ناوی كتێب: تەرمی نەناسێك  (پێنج كورتەچیرۆك)
نووسینی: ئازاد بەرزنجی
لێكۆڵینەوەی : عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی
چاپی دووەم: ٢٠١٦
نرخ: ٢ هەزار دینار
دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم

ئەم كتێبە پێنج كورتەچیرۆكی نووسەر و وەرگێڕ (ئازاد بەرزنجی) لەخۆدەگرێت كە لە ساڵانی نەوەدەكاندا نووسیونی و ساڵی ٢٠٠٤ بە تیراژی هەزار دانە چاپی یەكەمی كرا.

شایانی باسە ئەم چاپە نوێیە لێكۆڵینەوەیەكی درێژی سەبارەت بە چیرۆكەكان تیایە كە لە چاپی پێشوودا نەبووە و لێكۆڵینەوەكە لە نووسینی نووسەرو ڕەخنەگر مامۆستا ( عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی)یە.

ئەو لە لێكۆڵینەوەیەكەیدا سەبارەت بەم چیرۆكانە دەڵێت:
ئەم كۆمەڵەچیرۆكەی كە ئێستا قسەی لەسەر دەكەین، واتە (تەرمی نەناسێك)، پێنج چیرۆكی لەخۆ گرتووە:
1. مەملەكەتی سیسرك.
2. كەنارییە غەمگینەكە.
3. دەریاچەی “س”.
4.  تەرمی نەناسێك.
5. جاڵجاڵۆكە.

ئەم پێنج چیرۆكە لە یەك فەزای تایبەتیدا خۆ دەنوێنن، كەشوهەوایەك بەسەر هەموویاندا زاڵە و بووەتە هۆی ئەوەی خزمایەتییەكی نزیكیان هەبێت و خاوەنی چەند خەسڵەتێكی تایبەتی بن.

سەرچاوەیەكی دەرەكی لە پاڵ لەدایكبوونی ئەم چیرۆكانەدایە كە بریتییە لە دوو شت: یەكەمیان كتێب و خوێندنەوەی كتێب، بە تەواوەتییش كەشوهەوای نووسینەكانی كافكا و لە نێوانیشیاندا (بەدگۆڕانی كافكا)، بە شێوازێكی تایبەتتر چەمك و كەرەستەی (مەسخ)، سەرچاوەی دووەمیش ئەو گۆڕانكارییانەن كە دوای ڕاپەڕین بەدواوە بوونە هۆی گۆڕینی ژیانی كۆمەڵایەتی و سیاسی و فیكریمان، بە ڕووە سلبییەكانیانەوە، كە لەجیاتیی ئومێد، شكستیان بەدوای خۆیاندا هێنا، لەجیاتیی ئاسوودەیی شەڕی ناوخۆیان دروست كرد، لەجیاتیی بەدیهێنانی خەون، هەڵوەرینی خەونیان پیشان داین، بۆیە هیچ سەیر نەبوو ئەم وێنە كافكاییانە لەو سەردەمەدا بە هۆی كۆمەڵەچیرۆكێكی وەهاوە دزە بكەن و وردەوردە بێنە ناو پانتایی چیرۆكی كوردییەوە.

لەبڵاوكراوەكانی زنجیرەی كتێبی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم

ناردن: