نوسینی: د. فازیل جاف

كارنامەی نوسەر

-ڕیژیسۆر، ڕاهێنەر، توێژەری ئەكادیمی و پسپۆڕی دەرهێنانی شانۆیی.

-دوكتۆرا لە ڕێبازی مییرهۆلد لە ئەكادیمیای سانت پیتەربورگ.

-ماستەر لە دەرهێنانی شانۆیی، زانكۆی لەندەن، كۆلێژی گۆڵدسمیس.
-دیپلۆم لە زانستی شانۆ، زانكۆی ستۆكهۆڵم.

-بەكالۆریۆس لە نواندن، زانكۆی بەغداد، ئەكادیمیای هونەرە جوانەكان، بەشی شانۆ.

-چەندین شانۆنامەی نوسەرانی بەناوبانگی وەكو(جۆرج سیۆتۆگا، لانگسون هیوز، سلاڤیومیر مرۆژیك، شەكسپیر، مولێر، ستریندبێرگ، ئارێل دۆفمان، بێكێت، كۆلتێس و ئۆسترۆڤسكی)ی لە كوردستان و سوید و بەریتانیا و ڕوسیا و مەغریب و تونس دەرهێناوە.

-ئەندامی یەكەم دەستەی ئەمیندارێتیی(الهیئة العربیة المسرح) بووە لە شاریقە.

-بۆ دەیان لیژنەی داوەریی فێستیڤاڵەكانی كوردستان و وڵاتانی عەرەبی، چ وەكو سەرۆكی لیژنە و چ وەكو ئەندامی لیژنە دەستنیشان كراوە.

-ڕاهێنان و نمایشی كتێبەكانی بە زمانی كوردی و عەرەبی و سویدی و ئینگلیزی و ڕووسی ئەنجام داوە.

پێشەكی

كە ئەم كتێبە دەنووسم، ڕووی دەمم لە تۆ دەكەم، تۆی شانۆكاری گەنج، كە تازە هەنگاو بۆ ناو دنیای هونەری ڕیژیسۆری دەنێی.

هەر لە سەرەتاوە وام بە باش زانی ڕاستەوخۆ قسەت لەگەڵ بكەم و دیالۆگت لەگەڵ ساز بكەم. دەشزانم لە دیالۆگدا دەبێ، هەر نەبێ، دوو كەس بەشدار بن. بەڵام تۆی شانۆكاری لاو بە درێژایی نووسینی ئەم كتێبە لە زەین و ئەندێشەمدا ئامادە بووی و پرسیار و بۆچوونەكانت دەیورووژاندم و هانی دەدام بۆ ئەوەی ڕوانگە و دیدی خۆم دەربارەی هونەر و تەكنیكی ڕیژیسۆری گەڵاڵە پێ بكەم.

ئەوەش بزانە كە پرسیار و بۆچوونەكانت، باری سەرنج و ڕامانەكانت، تەنیا هیی خۆت نین، بەر لە تۆ سەدان قوتابیی نواندن و دەرهێنان، ئەوانەی كە من لە چەند وڵاتێكدا مەشقم پێ كردوون و لە وۆركشۆپەكانمدا بەشدارییان كردووە، گەلێك پرسیاری گرنگیان لێ كردووم، هەر ئەو پرسیارانە بوون بە مایەی ئاخافتن و لێدوانی گرنگ، كە ئێستا هەوێنی ئەم كتێبەن.

بۆیە تۆ لە شێوەی ئەواندا، ئەوانیش وەكو تۆ هەمان ئەو پرسیارانەیان ئاڕاستە دەكردم، كە ئێستا لە سەدای دەنگی تۆدا خۆیان دەنوێنن.

لە زۆربەی بەشەكانی ئەم كتێبەدا هەوڵم داوە شێوەی ئاخاوتن بەكار بێنم، چونكە پێم وایە ئاخاوتن باشترین شێوازی لەیەكترگەیشتنە، دیالۆگ كاریگەرترین میتۆدە بۆ فێربوون، بۆیە فۆرمی: هەوڵ بدە وا بكەی، هەوڵ بدە وا نەكەی، یان دەبێت بەم جۆرە بێ، یان نابێ بەم جۆرە بێ، فۆڕمێكی نزیكە لە دیالۆگی ڕاستەوخۆ، مەبەستیش لەم شێوازە ئەوەیە كە بۆچوونەكانم، ڕاستەوخۆ و بە ئاسانی و ڕوون و ڕەوان پێت بگەن.

بۆچوون و دەرئەنجامەكانی ناو ئەم كتێبە نابێت وەكو وانەی كۆتایی و ڕاستیی نەگۆڕ و قسەهەڵنەگر، یان وەكو سەرزەنشتی و ئامۆژگاریی كەسێكی مامۆستا وەربگیرێ، چونكە بە بۆچوونی من لە هونەردا كەس مامۆستا نییە، هەموو قوتابیین، بەڵام جیاوازیی شانۆكاران و هونەرمەندان تەنیا لە ئەزموون و كاری پراكتیكیدا دەبێ بەدی بكرێ. هەر ئەزموونیش پێوەری ڕاستەقینەیە.

ئەم كتێبە ئەزموونی كەسێكە كە لە چەندین وڵات خوێندوویەتی و وانەی گوتووەتەوە، هەروەها وەكو ڕیژیسۆریش بە كوردی و عەرەبی و سویدی و ئینگلیزی و ڕووسی كاری كردووە و ئەزموونێكی كەمی پێك هێناوە. بەهیوای ئەوەی پوختەی ئەم ئەزموونە یارمەتیی شانۆكاری گەنج بدا وەكو ڕیژیسۆرێكی پیشەكار هەنگاوی دروست بنێت.

كە شانۆكارێكی گەنج بووم، سەرەتا ئەكتەر بووم، لەو باوەڕەیشدا نەبووم، جگە لە نواندن كارێكی دیكە بكەم، خۆم پێ ئەكتەرێكی خراپ نەبوو، بەڵام كە بۆ یەكەم جار ئەركی دەرهێنانی شانۆگەرییەكم، لەسەر داخوازیی برادەرەكانم، زۆر نابەدڵانە گرتە ئەستۆ، بۆم دەركەوت كە جۆرە بەهرەیەكی ڕیژیسۆری لە مندا هەیە، هەستم دەكرد ئەم هونەرە پەنجەرەیەكی ئاوەڵەی بەرینە لە ڕووی جیهان و مرۆڤایەتیدا. پاشان تێگەیشتم كە هەرگیز ناتوانێ وەكو ڕیژیسۆر پێبگەی و گەشە بكەی، ئەگەر وەكو مرۆڤ گەشە نەكەی، وەكو ڕۆشنبیرێكی شاهیدی سەردەمی خۆت. ئەم بۆچوونەم پشت بە گوتەیەكی فەیلەسووف و داهێنەری فەڕەنسایی ژان پۆل سارتەوە دەبەستێ، بەڵام ڕەنگە درۆ نەبێ ئەگەر بڵێم كە ڕیژیسۆر گەورەترین شاهیدی سەردەمی خۆیەتی.

هەر لە سەرەتای ئەزموونەكانی دەستپێكی كاركردنم وەكو ڕیژیسۆر، كاتێك كە لە هەڕەتی لاویدا بووم، دەمویست كتێبێك دەربارەی هونەری دەرهێنانی شانۆیی بنووسم، پاش چەند هەوڵێك تێگەیشتم كە نووسینەكەم مۆركی لاوازی و ناڕەسەنیی پێوە دیارە.

ئێستا دەزانم كە ئەو كتێبە نەدەكرا لە تافی لاویدا بنووسرێ، دەبوایە جارێ ئەزموونی ژیان و ئەزموونی هونەری بەدەست بهێنم، ئەمجا هەوڵ بدەم كتێبێك دەربارەی هونەری دەرهێنانی شانۆیی بنووسم.

ئەم كتێبە دەیەوێت چیت پێ بڵێ؟
-ئەم كتێبە دەیەوێت پێت بڵێت، بۆ ئەوەی ببیت بە ڕیژیسۆرێكی جیاهەڵكەوتوو، دەبێ خۆت بی، لاسایی داهێنەرێكی دیكە نەكەیتەوە و هەوڵ نەدەی ببی بە كۆپیی ڕیژیسۆرێكی دیكە، تەنانەت ئەگەر ئەو كەسە ڕیژیسۆرێكی گەلێك گەورەیش بێ.

ئەم كتێبە دەتكا بە ڕیژیسۆر؟
– نە ئەم كتێبە و نە هیچ كتێبێكی دیكە ناتكا بە ڕیژیسۆر، بەڵام دەكرێ ڕێنیشاندەرت بێ بۆ ئەوەی ببی بە ڕیژیسۆرێكی پیشەكار.

مەبەست چییە لەم كتێبە؟
-بۆ ئەوەی شانۆكاری كورد، ڕیژیسۆری گەنج لە فێربووندا ڕێگەی پروفیسیۆنالیزم “پیشەكاری” بگرێتە بەر، بۆ ئەوەی ڕیژیسۆری پیشەكاری كورد بێتە ئاراوە و ڕیژیسۆری ببێت بە هونەر و پیشە.

ئەم كتێبە دەكەوێتە كوێی ئەو كتێبانەی كە دەربارەی ئەم بوارە نووسراون؟
-ئەم كتێبە دڵۆپێكە لە دەریایەك، دەیان كتێبی لەم كتێبە گرنگتر هەن، بەڵام سەرجەمیان بە زمانە ئەورووپییەكان نووسراون، كە لە ڕێگەی خوێندنەوەی ئەو كتێبەوە ئاشنای هەندێكیان دەبی. بەهیوای ئەوەی كە ئەم كتێبە هانت بدا لەسەر خوێندنەوە بەردەوام بی، بەردەوام بەرهەمی تیۆری ڕیژیسۆرانی خاوەنی ئەزموون بخوێنیتەوە، ئەوجا تێدەگەی كە چەندین كتێبی لەم كتێبە چاكتر هەن.

تایبەتمەندێتیی ئەم كتێبە لەچیدایە؟
لە نووسینی ئەم كتێبەدا ڕێچكەیەكم گرتووە، كە دەكرێ ناوی لێ بنێم “ڕێچكەی ڕیژیسۆری پیشەكار” ئەویش بریتییە لە سێ تەوەری سەرەكیی كاری ڕیژیسۆر: تەوەری سەركردایەتیكردن و ڕێبەرایەتی، تەوەری ڕێكخستن، تەوەری داهێنان.

لە زۆر شوێندا، بەگشتی لە شانۆی ئارەزوومەندانەدا بایەخ و گرنگی تەنیا بە تەوەری داهێنان دەدرێ و ئەوانی دی پشتگوێ دەخرێن. لە شانۆی پیشەكارانەندا ئەمە تەواو بە پێچەوانەوەیە.

خاڵێكی دیكە كە ڕوونكردنەوەی بە گرنگ دەزانم، ئەوەیە كە من وشەی ڕیژیسۆرم لەبری وشەی دەرهێنەر بەكارهێناوە، لەمەیشدا پەنام بردووەتە بەر ئەسڵی لاتینیی وشەكە، كە لە زۆربەی زۆری زمانە ئەورووپییەكاندا وشە لاتینییەكە بەكار دێنن. ئەمە هەرچەندە لە هەندێك شوێندا وشەی دەرهێنان و دەرهێنەرم هەر هێشتووەتەوە، چونكە لەگەڵ ئەوەدا نیم هەر بە جارێ فەرامۆش بكرێن.

فازیل جاف – هەولێر 2008

ئێستا لە بازاڕەكاندا بەنرخی تەنها (10000) دینار دەستدەكەوێت

لەبڵاوكراوەكانی زنجیرەی كتێبی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم

ناردن: