گەڕان لەنێوان واقیع و خەیاڵدا؛ خوێندەوە بۆ شەش ڕۆمانی کوردی

بابەتی ئەم کتێبە لێکۆڵینەوەی ئەدەبییە و لە لایەن نووسەر و ڕەخنەگر ( عەتا قەرەداغی) یەوە نووسراوە و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم چاپ و بڵاوی کردووەتەوە، دەکرێت ئەم کتێبە وەک سەرچاوەیەکی گرنگ و پڕ بایەخ و زانیاری تەماشا بکرێت و بخوێنرێتەوە، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی عاشقی خوێندنەوەی ڕۆمانن، یاخوود هەوڵی نووسینیان هەیە لەسەر هونەری ڕۆمان و بۆ  ڕۆماننووسانیش بەرچاوڕوونییەکی باشە تا بتوانن بە شێوەیەکی تۆکمەتر و بونیادی تر کار لەسەر نووسینی ڕۆمان بکەن و ڕەگەزەکان بناسن، چونکە لەم کتێبەدا بە وردی کار لەسەر ڕەگەزەکانی نێو ڕۆمان کراوە و هەندێک زانیاری گشتی سەبارەت بەو ژانرە خراونەتە ڕوو، کە دەکرێت سوودیان لێ وەربگیرێت، هەر لە هونەری ڕۆماننوسینەوە، تا وەردەکارییەکانی وەک ڕەگەزی گێڕانەوە و کارەکتەرسازی و گرێچن و پەیوەندی ڕەگەزەکانی تر بەیەکترەوە، بۆ ئەم مەبەستەش ( عەتا قەرەداغی) بە وردی و سەلیقەیەکی ڕۆشنبیرانەوە، کاری لەسەر شەش ڕۆمانی کوردی کردووە، کە هەریەکەیان ئاستی تەمەن و ئەزموونی نووسین و هەڵکەوتەی ژیان و بارودۆخی کۆمەڵایەتییان جیاوازە، بەڵام خاڵە هاوبەش و گرنگەکە ئەوەیە، کە هەر شەشیان ڕۆمانی کوردین و بەرهەمی خەیاڵ و فەنتازیای نووسری کوردن لە هەر بەشێک یان شارێکی کوردستان بن.

لە دەستپێکی کتێبە قەبارە گەورەکەیدا، نووسەر لێکۆڵینەوەیەکی تیۆری لەمەڕ چییەتی ڕۆمان و ڕەگەزەکانی ڕۆمان داناوە، لە دەستپێکی ئەو لێکۆڵینەوەیەدا عەتا قەرەداغی، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە وەک چۆن ڕۆمان وەک ژانرێکی ئەدەبی بەرهەمی قۆناغی ژیانی کۆمەڵگەی شارە، بە هەمان شێوە ڕەخنەی ئەدەبییش بە گشتی و ڕەخنەی ڕۆمان بەتایبەتی بەرهەمی کۆمەڵگەی شار یان قۆناغی ژیانی کۆمەڵگەی شارە و گوزارشت و دەربڕینە لە بەرهەم و کولتوور و تێڕوانینی ئەو قۆناغە.

بێگومان ئەگەر سەیری سەرهەڵدانی ڕۆمان بکەین، بۆ یەکەم جار وەک ژانرێکی خاوەن شوناس لە کۆمەڵگەی رۆژئاوادا دەردەکەوێت، دەرکەوتنی ڕۆمانی کلاسیک هاوکاتە لەگەڵ سەردەمی ڕۆشنگەریی ڕۆژئاوادا، بە گشتی ڕۆمان وەکو ڕەگەزێک بەرهەمی قۆناغی فرە تێڕوانین و زیاتر لە عەقڵێکە، یان بە مانایەکی تر ڕۆمان بەرهەمی قۆناغی فرەشوناسییە، عەتا قەرەداغی، لێرەوە دەپرسێت: ئایا ڕەخنە هیچ پەیوەندییەکی بە قۆناغی ژیانی فرە بۆچوون و فرەلێکدانەوە و فرە تێڕامانەوە هەیە؟ ئایا سەرهەڵدانی ڕەخنە هەروا دیاردەیەکی ئاساییە یاخود ئەویش ڕاستەوخۆ پەیوەدنی بە دروستبوونی عەقڵی ڕەخنەییەوە هەیە؟ ئەی مەبەست لە عەقڵی ڕەخنەیی چییە؟

کاتێک نووسەر لەم کتێبەدا باس لە ڕەخنەی ڕۆمان دەکات، دەبێت ئەوە بزانرێت کە نووسەر لێکۆڵینەوە لەسەر گرێچن و کات و شوێن و کەسێتی و ڕووداو و ململانێ و بیرۆکە و جووڵە و ڕەفتار و هەڵوێست و ئەنجام و ڕوانین دەکات، بەڵام ڕەگەزی سەرەکی کە لێیەوە ئاخاوتنی کۆی ئەم بوارانە دەگرێت بریتییە لە گێڕانەوە، چونکە ئاشکرایە ڕۆمان و چیرۆک بریتین بریتین لە دەقێک کە بە زمانی پەخشان دەنووسرێن و لە ڕێگەی گێڕانەوەوە پێشکەش دەکرێن.

وەک لە سەرەتادا ئاماژەمان پێکرد، ئەم کتێبە خوێندەوەی شەش ڕۆمانی کوردییە، لەگەڵ پێشەکی و لێکۆڵینەوەیەکی تیۆری سەبارەت بە ڕۆمان، هاوکات ڕۆمانەکانیش هەموویان  بەرهەمی نەوەیەکن و هێشتا لە قۆناغی هەڵچووندان و مێژووی نووسینیان هاوکاتی ئێمەیە و هەریەکەش بە جۆرێک بەشداری هەیە لەو بوارەدا، لەگەڵ ئاستی جیاوازییاندا، نووسەر خوێندنەوەی بەرفراوانی دەقەکانی ئەوانی کردووە و بە پشتبەستن بە میتۆدی خوێندەوە و لێکۆڵینەوە و شیکردنەوە و ڕاڤەکردن و لێکدانەوەی کۆی ڕەگەزەکانی دەقەکان، هەوڵی داوە لەسەر هەر دەقێک لەو دەقانە دەقێکی نوێی ڕەخنەیی بەرهەمبهێنێت، لەو ڕووەشەوە لە دوای پرسیار و جیهانبینی دەقەکان گەڕاوە و خوێندەوەی تەواوکاری و هەمەلایەنەی دەقەکانی کردووە و لە میانەی شیکردنەوەکاندا، لە کۆی ڕەگەزەکانی ڕۆمان بە گشتی و ئەو ڕەگەزانەی لە هەر یەک لەم دەقانەدا بەکار هاتوون دواوە و چۆنێتی مامەڵی نووسەری لەگەڵ ئەو ڕەگەزانە و تەکنیکەکانی نووسین کردووە.

ئەو ڕۆمانە کوردیانەی کە نووسەر و لێکۆڵیار ( عەتا قەرەداغی) خوێندنەوەی بۆ کردوون و لە دووتوێی ئەم کتێبەدا بڵاوکراونەتەوە بریتین لە:

ڕۆمانی گرەوی بەختی هەڵالەی عەتا نەهایی، بەناوی لەنێوان ڕیالیزم و ڕیالیزمی سیحریدا، ڕۆمانی گێلاسی خوێنی عەتا محەمەد، بەناوی گێلاسی خوێن و خەیاڵی نەمری، ڕۆمانی ئەو پیاوەی درەختێک بووی گۆران بابا عەلی، بەناوی لەنێوان خەیاڵ و جووڵەی میکانیکیدا، ڕۆمانی نەتەوەی زێرابەکانی جەبار جەمال غەریب، بەناوی نەتەوەی زێرابەکان و یۆتۆپیای پێکهاتن، ڕۆمانی میرنامەی جان دۆست، بەناوی سەرەتاکانی دەرکەوتنی مرۆڤی خاوەن شووناس، کەوتنی بۆرە قەڵای ماردین ئبراهیم، بەناوی کەوتنی بۆرە قەڵا و تراژیدیای مرۆڤی کورد.

بێگومان ماوەی چەند ساڵێکە نووسەری کورد دەستیان کردووە بە نووسینی ڕۆمان و تاکو ئێستا چەندین ڕۆمان بە ئاست و شێوازی جیاجیا لە کتێبخانەکاندا بوونیان هەیە، هەر یەک لەم ڕۆمانانە تایبەتمەندی کوردیانە و تەکینک و شێوازی تایبەت بە خۆیان هەیە کە گوزارشت لە فیکر و دونیابینی و ئاستی تێگەیشتن و شارەزایی و سەلیقەی نووسەرەکانیان دەکات، بە گشتی هەوڵەکە لە دەستپێکدایە، بەڵام خۆشبەختانە سەرەتایەکی بەهێزە و جێی دڵخۆشییە، لەپەنا پەرەسەندنی ئەم ژانرە و نووسین و بڵاوکردنەوەی چەند بەرهەمێکی ڕۆماندا کە تیاییدا خەریکە چەند ناوێک وەک سەرمەشق و ئەستێرە دەردەکەون و بەرهەمەکانیان سنووری نێوخۆیی دەبڕێت و خەریکە وردە وردە وەردەگێڕدرێن بۆ زمان و کولتوورە زیندووەکانی جیهان، دەکرێت لە پەنای ئەمەشدا بوونی ڕەخنە و میتۆدی ڕەخنە و ڕاڤەکردن و شیکردنەوەی ڕۆمان سەرهەڵبدات و شان بە شانی گەشە و فراوانبوونی ڕۆمان، وێڕای ئاستی جیاوازیان، ئەمیش گەشە بکات و بەرەوپێش بڕوات، لە ڕاستیدا ئەم کتێبەی مامۆستا عەتا قەرەداغی، یەکێکە لە هەوڵە باشەکان بۆ بونیادنان و سەرپێ خستنی ڕەوتی ڕەخنە و خوێندنەوەی میتۆدیانەی ڕۆمان، چونکە کتێبەکە هەمەلایەنە و لەسەر کۆمەڵێک چەمک و ڕەگەزی نێو کایەی ڕۆمان نووسراوە و بە شێوەیەکی خێرا مێژووی سەرهەڵدان و پەرەسەندن و قۆناغەکان و شێوازە جیا جیاکانی ڕۆمانمان پێ دەناسێنێت و کوردیانە خوێندەوەی وردی بۆ ئەو ڕۆمانە کوردیانە کردووە.

ئەوەش ئاشکرایە کە لە دەرەوەی ئەو ڕۆمانانەی لەنیو ئەم کتێبەدا خوێندەوەیان بۆ کراوە، کۆمەڵێک دەنگ و سیمای گەشی ڕۆمان هەن کە ڕەنگە ئاست و ئەزموون و هەوڵەکانیان جێگەی ڕێز و تێڕامان بێت و هاوکات چ لەسەر ئاستی خوێنەران و چ لە نێوەدندە ئەدەبی و دەستەبژێرەکەدا پێشوازی گەرم لە بەرهەمەکانیان کرابن، بۆیە ڕۆمانەکانی نێو ئەم کتێبە تەنها نموونەیەکن لە دیدگای نووسەری کتێبەکەوە خوێندەوەیان بۆ کراوە و پەیوەندیان بە سەلیقە و چێژی نووسەرەکەوە هەیە.

بارین عەلی

ناردن: