو شوێنێکەوە سەریان کردبوو. ژنەکە چەند مانگێک بوو چیمەنەکەی نەبڕیبوو. ئاخر ئەوە کاری مێردەکەی بوو. لە دیسەمبەرەوە، لە ڕۆژی دەستگرتنەکەیەوە مێردەکەی نەدیبوو. یەکەمجار بە قەتار ناردبوویان بۆ فۆرت میزولا لە ویلایەتی مۆنتانا و دواتر گوازرابووەوە بۆ فۆرت سام لە شاری ‘هیوستن’ی تەکساس. چەند ڕۆژ جارێک بۆی هەبوو نامەیەک بۆ ژنەکەی بنووسێت. زۆربەی کات لەبارەی کەشوهەواوە بۆی دەنووسی. کەشوهەوای فۆرت سام باش بوو. پشتی هەموو زەرفی نامەکان مۆرێکی “سانسۆر کراوە، وەزارەتی جەنگ” یان “پۆستی دوژمنی بیانیی دەستبەسەر”ی پێوە بوو.

ژنەکە لەسەر بەردێک لەژێر دارخورمالووەکەدا دانیشت. سەگە سپییش لای قاچییەوە وەرکەوت و چاوانی لێکنان. “سەگە سپی، سەیرم بکە.” سەگە سپی سەری بڵند کرد. ژنەکە خاوەنی بوو، دەبوو بەقسەی هەموو فەرمانێکی بکات. ژنەکە دەستکێشە سپییە ئاوریشمەکانی لە دەست کرد و گڵۆڵەیەک پەتی هێنا. “هەر تەماشای من بکە، سەگە سپی.” سەگەکەی بە دارەکەوە بەستەوە. “تۆ سەگێکی باش بوویت، تۆ سەگێکی سپیی باش بوویت.”

لە جێیەکی دوورەوە زەنگی تەلەفۆنێک لێی دا. سەگە سپی وەڕی. “وسس.” سەگە سپی بێدەنگ بوو. “تل بە.” سەگە سپی تلێکی دا و بە چاوە باشەکەی لە ژنەکەی ڕوانی. “خۆت بکە بە مردوو.” سەگە سپی سەری لەسەر لا دانا و چاوی نووقاند. لاقەکانی شل بوون. ژنەکە دەستی دایە خاکەنازەکەی کە بە درەختەکەوە هەڵپەسێردرابوو. بە هەردوو دەست بەرزی کردەوە و کتوپڕ نووکەکەی کێشا بە سەری سەگەکەدا. سەگە سپی دوو جار پلی دا و پەلی لە هەوادا وەشاند، وەک ئەوەی بیەوێ ڕابکات. ئیدی لە جووڵە کەوت. چەند دڵۆپێک خوێن لە لێواری لمۆزیەوە ڕێچکەی کرد. ژنەکە سەگەکەی لە درەختەکە کردەوە و هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشا. خاکەنازەکە بژاردەیەکی باش بوو، لە چەکوش پێی باشتر بوو.

لەژێر درەختەکەدا چاڵێکی هەڵکەند. توێژاڵی سەرەوە ڕەق بوو، بەڵام بنەوەی نەرم و ئیسفەنجی بوو. ئاسان هەڵدەکەندرا. خێراخێرا خاکەنازەکەی بە ئەرزەکەدا ڕۆ دەبرد، تا چاڵەکە قووڵ بوو. سەگەکەی هەڵگرت و تێیفڕێ دا. کەلاکەکە قورس نەبوو. تەپەیەکی نزمی لێوە هات کاتێ بەر زەوییەکە کەوت. دەستکێشەکانی داکەند و تەماشای کردن. چیتر سپی نەبوون. فڕێی دانە چاڵەکەوە و دەستی دایەوە خاکەنازەکە. خۆر گەرم و تاکە شوێنێکیش سێبەری لێ بوایە بن درەختەکان بوو. ئەو لە بن درەختەکاندا وەستابوو. تەمەنی چلویەک ساڵ و ماندوو بوو. پشتی کراسەکەی لە ئارەقەدا خووسا بوو. قژی لەسەر ڕووخساری لابرد و پاڵی بە درەختەکەوە دا. هەموو شت وەک خۆی وا بوو، جگە لەوەی زەوییەکە، لەو جێیەدا کە چاڵەکەی لێ هەڵکەندرابوو، کەمێک تۆختر دەردەکەوت. تۆختر و تەڕتر. گەڵایەکی لە لقێکی شۆڕ لێکردەوە و چووە ژوورەوە.

کاتێک منداڵەکان لە خوێندنگە گەڕانەوە، وەبیری هێنانەوە کە سبەی سەرلەبەیانی دەڕۆن. سبەینێ دەڕۆن بۆ گەشت. تەنیا دەتوانن هێندەی بۆیان هەڵدەگیرێ شت لەگەڵ خۆیان ببەن.
کچەکە وتی، “باشە، دەزانم.” ئەو عەزییەکی سپیی لۆکەی لە بەردا بوو بە شەیالەی شینەوە. قژە قەترانییەکەی بە دوو پرچی توند لە دواوە کۆکردبووەوە. ئەو کتێبەکانی فڕێدانە سەر قەنەفەکە و بە دایکی وت کە مامۆستاکەیان، میستەر ڕەسەرفۆرد، یەک سەعاتی ڕەبەق لەبارەی ژمارەی خۆبەش و درەختی هەمیشەسەوزەوە دواوە.

کچەکە پرسیی: “دەزانیت درەختی هەمیشەسەوز چییە؟” دایکی دەبوو ددانی پێدا بنێ کە هەر بە ڕاست نەیدەزانی. وتی، “پێم بڵێ.” بەڵام کچەکە سەری بە ئاماژەی نەخێر بادا،  “دوایی پێت دەڵێم.” کچەکە تەمەنی دە ساڵان و دەیزانی حەز بە چی دەکات. حەزی لە کوڕ و لیکۆریشی ڕەش و دۆرۆسی لامۆر بوو. بە لای ئەوەوە خۆشترین گۆرانیی ڕادیۆ گۆرانیی ‘Don‌t Fence Me In’ بوو. تووتییەکەشی خۆش دەویست. هەستا و کتێبی’Birds of America’ی لە کتێبخانەکە دەرهێنا. کتێبەکەی لەسەر سەری دانا و قنجوقیت بەکاوەخۆ بە پلیکانەکاندا بۆ ژوورەکەی خۆی سەرکەوت.

چەند ساتێک دواتر دەنگی زرمەیەک هات و کتێبەکە بە پلیکانەکاندا خلۆر بووه‌وە. کوڕەکە لە دایکی ڕوانی. کوڕەکە حەوت ساڵان بوو. شەفقەیەکی ڕەشی بچکۆلەی بە لاری لە سەری نابوو. بە دەنگێکی نزم وتی: “دەبێ قنجتر ڕابووەستێ.”

کوڕەکە چووە لای یەکەمین پلیکانەوە و لە کتێبەکەی ڕوانی؛ بە ڕوودا کرابووەوە و لەسەر لاپەڕەیەک کە وێنەی تەیرێکی بچکۆلەی قاوەیی تێدا بوو، گیرسابووەوە. تەیرەکە فیڕنەگولە بوو. بۆ سەرەوە هاواری کرد: “دەبێ قنجتر بڕۆی.”

کچەکە وەڵامی دایەوە: “هیی ئەوە نییە، خەتای سەرمە.”
“سەرت چییەتی؟”
“زۆر قوتە، تەپڵی سەرم زۆر قوتە.”
کتێبەکەی داخست. ڕووی کردە دایکی و پرسیی: “کوا سەگە سپی؟”
چووە بەر هەیوانەکە و سێ جاران چەپڵەی لێ دا.

بانگی کرد، “سەگە سپـی!” جارێکی تریش چەپڵەی لێ دا و چەند جارێک بانگی سەگە سپیی کرد و دواتر چووە ژوورە و لە موبەقەکە لە تەک دایکیەوە ڕاوەستا. دایکی سێوی قاش دەکرد. پەنجەی درێژ و سپی بوون و لە گرتنی چەقۆ بەڵەد بوون. کوڕەکە وتی: “ئەو سەگە ڕۆژبەڕۆژ کەڕتر دەبێ.”

ژنەکە قاشە سێوەکانی لەسەر قاپێک ڕیز دەکرد و ئەمیش دانیشت و دەستی کرد بە هەڵکردن و کوژاندنەوەی ڕادیۆکە، هەڵیدەکرد و دەیکوژاندەوە، هەڵیدەکرد و دەیکوژاندەوە. سەمفۆنیای ‘Radio City’ پێشەکیی دوایین جووڵەی ١٨١٢ی چایکۆفسکی پێشکەش دەکرا. زرمەی سەنج و گرمەی تۆپ دەهات. ژنەکە قاپەکەی لە بەردەم کوڕەکەدا دانا و وتی: “بخۆ.” کوڕەکە دەستی بۆ قاشێک سێو برد و ئامادەبوانی سەمفۆنیاکە دایان لە هاڕەی چەپڵەڕێزان. بە دەنگی بەرز دەیانوت: “براڤۆ، براڤۆ، براڤۆ.” کوڕەکە میلی ڕادیۆکەی بادا تا بەرنامەی ‘سەبارەت وەرزش’ بدۆزێتەوە، بەڵام تەنیا هەواڵ و گۆرانییەکی ‘سامی کاێ’ی بەرگوێ کەوت. ڕادیۆکەی کوژاندەوە و قاشێک سێوی تری هەڵگرت.

وتی: “ئێرە زۆر گەرمە.”
دایکی وتی: “کڵاوەکەت داکەنە.” بەڵام کوڕەکە بەقسەی نەکرد. کڵاوەکە دیاریی باوکی بوو. بۆی گەورە بوو، بەڵام هەموو ڕۆژێک لە سەری دەکرد. ژنەکە بەرداخێک ئاوجۆی ساردی بۆ تێکرد و ئەویش بینی پێوە نا.
کچەکە هات بۆ موبەقەکە و لە لای تەباخەکەوە بە دیار قەفەزی تووتییەکەوە وەستا. سەری لە شیشی قەفەسەکە نزیک کردەوە و وتی: “شتێک بڵێ.”
تەیرەکە باڵەکانی فش کردەوە و بە لارولەنجە لەمسەر بۆ ئەوسەری قەفەسەکە بەسەر شیشەکەدا ڕۆیشت و وتی: “باااااک.”
کچەکە وتی: “ئەوە ئەوە نەبوو کە من دەمویست بیبیستم.”
تەیرەکە وتی: “کڵاوەکەت داکەنە.”
کچەکە دانیشت و دایکی پەرداخێک ئاوجۆی ساردی بۆ تێکرد و کەوچکێکی زیوی درێژی دایە. کچەکە کەوچکەکەی لستەوە و تەماشای عەکسی خۆی کرد لە کەوچکەکەدا. سەری سەربەرەوخوار بوو. کەوچکەکەی کرد بە شەکردانەکەدا.

پرسیی: “هیچ شتێکی نائاسایی لەبارەی دەموچاومەوە هەیە؟”
دایکی وتی: “بۆچی؟”
“خەڵک زۆر سەیریان دەکردم.”
“وەرە لامەوە.”
کچەکە هەستا و بۆ لای دایکی چوو.
“با سەیرێکت بکەم.”
کچەکە وتی: “تۆ ئاوێنەکانت لابردوون؟”
“ئەبوو لایان بەرم، ئەبوو هەڵیانگرم.”
“پێم بڵێ چۆنم؟”
دایکی دەستی بە ڕووخساری کچەکەدا هێنا.
“تۆ جوانیت. لووتێکی جوانت هەیە.”
“چی تر؟”
“ڕیزێک ددانی جوانیشت هەن.”
“ددان حیساب نییە.”
“ددان مەرجە.”

ژنەکە شانی کچەکەی نەوازش کرد. بە کچەکەی وت چاوی بنوقێنێ و خۆی بە پشتا بخات. ئەوسا توند پەنجەی بە ملی کچەکەدا هێنا تا هەستی کرد خاو دەبێتەوە. کچەکە وتی: “ئەگەر شتێک لە ڕووخسارمدا نائاسایی بوایە پێت دەوتم؟”

دایکی وتی: “ڕوو بکەرە من.”

“ئێستا سەیرم بکە.”

کچەکە تەماشای کرد.

“تۆ جوانترین ڕووخسارت هەیە کە تا ئێستا بینیبێتم.”

“تۆ لەبەر من وا دەڵێیت.”

“نا، بە ڕاستمە.”

کوڕەکە ڕادیۆکەی داگیرساند. پیاوە کەشناسەکە باسی کەشوهەوای سبەینێی دەکرد. پێشبینیی باران و نزمبوونەوەی پلەی گەرمای دەکرد. کوڕەکە بە خوشکەکەی وت: “دانیشە و ئاوەکەت بخۆرەوە.” پیاوە کەشناسەکە وتی: “بیرتان نەچێت سبەینێ چەتر لەگەڵ خۆتاندا بەرن.”

کچەکە دانیشت، ئاوەکەی خواردەوە و هەموو شتێکی لەبارەی داری هەمیشەسەوزەوە بۆ دایکی گێڕایەوە. زۆربەیان دارسنەوبەر بوون، بەڵام هەندێکیشیان تەنیا دەوەن بوون. هەموویان گزگلیان نەدەگرت. هەندێکیان، وەک داری یو، تەنیا تۆودانیان هەبوو.

ژنەکە وتی: “زانیارییەکی باشە.” پاشان هەستایە سەر پێ و بە کچەکەی وت کاتی ئەوە هاتووە ڕاهێنان لەسەر پیانۆکەی بکات و بۆ وانەی پێنجشەممە خۆی ئامادە بکات.

“مەرجە بیکەم؟”

ژنەکە بۆ ساتێک بیری کردەوە و وتی: “نا، تەنیا ئەگەر خۆت ئارەزووی دەکەیت.”

“پێم بڵی کە مەرجە.”

“ناتوانم.”

کچەکە چووە ژووری دانیشتنەکە و لەسەر کورسیی پیانۆکە دانیشت.

“مێترۆنۆمەکە* دیار نییە.”

“کەواتە بۆ خۆت بیژمێرە.”

“…سێ، پێنج، حەوت…” کچەکە چەقۆکەی دانا و هەڵوێستەی کرد. لەسەر مێز نانی ئێوارەیان دەخوارد. ئێوارەوەختە بوو. ئاسمان مۆرێکی تۆخ بوو. شنەیەک لە کەنداوەکەوە هەڵیکردبوو. سەدان باڵندەیجەی** لە درەختی ماگنۆلیاکەی ماڵی گریر-ی دراوسێدا سەرشێتانە جریوەجریویان بوو. دڵۆپێک باران کەوتە بەر پەنجەرەی بەردەم سینکەکە و ژنەکە پەنجەرەکەی داخست.

“یازدە، سیازدە،” کچەکە دەیژمارد. ئەو ڕاهێنانی لەسەر ژمارە خۆبەشەکان دەکرد بۆ تاقیکردنەوەکەی ڕۆژی دووشەممە.

کوڕەکە وتی: “شانزە؟”

کچەکە وتی: “نا، شانزە ڕەگی دووجای هەیە.”

کوڕەکە وتی: “بیرم نەبوو.” ڕانەمریشکێکی هەڵگرت و خواردی.

کچەکە وتی: “خۆ تۆ هەر نەتدەزانی.”

کوڕەکە وتی: “چلویەک، هەشتاوشەش.” بە دەستەسڕەکە دەمی سڕی و وتی: “دوازدە.”

کچەکە تەماشایەکی کوڕەکەی کرد و دواتر ڕووی کردە دایکی و وتی: “ئەم مریشکە شتێکێتی، زۆر جیڕە.” چەتاڵەکەی دانا. “ناتوانم یەک پارووی تر بخۆم”. ژنەکە وتی: “مەیخۆ”. کوڕەکە وتی: “من ئەیخۆم.” باڵێکی لە قاپی خوشکەکەیەوە هێنا و پەستاندیە دەمی. ئینجا ئێسقانەکانی لە دەمی دەرهێنا و لە دایکی پرسی سبەی بۆ کوێ دەڕۆن.

“نازانم.”

کچەکە هەستا و خوانەکەی جێهێشت. لەسەر پیانۆکە دانیشت و پارچەیەکی دیبوسی* ئەزبەر ژەند، ‘.Golliwog’s Cake Walk’ ئاوازەکەی ئارام و ئاسان بوو. هاوینی ڕابردوو لە نمایشێکدا ژەندبووی. باوکی لە ڕیزی پێشەوەی ئامادەبواندا دانیشتبوو و کە ئەم لە مۆسیقاژەنین بووبووەوە، ئەو هەر چەپڵەی لێ دابوو. هەموو پارچەکەی تا کۆتایی بێ هەڵە لێ دابوو.  کچەکە بۆ جاری دووەم ژەنییەوە، کوڕەکە هەستا و لە ژوورەکەی خۆی دەستی کرد بە شت کۆکردنەوە.

یەکەم شت کە خستیە جانتاکەیەوە، دەستکێشی بەیسبۆڵەکەی بوو. خستیە ناو گیرفانە گەورەکەی کە ناواخنەکەی سەتەنی سوور بوو. گیرفانەکە ئاوسا. جلکەکانی تێفڕێدا و ویستی دایبخا، بەڵام جانتاکە ئێجگار پڕ بوو. لەسەری دانیشت و سەری جانتاکە هێدی هێدی نەوی. هەر لەگەڵ هەستا، سەری جانتاکەش ترازا. شتێکی لە بیر چووبوو. لە کانتۆری ڕاڕەوەکەدا چەترە نیتکەنیتکەکەی هێنا. بە ئەندازەی دووری قۆڵی ڕایگرت و تەماشای کرد زۆر درێژە. بە خەمەوە سەرێکی بادا. بە هیچ جۆرێک لە جانتاکەدا جێگه‌ی نەدەبووەوە.

ژنەکە بە تەنیا لە موبەقەکە ڕاوەستابوو، دەستی دەشوشت. منداڵەکان نووستبوون و ماڵەکە بێسرتە بوو. بۆڕیی ئاوەکان گەرمای ڕۆژ داخی کردبوون و ئاوی بەلووعەکە هێشتا گەرم بوو. لە دوورەوەڕا گوێی لە دەنگی هەورەتریشقە و لوورەی ئاژێرێک بوو. لە پەنجەرەی بەر سینکەکەوە لە دەروەی ڕوانی. ئاسمان ساماڵ و مانگی چواردە لەودیو لقوپۆی داربەڕووەکەوە دیار بوو. داربەڕووەکە هێشتا نەمام بوو؛ گەڵاکانی ناسک و لە پاییزدا سوورێکی ئاڵ هەڵدەگەڕان. مێردەکەی چوار هاوین لەوەوپێش بۆ ئەمی ڕواندبوو. بەلووعەکەی گرتەوە و لە خاولییەکە گەڕا، بەڵام دیار نەبوو. خاولییەکانی پێچابوونەوە. لە جانتاکەی لای دەرگەی هۆڵەکەوە بوون.

دەستی بە داوێنی کراسەکەی وشککردەوە و بەرەو لای قەفەسی تەیرەکە ڕۆیشت. ڕووپۆشە سەوزەکەی لەسەر قەفەسەکەی لابرد و گرێی ئەو وایەری کردەوە کە دەرگەی قەفەزەکەی پێ بەسترابوو. “وەرە دەرەوە.” تەیرەکە بە وریاییەوە هاتە سەر دەستی و تەماشای ژنەکەی کرد. “مەترسە، منم.” تەیرەکە چاوی پروکاند. چاوانی ڕەش و زەق بوون. لەسەر خاڵێک ئارامیان نەدەگرت.

توتییەکە وتی: “وەرە ئێرە، وەرە ئێرە هەر ئێستا.” دەنگی ڕێک لە دەنگی مێردەکەی دەچوو. ئەگەر چاوی داخستبا دەیتوانی بە ئاسانی وێنا بکا کە مێردەکەی ئا لەوێدا، لە ژوورەکەدا لەگەڵیدایە.

ژنەکە چاوی دانەخست. ئەو باش دەیزانی کە مێردەکەی لە کوێیە. لەسەر تەختێکی سەفەری نووستووە -تەختێکی سەفەری، یان قەرەوێڵەیەکی دووقات- لە سووچی خێمەیەکدا لە فۆرت سام، هیوستن، لەوێ کە کەشوهەوا هەمیشە باشە. هاتە پێش چاوی کە مێردەکەی لەوێ ڕاکشاوە و قۆڵێکی ناوەتە سەر چاوی و ئەمیش ماچی تەوقەسەری توتییەکەی کرد.

“من لێرەم،” وتی: “من ئا لێرەم، ئا ئێستا.”

گوڵەبەڕۆژەیەکی دا بە توتییەکە و ئەویش بە دەندووک کرتاندی. دووبارە وتی: “وەرە ئێرە.”

ژنەکە پەنجەرەکەی کردەوە و تەیرەکەی لەسەر لێواری پەنجەرەکە دانا.

تەیرەکە وتی، “تۆ جوانی.”

ژنەکە دەستی بەژێر چەناگەی تەیرەکەدا هێنا و تەیرەکەش چاوی نووقاند. بە چرپە وتی: “تەیرێکی شێتۆکەی.” پەنجەرەکەی داخست و کڵۆمی دا. ئێستا تەیرەکە لەودیو شووشەی پەنجەرەکەوە بوو. سێ جار دەندووکی بە لێواری پەنجەرەکەدا دا و شتێکی وت، بەڵام ئەم لێی حاڵی نەبوو. ئەم چیدی نەیدەتوانی گوێی لێی بێ.

ژنەکە کێشای بە پەنجەرەکەدا و وتی: “بڕۆ.” تەیرەکە دای لە شەقەی باڵ و لەسەر داربەڕووەکە نیشتەوە. ژنەکە دەستی دایە گسکەکەی پشت تەباخەکە و چووە دەرەوە و لققپۆی درەختەکەی ڕاوەشاند. ئاوی سەر گەڵاکان پرژەی کرد. “بڕۆ”. وتی: “بڕۆ لەم ناوە.”

تەیرەکە باڵی کردەوە و بەرەو تاریکایی شەو هەڵفڕی.

ژنەکە چووەوە موبەقەکە و لەژێر سینکەکەدا بوتڵێک ئارەقی هەڵووژەی دەرهێنا. بەبێ تەیرەکە، چۆڵەوانی ماڵەکەی تەنیبوو. لەسەر ئەرزەکە دانیشت و بوتڵەکەی نا بە لێوییەوە. یەک قومی لێ دا و سەیرێکی ئەو جێیەی کرد لە دیوارەکەدا کە پێشتر تابلۆی ‘خزمەتکارەکان’ی لێ هەڵواسرابوو. لاکێشەیەکی سپیتر لە دیوارەکە لەبەر ڕۆشنایی مانگدا دەدرەوشایەوە. هەستا و پەنجەی بە لێواری لاکێشەکەدا هێنا و پێکەنی – یەکەم جار بە بێدەنگی، بەڵام دواتر شانی هەڵدەتەکاند و لەبەر قاقا هەناسەی بۆ نەدەدرا. بوتڵەکەی دانا و چاوەڕێی کرد پێکەنینەکەی بووەستێتەوە، بەڵام پێکەنین وەستانی نەبوو، هێندە پێکەنی تا فرمێسک بە گۆنایدا هاتنە خوارێ. دەستی دایەوە بتڵەکە و خواردیەوە. شەرابەکە تۆخ و شیرین بوو. پاییزی ڕابردوو خۆی دروستی کردبوو. دەستەسڕەکەی دەرهێنا و دەمی سڕی. لەکەیەکی تۆخ بە دەستەسڕەکەوە جێ ما. سەری بوتڵەکەی بە تەبەدۆرەکە قایم کرد و تا توانیی بۆ ناو شووشەکە پاڵی پێوە نا. گۆرانیی ‘La donna e mobile’ی لەبەرخۆیەوە دەوتەوە، کاتێ بە پلیکانەکاندا بۆ ژێرزەمینەکە چووە خوارەوە. بوتڵەکەی لە پشت کوورە ژەنگگرتووە کۆنەکەوە، کە کەس هەرگیز نایدۆزێتەوە،  شاردەوە.

لە نیوەی شەودا کوڕەکە چووە سەر جێیەکەی دایکی و یەک لەسەر یەک لێی دەپرسی: “ئەو دەنگە سەیرە چییە؟ ئەو دەنگە سەیرە چییە؟”

ژنەکە دەستی بە قژە ڕەشەکەیدا هێنا و بە چرپە وتی: “بارانە.”

کوڕەکە تێگەیشت. هەرزوو خەوی لێکەوتەوە. هەورەکە گرماندبووی و جگە لە خوڕەی بارانەکە، ماڵەکە بەگشتی بێدەنگ بوو. ژنەکە بە بێداری لە جێگەکەیدا خەمی ساپیتەکەی بوو کە دڵۆپەی دەکرد. مێردەکەی بەنیاز بوو چاکی بکات، بەڵام نەیکردبوو. هەستا و سەتڵێکی تەنەکەی خستە بەر دڵۆپەکە. تۆزێک دڵی داسەکنا. چووەوە ناو جێ و بەتانییەکەی تا سەر شانی کوڕەکە هەڵکێشا. کوڕەکە بەدەم خەوەوە شتی دەجوی و ئەمیش خەمی بوو کە ڕەنگبێ برسیی بێ. ئێستا نوقوڵەکانی ناو جانتاکەی بیرکەوتەوە. نوقوڵە کەرەمێڵەکان. کەرەمێڵەکانی بیرچووبوونەوە. دەبێ جۆ لوندی چی بڵێ؟ پێی دەڵی کە کراسێکی سووی قەشەنگی لە بەردایە. پێی دەڵێ کە گوێ نەداتێ. ئەم ئەوەی دەزانی. چاوانی داخست. سبەی بەیانی کەرەمێڵەکان دەدات بە منداڵەکان. ئەو بەنیاز بوو بەیانی وا بکات. بە چرپە نزایەکی کرد و هێدی هێدی لەگەڵ دەنگی دڵۆپەی ئاوەکەدا خەوی لێکەوت. کوڕەکە بەتانییەکەی لە خۆی ڕاپسکاند و بەرەو لای دیوارەکە، کە فێنکتر بوو خۆی تل دا. چەند سەعاتێکی تر و ئیدی خۆی و کچەکە و دایکیان هەڵدەستان و دەچوون بۆ وێستگەی کۆنترۆڵی ناوخۆیی لە کڵیسای “First Congregational” لە شەقامی “Channing Way.” لەوێ ژمارەی ناسنامەکانیان لە ئێخەیان دەدەن و جانتاکانیان هەڵدەگرن و سواری پاسەکە دەبن، بۆ هەرکوێیەکە کە دەبێ بڕۆن.

ناردن: