پاولۆ کۆییلۆ

سەما لەگەڵ فریشتەکاندا دەکات

سازدانی دیدار: ڤالێری رایس

لە ئینگلیزییەوە: شێرزاد حەسەن

پایزی پار بوو، كە من لەسەر ئینتەرنێت پەیوەندیم بە پڕ فرۆشترین نووسەری برازیل-ی كرد، خاوەنی ڕۆمانی «كیمیاگەر» و دەیەها ڕۆمانی دیكەی بەناوودەنگ، من واقم وڕماو بووم لەبەردەم وەها بەجیهانیبوونێكی بەربڵاوی ئەم نووسەرە. لە نیویۆرك و لە هۆتێلەكەی خۆی بوو لە «میلان»، كە یەكدیمان دواند، لە هەموو لایەكەوە عاشقانی ئەدەبەكەی بە پرسیار گەمارۆیان دابوو، لە میسر-ەوە بۆ سوید و ئیسپانیا و ئێران و شوێنانی دیكە. هەموان دەیان خواست بزانن كە لە كام سەرچاوە و لە كوێوە بیر و خولیاكانی بۆ دێت، خوو و خدە و هەڵسوكەوتی چ جۆرێكە، داوای ڕێنماییان لێ دەكرد، كە ئەوانیش چۆنچۆنی بە دوای گەنجینەی شاراوەی نێو زاتی خۆیاندا بگەڕێن و بیدۆزنەوە. ناوبانگی سەرسامكەری پاولۆ كۆییلۆ لە كتێبەكانییەوە هاتووە، كە بۆ شەست و سێ زمان وەرگێڕدراون، لە هەموو شوێنێكدا دڵی خوێندەوارانی بە لای خۆیدا ڕاكێشاوە، زۆر بە قووڵی و زۆر بە سادەیی لە ڕێگەی ئەو پەیامە ڕۆحانیانەی خۆیەوە خەڵكی لە دەوری خۆی كۆ كردۆتەوە.

ئەو نووسەرە تەمەن پەنجا و نۆ ساڵە و زێدە خۆشەویستە بە هەوەسی خۆی حەزی كرد بمبا و بمهێنێت، ئەوەبوو بەم دواییە لە ماڵەكەی خۆیدا و لە «پاریس» ەوە زەنگی بۆ لێ دام بەو نیازەی كە سەبارەت بە دوا كتێبی قسان بكەین: كتێبی «جادووگەرەكەی پۆرتۆبیللۆ»، قسە لەسەر ئەوەی لەبەرچی حەز دەكات سەما بكات، باسوخواسێك لەمەڕ «كەتالۆسیزم»ە دژوار و پڕ لە قرتوپرت و دوودڵییەكەی، یان بۆچی زۆر گرنگە باوەش بۆ خۆشەویستی بكەینەوە، هەتا گەر خودی خۆشەویستی ببێتە مایەی دەردەسەری و ئازار و تلانەوەش.

چۆن بڕیارت دا كە سەبارەت بە جادووگەر بنووسیت؟

پاولۆ كۆییلۆ: یەكەم جار بیرم لەوە دەكردەوە بە وردی شتێك سەبارەت بەو لایەنە و دیوی مێینەیی كە لە خوداوەند- دا هەیە بنووسم. شتێكە كە ئێمە بایەخێكی زۆری پێ نادەین، بە لایەنی كەمەوە لەنێو شارستانییەتی خۆماندا. سێ ئایینە سەرەكی و بەربڵاوەكە – مووساپەرستی، عیساپەرستی و ئیسلام – بە جۆرێك لە جۆرەكان نكوڵی لەوە دەكەن، كە خودا بۆ خۆی ڕەهەند و ڕووییەكی مێینەیی هەبێت. هەرچۆنێك بێت، گەر ئێوە بچنە ناو دەقە پیرۆزەكان، لەوێدا ئامادەگییەكی مێینەیی – فێمینی – دەبینن. دووەم پاڵنەر بۆ ئەم هەوڵەم خواستێك بوو بەوەی بتوانم ئەم بابەتە بە واقیعێكی بەرچاو و بەرجەستە ببەستمەوە، بەو مانایەی كە هەست بكەین بە چواردەوری ئێمەوە چی دەگوزەرێت. بۆ من هەموو شتێك پیرۆزە، سەرەتا بەم سەرزەمینەوە دەست پێ دەكەم، بەڵام دەچمەوە سەر پیرۆزكردنی هەموو ئەو شتانەش، كە بە دەستی مرۆڤ دروست كراون.

 دوا جار.. كتێبی «جادووگەری پۆرتۆبیللۆ» سەبارەت بە خەڵكانێكە، كە دەوێرن چەند هەنگاوێك بنێن ڕووەو گەشتێكی رۆحی نائاسایی. هەر لە ئێستاوە وەك جادووگەر ناسراون – دەی باشە، جادووگەر وشەیەكە كە پڕ بووە لە كینە و لایەنگیری و ئازار و زیان و لەڕێ لادان و حوكمی خۆڕاییو جۆرێك لە ستەمگەری. ئەم كتێبە سەبارەت بە هەموو ئەو شتانەیە. جادووگەر كەسێك بووە، كە لەگەڵ یاسا و ڕێسا و دەستوورە دامەزراوەكاندا كۆك و گونجاو نەبووە، بۆ هەمیشە هەوڵی داوە ئازا بێت و بوێرێت دوورتر بڕوات و پەرژینەكان بشكێنێت و بە ڕۆحێكی ئاهەنگسازییەوە ڕوو لە ژیان بكات، نوقمی خۆشەویستی بێت، شاد و خۆشبەختانە لەزەت لە زیندەگی بكات ئەو كاتەی سەرگەرمی ژیانە.

لە كتێبەكەتدا كارەكتەرێك دەڵێت: «هەر هەموو ژنەكان جادووگەرن». تۆ لێرەدا مەبەستەكەت لە ڕوانگەیەكی جوان و پۆزەتیڤەوە هاتووە؟

پاولۆ كۆییلۆ: هەڵبەت.. بەڵێ.. بەڵێ.. بەڵێ. هەموو خانمان وردو بە سەلیقەترن سەبارەت بەو توانایەی هەیانە بۆ تێگەیشتن و هەستكردن بە كەسەكان و شتەكانی دەوروبەر، لەوەدا پێش پیاوان كەوتوون. كەواتە.. ئافرەتان بۆ هەزارەها ساڵە لە باری مرۆیی و ڕۆحییەوە كپكراون و سەركۆنە كراون، ئارەزووەكانیان خنكێندراون و جڵەوگیر كراون، ئەوەش بەوە كۆتایی هات، كە ئەوان هەستی شەشەمیان پتر گەشە بكات، لە پاڵ پەیداكردنی بەهرەیەكی زۆرتر لە تێڕامان و بیركردنەوەو خۆشەویستی. ئەوەشیان شتێك بوو كە ئێمە زۆر بە زەحمەتو ماوەیەكی درێژترمان ویست، تاوەكو دانی پێدا بنێین و قایل بین بەوەی كە ئەوان و ئەو توانا دەگمەنەیان بەشێكە لە كۆمەڵگە. ئێمە هەوڵ دەدەین واقیع وەك دیوە فیزیكی و بەرجەستەكەی ببینین، بە واتا لەو دیوە مادییەی دوورتر و واوەتر ناڕوات، بەڵام ئەو شتەی بۆ هەموومان پێویستە، كە ژنانیش دەگرێتەوە، پەرەپێدان و بەهێزكردنی زۆرتری ئەو ڕەهەندە مێینەیی و ژنانییەی ناو زاتی خۆمانە، كە دەكات وردبینی و سەلیقە و ژیری و پێشبینی، بە واتا كراوە بین بۆ بینین و دەركپێكردنێكی تازە بە واقیع، كە دیارە بە گشتی لەوەدا ئافرەتان كراوەترن.

بۆچی تۆ وا بیر دەكەیتەوە، كە زۆرینەی خەڵكی لە بەرامبەر ئەو ڕەهەند و ڕووە مێینەییەی یەزدان – دا هەست بە هەڕەشە دەكەن؟

پاولۆ كۆییلۆ: چونكە ئەوەیان وا دەخوازێت، كە ئێمە پتر پێشوازی لە خۆشەویستی بكەین وەك ڕێبەر و پێشەنگێك بۆ ئاڕاستەكردنی هەموو ژیانمان. كەچی ئێمە وا ناكەین لە ترسی ئەوەی نەبا بتلێینەوە و ئازار بچێژین. لەوە دەچێت ئێمە قیبلەنوماكەمان بزر كردبێت و جڵەوی خۆمان بۆ نەكرێتو نەزانین ڕووگەمان لە كوێیە. لەوە دەچێت پەلمان بگرن و بمانخەنە سەر ڕێگایەك، كە نەزانین بۆ كوێمان دەبات.

بۆچی خۆشەویستی بۆ زۆربەمان وەها سەختگیر و كوشندەیە، كە ناتوانین پەسندی بكەین و باوەشی بۆ بكەینەوە؟

پاولۆ كۆییلۆ: چونكە لە ناوئاخندا هەڵگری ئازار و تلانەوەیە. تۆش ئەوە دەزانیت. دەی باشە.. یەكەمیان ئەوەیە كە خۆشەویستی گرنگترین هەستوسۆزە لە ژیاندا. دووەمیان كە مەرجە بیزانین: خۆشەویستی خەسڵەتێكی تەواو كێویانەی هەیە، كە لەوەدایە ڕووەو بەهەشت یان دۆزەخ بمانبات. من ناڵێم خۆشەویستی بۆ هەمیشە دەتباتە بەهەشت. دەكرێت ژیانت ببێتە مۆتەكە و مێردەزمە و سواری سەرت بێت، بەڵام ئەوەش وتراوە كە خۆشەویستی ئەوە دەهێنێت ڕیسك بكەیت و مل لە تیغ بسوویت.

لە ناوئاخنی كتێبەكانی تۆدا بۆ هەمیشە كێشەی ئەو ئەگەرە لەئارادایە، كە مرۆڤ ئەو رێڕەوە رۆحانییە بدۆڕێنێت، گەر كەوتە ناو خۆشەویستییەكی ڕۆمانتیكی چ وەك نێر و چ وەك مێ؟

پاولۆ كۆییلۆ: بە دڵنیاییەوە. بەڵێ.. وایە. ئەوەشیان شتێك نییە مرۆڤ لێی بترسێت.

بەڵام لەوە دەچێت كارەكتەرەكانت هەر بە ڕاستی كەم و زۆر ئەو ترسەیان هەبێت؟

پاولۆ كۆییلۆ: بەڵێ.. چونكە ئێمە وەك بنیادەم ترسێكی وامان لە دڵدایە، كە لەمیانەی خۆشەویستی ڕۆمانتیكی ڕۆحی خۆمان لەدەست بدەین، بەڵام لە كۆتایی ڕۆژدا – زۆر چاكە.. بسرەوەو ئارام بە.. خۆش ڕابوێرەم چونكە دوا جار ژیان و زیندەگی هەر وا بووە.

هەروەها لەم كتێبەی تۆدا مۆسیقا فاكتەرێكی مەزنە. ئەرێ تــۆ سەما دەكەیت؟

پاولۆ كۆییلۆ: هەڵبەت سەما دەكەم.  ئەو كاتەی سەما دەكەم، بیر لە هیچ شتێكی دیكە ناكەمەوە. هەنووكە كە لێرەم.. بە هەموو بوونێكمەوە لێرەم، كە لەناو گەرمەی سەمادا بم، بە تەواوی لەوێندەرم. تۆ تێم دەگەیت؟ ئەو هەستەش لەوەدا چڕ دەبێتەوە، كە من لە خۆم دوور كەوتبێتمەوە. بە واتا ڕۆحم لە تەك فریشتەكاندا سەما دەكات و لەشیشم لە تەك ژنەكەمدا سەما دەكات.

ئەوە چ مۆسیقایەكە كە سەمات پێ دەكات؟

پاولۆ كۆییلۆ: ئەها، نەوەی من.. هەموومان لەسەر مۆسیقای «رۆك ئاند رۆڵ» ی كلاسیك ڕاهاتبووین. ئەگەر ئێستا بچیتە ناو هەر یانەیەكی سەمای شەوانە، چیتر گوێت لەم جۆرە مۆسیقایە نابێت. بە تەنها گوێت لەو زرموكوتە دەبێت: بانگ بانگ.. بووم بووم، كەواتە من ناچارم لەسەر ئەم مۆسیقایە سەما بكەم.  من نازانم كێ گۆرانی دەڵێت، ناشزانم جێبەجێكەر كێیە و كۆی باندەكە كێ ڕای دەپەڕێنێت. من تەنها حەز دەكەم بچم بۆ یانەكەو لەوێندەرێ سەما بكەم، چونكە من هەست دەكەم لە ڕووی سۆزدارییەوە سەماكردن بە تەواوی هاوسەنگیم دەپارێزێت. جار و بار زۆر پێویستە لە ڕێگەی سەماوە كۆنترۆڵی خۆمان لەدەست بدەین، بە لای كەمەوە هەفتەی جارێك.

ئەو كاتەی كە لە ماڵەوەیت مۆسیقا دەخەیتە سەر …

پاولۆ كۆییلۆ: ئەوەیان شتێكی تەواو جیاوازە.. بەڵێ. وەلێ جیاوازییەكەی لەوەدایە، بۆ نموونە.. من ناتوانم بنووسم و لە هەمان كاتدا گوێ لە مۆسیقا یان گۆرانی بگرم. چونكە ئەو كاتە مۆسیقاكە ئەوەندە بەهێز دەبێت، كە لە نووسین ڕامدەگرێت و ناچارم دەكات بەوەی كە گوێی بۆ ڕادێرم. كەواتە من ناتوانم گوێ لە مۆسیقایەكی وەك جۆری «موزارت» بگرم.. تۆ دەیزانیت؟ چونكە  ئەو جۆرە مۆسیقایە ئاهەنگسازە و دەم خاتە سەر هەوای شان بادان. نەخێر..نا. سەبارەت بە خۆم مۆسیقا داوام لێ دەكات، كە بە تەواوی خۆمی بۆ تەرخان بكەم.

لە كارەكانتدا زۆر جاران ئاماژە بەو ناكۆكییە دەكەیت، كە لە نێوان یاسا و ڕێساكانی كڵێسا و فەرموودە و ڕێنماییەكانی ئینجیل- دا هەیە. تــۆ گەرەكتە شتێك سەبارەت بە ڕیاكاری و دووڕوویی لەوێــدا بدركێنیت؟

پاولۆ كۆییلۆ: من بە تەنها دەتوانم قسە لەسەر ئایینەكەی خۆم بكەم، كە كاسۆلیكی-م. من كاسۆلیكیم، چونكە خۆم هەڵم بژاردووە، هەروەها دەچم بۆ نوێژی بەكۆمەڵ لە كڵێسا، كە هەمدیس خۆم هەڵم بژاردووە. ئەوەیان كەوتۆتە دەرەوەی ویستی ئازادانەی خۆم، بەڵام دواتر كە من لە هەندێك جاردا بەریەككەوتنێكی مرۆیانە دەبینم، كە بە تەنها لە چوارچێوەی سرووت و نەریتێكی پیرۆزدا ڕێزی دەگیرێت، ئەوسا بە خۆت دەڵێیت: ئۆهـ.. وای خودای من، ئەوەیان هەمان ئەو شتە نییە، كە عیسا پێغەمبەر وتوویەتی. عیسا زۆر كراوەتر بوو – پڕ بوو لە خۆشی و شادی و ژیان، چونكە ئەم كەسێك بوو بۆ هەمیشە لە گەشت و گەڕان نەدەكەوت، ژنان بە دەورییەوە بوون، شەرابی دەخواردەوە. تۆ دەزانیت كە ئەم گفتوگۆی سەیر و مەزنی هەبوو لە تەك مرید و شاگردەكان و شوێنكەوتووەكانی.

لەو كڵێسایەی هەنووكە من پێوەی پەیوەستم، زۆر لە جاران پتر، سەردارەكانی دژ بە هەر ڕێڕەوێكی سرووشتیانەی مرۆڤدۆستی و مرۆڤپەروەرین. ئەم پاپا تازەیەی كە هاتووە كارەساتە، با ڕوونتر بدوێم.. من نیازم نییە بەرگری لە پاپایەك بكەم، بۆ نموونە.. كە دژ بە بەكارهێنانی «كۆندۆم» وەستاوەتەوە. من ئامادە نیم بەرگری لە پاپایەك بكەم، كە وا مەزەندە بكات هێشتا لە سەدەكانی ناوەڕاستدا دەژین و بڕوای وا بێت كە بیروباوەڕی كاسۆلیكی تاقانەیە و هەر خۆمان ڕاستین. ڕەنگە هەنووكە تۆ لێم بپرسیت:  تۆ بۆچی وەك كاسۆلیكی خۆت دەناسێنێت، گەر لەگەڵ پاپا و قەشەو سەرۆك قەشەكان و پیاوانی ناو كڵێساكە یەكدی ناگرنەوە؟ زۆر چاكە.. وەڵامی من ئەوەیە: چونكە  بۆ من ئایینەكەم  زۆر بایەخدارتــرە لەو پیاوانەی كاری تێدا دەكـەنو ئاراستەی دەكــەن.

بەڵام سرووتەكانی نوێژی بە كۆمەڵ لە كڵێسا و فەرموودەكانی عیسا لە لای من پەسندن. ئەوە ئێمەین كە پاپامان هێشتۆتەوە. نوێژە بەكۆمەڵەكە بۆ من ڕاز و نهێنی تێدایە، ئەوەش بۆ من سرووتێكی تەواو و بێ كەموكوڕییە.

لەسەر ئاستی هەموو جیهاندا ململانێ و ناكۆكی ئایینی تین و تاوی پتری سەندووە. ئەوەیان چۆن وای كردووە خەڵكی پتر برسی كتێبەكانی تۆ بن، كە خەڵكی سەر بە مەزهەب و ئایینی جیاواز پەنای بۆ دەبەن؟

پاولۆ كۆییلۆ: من نازانم بۆچی كتێبەكانی من لای ئەو خەڵكە پەسندن، چونكە من بۆ ئەوە دەنووسم تاوەكو لە خۆم تێبگەم. ئەو كاتەی من «جادووگەر»م نووسی، واو،  من هەموو ئەو بیرو بۆچوونانەم لە مێشكدا هەبوو، وەك مەتەڵ. كەواتە من دەبوو هەموویان پێكەوە گرێ بدەم، تاوەكو هەموو وێنەكە بە تەواوی ببینم و تێبگەم. كەواتە ئەو كاتەی من دەنووسم، ئەوسا روون و ئاشكراتر خۆم دەبینم.

من كە دەنووسم زۆر گەرماوگەرم و خۆڕسك سەرگەرمی ئەو كارەم. من بابەتەكانی خۆم لەو شتانەوە دادەتاشم، كە هانم دەدەن و دەموروژێنن و دنەم دەدەن. ئەو كاتە كتێبەكانم فرۆشی لە سەرتۆپی لیستەكەدایە. ئەوەشیان بۆچی؟ زۆر چاكە.. من نایزانم بۆ. لەوانەشە ئەو رۆژەی من نهێنییەكەی دەزانم، ببێتە مایەی دۆڕانی ئەو سەلیقەیە و گەرموگوڕی و خۆرسكییەم لە نووسیندا. ئەوسا ناچار چەند بارە خۆم دووپات بكەمەوە. ئەو كاتە لە خۆم ون و نامۆ دەبم، چونكە كتێبەكەم چیتر نابێتە ئامڕاز و ڕێگەیەك بۆ خۆدۆزینەوە. كتێبەكە بە تەنها وەك بەرهەمێك، یان كاڵایەك دەكەوێتە بەر چاوان. ئەوساش بۆ من بە تەواوی مانای خۆی دەدۆڕێنێت.

ئایا ئەو دۆخ و شێواز و زەمینەسازییە چین، كە وا لە تۆ دەكەن لە ڕووی فیزیكی و ڕۆحییەوە ئامادەی نووسین بیت؟ هەندێك لەو سرووت و نەریتانە چین، كە تۆ بۆ نووسین گڕ دەدەن و  پێویستت پێیانە؟

پاولۆ كۆییلۆ: باشترین ڕێگا بۆ ئەوەی ئیلهام و سرووش بۆ نووسین بخوازیت- كە تایبەت بە خۆم بێت- بینینی خەڵكە. كە تۆ ڕووبەڕووی خەڵكی دەبیتەوە، فێر دەبیت و گوێ دەگریت. هەندێك جاریش گوێت لە خۆت دەبێت. تۆ دەكەویتە بەردەم ئاوێنەوە. تۆ باشتر خۆت دەبینی. من دوو ساڵ جارێك كتێبێك دەنووسم. من بە یەك مانگ ئەو كتێبە تەواو دەكەم، چونكە پێشتر كتێبەكە لەناو ڕۆحمدا تەواو بووە و نووسراوە. هەڵبەت دواتر.. وەك هەلومەرجێكی مرۆیی من تێكەڵ بە ژیان دەبمەوەو بەشی خۆم لەو زیندەگییە لە تەك ئەوانیدیكەدا ڕێدەخەم. چونكە تۆ ناچاریت بەوەی پشكی ئەو بەشدارییەت هەبێت. گەر بەشدار نەبیت، ئیدی ون دەبیت.

ئەی سەبارەت بەو پەڕی پەلەوەرە چی دەڵێیت؟ گوایە دەڵێن كە تۆ چاوەڕوان دەبیت بۆ ئەوەی ئەو پەڕە سپییە ببینیت بەر لەوەی بنووسیت…

پاولۆ كۆییلۆ: ئۆو.. پەڕە سپییەكە. وایە.. وایە.. وایە. ئەوەیان خوویەكە خۆم دروستم كرد. ئەو كاتەی تەمەنم چل ساڵ بوو، هێشتا هیچ كتێبێكم بڵاو نەكردبۆوە، بەڵام خەونێكم هەبوو كە ببم بە نووسەر. من ئەو حەجەی خۆم بەجێگەیاند. بۆ ماوەی پەنجاو شەش ڕۆژ بە پیادەڕەوی ڕێگەم گرتە بەر بەو نیازەی بچمە سەر مەزاری «سەینت جەیمز-ی پیرو پیاوچاك» لە سانتیاگۆی – ئیسپانیا. ئەوسا وتم، « ئاهـ خودای من.. خەونی من ئەوەیە ببم بە نووسەر، بەڵام من هەمیشە دوای دەخەم.»

هەر ئەو كات بە خۆمم وت، « ئەگەر ئەمڕۆكە من پەڕی سپی پەلەوەرێك ببینم، ئەوەیان دەبێت بە هێما و نیشانەی ئەوەی خودا دەیخاتە بەر چاوی من، تاوەكو كتێبێكی تازە بنووسم.» هەر ئەو وەختە من پەڕێكی سپیم بینی بەسەر پەنجەرەی دوكانێكەوە. هەر لەو ساوە.. لە مانگی یەكەمی هەر دووەمین ساڵێكدا، واتا ساڵ نا ساڵێك پێویستیم بەوەیە كە پەڕێكی سپی ببینم. ئەو ڕۆژەی دەیبینم، دەستوبرد بۆ نووسین ئامادە دەبم. هەڵبەتە من رۆژانە پەڕی سپی هەڵوەریوی باڵندەكان دەبینم، بەڵام بینینی پەڕێكی سپی لە مانگی بەفرانباردا ڕێك تایبەت بە خۆمە. هەڵبەتە من پەڕێكی سپی زۆر و زەبەندم لە ناو بەرگی نامەكاندا پێدەگەن، كە خوێنەرەكانم بۆم دەنێرن، بەڵام گەرەكمە پەڕە سپییەكەی خۆم بدۆزمەوە.

دوای ئەوە تۆ خەریكی چی دەبیت؟

پاولۆ كۆییلۆ: هیچ.

هەست دەكەم ئەوەیان جوان بێت!

پاولۆ كۆییلۆ: من لەم قۆناغەدا خەریكی هیچ نیم بێجگە لە ژیان، بە تەنها سەرگەرمی زیندەگیم و هیچی دیكە، یان خۆم دەدەمە دەست «با»، تاوەكو بە كەیفی خۆی بمبات. پەڕە سپییەكەی من لە ئایندەدا هەر دەبێت لە بەفرانباری 2008 دا دەربكەوێتەوە. تا ئەو حەلە من زۆر چاك خەریكی خۆمم.. خۆش دەگوزەرێت، من دەژیم. خەڵكی دەبینم. من سەرگەرمی سەما دەبم. هەرچییەكی كە خۆم حەزی پێ بكەم.. درێغی ناكەم و دەیكەم.

دوا پرسیارم: بۆ تۆ خودا چی دەگەیەنێت؟

پاولۆ كۆییلۆ: خودا كردارێكە بۆ من، فەرمانێكە و تافێكە. خودا ڕەفتار و كردەوەیەكە، جوڵەیە.. ئیش و كارێكە. بەڵێ خودا- تەنها كردارە. ڕاستی ناتوانیت پێناسەی بكەیت.

 ئەو كاتەی مووسا پێغەمبەر دەپرسێت، «تۆ كێیت؟» یەزدان دەڵێت: «من منم.»

ئەم ناڵێت من ئەمە و یان ئەوەم یان واو وام. تەنها بە وشەیەك دەژنەوێت، «منم.»

كەواتە.. وا مەزەندە دەكەم ئەوەیان پوخترین پێناسەیە، ئاخۆ تۆش دەیزانیت؟ ئەم ئەوەیە!

* بەرواری سازاندنی دیدار: 2006

سەرچاوە

PAULO COELHO

The WITCH of PORTOBELLO

A NOVEL

Copyright – 2007

By Harper Collins Publishers

ناردن: