ڕۆمانی قومارچی لە زمانی یەکەمەوە کرا بە کوردی

ڕانانی: سەردەم

یەکێکی تر لە کتێبە باشەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بریتییە لە ڕۆمانی (قومارچی) گەورە نووسەری ناوداری ڕوسیا (فیۆدەر میخایڵەڤیچ دەستەێڤسکی) پێشتر لە دەستی دوو و سێوە لە لایەن چەند وەرگێڕێکی بەئەزموونەوە هەمان ڕۆمان کاری وەرگێڕانیان بۆ کراوە، بەڵام ئەوەی کە لێرەدا گرنگە، ئەم ڕۆمانە ڕاستەوخۆ لە زمانی یەکەمی تێکستەکەوە، کە زمانی ڕوسییە، بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش لە لایەن (شیروان مەحمود محەمەدە)وە، وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و لە ئێستادا لەنێو کتێبخانەکانی کوردستاندا بەردەستە و خوێنەر دەتوانن شانازی بەوەوە بکەن کە شاکارێکی دیکەی ئەم نووسەرە مەزنە ڕوسیە، بە وەرگێڕانێک دەخوێننەوە کە لە زمانی یەکەمی نووسەرەوە وەرگێڕدراوە، ئەمەش جۆرە متمانەیەک لە لای خوێنەر دروست دەکات بەوەی دنیای تێکستەکە و ڕووداو و بەسەرهات و سروشتی کەسێتییەکان، لەژێر هیچ بڕوبیانوویەکدا دەستکاری نەکراون و نەشێوێنراون، یاخود هیچ کام لە دیمەن و دیالۆگەکان نەقرتێنراون، بێگومان پێشتر زۆر کتێب لە لایەن وەرگێر، یاخود دەزگاکانی چاپەوە بە دەردەی لێ ڕین و دەستکاریکردن بە ناو و بیانووەی جیاجیاوە براون.

لە ڕاستیدا دەستەێڤسکی، ئەم ڕۆمانەی واتە  (قومارچی) لە ساڵی 1866دا نووسیوە و ڕۆمانەكە وا دێتە پێش چاو کە وەكو ئامۆژگارییەك بێت بۆ خەڵک و بە تایبەت کۆمەڵگەی ڕوسی،چونکە نوسەر لە چەندین بەشی ڕۆمانەکەدا، جەخت لەسەر دیو و لایەنە سلبییەکانی قومار دەکاتەوە، بێگومان هەموان دەزانین قومار لە جۆری ئەو یاریانەیە کە بە زوویی مرۆڤ وابەستە و شەیدای خۆی دەکات، چیژێکی کاتیی لە سەرکەوتن و بردنەوەدا هەیە، بەڵام لە زۆر ڕووی دیکەوە زیان بە گیرفان و دەرووون و ژیان و ئاکار و پەیوەندییەکانی مرۆڤ دەگەیەنێت. ئەمە لەکاتێکدا وەک خودی وەرگێڕ لە پێشەکیی و دەستپێکی کتێبەکەدا ئاماژی پێ داوە، نووسەری ڕۆمانی قومارچی، فیۆدەر میخایڵەڤیچ دەستەێڤسکی، تاساڵانێکی زۆر خەریکی یاریی قومار بووە و تەنانەت پاش چاپ و بڵاوبوونەوەی ئەم ڕۆمانەش هەر سەرگەرمی قومار و دۆڕان و وێرانکردنی ژیانی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و خێزانیی خۆی بووە، ئەوەی فریای ئەم نووسەرە بلیمەتەکەوتووە بوونی هاوسەرە باش و دڵواڵا و میهرەبانەکەی بووە کە وەک کۆڵەکەیەک چوتە ژێر میچی ژیانی و نەیهێشتووە تەواو دابڕمێت.

هەر وەک نووسەر (سەنگەر زراری) لە نووسینێکیدا سەبارەت بە ڕۆمانی قومارچی ئاماژەی پێداوە، هەر خوێنەرێک ڕۆمانی قومارچی بخوێنێتەوە، هەست بە شارەزایی و قووڵبوونەوەكانی فیۆدەر میخایڵەڤیچ دەستەێڤسکی دەكات لە یاریی قوماردا، بۆیەش توێژەرانی ئەدەبی، ئەم ڕۆمانە بە ئەزموونی خودی نووسەر دادەنێن و پێیان وایە كە دۆستۆیڤسكی باسی ژیانی خۆی دەكات، ئەو لەم ڕۆمانەدا زۆر بە وردی باسی چۆنێتی و جۆرەكانی یاریی قومار و دۆخی دەروونیی ئەو كەسانە دەخاتەڕوو، كە لە هۆڵی قومارخانەكانن و چۆن هەمیشە لە دڵەڕاوكێ و نائارامیی دەروونیدان: ئەو كاتانەی دەبەنەوە كەیفخۆش دەبن و خۆیان وا دێتە بەرچاو كە لەناو خەوندا دەژین، بەڵام كاتێك لەناكاو دەدۆڕێنن، تووشی داچڵەكەندان و شكستی دەروونی و ماددی دەبن.

ئەو نووسەرە جەختیش لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە قوماركردن پەیوەندی بە تەمەنیشەوە نییە، ڕەنگە ئەو دیمەنەی “نەنێ” لە ڕۆمانەكەدا، گوزارشتێكی باش بێت بۆ ئەوەی كە قومار پەیوەندی بە تەمەنەوە نییە، نەنێ پیرەژنێكی حەفتاوپێنج ساڵەیە و لە پێ كەوتووە، زۆر دەوڵەمەندە و میراتگرەكانی چاوەڕێی ئەوەن بمرێ و میراتەكەیان بۆ بمێنێتەوە، بەڵام كاتێ نەنێ دەمی بە قومارەكەوە دەبێت و تۆزێك شارەزایی لێ پەیدا دەكات، ناتوانێ وازی لێ بهێنێت، وەكو منداڵێكی هەرزەكاری لێ دێت و یاریی قومار دەكات، تا دەگاتە ئەو ڕادەیەی پارەیەكی گەلێك زۆر دەدۆڕێنێت.

ئەو نووسەرە بۆشمان ئاشکرا دەکات کە ئەلێكسی ئیڤانۆڤیچ”، كاراكتەری سەرەكی ڕۆمانەكە، مامۆستا و پەروەردەكارێكی گەنجی ڕووسییە، بە یاوەریی ژەنەڕاڵێك دەچێتە چەند وڵاتێكی ئەوروپی و لەوێ بەردەوام قومار دەكات، هەروەها دەكەوێتە داوی خۆشەویستی كچێكەوە بە ناوی “پاولین”، ئەو كچەش داوای لێ دەكات قوماری بۆ بكات. ژەنەڕاڵیش چاوەڕێی ئەوەیە پیرەژنەكە (واتا نەنێ) كە پووریەتی (خوشكی باوكی)، میراتی بۆ جێبێڵێ، بەڵام نەنێ لە میراتەكەی خۆی بێبەشی دەكات و بەشێكی زۆری پارەكەی بە قومار دەدۆڕێنێت: ئەلێكسی، هەندێك جار بیر لەوە دەكاتەوە كە واز لە قوماركردن بێنێت و بگەڕێتەوە وڵاتەكەی خۆی، بەڵام تا كۆتاییش ناتوانێ واز بێنێ و لێی ڕزگار نابێت، تەنانەت لە كۆتایی ڕۆمانەكەدا كاتێك هەموو پارەكەی دەدۆڕێنێت، لە قومارخانەكە بە بێئومێدی دێتەدەرەوە و پارەی ئەوەی پێ نەماوە ژەمەخواردنێكیشی پێ بكڕێت، بەڵام كاتێك دەست بە گیرفانیدا دەكات، دەبینێ یەك فلۆرینی پێ ماوە، لەوێدا دەگەڕێتەوە یاری بەم یەك فلۆرینەش دەكات، واتا تا دوایین توانا و پارە، ئامادە نییە واز لەو كارەی بێنێ و دەستبەرداری بێت، ئەمەش بە “بوێری” ناو دەبات.

لەم رۆمانەدا كاری زۆر لەسەر ئەوە كراوە كە مرۆڤەكان، چەندە لەگەڵ یەكتر هەلپەرست و بەرژەوەندیخوازن، زۆربەی كاراكتەرەكان بەرژەوەندییەك كۆیكردوونەتەوە، كاتێكیش دەزانن بەرژەوەندییەكانیان بە یەكەوە نامێنێ، لە یەكتر دوور دەكەونەوە و جیا دەبنەوە، بە وردییش ناخ و دەروونی كاراكتەرەكان خراوەتەڕوو، بۆیە بە یەكێك لەو ڕۆمانە گرنگانە دادەنرێت كە دەشێ بۆ لێكۆڵینەوە و شیكردنەوەی دەروونیی سەردەمەكەی خۆی و خەڵكی ئەو سەردەمە، سوودی لێ وەربگیرێت.

لە ڕاستیدا ئەوەی مایەی دڵخۆشییە بۆ نێوەندی ڕۆشنبیری و کۆڕی خوێنەران و کتێبخانەی کودی، بوونی بەشێکی ئێجگار زۆری کتێب و ڕۆمانەکانی ئەم نووسەرە مەزنەیە بە زمانی کوردی، بوونی بەرهەمەکانی فیۆدەر میخایڵەڤیچ دەستەێڤسکی بە کوردی، بوەتە هۆی ئەوەی زیاتر ئاشنا ببین بە دونیابینی و شێواز و تەکنیک و گێڕانەوە چێژبەخشەکانی ئەم ڕۆماننووسە، هاوکات پەلکێشیش کراوین بۆ نێو ڕووداوە سەیر و تراژیدییەکانی ژیانی، هەر لە قۆناغی منداڵییەوە تا خوێندن و سەرەتای نووسین و دوورخستنەوەی بۆ سیبریا و بڕیاری تیربارانکردنی، هاوکات ئەو نووسین و لێکۆڵینەوە و کتێبانەی لە بارەی ڕەهەندی ژیان و نووسین و داهێنانەکانیەوە نووسروان، هەر لە ڕۆمانی هەژارانەوە، تا دەگات بە تاوان و سزا و شەوە سپییەکان و برایانی کارامازۆف و شەیتانەکان و مێردی هەمیشەیی گەمژە و هتدد.

ئەم کورتە نووسینە کە بە سوودوەرگرتن لە نووسینێکی سەنگەر زراری ئامادە کراوە، هەوڵێکە بۆ ئاشنا کردنی خوێنەر بە یەکێکی تر لەڕۆمانە جوان و سەرنجڕاکێش و پڕ لە پەند و حیکمەتەکانی دۆستۆیفیسکی کە ئەویش ڕۆمانی (قومارچی)یە، ئەم ڕۆمانە پڕە لە کەسایەتی و کاراکتەری ئاست و سروشت جیاواز، هەر لە ڕووی دەروونیەوە تا دەگات بە ئاستی چینایەتی و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی، ئەوەی زۆریش مایەی سەرنج و تێڕامان و چێژی خوێندنەوەیە، ئەوەیە کە دنیای ڕۆمانەکە لەسەر یەک تێما و بابەت نەوەستاوە، بەڵکو بە دەوری کۆمەڵێک بابەت و چیرۆک و ڕووداودا دەسوڕێتەوە و بەشێکیان پەیوەنددارن بە خودی وڵات و سروشت و تاکەکانی کۆمەڵگەی ڕووسییەوە، هیوادارین خوێنەری کورد خۆیان لە چێژ و جوانیی ئەم شاکارە جیهانییە بێبەش نەکەن و هەرچی زووە دست بە خوێندنەوەی بکەن، چونکە ئەم ڕۆمانە بە سروشتی خۆی دەچێتە نێو خانە و چوارچێوەی ئەو جۆرە لە ئەدەبەوە، کە بە زوویی کاریگەری لەسەر زهن و دونیابینی و وێناکردنەکانی خوێنەرەوە جێدەهڵن و دەستکاری جۆری بینین و بیرکردنەوەیان دەکات.

 

دەشتوانین گەواهیی ئەوە بۆ ئەوە بدەین کە وەرگێڕی ئەم ڕۆمانە زۆر بەرپرسانە کاری لەسەر گواستەوە و بە کوردی کردنی دیالۆگ و وەسف و وێناکردنی دۆخ و حاڵەتە دەروونییەکانی کاراکتەرەکان و کۆی دونیای تێکستەکان کردووە. 

بیرەوەرییەکانی سوڵتان عەبدولحەمید

ڕانانی: سەردەم

یەکێکی تر لە کتێبە باش و دانسقەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بریتییە لە کتێبی (بیرەوەرییە سیاسییەکانم)ی سوڵتان عەبدولحەمید، کە لە لایەن نووسەر و وەرگێڕ (ئاوات ئەحمەد سوڵتان) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش، کاری وەرگێڕانی بۆ کراوە بۆ سەر زمانی کوردی، گرنگیی ئەم کتێبە لەوەدیە خوێنەری کورد بە دۆخ و هەلومەرجی سیاسی و کولتووری و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی قۆناغێکی دیاریکراوی هەستیار و پڕ لە ڕووداو و گۆڕانکاری و دەرکەوتنی دەیان فیگۆر و ڕوخساری جۆراوجۆر دەکات، کە کورد بەشێکە لەو مێژوو و قۆناغەی کە سوڵتان عەبدولحەمید لە زاری خۆیەوە باسیان دەکات.
بابەتەکانی نێو دووتوێی کتێبەکە بریتین لە: سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم، تورکانی جوان و دەستوور، سکاڵای ئەرمەنەکا، گرفتی جووەکان، کورد و ئەرمەن، باڵوێزی ئەڵمانیا و گرفتی ئەرمەن، دواکەوتنی عوسماییەکان، ناردنی ئەفسەرەکان بۆ وڵاتانی بیانی، دەزگای هەواڵگری و سیخوڕی، ئەو پلانەی لە مەکەدۆنیا دەیگێڕن، پێویستیی ئاسایش و سەقامگیری، دامەزراوەکانی پۆستەی بیانی لە دەوڵەتی عوسمانیدا و چەندین تەوەر و بابەتی دیکە، کۆی کتێبەکە پێکدەهێنن.
لە بەشێکدا ئاماژە بەوە دراوە کاتێک عەبدولحەمید بوو بە خەلیفە، دەوڵەت بە دەستی قەرزێکی زۆرەوە دەیناڵاند، کە خۆی دەدا لە دوو ملیار و پێنجسەد و بیستوچوار مکیۆن و دە هەزار و هەشتسەد و هەشتاوپێنج لیرەی عوسمانی: ئەویش کەوتە خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گرفتەکە بۆ ئەوەی لە بەرامبەر دەوڵەتە بیانییەکاندا شان و شەوکەت بۆ دەوڵەتەکەی بگەڕێنێتەوە، .
لە سەردەمی عەبدولحەمیددا، جەنگی نێوانئیمپراتۆریەتی عوسمانی و ڕوسیا قەوما و زیانێکی زۆری بە دەوڵەت گەلی عوسمانی گەیاند، ژمارەیەکی زۆر خەڵک بوونە قوربانی، ڕووبەرێکی زۆری دەوڵەت لەدەست درا، عەبدولحەمید زۆر هەوڵی دا خۆی لە شەڕ لا بدات و چارەسەری ئاشتی تاقی بکاتەوە، بەڵام ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارێکی دا کە بوو بە هۆی هەڵگیرساندنی جەنگ، لەم بارەوە خودی عەبدولحەمید لە کتێبەکەدا ئاماژە بەوە دەدا کە گەل زوو شتی بیردەچێتەوە و دەڵێتڵ من ئەم قسەیە دەکەم و داوای لێبوردن لەوانە دەکەم کە مشتومڕی سیاسیم لەگەڵ دەکەن، بەڵام بێئاگان لەو هەموو گەمە و فێڵانەی لە پشتی پەردەوە دەکرێن، ئەو پلانە شەڕەنگێزانە نابینن کە دەوڵەتە گەورەکان دەیانگێڕن.
ئەوەی زانراوە (عەبدولحەمید کوڕی عەبدولمەجیدی یەکەم، سوڵتانی سیوچوارەمە لە سوڵتانە عوسمانییەکان و دواین سوڵتانە کە بەکردار حوکمی کرد بێت، یەکێکە لە زیرەکترین سوڵتانەکانی عوسمانی، لە ٢١ی ئەیلولی ١٨٤٢ز لەدایک بووە و ساڵی ١٨٧٦ ز حوکمی گرتە دەست، و لە ساڵی ١٩٠٩ لە تەختی دەسەڵات دوور کەوتەوە و لەژێر نیشتەجێبوونی دیاری کراودا مایەوە تا وەفاتی کرد لە ١٠ی شوباتی ١٩١٨ز.
سوڵتان عەبدولحەمید لە کۆشکی سوڵتانی خوێندویەتی و لەگەڵ تورکیدا زمانی فارسی و عەرەبی وفەڕەنسی خوێندووە، هاوکات مێژوو و ئەدەبی خوێندووە وگرنگییەکی زۆری داوە بە شیعر.
ئەم سوڵتانە، ڕۆحێکی چاکسازی بڵاوکردەوە و پایەی سەدری ئەعزەمی دا بە مەدحەت پاشا، یەکێک لە سەرکردەکانی چاکسازی فەرمانی دەرکردنی دەستووری نوێی دا و ئیشی پێ بکرێت، دەستوورەکە وەرگیرابوو لە دەستووری وڵاتە ئەوروپییەکانی وەک بەلجیکا وفەڕەنسا و ئەوانی تر.
ھەندێک بە (ئولو خاقان) دەیناسن واتە (پاشای مەزن) و لە ڕۆژاوا ناسراوە بە (سوڵتانی سوور) بە بیانووی کوشتارگەی ئەرمەن کە لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەودا ڕوویدا، کەوەک ئاماژە دراوە خەتای خودی ئەرمەنەکان بووە لە ڕاستیدا، وەک دەبینین خودی سوڵتان خۆی ددانی بەوەدا ناوە و وتویەتی: بواری ئەوە نییە نکوڵی بکەین لەوەی ئەرمەنەکانی ویلایەتەکانی خۆرهەڵاتمان لە سکاڵاکانیاندا لەسەر حەقن، بەڵام دەبێت ئاماژە بۆ ئەوە بکەینکە زێدەڕۆیشی تێدا دەکەن، وەک ئەوەی لەتاو ئزرێک بگرین کە نەیانچەشتووە، گەلێکی ترسنۆکن، وەک ژن ناز دەکەن، خۆیان دەدەنە پەنای دەوڵەتە گەورەکان و لەبەر پڕوپووچترین هۆ هاواریان لێ بەرز دەبێتەوە.
زۆربەی موسڵمانان بە دوایین خەلیفەی تەواوی موسڵمانانی دادەنێن، کە ھیمەتێکی بەرزی ھەبوو لە کێشە ئیسلامییەکاندا و پڕۆژەی سکەی ئاسنی حیجازی لێدا کە مەدینە بە دیمەشقەوە دەبەستێت و دەیویست ئەو خەتە درێژ بکاتەوە بۆ ھەریەک لە ئەستەنبوڵ و بەغدا، کە لە کاتی جەنگی جیھانیی یەکەمدا ئینگلیز پڕۆژەکەیان لەناوبرد، چونکە لەوە دەترسان ئەو پڕۆژەیە جیھانی ئیسلامی بەیەکەوە گرێ بدات.
بەشێک لە نەتەوەی عوسمانی پێشوازی گەڕانەوەی حوکمی دەستووریان کرد دوای دوورخستنەوەی سوڵتان عەبدولحەمید، لە کاتێکدا زۆربەی موسڵمانان تا ئێستا ڕێز لەم سوڵتانە دەنێن کە دەسەڵاتی لە دەست دا لە پێناو خاکی فەڵەستیندا کە ڕازی نەبوو بیفرۆشێت بە سەرکردەکانی سەھیۆنییەت، ئەوەش گەورەترین شکۆمەندی بوو بۆ ئەو سوڵتانە.
عەبدولحەمید یەکەم سوڵتانی سی وچوارەمە لە سوڵتانە عوسمانییەکان، دواین سوڵتانیشە کە بە کردار حوکمی کردبێت و یەکێکە لە زیرەکترین سوڵتانەکانی عوسمانی.

کە سوڵتان عەبدولحەمید خەلافەتی گرتە دەست، دەسەڵات لەوپەڕی خراپیدا بوو لەو کاتانەدا، لە ناوخۆ و دەرەوە، لە ھەمان ساڵدا دەوڵەتی عوسمانی کەوتە ئەزمەیەکی ئابوورییەوە، لە ماوەی حوکمی سوڵتان عەبدول عەزیز کە کۆمەڵەی ئیتیحاد و تەرەقی توانییان لایبدەن لەسەر حوکم، بە پیلانێک کە ھەندێک لە پیاوەکانی کۆشک ڕێکیان خستبوو، لە دوای ئەو، مورادی پێنجەم برای عەبدولحەمید دەسەڵاتی گرتە دەست، دوای ماوەیەکی کەم لادرا، سوڵتان عەبدولحەمید حوکمی گرتە دەست دوای ئەوەی لەگەڵ کۆمەڵەی ئیتیحاد و تەرەقی ڕێکەوت لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی عوسمانییە ئازادەکان و مەدحەت پاشای نەفی کرد بۆ تائیف.
گرنگترین ئیشەکانی سوڵتان عەبدولحەمید بریتیبوون لە:
دەروازەی زانکۆی ئەستەنبوڵ، ساڵی ١٩٠٠ز
دەروازەی زانکۆی ئەستەنبوڵ، ساڵی ١٩٠٠ز
وێستگەی حەیدەر پاشا (وێستگەی سەرەکی لەسەر ھێڵی سکەی حیجاز،
وێستگەی حەیدەر پاشا، وێستگەی سەرەکیی لەسەر ھێڵی سکەی حیجاز
لە ناوەندی ئەم ھەموو ئاڕاستە و شەپۆلە جیاوازانەدا، سوڵتان عەبدولحەمید حوکمی کرد و دەستی بە ئیش کرد، بەپێی ئەم سیاسەتەی خوارەوە؛
ھەوڵیدا ھەندێک لەوانەی دژایەتی دەکەن بباتە ڕیزی خۆیەوە، ھەوڵی تەواوی خۆیدا کە دایانبنێت لە پایەیەکدا کە ڕازییان بکات وەک غازی عوسمان پاشا و ئەحمەد پاشا موختار.
بانگی ھەموو موسڵمانانی جیھانی کرد لە ئاسیای ناوەڕاست و لە ھیند و چین و ناوەڕاستی ئەفریقا و ئەوانی تر بۆ یەکڕیزیی ئیسلامی درووشمە بەناوبانگەکەی بڵاوکردەوە (ئەی موسڵمانانی جیھان یەکگرن) خوێندنگەیەکی بۆ بانگەوازکارە موسڵمانەکان بنیاتنا کە دەرچووانی بە هەرموو لایەکی جیهانی ئیسلامیدا بڵاوبوونەوە، بەڵام ھێزەکانی دەرەوە ھەستان بە ڕاپەڕین لەو بانگەوازە و دژایەتی کردنی.
زۆر لە زانا و کەسایەتییە موسڵمانەکانی لە خۆی نزیک کردەوە وگوێی لە ڕێنمایی و ئامۆژگارییەکانیان گرت.
ئیشی کرد لەسەر ڕێکخستنی دادگا و ئیشکرن بەپێی شەریعەتی ئیسلامی.
ھەستا بە چەند چاکسازییەک، وەک دەستگرتن بەسەر ڕەشوە وگەندەڵیی لە بەڕێوەبردندا.
زۆر خوێندنگە و کۆلێژ و خولی زانستی کردەوە و گرنگیی دا بە بنیاتنانی ڕۆشنبیری ھاوڵاتی عوسمانی و ڕاھێنان تا ئامادەبێت بۆ ڕاپەڕاندنی وڵات لە داھاتوودا، زۆربەی ئەو کادیرانەی لە سەردەمی ئەودا فێربوون، بەشدارییان کرد لە شەڕی جیھانی یەکەمدا.
مامەڵەی لەگەڵ کەمایەتی و ڕەگەزە ناتورکییەکاندا دەکرد، بە مامەڵەیەکی تایبەت، تا بیرۆکە دەمارگیرییەکان لاواز بکات و چاوی داخست لە زۆرێک لە زەرەر و زیانگەیاندنەکانیان وەک ئەو ترسەی کە پیاوەکانی ئەرمەن بڵاویان دەکردەوە، وەک ھەوڵی ئەرمەن لەگەڵ یەھود دا بۆ تیرۆرکردنی کاتێک لە نوێژی جومعە دەردەچێت، ئەمەش بۆ ئەوە بوو تا ڕێگە نەدات دەوڵەتە بیانییەکان دەست وەردەنە کاروباری ناوخۆی دەوڵەتەکەی.
گرنگی دا بە ڕاھێنانی سوپا و بەھێزکردنی ناوەندی خەلافەت.
گرنگی دا بە قەرزەکانی دەوڵەت و تێکۆشا بۆ کەمکردنەوی.
سوور بو لەسەر تەواوکردنی پڕۆژەی خەتی سکەی ئاسنی حیجاز کە دیمەشق و مەدینە بەیەکەوە دەبەستێت، کە ئەم پڕۆژەیەی وا دەبینی کە پەیوەندیی نێوان موسڵمانان بەھێز ئەکات، ئەو پەیوەندیەی کە وەک بەردێکی بەھێز ھەموو فێڵ و خیانەتەکانی ئینگلیزی لەسەر دەشکێت، بە پێی بیروڕای سوڵتان.
دەزگایەکی زانیاری دامەزراند وگەشەی پێدا تا بگاتە ئاستی دەزگا فەرەنسی و ئینگلیزییەکان.
شانۆی کۆشکی ئەستێرە بە فەرمانی ئەو دروستکرا و دوای چاکسازییە پێویستەکانی، چەند مۆزەخانەکە کرایەوە، وەک مۆزەخانەی ھونەر و شانۆ.
سوڵتان عەبدولحەمید خۆی لە بەشێکی کتێبەکەدا وتویەتی: کاتێک لەسەر کورسیی فەرمانڕەوایی دانیشتم، ڕەوشی ئیمپراتۆرییەک زۆر خراپ بوو، شەڕی ڕووسەکانیش ڕەوشەکەی خراپتر کردبوو، دۆ و دۆشاو تێکەل بووبوون، نیگەرانی باڵی بەسەر هەمواندا کێشابوو، کەس بە ئاواتی خۆی نەدەگەیشت، ئەو ڕۆژانە خۆم بینییەوە کەسێکی تەنیام و خەڵکانی دەورم ل خۆم دوور دەخەمەوە، لە کۆتاییدا شەڕ تەواو بوو ڕەوشەکەش خراپتر بوو.

قەڵای فەردەقان؛ ڕۆمانێک سەبارەت بە ئیبن سینا

ڕانانی: ئیدریس عەلی

نووسینی ڕۆمان و بابەت و توێژینەوە سەبارەت بە کەسایەتییە گرنگ و کاریگەرە مێژووییەکان، توانای ڕۆشنبیری و ئاستێکی بەرزی مەعریفی دەوێت، چوونکە لەوێدا نووسەر گەرەکە ئاگای لە ڕەهەندەکانی ژیانی کەسێتی و پایە و پێگەی بێت، هاوکات کێشمەکێش و ڕووداو و بەسەرهاتەکانی ئەو مێژووە، قۆناغ بە قۆناغ شارەزا بێت، بێگومان لەوەها کاتێکدا نووسەر و ڕووناکبیری گەورەی عەرەب و میسڕ (یوسف زێدان) کاتێک بیر لە نووسینی ڕۆمانێکی قوڵ و فرەڕەهەند دەکاتەوە لەسەر ژیان و زانست و مەقامی زانایەکی مەزنی وەک ئیبن سینا، کە تا هەنووکەش زانستەکەی و دید و بۆچوونە فەلسەفییەکانی لەمەڕ ئایین و زانست و گەردوونناسی و بیرکاری و هتد… بنووسێت، باش دەزانێت لەخەزنەی هزریدا چ مەعریفە و شارەزایی و خوێندنەوەیەکی ئەو قۆناغەمێژووییانە و ڕووداوەکانی هەڵگرتووە،بۆیە ئێمە کاتێک ئەم ڕۆمانە (قەڵای فەردەقان)دەخوێنێنەوە، وا هەست دەکەین لەناو ڕووداوگەلێکی مێژوویی داین، مێژوویەک کە وەک لە ڕۆمانەکەدا بەرجەستە بووە، سیخناخە لە لەو ڕووداوی خوێناوی، کێشمانکێش لەسەر دەسەڵات، خیانەت و جاسووسیکردن و ڕقی ئەمیر و پادشا ئایینییەکان لەیەکدی، هاوکات لەم ڕۆمانەدا بە شێوەیەکی واقیعی وێنای ئبین سینا بە جۆرێک کراوە، کە دەتوانین بڵێین کۆی کرۆکی بابەت و کتێب و دونیابینی و ڕوانگە و کەسێتیی ئەو نازا گەورەیە،لە زیرەکی و ژیریی منداڵییەوە، تا تێکەڵبوونی بە کۆڕی خوێنەواران و ڕۆشنبیرانی ئەو قۆناغەی خۆی و پرسیارە گەردوونیەکانی و دانانی کاتێکی زۆر بۆ خوێندنەوە و تیڕامان و بیرکردنەوە، لەم ڕۆمانەدا بە ئاسانترین شێوە پێشکەش بە خوێنەر کراوە.
دیمەنی سەرەتای ڕۆمانەکە بە کەشی غەمگینی قەڵای فەردەقیان دەست پێ دەکات کە لە لە دەمەو چێشتەنگاوێکی زوودا ئیبن سینا وەک زیندانییەکی دوورخراوە دەچێتە نێو قەڵاکەوە، بەڵام لەوێ، لەنێو قەڵاکەدا وەک زیندانی چو لێ ناکرێت و مامەڵەی خراپی لەتەکدا ناکەن، چونکە بەرلەوەی خۆی وەک دوورخراوەیەک بگاتە ئەوێ. ناو و ناوبانگی وەک پزیشک و فەیلەسووف و زانایەکی گەورە گەیشتووە، هەربۆیە لە نێو ئەو قەڵایەدا بە شێوەیەکی پچپچڕی زەمەنی ئاشنا دەبین بە کۆی ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانەکە، کە خۆی لە مێژوویەکی خوێناوی و قۆناغی کارەساتباردا دەبینێتەوە، هاوکات ئەو دید و ڕوانگە جیاوازانەمان دەخاتە پێش چاو، کە میر و پیاوە خانەدانەکان و دەسەڵاتە ئایینییەکان بۆ ئایین هەیانە و ئیبن سینا ڕەخنە لەو دید و بۆچوونە بەرژەوەندخوازیە دەگرێت و بە شێوەی خۆی خوداپەستی دەکات و وێنای ئایین و مانای ئایین و خودا و خوداپەرستی دەکات، ئەوەی لەم ڕۆمانەدا ون نابێت، چەمکی عەشقە لە لای ئیبن سینا، ئەو سێ جار ئەویندار دەبێت و لە هەرسێکیان بە شێوەی جیاواز دووردەکەوێتەوە.
بە کورتی باش نییە لێرەدا کۆی ڕووداو و بەسەرهاتەکان و چیرۆکی ڕۆمانەکە بخەینە پێشچاو، بەڵام دەتوانین بڵێین لەم ڕۆمانەوە زۆر شت فێر دەبین، بە قۆناغگەل و کەسایەتیگەل و ڕووداوگەلێکی مێژوویی ئاشنا دەبین، کە ڕەنگە بۆ زۆربەمان ناوەکان نوێ بن، یاخود هیچ زانیارییەکمان لەسەریان نەبێت، ئەم ڕۆمانە فێرمان دەکات برەو بە خوێنەواری و زانست و ڕۆشنبیری بدەین و قێزمان لە جەنگ و داگیرکاری و خوێنڕشتن بێتەوە، چونکە ئەوەی دواجار وەک شانازییەک بۆ مرۆڤایەتی دەمێنێتەوە، بوونی زانست و خوێنەواری و چاکە و دڵپاکییە، نەک دەسەڵات و تەماع و دڵڕەقی.
ئەم ڕۆمانە یەکێکە لە باشترین ڕۆمانەکانی یوسف زێدان و لە لایەن نووسەر و وەرگێڕی ناوداری کورد (جەلیل کاکەوەیس) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش، وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و لە بڵاوکراوە ناوازەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە.
ئیبن سینا زانایەکی گەورەی موسوڵمانی فارسی بوو. تەواوی ژیانی لە ناوچەکانی ڕۆژھەڵات و ناوەڕاستی ئێران بەسەربردووە، لە بوخارا لەدایکبووە، لەو شوێنەی کە سەرەتایترین خوێندنی تێیدا وەرگرت لەژێر چاودێریی باوکیدا. ھەر لەبەر ئەوەی ماڵی باوکی شوێنێک بوو بۆ چاوپێکەوتنی پیاوە ڕۆشنبیرەکان، ئیبن سینا لە سەرەتای منداڵییەوە توانی سوود وەربگرێت لە ھاوڕێیەتی کردنی مامۆستا دەرکەوتووەکانی ڕۆژگاری خۆی. منداڵێکی پێگەیشتوو بوو بە بیرێکی دەگمەنەوە، کە بە درێژایی ژیانی پارێزگاری لێکرد و ئەم حاڵەتەش بە ڕوونی لە ڕۆمانەکەدا ڕەنگی داوەتەوە.
ئەمیری دەوڵەتی سامانی (نوح کوڕی مەنسوور) کاتێ عەبدوڵای کردە والی شاری بوخارا، عەبدوڵاش خۆی و خێزانی چوونە ئەوێ کە ئەوکات ئیبن سینا تەمەنی ٥ ساڵان بوو، لەوێ لەنێو کۆشکێک لە کۆشکەکانی ئەمیر نوح نیشتەجێ بوون. ئەوکات بوخارا شارێکی زۆر جوان و دڵگیر و کراوە و خۆش بووە، ناسراو بوو بە زۆری بینا و کۆشک و مزگەوت و کێڵگە و باخچەی ڕازاوە.
لەم ڕۆمانەدا دەگهەین بەو یەقینەی کە ئیبن سینا بنیاتی سەرەتاکانی زانستی خۆی لەو کۆشکە دەست پێکرد، بەوەی ھەموو شەوێ لە دوای نوێژی عیشا پۆلێک لە زانایان و زمانزانان و فەقیھ و قوتابیان لە ماڵی ئەواندا کۆدەبوونەوە، ئاڵوگۆڕ و گفتوگۆی زانستی خۆیان دەکرد لەسەر زانستی زمان و گەردوون و ژیری، کە ئەم جۆرە دانیشتنانە کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر بیری ئیبن سینا دانا و ھەر لە سەرەتاوە ھەوڵی بیرکردنەوە و تێڕامانی دا لەسەر کەسەکان و ھەڵسوکەوت و بیریان، هاوکات تێڕابمێنێت لە سروشت و دەوروبەرەکەی و گیانداران و ڕووەک. تاکو کۆمەڵێک پرسیاری لا گەڵاڵە بێت و بە شوێنیاندا عەوداڵ بێت، ھەروەھا ئەمە ھەلێک بوو تاوەکو لەم ڕێگەیەوە بەشێک لەو پرسیارانەی کە مێشکیدا دەھاتن وەڵامەکەیانی دەست بکەوێت و بەمەش بیر و فیکری بەرەو پرسیاری قوڵتر و قوڵتر بڕوات.
ئەوەی یوسف زێدانی لەم ڕۆمانەدا پێداگریی لەسەر کردووە ئەوەیە کە ئیب سینا ھەر لە منداڵییەوە زیرەکی و لێھاتوویی خۆی پیشانداوە و لە تەمەنی دە ساڵیدا شارەزایییەکی زۆر باشی لە قورئان و زمانی عەرەبیدا پەیدا کردووە. لە ماوەی شەش ساڵی داھاتوی تەمەنیدا ژیانی خۆی تەرخان کردووە بۆ (شەریعەتی ئیسلامی، فەلسەفە، زانستە سروشتییەکان و لۆجیک) بە خوێندنەوەی بەرھەمی فەلسەفییە یۆنانییەکان و موسوڵمانان و سەرچاوەی تری فەلسەفی، دەستی بە خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەی فەلسەفی کردووە. ھەروەھا بابەتی لۆجیک و چەند بابەتێکی تری جیاوازی لە لای ئەبو عەبدوڵڵا ناتیلا، فەیلەسوفی بەناوبانگی ھاوسەردەمی خۆی خوێندووە. لە بابەتی لۆجیکدا بە ڕادەیەک بلیمەت بووە، توانیویەتی ئەو بابەتە بۆ مامۆستاکەی ڕوون بکاتەوە. لە زانستی سروشتی و پزیشکیشدا مامۆستای نەبووە. لە کاتێکدا ھێشتا لاو بوو، ئەوەندە شارەزایی لە بابەتی پزیشکیدا پەیدا کردبوو کە ناوبانگی بە ھەموو لایەکدا بڵاوبووبویەوە. کاتێک تەمەنی شازدە ساڵ بووە گەلێک لە پزیشکە بە ناوبانگەکان لە ژێر ئاڕاستەی ئەودا کارەکانیان ئەنجامداوە.
لە تەمەنی حەڤدە ساڵیدا توانی چارەسەری نەخۆشییەکی پاشای بوخارا نوح ئیبن مەنسور بکات، نەخۆشییەک بوو کە ھەرچی پزیشکە بەناوبانگەکانی ئەو سەردەمە بوو لە چارەسەرکردنی بێھیوا بوون. لە دوای چارەسەرەکەی، پاشا ویستی پاداشتی بداتەوە، بەڵام ئەو پزیشکە لاوە ھەموو داواکارییەکی ئەوە بوو ڕێگەی پێبدات کتێبخانە تایبەتییەکەی پاشا بەکاربھێنێت کە گەلێک کتێبی زۆر دەگمەن و تایبەتی تێدا بوو.
لە دوای مردنی باوکی، ئەبو عەلی شاری بوخارای بەجێھێشت و ڕووی کردە شاری جورجان و لەوێ شای خەوارزم پێشوازی لێ کرد. لەوێ چاوی کەوت بە ئەبو ڕەیحانی بیرونی کە کەسایەتییەکی بەناوبانگی ھاوسەردەمی خۆی بوو. دواتر ڕۆیشت بەرەو ڕەی لە ئێران و لەوێشەوە بەڕێکەوت بۆ شاری ھەمەدان، کە لەوێ کتێبە بەناوبانگەکەی بە ناوی (یاسا لە پزیشکیدا)ی نووسی. لە ھەمەدان توانی چارەسەری نەخۆشییەکی پاشای ھەمەدان، شەمس دەولە بکات.
خوێنەر لە خوێندنەوی ئەم ڕۆمانەدا ئاشنا دەبێت بە کۆمەڵێک لایەن و ڕەهەندی جیاوازی مەعریفی و زانستیی ئیبن سینا کە بەناوبانگترین پزیشک و فەیلەسووف و ئینسایکلۆپیدیست و بیرکاریناس و گەردوونناسی سەردەمی خۆی بووە. بەشداری سەرەکی ئیبن سینا لە بواری زانستی پزیشکیدا بریتییە لە کتێبی (القانون في الطب) ئەم کتێبەی لە ساڵی ١٠٢٥ دا تەواو کردووە، ھەروەھا ئەم کتێبە پێکھاتووە لە ئینسایکڵۆپیدیایەکی دەرمان، ئەم کتێبە لە سەدەی دوازدەی زایینیدا وەرگێردراوەتە سەر زمانی لاتینی. تاوەکو نزیکەی نیوەی سەدەی پازدەیەمی زایینی ئەم کتێبە پازدە جار بە لاتینی و یەک جاریش بە زمانی عیبری بە چاپ گەیەنراوە. لەم ساڵانەی دواییدا بەشێکی لێ وەرگێڕدرایە سەر زمانی ئینگلیزی. لە سەدەی دوازدە تا حەڤدە، کتێبی القانون وەک ڕێبەری سەرەکی پزیشکی بەکارھێنراوە، وەک باسیش دەکرێت کاریگەری زۆری کردووەتە سەر لیۆناردۆ داڤینچی.
ئایدیا و بۆچوونە فەلسەفییەکانی ئبین سینا، لە کولتووری ئەرستۆیی و ئایدیای نیۆ ئەفلاتوونییەکان و فەلسەفە و ئایینناسی ئیسلامی پێکھاتووە. ھەروەھا ئیبن سینا لە بوارەکانی بیرکاری، فیزیا، مۆسیقا و چەند بوارێکی تردا بەشدارییەکی بەرچاو و کاریگەری ھەبووە. ژمارەیەک لێکۆڵینەوەی گەردوونناسی ئەنجام داوە و ئامێرێکی وردکاری داھێنا بۆ ئەوەی وردکاری و دەقیقی ئامێری خوێندنەوەکان زیاد بکات.

خوێندوەیەک بۆ کتێبی بتەکانی کۆمەڵگە

سیروان حەمەڕەشید

قسەکردنەوە و گەیشتن بە مەعریفە و هۆشیاریی قوڵ و هەمەلایەن لەسەر ماهییەت و جۆری بتەکانی کۆمەڵگە، بۆ جڤاتی کوردی ئێجگار پێویست و گرنگە، نووسینی بابەتگەڵی لەو چەشنە بە شێوەیەکی زانستی میتۆدییانە لە نووسینی دکتۆر (عەبدولجەلیل التاهیری)، وەرگێرانی بۆ سەر زمانی کوردی( هەڵکەوت عەبدوڵڵا. وەرگێری کتێب لەسەر بایەخی ئەم کتێبە نووسیویەتی و دەڵێت:” ئەم کتێبە باسی ئەوە دەکات بتپەرستی لە ڕۆژگری ئەمڕۆدا چۆن تەشەنەی کردووە و هۆکارەکانی چین؟ زێوانەکانی ئەو بتانە چۆن توانا و توانستی بڵاوکردنەوەی ئەو واتەوات و درۆیانەیان هەیە؟ چۆن ئەو زێوانانە لە سوتاندنی بخورد، پێشکەشکردنی قوربانی و دروستکردنی وەهم و ئەفسانەکاندا بەشداری دەکەن، بۆ دەستهێنانی پلەوپایە و ناوبانگ و بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکان.
بەشی یەکەم/ دۆخی بتگەرایی ئەم لێکۆڵێنەوەیە دەربارەی لایەنگیری و دەمارگیری و ڕییاکاریی کۆمەڵایەتیە. نووسەر زۆر بە وردی و لەسەر بنەمای کۆمەڵناسی و دەروونناسی و نۆڕم و کەلتوور و بەهاکانەوە خوێندنەوەی لەسەر دروستبوونی بتەکان و پەرستنەکانیان دەکات، دوو مۆدێل و پارادایم لە بتەکان دەستنیشان دەکات، مۆدیلی یەکەم بتەکانی کۆمەڵگەی خۆرهەڵاتی، دووەم بتەکانی جڤاتی خۆرئاوایی، هەروەها ڕۆڵی (زێوان)ەکان لە ستایشکردن و پاراستن و پیرۆزکردنی بتەکان دەردەخات.. نووسەر دەڵێ: “بتەکان هاوکاری و پشتگیریی یەکتر دەکەن بۆ گێڕانەوەی کۆمەڵگە بۆ دواوە، بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان و وەشاندن زەبری کوشندە لەوانەی دەوێرن بەردیان تێ بگرن و کڕنووشیان بۆ نابەن و دوودڵ نین.” نووسەر پێیوایە، کاتێک خەڵک واقیعەکەیان تاڵە و بێزار دەبن، پەنا بۆ پەرستنی بتەکان دەبەن و لەژێر فشاری کوێرەوریی واقیعدا ناچار دەبن لەپێناو مانەوەدا هەموو بەهایەک، کە ئاژەڵ دەکاتە مڕۆڤ، بکەنە قوربانی. واته ئەوانە بتپەرستی بە ئامرازێکی سەرکەوتوو دەزانن بۆ هێنانەدی هاوسەنگی لەنێوان ئارەزوو و ئاواتەکانیان و دۆخی کۆمەڵایەتیدا” لە ماوەی کێشمەکێش و ململانێی نێوان هەر دوو بتەکە دڵەڕاوکێ و پشێویی پێوە دیارە و ناوی دەنێنن ماوەی (گوێزانەوە) لە پەرستنی بتێکەوە بۆ بتێکی دیکە.
بەشی دووە/ لێکۆڵینەوە دەبارەی بتەکان، نووسەر دەڵێت: “لەوانەیە هەندێکی تری قەیرانی ناکۆکی و ململانێی نێوان بتەکان بەوە لێک بدەنەوە کە ماوەی گوێزانەوەیە لە بتێکی تەقلیدییەوە کە زیندووێتی و کارامەبوونی لەدەست داوە و خەڵک لە وەهمە کۆنەکان لایەنداوە و چاوییان بڕیوەتە چەندی تری نوێی هەڵکشاو” لەنێوەندەدا “یەکەمین ئەرکی لۆژیک ئەوەیە یەک لە دوای یەک دوای ئەو هەڵانە بکەوێت تا ئاسەواریان بسڕێتەوە و ڕەگەکانیان هەڵکێشرێت، تا مەعریفە لە خڵتە و کەموکوڕییەکان ڕزگاری بێت، کە تیایدا حەقیقەتی واقیعی ڕوون، سەربەخۆ و دابڕاو بێت لە هەر داوەرێکردنێکی خودگەرانە، کە پێوە دەنووسێنرێت. فەیلەسووفەکان دەڵێن: “هەر خراپەکارییەک هەڵەیەکە ئەقڵ دەیکات، بەو پێیە تاوان دەستەخوشکی لایەنگیری و دەمارگیرییە، چاکەکاریش دەستەخوشکی حەقیقەتە”.
بەشی سێیەم/ بنەما بوونگەراکانی بتەکان، نووسەر پێیوایە: “ڕزگاربوون لەو بنەما بوونگەرایەیی بتەکان لەسەری ڕادەوەستن هۆی بوونی ڕەوتێکی ئاشتیخوازانە و خوازیاری گەشەکردن بێت؟ واتە بەبێ پەنابردن بۆ ململانێی توندوتیژ، ئەوا لەناوبردنی ئەو فیکر و بیروڕا و وەهمانەی گرووپێک بانگەشەکارانی ڕووناکبیری دروستیان دەکەن و دایان دەتاشن، سووک و ئاسان دەبێت، بەڵام مێژوو فێری ئەوەی کردووین، ئەگەر بت توانی ڕەگەکانی شۆڕکاتەوە بۆ ناو واقیعی کۆمەڵایەتی و پیرۆزیی خۆی بەرێتە ناو ناخی دڵەکانەوە و دەسەڵاتەکەی ڕێگەی پێ بدات دەستوەرداتە ناو چارەسەری ناکۆکی و کێشمەکێشەکان و توانی چوارچێوەیەکی کەلتوری دروست بکات، ئەوا ڕزگاربوون لێی و جیهێشتنی ئاسان نابێت و خواستی بەردەوامبوونی ڕێژەیی دەبێت و هێز و توندوتیژی بەکار دەهێنی بۆ بەرگریکردن لە خۆ”.
بەشی چوارەم/ زێوانی بتەکان بۆ مانەوە و بەهیزبوونی و پەرستنی بتەکان، زێوانەکان ڕۆڵی سەرەکی بنچینەی دەبینن، نووسەر بەشی چوارەمی کتێبەکەی تەرخان کردووە بۆ ڕۆڵی زێوانەکان. دەڵێت: “ئەرکی زێوانەکان بریتییە لە خوڵقاندنی وەهمەکان، بڵاوکردنەوەی خەیاڵپڵاوییەکان و پڕوپاگەندە مەبەستدارەکان و هونەرنواندن لە دووزمانی و دووڕوویدا، شارەزایی لە تۆڵەسەندنەوە و ئەشکەنجەدان و نانبڕیندا، بۆ پارێزگاریکردن لە بەربژێری و بەرژەوەندییەکانی خۆیان. ئەو زێوانانە بت دەکەنە ئامرازێک بۆ هێنانەدی مەبەست و ئامانجەکانیان، ئەگەر ئەوانە لە ماوەیەکی درێژخایەندا لە پێگەی زێوانیدا بمێنەوە و هۆشیاری لەناو نەدارە بێزار و توڕەکاندا سەبارەت بەوە بڵاوبوونەوەوە کە بتیان زۆر بەکار بردووە، ئەوا شەپۆلێک ڕەخنە و گومان هەڵدەکات و بە شێوەی سکاڵانامە دژی چەوساندنەوە دەردەکەوێت و گرووپێکی نوێی خەڵک دەیگرێته ئەستۆ، کە دەیەوێت هەمان بەربژێری یان بەشێکی بەدەست بهێنت. بۆیە ململانێ لەنێوان زێوانە کۆنەکان و دەستەنوێیەکەدا سەر هەڵدەدات. دەتوانین بڵێین، زێوانەکان بارمتەی بەرژەوەندییە تایبەتەکانی خۆیانن و هێندە خودئەڤینن ئامادەن هەموو جۆرە تەمەلوق و ستایشکاری بۆ بتەکان بکەن..
بەشی پێنجەم/ بتەکان و بەرهەمهێنانی ئەقڵی، لەم بەشەدا نووسەر هێما بۆ دروستبوون و بەرهەمێنانی بتەکان دەکات، وەک پێداویستیەکی خەڵک. چونکە پێیوایە بتەکان ڕوڵێکی گرنگ دەگێڕن لە زاڵبوون بەسەر ویژدان و سۆزەکانی خەڵکدا. بۆیە ئەو بەرهەمە ئەقڵییانە هەڵدەبژێرن، کە تەبان لەگەڵیدا و ناکۆک نین لەگەڵیدا و کاریگەرییان لەسەر خوڵقاندنی نیگەرانی و پشێوی نییە، جا ئەگەر چەندین بیرۆکە و وەهم سەریان هەڵدا، کە تەبانابن لەگەڵ پێکهاتەی مادیی کۆمەڵایەتیی دەسەڵات و پیرۆزیدا، ئەوا ڕەت دەکرێنەوە و فەرامۆش دەکرێن، ئەوەش لەپێناو پشتگیرکردنی ئەو وەهم و خەیاڵپڵاویانەی گوزارشت لە واقیعی بەکردەوەی دەسەڵات دەکەن. کەواتە تێگەیشتن لەو هەلومەرجە مادیی کۆمەڵایەتیانە گرنگن بۆ دیاریکردنی ئەو سەرچاوەیەی وەهم و بتەکانی لێوەی هەڵقوڵاون.
بەشی شەشەم/ لەنێوان ڕیالیزم و ئایدیالیزمدا، ئەم بەشە تەرخانە بە خستنەڕووی دید و بۆچوونی بەشێک لە فەیلەسووفانی کۆمەڵناسی وەک ( کارل منهایم و سوروکن و‌ ماکس ڤیبەر ) منهایم دەڵێت: “هەر بەرهەمهێنانێکی ئەقڵ (فیکر و وەهمەکان و یوتوبیا) ئەنجامی پێگەی توێژ سەرهەڵدەدات و پێویستە تیۆرێکی دوورمەودا پێک بهێنی. سوروکن لەو بڕوایەدایە، کە زۆربەی خراپە و نەخۆشییە کۆمەڵایەتییەکانمان بەری نقوومبونمانە لەناو چڵپاوی ژیاری هەستەکیدا، بەڵام وەک پێویست قسەی دەربارەی ئەو پرسیارە کردووە: بۆچی بەردەوام ئەو هەڵبەز و دابەزە لەو هێزە ناوخۆییانەوە ڕوو دەدات، کە لەناو خودی ژیارەییەکەدان، نەک لە بزوێنەرە دەرەکییەکانەوە؟!” هەروەها ماکس ڤیبەر ڕەخنەی لە لێکدانەوەی مەتریالیستانە بۆ مێژوو گرت، چونکە لە کتێبەکەیدا (ئەخلاقی پڕۆتستانتی) هەوڵی داوە، ئەو ڕۆڵە سەربەخۆیە دەربخات کە فیکر لە سەرەتای سەرهەڵدانی سەرمایەداریی نوێ و گەشەکردنیدا گێڕاویەتی و بایەخی بە چەندین جۆری تایبەتی وەهمەکان داوە، کە پێیوابووە وێنەن پاساو بۆ چینەکان دێننەوە و دەیان بزوێنن و هانیان دەدەن تا بەرژەوەندییە ماددییەکانیان بپارێزن” بەشی حەوتەم و کۆتایی/ کۆمەڵگەیەک بێ بتەکان، نووسەر لە پەرەگرافی کتێبەکەدا دەڵێت: ” هەر کاتێک بواری ئازادیی تاکەکەسی فراوان بوو جووڵە و ژیان زیاتر دەبێت و پەرەسەندنی کۆمەڵگە چالاک دەبێت، بۆیە لەبەر چوونە پێشەوەی کۆمەڵگە پێویستە هەموو کۆششەکان پشتیگیری یەکتر بکەن بۆ کەمکردنەوەی پێگەی بتەکان و ڕزگارکردنی ئەقڵەکان لە وەهم و خەیاڵپڵاوییەکان”، هەروەها یەکێک لە خەسڵەتەکانی بت ئەوەیە نەتەوە پارچەپارچە دەکات، خۆراک دەداتە لێک دوورکەتنەوە و ڕەقلێکبوونەوە، کە تاکەکان ناچار دەبن داکۆکی لە وەهم و بتەکانیان بکەن و کار بکەن بۆ تێکشکاندنی بتەکانی ئەوانی دیکە و ڕەواندنەوەی وەهمەکانیان.

ئەم کتێبە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم ساڵی 2018 چاپی کردووە

کانڤاسە سپییەکە؛ ڕۆمانێکی پەروەردەیی بۆ گەنجان

ڕانانی: ئیدریس عەلی
بێگومان بە هۆی وەرگێڕانەوە، تا ئەندازەیەکی باش کتێبخانەی کوردی و خوێنەر، ئاشنابوون بە ئەزموونی فکری و فەلسەفە و کولتوور و ئەدەبیاتی دنیا، ئەو سەرچاوانەی هەنووکە لە شێوەی کتێب لە بەردەستدان، بایی ئەوەندەن کە لە هیچ ڕوویەکەوە پەکمان نەکەوت بۆ لێکۆڵینەوە و نووسین و خوێندنەوە و خۆڕۆشنبیرکردن، بەڵام لە لایەن نێوند و دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەوە، کەمترین ئاوڕ لە ئەدەبیاتی گەنجان دراوەتەوە، کەمترین بایەخ و گرنگیی بەم توێژە هەستیارەی کۆمەڵ دراوە، لە ڕووی پەروەردەی تەندروست و ڕۆشنبیریی گشتییەوە، ڕاستە لە نێو ئەدەبیاتی دنیادا، پانتاییەکی فراوان بۆ ئەدەبی گەنجان بەخشراوە و لەو ڕووەوە کۆمەڵێک کتێبی جۆراوجۆر کە تایبەتن بەو قۆناغەی مرۆڤ، چاپ و بڵاوبوونەتەوە، بەڵام وەرگێڕکارانی ئێمە، کەمتر ئاوڕیان لە وەرگێڕانیان داوەتەوە، من بێگومانم ئەمە لەو ڕووەوە نییە کە وەرگێڕکارانی کورد، بە چاوی پڕ لە بایەخ و گرنگییەوە، لەم ئەدەبە نەڕوانن، بەڵام گومانم هەیە لە نێوەندەکانی خێزان و قوتابخانە و یەکەکانی دیکەی کۆمەڵگاوە، گەنجان و مێردمنداڵان، بە باشی لە ڕووی پەروەردەوە ئامادەکرابن، یاخوود هاندرابن بۆ خوێندنەوە، بۆیە لەو ڕووەوە تا ئەندازەیەک چ وەرگێڕکاران، چ دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە، ترسیان لەوە هەیە بە وەرگێرانی ئەو کتێبانەی تایبەتن بە گەنجان، کتێبەکان لەسەر ڕەفەی کتێبخانەکان تۆز بیانگرێت و دەستی خوێنەریان نەگاتێ.
سەرباری کۆمەڵێک هەوڵی لێرە و لەوێ لە ڕابردووەدا کە هەندێک کتێب و ئەدەبیاتی تایبەت بە منداڵان و گەنجان چاپ کران، لە ئێستادا دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، یەکێک لە باشترین کتێبەکانی تایبەت بە دنیای گەنجان، چاپ و بڵاوکردووەتەوە، ئەویش کورتە ڕۆمانی (کانڤاسە سپییەکە)یە، کە لە لایەن عومەر ڕەسوڵ، بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش، وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و ئێستا ئەم ڕۆمانە لە کتێبفرۆشییەکاندا بەردەستە، دەبێت ددان بەو ڕاستییەدا بنێن کە ڕۆمانەکە بۆ خۆی چەند جوان و خاوەن ڕەهەندی قووڵی پەروەردەییە، هێندەش خودی زمانی وەرگێرانەکە، چێژی زیاتری داوە بە ڕۆمانەکە، بێگومان ئەمەش وا دەکات خوێنەر زیاتر وابەستە بێت بە خودی ڕۆمانەکە و ڕووداوەکانەوە.
ئەم ڕۆمانە یەکەم بەرهەمی خانمە نووسەری هۆڵەندی (سێلما پێرمێنتێر)ە وەک ڕۆمان، ئەم خانمە نووسەرە، خۆی لە بواری هونەری شێوەکاریدا کار دەکات و ئەزموونێکی پڕ و دەوڵەمەندی هەیە، ئەم ڕۆمانە یەکەم هەوڵی ئەوە لە بواری ئەدەبی گێڕانەوەدا، بەڵام پێشتر ئەزموونی نووسینی دیکەی هەبووە لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا، شێوەکاربوونی ئەم خانمە هۆڵندییە، بە خودی ڕۆمانەکەشەوە ڕەنگی داوەتەوە و شاکەسی ڕۆمانەکە کچێکە بە ناوی ساناوە، کە دواجار پاش بڕینی چەندین قۆناغی ژیان و کێشە و گرفتە کۆمەڵایەتیی و سەختییەکانی ژیان، دەبێت بە هونەرمەندێکی شێوەکار، ئەگەرچی تارمایی ئەو کێشە و سەختیانەی ژیان هەر بە شوێنیەوەن و وەک کابووس لە خەیاڵ و بەرچاوی لاناچن، بەڵام سەرەنجام بە یەکێک بە ئاواتەکانی منداڵی دەگات، ئەویش بوون بە هونەرەمەندە و کارکردنە لە دنیای وێنەکێشاندا، وێنەکێشان هەر لە سەرەتاوە لای سانا، هۆیەک بووە بۆ وەڵامدانەوە بە تەنیایی و بیر و خەیاڵ و خەون و پرسیارە زۆرەکانی.
بە گشتی وەک ئاماژەم پێ دا، ئەم ڕۆمانە چیرۆکی کچێک دەگێڕێتەوە بە ناوی سانا، چیرۆکەکە لە تەمەنی دە ساڵانەوە دەست پێ دەکات تا بیست و پێنج ساڵی، سانا لە خێزانێکی نا ئاسایی چوار کەسیدا دەژی، خوشکەکەی و دایک و باوکی، خوشکەکەی ناوی ئارینایە و لە خۆی گەورەترە، سەرکێشە و ئێوارەیەک بە هۆی دەمەقاڵێیەکی خێزانییەوە ماڵەکە جێ دەهێڵێت و بوونی وەک ناویش لە نێو خێزانەکەدا دەسڕدرێتەوە، پاش پازدە ساڵ، بە خەیاڵ یاخود ڕاستی سانا دەبینێتەوە، سانا هەر لە تەمەنی دە ساڵانەوە کە ئێمە لە خوێندنەوەی ڕۆمانەکەدا پێی ئاشنا دەبین، منداڵێکی گۆشەگیر و تەنیا و نائاساییە، خەونی هەیە و لە ژوورەکەیدا تابلۆی ئەو دیمەنانە دەکێشێت کە لە خێزانەکەدا ئازاری دەدەن، وەک دەمەقاڵێی دایک و باوکی، لووتبەرزیی و بێمنەتیی و فرتوفێڵی خوشکە گەورەکەی، واتە دەتوانین بڵێین لە سەرەتای ڕۆمانەکەوە ئێمە بە کچێک و خێزانێکی نائاسایی ئاشنا دەبین، نا ئاسایی سانا لە بلیمەتی و خەون و خولیا و پرسیارە قووڵەکانیدایە سەبارەت بە خۆی و دنیا و ژیان، نائاسایی خێزانەکە لە بوونی باوکێکی دڵڕەق و دایکێکی هیلاک و ژیانێکی دوورەپەرێیزدایە، خێزانێکی سارد لە گشت لە ڕووەکانەوە.
گۆشەگیری و تەنیایی و نامۆیی سانا، سنووری ماڵەکە دەبەزێنیت و تەنانەت لە گۆڕەپانی قوتابخانەش، کاتێ منداڵان خەریکی یاریکردن و دڵیان خۆشە، ئەم لە دوورەوە تەماشایان دەکات و تێکەڵیان نابێت، سەرەنجام کاتێک دایک و باوکی درک بەوە دەکەن کە کچەکەیان دووجاری حاڵەتی تەنگەژەی دەروونی بووە، بۆ چارەسەر دەیبەنە سەنتەری چارەسەرکردنی نەخۆشییە دەروونییەکان و جێی دەهێڵن، ئەم جێهێشتنە یەکجارەکییە و لە ماوەی ئەو گشت ساڵانەدا نە دایکی نە باوکی نایەن بۆ سەردانی و چ هەواڵێکی ناپرسن، سانای منداڵ لە سەرەتادا زۆر بیر لەوە دەکاتەوە و هەمیشە لە دڵی خۆیدا دەپرسێت: چما دایک و باوکم بیرم ناکەن؟ ئەدی بۆچی نایەن بۆ لام و سەردانم ناکەن؟
سەرەنجام سانا لەگەڵ ئەو دۆخەدا ڕادێت و دایک و باوک و ئەرینای خوشکە گەورەشی لەیاد دەکات، ئیدی لە نێو چیرۆکی پڕ لە ڕوودا و بەسەرهاتی سەنتەرە دەروونییەکەدا، دەبێت بە کاراکتیەرێکی ناڕازی و تووڕە و پڕ لە پرسیار، کە دەشبینێت هیچ کام لە چارەسەرییە دەروونییەکان وەڵامی پرسیار و گومان و خەونەکانی نادەنەوە، هەوڵ دەدات پشت بە خۆی و تواناکانی خۆی ببەستێت، سەیر لەوەدایە سانا لە سەنتەرەکەدا وەک نەخۆشی دەروونی تەماشای دەکەن و مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن، کەچی لە دەرەوە وەک مرۆڤێکی ساغڵەم و بیرکەرەوە و بەڕێز لێی دەڕوانن، بە تیابەت لەو کاتەدا کە خۆبەشانە دەچێتە یانەیەکی سەرپەرشتی منداڵانەوە و ڕاهێنان بە منداڵان دەکات، یاخود ئەو کاتەی پاش چەندین ساڵ بڕیار دەدات دەست بکاتەوە بە خوێندن و کۆلێژی هونەر تەواو بکات، ئێمە سانایەک دەبینین خاوەن توانا و ئیرادە و هێز، سانایەک کە جگە لە تەنیایی و بیرکردنەوە و فەرامۆشکردنی لە لەلایەن خێزانەکەیەوە، هیچ گرفتێکی نییە و لە ڕێی یەکێک لە گەلەرییە شێوەکارەکانەوە تابلۆکانی دەفرۆشێت و لەگەڵ هونەرمەندە بەنێبوبانگەکاندا بەشداری پێشانگا دەکات، یەکێک لە تابلۆ بە ناوبانگەکانی، تابلۆیەکە بە نیوی (دایک) ئەو تابلۆیە هیچ نرخێکی لەسەر نییە و سانا وای داناوە لە خۆشەویستیی دایکییەوە نابێت بفرۆشرێت، بەڵام پاش پازدە ساڵ کە دایکی دێت بۆ لای و پێێ ڕادەگەیەنێت کە باوکی لە سەرەمەرگدایە و داوا لە سانا دەکات سەردانی باوکی بکات، بەڵام سانا کاتێک بیر لە دڵڕەقیی دایک و باوکی دەکاتەوە کە ماوەی پازدە ساڵ لێیان نەپرسیوەتەوە و لە سەنتەری چارەسەرە دەروونییەکاندا بە تەنیا جێیان هێشتووە، هاوکات کاتێک بیر لەوە دەکاتەوە کە بە هەوڵی خۆی بەسەر کێشە و سەرئێشەکانی ژیانیدا زاڵ بووە و گەورەترین خەونی منداڵیی خۆی، کە بوون بە هونەرمەندی شێوەکارییە بە تەنیا هێناوەتەدی، بە تووندی بەرپەرچی دایکی دەداتەوە و بەجێی دەهڵێت.
ئەم ڕۆمانە گەلێ پەند و حیکمەتی تێدایە، سەرەکیترینیان ئەو ڕەهەندە پەروەردەیی و کۆمەڵایەتیەیە کە کۆی ڕۆمانەکەی لەسەر بونیاد نراوە، ئەم ڕۆمانە ئامۆژگاریمان دەکات نەرم بین و دوور بین لە زمان و مامەڵەی توندوتیژانە و دڵڕەقانە، ڕێنماییمان دەکات لە نێو خێزان و دەزگاکانی دیکەی کۆمەڵگەدا بە شێوەیەکی تەندروست مامەڵە لەگەڵ منداڵ و مێردمنداڵەکانماندا بکەین، بە دیاریکراوەی ئەم ڕۆمانە سەر بە ئەدەبی گەنجانە و ڕووداوەکان لە ڕێگەی کارەکتەرێکەوە دەگێڕدرێتەوە و کێشە و سەرئێشەکانی منداڵ و گەنجان بەیان دەکات، بەڵام زۆریش گرنگە گەورەکان بیخوێننەوە، چونکە ئەگەر لە لایەکەوە ئامۆژگاریی گەنجان دەکات و لە کێشە و تەڵەزگەکان ئاگاداریان دەکاتەوە، لە لایەکی دیکەوە ڕێنمایی گەورەکان دەکات بە چاوێکی کراوەترەوە لە نەوەکانیان بڕوانن.
بە هیوام هەموان خوێنەری ئەم کورتە ڕۆمانە بن و لێوەی فێری ژیان و مامەڵەی دروست ببن.

دۆزینەوەی ئەم کتێبە وەک دۆزینەوەی کانی ئاڵتون وابوو

ئارمان خەلیل

لەم بوارانەدا زۆر بە ئەستەم کتێبێک دەدۆزیتەوە کە نووسەرەکە هەمان ئەو خەمانەی تۆی هەبن. هەر لەو کێشانەوە کە لە کاتی خوێندن و زانکۆدا هەن تا دەگاتە ئەو کێشانەی لەگەڵ سەرچاوەکان و شێوازەکانی تێگەیشتن لە بابەتەکان هەن. بۆ شتێکی وەکوو فیزیک کە چەندین ساڵی دەوێت تا لە بابەتە بنچینەییەکانەوە دەگەیتە بابەتە ئاستبەرزترەکان، زۆر گرنگە کە بزانیت چی دەکەیت و چۆن سەرقاڵی ئەوە دەبیت کە پێویستە. نووسەری ئەم کتێبە کە بەم دواییانە خوێندنی دکتۆراکەی تەواو کردووە، خاوەنی چەندین کتێبی ترە کە لە درێژەدا باسیان دەکەم. باسەکە بەو جۆرە بوو
کە لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا بە ڕێکەوت ئەم ناونیشانەم بەرچاوکەوت:
نووسراوە. Teach Yourself Physics کە لە لایەن Jakob Schwichtenberg

لە سەرەتادا چاوەڕوانییەکی زۆرم نەبوو، کەچی کە دەستم بە خوێندنەوەی کرد، نەمتوانی وازی لێ بهێنم. ئەوەی دەمخوێندەوە ئەزموونی کەسێکە کە بە هەمان ئەو ڕێگایەدا ڕۆیشتووە کە من دەمەوێت پێیدا بڕۆم و هەمان ئەو خەمانەی هەیە کە من هەمن. ئەوەی کە چۆن دەبیت بە فیزیکزان و خۆت سەقاڵی خوێندنی فیزیک دەبیت بۆ ئەوەی دواتر بتوانیت وەکوو توێژەرێک کار لەسەر کێشەکان بکەیت و ئاستی تێگەیشتن و زانینت هێندەی ئەوە بێت کە بتوانیت کار لەسەر کێشە و پرسە گەورەکان بکەیت. بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە ئەو بە ڕێگاکەدا ڕۆیشتووە و خوێندنی دکتۆراکەی تەواو کردووە. لەو ئەزموونەشەوە لەم کتێبەدا هەموو ئەوەی لەو ماوەیەدا فێری بووە بە خوێنەری دەڵێت و دەیەوێت وێنە گەورەکەی فیزیک و چۆنێتی خوێندنی فیزیک نیشان بدات. دەیەوێت خوێنەر تێبگات کە بە گشتی شتەکان چۆنن و چی هەڵەیە و چی ڕاستە بکرێت لە ڕێگای بوون بە فیزیکزاندا. لە هەموو شتێک گرنگتر ئەوەیە لە درێژەی کتێبەکەدا یەک بە یەک دەچێتە سەر بابەتە جیاوازەکان کە بنچینەیین بۆ هەر کەسێک بیەوێت ببێتە فیزیکزان. وێرای ئەوەی نەخشەڕێگاکەت نیشان دەدات، بە کورتی باسی هەر بابەتێک و گرنگییەکەی دەکات. لە سەروو ئەوەشەوە پێشنیاری باشترین سەرچاوەکان دەکات بۆ تێگەیشتن و خوێندنی بابەتەکە. لە کاتی پێشنیارکردنی سەرچاوە جیاوازەکاندا، بە ڕوونی پێت دەڵێت کە هەر یەکێکیان بۆ چی ئاستێک باشە و چیت فێر دەکات.
ئەم کتێبە بە ڕای من باشترین ڕێنیشاندەرە بۆ هەر کەسێک بیەوێت ببێتە فیزیکزان و بە ڕاستی سەرقاڵی خوێندنی فیزیک بێت. خۆزگە دەکرا هەموو خوێندکارێک کە دەچێتە بەشی فیزیک پێش هەموو شتێک، ئەم کتێبە بخوێنێتەوە و جا دەستبکات بە خوێندنی ئەوەی لە زانکۆ هەیە. خۆشبەختانە دوای دۆزینەوەی ئەم کتێبە ئیتر شتێک هەیە کە هەر کەسێک پرسیاری ئەوەم لێبکات چۆن ببمە فیزیکزانم بتوانم بێ دوودڵی ئەمەی بۆ پێشنیار بکەم. جیا لەوەش ئەمە بۆ خودی خۆم سوودێکی ئێجگار گەورەی هەیە. ئەوەی لەم کتێبەوە فێری بووم شتانێکن کە کاتێکی زۆرم بۆ دەگێڕێتەوە. پێشنیار دەکەم کە لە هەر ئاستێکدان و دەتانەوێت ببن بە فیزیکزان، خوێندنەوەی ئەم کتێبەتان بیر بێت.
کتێبەکە لە بەشی کتێبی کتێبخانەی ئۆنڵاینی کاکێشان بە چاپکراوی بەردەستە. بۆ بینینی زانیارییەکانی، کلیک لەم لینکە بکە: (بابەتەکە هێشتا ماویەتی،لە بەشی خوارەوە درێژەی بابەتەکە بخوێنەوە).
نووسەر، هەر لەو کتێبەدا باس لەوە دەکات کە لە کاتی خوێندنی زانکۆدا هەستی بەوە کردووە کە زۆربەی زۆری خوێندکارەکان وێنە گەورەکەی فیزیک نابینن و فێری ئەوە نابن کە بۆچی ئەو بابەتانە دەخوێنن، هۆکاری ئەمە دەکرێت لەبەر ئەو پەستانە زۆرە بێت کە لەسەریانە یان ئەوەتا فریا ناکەون یان چیتر توانای ئەوەیان نامێنێت کە خۆیان بە دوایدا بگەڕێن. بەڵام خۆی بە هۆی بەرچاوکەوتن و خوێندنەوەی بەرگی سێیەمی وانەکانی فاینمەن کە لەسەر میکانیکی کوانتەمییە، جارێکی تر وزەی بۆ گەڕاوەتەوە و لە هۆکاری خوێندنی بابەتە جیاوازەکان تێگەیشتووە. هەر بۆیە لە ئەنجامدا و دواتر کۆمەڵێک کتێبی نووسیوە کە بوونەتە زنجیرەیەک بە ناونیشانی No-Nonsense. ئەم زنجیرەیە بە تایبەت بۆ ئەوەی کە لە بابەتە بنەڕەتییەکان، تێبگەیت. تێگەیشتنێک کە بە ئەزموونێکی زۆر و کاتێکی زۆر دەستت دەکەوێت. زنجیرەکە تا ئێستا و لە کاتی نووسینی ئەم بابەتەدا ٤ کتێبە کە سیانی سەرەتای، لە میکانیکی کلاسیکییەوە دەستپێدەکات، دواتر ئەلیکترۆداینامیک و دواتریش میکانیکی کوانتەمی. ئەم سێ بابەتە بەشی هەرە سەرەکی ئەو بنەمایانەن کە هەر خوێندکارێکی بەشی فیزیا یان هەر کەسێک کە بیەوێت ببێتە فیزیکزان دەبێت بیانخوێنێت و جگە لەوەش لە ئاستێکی باشدا لێیان تێبگات. کتێبەکانی ئەم بە تایبەت کار لەسەر ئەو تێگەیشتنە دەکەن کە لە تێکستبووکە باوەکاندا نین و بە خوێندنەوەی ئەمانە کاتێکی زۆرت بۆ دەگەڕێتەوە. هەڵبەت دەبێت خوێنەر ئاگادار بێت کە خوێندنەوەی ئەو کتێبانە وا باشترە لەگەڵ تێکستبووکی تر بێت کە نمونەی شیکار کراو و ڕاهێنانی تێدا بێت چونکە ئەم کتێبانەی ئەم نووسەرە، ڕاهێنان و نمونەی شیکارکراویان تێدا نییە. وەک باسمکرد، کتێبەکان چوار دانەن، بەڵام تەنها ناوی سیانم هێنا، چونکە چوارەمیان لەسەر Quantum Field Theory کە بابەتێکی ئاستبەرزە و لە گرنگترین ئەو بابەتانەیە کە لە پاڵ تیۆریی ڕێژەیی گشتیدا (General Relativity) دەبێت هەر فیزیکزانێک کە بیەوێت کاری گەورە ئەنجام بدات و لە بوارە بنچینەییەکاندا توێژینەوە بکات بیانزانێت.

پەروەردەی پراکتیک؛ کتێبێکی گرنگ سەبارەت بە وانەی هونەر

ڕانانی: سەردەم

ئەم کتێبە یەکێکی دیکەیە لە چاپکراوە باش و ناوازەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، پەروەردەی پراکتیک، لێکۆڵینەوەیەکی زانستی و ئەکادیمییە لە چوارچێوەی بابەتی هونەری و وانەی هونەری و تایبەت بۆ مامۆستای هونەری قوتابخانەکاندایە، بێگومان لەم کتێبەدا بە قووڵی جەخت لەسەر گرنگی وانەی هونەر و مامۆستای هونەر کراوەتەوە لە ئاڕاستەکردن و ئاشنا کردنی خوێندکار و مامۆستا سەبارەت شێوازی وانەگوتنەوەی هونەی.
لە ڕاستیدا نووسەری ئەم کتێبە (خەلیل عەلی) پێشتریش کۆمەڵێک کتێبی دیکەی هەر لە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم سەبارەت بە هونەر و پەروەردە چاپ و بڵاوکردووەتەوە، بۆیە بەوپەڕی متمانەوە دەتوانین بڵێین کە ئەم نووسەر و لێکۆڵیارە، بە شێوەیەکی پرۆفیشناڵانە تایبەتمەندیی خۆی لەم بوارە گرنگەدا وەرگرتووە، ئەم کتێبەشی کە ئێستا لە کتێبفرۆشییەکان بەردەستە، یەکێکی دیکەیە لەو هەوڵ و پەرۆشییەی ئەم نووسەرە بۆ پەروەردەی هونەر و خوێندکار و مامۆستا و خودی پرۆسی پەروەردە و فێربوون داویەتی، کتێبەکە دابەش کراوە بەسەر کۆمەڵێک ناونیشان و بەشدا و پشتی بە کۆمەڵێک سەرچاوەی گرنگی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی بەستووە، هاوکات لە بەشی کۆتایی کتێبەکەدا، جگە لە کۆمەڵێک وێنە، فەرهەنگۆکێکیشی داناوە بۆ لێکدانەوەی ئەو وشە و چەمک و زاراوانەی کە کەوتوونەتە نێو باس و بابەت و بەشەکانی لێکۆڵینەوەکەیەوە، گنگترین بەش و ناونیشانەکانیش بریتین لە: پەروەردەی پراکتیک، ئاستەنگەکانی بەردەم پەروەردەی پراکتیک، کاریگەریی و ئامادەکارییەکانی پەروەردەی پراکتیک، تایبەتمەندییەکانی بەکارهێنانی پەروەردەی هونەر وەک هۆکارێکی وانەگوتنەوە، متمانە و دڵنیایی مامۆستا بۆ قوتابی پێویستە، چۆن مامەڵە لەگەڵ پرۆگرامی پەروەردەی هونەردا بکرێت؟ و چەندین بەش و ناونیشانی دیکە بوونەتە هۆکاری دەوڵەمەندی و پڕبابەتیی لێکۆڵینەوەکە.
نووسەر لە پێشەکییەکی کورتدا ئاماژەی بەوە داوە ئەم کتێبە کۆمەڵێک بابەت و چالاکیی هونەریی گرنگ و هەستیار پەروەردەی پراکتیک لە وانەی هونەر لەخۆ دەگرێت: لەگەڵ ئەوەشدا لە هەندێک شوێندا لەبری وشەی خوێندکار، دەستەواژەی مامۆستا، یان ڕاهێنراو بەکار هێنراوە، چونکە خوێندکار لە دوای وەرزی یەکەمی دواقۆناغی خوێندن لە پەیمانگا و کۆلیجە بنەڕەتی و هونەرییەکان ئامادە دەکرێن بۆ سەردانیکردنی قوتابخانەکان و دەچنە ئاستی جێبەجێکارەوە.
بە گشتی ئەم کتێنە هەموو ئەو زانیارییە پێویستانە لەخۆ دەگرێت، کە پێیوستین بۆ مامۆستایەکی ئامادەکراو، واتە خودی لێکۆڵینەکەوەکە ئاڕاستەی مامۆستای هونەر کراوە لەم پرۆسە گرنگ و پڕ بایەخەدا، هاوکات وشیاریان دەکاتەوە لە گرنگیی وانەی هونەر و چۆنێتی مامەڵەکردن و گوتنەوەی وانەی هونەردا بە خوێندکاران و جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە ئەوەی بۆ مامۆستا گرنگە جێبەجێکردنی پرۆگرامەکانی پەروەردەی هونەرە بە دڵسۆزییەوە: دواتر دەتوانرێت خەیاڵبازی و توانا باشەکانی خۆیشی لەگەڵ تێکەڵ بکات و بە بیرۆکەی داهێنەرانە، پرۆگرامەکە، وانەکە، دەوڵەمەند بکات.
لە بەشی یەکەمی کتێبەکەدا بە ناوی (پەروەردەی پراکتیک) نووسەر بەم شێوەیە پێناسەی پەروەردەی پراکتیک دەکات و ئاماژ بۆ ئەوە دەکات کە بریتییە لە ڕاهێنان و ڕاهێزان لە ڕێگەی خول، یان وانەی پراکتیکییەوە، تا وەرگر بە شێوەیەکی باش پوخت زانیاری لەسەر بابەتی دیاریکراو بە شێویەکی ڕاستەوخۆ وەربگرێت و ئەزموونی لەسەر بکات، جا ئەو زانیارییە پەروەردەیی بێت، یان هونەری، هەروەها بایەخی پەروەردەی پراکتیکی بۆ قوتابی ئەوەیە، کە لەژێر چاودێری کەسێکی دیاریکراو، یان شوێنێکی تایبەتمەند ئەو کارە ئەنجام بدات.
لە بەشێکی دیکەی هەمان کتێبدا، بە ناوی ئاستەنگەکانی بەردەم پەروەردری پراکتیک، نووسەر باس لەوە دەکات کە لێرەدا پەروەردەی پراکتیک کۆمەڵێک چالاکیی فرەجۆری کردارەکی لەخۆ دەگرێت و لە ڕێگەیەوە کەسی ڕاهێنراو بە لایەنە جۆراوجۆرەکانی وانەکە: ئینجا هەنگاو بە هەنگاو لە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن تێدەگات و پێی ئاشنا دەبێت، کە سەرەتا بە بینین و دواتریش وەک مامۆستایەک لە ناو پۆلدا ڕەفتار دەکات و ئەرکەکانی سەرشانی جێبەجێ دەکات.
ئەوەش ئاشکرا دەکات کە پسپۆڕانی پەروەردە جەخت لە گرنگی و بایەخی پەروەردەی پراکتیکی دەکەنەوە: چونک تا کەسی ڕاهێنراو بە کردەوە زانیارییە تیۆرییەکانی نەخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوا ناتوانێت بە تەواوی لە پرۆسەکە تێبگات، چونکە وانەی پراکتیکی بوارە ڕاستەقینەکەی وەرگرتنی زانیارییە.
لە هەمان بەشدا جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە کە سەرەتا کەسی ڕاهێنراو لە ڕێگەی وانە تیۆرییەکانەوە زانیاریی وەرگرتووە و دواتر ئەم زانیارییانەی بە کەردەوە دەکات و لە پرۆسەیەکی پراکتیکیدا جێبەجێییان دەکات: ئەوەش لەسەر توانا و لێهاتوویی و کارامەییان لەسەر وانەگوتنەوەیان ڕاوەستاوە، هەر لەبەر ئەوەشە پرۆسەی وانە پراکتیکییەکە کۆمەڵێک ئاستەنگی وەک هەر وانەیەکی تری خوێندن دێتە بەردەم. دواتر نووسەر پۆلێنکاری بۆ ئەم کێشانە دەکات و لە چەند بەشێکی کورتدا تیشک دەخاتە سەر ئاستەنگییەکان کە بریتین لە: ئاستەنگە داراییەکان، ئاستەنگەکانی ئیداری و بەڕێوەبردن، ئاستەنگە پیشەیی و پەروەردەییەکان، ئاستەنگە کەسییەکان، هەندێک ئاستەنگی تر.
لە بەشێکی تردا بە ناوی (وانەی پراکتیکی و پەروەردەی هونەر) خەلیل عەلی نووسەر و لێکۆڵیار، باس لەوە دەکات کە یەکێک لە پایە گرنگەکانی وانەی پەروەردەی هونەر، وانەی پراکتیکییە، واتە زانیاریی هونەری تەنها لە ڕێگەی وانە تیۆرییەکانەوە ناگاتە قوتابی، بەڵکو پێویستە مامۆستای ڕاهێنراو بۆ گەیاندنی پەیامی پرۆگرامی پەروەردەی هونەر، هانا بۆ وانەی پراکتیک بەرێت و تاقیکردنەوە لەسەر کەرەستە و شمەکەکن بکات: جا هەر کەرەستە و شمەکێکیش خاوەن تایبەتمەندیی خۆیەتی لەسەر شێوازی کارکردن و بەرهەمهێنانی کاری هونەریدا، کەواتە قوتابی لە ڕێگەی ڕاهێنان و ڕاهێزانەوە ئەزموونکاری ئەنجام دەدات لەگەڵیشیدا بیرۆکە و شێوازی نوێ دەهێنێتە گۆڕێ.
لە هەمان بەشدا نووسەری ئەم لێکۆڵینەوەیە جەخت دەکاتەوە کە لێرەدا بە پێیوست دەزانرێت لە هەر وانەیەکی پەروەردەی پراکتیکدا، کەسی ڕاهێنراو ئەرکێکی پێ بسپێردێت و لە وانەی داهاتوودا ئامادەی بکات، پاشانیش مامۆستا نمرەی ئەوچالاکییەی بۆ دابنێت: لەگەڵ ڕەچاوکردنی پوختی و پاکی و جوانیی کارەکە.
لە بەشێکی دیکەدا بە ناوی (تاقیکردنەوە) خەلیل عەلی، باس لەوە دەکات کە یەکێک لەو ئەرکە گرنگانەی دەکەوێتە سەرشانی مامۆستای ڕاهێنراو، بریتییە لە ئەنجامدانی تاقیکردنەوە، بەڵام پێیوستە مامۆستا ئەوە بزانێت، کە نابێت تاقیکردنەوەی سەر کاغەز ئەنجام بدات، واتە: تاقیکردنەوەی هاوشێوەی وانەکانی تر، بەڵکو وەک ئەم شێوازەی بۆی دانراوە دوو جۆر تاقیکردنەوە ئەنجام دەدات وەک (تاقیکردنەوەی گرووپکاری، تاقیکردنەوەی تاککاری) لە تاقیکردنەوەی تاککاریدا، نووسەر ڕوونی دەکاتەوە کە لێرەدا مامۆستای ڕاهێنراو بەپێی خشتەی ژمارە ٢، (بێگومان خشتەکە لە کتێبەکەدا هەیە) قوتابییەکان ڕۆژانە تاقی دەکاتەوە و تاقیکردنەوەکەش ئەنجامی ئەنجامی ئەو چالاکییەیە، کە قوتابی لە پۆلدا، یان ل چالاکیی ئەرکی ماڵەوەدائەنجامی دەدات.
لە لایەکی دیکەوە ئەم کتێبە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پێویسە مامۆستا ئەوە بزانێت، کە پرۆسەی فێرکاری پەیوەستە بەوەی کە ئایا مامۆستا چۆن ئەم پرۆسەیە پێش دەخات، گەشەی پێ دەدات و لە بازنەیەکی داخراودا نایهێڵێتەوە، کەواتە باشترین پرۆسەی فێرکاری، یان وانەگوتنەوە بۆ وانەی پەروەردەی هونەر بریتییە لە شێوازی فێرکاری پراکتیکی و نابێت مامۆستا زانیارییەکان تەنها لە چوارچێوەی گفتوگۆی نێوان دیوارەکانی قوتابخانەدا بهێڵێتەوە: بەڵک پێویستە قوتابییەکان لە دەرەوەی ئەو چوار دیوارەدا بەرێتە دەرەوە و سوود لە ژینگەی دەرەوەی قوتابخانەش وەربگرێت، تا قوتابییەکان ئاستی خەیاڵبازییان پەرە پێ بدەن و ئامادە بن بۆ فێرکارییەکی پراکتیکی و سوود لەو کەرەسە و شمەکانەش وەربگرن، کە لە دەرەوە دەست دەکەون، یان فەراهەمە، ئیدی لێرەدا قوتابی بە شێوەیەکی ڕاستەقینە و ڕاستیگەرایی بەر کەرەستە و شمەکەکانی ژیان دەکەوێت و باشتر لێیان تێدەگات ودواتر لە پرۆسەیەکی تەواو هونەریدا بەشدارییان پێ دەکات.
ئێمە لێرەدا ناتوانین بە تەواوی قسە لەسەر بەش بە بەشی کتێبەکە بکەین و لایەنە گرنگ و پڕ بایەخەکانی باس بکەین، بەڵام بێگومانین لەوەی خوێنەر خۆی لە کاتی خوێندنەوەیدا درک بە گرنگی و بەهای زیاتری کتێبەکە دەکات، بە تایبەت مامۆستایانی هونەر زۆر گرنگە ئەم کگتێبە بخوێننەوە، چونک ڕێنماییان پێ دەدات و ئاڕاستەیان دەکات تا بە شێوەیەکی زانستی لە گرنگیی وانەی هونەر تێبگەن و بە فۆڕمێکی مۆدێرنانەتر وانەی هونەر بە خوێندکاران بڵێنەوە.

ئەزموونى نووسین؛ دواى پەنجا ساڵ

نووسینی: ئاکۆ کەریم مەعروف

لە دەستپێکى ئەم کتێبەدا (ئەزموون و نووسین) ئاماژە بەوە کراوە ( دیاردەى نووسینى ئەزموونى ئەدەبی- هونەرى لە لایەن نووسەر، یان کەسانى ترەوە، لەسەر بنەماى ئەرشیفى ئەو کەسەوە دەنووسرێتەوە). پاشان لە هەمان کتێبدا هاتووە ( ئەگەر نووسینەوەى بیرەوەرى کەسانی سیاسەتمەدارو دەوڵەتمەدار و… هتد کێشمانى چاو لە هەندێک شت نووقاندن و گڵماندنى لە لایەک و باسوخواسێکى دەرەکى و واقیعى بێت لە لایەکی ترەوە، ئەوا هی هونەرمەندو نووسەر، مەودایەکى دەروونى و ناوەکى هەیە، کە ئەگەر نووسەرەکەى درۆ لەگەڵ ویژدان و ناخى خۆیدا نەکات، ئەوا دەبێت بە ئەوپەڕى راستگۆییەوە ببێتە زمانى ئەوەى لە دنیاى ناوەوەیدا گێنگڵ دەخوات، چونکە ئەو کەسە لە ئەزموونى ئەدەبی- هونەرى خۆى دەدوێت، جەوهەرى ئەم جۆرە بەرهەمەش راستگۆییە). لایەنێکى تریش کە لەم کتێبەدا گرنگە بۆ خوێنەران ( ئەویش ئەزموونى دەرەکییەو باسکردنى تەوژم و بزووتنەوە ئەدەبی و هونەرییەکانە). لێرەوە باس لە ئەزموونى پەنجا ساڵ لە ژیان و ئەدەبی و شیعرى ئەنوەر قادر محەمەد دەکەم.
کورتەیەک لە بەرهەمە شیعرییەکانى
(زریان، زایەڵە، زنار، نسار)، جگە لەم بەرهەمانە چەندین کتێبى لەبارەى کوردناسى، پرینسیپەکانى ئەدەبناسى بە چاپ گەیاندوو. سەرەڕاى ئەم کتێبە بە بایەخانە، لەگەڵ چەند نووسەرێکى تر چەندین چیرۆک و حیکایەتى ئەدەبیاتى تریان بە ئێمە ناساندووە. ئەم بەرهەمانەوە چەندین بەرهەمى دیارى تر کە زۆر بە کورتى ئاماژەم بۆ کرد.
ئەزموونى پەنجا ساڵ نووسین بە هەموو قۆناغە جیاوازەکانەوە، بۆ هەموو ئەوانەى دەیانەوێت لێکۆڵینەوەى زیاترى لەسەر بکەن، ترسناکترین قۆناغ و سەردەم بووەو هۆکارەکانیش زۆر زۆرن، لە هەمووشیان ترسناکتر سانسۆرو چاودێرى نووسەران هونەرمەندان بووە، تەنانەت لەوەى چی دەنووسن بەڵکو قۆناغەکە ئەوەندە هەستیار بوو چ کتێبێک دەخوێننەوە. ئەو کاتانەش فەرمانبەرى تایبەتییان هەبوو بەو کارە. لە سەرەتاى حەفتاکانەوە خەیال و زمانى شیعرى دنیابینى بۆ شیعر گۆڕا، تەوژمى ئەدەبی تەمومژاوى رووبەرێکى گەورەى لە ئەدەب و بە تایبەتى شیعر داگیر کرد، نموونەى زۆر لەو شاعیرو ئەدیبانە لەبەر دەستدان بە تەایبەتى گرووپى کفرى و روانگە.. کە تاوەکو ئێستاش ئەم کێشمەکێش و ململانێ مێژووییە هەیە. بەڵام پرسیارەکە لەوەدایە بۆچى ئەدەبی تەمومژاوى…؟.
پێشتر ئەم وەڵامەم داوەتەوە، پێدەچێت هۆکارێکى تریش هەبووە، ئەم جۆرە لە تێڕوانین (مۆدێلێک) بووە، نایشارمەوە زۆرێک لە شاعیران لەو قۆناغانەدا بەو فۆرمە شیعریان نووسیوە. لاى ئەوان شیعر بە ئێستاشەوە پەیامە، لە کاتێکدا هیچ تێکستێکى شیعرى- ئەدەبی پەیام نیە، بەڵکو ئاوێتەبوونى دوو زمان و ئینسانە لە یەک فۆرمى جیاوازدا، باشە جارانى شیعر لەبەر فتیلەیەک، چرایەکى کز پەروانەیەک بە دەوردا دەخولایەوە جوانترین تێکست دەنووسرا، ئێستا
بەو هەموو تۆڕە کۆمەڵایەتیانەوە رستەیەکى شیعرى نانووسرێت. هۆکارەکەشى یەک رستەى تیا نییە بۆ دروستبوونى ئیرادە، ئیرادەى خوێنەرێک کە شیعرێکى جوان دەخوێنێتەوە هەست بەوە بکات جیهان بە شێوەیەکى ترە.
( بیرخستنەوەکى کورت، تۆ لە موبایەلەکەتدا بێئەوەى بەخۆت بزانیت، لەناو گوندێکى جیهانیدایت، ئەوەى دەینووسیت دنیا ئاگاى لە تۆیە، بەڵام تۆى بێ، ئاگا ئاگات لە دنیا نییە کە چى دەگوزەرێت). (لە بیرمە رۆژانێک بوو باوکم گوێى دەنا بە رادیۆکەوە هەموو دیمەنەکانى دنیامان لەبەرچاو بوو، گوێمان لە هاوارو کارەساتەکان بوو، ئێستا هەموو دونیا وێنەیە گوێمان لە هیچ شتێک نییە). لە زریان و دواتر بەرهەمە شیعرییەکانی ترەوە، بە هەمان راستگۆیی دەژین، نەوەک وێنە دروستکراوو راگەیاندنەکان، کە جیهان ئەمڕۆ ئەوەندەى سانسۆر هەیە لەسەر وێنە، سانسۆرى نییە لەسەر شیعرو ئەدەبیات. لەمڕۆدا سەدان شیعرى تەمومژاوى بنووسیت، کەس ناتخوێنێتەوە، لەمڕۆدا سەدان شیعرى بەرگرى لە خاک نیشتیمان بنووسیت هیچ کەسێک ناتخوێنێتەوە، هۆکارەکەى دوێنێ نیەو ئێستاش نییە، گەر تێگەیشتنمان هەبێت بۆ دنیاى ئێستا، لە ئێستاو سبەینێشدا ئەوەى بیریاران لەسەرى رێکەوتون ( بیرکردنەوە لە شتى خراپە)، تۆ کە سەرقاڵ بیت بە بیرکردنەوەى خراپە، نە گوێت لە میوزکێکى خۆش دەبێت نە دێڕە شیعرێکى دیوانى زریان.
سەردەمە سەختەکە
زۆرێک لەو شاعیرانە کەمترین شیعریان نووسیوە، نموونە فاتیح عیزەدین و محەمەد عومر عوسمان ، لەو تەرزە شاعیرانە بڕوایان وابووە کە تەنها رستەیەکى شیعرى دەتوانێت دنیا بگۆڕێت، لای نالیش کەمترین شیعر نووسراوە، هەروەک لاى هەردیش، (رۆژانێک بوو شاعیران پێیان وابوو دەبێت دیوانە شیعرەکانیان وەک دۆڵاب گەورە بێت، بێئەوەى بە خۆیان بزانن شاعیران دەبێت تێکستەکانیان شاراوە بێت، وەک زۆر لە شاعیرانى گەورەى دنیاى ونبوو، کە ساڵانێک دواى خۆیان بە خوێنەرانیان ئاشنا بوون).
دواى پەنجا ساڵ لە نووسین، لەو قۆناغە جۆراجۆرەدا، کەم لە شاعیران هەبوون نازناویان نەبووبێت، لە ئێستاشدا نازناو شەرەفێکى گەورەیە پێش شیعر نووسین، بەڵام (زریان) و ئەنوەر قادر محەمەد بەناوى سیانییەوە پاش پەنجا ساڵ وەک خۆى ماوەتەوە.

لاپەڕە پەرشەکان؛ چەند دەقێکی وەرگێڕدراو و نووسراو

ڕانانی: ئیدریس عەلی

ئەم کتێبەی نووسەر و وەرگێڕی ناوداری کورد (ئازاد بەرزنجی) یەکێکی دیکەیە لە چاپکراوە نوێیەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، هەر لە خودی ناونیشانەکەوە تێدەگەین کە بابەتەکانی نێو ئەم کتێبە جۆراوجۆر و هەمەچەشن و دەتوانن لە یەک کاتدا ئارەزوومەندانی خوێنەری لقە جیاوازەکانی ئەدەب و هونەر و فیکر لە دەوری لاپەڕەکانی کۆ بکاتەوە، بە تایبەت ڕەهەندی فیکر و ئەدەب لەنێو پانتایی بابەتەکاندا زاڵە و دەکرێت بڵێین کتێبێکە سەر بە جیهانی فیکر و ئەدەبە، بابەتەکان پێکهاتوون لە تێکستی نووسراو و وەرگێڕدراو، بێگومان خوێنەران گەواهی دەدەن ک خاوەنی ئەم کتێبە پاشخانێکی باش و دەوڵەمەندی لە بواری ڕۆشنبیری و فیکری و ئەدەبیدا هەیە، تەمەنێکە لەنێو ئەزموونی گەورە هزرمەند و داهێنەرانی جیهاندا خۆی پێ دەگەیەنێت و دەخوێنێتەوە و سەخاوەتمەندانە ئەوەی لە مەعریفە و فیکر و ڕۆشنبیریی بۆ خۆی وەریگرتووە، بە شێوەی جیاجیا پێشکەشی ئێمە و کتێبخانەی کوردیی دەکاتەوە، جا یان بەهۆی وەرگێڕانی ئەو کتێبانەوە بێت کە خۆی خوێندونیەتەوە و لە بەهای بەرزی داهێنان و کاریگەرییان تێگەیشتووە، یاخوود ئەو هزر و ئەندێشە و خەیاڵانەی خۆی کە کە بەرهەمهێنراوی فیکر و ئەدەبن و بە دونیابینی و تێگەیشتنی ڕۆشنبیرانەی خۆیەوە دەیانکات بە نووسین، نووسین و وەرگێڕانەکانیش وەک ئەوەی لە کتێبە زۆروزەوەندەکانی ئەودا بەریکەوتووین، ڕەنگاوڕەنگ و هەمەچەشنن: فیکر، ئەدەب، هونەر، فەلسەفە و…هتد.
لە کتێبی لاپەڕە پەرشەکاندا خوێنەر بەر ئەو بابەتە نووسراو و وەرگێڕدراوانەی ئازاد بەرزنجی دەکەوێت کە ڕۆژانێک لێرە و لەوێ بڵاوی کردوونەتەوە، بێگومان ناونیشانی کتێبەکە ڕێک خەیاڵی خوێنەر بۆ ئەو شوێن و ڕۆژگارە دەباتەوە کە تیایدا بابەتەکان بە شێوی پەرش و بڵاو، لە گۆڤار یان ڕۆژنامەکاندا هاتوونەتە چاپ، بۆیە دەکرێت بڵێین کۆکردنەوەیان لە دووتوێی کتێبێکدا سەنگ و گرنگیی و بەهای تایبەت بە خۆی هەیە چ بۆ خوێنەر، چ بۆ کتێبخانەی کوردی، چونکە وەک گوتمان لاپەڕە پەرشە کۆکراوەکانی نێو ئەم کتێبە، بەرهەمی ڕۆژگاریکی پێشووترن، بەڵام هێزی پەڕینەوەیان بۆ ئێستا لەدەست نەداوە و هێشتا بەهای فیکری و داهێنان و گرنگییان ماوە بۆ خوێنەر، هێشتا لە توانایاندایە خوێنەر بە کۆمەڵێک بابەت و چەمکی ئەدەبی و ڕۆشنبیریی و فیکری ئاشنا بکەن و دەروازەیەکی باش بن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی تێگەیشتن و ڕۆشنبیریی خوێنەر.
بە گشتی بابەتکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە ڕەنگاوڕەنگ و هەمەچەشنن و پێکهاتوون لە چەندین ناونیشانی سەرنجراکێش، کە گنگترینیان بریتین لە: مارکس ماش مارکسیزم، جیاوازی و توندوتیژی، مۆدێرنیزم چییە، خوێنەری باش و نوووسەری باش، داهێنانی ڕاستەقینە و داهێنانی ساختە، یا حیکایەت بێژە یان بمرە، گوزەرێک بەناو توناوتوونەکانی زەینی بۆرخسدا، دەربارەی وەرگێڕان، لەنێوان بەفری ژاپۆن و چای چینیدا، دوا گفتوگۆ لەگەڵ سامۆئێل بیکێت، ڕۆمانی یەکەمین مرۆڤی ئەلبێر کامۆ، شانۆ وبوون، هونەری سانۆنامە و چەندین تەوەر و بابەتی دیکە و ناونیشانی گرنگ، کۆی کتێبەکە پێک دەهێنن.
جگە لەو چاوپێکەوتن و وتارانەی کە لە لایەن خودی نووسەرەوە نووسراون و لە هەر یەکەیاندا تێڕوانین و دیدی خۆی بۆ مەسەلە هونەری و ئەدەبی و فیکرییەکان خستووەتە ڕوو، بابەتە وەرگێرانەکانیش هزر و ئەندێشەی هزرمەند ئەدیب و داهێنەر و ڕووناکبیرە گەورەکانی وەک (باەک ئەحمەدی، ڕامین جیانبەگلو، هاشم ساڵح، ئاگنش هیللەر، فرانسا بولان، ئەریک فرۆم، ڤلادمێر نابۆکۆڤ، پییر گامارا، ڕۆڵان بارت، ئی ئێس بایت، سوزان سۆنتاگ و چەندین فیگۆری دیکەی گەورە و جوان و درەوشاوەی نێو دونیای هزر و ئەدەب و ڕووناکبیرین کە هەر یەکەیان بەشبەحاڵی خۆی کاریگەریی گەورەیان لەسەر ڕەوتی بیرکردنەوە و ئەندێشە و ئاستی ڕۆشنبیریی نەک تەنها دەستەبژێر، بەڵکو خوێنەری ئاساییش داناوە.
نووسەر و وەرگێڕ ئازاد بەرزنجی، لە پێشەکیی کتێبەکەدا ئاماژەی بۆ ئەوە کوردووە کە زۆربەی باس و وتارانەی لەم کتێبەشدا کی کردوونەتەوە، هەڵبژاردەیەکن لەو بابەتانەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا لەم گۆڤار یان ئەو ڕۆژنامەدا بڵاوی کردوونەتەوە و بە پەرتەوازەیی ماونەتەوە: هەر بۆیە ئەوەی هانیشی دام پێکەوە کۆیان بکەمەوە و لە شێوەی کتێبێکدا بیانخەمە بەرچاوی خوێنەر، ئەوەیە کە زۆربەی بابەتەکان توانیویانە بەهای فیکری، یان ئەدەبیی خۆیان بپارێزن، جگە لەوەی ئەو هەمەڕەنگییەی لە بابەتەکانیشدا هەیە مۆرکێکی تایبەت بە کتێبەکە دەدات و لەو یەکڕیتمییە دەری دەکات کە بەسەر زۆربەی کتێبەکاندا زاڵە.
لە یەکێک لە بابەتەکانی نێو ئەم کتێبەدا بە ناوی (مارکس پاش مارکسیزم) کە لە لایەن ڕووناکبیر و هزرمەندی گەورەی فارس (بابەک ئەحمەدی) نووسراوە و وێرای ئەوەی کە خودی خۆی ڕووناکبیرێکی مارسکی بووە، بابەتەکە ڕەهەندێکی ڕەخنەیی لەخۆگرتووە سەبارەت بە هەندێک چەمک و تێگەیشتنی کارڵ مارکس، ئەوە بۆچوونە دەخاتە ڕوو کە دەتوانین بە ئاسانی لەوە تێبگەین ک مارکس لە شیکردنەوەی هەندێ لە مەسەلەکانی خۆیدا و بە تایبەتیش لە ناسینی هەندێک لە ئاڕاستە سەرەکییەکانی بزاوت و گۆڕانی کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا بە هەڵەدا چووە: هەندێک لە خوینەرانی ئەمڕۆی کارەکانی ئەو، مەسەلەی زانستباوەڕی و ڕیالیزمی فەلسەفیی ناڕەخنەگرانە و لایەنە پۆزەتیڤیستییەکان و تەنانەت ئەو گیانی ممرۆڤخوازییە ڕۆشنگەرانەیەی لەمانەدا هەیە، لە هەمووش گرنگتر، بونیادی میتافیزکییانەی ڕوانینئی فەلسەفیی ئەو بە ناڕاست دەزانن.
یەکێکی دیکە لە بابەتە گرنگ و سەرنجڕاکێشەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە بریتییە لە نووسینێکی چڕ و دەوڵەمەند بە زانیاریی ڕۆشنبیریی ئاڕاستەکراوی خوێنەری (ڤلادمیر نابۆکۆڤ)ی گەورە نووسەری ڕووسی بە ناونیشانی (خوێنەری باش و نووسەری باش) نووسینەکە بە ڕووکەش، بە زمانێکی سادەی ڕۆژنامەییانە نووسراوە، بەڵام لە ناواخن و نێوەڕۆکدا چەندین مەودای قووڵ و ڕەهەندی فیکری و تیۆری و ئەدەبیی لێ دەکەوێتەوە و شرۆڤەی هەندێک لایەن و چەمک دەکات کە بە دیاریکراویی پەیوەنددارە بە دنیای خوێنەر و نووسەرەوە و لەو بارەوە تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە لە کاتی خوێندنەوەدا پێویستە ئینسان بە عیشقەوە بایەخ بە وردەکارییەکان بدات و دەشڵێت: بێگومان ئەکرێ دوای کۆکردنەوەی زەڕە “هەتاو”یەکانی کتێبەکە بە خۆشەویستییەوە، مانگەشەوی کۆی کتێبەکەش بدرەوشێتەوە، ئەگەر ئینسان بە چەند بڕیار و چەمکێکی پێشینەوە، دەست بداتە کتێبێک، ئەوا ڕێی هەڵەی گرتووەتە بەر و پێش ئەوەی لە کتێبەکە بگات، لێی دوورکەوتووەتەوە، بە بڕوای ئەم گەورە نووسەرە، نووسەر یەکەمین مرۆڤە کە نەخشەی جیهان دەکێشێتەوە و یەکەیەکە ناو لە شتەکان دەنێتەوە، هاوکات کۆمەڵێک پێناسەی خستووەتە بەرچاوی خوێنەر کە گرنگترینیان ئەوەیە خوێنەر دەبێت ئەندامی یانەیەکی خوێندەوە بێت، خوێنەر دەبێت خۆی لە پاڵەوانی چیرۆکەکەدا ببینێتەوە، خوێنەر دەبێت کەسێک بێت کە توانای نووسین تیایدا نەشونما بکات، خوێنەر دەبێت تا رادەیەک دەرکێکی هونەرمەندانەی هەبێت.
یەکێکی دیکە لە بابەتەکانی نێو ئەم کتێبە کە نووسینی خودی ئازاد بەرزنجی خۆیەتی، دەربارەی نووسەری ناوداری ئەرجەنتینی بۆرخسە لەژێر ناوی (گوزەرێک بەناو تووناوتوونەکانی زەینی سەراسیمەی بۆرخس)دا، لەم وتارەدا نووسەر بە وردی لەسەر ئەزموونی دەوڵەمەندی داهێنەرانەی ئەو نووسەرە گەورەیە ڕاوەستاوە و لە ڕێگەی وتارێکەوە ئاوڕی لە لایەنە زەینی و ئەدەبییەکانی بورخس داوەتەوە، ئازاد بەرزنجی لەو نووسینەیدا ددان بەوەدا دەنێت کە خۆرخێ لویس بۆرخێس نووسەرێکی مەزنە، کە جگە لە کۆمەڵێک وتار و کورتەچیرۆک، هیچی تری وای نەنووسیوە، بەڵام نایشارێتەوە ئەو بەرهەمە کەمەی، نیشانەی بلیمەتی و شێوازی پتەو و هۆشی بەرز و لە هەمان کاتدا سەراسیمەی ئەوە.
لە راستیدا ئەم نووسینە تەنیا هەوڵێکی خاکەڕایانەیە بۆ ئاشنا کردنی خوێنەر بە لایەنە جۆراوجۆرەکانی کتێبەکە، دەنا خوێنەری ژیر و وریا، خۆی لە کاتی خوێندنەوەی کتێبەکەدا بەر چەندین لایەنی گرنگ دەکەوێت، بە تایبەت وەک تەواوی بەرهەمەکانی دیکەی، ئازاد بەرزنجی لەم کتێبەشدا بە زمانێکی بێ گرێ و سادە و چێژبەخش زیاتر هانی خوێنەر دەدات تا لە تەواوی بابەتەکان و نووسین و وەرگێرانەکانیش تێبگات.

ئەدەب لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا

یەکێکی تر لە کتێبە باشەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بریتییە لە لە کتێبی (ئەدەب لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا)ی (میریام کوک) و لە لایەن د. دانا ئەحمەد بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش کاری وەرگێڕانی بۆ کراوە، بابەتەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە ئەدەبین و پشتئەستوورن بە کۆمەڵێک سەرچاوەی دەوڵەمەند و گرنگ و فرەڕەهەند کە بە وردی لێکۆڵینە لە ڕەهەندی مێژوویی و بوون و کاریگەری و پێگە و سەرهەڵدانی ئەدەب، بە تایبەت شیعر و کورتەچیرۆک دەکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بێگومان هیچ کەسێک لاریی لەوە نییە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاسی لانکەی چەندین شارستانییەت و شانۆی کۆمەڵێک ڕووداوی جۆراوجۆر بووە لە مێژوو و ئێستادا، هەر بۆیە دەکرێت ئەم کتێبە لێرەوە تخووبەکانی گرنگی و بەهای تایبەتی خۆی دیاری بکات.
بابەتەکانی نێو کتێبی ئەدەب لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەبریتین لە: کێشەی داگیرکاریی ئەورووپی و ئەو مەترسییانەی دەیوروژێنیت، شۆڕشی کولتووری لە سەرەتای سەدەی بیستدا، کورتەچیرۆک وەک ڕابەری ئەدەبی، کۆڵەکەی نووسەرانی کورتەچیرۆک لە تورکیا، ڕۆمانە فرانکفۆرتییەکان لە باکوری ئەفریقا، شیعر و کاریفەربوونی بە ژیانی بیابان، سەربەخۆیی و بزاوتەکانی خەبات لە دەمی پاش داگیرکاری، وەرگێڕان و دداننانی نێودەوڵەتی بە ئەدەبی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
هاوڕای د. دانا ئەحمەدی وەرگێڕ، بەو پێیەی ئەدەب بریتییە لە ڕەنگدانەوەی بوارە وابەستەییەکانی مرۆڤ، شێوازی دەربڕینی هەست وسۆز و ئەوین و ڕەنگدانەوەی پاشخانی هەست و نەستە: بۆیە بیرکردنەوە لە ڕەخنە و بە باڵابڕین قۆناغی پاش لەدایکبوونی دەق دەنوێنێت، وێنای بیر و ئایدیای مرۆڤی خوێنەر دەنەخشێنێت لەمەڕ هاڕمۆنیی ڕیتمی ناوەوە و ڕیتمی دەرەوە.
وەرگێڕ ئاماژەی بەوەش داوە ک ئەم کتێبە کانگایەکی بەسوودە بۆ ئەو توێژەرانەی گرنگیی بەو لێکۆڵینەوانە دەدەن کە سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن، بێگومان ئەو ناوچە جوگرافییە گرنگیی ستراتیجی خۆی هەیە لە جیهاندا: چونکە بە پلەی یەکەم سەرچاوەیەکی زانستیی وردە، نەک هەر کەسانی پسپۆڕی مێژووی ئەدەب لە بواری دەسگوتار و توێژینەوەی ئەکادیمی، بگرە خوێنەری سانایش سوودی زۆری لێ وەردەگرێت و تەواو سارەزای دەکات لە ڕووداو، هەلومەرجی سیاسیی، کولتووری، جیۆسیاسی،دیموگرافیی ئایدۆلۆجی، بیری ئەدەبی و ژانرە ئەدەبییە باوەکان و هتد… ئەمە وێرای ئەوەی تابوپۆی جوگرافیای جیهانی عەرەبی و ئێران و تورکیا و ئیسرائیل بە تەواوەتی دەکات.
بێگومان یەکێکی تر لە گرنگییەکانی ئەم کتێبە، بریتییە لە تیشکخستنە سەر سەرجەم ئەو گۆڕانکارییانەی بەسەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هاتووە لە دوای دووەمین جەنگی جیهانی، بە تایبەتیش نەوەدەکان، هەر وەک بابەتەکانی گشتگیرن: بۆ ئەوەی کە گەورەترین فەزا پڕ بکاتەوە لە لێکۆڵینەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەوانەش: ئەو کێسانەی ڕووبەڕووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتەوە، مێژووی ناوچەکە، پەیوەندییە نێودەوڵەتی و لۆکاڵییەکان، ململانێی عەرەبی- ئیسرائیلی، هەلومەرجی ژنان، پێکهاتەی ڕەگەزی و چینایەتی، بزووتنەوە ئەدەبی و کولتوورییەکان.
ئەم کتێبە ئەوەمان پێ دەڵێت کە هەرگیز ناتوانین لە ڕۆڵی ئەدەب لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تێبگەین، بەنێ ئەوەی لە سەرەتاوە بە خێرایی چاو نەخشێنینەوە بە مێژووی ئەم ئەدەبەدا، پێش هەر شتێک پەرەسەندنی لە ماوەی نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا، وێرای ئەوەی کە بزووتنەوە ئەدەبییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بوونە پێگەگەلێکی دیار بۆ تۆمار وبەشداریکردن و کارلێکردن لەگەڵ باڵانسڕاگرتن و ململانێ کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، بەڵام هاوشێوەی ئەم شتانە حاڵەتێکی بەردەوام نەبوو، لە ماوەی سەدەکانی ناوەڕاست و سەرەتای سەردەمی نوێدا: تێبینی ئەوە دەکرا کە بزووتنەوە ئەدەبیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تەنها لەو کەسانەداقۆرخ کرابوو، کە دەستەبژێر بوون لە کۆمەڵگەدا، چونکە چوارچێوەگەلێکی ئەدەبییان بۆ دەستەبەر کردبوو، کە لە میانەی ئەوەوە دەیانتوانی پیادەکردنی نەریتە باوەکان فراوان بکەن و لێهاتوویی و توانا و کۆزانیارییە فراوانەکانی خۆیان بخەنە ڕوو.
لە یەکێک لە بابەتەکای نێو دووتوێی کتێبەکەدا بە نێوی (کێشەی داگیرکاریی ئەورووپی و ئەو مەترسییانەی دەیوروژێنیت، نووسەر باس لەوە دەکات کە لە سایەی ئەو ماوەیەی کە عوسمانییەکان حوکمیان بەدەست بوو، وەک (محەمەد عەلی پاشا و ئیبراهیم پاشا)ی کوڕی، چەند دەستەیەک لە خوێندکاران بۆ خوێندن چوونە وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا، بە تایبەتیش فەڕەنسا، بە مەبەستی توێژینەوە لە دەقەکان و داتا زانستییەکان و وەرگێڕایان بۆ زمانی عەرەبی، لەبەر مەزنیی ئەم ئەرکە، ئەوانەی چووبوون بۆ خوێندن ناچار بوون چەندین مانگی دوورودرێژ لە ئەوروپا بمێننەوە: کاتێکیش ڕێگەیان نەدا بە توێژەرەکان بۆ ئەوەی چاوبخشێنن بە سەرچاوە پڕ بەهاکان لە کتێبخانە و ئەرشیفەکانی فەڕەنسادا، ئیتر ناچار بوون کە ڕوو بکەنە شانۆکان، بۆ بینینی ئەو شانۆیانەی کە نووسەرە فەڕەنسییە ناسراوەکان نووسیبوویانن.
لە بابەتێکی دیکەدا بە نێوی (شۆڕشی کولتووری لە سەرەتای سەدەی بیستدا) نووسەر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە پێداگرتنی ڕەخنەگرە نوێیەکان لەسەر ناوەندێتی و بنەواشەیی خەیاڵ لە بەرهەمە ئدەبییەکاندا، هەروەها لەسەر ئەوەی پێویستە ئەم بەرهەمانە کارلێک لەگەڵ کۆمەڵگادا بکات بۆ ئەوەی ببێتە فاکتەری گۆڕانکاری، ئەمە جێکەوتەکانی بەجێ هێشت لەسەر نەوەی نوێ لە نووسەران و ڕەخنەگران: لە واقیعدا ئەم بەرەوپێشچوونە سەرنجڕاکێشانە کە ناوچەکە بەخۆیەوە بینی، هۆکار بوو بۆ دەرکەوتنی بزووتنەوە چاکسازییەکان کە ڕێنمایی و پڕەنسیپە ئیسلامییەکانیان وەرگرتبوو، دەستی بە بڵاوبوونەوە کرد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەندامانی ئەو بزووتنەوەیە ئاگادارییان لەمەڕ لاساییکردنەوەی ڕۆژئاواوە بەبێ بیرکردنەوە دا، هەر وەک هانیان دەدا بۆ پاپەند بوون بە چاکە و بەها باڵاکان وئادابە ئیسلامییەکان، لە کاتێکدا کە دەوڵەتان هەوڵیان دا ببنە بەشێک لە جیهانی نوێ.
(کورتەچیرۆک وەک ڕابەری ئەدەبی) یەکێکی دیکەیە لە بابەتەکانی ئەم کتێبە و نووسەر لە دەستپێکی ئەم وتارەیدا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە کورتەچیرۆک لە سەرەتاوە و لە قۆناغێکی پاشتردا، ئەو چوارچێوەی فەراهەم کرد کە دەکرا بیریارەکان لە میانەیەوە چارەسەری کێشەکانی سەردەمی خۆیان بکەن، دەگوترێت کورتەچیرۆک پێشینەیەکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هەیە لە ئەدەبی فۆلکلۆر یان ئەدەبی میللیدا، نموونەی چیرۆکی هەزار و یەک شەوە دەهێنێتەوە و دەڵێت: کە بە خێرایی پێشکەوت وەک لقێکی ئەدەبیی لۆکاڵی، کورتەچیرۆک پێداویستییەکانی ئەو نووسەرانەی تێر دەکرد کە پەیامگەلێکی کۆمەڵایەتی و سیاسیی سەپێنراو و بە پەلەیان هەبوو، دەیانویست بە ڕێگەیەکی ڕوون و قایلکاری بیگوێزنەوە، بەو شێوەیە کورتەچیرۆک کە بەوە جودا دەکرایەوە خێرا دەنووسرێت و خێراش دەخوێنرێتەوە، وەک ئامێرێکی گرنگی لێهات بۆ ئەو بیریارانەی کە بەشدار بوون لە پرۆسەی پەیوەندی کردن بەو کەسانەی لە دەرەوەی بازنەکەی ئەواندا بوون لە هاوەڵان و هاوکاران.
لە هەمان وتاردا نووسەر دێتە سەر باسی چیرۆکی ئێرانی و باس لەوە دەکات کە لە کۆتایی سەدەی نۆزدەدا (عەلی ئەکبەر دێهخودا) کە نووسەرێکی هەمەلایەنە بووە، دەستی بە چالاکییەکانی لە بواری نووسینی کورتەچیرۆکدا کرد، بەگوێرەی زانییارییەکانی نووسەر، کۆمەڵێک وتاری ڕەخنەیی بڵاوکردووەتەوە و دەشڵێت: جەمالزادە، ئەم وتارانەی بۆ بەرهەمی ئەدەبیی لۆکاڵی گۆڕی، ڕەخنەگر حیشمەت موئەیەد، گەڕایەوە بۆ دیباجەی “هەبوو نەبوو” کە لە ساڵی ١٩٢١ دەرچووە، بەو پێیەی کە ڕاگەیەنراوێکی پڕاکتیکییە بۆ نووسینی پەخشانی فارسیی نوێ.
نووسەر دێتە سەر باسی ئەوەی کە شۆڕشی ئیسلامی نەوەیەکی نوێی نووسەران هێنایە بوون، لە ناویاندا ژمارەیەک ژنیان تێدا بوو، کۆمەڵێک ڕەخنەگر پەسنی ئەو نووسەرانەیان دەکرد وەک (موئەیەد- پشتیوان) جا بانگەشەیان بۆ ڕووخاندنی سیستمی پاشایەتی بکردایە یان نا، بەرزنرخاندنیان بە هۆی هەڵوێستی ئازایانەیانەوە دژی ئەو گەندەڵییەی وەک پەتایەکی درێژخایەن دەرکەوتووە و بە درێژایی سەدەیەک لە برودا بووە.
ئێمە ناتوانین لێرەدا بپەرژێینە سەر کۆی بابەتەکانی نێو کتێبەکە و شرۆڤەیان بکەین، بەڵکو تەنها بەم ناساندن و ڕانانانە کورتە دەوەستین و ئەوەی دیکەی هەڵدەگرین بۆ قەزاوەتی خوێنەران و بە تایبەتیش ئەو توێژەرانەی کە گرنگی بە ئەدەبیاتی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست دەدەن، هێندە دەڵێین خوێندنەوەی ئەم کتێبە سوود دەگەیەنێت بە ئاستی هۆشیاری و خەزنەی زانیاریی خوێنەر زیاتر دەکات.

ڕانانی: سەدردەم

ڕۆمانی شەیتانەکان؛ پێشبینیی دۆستۆیڤێسکیانە بۆ داهاتووی ڕوسیا

ڕانانی: ئیدریس عەلی

لە ڕاستیدا پڕۆسەی وەرگێڕانی ئەدەبی یارمەتیدەرێکی باشە بۆ ئاشنابوونی خوێنەری کورد بەو شاکارە جیهانیانەی کە کاریگەریی ئاستی داهێنان و فەلسەفەی هونەریی و ئیستاتکییان، بۆ ڕۆژگار و سەردەم و قۆناغێکی دیاریکراو نین، بەڵکو سەردەم و قۆناغ و سنوور و زمان و کولتورە جیهانییەکان دەبڕن و دواجار وەک بەرهەمێکی بەشەریی هاوبەش چاو لێ دەکرێن، بێگومان یەکێک لەو شاکارە جیهانیانە بریتییە لە ڕۆمانی (شەیتانەکان)ی گەورە نووسەر و فەیلەسووفی ئەدەبی ڕوسی سەدەی ڕابردوو (فیودور دۆستویڤسکی) کە لە لایەن یەکێک لە باشترین وەرگێڕکارانی کورد و شارەزا لە ئەدەبی کلاسیکیی ڕوسیا، کاری وەرگێرانی بۆ کراوە، ئەویش مامۆستا (ڕەووف بێگەرد)ە، ئەم وەرگێڕانە چاپێکی نوێیە و لە بڵاوکراوە تازەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە.
ئەم ڕۆمانە بریتییە لە دووبەرگی قەبارە گەورە و نووسەر لە کۆتاییەکانی تەمەن و ژیانی خۆیدا نووسیویەتی، بۆیە دەتوانین بە یەکێک لە ناوازەترین بەرهەمەکانی دۆستۆیڤسکی ناوزەدی بکەین، چونکە دۆستۆڤسکی، ئەم ڕۆمانە لە کاتێکدا دەنووسێت کە هەم خۆی لە ڕووی ئەزموونی ژیان و مەعریفی و ڕۆشنبیرییەوە بەرەو سەروو پلەکانی کامڵبوون دەڕوات، هەم کۆمەڵگای ڕوسی لەبەردەم وەرچەرخان و گۆڕانکارییەکی گەورەی مێژوویی دایە، کە دواجار کاریگەریی ئەو گۆڕانکارییە پەل دەهاوێت و هەژموونی ئابووری، فەرهەنگی و سەربازی و ئایدۆلۆژیی خۆی، لەسەر ڕەوتی ژیانی بەشەری و نەخشە و جوگرافیای جیهان دادەنێت.
دۆستۆیڤسکی لەم ڕۆمانەدا کۆی دونیابینی و ئەزموون، شارەزایی و زەوقی هونەریی خۆی، لە ڕووی چەمکەکانی زانستی دەروونناسی، ئابووری، ساسیی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەوە، لە ڕێگەی کاراکتەرە سەیروسەمەرە و ڕووداوە جۆراوجۆر و فرەتێماییەکانییەوە لە ڕەوتی گێڕانەوەی ڕۆمانەکەدا دەخاتە ڕوو، کە چیرۆکی دەستەیەک تێکۆشەری چەپ دەگێڕێتەوە بە نهێنی سەرقاڵی کاری شۆڕشگێڕانەی پڕ لە زەبروزەنگن و پلانی شۆڕش دادەڕێژن تا ڕەوتی ژیان لە وڵاتەکەدا بەرەو ئاقارێکی دیکە بەرن، بێ ئەوەی بزانن کا ئایا کەرەستەکانی خودی شۆڕش کە ئاگایی و وشیاریی چینایەتی بەشێکە لە پێکهێنەرەکانی، ئامادەیە یاخود نا، ئەمە لە کاتێکدایە کە هێشتا چ هەواڵێک لە شۆڕشی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩١٧ی بەلشەفیکەکان نییە و دەکرێت وەک پێشبینییەکی لێزانانە و وردبینی و خوێندنەوەیەکی دەروونیانەی دۆستۆیڤسکی ئەم حاڵەتە لێک بدەیەنەوە کە وێنای داهاتووی کۆمەڵگای ڕوسیی کردوە لە دۆخێکەوە هەنگاو بەرەو چ دۆخێکی دیکە دەنێت، یاخود شەمەندۆفێری سیاسەتبازیی ئەو کۆمەڵگە پڕ لە ئاریشە و پارادۆکسە فکرییە، لەسەر چ سکەیەک دەڕوات و ئاکامی کاری شۆڕشگێڕانەی پڕ لە توندوتیژیی چی دەبێت، بێگومان لێرەدا دیدگایەکی ڕەشبینانە بۆ سیاسەت و شۆڕش زاڵە، چونکە ئەو کۆمەڵگایە هەم پێکهاتە و بنەمایەکی پیشەسازیی ئەوتۆی نییە کە شۆڕش بە شێوەیەک و ڕەوتی ئاسایی خۆیدا گەشە بکات و گۆرانکاری دروست بکات، هەم مرۆڤەکانیش بریتین لە کەسانی خۆویست و لیبڕاڵ و هەلپەرست و بەرژەوەندخواز کە پەیوەندییەکانیان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و ڕیا و درۆ ڕۆ ناوە، هەر بۆیە دەبینین دۆستۆیڤسکی کۆی ڕووداوەکانی نێو دووتوێی ڕۆمانەکەی لە شارێکدا چڕ کردوەتەوە و دەشێ ئەو شارە نموونەیەک بێت بۆ کۆی وڵاتی ڕوسیا لەو سەردەم و قۆناغەدا، ئەڵبەت بە کاراکتەر و چیرۆک و ڕووداوەکانیشیەوە.
بە بۆچوونی جۆرج لۆکاچ، دۆستۆیڤسکی هێشتا نووسەرێکە کە پێگە و ناوبانگی جیهانی هەیە، لەبەر ئەوەی دەیزانی کە چۆن لەو قەیرانەی کە وڵاتەکەی و هەموو جۆرە بەشەرێکی گیرۆدە کردبوو، پرسیارە بنەڕەتییەکانی بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە و خەیاڵئامێزانە لە چیرۆکدا بخاتە ڕوو، ئەو مرۆڤانەی خەلق کرد کە ژیانی ناوەکی و چارەنووسیان، کە ناکۆکی و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کەسایەتییەکانی تر، کە وەرگرتن و رەتکردنەوەی مرۆڤ و ئایدیاکانیان، تیشکی خستنە سەر قوڵایی هەموو پرسیارەکانی ئەو سەردەمە: ئەدگاری گشتیی ئەدەبی دۆستۆیڤسکی، لایەنی دیاری جیاکەرەوەیەتی لەگەڵ بزووتنەوە ئەدەبییە تەریبەکانی لە رۆژاوادا؛ بزووتنەوە ڕەسکاوەکانی ئینتیما جیاوازەکانی سایکۆلۆژیاگەرایی ئەدەبی، کە هەندێکیان هاوکات لەگەڵ ئەودا و هەندێکیان دواتر بە کاریگەریی ئیلهام وەرگرتن لەوەوە سەرپێ کەوتن.
لە لایەکی دیکەوە گەورە نووسەری تورک و وەرگری خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی (ئورهان پاموک) باسی لەوە کردووە کە ڕۆمانی (شەیتانەکان) یەکێکە لە هەژێنترین کارە ئەدەبییەکانی دونیا و وتوشیەتی: بێگومان ڕۆمانی شەیتانەکان مەزنترین ڕۆمانی سیاسییە کە تاوەکو ئیستا لەسەر زەمیندا نووسرابێت، ئەو کاریگەرییەی کە لەسەر منی هەبوو کاتێک لە تەمەنی بیست ساڵیدا بۆ یەکەمین جار خوێندمەوە، دەشێت بە وشەگەلی وەک هەژاندن، سەرسامی، باوەڕ و ترس وەسف بکرێت. هەتا ئەوکات هیچ ڕۆمانێک هێندە کاری تێ نەکردبووم، هیچ چیرۆکێک دەرسێکی هێند هەژێنەری لەسەر ژیانی دەروونیی مرۆڤ دانەدابووم.
خوێندنەوەی ئەو کتێبە بۆ من ڕاتەکاندن بوو لەبەرئەوەی من بۆ یەکەمین جار دەستم بەو ڕەهەندانە دەگەیشت کە ئیرادەی مرۆڤ بۆ دەسەڵات لەتوانایدایە وەریبگرێت، عوزورخوایی بۆ سەروەت و سامانی خۆی بهێنێتەوە، توانستەکانی لە فریودان و هەڵخەڵەتاندنی خۆی و ئەوانی دیکەدا، زۆرانبازی لەگەڵ باوەڕدا، خۆشەویستی و کینەی، غەریزەکانی بۆ موقەدەسات و هۆگرییە کوشندەییەکەی بۆ شتە هەرە ئاساییەکان؛ ڕایتەکاندم چونکە پەیم بەوە برد کە لەڕاستیدا ئەو تایبەتمەندە کاراکتێرییانە هەمیشە پێکەوە دێنە سەر سەحن، و دواجاریش چونکە هەموو ئەو دۆخی هەستی و دەروونییانەم لە ڕێی ڕۆمانێکەوە ئەزمونکرد، کە تیادا مەرگ، سیاسەت و فێڵ توند بەناو یەکدا ئاڵۆزکاون. لەلایەکی دیکەوە سەرسامییەکەم لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو کە ئەو هەموو زانیاری و ئەزموونە زۆرە لە ساتێکی هێند کورتخایەندا بوو بە بەشم. خێرایی ڕوودانی ئەو پرۆسەیە ڕەنگە گەورەترین بەرژەوەندی بێت لە هونەری ڕۆماندا: بەو خێراییەی کە پاڵەوانی ناو ڕۆمانەکان پێوەی هەست دەکەن، دەژین، هەوڵ و تەقەلا دەدەن، زۆرێک لە جیهانگەلی نوێ بۆ ئێمەی خوێنەر واڵا دەبن، کە ئێمە باوەڕمان پێیانە هێندەی باوەڕمان بە پاڵەوانەکان هەیە. هەر بەو شێوەیەش من بە هەمان جۆشەوە باوەڕم بە دەنگە پێغەمبەرییەکەی دۆستۆیڤسکی و جیهانی ئەو پاڵەوانانەی هەبوو کە بۆ دانپیادانان هێند ئامادەباش بوون.
پاڵەوانەکانی ڕۆمانی شەیتانەکان، بە خێراییەک لە نێوان چوارچێوە لۆکاڵییەکانی ژیان و جیهانی بیر و فیکرە مەزنەکاندا، ئەمبەر و ئەوبەر دەکەن، لە خوێندنەوەی ڕۆمانی شەیتانەکاندا، هەست بەوە دەکەین کە هەتا بگرە ناچیزترین وردەکارییەکانی ڕۆژانە هەموو شتەکان ناچارانە لەگەڵ فیکرە گەورەکانی مرۆڤایەتیدا لە پەیوەندیدان و بە نیگەرانییەوە دەگەینە دەرئەنجامێک، کە تێیدا هەموو هزرەکان و تەواوی ئایدۆلۆژییا مەزنەکان، پێکەوە گرێدراون، ئیدی هەر وەک پەیوەندیی کۆمەڵگا، نهێنییەکان لەنێو حیکایەتەکەدا، ئەو خانە و شۆڕشگێڕ و جاسووسانەی کە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە پەیوەندیدان، لە پشت ئەو جیهانە ترسناک و پارادۆکسەوە، کە تێیدا هەر کەس لەگەڵ هەر کەسێکی دیکەدا، لە پەیوەندیدایە، دووبارە هەموو فیکرەکان وەک لق و وەک دەمامکێکیش لە خزمەتی حەقیقەتێکی گەورەتردان، کە لە ژووری کەوالیستدا خۆی حەشار داوە، لە پشت ئەو جیهانە پارادۆکسەوە پرسیارگەلێکی سەبارەت بە بوونی خودا و ئازادی مرۆڤ خۆیان حەشارداوە. تەنها لە شەیتانەکاندا نییە کە دۆستۆیڤسکی ئەو دوو پرسیارە بوونگەراییە بە چەشنێک پێکەوە گرێدەدات کە ئەمڕۆ لێمان دژوار دەکات سەربەخۆ و جودا لەیەک لێیان بڕوانین، بەڵکو ئەو دوو پرسیارەی لە شکڵی پاڵەوانێکیشدا هەیە، کە لەڕێی بوونی خودا و ئازادی خۆیەوە دەگات بە یەقینی خودکوژی، بەشێوەیەکی ئەدەبیش کە خوێنەر لە مێشکی دەرناچێتەوە. تەنها کەمێک شاعیر هەن لە توانایاندایە فکری ئابستراکت و پوخت و چەمکی باوەڕ و هزری ناکۆک بەشێوازێکی هێند واقیعی و باوەڕپێکراو بخەنەو ناو پاڵەوانەکانیانەوە وەک دۆستۆیڤسکی.
ئەگەرچی لەنێو ڕۆمانی شەیتانەکاندا فەزای توندوتیژییەکی سیاسی و دەروونیش باڵادەستە، بەڵام لە هەمانکاتدا ئەم ڕۆمانە کۆمیدیترین بەرهەمی دۆستۆیڤسکییە. بە تایبەت لەو بەشانەی کە کۆمەڵ تیادا بەشدارن، دۆستۆیڤیسکی فەزایەک لە گاڵتەجاڕی کەموێنە دەخولقێنێت، لەنێو کاراکتێری (کارمازینۆڤ)دا، کاریکاتێرێکی نابووتی (تورگێنجێڤ)ی هاوڕێی خۆی دەکێشێت، کە دەنگیان پێکەوە نەماوە و نێوانیان باش نییە.
پاموک ئەوەش ناشارێتەوە کە هەر لە سەرتاوە ڕۆمانی شەیتانەکان وەک کتێبێک تێدەگات، کە باس لەو ڕۆشنبیرە تووندەڕوانە دەکات کە بە خەونەکانیان بە ئەوروپاوە، بە گومانە قەیراناوییەکانیانەوە لە خودا، لە پەراوێزی ئەوروپادا، دوور لە میترۆپۆلە مەزنەکان ژیان دەگوزەرێنن.
دەبێت خوێنەر پرسیار لە خۆی بکات داخۆ ڕۆمانێک بەم جوانی و قووڵی و فرەمانایەوە، کە یەکێک لە گەورە نووسەرانی دونیای وەک دۆستۆیڤسکی نووسیبێتی و وەرگێرێکی بەسەلیقە و شارەزای وەک ڕەووف بێگەر بەو زمانە جوان و پاراوە وەریگێرابێت، دەبێت چەند چێژبەخش بێت و چەند گرنگ بێت لە کتێبخانەی هەمووماڵەکانماندا هەبێت، من دڵنیام هیچ خوێنەرێک نییە دوای خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە هەست بە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی نەکات لە فکر و ئەندێشە و دونیابینیی خۆیدا.

تێبینی: سوود لە دوو وتاری لۆکاچ و پاموک وەرگیراوە

منداڵێک لەسەر مانگە؛ گەڕان بەدوای حەقیقەتدا

ڕانانی: ئیدریس عەلی

“سیا من و تۆ دوو کەسی تەنیاین، دوو تەنیای نێو ئەم سوڕانەوە بەردەوامانەی سەرزەوین، دوو کەسین توانای بیرکردنەوە و پرسیارکردنمان هەیە لە هەموو شتێک، دەتوانین لە ڕێگای چیرۆکەکانەوە هەر کاتێک بمانەوێت ئەم دنیایە جێبهێڵین و بچینە ناودنیایەکی جوانتر لەم جیهانە.”
ئەمە یەکێکە لە پەڕەگرافە جوان و سەرنجڕاکێشەکانی نێو ڕۆمانی (منداڵێک لەسەر مانگە)ی نووسەر و شاعیر (هیوا قادر) کە هەڵگری دوو خەسڵەت و ڕەهەندی فەلسەفی و عیرفانیشە، بێگومان سترەکچەری خودی ڕۆمانەکەش لەسەر ئەم دوو چەمکە بونیاد نراوە، ئەگەر ئەو پێناسەیەی (دکتۆر عەلی شەریعەتی) وەرگرین کە پێی وایە عیـرفان بە تێكڕایی كاری كەسێكە دەیەوێ‌ خۆی بناسێ‌ و پرسیار بکات چی هێناوێتی؟ بۆ هاتووە؟ بۆ كوێ‌ دەچێ‌؟ دەبێ‌ چی بكا؟ هەودا و مەودای ئاڵۆز و پڕ گرفچنكی دەوروبەری، لەبان سەری، لەم زەمینە پان و پۆڕ و بەرینەدا بپشكنێ‌؛ سەرەتای بدۆزێتەوە؛ بە عەقڵ لێكی بداتەوە؛ مەودای ئەو هەودایە چەندە؟ بە كوردی و كورتی کەسێتی عاریف كەسێكە لەدووی ڕاستەقینە وێڵە و تا هەموو شت لە بنج و بناوان نەكا ئۆقرە ناگرێت. ئەوا بێگومان دەتوانین قووڵتر لە ئاماژە و دەلالات و مانا شاراوەکانی نێو ئەم ڕۆمانە تێبگەین کە لە لایەکەوە خوێنەر تەواو لەبەردەم تێکستێک و ڕۆمانێکی عیرفانیدایە، لە لایەکی دیکەوە عیرفانییەت تەنیا نەبەستراوەتەوە بە میتۆد و بنەما و پێوەرە ئایینییەکانەوە، بەڵکو توانای لەڕادەبەدەری مرۆڤ بۆ خودناسین و دۆزینەوەی پانتاییە نادیار و ڕووبەرە تاریکەکانی ناخی خۆی، تخووب و مەرزی ئەو چەمکە پێناسەکراوانەش دەبەزەنێت کە بەدەر لە ئیرادە و ویستی ئینسانی بۆی داڕێژراوە، لەم ڕۆمانەدا نووسەر کەشێکی جیاوازی عیرفانی خولقاندووە کە هزر و ئەندێشەی مرۆڤ لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئاوەز و گەڕان و گومان و پرسیار و ئەزموونکردنە بەرجەستە ڕۆژانەییەکانەوە، دەگەیەنێت بە حەقیقەتێکی دیکە، کە دواجار وەک گەوهەرێک لە ناخ و ڕۆح و چاو و زمانی خۆیدا دەیدۆزێتەوە.
نووسەر لە ڕۆمانی (منداڵێک لەسەر مانگە)دا، کەشێکی تەواو هێمن و شاعیرانەی خولقاندووە و خوێنەر لە جەنجاڵیی ژیان و شارەوە دەبات بۆ ئارامیی نێو سروشت و چیا و دەشت، ئەم کەشە لەسەر ئاستی ژیان و سروشتی کاراکتەر و تەکنیک و شێوازی گێڕانەوە و زمانی دەربڕین و دیالۆگ و مەنەلۆگ و کۆی ڕووداوەکانیش ڕەنگیداوەتەوە، ڕۆمانەکە بە ڕووکەش لەسەر کۆمەڵێک بابەتی دیاریکراو دەوەستێت، بەڵام لە نێوەڕۆکدا پەلی هاوێشتووە بۆ مەودا و پانتایی و پنتی دوورتر و دەرگاگەلێکی زیاتر بە ڕووی خوێنەردا دەکاتەوە تا ئاوەز و ئەندێشەیان تەنها لەسەر چەقی ڕووداوێک نەوەستێت و لەنێو هەر چیرۆکێکدا پەنجەرەی چیرۆکگەلی دیکەی لێ دەکرێتەوە.
ڕۆمانەکە بە وردی لەسەر هونەری خەتخۆشی، مێژوو و گرنگیی ئەم هونەرە و جۆرەکانی دەست پێ دەکات و لە ڕێی کاراکتەری (سەید موحسین)ەوە، خوێنەر بەرەو ئاقاری دیکە و بابەت و ڕووداوگەلی دیکە دەبات، لەم ڕۆمانەدا بابەتی گەڕان بەدوای ئارامی و خودا، جوانی و حەقیقەتدا، بابەتێک نییە تەنها پەیوەست بێت بە دین و ئەرکێک نییە تەنها پیاوانی ئایین لە ڕێی عیبادەت و بەجێهێنانی ئەرکە دینییەکانەوە پێی بگەن، بەڵکو لێرەدا ڕەهەندی قووڵتر و فەلسەفیتری هەیە، کەسێکی وەک (یاروەلی) لە ڕێی ژیانە تایبەتەکەیەوە نوێنەرایەتیی ئەو ڕەوتە دەکات کە لە دەرەوەی بازنەی ئیمان و ئەرکە ئایینییەکانەوە دەیەوێت خودا لە خۆیدا بەرجەستە بکات، پرسیارە زۆرەکانی لە بوون و خود و ژیان بەئاستێک لە مەعریفەی دەگەیەنن کە خۆڕسکانە لە ناخی خۆیەوە بەدەسستی هێناوە، بێگومان بەو شێوە نا کە سیفەت و سروشتی خودایی هەبێت، بەڵکو هەوڵی ئەو، دروستکردنەوەی خودایە لە سادەترین فۆڕمدا و دوورخستنەوەیەتی لەو ماڵە جۆراوجۆرانەی بە ناوی ئەوەوە دروستیانکردووە و خودایان لەو ماڵانەدا قەتیس، یان بچووک کردووەتەوە تا ڕاستی و حەقیقەت و توانای تێهزرین و گەڕانی مرۆڤ سنووردار بکەن.
کەسایەتیی یاروەلی لەم ڕۆمانەدا بەهۆی ڕووداوێکەوە گۆڕانکاری بەسەر سروشت و دونیابینی و بیرکردنەوەیدا دروست دەبێت، لە کەسێکەوە کە عاشقی شیعر و بەیت و غەزەلە عیرفانی و کلاسیکییەکانە، دەگۆڕێت بۆ کەسێک کە هەوڵی نوێکردنەوەی ژیان دەدات لە چاوی خۆیدا، واتە ئەزموونی ژیانی یار وەلی پێمان دەڵێت ئەو گۆڕانکارییە بنچینەیی و بونیادییە لەنێو ناخ و ڕوانینی خۆمان نەبێت، هیچ گۆڕانکارییەک لە ژیان و چواردەورماندا ڕوونادات، ئەو گۆڕانەش لە کاتێکدایە بە نیازی ڕۆیشتن بۆ سابڵاخ و سووسە کردن بۆ هەندێک لە شیعرە فەوتاوەکانی مەحوی، لە فەوزا و قەرەباڵغی سەر مەرز و زوڵمەتی ئەو شاخ و کێوانەدا، گریانی منداڵێک ڕایدەگرێت و سووسەی دەنگی دەکات، یاروەلی سەرەتا پێی وایە ئەو دەنگە لە سنگی خۆیەوە دەردەچێت، بەڵام دواتر بە (سیا) ئاشنا دەبێت.
سیا منداڵێکی ئیفلیج و بێ زوبانە، ڕاژۆی باوکی بەر لەوەی لەپەنا تاوێرێکدا بیکوژن، منداڵەکەی لە توێی پەتوویەکی ئێرانیدا دەداتێ و داوا لە یاروەلی دەکات منداڵەکەی بەرێت و لە دورترین و چۆڵەوانیترین شوێن بژین، ئەوە سەرەتای ئەو گۆڕانکارییە بونیادییەیە کە یاروەلی لە چوون بۆ سابڵاخ پەشیمان دەکاتەوە لەگەڵ ئەو منداڵە نەخۆشەدا، چارەنووس و قەدەر بەرەو شوێنیکی دور و چۆڵیان یان دەبات، کە تەنها ئاو و درەخت و دەنگی باڵندە شەوانی پڕ لە ئەستێرەیان لێوە دیارە، و لەو شوێنەدا وزەی شاراوەی ڕۆحیی هەردووکیان، دونیایەکی جیاواز و سەربەخۆیان بۆ دروست دەکات.
ئەو ژیانە دوورەپەرێز و تەناییەی یاروەلی و منداڵێکی بێزمان و ئیفلیج وا دەکات یاروەلیی کانیاوی وزە ڕۆحیی و زیهنییەکانی لە ناوەوەڕا بتەقنەوە، هاوکات لەتەک سیادا زمانێکی هاوبەش بدۆزنەوە بۆ تێگەیشتن لە یەکدی و توانای گوزارشتکردنیان لەو دونیا سیحری و پڕ لە فەنتازییەی دروستیان کردووە، ئەو زمانەش زمانی چاو و خوێندنەوەی قووڵ و وری ئاماژەکانە کە وا دەکات وەک ئامڕازێک، چاو لە بینینێکی سادەوە ڕۆڵەکەی بگۆڕێت بۆ بەرپرسیارێتییەکی گەروتر و فراوانتری وەک ڕوانین و خوێندنەوە و تێڕامان و کەشفکردنی ڕازە پەنهاکان، بە تایبەت لە خوێندەوەی خەونە ئاڵۆزەکاندا و بە چیرۆککردنی ئەوەی لە چواردەور و دڵ و هزریاندا دەگوزەرێت.
ڕۆمانەکە لە ستایش و گرنگیپێدانی تەنیایی و بێدەنگی و دووریی لە قەرەباڵغی و فەوازای ژیانی شار و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندایە و ئەوەمان پێ دەڵێت کە بۆ گەیشتن بە حەقیقەت، هێندە بەسە مرۆڤ تەنیا بێت و لەنێو دڵ و خەیاڵ و ئەندیشە و خەونەکانی خۆیدا بۆ خودا و جوانی و حەقیقەت بگەڕێت، دواجار ئەو چەمکانە لە شاردا وێنە حەقیقی و ڕوونەکانیان بە تەڵخی نابینرێت، بەڵکو ئەوەی هەیە لەنێو سروشت و موفرەداتەکانی نێو سروشت و ژیانێکی بێدەنگ وتەنیاییدایە، تەنانەت مرۆڤ دنە دەدات بۆ ئەوەی توانا شارەواکانی خۆی لە ناخی خۆیدا بدۆزێتەوە تا بگات بەو یەقینەی کە خودی خۆی سەنتەری شتەکان و گێڕەرەوەی چیرۆک و حیکایەتەکانی خۆیەتی، ئەوەی ڕوودەدات و ڕووی داوە لەنێو خودی خۆیدایە، تەنانەت ئەوەشی کە دەگۆڕێت خودی خۆیەتی، بەڵام لە ڕێی تێڕامان و وردبوونەوە و پرسیارکردن و وتووێژکردن و ئەو شەڕانەی کە مرۆڤ لەگەڵ خودی خۆیدا دەیانکات.
ڕۆمانەکە لە لایەکی دیکەوە سەبارەت بە دنیای شیعر و ئەوین و غەزەلیات و ئیمان و خوداپەرەستییە، لەوێوە خوێنەر پەلکێشی بەردەم زانیاریگەلێکی بەسوود دەکات سەبارەت بەو دونیایەی کە ڕەنگە سەردەمانێک بە هەڵە پێناسە کرابێت، بە تایبەت سەبارەت بە حەقیقەتی ڕەها، ڕەهەندێکی ڕەخنەگرانەی هەیە و ئەو ڕاستییە بە خوێنەر دەگەیەنێت کە ڕاستیی و حەقیقەت، یەک ڕوخسار وئەدگار، یەک دەنگ و بۆنی نییە، بەڵکو ئەوە دونیابینی و بیرکردنەوەی بچووکی مرۆڤی نێو قاڵبە ئایینی و ئایدۆلۆژییەکانن حەقیقەت لەو چوارچێوە تەسکەدا دەبیننەوە کە چاوی کورتبینیی خۆیان دەیبینن، بۆ نموونە بینینی شێوەی خودا لە چاوی پیاوانی ئایینییەوە، خودا لەنێو مزگەوت و کڵێساکاندا، خودا لەنێو جامخانە و لەسەر بەردی مەڕمەڕ و حەوشەی کاشیی، ناوی خودا لەسەر فەرشە دەستچنە گرانبەهاکان و هتد… هاوکات هەوڵی مرۆڤ بۆ گێڕانەوەی حیکایەتەکان و بە حیکایەتکردنی هەموو شتەکانی نێو ژیان، تەوەرێکی دیکەی سەرەکیی ئەم ڕۆمانەیە کە هەم خودی گێڕەرەوە بەو پێیەی لە منداڵییەوە سەرسام بووە بە هونەری خەتخۆشی سەید موحسین و دوای مردنی بەدوای سەرچاوەی ژیانیدا دەگەڕێت تا نهێنییەکانی کەشف بکات، دواجار ڕوودەکاتەخانەقای مەحوی و لەنێو بەیاز و دەستنووس و کتێبە کۆنەکاندا کەشکۆڵێک دەدۆزێتەوە کە گێڕانەوەی سەربوردەی ژیانی یاروەلییە، یاروەلی لێرەدا گرنگیی بە چیرۆککردنی مرۆڤ و ژیان و نووسینمان پیشاندەدات کە دواجار نەمری دەبەخشێت بە مرۆڤ و ڕووداوەکان بە زیندوویی دە‌هێڵێتەوە.
یاروەلی لە ڕێی ئەو کەشکۆڵەوە، خۆی و سیا و ژیانە پڕ لە ڕاز و نهێنییەکەیان لە فەوتان و مردن دەپارێزێت، ئەمەش ئەوەمان پێ دەڵێت کە تەنها هێز و سیحری نووسین دەتوانێت دەرەقەتی ئەو ژیانە ئاڵۆزە بێت و لە لەیادچوونەوە ڕزگاری بکات.
بێدەنگیی نێو سروشت و دوورەپەرێزی و تەنیایی، یاروەلی و سیا دەکەن بە دوو مرۆڤ کە ئاتاجی یەکدی بن و لەنێو دونیای تایبەتی خۆیاندا ببنە خاوەنی باڵ و زمان و چاوانێکی ئەوتۆ، کە تەنها خۆیان لە خۆیان تێبگەن و خۆیان بتوانن ببنە کارەکتەری نێو چێرۆک و خەون و حیکایەتەکانی یەکدی، ئەوان پێیان وایە مرۆڤی جاوید و باڵا ئەوانەن کە دەبنە کاراکتەری نێو حیکایەت و گێڕانەوەکان و لەویدا مانای گەورەتر پیدا دەکەن، واتە تەنها بە گێڕانەوە و گوێگرتن، نووسین و خوێندنەوە، دەتوانن نەمریی بۆ خۆیان بەدەست بێنن، یاروەلی بڕوای وایە دەبێت شتەکان بنووسرێنەوە، هاوکات تا کەسێک هەبێت بخوێنیتەوە ئەمان بە نەمریی دەمێننەوە.
ئەم ڕۆمانە چاپی سێیەمە و لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە، خوێنەر لە خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە، هەم چێژ دەبینێت، هەم بەر زانیاریی گرنگ دەکەوێت سەبارەت بە هونەری خەتخۆشی و دنیای عیرفان و وزە شاراوە ڕۆحییەکانی مرۆڤ.

په‌روه‌رده‌ی پراكتیك

كتێبی: په‌روه‌رده‌ی پراكتیك
نووسینی: خه‌لیل عه‌لی
ڕانانی: هه‌ورامان وریا قانع

كتێبێك پێش هه‌موو كه‌سێك، پێویسته‌ وه‌زیری په‌روه‌رده‌ و جێگره‌كه‌ی و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كان بیخوێننه‌وه‌.
ئاشكرایه‌ كتێبخانه‌ی كوردی، له‌ بواری كتێبی په‌روه‌رده‌یی، تا بڵێی هه‌ژار و كه‌م كتێبه‌، نه‌بوونی ژماره‌یه‌كی باش له‌ كتێب و سه‌رچاوه‌ی په‌روه‌رده‌یی به‌ زمانی كوردی، له‌به‌رده‌ست مامۆستایان و په‌روه‌رده‌كاران، وایكردووه‌ سیستمی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی ئێمه‌، وه‌ك پێویست گه‌شه‌ نه‌كات و پێشكه‌وتنی به‌رچاو به‌خۆیه‌وه‌ نه‌بینێت. سه‌روه‌ختێك مامۆستایه‌ك بییه‌وێت ئاستی زانستی و مه‌عریفی خۆی به‌رز بكاته‌وه‌ و زانیارییه‌كانی له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ پۆله‌كانی خوێندندا ده‌یڵێته‌وه‌، فراوانتر بكات و په‌ره‌ به‌ توانا فێركارییه‌كانی خۆی بدات، ئه‌وا ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی به‌ زمانی كوردی له‌ به‌رده‌ستیدایه‌، زۆر كه‌من و به‌هانایه‌وه‌ نایه‌ن.
له‌ ڕاستیدا ده‌توانین بڵێن، كایه‌ی په‌روه‌رده‌ و فێركردن و فێربوون، له‌ ڕووی بوونی كتێب و گۆڤار و بڵاوكراوه‌ و سه‌رچاوه‌ی مه‌عریفی به‌ زمانی كوردی، یه‌كێكه‌ له‌ كایه‌ زۆر هه‌ژاره‌كان كه‌ هه‌رگیز نابێت و ناكرێت، كایه‌یه‌كی گرنگ و به‌هاداری وه‌ك په‌روه‌رده‌، ئاوا بێ كتێب و بێ سه‌رچاوه‌ی زانستی بێت. لێره‌وه‌ هه‌ر كاتێك كتێبێكی په‌روه‌رده‌یی، چاپ و بڵاوده‌بێته‌وه‌، من وه‌ك مامۆستایه‌ك، كۆڵێ دڵخۆش ده‌بم و به‌ كارێكی گرنگ و بایه‌خداری گه‌وره‌ی ده‌زانم.
خۆشبه‌ختانه‌ ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م، یه‌كێكه‌ له‌و ده‌زگا ده‌گمه‌نانه‌ی كه‌ بایه‌خ به‌ چاپكردنی كتێبی په‌روه‌رده‌یی ده‌دات و ئاوڕی له‌م بواره‌ داوه‌ته‌وه‌، چ نووسین بێت یان وه‌رگێڕان. ئه‌گه‌رچی بایه‌خ و ئاوڕدانه‌وه‌كه‌ سنورداره‌ و وه‌ك پێویست نییه‌ و چاوه‌ڕێی زیاتری لێده‌كرێت. یه‌كێك له‌و كتێبه‌ باشانه‌ی له‌م ماوه‌یه‌ی دوایدا، ده‌زگای سه‌رده‌م چاپ و بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، كتێبی په‌روه‌رده‌ی پراكتیك-ه‌ كه‌ ئێمه‌ لێره‌دا، هه‌وڵده‌ده‌ین به‌خێرایی ڕانانێكی بۆ بكه‌ین و كه‌م تا زۆر به‌ خوێنه‌ری بناسێنین.
هه‌رچه‌نده‌ كتێبه‌كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ په‌روه‌رده‌ی پراكتیك له‌ وانه‌ی هونه‌ردا، واته‌ كتێبه‌كه‌ باس له‌ چۆنیه‌تی وتنه‌وه‌ی وانه‌ی هونه‌ر ده‌كات به‌ شێوه‌یه‌كی عه‌مه‌لی و كرده‌یی. به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌ هیچ جۆرێك نابێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ بۆ وانه‌كانی دیكه‌ سودی نه‌بێت. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ كتێبه‌كه‌دا بۆ وتنه‌وه‌ی وانه‌ی هونه‌ر، ئاماده‌كراون و خراونه‌ته‌ڕوو، بۆ كۆی وانه‌كانی دیكه‌ش گونجاوه‌ و مامۆستایانی ئه‌و وانانه‌ش، ده‌توانن سودی لێببینن و ئاستی مه‌عریفی خۆیان، به‌ تایبه‌ت له‌ شێوازه‌كانی وانه‌ وتنه‌وه و چۆنیه‌تی ده‌رخستن و ئاشكراكردنی حه‌ز و ئاره‌زووی قوتابییه‌كان، به‌رز بكه‌نه‌وه‌. ده‌توانن ئه‌وه‌ی له‌ كتێبه‌كه‌دا له‌سه‌ر وتنه‌وه‌ی وانه‌ی هونه‌ر به‌ شێوه‌ی پراكتیكی نووسراوه‌، ئه‌وان بیگوێزنه‌وه‌ بۆ وانه‌كانی خۆیان و له‌ پۆله‌كاندا ئه‌نجامی بده‌ن و كاریپێبكه‌ن.
خاڵی هه‌ره‌ گرنگ و بایه‌خداری ئه‌م كتێبه‌، له‌وه‌دایه‌ كه‌ وانه‌ی هونه‌ر، ته‌نها وانه‌یه‌ك نییه‌ قوتابی تێیدا فێری وێنه‌كێشان و سكێچ و هێڵكاری ده‌بێت، هه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ ده‌فته‌ر ڕه‌سمێك و كۆمه‌ڵێ بۆیه‌ی ڕه‌نگا و ڕه‌نگ له‌ جانتاكه‌یدا بێنێت بۆ مه‌كته‌ب و له‌ وانه‌كه‌دا به‌كاریانبێنێت. نا ئه‌وه‌ ته‌نها لایه‌نه‌ لاوه‌كی و پله‌ دووه‌كه‌یه‌تی. لایه‌نی سه‌ره‌كی و پله‌ یه‌كی ئه‌م وانه‌یه‌، له‌وه‌دایه‌ كه‌ له‌ لاپه‌ڕه‌ 54ی كتێبه‌كه‌دا ئاماژه‌ی پێدراوه‌: (مامۆستای په‌روه‌ده‌ی هونه‌رهێنده‌ی مه‌به‌ستییه‌تی ڕه‌فتاره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی منداڵ له‌ رێگه‌ی په‌روه‌ر‌ده‌ی هونه‌ره‌وه‌ بگۆڕێت. هێنده‌ مه‌به‌ستی فێركردنی كارێكی هونه‌ری نییه‌. چونكه‌ ئه‌وه‌ ئامانجه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ نییه‌، به‌ڵكو ئامانجی سه‌ره‌كی، چاككردن و ڕێككردن و باشتركردنی ڕه‌فتار و كارامه‌یی منداڵه‌ له‌ كاتی مامه‌ڵه‌كردن و چالاكی نواندندا).
جگه‌ له‌وه‌ و په‌یوه‌ست به‌ ئامانجه‌ گه‌وره‌كه‌ی وانه‌ی په‌روه‌رده‌ی هونه‌ر، كتێبه‌كه‌ له‌ لاپه‌ڕه‌ 66 دا ده‌ڵێت: (… ئه‌ركی مامۆستا دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و ئاره‌زووه‌یه‌ له‌ نێو قوتابییاندا و هانیان بدات، تا ئاستی جوانناسییان به‌رز بكاته‌وه‌. چونكه‌ گومانی تێدا نییه‌ هه‌ر ئه‌و منداڵه‌یه‌ ده‌بێته‌ پزیشك، ئه‌ندازیار، فه‌رمانبه‌ر، مامۆستا، جا ئه‌گه‌ر ئه‌م تاكه‌ ئاستی جوانناسی به‌رز بێت و به‌و قۆناغه‌دا بڕوات، كه‌ ئه‌م پرۆگرامه‌ ده‌یخوازێت، ئه‌وا بزانه‌ چی ڕووده‌دات؟ تاكێكی ته‌ندروست كه‌ ڕێز له‌ هه‌مو كارێكی جوان ده‌گرێت و به‌بێ به‌ها ته‌ماشای ده‌وروبه‌ری ناكات و هه‌مو شته‌ جوانه‌كان به‌رز ده‌نرخێنێت كه‌ ئه‌وه‌ش مه‌به‌ست و ئامانجی په‌روه‌ده‌ی هونه‌ره‌ له‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندن).
له‌ لاپه‌ڕه‌ی 72 كتێبه‌كه‌دا و له‌ بابه‌تی “فێركاری پراكتیكی”، باس له‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی ئاوا ده‌كات: وانه‌ی هونه‌ر، به‌ ته‌نها له‌ گه‌له‌ری و ژوری وێنه‌كێشان و ناو پۆل ناوترێته‌وه‌ و پێویسته‌ زۆرجار وانه‌كه،‌ له‌ ناوه‌وه‌ی پۆل و شوێنه‌ داخراوه‌كان بهێنرێته‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌ ژینگه‌ی كراوه‌ی ده‌ره‌وه‌ی قوتابخانه‌دا بوترێته‌وه‌. بۆچی؟ بۆ ئه‌وه‌ی قوتابییه‌كان، له‌ كاتی وێنه‌كێشاندا، ئازدییه‌كی زیاتریان هه‌بێت، جووڵه‌یان باشتر و بینینیان فراوانتر بێت و ڕاسته‌وخۆ به‌ر ئه‌و وێنه‌ و كه‌ره‌ستانه‌ بكه‌ون كه‌ به‌نیازن وێنه‌یان بكێشن، له‌ نمونه‌ی گژوگیا و دار و دره‌خت، ئاسمان و خۆر و باڵنده‌، كانی و ڕووبار و باخچه، مرۆڤ و ڕه‌ز و تاوێر‌… هتد. ئه‌مه‌ش وا ده‌كات قوتابییه‌كان خه‌یاڵیان كراوه‌تر و هزریان باشتر بكه‌وێته‌كار و حه‌زیان بۆ وانه‌كه‌ش زۆرتر بێت. وا ده‌كات ڕوونتر و شه‌فافتر شته‌كانی ده‌وروبه‌ریان ببینن و له‌ وێنه‌كانیاندا بیانخه‌نه‌ڕوو. له‌م حاڵه‌ته‌دا ئه‌وان له‌ ده‌ره‌وه‌ی ژینگه‌ی پۆل، به‌ شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌ كه‌ره‌سته‌كانی ده‌وروبه‌ریان ده‌بینن و ته‌نانه‌ت ده‌توانن له‌ نزیكه‌وه‌ له‌مسی هه‌ندێكیان بكه‌ن و به‌ وردی لێی بڕوانن. به‌ مانایه‌كی دی، ئه‌وان له‌ كاتی وێنه‌كێشان له‌ ده‌ره‌وه‌ی گه‌له‌ری و ژووره‌كان، له‌ ژیان و جوانییه‌كان نزیكتر ده‌بنه‌وه‌ و سروشت وه‌ك خۆی ده‌بینن و زیاتر هه‌ست به‌ خۆشی و به‌ دڵگیری دیمه‌نه‌كان ده‌كه‌ن و داهێنه‌رانه‌ ده‌یگوێزنه‌وه‌ بۆ نێو كوڕاسه‌كانی به‌رده‌ستیان.
دوای خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م كتێبه‌، دید و تێڕوانینمان بۆ وانه‌ی هونه‌ر، به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌رێنی، گۆڕانی گه‌وره‌ی به‌سه‌ردا دێت. له‌گه‌ڵ هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌كانی كتێبه‌كه‌، هه‌ست ده‌كه‌ین سه‌باره‌ت به‌ وانه‌ی هونه‌ر، شتێك له‌ هزرماندا ده‌گۆرێت و چه‌كه‌ره‌ ده‌كات كه‌ پێشتر بوونی نه‌بووه‌ یان وه‌ك پێویست ئاگاداری نه‌بووین. ئه‌وه‌ی له‌ كتێبه‌كه‌وه‌ له‌سه‌ر وانه‌ی هونه‌ر ده‌یزانین و پێی ئاشناده‌بین، وامان لێده‌كات بڵێین: چیتر نابێت وانه‌ی په‌روه‌ر‌ده‌ی هونه‌ر، به‌ وانه‌یه‌كی لاوه‌كی و بێ به‌ها سه‌یر بكرێت. نابێت ئه‌م وانه‌یه‌ به‌ هیچ جۆرێك پشتگوێ بخرێت و گرنگی پێنه‌درێت. نابێت وانه‌كه‌ بدرێت به‌ مامۆستایانی بابه‌ته‌كانی دیكه‌، بۆ نمونه‌ مامۆستای بیركاری یان زانست یا ئینگلیزی، تاكو ئه‌وان مه‌نهه‌جه‌كه‌یان ته‌واو بكه‌ن، ئه‌وه‌ كوفرێكی په‌روه‌رده‌ییه‌ و ده‌بێت كۆتایی پێبێت. بۆچی؟ چونكه‌ وانه‌ی په‌روه‌رده‌ی هونه‌ر، هه‌م بۆ خۆی وانه‌یه‌كی پراكتیكی زۆر بایه‌خداره‌ و هه‌م په‌یوه‌سه‌ته‌ به‌ كۆی بابه‌ته‌كانی دیكه‌وه‌ و كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌مو وانه‌كانی دیكه‌ هه‌یه‌ كه‌ ده‌كرێت له‌ سێ خاڵدا كورتی بكه‌ینه‌وه‌:
یه‌كه‌م: وانه‌ی هونه‌ر ته‌نها وانه‌یه‌ تێیدا قوتابی، خه‌یاڵی ده‌خاته‌كار و به‌ ده‌ست و په‌نجه‌ی خۆی، به‌ بیركردنه‌وه‌ی خۆی، به‌ تێگه‌شتنی خۆی، به‌ عه‌قڵ و لۆژیكی خۆی، وێنه‌كان ده‌كێشێت و گوزارشت له‌ ناخی خۆی ده‌كات. ئه‌و له‌ ڕێگه‌ی وێنكانه‌وه‌، ئه‌و شتانه‌مان پێده‌ڵێت كه‌ له‌وانه‌یه‌ به‌ وتن و قسه‌كردن، نه‌توانێت پێمان بڵێت. قوتابی له‌ ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی ڕه‌نگ و هێڵ و بابه‌ت و چۆنیه‌تی ره‌سمكردنی دیمه‌نه‌كانه‌وه‌، به‌ ئاسانی ده‌توانێت گوزارشت له‌ هزر و خه‌یاڵی خۆی بكات. قوتابی له‌ وانه‌كانی دیكه‌دا، كه‌متر ده‌رفه‌تی ئه‌و گوزارشت كردنه‌ سروشتییه‌ی بۆ ده‌ڕه‌خسێت، كه‌متر ده‌توانێت بیركردنه‌وه‌ و تێگه‌شتنه‌كانی خۆی بخاته‌ به‌رده‌ست و ئازادانه‌ كاریان پێبكات و له‌ قۆناغی خه‌فه‌كردن و چه‌پاندنه‌وه‌، بیگوێزێته‌وه‌ بۆ قۆناغی گوزارشت و ده‌ربڕین. قوتابی له‌ وانه‌كانی دیكه‌دا، به‌ زۆری ئه‌و زانیاری و مه‌عه‌ریفه‌یه‌ فێرده‌بێت كه‌ له‌ زاری مامۆستاكان دێنه‌ده‌ره‌وه‌ و له‌ كتێبه‌كانه‌دا نووسراون، ئه‌و پێناسه‌ و شیعر و بیردۆزانه‌ ده‌ڵێته‌وه‌ كه‌ ده‌رخی كردوون و له‌ مه‌لزه‌مه‌ و ده‌فته‌ره‌كانیاندا نووسراونه‌ته‌وه‌. به‌ڵام وانه‌ی هونه‌ر شتێكی دیكه‌یه‌ و ئه‌وه‌ی قوتابی له‌م وانه‌یه‌دا ده‌یخاته‌ سه‌ر لاپه‌ڕه‌كانی ده‌فته‌ر ڕه‌سمه‌كه‌ی، هه‌ڵقوڵاوی ناخی قوتابییه‌كه‌‌ خۆیه‌تی و قوتابییه‌كه‌ خاوه‌نی ڕاسته‌قینه‌یه‌تی. وێنه‌كان و تێكه‌ڵكردنی ڕه‌نگه‌كان و هێڵكاری و بیرۆكه‌ی ناو وێنه‌كان، سه‌رچاوه‌كه‌ی خه‌یاڵ و هزری قوتابییه‌كه‌یه‌ و له‌ ئه‌نجامی تێگه‌شتنی خۆیه‌وه‌ له‌دایكبوون. ئه‌وه‌ دید و ته‌سه‌وری قوتابییه‌كه‌یه‌، په‌نجه‌كانی پێ ده‌جووڵێنێت و فڵچه‌ و نوكی قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی ده‌هێنێت به‌سه‌ر كاغه‌زه‌كاندا و دیمه‌نه‌كان ده‌نه‌خشێنێت. ئا لێره‌وه‌یه‌ وانه‌ی هونه‌ر، وانه‌یه‌كه‌ سه‌ربه‌خۆیی و بیركردنه‌وه‌ی ئازادانه‌، ده‌به‌خشێت به‌ قوتابی و له‌ ته‌مه‌نێكی زووه‌وه‌، ڕه‌نگڕێژی كه‌سایه‌تییه‌كه‌ی، به‌ شێوه‌یه‌كی پۆزه‌تیڤ، ده‌كات.
دووه‌م: ئه‌م وانه‌یه‌ په‌یوه‌ندی به‌ سه‌رجه‌م وانه‌كانی دیكه‌وه‌ هه‌یه‌، چۆن؟ به‌وه‌ی گه‌شه‌كردنی كارامه‌یی و به‌هره‌ی وێنه‌كێشان لای قوتابی، وا ده‌كات بۆ نمونه‌، له‌ وانه‌ی زانست وێنه‌ی خانه‌ و ئه‌ندام و كۆئه‌ندامه‌كانی له‌شی مرۆڤ و گیانه‌وه‌ر جوان دروست بكات و باشتر لێیان تێبگات. له‌ وانه‌ی بیركاری وێنه‌ی لاكێشه‌ و چوارگۆشه‌ و بازنه‌ و نیمچه‌ بازنه‌ و شه‌ش پاڵو، به‌ شێوه‌ ئه‌ندازه‌ییه‌ ڕێكوپێكه‌كه‌ی بكێشێت. پیته‌كانی ئینگلیزی و كوردی و عه‌ره‌بی، جوانتر دروست بكات و ده‌ستوخه‌تی ڕێكتر و جوانتر بێت. له‌ جوگرافیا ده‌توانێت نه‌خشه‌كان باشتر دروست بكات و به‌ شێوه‌یه‌كی هونه‌ری ڕه‌نگیان بكات. هه‌مو ئه‌وه‌ی قوتابی له‌ وانه‌ی هونه‌ردا فێریده‌بێت، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی باشی له‌ وانه‌كانی دیكه‌دا ده‌بێت و ڕێخۆشكه‌ره‌ بۆ ئه‌وه‌ی وێنه‌ی وانه‌كانی دیكه‌، به‌ شه‌وق و حه‌زێكی زۆره‌وه‌ و به‌ ئاسانی دروست بكات.
سێیه‌م: ئه‌م وانه‌یه‌ ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ی له‌ كتێبه‌كه‌دا باسی لێوه‌ده‌كرێت و بووترێته‌وه‌، وا ده‌كات قوتابی زیاتر هۆگری قوتابخانه‌ ببێت و حه‌زی زیاتر بۆ خوێندن هه‌بێت. له‌م وانه‌یه‌دا ده‌كرێت له‌ ڕێگه‌ی وێنه‌كێشان به‌ گروپ و به‌ ده‌سته‌جه‌می، ڕۆحی هاریكاری و په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی نێوان قوتابییه‌كان، گه‌شه‌ی ئه‌رێنی بكات و زیاتر ڕێز له‌ یه‌كتر بگرن و هاوڕێیه‌تییه‌كه‌یان پته‌وتر و به‌هێزتربێت.
گرنگه‌ ئه‌م كتێبه‌ له‌لایه‌ن به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌، له‌ ئاسته‌ باڵاكه‌یدا بخوێنرێته‌وه‌، تاكو به‌رچاوڕونی زیاتریان بۆ وانه‌ی هونه‌ر هه‌بێت و چیتر ئه‌م وانه‌یه‌، له‌و دۆخه‌ خراپه‌ی ئێستای ڕزگار بكه‌ن و بیكه‌ن به‌ وانه‌یه‌كی زۆر سه‌ره‌كی و پێداویستییه‌كانی له‌ هه‌مو قوتابخانه‌یه‌كدا بۆ دابین بكه‌ن. مامۆستای تایبه‌ت به‌ په‌روه‌رده‌ی هونه‌ر بیڵێته‌وه‌ و له‌وه‌ ڕزگار بكرێت بدرێت به‌ مامۆستای دیكه‌ و به‌شه‌ وانه‌ی مامۆستای دیكه‌ی پێ پڕبكرێته‌وه‌. هه‌روه‌ها گرنگه‌ ئه‌م كتێبه‌ له‌لایه‌ن هه‌مو مامۆستایه‌ك و په‌روه‌رده‌كارێك و به‌ڕێوه‌به‌رێكی قوتابخانه‌ بخوێنرێته‌وه‌، تاكو ئه‌مه‌ی دواییان، تێبگات ئه‌م وانه‌یه‌ چ سیحرێكی گه‌وره‌ی تێدایه‌ و چ وزه‌یه‌كی زۆر له‌ هه‌ناویدا هه‌ڵگیراوه‌، ئه‌گه‌ر ڕێوشوێن و كارئاسانی بۆ بكرێت، ئه‌وا گوڕ و تینێكی گه‌وره‌ به‌ پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ و خوێندن ده‌به‌خشێت.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، گرنگه‌ ئه‌م كتێبه‌ دایك و باوكی قوتابیش بیخوێنێته‌وه‌، تا له‌وه‌ تێبگات، بۆ منداڵه‌كه‌ی، وانه‌ی هونه‌ر، هیچی له‌ وانه‌ی ئینگلیزی و زانست و بیركاری كه‌متر نییه‌. دایك و باوك ئه‌گه‌ر بینیان كوڕه‌كه‌ی یان كچه‌كه‌ی، گرنگی به‌م وانه‌یه‌ ده‌دات و ئاره‌زووی لێیه‌تی، ئه‌وا پێویسته‌ كارئاسانی بۆ بكه‌ن و پێداویستییه‌كانی بۆ فه‌راهه‌م بكه‌ن. نه‌ك ئه‌وه‌ی بیكه‌ن به‌ قوربانی وانه‌كانی دیكه‌ و ڕێگربن له‌وه‌ی منداڵه‌كه‌یان گه‌شه‌ به‌ توانا و كارامه‌ییه‌كانی خۆی له‌م وانه‌یه‌دا بدات.
دواجار كتێبه‌كه‌ به‌ زمانێكی كوردی پوخت و ئاسان و بێگرێ و گۆڵ نووسراوه‌، زمانێك له‌ كاتی خوێندنه‌وه‌دا، هیچ ماندووت ناكات، بگره‌ وا ده‌كات له‌سه‌ر خوێندنه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌ به‌رده‌وام بێت و ئه‌گه‌ر ده‌ستیشت لێهه‌ڵگرت، به‌ زووترین كات بگه‌ڕێیته‌وه‌ بۆ لای. كتێبه‌كه‌ 449 لاپه‌ڕه‌ی قه‌باره‌ بچوكه‌، تیراژی هه‌زار دانه‌یه‌ و نرخی چوار هه‌زار و پێنج سه‌د دیناره‌.

سایکۆلۆژیای شیعری کوردی

ڕانانی: سەردەم

یەکێکی تر لە کتێبە باش و دانسقەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم کە لەم ڕۆژانەی پێشوودا چاپ و بڵاویکردووەتەوە، بریتییە لە کتێبی (سایکۆلۆژیای شیعری کوردی) کە لێکۆڵینەوەیەکی ورد و فرەڕەهەندە و لە لایەن نووسەر و لێکۆڵیار (پێشڕەو عەبدوڵڵا) نووسراوە، بە گشتی کتێبەکە خوێندنەوەیە ئەزموونی بەشێکە لە ساعیرانی کورد بە میتۆدی ڕەخنەی دەروونشیکاری سیگمۆند فرۆید، ئەو شاعیرانەش کە وەک نموونە بۆ لێکۆڵینەوەکەی وەریگرتوون بریتین لە هەر یەک لە : نالی، گۆران، لەتیف هەڵمەت، عەبدوڵڵا پەشێو، بەختیار عەلی، نەزەند بەگیخانی، ئیسماعیل بەرزنجی، ئازاد سوبحی، دڵشاد عەبدوڵڵا، سەباح ڕەنجدەر، هیوا قادر، بەکر عەلی دلاوەر قەرداغی.
بێگومان ئەگەر بە وردی دیقەت بدەین لەو ناو و دەنگە شیعرییانەی لێکۆڵیار تێکستەکانی وەک نموونە لێ هەڵبژاردوون بۆ شرۆڤەکردن و لێدوان بەپێی پیتۆدە فیکری و فەلسەفییەکەی خۆی، دەبینین هەر یەکەیان سەر بە سەردەم و ڕۆژگار و شێواز و دونیابینی و ڕەهەندی جیاجیای ئەزموونی شیعرین، هاوکات لە ڕووی پێکهاتە و بونیادی داهێنانی شیعریی و ڕەهەندی شوێن و جوگرافیا و ژینگەی کۆمەڵایەتییەوە، لێکدی جودان و هەر یەکەیان سەر بە دونیای تایبەت بە خۆیەتی هەم لە ئەزموونی نووسین و داهێناندا، هەم لە ژیان و پێگەی کۆمەڵایەتییاندا.
نووسەر و لێکۆڵیار پێشڕەو عەبدوڵڵا، لێکۆڵینەوەکەی دابەش کردووە بەسەر چەندین بەش و تەوەرەی جیاجیادا کە گرنگترینیان بریتییە لەڵ چەمک و زاراوەی دەروونناسی، مێژووی سەرهەڵدانی دەروونناسی ئەدەب، دەقی ئەدەبی وەک دەرکەوتەی نەستی چەپێنراو، ڕەخنەی دەروونشیکاری و کاتیگۆرییەکانی، ڕاڤەکردنی چەمکە دەروونییەکان لای فرۆید، پراکتیزەکردنی چەمکە دەروونییەکانی فرۆید لە شیعرەکاندا، بەکاربردنی چەمکە دەروونییەکان، بەشداریکردنی ڕەگەزە دەروونییەکان لە ئیستاتیکای شیعردا… و چەندین ناونیشانی دیکەی جیاواز بوونەتە بونیادی بەهێزکردنی لێکۆڵینەوەکەی، هاوکات دەبینین زیاتر لە شەست سەرچاوەی گرنگی بەکارهێناوە.
وەک نووسەر خۆی لە پێشەکیی کتێبەکەیدا ئاماژەی پێ داوە بابەتی ڕەخنەی ئەدەبی کوردی بابەتیکی گرنگ و پڕ بەهایە، بۆ خزمەتکردنی ڕەوتی ئەدەبی کوردی و تێگەیشتن لە جیهانبینیی مرۆڤی کوردیش، بە تایبەت ڕێبازی ڕەخنەی دەروونی یاخوود دەروونشیکاریی فرۆید سەنگ و بەهای خۆی هەیە و بەشێکی زۆری ڕا و لێکدانەوە زانستییەکانیشی هاوکارێکی باشن بۆ شرۆڤەکردن و دەستڕاگەیشتن بە دیوی ناوەوەی دەق: بەشی یەکەمی ئەم باسە هەوڵدانە بۆ تێگەیشتن لە چەمکی دەروونشیکاریی ئەدەب، مێژووی سەرهەڵدانی، دامەزرێنەران و ڕابەرەکانی ئەم ڕەوتە، پاسان خۆساغکردنەوە لەسەر ئیشکردن، لەسەر یەک ڕێباز کە ئەویش ڕێبازی دەروونشیکارییە، بەشی دووەم بریتییە لە دۆزینەوەی پەیوەندیی نێوان چەمکە دەروونییەکان و خودی شیعر، پاسان پراکتیزەکردنی چەمکەکان لەسەر شیعری ساعیرەکان و خوێندنەوەیان، لەم بەشەدا زیاتر گرنگی دراوە بە ناوەڕۆکی دەقەکان و لا بە لای ڕوخساردا نەکراوەتەوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ سروشتی ڕیبازی دەروونشیکاریی ئەدەب.
لە بەشێکدا بە ناوی چەمک و زاراوەی دەروونناسی، پێشڕەو عەبدوڵڵا پێی وایە دەروونناسی ئەو زانستەیە کە لە کردار و هەڵسوکەوت و کارەکانی مرۆڤ دەکۆڵێتەوە، لەژێر ئەو باوەڕەی کە هەموو ئەمانە دەرکەوتەی دەروونن، بەو مانایەی دەروون خاوەنی چالاکی و درەوسانەوەی جودایە لە زەمینە و کاتی جیاوازدا دەست بە دەرکەوتن دەکات و بەردەوام خاوەنی دەرکەوتەی جیاجیایە: بە مانایەکی تر زۆربەی کار و چالاکییەکانی مرۆڤ، کە لە واقیعدا لێی دەردەکەون، هەر بە تەنها هۆی واقیعییان نییە، بەڵکو هۆی دەروونیشیان هەیە، ئەم دەروونە وەک بنەما و بزوێنەری یەکەمی ئەو کارە فشار دەخاتە سەر مرۆڤ بۆ دەرکەوتنی.
لە بابەتێکی دیکەدا لەژێر ناوی (قوتابخانەی دەروونشیکاری لە ڕەخنەی ئەدەبیدا) نووسەر باس لەوە دەکات کە بۆ تێگەیشتن لە بنەما سەرەکییەکانی قوتابخانەی دەروونشیکاری و ڕوانینەکانی بۆ ئەدەب و دیاردە ئەدەبییەکان، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ سەرەتاکانی دامەزرانی زانستی دەروونشیکاری لەسەر دەستی زانای ئەڵمای سیگۆمند فرۆید، هاوکات ئەوەش ئاشکرا دەکات کە بۆ تێگەیشتن لە چەمک و داهێنانەکانی فرۆید، دەتوانین دەروازەیەکی گەورە بکەینەوە بۆ ئاشکراکردنی ئەو ڕوانینانە ئەم قوتابخانەیە بۆ چەمکی ئەدەب.
نووسەر لەم باسەدا هەوڵ دەدات لە ڕێگەی دووبارە شیکردنەوەی چەمکەکان تیۆرەکانی فرۆید، ئەو بنەمایانەش بناسێنێت کە ئەم قوتابخانەیە لەسەر دەق و نووسەر بە گشتی کاریان پێ دەکات: چونکە ئەگەر بمانەوێت بە ڕوونی سەیرگەکانی ئەم ڕێبازە بناسین،ئەوا دەبێت چەمکە دەروونییەکانی فرۆیدمان لا ڕۆشن و ئاشکرابێت.
لە بابەتێکی تردا بە ناوی (لە دەقەوە بۆ نووسەر) لێکۆڵیار ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە کاتیگۆریی وەلانانی دەق لەم ڕێبازەدا ئەوە نەبوو هەر دەقەکە نەخوێنیتەوە و بیخاتە لاوە، بەڵکو دەقەکەی دەخویندەوە و مشتوماڵی دەکرد، بەڵام پێش ئەوەی بڕواتە سەر دەقەکە کۆمەڵێک وێنای پێشوەختەی لەگەڵ خۆی دەبردە سەر دەقەکە و بە شوێن ساغکردنەوەی ئەو پێشبینییە پێشوەختانەدا هەوڵ و تەقەلای دەدا، دواتر دێتە سەر باسی ئەوەی کە ژیانی تایبەتی نووسەریش هێمای تایبەتە بۆ تێگەیشتن لە دەق: بە مانایەکی تر، بۆ تێگەیشتن لە نەست و شتە پەمهانەکانی مرۆڤ، بە تەنها ژیانی یاکەکەس بەس نییە و بە تەنهاش خەون و نووسین و چالاکییەکانیشی قایلکەر نین، بەڵکو بە هەموو ئەو شتانە دەتوانین بگەینە ماهیەتی مرۆڤ.
پراکتیزەکردنی چەمکە دەروونییەکانی فرۆید لە شیعرەکاندا، یەکێکی دیکەیە لە تەوەرەکانی ئەم لێکۆڵینەوەی پێشڕو عەبدوڵڵا و تیایدا تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کاتێ باسی پەیوەندیی نێوان دەروون و زمان یاخود پێکداچوونی هەردووکیان دەکات، ئەوا هەر دەبێت سەرەتا ئاگای لەوە بێتکە دەروون جیهانێکی فراوان و ئاڵۆزە، نووسەر ئەوەش ئاشکرا دەکات کە هەموو شت بەندە بە یادەوە، لە یاددا تێگەیشتنمان لەسەر ژیان و هەر شتێک کە بمانەوێت باسی لێ بکەین، هەیە، هەروەها لە یاددا زمانیش هەیە: زۆر جار لە زماندا وشە و ڕستەی کاریگەر بۆ کارکردنەسەر وەرگر و ڕازیکردن یان شێواندنی ڕاستی بەکار دێت، جا ئەم کاریگەری و کارتێکردنە شێوازی جیاجیا لە خۆی دەگرێت، واتە زمان لە ناو خۆیدا هەڵگری کۆمەڵێک شێوازی جیاجیایە بۆ دەربڕینی حاڵەتە دەروونییەکانی مرۆڤ، لە ژیانی ئاسایی و ڕۆژانەدا، مرۆڤ هەر ئەو ڕستە ئاسان و سادە تێگەیشتنانە بەکار دەهێنێت کە لە لایەن کۆمەڵگەوە مانا و لێکدانەوەکانی ئاشکرا و ڕوونن.
لە بەشێکی دیکەدا بە ناوی سایکۆلۆژیای شیعر، پێشڕەو عەبدوڵڵا پێی وایە ئەگەر زمان دەریچەیەکی تایبەت بێت بۆ دەربڕینی دەروون، ئەوا ناتوانرێت شیعر بخرێتە دەرەوەی ئەم هاوکێشەیە، چونکە شیعر هەموو چالاکییەکانی خۆی لە زماندا بەرجەستە دەکات، بەم پێودانگە، شیعریش وەک بوونەوەرێکی زمانی خۆی بەهرەمەند لە هەموو ڕەگەزەکانی دەروون دەکات: وێکچواندنی شیعر و نوکتە و خەون و بەستنەوەیان بە نەستەوە هەر وا بێبنەما و لە خۆوە نییە، لە هەر سێ بابەتەکەدا، جگە لە ئامادەیی دەروون نە گشتی، کۆمەڵێک ڕەگەزی دیکەش هەن کە لەم داهێنانەدا بەشداری دەکەن، وەک ڕەمز و خەیاڵ، کە شیعر و نوکتە هەردووکیان دوو دنیای ڕەمزئامێزن، لە شیعردا بە جۆرێک لە جۆرەکان لە نێوان دال و مەدلوولدا پەیوەندیی ئاشنایەتی هەیە.
دواتر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە بە بڕوای سایکۆلۆژیستە نوێیەکان، ناوچەی نەست کاری دیکەی هەیە، ئەویش بەهەوێنبووونیەتی بۆ پێگەیاندن و بەرەوپێشبردنی وێنە و خەون و بیرکردنەوە، کە بەرهەمی هونەرییش خواردنی خۆی لێوە بە دەست دەهێنێت.
قسەکردن لەسەر ئەم کتێبە زۆر هەڵدەگرێت و دەشێ لە زۆر لایەنەوە خوێندنەوەی بۆ بکرێت، ئێمە لێرەدا تەنها گەرەکمانە لایەنێکی کەم و گچکەی بە خوێنەران و نووسەران بناسێنین، بێگومان خوێنەری ژیر و وریا و هۆشیار، لە کاتی خوێندنەوەی کتێبەکەدا درک بە قووڵایی و گرنگیی لێکۆڵینەوە ڕەخنەییەکەی پێشڕەو عەبدوڵڵا دەکات، بە هیوام شاعیرانم بە تایبەت شاعیرە گەنجەکان یەکەم کەس بن خوێنەری ئەم کتێبە بن، چونکە بەشدار دەبێت لە فراوانکردنی دونیابینیی شاعیرانە و ئاسۆی بیرکردنەوە و ئاستی ڕۆشنبیرییان

چرای ئەفسووناوی

ڕانانی: سەردەم
یەکێکی تر لە کتیبە جوان و ناوازەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بریتییە لە کتێبی (چرایئ ئەفسووناوی) ئەم کتێبە یادشتەکانی نووسەر و ڕیژیسۆری بەناوبانگی سویدی (ئینگمار بێرگمان)ە و لە لایەن شاعیر و وەرگێڕ (دلاوەر قەرەداغی) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش کاری وەرگێڕانی بۆ کراوە، لە ڕاستیدا ئەمە چاپێکی نوێیە و لە ڕووی دیزاین و شێوازی چاپکردنیشەوە فۆرمێکی هونەری و تایتبەتمەندییەکی جیوازتری هەیە.
ئینگمار بێرگمان، لەم کتێبەدا بە وردی و بێ پەردە ئەزموونی ژیان و قۆناغەکانی گەشەکردن و هونەر و نووسین و داهێنانی خۆیمان بۆ دەگێڕێتەوە، ژیانی منداڵی و خێزانی خۆی، کێشە و نەخۆشی و سەرفەر و کەسانی چواردەوری و ژینگەی جیاواز و ئاشنابوون بە حەزە سێکسیواڵییەکان و کەشی خێزانی و خوێندن و قوتابخانە و ناکۆکی و پرسیار و ڕق و خۆشەویستیی منداڵانە، بابەتگەلێکی سەرەکیی یادەشتەکانی بێرگمانن تا دەگات بە ئاشنا بوونی بە هونەر و کتێب و خوێندنەوە، لەم یاداشتانەدا بە حەزی منداڵێکمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە بۆ شانۆ و سینەما هەیەتی، دواتر بە وردی ڕۆدەچێتە نێو باسکردنی هەڵکشانی تەمەن و قۆناغ بە قۆناغی ئەو گەورەبوون و گەشەکردنەی ژیانی کە پڕن لە خەون و ڕووداوگەلی سەرنجڕاکێش، لە شێوەی چیرۆکێکی خەیاڵی و فەنتازیدا بۆ دەگێڕێتەوە.
بێرگمان لە باسکردنی قۆناغ و ڕۆژگاری منداڵیی خۆیدا باس لەوە دەکات کە خوشکێکی لەدایک دەبێت و ئەم وەک منداڵێک ڕقی لێی دەبێتەوە، چونکە هەموو نیگا و چاوەکان دەکەونە سەر خوشکە تازە لەدایک بووەکەی، تەنانەت ئەوەش ناشارێتەوە کە کاتێ خوشکەکەی لە ژوورێکی چۆڵدا و لەنێو جۆلانەدا خەوێنراوە، ئەم هەوڵی ئەوە دەدات کە خوشکەکەی بخنکێت، بەڵام بە حوکمی منداڵیی و بێ ئەزموونی لەو بوارەدا سەرکەوتو نابێت و دەستەکەی کەشف دەبێت، هاوکات باس لە ڕۆژگاری گەنجێتی و یەکەمین بەرکەوتنی سێکسی خۆی دەکات و چیرۆکی ئەو ڕۆژەمان بە ڕوونی بێ پەردە بۆ دەگێڕێتەوە کە وروژانی سێکسی ناچاری دەکات بە دەستەکانی خۆی بگاتە ئۆرگازم و لە ڕووی چێژەوە خۆی تەواو بکات، ئەوەی لەم یاداشتانەدا مایەی سەرنج و تێڕامانە ئەوەیە کە حەز و خۆشەویستی بێرگمان بۆ شانۆ و سینەما قۆناغ بە قۆناغی ژیانی گەورەتر بووە و لەگەڵیدا ژیاوە، گێڕانەوەی ژیان و یاداشتەکانی پڕن لە ئەزموون کە دەکرێت سوودێک بۆ نەک هونەرمەندان، بەڵکو کەسانی ئاسایی ناو ژیانیش هەبێت.
دەگوترێت ئینگمار بێرگمان، هەمیشە دیدێکی گەمەئامێز و داهێنەرانەی بۆ پرۆسەی نووسین هەبووە و نوسینەکانی چەندین مەودای گرینگ و دەوڵەمەند لەخۆ دەگرن، هاوکات بەگوێرەی زانیارییەکان: بەشێکی تایبەت لە دەزگای سینەمای سویدی، ئەرشیفی (بێرگمان)یان پاراستووە و بە شێوەیەکی وەهاش ڕێکخراوە، کە بۆ لێکۆڵەرەوان و پسپۆرانی بواری سینەما و شانۆ، بە ئاسانی لە بەردەست دابن. لەم ئەرشیفەدا، نامە، سیناریۆی فیلمەکانی لە ساڵانی ١٩٣٠ەوە بۆ ٢٠٠٠، یادەوەری، دەستنووس، بەڵگە، یاداشتنامە، وێنە و دۆکیومێنتەکانی تێدا کۆکراونەتەوە.
باس لەوە دەکرێت کە بێرگمان هەر لە سەرەتای ژیانی هونەرییەوە، ئەرشیفێکی دەوڵەمەندی بۆ کارەکانی خۆی دروست کردووە، ئەمەیش بە درێژایی ژیانی وەک سەرچاوەیەک گەڕاوەتەوە سەری و زۆر جار کاری لە چیرۆکێکی کۆندا کردۆتەوە، یان هەندێک لە کارەکتەرەکانی لە کارەکانی تریدا و بە شێوە و شێوازێکی تر و لە فۆرمێکی جیاوازتردا گەڕاونەتەوە، ئەمەیش ئەو هەلە بۆ ئەو کەسانە دەڕەخسێنێت، کە لە گەشەی کار و بەرهەمەکانی بێرگمان بکۆڵنەوە. لەم رووەوە ئەرشیف بۆ بێرگمان، تەنها دۆکیومێنت و کۆکردنەوە و هەڵگرتنی کارە کۆن و یادەوەرییەکان نەبووە، بەڵکو گەڕانەوە بووە بۆ خوڵقاندن و لە دایکبوونی پرۆژە و کاری تازە: بێرگمان لە زۆر ڕووەوە، ئەو دەفتەرانەی وەک یاداشتنامەیش بەکار هێناوە، لەبەر ئەوە واقیع و ئەندێشە تێکەڵاو دەکات، واقیع لە ئەندێشە و ئەندێشە لە واقیع دا ڕەنگ دەداتەوە و یەکتری تەواو دەکەن و لە یەکتریدا بەرجەستە دەبن. یاداشتەکانی بێرگمان لە دوو ئاڕاستەدا کۆدەبنەوە: یەکێکیان لە ساتەوەختی نوسینەکەدا مامەڵە لەگەڵ (من)ی نووسەردا دەکات و رووبەرووی خودی نوسه‌ردەبێتەوە و لەگەڵ ئەو دەدوێت، ئەویتریان ڕووەو ئایندە، کە نووسه‌ر لەم ئاڕاستەیەیاندا بیر لە بڵاو کردنەوەی یاداشتەکان دەکاتەوە.

خوێنەر بە ئاشکرا ئەوە دەبینێت، کە (بێرگمان) تۆمارکردنی ئەم تێبینیانە و یاداشتەکانی ئەو ڕۆژانەی خۆئامادەکردن، تەنها بۆ نوسینەوەی ئەو شتانە نییە، کە ئەو دەیانزانێت، بەڵکو ڕێگایەکە بۆ گەڕان بە دوای پرسیارە بنچینەییەکاندا، کە ئەو بە دوایاندا دەگەڕێت.
دەگوترێت دەقی فیلمەکانی بێرگمان، بە درێژایی رەوتی هونەری، گۆڕانکاری زۆریان بەسەردا هاتووە و بێرگمان هەرگیز لە یەک فۆرم و بە یەک تەکنیک و به‌ یه‌ك شێواز، دەقەکانی بۆ فیلمەکانی نەنووسیوە و هەمیشە گەمەی بە داب و نەریت و ڕێساکانی نوسینی دەقی سینەمایی کردووە و دیدێکی ئەزموونکاری بۆ دەقەکانی هەبووە. بۆ نموونە لە شەستەکاندا، کە دەگاتە ترۆپکی ناوبانگ و ئاستی فیلمەکانی سنوورەکانی هەموو دونیا دەبڕن، دەنگێکی تایبەت بە خۆی لە دەقەکانیدا، بە تایبەتی لە ڕووی وێنە سینەماییەکان دەدۆزێتەوە، دواتر دەقەکانی فۆرمێکی جیاواز لە نێوان ڕۆمان و لیریک دا لەخۆ دەگرن، بەڵام بێرگمان هەرگیز لە چەمکە کلاسیکییەکان؛ دیالۆگ و چۆنییەتی داڕشتنی جووڵەی کامێرا و ئەکتەرەکانی، بە تەواوی دوورناکەوێتەوە و لەو فۆرمەدا، دیدە تازەگەرییەکانی خۆی دادەڕێژێتەوە.
لە پێشەکیی دیمانەیەکی دورودرێژدا (دی. ئەلڤارێس) سەبارەت بە کەسێتی بێرگمان باس لەوە دەکات کە ئینگمار بێرگمان وەک مرۆڤ تەواو جیاوازە لەو کەسەی کە لە فیلمەکانیدا مەزەندەی دەکەی. ئەو پیاوێکی باڵابەرز و بە قەڵافەت، ڕەوتاری هاوڕێیانە و بە تەرزێکی نائاگا سەرنجڕاکێشە: بێرگمان پێچەوانەی زوربەی بلیمەتان، زۆر سەخاوەتمەندانە و تەواو ئازادانە سەبارەت بە خۆی و بە نیگەرانیی و دوودڵییەکانی قسان دەکا. هونەری ئەو وەک هونەرەکەی ستریندبێرگ؛ ڕێگایەکە بۆ هەڵاتن لە دڵئێشان و نائومێدییەکانی. ئەو تەنها نەختێک تووڕەیە، کاتێ قسان دەکا کوتە دارێک لەنێوان پەنجەکانیدا وەردەسووڕێنێ، کوتەدارێک کە ڕەشداگەڕان و ساف و لووسییەکەی نیشانەی ئەوەیە کە ماوەیەکی درێژە خووی پێوە گرتووە. ساڵانێک دوای ژەهراویی بوونی بە نیکۆتین، بێرگمان وازی لە جگەرەکێشان هێناوە و ڕەنگبێ ئەو کوتە دارە سووکنایی پێ ببەخشێ.
ئینگمار بیرگمان لە ١٤ـی گەلاوێژی ساڵی ١٩١٨، لە ئۆپسالا، سوێد، لەدایک بووە. کوڕی کابرایەکی ئایینی وەها بووە، کە بڕوای بە جۆرە ژیانێکی دیسپلینی سنووردار بووە بۆ منداڵەکانی. لەژێر ئەو بارودۆخانەدا بەخاوەن بوو، بێرگمان پەرەی دا بە خۆشەویستی خۆی بۆ فیلم، کە وەکوو دەرچەیەکی هەڵاتن لەدەست ساحێبی تەماشای دەکرد. لە تەمەنی شەش ساڵانیدا بێرگمان فیلمەکانی خۆی دروست دەکرد، چەند کارێکی زۆر سەرەتایی کە بەهۆی فیلمە سکرابەکانەوە پێکیەوەی دەنان. چەند ساڵانیک دواتر، پاش ئەوەی لەسەر شانۆی بەرهەمەکانی خۆی بینیەوە، دەستی دایە بەرهەمهێنانی ئەو شانۆنامانەی تایبەت بوون بە شانۆی بووکەڵە. لە ساڵی ١٩٣٧، بێرگمان چووە (زانکۆی ستۆکهۆڵم)، لەوێ بووە یەک لە ئەندامە چالاکەکانی گرووپی شانۆیی. لە ساڵی ١٩٤٢، پاش بەرهەمهێنانێکی سەرکەوتووانەی شانۆیی (ماکبێس)ـی ‘شەیکسپییەر’ وەک دەرهێنەرێکی بەتوانا دیاریکرا، ئیدی ساڵانی دواتر بێرگمان لەنێوان فیلم و شانۆنامەدا دابەش بوو.
خوێندنەوەی ئەم کتێبە زۆر گرنگە بۆ نووسەر و هونەرمەند و سەرجەم خوێنەرانی کورد، چونکە یاداشتی یەکێک لە گەورە سینەماکار و شانۆکارەکانی دنیایە، ئەزموونی سەرکەوت و شکست کەوتن و هەستانەوەکانە، چیرۆکی ململانێ و ڕێگاکانی دروستکردنی فیلم و خۆشەویستیی و گرنگیی شانۆیە، هاوکات گەلێ پەند و حیکمەتیشی تیدایە کە لە ژیاندا دەکرێت سوودیان لێ ببینین.

گەشتەکانی ئەنفالستان؛ چ ڕابردوویەکمان هەبوو، لە چ ئێستایەکدا دەژین؟

ڕانانی: ئیدریس عەلی

کتێبی (گەشتەکانی ئەنفالستان) بەشێکە لەو هەوڵە چڕوپڕ و دەوڵەمەندەی کە ماوی چەندین ساڵە برای بەڕێز و دڵسۆزی کەیسی ئەنفال و جینۆساید (عومەر محەمەد) دەستی پێ کردووە و بە شێوەیەکی زانستیانە شارەزایانە هەنگاوی بۆ نووسینەوەی حیکایەتە غەمگینەکانی ئەنفال ناوە، کە وەک بەیاز و دەستنووسە کۆنەکان مەترسیی فەوتان و لەناوچوونیان لەسەرە. ئەم کتێبە بریتییە لە کۆمەڵێک دیدار و بەدواچوونی ورد سەبارەت بە خودی پرۆسە بەدناوەکە و بە قسەهێنانی ئەو شایەتحاڵانەی کە لە دەمی ئەنفال بەربوونەوە و شانسی دووبارە گەڕانەوەیان بۆ ژیان هەبوو.
گەشتەکانی ئەنفالستان، لە سێ بەرگی قەبارەی گەورە پێکهاتووە لەنێو بۆکسێکدا و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، وێرای ئەو قەیرانە دارایی و کەمیی خوێنەرەی لە وڵاتدا هەیە، بەڵام پشتئەستوور بەو باوەڕەی کە خودی کتێبەکە گرنگی و سەنگ و بەهای تایبەت بە خۆی هەیە، هەستاوە بە چاپکردنی و بەم هەنگاوەش دەزگای ناوبراو ڕووسورییەکی پتری پێشکەش بە کتبخانە و خوێنەری کوردی کردووە، بە تایبەت لەگەڵ تێپەڕینی ڕۆژگار و کەڵەکەبوونی کێشە و ئاریشە هەمەلایەنەکان و ئەو قەیرانە یەک لە دوای یەکانەی ڕووبەڕووی وڵات دەبێتەوە، خەریکە یادەوەریی تاک و کۆی مرۆڤی کورد لە ئاست تراژیدیا و کارەساتە گەورەکانی وەک ئەنفال و کیبیابارانکردن و جینۆسایددا کاڵ دەبێتەوە و ئەو نەسڵەی ساڵانێک پێش ئێستا شایەتحاڵی تراژیدیا گەورەکە بوون، خەریکە تەمەن و ڕۆژگار لە لێواری گۆڕ و مردن نزیکیان دەکاتەوە، هاوکات لەگەڵ خۆیاندا ئەو هەموو حیکایەتە غەمگین و چیرۆکە مەرگەساتاویانەی نێو دڵیان، وشە دوای وشە و ڕستە دوای ڕستە دەمرێنن.
بێگومان کاک عومەر محەمەد، یەکێکە لەو کەسایەتییە دڵسۆزانەی کە ماوەی ساڵانێکی زۆرە ژیان و تەمەنی خۆی بۆ کەیسی ئەنفال و بەدواداچوون و دیدارەکان تەرخانکردووە، بە تایبەت ئەوەی زۆر جێگای ڕێز و پێزانینە، جگە لە بەها و گرنگیی کتێبەکە، ئەوەیە کە ناوبراو بە تەنیاباڵی و لەسەر ئەرک و داهاتی گیرفانی خۆی هەستاوە بەم کارە تاقەتپڕوکێنە و بەدواداچوونەکانی ئەنجام داوە کە دەبوو لە راستیدا کاری دامەزراوەیەکی حوکمیی گەورە بوایە بە بودجەیەکی کراوەوە، ئەمە لە کاتیکدایە کە بەدیار چاوی ئەوەوە ڕۆژانە خەڵکانێک کەیسی ئەنفال و کەسوکاری قوربانییەکانیان وەک کەرەستەیەکی سیاسی و بازرگانی بەکار هێناوە، لە لایەکەوە گیرفان و قاسەکانیان پێ پڕ کردووە لە دۆلار، لە لایەکی دیکەوە وەک هەڵمەتی هەڵبژاردن و بۆ خزمەت و مەرامی سیاسیی و حزبیی بەکاریان هێناون، بەڵام لە ڕاستیدا لەسەر تەرازووی ویژدانی مێژووی نەتەوەیی، قورسایی ئەم هەوڵەی کاک عومەر، چەندین جار لەوانە زیاتر پیشان دەدات کە دەستیان دەچێتە بەکارهێنانی ژیانی کەسوکاری ئەنفالکراوەکان و قوربانییەکان و خودی کەیسەکەش بە لارێدا دەبەن.
ئەم کتێبە قەبارە گەورە سێ بەرگییە، پڕ پڕە لە هاوار و برین و قیژە و ئازار، پڕ پڕە لە حیکایەتی ئەو مرۆڤە سادە و بەتەمەنانەی کە هیچ گوێیەکیان شک نەبردووە تا بۆیان بیانگێڕنەوە، ئەو هەوڵەش کە هەبووە یان لەسەر ئاستی سیاسیی باڵا بووە بۆ سەودا و مامەڵە، یاخود لە چوارچێوەی ئەو هەوڵە شەرمنانەی ڕاگەیاندندا بووە کە پتر لە ڕووی سۆزداری و عاتیفییەوە پیشاندراون تا مەسەلە گەورەکەیان لەبیر ببەنەوە، فرمێسکی چاو و دەستە لەرزۆک و ڕوخسارە غەمگینەکانیان لە یادەکاندا کراون بە سەرتایتڵی ڕۆژنامە و تیڤییەکان، دەنا ئەوە هاتبن وەک ئەم کارەی عومەر محەمەد، بەرمەبنای کارێکی میتۆدی و زانستی بەدواداچوون و دیداریان ڕێکخستبێت، چ هەوڵێکی لەو جۆرە لەسەر ئاستی باڵا نابینین، ئەڵبەت ناشکرێت هەوڵ و ماندووبوونی چەند کەسێکی دیکە لەم بوارەدا نادیدە بگرین، بەڵام بێگومان کتێبی گەشتەکانی ئەنفالستان لە زۆر ڕووەوە دەوڵەمەندتر و بەرمەبنای زاستی بەدواداچوون و هونەری دیدار و داڕشتنەوە و تەوزیفکردنەوەی ئەو حیکایەتانەیە بە زمانێکی چێژبەخش کە یارمەتیدەرێکی باش دەبێت بۆ خوێنەر تا هەر چی زووتر ڕۆبچێتە نێو حیکایەتە غەمگینەکانەوە.
بە گشتی ئەم کتێبە لە کۆمەڵێک گەشت پێکهاتووە و بۆ ئەو گوند و ناوچانەی سەرانسەری کوردستان، کە ساڵانی کۆتایی هەشتاکان، لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە ئەنفال کراون و تیایدا کۆمەڵێک چیرۆکی غەمگین و ترسناک بڵاوکراوەتەوە کە ڕەنگە کەسێکی بیانی بیخوێنێتەوە، وا بزانێت ئەم ڕووداوانە خەیاڵ و فەنتازیای نووسەرێکن کە ئەزموونێکی دەوڵەمەندی لە بواری ئەدەبیاتی گێڕانەوەدا هەیە، دانەری ئەم کتێبە بە کامێرایەک و تەسجیلێکی گچکەوە، دێ بە دێ و ناوچە بە ناوچەی کوردستا گەڕاوە و سۆراغی ئەو کەسانەی کردووە کە دۆزەخی ئەنفالیان بە چاوی خۆیان بینیوە، گێڕانەوە و چیرۆکەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە بە شێوەی پرسیار و وەڵام، یاخود گفتوگۆی ڕووبەڕوو ئەنجام دراون، پاشان پرۆسە سەختەکە دەستی پێکردووە کە ئەویش بریتییە لە بە وشە کردنی دەنگەکان (تەفریغ) دواتریش داڕشتنەوەیان بە شێوەکی هونەری و زمانێکی ئەدەبیی جوان.
نووسەر لە هەر گەشتێکیدا بە دوای حیکایەتە غەمگین و چیرۆک و هاوارە نەبیستراوەکاندا، لە سەرەتادا بە وردی و شێوەیەکی جوانی سیناریۆئاسا، وەسفێکی ناوچەکە و ئەو ژینگە و بارودۆخە دەکات کە پرۆسەکە تێیدا ئەنجامدراوە، پاشان دێتە سەر باسکردنی ئەو ساتەوەختەی بۆ بەدواداچوون و دیدارەکان ڕوو دەکات گوند و ناوچەکان و بە شێوەیەکی جوان و ورد دەکەوێتە ڕەسمکردنی شوێنەکان و ماڵ و گوند و ڕوخساری ئەو ژن و پیاوانەی کە ڕووداوەکان دەگێڕنەوە، بێگومان گێڕەرەوەکان کەسانەی بەتەمەن و سادە و نەخوێنەوارن کە دەرگای دڵیان بۆ دانەری کتێبەکە کردووەتەوە و هەرچی زوخاوی ئەو ڕۆژگارە هەیە هەڵیدەڕژن، داڕشتنەوەی دەنگی کەسەکان بەو زمانە بەرز و باڵا و چێژبەخشە وا دەکات خوێنەر پتر ڕۆبچێتە نێو واقیعییەتی ئەو چیرۆکانەوە و وا هەست بکات ئەوە خۆیەتی بەرامبەر دەنگەکان و بێژەری ڕووداوەکان دانیشتووە و گوێ لە حیکیەتەکان و حەسرەت و ژان و غەمەکانیان دەگرێت، بێگومان ئەمە کلیلی سەرکەوتنی هەر تێکستێکە، ئەم گرەوەش لە رێگەی زمانێکی باڵاوە شانسی سەرکەوتنی زیاتر دەبێت، وەک ئەوەی شاعیری گەورەی کۆچکردووە (شێرکۆ بێکەس) لە قەسیدەی (گۆڕستانی چراکان)دا کردی، چونکە ئاخر لەو باوەڕەدام ئەگەر ئەو کاسێت و دیدارانە بدرانایە بە کەسێکی دیکە، ڕەنگە توانای ئەوەی نەبایە کارەکەی بەم ئاستەی (عومەر محەمەد) بگەیاندایە و بەم شێوە جوان و چیرۆکئامێز و تەکنیکە بەرزە دایانبڕێژێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە من وای دەبینم کە ئەم کتێبە جگە لەوەی دەبێت بە یەکێک لە سەرچاوە گرنگە ئەرشیفی و دیکۆمێنتەرییە کاریگەرەکان، دەشبێتە سەرچاوەیەکی بەکەڵک بۆ خولقاندنی دەیان شاکاری ئەدەبی و هونەری وەک بەرهەمهێنانی سینەمایەکی تایبەت بە جینۆساید، چونکە لە پشت هەر گێڕانەوە و چیرۆکێکەوە، دەیان خەم و دەنگ و نهێنیی دیکە خۆیان حەشار داوە و دەکرێت مانا و کۆدەکانی لە پرۆسەیەکی هونەریدا بکرێنەوە، ئەمە بۆ لقەکانی ئەدەبیش بە هەمان شێوە ڕاستە، ئەم کتێبە سێبەرگییە بەشی دەیان هەزار کتێب تێما و بابەتی ئەدەبیی لە شێوەی گێرانەوەدا تێدایە، کە دەکرێت چیرۆکنووس و ڕۆماننووسانی کورد وەک سەرچاوەی ئیلهام و کەرەستەی ئەدەبی بەکاری بهێنن، بەشێکی دیکەش کە من پێم وایە دەبێت ڕاگەیاندنەکان و ڕاگەیاندنکاران لێوەی فێر ببن کە لە داهاتوودا چۆن ئیش لەسەر ئەم جۆرە کەیسانە بکەن، تێبگەن کە قسەکردن لەسەر ئەنفال و کیمیاباران و گێرانەوەی ڕووداوە تراژیدیاکان، تەنها بە فلوتلێدان و شیعری سادە و درووشمی بێ ڕۆح و زوومکردنە چاوی پڕ لە فرمێسکی پیرە پیا و ژنە پیرەکان نییە، بەڵکو بە بەوشەکردنی ئەو حەسرەت و ئاخانەی نێو ناخ و دڵی ئەو مرۆڤە دەگمەنانەیە کە چەندین ساڵە لە چاوەڕوانیی گەڕانەوەی ئازیزانیاندا کێنگڵ دەدەن و تاوانباران و بکوژانی ڕۆڵەکانیان بەدیار چاویانەوە دێن و دەچن.
دواجار دەمەوێت بڵێم: هەر جۆرە قسەکردنێک لەسەر ئەم کتێبە، ناگاتە بارتەقای ئەوەی خوێنەر خۆی بیخوێنیتەوە لەگەڵ ڕووداو چیرۆکەکانیدا بژێت، هاوکات پێشم وایە دەکرێت دەیان و سەدان توێژینەوە و نامەی ماستەر و دکتۆرای لەسەر ئەنجام بدرێت و دەیان و سەدان شاکاری ئەدەبی و هونەریی لێوە بەرهەم بێت، ڕێ بە خۆم دەدەم و هیچ زیادەڕۆییەک نییە گەر بڵێم: هەر کات گومانت لە کورد بوونی خۆت کورد، یاخود هەر کاتێک هەستت کرد یادەوەریت لە مەترسیدایە، ئەوا بێ سێ و دوو کتێبی(گەشتەکانی ئەنفالستان) بخوێنەرەوە… تا بزانیت خاوەنی چ ڕابردوویەکیت، لە چ ئێستایەکدا دەژیت، داهاتووت چۆن دەبێت.

ڕۆمانی منداڵانی گەڕەک لە دیدی نووسەرانەوە

ئا: سەردەم

ڕۆمانی (منداڵانی گەڕەک)ی نووسەر و شاعیر (هیوا قادر) یەکێک بوو لە پڕفرۆشترین کتێب و تامەزرۆیی خوێنەر بۆ ئەم ڕۆمانە چەندین چاپی تازەی بەدوات خۆیدا هێنا، هاوکات لە لایەن نووسەرانەوە سەرنجی جیاجیا لەبارەیەوە خرایە ڕوو، لێرەدا پەختەی سەرنج و بۆچوونی هەندێک لەو نووسەرانە دەخەینە ڕوو.
بە بۆچوونی نووسەر و ڕووناکبیری ناوداری کورد (شێرزاد حەسەن) لەم رۆمانەدا شوێن بە مانا کۆن و باوەکەى “هەستى هاونیشتمانی” تێدا نییە، بەڵکو جوگرافیایەکە بۆ جەنگ و ململانێ و سەرگەردانى، بەڵام زەمەن و شوێن وەک هەڵگرى رۆحى لۆکاڵى بوونى هەیە. وەک ئەوەی گەر ئەو شوێن و کاتە نەبێت، بوونى وەها کارەکتەر و ڕووداوگەلێک مەحاڵە: واتا ئێمە یادەوەریمان ئامادە دەکەین بۆ خوڵقانى ژینگەیەکى پڕ لە توندوتیژى، باوەجوو.. چەندە واقیعییە، ئەوەندەش خەیاڵئامێزە. زەمەنێک و گۆڕەپانێکە بۆ پەڕینەوە لە زمانى دایکەوە بۆ زمانى باوک، واتا لە شکستى زمانى دایکەوە بۆ زاڵبوونى زمانى ستەمکارانەى باوک، زمانێکى زبر و بارگاوى بە هەموو میراتى ستەم و چەوساندنەوە و مەرگدۆستى، کە درێژکراوەى هەمان قۆناغى منداڵی و هەرزەییە.
لە نووسینیکی دورودرێژی خۆیدا سەبارەت بە ڕۆمانی منداڵانی گەڕەک، شێرزاد حەسەن پێی وایە ه بە گشتی دیاردەى “نامێژوویی” بۆ خۆى لە ئەدەبی داستانئامێزى ئێمەدا لە کەم ئەزموونییەوە بووە، لەپاڵ ئاشنانەبوون بە یاسا و رێساکانى هونەرى داستاننووسی کە خودى مێژووەکە ڕەسمى ئەو پەیوەندییە دەکات لە نێوان پارچەکانیدا، ژمارەیەکى کەمى رۆمان و چیرۆکمان دەست دەکەوێت کە بکەوێتە دەرەوەى ئەو هەڵاوێردکردنە، نووسەر ناچار نییە بەوەى رێز لە شوێنە راستەقینەکانى ناو جوگرافیایەکى دیاریکراو بگرێت، مافی رەواى نووسەرە کە لەو لەیەکچوونە نزیک بێتەوە یان دوور بکەوێتەوە، کە لەم رۆمانەدا هەوڵێکی شێلگیرانە بەم ئاراستەیەدا هەیە و دەشڵێت: شوێن لەم رۆمانەدا بۆ خۆى ڕووهەڵمالینە لەسەر کەسانێکى پەراوێزخراو نەک دیار و پایەدار. ڕادەى کاردانەوەى خودى گەڕەکە میللییەکە وەک ژینگەى ڕۆمانەکە کاردانەوە و کاریگەرى خۆى داناوە لەسەر هەر جووڵە و ڕەفتارێکى هەرزەکار و تۆڵازەکان. کەواتە ئێمە بە تەنیا ماجەراى منداڵانى گەڕەک ناخوێنینەوە.
لە لایەکی دیکەوە نووسەری دیاری کورد مامۆستا (حەمەفەریق حەسەن) لە نووسینێکی چڕ و پڕ لە وردەکارییدا سەبارەت بە ڕۆمانی منداڵانی گەڕەک گوتویەتی: دەکرێت ئێمه‌ وه‌ك ڕۆمانی مێژوویی له‌ (منداڵانی گه‌ره‌ك)ی هیوا قادر بڕوانین. له‌ ڕۆمانی مێژووییشدا، ڕۆماننووس بۆی هه‌یه‌ میر، پادشا، سه‌ركرده‌ سیاسی و سه‌ربازییه‌كان وه‌لا بنێت و سه‌ربازێكی ساده‌، كاره‌كه‌رێكی كۆشك یان له‌له‌یه‌ك، هه‌ڵبژێرێت و بیكات به‌ (ئه‌ی كاره‌ته‌ر) و هه‌ر له‌ ڕێی ئه‌م مرۆڤه‌ سادانه‌وه‌، ڕاستگۆیانه‌تر له‌ مێژوونووس و به‌ زمانی ئه‌ده‌ب مێژووی سه‌رده‌مێكی جه‌نجاڵی وڵاتێك بگێڕێته‌وه‌. له‌ حاڵێكدا خودی مێژوونووسان لا له‌م جۆره‌ كاره‌كته‌ره‌ په‌راوێز خراوانه‌ ناكه‌نه‌وه‌ و ڕۆڵیان به‌ گرینگ نازانن. مێژوونووس، كه‌ خۆی هه‌رده‌م میوانی سه‌ر خوانی سه‌ركرده‌وه‌ و پادشا بێ، هه‌ر له‌ دید و چاوی ئه‌وانیشه‌وه‌ ڕووداوه‌كان ده‌بینێت و تۆماریشیان ده‌كات.
ئەم نووسەرە ناودارەی کورد لە درێژەی نووسینەکەیدا باس لەوەش دەکات کە ژیان له‌ ناو خێزانی گوڵ محه‌مه‌دی منداڵدا، كه‌ خاوهن‌ی سێ پووری قه‌یره‌یه‌ له‌سه‌ر ماڵ، ئاسایی ده‌ڕوات. حه‌وشه‌ی ماڵه‌كه‌یان جێی جریوه‌ و كۆبوونه‌وه‌ی چه‌ندان باڵنده‌ی ده‌سته‌مۆیه‌، كه‌ بێ ترس ئه‌وێیان كردووه‌ به‌ لانه‌ و بانه‌. تا ئه‌و ڕۆژه‌ی (به‌ڵام ئه‌و به‌یانییه‌ زووه‌ی باڵداره‌كان به‌ گویلێبوون له‌ ته‌په‌ی قورس و له‌پڕی باڵی كونه‌په‌پوویه‌ك له‌سه‌ر ئاسمانی ماڵی ئێمه‌، هه‌موویان پێكه‌وه‌ فڕین، پووره‌كانم وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌ یه‌كه‌وه‌ كاره‌با گرتبنی له‌ جێگه‌ی خۆیاندا سپی سپی بوون. ده‌ستیان شل بوو.)
تۆ له‌وه‌یان گه‌ڕێ كه‌ كونه‌په‌پوو هیچ ده‌نگی باڵی نایه‌ت. هه‌ر ئه‌و بێده‌نگییه‌شه‌، كه‌ یارمه‌تیی ئه‌م باڵنده‌یه‌ ده‌دات له‌ ڕاوی نێچیره‌كانیدا سه‌ركه‌وتوو بێت: وه‌لێ له‌ زه‌ینی ئێمه‌ی كورد و زۆر له‌ گه‌لانی ناوچه‌كه‌شدا، كونه‌په‌پوو باڵدارێكی شوومه‌، نه‌گبه‌تی و ماڵوێرانی له‌گه‌ڵ خۆیدا دێنێت و كه‌لاوه‌ ده‌خاته‌وه‌. بۆیه‌ به‌ ده‌ركه‌وتنی ئه‌م باڵنده‌یه‌، ئیتر هه‌م باڵنده‌كان لانه‌واز ده‌بن و هه‌میش نه‌گبه‌تی ڕوو له‌و ماڵه‌ و له‌ منداڵانی گه‌ڕه‌كیش ده‌كات. ئه‌م ئاماژه‌یه‌ی نووسه‌ر هیوا قادر، له‌ خۆیدا به‌گه‌ڕخستنی ئه‌فسانه‌یه‌ و له‌ جێی خۆیدایه‌. نووسه‌ر هه‌ر به‌و چه‌ند ڕسته‌یه‌، به‌ خوێنه‌ری وریا ده‌ڵێت (كاره‌سات به‌ڕێوه‌یه‌! ئه‌وه‌ بۆیه‌ پووره‌كانی گوڵ محه‌مه‌د به‌ ده‌ركه‌وتنی كونه‌پووه‌كه‌ له‌ جێگه‌ی خۆیاندا سپی سپی ده‌بن!)
بە بۆچوونی مامۆستا حەمەفەریق حەسەن، كاره‌كته‌ره‌كانی ئه‌م ڕۆمانه‌، منداڵانی گه‌ره‌كه‌ میللییه‌كانی شارن، هه‌ر خۆشیانن، كه‌ له‌ شار و له‌ شاخیش مێژوویه‌كی خوێناوی ده‌خوڵقێنن و ده‌یشیگێڕنه‌وه‌. ئه‌وه‌ی وا ده‌یگێڕنه‌وه‌ مێژوویه‌كی زۆر كۆن نییه‌. ره‌نگه‌ هه‌ندێكمان به‌شێ له‌و كاره‌كته‌رانه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ بناسین و له‌ناو ئه‌و ڕووداوه‌نه‌شدا ژیابین.
هاوکات نووسەر و چیرۆکنووس (فاروق هۆمەر) لە وتووێژێکی دوورودرێژ و هەمەلایەندا لەگەڵ هیواقادر، سەبارەت بە ڕۆمانی منداڵانی گەڕەک گوتویەتی: ڕۆمانی منداڵانی گەڕەک باس لە دوو قۆناغی کلتوریی و سیاسی ئەوروپا و کوردستان ئەکات، لەناو یەک زەمەنی مێژوویدا. کاتەکەش هەردوو دەیەی حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابردووە. ئەوروپا: دوای شۆڕشی قوتابیان و شۆڕشەکانی ئازادی سێکس و هاتنی مۆسیقا جیاوازەکان و دروستبوونی گروپە هیپی و پونگ و فریشتەکانی جەهەنم. کوردستانیش: درێژبوونەوەی یاخیبوونەکان و دروستبوونی شۆڕش و ڕژانی خوێنێکی زۆر و شکستە یەک لەدوای یەکەکانی.
بە بڕوای ئەم نووسەر و چیرۆکنووسە، کەسایەتی گوڵ موحەمەد ڕۆڵی مێژوویی ئەو گەنجانە ئەبینێت کە بە هۆکارە جیاوازەکان هەم لە ناو شۆڕش و هەم لە بەرەی دژە شۆڕشدا کوژراون. کاتێک ئەبێتە پەناهەندە لە وڵاتی سوید، لە ڕێکەوتێکدا کچێک لە گروپی پونگەکان ئەناسێت کە ناوی سیسیلیایە، باوکی ئەم کچە هەم نووسەرەو هەمیش دکتۆری دەروونییە و ناوی گۆستاڤە، باوکی سیسیلیا زیاد لە بیست ساڵە ئەو و دایکی بەجێهێشتووە و بۆ جارێکیش چییە نەیبینیونەتەوە. گوڵ مەحەمەد و سیسیلیا پلانێک دائەڕێژن کە وا لە گۆستاڤ بکەن چیرۆکەکانی گوڵ موحەمەد لە ڕۆمانێکدا بنووسێتەوە، لە پای ئەوەشدا دوای زیاد لە بیست ساڵ بۆ یەکەمین جار چاوی بە سیسیلیای کچی بکەوێت. پلانەکە سەرئەگرێت و ڕۆمانەکە بڵاوئەکرێتەوە و ناوی لێ ئەنرێت منداڵانی گەڕەک.
هاوکات ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە لە کۆتایدا هەموو ڕووداوەکان سەرەونگون ئەبنەوە و خوێنەر توشی جۆرێک لە هێدمە ئەبێت: دوای ئەوەی کە ئەزانێت گۆستاڤ لەلایەن وەشانخانەیەکەوە ڕاسپێراوە لەگەڵ گروپی ماتۆرسکلی فریشتەکانی جەهەنمدا بەناو ئەوروپا وتورکیا سەفەربکات، تاکو کتێبێکیان لەسەر بنووسێت، بەڵام کە ڕاپەڕین ڕووئەدات گۆستاڤ بە خۆی و ماتۆرێکەوە گروپەکە بەجێدێڵێت و لە سنووری تورکیاوە خۆی ئەکات بە کوردستاندا، لەبری نووسینی ئەو کتێبە ڕۆمانێک لەسەر رووداوەکانی کوردستان ئەنووسێت و ناوی لێ ئەنێت منداڵانی گەڕەک. ئەمە هەیکەلی گشتی ڕۆمانەکەیە بەڵام سیخناخ بە کۆمەڵێک وردەکاری زۆر و چیرۆکگەلێک کە هەموویان بە چیرۆکە گەورەکەوە پەیوەستن.
تێکهەڵکێشکردنی ئەو دوو دنیایە لەگەڵ یەکتریدا بونیادی سەرەکی چیرۆکەکان پێک ئەهێنن، هەردووکیان تەواوکەری یەکترین و بەبێ یەکتری چیرۆکەکان نەئەکرا بگێڕێنەوە. ئەگەر واش نەکرایە ئەوا ڕۆمانەکە خاڵی ئەبوو لە تەکنیک و ئەبوو بە گێڕانەوەیەکی سادەی ناهونەریی.
لە ئیستادا چاپێکی نوێی ڕۆمانی (منداڵانی گەڕەک)ی هیوا قادر لە کتێبفرۆشییەکان بەردەستە و هەموو ئەو خوێنەرانەی کە لە چاپەکانی پێشوودا فریای خوێندنەوەی نەکەوتن، ئێستا دەرفەت و شانسێکی باشیان لەبەردەستدایە بۆ خوێندنەوەی، لە ڕاستیدا خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە جگە لەوەی چێژێکی بێئەنداز دەدات بە خوێنەر، هاوکات ئاشناشمان دەکات بە قۆناغێکی مێژوویی ئەم وڵاتە کە رەنگە لە کەم بابەتی ئەدەبیدا بەم شێوە جوانەئاوڕ لەو قۆناغە خوێناوی و پڕ لە چیرۆک و ڕیسک و ململانێیە درابێتەوە.

شیعری کلاسیکی کوردی و تابووشکێنی

چاپی دووەمی کتێبی
شیعری کلاسیکی کوردی و تابووشکێنی
ڕانانی: ئیدریس

کتێبە باش و کاریگەرەکان هەر زوو خوێنەری خۆیان پەیدا دەکەن و خواستی زیاتریان دەچێتە سەر، کتێبە باشەکان زۆریش پێویستییان بە ڕیکلام و بازاڕدروستکردن نییە بە دەنگی بەرز، بەڵکو خۆیان بە هێمنی دەچنە سەر ڕەفەی کتێبخانەی ماڵەکان و بێدەنگ و ئارام دەخوێنرێنەوە و ناوبانگیان دەماودەم دەڕوات، بێگومان کتێبی (شیعری کلاسیکی کوردی وتابووشکێنی) لە جۆری ئەو کتێانەیە زوو خوێنرایەوە و چاپی یەکەمی لە کتێبفرۆشییەکاندا نەما، هاوکات خواستی خوێنەر و گرنگیی کتێبەکە وەهای کرد کە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بیر لە چاپی دووەمی بکاتەوە و بە کوالێتێکی جوانتر و باشترەوە بیخاتەوە بەر دیدەی خوێنەران و کتێبخانەی کوردی.
ئەم کتێبە بریتییە لە لێکۆڵینەوەیەکی ئەدەبی قووڵ و فرەڕەهەند سەبارەت بە بابەتیکی هەستیار و دەست بۆ نەبراوی وەک تابووشکێنی لە شیعری کلاسیکی کوردیدا، نووسەر و مامۆستای زانکۆ (د.بوشرا کەسنەزانی) نووسیویەتی و لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە، بە شێوەیەکی جوان و دیزاینێکی هونەریانە، چاپی دووەمی کراوەتەوە.
د. بوشرا کەسنەزانی، بۆ ئەم لێکۆڵینەوە ئەدەبییە پشتئەستوور بە میتۆد و بنەما زانستی و ئەکادیمییە، جگە لە مەعریفە و تێگەیشتنە قووڵ و ئاستە ڕۆشنبیرییەکەی خۆی، پشتی بە چەندین سەرچاوەی گرنگی جۆراوجۆر بەستووە، لە ڕاستیدا ئەوەی وا دەکات تا هەنوکەش لێکۆڵینەوە و بابەتی ڕەخنەیی و هەڵسەندگاندن بۆ لایەن و ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی شیعری کلاسیکی بکرێت، ئەگەر لە لایەکەوە پێگە و ئاستی خودی شیعری کلاسیکی بێت، ئەوا لە لایەکی دیکەوە بۆ ڕەوتی بەرەوپێشچوونی دیدی ڕەخنەیی و هەڵسەنگاندنی بەرهەمی ئەدەبی دەگەڕێتەوە لە لایەن ڕەخنەگران و شرۆڤەکارانەوە بە دونیابینییەکەی نوێ و سەردەمیانە، بێگومان خاتو بوشرا یەک لەو دەنگە جدیانەیە کە خاوەن دید و سەرنجی سەربەخۆی خۆیەتی بۆ ڕەخنە و هەڵسەنگاندنی بەرهەمی ئەدەبیی هەم کلاسیک و هەم مۆدێرنیش، بە شیعر و چیرۆکەوە، بێگومان لەم بارەوە وەک هەوڵی تاکەکەسی خۆی، خاوەنی چەندین لێکۆڵینەوەی ئەدەبی و کتێبکی دانسقەیە لە بوارەکانی تێکست و شرۆڤەکاری ئەدەبیدا.
کتێبی (شیعری کلاسیکی کوردی و تابووشکێنی) بە شێوەیەکی دراماتیکی دابەش کراوە بەسەر چەندین بەشی سەرەکی و لە هەر بەشێکیشدا چەندین ناونیشانی لاوەکی بۆ سەرخستنی پڕۆژە ئەدەبییەکەی کە بریتییە لە لێکۆڵینەوە و گەیاندنی پەیام و ئامانجەکانی نێو لێکۆڵینەوە داناوە، لەوانە: فەزای ئەفرێنەری شیعری کلاسیک و چییەتی شیعری کلاسیک، تابوو و تابووشکێنی، سۆفیزم، تابووشکێنی شەریعەت.
لە دەستپێکی کتێبەکەیدا (د.بوشرا کەسنەزانی) خوێنەر لە بەردەم چەندین پرسیاری سەختدا ڕادەگرێت، کە وا لە خوێنەر دەکات تانوپۆی کتێبەکە بە دوای وەڵامەکانیدا بگەڕێت، خودی ئەو پرسایارانە بۆ ئەوە نین کە خوێنەر بگەیەنێت بە یەقینی وەڵامی تاک ڕەهەند و ڕەها، بەڵکو سەرەداون بۆ گەشتێکی قووڵتر بەنێو پانتاییە فراوانەکانی هزر و ئەندێشەدا، کە زۆر جار ئیمکانی ئەوە دروست دەبێت لە پاش هەر پرسیارێک لەو پرسیارانە، جارێکی دی پرسیاری گەورەتر و جەوهەری تر سەرهەڵبدەن.
پرسیاری گرنگ لە دەستپێکی ئەم لێکۆڵینەوە دەوڵەمەندەدا بریتییە لەوەی کە شیعر بۆچی هەیە؟ شاعیرەکان بۆ شیعر دەنووسن؟ بۆچی مرۆڤەکانی ناو مێژوو، بە ئەدەبیات و لە ناو ئەدەبیاتیشدا بە شیعرەوە سەرقاڵ بوون؟ توێژەر لە بەردەوامی پرسیارەکانیدا دەپرسێت: ئەو هێزە چییە وا دەکات شاعیرەکان لە کۆمەڵگە سەرەتاییەکانەوە تا شارستانییەتە مەزنەکان، پێگەیەکی ئەفسووناوی نائاساییان هەبێت، لە لایەکەوە دەیانکاتە خاوەنی حیکمەت و کاهین و پێغەمبەرئاسا لێیان دەڕوانێت، لە لایەکی ترەوە وەکو جادووگەرێکی شووم، بەڵایەکی نەفرینی، بوونەوەرێکی نەخوازراو، مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.
بە لای نووسەری ئەم کتێبەوە، مرۆڤی سەدە دێرینەکان، شیعر وەک تەقس و سرووتی ڕۆحانی دەبینن و دەبێت بە بەشێکی دانەبڕاوی ڕۆحانییەت، یان شاعیر دەبێتە کەسێکی هەم نامۆ، هەم جێگەی ترس و ڕێز، لەم لێکۆڵینەوەدا پرسیارە سەرەکییەکە بە نەفەسێکی بڵندتر دووبارە دەبێتەوە، بۆچی مرۆڤ شیعری نووسی، ئایا خۆمژوڵکردن و کات پڕکردنەوە بوو، یا کەناڵی دەرخستنی پرسیارەکانی بوو، یاخود شوێنی چاندنی سۆز و ئازار و برین و شادییەکان بوو؟ بە بۆچوونی بوشرا کەسنەزانی، مرۆڤ لە دێرزەمانەوە پرسیار و خەون و ئازاری هەیە و دەیەوێت گوزارشتی لێ بکات، بۆیە شیعر دەبێتە مەڵبەندی گێڕانەوەی سەرتاپاگیریی هەستە ڕاستەقینەکانی شاعیر و باوەڕەکەی.
لە بەشی یەکەمی لێکۆڵینەوەکەیدا، لە بارەی خوێندنی حوجرەوە، بوشرا کەسنەزانی باس لەوە دەکات کە لە بەرکەوتن لەگەڵ ئەدەبی کلاسیکدا، باس لە ژیانی شاعیر دەکرێت و شیعر بە ڕۆشنبیری دینی و خوێندنی حوجرەوە گرێ دەدرێتەوە، ئەمە جۆرێک لە کەمگرتن و بچووککردنەوەی کۆی ئەو فەزایەیە کە بۆ ماوەی چەند سەدە لە برەودا بوو، لە چوارچێوەی مێژوو و شەریعەتدا، سەرقاڵی بەرهەمهێنانی مانای مرۆڤناسی و کەونناسی بوو، هاوکات ڕەهەندێکی فەلسەفی و عیرفانی هەبووە، بۆیە بە بۆچوونی لێکۆڵیار و نووسەر بوشرا کەسنەزانی، بۆ تێگەیشتن لە شیعری کلاسیک، دەبێ بەر ئەو فەزا و زەمینەیە بکەوین کە ئەدەبەکەی لە ئاستی کۆدا تێدا بەرهەمهاتووە، لە بناغەی بیرکردنەوە و شوناسی ئەو هونەرە تێبگەین، کە هەموو نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی پێکەوە گرێ داوە.
نووسەری ئەم کتێبە دوو بۆچوونی جیاوازی عەلائەدین سەجادی باس دەکات لە بارەی خوێندنی حوجرەوە و دەڵێت: ئەو سەردەمە خوێندن لە بەینی دوو تیرەدا بووە، تیرەیەکیان پێیان وتوون مەلا، ئەمانە بەتایبەت هەر خەریکی علومی دینی و ئەو شتانە کە ئاشنابوون بە علومی عەرەبییەوە وەک: ئوسوڵ، بەلاغە، مەنتیق، فەلەکیات، سەرف.
تیرەیەکی تر هەبووە پێیان وتوون میرزا، ئەمانە بەتایبەتی دەستیان دەکرد بە فارسیخوێندن و ڕێکخستنی کاغەزنووسین و خەتخۆشی، بۆ پشتیوانی ئەمانە هەندێکیان عەرەبیشیان دەخوێند، ئەم تیرە لە دیوەخانی پیاوماقووڵ و بەگزادەکاندا ڕادەگیران و بەراتیان دەدرایە بۆ نووسینی کاغەز و ئیشوکاری ڕەسمی.
لە بەشێکی دیکەدا بە ناوی (شاعیرانی فارسینووس) بوشرا کەسنەزانی باس لەوە دەکات کە مێژووی ئەدەبی کوردی پڕە لە حەسرەت و ئاههەڵکێشان بۆ ئەدەبیاتێکی فارسی و عەرەبی، کە کورد نووسیونی و هەرگیز ناوی کورد نەهاتووە، ئەم مێژووە لە نێوان هەستی سانازیکردن بە کوردایەتی و هەستی خۆبەکەمزانیندا گیرۆدەیە، لە لایەکەوە بۆ نیشاندانی فەخری نەتەوەیی، دەیان و سەتان پەڕە پڕ دەکەنەوە بە کەسایەتی هونەری، ئەدەبی، سیاسی و ئایینی، کە ئەمانە کورد بوون، بەڵام بە کوردی نەیاننووسیوە یا کوردبوونیان زەق نەبووە.
هەر لەم بەشەدا نووسەر نموونەی چەندین کەسایەتیی جۆراوجۆری مێژوویی دێنێتەوە کە کورد بوون و داهێنەر بوون و بوونەتە جێی شانازی عەرەب و کورد هیچ بەهرەیەکی لێ نەدیون و دەڵێت: هەر دوور نەڕۆین لەم چەند چەرخەی دواییدا کەسانی وەک مەلا عەبدووڵڵای بێتووشی و ئیبنولحاجب و ئەبوبەکری موسەنیف و مەلا جامی و سەتان کوردی وا هەڵکەوتوون، کە بوونەتە مایەی شانازیی عەرەب و پێشڕەوی موسڵمانان بوون، هەر لەم چەرخی بیستەمەدا سەتان کەسی وەک زەرقلی خێوەی کتبوی ئەعلام، ئەحمەد شەوقی کە نازناوی ئەمیروشوعەرای عەرەبزوانانی پێ درا، ڕەسافی شاعیری عەرەب، کە کۆتەڵی لە بەغدا بۆ چەقاوە، مێژوونووس محەمەد کورد عەلی، عەباس مەحموود عەقاد، کە بە مامۆستای بێهاوتای وێژەی تازەی عەرەبزمانان ناسراوە، چیرۆکنووسانی بەناوبانگ لە میسر و دنیای عەرەبدا، مەحموود تەیموور و عائیشە تەیموور کە کورد بوون و بوونە جێی شانازیی عەرەب.
سەرباری ئەمانەش بە لای نووسەری ئەم کتێبەوە بابەتەکە کوردبوون نییە، بەڵکو چییەتی بەرهەم و مەکانەی کورد لە ڕابردوودا گرنگە، کە بە بڕوای ئەو نەبووە و لەو بڕوایەشدا نییە کە پێویست بکات بە هەڵبەستنی مێژوو، خۆمان فریو بدەین و دەڵێت: چ کاتێک زمانی فەرمیی نێو میر و پاشاکانی ئێمە کوردی بووە، تاوەکو شاعیرانمان بە کوردی نووسیبێتیان، خۆ ئەگەر باسی ئەدەبی میللی بکەین، ئەوە ڕەوتێکی جیایە.
لە بەشێکی دیکەدا بە ناوی (ئەدەبی پێشین و دووبارە خوێندنەوە) بوشرا کەسنەزانی بە دیدێکی ڕەخنەییەوە لەو بابەتانە دەدوێت کە پێشتر لەسەر شیعری کلاسیکی کوردی نووسراون، ئەو دەڵێت: بەر لە باسکردنی شیعری کلاسیکی کوردی، پێم باشە لە بارەی گوتاری ڕەخنەی نووسەرانی پێش خۆمەوە، لە بارەی ئەدەبی کلاسیکەوە بدوێم و دواتر خودی شیعری کلاسیک وەک ئەوەی هەیە نیشان بدەم، چونکە بەشێکی دیاری نووسەرانی ئێمە خوێندنەوەیان بۆ ئەدەبی کۆن، قازییانە و حوکمدەرانەیە، بە حوکمی ئێستا ویستی خۆیان بۆ ئەدەبی نوێی نزیک فۆلکلۆر، ئەدەبی کۆن دادگایی دەکەن.
بە ڕای لێکۆڵیاری ئەم لێکۆڵینەوەیە، ئەدەبی کلاسیک ئەدەبێکە بەردەوام و پاش تێپەڕینی زەمەنیش، هەڵگری مانای قووڵی خۆیەتی، لە چەند جار خوێندەوەیدا بەر مانا شاراوەکانی دەکەوین، ئەم جۆرە لە ئەدەب، وەک هەر ئەدەبێکی تر، خەسڵەت و تایبەتمەندیی خۆی هەیە، دەبێت لە چوارچێوەی خۆیدا لێکۆڵینەوەی لە بارەوە بکەین، ماناکانی بەراورد بە خودی ئەدەبیاتەکە شی بکەینەوە، نەک ئەدەبی نوێ! بۆ ئەمەش پێم وایە شاعیر بەر ڕۆشنبیرییە جوداکان کەوتووە و دواجار شیعرەکانی بەرهەمهاتووی ئەو جیهانەن، کە شاعیر لە منداڵییەوە تا تەمەنی کامڵی پێیدا تێپەڕیوە، ئەمە خاڵی بنەڕەتە بۆ دروستبوونی گوتاری شاعیرانی کلاسیک، ئەو جیهانەش بە سوختەیی دەستی پێ دەکرد لەناو خوێندنێکدا کە لە چوارچێوەی مزگەوتەوەیە، بەڵام زۆر جار بە لادان لەو چوارچێوەیە، وێنای ئیسلام بۆ ژیانکردن کۆتایی دەهات.
بە گشتی ئەم کتێبە هەوڵ دەدات وەڵامی کۆمەڵێک پرسیار بداتەوە کە لە بارەی شیعرەوە دەکرێن، بەتایبەت شیعری کلاسکی کوردی و دەپرسێت: شاعیران بۆ شیعریان نووسی؟ بۆچی شیعری کلاسیک درەنگ هاتە ئاراوە؟ ئێمە بۆ ئێستاش شیعری کلاسیک دەخوێنینەوە؟ ڕۆحیەتی شیعری کلاسیک چییە؟ بۆچی بە خەرمانەیەکی پیرۆزی دەورە دراوە و لەگەڵ خوێندنەوەی غەزەلی کلاسیکدا، هەست بە کەشێکی دینی و ڕۆحیی دەکەین؟ بۆچی چاوەڕوانیمان لە شیعری کلاسیک وەک چاوەڕوانیمانە لە حەکیمێکی پابەندبوو؟ بەهۆی گرانیی زمانەکەوەیە، کە لە ئێستادا بۆ ئێمە ماناکان لەناو تەمومژی خۆیاندا دەمێننەوە و هاوکات لەگەڵ دەربڕینە بارگاوی بە دینی و فەلسەفییەکاندا، بەردەوام ترسی تێنەگەیشتن و ڕێزی پیرۆزییەکەی دەگرین؟ ئایا ئەم شاعیرانە مەلا لە خوداترسەکەی سەر سەجادەن، یا ئێمە دەتوانین وەک مرۆڤ، هەر لە ڕێگەی زمانەکەی خۆیانەوە ڕووە ئینسانییەکانی تریان ببینین، ئەو ڕووەی کە لە تاریکی و پەناوپاساری قەدەغەکاندا شاراونەتەوە؟

ئەزموونی نووسین

ئەزموونی نووسین
شیعر، وتار، وەرگێڕان، توێژینەوە و پاشکۆیەک
ڕانانی: ئیدریس

ئەم کتێبە یەکێکە لە بەرهەمە چاپکراوە تازەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بابەتی ئەم کتێبە ئەدەبییە و نووسەر بە شێوەیەکی ورد کەوتووەتە گێڕانەوە و نووسینەوەی ئەزموونی ژیان و نووسین، دەتوانین بڵێین بەو زمانە ئەدەبییە، فۆڕمێکی هونەریی یادەوەرنووسیانەی بە گێرانەوەی حیکایەت و ئەزموونی داهێنان و گەشتە جۆراوجۆرەکانی ژیان و کولتووری دیتن و بەریەککەوتنی خۆیمان بۆ دەگێڕێتەوە لە قۆناغە جیاجیاکانی تەمەن و وڵاتان و فێربوونی زمان و خوێندن و ناسینی کولتوور و فەرهەنگ و شارستنایەتییە گەورەکانی دونیا، جا چ لە ڕێی سەفەر و دیتنی واقیعییانەوە بێت، یاخود بە هۆی کتێب و خوێندنەوە بەردەوامەکانی خۆیەوە بووبێت.
بابەتەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە دابەشکراون بەسەر چەندین بەش و تەوەری جیاجیادا کە بریتین لە: پێشەکی، گەڕان لەدووی خۆدەربڕین سەرەتا هەتا کۆتایی ١٩٧٨، مشتوماڵ و خۆڕشتن و خەمڵینی ئەزموون ١٩٧٠- ١٩٨٧، کۆچێکی تر ١٩٨٨- ٢٠٠٤، گەڕانەوە بۆ زێد ٢٠٠٥- ٢٠٢١، وەرگێڕان، پاشکۆ- دوو وتار و کورتەیەکی ژیننامە و ناوی کتێبەکانم، کاتێک شاعیرێک دەیەوێت فۆڕمێک بۆ شیعرەکانی بدۆزێتەوە، کام ئەدەبی تەم و مژ، کورتەیەکی ژیننامەم، بەرهەمە چاپکراوەکانم.
بێگومان نووسەر و لێکۆڵیارێکی ئەکادمیی پڕ بەرهەمی وەک دکتۆر ئەنوەر قادر محەمەد، لە گەلێ بواردا نووسین و بەرهەمی هەیە و بە یەکێک لەو نووسەر و لێکۆڵیارانە ئەژمار دەکرێت کە لە هەر یەک لەو بوارانەدا کە کاری کردووە، بە وشیاری و ئاستێکی بەرزی ڕۆشنبیری و باگراوند و کەرەستەی مەعریفییەوە چووتە پێشەوە، ئەو وەک ئەکادیمیستێک و ڕۆشنبیرێکی بەئەزموون و دەوڵەمەند بە چەمکە ڕۆشنبیری و بنەما تیۆری بەها فکرییەکان، بەرپرسانە مامەڵەی لەتەک نووسین و شرۆڤە ئەدەبی و ئەکادمییەکاندا کردووە، ئەو خۆی لە دەنگە شیعرییەکانی ساڵانی حەفتاکانی کوردە و بە کتێبی زریان داهێنانی خۆی لە بواری شیعردا پێشکەش کردووە، دواتر پاش ساڵانێکی زۆر و بە دیاریکراوی ساڵی ١٩٨٨ دیوانی زایەڵە لە وڵاتی سوید چاپ دەکات، هەر لەوێش، واتە لە وڵاتی سوید، نامەی دکتۆراکەی بە ناوی (لیریکای شاعیری کورد مەولەوی) بەدەست دێنێت، کە ئەم نامەی دکتۆرایەی دوو جار بە کوردی چاپ و بڵاوکراوەتەوە، هاوکات لە بواری وەرگێڕانیشدا دەتوانین نموونەی کتێبی (هەندێک سیمای ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتووریی کورد، لە کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا) بهێنینەوە کە مێژوونووسی دیاری کورد جەلیلی جەلیل بە ڕووسی نووسیویەتی و دکتۆر ئەنوەر وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و دوو جاران چاپ و بڵاوکراوەتەوە، هاوکات ڕۆمانێکیشی بۆ منداڵان و مێردمنداڵان وەرگێراوە بە ناوی (میۆ میۆکەی من) کە لە لایەن ئاترید لیندگرینی سویدییەوە نووسراوە و ناوبراو کوردویەتی بە کوردی. بە گشتی گرنگترین کتێب و بەرهەمە چاپکراوەکانی ناوبراو کە لە ماوی ژیانی خۆیدا نووسیونی بریتین لە: پرەنسیپەکانی ئەدەبناسیی بەراورد، دەربارەی شیعری بێسارانی، هەڵبژاردەیەک وەرگێران لە ئەدەبی گەلان، هاوکات لەگەڵ ڕەوانشاد مامۆستا شوکور مستەفا و ساڵح عەلی گوللیدا کۆمەڵێک کتێبیان بە هاوبەشی چاپ و بڵاوکردووەتەوە.
ئەم بەشەی سەرەوە تەنها نموونە و بەڵگەیەکی بەرجەستە و دیاری کاروانی ژیانی پڕ لە ئەزموونی ئەدەبیی ئەم دکتۆر و نووسەر و ئەکادیمیستەیە، تا بزانین لەم کتێبەیدا خوێنەر لە بەردەم چ ئەزموونێک و یاد و دونیابینیی و ڕوانگەگەلیکی قووڵدا ڕادەگرێت و پێویستە خوێنەریش تێبگات کە لە بەردەم ئەزموونێکی چڕی ئەکادمیی و ئەدەبیدایە.
بەگشتی ئەم کتێبە، واتە ئەزموونی نووسین، هەوڵێکە بۆ نووسینەوەی ئەزموونی پەنجا ساڵەی نووسەر لە بوارەکانی شیعر، وتار، توێژینەوە و وەرگێران: دیاردەی نووسینی ئەزموونی ئەدەبی و هونەری لە لایەن نووسەر، یان کەسانی ترەوە، لەسەر بنەمای ئەرشیفی ئەو کەسەوە دەنووسرێتەوە، نووسینی ژیننامە و بیرەوەری، بە شێوەیەکی گشتی بەرفراوانترە و کەسانی دەوڵەتمەدار و سیاسی و کۆمەڵایەتی و هتد دەینووسنەوە، نووسەر خۆیشی لە پێشەکیی کتێبەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە کە نووسینی بیرەوەری لای ئێمە دیاردەیەکی نوێیە و بوەتە مۆدەش، زیاتر هەر جۆرە بەرفراوانییەکەشیەتی، هەرچەندە لە هەموو حاڵەتەکاندا خراپ نییە و تەنانەت ئەگەر ساکار و سادەش بێت، هەر تۆمارکردنی ئەو ڕووداوانە بە تایبەتیش ئەگەر بابەتی و ڕاستگۆیانە بێت، ئەوا دەبێتە سەرچاوەی بەسوودی نووسینەوەی مێژووی ئەو قۆناغ و سەروەختە: من بۆ خۆم خولیای خوێندنەوەی ئەزموون و ژیننامەم هەیە و هی بێگانە و خۆییشم خوێندوونەتەوە.
نووسەر لە بەشێکی گێڕانەوەی یادەوەرییئامێزەکەیدا تیشک دەخاتە سەر بابەتی مرۆڤ و شوێن، پابەندبوونی مرۆڤ بە شوینەوە، یاخوود هۆگربوونی مرۆڤ بە شوێنەوە: مرۆڤ کە بە شوێنێکەوە نووسا، پێی ڕاهات و دڵی گرتی، بە ئاسانیی لێی هەڵناکەنرێت، منیش لە ڕووسیا ئاوا بووم، بە تایبەتی ئەو ڕۆژگارە دنیایەکی تر بوو، هەرچەندە ئەو نرخاندنە لە هەر وڵاتێکی ئەوروپاییدا بۆ هەر کەسێک بکرایە ناچار نەدەبوو مل بەرەو وڵاتێکی تر بنێت، ئەوەی ڕاستی بێت ئەمە پەیوەندیی بە ئینیستیوتەوە نەبوو، چونکە چەندین جار بۆ وەزارەت و ئەکادیمیایان نووسی، کە ئەوان پێویستییان بە منە، تەناتە کە ماڵئاواییم لە جێگری بەڕێوەبەر کرد گوتی: شەرمە بۆ ئێمە تۆ بڕۆیت بۆ ڕاۆژئاوا.
نووسەر لەم کتێبەدا و لەو بەشەدا کە باس لە ئەزموونی خۆی دەکات لە بواری وەرگێراندا، ئەوە بۆ خوێنەر ئاشکرا دەکات کە ساڵی ١٩٧٨ کاتێ بۆ مەسەلەی خوێندن چووە بۆ وڵاتی سۆڤییەت، ئەوە سەرەتای قۆناغێکی تازەی ژیانی بوووە، کە بە هەموو مانایەک و لە هەموو ڕوویەکی ژیانیەوە کاریگەر بووە، لەو ڕۆژگارەدا واز لە نووسین بە کوردی دێنیت و بە حەزێکی زۆرەوە خەریکی فێربوونی زمانی ڕووسی بووە و وردە وردە شارەزایی لە ئەدەبی رووسیدا پەیدا دەکات: بەڵام وەک هەندێک لەمانەی ئیستا کە دوای چەند مانگێک مانەوەیان لە وڵاێکی ئەوروپایی هەرگیز ئەوەی بە خەیاڵمدا نەدەهات، باس لە وەرگێران و ئاماژەدان بوو بە سەرچاوەی زمانی ڕووسی، ئەمە لە دەست هەموو کەسێک نایەت مەگەر یەکێک چاو و ڕوویەکی زۆر قاییمی هەبێت. لەو سەرەتایەدا دکتۆر ئەنوەر فێری زمانی ڕووسی دەبێت و شارەزایی ئەدەب و کولتوورەکەشیان دەبێت، یەکەم بابەت کە لە ڕووسییەوە وەریدەگێڕێت بۆ سەر زمانی کوردی، گفتوگۆیەکی شاعیری ناوداری ڕووس یەفتەشینکۆ بوو لەگەڵ ساعیری فەڕەنسایی ئاکین بووسکی.
لە یەکێک لە بابەتەکانی نێو دووتوێی کتێبەکەیدا، بە ناوی (کاتێ شاعیر دەیەوێت فۆڕمێکی تازە بۆ هۆنراوەکانی بدۆزێتەوە) دکتۆر ئەنوەر باس لەوە دەکات کە یەکێک لە ڕوالەتە گرنگەکانی فۆرمی شیعر مۆسیقایە، مەبەست لە مۆسیقای شیعر ئەو ئاواز و ئیقاعانەیە لە ئەنجامی تێکچڕژانی ئەو وشە و دەنگ و وێنانەوە پێکدێن کە ئەبنە چوارچێوەیەک بۆ بیر و هەستی شاعیر، ئەمەش زیاتر لە کێشدا خۆی ئەنوێنی: ک دەشڵێم کێش، ئەو ئاوازەم مەبەستە شیعری پێ لە نووسینێکی تر جیا ئەکرێتەوە، ئاشکرایە تا ئێستاس نەتوانراوە خۆ لە کێش ئازاد بکرێت، چونکە ئەو خۆئازادکردنە مردنە نەک ئازادی.
نووسەری ئەم کتێبە جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە کە یەکێک ئەگەر بۆ هەر بابەتێک لە بابەتەکانی هونەر بسووتێ و هانەدەرێکی دەروونیی ڕاستەقینە پاڵی پێوە بنێت بۆ ئەوەی بنووسێت، بۆ ئەوەی بەردەوام لە گەڕاندا بێت بۆ شوێنپێ دۆزینەوە، ئەو ساتە بیر و ئەندێشە و ئەو کەرسەیەی بۆ دەربڕێن بەکاری دێنێت تێکەڵ ئەبن و لێک ئەئاڵێن و شاعیر وەها وسە و ڕستە ماڵی ئەکات، ئەگەر جاروبار لە دەستیشی بفڕن، دوایی هەر دێنەوە بۆ لای.
بە گشتی ئەم نووسینە تەنیا هەوڵێکە بۆ نیشاندانی لایەنی کەمێک لە جوانیی و گرنگیی کتێبەکە، بێگومان خوێنەر خۆی لە کاتی خوێندنەوەدا درکی زیاتر بە جوان و دنیا فراوانەکەی کتێبەکە دەکات و چێژی لێ دەبینێت، ئەم کتێبە جگە لە چێژی خوێندنەوە، سوودێکی زۆریشی بۆ سەر مەعریفە و ئاستی ڕۆشنبیریی خوێنەر هەیە، چونکە لە نێو بەشە جیاجیاکانی کتێبەکەدا، خوێنەر بە شوێن و سەرزەمین و شارەستانییەت و کەسایەتیی جودا جودا دەکەوێت، حیکایەتەکانی نووسین و گەشت و گەڕان و سەفەر لەم کتێبەدا، ئەزموونێکی دەوڵەمەند و هەمە چەشن بۆ خوێنەر دروست دەکەن.

سفرەی فەقیران؛ کتێبێک بۆ هەموان

ڕانانی: سەردەم
ئەم کتێبە لە کۆمەڵێک بابەت، وتار، لیکۆڵینەوەی پەروەردەیی، ئەدەبی و سیاسی و ڕۆشنبیری پێکهاتووە، نووسەری ئەم کتێبە یەکێکە لە وەرگێرکارە پڕ بەرهەم و ناسراوەکانی کورد، کە ئەویش مامۆستا (حەمەکەریم عارف)ە و لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە، لە ڕاستیدا گرنگیی ئەم کتێبە لەوەدایە کە ئەگەرچی لە ڕۆژگار و سەردەمێکی زووتردا نووسراون، بەڵام بە ئەندازەیەک پڕ لە زانیاری و مەعریفەن کە هەر دەڵێی ئەمڕۆکە نووسراون، بەتایبەت خودی بابەتەکان سەرجەمیان ئێستایین و بە دید و باگراوندێکی ڕۆشنبیریی ئەوتۆوە نووسراون کە ڕەنگە بڵێین بۆ سەرچاوەی گەلێ لێکۆڵینەوە و بابەت دەست دەدەن
بابەتەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە گەلێ زۆرن و گرنگترینیان بریتین لە: خوێندنی تەلقینکاری و گەوجاندنی قوتابی، کۆمەڵگەی زەبر و زەنگ، ڕاوە ڕۆشنبیر، هونەری گەوجاندن، ڕۆشنبیری و دەسەڵات، شۆکی مۆدێرنیزم، ناسنامەی نەتەوەیی، پێشەکییەک دەربارەی ئۆدیسە، چەردەیەک لەمەڕ دۆستۆفسکی، یەکانگیری پەیڤ و شاعیر، نووسەران پارێزەری دیموکراتییەتن، سانسۆر و خودسانسۆر، تاوێک دەگەڵ بزورگی عەلەوی… و… چەندین ناونیشانی دیکەی گرنگ و هەستیار، لەم کتێبەی مامۆستا حەمەکەریم عارفدا جێیان بووەتەوە.
خۆی گوتەنی ئەم نووسینانە بەدەم هەڵپەی ژیان و پەیداکردنی بژێوییەوە لە کاتی جیاجیادا نووسراون، هەموویان لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی کوردستاندا بڵاوکراونەتەوە، نووسەر ئەوەشی نەشاردۆتەوە کە ماوەیەک دوودڵ بووە لەوەی کۆی بابەت و نووسینەکانی لە توێی کتێبێکدا بە چاپ بگەیەنێت: بەڵام ک بیرم کردەوە سەیرم کرد بەشێکن لە بۆچوونی ڕەخنەئامێزی بەندە بۆ ئەو دۆزە ئەدەبی و ڕۆشنبیری و نیمچە سیاسیانەی کە لەو ڕۆژگارانەدا بەوپەڕی ڕاستگۆییەوە مامەڵەم لەتەکدا کردوون و هەوڵی جارەسەرم داون، ئەمە جگە لەوەی کە بەشێکی گرنگن لە چالاکی و مءژووی چەلەنگی نووسینی بەندە، بەشێکیش لە مێژووی قۆناغێکی ڕۆژنامەوانی کوردی پێکدێنن.
لە وتارێکیدا لەژێر ناوی (دەسەڵاتی بێ دەوڵەت) نووسەر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەرکی دەسەڵاتی بێ دەوڵەت یەکجار قورسە و نابێت تەنیا بە دەسەڵاتڕانی ڕووت قایل بێت، بەڵکو دەبێت زیرەکانە میکانیزمێکی واقیعی و مۆدێرن و هاوچەرخ بدۆزێتەوە کە پرۆسەی دەسەڵاتڕانی، ئەگەر بە شێوەیەکی مەعنەویش بووە بگۆڕێت بۆ پڕۆسەی دەوڵەتڕانی و هەموو ئەو بۆشاییە مێژوویی و کولتووری و کۆمەڵایەتی و دەستوورری و قانوونی و ئیداریانە پڕ بکاتەوە کە لە غیابی دەوڵتدا دروست بووە: بەڵام وێڕای ئەمەش هەموو دەزانین هەر دەسەڵاتێک بگری جۆرە مەیلێکی زۆرەکی و خورتیایەتی و خۆسەپاندنی تێدایە و ڕەگێکی دەچێتەوە سەر خۆپەرستی ئەنانیەت و دیکتاتۆرییەت، بۆیە کاتێ هەست دەکات دەوڵەت گەمارۆی دەدات، سنوور بۆ دەسەڵات وجموجوڵ و چالاکی و دەسەڵاتەکانی دادەنێت.
لە وتارێکی دیکەی نێو دووتوێی کتێبی سفرەی فەقیرانی مامۆستا حەمەکەریم عارفدا، کە لەژێر ناوی (خێڵ.. حیزب.. براگەورە)دا نووسراوە، سەرنجی خوێنەر بۆ ئەوە ڕادەکێشێت کە ئەگەر سەرنجی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی کوردەواری بدەین لە کۆنەوە تەنانەت تا ئەمڕۆش، خێڵ و پەیوەندییە خێڵەکییەکان حوکمیان کردووە و ڕێکیا خستووە و ئاراستەیان کردووە، ئیدی هەر خێڵەس لە سنوور و ئاقاری خۆیدا و دوور لە هەر تەماسێکی جددیی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری لەگەڵ خێڵەکانی تردا و بگرە تا ڕادەیەکی زۆر گۆشەگیرانە ژیاوە و بە ئەزموونێکی فرە سادە و ساکار و تا رادەیەک غەیبیانە ژیانی جەڕباندووە: دیاردەی خیڵایەتی بە هەموو یاسا و ڕێسایەکییەوە هەر دەگاتە قۆناغی پیر بوون و مردن، ئیدی قۆناغی پاش خۆی دەینێژێت، گەورەترین فاکتەری داوەشین و هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی خیڵایەتی، سەرهەڵدان و پەیدابوونی پەیوەندیی بەرهەمهێنانە، چونکە سەرهەڵدان و پەرەسەندنی بەرهەمهێنان زۆر دیاردە و پەیوەندی دیکەی وەکو دانوستانی بازرگانی، کاری بە کرێ، یاسا و ڕێسا و دروست بوونی دەوڵەت و دەسەڵاتی دەستووری لێ دەکەوێتەوە.
یەکێک لە بابەتە ئەدەبییەکانی نێو ئەم کتێبە، بابەتێکە بە ناوی (نووسین لەسەر نووسین) بێگومان ئەم ناونیشانە بە نسبەت خوێنەرەوە تا ئیەندازەیەکی زۆر سەرنجڕاکێشە و وال ە خوێنەر دەکات کونجکوڵ بێت تا بزانێت نووسین لەسەر نووسین چ جۆرە بابەتێکە و چۆن دەکرێت لێکدانەوە بۆ ئەم چەمکە بکرێت؟ نووسەر لەو بابەتەیدا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە وەک چۆن ڕێبازە ئەدەبییەکان یەکتر تەواو دەکەن، ڕێبازە ڕەخنەییەکانیش هەمان شەقڵ و مۆرک وەردەگرن هەر هەمووی خوێندنەوەی قووڵ و کەشفکردنی ڕاز و ڕەمزەکانی قووڵایی ناخی دەقن و ڕێگە بۆ خوێنەری ئاسایی خۆش دەکەن کە لایەنە هەمەخۆرەکانی دەق لە چەند گۆشەنیگایەکەوە ببینن و بفامن و حاڵی بن، نووسەر ئەوەش ناسارێتەوە کە سەرچاوەی حوکمی ڕەخنەیی دەچێتەوە سەر ئیشکردنەوە و شیکردنەوەش پرۆسەیەکی ئەقڵییە و هەر دیاردەیەک دەباتەوە سەر بنج و بناوانی هۆکارەکانی ئەو دیاردەیە: کەواتە ڕەخنە نووسینە دەربارەی نووسین، جانووسین لەسەر نووسین کارێکی ئێجگار قورس و ئەستەمە، هەر کەسێک بچێتە ژێر باری ئەو کارە، دەبێت کەرەستەی تەواوی پێ بێت، زۆر بە وردی و شێنەیی لە دەقەکە ڕابمێنێ و و بگەڕێتەوە سەر سەرچاوە زانستی و خوێندنەوە هەمە جۆرە کۆن و تازەکانی ئەو بوارە، چونکە ڕەخنە نایەت لەبەر خاتری سەرگەرمکردنی خوێنەر بنووسێت، بەڵکو بۆ ئەوە دەنووسێت کە کۆمەکی خوێنەر بکات بۆ ئەوەی بە قووڵی و دروستی و لە کارێک یان دەقێکی هونەری حاڵی بێت و زەوقی ئیستاتیکی لێ وەر گرێت.
بێگومان وەک نووسەر باسی لەم وتارەیدا باسی لێوە کردووە، ڕەخنە بریتییە لە خوێندنەوەیەکی هۆشیارانەی دەق، خویندنەوەش خۆی لە خۆیدا چالاکییەکی زەینییە و خوێنەر بە کۆمەکی کۆمەڵە ئامرازێک ئەنجامی دەدات، کاتی خوێندنەوە دەبێ بە چالاکییەکی ئەکتیف و بە پیت کە خوێنەر توانای تێگەیشتن و لێکدانەوە و موناقەشە و دواندنی دەقەکەی هەبێت: گوتمان دەق ڕەخنە پەیوەندییەکی پتەویان بە یەکترەوە هەیە و هەڵکشان و داکشانی هەر یەکێکیان کار لەوی تریان دەکات، بۆیە ئەگەر ڕەخنە لە ئاستەنگ و تەنگەشە و قەیراندا بێت، ئەمە تا ڕادەیەک دەگەڕێتەوە بۆ قەیرانی گوزارشت و دەربڕین و نیشاندان، واتە بۆ قەیرانی دەق، چونکە ئەو پرس و دۆزانەی لە دەقی رەخنەییدا ڕەنگ دەدەنەوە، هەمان ئەو پرس و دۆزانەیە کە لە دەقی داهێنراودا بەرهەم هاتوون.
لە بابەتێکی دیکەی هەمان کتێبدا کە بە هەمان شێوە سەرنجڕاکێش و تازەیە، نووسەر ناونیشانێکی هاوشێوەی داناوە (خوێندنەوەی خوێندنەوە) نووسەر لێرەدا ئەو ڕاستییە دەسەلمێنیت کە دەق بەرهەمێکی زمانەوانی چلۆنایەتییە، بەڵام زمان وەکو خۆی دووبارە ناکاتەوە، بەڵکو سەرلەنوێ دەیخولقینێتەوە و شەحن و چارچی دەکاتەوە لە مانا و دەلالەتە قامووسییەکەی دووری دەخاتەوە و ڕەمز ڕازەکانی کەشف دەکات و خۆی بە یەک دەلالەت و ماناوە نابەستێتەوە: دەکرێ دەق بشوبهێنرێت بە موجەفیرەیەکی پڕ لە نیشانە و ڕەمز و ڕاز، تەنیا بەوە دەتوانی ماناکەی هەڵبێنیت کە پەیوەندییە زمانەوانی دەلالییەکانی ڕەگەزە پێکهێنەرەکانی دەق بخەیتە بەر وردبینی لێکۆڵینەوەوە، یانی دەتوانین لە ڕێگای بونیادە ناوخۆییەکەیەوە هەڵی بسەنگێنین حوکمی لەسەر بدەین، واتا ناکرێ لەو ڕانگەیەوە تەماشای دەق بکرێت کە چەند لەگەڵ حەقیقەی یان حەقیقەتەکانی دەرێی دەقدا تێک دەکاتەوە، بەڵکو دەبێت لە میانی لۆژیکی ناوەوەی ئەو پەیوەندییانەوە کە ڕەگەز و بەشەکانی دەق پێکەوە دەبەستێ و گرێ دەدات، بۆی بچیت و تەماشای بکەیت، ئەمەش بۆ خۆی جۆرە شەقڵێکی ئەفسووناوی بە دەق دەبەخشێت، جاب ۆ ئەوەی هەر دەقێک ئەم سیفەتی ئەفسوونکارییە وەرگرێت، دەبێت جۆرە ئوتمۆسفێر و هاماجێکی هاوبەش لە نێوان دەق و خوێنەردا پەیدا بکات.
ئەم نووسینە هەوڵێکی گچکەیە بۆ ناساندنی گۆشەیەکی کەمی کتێبی (سفرەی فەقیران)ی مامۆستای نووسەر و وەرگێری پڕ کار و بەرهەم (حەمەکەریم عارف) بێگومان خوێنەر خۆی لە کاتی خوێندنەوەی کتێبەکەدا و لە ڕێی وتار و بابەت و لێکۆڵینەوە هەمە جۆر و لایەن و فرە ڕەهەندەکانیەوە، بەر دەیان ساتەوەختی چێژبەخش و بە سوود و پڕ لە زانیاری وەردەگرێت، چونکە لە پشت وتار و بابەتەکانی نێو دوو توێی ئەم کتێبەوە، پیاوێکی ڕۆشنبیر و سەر سپی کردووی نێو کتێبە گەورەکان و ئەزموونە دەولەمەدەکان دەبینێت، نووسەرێک کە لە ژیاندا تەنها کاری بە کتێبانەوە هەیە، حیکایەتی ئەم نووسەرە، حیکایەتێکی دوور و درێژی نێو کایە جیا جیاکانی مەعریفە و ڕۆشنبیری و زمان و کولتووردایە.

توحفەی ناسری؛ ئاوڕێک لە مێژوو و جوگرافیای کوردستان و ئیمارەتی ئەردەڵان

بابەتی ئەم کتێبە لێکۆڵینەوەیەکی مێژووییە و شۆڕبوونەوەیە بۆ ڕابردوویەکی دێرین و جوگرافیا و هەڵکەوتەی کوردستان و یەکێک لە ئیمارەتە گەورە و کاریگەرە نەتەوەییەکانی کورد، کە ئەویش ئیمارەتی ئەدەڵانە، ئەم کتێبە لە لایەن میرزا شوکوروڵڵا سەنەندەجی نووسراوە و لە لایەن ڕەفعەت مورادی، بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە.
ئەم کتێبە دابەش کراوە بەسەر چەندین بەش و تەوەر و بابەت و قۆناغی جیاجیادا کە گرنگترینیان بریتییە لە: سەبارەت بە ئایین زمان و ڕەچەڵەکی کورد، نەژادی کورد، ئەو ئەفسانانەی لەمەڕ کورد و ڕەچەڵەکییەوە وتراون، مێژوو و بناغەی زمانی کوردی، لقەکانی زمانی کوردی، لقە ئایینییەکانی ئەهلی سوننە و جەماعەت، ڕێبازەکانی سۆفیگەری لە کوردستاندا، بڵاوبوونەوەی ڕێبازی نەقشی لە کوردستاندا، شێوازی سۆفیگەری لە ڕێبازی نەقشیدا، مێژوو و جوگرافیای سنە، خێڵ و عەشیرەتەکانی جاف، ئایین و ئایینزای ئەردەڵانییەکان، حوکمڕانیی ئەدەڵانی ئەردەڵانییەکان لە کوردستاندا، حکومەتی کرماسان وکوردستان و چەندین بەش و بابەت و ناونیشانی دیکە، کۆی لێکۆڵینەوە مێژووییەکە پێکدەهێنن.
لەم کتێبەدا ئەوە ئاشکرا کراوە کە توحفەی ناسری بە یەکێک لە سەرچاوە گرنگ و بەنرخەکانی مێژوو و جوگرافیای کورد بە گشتی و بەسەرهاتی ئیمارەتی ئەردەڵان بە تایبەتتر دادەنرێت: لەم ڕووەوە بۆ هەر لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی سیاسی لەسەر کوردستان و حوکمڕانیی ئەدەڵانییەکان، نووسەر و ڕۆشنبیری کورد دەبێت ئاوڕ لەم سەرچاوە گرنگە بداتەوە.
لە بەشی یەکەمی کتێبەکەدا بە ناوی(سەبارەت بە ئایین و زمان و ڕەچەڵەکی کورد)باس لەوە کراوە کە لێکۆڵینەوە لەمەڕ ڕیشە و ڕەچەڵەکی کورد، بە ڕادەیەک ئاڵۆزە کە ناتوانرێت لەم کورتە باسەدا بە تەواوەتی باسی لێوە بکرێت، ئەوەی هەندێ لە لێکۆڵەران لەمەڕ نەژادی کورد هەوڵیانداوە ئەم گەلە ببەستنەوە بە نەژادی تورانی، سامی و کلدانی، یان پاشماوەکانی گوتی، لۆلۆ و کاسی، یان هۆزەکانی تری ماد و پارت، مەسەلەیەکە یەکلایی نەکراوەتەوە، بەڵام بەشێکی زۆر لە لێکۆڵەران و نووسەرانی کۆن و نوێ لەسەر ئەوە کۆکن کە بەر لە هاتنی هۆزە کوردە ئێرانییەکان بۆ وڵاتی کوردستان، هۆزێکی بە ڕەچەڵەک ئاریایی بە ناوی کاردۆ لەم ناوچەیەدا خاوەنی شارستانیەتێکی تا ڕادەیەک گرنگ بووە و دواتر لەگەڵ هاوڕەگەزەکانی تریاندا تێکەڵ بوون و لەناو یەکتردا توانەوە.
لە هەمان بەشدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە کوردەکان لقێکن لە نەژادی ئێرانی کە لە ڕووی زمان، دابونەریت و ئایینەوە لەگەڵ نەتەوەکانی تری ئێراندا لە زۆر بواردا هاوچەشنن، بەڵام هەڵکەوتەی جوگرافیایی و ڕووداوە مێژووییەکان لە بەرجەستەکردنی تایبەتمەندی و خەسڵەتە نەتەوەیی و نەژادییەکانیان کاریگەریی هەبووە: لە ئاکامی ئەو فاکتەرانە، لە ڕووی زاراوە و فدابونەریت و ئایینییەوە جیاوازییان لێ کەوتووەتەوە، ئەم جیاوازییانە بوونەتە هۆی ئەوەی تا ڕاددەیەک لێکۆڵینەوەی زانستی سەبارەت بەم نەتەوەیە دژوار بێت، بەم پێیە هەندێ لە توێژەران و لێکۆڵەرانی بواری ڕەچەڵەکناسی لە سەدەکانی نۆزدە و بیستی زایینیدا سەبارەت بە مەژادە ئێرانییەکان، ئەو ئەرکەیان بەجێهێناوە و باسی نەژادی کوردیان کردووە.
هاوکات نموونەی وتەیەکی (ڕیچ) کە بیرمەندێکی بواری ڕەچەڵەکناسییە دەهێنێتەوە کە لە توێژینەوەیەکیدا سەبارەت بە مەژادی کورد وتویەتی: لە ڕووی پێکهاتە و فۆنکشنەوە کوردەکان بە دوو دەستە پۆڵێن دەکرێن، دەوارننشینان و جووتیارانی گوندنشین، دەوارنشینەکان خەڵکانێکی جەنگاوەرن، کە پیشەی سەرەکییان شوانییە و بە (ئەسیرتا) بەناوبانگن، بەڵام جوتیارەکان کە سەرقاڵی کوشتوکاڵن، بە (گۆران) ناویان دەرکردووە.
لە بابەتێکی دیکەی ئەم لێکۆڵینەوە مێژووییەدا بە ناوی (حیکایەت و گێڕانەوە زارەکییەکان) ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە ئەو چیرۆکانەی بە شێوەی پەخشان نووسراونەتەوە، بەشێکی زۆر لە چیرۆکە حەماسییەکان و دووبەیتییەکان، هەروەها ئەو درامانەی کە لەمڕ عەشق و دڵداری بە زمانی کوردی وتراون، لەوانە: چریکە یان بەیت، ئەو هەڵبەست و هۆنراوانەنە کە سەبارەت بە عەشق و قارەماێتی بە زاراوەی کرمانجی موکریانی وتراون و بێژەرانی ئەو جۆرە هەڵبەستانە بە گۆرانیبێژ، یان گۆرانیچڕ و بەیتەوان بەناوبانگن، هاوکات باس لەوەش دەکات چریکە لە ڕوانگەی گێڕانەوە و ئاهەنگ و ناوەڕۆکەوە زۆر دەوڵەمەندە، چریکە لە دڵی پاک و بێگەردی کوێستانەکانی کوردستاندا هەڵقوڵاوە.
لە بەشێکی دیکەدا کە سەبارەت بە ئایین و ئایینەکانی کوردە، ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە نووسەرانی مێژووی کورد و ئەو لێکۆڵەرانەی کە سەبارەت بە کورد و کودستان نووسیویانە، وێڕای لێکۆڵینەوە و دەربڕینی بیر و بۆچوونی خۆیان لەمەڕ ڕەچەڵەک، زمان و پێشینەی مێژوویی کورد، ئامەژەیان بە دابونەریت و بیروباوەڕی ئایینی کوردان داوە و لەم بارەوە کۆدەنگن کە هۆزە ئێرانییەکان هەر لە کۆنەوە هەتا سەرهەڵدانی ئیسلام سەر بە یەک ئایین بوون و ئەگەر هەندێ جیاوازیی لە بیروباوەڕی ئایینی ئەواندا بینراوە، ئەوە تەنیا دانیشتوانی سەرسنوورەکان دەگرێتەوە، کە تا ڕادەیەک کولتووری دراوسێکانیان کاری لێ کردووەن، دواتر ئەوەش ڕووندەکاتەوە کە بە سەرهەڵدانی ئایینی ئیسلام، هۆزە کوردەکان لە سەدەی یەکەمی کۆچیدا پاش بەربەرەکانێیەکی زۆر دواجار ناچار بوون ئایینی ئیسلام قبووڵ بکەن و بە هۆی دراوسێیەتییەوە لەگەڵ عەرەبە موسڵمانەکاندا و نزیکبوونەوەیان بە ناوەندی خەلافەتەوە ڕێبازی سووننە هەڵبژێرن و ببنە لایەنگری خولەفای ڕاشدین: دواتر بە هۆی ئەوەوە کە سووننەکان بوون بە چوار لقەوە، کوردەکان بە زۆری بوون بە شوێنکەوتووی ئیمام شافیعی، کە لە سەردەمی سەلجووقییەکاندا سەرتاسەری وڵاتی ئێرانی خستبووە ژێر کاریگەریی خۆیەوە.
لە بەشێکی تردا سەبارەت بە ناحیە و شار و شارەدییەکانی کوردستان، واتە سنە، ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە شاری سنە لە هەژدە بلۆک یان ناوچەی نیمچە دەسەڵات پێکهاتووە، کە چوار ناوچەی ئەو شارە چوار شارەدێی بەناوبانگیان لەخۆ گرتووە، ناوچە جۆراوجۆرەکان و شاخ و داخ و ڕووبار و عەشیرەتەکانی ئەم وڵاتە بە شێوەیەکی بەم جۆرەی خوارەوەیە؛
ئەسفەندئاوا، ئەمیرئاوا، پاڵنگان، بیلاوەرات، کەڵاتەرزان، کردوز، تیلەکۆ، کەرەفتو، سەقز و چەندینی تر.
دواتریش دێتە سەر باسی ڕووبارەکان ئەوە ئاشکرا دەکات کە ئەو ڕووبارانەی سەرچاوەکەیان لە کوردستاندایە، بریتین لە: ڕووباری شاری سنە، ژاوەرۆ، پاڵنگان، گاران، سوورگوڵ، مەتریوان، زەلان، ئەم ڕووبارە گەورانە لەگەڵ ڕووباری دیجلە یەک دەگرنەوە و بە ئاڕاستەی بەغدادا تێدەپەڕن، باس لەوەش دەکات کە سێ ڕووباری جحاتو، سەقز، خوڕەخوڕ دەڕژێنە ناو دەریای سوورتەسووج، کە هەمان دەریاچەی ورمێیە، ڕووباری قەزەل ئۆزەن، کولە، تلوار، حاجی چا، بەرەو دەریاچەی ڕەشت بەڕێ دەکەون، هەردوو روباری ڕوانسەر، زەڕین جۆ و شیروانە، دەڕژێنە ناو قەرەسووی کرمانشان.
ڕەفعەت مورادی وەرگێڕ، لە پێشەکییەکی کورتدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە دەمێ ساڵە پچڕپچڕ دەستی بە وەرگێڕانی ئەم کتێبە کوردووە بۆ سەر زمانی کوردی: خۆشبەختانە ساڵی ٢٠١٩ هەوڵ و ماندووبوونەکەم هاتە بەر و توانیم ئەم ئەرکە سەختە بگەیەنمە ئامانج.
بێگومان ئێستا کتێبەکە لە کتێبفرۆشییەکانی کوردستان بەردەستە و پێویستە وەک سەرچاوەیەکی گرنگ و کاریگەری مێژووی تەماشای بکرێت و بخوێنرێتەوە، هەندێک ڕاستی و دروستیی مێژوویی لەم کتێبەدا خراونەتە ڕوو، هاوکات هەندێک زانیاری بەسوودی تێدایە کە دەکرێت وەک سەرچاوە ببنە بنەمای دەیان توێژینەوەی زانستی لەمەڕ مێژووی کورد، چونکە ئەم لێکۆڵینەوە مێژووییە هیچ بوارێکی ئەوتۆی نەهێشتۆتەوە تیشکی نەخستبێتە سەری، هەر لە دابونەریت و ڕەچەڵەکەوە بگرە تا دەگات بە جەگرافیا و ئایین و تەریقەتەکان، هاوکات پەردەی لەسەر زۆرێک لەو ڕاستییە مێژووییانە هەڵداوەتەوە، کە چەندین ساڵ بە نهێنی ماونەتەوە یاخود تۆزی گومان نیشتووەتە سەریان، لێرەدا ناکرێت کۆی لایەنە هەمەجۆرەکانی کتێبەکە بدەینە بەر باس و ناسین، باشتر وایە خوێنەر و نووسەری کورد خۆیان گوێ بۆ کتێبەکە ڕادێرن تا چیرۆک و حیکایەتە مێژووییەکەیان بۆ بگێڕێتەوە.
ڕانانی: سەردەم

کارێکی ژەهراوی؛ ئەمریکا و عێراق و گازبارانی هەڵەبجە

ئەم کتێبە بابەتێکی مێژووییە و لە لایەن نووسەرێکی خۆرئاواییەوە سەبارەت بە قووڵترین برینی نەتەوەییمان نووسراوە کە ئەویش گازبارانکردنی شاری هەڵەبجەیە لە ساڵی ١٩٨٨دا، نووسەری ئەم کتێبە (یوست هیڵتەرمان)ە و لە محەمەد حەمەساڵح تۆفیق، لە زمانی ئینگلیزییەوە بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە.
ئەم بابەتە مێژووییەی نێو دووتوێی ئەم کتێبە تەنها گێڕانەوەیەکی هاکەزایی ئەو تراژیدیا نەتەوەییە نییە کە بەسەر شاری هەڵەبجەدا هاتووە، بەڵکو لە پەنا لۆژیکییە مێژووییەکەشدا بە شێوەیەکی مەیدانی شرۆڤەی دۆخەکەی کوردووە و ئەو هەلومەرج و زەمینە و هۆکارانەی باس کردووە کە تیایدا جینۆساید ئەنجام دراوە، بە تایبەت بە وردی هەڵسەنگاندنی بۆ هاوکێشە سیاسییە نێودەوڵەتییەکان لەو ڕۆژگار و قۆناغەدا کردووە، کتێبەکە دابەش کراوە بەسەر چەندین بەش و تەوەری جیاجیادا لەوانە: ململانێ و دەمەقاڵێ لە نەتەوەیەکگرتووەکاندا، پەڕینەوە لە دەروازەی کیمیایی، یەکەمین هێرشی تۆمارکراوی گازی خەردەل، یەکەم شەڕگە لە جیهاندا کە دەمارەگاز بە کار بێنێت، کاردانەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان، ناوبڕی کیمیایی، هێرشی گاز بۆ سەر کوردەکانی ئێران، پەرەسەندنی یاخیبوون لە کوردستانی عێراقدا، چەرخی دەسەڵاتی عەلی کیمیایی، کاریگەری ڕەوشی هەڵەنجە، بەکارهێنانی گاز بۆ کۆتاییهێنانی جەنگ، سازدان و ساغکردنەوەی بەڵگە، قەدەغەکردنی جینۆساید، کورد و بوژانەوەی ناسیۆنالیزم و چەندین بابەت و بەش و تەوەری دیکە کۆی لێکۆڵینەوە مێژووییەکەی ئەم نووسەرە ڕۆژئاواییە پێک دەهێنن.
لە مارتی ساڵی ١٩٨٨ دا و لە دەمی جەنگی ئێران- عێراقدا، لە هێرشی کیماییدا بۆ سەر هەڵەبجە هەزاران کەس کوژران، لە گەرماوگەرمی ئەو ترس و تۆقین و شڵەژانەی بەدوایدا هات و کەوا کێ ئەم هێرش و پەلاماردانەی ئەنجام داوە، هەر لایە ئەویتری تۆمەتبار دەکرد لە بەردەوامبوونی کوشتاری جەنگدا، بەڵام هەر کە تەمومژەکە ڕەوییەوە، بەرپرسیارێتی ڕژێمەکی سەدام حسێن ئاشکاربوو، لەگەڵ پشتیوانی بێدەنگیی هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکان بۆ عێراق، ئەم کتێبە کە لە لایەن چاودێرێکی بەئەزموونی مافەکانی مرۆڤەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەیەنبجام گەیشتووە، چیرۆکی گازبارانی هەڵەبجە دەگێڕێتەوە ئەوە دەخاتە ڕوو کە چۆن عێراق توانیویەتی پیسترین چەکی کیمیایی پەرە پێ بدات و سەربازەکانی ئێران وگوندە کوردەکانی پێ بکاتە ئامانج و ئەمریکاش چاوپۆشی لێ بکات. نووسەری ئەم کتێبە توێژەر و ئاگادارێکی ئەزموونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و لە کاتێکدا خەریکی شیکاریی ئەم کتێبە بوو، وەک بەڕێوەبەری بەشی چەکداریی هیومان ڕایتس وۆچ کاری دەکرد، ئێستاش جێگری بەڕێوەبەری پرۆگرامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقایە لە گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکاندا.
وەک وەرگێڕی کتێبەکە ئاماژەی پێ کردووە، نووسەری ئەم کتێبە لە ساڵی ١٩٩١ ەوە، شارەزای دەرد و مەینەترییەکانی کوردە و پێش نووسینی ئەم کتێبەش لەسەر تاوانی گازبارانی هەڵەبجە لەگەڵ تیمێکی کارامەی ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ ڕۆڵی سەرپەرشتی بینوە و ماوەیەکی زۆریان لە کوردستانی دوای ڕاپەڕیندا بەسەر بردووە بۆ کۆکردنەوە و تاوتوێکردنی وردەکاری لەسەر تاوانی ئەنفال و ئەنجام لە ساڵی ١٩٩٣ دا ڕاپۆرتە کتێبێکی ئاستبەرزی لێ هاتە بەرهەم بە ناوی (جینۆساید لە عێراق)دا.
خودی نووسەری کتێبکەش لە پێشەکیی کتێبەکەیدا ئەوەی نەشاردوەتەوە کە ئەم کتێبەی بە دڵساردییەکی زۆرەوە نووسیوە، ؛لەبەر ئەوەی کتێبێکی پێشتر کەوا بەشێکی باشی لێکۆڵینەوەی بۆ کردبوو بە ناوی (تاوانی جینۆسایدی عێراق: پەلاماری ئەنفال بۆ سەر کورد) لە لایەن چاودێری مافی مرۆڤەوە هیومات ڕایتس وۆچ بڵاوکرایەوە لە ویلایەتە یەکگرتووکانی ئەمریکا و ئەوروپا بایەخێکی کەمی پێ درا: کاتێک لە ساڵی ١٩٩٣ دا بڵاوبووەوە، من نەمتوانی لەوە تێبگەم بۆچی کتێبێک کە تاوانی جینۆسایدی بە دیکۆمێنت کردبێت، نەیتوانی هەستی خەڵک بوروژێنێت، ئەمە لە کاتێکدا کەوا گرنگیەکی زۆر درابوو بە جینۆسایدەکانی پێشتر، بە تایبەت هۆلۆکۆست کە لەناوبردنی بەکۆمەڵی جووەکانی ئەروپا بوو.
نووسەر ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە لەم سەروبەندەدا ناوێک هاتە ئاراوە، ئەویش (هەڵەبجە)بوو، کە شوێنێکە کەس نەیبیستبوو، بەڵام وا باس دەکرا گوندێکە لە هەرێمی کردەکانی عێراقدا، ڕاستییەکەی ئێرە شارۆچکەیەکی گەورە بوو و بە کۆمەڵگەی نیشتەجێی دانیشتوانی گوندە وێرانکراوەکان دەورە درابوو، ئەو دەمە تەلەفزیۆن کەوتە کەوتە پیشاندانی دیمەنی ترسناک لە شوێنی کارەساتەکەوە: لاشەی ژن و منداڵ لە پشتی ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگری پیکابەوە بەسەر یەکدا کەوتبوون، هەر وا تەرم بوو لە دۆڵ و شیوی نێو چیاکاندا پەرتوبڵاو کەوتبوو، هەندێک لەم وێنە و دیمەنانە دواگتر دەبنە هێما و سیمبوڵ لە کوردستاندا، بەڵام لە شوێنانی تر زوو بیرچوونەوە.
نووسەری کتێبی کارێکی ژەهراوی لەو پێشەکییەدا کلە خۆی نووسیویەتی دەڵێت: بەم جۆرە و هەش ساڵ لە پاش یەکەم پەردەهەڵماڵینم لەسەر تراژیدیای کورد، جارێکی دی کەوتمەوە کار بۆ تیشک خستنە سەری زیاتری ئەم کێشانە و تاوتوێکردنی ئەو بارودۆخەی هەڵەبجە ئەنفالی بەرپاکرد و وەستان لە ئاست بەشێلک لەو هەڵاوبگر و مشتومڕانەدا کە ڕاستەوخۆ لە دوای دەرکەوتنی یەکەم دیمەنەکان لەسەر شاشەی تەلەڤزیۆن بوون بە گێژەنگ و پێش ئەوەی جیهان ڕوو وەربگێڕێتە سەر مەسەلەکانی تر.
بە گشتی دەتوانین ئەم کتێبە بە یەکێک لە سەرچاوە گرنگ و ڕاستگۆ و پڕ لە زانیارییەکان چاو لێ بکەین کە تاکو ئێستا لەسەر جینۆسایدی کورد بە تایبەتی و گازبارانکردنی هەڵەبجە نووسرا بێت، کتێبەکە تژییە لە وردەکاری و کنە و بەدوداچوون و ساغکردنەوە، نووسەر بە شێوەیەکی مەیدانی گەڕاوە و پرسیاری کردووە و شوێن سەرەداوی ڕاستییەکان کەوتووە، ئەوەی پێشتر نەزانراوە ئەم پەردەیان لەسەر هەڵدەماڵێت و ئاشکرایان دەکات، بێگومان کە کتێبەکە دەخوێنینەوە ئینجا تێدەگەین و دەگەین بەو ڕاستییەی کە نووسەر لەخۆوە دەرستی نەداوەتە وەها کارێکی تاقەتپڕوکێن، بەڵکو لە ئەزموونێکی دەوڵەمەند و چڕ و پڕ مەعریفەوە سەرچاوەی گرتووە، جوانیەکەشی لەوەدایە کە بێ ترس و سڵەمینەوە ڕاستییەکانی وتووە و بێلایەنانە لایەنی تاوانبار و شەڕکەر و هاوپەیمانان و ئەوروپا و خۆرئاواشی خستووەتە ژێر نەشتەری ڕەخنە و بێدەنگی ئەوانی لەو ڕۆژگار و دۆخ و قۆناغەدا بە شتێکی مەترسیدار وەسف کردووە.
ئەم نووسینە هەوڵێکی خاکەڕایانە بۆ ناساندنی لایەنێکی کەمی ئەم کتێبە گرنگ و بە بەهایە، بێگومان خوێنەری ژیر و وریا بەر قووڵایی و زانیاری و پانتایی فراوانتر دەکەوێت لەم کتێبەدا، چونکە لە لایەکەوە برینەکانی سەرجەستەی خۆمانمان پیشان دەدات، لە لایەکی دیکەوە ڕاتگۆیانە بۆ ئەو مێژووەمان دەگەڕێنێتەوە کە لە دنیای ئێستادا و بە هۆی سەرختی ژیان و نالەباری ڕۆژگار و قەیرانە یەک لە دوای یەکەکانەوە خەریکە ئەو مێژووەمان بیر دەچێتەوە و بێدەربەستانە باز بەسەر ئازار و غەم و تراژیدیاکانی خۆماندا دەدەین، جێ خۆشیەتی سوپاس و ستایشی وەرگێڕی بەتوانا مامۆستا (محەمەد حەمەساڵح تۆفیق) بکەین کە بەو کوردییە شیرین و شارەزاییە بێوێنەی خۆیەوە، توانیویەتی ئەم کتێبە قورسەمان بۆ ئاسان بکات و ئەو بۆشاییە گەورەیە لە کتێبخانەی کوردی پڕ بکاتەوە کە نەبوونی سەرچاوە وکتێبی تایبەت بە جینۆساید دروستی کردووە، ئەمە وێرای ڕێز بۆ ئەو هەوڵەی لێرەولەوێ چەند نووسەر و لێکۆڵیار و دڵسۆزێکی کورد ئەنجامیان داوە.
ڕانانی: سەردەم

خۆزگە جەنگ شانۆگەرییەک دەبوو

لەبارەی شیعر و شووناسی شیعریی و شاعیرەوە
ڕانانی: ئیدریس عەلی

لە کەرسوور
بیرم کردەوپیانۆیەک بکڕم
تاکو تریفەی مانگ
بۆ دایکم بژەنم
ئەو کاتەی قژی
خوشکە گچکەکەم دادەهێنێت…!

ئەم پەڕەگرافەشیعرییە، یەکێکە لە تێکستە ناوازەکانی نێو دیوانی (خۆزگە جەنگ شانۆگەرییەک دەبوو)ی شاعیری کوردی ڕۆژئاوا (مەروان عەلی) کە لە لایەن نووسەر و ڕەخنەگر و وەرگێڕی بەتوانای کورد (عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی)ییەوە، بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش، لە عەرەبییەوە وەریگێراوەتە سەر زمانی کوردی و لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە.
هەر بە خوێندنەوەی ئەم پەڕەگرافەشیعرییەی سەرەروە، خوێنەر تێدەگات کە لەبەردەم ئەزموونێکی تایبەت و جیاوازی شیعردایە، ئەزموونێک کە لە نێوان وێنەی زهنی و وێنە حەقیقییەکانی ژیاندا کەمترین مەودا دەبینێت، لە نێوان کەرەستە ڕۆژانەییە هەست پێ کراوەکان و ئەوانەی تەنها لە کارگەی زماندا، فەنتازیا و خەیاڵ دروستیان دەکات، بچووکترین جیاوازی دەبینێت، کەچی کاتێک لە سنوورەکانی فۆڕمەوە شۆڕدەبینەوە نێو پانتایی ناوەڕۆکی تێکستەکە، تێدەگەین کە ئەم شاعیرە بەو کەرەستە هەست پێ کراوانە و بەو تەکنیکە سادە و دونیابینییە ڕوونەیەوە، وێنەی دونیایەکی تەواو جیاوازمان پیشان دەدات، دونیایەک کە ڕەنگە لە فۆتۆیەکی ڕاستییەوە وەرگیرابێت، بەڵام ژیانی ناو فۆتۆکە تەواو ژیانێکی سەربەخۆ و فەنتازییە.

بیری هاوڕێ حەماڵەکانی عەنتەرییە و هیلیبیکم کرد
بیری شۆفێرانی وەحدە
کە بێ هۆ لە شەقامەکانی قامشلیدا
ماشێنەکانیان پاک دەکردەوە
بیری کچانی کورد لە جەژنی نەورۆزدا
کچانی کتێبخانەی ئەنیس حەننا
بیری بێکارانی شەقامەکانی قەدوور بەگ.
لە ڕاستیدا ئەزموونی ئەم شاعیرە کوردەی خۆرئاوا، تەنها لە ڕووی وشەسازی و تەکنیک و خەیاڵ، یان فۆڕم و زمان و شێوازی داڕشتن و گوزارشتکردنەوە، ئەزموونێکی جوان و دەوڵەمەند و داهێنەرانە نییە، بەڵکو لە ڕووی بابەت و تێما و تێڕوانین و بەکارهێنانی کەرەستە شیعرییەکانیشەوە جیاواز و دەوڵەمەندە، مەروان عەلی، وەک شاعیرێکی تاراوگەنشین و نیشتەجێی مەنفا، خاوەنی نۆستالیجیایەکی قووڵە و ئەم نۆستالیجیایە تەنها بەوەوە نەبەستراوەتەوە کە لە فۆرمێکی سۆزئامێز و بیرکردنێکی سادەی شوێنی ژیانی ڕابردوویدا قەتیس بمێنێت، بەڵکو حاڵەتی نۆستالیجیاکەی ڕەهەندێکی قووڵی فیکری و ئیستاتیکیشی وەرگرتووە، ئەوەندەی بیری شوێنەکان دەکات، پتر لەوە بیری مرۆڤەکان دەکات، وێنەی مرۆڤیش لە تێکست و دونیابینی شیعری ئەم شاعیرەدا دابەش دەبێت بەسەر چەندین ڕەهەندی سایکۆلۆژی و چینایەتی و باری کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیدا، هەر مرۆڤێکی نێو تێکستەکانی مەروان، هەڵگری خەسڵەت و تایبەتمەندێیتییەکی جیاواز و سەربەخۆن، کتومت وەک کاراکتەری نێو چیرۆک و ڕۆمانەکان، خوێنەر لەبەردەم هەر مرۆڤێکی نێو شیعرەکانی ئەم شاعیرەدا، بەر ڕووداوگەلێکی جیاواز و چیرۆکی غەمگین دەکەوێت، هاوکات مەروان بە هێڵێکی زۆر تەنک کە تەنها مەگەر خوێنەری ورد و بەدیقەت بیبینێت، جێگە و پێگەی خۆی هەم لە نیشتمان و هەم لە مەنفاش دیاری دەکات، هاوکات بە دەنگێكی چپەدوو گەرەکیەتی بە خوێنەر بڵێت کە پێشتر لە کوێ ژیاوە و چۆن ژیاوە، شوناسی شاعیرێتی لای ئەم شاعیرە تەواو شوناسێکی ئینسانیی و گەردوونییە، چونکە ئەو لە بەشێکی ئەو پەڕەگرافەشیعرییەی سەرەوەدا ڕوونیکردووەتەوە کە نیشتمانی ئەو چیدی نیشتمانێک نییە مرۆڤ بە ئازادی تیایدا بژی و خەون ببینێت و خۆشەویستی بکات، چونکە ئەو وێنەی شەقامەکانی نیشتمانان بۆ دەکێشێت نەک بەو جۆرە نۆستالیژییەی فرمێسکی بەسەردا بڕێژیت و خۆزگە بۆ پیاسەکانی لای ئێوارانی بخوازیت، نا… دیمەنەکە لای ئەم شاعیرە تەواو پێچەوانەیە، ئەو وێنەی شەقامێکی خستۆتە خەیاڵ و بەرچاوی ئێمە، کە شەقامی ڕەنج و عەزابی حەماڵە زەحمەتکێشەکان و شۆفێرە نیگەران و بێکارەکانە، شەقامی کەسانێکە کە بە دزییەوە جنێو بەو سەرۆکە ستەمکارە دەدەن کە نیشتمانی بەرەو هەڵدێر و هەڵنوتاند بردووە.
مەروان عەلی لەو شاعیرانەیە کە بە لەشکری وشە و جوعبەی پڕ لە خەیاڵ و چەکی زمان، دەیەوێت بەشداری بکات لە کایەی ئاوەدانی و ئاشتی و خۆشگوزەرانیدا، خەمی ئەو خەمێکی خودی نییە، ڕاستە ئەو بە ناوی خۆیەوە لە شیعرەکانیدا دەپەیڤێت، بەڵام داواکارییەکانی بۆ هەموانە و لە پرۆسەی شیعریدا بەیانی دەکات، ئەو لە شیعریی (سووریا)دا، وەک مرۆڤێک، نەک تاکێکی نەتەوەپەرست، سووریایەکی ئازادی دەوێت بۆ هەموان، دەیەوێت لەژێر باری ئاگر و جەنگ و نەهامەتییەکاندا ڕاست بێتەوە، بێ ترس و بیم بە شەقامەکانیدا بگەڕێت و و نیشتمانی هی هەموان بێت بێ جیاوازی.
لە ڕاستیدا سووریا وڵاتێکە مێژوویەکی پڕ لە ململانێی خوێناوی هێناوێتیە ئێستایەکی برسی و بەرگ شڕ و خوێناویتر، بەڵام وڵاتی شارستانیەت و شوێنەوارە دێرینەکان و فەرهەنگ و پێشکەوتنیشە، وڵاتێکە چەند بشکەوێت، توانای هەستانەوەی پترە لە شکست، ئەم وێنە حەقیقییە گەر لە لاپەڕە مێژووییە نووسراوەکانیشدا نەبینرێت، لە دێڕ و ڕستە و پەڕەگرافەشیعرییەکانی مەرواندا دەبینرێت.

بوومەتە غەریب
لە وڵاتەکەی خۆمدا
ئەگەر گۆڕی هاوڕێیانم نەبێت
ڕێگەی ماڵ نادۆزمەوە.
ئەوە تەنها لە توانا لەڕادەبەدەرەکەی شیعر و فەنتازیای شیعریی و خەیاڵی قووڵ و زمانی سرکئاسای شاعیراندایە بەو ئاستە بتوانرێت بە کۆمەڵێک وشەی ناسک گوزارشت لە قووڵترین و بەسوێترین برین بکرێت، مەڕوان گەرەکییەتی تراژیدیای جەنگمان بۆ بگێڕێتەوە، گەرەکییەتی بڵێ جەنگ مرۆڤ لە خۆی و دونیای خۆی نامۆ و غەریب دەکات، جەنگ شوێنەکان و جوگرافیا و ڕۆحی مرۆڤ و سروشتیش دەگۆڕێت، مەروان گەرەکییەتی لەسەر قوربانییەکانی جەنگ و ئاسەوارەکانی دوای جەنگ ڕۆمانێک بنووسێت، نووسیشی بەڵام لەبری سەدان لاپەڕە بە چوار دێڕ هەموو شتێکی گوتوە، زۆر جاران گوتراوە کە وەزیفەی شیعرە ئەوە نییە بەشداری بکات لە کایەی کۆمەڵایەتیدا و هەمیشە ئەو تێکستە شیعرییانە جێی سەرنجی خوێنەران و ڕەخنەگرانن، کە ئاڵۆزن و دوورن لە ئازار و خەون و کێشەی خەڵکییەوە، بەشێکی ئەم بڕوا و بۆچوونە لەوەوە هاتووە کە ئەگەر هاتو شیعر چووە ژێر باری گەیاندنی ئەم جۆرە پەیامانەوە، ئەوا لە بەهای داهێنان و ئیستاتیکای شیعریی کەم دەبێتەوە و وشەکان دەچنە خزمەتی ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراوەوە، کەچی لێرەدا توانای بێ سنووری ئەم شاعیرە ئەو بۆچوونە ڕەد دەکاتەوە و لە چوارچێوەی کورتە شیعرێکی جوان و داهێنەرانەدا گەورەترین پەیامی ئاشتیخوازانە و مرۆڤدۆستانەی خۆی بەیان کردووە، بێ ئەوەی نە هیچ هێڵێکی ئایدۆلۆژی ببینین، نە هیچ دەنگ و چرپەیەکی نەتەوەپەرستانە بژنەوین.

کە حەلەبم جێهێڵا
بینیم
سەیرم دەکات و
دەست بەرز دەکاتەوە
شارانیش وەک مرۆ وان
کە بیر دەکەن
تەنیا دەبن
بە بێدەنگی دەگرین.
لەو پێشەکییە دەوڵەمەند و پڕ لە زانیارییەی مامۆستای نووسەر و ڕەخنەگر و وەرگێڕی ئەم کتێبەدا، ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە سەربوردەی خود و دەرکەوتنی لە زۆر شیعری مەروان عەلیدا، بە پلەی نایاب سیفەتی ئەوەی پێ دەبەخشێت، لە ڕووی سەرەکییەوە پێی بڵێین شاعیری ئۆتۆبایۆگرافی، بە شیعرەکانیشی بڵێین شیعری ئۆتۆبایۆگرافی: دیارە ئەدەب بە گشتی مناەوێ و نەمانەوێت لە خۆیدا بڕێک لە خودی ئەدیبەکە هەڵدەگرێت، بێ ئەوەی ڕاستەوخۆ بیخەینە چوارچێوەی ئەدەبی بیرەوەری و سەرگوزەشتە و سەرگوزەشتەی خودەوە.
بێگومان هاوڕای ئەم بۆچوونە ئەوەیە کە ئەم شاعیرە بیرەوەری و سەرگوزەشتەی مرۆگەلی وڵاتێک دەگێڕێتەوە بەڵام بە ڕەگەز و کەرەستەی شیعری، سەرجەم ئەو سەرگوزەشتە و یادەوەریانەی مەروان لەوە دەرچوون سەرگوزەشتەی تاکێک بن، بەڵکو دەکرێت هەموان لە یەک چوارچێوەی پڕ لە ئاوێنەدا ئەدگاری خەماوی خۆیان ببینن.
بە گشتی شیعرەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە ئەزموونێکی جوان و جیاوازی شیعرین و لە زۆر ڕووەوە دەکرێت شرۆڤەیان بۆ بکرێت، لە جۆری ئەو تێکستانەن جگە لەوەی چێژی خوێندنەوە بە خوێنەر دەدەن، هاوکات لە جۆری ژیان و غەم و تراژیدیاش ئاگاداریان دەکەنەوە، جەنگ و غوربەت و نۆستالیجیا و ئەوین، لەو بابەتگەلەن کە بە شێوەیەکی جوان و داهێنەرانە و بە زمانێکی شیعری سادە لە فۆڕم و قووڵ لە ناوەڕۆکدا خراونەتە ڕوو، هیوادارم خوێنەرانی شیعر خۆیان لە جوانیی و چێژی خوێندنەوەی ئەم کتێبە شیعرییە بێبەش نەکەن.

ماڵێک بە لێژەبانی سوور

گفتوگۆ لەگەڵ عەباس کیاڕۆستەمی و ئایدین ئاغداشلۆ
یەکێکی تر لە کتێبە دانسقە و جوانەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بریتییە لە کتێبی (ماڵێک بە لێژەبانی سوور) کە لە لایەن نووسەر و وەرگیڕ (جەبار سابیر) کاری وەرگێڕانی بۆ کراوە و بە کوردییەکی جوان و سادە و بێ گرێ وگۆڵ کردوویەتی بە کوردی، ئەم کتێبە بە ڕووکەش وا دیارە گفتوگۆیەکی ئاسایی بێت لە نێوان دوو هونەرمەنددا کە هەر یەکەیان لە بوارێکی جیای هونەریدا کار دەکەن و ناو و ناوبانگی خۆیان هەیە، کە ئەوانیش هەر یەک لە گەورە سینەماکاری ئێرانی(عەباس کیاڕۆستەمی) و گەورە هونەرمەندی شێوەکار (ئایدین ئاغداشلۆ)ن، بەڵام لە ڕاستیدا خودی کتێبەکە و گفتوگۆکان و شێوازی داڕشتنەوە و تەکنیکی گێرانەوەکان کتومت لە ڕۆمانێکی دیکۆمێنتیاری دەچێت، لەوە دەچێت کەسێکی شارەزای بواری گێڕانەوە بە شێوەیەکی جوان و فەنتازی مێژووی شەست ساڵەی ئەو دوو هونەرمەند و هاوڕێی تەمەنەمان بۆ بگێڕێتەوە، چیرۆکی مندڵی و ڕۆژگاری قوتابخانەی سەرەتایی و ئاشنایی و تێکەڵبوون و کارە هاوبەشەکانیان بوونەتە وێنەیەکی دەگمەنی ئەو گێڕانەیە و خوێنەر بە کۆمەڵێک ڕووداو و بەسەرهات و ئەزموون و پەند ئاشنا دەکەن.
بێگومان ئەزموونی ژیان و داهێنانی هەر یەک لەو هونەرمەندە مەزنانە بۆ ئێمە بەها و سەنگ و گرنگیی تایبەت بە خۆیان هەیە، ئازار و برین و سەرما و گەرما و دڵشکان و نەبوونی و ئالەنگارییەکانی ژیانیان تێکەڵ بە دنیای هونەر و مەعریفە و ڕۆشنبیرییەکی قووڵ و ناسکێتییەکی شاعیرانە کردووە، عەباس کیاڕۆستەمی ناوێكی تەواو ئاشنایە لە دنیای ئێمەدا و بە هۆی فیلم وکارە سینەماییەکانییەوە بووتە بەشێک لە جوانبینینمان و بە فیلمەکانی تووشی ڕامان و سەراسیمەی کردووین، ئایدین ئاغدالۆش بە هەمان شێوە کە جگە لەوەی گەورە نەقاشێکی ئێرانییە، هاوکات نووسەرێکی داهێنەریشە لە بواری نووسینی فیلمدا.
وتووێژەکە لە لایەن (مەرجان سائیبی) ئەنجام دراوە، شێوازی وتووێژەکە و دارشتنەوەی زۆر دوورە لەو جۆرە وتووێژە دووبارە و تەقلیدی و ساردانەی کە تاکو ئێستا بەرچاومان کەوتوون، لێرەدا بە جۆرێک لە جۆرەکان وەک سیناریۆ بۆ فیلمێک داڕێژرابێت، سیناریۆ بۆ دانیشتن و وتووێژەکە دانراوە، پێشتر چەند جارێک قسەی تێدا کراوە و ژوان دانراوە، بەڵام بە هەر هۆیەک بێت کارەکە سەری نەگرتووە و هۆکارەکەشی خراوەتە ئەستۆی خەمساردیی و بێموبالاتی عەباس کیاڕۆستەمی، سەرەنجام ئەو ڕۆژە دێت کە لە گەلەرییەکەی ئایدین سێ قۆڵی کۆببنەوە و دەست بە وتوێژەکە بکەن، وەک مەرجانی ڕێکخەری گفتوگۆکە دەیگێڕێتەوە بیرۆکەی سەرەتایی ئەم گفتوگۆیە دەگەڕێتەوە بۆ کاتێک کە هەستی کردووە عەباس کیاڕۆستەمی ئایدین ئاغداشلۆ هاوپۆلی قۆناغی خوێندنی ناوەندی بوون، مەرجان داوا لە ئایدین دەکات داوەتی کیاڕەۆستەمی بکات بۆ ماڵەکەی و ئەویش بەوپەڕی خۆشحالییەوە ڕازی بوو، کیاڕەۆستەمیش داوەتەکەی ئەوی قبووڵ کرد، بەڵام بەرهەمی ئەم دیدارە لەوە لەوە پێشبینیکراوتر بوو کە وێنای کردووە، چونکە گفتوگۆیەکی دوور و درێژی لێ بەرهەمهاتووە و وەک مەرجان خۆی ئاماژەی پێ دەدات بەشێکی ئەم وتووێژە ساڵی١٠١٤ لە ساڵنامەی (شەرق)دا بڵاوبوەتەوە، بەڵام بە هۆی دوورودرێژی وتووێژەکەی نێوانیانەوە، کیاڕۆستەمی پێشنیاری کردووە و لە دووتوێی کتێبێکدا چاپ و بڵاوبێتەوە، دیارە هەر خۆیشی واتە عەباس کیاڕۆستەمی پێشنیاری بۆ مەرجان کردووە کتێبەکە لەژێر ناوی (ماڵێک بە لێژەبانی سوور)دا بڵاوبێتەوە.
عەباس کیاڕۆستەمی لەم وتووێژەدا سەبارەت بە کۆمەڵێک بابەت دەدوێت کە گرنگترینیان بریتین لە یادەوەرییەکانی قۆناغی منداڵی و باوکی، هاوکات کاریگەرییەکانی شیعر لەسەر ژیانی تایبەتی و فیلمەکانی.
ئایدین وەک ئەوەی دەمێک بێت چاوەڕێی ڕۆژێکی وەهای کردبێت لەگەڵ عەباس کیايۆستەمیدا دابنیشن و وتوێژێک سەبارەت بە ڕابردووی خۆیان بکەن، بە شەوقێکی کەموێنەوە باس لەوە دەکات کە چەند جارێک بە عەباس کیاڕۆستەمییان گوتبوو کارێک بکەین لەگەڵ ئایدین گفتوگۆیەک بکەیت، بەڵام دیارە کیاڕۆستەمی خۆی لەم بابەتە دزیوەتەوە و ئامادەی ئەو کارە نەبووە، بە گوتەی ئایدین عەباس کیاڕۆستەمی بیانووی ئەنجام نەدانی وتووێژەکەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە پێی وا بووە ئایدین گفتوگۆکە بە ئاڕاستەی باسکردن لە هونەردا دەبات: من حەوسەڵەی ئەوەم نییە!
ئایدین باس لەوە دەکات کە ئەم چیرۆکە ماوەیەک مایەوە تا ئەو کاتەی دیسان داواکە خرایەوە ڕوو و ئیدی دواجار بەپێی پلان و ئەو ڕێکەوتەی دایان نابوو لە گەلەرییەکەی ئایدین یەکدی دەبینن و جوانترین وتووێژ دەبێتە بەرهەمی ئەو دانیشتنەیان، هەر وەک (جەبار سابیر)ی وەرگێڕی کتێبەکە لە پێشەکییەکی کورتدا ئاماژەی پێ داوە خوێندنەوە و گرنگیی ئەم دیدارە لەوەدایە، ئەم دوو هونەرمەندە گرنگ و کاریگەرەی ئێرانی هاوچەرخ، زۆر بە سادەیی و بێ ڕتووش باسی ژیان و قۆناغەکانی ژیانیان دەکەن: ئەوەی چۆن خۆیان پێگەیاندووە و بوونەتە ئەوەی کە ئەمڕۆ ئێمەیش وەک کورد بێین سەیری کارەکانیان بکەین و سوودیان لێ وەربگرین و سەرسام بین پێیان.
مەرجان لە دەستپێکی دانیشتن و گفتوگۆکەیاندا باس لەوە دەکات کە هەموو شتێک لە خوێندنگەی ناوەندیی (جەم قولهە)کەوە دەستی پێ کرد، لەو کاتەدا کە ئەو باسی کردووە ڕێک شەست ساڵ پێش دانیشتن و وتوویژەکەیان بووە، لەو کاتەدا هەر دووکیان واتە عەباس کیاڕۆستەمی و ئایدین تەمەنیان سیازدە ساڵان بووە، یەکێکیان شەڕانی و سەر بە گێچەڵ، ئەویتریش هێمن و گۆشەگیر: ژیان بۆ ئەوان پێکەنی، عەباس کیاڕۆستەمی لووتکەکانی فیلمسازیی دنیای تەی کرد، خەڵاتگەلی گەورەی لەگەڵ خۆیدا بۆ ماڵەوە هێنایەوە و بە نیگایەکی ڕازاوی، کە لەودیو ئەو چاویلکە ڕەشەوە شاردرابووەوە، مانای بەخشییە کادێری وێنەگرانی جیهان، ئایدین ئاغداشلۆ، پانتاییب بوومی هەڵبژارد و جیهانی ڕابردووەی لە مانایەکی هاوچەرخدا ڕەنگ و شێوەی پێ دا و کارە هونەرییەکانی ڕاڤە کردن و ڕوونی کردنەوە، هەر کامیان چوونە شوێن خەونی تایبەتی خۆیان و گۆڕان بۆ هونەرمەندانێکی خۆفێرکەر.
مەرجان ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە کە ئایدین ئاغداشلۆ ماوەیەک بەر لە شۆڕش، لە مۆزەخانەی ڕەزا عەباسی سەرقاڵ بووبوو، عەباس کیاڕۆستەمیش لە کانوونی پەروەردەکردنی فکری منداڵان و نەوجەواناندا فیلمی دروست دەکرد، ئەوان بە یارمەتیی ئەزموونی بەرجەستەی نەداری، فێر بووبوون بەڕەیان لە ئاو دەربکێشن: ئەم گفتوگۆیە گەڕانەوەیەکە بۆ ڕابردوو و هەڵدانەوەی پەڕەکانی ڕۆژگار، گفتوگۆیەکی نەناسراو، کە لە پەنا دێڕەکانیەوە هەندێک جار تەنانەت وەڵامی ئەو پرسیارانەشیان داوەتەوە کە نەپرساون، پرسیارگەلێکی بێ وەڵامیشیان لە زەینی ئێمەدا دانا.
هەر یەک لە بەشەکانی ئەم گفتوگۆیە ناونیشانێکی تایبەت و سەربەخۆی هەیە کە بریتین لە: چاوەڕێی دەنگی پێی بووم، یارانی ڕازی، پلانگەلێک لە منداڵی، خەڵکانی هیچ لەباردانەبوو بە خۆشیگەلی بچووک، بە خودای نەناسراو، هاوزایی لەگەڵ ڤانگۆگدا، چۆن ئێمە نەبووینە چەپ، دە،مانویست ببینە شتێک، خەڵوەت و داهێنەری، ڤایرۆسی کۆمەڵ، لە ئایدینەوە بۆ ئایدین، پاش گفتوگۆ، فیلمناسیی عەباس کیاڕۆستەمی.
ئەم نووسینە هەوڵێکە بۆ هاندانی خوێنەر تە خۆیان لە چێژ و جوانیی ئەم کتێبە بێبەش نەکەن و بیخوێننەوە، بە خوێندنەوەی ئەم کتێبە بە ئەزموونی ژیان و ڕابردوو و قۆناغەکانی شەست ساڵ لە تەمەن و داهێنانی دوو گەورە هونەرمەند ئاشنا دەبیت، جوانیی ئەم گفتوگۆیە لەوەدایە کە ڕووبەڕوو ئەنام دراوە و پرسیار لە هەر کامیان کرابێت ئەوی دیکەشیان وەڵامی داوەتەوە، چونکە ئەم دوو کەسایەتییە هونەرییە زۆر باش ئاگایان لە ژیان و بەرهەم و داهێنانی یەکدی هەبووە، پێکەوە لە ناوەندییەوە ژیاون تا قۆناغی زانکۆ و گەیشتن بە دوایین لووتکەکانی داهێنان و سەرکەوتن.

ڕانانی: سەردەم