چەند شیعرێکی واڵت ویتمان

لە ئینگلیزییەوە: ئازاد بەرزنجی

ماڵئاوا ئەی خەیاڵم

ماڵئاوا، ئەی خەیاڵم!

ماڵئاوا، ئەی هاودەمم، ئەی خۆشەویستیی شیرینم

من ئەڕۆم، بۆ کوێ، نازانم.

یان بەرەو چ چارەنووسێ، ناشزانم ئاخۆ جارێ دی

دەتبینمەوە!

کەواتە ماڵئاوا، ئەی خەیاڵم

ئێستا لێگەڕێ با بۆ دواجار و بۆ تاوێ

ئاوڕێ لە دواوە بدەمەوە

سەعاتەکەی ناو دەروونم هێواشتر و لاوازترە

ڕۆیشتن، کەوتنی شەوانە و پاشان وەستانی ترپەی دڵ

لەمێژە ئێمە پێکەوەین، خۆشیمان دی، نازی یەکتریمان ڕاگرت

شادمان بووین – ئێستاش دابڕان بەڕێوەیە – ماڵئاوا، ئەی خەیاڵم

وێڕای ئەوەش، لێمگەڕێ با پەلەنەکەم

ئێمە زۆر پێکەوە ژیاین، خەوتین، یەکمان لەئامێز گرت و

هەر بە ڕاستی یەکێک بووین

بۆیە گەر بمرین، پێکەوە ئەمرین (بەڵێ، ئەوساش هەر پێکەوە ئەبین)

گەر بۆ جێیەک بچین هەر پێکەوە ئەچین

تا ڕووبەڕووی ئەو شتە بینەوە کە ڕووئەدا

لەوانەیە باشتر و شادمانتر بین و

شتێک فێر بین

لەوانەیە ئەوە تۆ بیت کە من بەرەو سترانە ڕاستەقینەکان

ئەبەی (کێ ئەزانێ؟)

لەوانەیە ئەوەی دەسکی دەرگای دونیای فانی ئەکاتەوە

تۆ بیت

کەواتە دواجار هەر ئەبێ بڵێم:

ماڵئاوا و ماڵت ئاوا

ئەی خەیاڵم.

تۆ.. ئەی ئەو ژنەی گەلێ جار

بە بێدەنگی دێمەلات

تۆ.. ئەی ئەو ژنەی گەلێ جار

بە بێدەنگی دێمەلات

تا لەگەڵتابم…

وەختێ شان بە شانت ئەڕۆم

یان لە پاڵتا دائەنیشم

یان پێکەوەین لە ژوورێکا

تۆ نازانیت

چ ئاگرێک هێور هێور

لە ناخمدا

لە پێناوی تۆی ئازیزا

توند توند من ئەهێنێ و ئەبا

نیوەشەوێکی ساماڵ

ئەی ڕۆح ئێستا کاتی تۆیە

کاتی فڕینی ئازادت

بەو شتانەدا کە بەدەرن لە وشەکان

دوور لە کتێب

دوور لە هونەر

ڕۆژ ئاوابوو

وانەش تەواو

تۆش وا بە بێدەنگ هەڵئەسی

نیگا ئەکەی

لەو شتانە ڕائەمێنی کە خۆشت ئەوێن:

شەو و

ڕاکشان و

مەرگ و

ئەستێرە.

نوقمی بیرکردنەوە

«دوای خوێندنەوەی هیگڵ»

نوقمی ڕامان بووم لە گەردوون

شتێکی بچووکم بینی لە «چاکە»

سەقامگیرانە، هێدی هێدی

بەرەو نەمری هەنگاوی ئەنا.

زۆریشم دی لە «خراپە»

بە هەڵەداوان ڕێی تەی ئەکرد

ون ئەبوو

نەدەما و ئەمرد.

نووسینی سەر کێلە قەبرێ

ئەی ئەو کەسەی، لەناو ئەم گۆڕەدا نوستووی

چ دووعایەکت بۆ بکەین؟

چ لەوحێک و نووسینێکت بۆ هەڵواسین، ئەی ملیۆنێر؟

ئێمە نازانین چۆن ژیایت

ئەوەندە ئەزانین عومرت

لە سەودا و مامەڵە و ناو دەڵاڵەکاندا بەسەربرد

نە قارەمانییەکت جێهێشت، نە نەبەردێک و نە فەخرێ.

دانیشتووم و ئەڕوانم

دانیشتووم و ئەڕوانمە گشتە غەمەکانی دونیا و

گشت زوڵم و ڕیسواییەکان

دەنگی گریانی پەنهانی شپرزەی لاوانێک ئەژنەوم

کە ئەشکەنجە ئەچێژن و لە کردەی خۆ پەشیمانن

لەنێو کەمدەستەکانیشدا دایکێ ئەبینم

کە بە دەست ستەمی مناڵەکانیەوە ئەتلێتەوە،

فەرامۆش کراوە، لاواز و داڵەگۆشت بووە،

وا خەریکە گیان ئەسپێرێ

ژنێ ئەبینم ستەمدیدەی دەست مێردەکەیەتی

پیاوێ ئەبینم کچانی لاو فریوئەدا و غەدریان لێ ئەکا

گرێکانی ئیرەیی و عیشقی ناکام ئەبینم کە هەوڵی شاردنەوەیان ئەدرێن

ئەم دیمەنانە لەسەر ڕووی زەوی ئەبینم

ئاسەواری شەڕ و ئافات و بێدادی ئەبینم،

شەهیدان و زیندانییان ئەبینم

قاتوقڕیی نێو دەریا ئەبینم، ئەو دەریاوانانەی کە تیروپشک ئەکەن

تا لەپێناوی مانەوەی ئەوانی تردا

یەکێک بکەنە قوربانی

ئەو سووکی و ڕیسواییانە ئەبینم کە کەسانی لەخۆبایی

بەسەر خەڵکی زەحمەتکێش و نەدار و ڕەشپێست و هاوچەشنانیاندا ئەهێنن

دانیشتووم و لە هەموو ئەمانە – گشت ئەم دزێوی ومەینەتییە

بێکۆتاییانە – ئەڕوانم

ئەیان بینم و ئەیان بیستم و خامۆشم.

ئەی کەشتییەوان، کەشتییەوانەکەم

ئەی کەشتییەوان، کەشتییەوانەکەم!

گەشتە ترسناکەکەمان کۆتایی هات

کەشتییەکە نەهامەتییەکانی تێپەڕاند و ئێمەیش بە ئاکام گەیشتین

بەندەرەکە نزیکە، گوێم لە دەنگی زەنگەکانە،

خەڵکی هەموو نوقمی شادین

لەکاتێکا گشت چاوەکان، نیگای سەری کەشتییەکە ئەکەن

چەند قایمە و سەرسەختانە بەرەو پێشەوە مل ئەنێ!

بەڵام ئاخ دڵی من، دڵی من، دڵی من

ئاخ، ئەی ئەو دڵۆپە سوورە ڕژاوانەی

کەوتوونەتە سەر تەختی کەشتییەکە

سەر ئەو جێیەی کەشتییەوانەکەم تیایدا

سارد و بێ گیان ڕاکشاوە.

ئەی کەشتییەوان! کەشتییەوانەکەم! هەڵسە و گوێ بۆ دەنگی زەنگەکان ڕادێرە

هەڵسە – بۆ تۆیە وا ئاڵا هەڵئەدرێ –

بۆ تۆیە شەیپوور لێ ئەدرێ

ئەو چەپکەگوڵ و تاجەگوڵینانە بۆ تۆیە

ئەو ئاپۆرەی کەنار دەریایە بۆ تۆیە

ئەو حەشاماتە بێئۆقرەیە تۆ بانگ ئەکەن و

ڕوخساری تامەزرۆیان ڕوو لە تۆیە

ئەی کەشتییەوان! ئەی باوکە ئازیزەکە

با باسکم بالیفی سەرت بێت

ئەمە خەونە و هیچی تر نا

وا ئەتبینم، سارد و مردوو

لەسەر دەفەی ئەم کەشتییە وا پاڵکەوتووی

کەشتییەوانەکەم بێ وەڵامە

لێوانی زەردهەڵگەڕاون و بێ جووڵەیە

باوکم هەست بە باسکم ناکا

بێ ترپەیە و بێ ئیرادە

کەشتییەکە بە سەلامەتی لەنگەری دا و

دەنگی لێ بەرز بووەوە

کۆتایی بە گەشتی هێنا

کەشتیی سەرفراز

لە سەفەری پڕترسی وا گەڕایەوە

ئەی ڕۆخەکان شادمان بن

ئەی زەنگەکان، بێنە دەنگ!

وەلێ من

بە دڵی پڕ ماتەمەوە

بەسەر تەختی کەشتییەکەدا دێم و دەچم

سەر ئەو جێیەی

کەشتییەوانەکەم تیایدا

سارد و بێ گیان ڕاکشاوە.

بۆ غەریبێ

ئەی ڕێبوارە غەریبەکە

تۆ نازانیت من چەند تامەزرۆی دیدارتم

تۆ ئەو پیاوەی یا ئەو ژنەی کە من بەدواتا ئەگەڕێم

(ئەمە وەک خەونێک دێتە لام)

بێ دوودڵی، من ڕۆژێک لە ڕۆژان

ژیانێکی شادمانم لەگەڵ تۆدا بردۆتەسەر

هەمووشتێکم دێتەوە یاد

کاتێ بەلای یەکتریدا گوزەر ئەکەین

بە ڕۆحسووکی، بە دڵنەرمی، بە پاکژی و پێگەیشتوویی.

تۆ لەگەڵ مندا گەورە بوویت

کوڕ بووبیت یاخود کچۆڵە

لەگەڵ تۆدا من خواردوومە و

لەگەڵ تۆدا من خەوتووم

چیتر جەستەت

هەر بەتەنها هی خۆت نییە

جەستەی منیش

هەر بە تەنها هی خۆم نییە

تۆ ئۆخژنی چاو و ڕوخسار و هی پێستی بەدەنی خۆت

بە من ئەدەی

لەبری ئەوەش

ڕیش و سینە و دەستەکانم بۆ خۆت ئەبەی

من لەگەڵتا ناکەومە دوو

من بیرت لێ ئەکەمەوە

وەختێ تەنیا دائەنیشم

یاخود شەوێک

بە تەنیا لە خەو هەڵئەسم

هەر ئەبێ چاوەڕوانی بم

دوودڵ نیم لەوەی جارێ تر

هەر ئەتبینم

من نامەوێ لە دەستت بدەم.

جارێکیان بە شارێکی جەنجاڵدا گوزەرم کرد

جارێکیان بە شارێکی جەنجاڵدا گوزەرم کرد

لە پێناوی پاشەڕۆژا

وێنەی پێشانگا و ساختومان و دابونەریتەکانی

لە مێشکمدا چەسپاند

وەلێ ئێستا من لەو شارە

هیچم بیرناکەوێتەوە

ژنێ نەبێ

کە بە ڕێکەوت یەکمان بینی و خۆشیویستم

ڕۆژ بە ڕۆژ و

شەو بە شەو

لەگەڵ یەکدا بووین

هەر بۆیە جگە لەو من

هیچی ترم یاد نەماوە

ئەڵێم جگە لەو ژنەی کە

بە شەوقەوە عەوداڵم بوو

هیچی ترم یاد نەماوە

دووبارە پێکەوە ئەگەڕێین

دڵداری ئەکەین و

لەیەک جودا ئەبینەوە.

جارێکی تر دەستم ئەگرێ، نابێ بڕۆم

وا لە پەنامدا

لێوەکانیشی بێدەنگ و

غەم لێنیشتوو و

هەڵلەرزیون.

بۆ پیرێتی

من لە تۆدا ئەو ڕێژگەیە بەدی ئەکەم

کە تابێ بەرینتر ئەبێ و

باڵایانە پەرش ئەبێ

وەختێ تێکەڵ

بە دەریای گەورە و مەزن ئەبێ

بۆ سۆزانییەکی ڕەمەکی

لەسەرخۆبە

لەگەڵ منا ئاسوودە بە

من واڵت ویتمانم

وەکو سروشت ئازاد و پڕ لە ئارەزووم

کەی خۆر دەسبەرداری تۆ بوو

هەنگینێ منیش دەسبەردارت ئەبم

کەی ئاو وەستا

هەنگینێ وشەکانیشم

لە درەوشانەوە و

وژەوژی خۆیان بۆ تۆ ئەوەستن.

بۆ تۆ

ئەی غەریبەکە

کاتێ بەلامدا ئەگوزەری و

ئەتەوێ لەگەڵما بدوێی

بۆچی لەگەڵمدا نادوێی؟

بۆچی لەگەڵتدا نەدوێم؟

واڵت ویتمان (Walt Whitman)، شاعیری گەورە و ئازادیخوازی ئەمریکایی، کە بە باوکی شیعری نوێی ئەمریکایی دەژمێردرێ؛ لە ساڵی ١٨١٩ دا هاتۆتە دونیاوە. لە سەرەتای ژیانیدا لە چاپخانە کاری کردووە و خوێنەرێکی باش بووە، هەر لە ئینجیل و شەکسپیر و هۆمیرۆسەوە تا شاعیرانی هیندستانو ئەڵمانیا و دانتێ و بێگومان ئەم خوێندنەوانەشی کاریگەرییان لەسەر دونیای شیعری هەبووە، هەروەها ویتمان بە چالاکیی سیاسیشەوە خەریک بووە و لە بنیاتنەرانی دیموکراسیی ئەمریکایی بووە.

   ماوەیەک سەرنووسەری گۆڤاری «برۆکلین ئیگڵ»بووە، کە ئۆرگانی پارتی دیموکرات بووە لە ئەمریکادا و تیایدا هێرشی توندی کردۆتە سەر فاشیزمو دیکتاتۆری و هەموو جۆرەکانی دەمارگیری و بەرگرییەکی سەختی لە دیموکراسی کردووە. ویتمان باوەڕی بە ئازادیی تاکەکەس هەبووە و ئەو ئازادییەشی لە خۆشەویستیدا بینیوەتەوە. ئەو خۆشەویستی و دیموکراسیشی پێکەوە گرێداوە.

   واڵت ویتمان جگە لە دیوانە بەناوبانگەکەی، واتە (پەلکەگیا)، کۆمەڵێک کتێبی تریشی نووسیوە.

   ساڵی ١٨٩٢ لە شاری «نیو جیرسی» کۆچی دوایی کردووە.

سەرچاوە:

Walt Whitman, Leaves of Grass, Oxford, New York, 1990

ناردن: