لە عەرەبییەوە: هەورامان وریا قانع

بۆچی نامە گۆڕینەوەی نێوان پیاوانی ئەدەب و هونەر، سەرنجی خوێنەران رادەکێشێت؟ ئایا لەبەر بەها ئەدەبی و هونەریەکەیەتی؟ یان لەبەر ئەوەیە دۆکیمێنتێکی گرنگە و کۆمەڵێ روداو تۆماردەکەن کە لە قۆناغێک لە قۆناغەکانی ژیانیاندا پێیدا تێپەڕیون؟ یان تەنها حەزێکی مرۆییانەیە وا دەکات خەڵک و خوا، تامەزرۆی زانینی هەندێک لایەنی نادیاری ژیانی ئەدیبەکان ببن کە نووسینەکانیان ئاشکرای ناکات؟

(من لەو باوەڕەدابووم دوور لە تۆ، هەرچۆنێکبێت دەتوانم بە سەختی بژیم… بەڵام هەڵەبووم… دوور لە تۆ، هەرگیز ناتوانم بژیم… ئەگەر لە نێوان تۆو جیهاندا، یەکێکتان هەڵبژێرم، ئەوا تۆ هەڵدەبژێرم، لە بری ژیان و ئاسمان تۆ هەڵبدەبژێرم). زەحمەتە باوەڕ بەوە بکەین خاوەنی ئەم وشە ناسک و پڕ سۆزانە، نووسەری گەورە ئەلبێرت کامۆ بێت، کە بەوە ناسراوە کەسایەتییەکی خۆپارێزو بێدەنگی هەبووە. ئەوە چەند دێڕێکە لە نامەیەکی کامۆ کە لە مانگی ئازاری ساڵی 1944، بۆ عەشیقەکەی “ماریا کازاریس”ی نووسیوە. نووسەری فەرەنسی کامۆ بە درێژایی زیاد لە ١٠ ساڵ، پەیوەندییەکی نهێنی لەگەڵ ئەکتەری بە ڕەگەز ئیسپانی ماریا کازاریس هەبووە. ئەم نامەیەو چەندین نامەی دیکەی نێوانیان، بەم دوایانە لە کتێبێکدا بە ناونیشانی (کامۆو ماریا کازاریس نامەکانی 1944-1959)، لەلایەن دەزگای گالیمار بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، بڵاوکراوەتەوە. نامەکان ئاشکرای دەکەن خۆشەویستییەکی گەرموگوڕو هاوتەبایی بیروڕا، لە نێوان ئەم دوانەدا هەبووە. بەڵام نامەکان لە هەمانکاتدا، هەست و سۆزی خەمبارانە و چرکەساتی گومانی وجوودیی دەردەخەن کە رۆشنبیرە فەرەنسییەکە، لە ئەنجامی ماندووبوون و نەخۆشییەکەیەوە، دووچاری دەبوو. هەر بۆیە دەبینین نامەی بۆ دەنووسێت و ئەم دەستەواژانەی تێدایە: (ئەم بەیانییە هەست دەکەم خاڵیم- 1950)، (من شەکەت و کەساس و خەمبارم)، (من وەک ئەو بەلەمە ونبووە وام، ئاوەکان دوای کشانەوەیان، لە جێگایەکی پیس و پۆخڵدا بەجێیان هێشتووە)، (بۆ بەدبەختی خۆم، هەست بە تەنهاییەکی گەورەو توند دەکەم- 1953).

کامۆ کە خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئەدەب وەرگرتووە، لەو کات و ساتەدا، بڕواو متمانەی بەخۆی نەبووە، سەروەختێک دەربارەی پرۆژەکانی: (مرۆڤی یاخی)، (تاراوگەو کەوتن) قسەوباسی لەگەڵ ماریا کردووە، دانی بەوەدا ناوە کە متمانەی بەخۆی نییەو بۆی دەنووسێت: (هەست ناکەم من لە ئاستی پێویستدابم)، هیچ بایەخی بەو گفتوگۆو مشتومڕە نەداوە کە بڵاوکردنەوەی کتێبەکەی (مرۆڤی یاخی) هێنابویە ئاراوە. سەبارەت بەو بابەتە هیچی بۆ ماریا نەنووسیوە، وەک ئەوەی بەلایەوە گرنگ نەبێت، تەواو پێچەوانەی ئەوەی دەوترا.

لە بەرامبەر کامۆدا، پێدەچێت نووسەری روسی ڤلادیمێر نابکۆف، لەو نامانەی کە بە درێژایی پەنجا ساڵ، لەگەڵ “ڤێرا”ی هاوسەری و تاقە خۆشەویستی ژیانی، ئاڵوگۆڕیان کردووە، کەسایەتییەکی قسەخۆش و گەشبین دەرکەوتووە: (نامەکانی نابکۆف بۆ ڤێرا، دەزگای ڤایار بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە). نابکۆف لەو نامانەدا بەم نازناوە ناسکانە بانگی هاوسەرەکەی کردووە: (ئاسمانە پەمەییەکەم)، (چۆلەکەکەم)، (مشکە بچوکەکەم). جگە لەوە نامەکانی بە وێنەو وشەی یەکتربڕو یاری هزری جۆراوجۆر هاوپێچ دەکرد. سەفەرو گەشتەکانی بە شێوازێکی خۆش و بەتام بۆ هاوسەرەکەی دەگێڕایەوە، بۆ نموونە دەینووسی: بۆنی ناو میترۆکانی پاریس، زۆر پیسەو بۆگەنی (پێ)م بیردەخاتەوە. خوێندکارە ئەمریکییەکانی- لەبەر ئەوەی خۆی روسییە- پێشبینی ئەوەیان کردووە شێخێک بە ڕیشی دیستۆفیسکی و بە کراسەکەی تۆڵستۆی ببینن.

ئەوەی نامەکان ئاشکرای دەکات، ئەو پەیوەندییە توندوتۆڵەیە کە نابکۆف-ی بە هاوسەرەکەیەوە بەستووەتەوەو هاوسەرەکەی لە پشت زۆرێک لە سەرکەوتنەکانییەوە بووە. ئەوە هاوسەرەکەی بووە هەڵەچنی بۆ نووسینەکانی مێردەکەی کردووەو پاشان ناردوویەتی بۆ بڵاوکراوەکان. نابکۆف لە مانگی تەموزی ساڵی 1923دا، نامەیەک بۆ هاوسەرەکەی دەنووسێت و دانبەوەدا دەنێت کە (بەڵێ پێویستم بە تۆیە… چونکە تۆ تاقە کەسێکیت کە دەتوانم دەربارەی هەموو شتێک قسەت لەگەڵدا بکەم… تاقە کەسێک کە دەڕۆم بۆ کار، دەتوانم پێی بڵێم ئەمڕۆ گوڵی گۆڵەبەڕۆژەم بینی، بە هەموو تۆوەکانییەوە بۆم پێدەکەنی).

ئەمیری شاعیران “پۆل ڤێرلین” کە ژیانێکی سەختی بەڕێکرد، ئەویش مرۆڤێکی خەمبارو  کەساس بوو، گیرۆدەی دەستی نێوان هاوسەرەکەی و ئارسەر ڕامبۆی هاوڕێی بوو، گیرۆدەی نێوان هەست و سۆزی وەجاخزادەیی و خانەدانەیی و هەست و سۆزی ڕیسوایی و ئابڕوچوون بوو. ئەو نامانەی لەگەڵ رامبۆ ئاڵوگۆڕیان کردووە: (ڤێرلین و رامبۆ: دواهەمین نامە، دەزگای لۆسوی بۆ بڵاوکردنەوە)، ئەوە دەخەنەڕوو کە ڤێرلین پەیوەندییەکی بەهێزو لە هەمانکاتدا، توندو پڕ کێشەی، لەگەڵ رامبۆدا هەبووە، ئەمە دوای ئەوەی بڕیاریدا رامبۆ بەجێبێڵێت، چونکە رامبۆ زۆر سەرەڕۆیانە و هەرزەکارانە هەڵسوکەوتی دەکرد. جارێکیان رامبۆ لە نامەیەکدا بۆ ڤێرلین، لێی دەپاڕێتەوەو دەنووسێت: (بەڵێ، من هەڵە بووم… بەڵام تۆ تەنها لەگەڵ من دەتوانیت ئازاد بیت، بەڵێنت پێدەدەم باشدەبم لەگەڵت و بەشی خۆم لە بەرپرسیارەتی دەگرمە ئەستۆ(…)، ئەگەر بە گەڕانەوەت بۆ لام، یان بەوەی من بێم بۆ لات ڕازینەبیت، ئەوە تاوانێکی گەورەیە. بێگومان ئەگەر هاوسەرەکەت گەڕایەوە، ئەوا چیتر نامەت بۆ نانووسم، وەلێ بە قسەم بکەو بگەڕێرەوە بۆ لای من… خۆشمدەوێیت). ڤێرلین ئاوا وەڵامی دەداتەوە: (دەمەوێت بزانیت من پێویستە بڕۆم، چونکە چیتر بەرگەی ژیانی سەرەڕۆیی و بینینی ئەم هەموو ناکۆکییانە ناگرم… بەڵام لەبەر ئەوەی من بەراستی تۆم خۆشدەوێت، بۆیە دەمەوێت بزانیت ئەگەر بارودۆخم لەگەڵ هاوسەرەکەمدا باشنەبێت، ئەوا خۆمدەکوژم… بیرۆکەکانی کۆتایم بۆ تۆ دەبێت).

نامەکانی سیمۆن دی بۆڤوار لەگەڵ خۆشەویستەکەیدا، سینەماکاری فەرەنسی کلۆد لانزمان، بەدرێژایی حەوت ساڵ، ئەگەرچی هەمووی بڵاونەکراوەتەوە، ئەوە دەردەخەن پەیوەندی کراوەی نێوان نووسەری (رەگەزەکەی دیکە)، واتە بۆڤوارو جان پۆل سارتەر، گرنگترین پەیوەندی نەبووە لە ژیانیدا. سارتەر هاوژینە سەرەکی و بەهێزەکەی ژیانی نەبووە. تەنانەت نیڵسن ئەلگرینی ئەمریکیش، شەریکە سەرەکی و بەهێزەکەی ژیانی نەبووە. ئەم خانمە فەیلەسوفە فەرەنسییە، بەپێی (رۆژنامەی لۆمۆند، مەنفای ئەمریکی بۆ نامەکانی س. د)، دان بەو خۆشەویستیەیدا دەنێت و لە نامەیەکدا بۆ عاشقە گەنجەکەی دەنووسێت: (نەمدەزانی خۆشەویستی ئاوا دەبێت. سارتەرم خۆشویست، بەڵام بەبێ ئەوەی خۆشەویستییەکی دوولایەنە بێت. هەروەها ئەلگرین-یشم خۆشویست، بەڵام لە میانەی ئەو خۆشەویستییەوە کە بۆ منی دەردەبڕی، بێ ئەوەی من هەست و سۆزێکی راستەقینەم بۆی هەبێت. وەلێ تۆ بەڕەهایی یەکەم خۆشەویستی راستەقینەی… ئەو خۆشەویستییەی کە لە ژیاندا تەنها یەک جار دێت…). جگە لەوە نامەکان ئەوە ئاشکرا دەکەن کە سیمۆن دی بۆڤوار، سەری بۆ سارتەر دانەنواندووەو خاوەنی هەست و سۆزێکی ساردو سڕ نەبووە، وەک ئەوەی باسدەکرا. سیمۆن رازیبووە بەوەی لە ژیانیدا، بۆ یەکەمجار لەژێر یەک بنمیچدا لەگەڵ پیاوێکدا بژی کە سارتەر بووە. لێرەدا دەبێت ئاماژە بەوە بکەین سینەماکاری فەرەنسی، هەمو ئەو نامانەی فرۆشت کە لەلای زانکۆی ئەمریکی (یال) بوو، ئەمە دوای ئەوەی میراتگرانی خانمە نووسەری کۆچکردوو، رازینەبوون نامەکان لە فەرەنسا بڵاوبکرێنەوە. ئەگەرچی خانەوادەی سیمۆن رازیبوون نامەکانی سارتەرو ئەلگرین بڵاوبکرێنەوە.

توێژەری فەرەنسی ئەلسکەندەر جیڤان، سەبارەت بە هۆکاری بایەخدانی خەڵکی بەو نامانە دەڵێت: (ئاشنابوون بەو نووسەری خۆشتدەوێت، بە مانای ئەوەیە لە چوارچێوەی خێزانەکەیدا بیناسیت، وەک ئەوەی ئێمە دەڕۆینە ژورێکەوە بێ ئەوەی تێکەڵی بین و بێ ئەوەی زیانی پێگەیەنین). بەڵام جیل ڤیلیپ-ی توێژەر لە زانکۆی لۆزان کە سەرپەرشتی کتێبی نامەکانی مارگرێت دۆراس-ی کردووە دەڵێت: (ئەم رۆژگارە متمانەی بە خەیاڵ نییە، خوێنەر لەمڕۆدا دەیەوێت چیرۆکەکان لە واقیعەوە وەرگیرابن). وەلێ نووسەرو رۆژنامەنووس بیار ئاسۆلین دەڵێت: (لای ئەو نووسەرانەی یاداشتەکانیان دەنووسنەوە، نامە نرخێکی ئەوتۆی نییە. نووسەر لە نووسینەوەی یاداشتەنیدا دەتوانێت راستییەکان جوان بکات، بەڵام نامەکان بۆ خود دەنووسرێن. نامەکان گفتوگۆیە لەگەڵ ئەوەی کەنەهاتووەو غائیبە).

سەرچاوە

ئەنیسە مەخالدی، الشرق الاوسط، یەک شەممە، 3 ئازار، 2019، ژمارە 14705

ناردن: