ئەم كتێبە باس لە یەكێك لە زانا دەرونشیكارییە گەورەكان دەكات، ئەویش “جاك لاكان”ی فەرەنسییە كە ساڵی 1901 لە پاریس هاتووەتە دونیاوەو هەر لە پاریس و لە ساڵی 1981 كۆچی دوایی كردووە. وەك دەوترێ لای كەس شاراوە نییە جاك لاكان، دوای فرۆید، بە بەناوبانگترین توێژەری دەرونشیكاری دادەنرێت، ئەوانەی كار لە گێڵگەی دەرونشیكاریدا دەكەن، كۆكن لەسەر ئەوەی گەورەترین بەشدارییەكانی لاكان لە بواری دەرونشیكاریدا، بریتییە لە (سیمینارەكانی).

سیمینارەكانی بریتین لەو لێكچەرانەی بە شێوەیەكی زارەكی لە ساڵی (1953)وە بۆ ماوەی نزیكەی سی ساڵ، بە بەردەوامی لە زانكۆی پاریس وتویەتییەوە. ئەو لێكچەرە زارەكییانەیە كە ئەو ناوبانگەی ئێستای بەخشیوە بە لاكان و تا ئێستاش خەریكی ئەون ئەو لێكچەرانە كۆبكەنەوەو لە كۆمەڵێ كتێبدا بڵاوبكرێتەوە. واتە ناوبانگی لاكان وەك یەكێك لە دیارترین دەرونشیكارییەكان، لە ڕێگەی كتێبەوە نییە، هێندەی لە ڕێگەی ئەو موحازەرانەوەیە كە وەك ئاماژەمان پێدا بۆ ماوەی 30 ساڵ لە زانكۆی پاریس پێشكەشی كردوون.

ئەوەی لاكان لە دەرونشیكارەكانی دیكە جیادەكاتەوەو لەوان ناچێت، ئەوەیە لاكان پێی وا نییە دەرونشیكاری جۆرێك بێت لە چارەسەر، بەڵكو تەواو بە پێچەوانەوە ئەرك یان مەهامی دەرونشیكاری بریتییە لە كەشفكردنێكی ڕووت، كەشفكردنێك دەكرێ لە میانەیەوە حەقیقەتی كەسەكە ئاشكرا بكرێت، ئیدی دوای ئەو كەشفكردنە چارەسەركردن بە پلەی دووەم دێت.

سلاڤۆی ژیژك كە وەك بیرمەندێكی ماركسی ناوی دەركردووە، ساڵی 1949 لە سلۆڤینیا هاتووەتە دونیاوە، لەو سەردەمەدا سلۆڤینیا بەشێك بووە لە یۆگسلافیای جاران. ئاشكرایە دوای مەرگی تیتۆ، سەرۆكی ئەوسای یۆگسلافیا، سلۆڤینیا یەكەم هەرێم دەبێت جیابوونەوەی خۆی لە یۆگسلافیا ڕادەگەیەنێت. ژیژك ساڵی 1981 لە نیشتیمانی خۆی بڕوانامەی دكتۆرای لە فەلەسەفەدا وەرگرت. پاشان ڕوو دەكاتە پاریس و تێكەڵ بەو ئەكادیمیستانە دەبێت كە خوێندكاری لاكان بوون. دواتر لە زانكۆی پاریسی هەشتەم و لە ساڵی 1985 دووەم بڕوانامەی دكتۆرا وەردەگرێت، ئەم بڕوانامەیەی دەواییان لە دەرونشیكاریدا وەردەگرێت.

ساڵی 1989 یەكەم كتێبی خۆی بە زمانی ئینگلیزی بڵاودەكاتەوە، لەو ساڵەوە تا ئێستا زیاد لە 20 كتێبی چاپكردووە. ژیژك لە پاڵ ئەوەی وەك نووسەر شەعبییەتێكی باشی هەیە، وەك وانەبێژیش جەماوەرێكی بەرفراوانی هەیە. وەلێ ئەوەی گرنگە ئەوەیە سەرجەم بیروڕاكانی و چالاكییەكانی و بایەخدانەكانی، لە دەوری یەك ئامانجدا كۆدەبێتەوە، ئەویش: ئومێدی شۆڕشێكی سیاسییانە. ژیژك لەم كتێبەی بەردەستماندا، هەوڵدەدا خوێندنەوەیەكی تازە بۆ لاكان ئەنجامبدات و خاڵە گرنگ و جەوهەرییەكانی فیكری لاكان بخاتەڕوو. كتێبەكە لەلایەن بەڕێز “وەلید عومەر” ەوە لە فارسییەوە كراوە بە كوردی، قەبارەكەی 213 لاپەڕەی نیو ئەی فۆڕەو تیراژی 1000 دانەیە و نرخی 4000 دینارە.

ناردن: