فینۆمینۆلۆجیی هۆش
نوسینی: جۆرج ویلهێڵم فریدریك هیگڵ
وەرگێڕانی: د.محەمەد كمال


ئێستا لە كتێبخانەكاندا دەستدەكەوێت

لەبڵاوكراوەكانی زنجیرەی كتێبی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم 2016©

لە فەلسەفەی هیگڵدا، زانستی لۆجیك سەرەتای سیستەمەكەیەتی و پێش فینۆمینۆلوجیی هۆش دادەنرێت، بەڵام یەكەم جار هیگڵ پێش نووسینی زانستی لۆجیك ئەم پەرتوكەی نوسیوە.

شایانی باسە هیگڵناسەكانی وەك كوجێڤ، جین هیپۆلیت، چارلس تەیلەر، ئیڤان سۆڵ، ڕۆبەرت سۆلۆمۆن و زۆری دیكە، ئەم پەرتووكە بە بەرهەمێكی سەرەكی و گرنگی هیگڵ دادەنێن، كە نەك تەنیا كار لەسەر ئەپستمۆلۆجی، بەڵگو فەلسەفەی كۆمەڵایەتی، ڕامیاری، ئاینی و هونەریش دەكات.

کورتەیەک

ئەم پەرتووکە، وەکو پەرتووکەکانی دیکەی هیگڵ، سەختە و پێویستی بە خوێندنەوەیەکی قووڵ هەیە. کاتێک من خوێندکاری فەلسەفە بووم، دوو جار ئەم پەرتووکەم خوێندەوە و نەمتوانی بە دروستی لە ناوەڕۆک و مەبەستەکەی تێبگەم، تاکو پەرتووکەکەی ئەلەکسەندەر کۆجێفم  بە ناوی (پێشەکییەک بۆ خوێندنەوەی هیگڵ: وانەکان لەسەر فینۆمینۆلۆجیی هۆش) بەردەست کەوت و لە ڕێگەی ڕاڤەکردنی کۆجێفەوە لە مەبەستەکەی تێگەیشتم. دڵنیام پێشەکییەکەی مامۆستا فیندلی، کە بۆ ئەم پەرتووکە نوسراوە و شیکردنەوەی دەقەکان لە لایەن میلەرەوە لە کۆتایی پەرتووکەکەدا کارئاسانی بۆ خوێنەر دەکەن. حەز دەکەم پێشنیاری ئەوەش بکەم، کە خوێنەر لەگەڵ خوێندنەوەی دەقەکەدا بۆ شیکردنەوەکانی میلەر بگەڕێتەوە.

بێجگە لەوەی هیگڵ زمانێکی فەلسەفیی بۆ خۆی دروست کردووە، چەندەها چەمکی بە شێوازی جیاواز بەکار هێناوە. وێرای ئەمە، هەوڵی دامەزراندنی سیستەمێکی فەلسەفیی داوە، کە هەموو فاکتۆر و ڕاستییەکان لەنێو خۆیدا گرت دەکاتەوە. ئەم فاکتۆر و ڕاستییانە بە میتۆدی دیالێکتیک دەردەخات، کە هۆش یان ئاگامەندی لە گەشەکردنە بەردەوامەکەیدا بۆ گەیشتن بە دوا قۆناخی مێژووی بیر و شارستانیەت بەرجەستەیان دەکات. لەنێو ئەم گەشەکردنە دیالێکتیکییەدا چەمکەکانی وەکو: نێگەتیڤ و پۆزەتیڤ، دژوەستان، تێپەڕکردن و هێشتنەوە، یەکێتی و جیاوازی بۆ تێگەیشتن لە فەلسەفەی هیگڵ دەبن بە بنەما و لە هەموو قۆناخێکی گۆڕانکارییەکاندا خۆیان دەسەپێنن. لە بەکارهێنانی ئەم چەمکە ناکۆکانەوە دەبینن هیگڵ، بە پێچەوانەی ئەریستۆ و شوێنکەوتوانی سیستەمە لۆجیکییەکەی، باوەڕی بە شوناسی ڕووتکراوەی (ئەو ئەوە) یان (ئەلف ئەلفە) نییە. بە دیدی ئەو، هەموو دەستەواژەیەکی پۆزەتیڤ نێگەتیڤە، هەموو ڕێگه‌یەک بەرەوژوور بەرەوخوارە، هەموو شتێکی گەرم ساردە و سارد گەرمە، دواجار هەموو یەکێتییەک جیاوازییە. هیچ قۆناخێک لە مێژوودا نەبڕاوە و هەمیشەیی نییە. تاکو مێژوو بە دوا قۆناخی گەشەکردن نەگات، ناکۆکییەکان بە تەواوی لەناو نەچن، هیچ ڕاستییەک ناتوانێت لافی ڕەهایی لێبدات.

ئەمە خەسڵەتی فەلسەفەی دیالێکتیکە، کە بەردەوام ڕەوتی بەرەوپێشکەوتن وەردەگرێت. لەبەر ئەم هۆکارە و ناسینەوەی ئەم خەسڵەتە بنەڕەتییەی دیالێکتیک هێربەرت مارکۆز دژی ئەو بیریارانەیە، کە فەلسەفەی هیگڵ لە ئاستی سەرهەڵدانی فاشیزم لە ئەوروپا تاوانبار دەکەن .

لە فەلسەفەی هیگڵدا، زانستی لۆجیک سەرەتای سیستەمەکەیەتی و پێش فینۆمینۆلۆجیی هۆش دادەنرێت. بەڵام یەکەم جار هیگڵ پێش نووسینی زانستی لۆجیک ئەم پەرتووکەی نووسیوە. شایەنی باسە هیگڵناسەکانی وەکو کوجێڤ، جین هیپۆلیت، چارلس تەیلەر، ئیڤان سۆڵ، ڕۆبەرت سۆلۆمۆن و زۆری دیکە، ئەم پەرتووکە بە بەرهەمێکی سەرەکی و گرنگی هیگڵ دادەنێن، کە نەک تەنیا کار لەسەر ئەپستمۆلۆجی، بەڵکو فەلسەفەی کۆمەڵایەتی، ڕامیاری، ئایینی و هونەریش دەکات.

ئەم پەرتووکە یەکەم جار لە ساڵی ١٨٠٧ دا بە ناوی (سیستەمی زانست: بەشی یەکەم، زانستی ئەزموونی ئاگامەندی) بڵاوکرایەوە. هیگڵ ئەم نووسراوەی بە بەشی یەکەمی سیستەمە فەلسەفییەکەی داناوە و دوایی لە ساڵی ١٨١٢ و ١٨١٦دا بەشی دووەمی لە دوو بەرگدا بە ناوی (زانستی لۆجیک) لە چاپدا. دواجار (زانستی ئەزموونی ئاگامەندی) لە چاپی دووەمدا بۆ (زانستی فینۆمینۆلۆجیی هۆش) و ئینجا بۆ (فینۆمینۆلۆجیی هۆش) کورت کرایەوە.

ئەم پەرتووکە دوو جار بە ئینگلیزی کراوە. جەیمس بلاک بەیلی کردوویەتی بە (فینۆمینۆلۆجیی هۆش) و ئەی. ڤی. میللەر بە (فینۆمینۆلۆجیی گیان). من دووەمیانم بۆ کوردی وەرگێڕاوە و سوودم لە یەکەمیش وەرگرتووە، بەڵام وەکو جەیمس بلاک بەیلی ناوی پەرتووکەکەم کردووە بە (فینۆمینۆلۆجیی هۆش)، چونکە وشەی (هۆش) لە وشە ئەڵمانییەکەوە (Geist) نزیکترە و هەروەها، لە زمانی فەلسەفیدا بەتایبەتی فەلسەفەی تازەگەری، (هۆش) زۆرتر بەکار هێنراوە. بە درێژایی دەقەکەش هیگڵ وشەی (ئاگامەندی) بەکار دەهێنێت، کە بە دیدی من، گەڕانەوەمان بۆ ناونیشانی یەکەمی پەرتووکەکە، وەکو (زانستی ئەزموونی ئاگامەندی) باشتر لە ناوەڕۆکەکە نزیک دەبێتەوە و مەبەستەکە دەپێکێت.

لە کۆتاییدا، حەز دەکەم زۆر سوپاسی (تابان)ی خوشکم بکەم، کە ئەرکی خستنەسەر کۆمپیوتەری وەرگێڕانەکەی گرتە ئەستۆ، لە هەمان کاتدا بە وردی بە زمانی وەرگێڕانەکەدا چووەوە و هەڵەکانی دەستنیشان دەکرد. هەروەها، سوپاسی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم دەکەم بۆ بڵاوکردنەوەی ئەم پەرتووکە. سوپاسی ئەو خوێنەرانە دەکەم بە وردی دەقەکە دەخوێننەوە و هەوڵدەدەن لە مەبەستی فەلسەفیی هیگڵ تێبگەن و سوودی لێ وەربگرن.

محەمەد کەمال
زانکۆی ماڵبۆرن
٢٠١٥

ناردن: