فەلسەفەی سپینۆزا و جەوهەر

نووسینی: د. محەمەد کەمال

ڕانانی: باوکی ڕەهەند


د .محەمەد کەمال ناوێکی دیار و پرشنگداری نێو کایەی ڕۆشنبیریی کوردییە، بە تایبەت کایەی فەلسەفە. ئاشکرایە فەلسەفە، قسەوباس لەو بابەتانە دەکات کە تا ڕادەیەکی زۆر ئاڵۆزە و بۆ تێگەیشتن لێی، پێویستی بە وردەکاریی زۆرە. لەوانە ئەسڵی گەردوون و چۆنێتیی دروستبوونی، گەڕان بە دوای دروستکەری گەردووندا و وەڵامدانەوەی پرسیارە ئەزەلییەکە دەربارەی بوونی خالق یان نەبوونی، پەیوەندیی خالق بە مەخلوقەکانیەوە، ئەو سیفەتانەی لە دروستکەری گەردووندا هەیە، هۆکاری دروستکردنی مرۆڤ و بەخشینی زمان بە مرۆڤ بەدەر لە هەموو زیندەوەرانی دیکە، عەقڵ و چییەتیی عەقڵ، ئیرادەی ئازاد، ئایین و پەیامە ئاسمانییەکانی، مردن و زیندووبوونەوە و نەمری و مەعریفە و ئەخلاق. تەنانەت پرسیاری ”فەلسەفە چییە؟” بۆخۆی پرسیارێکی فەلسەفییە و هەڵگری چەندین گفتوگۆی دوورودرێژە. زۆر جار دەگوترێت فەلسەفە ”بیرکردنەوەیە لە بیرکردنەوە”، واتە بیرکردنەوە لە سروشتی بیرکردنەوە و تێڕامان. یان فەلسەفە بریتییە لە هەوڵی وەڵامدانەوەی پرسیارە سەرەکییەکان دەربارەی بوون و گەردوون و چەندین بابەتی دیکە، کە تێگەیشتن لێیان کارێکی هەر وا ئاسان نییە. بۆیە زۆر کەس خۆیان لە قەرەی نادەن و توانای قاڵبوونەوەیان تێیدا نییە.

د. محەمەد کەمال، ساڵی ١٩٥٥ لە کەرکووک هاتووەتە دنیاوە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لە سلێمانی تەواو کردووە، پاشان ساڵی ١٩٧٧ پەیمانگەی مامۆستایانی لە هەولێر تەواو کردووە. دوو ساڵ دوای ئەو بەروارە، بۆ خوێندن ڕوو دەکاتە وڵاتی پاکستان و لە زانکۆی کەراچی دەست دەکات بە خوێندنی فەلسەفە. ساڵی ١٩٨٣ کۆلێژی فەلسەفە تەواو دەکات و ساڵی ١٩٨٨ لە هەمان زانکۆ، بڕوانامەی دکتۆرا لە فەلسەفەی هیگڵدا بە دەست دەهێنێت. ئەم گەشتە دوورودرێژەی خوێندنی فەلسەفە، وا دەکات ببێت بە یەکێک لەو ڕۆشنبیرە کوردە دەگمەنانەی، لەم بوارەدا جێپەنجەی دیار بێت. ئەوەی وای کردووە کارەکانی گرنگی و بایەخی تایبەتیان هەبێت، ئەو زمانە کوردییە جوان و پاراوەیە کە بەرهەمەکانی – چ وەرگێڕان و چ نووسین – پێ دەنووسێتەوە. زمانێک خوێنەر بێزار ناکات و لە ناو چەمک و ڕێباز و قوتابخانە و زاراوە فەلسەفییەکاندا، بزری ناکات. ئەم تایبەتمەندییەی زمان لای نووسەر، وای کردووە خوێنەر بێ دوودڵی و بەوپەڕی متمانەوە، بەرهەمەکانی بخوێنێتەوە. هەر بۆ نموونە با ئەم پەرەگرافە لە کتێبی ”فەلسەفەی سپینۆزا و جەوهەر”، لە لاپەڕە ١٦٠دا بخوێنینەوە، تا بزانین چەند بە کوردییەکی جوان و پاراو نووسراوە:

”یەکەم: ئەگەر شەیتان هەبێت، ئەوا دەبێت بە تەواوی بوونی ئەو لە بوونی خوداوە جیاواز بێت، چونکە شەیتان هێزێکی خراپەکەرە و خوا چاکترینە. ئەمە ئەوە دەگەیەنێت، کە شەیتان لە خوداوە سەرچاوەی نەگرتووە و ڕاستەقینەیەکی جیاوازتری هەیە. دانانی بوونی شەیتان بە ڕاستەقینە و شتێکی جیاوازتر لە بوونی خودا، پێچەوانەی بڕوای تاکڕەوییە (وەحدانیەت) بە بوونی خودایە، کە دۆگمای ئایینی جووەکان بانگەشەی بۆ دەکات. کەوابوو ناتوانین بڵێین شەیتان هەیە و لە خوداوە سەرچاوەی نەگرتووە.

دووەم: ئەگەر شەیتان هەبێت، ئەوا دەبێت بوونی ئەو لە بوونی خودا جیاواز نەبێت، چونکە ئەوەی هەیە لە نێو بوونی خودادایە و هیچ شتێک لە دەرەوەی بوونی خودادا نییە. بەڵام بوونی خودا چاکترین و جوانترینە، هیچ شتێکی خراپ و دزێوی لێوە دەرناچێت و سەرچاوە ناگرێت، کەوابوو شەیتان بوونی نییە و هیچە.”

ئاوڕدانەوەی نووسەر لەم کتێبەدا لە فەلسەفەی سپینۆزا و ناساندنی بە خوێنەری کورد، کارێکی پلان بۆ داڕێژراوە و وردەکاری و سەلیقەیەکی مەعریفیی گەورەی تێدا بە کار هێنراوە. لەم کتێبەدا نووسەر بە شێوەیەکی زانستی و بە پشتبەستن بەو پێشینە فەلسەفییە فراوانەی کە هەیەتی، دێت گرنگی و بایەخی فەلسەفەی سپینۆزا بۆ ئەمڕۆ دەخاتە ڕوو. لە ڕاستیدا بەپێی هەندێک نووسین، لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی ڕابردوودا، لە فەڕەنسا ژمارەیەکی زۆر دەزگای بڵاوکردنەوە، کتێبگەلێکی زۆریان دەربارەی سپینۆزا (١٦٧٧ – ١٦٣٢) و فەلسەفەکەی بڵاو کردووەتەوە. فەلسەفەیەک تا ئەم ساتەوەختەی ئێستایش، بە سەرچاوەیەکی سەرەکیی بواری فەلسەفە دادەنرێت. ئەوەتا گەورە فەیلەسووفێکی وەک هیگڵ، سەبارەت بە سپینۆزا دەڵێت: ”بێ سپینۆزا فەلسەفە نییە. نیچەی مەزن پێی وابوو سپینۆزا ڕابەری فەلسەفەی مۆدێرنە. گۆتە دان بەوەدا دەنێت سپینۆزا لە ڕووی فیکرییەوە، لە هەموو فەیلەسووفەکانی دیکە زیاتر کاریگەریی لەسەری هەبووە.”

ئەوانەی کاریگەرن بە سپینۆزا، باس لەوە دەکەن و دەڵێن پێگە و بەهای ڕاستەقینەی سپینۆزا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە سەردەمی توندڕەوی و فیتنەی ئایینی و ستەمی سیاسیدا دەرکەوت، تا ڕێگای ئازادی بۆ خەڵکی ڕووناک بکاتەوە.

سەروەختێک فەیلەسووفانی ئەم ڕۆژگارە، قسەوباس دەربارەی سپینۆزا دەکەن و دەیهێننەوە بۆ ئێستا، بۆ ئەوەیە بە پشتبەستن بە سپینۆزا، سەرلەنوێ بەهای ئازادی بچەسپێنن. چونکە لەم ڕۆژگارەدا، لە سەرتاپای جیهاندا بە چەندین شێوە، هەڕەشە لە ئازادیی مرۆڤ و لە ئازادیی بیرکردنەوە و لە ئازادیی پەرستن دەکرێت. هەروەها بۆ ئەوە دەیهێننەوە، چونکە سپینۆزا بە تەنها بیرمەندێکی سەربەخۆ نەبوو، بەڵکو ئەو دانایەکیش بوو، کاری بۆ ئەوە دەکرد تێڕوانینمان بۆ خۆمان و بۆ جیهان بگۆڕین، تا ئازاد و بەختەوەر بین.

وەک لەم کتێبەدا دەردەکەوێت، گەورەی سپینۆزا لەوەدایە، لە ڕۆژگار و قۆناغێکی مێژووییدا، قسەی لەسەر توندڕەویی ئایینی کردووە، پیاوانی ئایینی باڵادەست بوون و دەسەڵاتداری ئەو سەردەمە بوون. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی فەیلەسووف و بیرمەندە گەورەکان، ئەوەیە پێش سەردەمەکەی خۆیان دەکەون و بیروڕا و تێڕوانینیان، وەک بوومەلەرزە و تەقینەوەی گڕکانەکان، هەژێنەرە و دۆخی چەقبەستووی کۆمەڵگە و نەریتی باو ژێرەوژوور دەکات. ژیانیان دەکەن بە قوربانی ئەو پرەنسیپ و فیکرانەی باوەڕیان پێیانە و ئامادەن لەم پێناوەدا سەر بنێنەوە. سپینۆزایش یەکێکە لەو فەیلەسووفە نەمر و گەورانەیە. هەر بۆیە لە لایەن پیاوانی ئایینییەوە بە کافر تۆمەتبار دەکرێت و لە تائیفەی جوو دەردەکرێت، بەوەیش بە درێژایی ژیانی وەک کەسێکی نەفرەتلێکراو ژیان بەسەر دەبات. خوێندنەوەی ئەم کتێبە زۆر لە نزیکەوە ئاشنات دەکات بە تێڕوانین و دیدگا فەلسەفییەکانی سپینۆزا، بە زمانێکی کوردیی پوخت، تێدەگەیت ئەم کەڵە فەیلەسووفەی سەدەی حەڤدە، ئەم جووە کە شاربەدەر دەکرێت، بۆچی هێندە گرنگە و بۆ تا هەنووکەیش بەرهەمەکان چاپ دەکرێنەوە.

ئەم کتێبە بۆ پێنج بەش دابەش کراوە، لە هەر بەشێکدا لایەنێکی فەلسەفەی سپینۆزا خراوەتە ڕوو، پاشان نووسەر لە کۆتایی کتێبەکەدا، دە لاپەڕەی کتێبەکەی (٢٢٢ – ٢٣٢) بۆ سەرەنجامەکان تەرخان کردووە. لەوێدا بە زمانێکی پاراو، پوختەی تێڕوانین و دیدگا جەوهەرییەکانی سپینۆزا دەستنیشان کراون. نووسەر بۆ نووسینی ئەم کتێبە بەپێزە، چلودوو سەرچاوەی ئینگلیزیی بە کار هێناوە؛ بوونی ئەو هەموو سەرچاوەیە بە زمانی ئینگلیزی، وای کردووە کتێبخانەی کوردی سەبارەت بە سپینۆزا و فەلسەفەکەی، ببێت بە خاوەنی کتێبێکی گرنگ و ناوازە.

خۆشبەختانە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، یەکێکە لەو دەزگا ڕۆشنبیرییانەی زۆر بە بایەخەوە کتێبە فەلەسەفییەکانی نووسەری بە چاپ گەیاندوونە. لەوانە:

  • فه‌لسه‌فه‌ی هیگڵ، ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م، سلێمانی، ساڵی ٢٠٠١.
  • کێشه‌ی بوون له‌ مێژووی فه‌لسه‌فه‌دا، ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م، سلێمانی، ساڵی  ٢٠٠٢.
  • بوون و داهێنان، ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م، سلێمانی، ساڵی ٢٠٠٤.
  • نهێلیزم و ڕه‌هه‌نده‌کانی بیرکردنه‌وه‌، ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م، سلێمانی، ساڵی  ٢٠٠٥.
  • نیتشه‌ و پاش تازه‌گه‌ری، ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م، سلێمانی، ساڵی ٢٠٠٦.
  • هایدیگه‌ر و شۆڕشێکی فه‌لسه‌فی، ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م، سلێمانی، ساڵی  ٢٠٠٧.
  • میتافیزک – ئه‌ریستۆ، وه‌رگێڕان له‌ ئینگلیزییه‌وه، ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م، سلێمانی، ساڵی  ٢٠٠٨.
  •  کۆمار – ئه‌فلاتوون، وه‌رگێڕان له‌ ئینگلیزییه‌وه‌، ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م، سلێمانی، ساڵی  ٢٠٠٩.
  •  فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌فلاتوون، ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م، سلێمانی، ساڵی ٢٠١٠.
  • بوون و نەبوون، ژان پۆڵ سارتەر، وه‌رگێرانی له‌ ئینگلیزییه‌وه‌، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی، ساڵی ٢٠١١.
  • بوون و کات، مارتن، هایدیگەر، وه‌رگێڕانی له‌ ئینگلیزییه‌وه، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی، ساڵی ٢٠١٣.

وەک دەبینین، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تا ئێستا، شێلگیرانە و بە بەردەوام، بەرهەمەکانی ئەم نووسەرەی چاپ و بڵاو کردوونەتەوە. کتێبی ”سپینۆزا و جەوهەر”، ژمارەی لاپەڕەکانی ٢٣٩یە و قەبارەی بچووکە، تیراژی ١٠٠٠ دانەیە و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم ساڵی ٢٠١٨ بە نرخی ٥٠٠٠ دینار چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.

تێبینی: بۆ نووسینی ئەم ڕانانە، سوودم لە هەندێک سەرچاوەی ئینتەرنێت وەرگرتووە، لەوانە:

  • ئیلاف، ٢٦ی دیسەمبەر، ٢٠١٨
  • ماڵپەری تایبەتی نووسەر: www.ktebstan.com
ناردن: