ئەم كتێبە یەكێكە لە كتێبەكانی نووسەری میسری “سەلامە موسا” و 97 وتاری رۆژنامەوانی لەخۆدەگرێت، واتە نووسینەكانی نێو ئەم كتێبە، بریتین لەو ستونانەی كە نووسەری كتێبەكە لە ساڵانی پەنجاو شەستەكانی سەدەی بیستەم، لە رۆژنامە و گۆڤارەكانی ئەو رۆژگارەی سەردەمی میسر بڵاوی كردوونەتەوە. وتارەكان هەر یەكەیان باس لە مەسەلەیەكی ژیان دەكات، دەمێك باس لە گرنگی كاركردن دەكات، دەمێكی دی باس لە كەم خواردن و ساتێك باس لە شكۆمەندی ژیان و ساتێكی تر باس لە ڕێكوپێكی لە خوێندنەوەدا دەكات. واتە بابەتەكانی ئەم كتێبە فرەجۆرو ڕەنگاو رەنگن.

دەكرێ بڵێین ئەم كتێبە وەك جۆرێك لە ڕێنمایی و ئامۆژگاری بۆ گەنجان و خوێنەرانی ئەو سەردەمە نووسراوە، بەزمانێكی زۆر سادە و بێ گرێ و گۆڵ و بێ دەستەواژەی قەبەو سەریەشەی زۆری زاراوەی فەلەسەفی. من وەك خوێنەرێك هەست دەكەم ئەم جۆرە كتێبە، هەوڵێكە بۆ ئاشناكردنی خوێنەرو لاوان بە كتێب خوێندنەوەو خۆ رۆشنبیركردن. واتە كتێبەكە چێژی خوێندنەوە لای خوێنەر دروست دەكات و وای لێدەكات بۆ ئایندەی بەردەوام بێت لەسەر خوێندنەوەو گەڕان بەشوێن كتێبی دیكە و خوێندنەوەی دیكەدا، بكاتە ئامانجێكی سەرەكی لە ژیانیدا. لێرەوە بایەخی ئەم كتێبە ئەوەیە خوێنەر هیلاك و ماندوو ناكات، بۆچی؟ چونكە بە زمانێكی سادە نووسراوە. وەلێ ئەم زمانە سادەیە مانای وا نییە بابەتەكانی نێو كتێبەكە هیچ قوڵاییەكی فیكری یان رۆشنبیریان نییە. بەڵكو بە پێچەوانەوە، كتێبەكە بەشی خۆی زانیاری و ڕۆشنبیری تێدایە كە خەیاڵ و ئەندێشەی خوێنەر فراوانتر دەكەن و وا دەكەن خوێنەر پەرۆشی زیاتری خوێندنەوەبێت. ئەمەش خاڵێكە لە هەمو كتێبێكدا بەدی ناكرێت.

بەڕێز هێمن خورشید سەركەوتووانە و بە زمانێكی كوردی پاراو كتێبەكەی وەرگێڕاوە، تیراژی كتێبەكە 750 دانەیە و ژمارەی لاپەڕەكانی 235 لاپەڕەی بچوكە و نرخی 4 هەزار دینارە.

ناردن: