سەرەتا رێگەم بدەن ئەم پرسیارە بخەمەڕوو: من بۆچی سەرسامم بە کەسێکی وەک ڤۆڵتێر؟ تەنها لەبەر ئەوە نییە کە نیتچە یەکێک لەکتێبە هەرە بەناوبانگەکانی خۆی پێشکەش کردووەو نووسیویەتی: بۆ ڤۆڵتێر… یەکێک لە گەورە فریادڕەسەکانی رۆحی مرۆڤایەتی. مەبەستی ئەوەیە ڤۆڵتێر رۆحی مرۆڤایەتی لە دۆگما چەقبەستووەکانی ئاین رزگار کرد. بەڵکو سەرسامی من بە ڤۆڵتێر، لەبەر ئەوەیە دژ بە دەستدرێژییە ناڕەواکان راوەستا، بەرگری لە کەمینەی پرۆتستانت کرد کە لەلایەن خودی تائیفە باڵادەستەکەی ڤۆڵتێرەوە، دەچەوسانەوەو تەکفیر دەکران. ئاشکرایە ڤۆڵتێر سەر بە تائیفەی زۆرینەی کاسۆلیک بوو کە لە رووی مێژوییەوە هەیمەنەیان بەسەر فەرەنسادا کردبوو. کەچی لەگەڵ ئەوەشدا ڤۆڵتێر لە پێناو حەق و حەقیقەت، لە پێناو دادپەروەی و ئازادی، روبەڕویان راوەستاو بەرەنگاریان بووەوە. بگرە لەم تەحەداکردنەدا، ژیانی خۆی خستە مەترسییەوە، چونکە تائیفەکەی توانای ئەوەی هەبوو هەر رۆشنبیرێک لەناوببات کە رەخنەی لێدەگرێت یان لەبەردەمیدا رادەوەستێت. ڤۆڵتێر بەهۆی ئەو هەڵوێستەیەوە دووچاری ناخۆشی و نەهامەتی زۆر بوو. هیچ شتێک نەبوو ڤۆڵتێر ناچار بەو کارە بکات و قوربانی بە سەلامەتی ژیانی خۆی بدات و بیخاتە مەترسییەوە، جگە لە جەنگی فیکر، دۆزی فیکر، شەرەفی فیکر نەبێت. دواتر جەنگەکانی ڤۆڵتێرو جەنگەکانی ئەوانی دیکەی وەک ڤۆڵتێر، لە وڵاتانی پێشکەوتوو گۆڕان بۆ دەستکەوتی گەورەو جێگیر. ئێستا چ وڵاتێکی ئەوروپی هەیە، بۆ نموونە دەیەوێت پاشەکشە لە ئازادی ویژدان و پەرستن بکات؟ کێ هەیە بیەوێت بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئوسوڵی و کوشتارگە تائیفییەکانی نێوان کاسۆلیکەکان و پرۆتستانتەکان؟ کێ هەیە بیەوێت بگەڕێتەوە بۆ فەتوا تەکفیرییە مەزهەبگەراکان و سەربڕین لەسەر شوناس؟ رۆشنگەری هەمو ئەوانەی بۆ هەتاهەتایە لەناوبرد. لەم بارەیەوە ئاماژە بە کتێبی (فەلسەفەی رۆشنگەری) نووسەر ئارنست کاسیرەر دەدەم کە هەنووکە بووەتە کتێبێکی کلاسیکی و سەرچاوەیەکە بۆ سەرجەم توێژەران.

بەڵام رۆشنگەری پێش ئەوەی فەرەنسی بێت، ئینگلیزی بووە. ئەگەر جۆن لۆک و ئیسحاق نیوتن نەبونایە، ئەوا ڤۆڵتێرو دیدرۆو جان جاک رۆسۆو ئەوانی دیکەش نەدەبوون. لە راستیدا ڤۆڵتێر خۆی دان بەوەدادەنێت. کەس ناتوانێت دەستکەوتەکانی شافتسبری، دێڤد هیوم، ئەدمۆند بیرک، ئادەم سمیس و زۆرێکی دیکە رەتکاتەوە. کەواتە رۆشنگەری، پێش ئەوەی فەرەنسی و ئەڵمانی و پاشان ئەوروپی بێت، یەکەمجار ئینگلیزی بووە. گەورەترین بەڵگە بۆ ئەوە، ئەوەیە کە شۆڕشی ئینگلیزی سەدەیەک پێش شۆڕشی فەرەنسی (1688- 1789) بەرپابووە. لێرەوە گەلی ئینگلیز پێش گەلی فەرەنسا، ئازادی سیاسی و وەرگرتنی مافەکانیان بەدەستهێنا، ئەمە دوای ئەوەی توانیان زوڵم و تائیفەگەری و دەمارگیری کوێرانە و حوکمڕانی ستەمگەر لەناوبەرن. ئا لەبەر ئەمەیە دەڵێن ئینگلتەرە رەسەنترین دیموکراسییە لە جیهاندا. ئێمە ئەوە دەڵێن چونکە شۆڕشی ئینگلیزی بە شێوەیەکی ئاشتیانە رویدا، وەک شۆڕشی فەرەنسی خوێناوی نەبوو. شۆڕشی ئینگلیزی مافەکانی تاک و مافە ئاینی و سیاسیەکان و مافی موڵکییەت و گواستنەوەو مافی دەربڕینی بیروڕاو بڵاوکردنەوەو رۆژنامەو…هتد بۆ میللەت زامنکرد. دواتر پاش شۆڕشی ئینگلیزی، شۆڕشی ئەمریکی لە ساڵی 1776 بەرپابوو. شۆڕشی ئەمریکی ئیلهامی لە پرنسیپەکانی سەردەمی رۆشنگەری وەرگرتبوو، کڵێسای لە دەوڵەت جیاکردەوە، هاوڵاتیبوونی لەسەر کۆمەڵێ بنەمای تازە دامەزراند کە هیچ پەیوەندییەکی بە مەزهەب یان تائیفەوە نەبوو. شۆڕشی ئەمریکی کاری بەم پرنسیپە بەناوبانگە کرد کە دەڵێت: ئاین بۆ خوداو نیشتیمان بۆ هەمووان. لەبەر ئەم هۆکارانە بوو وڵاتانی خۆرئاوا گەشەیان کردو پێشکەوتن، دوای ئەوەی مۆتەکەی تائیفەگەرییان لەناوبرد کە هۆکاری جەنگە ناوخۆیی و کوشتارگە خوێناوییەکان بوو. شۆڕشی فەرەنسی ساڵی 1789 دوای هەردوو شۆڕشی ئینگلیزی و ئەمریکی بەرپابوو. دواتر شۆڕشی فەرەنسی دەبێت بە باڵاترین پارادایم یان مەزنترین نموونە بۆ شۆڕشەکان و لەسەر هەمان رێبازی هەردوو شۆڕشەکەی پێشخۆی بەردەوام بوو، دوای ئەوەی سیستمی دەرەبەگایەتی تائیفی کۆنی هەڵوەشاندەوە، مافی دەربڕینی بیروڕاو هەڵبژاردنی فەرمانڕەوایانی بەخشییە میللەت.

لێرەدا ئەم پرسیارە دەخەینەڕوو: بەڵام ئەو پرنسیانە چین کە ئەم هەموە لە شۆڕشی رزگاریخوازی بەکاریانهێناو بووە هۆی دامەزراندنی مۆدێرنەی سیاسی؟ ئەوە بەدیاریکراوی پرنسیپەکانی فەلسەفەی رۆشنگەری بوو، ئەو فەلسەفەیەی بیرمەندانی ئینگلتەرەو فەرەنساو ئەمریکا لە سەدەی حەڤدەهەمەوە تا سەدەی هەژدەهەم و دواتریش دایانمەزراند. یەکێک لە فەیلەسوفە بەراییەکانی رۆشنگەری لە فەرەنسا، بیرمەندی فەرەنسی بییر بایل بوو کە ساڵی 1697 یەکێک لە کتێبە بەناوبانگەکانی بە ناونیشانی (فەرهەنگی مێژویی و رەخنەیی) بڵاوکردەوە، واتە لە کۆتاییەکانی سەدەی حەڤدەهەم. نووسەر لەو کتێبەیدا رەخنە لە سەرجەم بیروباوەڕی ئوسوڵی مەسیحی کۆن دەگرێت و پێشبینی ئەوە دەکات کە سەدەی ئایندە، واتە سەدەی هەژدەهەم، بە راستی سەدەیەکی رۆشن دەبێت. نەوەکانی ئایندە خۆشی لەخۆیان کە لەو سەدەیەو سەدەکانی دواتردا دەژین. ئاشکرایە ئەم بیرمەندە بەدەست چەوسانەوەی تائیفییەوە ناڵاندوویەتی و دووچاری ناخۆشی و نەهامەتی زۆر بووە، چونکە سەر بە کەمینەی پرۆتستانت بوو، کەمینەیەک کە لە فەرەنساو لەلایەن زۆرینەی کاسۆلیکی پاپاوییەتەوە بێزراو بوون و بە سووک تەماشا دەکران. کاسۆلیکەکان هەوڵیاندا لە رێگەی فەتوایەکی لاهوتی بەناوبانگەوە کە خوێنی پرۆتستانتەکانی حەڵاڵ کردبوو، پاکتاویان بکەن و لە رەگوریشەوە هەڵیانکێشن. ئەو فەتوایە لەلایەن گەورەترین فێدەمێنیتاڵیستی کاسۆلیکی فەرەنسی سەدەی حەڤدەهەم راگەیەنرا: بۆسویە. ئەو فەتوایە هێندە ترسناک بوو، تەنانەت کەسێکی وەک پاشا لویسی چواردەهەمی دووچاری ترس کرد!

لەبەر ئەوەیە بیرمەندی فەرەنسی بییر بایل، هێرشێکی توندی کردە سەر فیکری تائیفی کە وەک حەقیقەتێکی رەها هەژموونی بەسەر سەردەمەکەدا گرتبوو. دروست وەک ئەوەی ئێستا ئەو فیکرە ئوسوڵییە، هەیمەنەی بەسەر تەواوی جیهانی عەرەبی و ئیسلامیدا کردووە، تەنها چەند پەڵەیەکی رۆشنایی نەبێت لێرەو لەوێ، لەژێر هەیمەنەی ئەو فیکرە ئوسوڵییەدا نییە. رۆژەکان پێشبینییەکەی بییر بایل-ی سەلماند، سەدەی هەژدەهەم سەدەی رۆشنگەری بوو بە پلەی نایاب. زاراوەی رۆشنگەری بەو بزوتنەوە فیکرییە رەخنەییە دەوترا کە لە سەدەی هەژدەهەمدا گەشەیکردو بووە هۆکاری کرانەوەی فیکرە فەلسەفییە نوێکان و بڵاوبوونەوەیان و شوێنی فیکری کۆنی لاهوتی مەسیحی گرتەوە. کەواتە ئەوە پرۆژەی رۆشنگەری زانستی و فەلسەفی بوو، بووە فاکتەری دروستکردنی ئەم هەمو شارستانییە مەزنە کە هەنووکە لە ئەوروپاو ئەمریکای باکور دەیبینین.

گرنگترین سیفەت یان خەسڵەتی سەردەمی رۆشنگەری، بریتییە لە بەرزڕاگرتن و شکۆداری عەقڵ و رەخنەگرتن لە بیروباوەڕی کەلتووری کۆن. پێشتر، واتە لە سەدەکانی ناوەڕاست، پیاوی ئاینی ترۆپکی مەعریفە و فیکر بوو، هەیبەت و شان و شکۆیەکی باڵای هەبوو، هیچ شتێک لەسەرو ئەو هەیبەت و شان و شکۆیەی پیاوانی ئاینییەوە نەبوو. کێ دەیتوانی مشتومڕ لەگەڵ پاپا یان تەنانەت لەگەڵ بچوکترین قەشەی مەسیحی بکات؟ کەس نەیدەتوانی رەخنەی لێبگرێت یان ناکۆک بێت لەگەڵیدا، چونکە ئەو بەناوی لاهوتی باڵاو پیرۆزی ئاینی مەسیحییەوە قسەی دەکرد. ئا بەم جۆرە خورافات و عەقڵیەتی پشت بەوی تر بەستن بڵاوبوەوە: واتە عەقڵیەتی موعجیزەو خورافات و حیکایەتی ئەفسانەیی خارق ئەلعادە. هەمو ئەوانە لەنێوان خەڵکیدا بڵاوببونەوەو جێگیرببوون. لەبەر ئەوە ئەوروپا لەو رۆژگارەدا نەخوێندەوار، ئوسوڵی، هەژار، دواکەوتوو بوو. هەر بەو شێوەیەش مانەوە مادام قەشەو کاهینەکان زاڵبوون بەسەریاندا. وەلێ لەگەڵ دەستپێکردنی سەردەمی رۆشنگەری، چیتر پیاوانی ئاین نوێنەری باڵای راوەیەتی مەعریفی نەبوون، بەڵکو فەیلەسوف یان زانای سروشت بەرجەستەی رەوایەتی مەعریفی دەکرد. ئا بەم شێوەیە ئەوروپا لە تاریکییەکانی سەدەکانی ناوەڕاست هاتەدەرەوەو چوونە ناو رۆشناییەکانی سەدەکانی مۆدێرنە. لەبەر ئەمەیە ئەو سەدەیەیان ناونا سەدەی رۆشنگەری.

کەی سەدەیەی رۆشنگەری عەرەبیش لای ئێمە سەرهەڵدەدات؟ ئایا رۆژێک لە رۆژان، رۆشنبیرە رۆشنفکرەکانی عەرەب، جێگای مەلاو شێخەکانی کەناڵە ئاسمانییەکان دەگرنەوە. ئەم قسانە مانای هێرشێکی ناڕەوا نییە بۆسەر پیاوانی ئاینی، یان مانای دوورکەوتنەوە نییە لە ئاین. ئاین لوتکەی لووتکەکان و ئامانجی ئامانجەکانە. بەڵکو مانای گواستنەوەیە لە تێگەشتنی کۆن و کوێرانەی تائیفی بۆ ئاین، بۆ تێگەشتنی نوێ و رۆشنگەرانە بە روناکی عەقڵ و تیشکی فەلسەفە. ئایا ئەمەش قەدەغەیە؟ مەسەلەکە هەرچۆنێک بێت، ئەوە بوو لە ئەوروپا رویدا. هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە، ئەوروپا دوای ئەوەی لە کۆت و بەندی نەریت و زنجیرە لاهوتییەکانی رزگاری بوو، دەستپێکێکی نوێی دەستپێکردو کۆنترۆڵی جیهانی کرد. هەر بەم شێوەیەش پێگەی عەقڵ بەرزبوەوەو هەمو عەقیدەو بیروڕاکانی لە بێژنگدەدا: ئەوەی لەگەڵ عەقڵانییەتی لۆژیکی دەگونجا دەیهێشتەوە، ئەوەی لەگەڵی نەدەگونجا رەتیکردەوەو لە رەگەوە هەڵیکێشا.  ئیدی لەو ساتەوەختەوە، بیرۆکە زانستی و فەلسەفییەکان، لە نێوەندی گەلانی ئەوروپی بڵاوبوەوەو دواجار بووە هۆکاری قڵپکردنەوەی سیستمە کۆنەکەو جێگرتنەوەی بە سیستمی تازەی مۆدرێن. بێگومان قڵپکردنەوەی سیستمی کۆن و چەسپاندنی سیستمی تازەی مۆدرێن، هاوشانبوو لەگەڵ جێگرتنەوەی عەقڵیەتی ئەزمونگەری زانستی حساب بۆکراو لە شوێنی عەقڵەیتی غەیبانی یان میتافیزیکی کە دوور بوو لە واقیعەوە. لێرەوە پێویستە هەمو ئەوانە لەبەرچاو بگرین، ئەگەر بمانەوێت بە درێژایی سێ یان چوار سەدەی رابردو، لە باڵادەستی ئەوروپا تێبگەین بەسەر کۆی گەلانی دیکەی جیهان. بەڵام ئایندە بۆ ئەو گەلانەیە کە هێشتا نەچوونەتە ناو مێژو. ئایندە بەو پەڕی هێزەوە لە دەرگای ئەو گەلانە دەدات، لە چینەوە بۆ هندستان و لەوێشەوە بۆ جیهانی عەرەبی. هەیمەنەی رەهای خۆرئاوا لەسەر لێواری نەمانە!

وەلێ پێش ئەوەی کۆتایی بەم قسەوباسە بێنم، پێویستە بە راشکاویی هەندێک شت بڵێم ئەگەرچی تاڵ و بریندارکەرە. نە عەرەب و نە موسڵمانان وەک گشتێک، ناڕۆنە ناو مێژووەوە، ئەگەر عەقڵیەتە کۆنەکەیان نەگۆڕن و یەقینییاتە کەلتورییە زەبەلاحەکەیان لێکهەڵنەوەشێننە کە بووەتە بەڵا بەسەر خۆیان و بەسەر سەردەمەکەشەوە. ئەمە پرۆسەیەکی سەخت و ئاڵۆزەو باجێکی گرانی دەوێت. لەبەر ئەم هۆکارەیە رۆشنبیرە رۆشنگەرەکانی عەرەب، دوو دڵن لەوەی ئەنجامیبدەن و بە تەواوی لێیدەترسن. ئەو پرۆسەیە هەلاهەلابونێکی گەورەی لێدەکەوێتەوەو خوێنێکی زۆریشی لەبەر دەڕوات. با راشکاوانەتر قسە بکەم و بڵێم: ئێمە ئێستا پێویستە لە سەرەتاوە بۆ کۆتایی، کەلەپورمان بە تووندی لە بێژەنگ بدەین و رەحمی پێنەکەین. هەرچەندە کەلەپور لامان ئازیزەو لەسەر دڵمان بەنرخە، چونکە ئێمە لەسەری پەروەردە کراوین و لەگەڵ شیری منداڵیدا خواردومانەتەوە. وەلێ ئێمە ناچارین لێیجیاببینەوە یان خۆمانی لێڕزگارکەین. سەختی و دژواری پرۆسەکە ئا لێرەدایە، بگرە مەترسییەکەی لە نەمان یان تێکچوونی هاوسەنگی دەرونی دەستەجەمعیدایە. لەبەر ئەوە پێشبینی دەکەم جەنگی رۆشنگەری عەرەبی کە بەڕێوەیە، جەنگێکی بێئامان و یەکلایکەرەوە دەبێت. چونکە کێشەکە لەگەڵ خۆت و خودی خۆتدایە، نەک لەگەڵ نەیارێکی دەرەکی. پێویستە جەنگ لەگەڵ خودی خۆت، لەگەڵ دەروونی خۆت بکەیت و بەسەر خۆتدا سەرکەویت. کاکڵەی بابەتەکە و جەوهەرەکەشی ئا لێرەدایە.

ئەوە سەختیرن جەنگە و لە هەمو جەنگەکانی دیکە زیاتر کاریگەری و ناڕەحەتی لەسەر دەروون بەجێدەهێڵێت. بەڵام ئەم جەنگە ناوخۆییە ناچارییەو پێویستە ئەنجامبدرێت، ئەمە دوای ئەوەی بەم دوایانە، قەبارەی بزاوتە تاریکبینەکان بۆ ئاستێکی ترسناک زیادیان کردووە، بگرە تا ئاستێکی زۆر مەترسیدار تەشەنەیان کردووە. تەماشای لێدوانە ئاگراوییە رۆژانەییەکانیان بکە کە بووەتە هۆکاری لێکهەڵوەشانەوەی نەسیجی کۆمەڵایەتی، بە تایبەت لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی عەرەبی و کەسیش نازانێت ئەو لێکهەڵوەشانەوەیە کەی یەکدەگرێتەوە: لەوانەیە دوای پەنجا ساڵی دیکە؟ بزاوتە تاریکبینەکان وڵاتیان دابەشکرد، بزمارێکیان چەقاندە قوڵایی یەکێتی نیشتیمانی. ئێمە خەونمان بە شۆڕشێکی تازەی رۆشنگەرییەوە دەبینی بەرەو پێشەوە بمانبات، کەچی خۆمان لەبەردەم کۆمەڵێک (شۆڕشی) تەکفیری تاریکبیندا بینییەوە کە چەندین سەدە بەرەو دواوە فڕێیداینەوە.! پاشان داوات لێدەکەن چەپڵەیان بۆ لێدەیت! ئێمە لە کوێین؟ ئەوانە لەسەر بنەمای تائیفی و مەزهەبی، چەندین توێژی گەورەو بەرفراوانی کۆمەڵگا تەکفیر دەکەن، بەگوێرەی هەندێک فەتوای کۆنی ژەنگگرتووی تۆز لەسەر نیشتوو، بە ئاشکرا بانگەشەی سەربڕینی شەرعییان دەکەن. ئەو فەتوایانە تا ئێستاش کاریان پێدەکرێت و بوونەتە یەقینێکی لاهوتی رەهاو هەژمونی بەسەر هەمو قوتابخانەکان و زانکۆکاندا هەیە، نەک تەنها کۆلیژەکانی شەریعەو پەیمانگا ئاینییە تەقلیدییەکان. بگرە تەنانەت هەیمەنەی بەسەر ئەو عەقڵیەتەدا گرتووە کە بە هەڵە پێیدەوترێت: رۆشنبیرانی عەرەب. بەشێک لەو رۆشنبیرانە بە نهێنی یان بە ئاشکرا، دەستیان لەگەڵ گروپەکانی ئیخوان موسلمین تێکەڵ کردووە. کەچی دوای ئەوە دێن و باسی ئازادی و دیموکراسی و مافی مرۆڤ دەکەن! کوا ڤۆڵتێری عەرەب لە کوێیە؟ جان جاک رۆسۆی عەرەب، سپینۆزای عەرەب،  کانت-ی عەرەب، گۆتەی عەرەب، کاسیریری عەرەب، پۆل ریکۆری عەرەب لە کوێیە؟ ئەمە جگە لە نیتچەی عەرەب…هتد. ترسناکی و ئاڵۆزی بابەتەکە ئا لێرەدایە.

بەڵام خۆشبەختانە لێرەو لەوێ، کەسانی ئاوارتە هەیە، چەندین ئەستێرەی درەوشاوەو دەگمەن لە رۆشنبیران بە هەردوو رەگەزەکەوە دەرکەوتووە و تابێت ژمارەیان زیاد و زیاتر دەبێت و هیواکان لەسەر ئەوان بەندە. هەرچۆنێک بێت جەنگی رۆشنگەری عەرەبی بەرێوەیە، بە دیاریکراوی لەگەڵ ئەم کەلەپورە یەقینگەراو فەتوا لاهوتییە کوشندانە، دەجەنگێت، ئەو فەتوایانەی حەقیقەتێکی رەهایان پێکهێناوەو هەیمەنەیان بەسەر عەقڵی ملیۆنان خەڵکەوە هەیە.

سەرچاوە: رۆژنامەی الشرق الاوسط، 23 تەموز، 2018، ژمارە 14482

ناردن: