سلێمانی و جەنگی كەنداو
كرۆنۆلۆجیای جەنگ و ڕاپەڕین و ڕەو

نوسینی/ محەمەد فەریق حەسەن


ساڵی ١٩٩١ بۆ کورد و بۆ ناوچەکەیش چارەنووسساز بوو. لە دووەم جەنگی جیهانەوە، ڕووی نەداوە نزیکەی سی وڵات قسەیان کردبێت بە یەک و پێکەوە هەڵیانکردبێتە سەر وڵاتێکی تازەپێگەیشتوو. هەروەک ڕوویشی نەداوە وڵاتێکی تازەپێگەیشتوو هەڵیکردبێتە سەر دراوسێیەکەی، لکاندبێتی بە خۆیەوە و کردبێتی بە پارێزگەیەک لە قەڵەمڕەوی خۆی. ئەوجا هاتبێت تاڵانی کردبێت و ئاگری لە سامانی ژێرزەمینییشی بەردابێت کە نەوتە.

هەر لەم ساڵەدا، لە سۆنگەی ئەم هەڵە مەزنەوە کە بەعس کردی، دەرفەتێکی زێڕین بۆ کوردستانی باشوور هەڵکەوت. جەماوەر ڕاپەڕین و سەرکەوتوویش بوون، لە حاڵێکدا شیعە لە باشوور هەمان هەوڵیان دا، وەلێ ڕاپەڕینی ئەوان خڵتانی خوێن کرا.

من ئەو ساڵە و پێشتریش لەسەر میلاکی قوتابخانەی شاکر فەتاح لە سلێمانی مامۆستا بووم، وەلێ بە تەنسیب لە ناوەندیی ڕۆژهەڵات وانەبێژ بووم و لەوێ کاری خۆمم دەکرد.

لەو ساڵەدا، وێڕای کاری ڕۆژانەی خۆم، دەمخوێندەوە و دەشمنووسی. لە ڕووداوی ڕۆژانە، گۆڕانی باری کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و سیاسی، ئەو پێشهاتەی بە لامەوە گرینگ بووبێت، یاداشتم کردووە. ئەوەی لە زەینی خۆمدا مەزندەم کردبێت و نوقڵانەم بۆ لێ دابێت، ڕۆژانە بە ئاوایەکی کرۆنۆلۆجی نووسیومە. هەموو ئەو یادشتانەشم لە سێ دەفتەری سەدپەڕەییدا پاراستوون.

دۆخی ژیانی ماڵی خۆیشم، کە تێکەڵ بە گێڕانەوەی ئەم کرۆنۆلۆجیایە بووە، نموونەی ژیانی هەر خێزانێکی سەر بە چینی مامناوەندە لە سایەی جەنگ و دۆڵپێچی ئابووریدا. من لەو سۆنگەیەوە، بەشێک لە ژیانی ماڵی خۆمانم تێکەڵ بەم کۆرنۆلۆجیایە کردووە، تاکو خوێنەر بە ڕوونی لە دۆخەکە حاڵی ببێت. من هاتووم نوکتەکانی جەنگیشم تۆمار کردوون، تاکو گێڕانەوەیەکی تەڕ و بەچێژ پێشکەش بە خوێنەر بکەم.

ڕەنگە لە داهاتوودا مێژوونووس، کۆمەڵناس و ئابووریناسان سوود لەم کتێبەی من ببینن. وێڕای ئەوەی ئەز لێرەدا بە حازری و بە ڕوونی، دۆخ و کەشی ئەو ڕۆژگارەم خستووەتە بەردەستی هەر هونەرمەندێک کە بە نیاز بێت لەمەڕ ئەو سەروبەندە دراما بنووسێت یان فیلمی سینەمایی دەربهێنێت.

وەختێ لە ناو شاراندا سلێمانیم بۆ ناونیشانی ئەم کتێبە هەڵبژاردووە و باسی ڕەوتی ژیانم لەم شارەدا کردووە، ئەوە سلێمانیم وەک نموونە بۆ شار و شارۆچکەکانی کوردستانی باشوور هەڵبژاردووە کە دەزانم لەو سەروبەندە دژوارەدا، جومگەکانی ژیان لە کەرکوک، هەولێر و دهۆک و… لە سلێمانی باشتر نەبوون. خۆیشم هەر لێرە ژیاوم و زیاتر ئاگاداری نهێنی و گوزەرانی خەڵکی شاری سلێمانی بووم تا شارە جوانەکانی تری باشوور.

بیرت بێت، ئەم کارەی من کردوومە، سەرکێشییشی تێدایە. خۆ ئەگەر لە هەر سۆنگەیەکەوە، ئەو دەفتەرانەی وا ئەم مێژووەم تێدا تۆمار کردوون، دەست دەسەڵات بکەوتنایە، ئەوا تووشی لێپێچینەوە دەبووم، بە دووریشی مەزانە تووشی قورسترین سزا ببوومایە.

ئەم کرۆنۆلۆجیایە هەتا یەکی نیسانی ١٩٩١ ڕووداوەکانی جەنگ و ڕاپەڕین دەگێڕێتەوە و لەوێدا دەوەستێ؛ ئەگەرچی ڕووداوەکانی دواتریشم هەر تۆمار کردووە. لە دووی نیساندا شاری سلێمانی بەجارێک چۆڵ دەبێت و خەڵکی شار لە چەند قۆڵێکەوە بەرەو سنووری ئێران هەڵدێن. لێرە بەدواوە، ئەوان خۆیان دەدەنە دەست چارەنووسی نادیار. ڕەوتی ژیانیش بە لایەکەی تردا پێچ دەکاتەوە.

ئەگەر سەرپێیی چاو بەم بەرهەمەدا بخشێنی، وا دەزانی ئەم کتێبە بریتییە لە تۆماری دەنگوباس کە لێرەولەوێ پەیدام کردوون و داومنەتە دەم یەک بێ ئەوەی هیچ پێوەندییان بەیەکەوە هەبێت. لە ڕاستیدا هەموو ئەو ڕەگەزانەی کە لەم کتێبەدا خراونەتە ڕوو، تەواوکاری یەکن و پێوەندیی مکۆمیشیان بەیەکەوە هەیە.

ئەم کتێبە ڕێک وەک فیلمێک وەهایە لە پێکەوەگرێدان و مۆنتاجی سەدان دیمەن، هەزاران گرتە، بە هاوکاریی ئێکسسواری پێویست و ئیفێکتی دەنگ پێک هاتبێت، وەلێ لە ئەنجامدا یەک فیلمی لێ هاتبێتە بەرهەم، ئەویش کرۆنۆلۆجیای جەنگ و ڕاپەڕینە کە بە درێژی و بە وردی، بە تانی ئەو سەروبەندەی سلێمانی و جەنگی کەنداودا هاتووەتە خوار و دۆخەکە وەک هێلکەی پاککراو دەخاتە بەردەستی خوێنەر. دەکرێت بڵێم ئەم کتێبە مێژووی دوو مانگ و نیوی کوردستانی باشوور و عێراق و ناوچەکەیە.

ئەوەندەی بەم کارەی منەوە پەیوەست بێت، مانشێت و لێدوانی گرینگی ڕۆژنامەکانی (الپورە، الجمهوریە، العراق)ی ئەو سەردەمە دەخەمە ڕوو. تاکو تۆی خوێنەر، ڕاستەوخۆ، لە زاری بەرپرسەکانەوە، نیاز و زەینی بەعس بخوێنیتەوە. دیارە ئەوانیش لە دیدی خۆیانەوە، کێشەی کورد، عێراق، دەوروبەر و جیهانیان بینیوە و شرۆڤە کردووە کە پێچەوانەی ئاوات و خۆزگەی گەلانی عێراق و ڕەوتی مێژووە. ڕەنگە ئەم کارەی منیش بێخەوش نەبێت. هەرچۆنێک بێت، بەهیوام سوودێکم بە خوێنەر گەیاندبێت.

ئێستا لە كتێبخانەكاندا دەستدەكەوێت

لە بڵاوكراوەكانی زنجیرەی كتێبی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم

ناردن: