لەم كتێبەدا خوێنەر بە تەنها بەرەوڕووی ژیان و بنەما فكرییەكان و ڕەخنەی بەرهەمەكانی فەیلەسوفە گەورەكانی جیهان نابێتەوە، بەڵكو لەگەڵ ئاستی ئامادەبوون و شێوازی بەشداریكردنیان لەم ئەندێشتنەدا لە كۆمەڵگە مرۆییەكانی سەردەمی هاوچەرخدا ئاشنا دەبێت، شتێك كە هۆی سەرەكیی نوسینی ئەم كتێبە بوو.

نوسینی: برایان ڕێدهێد
وەرگێڕانی: فەرشید شەریفی
ئێستا لە كتێبخانەكاندا دەستدەكەوێت

له‌ بڵاوکراوه‌کانی زنجیره‌ی کتێبی ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م

پێشەکیی نووسه‌ر

برایان ڕێدهێد

مێژووی ئەندێشەی سیاسی بریتییە لە مێژوویەکی پڕ لە هەوڵ و تەقەلا بە درێژایی سەدەکانی ڕابوردوو بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە: بۆچی دەبێ من گوێڕایەڵی فەرمانەکانی حکومەت بم؟ ئەم پرسیارە هێشتاش وەک خۆی ماوەتەوە و گەلێک وەڵامی جۆراوجۆری پێ دراوەتەوە، لەوانە:
– وەڵامی پراگماتیکی (بەرژەوەندگەرایانە) : چونکە ئەگەر گوێڕایەڵ نەبم، تەفروتوونا دەبم.
– لە ڕوانگەی ویستی ئیلاهییەوە : چونکە ئەمە ویستی خوای گەورەیە.
– لە ڕوانگەی کۆمەڵایەتییەوە: چونکە لەم ڕێڕەوەدا من و حکومەت ڕێک کەوتووینە.
– لە ڕوانگەی متافیزیکییەوە: چونکە حکومەت ئاوێنەی بەدیهاتنی ئایدیاڵە ئاکارییەکانە.

هیچ کام لەم وەڵامانە وەک تاقە وەڵامی تەواوەتی و وەک خۆی نەماوەتەوە، هەرچەند هەندێکیان بۆ ماوەی چەند سەدە کارتێکەریی خۆیان پاراستووە. هەندێک لە وەڵامەکان بە یەکجاری لە یادەوەرییەکاندا سڕراونەتەوە بەڵام زۆربەیان هێشتاش لە هەندێک کۆمەڵگه‌دا کەمتازۆر بایەخی خۆیانیان هەیە.

بەشی هەرەزۆری مێژووی نووسراوی مرۆڤ دەیسەلمێنێت کە ئەم پرسیارە سەرنجی گەورەترین بیرمەندانی بە لای خۆیدا ڕاکێشاوە. ئەم وتارانەی لەم کتێبەدا دەیانخوێننەوە، لەخۆگری پوختەی ئەندێشەکانی دوانزە بیرمەندی گەورەی سەردەمانی کۆن و شەش بیرمەندی گەورەی ئەم سەدەیەی ئێستان. بێگومان نەبوونی چەند ناوێکی گەورە لەم کتێبەدا پرسیار لای خوێنەر دروست دەکات و ناونیشانی کتێبەکە تووشی سەرسووڕمانیان دەکات، بەڵام لە هەر گۆشەیەکی جیهاندا کە فەلسەفەی سیاسی بوترێتەوە، دەستەواژەی PLATO TO NATO وێردی سەرزاری سەرجەم خوێندکارانە و تا دێت زیاتریش دەبێت.

هەڵبژاردنی بیرمەندان یان بە واتایەکی تر ژمارەی ئەو بیرمەندانەی کە دەبوایە تاوتوێ بکرێن، بەپێی سنووردارێتیی چەند بەرنامەیەکی نیو کاتژمێریی دەزگای هەواڵ و زانیاریی بەریتانیا، واتە B.B.C. RADIO 4، ئەنجام دراون. کۆمسیۆنی پێوەندیدار بەم کارە شەش بەرنامەی نیو کاتژمێری و هەرکامە بۆ دوو بیرمەندی سەردەمانی کۆن و بەرنامەیەک بۆ دوو بیرمەندی سەدەی بیستەمی تەرخان کردبوو. ئەفلاتوون و ئەرەستۆ و سێنت ئاگۆستین و تۆماس ئاکویناس و هۆبز و لۆک خۆیان خۆیان هەڵبژارد و سڕینەوەی ناوی هەرکامەشیان بە ڕاستی ئەستەم بوو، یان لانیکەم من پێم وابوو ئەستەمە. هەروەها دانانی هەرکام لەم شەش کەسە بە شێوەی دوو کەس لە یەک بەرنامەدا کارێکی گەمژانە دەبوو.

زانایانی هاوچەرخ لەوانەیە وایان پێ باشتر بێت فیلمەر لە هەمبەر لۆک و تەنانەت هەرینگتۆن لە هەمبەر هۆبز قوت بکەنەوە، بەڵام هەر کەس بکەوێتە ناو ئەم بابەتەوە، دەزانێت کە باشتر وایە بە زلهێزەکانی ئەندێشە دەست پێ بکرێت. هەر بەپێی ئەم پێوەرەیە کە ماکیاڤێلی (هەرچەند فەیلەسوفێکی گەورە نییە) و ڕۆسۆ و مارکس خۆیان هەڵدەبژێررێن. کالڤین کەوتە پێشەوەی لۆتەر. هەڵبژاردنی میل بۆ خوێنەری ئینگلیزیزمان پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە، بەم پێیەش کە هەر کەسە و ڕۆژی خۆی دەگات ، ئادام سمیت هێندەی دێنا یادی بکرێتەوە.

بەڵام من نکۆڵی لەوە ناکەم کە هەندێک لەو کەسە گەورە و ناودارانەی کە ناویان لەم کتێبەدا نییە، بە ئاشکرا هەست بە نەبوونیان دەکرێت. یەکێک لە ئەندامانی کۆمسیۆن بە هاوارەوە تووڕەیی خۆی بەرامبەر وەلانانی سیسرۆن، بناغەدانەری کۆماریخوازی لە ڕۆژئاوا، دەربڕی. سیسرۆن نەک تەنها لە سەردەمی خۆیدا و لە سەردەمی سێنت ئاگۆستیندا گرینگیی ئێجگار زۆری هەبوو، بەڵکو تەنانەت ئەگەر چاوپۆشی لە ڕۆڵی گرینگی لە سەردەمی ڕێنسانسیشدا بکرێت، نکۆڵی لە کارتێکەریی بەرچاوی بەسەر بیری کۆماریخوازی لە بەریتانیا و ئەمه‌ریکای سەدەی حەڤدە و هەژدەدا ناکرێت. سەرجەمی مافی سروشتی و هەروەها تیۆری دەوڵەت وەک هۆکاری سەرەکیی پاراستنی موڵکایەتیی تایبەت لە فکری سیسرۆنەوە سەرچاوە دەگرن.

بە ڕای من، نەبوونی ناوی هێگڵ لەم کتێبەدا جێی داخە، بەڵام بیهێننە پێش چاوتان ئەگەر بمانەوێت لە بەرنامەیەکی پانزە خولەکیی ڕادیۆدا هێگڵ بناسێنین! هێگڵ دەڵێت:
بناغەی دەوڵەت لۆژیکە کە ئەویش لە ناو ئیرادەدا دەردەکەوێت. تاکەکانی مرۆڤ ئیرادەی پێکهێنانی دەوڵەت -کە لەگەڵ لۆژیکدا دێتەوە- دەکەن. دەوڵەت، لۆژیکە. ئەمە بیرکردنەوەی جیهانە کە بە شێوەیەکی ئاگایانە خۆی لە شێوەی دەوڵەتدا دەردەخات. دەوڵەت پراکتیزەکردنی ئایدیاڵە ئاکارییەکانە؛ پراکتیزەکردن، یەکگرتنەوەی “چییەتی” و “بوون”ە. تەنها لە کاتێکدا کە بیرکردنەوە لە هزری مرۆڤدا ئامادە دەبێت، کاتێک کە خۆی وەک ئۆبژەیەک دەناسێت، ئا لەو کاتەدا دەگۆڕرێت بە دەوڵەت.

گوێتان لەوەیە باسی دەکەم؟

دەوڵەت دواقۆناغی ڕەوتی دیالێکتیکییانەی مێژوو و بەدیهاتنی بنەما ئاکارییەکان و ئازادیی ڕەهایە. گۆڕانکاری لە دەوڵەتدا بە واتای گۆڕانکاریی خودئاگایی ڕەها و چەسپاندنی گەشەکەرانەی ئازادییە. دەوڵەت سووڕانەوەی خوایە لە سەر زەوی. دەوڵەت سەرجەمی ئەو شتەیە کە تاک بەشێکە لێی و بەبێ دەوڵەت هیچ واتایەکی نییە. لەبەر ئەوەی کە دەوڵەت هزرێکی ئۆبژێکتیڤیتە بووە، تاک بە تەنها وەک ئەندامێکی دەوڵەت فەردانییەتی ڕاستەقینە و ژیانی ئاکارییشی ئۆبژێکتیڤیتە دەبێت. لەبەر ئەوەش کە دەوڵەت لۆژیکە، مرۆڤ هەر بەها و نرخێکی هەبێت، ئەوە لە دەوڵەتەوە بە قەرز وەری دەگرێت. دەوڵەت بریتیی نییە لە گردبوونەوەی خەڵکانی پەرشوبڵاو کە بە شێوەیەکی دەسکرد لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکی ئاگایانەوە یەکیان گرتووە، بەڵکو ئەقڵانییەتێکی ئیلاهییە کە لە ڕێگە و لەپێناوی ئەو ئەقڵانییەتەدا ئەندامانی بوونیان هەیە.

دوای هێگڵ، دەتوانین بە ئاسانی لە مارکس تێبگەین. سەردەمانێک باو بوو کە بوترێت مارکس قوتابیی هێگڵ نەبوو، هێگڵ گرینگیی ئەوتۆی لە مێژووی سیاسیدا نەبوو، وەک چۆن دیک کراسمەن وتی: لە ڕاستیدا ئەمە بابەتێکی گشتپەسەندە بۆ تاقیکردنەوەکانی ناو پۆلەکانی زانکۆ. گشتپەسەند بۆ ئەو کەسانەی کە تێزەکانی زانکۆکان ڕێک دەخەن، نەک ئەو کەسانەی کە دەیاننووسنەوە. ئەمە بابەتێکە ئەوەندە دێنێ بخرێته‌ به‌ر پرسیار و وەڵام، چونکە سەرلەبەری دوائامانجی ئەندێشەی سیاسیی مارکس لەناوبردنی دەوڵەتە. دەوڵەت ئامرازێکە لە خەباتی چینایەتیدا و هیچی تر. مارکس دەڵێت: ڕەوتی بەردەوامی مێژوو کە بە ناچار کۆمەڵگه‌یەکی ناچینایەتیی لێ دەکەوێتەوە، دواجار لەناوچوونی دەوڵەتی لێ دەکەوێتەوە. بەڵام ئەگەر شۆڕش وڵاتێک و تەنانەت چەند وڵاتی گرتەوە، لە یەکەم هەنگاوی شۆڕشدا، ڕێبەرانی چینی کرێکار کە لە ئاخوڕی دەوڵەت دەخۆن، ماوەی ژیانی درێژ دەکەنەوە و نەک تەنها بۆ چۆکپێدانی بۆرژوازی ناوخۆ، بەڵکو بۆ بەرگریکردن لە دەوڵەتی شۆڕشگێڕانە لە هەمبەر دەستدرێژیی دەرەکی پێویستیان بە دەوڵەت دەبێت. بە ڕای مارکس، دەوڵەتی سۆسیالیستی کورتترین ڕێگە و دواقۆناغی دەوڵەتە، چونکە مزگێنیی قۆناغێکی درێژخایەنی تری لە مێژوودا پێیە. وەها دەوڵەتێک نموونەیەکی نوێی دەوڵەتی نەتەوەیی  -کە هەنگاوێکی ترە لە ڕەوتی دیالێکتیکییانەی مێژوو و دۆخێکی لە سەرووی دەوڵەتی نەتەوەگەراوە – پێشکەش دەکات. لەم دەوڵەتە سۆسیالیستییەدا پێوەندیی نێوان تاک و دەوڵەت ڕێک بە هەمان چەشنە کە هێگڵ باسی دەکات. ئەم دەوڵەتە لە خۆیدا کۆتایی پێ دێت و لەم دواقۆناغەدا تاک ئامرازێکە بۆ گەیشتن بە دەوڵەت.

با بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای قسەکانمان. لەوانەیە ئەم کتێبە ناوی هەندێک کەسی تێدا نەبێت، بەڵام بەگشتی، کۆی ئەم وتارانە کتێبێکی باشی لێ دەرچووە. ئەم وتارانە بە باشترین شێوە هەرکامە و ئەوی تریان تەواو دەکات و بە ئاسانی خۆی بە وتاری دواترەوە دەبەستێتەوە، لە هەمان کاتیشدا یەکچەشن و سوودبەخشن. تەنانەت ناونیشانی کتێبەکە هەرچەند سووک و سانا دێتە بەرچاو، بەڵام زۆر گونجاو و شیاوە. ئەم کتێبە بەگشتی هەوڵێکی پێویستە و دەبێ بدرێت، چونکە جۆرێکە لە سەرمایەگوزاری. هەر کەسێک کە لەبارەی مێژووی ئەندێشە سیاسییەکانەوە توێژینەوەی جیدی دەکات، بۆی دەردەکەوێت کە دەستی بە خەزێنەیەکی مسۆگەر ڕاگەیشتووە، نەک بە ئاگاییەکی زووتێپەڕ و کاتی. هەر ئەو کەسە ماوەیەکی زۆر دوای لەبیرکردنی دە هۆکارەکەی لەسێدارەدانی چارڵزی یەکەم ، تازە بیر لە تیۆری هۆبز دەکاتەوە لەبارەی مافی سروشتییەوە. من ژنانیش دەخەمە پاڵ ئەم قسەیە، چونکە پشکی ژنان لە سیاسەتدا بۆ ماوەیەکی ئێجگار زۆر نکۆڵیی لێ کراوە. مێژووی ئەندێشە سیاسییەکان بۆ ژن و پیاو نووسراونەتەوە. لە سەرلەبەری ئەم کتێبەدا لە هەر شوێنێکدا وشەی پیاو و پیاوان بەکار هێنراوە، مەبەست لە ڕەگەزی مرۆڤە و ئەگەریش پێتان باشترە، بە خەڵک تێی بگەن. مەبەست لە بەرنامەیەکی ڕادیۆیی ورووژاندنی حەز و ئارەزووە، مەبەست لەم وتارانەش نیشاندانی ڕێگه‌یە. ئەم کتێبە جۆرە پرۆڤەیەکی شێلگیرانەیە بۆ گەیاندنی خوێنەر بە دەق، بە خودی ئەو بابەتانەی کە بیرمەندان بە گەورەترین هزرەکان دەریان بڕیون. لەو کاتانەدا کە من دەستم بە وتنەوەی مێژووی ئەندێشە سیاسییەکان کرد، وا باو بوو بە خوێندکاران بڵێم تەنها دەقە سەرەکییەکان بخوێننەوە، نەک هیچی تر، کە دەتوانین بڵێین ئەنجامی ئەم کارەش تا ڕادەیەک باش و سەرکەوتوانە بوو. ئەم کارە بوێرییەکی منداڵانە بوو. زۆرێک لە ئێمە پێویستمان بە چەند وشەیەک پێشەکی هەیە، نەک لەبەر ئەوەی کە لە یەکەم ڕووبەڕووبوونەوەماندا لەگەڵ ئەندێشەی بیرمەندان لێیان تێناگەین، بەڵکو لەبەر ئەوەی کە دەترسێین ڕەنگە نەتوانین لێیان تێبگەین. هێندەی پێویست بە ئازایەتی دەکات، هێندە پێویست بە هزر (شعوور) نییە تا کەسێک بە دەنگی بەرز ئەم پرسیارە بکات: ئەفلاتوون چی دەڵێت؟

ئەفلاتوون دەڵێت دوو جۆر جیهان هەن: یەکێکیان جیهانی مەعناکان (ئایدیاکان)  کە هەرمان و نەگۆڕە، ئەوی تریان جیهانی (بیچم)  کە تێپەڕە و دەرکەوتنە جۆراوجۆرەکانی مەعنا نیشان دەدات. بیچمە بینراو و هەستپێکراوەکان کە بە بڕێک چاوپۆشیکردن لە لێکدانەوەدا، بە ڕاستەقینە (واقیعی) ناودێر دەکرێن، دەکرێت لە ڕێگەی هزر (فکر)ەوە درکیان پێ بکرێت. مەعناکان (ئایدیاکان) کە واقعییەتی ڕاستەقینەن، تەنها لە ڕێگەی هۆش و ئەقڵەوە دەکرێت درکیان پێ بکرێت. بە ڕای ئەفلاتوون، مەعریفە، تێگەیشتنی ڕاستەقینەیە لەباره‌ی جیهانی مەعناکانه‌وه‌. زۆربەی خەڵک خۆشحاڵن بەوەی کە لە جیهانی بیچمەکاندا دەژین، جیهانێک کە جیهانی تەسەور و گومانە، بەڵام بە یارمەتیی فێرکاری، ئەو کەسانەی کە گیانیان نەزمێکی وای بەخۆوە گرتووە کە تێکەڵ بە هۆش و ئەقڵ -نەک شەهوەت و حەزە مادییەکان- بووە، دەتوانن بچنە ناو جیهانی مەعناکانەوە کە جیهانی ڕاستەقینەی مەعریفە و تێگەیشتنە. ئەوە فەیلەسوفانن کە هەوڵی ناسینی سەرپاکی حەقیقەت و واقعییەت و درکپێکردنی نەک تەنها غایەتی مرۆڤ یان هەموو شتە چاکەکان، بەڵکو هەوڵی ناسینی خودی «چاک»یش دەدەن کە دواهۆکاری هەموو شتێکە جیهاندا. فەرمانڕەوایی دەبێ بۆ ئەوان بێت، چونکە بە ڕای ئەفلاتوون بەبێ بوونی تەسەورێک لەسەر «چاک» لە هزردا کە فەرمانڕەوای جیهانی نابەرهەست و هەڵقوڵاوی هۆش و ڕاستییە، «هیچ کەسێک» ناتوانێت بە پشتبەستن بە ئەقڵ چ لە بواری ژیانی خۆیدا و چ لە بواری دەوڵەتدا هیچ کارێک ئەنجام بدات.

ئەرەستۆ ناوێرێت تیۆری ئەفلاتوون لە بواری هەرمانێتی و نەگۆڕێتیی مەعنادا، کە جیا لە بیچم، واتە بیچمگەلێکی تێپەڕ و ڕەنگدانەوەگەلی نزیک لە مەعناکان بێت، قبوڵ بکات. بە پێچەوانەوە، لەو باوەڕەدایە کە مەعناکان، بە جیا لە شتە بینراو و هەستپێکراوەکان، بوونیان نییە، بەڵکو زۆر جار سروشتی سەرەکیی هەر شتێک ئەو مەعنایەیە کە تیایدایە. ئەم مەعنا یان بیچمە، بەردەوام هەوڵ دەدات خۆی لە گەشە و گۆڕانکاریی «شی‌و»دا بکات بە واقعییەت، کاتێکیش سەرکەوتوو دەبێت کە ئەم گەشەکردنە کامڵ ببێت. سروشتی سەرەکیی هەر شتێک، غایەتی ئەو شتە یان «دوائامانج»ە کە ئەو سروشتە کامڵ و سوودبەخش دەکات. بەپێی لۆژیک، غایەتی «شی‌و» لە پێش خۆیەتی، چونکە بە پێشگریمانەیەک بۆ حەقیقەتی ژیان و سەرجەمی “بوون”ی دێتە ئەژمار. بەڵام ئەرەستۆ ناتوانێت لە بواری دوائامانجدا  تێڕامان بکات، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەو ئامرازانەی کە دەبنە هۆی بەدیهاتنی. ئەو هیچ ڕێگه‌یەکی هەڵاتن لە جیهانی بینراو و هەستپێکراوەوە بەدی ناکات، چونکە ناتوانێت ئامرازەکان لە مەبەستەکان جیا بکاتەوە. لە ڕاستیدا ئەم پرسانە هەرگیز قابیلی لێکجیاکردنەوە نین، چونکە هەرکامەیان هۆکاری هاتنەدیی ئەوی تریانە. ئەرەستۆ کاتێک لەو شێوازەی کە خەڵک بۆ تێگەیشتنی پرسەکان گرتوویانەتە بەر، ورد بووەوە، خۆشحاڵ بوو لەوەی کە توانیی لەجیاتیی باشترین ڕێگەچارەی گونجاو، کەماڵی دڵخواز پێشکەش بکات. لەم واتایەدا بە ڕای من، ناونیشانی بناغەدانەری ئەندێشەی سیاسی زیاتر شیاوی ئەرەستۆیە نەک ئەفلاتوون. ئەفلاتوون کەسێکی شاعیرە و ئەرەستۆ بیرمەندێکی زانستی سیاسی. ئەفلاتوون بەرەو ئایین ڕێنماییمان دەکات و ئەرەستۆ ڕێنیشاندەرێکی باشترە بەرەو سیاسەت. ئاگۆستین دەبوایە بەبێ ئەرەستۆ درێژەی بە ڕێگه‌کەی دابایە. بەرهەمەکانی ئەم فەیلەسوفە (واتە ئەرەستۆ) کە لە ڕۆژئاوادا گیرسابوونەوە، لە ڕێڕەوی سەرەکی لایان دابوو و دەبوایە ئەم پیاوە ئایینییە (واتە ئاگۆستین) بۆ تێگەیشتنەکانی، ئاوڕ لە ئەفلاتوون و مەسیح بداتەوە. ئاگۆستین باوەڕی بە دوو جۆر شار هەیە. یەکێکیان شاری خوا (ئاسمانی) و ئەوی تریان شاری زەوی. شاری خوا تەنها ڕەهەندی ئەفلاکیی نییە، چونکە هەندێک لە دانیشتوانی جاروبار و بە شێوەی کاتی سەردانی زەوی دەکەن. شاری زەوی تایبەت بە دانیشتوانی زەوی نییە، چونکە ژمارەیەک لە هاووڵاتییەکانی سەر بە مەلەکووتن. شاری خوا، شاری ڕاستی و دادپەروەرییە. بە باوەڕی ئاگۆستین، هاوشێوەی ئەفلاتوون، دادپەروەری پرسێکی ئاکارییە نەک پرسێکی یاسایی. بۆچوونی ئەم دوو فەیلەسوفە لەسەر دادپەروەری، وەک ئامرازی ڕێکخستنی پێوەندییەکان، بریتییە لەوەی کە هەر کەسە و خۆی بە کاروبارێکەوە خەریک بکات کە بە ڕاستی بۆی خوڵقێنراوە. بەڵام لە کاتێکدا کە ئەفلاتوون گرینگی بە ڕێکخستنی پێوەندیی نێوان تاکەکانی مرۆڤ دەدات، ئاگۆستین گرینگی بە پێوەندیی دروستی نێوان مرۆڤ و خوا دەدات.

غایەتی دروست و ڕاست لای مرۆڤ، پێملبوونی فەرمانەکانی خوایە. هێندەی دادپەروەری دەخوازێت ویستی خوا بەسەر چارەنووسی مرۆڤدا زاڵ بێت، مرۆڤیش بە هەمان شێوە دەبێ بەسەر نەفسی خۆیدا زاڵ بێت. کەواتە شاری خوا بریتییە لە کۆمەڵگه‌یەکی ڕاست و دروست کە پێک هاتووە لە زاتی خوای گەورە و فریشتەکانی و هەموو دەستوپێوەندە ئاسمانییەکانی و هەروەها ئەو کەسە دادپەروەرانەی کە بە شێوەی کاتیی لە زەویدا نیشتەجێ بوونە. بەڵام ئەم شارە سەرلەبەری گەردوون ناگرێتەوە، چونکە ڕێگە بە چوونەناوەوەی ستەمکاران (واتە فریشتە دەرکراوەکان، ڕۆحە ستەمکارەکان، تاکە زاڵمەکانی سەر ڕووی زەوی) نادات. ئەمانە شارۆمەندانی شاری زەوین کە لەگەڵ هیچ یەک لە کۆمەڵگه‌ پێکهاتووەکانی سەر ڕووی زەویدا نایەنەوە: شتێک لە سەروویانەوەیە، چونکە فریشتەکان و تاکەکانی مرۆڤ ناگرێتەوە. شتێک لەوان کەمترە، چونکە ئەو دادپەروەرە ئاسمانییانە ناگرێتەوە کە نیشتەجێی زەوین. ئەم شارەش هاوشێوەی شاری خوا، شارێکی یۆتۆپیاییە. ئەم شارە هاوشێوەی دەوڵەت نییە، چونکە دەوڵەت شتێکی کاتییە و هەرمان نییە. شارۆمەندانی شاری خوا دەبێ لە کاتی نیشتەجێبوونیان لە سەر زەوی خۆیان لە شێوەی سەردانکەران (زیارەتکەران) یان کەسانی نامۆدا دەربخەن. ئەوان دەبێ گوێڕایەڵی فەرمانەکانی دەوڵەت بن، چونکە دەوڵەت ئەرکێکی گونجاو و سوودبەخش جێبەجێ دەکات، ئەویش بریتییە لە پاراستنی ئارامی لە سەر زەوی، بەڵام ئەم دەوڵەتە جێی شاری خوا -کە مەبەستی خیلقەت و تاقە کۆمەڵگه‌ی غائییە- ناگرێتەوە.

لەگەڵ “ئاکویناس”دا دەگەڕێینەوە بۆ لای ئەرەستۆ، یان بە واتایەکی تر، بە یارمەتیی عەرەبەکان ئەرەستۆ دەگەڕێتەوە لامان. ئاکویناس ئەم ئەرکە گرینگەی گرتە بەر کە فێرکارییەکانی کڵێسە و ئەرەستۆ پێکەوە بگونجێنێت. هەرچەند ئاگۆستین هاوشێوەی ئاکویناس پێی وایە مەبەستی غایی مرۆڤ گەیشتنە بە دوامەنزڵ (دنیای ئاخرەت)، بەڵام بە پێچەوانەی ئەو، پێی وانییە بوونی ئەم جیهانە، وەک پێویست دەرەنجامی تاوانەکانی مرۆڤە و شوێنێکە کە دەبێ تاکی باوەڕدار وەک سەردانکەر (زیارەتکەر) پێیدا بڕوات. سەبارەت بە بەختەوەریی کاتی وەک غایەتی ژیانی مرۆڤ لەم جیهانەدا، هاوڕایە لەگەڵ ئەرەستۆدا و وەک پرسێک کە لەم جیهانەدا کۆتایی دێت، قبوڵی دەکات. بەڵام بەختەوەریی هەتایی کە تەنها لەو جیهاندا دەکرێت دەستەبەر ببێت، بە دواغایەتی باڵای مرۆڤەوە بەستراوەتەوە. غایەتی کاتیی مرۆڤ تەنها شوێن غایەتە باڵاکەی ناکەوێت، بەڵکو دەبێ خۆی بەرەو غایەتێکی باڵاتر هەنگاو باوێت. سیاسەت بوار بۆ دەستەبەرکردنی غایەتی کاتی دەڕەخسێنێت و هەمیشە دەبێ بە ئاڕاستەی غایەتی باڵای مرۆڤ بجووڵێتەوە. دەوڵەت پێگەیەکی لە ناو نەزمی ئیلاهیدا هەیە و هەر کاتێک پێویست بکات کە پێڕەوی لە ئاکاری سروشتیی بکات، دەبێ ئەو کارە بکات. مافی سروشتی یان یاسای سروشت چەمکێکە هەر لە پێش مەسیحییەته‌وه‌ هەبووە. ئەمە چەمکێکی گشتییە کە لە ڕێگەی ئەقڵەوە وێنا کراوە. یەکەم فەیلەسوفان لە بۆچوونەکانیاندا سەبارەت بە سەقامگیربوونی نەزم، درکیان بە بوونی ئەو هێزە ئەکتیڤە سروشتییانە کرد کە دەبنە هۆی گەشەکردنی هاوتەریبی ئەو ئۆرگانیزمە  زیندوانەی کە ئەوان لە هزریاندا وێنایان دەکرد، بەم دەرەنجامەش گەیشتن کە دەبێ هەندێک لەم هێزانە کۆنترۆڵی جووڵە و گۆڕانکارییەکانی جیهانی مادییان لە دەستدا بێت. ئەم جۆرە هێزانەیان بە سروشت ناودێر کرد. لە هەمان کاتدا لە هەندێک لە بۆچوونەکانیاندا سەبارەت بە مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی ئەقڵانی، توانییان کۆمەڵێک ڕێسای گشتیی پێوەندیدار بە پێکهاتەی ئاکاری و جەستەیی بەدی بکەن و هاتنە سەر ئەو باوەڕە کە ئەم ڕێسایانە بە هۆی مەبەستگەلێکی ئاوەزمەندانەوە ڕێک خراون. ناوی ئەم کۆمەڵە ڕێسایەیان نا ئیرادەی ئەقڵانی. پاش ناسینی ئەقڵ وەک پرەنسیپێکی هەماهەنگکەر لە ناو مرۆڤدا، هاتنە سەر ئەو ڕایە کە سروشت هێزێکی ئاوەزمەندانەیە بۆ فۆرمولەکردنی دیاردەکان لە چوارچێوەی نەزمداری خۆیدا بەرەو ئامانجگەلی دیاریکراو. کەواتە کاتێک فەیلەسوفانی یۆنانی دەستیان کرد بە ڕادەربڕین سەبارەت بە کۆمەڵگه‌ مرۆییەکان و زانییان کە دەبێ هەندێک یاسا و ڕێسا لە ناو خێڵ و هۆزەکان و نەژادە جۆراوجۆرەکاندا دابڕێژرێت، بەم دەرەنجامە گەیشتن کە ئەم یاسا و ڕێسایانە دەبێ سروشتی بن؛ واتە بەرهەمی پرەنسیپگەلێکی ئاوەزمەندانە کە ڕێنمای مرۆڤ بن. ئەوان بۆچوونەکانی خۆیان سەبارەت بە کۆمەڵگه‌ مرۆییەکان، لە چوارچێوەی تیۆرەکانی پێوەندیدار بە یاساکاندا گونجاند. هەندێک لەم یاسایانە لە سەرجەم کۆمەڵگه‌کاندا گشتییەتییان هەبوو و هەندێکی تریان تایبەت بە کۆمەڵگه‌گەلێکی تایبەت بوون و پاش ئەنجامگیری لەسەر ئەو بنەمایە، هاتنە سەر ئەو ڕایەی کە یاساگەلێک کە لە هەموو کۆمەڵگه‌کاندا گشتییەتییان هەیە، دەبێ حەتمەن سروشتی بن، چونکە بە ڕواڵەت لە هێزی ئەقڵ و ئاکاری خودی مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرن. لە ڕوانگەی ئەم فەیلەسوفانەوە، ئەم جۆرە یاسایانە کە تایبەتن بە مرۆڤ، لە پێش یاسا تایبەتەکانی کۆمەڵگه‌ تایبەتەکانەوە هزرێنراون و نووسراونەتەوە. ئەوان لەو باوەڕەدا بوون کە یاساگەلی لەم چەشنە لە لایەن سروشت و هێزە زاڵەکانی جیهانەوە دەسەپێنرێن و بە یاساگەلێک کە سروشت بۆ ڕەگەزی مرۆڤ دای ڕشتوون یان یاساگەلی سروشت یان مافی سروشتی ناودێریان کردن.

بە ڕای ئاکویناس، مافی سروشتی بەشێکە لە یاساگەلی ئیلاهی کە مرۆڤ دەتوانێت بە یارمەتیی ئەقڵی خۆی لێی تێبگات. ئاکویناس باس لە چوار جۆر لەم یاسایانە دەکات: یەکەم یاساگەلێکی هەرمان کە لە پێش ئەوانی ترەوەن، دووەم ئەقڵی ئیلاهی کە تەنها لە ڕێگەی زاتی خوای گەورەوە دەشێت بە تەواوەتی درکی پێ بکرێت. پاشان ماف (یان یاسا) سروشتییەکان کە ڕێژەیەکی یاسا هەرمانەکانیان تێدایە و لە ڕێگەی هێزی ئەقڵی مرۆڤەوە قابیلی درکپێکردنن. سێیەم، یاسا مرۆییەکانن کە لە ماف (یان یاسا) سروشتییەکانەوە سەرچاوە دەگرن و لە چوارچێوەی دەوڵەتدا کورت دەکرێنەوە. کەواتە یاسا ئەرێنییەکانی دەوڵەت لەگەڵ مافە سروشتییەکان و دوای ئەوەش لەگەڵ یاسا هەرمانەکاندا دێنەوە و هەر کاتێک ئەم هاتنەوەیە لەگەڵ مافە سروشتییەکاندا لە ئارادا نەبێت، بە ڕای ئاکویناس، بەگشتی ناتوانرێت ناوی یاسایان لێ بنرێت و ئەگەریش بە یاسا نەیەنە ئەژمار، پێویست ناکات پێملیان بین. لە ڕاستیدا ئەو لەوەش تێدەپەڕێنێت و پێی وایە ڕوخاندنی حکومەتێکی دیکتاتۆری بە ئاژاوەگێڕی نایەتە ئەژمار. چوارەمین جۆری یاساکان لای ئەو، یاسا ئیلاهییەکانن کە خوا دەیانخاتە بەردەمی مرۆڤ تا بەرەو غایەتی باڵا و بەختەوەریی هەتایی ڕێنمایی بکەن. ئەم بەشەی یاساکان بە شێوەیەکن کە مرۆڤ بە تەنها لە ڕێگەی هێزی ئەقڵەوە ناتوانێت درکیان پێ بکات. ئاکویناس دەڵێت: «هەموو ئەو شتەی کە مرۆڤ هەیەتی، یان هەیە، نابێتە بابەتی ئەرکی سیاسیی ئەو؛ بەڵام مرۆڤ هەرچییەک هەیە یان هەموو ئەو شتەی کە هەیەتی و ئەو شتەی کە دەتوانێت ببێت، دەبێ بە جۆرێک لە جۆرەکان پێوەندیی لەگەڵ خوادا هەبێت». ئەمە وتەیەکی شۆڕشگێڕانەیە.

بۆ تێکشکاندنی سەنگەری مافی سروشتی، بوونی ماکیاڤێلی پێویست بوو. ماکیاڤێلی هەموو هەوڵی خۆی بۆ ئەو شتە تەرخان دەکات کە مرۆڤ بە کردەوە دەتوانێت بیکات. ماکیاڤێلی هیچ باوەڕی بە دەسەڵاتی ڕەوا (مەشروع) نییە کە گوایە خەڵاتێکی ئیلاهی بێت، بە پێچەوانەوە، پێی وایە دەسەڵات هیی کەسانێکە توانای جێبەجێکردنیان هەیە. دەبێ فەرمانڕەوا دەسبەجێ وەڵامدەرەوەی کردەوەکانی خۆی بێت و تاکە تاوانیش کەمتەرخەمییە. دەشڵێت هەرگیز نابێ شازادە ترسی لە نائاکاریبوونی کارێک هەبێت کە ئەنجامی دەدات ئەگەر تاکە ڕێگه‌ی سەرکەوتن بێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە پێویستی دەزانێت ڕەچاوی تەقوا بکات، چونکە مەرجێکی پێویستی تری سەرکەوتنە. وا باشترە بە نیازپاکی فەرمانڕەوایی بکرێت نەک بە دەسەڵات، بەڵام ئەولەوییەتی ئەمە لەبەر ئاکاریبوونی نییە، بەڵکو لەبەر ئەوەیە کە لەم ڕێگەیەوە ئەگەری سەرکەوتن زیاترە. هیچ حکومەتێک بەبێ نیازپاکی، خەڵکانی ژێردەستی ئاسایشیان نابێت. بەڵام هەرچەنده‌ ماکیاڤێلی ئێجگار مەسڵەحەتگەرا دەهاتە پێشچاو، لە هەمان کاتدا هەم کەسێکی خورافی و هەم خوانەپه‌رست بوو و باوەڕێکی ئێجگار بەهێزی بە فەزیلەتی حکومەتی کۆماریخوازیی ڕۆم هەبوو، بەبێ ئەوەی کە ئەم باوەڕمەندییەی بەڵگە و ئەرگۆمێنتی ئەوتۆی لە پشتەوە بێت. کاتێک هەڵبژاردنی مرۆڤ بە هۆی هەندێک هۆکارەوە لە دەرەوەی بازنەی کۆنترۆڵیدا دەبێت و کاتێک کە ڕووداوە جۆراوجۆرەکان بۆی هەڵدەبژێرن، ماکیاڤێلی هۆکاری ئەم ڕووداوانە دەگەڕێنێتەوە بۆ بەخت و شانس. بە باوەڕی ماکیاڤێلی، بەخت و شانس حاڵەتێکی ڕۆحیی زووتێپەڕە کە پێدەچێت بە تەنها حاڵەتێکی قەسالین (مەجازی)ی کۆڵەکەیەکی ناجێگیر لە ژیاندا نەبێت، بەڵکو چییەتییەکی تێکەڵ بە جۆشوخرۆش و سۆز و ئەدگارە مرۆییەکانە.

کالڤین و هۆبز و لۆک هیچ کامیان خۆیان بە وەها یارییەکەوە سەرقاڵ ناکەن. ئەوان دەگەڕێنەوە بۆ ماف. بەڵام کاتێک دەرکەوتەکانی مافی سروشتی لە چاخەکانی ناوەڕاستدا بە خوا و یاسا و ئەرک دەست پێ دەکات، هۆبز بە مرۆڤ و ئازادی و ماف دەست پێ دەکات. هۆبز لە ڕێگەی وردبوونەوە لە کەفوکوڵ و هەستەکانی مرۆڤەوە دەست بە دۆزینەوەی سەرچاوەی ئیرادە دەکات. ئەم ئیرادەیە پرسێکی ڕەهایە، چونکە نە بە ڕێساگەلەوە بەستراوەتەوە و نە بەرەو هیچ غایەتێک ڕێنمایی دەکات؛ سەربەستە، هەم لە کۆتوبەندی ماف و هەم لە ئەرک (تەکلیف). ئەم سەربەستییە مافی سروشتی و ئازادیی مرۆڤە کە بە مەبەستی پاراستنی ژیان، وزەی خۆی بە هەمان شێوە دەخاتە گەڕ بۆ دابینکردنی کە خۆی ئیرادەی دەکات. ئەم ئازادییە ڕاستەوخۆ لە ئیرادەی تاکەوە سەرچاوە دەگرێت و هیچ پێوەندیی بە یاسایەکی باڵاتر یان لۆژیکەوە نییە. نە یاسا و نە لۆژیک هیچ کامیان ناتوانن مافی ئاوه‌ها دەستەبەر بکەن. مرۆڤ هەوڵ دەدات بەو شتە بگات کە ئیرادەی دەکات، بەڵام سەرکەوتنی هەموو تاکێک دژایەتیی لەگەڵ کرداری ئیرادەکراوی تاکەکانی دیکەدا هەیە. هەموو خەڵک بۆ گەیشتن بەو شتەی کە ئیرادەی دەکەن، ڕکابەرایەتیی یەکتری دەکەن. مافی سروشتیی مرۆڤ، نەک تەنها ئازادیی ئەو، بۆ گەیشتن بەو شتەی کە ئیرادەی دەکات لەخۆ دەگرێت، بەڵکو لەگەڵ ئەوەشدا وا دەخوازێت دەست بداتە ڕێکخستنی زنجیرە حەقیقەتگەلێکی گشتی لە ڕێگەی هەڵێنجانەوە سەبارەت بە شێوازی گەیشتن بەو شتەی کە ئیرادەی دەکات، ئەم هەڵێنجانە وا دەکات مرۆڤ بتوانێت ڕێساگەلێکی گشتی ڕێک بخات کە لە ڕێگەیانەوە بەرامبەر هەموو ئەو شتانەی کە دەبنە هۆی گەندەڵبوونی، پارێزگاریی لێ بکەن. ئەم ڕێسایە بنەمایەکی گشتییە لە مافی سروشتیدا و بەو واتایەشە کە دەبێ مرۆڤ هەوڵی دەستەبەرکردنی ئاشتی و ئارامی و تەبایی بدات وەک تاکە شێوازی گونجاوی پارێزگاریکردن لە نەفسی خۆی. ئەم یاسایە یاسایەکی دیکەشی بەدواوەیە و بریتییە لەوەی کە لەگەڵ خەڵکی دیکەدا شەڕ نەکات. مرۆڤ دەبێ واز لە مافە سروشتییەکانی خۆی بێنێت تا تەنها ئازادیی خۆی لە هەمبەر تاکەکانی تری مرۆڤ -کە دەبێ هەر مافەش بۆ ئەوان قایل بێت- بە دەست بێنێت. بە دەربڕینێکی تر، مرۆڤ دەبێ وا لە خۆی بکات کە داوا نەکات، مافەکانی خۆی بە کەسێک بسپێرێت کە بەکاریان دێنێت. دەشبێ ئەو بەکارهێنەرەی مافەکانی ئەو نوێنەری هەموو مرۆڤێک بێت و بۆی هەبێت لەجیاتیی هەموو مرۆڤێک بە جیاجیا بڕیار بدات. ئەو نابێ ئیرادەی گشتیی بێت، بەڵکو دەبێ نوێنەری ئیرادەی تاکەکان بێت، هەریەکە و بە جیا. ئەم پێسپاردنەی مافەکان دەبێتە هۆی هێنانەئارای کۆمەڵگه‌یەکی مەدەنی کە تیایدا ئازادی جێی یاسا و ئەرک دەگرێتەوە و ئەمەش حاڵەتێکی دەسکردە نەک سروشتی و بەرهەمی ئیرادە و دەسکردی دەستی مرۆڤە نەک خوا. ئەو شتەش کە مرۆڤ پێکی هێناوە، هەر مرۆڤ خۆیەتی کە دەتوانێت -ئەگەر بیهەوێت- سەرلەنوێ ئیرادە بکات و لێکی جیا بکاتەوە.

ڕۆسۆ نە بۆچوونەکەی هۆبز پەسەند دەکات (سپاردنی ئیرادە، ئیرادەکردن بۆ ئیرادەنەکردن) و نە بۆچوونەکەی لۆک (سپاردنی ئیرادە بە مەرجەعێکی جێمتمانە)؛ نە حەز دەکات واز لە ئازادی بێنێت و نە لە دەسەڵاتی دەوڵەت کەم بکاتەوە. لەجیاتیی ئەوەش، «ئیرادەی گشتی» وەک بنەمایەک دەخاتە ڕوو و لەم پێشگریمانەیەوە دەست پێ دەکات کە سەرلەبەری سروشت گشتێکی هەماهەنگە؛ بەم جۆرەش درێژە بە باسەکەی دەدات کە بە هۆی هەماهەنگییەوە هەموو تاکەکانی مرۆڤ ئیرادەیەکی ڕاستەقینەیان هەیە کە لە هەموویاندا وەکو یەک وایە. تاکەکانی مرۆڤ ئەگەر لەگەڵ خۆیاندا ڕاستگۆ بن، لە قووڵایی دڵیاندا داوای یەک شت دەکەن. ئەم ویستنە (واتە ئیرادە) کە سەبارەت بە هەموو مرۆڤەکان ڕاستە، ئیرادەی گشتییە. ئەم ئیرادەیە شتێکی چاکە و مرۆڤەکان تا ئەو ڕادەیە ئازادن کە خۆیان لەگەڵیدا بگونجێنن. لە دەوڵەتی تەواو ئایدیاڵی ڕۆسۆدا تاکەکانی مرۆڤ دەبێ گوێڕایەڵی دەوڵەت بن، چونکە فەرمانڕەوا کەسایەتییەکی مەعنەوییە کە ڕەنگدانەوەی ئیرادەی گشتییە. گەل (خەڵک) هەم گوێڕایەڵە و هەم فەرمانڕەوا، کەواتە تاک لە پێگەی فەرمانڕەوادا لە ڕاستیدا گوێڕایەڵی خودی ڕاستەقینەی خۆیەتی. تاکە گرێبەست (پەیمان)ی کۆمەڵایەتیی دادپەروەرانە ڕێککەوتنە لەسەر ملدان بە ئیرادەی گشتی، واتە خەڵک بەو ڕێککەوتنە بگەن کە گوێڕایەڵی خودی ڕاستەقینەی خۆیان بن، نەک گوێڕایەڵی کەسێک کە ئەوان هەڵیانبژاردووە. بەڵام خەڵک هەمیشە و لە سۆنگەی جێبەجێکردنی دواکارییەکانیانەوە ئاگایان لە ئیرادەی ڕاستەقینەی خۆیان نییە و دەبێ یاسادانەرێکی ئاقڵ ڕاسپێرن ئیرادەی گشتییان بۆ ڕوون بکاتەوە. یاسادانەری ئاقڵ ڕاگەیه‌نەری یاسایە نەک داڕێژەری، کەواتە بۆی نییە بکەوێتە سەرووی یاساوە. یاسادانەری ئاقڵ لە ئامرازێکی چاکخواز زیاتر هیچ نییە، چونکە خۆی دەزانێت خەڵک چییان دەوێت. ئەو خەڵک وا لێ دەکات ئازاد بن، وایان لێ دەکات بە شێوەیەکی ئەقڵانی بژین و کۆت و زنجیرەکانیان فڕێ بدەن.

هێشتا وشەکانی ئایزیا بەرلین ، کە سی ساڵ لەمەوبەر لە ناوەندی ڕادیۆی بەریتانیاوە بڵاو بوونەوە، لە گوێمدا دەزرینگێنەوە کە باسی ڕۆسۆی کرد و وتی: «ئەندێشەیەکی شێتانەی کوشندە کە بە لۆژیکی کالڤین تەنراوەتەوە». من هەرگیز لێبڕاوێتیی قسەکانی ئەوم لە بیر نەکردووە. ڕۆسۆ تووشی دوو چەمکی ئەبستراکتی پارادۆکسیکاڵ بووبوو کە خۆی چێی کردبوون، واتە ئازادی و فەرمانڕەوایەتی. ئازادی لە ڕوانگەی ئەودا چەمکێکی ئایینییە کە لەگەڵ کەسایەتیی مرۆڤدا دێتەوە. مرۆڤ ئازادە، ئەگەر ئازاد نەبێت مرۆڤ نییە. ناتوانرێت هیچ ساتوسەودایەک لە نێوان ئازادی و ئاسایشدا ساز بکرێت. ناتوانرێت بە هیچ کلۆجێک ئازادی و فەرمانڕەوایەتی پێکەوە ئاشت بکرێنەوه‌، بەڵام مرۆڤ لە کۆمەڵگه‌دا دەژێت و کۆمەڵگه‌ دەبێ ڕێساگەلێکی هەبێت و ئەم ڕێسایانەش لە هەناوی سروشتدا هەڵکۆڵراون. ئەمانە یاساگەلی جەوهەرین. بە ڕای بەرلین، ئەمە کالڤینیزمی زەمینییە. یاساکان لە ڕوانگەی ڕۆسۆدا گرێبەست نین، بەڵکو حەقیقەتی ڕەهای پیرۆزن. کەواتە چۆن دەتوانرێت ئەم دوو چەمکە ڕەهایە، واتە ئازادی و فەرمانڕەوایی، پێکەوە ئاشت بکرێنەوە؟ بەرلین وتی ڕۆسۆ لەپڕێکدا لەسەر خۆی نەما، چونکە تروساکییەک هیوای بەدی کرد. تەنها یەک وەڵام هەبوو کە هەر بۆ خۆی بە تەنێ توانیی بیدۆزێتەوە. لەوانە بوو دەستی بە فەرمانڕەوایەتییەکی شەخسیی ڕاگەیشتبێت کە هەمان فەرمانڕەوایەتیی تەواوەتییە. «هەر کەس خۆی بخاتە خزمەتی هەموانەوە، لە ڕاستیدا خۆی نەخستووه‌تە خزمەتی هیچ کەسەوە». تەنها کەسانێک ئازادن کە دەزانن چییان دەوێت، لەبەر ئەوەش کە سروشت گشتێکی هەماهەنگە (گریمانە لێڵ و تەماوی و گرینگەکەی ڕۆسۆ)، هەموو خەڵکی ئاقڵ داواکارییەکی چونیەکیان هەیە. خەڵکانی گەندەڵ و بێمێشک بەدوای ئامانجگەلی پارادۆکسیکاڵەوەن. مرۆڤگەلی سروشتی و ژیر و نیازپاک ئامانجی چوونیەکیان هەیە. ئەم ئامانجە بۆ هەموو تاکە سروشتییەکان بە یەک ڕێژە باشە. مرۆڤ دەبێ چاکە سادەکان بدۆزێتەوە. ڕۆسۆ نەک تەنها نکۆڵیی لە خەڵکانی دەوڵەمەند و دەسەڵاتدار دەکات، بەڵکو ئەم بۆچوونەی سەبارەت بە تەکنیکەکان، زانستەکان، فراژیبوون و مەزنایەتییش هەیە. ئەو یەکەم لایەنگری بێکولتوورەکان و ستایشکاری وردەبۆرژوا شۆڕشگێڕەکانە. تیۆرەکەی ئەو تیۆرێکی زبرە کە بە ڕواڵەت بە میتۆدی ئەرگۆمێنتی بەراوردکارانە  دەربڕراوە. تێگەیشتنی ئەو بۆ ئیرادەی گشتی تێگەیشتنێکی عیرفانییە. دەوڵەتەکەی ئەو دەوڵەتێکی ئایینییە. دەوڵەت هەمان خودی «من»ە و تەنانەت گەورەتر لە خودی «من». خەڵکانێک کە بە ڕاستی دەزانن چییان دەوێت، شتێکی هاوشێوەیان دەوێت. ئەمە هەمان ئەرگۆمێنتە کە هەموو دیکتاتۆرەکان بە پشتبەستن بەو ئەرگۆمێنتە وتوویانە تەنها ئەوانن کە دەزانن خەڵک چییان دەوێت. بەرلین دەڵێت ڕۆسۆی ناجسن کەسێک بوو کە ئوستوورەی خودی ڕاستەقینەی دۆزییەوە. ڕۆسۆ پێی وابوو گەورەترین داکۆکیکاری ئازادی بووە بۆ هەمیشە. ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەو یەکێک لە نه‌گریسترین و کاریگەرترین دوژمنانی ئازادییە.

خوێندنەوەی مێژووی ئەندێشەی سیاسی بریتییە لە تێوەگلان لە گرینگترین باس و مشتومڕەکانی مێژوو کە هێشتاش ئەم باس و مشتومڕانە بەوپەڕی گەرموگوڕییەوە درێژەیان هەیە. هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لەم باس و مشتومڕانە بریتییە لە گەڕان بۆ دۆزینەوەی ڕەزامەندییەکی گەورە. چونکە هیچ شتێک بەدی ناکرێت کە ڕەزامەندییەکی هێندەی تێگەیشتن بێنێتە ئاراوە.

سوكرات وتی، کەواتە پێدەچێت ڕاست بێت.

ناردن: