شیعر چییە؟ (بەشی دووەم)

تێری ئیگڵتۆن

لە ئینگلیزییەوە: زاموا محەمەد

*ئەو دەقە شیعریانەی نووسەر سەرنجی لەسەر فۆنەتیک، کێش و زمانە ئینگلیزیەکەیانە، وەک خۆیان بە ئینگلیزی دانراونەتەوە.

سێ: شیعر و خەیاڵ(fiction)

جیاکاریی نێوان ئیمپیری و ئاکاریی هەمان جیاکاریی نێوان خەیاڵ و ڕاستی نییە. ڕاگەیاندنى ئاکاریی زۆر هەن وەک “چەند ئەندامێکى دیاریکراوى خێزانى شاهانە تاکگەلی گەمژەن بە چەشەیەکەوە هێندەى چەشەی فەلەستینیە کۆنەکان دواکەوتوو و سەرسووڕهێنەرانە کاڵفامن”، ئەمانە خەیاڵیی نین- نەک تەنها لەبەر ئەوەی ڕاستن، بەڵکو لەبەر ئەوەش کە سەر بە جیهانى ڕاستەقینەن زیاتر لەوەى سەر بە جیهانى شیعر و ڕۆمانەکان بن. شیعر تەنها مامەڵەى حەقیقەتە ئاکارییەکان ناکات، بەڵکو بە شێوەیەکى ئاکارییانەش مامەڵەیان دەکات. مەبەستمان چییە لەمە؟

با دووبارە لە شیعرەکەى لاورینس بڕوانینەوە. ڕەنگە لاورینس هەرگییز دۆستێکى نەبووبێت، بەڵام ئەمە هیچ لە مەسەلە ناگۆڕێت. شیعرەکە لە پارچەیەک ناچێت کە لاورینس لە نامەیەکیەوە بۆ ژنەکەى دەریهێنابێت، گەرچی ڕەنگە لە ڕاستیدا واشبێت. ڕەنگە لاورینس بەشێکى لە نامەیەک دەرهێنابێت کە بۆ ژنەکەى نووسیوە و بەم شێوەیە خستبێتیە سەر پەڕە؛ بەڵام لە ئەنجامدانى ئەمەدا حاڵەتی نووسینەکەى گۆڕیوە بە هێنانى جۆرە وەرگرتنێکى جیاواز لە لایەن خوێنەرەوە. بە پارچەپارچەکردنى دێڕەکان لەسەر پەڕەکە، هەروەها بە بەکارهێنانى ڕیتم و دووبارەکردنەوە بەو شێوە زیادەڕەوە، چاوەڕوانى خوێنەرە کە بە جۆرێکى جیاواز پەیوەندی لەگەڵ دەقەکەدا ببەستێت، جۆرێک جیاوازبێت لە پەیوەندیبەستن لەگەڵ نامەیەکدا. شێوەى پارچەپارچەکراوى دەقەکە لەسەر پەڕەکە وەک لێکدانەوەیەکى شیاو بۆیان دەردەکەوێت. بۆ وێنە ڕایدەگەیەنێت ئەمە لەو ژانرەدایە کە تێیدا ئەوەی بە پلەى یەکەم گرنگە ئاکارە نەک ڕاستیی فیعلی. بەم پێیەش جیاوازە لە ڕاپۆرتێکى کەشوهەوا، یان ڕێنماییەکانى سەر قوتویەک شۆربا. نابێت شیعرەکە بە پلەى یەک وەک تیشکخستنە سەر هاوسەرگیریی نووسەرەکە وەربگرین، کە پەیوەندییەکە چەندێک بۆ ئێمە کەمبایەخ هێندەش بۆ خۆی، بەڵکو دەبێت وەک تیشکخستنە سەر هەستەکان و پەیوەندییەکانى مرۆڤ بە گشتی وەربگیرێت. ئەمە خستنەڕوویەکى ئەو ڕاستیەیە کە مانای هەر گوتراوێک وابەستەى ئەو جۆرە خوێندنەوەیەیە کە دیاریی دەکات.

کەواتە بەخەیاڵییکردن، دەرهێنانى پارچە نووسینێکە لەو سیاقە ئیمپیریەی خۆی و بارکردنیەتى بە بەکارهێنانى فراوانتر. ناوبردنى شتێک بە شیعر دانانیەتى لە ڕەوتێکى گشتگییردا، دانانێک کە لەگەڵ لیستی جلشۆرینی کەسێکدا مەیسەر نابێت. بە هەرحاڵ، خودی کردەى شیعرنووسین، چەندێک بێهودەش بن کەرەستەکانى، ئەوا هەر کردەیەکى ئاکارییە، بەو پێیەی بڕێکى دیاریکراو لە وەڵامدانەوەى گشتیی دەخوازێت، کە ناشێ بگوترێت یەکڕەنگییەکى دیاریکراوە. تەنها بە رێکخستنى بەو شێوەیەی کە ڕیکخراوە لەسەر پەڕەکە، مانایەک دەدات بە دەستەوە کە دەشێ قابیلی هاوبەشییکردن بێت. چونکە لە سیاقەکەى خۆی ڕەها بووە، یان لەبەر ئەوە ئەو حاڵەتە حاڵەتێکى خەیاڵکرد بووە، ماناى شیعرێک ناکرێت بە زەبر بەهۆیەوە دیاریی بکرێت. دەتوانم دڵنیابم کە “خۆت لە قەراغی بورکانەکە بەدوور بگرە” ئاماژە بە چی دەدات کاتێک لەسەر لوتکەى چیای ئێتنا وەستاوم؛ بەڵام شیعر سیاقێکى ئامادەکراوە لەگەڵدا نییە تا مانا بە وشەکانى بدات. لە بری ئەمە، پێویستە خۆمان وەها سیاقێکى بۆ بهێنین، لێرەشدا هەمیشە توێشوویەک لە ئەگەری جیاواز هەیە. ئەمە بەو واتایەش نییە کە تۆ هەر مانایەکت حەز لێ بوو، ئەوا شیعرەکەش ئەو مانایەی هەیە. “ڕێساکانى خودا بۆ مرۆڤ بچەسپێنە” ناکرێت بە ماناى “کونەکە بە بنێشتێک چاک بکەرەوە” بێت، لایەنى کەم لەم شێوەیەی ئێستاى زمانى ئینگلیزیدا. (گەرچی لە پرەنسیپدا هیچ هۆکارێکمان نییە وا لە وشەى “بنێشت” بکات کە بە ماناى مرۆڤ نەیەت. ڕەنگە لە زمانێکى ئەفریقییدا ئەو مانایەی هەبێت؛ ڕەنگیشە ماناى گشتیی بێت بۆ مرۆڤ لە ئیدیۆمێکی گومناوى ئینگلیزییدا. لە دیالێکتى ئینگلیزی باکووردا، دەربڕینێکی نەرمکراوەى “خودا”یە، وەک لە “تو بنێشت”دا)

کەواتە ئێمە باس لە (کراوە بۆ هەمووان)ێکی حەرفیی ناکەیت. بەڵام گەر بڵێین لە سیاقەکەى خۆیان ڕەها بوون ئەوا دەڵێین بەجۆرێک لە جۆرەکان لێڵیی کەوتووەتە ناویانەوە، بەو پێیەى کە ڕەوتێکى ئازادتریان هەیە، بۆ نمونە ئازادتر لە تەتبیقانى پلاندانان بۆ ڕوخسەتوەرگرتن. شیعر ڕاگەیاندنێکە ئاراستەى جیهانى گشتی کراوە تاکو ئێمە ئەو مانایەی بدەینێ کە دەیدەینێ. نووسینێکە لە ئاستی ناساندنداا دەشێ هەرگییز تاکمانا نەبێت. دەشێ هەر مانایەکى مەعقولی هەبێت- گەرچی گرنگییەکى گەورە لەو “مەعقول”ەدا هەیە. تا ڕادەیەک، ئەمە بۆ هەموو نووسینێک ڕاستە، خەیاڵیی بێت یان نا. نووسین تەنها زمانێکە دەتوانێت لە غیابی فیزیکیی نووسەرەکەیدا بە تەواوى کاری خۆی بکات، بەڵام گفتوگۆی ڕووبەڕووى سەر چرپا وا نییە. دەشێ لە سیاقێکەوە بگوازرێتەوە بۆ سیاقێکى تر. بەڵام ئەمە لە دۆخی نووسینی فیکشن(ئەدەبی خەیاڵی)دا ڕوونتر دەردەکەوێت، کە ئێمە هیچ سیاقێکى ڕاستەقینەمان نییە تا بەراوردی بکەین پێی. تەنانەت گەر شیعرێک دەربارەی ڕووداوێکى ڕاستەقینەى وەک بۆنەى چاخواردنەوەى بۆستن بێت، هێشتا ئەو حەقیقەتەى کە شیعرەکە پەیوەندییەکى ناڕاستەوخۆی بە ڕاستیی ئیمپریەوە هەیە، نابێتە هۆکار بۆ بەراوردنکردنى بەو ڕاستییە ئیمپیریە. شیعر زمانە کە دەیەوێت لە غیابی نیشانە و کۆتی ماتێریاڵیدا ئاماژە بدات.

کەواتە شیعر ئەو نووسینەیە کە دەتوانێت لە نائامادەیی خوێنەر یان قسەبۆکراودا بە تەواوى کارى خۆی بکات. نەک لە نائامادەیی هەر قسەبۆکراوێکدا(هیچ شیعرێکى نەخوێندراوە بوونى نییە)، بەڵکو لە نائامادەیی قسەبۆکراوێکى دیاریکراودا، وەک وەستاى ئاووئاوەڕۆ یان شەریک لە سێکسدا. دەشێ شاعیر بۆ خوێنەرێکى دیاریکراو بنووسێت، وەک کاترینی مەزن و ڕینگۆ ستار، بەڵام ناوبردنیان بە شیعر دەیسەپێنێت کە لە پرەنسیپدا بە لای کەسێکى تریشەوە مەعقوول بن. ئەگەر شیعرەکە خۆویستانە بۆ کەسێکى تر ناماقووڵ بوو، لای شاعیرەکەش ماناى نابێت. دەتوانیت بە زمانێکى شەخسیی بنووسیت کە تەنها خۆت تێیبگەیت، بەڵام بۆ ئەوەی ئەزموونەکەت کۆددار و کۆدشکێن بکەین لەم بارەدا، هەر لە بنەڕتدا بۆ ئەوەى تێگەى “کۆد” و “کۆدشکاندن”ت هەبێت، پیویستت بە زمانێک دەبێت کە لە لایەن کەسانێکى ترەوە زانراو و هاوبەشبێت، تاکو بێن و لە پرەنسیپدا نووسینەکەت لێکبدەنەوە.

چەندین شیعر هەن کە سیاقی خۆیانیان نییە، بەو پێیەی ئەو ئەزموونانەى دەیخەنە ڕوو ئەزموونگەلێکى وێناکراو(imaginary)ی پوختن، هەر لە سەرەتاوە حاڵەتی ڕاستەقینەیان تێدا نەبووە. ئێمە هەرگییز نازانین کە ئایا شێکسپیر نەفرەتى ترسناکى لە کچە بەدگۆکانى کردووە کاتێک ڕووت و گەمژەبوون بە زەوییە بەیارەکەدا؟ لە ڕوانگەیەکى ڕەخنەییەوە گرنگ نییە کردبێتى یان نا. ئەوە ئەزموونى پشت شانۆنامەى لیار نییە کە جێی سەرنجمانە، بەڵکۆ خودی ئەزموونى شانۆنامەکە. تۆماس ئیلیۆت جارێک ئاماژەیدا کە شاعیری ڕاستەقینە ئەو شاعیرەیە کە دەربارەى ئەزموونەکان نووسیویەتى بەر لەوەى تووشی خۆی ببن. بە هەرحاڵ، هەموو شیعرەکان ئەزموون تۆمار ناکەن، ئیلیادى هۆمێر یان وتارێک دەربارەى ڕەخنە-ى ئەلیکساندەر پۆپ چ ئەزموونێک دەخەنە ڕوو؟

لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمە مەبەستمان نییە کاتێک ئەم کارانە بە خەیاڵی ناودەبەین. خەیاڵی بنەڕەتییانە بە ماناى “وێناکراو” نایەت. تا ئەو جێیەی بەخەیاڵکردن دەڕوات، گرنگ نییە کە ئەزموونەکە لە ڕاستییدا ڕوویدابێت یان نا. تەنانەت ئەگەر بۆمان دەرکەوێت کە هەتیوێکى ڤیکتۆری لە ڕاستیدا هەبووبێت بە ناوى ئۆلیڤەر تویستەوە، هیچ لە وەرگرتنى ئێمە بۆ ئەو کارە ناگۆڕێت کە تێیدا دەرکەوتووە. هەندێک لە ئەزموونەکانى ناو ڕۆمانەکانى شارلۆت برۆنت لە ڕاستییدا تووشی خۆی هاتوون، هەندێکیشیان نا؛ بەڵام ئێمە پێویستمان نییە بزانىن کامەى تووش هاتووە و کامەى تووش نەهاتووە تاکو وەڵامدانەوەمان بەرامبەر بە نووسینی هەبێت. خوێنەرێکى کەمئاگا لە مێژوو، دەتوانێت جەنگ و ئاشتیی بخوێنێتەوە و چێژ وەربگرێت، بە بێ ئەوەى بشزانێک ناپۆلیۆن لە ڕاستییدا بوونى هەبووە.

ئەگەر خەیاڵ و وێنارکردن هەمان شت نین، بەشێکى لەبەر ئەوەیە کە هەموو ئەزموونە وێناکراوەکان خەیاڵیی نین(وڕێنە، بۆ نمونە)، لەبەر ئەوەش کە دەتوانیت پارچە نووسینێک بکەیتە خەیاڵیی کە بە مەبەستى دەقێکى ڕاستەقینەوە نووسراوە. تێبینیەکانى بۆ ئەو پیاوەى دەنووسین کە شیر دێنێت بۆ گەڕەکەکانمان و دەیفرۆشێت، وردن و ڕاستەوخۆ ئامانج دەپێکن، بە ستایلێکى سادەى ئابووریانە نووسراون؛ بەڵام ئەمە ڕێگری شیرفرۆشێکی شیعردۆست نابێت تێبینی بکات کە “دووانى وشک، دوانى نیمچە وشک، دانەیەکیش بە کرێمى تەواوەوە”* لەسەر کێشی پێنجهەنگاوى یامبییە. ماناى ڕاگەیاندنێک، بە شێوەیەکى هەمەکیی، دەکەوێتەوە سەر ئەو جۆرە وەرگرتنەى کە بۆمانى پێشنیار دەکات، بەڵام ئەمە گرەنتی ئەوە نییە ئەو جۆرە وەرگرتنەى بدرێتێ کە پێشنیاری دەکات. دەتوانیین وەک دەقی ناخەیاڵیی دەقە خەیەڵییەکان بخوێنینەوە، وەک ئەو دەمەى کە من لەسەر ئەو بڕوایەم کە تاوان و سزا نامەیەکى نهێنییە، دەربارەى بارى ناتەندروستى قاچەکانم کە تەنها ئاراستەى من کراوە. یان دەتوانین گوتارى ڕاستەقینە وەک خەیاڵ بخوێنینەوە، وەک ئەو کاتەى کە ڕاپۆرتێکى کەشوهەوا دەخوێنینەوە تاکو هەستى بەرینیی ئاسمانەکان و هێزە مەزنەکانى سرووشت لە خۆماندا بڕسکێنین.

دەشێ جۆرە نمونەیەکى چیاواز لە شیعرەکەى ئالان برۆونجۆندا،”هۆشی گشتیی”، ببینرێتەوە:

کرێکارێکى کشتوکاڵ، کە ژنێک و چوار منداڵی هەیە

هەفتانە 20 وەردەگرێت.

3/4ی خواردنى پێ دەکڕدرێت و

ئەندامانى خێزانەکە ڕۆژیی سێ ژەم دەخۆن.

بۆ هەر کەسێک لە ژەمێکدا، چەند دەکات؟

باغەوانێک، هەفتەى 24 وەردەگرێت

1/3ی دەبێتە غرامە گەر درەنگ بگاتە کار.

لە کۆتایی 26 هەفتەدا

£30.5.3 وەردەگرێت.

چەند جار لە کار دواکەوتووە؟

… خشتەکەى خوارەوە ژمارەى هەژارانى میرنشینی یەکگرتوو دەدات

هەروەها تێچوونى چارەسەرکردنى هەژارییش.

رێژەى هەژاران لە هەر دە هەزار کەسێکدا بدۆزەرەوە.

… لە هەر سوپایەکى 28،000 کەسیدا

15% کوژران

25% بریندار کران

چەند کەس لەوێ ماون تا شەڕ بکەن؟

دەشێ شیعرەکە لە بنەڕەتەوە ئاراستەى ئەوانە نەکرابێت کە سەرنجیان ڕووەو مێژووى دەفتەرە ژمێریارییەکانە. لە بری ئەوە، تیشک دەخاتە سەر ئەوەى زۆرینەى جار بە هۆشی گشتی ئەژمار دەکرێت، کە مەسەلەیەکى ئاکاریە زیاتر لەوەى ئیمپیری بێت، ئیدی ئەو جۆرەى کە شیعر سەروکاری لەگەڵیدا هەیە. ئەو زمانەى کە لەناو زمانەکانى مرۆڤایەتییدا دەبێت وردترین و بێهەستترینیان بێت –ماتماتیک-، لە کاتى خستنەڕوویدا لەگەڵ ئیدیعاگەلێکى ئایدۆلۆژی خراوەتەڕوو. بۆ نمونە، بۆچی دەبێت کەسێک شەڕکردنى ئەوانەى بە زیندوویی ماون، وەک شتێکى سەپێندراو وەربگرێت؟ بۆچی خۆیان بەدەستەوە نەدەن؟ بە کەرتکردنى دێڕەکانی دەفتەرەکە لەسەر پەڕەکە، براونجۆن دەتوانێت بێ دەستکارییکردنى وشەیەک بیانگۆڕێت بۆ ڕاگەیاندنى ئاکاریی. ڕستەکانى پیتمان دووبارە ئاراستەیان پێبەخشراوەتەوە. ئێستا جۆرە مانایەکی جیاوازیان بەدەستهێناوە، جیاواز لەو مانایەی لای قوتابییەکی سەردەمى حەنگی یەکیەمى جیهانى هەیانبووە، کاتێک دەیویست شیکاریان بکات.

کەواتە خەیاڵیی بە ماناى “لەڕووى واقیعەوە چەوت” نایەت. کۆمەڵێک چەوتێتی زۆر هەن کە خەیاڵی نین و وەک بینیشمان، ڕاگەیاندنگەلی زۆری لەڕووی واقیعیەوە ڕاست بوونیان هەیە لە ئەدەبیاتدا. وشەى “خەیاڵ” کومەڵێک ڕێسان بۆ ئێمە سەبارەت بە چۆنێتیی کارلێککردن لەگەڵ چەند دەقێکى دیاریکراودا- نەک وەک یاساکانى شەترەنج کە پێمان دەڵێن پارچەکە گیراوە یان بەتاڵ، بەڵکو چۆن دەبێت پارچەکان بجووڵێنین. خەیاڵ رێنماییمان دەکات چی لەگەڵ دەقەکان بکەین، نەک پێمان بڵێت ڕاستن یان ناڕاست. بۆ نمونە، پیشنیار دەکات لە بنەڕەتەوە وەک مەسەلە(پرۆپۆزێشن)ی واقیعیی دەقەکان وەرنەگرین، یان خەمى ئەوەمان بێت چەندێک لەو بانگەشە واقیعیانەى تیایاندایە ڕاستن یان چەوت. خەیاڵ ئاگادارمان دەکات، ئەو بانگەشانە، زۆربەیان بۆ خزمەتى حەقیقەتە ئاکارییەکان لەوێدان، نەک لەپێناو خۆیاندا.

کەواتە خەیاڵ ئەو جێیەیە کە تێیدا ئاکاریی(the moral) بەسەر ئیمپیرییدا دەستباڵا دەبێت- بەم پێیە ئەوەى سەرنجی ئێمە دەبات، با بڵێین، دەلالەتى قژە سوورە بژەکەى فاگینە، نەک ژمارەى ئەو منداڵشێوێنە جوولەکانەى کە لە سەردەمى ڤیکتۆرییدا هەبوون. ئەمە بۆ ئەوە نییە ئەم جۆرە پرسیارانە بە بێفەڕ دابنرێن: زۆر کەس دەربارەى دیکنز دەڵێت کە دەبوا یەکێک لەو دوو کارێکتەرە جوولەکەیەى ناو ڕۆمانەکانى پیاوخراپ بێت. (ئەوی تریان بە شێوەیەکى سۆزاوییانە خراوەتە ڕوو لە هەوڵێکى ناکارادا بۆ هاوسەنگ کردنەوەى ئەوی تر). یاریکردنى کارە ئەدەبییەکان بە بەڵگە ئیمپیریەکان دەشێ بەشێکبێت لە مانا ئاکارییەکەیان، ناشتوانیت ئەم یاریکردنە بناسیتەوە بەبێ لێکۆڵینەوەى ئیمپیریی.

لەگەڵ ئەوەشدا، گەر ئێمە بە خاتری بەدەستهێنانى زانیاریی مێژوویی سەبارەت بە خانووبەرە ڤیکتۆرییەکان ئۆلیڤەرتویست بخوێنینەوە، ئەوا ئێمە ڕۆمانەکە وەک خەیاڵ ناخوێنینەوە- گەرچی هەموو شتێکى ناو ئەو دەقەش، بە زانیاریەکانیەوە دەربارەى خانووبەرەکان، خەیاڵە. وەک پێشتر بینیمان، ئەم زانیاریە خەیاڵیە، لەبەر خاتری خۆی لەوێ نییە، بەڵکو لەپێناو شیرازەیەکى ڕیتۆریکیی گشتییدایە. لەوێیە تاکو ئەو شتە بونیادبنێت کە دەشێ پێی بڵێین ڕوئیایەکى ئاکاریی یان شێوازی بینین؛ حەتمەن بۆشمان هەیە بڵێین ڕاستە یان چەوت، بێهێزە یان لاواز، پووچە یاخود ڕۆشنکەرەوە. بەڵام هەڵەبوونى ڕوئیا ئاکارییەکان جیاوازە لە هەڵەبوونى ڕاگەیاندنە ڕاستەقینەکان.

ئەو ڕاستییەی کە بە گشتی لە ئەدەبیاتدا ئیدیعا ئاکارییەکان لە ئیمپیریەکان گرنگترن، مانای ئەوەیە کە نووسەران دەتوانن دووەمیان بگۆڕن تاکو لەگەڵ یەکەمیاندا بگونجێت. ئەریستۆ ئاماژەى پێدەدات کە شاعیر، پێچەوانەى مێژوونووس، پێویست ناکات پابەندی چۆنێتی شتەکان بێت وەک ئەوەى کە هەن. چونکە کارە ئەدەبیەکان، بە ڕۆمانە مێژووییەکانیشەوە، مەرج نییە بە وردیی لەگەڵ ڕاستییە مێژووییەکاندا بگونجێن؛ دەتوانن دووبارە ئەو ڕاستیە مێژووییانە ڕێکبخەنەوە لەپێناو دەرخستنى دەلالەتە ئاکارییەکانى خۆیاندا. وەگێڕەکان زۆربەى جار دونیا دادەڕێژنەوە تاکو مەبەستێکی لێوە بەرهەم بهێنن. ئەگەر ڕۆمانێک دەربارەى بایرۆن بنووسیت، ڕەنگە بە گونجاوتری بزانیت کە لەکاتى شەڕکردن لەپێناو سەربەخۆیی نەتەوەیی یۆناندا بیمرێنیت، نەک بەهۆی خۆبەدەستەوەدانێکى ناپاڵەوانانەیەوە بۆ لەرزوتا لە ناوەڕاستى شەڕەکەدا، کە ئەمە شێوازى ڕاستەقینەى مردنى بوو. ڕەنگە مراندنە خەیاڵییەکە “ڕاستەقینەتر”یش دەربکەوێت. مێژوو هەمیشە ڕاستیەکان لە بەدوایەکداهاتنێکى قاییلکەرانەدا ڕیک ناخات، ڕووداوەکانیشی لە قەناعەتپێکەرترین شێوەدا بەجێ ناگەیەنێت. غەفڵتێکى پووچی مێژوو بوو کە واى لە ناپۆلیۆنی هێندە بەستەزمان کرد، یان کە ئەو هەموو جەنگەی ئاخنیە سەدەى بیستەوە لەبری ئەوەى کەمێک مەودا بخاتە نێوانیانەوە.

ئەگەر ئێمە “خەیاڵییانە” ئۆلیڤەرتویستمان نەخوێندەوە، ئەو مەترسییە دێتە پێش کە تەنها وەک بیۆگرافیایەکى ڕاستەقینەى تر بیخوێنینەوە، بەو پێیەش شکست دەهێنین لە بەرکەوتندا بە تەوزیفکارییە قووڵترەکانى. ڕەنگە کاریگەرییە ئاکاریەکەى کوێرببێتەوە گەر ئێمە زیاد لە پێویست پیتبەپیت(حەرفیی) وەری بگرین. لەگەڵ ئەمەشدا، بۆ ئەوەى کارەکە وەها کاریگەرییەکى هەبێت، پێویستە کەشێکى ڕیاڵیانە دەوری بدات. تا ڕالیستیانەتر بێت، دەلالەتە ئاکاریەکەى چڕتر دەبێتەوە؛ بەڵام هەر لەبەر هەمان هۆکاریش، زیاتر دەکەوێتە بەر مەترسی. کەواتە پەیامى لێڵی کاری ئەدەبیی ئەمەیە:”وەک ڕاستی وەرمبگرە، بەڵام وەک ڕاستی وەرممەگرە”. لە تێگەیشتنێکدا شیعر، بە دیاریکراوییش شیعرە پۆست ڕۆمانتیکییەکان، دەتوانن ڕاستەقینەتر دەربکەون، بەو تێگەیشتنەی کە لە بەرامبەر جیهانی ڕۆژانەى شێویندراو و سوارکراوى ئابستراکت، حووزوورێکى پڕژیانتریان هەیە، لە لایەنى هەستەکییانەوە وردترن و لە لایەنى سۆزدارییەوە چڕتر. بە مەفهوومێکى تریش، وەک بینیمان کەمتر ڕاستەقینەن، بەو تێگەیشتنەى کە لە شێوەکانى تری نووسین کەمتر ئیمپیریین.

مەترسی هەیە لە گشتاندنى زیاد لە پێویستى ماناى شیعردا، وەک چۆن خوێندنەوەى زیاد لە پێویست پیتبەپیتانەیان ڕیسکە. ئافاتئامێزانە، ڕەنگە بگەینە ئەو باوەڕەى کە هەموو ڕاستییە ئاکاریەکانى ناو ئەدەب ڕاستیگەلێکن کە گەردوونییانە گونجاون. ڕەنگە ئۆلیڤەرتویست لە شێوەی دۆخێکدا نەخوێنینەوە کە بە جۆرێک لە جۆرەکان قابیلی چارەسەرە، بەڵکو وەک بەشێکى چەسپاوی حاڵەتى مرۆڤ. ئیدی ڕەنگە خۆمان ببینینەوە دیدگاى حاکمانى یاسای داماوی ڤیکتۆرییمان لەخۆگرتووە، کە لایان وابوو هەژاریی سەپێنراوێکى پەروەردگارییە. ئەمە بەشێوەیەکى بەشەکیی ئایرۆنیانە دەبێت، بەو پێیەی هەندێک لەو بەدکارییە کۆمەڵایەتیانەى ڕۆمانەکەى دیکنز دەیانخاتە ڕوو، تا هاتنى کاتى بڵاوبوونەوەى ڕۆمانەکە بوونیان نەمابوو.

گشتاندنى مانای شیعرێک بە واتاى مامەڵەکردنى شیعرەکە وەک مەجازێک(allegory) بۆ یاساى گەردوونیی نایەت. لە بەرامبەریشدا، بەشێک لە مەبەستى شیعری ڕۆمانتیک و پۆست ڕۆمانتیک، وەک بینیمان، گەڕاندنەوەى جۆرێک لە دیاریکراوییە لە کۆمەڵگایەکدا کە تا دێت ئابستراکتتر دەبێت. ڕەنگە شتێکى ئاوا بێت، کە شیعرە ناسکەکەى هیلدا دوولیتڵ، “وەنەوشەى دەریا” دەیەوێت بیکات:

وەنەوشە سپییەکە

قەدەکەى بۆندارە،

وەنەوشەکەى دەریا

ناسکە هێندەى عەقیق،

لەبەردەم تەواوى بادا وەستاوە

لە نێوان قۆزاخە دڕێنراوەکانى

سەر تەپۆڵکەکانى قەراغ دەریا.

وەنەوشە شینە گەورەترەکان

دەلەرنەوە لەسەر گردەکە،

بەڵام کێ دەگۆرێت بۆ ئەمانە

کێ دەگۆرێت بۆ ئەمانە

ڕیشەیەک لە جۆرە سپیەکە؟

وەنەوشە

گرتنت ئاسانە

لەسەر قەراغی تەپۆڵکە لمەکە

بەڵام تۆ سووکە زوقم دەگریت،

ئەستێرەیەکى دەردراو بە گڕەکەى.

بە شێوەیەکی بەشەکیی، وا دانەنراوە کە “وەنەوشەکە” سیمبوڵیی بێت. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە شعرەکە بە سادەیی وەسفی تاکە گوڵێکە، بە بێ سەداى قووڵتر و ئاڵۆزتر. لە ڕاستیدا یەکێک لەو سەدایانە لە وردەکاریی زۆر هەستیارانەى دەقەکەدایە- لەو سەرنجە وردەدایە کە بێ دوودڵیی دەهێنرێت بەسەر ئەو فۆرمە ناسک و بەستەزمانەى ژیندا. ئەو هەستیارییە ناسکەیەتى بۆ بەشەکیی، گەر حەز بکەیت، کە بەشێکە لە ئاماژەدارییە گشتییەکەى.

ڕەنگە کەسێک هەمان شت دەربارەى شیعرییەتە سرووشتییەکەى جۆن کلێریش بڵێت.

کە نیوەشەو دێت پۆلێک سەگ و مرۆڤ

دەردەچن و شوێن غورەیرەکە دەکەون بۆ کونەکەى،

کیسێک دەئاخننە کونەکەیەوە و ڕادەکشێن

تا پیرە غورەیری پرخەپرخکەر تێدەپەڕێ.

دێت و دەبیستێت- رێ بە بەهێزترین دەدەن بدۆڕێت.

ڕێوییە پیرەکە گوێی لە هەراکە دەبێ و مراوییەکە بەردەداتەوە.

ڕاوچی نایاسایی تەقە دەکات و لە وەڕینەکە دەکەوێتە پەلەپەل،

پیرە کەروێشکى نیمچە زامار بە خێرایی دەڕوات.

دارێکى فرەنووک دێنن تاکو بیگرن

سەگەکان دەبەن و دەیگێڕنەوە بۆ ناوشار و

تەواوى ڕۆژەکە دەیدەنە بەر پەلامارى چەندین سەگ و

پێدەکەنن و هاوار دەکەن و بەرازە ڕاکردووەکان دەترسێنن.

ئەو ڕادەکات و گاز لە هەموو شتێکی سەر ڕێی دەگرێت:

هاوار دەکەن و سەرنج کێشدەکەن لە خوارووى شەقامە پڕ هەراکە.

 

When midnight comes a host of dogs and men

Go out and track the badger to his den،

And put a sack within the hole، and lie

Till the old grunting badger passes by.

He comes and hears – they let the strongest loose.

The old fox hears the noise and drops the goose.

The poacher shoots and hurries from the cry،

And the old hare half wounded buzzes by.

They get a forked stick to bear him down

And clap the dogs and take him to the town،

And bait him all the day with many dogs،

And laugh and shout and fright the scampering hogs.

He runs along and bites at all he meets:

They shout and hollo down the noisy streets.

هێزی ئەم دێڕە ڕەق و پڕوزانە تەنها لەو شێوە سادەیەدا نییە کە لە ڕێیەوە پشت لە زەخرەفەى وشەیی دەکەن، بەڵکو لەوەدایە کە بەرگریی لە هەر شێوەیەکى “بە سیمبووڵیکردن”ی ئەزموونەکە دەکەن لە پرسیاردا، کە وا دەکات دێڕەکان قەشەنگانە باسی زیاتر لە خۆیان بکەن. زمانى کلێر بازووبەهێزە زیاتر لەوەى سۆزدارانە بێت. هەردوو لایەنى دەقەکە زۆر کاریگەرن چونکە زۆر ناخودئاگان. هەولێکى داستانەشیعری لیریکیی پراگماتیی لە ئارادا نییە لەم “زمانە سادە”یەدا، بە سادەیی متمانەیەک بە مەحکەمێتیی و نەرمێتیی گوتارە گشتییەکە کە چاوەڕوانکراوە بێ بەرامبەر لەوێ بێت. بەتایبەتى “دەڕوات” هەڵبژاردنێکى زۆر باشە، هەڵبژاردنێک کە هاوشێوەى (پیرە ڕێوی و پیرە کەروێشک) کە کوالیتییەکى کەمتر لە خودی ئاژەڵەکەدا دەگرێت، کەمتر لە هەستیاریی و ئولفەتى شاعیرەکە لەگەڵیدا.

لێرەدا، وەک شوێنەکانى تریش، کلێر هەندێک دێڕەکانى خۆی بە کۆپلەیەکى سادەى دووبارەبووەوە پێکەوە گرێ دەدات (‘And’)- ئامرازێک کە دەتوانیت لە بەشێکى زۆری پەخشانە پۆست-هەمینگوەییەکانیشدا بیدۆزیتەوە، گەرچی لەوێدا بەکارهێنانەکەى زیاتر خودئاگاییانە و پەیوەندییدارترە بە کلتوورەوە. ئەو خۆی لە سینتاکسی فەخم و ئاڵۆز لادەدات لەپێناو هەستى گێڕانەوەیەکى سەرکێشدا. جیاواز لە شاعیرە “بەڕێزترەکان”ی سەدەی هەژدەیەم، بۆ نمونە، دەیەوێت لە گرێ و ڕستە لاوەکییەکان دوورکەوێتەوە. دەسباڵاییەکى گراماتیکیی زۆر کەم هەیە لە شتێکەوە بۆ شتێکى تر، یان هەستی پێشەوە و پشتەوە (foreground and background). لەبری ئەمە، هەموو شتەکان وا دەردەکەون لە ئاستێکى یەکساندا بوونیان هەبێت، بەبێ ڕێژەگەرایی و بە بێ دیدگا. شیعرەکە لە جۆرە کێشێکى یامبی پێنج هەنگاویی یەکسەریی و مایل بە کەوتنەخوارەوەدا نووسراوە: ئێمە دێڕێک وەردەگرین، بەڵام لە هەمان کاتیشدا چاوەڕوانین بزانین چی لە کۆتایی دێڕی داهاتوودایە.

بونیادى شیعرەکە (کینایەتئامێز)میتۆنیمییە (مەسەلەى بەستنەوەى شتەکان بە یەکترییەوە)، زیاتر لەوەى بونیادێکى مێتافۆڕیی بێت (لەمسکردنى لێکچوونەکانى نێوان شتەکان). گرنگییدانێکى زەق بە بونیادى گشتیی بوونى نییە. شتەکان بە گونجاویی لە تەنیشت یەکترییەوەن چونکە زۆر بە سادەیی لە ژیانى ڕاستەقینەشدا هەر وا ڕوودەدەن. جگە لە کەشی کەیف و سەرکێشیی، کەشێک کە کەمێک ئیهانەى گوێیە هەستیارەکانى ئێمە دەکات بەرامبەر ئیکۆلۆژیا، هەست دەکرێت شیعرەکە هیچ پێویستى بە تەوزیفکردنى هیچ ئاڵۆزییەک نییە. لە بری ئەوە، زمانەکە خۆی دەسڕێتەوە لەبەردەم ئەوەدا کە تۆمارى دەکات. تافی ڕانەبردووەکەى فەوزاى ڕاوکردنەکە دەگرێت لە کاتى ڕوودانیدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێستایەکى بێ کاتە، ئەمەش پێشنیاری ئەوە دەکات کە ڕاوە غورەیر ترادیشنێکى بەرزنرخێندراوى لەپشتەوەیە.

ناردن: