ئۆشۆ

نوسینی: ئۆشۆ
وەرگێڕانی: محەمەد كەریم


ئێستا لە كتێبخانەكاندا دەستدەكەوێت

لەبڵاوكراوەكانی زنجیرەی كتێبی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم 2016©

ئەم حیكایەتانەی ئۆشۆ قوڵن و زۆرجار بابەتێكی ڕۆحی قووڵ ڕوون دەكاتەوە، حیكایەتی گوێئاگردان نین! بۆیە پێویستە خوێنەر بە قووڵی و وردی بیانخوێنێتەوە و دەركیان بكات.

ئۆشۆ زۆرجار پێش ئەوەی حیكایەتەكە باس بكات، سەرەتایەك باس دەكات، یان لە كۆتاییدا هەندێ جار حیكایەتەكە ڕوون دەكاتەوە، من بەپێی پێویست زۆرجار ئەو سەرەتا و كۆتاییانەم هێشتووەتەوە، بۆ ئەوەی خوێنەر لە ڕێی حیكایەتەكە و سەرەتا و كۆتاییەكەوە لە بیروبۆچوونی ئۆشۆ تێبگات و حیكایەتەكە بە مجەڕەدی وەرنەگێت..

پێشەكی:

ئەو كەسانەی ئۆشۆیان خوێندووهتەوە و ئاشنایەتییان لەگەڵ بیروبۆچوونەكانیدا هەیە، باش دەزانن كە ئۆشۆ هەمیشە لە كاتی محازەرەكانیدا بۆ ئەوەی بتوانێت بە ئاسانی بیروبۆچوونەكانی بگەیەنێ، پشتی بە حیكایەت بەستووە و حیكایەتێكی گێڕاوەتەوە و لەو ڕێگهیەوە توانیویەتی ئەوەی مەبەستێتی لە زینهن و خەیاڵی موریدەكانیدا جێگیری بكات. من لە ساڵی (2012)وە، كە بە هۆی هەوڵی جوامێرانەی هاوڕێی ئازیز مەحموود شێرزادەوە ئاشنایەتیم لەگەڵ ئۆشۆ پەیدا كرد.

پێش هەموو شتێك حیكایەتەكانی ئۆشۆ سەرنجیان ڕاكێشام، بۆیە هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ خوێندنەوەی هەر كتێبێكی ئۆشۆدا، كە ئێستا ژمارەیان گەیشتووهتە (26) كتێب، بە قەڵەمی سوور دەستم كرد بە دەستنیشانكردنی حیكایەتەكانی ئۆشۆ. هەر لەو سەرەتایەشەوە بیرم لەوە كردەوە ژمارەیەك لەو حیكایەتانە وەربگێڕم و دواتر لە كتێبێكدا كۆیان بكەمەوە و چاپیان بكەم. ڕۆژێك ئەم بیرۆكەیەم لەگەڵ هاوڕێیان مەحموود شێرزاد و سەردار جەعفەردا باس كرد، ئەوانیش بیرۆكەكەیان لا باشبوو، هانیشیان دام هەتا زووە دەست بكەم بە وەرگێڕانی حیكایەتەكان. لە كاتی خوێندنەوەی كتێبەكانی ئۆشۆدا دەركم بەوە كردبوو كە هەندێ جار ئۆشۆ لە چەند كتێبێكدا حیكایەتێك دووبارە دەكاتەوە و مەرجیش نییە هەموو جارەكان هەمان حیكایەت بە هەمان قەبارە باس بكات. ڕەنگە جارێك درێژتر بێت لە جارەكانی دیكە، بۆیە پێش هەموو شتێك دەبوو ئاگاداری ئەوە بم حیكایەتەكان دووبارە نەبنەوە.

مەسەلەیەكی تر كە هەر لە كاتی خوێندنەوەی كتێبەكاندا دەركم پێ كردووە، ئەوەیە ئۆشۆ زۆر جار كاتێ حیكاتێك دەگێڕێتەوە، هەندێ قسە دەكات و هەندێ مەسەلە شەرح دەكات، پاش چەند لاپەڕەیەكی كتێبەكە دەچێتەوە سەر حیكایەتەكە و تەواوی دەكات. دیارە من هەوڵم داوە خۆم لەو شەرحانە ببوێرم و پارچەكانی حیكایەتە لەو لاپەڕانەدا كۆبكەمەوە و ئەسڵی حیكایەتە تەرجەمە بكەم. دەمەوێ خوێنەر لەوەش ئاگادار بێت كە ئەم حیكایەتانەی ئۆشۆ قووڵن و زۆر جار بابەتێكی ڕۆحیی قووڵ ڕوون دەكەنەوە، حیكایەتی گوێئاگردان نین! بۆیە پێویستە خوێنەر بە قووڵی و وردی بیانخوێنێتەوە و دەركیان بكات. ئۆشۆ زۆر جار پێش ئەوەی حیكایەتەكە باس بكات، سەرەتایەك باس دەكات، یان لە كۆتاییدا هەندێ جار حیكایەتەكە ڕوون دەكاتەوە، من بەپێی پێویست زۆر جار ئەو سەرەتا و كۆتاییانەم هێشتووهتەوە، بۆ ئەوەی خوێنەر لەڕێی حیكایەتەكە و سەرەتا و كۆتاییەكەوە لە بیروبۆچوونی ئۆشۆ تێبگات و حیكایەتەكە بە مجەڕەدی وەرنەگرێت. مەسەلەیەكی تر كە بە لامەوە گرنگە باسی بكەم و بۆ خوێنەری ڕوون بكەمەوە ئەوەیە: ئۆشۆ بیروبۆچوونەكانی لە ڕێگەی محازەرە و ئەزموونەوە گەیاندووە و زۆربەی محازەرەكانی بە زمانی ئینگلیزی بوون، هەندێ محازەرەشی بە زمانی هیندی بوون. ئۆشۆ بۆخۆی كتێبی نەنووسیوە، بەڵكو مورید و خوێندكارەكانی محازەرەكانی ئەویان كۆكردووهتەوە و كردوویانە بە كتێب، كە خۆشی لە ژیاندا بووە، بە هەندێ لەو كتێبانەدا چووهتەوە.

ئەگەرچی ئۆشۆ لە كاتی محازەرەكانیدا زۆر بە هێمنی قسەی دەكرد و تا ڕادەیەكی زۆریش كتێبی قسەی دەكرد، لەگەڵ ئەوەشدا ئاشكرایە كە زمانی قسەكردن و زمانی نووسین جیاوازە، كاتێ محازەرەیەك یان دیبەتێك دەبێت بە كتێب، بێگومان گۆڕانكاریی بەسەردا دێت، چونكە ناكرێت كەسێك چۆن قسە دەكات، ئاوا بكرێت بە كتێب. بۆیە بە ڕای من هەر كتێبێكی ئۆشۆ (جگە لەوانەی خۆی پیایاندا چووهتەوە و من نازانم كامانەن). وەكو كتێبێك كە نووسرا بێت و قابیلی هیچ مشتوماڵ و داڕشتنەوەیەكی جوانتر و ڕوونتر نەبێت، سەیر ناكرێت. بە ڕای من وەرگێڕی كوردیش دەتوانێت وەكو وەرگێڕی فارس بە شێوەیەكی جوان و ڕەوان ئۆشۆ تەرجەمە بكات. دیارە باسی وەرگێڕی عەرەب ناكەم كە كتێبەكانی ئۆشۆیان سەقەت كردووە و بە ئارهزووی خۆیان كورتیان كردوونەتەوە.

ئەوەی من لە كاتی وەرگێڕانی ئەم حیكایەتانەدا كردوومە ئەوەیە: ئەوپەڕی هەوڵم داوە بە كوردییەكی جوان و ڕەوان حیكایەتەكان تەرجەمە بكەم، هەندێ جاریش بۆ ئەوەی حیكایەتەكە زۆر درێژ نەبێتەوە و وشكوبرنگ نەبن، ئامادەم كردوون، گەلێ جاریش ئەگەر ئۆشۆ ناوێك یان زاراوەیەكی بە مجەڕەدی هێنابێت، بۆ تێگەیاندنی خوێنەر زانیاریی زیاترم لەسەر ئەو ناوە یان ئەو زاراوەیە داوە.

من بەم شێوازە كارم كردووە و (130) حیكایەتی ئۆشۆم لە (11) كتێبی ئۆشۆوە بەو شێوازە تەرجەمە كردووە، هەوڵێكی زۆرم داوە خوێنەر كاتێ ئەم حیكایەتانە دەخوێنێتەوە، هەست بكات بە كوردی نووسراون و هیچ سڵ لەم شێوازەی خۆم ناكەمەوە و بەردەوامیش دەبم لەسەر كاركردن بەم شێوازە، دەشێ وەرگێڕێكی تر بە شێوازێكی تر كار بكات و شێوازی ئەویش پیرۆزی خۆی بێت.

دەمەوێ لێرەدا ئاماژە بۆ ئەوە بكەم لە بەشی دووەمی ئەم كتێبەدا (41) حیكایەتی پەندئامێز هەیە و پەیوەندییان بە ئۆشۆ-وە نییە، ئەوانیشم لە چەند سەرچاوەیەكی ترەوە تەرجەمە كردووە، دڵنیام خوێنەر دەتوانێ دەرس و پەندیان لێ وەربگرێت، پێویست بوو لەگەڵ حیكایەتەكانی ئۆشۆدا جێگهی ئەوانیش بكەمەوە و چاپیان بكەم، ئەگەرچی لە ناونیشانی كتێبەكەدا هیچ ئاماژەیەكیان پێ نەدراوە، چونكە بە پێویستم نەزانی و پێم باشبوو كەمینە بكەم بە قوربانی زۆرینە.

محەمەد كەریم
5-1-2016

ناردن: