هێشتا ئەو هەقیقەتە بۆ مرۆڤ بە تەواوی ڕوون نییە، ماهییەتی سێكس چییە و بەدەر لە هۆكاری زۆربوون و مانەوەی توخمی مرۆیی، بۆچی مرۆڤ هێندە عەوداڵی سێكسە و پراكتیزەكردنی سێكس بۆچی هێندە هەستیارە و بە چەندەها چەمكی سیكۆلۆژیای و سۆسیۆلۆژییەوە پەیوەستە؟
بۆچی مرۆڤ پێویستی بە سێكسە؟ بەدەر لە غەریزەی زۆربوون، ئەگەر مرۆڤ سێكس نەكات، نامرێ، ئەی بۆچی ناتوانێ بێ سێكس بژی؟ زانست ڕای چییە دەربارەی ئەو بۆچوونەی كە دەڵێ: مرۆڤ لە سەرەتادا جووتتوخم بووە و هیچ پیاوێك بە تەواوی نێر نییە و هیچ ژنێكیش بە تەواوی مێ نییە؟

نوسینی: د. عەلی كەمال
وەرگێڕانی: سۆزان جەمال
ئێستا لە كتێبخانەكاندا دەستدەكەوێت

له‌ بڵاوکراوه‌کانی زنجیره‌ی کتێبی ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م 2015©

پێشه‌كیی نووسه‌ر

ئەم كتێبە لە ڕیزی پێشەوەی كارەكانی من نەبوو لە نووسیندا، دەشێ بە هیچ شێوەیەك هەر بە مێشكمدا نەهاتبێ كتێبێكی لەم جۆرە بنووسم، لەوانەیە هەر لەبەر ئەوەش بێت، ئەم كتێبە بەر لە سات و ڕۆژگاری خۆی هاتە بەرهەم. ئەم لەدایكبوونە لەناكاو و زووە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، چەند ساڵێك لەمەوبەر بۆ پێشكەشكردنی توێژینەوەیەك لە كۆنگرەیەكی جیهانی بانگێشت كرام، كۆنگرەكە لە بەغدا لە لایەن ڕابیتەی جیهانییەوە بۆ ڕێكخستنی خێزان، بەسترا، داوام لێ كرا توێژینەوەیەكم هەبێت دەربارەی یەكێك لەو بابەتانەی كە پەیوەندییان بە ژیانی سێكسییەوە هەیە، داواكەم قبووڵ كرد، لە كاتێكدا بە تەواوی له‌ فراوانیی ژیانی سێكسی و وێڵگە نەدۆزراوەكانی ئەم ژیانە، هه‌روه‌ها ئه‌سته‌میی هه‌ڵبژاردنی یه‌كێك له‌ بواره‌كانی ژیانی سێكسی وەك بابەتێك بۆ توێژینەوە، ورد نەبووبوومەوە.

هەروەها لەو كاتەدا ده‌ركم بەوە نەكردبوو كە توێژینەوە لە بابەتە سێكسییەكاندا چەندە قەدەغەیە و چۆن خەڵکی لێی دەسڵەمنەوە و به‌ئاگاییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن، بە شێوەیەك هەندێجار و لە زۆربەی كۆمەڵگەكاندا بابەتە سێكسییەكان وەك زەوییەكی تابۆ دەردەكەون، ئەوەی لەو زەوییەدا چێنراوە وەك توندڕەوی و نەزانین و لادان و بەدگومانی و بەدتێگەیشتن و هەستیارێتی و دووڕوویی و چه‌نده‌ها هەڵوێستی دیكە، كە وەك مین وان، هەر ئەوەندە نییە كە دەبنە بەربەست لە بەردەم توێژینەوەی زانستی و شێنه‌یی لە بابەتی سێكسیدا، بەڵكو توێژەر ڕووبەڕووی مەترسیی ڕۆچوون و پێ هەڵخلیسكان دەبێتەوە، هەروەك بڵێی بەناو لمێكی فشەڵدا هەنگاو دەنێ و قاچی ڕۆدەچێ، بێش ئەوەی خۆی پێی بزانێ.

ئەستەم بوو لەسەر بابەتێك جێگیر ببم و توێژینەوە و بەدواداچوونی لەسەر بكەم، چونكە هەر زوو ئەوەم بۆ دەركەوت، ژیانی سێكسی زۆر لەوە زیاترە كە لە ڕواڵەتدا دەردەكەوێ، هەروەها بۆم دەركەوت ئەم ژیانە فرەلایەن و فرەلقە بەناو هەموو لایەنەكانی ژیان و چالاكیی مرۆییدا په‌لی هاویشتووه‌، بەم شێوەیە خۆم بینییەوە سه‌رجه‌م ئه‌ملایەن و بوار و لقانه‌م‌، هەندێكیان، بەهۆی تێڕامانەوە، هەندێكیان بەهۆی ویست و ئیرادەوە، یان به‌هۆی قووڵبوونەوە و بەردەوامبوونەوە، بڕیوه. ده‌ركم بە خۆم نەكرد من لەناو جەرگەی ئۆقیانووسێكی بەرفراواندام، كه‌ لە ئامانجی توێژینەوە لە بابەتێكی دیاریكراو لام داوه‌ و تێپەڕیوم، بۆم دەركەوت ئاسانترە بۆم كە توێژینەوە لەسەر لایەنە جیاوازەكانی ژیانی سێكسی بكەم، هەر واشم كرد. ئەم كتێبەی بەردەستیشتان تا ئاستێكی زۆر گەشتێكە بەناو بابەتەكانی ژیانی سێكسیدا زیاتر لەوەی توێژینەوەیەك بێت دەربارەی ژیانی سێكسی بە هەموو لایەنەكانییەوە.

لەو پارادۆكسانەی ئەگەر نەڵێم، لەو دژبەیەكانەی كە شایەنی تێڕامان و توێژینەوەی جیددی-ین، ئەوەیە لە كاتێكدا پاڵنەری ڕه‌فتاری سێكسی، پاڵنەرێكی سەرەكی و گشتی و پێویستە لە ژیانی مرۆڤدا، هەروەها ژیان بەبێ ئەو بەردەوام نابێ، هەرچەندە مرۆڤ دەتوانێ بێ سێكس بژی، بەڵام لە هەمان كاتدا مرۆڤ پاڵنەری سێكسی له‌ ژیانی سێكسی و ڕه‌فتاری سێكسیدا بە نهێنی دەهێڵێتەوە، هەروەك بڵێی ئه‌م پاڵنه‌ره‌ یەكێك نه‌بێت لە پاڵنەرەكانی ژیانی سێكسی و ئەم ژیانە ئەوەندە دەشارێتەوە تا ئەو ئاستەی دەرگای هەر تێگەیشتنێك لێی كڵۆم دەدات، هەروەها پێی وایە پێویستە هەڵوێست وەربگرێ بەرامبەر ئەو مەسەلە سێكسییە شاراوە و ئاشكرایانەی كە لەگەڵیدا ناگونجێن، یان لەگەڵ پاڵنەر و ئارەزوو و پراكتیزە ڕاستەقینەكانی ژیانی سێكسیدا دژ دەوەستنەوە.

ئەم پارادۆكسانە لە ژیانی بوونەوەرانی زیندووی دیكەدا بوونیان نییە، هەروەها ئەم پلە بەرزەی دژبەیەكی لە هیچ بوارێكی مرۆیی دیكەدا هاوشێوەی نییە. هەرچەندە ئێمە لێكدانەوەمان هەیە بۆ ئەوەی، بۆچی مرۆڤ ژیانی سێكسی لە نهێنی و پەنهاندا دەهێڵێتەوە، هەروەها لێكدانەوەمان هەیە بۆ ئەوەی، بۆچی هەڵوێستی دژبەیەكی شاراوە، یان ئاشكرای بەرامبەر بە مەسەلە سێكسییەكان هەیە، هەروەها دەزانین ئەم هەڵوێستانە لەپێناوی گوێڕایەڵبوون بۆ یاسا و ڕێسا كۆمەڵایەتی و بیروبۆچوونە ئایینییەكان پێویستن، هەروەها بۆمان دەركەوتووە كە ئەمانە تایبەتمەندی و سەرنجڕاكێشانێكی تایبەتی و تاموچێژیان بە ئارەزووی سێكسی بەخشیوە و بەهێزیان كردووە، بەڵام لە هەمان كاتدا دەبینین، قاڵبوونەوە لە به‌نهێنیهێشتنه‌وه‌ی سێكس و درێژبوونەوەی پارادۆكسەكان له ‌نێوان مەسەلە پەنهان و ئاشكراكانی سێكس تا سنوورێكی زۆر، دەشێ دەرئەنجامی نێگەتیڤیان لێ بكەوێتەوە لە ژیانی تاكدا، چونكە ئەو كەسە بەم شێوەیە ناچار دەبێت لە دوو شێوازی ژیانی سێكسی و دەروونیی جیادا بژی، كە ئەمەش دەبێتە هۆی ڕوودانی ململانێی دەروونی، سەرباری واقیعی نه‌فامی و لایه‌نگیری و دووفاقی و لادان، لەگەڵ ئەوەشدا كە ئێمە حەز دەكەین تایبەتمەندێتیی ژیانی سێكسی تا ئەوپەڕی بە پارێزراوی بمێنێتەوە، بەڵام پێویستە ئەمە لە باكگراوندی نەزانین و نائاشنابوون بە ژیانی سێكسی و پێگەی سێكس لە ژیانی مرۆڤایەتیدا ڕوونەدات، هەروەها زیادەڕۆیی لە بەنهێنیهێشتنەوەی ژیانی سێكسیدا نەكرێ، تا ئەو ئاستەی مرۆڤ تووشی دژبەیەكی ببێ له ‌نێوان ئەوەی ئاشكرایە و ئەوەی كە بەڕاستی تیایدا دەژی، چونكە ئەم دژبەیەكییە دەشێ نەك هەر تایبەتمەندێتیی سێكس و بەها-كەشی وەك هێزێكی كۆمەڵایەتی لەناوببات، بەڵكو دەشێ بەهای سێكس وەك وزەیەكی بزوێنەر و خوڵقێنەر كە لەنێو هەموو وزەكانی دیكەی مرۆڤدا هاوشێوەی نییە، ژیانی تاك و ژیانی كۆمەڵگە و تەواوی ژیانی مرۆڤایەتیش، لەناوبەرێ.

گرنگترین خاڵ كە توێژەر لە بابەتی ژیانی سێكسیی توخمی مرۆڤدا تێبینیی دەكات، فرەیی هەڵوێستەكانە لە بەرامبەر سێكسدا كە لەنێو كۆمەڵگەیەك بۆ كۆمەڵگەیەكی دیكە، یان سەردەمێك بۆ سەردەمێكی دیكە و له ‌نێوان تاكێك و یەكێكی دیكەدا و تەنانەت لە لای تاكەكەسێك، لە كاتێكەوە بۆ كاتێكی دیكە جیاوازە، هەروەها توێژینەوە و ڕاپرسییەكان ئەوە ئاشكرا دەكەن، نەگونجانێكی زۆر هەیە له ‌نێوان هەڵویستە ڕواڵەتییەكان بەرامبەر بە سێكس لەگەڵ هەڵوێستە ڕاستەقینەكاندا كە تاك دەیاننوێنێت، یان خۆزگە دەخوازێ بیانكات ئەگەر بواری بۆ هەڵكەوێ، ئەم حاڵەتی نەبوونی سازانە له ‌نێوان هەڵوێستی شاراوە و هەڵوێستی ڕاستەقینەی مرۆڤدا، بووه‌تە هۆی خوڵقاندنی پێوەرێكی دوانی بۆ تێڕوانین لە مەسەلە سێكسییەكان، كە یەكێكیان پێوەرێكی ئاشكرایە و لەگەڵ پێداویستییە كۆمەڵایەتییە باوەكاندا دەگونجێ، ئەوی دیكەیان، یان هەڵوێستی دووەمیان، هەڵوێستێكی شاراوەیە، كە لەگەڵ هەستەكانی مرۆڤدا دەگونجێ و لەگەڵ ئەو ئارەزووانەی كە تاك لە ناخ و دەروونیدا حەزی لێیانە، یان بەڕاستی و لە واقیعدا بە نهێنی پراكتیزەیان دەكات. ئەم حاڵەتە لە دوالیزم لە هەڵوێستدا، دەشێ بە هەمان شێوە و هەمان پلە لە هەڵوێستەكانی دیكەی مرۆڤدا بەرامبەر بە مەسەلەكانی دیكەی ژیان، بوونی نەبێ، هەروه‌ها دەشێ حاڵەتێک لە ململانێی دەروونی دروست بكات له ‌نێوان زەروورەتی پابەندبوون بە یاساكانی كۆمەڵگەوە، لەگەڵ زەروورەتی وەڵامدانەوە بۆ پێداویستییەكانی تاك و خەیاڵ و مەیل و ئارەزووەكانی كە دەشێ لە ڕێساكانی كۆمەڵگە دەربچن، لەگەڵ ئەوەشدا كە ئەم ململانێیە كاریگەریی نێگەتیڤ بۆ سەر ژیانی دەروونیی تاك و ڕەفتار و هەڵسوكەوتەكانی دروست دەكات، بەڵام ئەم دوالیزمە لە هەڵوێستەكاندا، هەندێ سوودی پۆزەتیڤیشی هەیە، ئەویش ئەوەیە، دەشێ ڕێگری بكات لە ئازادیی سێکسی و ئەگەری چاوپۆشین و ئیباحییەت لە مەسەلە سێكسییەكاندا، كە ئەم حاڵەتانە وا دەكەن ژیانی سێكسی تەنیا پێداویستییەكی بایۆلۆژیی ئاژەڵی بێ و لە ژیانی دەروونی و ژیانی مرۆڤایەتی جیاكراوە بێ، لەبەر ئەوە پێویستە شێوازێكی شیاو لە هەڵوێستەکانماندا بگرینە بەر، بە جۆرێک پارێزگاری لەوپەڕی هاوسەنگیی دەروونی بكرێ لەگەڵ پاراستنی بەها تایبەت و نموونەییەكانی ژیانی سێكسی. وا دەردەكەوێت گەیشتن بەم شێوازە قورس بێ، یان هەڵسوكەوتكردن و كۆنترۆڵكردنی هەست و ڕەفتارمان بەپێی ئەو شێوازە، ئەستەم بێ.

وەك زانراوە لە كولتووری تاكەكەسی و گشتیماندا، دواكه‌وتن و نائاشنابوونێكی زۆر بەرامبەر بە مەسەلە سێكسییەكان لە ڕووی سروشت و ڕێڕەوی ئەم ژیانەوە هەیە، هەروەها لە ڕووی ڕەهەند و گیروگرفتەكانی و هەموو ئەو مەسەلانەی كە پەیوەندییان پێوەی هەیە. ئەمەش تەنیا ئاستی ڕۆشنبیریی تاكەكەسی ناگرێتەوە لەنێو ڕەشایی خەڵكدا، بەڵكو ئەو كەسانەش دەگرێتەوە كە پێویستە زانیاریی تەواویان دەربارەی هەقیقەتە سەرەكی و گونجاوەكان دەربارەی ژیانی سێكسی هەبێت، چونكە پڕۆگرامەكانی خوێندن، لە هەموو قۆناغەكانی خوێندندا هەر لە سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندییەوە تا دەگاتە كۆلێژ و زانكۆكان، وەك ئەوە وایە بەدەر بن لە بوونی هەر ئاماژەیەك بۆ بابەتە سێكسییەكان، ته‌نانه‌ت لە كۆلێژی پزیشكی، ژیانی سێكسی لە پڕۆگرامی خوێندندا نییە، له ‌كاتێكدا بواری پزیشكی یه‌كێكه‌ له‌و بوارانەی خوێندن كه‌ وا پێویست دەكات بە چڕوپڕی بابەتەكانی ژیانی سێكسی بخوێنرێ.

ئەم واقیعە جۆرێك لە حاڵەتی شەرمندەیی بەرامبەر بە مەسەلە سێكسییەكان دروست كردووە، كە بوونەتە هۆكاریش بۆ ڕەتكردنەوە و شاردنەوە و نه‌فامی، كە ئەمانە تەنیا مەترسیی ئەم فەرامۆشكردنە نین. لەوانەیە مەترسیی دووەم و مەترسیی گەورە ئەو بۆشاییە بێت كە لە ئەنجامی ئەم فەرامۆشكردنەوە پەیدا دەبێ، كە ئەو بۆشاییە بە لێشاوێك لە زانیاریی هەڵە و زیانمەند و گومڕا پڕ دەبێتەوە كە دەبێتە مایەی بەدحاڵیبوونی زیاتر و زیاتر شێواندنی ژیانی سێكسی لای نەوەی تازە، بە جۆرێ كە نەتوانرێ لە ئایندەدا لەڕێی هیچ هۆكارێكی ڕۆشنبیركردنەوە چاك بكرێتەوە. لەگەڵ ده‌رككردنی تەواومان بەو ڕاستییەی كە سڵەمینەوەیەكی شاراوە هەیە كاتێ ڕاشكاوانە باسی مەسەلە سێكسییەكان دەكرێ، بەڵام دەشێ لەڕێی پەیڕەوكردنی هەندێ شێوازی ڕۆشنبیركردنی بابەتییانەوە كە وڵاتانی دیكە كاتێ ڕووبەڕووی ئەو جۆرە سڵەمینەوانە بوون، لە سەری ڕۆیشتوون، ئێمەش بتوانین ئەو سڵەمینەوە و هەستیارێتییە تێپەڕێنین كە لە باسكردنی بابەتەكانی سێكسیدا ڕووبەڕوومان دەبنەوە. چەندە توانیمان ئەم كارە خێراتر بكەین، ئەوەندە زیاتر دەتوانین خۆمان لەو دەرئەنجامە نێگەتیڤانە بەدوور بگرین كە زاڵبوونی شەپۆلی ڕاگەیاندنەكان دەربارەی باسكردنی بابەتەكانی سێكس دروستیان كردووە، ئەویش بە ئامانجی دروستكردنی ورووژان و گومڕایی و گەندەڵی و لادان، ئەمەش ئەو ڕوخسارانەن كە كۆمەڵگه‌كه‌مان بە شێوەیەكی ئاشكرا و جاڕسكەرانە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر بە دەستییانەوە دەناڵێنێ.

لەوانەیە یەكێك لە گرنگترین دەرئەنجامە هەڵێنجراوەكانی توێژینەوە و لێكۆڵینەوەكان لە بواری مەسەلە سێكسییەكاندا لە ماوەی ئەم سەدەیەدا ئەوەبێ، كە قۆناغی منداڵی پلەیەك لە پلەكان ژیانی سێكسی لەخۆ دەگرێ، هەروەها فەرامۆشكردنی ئەم ڕاستییە هەڵەیەكی پەروەردەییە، كە دەشێ لە دواڕۆژدا ببێتە مایەی ئاڵۆزكردنی ژیانی سێكسیی منداڵ، دەرئەنجامی دووەمیش، بڕیاردانە، یان دداننەنانە بە ژیانی سێكسیی مێ-دا، كە مەرج نییە پشت بە پیاو ببەستێ، فەرامۆشكردنی ئەم ڕاستییەش هەڵەیەكی گەورەی دیكەیە و دەبێتە هۆی ڕوودانی ئازار و كۆژان بۆ مێ، هەر بەڕاستیش ئەمە ڕووی داوە، هەروەها دەشبێتە هۆی لەناوچوونی سازان و گونجاندنی نێوان نێر و مێ. دەرئەنجامی سێیەمیش، ئەو ده‌رككردنە گەشەسەندووەیە بەوەی كە ژیانی سێكسیمان پەیوەندییەكی بەتینی بە ژیانی دەروونیمانەوە هەیە، كاتێ ئەم دوو ژیانە هەریەك ئەوی دیكە تەواو دەكات، تەنیا لەم كاتەدا مرۆڤ ڕزگاری دەبێ و ژیانی مرۆڤایەتی بە هێمنی بەسەر دەبات. ئەگەر هەریەك لە ژیانی سێكسی، یان ژیانی دەروونی، تووشی هەڵنوتان و كەوتن بوون، ئەوا ڕەنگدانەوەی بۆ سەر ئەوی دیكەشیان دەبێ و دەشێ مرۆڤ ئارامی و هاوسەنگی و كارابوونی ژیانی لەدەست بدات. دەرئەنجامی چوارەمیش ئەوەیە، دەشێ ژیانی سێكسی خۆی لە خۆیدا ببێت به‌ ئامانجێك، ئەو كەسەی سێكس پراكتیزە دەكات، دەشێ تەنیا مەبەستی چێژ و لەزەتبینین بێت، بێ ئەوەی بە پێداویستییەكانی منداڵخستنەوە و مانەوەوە پابەند بێ. ئەم دەرئەنجامانە گرنگیی خۆیان هەیە، هەرچەندە توانیویانە تێگەیشتنێك بۆ ژیانی سێكسی بەدی بێنن، بەڵام هێشتا نەیانتوانیوە مۆراڵێكی نوێ بۆ ژیانی سێكسیی هاوچەرخ پێشكەش بكەن، هەروەها نەیانتوانیوە لە دوالیزمی هەڵوێستەكان بەرامبەر ئەم ژیانە، كەم بكەنەوە، لەوانەشە ئەوە كاری زانست نەبێ ئەم جۆرە مۆراڵە پێشكەش بكات، بەڵكو قورسایی ئەم كارە دەكەوێتە ئەستۆی تاك و كۆمەڵگە، كە ئەركی پێشخستنی هەڵوێستەكان بەپێی داتا زانستییەكان لە ئەستۆی ئه‌وانه‌.

دەشێ ئەم جۆرە پێشخستنە لە ده‌رككردن بەم ڕاستی و داتایانە، لەڕێی هۆیەكانی فێربوونەوە زۆر دوا بكەوێ.

ناونیشانی (سێكس و ده‌روون)م بۆ كتێبه‌كه‌م هەڵبژارد، كە دەشێ بتوانێ ئاماژە بدات بە پەیوەستیی نێوان سێكس و دەروون لە ژیانی مرۆڤایەتیدا، لەو باوەڕەدام ئەم هەڵبژاردنە ئاستی توندوتۆڵی ئەو پەیوەندییە بەرجەستە بكات كە له ‌نێوان لایەنە سێكسی و لایەنە دەروونییەكان هەیە لە ژیانماندا، ئەمەش لەو بابەتانەدا ئاشكرا دەردەكەوێ كە باسم كردوون و چەندەها ڕوخساری چالاكی مرۆیی لەخۆ دەگرن كە نەدەكرا ئاماژەیان پێ بدەیت و باسیان بكەیت ئەگەر ئەو پەیوەستییە توندوتۆڵەی نێوان سێكس و لایەنەكانی دیكەی ژیان نەبوایە. بۆ هەر كەسێ كە ئاشنایەتیی لەگەڵ بابەتی ڕەفتار و پاڵنەرە سێكسییەكان و پێگەیان لە ژیانی دەروونیی مرۆڤدا هەبێ، ئاشكرایە كە من یەكەم كەس نەبووم ده‌ركم بەم پێگەیە كردبێ، زانایانی سایكۆلۆژی ده‌ركیان پێكردووە و بەتایبەتی فرۆید كە گەشەی سێكسی و گەشەی دەروونیی پێكەوە بەستووه‌تەوە و ناوی ناوە قۆناغەكانی گه‌شه‌ی دەروونیی سێكسی، هه‌روه‌ها لە سروشتی پەیوەندیی نێوان گەشەی سێكسی و گەشەی دەروونی و قۆناغەكانی ئەم گەشەیە كە تاك پیایاندا دەڕوات، بۆی دەركەوتووە ئەمانە چ كاریگەرییەكی ڕیشەییان بۆ سەر گەشەی كەسێتی هەیە لە گەورەییدا و لە دواڕۆژی ژیانی سێكسیی تاكدا، بەر لە فرۆیدیش چەندەها زانا و فەیلەسووف ده‌ركیان بەم هەقیقەتە كردووە، هەروەها لە هەندێك ئایین و بیروباوەڕی شارستانییەت و كۆمەڵگەكاندا هاتووە.

لە هەموو سەردەم و شارستانییەت و كۆمەڵگەیەكدا ئەو كەسانە زۆرن كە بە ڕوانگەیەكی بایۆلۆژیی ڕووت لە مەسەلە سێكسییەكان دەڕوانن و پێیان وایە سێكس تەنیا شەهوەتێكە دەتوانرێ بە كورتترین شێواز، یان ڕێگە، ڕازی بكرێ. ئەم كەسانە پێیان وا نییە سێكس لە ژیانی دەروونیدا هیچ پێگەیەكی هەبێ، هەندێكیان لەوەندە زیاتریش دەڕۆن و دەڵێن، دەروون بەهۆی شەهوەتی سێكسەوە پیس دەبێ.

دەكرێ لەم هەڵوێستانە تێبگەین و ده‌ركیان بكەین، دەشێ هۆكارەكەی بۆ نەفامیی ئەو كەسانە بگەڕێتەوە و نائاشنابوونیان بەو هێز و وزە كارایانەی كە لە ژیانی مرۆڤایەتیدا هەیە، یان ئەم ڕایانەیان لە بەئاگاییەوه‌یە، ڕا و هەڵوێستەكانیان، هەوڵێكی هۆشیارانەیە بۆ گۆڕین و ڕاماڵینی شوێنه‌واری ئاكارەكانی سێكس لە لایەنە جیاوازەكانی ڕەفتار و ژیان، ئەم كەسانە بەم شێوەیە خۆیان دەخەنە هەڵەوە و دەرگای تێڕامان لە خۆیان كڵۆم دەدەن، هەرچەندە سێكس لە ژیانی دەروونییاندا بە كارایی دەمێنێتەوە و هەر كاریگەریی بۆ سەریان دەبێ، بەڵام خۆیان پێی نازانن و بەهۆی ئەو نه‌فامی و خۆ بەهەڵەبردنەدا خۆیان لە چێژبینین لە سێكس بێبەش دەكەن و بێئاگا دەمێننەوە لە جوانی و كاریگەریی سێكس بۆ سەر ژیانی دەروونی، لەگەڵ ئەوەشدا پاساو هەیە بۆ ئەوەی كە ئەم كتێبە لەبەر خاتری ئەو كەسانە نووسراوە، بەڵام زۆربەی زۆری پاڵنەرەكان بۆ نووسینی ئەم كتێبە لە قەناعەتمەوە دێ بەوەی سێكس مانا و گرنگیی زیاتر و قووڵتری هەیە بۆ سەر ژیانی دەروونیمان، زۆر زیاتر لەوەی كە دەربارەی پێگەی سێكس لە ژیاندا بیری لێ دەكەینەوە، یان بە مێشكماندا دێ.

لە هه‌ر قۆناغێك لە قۆناغەكانی نووسینی ئەم كتێبەدا، ناچاربووم ئەم پرسیارە لە خۆم بكه‌م: ئامانج لە نووسینی ئەم کتێبە چییە؟ یان ئەو تاك، یان گرووپ، یان خوێنەرانە كامانەن كە ئەم كتێبەیان ئاڕاستە دەكەم؟ لە واقیعدا خۆم بەدوور گرت لە وەڵامدانەوەی وردی دوو مەسەلە، لەجیاتی ئەوە، ڕووەو بەدیهێنانی دوو ئامانج ڕۆیشتم: یەكەمیان، خستنەڕووی هەقیقەتە زانراوەكان وەك خۆیان دەربارەی ژیانی سێكسی و ڕەفتاری سێكسیمان لە حاڵەتە سروشتی و حاڵەتەكانی لاداندا. هەرچی ئامانجی دووەمیشە، كە لە ڕوانینی منەوە پێداگرتر و گرنگترە، بریتییە لە بەستنەوەی ژیانی سێكسیی مرۆییمان بە ژیانی دەروونییەوە، كە ئەم پەیوەندییەیە ژیانی مرۆڤایەتی لە ژیانی بوونەوەرانی دیكە جیا دەكاتەوە، كە هەر بەو هۆكارەشەوەیە توانراوە ژیانی مرۆڤایەتی لە ڕووی كۆمەڵایەتی و شارستانییەتەوە، پەرە پێ بدرێ. بەو هیوایەی توانیبێتم به‌م كاره‌م سێكس بخەمە پێگە دروستەكەی خۆیه‌وه‌، لەو پێگەیە بەرزی بكەمەوە كە سێكس تەنیا وزەیەكی غەریزییە و بیگەڕێنمەوە بۆ پێگەی شیاو بە خۆی، وەك هێزێكی سەرەكیی ژیان كە بەناو هەموو لایەنەكانی ژیاندا ڕۆدەچێ، ئەمە ئەو پێگەیەیە كە خوڵقێنەری هەموو بوونەوەران ویستوویەتی سێكسی تیادا بێ، نەك سێكس تەنیا هۆكارێك بێت بۆ خوڵقاندنی منداڵ و مانەوە، بەڵكو هۆكارێكە بۆ خۆشی و ئارامی و چێژ و پەیوەستییەكی بێوێنەیە بۆ كۆكردنەوەی نێر و مێ پێكەوە، هەروەك چۆن بەو شێوەیەی لە سەرەتاوە دەستی پێكردووە.

بەڵام، ئەم كتێبە بۆ كێیە؟ ئەمە پرسیارێكە تەنیا خوێنەر وەڵامی دەداتەوە، كە هیوادارم لە تێگەیشتنی ئامانجی كتێبەكەدا هەڵە نەكات، یان لە جێبەجێكردنی پێوەرە جووتماناكاندا پەلە نەكات، یان ئەو شتانە بەدی نەكات كە بوونیان نییە لەم كتێبەدا، چونكە خوێنەر لەم كتێبەدا ئەو هۆكارانە بەدی ناكات كە بۆ دەستكەوتنی چێژ، یان جۆرێ لە نەزوەی سێكسی، پێویستن، هەروەها ئەم کتێبە ئەو مەبەستانەی تیادا نییە كە خوێنەر بۆ گاڵتەكردن و دەمەتەقێی شەوانە و كات به‌سه‌ربردن بیخوێنێتەوە.

ئامانجی ئەم كتێبە ئەوەش نییە كە خوێنەر وەك ڕێبەرێكی سێكسی بۆ پەیڕەوكردنی ڕەفتاری سێكسیی سروشتی، یان لادراو بەكاری بێنێ، هەروەها ئەم كتێبە هیچ نیاز و مەبەستێكی نییە بۆ ئیدانەكردنی هیچ ڕەفتارێك، یان ڕێڕەوێكی سێكسیی دیاریكراو، ئامانجی ئەوەش نییە هەڵوێستێكی سێكسیی تایبەتی بە هەڵوێستێكی دیكە بگۆڕێ، ئەو ئاڕاستەیەشی نەگرتووە كە هانی سێكس بدات و بەرامبەر بە سێكس لێبووردە بێ، یان بە پێچەوانەوە، هانی خوێنەر بدات بۆ ڕەتكردنەوەی سێكس و خۆپارێزی لێی. بەدەر لەوانە، ئەم كتێبە هەموو ئەو شتانەی تیادایە كە هەر تاكێك وا پێویست دەكات دەربارەی ژیانی سێكسی و ژیانی دەروونی بیانزانێت، كە بە ڕای من پەیوەندیی نێوان ئەم دوو ژیانە گرنگە، كە پاساو بۆ ئەوە دەهێنێتەوە، بۆچی وا لە مرۆڤ دەڕوانرێ بوونەوەرێكی باڵاترە لە تەواوی بوونەوەرەكانی دیكە؟ ئەمە ئەوەیە كە هەوڵم داوە ده‌ركی پێ بكەم، نابێ خۆم بڕیار لەسەر ئاستی شكستهێنان، یان بەختم لە گەیشتن بەو ئامانجە، بدەم.

ناردن: