
ئەلێکساندەر سێرگیڤیچ پوشکین
ئەم کتێبە بە یەکێک لە سەرچاوە گرنگەکان دادەنرێت کە تاکو ئێستا بەو شێوە دەوڵەمەندە لەسەر گەورە شاعیر و نووسەری ڕووسیا و جیهان ( پوشکین) چاپ کرابێت، ئەم کتێبە کە ئێستا لەگەڵ کتێبە تازە و گرنگەکانی دیکەی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمدا لە کتێبفرۆشییەکان بەردەستە، لە لایەن نووسەر و وەرگێڕی ناوداری کود ( حەمەکەریم عارف) وەرگێڕدراوە و خوێنەر دەتوانێت بەهۆی زمانە شیرین و کودییە پاراوەکەی وەرگێڕەوە، جیهانی فراوان و مەودا جۆراوجۆرەکانی ژیان و نووسینە ئەدەبییەکانی یەکێک لە پایە گرنگەکانی شیعری هاوچەرخی جیهان و پێشەنگی شیعری ڕووسی لە سەدەی نۆزدەهەمدا بناسێت.
ئەم کتێبە دابەشکراوە بەسەر چەند بەشێکدا و لەهەریەک لەو بەشانەدا بە تێروتەسەلی قسە لەسەر ڕەهەندی ژیان و بەرهەمە ئەدەبییەکانی پوشکین کراوە و تیشکی زۆر ورد و زانیاریبەخش خراوەتە سەر ڕەهەندە قوڵ و ئیستاتیکییەکانی شیعر بەتایبەت و بەرهەمە ئەدەبییەکانی دیکەی بە شێوەیەکی گشتی.
وەک وەرگێڕی ئەم کتێبە ئاماژەی پێکردووە، ئەوەی لە شیعرەکانی پوشکیندا هەیە، ڕەنگدانەوەی ژیانی خۆیەتی، خوخدەی ئەو و تەنانەت تایبەتمەندی و خەسڵەتی نەژادی ئەو لە بەرهەمەکانیدا بە تەواوەتی خۆیەوە، هەروەها ڕەگوڕەچەڵەکی خۆی لە بەرهەمەکانیدا نواندووە و بەرجەستەی کردووە.
بەلای ڕەخنەگرانەوە، گەورەترین پایەی پوشکین لە ئەدبیاتی ڕووسیدا، ئەوەیە کە چ لە ژیانیا و چ لە پاش مەرگی، بەردەوام لایەنگر و هەواداری زۆری هەبووە، لە ساڵی ١٨٣٠ دا گروپێک لە قوتابیان و لایەنگرانی خۆی دەوریان گرتبوو، وێڕای ئەوەی لەو زەمەنەدا پوشکین گەیشتبووە لوتکەی ناوبانگ و داهێنان، بەڵام سەبارەت بە بەرهەمەکانی خۆی کە بۆ ئەو گروپە گەنجە دواوە، ڕەخنەی لە هەندێک بەهەمی خۆی گرتووە و هەندێکیانی بە دڵ نەبووە، بەڵام سەبارەت بە بەرهەمی کەسانی دی بە چاوی ڕێزەوە لێی ڕوانیون.
لەم کتێبەدا جگە لە هەندێک تێکستی ئەدەبی، گەلێک زانیاری سەبارەت بە پوشکین هاتووە، لە شوێنێکدا ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەبێت کە چارەکە سەدەیەک پاش مەرگی ئەم شاعیرە داهێنەرە، یەکێک لە ڕەخنەگرەکانی ڕووس، دەربارەی پوشکین گوتوویەتی: پوشکین موڵکی هەموومانە… بەڵام ئەگەر ئەم بۆچوونەشمان قبووڵ نەبێت، دیسان دەبینین کە هەموو دنیا ئەم شاعیرە مەزنە بە نموونە و ڕەمزی بلیمەتیی خەڵکی ڕووسیا دەزانن، هەمیشە و لە هەموو حالێکدا ستایشی دەکەن، سەردەمانێک هاونیشتمانیانی پوشکین وا ڕاهاتبوون کە پوشکین لە ڕیزی گەورەترین هونەرمەندانی ڕۆژئاوای وەکو شکسپیر و مایکڵ ئەنجیلۆ و بتهۆڤن دابنێن، خۆ ئەگەر هەموو خەڵکی دنیاش باوەڕیان بەو بۆچوونە نەبێت، هێشتا ناتوانن نکوڵی لەوە بکەن کە پوشکین یەکێکە لە سیما جوان و درەخشانەکانی ئەدەبی جیهان.
دیسان لەم کتێبەدا تیشک خراوەتە سەر لایەنێکی ئاشکرا و بەرجەستەی شیعری پوشکین کە بووەتە هۆکارێک تا لە ئاست و مەودایەکی فراوانتری جەماوەریدا پێشوازی لە بەرهەمەکانی بکرێت و شیعرەکانی ببنە وێردی سەرزاران و تەنانەت نەوەیەک پاش خۆی لاسایی و شێوازی نووسینی بکەنەوە و کاریگەریی لەسەر شیعرەکانیان دەدەنێت، دیسان بەڕای لێکۆڵیاران و ڕەخنەگران و پوشکین ناسانەوە، نووسینەکانی ئەو بۆ توێژی لاوان جۆرە خۆراکێکی پێویستیی ڕۆحین و نابێت ئەوە لەیاد بکرێت کە زۆربەی نووسەرانی لاو و تازەی دنیا، لەسەرەتای کارەکانی خۆیاندا بەرهەمەکانی پوشکینیان خوێندووەتەوە کردوویانە بە سەرمەشقی شێواز و نووسینەکانی خۆیان، وێڕای ئەمەش دەبێت بەوپەڕی داخەوە ددان بەوەدا بنرێت کە سەرباری ئەو هەموو هەوڵەی کە شەو و ڕۆژ لە سەرانسەری دنیادا دەدرێت، هێشتا هەر نەتوانراوە پوشکین وەکو پێویست و پڕ بە پێستی پێگە و پایەی خۆی بە خەڵکی دنیا بناسێنرێت و هێشتا ئەم سیما پرشنگدارەی ئەدەبیاتی سەدەی نۆزدەیەمی ڕووسیا، بۆ زۆرێک لە میللەتان نەناسراوە و گەورەیی و مەزنایەتی ڕاستەقینەی ئەویان دەرک نەکردووە.
بە گشتی ئەم کتێبە یەکێکە لە هەوڵە جدییەکان بۆ خوێنەران و نووسەران، بەتایبەت نووسەران گەنج، تا بەهۆیەوە دنیای پوشکین و شێوازی نووسین و ئەو قۆناغە بناسن کە تیایدا پوشکین لە بەرزترین ئاستی داهێنان و جوانی شیعر و نووسیندا دەردەکەوێت.
ئەم نووسەرە مەزنە، لە ٦ یۆنیۆی ساڵی ١٧٩٩ لە مۆسکۆ لە خێزانێکی دەوڵەمەند لەدایک بووە، باوکی شاعیرێکی دەرکەوتوبووە، ئەمەش یارمەتیدەری بووە بۆ ئەوەی پەرە بە بەهرە و ئارەزووە شیعریەکانی بدات.
ئەلێکساندر پوشکین، ڕەچەڵەکی دەگەڕێتەوە بۆ حەبەشیەکان، دایکی کچی ابراھیم جانیپاڵی ئەفریقی بووە کە یەکێک بووە لەو ئەفسەرانەی لە بتڕسی یەکەمی قەیسەرەوە نزیک بووە، ھەر بۆیە قژە بژەکەی و لێوە قەویەکانی لە ئەفریقیەکان چووە.
ئەلێکساندر پوشکین بە یەکێک لە مەزن ترین شاعیرەکانی ڕۆسیا دادەنرێت لە سەدەی نۆزدەھەمدا و نازناوی شای شاعیرەکانی لێنراوە، خوێندنەوەی ئەم شاعیرە پاڵنەرت دەبێت بۆ خوێندنەوەی ئەدەبی ڕووسی بەگشتی و زانینی قۆناغەکانی قەیسەرەکانی ڕوسیا ھەر لە بوتڕسی یەکەمەوە تاکو نیقۆڵای یەکەم.
سەردەمی بەرھەمەکانی ئەلێکساندر پوشکین ناسراوبووە بە سەردەمی شیعری ڕووسی ئاڵتونی، سەردەمی نزیکبونەوەی ئەدەبی ڕوسی لەلایەک و ئەدەبی عەرەبی و ڕۆژھەڵاتیش لەلایەکی دیکەوە، ھەروەھا سەردەمەکەی بەسەردەمی سەرکوتکردنی کۆمەڵگا ناسراو بووە و ئەویش شیعرەکانی گوزارشتی لە میلەتەکەی کردووە و داوای ئازادی گەلی کردووە و یەکەم کەسیش بووە سنوورێک بۆ دەسەڵاتی پیاوە گەورەکانی ڕوسیا دابرێت.
بارین عەلی