سایکۆلۆژیای سیاسی

نووسینی: دەیڤد پاتریک هۆتۆن

و. لە عەرەبییەوە: حەمە ڕەشید

ڕانانی: باوکی ڕەهەند

جێگای خۆشحاڵییە کە کتێبێکی گرنگی وەک سایکۆلۆژیای سیاسیی نووسەری بەڕیتانیی خاوەن ڕەگەزنامەی ئەمەریکی، دەیڤد پاتریک هۆتۆن بکرێت بە کوردی. بۆچی؟ چونکە کتێبخانەی کوردی لەم بوارەدا تابڵێی هەژار و بێکتێبە. نووسەری کتێبەکە هەم کەسێکی ئەکادیمییە و هەم پڕۆفیسۆرە، لە چەندین زانکۆی بەڕیتانیا و ئەمەریکا وانەی گوتووەتەوە. گرنگی بە سایکۆلۆژیای دروستکردنی بڕیار و سیاسەتی نێودەوڵەتی دەدات. خاوەنی شەش کتێب و چەندین وتارە، وتارەکانی لە گۆڤارە بەناوبانگ و خاوەن پێگە زانستییەکان بڵاو کردووەتەوە. سەرەتا ئەگەر بە پشتبەستن بە کتێبەکە پێناسەیەکی کورت و ئاسانی سایکۆلۆژیای سیاسی بکەین، دەتوانین بڵێین بوارێکی ئەکادیمیی فرەپسپۆڕییە و کار بۆ تێگەیشتن لە سیاسەت و سیاسییەکان و ڕەفتاری سیاسی دەکات لە دیدێکی سایکۆلۆژییەوە، واتە لە دیدێکی دەروونییەوە. بەڵام بۆچی فرەپسپۆڕییە؟ لەبەر ئەوەی بابەتەکانی لە ژمارەیەکی فراوانی پسپۆڕییەکانی دیکەوە وەردەگرێت، لەوانە مرۆڤناسی، کۆمەڵناسی، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، ئابووری، فەلسەفە، میدیا و ڕاگەیاندن و مێژوو.

ئەم کتێبە لە پێشەکییەکی دانەری کتێبەکە و سێ تەوەرە و حەڤدە بەش پێک هاتووە. دانەر لە پێشەکیی کتێبەکەدا هەوڵ دەدات کتێبەکەی بە خوێنەر بناسێنێت، جگە لەوە باس لە کورتەیەکی زانستی سایکۆلۆژیای سیاسی و مێژووی سەرهەڵدانی دەکات. تەوەرەی یەکەم ناونیشانی ”هەڵوێست”ی لە خۆ گرتووە و بریتییە لە بەشەکانی سێ بۆ شەش، تێیدا باس لە گرنگیی هەڵوێست دەکات بۆ تاک. بۆ ئەم مەبەستە باس لە تیۆرییەکانی سکینەر و ستانلی میلگرام و فیلیپ زیمباردۆ دەکات. پاشان باس لە ڕووداوی گرتووخانەی ئەبوغرێب دەکات لە ساڵی 2004دا، کە چۆن سەربازە ئەمەریکییەکان ئەشکەنجەی دەستگیرکراوە عێراقییەکان دەدەن. ئەم ڕووداوە بە ئابڕووچوونەکەی ئەبوغرێب ناو دەردەکات و بە یەکێک لە کارە هەرە قێزەونەکان دادەنرێت، کە لە ڕێگەی کۆمەڵێک وێنەوە ئاشکرا بوو.

تەوەرەی دووەمی کتێبەکە بە ناونیشانی ”تاکەکەس”ە، بەشەکانی حەوت بۆ یازدە لە خۆ دەگرێت، تێیدا باس لەو تیۆرییە دەروونشیکارییانە دەکات کە لەسەر بنەمای تاک (فرد) دروست بوون. ئاشکرایە ئەم تیۆرییانە کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر سایکۆلۆژیای سیاسی هەیە. خوێنەر لەم بەشەدا زانیارییەکی زۆر لەسەر تیۆرییەکانی دەروونشیکاری دەخوێنێتەوە و بۆ تێگەیشتن لە تاک و ڕەفتار و هەڵچوونەکانی تاک، سوودێکی زۆر لەو تیۆرییانە دەبینێت.

تەوەرەی سێیەم ئەم ناونیشانەی هەیە: ”پێکەوەگرێدانی هەردووکیان”. بەشەکانی دوازدە بۆ حەڤدە لە خۆ دەگرێت، تێیدا باس لە گەلێک بابەت کراوە، لەوانە سایکۆلۆژیای ڕەفتاری هەڵبژاردن، سایکۆلۆژیای تیرۆریزم، سایکۆلۆژیای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و چەندین سایکۆلۆژیای دیکە.

ئەم کتێبە لە لایەن بەڕێز حەمەڕەشیدەوە کراوە بە کوردی، لە 413 لاپەرەی قەوارە گەورە پێک هاتووە و تیراژی 750 دانەیە، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم لە ساڵی ٢٠١٩دا بە نرخی 8000 دینار چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.

ناردن: