نووسینی: هیوا قادر
نرخ: 4000 دینار
چاپی چوارەم


من پێموایه‌ قورسترین دێڕ دێڕی یه‌که‌می نووسینه‌، ئێستاش دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ له‌ ئه‌زموونی نووسین هه‌میشه‌ نووسه‌رێکی زۆر ترسنۆکم له‌به‌رده‌م یه‌که‌م ڕسته‌ی ده‌ستپێکردنی نووسیندا، که‌ دێڕی یه‌که‌مم دوای ده‌یان جار گۆڕین و ده‌ستکاری کردن نووسی، ئیتر ئیقاعی خه‌یاڵ و نه‌فه‌سی نووسینی خۆمم له‌سه‌ر ئه‌و دیڕه‌ میقاتکرد و ده‌ستم کرد به‌ نووسین، ڕۆژانه‌ ئه‌منووسی، چونکه‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌کی زۆر سه‌یر و خه‌فه‌بوو له‌ خه‌یاڵمدا به‌رده‌وام ئەڕژا، ڕۆژانه‌ خۆم ئه‌دزییه‌وه‌ و وه‌ک سه‌رده‌می منداڵی بێ هیچ به‌رنامه‌یه‌کی تایبه‌ت ئه‌چوومه‌ ناو کۆڵانه‌کان، دیقه‌تی ئینسانه‌کان و ده‌رگای ماڵه‌کان و دیواره‌کانم ئه‌دا، جارانیش کە منداڵ بووم، هەمان خووم هەبوو، بێ ترسی ونبوون بەناو کۆڵانەکاندا ئەڕۆیشتم و دوور ئەکەوتمەوە، قیبلەنوماکەی منی منداڵ ئەو تەنیا ئاپارتمانە گەورەیەی ناو شاربوو کە ئێستا ئوتێل سلێمانی پاڵاسە، لە گەڕانەوەشدا ڕووە و ئاپارتمانەکە ئەگەڕامەوە و ترسی ونبوونم نەئەما. به‌ڵام له‌و گه‌ڕانانه‌ی گه‌وره‌یمدا پەژموردەیی سیمای ئینسانەکان و ڕەنگ بزڕکاویی هەموو جێگا و شوێنه‌کانی تر، که‌ جەنگی چەکداری نێوان دوو حیزبەکەی کوردستان ژیانی لێ سەندبوونەوە، هەستم ئەکرد من تەنها و جێماو به‌ناو کێڵگه‌یه‌کی میندا تێئه‌په‌ڕم و له‌گه‌ڵ هه‌ر هه‌نگاوێکدا یاده‌وه‌رییه‌کم پیادا ئه‌ته‌قێته‌وه‌.

لەبڵاوكراوەكانی زنجیرەی كتێبی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم

ناردن: