نوسینی/ جی.ئەی.ئێ. كریست
وەرگێڕانی/ بێهزاد كوردستانی

ئێستا لە كتێبخانەكاندا دەستدەكەوێت

له‌ بڵاوکراوه‌کانی زنجیره‌ی کتێبی ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م 2015©

ئەو بیرەوەری و نامانەی لەو كتێبەدا تۆمار كراون، وەك ماوەی زەمەنی تەنیا 23 ساڵ ژیانی بۆلگاكۆف دەگرێت، واتە لە تشرینی یەكەمی شۆڕشی ساڵی 1917 وە دەست پێ دەكات و ساڵی 1940 (ساڵی مردنی نوسەر) كۆتایی پێ دێت.

ئەم نامانە بۆ بۆلگاكۆف و هاوسەرەكەی و هاوڕێكانی ئامرازێك بووە بۆ گۆڕینەوە و دەربڕینی ئازادانەی ڕا و بۆچوون و بیروبڕواكانیان.

ئەم كتێبە بە بۆلگاكۆفێكەوە دەست پێ دەكات كە تازە كۆلێژی پزیشكیی دوایی پێهێنانەوە و لە ناوچە دوورەكانی وڵاتی ڕووسیای سەردەمانی شەڕی یەكەمی جیهانی و شۆڕشی تشرینی یەكەم، سەرقاڵی پیشەی پزیشكییە، لە هەمان كاتیشدا ئاواتەخوازە لە هەر شوێنێكی تر بێت، جگە لەو شوێنەی تێدایە.

بۆچی بۆلگاکۆف…؟

لە درێژەی ئەو هەوڵ و خولیایەی لەم چەند ساڵه‌ی ڕابردوودا خستوومانەتە پاڵ گرنگیدان بە ئەدەب و ئەدەبیات و وەرگێڕانی ئەدەبی بیرەوەری، کە وەک پرۆژەیەکی گرنگ، بەڵام لە فۆرم و چوارچێوەیەکی دیاریکراو، ئەو نووسەرە گەورانەی گرتەخۆی، کە لە دونیای داهێناندا، بە هەموو وێستگە جیاوازەکانیانەوە، لەسەر ئاستی دونیادا، جێگه‌ی بایەخ و خوێندنەوەی بەردەوام بوون، هەر لە سوهراب و مارکیز و پاپلۆ نیرۆدا و ئەلبێر کامۆ و ڕافایل ئەلبێرتی، کە وەرگێڕەکانیان، بە توانا و سەلیقەیەکی پڕ لە هونەری وەرگێڕان، ئەرکەکانیان جێبەجێ کرد و هەمووشیان لە کات و ساتی خۆیدا… چاپکران و هێندێکیان ئێستا لە کتێبفرۆشییەکاندا نەماون و چاوەڕوانی چاپی تریان لێ دەکرێت، کاتێکیش لەگەڵ هاوڕێی شاعیرمان، بێهزادی کوردستانی، لەمەڕ ئەم پرۆژە و گرنگیی کاری وەرگێڕان لە بواری ئەدەبی بیره‌وەریدا کەوتینە گفتوگۆ، بە خۆشحاڵییەوە، هاوکاریی خۆی نیشان دا، ئەوەبوو هەر لە ڕێگه‌ی خۆیانەوە چەندین سەرچاوەی گرنگمان بەدەست گەیشت، کە سەرجەمیان، خۆیان لە چوارچێوەی ئەدەبی بیره‌وەریدا دەدۆزییەوە، بۆ ئەم قۆناغە، لەناو هەموویان بیرەوەری و نامە و ڕۆژانەنووسینی بۆلگاکۆفمان پەسەند کرد، هۆکاری پەسەندکردنیشمان بۆ ئەو گرنگیپێدانە دەگەڕێتەوە. کە بۆلگاکۆف، لە ژیانی نووسین و داهێنانی خۆیدا، تووشی دەیان و سەدان، گێرمەوکێشەی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی بووه‌تەوە، هۆکارەکەیشی تەنیا ئەوە بووە، فۆڕمی ئەدەبێکی سیخناخ لە ئایدیۆلۆژیای کۆمۆنیستی قبوڵ نەکردووە، تەنیا ویستوویەتی لە چوارچێوەی داهێنانی خۆیدا، ڕاستگۆیانە لەگەڵ خود و جیهانبینیی خۆی، بۆ ڕووداوەکان و ژیان و دەوروبەری بکاتە بنچینەی بیرکردنەوە و دونیا فراوانەکەی داهێنانی، لە بواری شانۆ و تێکستی شانۆیی، هەروەها ئەو ڕۆمانانەی، نەتوانرا، تا لە ژیاندا بوو، چاپیان بکات. لاتان سەیر نەبێت ئەوەی بە بۆلگاکۆف کراوە لە لایەن دەسەڵاتدارانی سایەی ستالین، تەنیا بۆلگاکۆف بووە توانیویەتی بەرگەی بگرێت، لە کاتێکیشدا خودی ستالین ئێجگار سەرسامی کارە شانۆییەکانی بۆلگاکۆف بووە، کە هەمیشە ئاڕاستەکانی ڕەخنەیی و کۆمیدیئامێز بوون، هەر بۆ نموونە:

ستالین بۆ شانۆگەریی (ڕۆژەکانی بنەماڵەی توربن) تەنیا خودی خۆی ١٥ جار بینیوویەتی، هەروەها شانۆگەریی (شوقەی زوویا) هەشت جار بەشداریی نمایشی کردووە.(1)
سەرەڕای ئەمەیش، کاتێ بۆلگاکۆف ویستوویەتی لە ڕێگه‌ی دەسەڵاتی سۆڤیەتەوە ڤیزەی فەڕەنسای بۆ دابین بکەن، بۆ سەردانی براکەی، هەموو کاتێ دەستی دەستیی پێ کراوە، بۆیە ئەم خەونەیشی نەهاتە دی، چونکە ڕێگه‌یان پێ نەدا ئەم سەفەرە بکات، تاکو کۆچی دوایی کرد. کە هەمیشە خەونی گەورەی سەفەر بووە بۆ دەرەوەی وڵات و ویستوویەتی وەک نووسەر و داهێنەرێک، ئەزموونی هونەری شانۆ و ئەدەبیی ئەم وڵاتانە بەسەربکاتەوە، بەڵام بەداخەوە دەسەڵاتدارانی سۆڤیەت، وەک ڕقێکی گەورە، کە بۆلگاگۆف بە بەردەوامییش دڵنیای کردوونەتەوە، بگەڕێتەوە بۆ نیشتمان، بەڵام ئەم خەونەیان هێندە ئازاری دا، تا بەو داخەوە سەرینایەوە.

نامەکان و ڕۆژانەتۆمارەکانی ژیانی بۆلگاکۆف، هێندە ئازاربەخشن، لە خودی دووتوێی ئەم نامە و ڕۆژانەنووسینانەدا، هەست دەکەیت نووسەران و شاعیران و هونەرمەندانی دەرەوەی ئایدیۆلۆژیا و بەرنامەکانی ژدانوفیەت، لەناو چ ترس و بیم و ئازارێکدا ژیانیان گوزەراندووە، بەڵام ئەمانیش بەردەوام لە هەوڵ و داهێنانی خۆیان نەکەوتوون. لەم شەڕە دەروونی و بەکەمسەیرکردنەدا، درێژەیان بە کارە ئەدەبی و هونەرییەکانیان داوە.

بۆلگاکۆفی دکتۆر، کاتێ هەموو ژیانی خۆی بۆ ئەدەب و هونەر تەرخان دەکات، بەڵام ڕێگه‌کانی بەردەوامی پڕاوپڕن لە چاڵ و هەڵەت و کەوتن و ناخۆشی، کەچی ئەو هەر بەردەوامە لە داهێنان و هەوڵە جیددییەکانی خۆی، ژیان و برسێتی و نەبوونیی زۆر تینی بۆ دێنا، بۆیە لە ڕێگه‌ی مەکسیم گۆڕگییەوە، نامەیەک دەگەیەنێتە ستالین و پێی دەڵێت “ئەگەر ناتوانن وەک دەرهێنەرێک دامبمەزرێنن، ڕازیم وەک ئەکتەرێکی کۆمبارسی بەردەوام، ئەگەر هەر ناتوانن ئەوەشم بۆ بکەن، ئەوە بکرێم بە کرێکار لە هۆڵی شانۆدا”.(2)

بێگومان دوای گەیشتنی ئەم نامەیە، دەسەڵاتدارانی سۆڤیەت وەک دەرهێنەر لە شانۆی سۆڤیەت دایدەمەزرێنن، ئەمەش بەپێی سەرچاوە و لێکۆڵینەوەکان، بۆ ئەوەی دەگێڕنەوە کە ستالین، ئێجگار سەرسامی کارە شانۆییەکانی بووە، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش وه‌کو زۆربەی زۆری نووسەر و هونەرمەندانه‌ی تر -که‌ لە دووتوێی ئەم بیرەوەرییانەدا دەیبینن-، چۆن دەستبەسەر دەکرێن و دووردەخرێنەوە و سەدانیشیان تیرباران دەکرێت، بەڵام خۆشبەختانە بۆلگاکۆف، بە هۆی سەرسامبوونی ستالین بە کارە شانۆییەکانی، لە کوشتن و دوورخستنەوە بەدووری ده‌بێ، بەڵام بە شێواز و فشاری تر هەموو ڕۆژێ مەرگ دەبینێ، چونکە مەرگی نووسەر و داهێنەرەکانی هاوڕێی، مەرگی ئەمیشە.

“بۆلگاکۆف لە ٨ی شووباتی ١٩٤٠، بە نەخۆشی لە جێگه‌دا دەکەوێت، بەو بۆنەیەوە کۆمەڵێک لە هونەرمەندی شانۆی مۆسکۆ، لە نێوانیاندا، کاچالون، گمیلیوف و تاراسۆفا لە ڕێگه‌ی سکرتێرەکەیەوە، نامەیەک بۆ ستالین دەنووسن و پێی ڕادەگەیەنن، کە باری تەندروستیی بۆلگاکۆف زۆر خراپە و لەگیانەڵادایە، بەڵکو لای خۆیانەوە هاوکاری بکرێت، بەڵام بەداخەوە، دوای مەرگی بۆلگاکۆف وەڵامی نامەکەیان داوەتەوە، هەروەک بیرهێنانەوەیەکیش ستالین لە وتارە بەناوبانگەکەی کە لە ٣ی تەممووزی ١٩٤١دا لە کاتی هێرشی ئەڵمان بۆ سەر یەکێتی سۆڤیەت، دیالۆگێکی ئەلکسی توریین، کە یەکێکە لەپاڵەوانەکانی شانۆیی -ڕۆژەکانی بنەماڵەی تۆربن-ی بۆلگاکۆف بەکار دەهێنێت کە دەڵێت: هاوڕێکانم، لەم چرکە ناخۆشەدا، بانگێشتتان دەکەم.(3)

دیارە، خوێندنەوەی بۆلگاکۆف، خوێندنەوەی مێژوویەکی ونبووی داهێنانە. کە ئایدیۆلۆژیای بەزۆرسەپاو، هەمیشە هەوڵی ونکردن و ڕەشکردنەوەی داوە، بۆیە کە نامە و ڕۆژانەنووسینەکانی دەخوێنینەوە، دەزانین تارمایی دیکتاتۆرەکان چەند قێزەونانە هەوڵی سەربڕینی وشە و پەنجەرەی ئەو جوانیانە دەدەن. کات و بۆلگاکۆف و هاوڕا و هاوپێناوەکانیان ویستوویانە ڕەوتی ئەدەبی پڕ لە داهێنانی پوشکین و تۆرگنیف و دۆستۆیڤسکی، درێژەی هەبێت، هەر لەخۆڕا نییە، بە بۆلگاکۆف وتراوە، دۆستۆیڤسکیی هاوچەرخ، هەرچەندە دەسەڵاتی ستالین مێژوویان هێندە ڕەشپۆش کرد، بەڵام داهێنان و ئەدەبی هەمیشە زیندووی پڕ لەبەهای خودە مرۆییەکان، پڕ لە ئیستاتیکای داهێنانی هاوچەرخ بە زیندوویەتیی خۆیان، لەم شەڕەدا، بەرگەیان گرت و- کە زەمەنی هەڵسانەوە و کرانەوەش هات، ئەمانە بوون بەو ئەدەبەی تا بتوانن بەها مرۆییەکانی مرۆ و داهێنان و زمان و جیهانبینی ڕاستەقینە، بە جیهان ئاشنا بکەن. ئەمە بۆلگاکۆف و بۆلگاکۆفپەیڕەوەکانن وەرگێڕدراونەتە سەر زۆربەی هەرە زۆری زمانە زیندووەکانی جیهان، بە زمانی کوردییشەوە، بۆیە لای خۆمانەوە دەستخۆشی لە شاعیر و وەرگێڕ بێهزادی کوردستانی دەکەین، بە هەوڵێکی ماندوونەناسانە کەوتە وەرگێڕانی بیره‌وەرییەکانی بۆلگاکۆف، کە هیوادارم خوێنەران و نووسەران و ئەدیبان، لە دووتوێی ئەم سەفەرنامەیەدا، واقیعی دەیانساڵەی خەفەکراوی ئەدەبی و ژیانی ئەدیبانی سۆڤیەتی جاران، بخوێنینەوە. بەو هیوایەی وەک چۆن هەنسکی بەو هەموو چرکانەی ئێمە هێنا، ئێوەش لەناو هەموو فرمێسکەکاندا بێبەزەییانە نەفرەت لە زەمەنی قەڵەمکوژ و دیکتاتۆرەکان بکەن.

سامی هادی
١٥/ ٩/ ٢٠١٥

ناردن: