تێگەیشتن لە ڕژێمە دەسەڵاتگەراكان و سەرۆكەكانیان

نوسینی: ناتاشا ئیزرۆ-ئیركا فرانتز
وەرگێڕانی: د.بایەزید حەسەن
چاپی یه‌که‌م

ئێستا لە كتێبخانەكاندا دەستدەكەوێت


ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوون دەبێتەوە كە زۆر لە ڕژێمە ئۆتۆكراتییەكانی جیهان بەنیازنین لە ماوەیەكی نزیكدا مل بۆ شەپۆلێكی بەدیموكراتیكردن بدەن.
بۆ تێگەیشتن لەوەی چۆن و بۆچی ڕژێمی دەسەڵاتگەرایی بەردەوام دەبێت؟ كتێبی دیكتاتۆر و دیكتاتۆرییەت تێڕوانینێكی گشتگیر وقوڵ دەربارەی سیاسەتی ستراتیجییەكانی مانەوەی ڕژێمی ئۆتۆكراتی دەخاتە ڕوو.
لیزا بلەیدیس، پرۆفیسۆری یاریدەدەر، بەشی زانستە سیاسییەكان، زانكۆی ستانفورد، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا.

بە زمانێكی ڕوون و ئاسان، ئیزرۆ و فرانتس لە هەردوو تۆیژینەوە كلاسیكی و زۆر پێشكەوتووەكان لەسەر دیكتاتۆرییەتەكان دەكۆڵنەوە.
مشتومڕ لەسەر ئەوە دەكەن كە سیاسەتی دەستەبژێر لە دیكتاتۆرییەتەكاندا ئاكامی گرنگی لەسەر كۆمەڵێك ئەنجام هەیە و ئەم تێڕوانینەیان بۆ كردنی چەند پرسیارێك بەكار دەهێنین، وەك هۆیەكانی سەرهەڵدانی دەسەڵاتگەرایی، تەمەندرێژیی ڕژێم، مانەوەی سەرۆك، گەشەی ئابووری و كێشەی نێودەوڵەتی.
جیسیكا. ویكس، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر،
بەشی حكەمەت، زانكۆی كۆرنیل، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا.

كتێبی دیكتاتۆر و دیكتاتۆرییەت پوختەیەكی نایاب لەسەر ڕژێمە دەسەڵاتگەراییەكان لەسەردەمی ئێستادا دەخاتە ڕوو. ئیزرۆ و فرانتس، ئەو پۆڵێنكردنە ئەوپەڕی بە سوودیان بۆ ڕژێمە دەسەڵاتگەراییەكان بەكارهێنا، كە لە لایەن باربارا گیدیس-ەوە پێشخرابوو، بۆ خستنە ڕووی مامەڵەیەكی گشتگیری سیاسەت لە ڕژێمە دەسەڵاتگەراییە تاكحیزبی و سەربازی و تاكڕەوییەكاندا.
مارك پیسینی، پڕۆفیسۆر و سەرۆكی بەشی زانستی سیاسی، زانكۆی نیو مەكسیكۆ، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا.

پێشەکیی وەرگێڕ

خوێنەری بەڕێز، ئەم کتێبەی لە بەردەستتدایە، دەربارەی دیکتاتۆر و دیکتاتۆرییەتەکان نووسراوە، کە جیهانێکی ئاڵۆزە و پڕە لە نهێنی. دەستڕاگەیشتن بەو نهێنییانە ئەگەر کارێکی ئەوپەڕی گران نەبێت، ئەوا مەحاڵە، چونکە ڕژێمە دیکتاتۆرییەکان هەرگیز نهێنی و زانیاریی ورد دەربارەی چۆنێتیی فەرمانڕەواییکردنیان و دامودەزگا جۆراوجۆر و دامەزراوەکانیان نادرکێنن. لەبەر ئەوە لەسەر ئاستی ئەکادیمی، لێکۆڵینەوەی کەمتر لەسەر ڕژێمە دیکتاتۆرییەتەکان کراوە لەچاو ڕژێمە دیموکراسییەکان، وێڕای کەمیی ئەدەبیات لەسەر ئەم بوارەی ڕژێمە دیکتاتۆرییەتەکان لە زانستی سیاسیدا.

بەگوێرەی مەزەندەی ڕێکخراوی فریدەم هاوس، نزیکەی دوو لەسەر سێی دانیشتوانی جیهان لە بندەستی ڕژێمە دیکتاتۆرییەتەکاندا دەژین و دوو ملیار کەس بەدەست فەرمانڕەوایی ستەمکارییەوە دەناڵێنن. لە جیهاندا سەدوشەش ڕژێمی فەرمانڕەوایی دیکتاتۆری یان نیمچەدیکتاتۆری هەن. واتە ٥٤٪ی دەوڵەتانی سەر گۆی زەوی. نزیکەی لە هەر سێ وڵات لە جیهاندا، یەکێکیان لەژێر فەرمانڕەوایی دیکتاتۆرییەتدایە. بە تەنیا حزبی کۆمۆنیستی چین فەرمانڕەوایی نزیکەی چواریەکی دانیشتوانی جیهان دەکات.

هۆیەکانی دروستبوونی ڕژێمە دیکتاتۆرییەتەکان چەندان سەدەیە نەگۆڕاون، هەمووشیان لە کاتی سەرهەڵدانی پشێوی و تەنگژە و قەیرانەکاندا دروست دەبن، وەک ئەو دیکتاتۆرییەتانەی ئەدۆڵف هیتلەر لە ئەڵمانیا و بینیتۆ مۆسۆلینی لە ئیتاڵیا و قەیسەر لە ڕووسیا دایانمەزراندن. دیکتاتۆرەکان هەمیشە دەیانەوێت لە لوتکەی هەڕەمی دەسەڵاتدا بمێننەوە و نوێنەرایەتیی هاووڵاتییان ناکەن و گرووپێکی بچووکی هاووڵاتییان، کە پێی دەڵێن دەستەبژێر، لە دەوری خۆیان کۆ دەکەنەوە پارە و پلە و پۆستی باشیان دەدەنێ و چارەنووسیان بە چارەنووسی ڕژێمەکەوە دەبەستنەوە، بۆ ئەوەی هەمیشە ئەو دەستەبژێرانە بەرژەوەندییان لە مانەوەی ڕژێمەکەدا ببیننەوە و ڕژێمەکە بپارێزن. هاوکات ئەو دیکتاتۆرانە ئامڕاز و دامودەزگای سەرکوتکردن و داپڵۆسین و تۆقاندنیان هەیە، کە بەرامبەر ئۆپۆزسیۆن و نەیارانیان بەکاری دەهێنن و هەرگیز لە کوشتن و بەکارهێنانی زەبروزەنگ و توندوتیژی بەرامبەر ئەوانەی بە هەڕەشەی بۆ سەرخۆیان بزانن، سڵ ناکەنەوە. گەندەڵی و بەرتیلخۆری و دەستگرتن بەسەر سەروەت و سامانی وڵات و تاڵانکردنی لەژێر فەرمانڕەوایی ئەو دیکتاتۆرییەتانە بڵاوە و هۆی کاران بۆ حوکمڕانییان، لە کاتێکدا زۆرینەی هاووڵاتییان لەژێر باری هەژاری و ناهەمواری و نەبوونی خزمەتگوزارییە بنچینەییەکان ژیان بەسەر دەبەن.

مەزەندە دەکرێت فێردیناند مارکۆسی فیلیپین و سانی ئاباشەی نایجیریا، هەر یەکەیان زیاتر لە پێنج ملیار دۆلاریان دزیبێت کاتێک لە دەسەڵاتدا بوون. وەک دەڵێن، ئەلبێرتۆ فوجیمۆری پیرۆ شەشسەد ملیۆن دۆلاری پیرۆی بە تاڵان بردووە، لە کاتێکدا دوڤالییەکان لەو کاتەی لە هایتی لە دەسەڵاتدا بوون، نزیکەی هەشتسەد ملیۆن دۆلاری بۆ خۆیان بردووە. بۆکاسای سەرۆککۆماری ئەفریقای ناوەند، لە ئاهەنگی تاجلەسەرنانەکەی لە ساڵی ١٩٧٧دا، بیستودوو ملیۆن دۆلاری خەرج کرد، ئەو بڕە پارەیە ٢٤٪ی داهاتی نەتەوەیی کۆماری ئەفریقای ناوەندی پێک دەهێنا.

هەندێک لە ڕەفتارە نامۆ و نابەجێیەکانی دیکتاتۆرەکانی جیهان، کە لەم کتێبەدا باس کراون، دەخەینە ڕوو: لە ساڵی ١٩٩٧دا، قەزافی بڕیاری دا کە دەبێت هەموو خێزانەکانی لیبیا لە ماڵەکانیان مریشک بەخێو بکەن، وەک هۆیەک بۆ ئەوەی لیبیا بەشی خۆی لە مریشک دابین بکات و مریشک هاوردە نەکات. موعەممەر قەزافی ساڵنامەی گریگۆریی گۆڕی بۆ ساڵنامەی هەتاوی و ناوی هەموو مانگەکانیشی گۆڕی بۆ ئەو ناوانەی خودی خۆی دای دەهێنان. هاستنگس باندای سەرۆکی مالاوی، بڕیارێکی دەرکرد کە نابێت ژنان پانتۆڵ لە پێ بکەن. فرانسیکۆ ماسیاس نگویما، سەرۆکی گینیای ئیستیوائی، هەموو جۆرە دەرمانێکی هاوچەرخی لە وڵاتەکە قەدەغە کرد، تەنانەت لە ماوەی بڵاوبوونەوەی کۆلێرای ترسناکیشدا. پاپا دۆکی هایتی وێنەکانی خۆی لە هەموو شوێنێکی وڵاتەکەدا بڵاو کردبووەوە و هەندێک لەو وێنانە ئەو پەیامەیان بە گوێی خەڵکدا دەدا، کە ئەو لە لایەن عیسای مەسیحەوە بۆ سەرۆکایەتیی هایتی هەڵبژێردراوە. لە یەکێک لەو وێنانەدا پاپا دۆک لە تەنیشت عیسای مەسیح وەستاوە و مەسیح دەستی لەسەر شانی ئەو داناوە، لەگەڵ نوسینێک کە دەڵێت ”من پاپا دۆکم هەڵبژاردووە”.

سەرۆکی ئۆگەندا، عیدی ئەمین، وای بڵاو کردەوە کە لە ماوەی دەسەڵاتیدا لە ئۆگەندا، سەد هەزار تا شەشسەد هەزار ڕۆشنبیری کوشتووە. هەر بەرپرسێک هەر پێشنیارێکی بۆ سەدام کردبایە، سەدام ڕقی لێ دەبووەوە و دەیکوشت. بۆ نموونە، لە ماوەی جەنگی ئێران-عێراقدا، وەزیری تەندروستی پێشنیازێکی کرد کە سەدام بۆ ماوەیەکی کاتی واز لە دەسەڵات بهێنێت بۆ ئەوەی ئەو مەرجەی ئێران بۆ ئاشتی، جێبەجێ بکات. سەدام سوپاسی ئەو هەڵوێستە ڕاشکاوانەی وەزیری تەندروستیی کرد، پاشان ئەو وەزیرەی بە پارچەپارچەکراوی لە کیسەی مردواندا بۆ هاوسەرەکەی ناردە ماڵەوە.

ئەم کتێبە باسی ئەوە دەکات کە چۆن دیکتاتۆرییەتەکان پۆلێن دەکرین لەگەڵ هۆیەکانی سەرهەڵدانی دیکتاتۆرییەتەکان، مانەویان، ستراتیج و ئاڕاستەکانیان، ڕۆڵی دەستەبژێر و هۆکارەکانی ڕووخانیان. هەروەها باسی جۆری کودەتاکان و هۆکارەکانی ڕوودانیان و شکستهێنانیان دەکات. پەیوەندیی نێوان دیکتاتۆرییەتەکان و بنبەستی سیاسی و ئابووری و کێشە نێودەوڵەتییەکانیش بە دوورودرێژی ڕوون دەکاتەوە. هەروەها لەم کتێبەدا بۆ هەر یەکێک لە دیکتاتۆرییەتەکان بەشێک بۆ گفتوگۆکردن لەسەریان و ڕوونکردنەوەیان تەرخان کراوە، بەم جۆرە: دیکتاتۆرییەتە سەربازییەکان لە ئەمەریکای لاتین و دەوروبەری، دیکتاتۆرییەتە تاکحزبییەکان لە ئەورووپای ڕۆژهەڵات و دەوروبەری، دیکتاتۆرییەتە تاکڕەوییەکان لە باشووری بیابانی ئەفریقا و دەوروبەری، ڕژێمە پادشاییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەوروبەری، دیکتاتۆرییەتە دووڕەگەکان لە پاکستان، کووبا، ئیل سەلڤادۆر و هەڕەشەی سیانی لە میسڕ.

لە چاپە ئینگلیزییەکەی ئەم کتێبەدا، لە کۆتایی هەر بەشێک هەندێک پرسیار و بە ناو خاڵی گرنگ هەبوون، کە زیادە و شتی دووبارە بوون و لە چاپە کوردییەکەیدا لا براون. هەروەها لە کۆتایی هەر بەشێکیش سەرنج هەبوو کە ئەو ناوانەی تێدا بوو کە دانەرانی کتێبەکە لە بەشەکاندا ئاماژەیان پێ کردبوون، لە چاپە کوردییەکەدا هەموو ئەو ناو و سەرچاوانە لە بیبلۆگرافیای کۆتایی کتێبەکەدا هەن، لەبەر ئەوە لە کۆتایی بەشەکان لا براون. هەروەها لە چاپە کوردییەکە هەموو ئەو ناوانەی لە بەشەکاندا ئاماژەیان پێ کراوە، وەک خۆیان بە ئینگلیزی نووسراونەتەوە، بۆ ئەوەی ئەو خوێنەرانەی دەیانەوێت ئەو سەرچاوانەیان دەست بکەوێت، لە بیبلۆگرافیایەکەدا ناونیشانی دانەر و سەرچاوەکانیان دەربهێنن.

هیوادارم ئەم وەرگێڕانە سوودی هەبێت و کەلێنێکی بچووکی کتێبخانەی کوردی پڕ بکاتەوە.
د. بایەزید حەسەن عەبدوڵڵا
سلێمانی
٢٥/٩/٢٠١٦

پێشەکی

سیاسەت لەژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتدا

هەرچەندە زۆرینەی جیهان لەژێر فەرمانڕەوایی دیکتاتۆرییەتدا دەژین، بەڵام بە هەڵەتێگەیشتنێکی زۆر دەربارەی ئەو دیکتاتۆرییەتانە هەیە. دیکتاتۆرییەتەکان وا تەماشا دەکرێن کە ڕژێمی پێشبینینەکراو و دڕندەن و لە لایەن تاکێکی بەدکار کە دەسەڵاتێکی ڕەهای هەیە، فەرمانڕەوایی دەکرێن. بە زۆری لەو جۆرە وێناکردنانەی دیکتاتۆرییەتەکان بەشێک لە ڕاستییان تێدا بەدی دەکرێت.

هەندێک لە دیکتاتۆرییەتەکان کاری وا ئەنجام دەدەن پێشبینی نەکرێت، بۆ نموونە، لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٠٥دا، سەرۆکی ڕژێمی دیکتاتۆرییەتی بۆرما، سان سوان، لەناکاو پایتەختی وڵاتەکەی لە ڕانگونەوە گواستەوە بۆ پینمانا. پینمانا جەنگەڵێک بوو لە باکووری وڵاتەکە و دووسەد و پەنجا کیلۆمەتر لە ڕانگونەوە دوور بوو. فەرمانبەرانی حکومەت و ئەفسەرانی سوپا ماوەی دوو ڕۆژیان درایە بۆ گواستنەوە و بە کاروانێکی لۆریی گەورەی پڕ لە کەلوپەل، گواستیانەوە بۆ پایتەختە نوێیەکە. هەروەها لە ئۆگەندا، عیدی ئەمین لە ساڵی ١٩٧٢دا، بڕیارێکی دەرکرد بۆ دەرکردنی نزیکەی سەدهەزار ئاسیایی لە ئۆگەندا، کە خەڵکی وڵاتەکە نەبوون، ئەمین بەو کارەی وڵاتەکەی تووشی گێژاوێکی ئابووری کرد.

هەندێک لە دیکتاتۆرییەتەکان چەوسێنەری دڵڕەقن، بۆ نموونە، لە ماوەی دیکتاتۆرییەتی سەربازیی ئۆرۆگوای، لە سەردەمێکدا ئەو وڵاتە زۆرترین ڕێژەی سەدی لە زیندانیانی سیاسی لە جیهاندا هەبوو. هەرچەندە ئەو ئامارە بە بەراورد لەگەڵ نزیکەی یەک ملیۆن کەمبۆدی، کە لە سەردەمی حوکمڕانیی پۆڵ پۆتدا مردن کاڵ دەبێتەوە. هەروەها دڕندەییە بێماناکەی دیکتاتۆرییەتی سەدام حسێن لە عێراقدا زۆر بە باشی تۆمار کراوە. گۆڤاری فەڕەنسیی لی نۆڤل ئۆبسێرڤاتور گوتارێکی بڵاو کردبووەوە و ئاماژەی بە سەدام حسێن کردبوو وەک ”گەمژەیەکی تەواو” و ”پیاوکوژ” و ”دڕندە”. سەدام لە دادگا داوای لەسەر ئەو گۆڤارە تۆمار کرد کە ناویان زڕاندووە، بەڵام داواکەی دۆڕاند.

هەندێک دیکتاتۆر کاری نامۆ دەکەن، بۆ نموونە، ساپارمورات نیازۆڤی تورکمانستان، ناوی مانگ و ڕۆژەکانی هەفتەی بە ناوی خۆی و خێزانەکەی کردبوو. نیازۆڤ سەمای بالێی قەدەغە کرد، چونکە وای بینی کە جاڕسکەرە. زانینی زنجیرەوانەیەکی ڕوخنامە، کە کتێبێکی بیرکردنەوەی ئایینی بوو و نیازۆڤ نوسیبووی، مەرج بوو بۆ بەدەستهێنانی مۆڵەتی شوفێری. بە هەمان شێوە، دەڵێن کیم جۆنگ ئیل، سەرۆکی ڕژێمی دیکتاتۆریی کۆریای باکوور، پێڵاوی پانی بەرز لە پێ دەکات و قژی بۆ سەرەوە بەرز دەکاتەوە، بۆ ئەوەی درێژتر دیار بکەوێت. وەک بڵاوە، کیم بە شەمەندەفەری زرێپۆش سەفەر دەکات، لەبەر ئەوەی لە سواری فرۆکە دەترسێت و لە کاتی سەفەرکردنیدا، ڕۆژانە بە فڕۆکە قرژاڵی دەریایی بۆ دەهێنن و خواردنەکانیشی بە چیلکەی زیو دەخوات، چونکە لە کۆنەوە بڕوا وایە کە زیو ژەهر کەشف دەکات.

ئەو وێنانەی دەربارەی دیکتاتۆرەکان هەن، وەک ئەوانەی سەرەوە کە باسی چەند ڕژێمێک و سەرۆکەکانیان دەکەن، بە وردی باسی هەموو ڕژێمەکان ناکەن. لەگەڵ ئەوەشدا، دیکتاتۆرییەتی وەک عیدی ئەمینی ئۆگەندا هەیە، دیکتاتۆرییەتی وەک ئەوەی سەنگاپووریش هەیە، کە زۆربەی ڕۆژانی هەفتە وەک دیموکراسییەکی مۆدێرن دەردەکەوێت.

ئەو بەهەڵەتێگەیشتنە دەربارەی دیکتاتۆرییەتەکان هەر بەردەوامە، بەشێکی لەبەر ئەوەیە کە لە زانستە سیاسییەکاندا دیکتاتۆرییەتەکان کەمتر لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە وەک لە سیستەمە دیموکراسییەکان. بە گوتەی ستانلی جی پەین، ”ئەدەبیاتی سیاسی لەسەر ڕژێمە دەسەڵاتگەراییەکان زۆر سنووردار و لاوازترە لەچاو ئەوانەی لەسەر سیستەمە دیموکراسییەکان و ئەو سیستەمە پەرلەمانییانەی کە هەر بە ناو هەن”.

بەشێک لە هۆیەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە زۆر قورسە زانیاری لەسەر ڕژێمە دیکتاتۆریەکان کۆ بکرێتەوە، وەک پاوڵ ئێچ لویس دەنووسێت، ”لێکۆڵینەوە لەسەر سیستەمە دیکتاتۆرییەتەکان زۆر قورسترە لە هیی دیموکراسییەکان، چونکە سیاسەتەکانی ناوخۆی دیکتاتۆرییەتەکان بە ئەنقەست لە ڕای گشتی دەشاردرێنەوە. چاپەمەنی ئازاد نییە، ڕای جەماوەر ئازاد نییە، کێبرکێی ئاشکرای حزبی یان لۆبیکردن نییە”. بە هۆی سروشتی داخراوی دیکتاتۆرییەتەکان، وا دەردەکەوێت کە بەدەستهێنانی زانیاریی سیاسی زۆر زەحمەت بێت و سەرچاوە حکومییەکانیش جێی متمانە نەبن. بڵاوکراوە میدیاییەکان بە زۆری سانسۆر دەکرێن، پڕوپاگەندەی حکومەت زۆر بڵاوە و وردەکاری دەربارەی بەڕێوەبردنی حکومەت شاراوەیە.

ڕژێمە دەسەڵاتگەراییەکان بەرەنگارییەکی بێهاوتان بۆ ئێمە، لەبەر ئەو ڕاستییەی کە دەسەڵاتگەرایین. نموونەیەکی دیاری ئەوەش مەسەلەی لاوسە، کە دیکتاتۆرییەتێکی تاکحزبی فەرمانڕەوایی دەکات. بۆ چەندین ساڵ لە لاوس، تەنانەت ناسنامەی سەرکردەکانی حزبەکە نەزانراو بوون. لە هەندێک لە ڕژێمە دیکتاتۆرییەکاندا، بەدەستهێنانی ڕاستییە هەرە بنەڕەتییەکان دەربارەی ڕژێمەکە مەحاڵە. لەبەر ئەوە، تاقیکردنەوەی گریمانەکان لەسەر سیستەمی سیاسیی ڕژێمە دیکتاتۆریەکان، دەشێت کارێکی قورس بێت.

ئەم لێکۆڵینەوەیە هەوڵ دەدات زۆر لەو ئەفسانانەی کە ڕژێمە دیکتاتۆرییەکانی شاردبووەوە، بە درۆ بخاتەوە و ئەوە ڕوون بکاتەوە کە چۆن سیاسەتەکانی ئەو ڕژێمە دەسەڵاتگەراییانە بەڕێوە دەچن. بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە، ئەم لێکۆڵینەوەیە سەرجەم ئەو ئەدەبیاتانەی کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دەربارەی ڕژێمی دیکتاتۆری لە زیادبووندان، کۆ دەکاتەوە و لێیان دەکۆڵێتەوە. تیۆرییە کۆنباوەکان دەربارەی ڕژێمی دیکتاتۆری، لەگەڵ توێژینەوە پێشکەوتووەکان لەسەر ئەم ڕژێمانە لێک دەدەین، هەروەها گفتوگۆ لەسەر ئەو پۆلێنکردنە جیاوازانەی دیکتاتۆرییەت دەکەین کە لە ئەدەبیاتەکانیاندا جەختیان لەسەر کراوەتەوە، بەکارهێنانی ئەو پۆلێنکردنانە چۆن سەریان هەڵداوە. بۆ ئەوەی گفتوگۆکەمان ڕوون بکەینەوە، ژمارەیەکی زۆر لێکۆڵینەوەی ئەنجامدراو (Case Study) دەربارەی ناوچە جیاوازەکان لە جیهاندا دەخەینە ڕوو. ئەم لێکۆڵینەوەیە دەیەوێت لە ڕێی ئەو نموونە ڕاستەقینانەی دیکتاتۆرییەتەکانی جیهان، تیۆرییەکان بکاتە شتێکی ڕاستەقینە.

دەبێت سەرنجیش بۆ ئەوە ڕابکێشین کە لەم لێکۆڵینەوەیە، زاراوەکانی ڕژێمی دەسەڵاتگەرایی، نادیموکراسی، ئۆتۆکراسی و دیکتاتۆرییەت لە جێی یەکتر بەکار دەهێنین ئەگەر بە مانای تر بەکاریان نەهێنین. وێڕای ئەوەش، لێکۆڵینەوە لە پڕۆسەی سیاسی لە ژێردەستی دیکتاتۆرییەتەکان لە سەدەی بیست و دواتر دەکەین.

دوو خاڵی سەرەکی تێکهەڵکێشی سەرجەمی ئەم لێکۆڵینەوەیە دەکەین: یەکەمیان ئەوەیە دیکتاتۆرییەتەکان یەک جۆر نین و وەک یەک نین، دیکتاتۆرییەتەکان بە چەند لایەنێکی گرنگ لە یەکتر جیاوازن. هەروەک لە بەشەکانی داهاتوودا پیشانی دەدەین، ئەو جیاوازییانە کاریگەریی تەواویان لەسەر جۆرەکانی ئەو سیاسەتانە هەیە کە لێی پەیدا دەبن. خاڵی دووەم ئەوەیە دیکتاتۆرەکان لە دیکتاتۆرییەتەکان جیاوازن. ڕووخانی دیکتاتۆرێک هاوواتا نییە لەگەڵ ڕووخانی دیکتاتۆرییەتێک. لە ڕاستیدا ڕژێمە دەسەڵاتگەراییەکان بە زۆری دوای ڕووخانی فەرمانڕەواکانیان هەر دەمێنن. تیکەڵکردنی دیکتاتۆر لەگەڵ دیکتاتۆرییەت هەر بەهەڵەتێگەیشتنی لە مانەوەی دیکتاتۆر و مانەوەی ڕژێمی دیکتاتۆری لێ ناکەوێتەوە، بەڵکو بەهەڵەتێگەیشتنی لە ئەنجامە سیاسییە جۆراوجۆرەکانی تریشی لێ دەکەوێتەوە.

لەم لێکۆڵینەوەیەدا، لێکۆڵینەوە لەسەر پرسیارە سەرەکییەکان لە بواری سیاسەتی بەراوردکاری و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەکەین. بۆچی هەندێک جۆر لە دیکتاتۆرییەتەکان زیاتر شیاوی مانەوەن و ئەوانی تر زۆر ناسەقامگیرن؟ بە هەمان شێوە، بۆچی فەرمانڕەوایانی هەندێک لە دیکتاتۆرییەتەکان وا دەردەکەون کە بۆ هەتاهەتایی فەرمانڕەوایی بکەن، لە کاتێکدا فەرمانڕەوایانی تر بە ئاسانی دەڕووخێنرێن؟ بۆچی هەندێک لە دیکتاتۆرییەتەکان ڕەفتاری پێشبینینەکراو پیشان دەدەن، لە کاتێکدا دیکتاتۆرییەتەکانی تر دووربین و وریا و لەسەرخۆ دەردەکەون؟ لە ڕووی ئابوورییەوە، بۆچی هەندێک لە ڕژێمە دەسەڵاتگەراییەکان گەشەیەکی ئابووریی سەرسووڕهێنیان هەیە، لە کاتێکدا ڕژێمەکانی تر گیرۆدەی سستیی ئابووری و گەندەڵی دەبن؟ بۆچی هەندێک لە دیکتاتۆرییەتەکان شەڕانگێز و تینووی جەنگن، لە کاتێکدا ئەوانی تر زیاتر مەیلیان بە لای ئاشتیدایە؟

هەرچەندە هەندێک لەو پرسیارانە وەڵامی ڕوونیان هەیە، بەڵام ئەوانی تر هێشتا هەر زۆر بابەتی مشتومڕلەسەرکردنن. ئەم لێکۆڵینەوەیە ئەو بۆچوونە جیاوازانەی کە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە خراونە ڕوو لێک جیا دەکاتەوە و ئەو بۆچوونانەی پەیوەندییان بە پرسیارەکانەوە هەبێت گفتوگۆ لەسەر لایەنی لاوازی و بەهێزییان دەخاتە ڕوو.

سیاسەتی ڕژێمە دەسەڵاتگەراییەکان یەکێکە لەو بوارانەی زانستی سیاسی، کە زۆر بە کەمی لێی کۆڵراوەتەوە. بێگومان ئەوە ڕاستە، هەرچەندە زۆربەی دانیشتوانی سەر گۆی زەوی لەبن دەسەڵاتی جۆرێک لە جۆرەکانی فەرمانڕەوایی ڕژێمی دەسەڵاتگەراییدا دەژین و دیکتاتۆرییەتەکان هەرگیز نەبوونە شتێکی ڕابردوو. ئەم لێکۆڵینەوەیە تێگەیشتنمان زیاتر دەکات دەربارەی ئەوەی کە چۆن ڕژێمە دیکتاتۆرییەتەکان بەڕێوە دەچن، ئەویش لە ڕێی خستنەڕووی شیکردنەوەیەکی گشتگیر و تەواو دەربارەی سیاسەتەکانی ڕژێمە دەسەڵاتگەراییەکان. ئەم لێکۆڵینەوەیە هەمیشە بە بەرهەمێکی گرنگ دادەنرێت، چونکە حکومەت وەک شێوەیەکی بەردەوامبوونی ڕژێمی دەسەڵاتگەرایی دەخاتە ڕوو.

کورتەیەک دەربارەی ئەم کتێبە

بەشی یەکەم: سیاسەتی ڕژێمی دەسەڵاتگەرایی: پۆلێنکردنەکان
ئەم بەشە کورتەیەکی تەواوی ئەو ڕێگە جیاوازانەی کە دیکتاتۆرییەتەکانی پێ پۆلێن دەکرێت، لەو ئەدەبیاتە کۆنەی لەسەر ڕژێمی دەسەڵاتگەرایین و لە توێژینەوەی هاوچەرخیشیدا هەن، دەخاتە ڕوو. هەروەها ئەم بەشە پۆلێنکردنی ڕژێمە دەسەڵاتگەراییەکان کە لە بەشەکانی داهاتوودا بەکار دێن، دەخاتە ڕوو ــــ پۆلێنکردنی باربارا گیدیس.

باربارا گیدیس دیکتاتۆرییەتەکان پۆلێن دەکات وەک دیکتاتۆرییەتی سەربازی و دیکتاتۆرییەتی تاکحزبی، دیکتاتۆرییەتی تاکڕەوی یان دیکتاتۆرییەتێکی تێکەڵاو لە هەرسێکیان. ڕژێمی پادشایەتی بۆ پۆلێنەکەی گیدس زیاد دەکەین، بۆ ئەوەی وێنەیەکی تەواوتری دیکتاتۆرییەتە هاوچەرخەکانی دوای دووەم جەنگی جیهانی بخەینە ڕوو.

بەشی دووەم: هۆیەکانی دروستبوونی دیکتاتۆرییەت
ئەم بەشە لە هۆیەکانی دروستبوونی دیکتاتۆرییەت دەکۆڵێتەوە، لەو هۆکارانە دەکۆڵێتەوە کە دەبنە هۆی سەرهەڵدانی شێوە دیکتاتۆییەتەکانی حکومەت، کە پێچەوانەی سیستەمی دیمۆکراسین. پاشان باسی ئەوە دەکات کە بۆچی جۆرە جیاوازەکانی دیکتاتۆرییەتەکان سەر هەڵدەدەن و لە کوێ ئەو جۆرە دیکتاتۆرییەتانە زۆرترین شیاوی سەرهەڵدانیان هەیە، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر ئاڕاستە ناوچەییەکان لە دابەشبوونیاندا.

بەشی سێیەم: مانەوەی ڕژێمە دیکتاتۆرییەتەکان: ستراتیج و ئاڕاستەکان
ئەم بەشە کورتەیەک دەربارەی ئەو ستراتیجانەی کە دیکتاتۆرییەتەکان بۆ مانەوەی خۆیان بەکاری دەهێنن، دەخاتە ڕوو. هەروەها چۆن ئەو ستراتیجانە بەگوێرەی جۆری ڕژێمە دیکتاتۆرییەتەکان دەگۆڕێن بۆ ئەوەی کار بکەنە سەر تێکرای مانەوەیان. هەروەها ئەم بەشە لەو ڕۆڵەی کە هەڵبژاردنەکان و حزبە سیاسییەکان لە درێژکردنەوەی تەمەنی ڕژێمەکان دەیگێڕن، دەکۆڵێتەوە. لە کۆتاییدا ئەم بەشە لەوە دەکۆڵێتەوە کە چۆن و بۆچی دیکتاتۆرییەتەکان هەرەس دەهێنن.

بەشی چوارەم: مانەوەی دیکتاتۆرەکان: ستراتیج و ئاڕاستەکان
ئەم بەشە سەرنج دەخاتە سەر ئەو هۆکارانەی کە کار دەکەنە سەر مانەوەی سەرکردە دەسەڵاتگەراییەکان. لەو ستراتیجانە دەکۆڵێتەوە کە دیکتاتۆرەکان بۆ مانەوەیان لە دەسەڵاتدا بەکاری دەهێنن، پیشانیشی دەدات کە چۆن ئەو ستراتیجانە سنووردارن یان جۆری ئەو ڕژێمەی ئەو دیکتاتۆرانە فەرمانڕەوایی پێ دەکەن، کاری کردووەتە سەریان. پاشان ئەم بەشە گفتوگۆ لەسەر ئاڕاستەکانی تێکڕای مانەوەی ئەو دیکتاتۆرانە دەکات، پێش ئەوەی بچێتە سەر لێکۆڵینەوەی ئەوەی کە چۆن ئەو دیکتاتۆرانە لەسەر دەسەڵات لا دەدرێن.

بەشی پێنجەم: کودەتاکان
ئەم بەشە لە کودەتاکان دەکۆڵێتەوە. کودەتاکان شتێکی سەرەکین بۆ زۆر لایەنی سیاسەتی دەسەڵاتگەرایی، ئەو کودەتایانە بە زۆری وەک هێزێکی یاریدەدەرن لەپشت سەرهەڵدان و ڕووخانی ڕژێمە دەسەڵاتگەراییەکان، وێڕای دەسەڵات‌بەدەستەوەگرتن و لابردنی سەرکردە دەسەڵاتگەراییەکان. ئەم بەشە گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەکات کە بۆچی کودەتاکان ڕوو دەدەن، لە کوێ زۆر باون و ئەو هۆکارانە چین وایان لێ دەکەن پێشوەخت ڕوو بدەن.

بەشی شەشەم: دیکتاتۆرییەتەکان و بنبەستی سیاسی
ئەم بەشە سەرنج دەخاتە سەر ئەوەی چۆن جۆری ڕژێمە دەسەڵاتگەراییەکە کار دەکاتە سەر چەقبەستنی سیاسی یان چەند بە ئاسانی یان بە قورسی دەبێت ڕژێمەکە سیاسەتەکەی بگۆڕێت. کاتێک بۆ یاریکەرانی سەر شانۆی سیاسی قورس بێت کە ڕازی ببن بە گۆڕانکارییە سیاسییەکان، ئەوا دەرئەنجامەکانی سیاسەتەکە ساڵ دوای ساڵ وەک خۆیان دەمێننەوە. کاتێک بۆ یاریکەرانی سەر شانۆی سیاسی ئاسان بێت کە ڕازی ببن بە گۆڕانکارییە سیاسییەکان، ئەوا دەرئەنجامەکانی سیاسەتەکە ناجێگیر دەبن. ئەم بەشە گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەکات کە کام یاریکەر گرنگە بۆ پڕۆسەی داڕشتنی سیاسەت لە ڕژێمە دیکتاتۆریەکاندا و ئەوەش پیشان دەدات کە چۆن جۆرەکانی ڕژێم کار دەکەنە سەر تێگەیشتن و هەمەجۆریی ئەو بژاردە سیاسەتانەی یاریکەرەکان لایان پەسەندە.

بەشی حەوتەم: دیکتاتۆرییەتەکان و ئابووری
ئەم بەشە گفتوگۆ لەسەر ئەدەبیاتی دیموکراسی و دیکتاتۆرییەت و ئابووری دەکات، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە چۆن دامەزراوە سیاسییە خۆجێییەکان کار دەکەنە سەر ئەدا و گەشەی ئابووری. هەروەها ئەم بەشە لەو چالاکییەش دەکۆڵێتەوە کە دیکتاتۆرییەتە جیاوازەکان تێیدا کۆمەکی بیانی بەکار دەهێنن. لە کۆتاییدا لە ئارەزووی دیکتاتۆرییەتەکان بۆ تێوەگلان لە گەندەڵی دەکۆڵێتەوە و بە درێژی لە دیاردەی دەوڵەتە تاڵانکەرەکانیش دەکۆڵێتەوە.

بەشی هەشتەم: دیکتاتۆرییەتەکان و کێشەی نێودەوڵەتی
ئەم بەشە سەرنج دەخاتە سەر ئەوەی کە چۆن جۆری ڕژێمی دەسەڵاتگەرایی کار دەکاتە سەر ڕەفتاری کێشەی نێودەوڵەتی. هەروەها ئەم بەشە لەوە دەکۆڵێتەوە کە چۆن ئەو جۆرە هەواڵگرییە سەربازییەی دیکتاتۆرەکان لە ڕاوێژکارەکانیان وەری دەگرن، لە ڕژێمێکەوە بۆ یەکێکی تر دەگۆڕێت. ئەم بەشە ئەوەش پیشان دەدات کە هەواڵگریی لاواز پەیوەندیی بە سیاسەتی دەرەوەی هەڵەوە هەیە.

بەشی نۆیەم: دیکتاتۆرییەتە سەربازییەکان لە ئەمەریکای لاتین و دەوروبەری
ئەم بەشەیان گفتوگۆیەکی قووڵ لەسەر جۆرێکی تایبەت لە دیکتاتۆرییەت دەخاتە ڕوو: دیکتاتۆرییەتی سەربازی. پێناسەی دیکتاتۆرییەتە سەربازییەکان دەکات کە چین، لەو هۆکارانەش دەکۆڵێتەوە کە کار دەکەنە سەر بەردەوامبوونیان و توێژینەوەی تیۆریی گرنگیش تایبەت بەوان دەخاتە ڕوو. لە کۆتاییدا ئەم بەشە هەندێک لێکۆڵینەوەی ئەنجامدراو دەربارەی دیکتاتۆرییەتە سەربازییەکانی ئەمەریکای لاتین دەخاتە ڕوو، کە لەو کیشوەرە زۆر باون، وێڕای ئەوانەی تورکیا و تایلەند و نایجیریا.

بەشی دەیەم: دیکتاتۆرییەتە تاکحزبییەکان لە ئەورووپای ڕۆژهەڵات و ئاسیا و دەوروبەریان
ئەم بەشە لە دیکتاتۆرییەتە تاکحزبییەکان دەکۆڵێتەوە لەگەڵ شیکردنەوەیەکی ورد دەربارەی ئەو دیکتاتۆرییەتە تاکحزبیانە. هەندێک لێکۆڵینەوەی ئەنجامدراو لەسەر هەنگاریا، چیکۆسلۆڤاکیا، ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات، چین، مالیزیا، تایوان و مەکسیک دەخاتە ڕوو.

بەشی یازدەیەم: دیکتاتۆرییەتە تاکڕەوییەکان لە باشووری بیابانی ئەفریقا و دەوروبەری
ئەم بەشە تەرخان کراوە بۆ دیکتاتۆرییەتە تاکڕەوییەکان. پێش ئەوەی بچێتە سەر کۆمەڵە لێکۆڵینەوەیەکی ئەنجامدراو لەسەر دیکتاتۆرییەتەکانی باشووری بیابانی ئەفریقا (دیکتاتۆرییەتە تاکڕەوییەکان لە ئەفریقا زۆر باون)، گفتوگۆ لەسەر ڕوخسارە گرنگەکانی ئەم دیکتاتۆرییانە دەکات. هەروەها ئەم بەشە لێکۆڵینەوەیەکی ئەنجامدراو لەسەر دیکتاتۆرییەتی تاکڕەویی هایتی دەگرێتە خۆ.

بەشی دوازدە: دیکتاتۆرییەتە پادشاییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەوروبەری
ئەم بەشە گفتوگۆیەکی قووڵ لەسەر دیکتاتۆرییەتە پادشاییەکان دەخاتە ڕوو. هەندێک لێکۆڵینەوەی ئەنجامدراو لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە ناوچەیەکە بەرەو حوکمڕانیی پادشایی دەڕوات، بەکار دەهێنێت، وێڕای لێکۆڵینەوەیەکی ئەنجامدراو لەسەر سویسرا.

بەشی سیازدە: دیکتاتۆرییەتە دووڕەگەکان
ئەم بەشە کۆمەڵێک لێکۆڵینەوەی ئەنجامدراو لەسەر دیکتاتۆرییەتە دووڕەگەکان دەخاتە ڕوو، بۆ ئەوەی پیشانی بدات کە چۆن ئەو ڕژێمانە لە ڕژێمە تەواودەسەڵاتگەراییە هاوتاکانیان جیاوازن. بۆ نموونە، لێکۆڵینەوە ئەنجامدراوەکان لەسەر پاکستان، کووبا، ئیلسلڤادۆر و میسڕ سوودیان لێ وەرگیراوە.

لە بڵاوكراوەكانی زنجیرەی كتێبی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم

ناردن: