دوای تێپەڕینی 13 ساڵ بەسەر کۆچی دوایید، “چپەی ئەستێرەکان” حیکایەتەکانی نەجیب مەحفوز تەواو دەکات

ئامادەکردنی: باوکی ڕەهەند

دوای تێپەڕبوونی 13 ساڵ بەسەر کۆچی دواییدا، جارێکی دی ئەدیبی بەناوبانگی میسر نەجیب مەحفوز، دەگەڕێتەوە تا چیرۆکەکانی دەربارەی گەڕەک و چاخانە و کەسایەتییە پەراوێزخراوەکان بگێڕێتەوە. ئەم گەڕانەوەیە لە میانەی 18 چیرۆکدا بەرجەستە دەبێت کە پێشتر هیچ یەکێک لەو چیرۆکانە، لە هیچ کتێبێکیدا بڵاونەکراونەتەوە. ڕۆژنامەنوسی میسری “محەمەد شەعیر” چیرۆکەکانی کۆکردووەتەوەو لە کتێبێکی سەربەخۆو تازەدا بڵاویکردوونەتەوە.

ئەم کۆمەڵە چیرۆکە ناونیشانی “چپەی ئەستێرەکان”ی لەخۆگرتووە کە ناونیشانی یەکێکە لە 18چیرۆکەکەو لە بێروت و لەلایەن دار الساقی چاپ و بڵاوکراوەتەوە. مەحفوز پێشتر چیرۆکەکانی لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردو، لە یەکێک لە گۆڤارەکاندا بڵاوکردووەتەوە، وەلێ لەهیچ کتێبێکیدا کۆینەکردوونەتەوە، جگە لەوە چیرۆکێکی تازەو بڵاونەکراوی تێدایە کە رۆژنامەنوس “محەمەد شەعیر” لە بنەماڵەکەی مەحفوزەوە دەستی کەوتووە. لەم بارەیەوە دەڵێت: کاتێک کچەکەی نەجیب مەحفوز کە ناوی “ام کلسوم”ە، سندوقێکی بچوکی پێشکەشکردم، چەندین کاغەزی تایبەت بە مەحفەزی تێدابوو، هەستم بە خۆشییەکی هێجگار گەورە کرد، وەک ئەوەی خەریکە گۆڕستانێکی فیرعەونی دەدۆزمەوە. لەنێو کاغەزەکاندا، دۆسێیەکی تەواو هەبوو کە نزیکەی 40 کورتە چیرۆکی  لەخۆگرتبوو، ئەم چیرۆکانە لە سەروبەندی نووسینیاندا بڵاونەکراونەتەوە. نەجیب مەحفوز دوای چەند ساڵێک گەڕاوەتەوە بۆ لایان و لە گۆڤاری (نێف الدنیا) بڵاویکردوونەتەوە. بەڵام لەو ژمارە هەژدە دانەیان لە هیچ کتێبێکیدا بڵاونەکراونەتەوە.

بۆ ئەوەی هیچ گومانێک لەسەر ڕاستی و دروستی چیرۆکەکان نەبێت، رۆژنامەنوسە میسرییەکە، وێنەی دەستخەتی نەجیب مەحفوز کە چیرۆکەکانی پێنوسیوەتەوە، لەکتێبەکەدا بڵاوکردووەتەوەو دەستکاری هیچ ناونیشانێکی چیرۆکەکانیشی نەکردووە. هەندێک لە چیرۆکەکان ئەم ناونیشانەی لەخۆگرتووە: ڕاونان، کوڕی گەڕەک، پێشبینی مێرولەیەک، چپەی ئەستێرەکان، تەمەن یارییەکە، لەگەڵ چەند ناونیشانێکی دیکە.


سەرچاوە

www.aljazeera.net 4-3- 2019

ناردن: