ئامادەکردنی: باوکی ڕەهەند

کتێبێکی گرنگ دەربارەی نامەکانی مارسێل برۆست، بەو هیوایەی ئەم کتێبە بکرێت بە کوردی.

لە سەرەتای ئەم ساڵدا، لە کتێبێکی قەبەدا، بەشێکی زۆری نامەکانی نووسەری فەرەنسی بەناوبانگ “مارسێل برۆست 1871-1922” لەلایەن دەزگای (ئەلرافیدەین)ەوە بڵاوکراوەتەوە و ربیع ساڵح وەریگێڕاوە بۆ عەرەبی. ئەم نامانە یارمەتی خوێنەر دەدەن، پەی بە هەندێک لایەنی شاراوەی ژیانی برۆست ببات کە یەکێکە لەو ناوە دیارانەی شۆڕشی لە بواری ڕۆمانی جیهانیدا بەرپاکرد و تا ئێستاش، کاریگەرییەکەی بەسەر ئەو کەسانەوە هەیە کە رۆمان دەنووسن. جگە لەوە ئەم نامانە دەکرێت هەندێک لایەنی ئاڵۆز و نادیاری رۆمانی (گەڕان بە دوای زەمەنی لەدەستچودا) ڕوونبکەنەوە. ئاشکرایە شاکاری گەڕان بە دوای زەمەنی لەدەستچودا، ڕۆمانێکی هێند مەزنە، برۆست هەر لە تەمەنی لاویەتییەوە تا ساتەوەختی مردنی بە نەخۆشی ڕەبۆ، بەو رۆمانەوە سەرقاڵ بووە.

برۆست لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 1912، بە ئاشکرا دەستیکرد بە قسەکردن لەسەر پرۆژە گەورەکەی (گەڕان بە دوای زەمەنی لەدەستچوو)، بێگومان بە ماوەیەکی زۆر پێش ئەو بەروارە، دەستی کردبوو بە نووسینی ڕۆمانەکەی، لە نامەیەکدا کە ساڵی 1905 بۆ ئەنتوان بیسکۆ-ی هاوڕێی نووسیویەتی دەڵێت: (سەدان کاراکتەری رۆمان و بیرۆکە، لێمدەپاڕێنەوە، لە کارێکدا بەرجەستەیان بکەم). بەڵام زۆر گومانی لە ماهییەتی (پرۆژەکەی) بوو کە کاری لەسەر دەکرد. لە مانگی ئایاری ساڵی 1908، نامەیەک دەنووسێت و جەخت لەوە دەکاتەوە کە گەیشتووە بەو شێوازەی دەیەوێت کارەکەی پێبنووسێتەوەو دەڵێت: (پرۆژە ئەدەبییەکەم خەریکە شێوازی کۆتایی وەردەگرێت کە بریتییە لە کورتە چیرۆکی درێژ).

مارسیل برۆست ساڵی 1913 بەشی یەکەمی ڕۆمانەکەی لەسەر حسابی خۆی بڵاوکردەوە. پێش ئەوە، ناردی بۆ (المجلە الفرنسیە الجدیدە) کە دواتر دەبێت بە (گالیمار)، بەڵام لیژنەی هەڵسەنگاندن کە ئەندرێ جید سەرۆکەکەی بوو، ڕۆمانەکەیان ڕەتکردەوە. ساڵانێک دوای ئەوە ئەندرێ جید دەڵێت ئەو ڕەتکردنەوەیە خراپترین هەڵەی ئەدەبی بوو لە ژیانمدا ئەنجاممدا. برۆست لە نامەکانی بۆ هاوڕێ و برادەرەکانی، هەوڵێکی زۆر دەدات بۆ ڕوونکردنەوەی ڕۆمانەکەی، لەو نامانەدا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە نایەوێت بە هیچ جۆرێک لە بلزاک، سەتەندال، دیکنز و جۆن ڕۆسکین بچێت. بەڵکو دەیەوێت لە پرۆسەی نووسیندا، رێگایەکی تایبەت بە خۆی بدۆزێتەوە. رێگایەک لە سەرەتاکەیدا خوێنەر دووچاری شۆک بکات، وەلێ دواتر ئەوەندەی پێناچێت خوێنەر لەسەر رادێت و پێی ئاشنادەبێت.

برۆست ساڵی 1919 خەڵاتی کۆنکۆر بەدەستدەهێنێت، ئەو بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە خەڵاتەکە وەردەگرێت، چونکە بەلایەوە داننانبوو بە خودی خۆی و کارەکانیدا، ئەمە دوای ئەوەی بۆ چەندین ساڵ، تاڵاوی پشتگۆخستن و پەراوێزخستنی چەشتبوو. بەڵام زۆری نەخایاند لەلایەن چەندین قەڵەمبەدەستەوە هێرشی کرایەسەر و ڕەخنەباران کرا بەوەی ئەو شایەنی وەرگرتنی ئەو خەڵاتە نییە، چونکە ئەو (کەسێکی پیر و نەخۆشە و لە سەرەمەرگدایە). هەندێکی دیکە پڕوپاگەندەی ئەوەیان بڵاوکردەوە برۆست ئەو خەڵاتەی وەرنەدەگرت، ئەگەر بە واستەی هەندێک لە هاوڕێکانی نەبوایە. ئەمە برۆستی زۆر دڵتەنگ و ناموراد کرد. ڕەنگە هەر لەبەر ئەم هۆکارەشبێت، ئەو نامانەی لەو کاتەدا و پێش مردنەکەی نووسیویەتی،  پڕ پڕن لە خەم و ناسۆری، بەتایبەتی هەر لەو کاتەدا، نەخۆشی زۆری بۆ هێنابوو، لە پەلوپۆی خستبوو. لە زیاد لە نامەیەکدا، بێزاری خۆی دەردەبڕێت بەوەی تا چەند دێڕێک دەنووسێت، زۆر هیلاک و مادوو دەبێت. لەبەر ئەوە نەیتوانیوە زۆرێک لە نامەکانی تەواو بکات. لە کۆتا نامەی کە ساڵی 1922 بۆ هێنری دوڤینوا نووسیویەتی، لەکۆتایی نامەکەیدا دەڵێت: (ئێستا ئیدی دەبێت رازیبیت بە بێدەنگی من، جگە لە بێدەنگی هیچی دیکە نییە. هەوڵدە وەک من بکەیت…).

ئەو حەزی لێ نەبوو تێکەڵ بە خەڵک ببێت، نەخۆشی (ڕەبۆ) ناچاریکرد بە تەواوی لە جیهان داببڕێت، ئەمە جگە لەوەی مردنی باوکی و پاشان مردنی دایکی کە زۆر هۆگری بوو، وایانکرد زیاتر گۆشەگیر و تەنها بکەوێت. لە دوای ئەو ماوەیە، لە نامەیەکدا دەنووسێت: (ئێستا من ژیان، تەنانەت لە بچوکترین وردەکارییە ئاساییەکانی، بەناخۆش و بێزارکەر دەبینم. ئەوانی دیکە هیوا و ئاوات یان ئامانجیان هەیە، ئەو هیوا و ئامانجە وایان لێدەکات ژیانیان خۆشبووێت و پێشوازی لێبکەن. بەڵام من نە هیوام هەیە نە ئامانجێک بۆی تێبکۆشم. ئەوەی هەمە و نیمە، ژیانی خێزانیم بوو، کە بۆ هەتا هەتایە تێکشکا). لە نامەیەکی دیکەدا دەڵێت: (لەو کاتەوەی دایکم کۆچی دوایی کردووە، ژیان هیچ ئامانجێکی نەماوە، هیچ جوانییەکی نەماوە، هیچ خۆشییەکی نەماوە، هیچ دڵدانەوەیەکی نەماوە. دایکم تەنها ئامانجی ژیانم بوو، تەنها خۆشەویستم بوو، تەنها کەس بوو دڵی ڕادەگرتم، جگە لەو کەسی دیکەم نییە). برۆست هێند تەنها بووە، هیوای خواستووە لە جیهان دوورکەوێتەوە و لە دێرێکی گەورەدا بژی، تا زۆرێک لەو بیرۆکانە بنووسێتەوە کە لەسەریدا دێن و دەچن).

نامەکان دەرفەتی ئەوە دەبەخشن، هەندێک لایەنی سۆزداری لە ژیانی برۆستدا بخوێنینەوە، لەوانە هۆگر و شەیدابوونی بە خانم “لویزا دی مۆراند”ی هاوڕێی. برۆست لەگەڵ ئەو خانمەدا، ژمارەیەکی زۆر نامەی ئاڵوگۆڕ کردووە، لە نامەیەکیدا دەڵێت: (من لە هەموو شتێ بێبەشم، لە هەوای پاک، لە روناکی رۆژ، لە ئەنجامدانی هەر کارێک، لەهەر خۆشییەک، بە کورتییەکەی من لە خودی ژیان بێبەشم). لە نامەیەکی دیکەدا بۆ ئەو خانمە دەڵێت: (هەموو ژیانم، نەک تەنها گەنجییەتم، بە هەدەر دەڕوات. لەبەر ئەوە من بە هەموو پێشنیارێک یان چارەسەرێک ڕازیم کە وا بکات بتوانم بۆ ماوەیەکی زۆر، چەندین جاری یەک لە دوای یەک بتبینم). بەڵام لەگەڵ ئەو هەمو پەرۆشی و هۆگربوونەدا، کەچی پاشەکشە لەو پەیوەندییە دەکات، بۆچی؟ بۆ ئەوەی ناپاکی لەو هاوڕێیەی نەکات کە لەگەڵ خانم لویزا دی مراند بووەو دەڵێت: (من مردن بە باشتر دەزانم لەوەی لەو ئافرەتە نزیکببمەوە کە هاوڕێ هەست ناسکەکەم عاشقی بووە).

سەرچاوە:

حەسونە ئەلمێباحی، ایلاف، 12 ئازار، 2019

ئوسامە فاروق،  www.almodon.com ، 31-3-2019

ناردن: