نوسینی: تاهیر بن جەلوون
وەرگێڕانی: ئازاد بەزنجی

گفتوگۆ

چاپی یه‌که‌م
نرخ: تەنها 3000 دینار

ئێستا لە كتێبخانەكاندا دەستدەكەوێت


ئاخۆ تیرۆر چییە؟ كردەوەی تیرۆریستی لە مێژوودا كەی سەری هەڵدەوە؟ هۆكارەكانی چین؟ ئیسلامۆفۆبیا چییە؟ جیهادییەكان كێن و چۆن دروست دەبن؟ ئاخۆ هەموو توندوتیژی و تیرۆرێك ئایین لە پشتیەوەیەتی؟ پەیوەندی هەژاری و بێكاری و پەراوێزخستن بە تیرۆرەوە چییە؟ پەیوەندیی پەروەردە و فێركردن و ژینگەی خراپ و نا عەدالەتیی كۆمەڵایەتی بە لە پەرەدان بە توندوتیژیدا چییە؟ ڕۆڵی میدیا و سۆشیاڵ میدیا چییە لە ئاراستەكردنی منداڵان و لاوان بۆ كاری توندڕەوی و توندوتیژی؟

لەمكتێبەدا گفتوگۆ سەبارەت بەم پرسیارانە و گەلێ پرسیاری دیكەش دەكرێ.

تاهیر بن جەللون (١٩٤٤- )ی بە ڕەچەڵەک مەغریبی، کە بە فەرەنسی دەنووسێت، ناوێکی نامۆ نییە بە خوێنەران بەگشتی و بە خوێنەری کوردیش. ئەو لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە و دوای ئەوەی ڕووی کردە فەرەنساومەغریبی جێهێشت، دەستی بە بڵاوکردنەوەی چیرۆک و ڕۆمانەکانی کرد. بەر لە بڵاوبوونەوەی ڕۆمانەکانی، کۆمەڵێک وتاری بۆ ڕۆژنامەی “لۆمۆند” دەنووسی و پاشتریش دکتۆرای لە دەروونناسیی کۆمەڵایەتیدا هێنا، بەڵام خولیای سەرەکیی هەر ئەدەب و بەتایبەتییش چیرۆک و ڕۆماننووسین بوو. گەرچی یەکەمین ڕۆمانی “حەڕوودە”لە ساڵی ١٩٧٣دا بڵاو دەکاتەوە و بەدوایدا چەند ڕۆمانێکی تریش چاپ دەکات، بەڵام ڕۆمانی”شەوی قەدر” ١٩٨٧ بووە هۆی زیاتر ناساندن و ناوبانگی ئەو لە نێوەندی ڕۆشنبیری و لەناو خوێنەراندا، بەتایبەتییش کە ئەو ڕۆمانە خەڵاتی گۆنکۆری فەرەنسیی پێ بەخشرا، کە بە خەڵاتێکی گرنگ لەقەڵەم دەدرێ، نەک هەر لە فەرەنساو بەڵکو لە جیهانیشدا.

زۆربەی کارەکانی بن جەللون بەدەوری کێشە کۆمەڵایەتییەکانی مرۆڤی هاوچەرخدا دەسووڕێنەوە، لە نامۆبوونەوە تا ناعەدالەتیی کۆمەڵایەتی و پەیوەندییەکانی نێوان ژن و پیاو و کێشە ماددییەکانی مرۆڤەکان و سەرکوتکردن و بێبەشبوون لە ژیانێکی شایستە بە مرۆڤ.

لیستی کارەکانی بن جەللون لیستێکی درێژە، بەڵام لێرەدا ئاماژە بە ناوی هەندێ لە ڕۆمانەکانی دەدەین: “مناڵی لمەکان-١٩٨٥”، “ئەو تاریکییە درەوشاوەیە-٢٠٠٠”، “ڕۆژێکی بێدەنگ لە تەنجە”، “پیاوێکی تێکشکاو”(ئەم ڕۆمانەی لەلایەن وەرگێڕی ئەم کتێبەوە کراوە بە کوردی و دوو جار چاپ کراوەتەوە)، “پەناگەی هەژاران-١٩٩٩”، “دە شەو و حیکایەتخوانێک”،”شەوی قەدر”،”بەختەوەریی خێزانی”، “کۆچ” و “عەرزوحاڵچی”و هتد…

بن جەللون جگە لە ڕۆمان، کۆچیرۆک و شیعر و سێ کتێبی گفتوگۆئامێزیشی هەیە سەبارەت بە مەسەلە هەستیارەکانی ئەم سەردەمەمان، کە ئەمانەن:”ڕەگەزپەرستی وەک ئەوەی بۆ کچەکەمم شرۆڤە کرد”(ئەم کتێبە لەلایەن شاعیر و وەرگێڕ “خەبات عارف”ەوە، بەناونیشانی”ڕەگەزپەرستی چییە”وەکراوە بە کوردی و چاپ کراوە)، (ئیسلام وەک ئەوەی بۆ کچەکەمم شرۆڤە کرد) و (تیرۆریزم وەک ئەوەی بۆ کچەکەمم شرۆڤە کرد)، کە ئەم کتێبەی بەردەستتانە، بەڵام ناونیشانەکەیمان کردووە بە”بابە؛ تیرۆریزم چییە؟”.

تاهیر بن جەللون لەم سێ کتێبەدا و لەشێوەی گفتوگۆدا ویستوویەتی بە زمانێکی سادە و بۆ لاوان، سەبارەت بە هۆکارەکان و دەرکەوتەکان و ڕەهەندەکانی سێ مەسەلەی زۆر گرنگی ئەم سەردەمە بدوێت، کە ئەوانیش ڕەگەزپەرستی، ئیسلام و تیرۆرن.

ئێمە ئێستا لە سەردەمێکدا دەژیین کەم ڕۆژ هەیە هەواڵی کوشتن، یان کردەوەی تیرۆریستیی تیا نەبیستین و بگرە هەندێجار بە چاوی خۆشمان دەیبینین؛ تیرۆرێک کە ئەگەر بێتو کار بۆ بەرلێگرتنی نەکرێ، ئەوا دەبێتە سەرچاوەی مەترسی و هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر مرۆڤەکان و کۆمەڵگه‌کان و بگرە هەموو جیهان.

بەڵام ئاخۆ تیرۆر چییە؟ کردەوەی تیرۆریستی لە مێژوودا کەی سەری هەڵداوە؟ هۆکارەکانی چین؟ پەیوەندی لەنێوان توندڕەوی و توندوتیژی و تیرۆردا چییە؟ پەیوەندیی ڕەگەزپەرستی بە تیرۆرەوە چییە؟ پەیوەندیی نێوان ئایینەکان و بەتایبەتییش ئایینی ئیسلام و تیرۆر چییە؟ ئیسلامۆفۆبیا چییە؟ جیهادییەکان کێن و چۆن دروست دەبن؟ پەیوەندیی وەهابییەکان بە تیرۆرەوە چییە؟ ئایا پێویستە خوێندنەوەی تازە بۆ قورئان بکرێ؟ ئاخۆ هەموو توندوتیژی و تیرۆرێک ئایین لە پشتیەوەیەتی؟ پەیوەندیی هەژاری و بێکاری و پەراوێزخستن بە تیرۆرەوە چییە؟ پەیوەندیی پەروەردە و فێرکردن و ژینگەی خراپ و ناعەدالەتیی کۆمەڵایەتی بە لە پەرەدان بە توندوتیژیدا چییە؟ ئەو لاوانە کێن کە دەبنە تیرۆریست و بۆچی؟ ڕۆڵی میدیا و سۆشیال میدیا چییە لە ئاڕاستەکردنی مناڵان و لاوان بۆ کاری توندڕەوی و توندوتیژی؟

داعش چۆن دروست بوو و لاوانی ئەورووپی بۆ دەبن بە داعش؟ ئایا دەوڵەتی قانوون دەبێ چۆن ڕووبەڕووی ئەم دیاردەیە ببێتەوە؟ ئەی چارەسەر چییە؟

بن جەللون لەم کتێبەدا لەسەر ئەم پرسیارانە و گەلێ پرسیاری تر هەڵوەستە دەکات و لایەنە جۆربەجۆرەکانی ڕوون دەکاتەوە. بێگومان ئەو، چارەسەریش لە پراکتیزەکردنی سیستمی عەلمانیدا دەبینێتەوە و جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت و خۆڕۆشنبیرکردن و گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە پەروەردە و فێرکردن و مەنهەجەکانی خوێندندا بە هەموو قۆناغەکانیەوە و برەودان بە کاری فەرهەنگی و هونەریی مرۆگەرا. هەر بۆیە ئامۆژگاریی کچەکەشی دەکات کە لە خوێندن و خوێندنەوە و خۆڕۆشنبیرکردندا بەردەوام بێت و بچێت بۆ شانۆ و گوێ لە مۆسیقا بگرێت و وەکو کچێک فێربێت بەرگری لە مافەکانی خۆی بکات لە دنیایەکدا، کە بەشێکی زۆری ژنان لە مافەکانیان بێبەش کراون.

گەرچی ئەم کتێبە زیاتر ڕووی لەو عەرەبە کۆچبەرانەیە کە لە ئەورووپا دەژین، بەڵام لەڕاستیدا کتێبێکە، سەرەڕای قەوارە بچووکەکەی، پڕە لە زانیاری و ڕێنمایی بەهادار بۆ لاوان و پێویستە هەموو لاوێک بیخوێنێتەوە، تا بە هۆکار و لایەنەکانی دیاردەیەک ئاشنا بێت، کە لە ئێستادا بووەتە دیاردەیەکی ترسناک بۆ سەر مرۆڤایەتی بەگشتی، بەم کۆمەڵگه دواکەوتوانەی خۆرهەڵاتیشەوە.

لە بڵاوكراوەكانی زنجیرەی كتێبی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم

ناردن: